ئارام رهفعهت لەم رۆژانەدا خانەوادەی ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایانگەیاند کە ئەو پەرلەمانتارە ژەهرخوارد کراوەو باری تەندروستی ناجێگیرە. پێشتریش چەند ئەندامێکی باڵای حیزبێکی دەسەڵات ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە ژەهرخوارد کراون. لە دوو دەیەی رابردووشدا، مەرگی چەند کەسایەتییەکی دیاری حیزبێکی تری دەسەڵات دەنگۆو گومانی ژەهرخواردکردنی بەدوادا هات. ئەو دەنگۆو ئیدیعایانە راست بن یان نا، کاریگەری نەرێنی و نەخوازراوی لەسەر ژینگەی سیاسی و ململانێی ئاشتیانەو پرۆسەی بە دیموکراسیکردن هەیە. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئەو دۆخ و فاکتەرانە چین کە سیاسییەکان ناچاردەکات ژەهر وەک چەکێک بۆ تەسفییەی نەیارو رکابەرەکانییان بەکاربێنن؟ لەبەر ئەوەی هیچ کام لە ئیدیعاکانی ژەهرخواردکردنی کەسایەتییەکانی باشور لەلایەن دادگا یان راپۆرتی پزیشکی پشتڕاست نەکراونەتەوە، بۆیە ناکرێت وەک کەیسێک بۆ گەییشتن بە وەڵامی ئەم پرسیارە سودییان لێوەربگیرێت. لەبری ئەوە، چەند کەیسێکی بەناوبانگی مێژوویی وەک نموونە بۆ تیشک خستنەسەر زەمینەو فاکتەرەکانی پشت ژەهرخواردکردن وەردەگرین. کەیسی ژەهر خواردکردنی بەرهەڵستکارەکانی پۆتین سەرنجراکێشترین کەیسی لەو جۆرەی سەدەی بیست و یەکن. پێشنیوەڕۆی یەکی نۆڤەمبەری ٢٠٠٦ ئەلێکساندەر لیتڤینێنکۆ، ئەندامی پێشووی دەزگای هەواڵگری (کەی جی پی) رووسی و بەرهەڵستکارێکی دیاری ئەوسای پۆتین لە هۆتێلێکی لەندەندا لەگەڵ دوو لە کۆنە هاوڕێکانیدا دیدارێکی دەبێت و چایەک دەخواتەوە. دوای نیوەڕۆکەی هەست بەو هەڵە گەورەیەی ژیانی دەکات و ئەو چایە دەبێتە دوا چا خواردنەوەی ژیانی. دواتر پزیشکەکان رایانگەیاند لیتڤینێنکۆ ژەهرخوارد کراوەو دوای چەند رۆژ گیانی لەدەست دا. ١٤ ساڵ دواترو لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢دا، ئەلەکسی ناڤالنی، بەرهەڵستکاری قسەلەڕووی پۆتین لە فڕۆکەخانەی تۆمسک و پێش چوونە ناو فڕۆکەکەی چایەک دەخواتەوە. لەناو فڕۆکەکەیدا باری تەندروستی تێکدەچێت و فڕۆکەکە ناچار بە نیشتنەوە دەبێت دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە. ناڤالنی، وەک لیتڤینێنکۆ بەدبەخت نەبوو و لەمەرگێکی حەتمی رزگاری بوو. بەڵام ئەو دکتۆرە نەگبەتەی ئەو رۆژە ئێشکگری نەخۆشخانەکە بوو و پشکنین و چارەسەری بۆ ناڤاڵنی کرد دوای ماوەیەک کتوپڕو بەمەرگێکی گوماناوی دەمرێت. کەیسێکی تری سەرنج راکێش، ژەهرخواردکرنەکەی راسپۆتینە. لە دوا رۆژەکانی ساڵی ١٩١٦، وەک زۆرجاری تر، راسپۆتین لەلایەن هەردوو شازادەی روسیا، فلیکس یوسوپۆڤ و دەمتری پاڤلۆڤیچ بانگێشتی کۆشککەکەیان دەکرێت. بەڵام ئەمجارە بە ئامانجێکی جیاواز، بۆ تەسفیەکردنی هاوڕێ و دۆستی قەیسەرو ژنەکانی خانەوادەکەیان بوو لە رێگای ژەهرەوە. ئەو رۆژە دەبوایە راسپۆتین بمرێت، باشترین مەرگێکیش کە هەندێک لە شکۆو ئابڕوی خانەوادەی قەیسەر بپارێزێت، ژەهرخواردکردن بوو. ژەهرێکەو لە جەوێکی هاوڕێیانەداو لە حزووری شازادەکاندا دەخورێتەوەو دواتریش رادەگەیەنرێت راسپۆتین بەمەرگی ئیلاهی ئۆغری کردو نهێنییەکانیشی لەگەڵ خۆی دەمرن. شازادەکان کێک و شەڕابی تژی لە ژەهرییان خستە بەردەم راسپۆتین. ئەم بەچێژەوە کەوتە خواردنییان، بەڵام وەک ئەوەی هەنگوین نۆش بکات نەک ژەهر، بەخەیاڵیدا نایەت و بەردەوامە لە نۆشکردنی شەراب و کێک. ناچار شازادەکان راستەوخۆ دەیدەنە بەر دەسڕێژی گولـلەو راسپۆتین و نهێنییەکانیش دەبنە مۆرکێکی هەمیشەیی بە تەوێڵی خانەوادەی قەیسەرو پەڵەیەکی نەسڕاوەی مێژوویان. تەسفییەو لەناوبردنی رکابەرو نەیارەکان بە ژەهرخواردکردن دیاردەیەکی تایبەت نییە بە مۆدێرنەتەوە، بەپێچەوانەوە، لە سەدەکانی ناوەڕاستیش دەیان چیرۆکی بەناوبانگی ژەهرخواردکردن تۆمارکراون، بەتایبەتی لە ئیتالیای سەروبەندی رێنسانسدا. بەڵام، بۆ خوێنەری کورد نزیکترین نموونەی ئەو چیرۆکانە ژەهرخواردکردنی میر سلێمان، میری میرنشینی سۆرانە لە کۆتاییەکانی سەدەی شازدەهەمدا. میر سلێمان لەکاتی سەردانی بۆ بەغداو دانوسانکردن لەگەڵ والی عوسمانییەکاندا، بەپیلانی والی و بە هاوکاری لەشکری ژەهرخوارد کرا. دیوە خەمناکەکانی ئەم رووداوه فرەن، بەڵام هەرە خەمناکەکەیان غەدرو خیانەتی والی بەغدا بوو. میر بۆ دانوسان لەگەڵ والی عوسمانییەکان دەچێتە بەغداو دەبێتە میوانی والی. بەڵام والی دوور لە عورف و ئەخلاقی سیاسی و میوانداری، پیلانی ژەهرخواردکردنی میر دادەڕێژێت . لە خیانەتی والی خەمناکتر، خیانەتی لەشکرییە لە میر. لەشکری جێی متمانەو دەستەڕاستی میرو سەر لەشکری سوپاکەشی بوو، ئەو متمانەو باوەی میری قۆستەوە بۆ ژەهرخواردکردنی بەو ئومێدەی ئەم لە شوێنی میر سڵێمان ببێتە میری سۆران، هەروهک والی پەیمانی پێدابوو. رەنگە ئەمە کۆنترین کەیسی ژەهر خواردکردن و تاکە کەیسی لەوجۆرەش نەبێت لە مێژووی کورددا، بەڵام بەناوبانگترین کەیسە. شۆکی رووداوەکەو دەرهاویشتەو دەرەنجامەکانی هێندە کاریگەربوون تا ئێستاش هەم لە کۆنەست و لە فۆلکۆری کوردیدا بەنەمری ماونەتەوە. لەڕاستیدا ئەگەر ژەهرخواردکردن وەک بەشێکی کەلتوری سیاسی تەماشای بکرێت، ئەوا ریشەی ئەو کەلتورە دەگەڕێتەوە بۆ پێش زایین. دوو رووداوی مێژوویی ژەهرخواردکردن لە چوار سەدەی پێش زاییندا شایستەی هەڵوێستە لەسەرکردنن. رووداوی یەکەم ژەهرخواردنەوەی سوقراتە. سەدەی چوارەمی پێش زایین و بەدیاریکراویش لە ساڵی ٣٩٩ی پێش زاییندا، مێژوو دەبێتە شاهیدی بەناوبانگترین کەیسی ژاراویکردن، ئەمیش ژەهرخواردنەوەی سوقرات، فەیلەسوفی مەزنی یۆنانی، بوو. هەرچەندە، سوقرات خۆی ژەهرەکەی ئاگاییانە خواردەوەو وەک کردەیەکی خودکوژی چاوی لێدەکرێت، بەڵام ئەو، خۆبەخشانە فەرمانی دادگای جێبەجێکرد نەک به ویستی خۆی خودکوژی بکات. دادگای ئەسینا، فەرمانی مردنی سوقراتی لەرێگای خواردنەوەی کوپێک لە ژەهری هێملۆکی دەرکرد. بەگوێرەی یاساکە، سوقرات دەبوایە خۆی ئەم ژەهرە بخواتەوە، واتە خۆی ببێتە جەلادی خۆی. رەنگە، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ئەمە ئاشکراترین و مەردانەترین شکۆمەندترین کردەی ژەهرخواردکردن بێت. ئاشکراترین کەیسی ژەهر خواردکردنە، چونکە سوقرات دەیزانی ئەو بادەیەی دەیخواتەوە ژەهری هێملۆکی کوشندەیە. مەردانەترینی کردەی ژەهر خواردکردنیشە، چونکە هەم لایەنی بکوژ لەرێگای دادگایی کردنێکی ئاشکرا کە سوقرات خۆی تێیدا بەشدار بوو و بەرگری لەمافی خۆی دەکرد بڕیاری ژەهرخواردکردنی سوقراتی دەرکرد. ئەم کردەیە، شکۆمەندانەترین کردەی ژەهر خواردکردنیشە چونکە سوقرات لەپێناوی بیروباوەڕەکەیدا ئامادەی ژەهرخواردنەوەو مەرگی حەتمی بوو. دووەم رووداوی بەناوبانگی پێش زایین دەرکردنی یاسای لێکس کۆرنیلیان لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی رۆمانییەوە. یاساکە تایبەتە بە سزادانی ئەوانەی تاوانی ژەهر خواردکردن ئەنجام دەدەن و بەیەکەم یاسای لەم شێوەیە هەژمار دەکرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. لە سەدەی چوارەم تا سەدەی یەکەمی پێش زایین، لە هەرێمەکانی ژێر قەڵەمڕەوی رۆمانەکاندا ژەهرخواردکردن دەبێتە مۆدێکی باوی کوشتن و مۆتەکەیەکیش بۆ سەقامگیری و ئاشتەوایی بەوهۆیەشەوە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو ئیمپراتۆرە بەتەواوی ئاڵودە دەبێت. فراوانی ئەو شێوازی تەسفییەیە بەرادەیەک فراوان بووە کە لە ساڵی ٨٢ پێش زاییندا، ئیمپراتۆری رۆمانی ناچار دەبێت ئەو یاسایە دەربکات. دوای دەرکردنی یاساکە بە دەیان تاوانبار، لەوانەی لە تاوانی ژەهرخواردکردن تێوەگلا بوون سزای مەرگییان بەسەردا سەپێنرا. دوا چیرۆکی سەرنجڕاکێش. دەمەقاڵێی ژەهرخواردکردنە لەنێوان ناسنی ئەستۆرو وێنستن چێرچڵ، کە دوو لە بەناوبانگترین سیاسییەکانی سەدەی بیستی بەریتانیان و جێپەنجەیان بەسەر مێژووی بەریتانیاو جیهانەوە هەیە. ناسنی یەکەم ژنە پەرلەمانتاری بەریتانییەو چێرچڵیش کاریگەرترین سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دادەنرێت. نانسی بە چێرچڵ دەڵێت "وینستن، ئەگەر تۆ مێردم بویتایە ژەهرم دەکردە چایەکەت". چێرچڵیش لەوەڵامدا دەڵێت "ناسنی، ئەگەر تۆ ژنم بویتایە چایەکەم دەخواردەوە". ئەگەر بەسەر دیوە گاڵتەجاڕییەکەی ئەم گفتوگۆیەدا بازبدەین ئەوا دیمەنێکی تر دەبینین، دیمەنی رق یان ترس تاڕادەی بیرکردنەوە لە ژەهرخواردکردنی ئەوی تر. ئێستا دەگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکە، زەمینەو فاکتەرەکانی پشت ژەهرخواردکردن چین؟ لەو کەیسە مێژووییانەدا کە لەسەروە ئاماژەمان پێداوە، سێ فاکتەری سەرەکی هاوبەش هەن کە وادەکەن ژەهر خواردکردن ببێتە بەدیل و شێوازێکی گونجاوی تەسفییەو لەناوبردن. فاکتەری یەکەم رق یان ترسە لە قوربانییەکە، رق و ترسێک تا رادەی ئارەزووی تەسفییە و لەناوبردن. ئەم رقە یان ترسە، لە پۆتین بەرامبەر لیتڤینێنکۆ و ناڤالنی؛ رق و ترسی شازادەکانی روسیای قەیسەری بەرامبەر راسپۆتین و والی بەغداش بەرامبەر میر سلێمان بە ئاشکرا دەردەکەوێت. فاکتەری دووەم، متمانەیە. هەمیشە لەنێوان تاوانکارو قوربانییەکەدا متمانەیەک هەیەو تاوانکار پێویستی بەو کەشی متمانەیە بۆ ژەهرخواردکردنی قوربانییەکەی. ئەمەش لە متمانەی لیتڤینێنکۆو ناڤاڵنی بە چایخانەکان، لە میر سڵێمان بە لەشکری و والی بەغدا، لە راسپۆتین بە شازادە 'هاوڕێ'کانیدا دەردەکەوێت. نانسیش پێویستی بە متمانەی ژن و مێردایەتی بوو بۆ ژەهرخواردکردنی چێرچل. فاکتەری سێیەمیش، ونبوونی ئاسەوارەکانی ژەهرخواردکردنە. جا چ لەبەر ئەوەی زۆربەی جارەکان ژەهرخواردکردن لەگەڵ مردنی ئاساییدا تێکەڵ دەکرێت، یان لەبەرئەوەی کەسی تاوانکار هێندە نزیکە لە قوربانییەکەوە، کەمتر شک و گومانی دەچێتە سەر. زۆربەی جارەکانیش، کەسی ژەهرخواردکراو یەکسەر نامرێت و ئەمەش وادەکات کەس و لایەنی تاوانکار لەناو کۆمەڵێک گومانلێکراودا، وون ببێت.
ئاسۆ حاجی راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی بۆتە دەستواژەیەکی سیاسی و لە ساڵانی رابردوو، هێزولایەنە سیاسیەکانی عێڕاق، بە رێژەی جیاواز بەکاریان هێناوە، رەنگە کاریگەری ئەو دەستەواژەیە و ئامادەیی بەهێزی لە گوتاری سیاسی عێڕاقیدا، وای لە نێردەی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێڕاق یان کۆبیچ کردبێت، کە بیکاتە ناونیشانی راپۆرتەکەی لە ساڵی 2016 دەربارەی بارودۆخی سیاسی عێڕاق لە بەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش پێشکەشی کرد. کڕۆکی راستکردنەوەی حوکمڕانی بە دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەری حکومەت خستەروو، کە دواتر رووداوەکان ئەوەیان سەلمان، داڕشتنەوەی پەیکەری حکومەت ناتوانێ هیچ لە هاوکێشەی حوکمڕانی عێڕاق و ژیانی خەڵکی ئەو وڵاتە بگۆڕێت. لە دەرئەنجامی خوێندنەوەی کەسانی پسپۆڕ و ئاگادار، بۆچوونێکی دیکە دەرکەوت کە عێڕاق و هەر وڵاتێکی دیکە، کە دووچاری کێشە و قەیرانی حوکمڕانی دەبێت، پێویستە بیر لە گۆڕینی رێڕەوەی حکومڕانیەکەی بکرێتە بۆ رێڕەوی دیموکراسی، کە ئەوەیان دەتوانێ دەرچەیەکەی زانستی و لۆژیکی بێت، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی کە هەڵبژاردنیان تێدا دەکرێ و لەو رێگەیەوە دەسەڵات دەستاو دەست دەکات. بۆ قسەکردن دەربارەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و گرفتەکانی نێوان هاوبەشانی دەسەڵات، و چۆنیەتی چارەسەرکردنی، ئەگەر بۆ ئەو دوو دەستەواژە و بۆچوونە بگەڕێینەوە، رەنگە هەڵبژاردنی ئەوەی دووەم تەندروستتر بێت، چونکە گرتنەبەری رێڕەوی دیموکراسی و دەست گرتن بە پێوەر و رەهەندەکانی، بەشێوەیەکی راستەوخۆ رێڕەوی خواری حوکمڕانی راست دەکاتەوە، و هەموو لایەک تێیدا سوودمەند و سەرکەوتوو دەبن، چونکە لە کێبڕکێی دیموکراسیانە رەنگە لایەنێکی سیاسی لە بەرامبەر لایەنەکەی دیکە کەمتربێنێ و لە خانەی دۆڕاوان هەژمار بکرێ، بەڵام دەرئەنجامەکەی خەڵک دەیباتەوە و حکومڕانیش بەو رێچکە راست و دروستە دا دەڕوات، کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەسندە و تا ئێستا لەوەیان باشتر تاقی نەکردۆتەوە. لە کوردستان رێڕەوی حوکمڕانی خوارە، بەڵام نەوەک لەبەر ئەوەی حکومەت کارەکانی ئەنجام نادات، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە بنەماکانی دیموکراسی، لە پێناو پاراستنی ئاشتەوایی و یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی، پشت گوێ خراوون، کار بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەکراوە، هێشتا لۆژیکی هێز و هەڕەشە، زاڵە بە سەر لۆژیکی قبوڵکردنی دەرئەنجامی کێبڕکێی دیموکراسی، کە تەنها و تاکە پێوەی دەنگی خەڵکە کە لە رێگای سندوقەکانی دەنگدان، کە بڕیار دەدات بۆ ماوەی یەک خولی پەڕلەمانی کە لە هەرێمی کوردستان چوار ساڵە کێ حوکم بکات، بەڵام کاتێک لۆژیکی یەک کورسیم هەبێ یان سەد کورسی، هەر دەبێ شەریکە حوکم بم، ئەوە دەرفەتێک بۆ دیموکراسیەت و دەنگی خەڵک نامێنێتەوە، بەڵکو لۆژیکی هێز و هەڕەشە خراپ کردن و تێکدان جێگای دەگرێتەوە. کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارنامەکەی بە ئاراستەی راست کردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی داڕێژراون، بە لەبەرچاوگرتن و رەچاوکردنی بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی، لە دەستەبەرکردن ئارامی و ئاسایشێکی بێ هاوتا بە بەراورد بە پارچەکانی دیکەی عێراق، هەروەها جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، یەکخستنەوەی هێزەکانی پیشمەرگە، باشترکردنی دۆخی دارایی خەڵک و پلاندانان و کارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و بە بیابان بوونی هەرێمی کوردستان، تا رادەیەکی گەورەش لە هەموو ئەو پرسانەدا پێشکەوتنی گەورە روویانداوە. ئەوەی جێگای سەرنج و لێووردبوونەوەیە، هەر یەکێک لەو پرسانە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێک دەچێتە پێشەوە، گرفتی بۆ ساز دەکرێ و هەوڵی رێگریکردن دەدرێ، هەوڵدەدرێت کێشە و ململانێ سیاسیەکان تێکەڵ بە پرسی بەڕێوەبردنی وڵات بکرێت، بۆ ئەوەش دەست بەسەر داهاتی گشتی دا دەگیرێت کە دەبێتە هۆکار لە دواکەوتنی دابەشکردنی موچە و وەستانی پڕۆژەکان، دەڤەرێک وەک بارمەتە دەکرێتە کارتی سازشکردن، و کەرستەی هەڕەشەکردن، بە سزادانی خەڵکەکەی و دندەدانیان لە رێگای گوتارێکی حیزبی توندی هەڕەشە ئامێزەوە، هەموو ئەوانەش لە پێناو پاراستن و زیادکردنی دەسکەوتی کەسی و حیزبی. ئەو هێزگەلەی بەردەوام لە دەرەوەی رێڕەوی دیموکراسی هەوڵی راست کردنەوەی حوکمڕانی دەدەن، ناچارن ئەو ئامرازانە بەکاربهێنن کە لە غیابی دیموکراسیدا کاران، وەک هەڕەشەکردن بە بەکارهێنانی چەک، دەست بەسەرداگرتنی داهات، تیرۆرکردنی ئەوانەی لە دژیان دەوەستنەوە و دەنگ هەڵدەبڕن، لەوانەش خراپتر هەڕەشەکردن بە پارچەکردنی خەڵک و خاکی نیشتیمان، وچوونەوە پاڵ نەیاران و وەستانەوە لە دژی یاران. رێگەی راستی راست کردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی دەستبەرداربوونی هەموو رێگا نا دیموکراسیەکانە و گەڕانەوەیە بۆ راستەرێی دیموکراسی و ملدان بۆ دەنگ وبڕیارەکانی خەڵک، ئەگەر بە شەریکایەتی و بەو هەموو ئیمتیازە و چاوپۆشی لێکردنە لە باڵادەست بوون لە نیوەی جوگرافیای نیشتمان رازی نی، ئەوە دەتوانی هەموو ئەوانە رادەست بکەیەوە و ببیە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە، ئەوجارەیان لە جیاتی هەڕەشەی چەک و دەستدۆیی بۆ دوژمنان، هەڕەشەی زیاتر خزمەتکردن و باشترکردنی ژیان خەڵک بکە، ئەو باشترین و کورتترین رێگایە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا، رێگاکانی دیکە بە زۆر شێواز لە چەند قۆناغێک تاقیکراونەتەوە، بەڵام هەمووجار یەک ئەنجامیان هەبووە، کە دۆڕان بووە لە بەردەم ئیرادەی خەڵک، کە بە خوێن و خەباتی خۆیان ئەو قەوارە دەستوری و حکومەتەیان دروست کردووە و بە ئاسانی دەستبەرداریان نابن.
د.بەختیار شاوەیس (١) سەرەتایەکی پێویست لەدوای ٨ ی تەمووزەوە، دووجار لاهور شێخ جەنگی و مەسرور بارزانی پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە. جاری یەکەم لەمانگی پێنجی ئەمساڵ بوو، مەسرور بارزانی داوای کرد ئەو پەیوەندیە ئەنجام بدرێت و ئەویش وەک خۆی وتویەتی لەسەر داواکاری باوکی بوە. لەو پەیوەندیەدا زۆر بەراشکاوی هەردوولا قسەیان کردوە، سەرۆکی حکومەت بە لاهور شێخ جەنگی وتوە ، بۆمان دەرکەوت تۆ بەمەردی و بەراشکاوی رووبەرووی ئێمە وەستاویت و لەوانە نەبوویت کەبەئاشکرا شتێک بڵێی و لەپشتەوە شتێکی تر بکەیت و جەنابی باوکم سڵاوی هەیە و دەڵێ لەئێستادا هەر کارێک بەئێمە بکرێت هاوکارین، تەنانەت پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە بەوپێیەی تۆ لەئەنجومەنی ئاسایشی کوردستانیت با ئەو پاسەوانانەی کەموچەیان براوە لێرەوە موچەکانیان بۆ بگەرێنینەوە. لەبەرامبەردا لاهور شێخ جەنگی سوپاسی پەیوەندیەکەی کردبوو ، وە وتبووی؛ من کيشەی ناوخۆیی حیزبیم هەیە و یەکێتیی بەهی خۆم دەزانم و منیش کوری ئەو حیزبەم، کێشەکەم بردوەتە بەردەم دادگا و چاوەرێی یاسا دەکەم، بۆ موچەی پاسەوانەکانیش بەسوپاسەوە رەتیکردبویەوە. بەڵام لەسەر گلەییەکانی مەسرور بارزانی لە لاهور شێخ جەنگی بەوەی کە دژی حکومەتەکەی ئەون، لاهور شێخ جەنگی وتبووی ، من دژی حکومەتی تۆ نەبووم ، من دیفاعم لەموچەی خەڵک کردوە و داوام کردوە کە حکومەت خزمەتی خەڵک بکات ، وە تۆ دوو ساڵە سەرۆکی حکومەتی بەڵام جەندین ساڵە و لەکابینەکانی پێشتر من هەر بەو شێوەیە بووم و داوای خزمەتکردن و دابینکردنی موچەم لەحکومەت بۆ خەڵک کردوە. پەیوەندی دووەمیان بەکاتژمێرێک لەدوای شەهیدکردنی عەقید هاوکار جاف بوو لەمانگی دەی ئەمساڵ. پوختەی پەیوەندیەکە بەم جۆرە بوە: لاهور شێخ جەنگی نامەیەک بۆ مەسرور بارزانی دەنێرێ و دەڵێ دەمەوێ قسەت لەگەڵ بکەم سەبارەت بەوەی کە ئێستا روویداوە. دواتر راستەوخۆ مەسرور بارزانی پەیوەندی بەلاهور شێخ جەنگی دەکات و کاک لاهور دەڵێ ؛ هاوکار ئەفسەری ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان بوە، بیست ساڵە خزمەتی هەیە ، لەناو هەوڵێر و بەرۆژی نیوەرۆ لەبەرچاوی هێزەکانی ئاسایش وای بەسەرهاتوە، بۆیە ئێوە لێی بەرپرسن و دەبێت بەجدی ئیجرائات بکەن بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک کەلەپشت ئەم کارەوەیە. دواتر مەسرور بارزانی دەڵێ ئەوە قبوڵکراو نیەو وەعد بێت قسوری ناکەین و دەبێت بیاندۆزینەوە و ئاشکرایان بکەین. ئەمە هەموو پەیوەندی و یەکتربینین و دۆستایەتی نێوان مەسرور بارزانی و لاهور شێخ جەنگی بوە لەماوی ساڵ و نیوی رابردوو. (٢) ناوەرۆک و مەغزای پیرۆزباییەکە دوای چەند رۆژێک لە کۆتایهاتنی کۆنگرەی پارتی، شێخ لاهور دوێنێ ئێوارە پیرۆزبایی لەمەسرور بارزانی کرد. سەرەتا با دەقی پیرۆزباییەکە وەک خۆی دابنێین ئەوجا مەغزاکانی بخوێنینەوە؛ (بەڕێز کاک مەسرور دواى سلڵاوو ڕێز، دەمەوێت پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەتان لێبکەم وە هەروەها لە ڕێگەی جنابتەوە پیرۆزبایی لە کاک مەسعود بکەم بۆ هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردوستان، بە هیوای ئەوەی کە ئامانجەکانی کۆنگرە کۆتایهێنان بێت بە گرژیو ئاڵۆزیەکانی بەینی هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردوستان و دروستبونی یەکڕیزی ڕاستەقینە لە پێناو خزمەتکردنی گەل و نیشتیمان.) لەسیاقی ئەم چەند دێرەی پیرۆزباییەکە ، لاهور شێخ جەنگی دوو مەبەستی هەیە؛ ١- پیرۆزبایی لەپارتی دەکات لەرێگای سەرۆکی پارتیەوە و ئەم پەیامەش بەکوری کاک مەسعود بارزانی دەنێرێت بۆ باوکی. کەلەمەدا دەیەوێت بڵێ سیاسەت بەرق و کینە ناکرێت و دەکرێ لەسیاسەتدا شوێنێک بدۆزینەوە کە هەموومان سەرباری جیاوازیەکانمان ،خزمەتی خەڵک بکەین. ٢- لەناوەرۆکی پەیامی پیرۆزباییەکەدا، لاهور شێخ جەنگی دەیەوێت بەهەموان بڵێ کەپەرتەوازەیی گەورە لەنێوان پەیوەندیەکانی هێزە سیاسیەکان ( پارتی و یەکێتی بەتایبەتی) هەیە و مەترسیەکی جدی دەبینێت لەسەر دۆخی ئیداریی هەرێم و بەهەدەردانی دەسکەوتەکان. هەر لەبەر ئەمەشە خودی پیرۆزباییەکەی کردوەتە بیانوو بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەم مەترسیە جدیە بداتە بەرگوێی سەرکردایەتی نوێی پارتی و لەرێگەی ئەمانیشەوە بۆ هەموو حیزبەکان و خەڵکی کوردستان روون بکاتەوە. (٣) پیرۆزبایی و گەوجاندنی خەڵک لەدوای ئەمە کۆمەڵێک پەیجی چەندینجار کڕراو و فرۆشراو یان هەندێکی کەم لەتەسکبینی سیاسی کە ئەلف و بای سیاسەت نازانن ، وەک ئەوەی هەنگوینیان لەداری کلۆردا دۆزیبێتەوە کەوتنە ئیدیعای ئەوەی کە لاهور شێخ جەنگی لەپارتی نزیک بوەتەوە و دەیەوێ بەوئاراستە بروات. بەرلەهەرشتێک ، ئەگەر بەپیرۆزبایی بێت ئەوا دەبێت هەموو کوردستان و عیراق بووبن بەپارتی و پێمان نەزانیبێ چونکە هەریەک لەمانە پیرۆزباییان لەپارتی و مەسعود بارزانی و کورەکەی کردوە: عەلی باپیر، سەلاحەدین بەهائەدین، یەکێتیی، حەمەی حاجی مەحمود، شویعی، زەحمەتکێشان ، بزوتنەوەی ئیسلامی ، کۆمۆنیستەکان، حیزبی دیموکراتی ئیران ، کۆمەڵە، پژاک، قەدەسە، هەدەسە، پەکەکە، یەپەژە، هەدەپە، محمد شیاع السودانی، حەلبوسی، خەنجەر، کازمی، هادی عامری، عادل عبدالمەهدی، مالکی، سامەرائی.... هتد کەزۆرێک لەمانە لەچەندین وێستگەی ژیانی سیاسیان بەتوندی دژایەتی پارتیان کردوە و ئێستا پیرۆزباییان ناردوە. ئەرێ بەراست ئێوە بەو عەقڵ و مەنتیقەوە پێتان وایە مادام لاهور شێخ جەنگی پیرۆزبایی لەمەسرور بارزانی کردوە ، ئیتر بوەتە پارتی ئەی نازانن بەم بیرکردنەوەی ئێوەبێت ئەوا هەموو عیراق و کوردستان بوەتە پارتی و نەمانزانیوە؟ ئەمە جگەلەوە چەندین سەفیر و نوێنەری وڵاتان سەرەیان گرتوە و دەبنە پارتی چونکە ئەوانیش پیرۆزباییان ناردوە. لەکۆتایی ؛ وابزانم بەم هەرزە عەقڵ و بەم سیاسەتە تەسکبینیەی ئێوە نوکتەکە دەبێتە راست کەوتبویان پارتی لەگەڵ چین هەڵبژاردن بکات ، دەیباتەوە. ئەوەتا بەپیرۆزباییەک عیراق و دونیاتان لێبوەتە پارتی. بەڵام بزانن کەخەڵک بەم هاشوهوشانە ناگەوجێ و خەڵک ئێستا لاپەرەی سپی دەخوێنێتەوە.
ئارام سەعید نەخشەی هەڵوێستەکان بەرامبەر درێژکردنەوەی تەمەنی پارلەمان زۆر هەڵویست و کاردانەوەی سەیرو سەمەرەمان بۆ دەردەخات. پارتی و یەکێتی و گۆڕان بەرەسمی رایانگەیاند کە لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پارلەمانن، هەلوێستێکی نادیموکراتی و ناشەرعی و نایاساییە، بەڵام هەموو ئەوانەی لە دەسەڵاتن یەک هەڵویستی یەکگرتوویان هەیە لەمەڕ ئەو مەسەلەیەدا ئەگەر جیاوازیشیان لەکارەکانی تردا هەبێت. هێزەکانی تر بەمشێوەیەی لای خوارەوە: یەکگرتوی ئیسلامی: دەستلەکارکێشانەوە ١٢ پارلەمانتارەکە بە کۆمەڵی دادگەرییەوە: کشانەوەو بایکۆتی پارلەمان نەوەی نوێ: داخستنی حسابی بانک و موچە وەرنەگرتن و کشانەوە هەر کاتێک خەڵک زانیاری راستی لەبەردەست بوو کە بە بەڵگەوە سەلمێنراون ئەوکات هەڵویستی پۆپۆلیستی کەمتر دەتوانێت گەشەبکات، چونکە پۆپۆلیزم ئەو تێروانین و کارکردنەیە لەسەر بنەمای راستیی و بەڵگەی سەلمێنراو کارناکات بەڵکو توڕەیی خەڵک لە سیاسەت بەکاردەهێنی و سودی لێوەردەگرێت و لەو بۆشاییەوە دێتە ژورەکانەوەو سۆزو هەستی خەڵک دەبزوینێ بەبێ ئەوەی بەرنامەی گۆڕین و دەستکاریکردنی واقیعی هەبێت... ئەوکاتەی خەڵک ناڕازی و توڕەیە زانیارییەکانی دەسەڵات وەرناگرن ئەگەر راستیش بێت هەربۆیە هەموو هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ قەناعەتکردنی هاوڵاتیان بە زانیارییەکانی شکست دەهێنێت و خەڵک دوای وەهمی پۆپۆلیستەکان دەکەوێت... تائێستا نەخشەی دەسەڵات روونە کە دریژەدانە بەنایاسایی بوون بەڵام ئەوەی روون نیە نەخشەی ناڕازیی و ئۆپۆزیسیۆنە جۆرێک لە سەرلێشێوانی تێدایە، چونکە هەریەک لەو هەڵوێستانە جیاوازە لەوی ترو نەیانتوانی پێکەوە یەک بریار بدەن و پەڕەیەک ئامادە بکەن و یەک بەرەو یەک هەڵویست بن، بەنمونە یان موچە وەرناگرن، هەندێکی تر هەر باسی موچە ناکەن و باسی بایکۆتی سیاسی دەکەن، هەندێکی تر باسی کشانەوە دەکەن، هەندێک دەستلەکارکێشانەوە.. کە رەنگە لەرۆژانی داهاتوو هەموان خەریکی ئەوەبن لایەنگرانیان گۆش بدەن بەوەی بۆ وایانکردووە. نەخشەی سیاسی ئەم هەرێمە دەسەڵاتێکی نایاسایی و ئۆپۆزیسیۆنێکی بێ ستراتیژ و پەرتەوازەوەی هەیە.... تێبینی: سەرنجی من تەنها لەسەر ئەوەیە نەیانتوانی یەک هەڵوێست بن دەنا تاک تاکی هێزەکان و هەڵوێستیان دەکرێت شیکردنەوەی بۆ بکرێت و هەریەکەیان بەجیا دەکریت قسەیان لەسەر بکرێت...
د. شۆخان مەحمود توندڕەوی سیاسی بریتییە لە ڕەفتاری سیاسیانەی ناباو، كە تاك بەشێوەیەكی پەڕگیرو توندوتیژ بەشداری سیاسی دەكات و هەڕەشەو مەترسی بۆسەر هزرو بیركردنەوەو تێڕوانینی بەرامبەر دروست دەكات و توانای قبوڵكردن و گفتوگۆی بیروڕای جیاوازی نییە، لەلایەكی دیكەشەوە تاك بەمەبەستی بەدیهێنانی چاكسازی و گۆڕانكاری ڕیشەیی لە سیستەمی سیاسیدا، پەنا بۆ كاری توندوتیژی و زیانگەیاندن بە دامودەزگا حكومەییەكان و سوتاندنی بارەگای حزبەكان دەبەن. ئەوەی لەم هەرێمە هەستی پێدەكرێت و بەرچاودەكەوێت بوونی توندڕەوی سیاسیە بەئاست و هۆكاری جیاواز، هەربۆیە بە گرنگی دەزانم هەڵوەستە لەسەر دەركەوتنی ئەم ڕەفتارە بكەم وەك زەنگێكی ئاگادار كەرەوەبێت بۆ دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدار تاوەكو هەموو پێكەوە لەسەر ئاستی تاك و كومەڵ و كۆمەڵگا هاوكارو یارمەتی دەربین بۆ بوژانەوەو گەشەپێدانی هەستی لێبوردەیی و یەكتر قبوڵكردن لە پێناو بەدیهێنانی ئارامی و سەقامگیری و ئاسایشی دەروونی و كۆمەڵایەتی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان. بەرمەمبنای ئەم ڕاستیەش سەرنجێكی كورت دەربارەی هۆكارو ئاستەكانی توندڕەوی سیاسی لەهەرێمی كوردستان دەخەینە ڕوو : - بارودۆخی سیاسی بەگشتی و ململانێی سیاسی بەتایبەتی زەمینەی بۆ چاندنی تۆوی رق و تۆڵەسەندنەوەو ناوزراندن و بێڕێزیكردنی لەنێو ئەندام و لایەنگری حزبی و تەنانەت لەنێو تاكەكانی كۆمەڵگەشدا چاندووە، بەجۆرێك حزبە سیاسیەكان لە چوارچێوەی ململانێكانیاندا چ لەسەر ئاستی نوخبە یاخود لەسەر ئاستی ئەندام و كادرەكانیان، بۆ شكستپێهێنانی نەیارەكانیان دەمارگیرو توندڕەو بوون، سڵیان لە بەكارهێنان و گرتنەبەری زمانی زبرو هزرو ئامرازی توندوتیژ نەكردۆتەوەو تاڕادەیەكی زۆر بەرامبەر بەیەكتر دڵڕەق و دەمارگیربوون، ئەمەش بەپێی قۆناغی ململانێكان ئاست و شێوازی توندڕەوییەكەیان جیاوازبووە، بەجۆرێك لەماوەی شەڕی ناوخۆدا، حزبە سیاسیەكان جگە لە بەكارهێنانی چەك و پەنابردن بۆ هێزی بێگانەو بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن، لەهەمانكاتدا لەرێگەی كەناڵا و دامەزراوەكانی وەك( خێزان، پەروەردە، مزگەوت، راگەیاندن، ئەدەبیاتی حزبەكان)ەوە كولتوری رق و دوژمنایەتی و تۆڵەسەندنەوەیان لە دەروونی تاكەكاندا چاندووە، لەدوای كۆتایهاتنی شەڕی ناوخۆش لە رێگەی كەناڵا و پەیج و پێگە ساختەكانیانەوە شكۆو پیرۆزییەكانی یەكتریان تێكشكاندووە. هەموو ئەم دیاردانەش بەئاشكرا لە ژینگەی سیاسی هەرێمی كوردستاندا بوونیان هەیەو شوێنەوارو ئەنجامی نەرێنییان لەسەر كەسێتی و ئایندەی كەسێتی تاكی كورد درووست كردووە. لەلایەكی دیكەوە نەبوونی موچە و شایستەی دارایی و بێبەشبوون لە پێداویستی سەرەتایی، نایەكسانی و نادادپەروەری، بەدامەزراوەیی بوونی گەندەڵی، لاوازبوونی دام و دەزگاكانی حكومەت، بێ هیوایی، هەژاری، بێكاری، دەركەوتنی گروپی ئاینی پەرگیر، بەچەكداركردنی تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردی، نەبوونی ئازادی و (دیموكراسی ) دەستاودەست نەكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، دەركەوتنی كاریزمای خاوەن ئایدۆلۆژی، دەستێوەردانی دەرەكی،..هتد) زەمینەی بۆ جۆری دووەمی ڕەفتاری توندڕەوی سیاسی ڕەخساندووە ، بەجۆرێك جگەلە بە بەپەرۆشی تاك بۆ رەتكردنەوەو هەڵگەڕانەوە لەحزب و حكومەت و دەسەڵاتدارە حزبی و حكومییەكان، تاكی كورد بەتەنگ پاراستنی مافی گشتی و دامەزراوەكانی حكومەت نین و لە بچوكترین خۆپیشاندان وناڕەزایەتی دەربڕنیدا پشێوی و ئاڵۆزی لێدەكەوێتەوەو هەندێكجاریش پەنا بۆ گرتنی ڕێگای گشتی وهاتوچۆی هاوڵاتیان و سوتاندن و لەناوبردنی كەلوپەل و باڵەخانە حزبی و حكومیەكان بردووە .
لهتیف فاتیح فهرهج پارتی كۆنگرهی چواردهیهمینی خۆی دهبهستێ ، دهشێت ئهم كۆنگرهیه جۆرێك بێت له خۆ نوێكردنهوهی پارتی بهو جۆرهی دهسهڵاتهكان جارێكی تر گۆڕانكاری له ناو حزبدا له بهرژهوهندی لایهك به سهر ئهوی تردا زاڵبكهن ، ههرچهند له روكاردا ئهم دوو باڵیه زۆر دیار نیه ، بهڵام له ماوهی رابردودا مهسرور بارزانی ئهو كهسهی شانسی زۆری ههیه ئایندهی پارتی به دهستی ئهوه وه بێت چهند جارێك سهرزهنشت و رهخنهی له كابینهی پێش خۆی گرتوه ، كه راستهوخۆ ئهو رهخنهو تانانه ئامۆزاكهی دهگرێتهوه ، ئهو جارێك دهڵێت كهم و كوڕی پێشتر بۆ ئێمه ماوهتهوه ، جارێك دهڵێت ئێمه یهكفلسمان قهرز نهكردوهو دوو ملیاردۆلار قهرزیشمان داوهتهوه ، ههڵبهت لهوهشدا راست دهكات ، بهڵام قسهكه له سهر تیرهكانه كه ئاراستهی كێیه نهك شتی تر، پارتی ئهگهر چی له ڕووی جهماوهریهوه ئاستی جهماوهری دابهزیوه ، ئهگهر چی به رێگهی كڕین و شێوازی تریش له ناو جزبهكانی تردا خهڵكی زۆری بردوه ، بهڵام جگه لهوهی كه ناتوانێ به تهنێ حوكمڕانی كوردستان بكات ، هێشتا زۆر ئاڵهنگاری و لهمپهریشی لهبهردهمدایه له گهڵ ئهوهش له تهواوی حزبهكانی تر دۆخی باشتره ، پهیوهندی دیبلۆماسی و دهرهكی به هێزه ، سهروهت و سامانی تایبهتی خۆی ههیه ، هێزێكی چهكداری گوێڕایهڵی ههیه كه نزیكهی ههموویان ههمان بۆچونی میرانیان ههیه " سهرۆك بڵێ دانیشن ، دادهنیشن ، بڕۆن ، دهڕۆن ، بمێننهوه دهمێننهوه " میدیایهكی مۆدێرنی ههیه كه ئهگهر نهیشیتوانیبێت رای گشتی دروستبكات له تهواوی میدیاكانی تر كاریگهر ترو پڕبینهر تره ،بۆیه لهم بارو دۆخهدا پارتی به لایهك و ههموو ئهوانی تر به لایهكی تر . پارتی لهبارو دۆخێكدا كۆنگره دهبهستێت وێڕای كهم بونی دهنگدهرهكانی له ههرێم و له بهغداش وهك هێزی كوردی ، هێزی یهكهمه ،بوون و مانهوهی مهسعود بارزانی لهم قۆناغهدا له دهرهوهو ناوهوه پارتی جیاواز تر لهوانی تر هێشتوهتهوهو زیاتر ئهو وهك نوێنهری ههرێمی كوردستان دهردهكهوێت ، ئهمهش بهشی زۆری ههر پهیوهست نیه به ههژمونی پارتی و بانگهشهی پارتیهوه بۆ نهتهوهگهری و خود خاوهنی ، پهیوهسته به لاوازی ئهوانی تریشهوه به تایبهت یهكێتی و گۆڕان ، لانی كهم روونه پارتی دهیهوێ چی بكات و چۆن ، ئهی ئهوانی تر چی ، كێشهی ههره زهقی پارتی كه به تایبهت له قۆناغی حوكمڕانی مهسرور بارزانیدا زۆر دیاره له مهنگهنه دانی ئازادی بیرو ڕایه له سنوری ههولێرو دهۆك ، ئهمه وهنهبێت ئێمه پێمان وابێت سنوری ئهم لا زۆر باشتر بێت ، به تایبهت دوای گۆڕانكاریهكانی ناو یهكێتی و ئهو روداوانهی له دوای كۆنگرهی چواری ئهو حزبهوه ڕویانداوه، ئازادی بیرو ڕا یهكێك له كێشه سهرهكیهكانی پارتیه كه رهنگه ئهم كۆنگرهیه ئهگهر بواری میتینگ و گفت و گۆی تیا بێت قسهو باسی زۆری له بارهوه بكرێت ، ئهمه ئهگهر بواری دهركهوتنی جیاوازی بۆچوون ههبێت . یهكێكی تر له كێشه ههره قوڵهكانی پارتی ئیشكردنه به گومان ، یان وهك دهڵێن گومانكردنه له ههمووان، ههندێك جار له ناوخۆیشیدا ئهو گومانه له یهكتر بوونی ههیه ، ئهمهش ههمیشه پارتی به جۆرێك دورتر لهوانی تر دههێڵێتهوه ، ئاخۆ كۆنگرهی چوارده دهتوانێت كێشهی گومانكردن له ناو ئهو حزبهدا بن بڕبكات و ئیتر وهك حزبێكی مۆدێرن سهیری رهخنهو جیاوازی بكات و گومان له ههموو شت نهكات ، ههڵبهت ئهگهر گومان بهو رادهیه شۆڕبێتهوه ئیدی دهبێته خاڵێكی نهرێنی مهترسیدارو دۆخی كۆمهڵگه دهشێوێنێت ، جگه لهوهش ئهوه یهكهمین جاره له ههموو جارهكانی تر جیاواز تر پارتی زۆر كێشهی ئهوه نیه خاوهنی فكرو بیرو بۆچونی سیاسیانه بهرێته سهركردایهتی ،ئهمه ئهوهندهی من ئهو خهڵكهم بینیبێت كه خۆیان كاندید كردووه ، كهسانی زۆر كهمیان تیایه كه بیر كهرهوهی باش بن ، ههڵبهت ئهمه پهیوهندی بهو حزبه خۆیهوهیهتی كێ دهنێرێته سهركردایهتی و كێ نانێرێت ، بهڵام من وهك هاوڵاتیهكی ئهم ههرێمه نهك بۆ پارتی ئهمه بۆ یهكێتیش كه له كۆنگرهی چواری خۆیدا خهڵكانێكی نارد كه مهلا بهختیار وتهنی پهیڕهوی حزبهكهی خۆیشیان نازانن و تێیدا تاقیبكرێنهوه دهرناچن ، جا ئهوه كێشهیهكی گهورهیه بۆ ئاسایش و تهناهی وڵات ، له بهر ئهوهی رهنگه رستهیهكی نائاوهزی سهركردایهتیهك ئاژاوهو ئاشوبێكی گهوره بناتهوه . ئێمه نازانین پارتی كێ دهباته سهركردایهتی و كێدهنگ دێنێت ، بهڵام ئهوه دهزانین كه ههرگیز مهرج نیه ئهوانهی زۆرترین دهنگدێنن ، باشترینهكان بن ، یان له باشهكان بن ، دهنگدان پێوهر نیه له بهر ئهوهی دهنگدان نهلهناو حزب نهله ههڵبژاردنی گشتیدا به تواناو لێهاتوویی نادرێت ، هیچ ئاماژهیهك نیه بۆ ئهوهی پارتی دوای كۆنگره پارتیهكی جیاواز تره له پارتی ئێستاو پێش كۆنگره ، له كاتێكا پارتی تهواوی جومگه ههستیارهكانی ئهم ههرێمهی به دهستهوهیهو هێشتاش دهڵێت هی تر ههیه، ئهوهش بواری پێكهوه ژیانی ئاشتیانهی سیاسی و كۆمهڵایهتی لاره سهنگكردوه ، له نێوان كۆنگرهی سێزدهی پارتی وكۆنگرهی ئێستا 2022 ، هیچ ئاماژهیهك نیه كه پارتی دوای كۆنگرهی سێزده ، له پارتی پێش ئهو كۆنگرهیه جیاواز تر بێت ، له دوای كۆنگرهشهوه تا ئێستا پارتی نهیتوانیوه تهنانهت سهرنجی نهوهی شههیدو قوربانیهكانی خۆیشی كهمهند كێش بكات و بڕوایان پێبهێنێ ، كه دهتوانێ سبهینێیهكی جیاواز تر و ئارامتر نیشانی خهڵكی ههرێم بدات ، گرتن و سهركوتكردنهكانی بادینان و ههولێر خاڵێكی نهرێنی زۆر خهراپه بۆ پارتی ، ئاخۆ دهتوانێ ئهمه ئاوه ژوو بكاتهوه ، ههروهها ئایه پارتی دوای كۆنگره دۆسیهی بۆ پهیوهندی ناوخۆی ههرێم چۆن دهبێت ، مامهڵهی له گهڵ لایهنه سیاسیهكانی پارچهكانی دیكه به تایبهت پهكهكه ، پهژاك ، و ئهوانی دیكه چۆن دهبێت ، ئهمانه ههموو حسابی وردیان بۆ دهكرێت .
شوان قلیاسانی خەیالە ئەگەر وابیربکرێتەوە کەئەمریکاعێراقی لاگرنگ نیەودەسەڵاتی تیایدا نیە ...! لەیەکەم سەردانی سەفیری ئەمریکی(ئەلینا ڕۆمانۆوسکی ) بۆلای محمد شیاع سودانی توانی نیزاعی مالیکی وهادی عامری کۆتای پێبهێنێ کەشەڕیان بولەسەرپۆستی وەزیری ناوخۆ، کەسفیری ئەمریکی لێی پرسی کێشەت چیە ؟ لەوەڵامد وتی کێشەی دانانی وەزیری ناوخۆم هەیە. بەسودانی وت باپێت بڵێم چیان پێبڵێ ، بڵێ ئەمریکا دەڵێ نابێ هەرکەسێ گروپی چەکداری هەبێت کەس دەستنیشان بکات بۆوەزیری ناوخۆ.سودانی پێی وتن ئەمریکیەکان سەلامتان لێدەکەن ودەڵێن هیچتان بۆتان نیە کاندیتان هەبێت. بۆیە دەکرێ بڵێین ئەم حوکمەتە لەژێر چاودێری ئەمریکاو هاوپەیماناندایە بەهۆی خراپ ئیدارەدانی عێراقەوە لەلایەن حکومەتەکانی پێشوەوە و وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن سودانیەوە بەشێوەیەکی نادیموکراتی لەڕێگەی هەڵبژاردنێکی فاشیلی چاودێریکراو لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە ، لەلایەن هەندێ حیزبی دۆڕاو لەهەڵبژاردندا ، کەزوربەیان بەگروپی چەکداری وابەستە بەئێران وبەڕەسمی بەشێک لەحشدی شعبی پێکدەهێنن ولەدەرەوەی دەسەڵات کاردەکەن وتەنانەت هەندێ لەوگروپە چەکدارانە لەنمونەی حزب للە و عصائب اهل الحق لە لیستی ئیرهابدان و وەسودانیش پەیوەندی باشی لەگەڵ هەندێ لەوسیاسیانەدا هەیە لەبابەتی فالح فیاض کەلەلایەن وەزارەتی خەزانەی ئەمریکیەوە عقوبەدراوە و وەمحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی پەڕلەمان کەدەوترێ پێشتر لەگەڵ ئەبو فەدەک کۆبۆتەوە کەسەرۆکی گروپەولەلایەن ئەمریکاوە عقوبەی لەسەرە ، نەیانهێشت براوەی هەڵبژاردن کەمقتدا صدربو حوکمەت پێکبهێنێت. کەواتە وەزعی ئێستای عێراق تاڕادەیەکی زۆرلەسەردەمی ساڵی ٢٠١٨ ی عادل عبدوالمهدی دەچێت کەدەسەڵاتودەوری گروپە چەکدارەکانی لەبواری موازەناتی سەربازی ونەوت وبەندەرەکان وفڕۆکەخانەکاندا تیا بەهێز بو. ئەمریکا مە بە ستێتی ئیدارەکەی سودانی وەک وئیدارەی عادل عبدوالمهدی نەبێت کەحکومەتەکەی تەسلیمی میلیشیا چەکدارەکان کردبولەکاتی خۆپیشاندانەکاندا خەڵکی مەدەنی کوژران لەساڵی ٢٠١٩دا. ئەمریکا مەبستێتی شەریکەکانی بێ دەسەڵات نەکرێن لەناوسوپاو دەزگائەمنیەکان.هەروەها ئەمریکا ئەیەوی ئەودەوڵەتانەی بەشداریان کرد لەشەڕی دژی تیرۆرهەست بەوە بکەن کە پە یوەندیان لەگە ڵ سودانی دەمێنێت بەوەی سودانی سنورێک بۆ ئەوگروپە چەکدارانە دابنێ کەدەبنە هۆی لەناوبردنی عێراق . بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەمریکا هەندێ ڕێوشوێن دابنێ بۆبەردەوامی پەیوەندیەکانی لەگەڵ حوکمەتەکەی سودانی لەوانە : ١-چاکسازی لەدەزگای دادوەری . ٢- وابەستەکردنی سودانی بەهەڵبژاردنی پێشوەخت بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی عادل ٣- بێ دەسەڵاتکردنی یان کەمکردنەوەی دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکان بەتایبەتی ئەوانەی نزیکن لەئێران . ٤-کە مکرد نە وەی دەسەڵاتی گروپە چە کدارە کان لەسەر با نقی ناوە ندی ودە زگای ئاسایش و بەندەرەکان وفڕۆکەخانەکان
عهدنان عوسمان دوو قسەو دواتر دوو چەپڵە، دۆخی حوکمڕانی و ئاستی دەستەبژێر "نوخبەی" سیاسی و رۆشنبیری وڵاتی بە رۆشنی دەرخست. ئەو دوو قسەیە لە دوو کارەکتەری گەنجی حوکمڕانەوە، کە ماوەیەکە بەهاوبەشی ئیدارەی ئەم هەرێمە ئەکەن و نوێنەری عەقڵی تازەی نیولیبرالن لە کوردستاندا "بە خراپترین ڤێرژنیەوە"، کورتکراوەی خەم و ئیرادەو ئەولەویەتی ئەو نوخبەیە پێشان ئەدات، لە بەردەوامیدان بە سیاسەتی ئابوری بێپلان و پاشانیش شانخاڵی کردن لە بەرپرسیارێتی و، ئاوێتەبون لەگەڵ رەخنەگری خوار ستەیج و هاوڵاتی ئاساییدا، بێ خستنەڕوی هیچ چارەسەر و دیدگایەکی نوێ. دوو چەپڵەکەش دەرخەری عەقڵیەتی نوخبەی رۆشنبیرو سیاسی ئەم ساتەوەختەی کوردستانە کە خاڵی بوە لە عەقڵی رەخنەگرتن و مەسافەدانان لە گوتاری حەماساوی دەسەڵات. لە دیداری میریدا، کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەم کابینەیە، وتی ئەوان لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا، نەک هەر قەرزیان نەکردوە بەڵکو دوو ملیار قەرزیشیان داوەتەوە! بەرامبەر بەوەش کە بەشێک لە داهاتی ئەم نیشتمانە کە نازانرێت بە چ هۆکارێک تەرخان کراوە بۆ دانەوەی قەرزێک کە نازانرێت بۆچی کراوە، نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری ئامادەبوو چەپڵە رێزانیان کرد! لە کاتێکدا ئەبوایە جورئەتی ئەوە هەبوایە بپرسن: لەم سێ ساڵە پلانی ئابوریتان چی بوە؟ کوا بودجەی ساڵانەتان، کوا حسابی خیتامیتان؟ ئەو قەرزانە بۆ؟ کێ هۆکارە؟ ئەی بۆ قەرزی هاوڵاتیانی دەست کورت نادەنەوە؟ پاشان گەر سەرقاڵی قەرز دانەوەن، ئەی خێرە ئەم هەمو ملیاردێرە حزبی و بنەماڵەییە هەڵتۆقیون؟؟ پرسیاری گرنگتر ئەوەیە ئەگەر بەرزبونەوەی نرخی نەوت نەبوایە، ئێوە دیسان ناچاری قەرز نەئەبون؟ دیسان ناچاری هەژارترکردنی هاوڵاتیان نەئەبون؟. لە کاتێکدا سیاسەتە ئابوریە نیولیبرالیەکەی ئێوە تەنها لە خەمی کەسانی دەوڵەمەندو بازرگان و خاوەن کۆمپانیا گەورەکاندایە کە بنەماڵە دەسترۆیشتوەکان تیایدا هاوبەشن. هەر لەو دیدارەدا کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەم کابینەو کابینەی رابردوش، بە رویەکی بەشوشەوە باسی لە میحنەتی ناوچەیەکی گرنگ و بەرفراوانی هەرێمی ژێر دەسەڵاتی خۆی کرد کە کۆیەیە. لەوێدا خراپترین پێناسەی ئەو ناوچەیەی کرد کە گوایە وەک ناوچەی مادەی ١٤٠ی نێوان هەردو زۆنی ژێر چەپۆکی پدک و ینکی لێهاتوە! بەرامبەر ئەم دەستەواژە ترسناکە، کە پڕاوپڕە لە بێئیرادەیی و دەستەوەستان و گوێنەدات و لاموبالات و بەخەمەوە نەهاتن، هەمان دەستەبژێری ئامادەبوو، بە چەپڵە رێزان پێشوازیان لەو قسانە کرد! کەسیش نەیپرسی ئەی تۆ ئەم ماوەیە سەرقاڵی چی بوی و چیت؟ یانی چی ئاوا بە شانازیەوە باسی دوو ئیدارەو دوو زۆن ئەکەن و هێشتا خۆتان بە سەرۆک و جێگری کابینەش ئەزانن کە گوایە یەکگرتوە؟ هەموشمان ئەزانین مادەی ١٤٠ لە سایەی دەسەڵاتی بارزانی باوک و تالەبانی باوک چی بەسەرهات و چۆن بوە ئاردی نێو دڕک، کەچی هێشتا ناوچەیەک کە هەردوکتان تیایدا حوکمڕانن و ناوجەرگەی هەرێمەکەتانە، هەروا بە ئاسانی بە ناوچەی ١٤٠ی دەشوبهێنن. بەوەش دەتانەوێت بەرپرسیارێتی ئەو حوکومەتە شێواو و لەرزۆکە لە ئەستۆی خۆتان بکەنەوە؟! چەندە قسەی ئەو دوو بەرپرسە ئازاربەخش و نا بەرپرسانەیە، چەپڵەکان زیاترو سەختر ئاماژەن بۆ واقعی هەرێمەکەو بێخەمی دەستەبژێری سودمەند.
د.بەختیار شاوەیس لەگەڵ یەکەم هەنگاوی کرداریدا کە هەمووی پێنج رۆژە متمانەی وەرگرتووە، سەرۆک وەزیرانی عیراق محمد شیاع السودانی کۆمەڵێک بریاری یەکلاکەرەوهی دەرکرد ئەویش بەهەڵوەشانەوەی کۆی ئەو بڕیارانەی کە کابینەی کاربەڕێکەری کازمی لەماوەی ڕابردوو دەریکردبوون و بەمەش ژمارەیەک لە پارێزگار، سەفیر، سەرۆکی دەستە، بەرێوەبەری گشتی لەپۆستەکانیان دوورخستەوەو وەک بومەلەرزەیەک لەماوەیەکی زەمەنی کورتدا بەر بەشێک لەو کۆتلە سیاسیانە کەوت کەلەپشتی دانانی ئەو پۆستانەوە بوون. جوڵە خێراو توندەکانی سودانی هەربەتەنها لە پۆستەکانەوە نەوەستا، بەڵکو زۆر بەڕۆشنی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بریارەکانی دادگای باڵای ئیتحادی دەبێ وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، کە لەمەیاندا پێویستە هەرێمی کوردستان دەست و پەنجە لەگەڵ ئەم نیەتەی سودانی نەرم بکات، بەتایبەتی کە بریاری مانگی فێبرایەری ئەمساڵی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەدۆسیەی نەوت و گازی هەرێم ئاماژەی گرژبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی نوێی عیراقی تیا دەخوێنرێتەوە. لەم سۆنگەوە، سودانی لەنێوان دژیەکیەکی تونددا خۆی دەبینێتەوە، چونکە لالەیەک دەیەوێ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ بکات کە ئەمە هەرلەسەرەتاوە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکراوەتەوەو بڕیارەکانی بەدەرەوەی دەستورو یاساو بەبریاری سیاسی ناساندوەو لەلاکەی ترەوە سودانی و کابینەکەی بەدەنگی پارتی و یەکێتیی و پشتیوانی ئەم دوو هێزە پێکهێنەرە سەرەکییەی حکومەتی هەرێم متمانەی وەرگرتووە. جیا لەم بریارانەی، لەیەکەم سەردانیدا، سەرۆک وەزیران سەردانی دەستەی نەزاهەی کردو لەکۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دەستەکە پەیامێکی توندی دژی گەندەڵکاران ناردو هەروەها یەکەم کەسی حکومەتەکەی بوو کە فۆرمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی پرکردەوەو پەتای گەندەڵی وەک ئاڵنگاری بنەرەتی کابینەکەی دیاری کرد. ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ئۆکتۆبەری داهاتوو ، یەکێکی دیکە بوو لەو بڕیارە خێراو بومەلەرزە ئاسایانەی کە سودانی دەیەوێ لەرێگەیەوە تاودانی ئەسپی خۆی تیادا تاقیبکاتەوە. پرسیاری جدی: لەماوەی پێنج سەرۆک وەزیرانی پێشتر هەریەک لە تەشەنەسەندنی قەیرانی گەندەڵی، کێشە هەڵپەسێرراوەکانی نەوت و بودجەی نێوان هەرێم و ناوەند، پەکخستنی هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکان هەبووەو وەک بەڵێنی بێکردار ماونەتەوە، ئاخۆ دەبێ سودانی ئەمانە بخاتە بواری پراکتیکییەوەو چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە لەکاتێکدا مۆتەکەیەک بەسەر سەری سودانی و تیمەکەیەوە ئامادەیی هەیە کە ئەویش سەدرەو براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووەو حاڵی حازر لە سوڕی متبووندایە؟ باچاوەڕێ بین چونکە وەک دەڵێن تازە بووک جوان گسک دەدات.
عەدالەت عەبدوڵڵا نهێنییەكی ئەو توندڕەوی و توندوتیژییە ڕەمزی و فیزیکییانەی كە بەبۆنەی سەرەڕۆیی عەقڵی و ڕەفتاریی ژمارەیەك (سیاسی، رۆشنبیر، میدیاكار)ەوە، واقعی ئێمەی تەنیوەتەوە، ئەو جەهلە فەلسەفییەیە كە لەبەرامبەر چەمكی هەقیقەتدا هەیە. ئەو كاراكتەرە شەڕانییانەمان، لە هەر گروپێكی سیاسیدا بن، بە رادەیەك لە مانا فەلسەفییەكانی هەقیقەت بێ ئاگان كە هەموو گوتارو رەفتارێكی وێرانكەریش هەر بەناوی هەقیقەتەوە بنوێنن، ئیدی بەبێ ئەوەی بۆ جارێكیش بپرسن: گەر هەقیقەت ئەوەبێت كە دەیزانین، گەر تەنها ئەو وێناكردن و تێزانە، ئەو تیۆرو گریمانانە، ئەو تێگەیشتن و بیروباوەڕانە بێت كە ئێمە هەڵگریانین ئاخۆ ئیدی بۆچی ململانێ و ناكۆكی، جیاوازی و فرەیی، دێنە ئاراوە؟! هۆی ئەم دابەشبوونە فكری و سیاسی و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتییە ناکۆتایانەی ناو مێژوو چییە كە لەناو هەرێمی ئێمەشدا هەیە؟ كاری ئەم چەند دێڕە نییە باسی ئەزەلیترین گرفتی ئەندێشەی مرۆڤ بكات. هەقیقەت لە پراكتیكدا هەمیشە سەرچاوەی كۆكردنەوەو پەرتەوازەكردن بووە ئەگەر لە تیۆریزەكاریشدا ئەم راستییە بۆ سەدەی 19و 20 دواكەوتبێت. فەیلەسوفی فەرەنسی " میشیل فۆكۆ" زۆر لە مێژە دەڵێت: هەقیقەت پێش میكانیزمەكانی بەرهەمهێنانی ناكەوێت، قەوارەو ماتەریاڵێك نییە لەشوێنێكی دیاریكراوداو بیدۆزینەوە. هەقیقەت ئەوەیە كە خۆمان دروستی دەكەین، لەدەرەوەی گەمەكانی گوتاردا نییە، بەڵكو بەرهەمی قەناعەت و توانا مەعریفی و فكری و زمانەوانییەكانمانە، زادەی وێنەو تێرم و بینراو و ناولێنراوەكانمانە، زۆرجاریش بەرئەنجامی ئیرادە دەسەڵاتخوازییەكان و ئارەزووە تێرنەبووەكان و ئەنگێزە نەرجسییەكانمانە، لەمانەش زیاتر هەڵقوڵاوی كۆمەڵێك وەهم و سروت و ترادسیۆنی عەقڵی و كۆمەڵایەتیمانە. هەرچی " محەمەد ئارگۆن"ە، دەڵێ: ئێمە واتێدەگەین هەقیقەتی مرۆڤ ئەوەیە كە، هەمیشە بە دوای هەقیقەتەوەیە!، واتە هەقیقەت لە هەموو هەلومەرجێكدا خواستی لەسەربێت و مرۆڤ بەبێ هەقیقەت بەختەوەر نەژی، ئەمەش وەهمە. لای بەشێک لە کەسە (سیاسی)و میدیاكارە نەفام و توندڕەوەكانی ئێمە ئەم سەرنجانە یەك پولی قەڵپ ناهێنن. ئیشی ئەوان کورتبۆتەوە لەوەی هەر ماوەیەو بە ناوی هەقیقەتەوە مرۆڤەكان و هاووڵاتیانمان بكەن بە دوژمنی یەكتر، كولتورێكی ئەستوور لەرق و كینەیان لەنێواندا بڵاو بكەنەوە، لافاوێك خوێن بڕێژن، ئەمانە بۆ ئەوەی هەقیقەتی فشۆڵی خۆیان سەروەر بكەن و بیسەلمێنن کە لەسەر رێگای راستن، دەبێ رێگای ژیانی ئەوانیتر كوێربكەنەوەو بیانێرن بۆ دۆزەخ. بە درێژایی مێژوو، خواستنی توندڕەوانەی هەقیقەت مرۆڤی هەرزەو دەمارگیرو شەڕانی بەرهەمهێناوە، ئەم مرۆڤانە زۆرجار كۆیلەی سیستمێكی ئەخلاقی و سیاسی و فكرین و چاویان بە كەسدا هەڵنایەت كە سەربە هەمان مەنزومەی خۆیان نەبێت، بۆیە دەبینی لەدواییدا پرۆژەیان تەنها وێرانكردن و سڕینەوەو تێکدانی ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتییە، واتە فۆرمێک لە فۆرمەکانی فاشیزم، فاشیزمێك كە بۆ ئەوەی بزانێت هەیە، دەبێ هەموو مرۆڤ و كۆمەڵگاو جیهان و گەردوون لە فكرو روانگەوە ئەوەوە ببینرێن و بەهاو نرخیان هەبێت..!
رێبوار کەریم وەلی سیلسیلەی تەسفیە حیساباتی ئەمنی و هەواڵگری کە لە مێژووی کورددا وێنەی نەبووە، لە کوردستان دەستی پێکردووە. هەر لە تیرۆرکردنیبەرپرسانی باڵای ئەمنییەوە بگرە، تا تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی کەسە هەرە نزیکەکانی خۆیان. لەوە ترسناکتریش تۆمەتبارکردنی سەرۆکی حزبێک بە ژەهرخواردووکردنی کوڕە پەرلەمانتارەکەیان لە لایەن خانەوادەکەیەوە. تابلۆیەکی رەش و ترسناک. * بێدەنگیی پارتی لە رووداوی هەشتی تەمموز و قەلەمداد کردنی بەوەی کە ئەوە رووداوێکی ناوخۆیی ئەو حزبەیە، دەستی کوڕەکانی تاڵەبانییواڵا کرد تا پەنا بۆ هەموو جۆرە بوختان و کردەوەیەکی ناشەرعی ببەن. کاتێک لە رانیە بەرپرسی پۆلیسی ئاو شارە بەدەستی دژە تیرۆری جووت کوڕانی تاڵەبانی خەڵتانی خوێن کرا، نەک وەزارەتی ناوخۆ نوققەی لێوە نەهات، بگرە ئەنجومەنی ئاسایش قوربانیی وەک داواکراو لەلایەن قانوونەوە وەسف کرد! * ١٤ مانگە جووتە کوڕی تاڵەبانی سەرکردایەتیی حزبێک دەکەن کە ئێستا لە سایەی ئەوانەوە حزبەکە تف لە روخساری دەکات. سلێمانی نائارامترین شوێنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە ئەوەی لە توانای دابێت و بزانێ رۆژێک دەکەوێتە بەر غەزەبی ئەوانەوە، را دەکات دێتە هەولێر،بەڵام لە رابردوودا کە دەگوترا پارتی نابێ موبارەکەی ئەو کودتایە بکات و رۆژێک پڕشکەکانی ئەم ئاگرە داوێنی ئەویش دەگرێتەوە، لە بەرئەمڕۆ بوو کە جووتە کوڕ کە فڕیان بەسەر سیاسەت و ئیدارەوە نییە، ئەمنیەتی ناوماڵی پارتیش تێک دەدەن. * بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکانی تۆمەتبارانی کوشتنی هاوکار جاف، سەرباری هەموو شانتاژ و تکا و رجاکانی جووتە کوڕی تاڵەبانی، یەکێکبوو لە بوێرانەترین و ئەخلاقیترین بڕیارەکانی مەسروور بارزانی و، کۆتاییی بە چاوپۆشی و خاترانەی پارتی هێنا لەگەڵ ئەو کوڕانەدا. مەکینەیەکی گەورەی تیرۆریستی بەناوی دژایەتیی تیرۆرەوە چەپ و راست دەبڕێ و دەکوژێ. سەرۆکی ئەم دەزگایە و بڕیار دەرەکەی دووکوڕەکەی تاڵەبانین و، ئێستا دەرفەتە کە پەلکێشی بەردەم قانون بکرێن. * ئێستا نۆرەی پارتییە کە پێکێک لەو ژەهرە بخواتەوە و دەسەڵاتی دادوەری بێ گوێدانە پلە و پۆست و پایە، لانیکەم سەفەری دەرەوەی وڵات لەهەموو ئەوانەی تێوەگلاون و دەزانرێ کێن مەمنوع بکات. ئەگەر پارتی واز لە پشتیوانی ئەو جووتە کوڕە بێنێت و قووت و مووچەی خەڵکیانلەدەست دەربهێنێ(پارەی مووچەی خەڵکی سلێمانی بخەنە سەر بانکەکانی هەولێر)لەناو ئەو حزبەدا، هێشتا کەسانێک هەن کە دەتوانن رێڕەوی حزبەکە راست بکەنەوە.
سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم بەر لە كۆتایی هاتنی وادەی سەرۆكایەتییەكەی بە ڕۆژێك (میشال عەون) سەرۆكی لوبنان ، كۆشكی سەرۆكایەتی جێهێشت و دوا بڕیاری ، بەر لە جێهێشتنی كۆشكی سەرۆكایەتی ، لەكارخستنی حكومەتی كار بەڕێكەری لوبنان بوو . لوبنان_ێكی مایە پوچی پڕ لە قەیران ، لێوان لێو لە گەندەڵی ، خاوەنی سەرۆكێكە ڕێز لە وادە یاساییەكانی حوكمڕانی و ئیرادەی گەلەكەی ئەگرێت ، دەست بە كورسییەكەوە ناگرێت (بە بەهانەی بوونی قەیران و خەمخۆری میللەت و خۆماددانی دوژمنان) پەنا ناباتە بەر (یاساداتاشان)ی وڵاتەكەی بۆ درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتیەكەی ، بە پێچەوانەوە ، خۆی ڕاگر و پارێزەری جێبەجێكردنی یاسایە ، لەو پێگەیەوە ولە دوا وتاریدا ، ڕاستی گوزەران و بەڕێوەچوونی سستمی حوكمڕانی دارایی وسیاسی ودادوەری لە لوبنان ، زۆر بە كورتی خستە ڕوو . ئەمڕۆ هەموو لوبنانییەكان ، بە یار و نەیاری سەرۆكی پێشوو ، شانازی بە قەوارەكەیانەوە ئەكەن ، لەبەر ئەوەی ڕیزگرتنی تیادایە لە دەستوور وادە یاساییەكان و ئیرادە ومتمانەی خەڵك . چی ئەبێت ئەگەر ئێمەش لە هەرێم دیمەنێكی لەو شێوەیە بە خۆمانەوە ببینین ، چی ئەبێت ئەگەر سەرۆكی هەرێم ڕێز لە قەوارەی هەرێم وادەی یاساییەكان بگرێت و بڕیار لە خۆی و كابینە حكومییەكە بدات ووێنەیەكی نوێ بۆ هەرێم بخاتە ڕوو ، وبیسەلمێنێت ، قەوارەی بەهێز بە متمانەی هاوڵاتیانەوە بەندە ، نەك بە زەبری دەسەڵاتداریی .
بهیار عومهر لە زۆنی زەرد، ڕێگاکانی (هەولێر - دهۆک - زاخۆ)و (خەلیفان - سپیلک) بەردەوام کاریان تێدا دەکرێت و سیمای ڕێگاوبانە پێشکەوتووەکانی جیهانیان هەیە. لە زۆنی سەوز، ڕێگاکانی (کفری- کەلار- دەربەندیخان - سلێمانی)و (قەڵادزێ - ڕانیە - سلێمانی)و (هەڵەبجە - سەید سادق - سلێمانی) هەتا ئێستا ڕێگای مەرگن و لە ئاستی ڕێگاوبانی وڵاتە هەژارو دواکەوتووەکاندان. لە هەولێر، بەنداوەکانی (گۆمەسپان)، (مەنداوە نزیک بێخمە لەسەر زێی گەورە)، (شەوگێڕ) (ئاقوبان)و (ڕەواندوز) + لە دهۆک، بەنداوەکانی (خەنس لە شێخان)، (سبنە لە ئامێدی)، (گەلی بەنداوە لە سمێڵ)، (گەلی بیدۆهێ)، (دێرەلوک)و (کەشکان) بەردەوام کاریان تێدا دەکرێت. لە سلێمانی، بەنداوەکانی (چەقچەق)، (کەوڵۆس لە سەید سادق)، (خێوەتە لەسەر زێی بچوک)، (زەلان لەسەر چەمی قەڵاچوالان)، (دەڵگە لە قەڵادزێ لەسەر زێی بچوک)، (باسەڕە لە دێلێژە لە قەرەداغ)، (ڕۆخانە لە سەنگاو)، (دێوانە لە دەربەندیخان)، (باوەنور لە نێوان دەربەندیخان و کەلار لەسەر ئاوی سیروان)، (بەردەسور لە کەلار)و (خۆرنەوازان لە کفری لەسەر ئاوە سپی) بەهۆی بڕینی بودجەوە، کاریان تێدا ناکرێت. بۆ ئەوەی ئابڵوقەی سەر سلێمانی قورستر بکەن و دەرگای زیاتری لێ دابخەن، داهاتی مەرزەکانی پەروێزخان و باشماخ بەرەو وشکبوون ئەبەن و تەنها گرنگی بە حاجی ئۆمەران ئەدەن. لە زۆنی سەوزدا، نەسریەو بودجەی فەرمانگەکانیان بڕیوەو نزیکەی هەزار پرۆژە وەستاون و هەزار بەڵێندەر مایەپوچ بوون. بۆ هێڵی شەمەندەفەریش، دەیانەوێت دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕینی لێ بێبەش بکەن. ئەکرێت ئەمە بە حکومەتێکی نیشتیمانپەروەرو سەنگین دابنرێت؟! ڕقئەستوری حزبی بەعس بەرامبەر پارێزگای سلێمانی کە سەرەڕمی شۆڕش بوو، گەیشتە ئەوەی کە نەخۆشخانەی گەورە تەنها لە پارێزگای سلێمانیدا جێبەجێ نەکەن و زانکۆی سلێمانیش بەرنە هەولێر. بەڵام ڕەوشەکە نەگەیشتە ئەوەی کە حەب و دەرمانی لێ ببڕن. ئەمە زادەی ڕۆچونی ئەخلاقی سیاسییە، کە ڕوپۆشکراوە بە دەلەسەی کوردایەتی و فریوی سەربەخۆیی. دەمێکە هاوار ئەکەین کە ئەم دەڤەرە بە چاوی ڕق و بە نیەتی سزاوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. هەژارکردنی ئەم دەڤەرەو خەلکەکەی بووە بە عورف؛ هیچ چارەسەرێک نەماوەتەوە، جگە لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابوری. ورەبەردان و دۆشدامان نامانگەیەنێت بە ئامانج؛ خاڵی وەرچەرخان، جوڵاندنی مەلەفی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانییە، کە ئیمزاکانی لە بەغدایەو بەهۆی لۆبی پارتی و کڕینەوەی کاربەدەستانەوە، ئاستەنگی بۆ دروستکراوە. هاوزەمان لەگەڵ ئەو هەوڵانەدا، کاربکرێت بۆ ئەوەی کە نەوت و گازی ئەم دەڤەرە لەڕێی دامەزراوەیەکی هاوبەش (لە نێوان پارێزگای سلێمانی و حکومەتی ناوەندی) بفرۆشرێت، و لەژێر چاودێری پەرلەمانی عێراقدا بێت، کە پەرلەمانێکی کاراترە لەوەی هەرێم. ئەکرێت لە پارەی نەوت و گازی ئەم دەڤەرە، موچەو پرۆژە خزمەتگوزارییەکان جێبەجێبکرێن و پەرە بە ژێرخانی ئابوری و بژێوی هاوڵاتیان بدرێت.
د. موئمین زەڵمی ماوەی جارێک، قۆناغێکیتری بەریەککەوتنی رۆشنبیران و چالاکوانانی هێزە ئیسلامییەکان لە سۆشیاڵ میدیا دەبینین، یانی دۆخەکە لە حاڵەت دەرچووە و بووەتە دیاردە، بەریەککەوتنەکە بە شێوەیەکە تەنانەت ئەو هاوسۆزییەش لە رابردوودا لە نێوان ئەم دوو تەوژمەدا هەبووە دادی نادات و تا دێت دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت. ئەگەر سەرنج بدەین، لە دەرەوەی حوکمڕانی و گەندەڵی و شکستی سیاسیەوە، کۆمەڵگەی کوردی دابەشبوونەوەکەی مەترسیدارە، بەرەی نارەزایی هەیە، هێزگەلی ئۆپۆزسیۆن دەرکەوتن و مومارەسەی کاری پێکەوەییان کرد، لیستی هاوبەش و ڕەوتی هاوبەش و تەنانەت هێزی هاوبەشیش دروستبوون، کە ئامانج لێی شکاندنی بەستەڵەکی جیاوازییە ئایدۆلۆجییەکان بوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، هەر ئەمەشە ئێستا و دواتریش زیاتر رەنگ دەداتەوە، کاتێک لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥ دا بەختیار عەلی رۆمانننوسی کورد پشتیوانی لە لیستی یەکگرتوو کرد، ئەم تێزە زیاتر تۆخ بوویەوە کە (ئایدۆلۆجیای جیاواز دەتوانن پێکەوە بەرەی هاوبەشیان هەبێت). دواتر لە ٢٠٠٩ بزووتنەوەی گۆڕان هاتە مەیدانەکەوە، گۆڕان ئایەتێکی قورئانی پیرۆزی کردە دروشم و ژمارەیەک گەنجی ئیسلامیی کاندید کرد و ناردنیە پەرلەمان و حکومەتەوە، هەمان کات لیستی خزموتگوزاری و چاکسازی، دواتر هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و ئێستاش نەوەی نوێ و بە دڵنیاییەوە هێزیتریش دێنە پێشەوە، ئەمانە درێژکراوەی ئەو تێزەن کە پێشتر ئاماژەی پێکرا. ئەگەرچی رەنگە گەورەترین قۆناغی پێکەوەیی ئایدۆلۆجیا جیاوازەکان، خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دوایی ساڵی ٢٠١١ بێت، کە نزیکەی دوو مانگی خایاند و ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتەوە، پێکەوەبوونەکە بە شێوەیەک بوو، رۆشنبیرە سیکۆلارەکان هیوایان بە گەنجانیی حەماسیی ئیسلامیی هەڵدەچنی، حزبە ئیسلامییەکانیش میدیا و رەوتەکەیان کردبوویە بڵندگۆی رۆشنبیرە سیکۆلارەکان، بەڵام ئەمە هیچ ئیزافەیەکی نەخستە سەر خەباتی پێکەوەیی و دوای ماوەیەک هەڵوەشایەوە. هێزە ئیسلامییەکان ماوەیەکە لە جاران زیاتر گەڕاونەتەوە بۆ کایەی پەروەردەیی و چالاکیی کۆمەڵایەتی-رۆشنبیریی، ئەمەش کاریگەری زۆری خستووتە سەر واقیعە کۆمەڵایەتییەکە، لە بەرامبەردا هێزە حومکرانە نەتەوەیی و سیکۆلارەکان زیاتر چاویان لەسەر دۆخە سیاسی و حکومەتدارییەکەیە، بەڵام رۆشنبیر و رەوت و رێکخراوە سیکۆلارەکان دۆخەکەیان لەبەرچاوگرتووە و بە شێوەیەکی سەربەخۆیی میللی خەریکی رەخنەکردنی چالاکیی هێزە ئایدۆلۆجییەکانن. هەفتەی پێشوو چالاکییەکی رۆشنبیری لە زانکۆی هەڵەبجە هەڵوەشێنرایەوە، بە گوێرەی هەواڵی میدیاکان، گەنجانی هێزە ئیسلامییەکان لە پشت هەڵوەشانەوەی ئەو چالاکییەوەن، حزبە سیکۆلارەکان بێدەنگییان هەڵبژارد، بەڵام ژمارەیەک لە رۆشنبیران هەڵوەشانەوەکەیان بە مەترسی بەرتەسککردنەوەی ئازادی ناساند. مەریوان وریا قانیع، رۆشنبیری ناسراوی کورد، یەکێک بوو لەو رۆشنبیرانەی هەڵویستی خۆی لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیاوە دەربڕی، دواتر رووبەڕووی رەخنەی توندی ئیسلامییەکان بە تایبەت یەکگرتوو بوویەوە، بۆیەش بە بابەتێکی درێژتری نوسی و ڕای خۆی زیاتر خستەڕوو، د. مەریوان ئێستا لەبەر نەشتەری زبرو هێرشیکی فراواندایە. بەڵام هەر دوێنێ لە چالاکییەکیتری رێکخراوەکاندا ٣٣ هەزار کەس بەشدارییان لە تاقیکردنەوەیەکی قورئانی پیرۆز کرد، ژمارەیەک پەیج و ئەکاونتیش لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەکانی ئەو تاقیکردنەوە سەرتاسەرییە پلاریان لە رۆشنبیرە سیکۆلارەکان دەگرت، کە ئەوە وەڵامە بۆ ئەو نارازیبوونەی رۆشنبیرە سیکۆلارەکان لە پەروەردە و دۆخە کۆمەڵایەتییەکە دەیگرن. لێرەدا دەمەوێ پرسیارێک و چەند وردە سەرنجێکی تایبەتی بخەمەڕوو: لەگەڵ هەموو ئەزموونە ناسەرکەوتووەکانی پێکەوەهەڵکردنی ئیسلامیی و سیکۆلار لە کوردستان، بەدیل بۆ بەرەی نارەزایی چیە؟ واتە ئایا بەرەی نارەزایی بەم پەرتبوون و دابەشبوونە فیکرییە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت؟ * هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان، دەبێ راستییەک هەیە بیزانن، کە ئەوەی دەوترێت کۆمەڵگەی کوردی لەسەدا ٩٠ی مسوڵمانە، وا نیە، بۆیەش پێویستە چاوەڕوانییە فراوانەکانیان لەم کۆمەڵگەیە کەم بکەنەوە. * کۆمەڵگەی کوردی لە ئێستادا کۆمەڵگەیەکی فرە ئایین و فرە کلتور و فرە حزب و فرە رەوت و فرە دیدگایە، ئەمەش راستییەکە دەبێ هەمووان درکی پێبکەن. * ئازادی بیرکردنەوە و دەربڕین دەبێ بۆ هەمووان وەک یەک سەیر بکرێت، یانی کاتێک رێکخراوێکی سیکۆلار ماف بە خۆی دەدات پەرە بە بیرکردنەوە و تێزەکانی خۆی بدات دەبێ بە رەواشی بزانێت رێکخراوێکی ئایینی چالاکی بنوێنێت. * رۆشنبیرە کوردەکان پێویستە وردتر بیر لە چارەسەری کۆمەڵایەتی-سیاسیی بۆ ئیدارەی بەرەی نارەزاییەکان بکەنەوە، هیچ چارەسەرێکی سیاسی بە تەنها ناتوانێت ئەنجامی هەبێت و هیچ چارەسەرێکی کۆمەڵایەتیش بە تەنها سەرکەوتوو نابێت، بۆیە گرنگە بیر لە پنتێکی هاوبەش بکرێتەوە، چونکە ئەو خاڵە هاوبەشانەی لە ڕابردوودا خرانەڕوو و ئەزموونکران، سەلماندیان کە بە گشتی زۆر رووکەش سەیری دۆخەکەمان کردووە. * کاتێک بیرکردنەوە و هەڵوێستی ئیسلامییەکان و سیکۆلارەکان بەرامبەر پێناسەی (گەندەڵی و فەساد، پاشاگەردانیی میدیایی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، ئازادی رادەربڕین، حوکمڕانی رەشید و … تاد) هەر لە بنەڕەتەوە جیاوازە، چۆن دەتوانین ئەو بوارانە بکەینە خاڵی هاوبەش و پێکەوە کار بۆ باشکردنیان بکەین و دژی گەندەڵی بوەستینەوە. * هەندێک لە سەرکردە ئیسلامییەکان، زۆر هەوڵی ئەوە دەدەن لە چوارچێوەی میانڕەویدا، خاڵی هاوبەش بۆ پێکەوەبوونی ئیسلامیی و سیکۆلارەکان بدۆزنەوە، بەڵام نەک هەر سەرکەوتوو نەبوون، بەڵکو جارێکتر بێ هیواییان زیاتر پەرەپێداوە، ئەو پشتیوانی و پشتگیرییەی گەنجانی ئیسلامیی (بە قسەی هەندێک سەرکردە) لە ژمارەیەک رۆشنبیری سیکۆلاریان کردووە و دەکەن، کەڤەری راستییەکانە و دووبارە شکست دەهێنێت و رێک وەک ئەوەی پێشتر بە شانوباڵی د. مەریوان قانیع دا هەڵیاندەدا و ئێستاش دژایەتی دەکەن. * هێزە ئیسلامییەکان پێویستە، نەهێڵن چیتر گەنجانی ئیسلامیی بکەونە ژێر کاریگەری شەپۆلی سۆشیاڵ میدیاوە و دەبێ ئەوە تۆخ بکەنەوە کە جنێودان و سوکایەتی و تەشهیر لە ژێر هەر پاساوێکدا بێت ناشەرعییە، نائەخلاقییە و کاری مرۆڤی پەیامدار نیە، بەرامبەر هەر کەسێک بکرێت. هاورێیەکی بەرێزم، بە نیگەرانییەوە بۆی باس کردم، لەبەر ئەوەی پۆستێکی رەخنەیی لەسەر چالاکییەکی هێزە ئیسلامییەکان نوسیوە، چۆن جنێوبارانیان کردووە و تەنانەت رۆحی دایکە ئیماندارەکەشی کە ئێستا کۆچی دوایی کردووە (خوا لێی خۆش بێت) زۆر خراپ داشۆراوە، ئەو دەیوت دایکم نوێژخوێن و باوەردار و چاکەخواز بووە، بەڵام گەنجە ئیسلامییەکان جنێوی زۆر خراپیان پێداوە. لە کۆتاییدا، زۆر پێویستە، هەموو ئەوانەی پێیان وایە حوکمڕانی کوردستان ناسەرکەوتووە، گەندەڵی هەیە، ستەم و زوڵم هەیە و کۆمەڵگەی تەنیوە، بیر لە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ ئەم دۆخە بکەنەوە، بەڵێ بەرەی نارەزایی پێویستە و دەکرێ ئومێدی لەسەر هەڵچنرێت، بەڵام نابێ لەسەر بنەمای باتڵ دابمەزرێت. دەبێ هەموو بیر بکەنەوە و تێزێکی نوێ بهێننە کایەوە کە هەمووان لەسەری کۆببنەوە ببێتە بەردی بناغەی بەرەی نارازی، ئەو تێزە چی دەبێت، دەبێ رۆشنبیران و رۆشنفیکران وەڵام بدەنەوە. د. موئمین زەڵمی
زانا توفیق بەگ ئەوشڵەژان و داڕمانە کتوپڕانەی لە گوڕەپانی سیاسی عێراقدا دەبینرێن، بەڵگەی دروستن کە داهاتووی عێراق لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەکەی سودانی بە کۆمەڵی ڕیسکی ترسناکدا گوزەر دەکات. گرنگترین ریسکی بەردەم کابینەی نوێ عێراق بریتیە لە پەیوەندیەکانی ئێران و ئەمریکا لەدوای کۆتایی هاتنی ولایەتی سەرۆکایەتی بایدن و گەڕانەوەی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکاو دەستنیشانکردنی جۆری پهیوەندییەکانی سەرۆکی نوێ ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا. هەموو دیدگا سیاسییەکان بەو تڕوانینە نوێیە دەڕوانن لە کێشە هەڵواسراوەکانی ئەمریکاو ئێران، کە عێراق لە ئایندەیەکی سیاسی نزیکدا دەبێتە گوڕەپانی ململانێی سەربازی و لێکترازانی کابینەکەی سودانی و لاسەنگکردنی هەردووبەرەی دژبەیەکی وڵاتانی پڕۆ ئەمریکاییەکانی وەک کەنداو بەشێک لە وڵاتانی ئابوری ئاسیا دژی وڵاتانی وەک ئێران و ڕوسیاو چین لەناو خاک و جوگرافیای سیاسی وڵاتی عێراقدا. باشترین پێگە بۆ دەستشکاندنەوەی یەکتری لەنێوان ئێران و ئەمریکا وڵاتێکی وەکو عێراقە. کە ڕووترین پێگەیە هەیە بۆ دروستکردنی پێکدادان لەسەر بنەمای ئایدیای دین و ئایدۆلوژیای سیاسی بەبێ ئەوەی هاوڵاتی عێراقی لەوە تێبگا بۆچی و لەپێناوی چی خەریکی کوشتوبڕینی یەکترین. گرنگترینۆ پاڵنەری کێشەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق بریتیە لە دۆسیەی ئەتومی و قۆناغەکانی بەڕێوەچونی ئەو کەیسە لە ڤێنا. هەرکات جۆرێک لە نزیکبوونەوە لەنێوان وڵاتانی ئەتۆمی و ئێران ڕووبدات ئەوا دۆخی سیاسی عێراق بەرەو ئاسایی بوونەوە هەنگاو دەنێت. وە پێچەوانەکەی واتە هەرکاتی قۆناخی گفتوگۆکانی لایەنەکان گرژی تێبکەوێت ئەوا دیسان هێزەکانی میلیشایی سەر بە ئێران لە عێراق ململانیەکانیان توندتردەکەن، وە حکومەتەکەی سودانی بەرەوە هەلوەشادنەوە هەنگاو دەنێت چونکە لە بنچینەدا سەرماییەی سیاسی ئەوەندە نیە تابتوانێ هێزەکانی میلیشایی لە عێراق دووربخاتەوە یان سوپای عێراقی بێلایەنانە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبێت لەسەرهەڵدانی کێشەکاندا چونکە ئەم سوپایە وەلائی نیشتمانی نیە بۆ عێراق. لەلایەکی ترەوە هاوڵاتی عێراقی هیواخواستە لە ڕابووردودا چی بەسەر بەعس و دارودەستەکانی هات لە ئێستا بە زیاتر بەسەر حکومەتو لایەنە سیاسی و کاربەدەستەکانی عێراق بێت. دۆسیە دووهەم تایبەتە بە مانەوەی سوریاو حیزبوڵا لەدوای تێکچوونی دۆخی سوریا هاتنی ڕوسیاو تورکیا وەکو میحوەریەکی جیاواز لەناوچەکەدا. وە دابەشکردنی هەیمەنی ئەو هێزانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئێران و ئەمریکاو دورکەوتنەوەی ئەمریکا لە عێراق و فەراهەمکردنی ناوچەکە بۆ ئێران لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران بۆ ناوچەی کەنداوی عەرەبی زامنکردنی ئاسایشی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە. دورکەوتنەوە لە لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەتایبەتی لە کەنداو. ئەمە ڕووگەیەکی تری ململانیەکانی ئێرانە لەبەرامبەر ئەمریکا لە عێراق و قۆناخی نوێی ململانێکان زیاتر توندتر دەبێ لە دوای گوڕانی سەرۆکایەتی نوێ ئەمریکا . حکومەتەکەی سودانی کە هیچ بنەمایەکی بەهێزی سیاسی نیە و متمانەی هاوڵاتانی عێراقی نیە ناتوانی ڕوبەڕووی ئەو ئاڵەنگاریە سیاسیانە بێتەوە لە عێراق واتە بە کورت و کوردی عێراق لە ئێستاو داهاتوودا ناتوانی ببێتە چوارچێوەیەکی ئارام بۆ هیچ لایەنیێک.