Draw Media

شۆرشه‌كانمان و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پێگه‌ی كورد له‌ كه‌رتی نه‌وتدا

شۆرشه‌كانمان و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پێگه‌ی كورد له‌ كه‌رتی نه‌وتدا

2022-11-23 20:18:54


فەرهاد حەمزە

گومانی تێدانیه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی مێژووی نوێی عێراقدا نه‌وت بربره‌ی پشتی ئابووری عێراق بووه‌و زیاتر 90%ی بودجه‌كه‌ی پێكهێناوه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری چه‌ندین وڵاتی ئیقلیمی و زلهێز تیایدا ,هه‌ر بۆیه‌ هه‌ر گورز لێدانێكی به‌ زیان بۆ سه‌ر ئابووری عێراق ده‌شكێته‌وه‌ . له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ نه‌وت هێڵی سوور بووه‌و له‌كه‌س قبوڵ نه‌كراوه‌ بیبه‌زێنێت .
گه‌لی كوردیش له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له‌ ژێر ناوی جیاجیادا ژماره‌یه‌ك بزوتنه‌وه‌ی چه‌كداری به‌رپاكردووه‌و لێره‌دا نامه‌وێت خۆم له‌ قه‌ره‌ی ئه‌و زیانانه‌ بده‌م كه‌ له‌ سایه‌یانه‌وه‌ به‌ر  گه‌له‌كه‌مان كه‌وتووه‌ به‌ڵكو ته‌نها تیشك ده‌خه‌مه‌ سه‌ر كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی له‌سه‌ر پێگه‌ی كورد له‌ كه‌رتی نه‌وتدا كه‌ تا ئێستاش پێوه‌ی ده‌ناڵێنین .
له‌ رابردوودا به‌لای كوردو بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌وه‌ نه‌وت چه‌كی ده‌ستی دوژمنه‌كه‌یه‌تی و له‌ سایه‌یه‌وه‌ كوردی پێده‌چه‌وسێنێته‌وه‌ بۆیه‌ هه‌رده‌م له‌و خه‌یاڵه‌دا بووه‌ ئه‌وچه‌كه‌ له‌ شانیان داماڵێت ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی په‌لامار وزیان پێگه‌یاندنی بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ ده‌رهاویشته‌ خراپه‌كانی ئه‌و كاره‌ بكاته‌وه‌ كه‌ چه‌ند قات زیانیش به‌ كورد ئه‌گه‌یه‌نێت و ئاو ئه‌كات به‌ ئاشی دوژمندا .
له‌ ساڵی 1958 پێش هه‌ڵگیرسانی شۆرشی ئه‌یلولی 1961 ژماره‌ی كارمه‌ندی كورد له‌ كه‌رتی نه‌وتدا چه‌ند قات له‌ نه‌ته‌وه‌كانی تر زیاتر بوو (( جگه‌ له‌ مه‌سیحی))  , به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شه‌ر ئه‌م ژماره‌یه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ كه‌می كرد تا وای لێهات له‌ كاتی پرۆسه‌ی ئازادی 2003 ژماره‌ی كورد 1% بوو .
كورد له‌ماوه‌ی بزوتنه‌وه‌ چه‌كدارییه‌كانیدا سێجار هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ نه‌وتیه‌كان بێئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك كاریگه‌ری بۆ سه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ر هه‌بو بێت به‌ڵكو بووه‌ باشترین بیانوو تا كورد له‌م كه‌رته‌دا پاكتاوبكات :-
1- له‌شه‌وێكی مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی  1962هێزێكی پێكهاتوو له‌ 250 پیشمه‌رگه‌ په‌لاماری نه‌وتی ((عه‌ین زاله‌ )) یان دا و به‌ته‌واوی كۆنترۆڵیان كرد هه‌رچی كه‌ره‌سه‌و كه‌ل وپه‌لی كێڵگه‌كه‌ هه‌بوو بردیان له‌گه‌ڵ به‌دیل گرتنی ژماره‌یه‌ك كرێكارو ئه‌ندازیار كه‌ یه‌كێكیان ئینگلیز بوو .
ئه‌م هه‌نگاوه‌ خاڵێكی وه‌رچه‌رخان بوو له‌ زیهنیه‌تی رژێمی ده‌سه‌ڵاتداردا و هێڵێكی سووریان به‌ ژێر ناوی كورددا هێنا و گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ ناكرێت كورد له‌ نزیك دامه‌زراوه‌ نه‌وتیه‌كاندا نیشته‌جیً بێت و پێویسته‌ رابگوێزرێن , ئه‌وه‌ بوو له‌ حوزه‌یرانی ساڵی 1963گوندكانی سه‌ر هێڵی كه‌ركوك –دوبز ((قوتان . عه‌مشه‌ . قه‌ره‌ده‌ره‌  ..........هتد )) كه‌ له‌ ناو جه‌رگه‌ی بیره‌ نه‌وته‌كان بوون له‌ شوێن خۆیان هه‌ڵكه‌نران و ته‌رحیل كران .
به‌ هه‌ڵگیرسانی شۆرشیش سه‌دان كارمه‌ندی كورد كۆمپانیایان به‌جێهێشت و بوون به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌وانه‌ شاعیر خالید دلێر .
2-له‌ساڵی 1969جارێكی تر هێزی پێشمه‌رگه‌ په‌لاماری نه‌وتی كه‌ركوكیان داو هه‌ندێك زیانی مادییان پێگه‌یاند . بێگومان كورد جارێكی تر به‌م هه‌نگاوه‌ی دووپاتی كرده‌وه‌ بۆ حكومه‌تی عێراق كه‌ دژی دامه‌زراوه‌ی نه‌وتیه‌و بۆی بكرێت په‌كی ده‌خات , ئه‌و هێڵه‌ سووره‌ش كه‌ به‌ ژێر ناوی كورددا هێنرابوو تۆخ كرایه‌وه‌ , به‌ڵام تا ئه‌و ساته‌ش حكومه‌تی عێراق نه‌ی ئه‌توانی هیچ رێوشوێنێكی ئیداری دژ به‌ فه‌رمانبه‌رانی كوردی ناو كۆمپانیاكه‌ بگرێته‌ به‌ر چونكه‌ ئینگلیزه‌كان ده‌سه‌ڵاتدار بوون  .
له‌ 1 ی حوزه‌یرانی ساڵی 1972 حكومه‌تی عێراق نه‌وتی كه‌ركوكی خۆماڵی كردو ئینگلیزه‌كانی له‌ وڵات ده‌ركرد , حوكمی ڕه‌های به‌سه‌ر هه‌موو داموده‌زگا نه‌وتیه‌كان سه‌پاند . 
له‌ شوباتی ساڵی 1974 كه‌ ته‌نها یه‌ك مانگ مابوو بۆ كۆتایی هاتنی هودنه‌كه‌ی نێوان سه‌ركردایه‌تی كوردو به‌غدا  فه‌رمانی گواستنه‌وه‌ی كارمه‌ندانی كورد له‌ ته‌واوی داموده‌زگا نه‌وتیه‌كان ده‌ركرا چونكه‌ حكومه‌تی عێراق دڵنیا بوو له‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد به‌ ده‌ست له‌ پشت دانی وڵاتانی ئیقلیم و هه‌ندێ‌ وڵاتی زلهێز ئاماده‌نیه‌ له‌گه‌ڵیدا رێك بكه‌وێت و ده‌ست به‌ شه‌ر ده‌كاته‌وه‌ هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م هه‌له‌ی قۆسته‌وه‌و پاكتاوی كارمه‌ندانی كوردی كرد له‌ ته‌واوی كه‌رتی نه‌وتدا و گواستیانیه‌وه‌ بۆ فه‌رمانگه‌كانی سلێمانی و هه‌ولێرو دهۆك , شان به‌شانی ئه‌مه‌ش به‌ بریارێكی نهێنی دامه‌زراندنی كوردی له‌ سنوری كه‌ركوك و موسڵ قه‌ده‌غه‌ كرد .
 
3- له‌ ساڵی 1986 له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ری عێراق ئێراندا هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ هاوكاری پاسداری ئێران له‌ سنوری گونده‌كانی ناوچه‌ی ساڵه‌ییه‌وه‌ په‌لاماری كێڵگه‌ی نه‌وتی كه‌ركوكیان داو ژماره‌یه‌ك گولله‌ تۆپیان ئاراسته‌ كرد كه‌ بۆ ئه‌و هێزه‌ زه‌به‌لاحه‌ی ئه‌وسای به‌عس وه‌ك گیزه‌ی مێشێك بوو  هیچ كاریگه‌رییه‌كی نه‌سه‌ر ڕه‌وتی رووداوه‌كان نه‌بوو . حكومه‌تی به‌عسیش ده‌ست به‌جێ بڕیاری ته‌رحیل كردنی ته‌واوی گونده‌كانی ده‌ڤه‌ری ساڵه‌یی ((كه‌ڵور , بیبانی , نه‌بیاوه‌   رۆژبه‌یانی 00000هتد )) ده‌ركرد .
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی كورد  به‌لای به‌عسه‌وه‌ زۆر مه‌ترسیدار بوو  هه‌ر بۆیه‌  جارێكی تر رژێمی به‌عسی سوور كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نابێت كورد له‌ هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی نه‌وتیدا بێت , هه‌ندێ رێنماییش له‌ خودی سه‌دام حوسێنه‌وه‌ ده‌رچوو كه‌ به‌رێوبه‌ری گشتی كۆمپانیای نه‌وتی سه‌رپشك كردبوو  له‌ ده‌ركردنی هه‌ر كارمه‌ندێكی غه‌یره‌ عه‌ره‌ب ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی ئه‌منیه‌وه‌ جێگه‌ی مه‌ترسی بێت .
به‌م جۆره‌ تای ته‌رازووه‌كه‌ وه‌ها لاسه‌نگ بوو له‌ رۆژی رووخانی به‌عسدا  له‌ كۆی 10 هه‌زار كارمه‌ند ته‌نها 96 كورد مابوون كه‌1%ی تێنه‌ده‌په‌راند . دوای راپه‌رینیش هه‌رێمی كوردستان ئه‌زمونێكیان له‌بواری نه‌وتدا پیاده‌ كرد كه‌ به‌ شایه‌دی هه‌موو لایه‌ك پێگه‌ی كوردی له‌ ناوخۆو عیراق و ده‌ره‌وه‌ به‌ ته‌واوی لاواز كرد .
ئێستاش كورد دوای ئه‌م هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ به‌غدا  هه‌یه‌تی نه‌یتوانیوه‌ هاوسه‌نگی بگێرێته‌وه‌ چ له‌ رووی ژماره‌وه‌ و چ له‌رووی پۆسته‌كانه‌وه‌ , ئێستا رێژه‌ی كورد 12% تێپه‌ر ناكات پۆسته‌كانیش ئه‌وه‌ هه‌ر باس ناكرێت , هه‌ر بۆیه‌ كاتێك باسی بارودۆخی خۆمان ده‌كه‌ین له‌ كه‌رتی نه‌وت با هه‌ندێ گله‌ییش له‌ خۆمان بكه‌ین پێشینان ووته‌نیش درۆیه‌كیش بۆ دز بكه‌ین . 

*  كۆمپانیای نه‌وتی  باكوور

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand