مەریوان وریا قانع وەک ھەمیشە ئیسلامییەکان، وەک بزاوتێکی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی، یەک گروپی ھاوشێوە و لێکچوونین، ئەوان لەناوخۆیاندا نەک تەنھا لەڕووی سیاسییەوە جیاوازن، بەڵکو لە تێگەیشتنیشیان بۆ دین و بۆ حەڵاڵ و حەرام و بۆ دەشێ و ناشێی دینیی و ئەخلاقیش، تەواو جیاواز و ناکۆک و دژ بەیەکن. ھەموویان باس لە ئیسلام دەکەن، بەڵام ئیسلامەکانیان تەواو ناکۆک و دژبەیەکە. بۆ نموونە، لە ھەفتەی یەکەمی دەستپێکردنی یارییەکانی جامی جیھاندا، سەرۆکی پێشوی ”پارتی نور“ و سەرۆکی ئێستای ئەوپارتە، سەیرکردنی یارییەکانیان حەرامکرد و لەوەدوان کە ئیسلام سەیرکردنی یاریی بە ڕاست نازانێت و موسڵمانان لە قیامەتدا تووشی لێپرسینەوە دەکات. کەچی لیژنەی فەتوای زانکۆی ئەزھەر و مامۆستایەکی ئەو زاکۆیە فەتوای ئەوەیان دا کە سەیکردنی یارییەکان نەک حەرام نییە، بەڵکو بۆ گەشەی عەقڵیش باشە. پارتی نور پارتی ھێزە سەلفییەکانی میسرە و دوای ڕاپەڕینەکانی بەھاری عەرەبی لەو وڵاتەدا دامەزرا. دامەزرێنەرە سەلەفییەکانی ئەم پارتە ساڵانێکی درێژ باسیان لەوەدەکرد کە ئەوان سیاسەت ناکەن و دینداریی و سیاسەت نابێت بەیەکتری تێکەڵبکرێن. ئەوان پێیانوابوو حوسنی موبارەکی سەرۆکی میسر، گەرچی ھەنێک خراپەکاری ھەیە، بەڵام ھاوکات وەلی ئەمری میلەتەکەیە و موسڵمانان پێوسیەت گۆێڕایەڵی فەرمایشەکانی بن. بەڵام کە بەھاری عەرەبی دۆخەکەی گۆڕیی و ئەگەری ھەڵبژاردنێکی پەرلەمانی ڕاستەقینەی خستە بەردەمی میلەتی میسر، ئەم سەلەفییانە، کە خاوەنی کۆمەڵێک ڕێکخراوی دینیی بوون، بە پێچەوانەی قسەکانی پێشوتریانەوە، بە پەلە پارتێکی سیاسیان بە سەرۆکایەتی یاسر بورھامی دروستکرد. سەرەتا سەلەفییەکانی میسر، بە تایبەتی سەرۆکەکەیان یاسر بورھامی، دژی ڕاپەڕینەکانی بەھاری عەرەبی بوون و داوایان لە خەڵکی ئەو وڵاتە دەکرد بەشداری خۆپیشاندانەکان نەکەن. بەڵام کە ڕاپەڕینەکە سەرکەوت ئەوان پارتەکە سیاسییەکەیان دروستکرد و بڕیاری بەشداریکردنی ھەڵبژاردنیان دا، ھاوکات بە شێوەیەکی بەرفراوان لە لایەن قەتەرەوە ھاریکاری کران و لە ھەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠١١دا، ١١١ ، سەد و یازدە کورسیان، لەکۆی ٤٩٨ کورسییەکەی پەرلەمانی میسری بردەوە، کە دەکاتە ٢٢% دەنگەکانی میسر. بەمەش بوون بە دووھەمیان پارتی سیاسیی ئەو وڵاتە لە دوای ئیخوانی موسلیمینەوە. دوای ھەڵبژاردنەکانیش لەگەڵ ئیخوانەکاندا بەیەکەوە حکومەتیان دروستکرد و لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیشدا دەنگیان بە محەمەد مورسی کاندیدی ئیخوان، دا. بەڵام دوو ساڵ دواتر کە ئیخوانەکان تووشی فشاری سوپا و فشاری بەشێکی گرنگی کۆمەڵگای میسری بوونەوە، پارتی نور لە ئیخوانەکان ھەڵگەرایەوە و لە سڵی ٢٠١٣دا پشتگیری کۆدێتاکەی عەبدولفەتاح سی سی یان دژ بە مورسی و حوکمی ئیخوانەکان، کرد. پارتی نور، وەک پارتێکی سەلەفیی، ژمارەیەکی زۆر ئەندام و ھەواداری ژنانیان ھەبوو، بەڵام ئەگەر یاسای ھەڵبژاردن ناچاری نەکردبان، نەیاندەویست کاندیدی ژنیان بۆ پەرلەمان ھەبێت، لەو شوێنانەدا کە یاساکە ناچاری نەدەکردن کاندیدی ژنیان نەبوو. لە ھەمانکاتدا کاندیدە ژنەکانیان بۆیان نەبوو لە پروپاگەندەی ھەڵبژاردانی پەرلەماندا، وێنەی خۆیان لەسەر پۆستەر و لافیتەکانیان دابنێن. ئەمە بەلای ئەو پارتەوە حەرامبوو. ھەروەھا لەو کارتی ناسنامەیەدا کە ئەم پارتە بۆ ئەندامەکانی دروستدەکرد، کارتی پیاوان وێنەی لەسەربوو، بەڵام کارتی ژنان وێنەی لەسەر نەبوو. ئەم پارتە سەلەفییە ئیسلامییە ھەڵگری پرۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامییە شەریعەت حوکمی بکات، بەڵام ئیسلام و شەریعەت بەوجۆرەی ئەوان لێیتێگەیشتون. یونس مەخیون، سەرۆکی پێشوی پارتی نور، لە ڕۆژی ٢٧ مانگی ١١ ی ئەمساڵدا، واتە ھەفتەیەک دوای دەستپێکردنی یارییەکانی جامی جیھان، سەیرکردنی یارییەکانی حەرام کرد و لەسەر لاپەڕەی فەیسبوکی خۆی نووسی: ”سەیرکردنی یاریەکانی جامی جیھان بەفیڕۆدانی کاتە، لە ڕۆژی قیامەتدا موسڵمانەکان ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبن بۆ ئەو کاتەی لە سەیرکردنی یاریدا بەفیڕۆیان داوە“. ھەروەھا خۆشویستن و ھاندانی یاریزانەکانی، وەک ئەوەی بەرامبەر میسی یاریزانی ھەڵبژاردەی ئەرژەنتین دەکرێت، بە نەشیاو ناوبرد، چونکە ئەم خۆشویستن و ھاندانە وەک دروستکردنی بت و پەرستنی بتە وایە. ھاوکات دەربارەی قەتەر دەنووسێت: ”ئێمە شانازی بە وڵاتێکی عەرەبییەوە ناکەین کە مۆندیالەکەی ڕێکخستووە و ملیارەها دۆلاری بۆ ئەو چالاکییە خەرج کردووە. هیوادارین بوارەکانی تر کە شوێنی شانازی بن بۆ ئێمە گرننگیان پێبدرێت، وەک دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، بەوشێوەیەی ئێران دەیکات”. لەسەر ھەمان نەزم یاسر بورھامی، دامەزرێنەری پارتی نور، ئەو حەماسەتەی کە تەماشاکەران بۆ یاریکەکانی نیشانئەدەن بە ”مەیلی جاھیلیەت“ ناودەبات. (لای خۆمان ئیسلامییەکان ئەو حەماسەتەیان وەک جیھاد دژ بە کافر و سەرکەوتنی ئیسلام بەسەر کوفردا نیشاندا) وەک پێشتر ھێمام پێکرد، بەرامبەر بەم حەرامکردنەی سەیرکردنی یاری تۆپی پێ لەلایەن سەلەفیەکانەوە لە میسر، لیژنەی فەتوا لە ھەمان وڵاتدا، دژە فەتوایەکی پێچەوانە دەردەکات و جەغت لەوەدەکات کە سەیرکردنی یارییەکان بەپێی شەریعەت ڕێپێدراوە و حەرام نییە. ھاوکات یەکێک لە مامۆستاکانی زانکۆی ئەزھەریش، بەناوی ئامینە ناسر، بە پێچەوانەی سەلەفییەکانەوە دەڵێت ”سەیرکردنی یارییەکانی تۆپی پێ بە کات بەسەربردنێکی ڕێگەپێدراو دەزانێت کە ئەقڵ بەھێزدەکات و هیچ ناڕەزایەتییەکی ئیسلامییانەش بەرامبەر بەو سەیرکردنە نییە“. ئەوەی لێرەدا تێبینی دەکرێت دووشتە: یەکەم: ئیسلامییەکان لەناو خۆیاندا تەواو دابەش و پارچەپارچەن و فەتوا و فەتوای پێچەوانە دژ بەیەک دەردەکەن، ھەریەکیێکان ئیسلام بە خواست و بەپێی عەقڵ و تێگەیشتنی خۆی لێکئەداتەوە. بەمەش لەباتی باسکردنی ئیسلامێک ئێمە لەبەردەم باسکردنی چەندەھا ئیسلامی جیاوازداین تەنانەت لەناو خودی ھێزە ئیسلامییەکان خۆشیاندا. سڵ لەوەش ناکەنەوە ئەمیان ئەویتریان بە بیدعەچی و نەزان و موشریک ناوببات. دووھەم: ئەم ھێزانە بە پلەی یەکەم سیاسەت دەکەن نەک دینداریی، کە سیاسەتیش دەکەن، بە ئاسانی پێگە و ھەڵوێستی سیاسیی خۆیان دەگۆڕن، وەک لە دۆخی پارتی نور لە میسردا دەیبینین. خودی گۆڕانەکەش پەیوەندیی بە ئیسلام و دین و دیندارییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە قازانج و مەسڵەحەتی پارتەکە و سەرکردەکانییەوە ھەیە. ھەم وێنەکە و ھەم بڕیارێک لە زانیارییەکانی ناو ئەم نووسینە لە سایتی مۆنیتێرەوە وەرگیراوە، Al-Monitor .
د.بەختیارشاوەیس لێرەو لەوێ ، ناوە ناوە گوێبیستی ئەوە دەبین کەلایەنە سیاسیەکان سەرقاڵن بەگفتوگۆی چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشەوەختەوە کەدواهەمینجاریان گوایە دوێنێ شەو لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەماڵی عەمار حەکیمی سەرۆکی رەوتی حیکمە سەبارەت بەهەڵبژاردنی پێشوەختی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان و یاسای هەڵبژاردنەکان کۆبونەتەوە وەک بەشێک لەمیدیا عیراقیەکان ئاماژەیان بۆ کردوە. بۆ ئەوەی لەهەلومەرجی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی تری پێشەوەخت بگەین ، لەهەمووی گرنگتر پێویستە هەڵاوێردی ئەو زەمینەسازیە بکەین کەتیایدا خودی پرۆسێسەکەی تیا ئەنجام دەدرێ. لەرەهەندەکانی دیموکراسی، سیاسی، ئیداری، ئابووری ، یاسای یەوە دەکرێ ئەو گۆشانە ببینین کەدەبنە هۆکارگەلی زەمینەسازی هەڵبژاردن. * لەرەهەندی دیموکراسیەوە: ئەگەر هەڵبژاردن کۆڵەکەو سەرەتای دیموکراسی بێت ( ئەڵبەت ئەنجامدانی هەڵبژاردن مەرجی بوونی دیموکراسی نیە ) ، ئەوا ئەو بەشداریە لاواز و کرچ و کاڵەی کەخەڵک بەگشتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختی ساڵی رابردوو ، دەرخەری لاوازبوونی یەکجاری متمانەی خەڵکی عیراقە بەدیموکراسی و بەگۆرینی ئیجابیانەی دەسەڵات و ئاڵوگۆری حوکم. هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری پار ، دەرهاویشتەی شەپۆلێکی گەورەی نارەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوانی هاوڵاتیان بوو لەبەغدادی پایتەخت و زۆربەی پارێزگاکانی باشوور و ناوەراست. ئامانجی خۆپیشاندەران گۆرینی سیستەمی سیاسی و پەرێزخستنی ئەو دەموچاوانە بوو کەسەرچاوەی قەیرانەکانن. بۆئەم مەبەستە یاسای نوێ لەپەرلەمان بەگوشار تێپەرێنرا، بازنەکانی هەڵبژاردن لە ١٨ بۆ ٨٣ زیادکرا، بەیاسا دەرفەت بەکەسانی سەربەخۆی دەرەوەی حیزب و خاوەن دەسەڵات و هێز و پارە رەخسا. ساڵێکیش لەپێش وادەکەی پەرلەمان بۆیەکەمجار خۆی هەڵوەشاندەوە. سەرەنجام چی بەرهەم هات؟ هەمووی ٣٠ بۆ ٤٠ کاندید لەوانەی ناو تشرینیەکان وەک سەربەخۆ دەرچوون کەهەر لەسەرەتاکانی کاری پەرلەمان کەوتنە ناو بەرداشی مانۆری سیاسیەکۆنەکان و بەئێستایشەوە هیچیان بەهیچ نەکرد. لەولاوە حیزبە سیاسیە حوکمرانەکانی رابردوو بەناوی جیاواز و بەشێوازی جیاواز بەتۆکمەتر گەرانەوە و لەسەر هەمان بەزم و بالۆرەی پێشتر بەردەوامبوون. لەم روانگەوە، ئەگەر متمانەی هاوڵاتی بەهەڵبژاردن و کۆی دیموکراسیەت هێندە لاوازبوو بێت کە کەمتر ٣٠٪ بەشداری هەڵبژاردن بکەن وەک ئەوەی ٢٠٢١ روویدا ، ئەوا ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختی دیکە لەعیراق بکرێ رێژەکە زۆر زیاتر دادەبەزێ و دەبێتە عەیبەیەکی تری پرۆسە سیاسیەکە. * رەهەندی سیاسی: دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پار ، ناکۆکی سیاسی لایەنەکان ، توندترین گرژی بەخۆیەوە بینی. کار گەیشتە سەر جوڵاندنی شەقام دژی یەکتر، نوێژی بەکۆمەڵی هەینی، دەستبەسەراگرتنی پەرلەمان ، پەلاماردانی دەسەڵاتی دادوەری ، کۆنترۆڵکردنی ناوچەی سەوز، دواجار شەری چەکداری دووبەرەکەی شیعە لەناو ناوچەی سەوز لەمانگی ئابی رابردوو. ئەم دۆخە سەرەنجامەکەی بەوە کۆتایی هات کەبراوەی یەکەمی هەڵبژاردنە پێشوەختەکە لەپەرلەمان کشایەوە، بەڵام لایەنە دۆراوەکان حکومەتیان پێکهێنا. جا پرسیار ئەوەیە ، خەڵک کەبەشداری هەڵبژاردن دەکات و دەنگ دەدات، بۆئەوەیە کەئیرادەی ئەو زۆرینەی دەنگدەرە لەبەرێوەبردنی ژیانی رۆژانەی کۆی دەنگدەران رەنگبداتەوە. ئیستا ئەو ئیرادە زۆرینەیە لەدەرەوەیەو هیچ حسابێکی بۆنەکراوە. *رەهەندی ئیداریی: کەمتر لە دوو مانگە حکومەتی نوێی عیراق دەستبەکاربوە، چەند رۆژێکیشە خودی حکومەتەکە بەرنامەی کابینەکەی خۆی پەسەند کردوە. هەر بۆیە قسەکردن لەئەدائی حکومەتی نوێ ، یان هەڵسەنگاندنێکی زانستی و بابەتیانە بۆ سودانی و تیمەکەی کارێکی مەنتقی نیە و ئاسنی سارد کوتینە. لەمەش زیاتر ، مەسەلەکە کاتێک دەبێتە دیماگۆجی کە شەن و کەو بۆ ئەدائی کابینەیەکی وەزاری بکەیت ، کە خۆی دەرهاویشتەی کەڵەکەبووی کێشەگەلی چەندساڵی رابردوو بێ و بەمیرات بۆی مابێتەوە. ئەمەسەرباری ئەوەی کە ئەستەمە سودانی و هاوڕێکانی بتوانن شتێک بکەن جیاوازیەکی تۆخ لەنێوان خۆیان و ئەوانەی پێشتریان دروست بکات. *رەهەندی ئابووری: ئەلف و بای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دابینکردنی پارەیە بەرێگەی یاسا، حاڵی حازر ئامادەکاریەکانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن حکومەتەوە لەقۆناغەکانی کۆتایدایە و بریارە بەمنزیکانە بنێرێتە پەرلەمان، بەپێی یاسایش دوای خوێندنەوەی یەکەم نەدەتوانرێ بودجەکە بگەرێنرێتەوە بۆ حکومەت نەهیچ شتێکی بۆزیاد دەکرێ لەلایەن پەرلەمانەوە ، تەنها گواستنەوەی تیا دەکرێ. جا ئەو لایەنانەی کەتەپڵی هەڵبژاردنی پێشوەخت لێدەدەن بابچن جارێ بەیاسا پارەی بۆ دابین بکەن. *رەهەندی یاسایی: مەرجی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو، هەموارکردنەوەی ئەم یاسای هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، ئەمەش لەسەروبەندی گێرمەوکێشەی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئۆکتۆبەری رابردوو دادگای باڵا بریاری داوە. هەروەها لەولاوە سەدریەکان لەپەرلەمان نوێنەریان نەماوە، هاوپەیمانەکانیشیان کەسیادە و پارتین ئێستا بوونەتە بەشێک لەرکابەرەکانی سەدر و هاوپەیمانیەتی ئیدارەی دەوڵەتیان هەیە، هەر بۆیە سەدر بەو لاتەریکە سیاسی و ئیداریەوە کە تێی کەوتوە قایل دەبێ بەو کراسەی کەرکابەرەکانی لەپەرلەمان بۆخۆیانی بدوورن ( یاسایەکی هەڵبژاردنی دڵخوازی خۆیان دەربچوێنن) دەرەنجام: بەهەڵاوێردکردنی رەهەندەکانی سەرەوە، نەک زەمینەی هەڵبژاردنی پێشەوەخت لەئاسۆدا بوونی نیە، بەڵکو ئەوانەی کەئێستا لەحوکمدان ، هیچ کات و لەهیچ شوێنێکی تری رابردوو کەلەدەسەڵاتدابوون ، وەک ئێستا بەجوانی چنگیان لەکێکەکە گیرنەبوە تەنانەت ئەوکاتەی کەخودی مالکی لەدەسەڵات بوە. هەربۆیە رەنگە بەهەڵبژاردنی پارێزگاکان ، هەڵبژاردنی پێشەوەختەی نوێنەران دیزە بەدەر خۆنە بکەن ، بەتایبەتی ئەگەر سەدر هەروا بەو بێدەنگیە دابنیشێ کەئەمە دوور دەبینم.
كاوە محەمەد بە کیتابێکی فەرمی کە ئاراستەی هەریەک لە (سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران)م کرد، باسم لەبوونی هێزەکانی تورکیا لەسەر خاکی عیراق و بۆردومان و پێشێلکردنەکانی سەروەریی عیراق کرد و ئاماژەم بەو یاداشتە کردبوو کە وەفدێکی هاووڵاتییان بە ئیمزای (٨٩١) کەس رادەستیانکردین (رۆژی ٣/٧/٢٠١٩ لەگەڵ د.غالب محەمەد لەنووسینگەی پەرلەمانی عیراق لەسلێمانی پێشوازیمان لێکردن)، یاداشتەکەش ئاراستەی رایگشتیی ناوخۆ و نێودەوڵەتی کراوە و داوای دانانی سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دەکەن تا دۆخەکە لەوە خراپتر و مەترسیدارتر نەبێت.. دواتر نووسینگەی سەرۆک وەزیران کیتابەکەیان ئاراستەی (راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و فەرماندەی پاسەوانانی سنوور و وەزارەتی دەرەوە کرد، لێرەدا دەقی وەڵامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عیراق دەخەمەڕوو کە رۆژی (٤/٩/٢٠١٩) و بە ئیمزای (حسن سوادی ابو طبیخ-سەرۆکی فەرمانگەی دەوڵەتە دراوسێکان) بەدەستمگەیشت و ئاماژە بە هەڵوێستی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات کە مافی (ڤیتۆ)ی بەکارهێناوە بۆ رێگریکردن لەدەرکردنی بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی؛ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق/ نووسینگەی پەرلەمانتار کاوە محەمەد ئاماژە بە کیتابەکەتان ژمارە (٢٦ی رۆژی ٨/٧/٢٠١٩) سەبارەت بە بوونی سەربازیی تورکیا لەعیراق، لەمبارەیەوە وەزارەت روونیدەکاتەوە کە؛ -لەبارەی بوونی سەربازیی تورکیا لەشاری (بەعشیقە)، حکومەتی عیراق لەبەرزترین ئاستەکان و لەچەندین بۆنەدا ئیدانەی کردووە و داوایکردووە کە دەستوبرد ئەوێ بەجێبهێڵن، چونکە ئەمە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی عیراقە و ناکۆکە لەگەڵ پەیوەندیی دۆستانە و دراوسێیەتیی باش، لەمبارەیەوە رۆژی (٦/١٢/٢٠١٥) لەلایەن وەزارەتەوە بانگهێشتی باڵێۆزی تورکیا کراوە و یاداشتی ناڕەزایی رادەستکراوە. -وەزارەت هەوڵی بێوچانی داوە تا پرسی بوونی هێزەکانی تورکیا لە(بەعشیقە) بخرێتە کارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش و بڕیار یان بەیاننامەیەک دەربکات تا حکومەتی تورکیا ناچاربکات هێزەکانی بکێشێتەوە، دانیشتنێکی ئەنجومەنی ئاسایش لەوبارەیەوە بەڕێوەچوو، بەڵام وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەممریکا (خاوەنی ڤیتۆ) رەتیکردەوە کە ئەنجومەنی ئاسایش هیچ هەنگاوێک بنێت چ بە شێوەی (بڕیار، بەیاننامەی سەرۆکایەتی، بەیاننامەی رۆژنامەنووسی یان رەگەزەکانی بەیاننامەیەکی رۆژنامەنووسی بێت). -لەچوارچێوەی (جامیعەی عەرەبی)دا وەزارەت کاری لەسەر تەرخانکردنی تواناکانی کرد تا بڕیارێکی ئیدانەکردنی سەبارەت بە بوونی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەشاری (بەعشیقە) دەستکەوێت، دەرەنجامی ئەو هەوڵانەش بڕیاری ژمارە (٨٠٢٤) بوو کە لەخولی ئاسایی ژمارە (٢٤٥ی ١١/٣/٢٠١٦) دەرچوو. -بەڵام سەبارەت بە بۆردومانی بەردەوامی خاکی عیراق لەلایەن تورکیاوە، وەزارەت لەهەوڵەکانیدا نامەی ناڕەزایی بۆ هەریەک لە(سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش ناردووە، ئەویش دوای ئەوەی فڕۆکەکانی تورکیا لە (٢٥/٤/٢٠١٧) شاری (سنجار)یان بۆردومان کرد، جگە لەوەش بەدرێژایی ساڵی رابردوو و ئەمساڵ وەزارەت یاداشتی ناڕەزایی ئاراستەی حکومەتی تورکیا کردووە، وەزارەت نزیکەی (٥٤) یاداشتی ناڕەزایی داوەتە حکومەتی تورکیا و داوای لێ کردووە کە بۆردومانکردنی خاکی عیراق بوەستێنێت و رێز لەسەرەوەریی عیراق بگرێت. حکومەتی عیراق لەرێگەی وەزارەتی دەرەوە بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان کاردەکات بۆ زامنکردنی ئاسایش و سەوەریی عیراق، بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، ناڕەزاییە فەرمییەکانی دژ بە پێشێلکارییەکانی تورکیا بە رێگا دیپلۆماسییەکان پێشکەشدەکات و کار بۆ چەسپاندنی مافە پەیوەندارەکانی عیراق دەکات. -وەزارەت هەوڵیداوە کە لەکۆبوونەوەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان چ لە(جامیعەی عەرەبی) یان لە(نەتەوە یەکگرتووەکان) بووبێت، وتەی عیراق ئیدانەی روونی پێشێلکارییەکانی تورکیا لەخۆبگرێت و داوای کشاندنەوەی هێزەکانی لەبنکەی سەربازیی (بەعشیقە) کردووە. پشتبەست بەو روونکردنەوانەی پێشووو، وەزارەت دەیەوێت ئەوە روونبکاتەوە کە ئەوەی لەنامەکەدا هاتووە کە حکومەتی عیراق بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە، لەگەڵ حەقیقەت تێکناکاتەوە. بفەرموون بۆ بینینی..لەگەڵ رێز سەرۆکی فەرمانگەی دەوڵەتە دراوسێکان بەوەکالەت حسن سوادی ابو بطیخ ٤/٩/٢٠١٩ بەشێک لەکتێبی ؛ (کورسییەک لە تەختەی مێژوو) ئەودیوی رووداوەکانی ساڵانی پەرلەمانتاریم..
عومەر عەلی محەمەد ڕۆژهەڵاتناسی جوڵانەوەیەکی فیکری فەلسەفیە کە لە سەدەی ۱٨ لە ئەوروپا سەری هەڵداوە، بەتایبەتی لە پێش دەست پێکردنی هەڵمەتە داگیر کاریەکانی ئینگلیزەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامی ،ڕۆژهەڵاتناسەکان، لەلایەن ووڵاتانی ڕۆژئاوە پشتگیریان لێ کراوەو هەر ئەوانیش لە لایەن ئەکادیمیای ڕۆژئاواوەگەشەیان پێدراوە و نەخشە ڕێگەی کارکردنیان بۆ داناون ،ئەویش بەمەبەستی ناسینی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی گەلانی مسوڵمان لە هەمو ڕویەکی وەک ئاین و کولتورو ترادسیۆن و تەنانەت سەرچاوەکانی وزەو داهات و سەرچاوەی کانزا سرو شتیەکان،پاش وەرگرتنی ئەو زانیاریانە لە لایەن ئەو وڵاتانەوە ،هێرشی ووڵاتە ڕۆژئاواییەکان بۆ سەر ئەم ناوچەیە دەستی پێکردوە، ئەگەر سەرنجی ئەو وێنەیە بدەین کە ڕۆژهەڵاتناسەکان بۆ کەسی مسوڵمان و ئاینەکەی دروستیان کردوە وەک ئیدوارد سەعید دەڵێت مرۆڤێکی ناکاراو ناتەواوو دور لە عەقڵانیەتەو خاوەنی هیچ شتێک نیە،ئەوەش کەهەیەتی لە شارستانیەت و پێشکەوتن،لە گەلانی ترو شارستانیەتەکانی تر وەریان گرتوە،ئاینەکەشیان نوسخەیەکی ناتەواوی ئاینی جولەکەو مەسیحیە،،هەوڵەکانی ئەو ڕەوتە هەر بەو ئاستەوە نەوەستا،بەڵو لە پاڵ داگیرکاری خاک و ووزەو سەرچاوەکانی داهات،لە بواری فیکریشدا کەوتنە دژایەتی و سوکایەتی بە ئاین و کولتورو شارستانیەتی ئەو گەلانە،لە جێگەیدا شارستانیەت و جیهانبینی ڕۆژئاواییان کرد بە سەنتەر بۆ ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیرو نوسەران تەنانەت سیستمی پەروەردەشیان بەو جۆرە گۆڕی کە خۆیان دەیانەویست. لە دوای ئەمەوە ئەم دیدو بۆچوونانەی ڕۆژهەڵاتناسەکان بوە سەرچاوەی سەرەکی ڕۆشنبیران لەم ووڵاتانەدا لە نێویشیاندا هەرێمی کوردوستان،،لە دوای ساڵەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوەوە بزوتنەوە چەپەکان زۆر سودیان لە دیدو پەیامی ڕۆژهەڵاتناسان بینیوە،بەتایبەت ئەوەی دەربارەی ئیسلام و کولتورو مێژووی گەلە مسوڵمانەکان ووتویانە،ئەگەر پێداچونەوەیەک بکەیت بە ئەدەبیاتی سیاسیاندا زۆر لەو بۆچونانە دەبیستیت و ئەوان تەنها کۆپی زانیاریەکانیان کردوە. لەپاش شکستی یەکێتی سۆڤیەت و لاواز بوونی بزوتنەوە چەپەکان و فیکری سۆسیالیزم ،بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیرانی خۆمان هاوشێوەی ووڵاتانی عەرەبی درێژەیان بەهەمان ڕەوتی ڕەخنەگرانەیان دا بەڵام ئەمجارەیان لە چوارچێوەی ستراتیجیەتی ڕۆژهەڵاتناسە نوێیەکاندا، لە ئێستادابەشێک لەم ڕۆشنبیرانە هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتانی ڕۆژئاواین و لە زانکۆکانی ئەواندا خوێندویانەو بەهەمو شێوەیەک خۆیان بەڕۆژئاوایی دەزانن و هەمو نوسین و توێژینەوەکانیشیان،هەمان دیدی تەها حسێنیان هەیە کەدیوت ڕۆژئاوا هەمو شتێکەو ئێمە هیچ نین.ئەگەر سەیری نوسین و لێدوانەکانی ئەمانە بکەین، دەبینین لە ڕوی فیکریەوەهەژاریەکی زۆریان پێوە دیارە پەتایبەت دەربارەی ئیسلام و کولتوری ئیسلامی و ڕای نوسەرو ڕوناکبیرانی نوێی مسوڵمان دەربارەی کێشەکانی وەک ژن و ئازادی و دیموکراس و مافەکانی مرۆڤ و.....هتد لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتناسی نوێ زۆر پشت دەبەستێ بەم نوخبە ڕۆشنبیرو میدیاکارو ئەکادیمیانە،کار کردنی ئەمانەش بەشێوە تەقلیدیەکە نیە، بەڵکو لە ئێستادا،مامۆستای زانکۆیە یان بەرپرسی سەنتەی توێژینەوەیە یان شارەزایە لە بوارێکی سیاسیدا، یان بەرپرسی ڕێکخراوێکی جێندەریە، لەم ڕوەوە ئەو نوخبە ڕۆشنبیریەی هەرێمی کوردوستان گەشەیان پێوە نابینرێت، چونکە هەر بە ئاراستەی ڕەوتە کۆنەکە هەنگاو دەنێن،ئەمەش بە پێچەوانەی ڕوناکبیرانی وڵاتانی عەرەبی و تورک و فارسەوەیە،چونکە نوخبە ڕۆشنبیریە چالاکەکەی ئەوان ئەو دۆخەیان بەجێ هێشتوەو ئەوان ئێستا لە ئاستێکی تردان بۆنمونە ڕوناکبیرانی ووڵاتانی عەرەبی ئیدوارد سەعیدو جابری و محمد حەنەفی و دەیان ڕوناکبیری تریان بەرهەم هێنا کە سەرەڕای شارەزایی باشیان لە ئیسلام و دەقەکان و کولتوری ئیسلامی،مامەڵەشیان لەگەڵ کولتورە ڕژئاواییەکەش بە عەقڵیەتێکی ڕەخنە گرانەیە،ئەمە لەلای فارسەکانیش ڕونەو هەرکەس نوسینەکانی عەبولکەریم سروش و شببستەری و دەیان ڕوناکبیری تر بخوێنێتەوە،هەست بەوە دەکات،ئەمانە هەرگیز کاتێک فیکرو فەلسەفەی ڕۆژئاوا دەخوێننەوە هەست بەکەمی و نامۆبوون ناکەن، بەڵکو دەیانەوێت لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتیەوە بەرامبەر بەکولتورو شوناسی خۆیان مامەڵە لەگەڵ ئەویتری ڕۆژئاوایی بکەن،بۆ ئەم مەبەستەش دکتۆر محمد حەنەفی داوای بنیاتنانی ڕەوتێکی ڕۆژئاواناسی دەکات،بۆ ئەوەی هەر شتێکمان لە ڕۆژئاوا وەرگرت بەهۆشیاریەوە بێت،نەک لەسەر بنەمای شکست و خۆبەکەم زانین.
مەجید ساڵح رەنگە زیادەڕەوی نەبێ گەر بنووسم لە نێو رۆشنبیرە کوردەکانی ئەم سەردەمەدا کەس هێندەی دکتۆر مەریوان وریا قانع باسی رۆشنبیر و رۆڵی لە کۆمەڵگای ئێمەدا نەکردبێ و نەیخستبێتە بەر رەخنە و سەرنجەوە. بەڵام ئەو رەخنە و باسانەی ئەو و خەڵکانی دیکەش نەیانتوانیوە جوغزێکی بەرتەسکی رۆشنبیران و هەندێک لە خوێنەرە چالاک و دیارەکان تێپەڕێنێت و لەسەر ئاستی ناوەندە ئەکادیمی و زانستی و میدیاییەکاندا نەبوونە جێگەی پرسیار، ئەم گوێ نەدانەش کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە و لە ئێستاشدا سەرەتاکانی دەرکەوتوون. لە گەرمەی شەڕی نێوان توندڕەوە ئیسلامییەکان و حکومەتی جەزائیر دەیان رۆشنبیری عەلمانی جەزائیری لەلایەن توندڕەوەکانەوە تیرۆر کران، بەڵام ئەو تیرۆرانە ئەوەندە لەلایەن فەرەنسییەکانەوە ئیدانە و پرۆتستۆ کرا ئەوەندە لە لایەن جەزائیرییەکانەوە گوێپ پێنەدرا و کاریگەری نەبوو لەسەر رای گشتی وڵاتەکەیان و ئەو گوێنەدانەش هێندەی دیکە تیرۆریستەکانی هاندا بۆ بەردەوام بوون لە کردەوەکانیان. ئەم دیاردەیە سەرنجی زانای کۆمەڵناسی جەزائیری "هواری عادی" مامۆستا لە زانکۆی لیۆنی فەرەنسی راکێشا و وتارێکی بە ناونیشانی "جەزائیر و وێنەیەکی دوو رووانەی رۆشنبیران"ی نووسی. لە وتارەکەدا هواری رۆشنبیرانی جەزائیری بۆ دوو جۆر دابەشکردوە. یەکەمیان: ئەو رۆشنبیرە فرانکۆفۆنیانەن کە خۆیان لەگەڵ کەڵچەری داگیرکەری فەرەنسیدا گونجاندوە و پێیان وایە کەڵچەرێکی رۆشنگەریی ئۆروپییە و وای وێنا ناکات کە کەڵچەرێکی فەرەنسایی داگیرکەرە، ئەم رۆشنیرانە هەرچەندە لەگەڵ ئەوەدا بوون کە جەزائیر دەبێ سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت و لە کۆلۆنالیزمی فەرەنسی رزگاری ببێ، بەڵام تا کۆتایی وازیان لە پرۆژەی مۆدیرنە و سکۆلاریزمی خۆیان نەهێنا و رەخنەی توندیان لە بەهاکانی کۆمەڵگای خۆیان دەگرد. بەڕای هواری ئەم رۆشنبیرانە لەلایەن کۆمەڵگای جەزائیرییەوە پشتیوانی پێویستیان لێ نەدەکرا، چونکە جەزائیرییەکان رقی زۆریان لە کۆلۆنالیزمی فەرەنسی و هەموو سیمبول و کەڵچەرێک دەبووەوە کە بۆنی فەرەنسی لێوە دەهات. لە سەردەمی شۆڕشی جەزائیردا بەڕێوەردن و رێکخستنی شۆڕش بەدەستی ئەم جۆرە رۆشنبیرانەوە بوو، بەڵام سەرکردایەتیان بە بەدەستەوە نەبوو. دووەمیان: رۆشنبیران، بەڕای هواری رۆشنبیرە عروبییە تەقلیدییەکان بوون کە خۆیان لە زانایان و پیاوانی ئاینی ئیسلامیدا دەبینیوە و باوەڕی تەواویان بە داب و نەریتە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان هەبوو و لە رێگەی شوناس و ئاینەوە دژایەتی کۆلۆنالیزمی فەرەنسیان دەکرد. ئەمانە پلەوپایەی سەرکردایەتی شۆڕشی جەزائیریان لەدەستدا بوو. لەدوای شۆڕشی جەزائیر، رۆشنبیرە فرانکۆفۆنییەکان بەهۆی شارەزاییانەوە ئەرکی بەڕێوەبردن و ئابوریی وڵاتیان لە ئەستۆ گرت، بەڵام رۆشنبیرە تەقلییدیە عروبی و ئیسلامییەکان ئەرکی پەروەردە و راگەیاندن و کولتوورییەکانیان پێسپێدرا و پێداگریان لە سوابتی نیشتمانی کە بەڕای ئەوان "زمانی عەرەبی و ئاینی ئیسلام بوو" دەکردەوە. ئەم پێکەوە ژیانە هاوبەشەی هەردوو جۆرە رۆشنبیرەکە تاوەکو هەرەسی سیستمی ئابوری سۆسیالیزم لە نەوەدەکانی سەدەی رابردودا بەردەوقام بوو. رۆشبیرە فرانکۆفۆنییەکان لەوماوەی لە دەسەڵاتدا بوون نەیانتوانی پرۆژەکەیان بۆ مۆدیرنەکردن و بەرقەرارکردنی سکۆلاریزم لە جەزائیر سەربخەن، هۆکارێکی ئەوەش دەگەڕایەوە بۆ رۆڵی رەخنەگرانە و رێگرانەی رۆشنبیرە عروبییە تەقلیدییەکان کە باوەڕیان بە داب و نەریتە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان هەبوو، بەمەش درزێکی گەورە لە نێوان هەردوو جۆرە رۆشنبیرەکەی جەزائیردا دروست بوو. هۆکارێکی دیکەی فراوان بوونی ئەو درزە بەرای هواری بێهەڵوێستی رۆشنیرە سیکۆلارە و مۆدێرنەخوازەکان بوو لەوەی رەخنەیان لە سوپا نەگرت کاتێک دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٢ی هەڵوەشاندەوە کە تێدا ئیسلامییەکان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا. جگە لەوە ئەم رۆشنبیرانە بەتەواوەتی لە دژی ئیسلامییەکان وەستانەوە و لە هەمان کاتیشدا نەچوونە پاڵ سوپاوە بەمەش جگە لەوەی لە کۆمەڵگاکەیان دابڕان، بوون بە بەرداش لە نێوان سوپا و ئیسلامییەکان، بەمجۆرە رۆژانە وەک کەروێشک سەر دەبڕان و کەس دەنگی لێوە نەدەهات جگە لە خێزانەکانیان و هەندێ لە فەرەنساییەکان نەبێ. ئەو نمونەیەی جەزائیر وێنەیەکی نزیک لەو حاڵەتەمان پیشاندەدا کە لە کوردستانی باشوردا دەگوزەرێ؛ و وەک لە سەرەتاوە باسم کرد زۆرجار مەریوان وریا قانع لە مەترسییەکانی ئاگادارمان دەکاتەوە و بەڵام رووبەڕووی بێدەنگیەکی زۆر مەترسیدار دەبێتەوە. لە حاڵەتی کوردستاندا لەسەردەمی شۆڕش، رۆشنبیرانی کوردستان دابەش ببوون بۆ دوو جۆر، جۆرێک کە لە شاخ بوون و بەچەک و بە ئایدۆلۆژیایەکی چەپ و ئیسلامی هەندێ جار توندڕەو و هەندێجار میانەڕەوو لەبەرامبەر داگیرکەری کوردستان و رژێمی بەعس کوردایەتییان دەکرد، ئەمانە دەیانووسیت دوای رووخانی بەعس دەسەڵاتێکی خۆماڵی لەسەر ئەساسی ئایدۆلۆژییەکەیان دامەزرێنن چەپەکان بە خەیاڵی وڵاتێکی سۆسیالیستی و ئیسلامییەکانیش بە خەونی دامەزراندنی خەلافەتێکی ئیسلامی. جۆری دووەمی رۆشنبیرەکانیش ئەوانە بوون کە لەشارەکاندا دەژیان و هەڵگری هەمان بیرکردنەوەی ئەوان بوون، بەڵام کەرەستەی خەباتکردنیان نووسین و کاری رێکخستن بوو. لە راستیدا جۆری دووەم کۆپیەکی مەدەنیانەی هەمان بۆچوونی رۆشنبیرانی شاخ بوون. دوای راپەڕین، کە هاوکات بوو لەگەڵ هەرەسی بلۆکی رۆژهەڵاتی کۆمەنیستی و باڵا دەستی تالیبان لە ئەفغانستان، ئەم دوو جۆرە لە رۆشنبیر تێکەڵی یەکتر بوون، بەجۆرێک دوو ئاراستەی زۆر لێک جیا دروست بوو، ئاراستەی کوردایەتی بەڵام سەرگەردان و بێ ئایدۆلۆژیا و ئاراستەی ئیسلامی سیاسی کە ئەفغانستان ببووە نمونەی باڵای چاولێکردنیان بۆ دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی. هەر زۆر زوو شێوازی دەسەڵات و شەڕی ناوخۆ و دروستبوونی چەند کانتۆنێک لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە پەردەی لەسەر ئەو واقعە هەڵماڵی کە هیچ کام لەم ئاراستانە ناتوانن دەسەڵاتێکی وا دروست بکەن کە خەڵک تێدا بحەوێتەوە بەمجۆرە هەردوولایان تا رادەیەکی زۆر مصداقیەتی خۆیان لەناو خەڵک دەستدا و ئەم وتەیەی مەریوان بەسەریاندا جێبەجێ دەبێ کە دەڵێ "ئەمانە کەسانێکن هەموو پێگەکانی دەسەڵاتیان لە بەردەستایە، لەشکر و هێزی چەکداریان هەیە، پارەو سەرمایەیان هەیە، پەیوەندی هەمەجۆریان بە دونیای دەرەوە دروست کردووە، بەڵام هیچ بەهایەکی مەدەنی و ئەخلاقی تەندروست و هیچ فەرهەنگێکی بەرپرسیارێتی و هیچ ڕستێک لە یاسا ئاراستەیان ناکات، ئەمانە زیاتر "غەریزەی دەسەڵات "و" شەهوەتی حوکمڕانی" کارەکانیان پێ ئەنجام دەدات، لە مێژە شتێک بە ناوی "قازانجی گشتی"، یان "ئیرادەی گشتی" یان "موڵکی گشتی" لە قاموسی سیاسی و ئەخلاقیی ئەم نوخبەیەدا نەماوەتەوە و نییە، هیچ هەستێکی سیاسی و ئەخلاقیشیان بەرامبەر بە ئایندەی ئەو میلەت و کۆمەڵگایە نییە کە حوکمڕانی دەکەن..." ئەم شیوازەی حوکمڕانی کە مەریوان ناسی دەکات رێگر بوو لەوەی لە کوردستاندا ئەو جۆرە لە رۆشنبیرە سکۆلارە کە لە خەڵک نزیک بێت نەشونما بکات، بەم جۆرە لە ئێستادا دەرگا بەڕووی دوو جۆر لە رۆشنبیر کراوەتەوە: یەکەم: رۆشنبیرێکی ئیسلامی سەلەفی کە لە مزگەوتەکانەوە سەریان هەڵداوە و نا ئاشنان بە هەموو جۆرەکانی بیرکردنەوە لە دەرەوەی چوارچێوە فکرییەکانی خۆیان مەیریوان وا وەسفی نمونە باڵاکەیان دەکات "خۆی بە نوێنەری خودا یان پەروەردگار دەزانێت و ئەوەی دەیڵێت و دەیکات، وەک درێژکراوەی ئیرادەی پەروەردگار و نوێنەرایتیکردنی ئەو ئیرادەیە، دەیکات. ئەو بەناوی خوداوە قسەدەکات بۆ ھێرشبردنە سەر ئەو کەسانەی عەقڵ و ئەخلاقیی سنوورداریی ئەو بە ”ناڕاست“ دەزانن." دووەم: رۆشنبیرێکی دابڕاو لە کۆمەڵگا. مەریوان لەوەسفی ئەمانەشدا دەڵێ "ڕۆشنبیران وەک زۆرینەیەکی بێدەنگ لە وڵاتەکەدا ئامادە بن، یان بەشی زۆریان خەریکی شیعر و ئەدەبیات بن و ئەوەش وەک تاکە ئەرکی ڕۆشنبیر ببینن... هەڵاتن لە کێشەکانی ئەم کۆمەڵگایە کێشەیەکی ئەخلاقی گەورە دروست دەکات، کە نیشانەی پرسیار لەسەر ڕۆشنبیربوونی ڕۆشنبیران دادەنێت، دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە هیچ کۆمەڵگایەک بە تەنها بە شیعر و ئەدەبیات ناژیت... " بەردەوام بوون لەسەر ئەم دۆخە دەرگای بە جەزائیر بوونی کوردستانمان لەبەردەمدا واڵا دەکات، چونکە ئێمە لەبەردەم دەسەڵاتێکی بێ گوێ و کۆمەڵگا و روشنبیرێکی لا ئوبالی و رۆشنبیرێکی ئیسلامی سەلەفی تەکفیریدان کە خەتی بوتڵان بەسەر هەموو کەسێکدا دەهێنێت و مەبەستیەتی سەرلەنوێ بەوجۆرەی کە دەیەوێ دیزانی کۆمەڵگا بکاتەوە.
سهردار عهزیز یەک دوو هەفتەی ڕابوردوو کارم لە سەر پەیوەندی نێوان چین و کوردستان کرد، بۆم دەرکەوت دەسەڵاتی نەرمی چینی زۆر بە چڕی لە ناوچەکە لە گەشەدایە. بۆیە بڕیارمدا بۆ کۆنفرانسی داهاتوو لە قوتابخانەی ئابوری لەندەن LSE، بابەتێکی تایبەت بە دەسەڵاتی نەرمی چینی لە کوردستان پێشکەش بکەم. هەمومان دەزانین دەسەڵاتی نەرم، چەمکێکی پاش جەنگی ساردە. وەک چەمکی کۆتایی مێژوو، دەرئەنجامی باڵادەستبونی ئەمریکا بوو لە دونیادا. دەکرێت بە کورتی بڵێین کاتێک هێزێک سەرکەوتووە، بەهێزە، دەوڵەمەندە، ئەوا ئەم سیفەتانەی دەبێتە مایەی ئەوەی کە سەرنجی ئەوانی تر بۆخۆی ڕابکێشت و لە بری بەکارهێنانی زەبر بتوانێت بە سەرنجڕاکێشان ئەوەی دەیەوێت بە دەستی بهێنێت. ئێمە دەزانین کە پێناسەی دەسەڵات بریتییە لە وەهاکردن لە ئەوی تر کە بە جۆرێک ڕەفتار بکات کە لە سودی تۆ بێت، بەبێ هەستکردن بە ناچاری و سوخرە. دیارە بێگومان بۆ بەرجەستەکردنی ئەمە دەزگاو ئامرازی زۆر پێویستە، لە پەیوەست بە ئەمریکاوە هەمشە ناوی هۆلیودو کاڵا زاڵەکانی ئەمریکا دەهێنرێت. بەڵام چین تێڕوانینی بۆ دەسەڵات نەرم، تەواو هاوشێوەی پێناسەکەی جۆزێف نای نیە [جۆزێف نای لە ساڵی ١٩٩٠ لە گۆڤاری فۆرن ئەفێرس، لێکۆڵینەوەیەکی بەناوی دەسەڵاتی نەرم نوسی کە بوو بە بنەما بۆ هاتنە ئارای ئەم دیدو بوارە نوێیە]. بەڵکو چین وەکو مارییا ڕیپنیکۆڤا، لە کتێبێکی تایبەت بە دەسەڵاتی نەرمی چینی، بڕوای وەهایە کە چینییەکان وەها دەبینن کە پەیوەندییەکی ژیانیی لەنێوان دەسەڵاتی نەرم و دەسەڵاتی ڕەقدا هەیە. ئەمەش وەها دەکات کە چینییەکان ڕەق و نەرم تێکەڵ بکەن لە میانەی هەوڵیان بۆ سەرنجڕاکێشان. لێرەدا چەمکێکی تر کە ڕەنگە هاوکارمان بێت بۆ ئەوەی فراوانتر تێبگەین لە پرسەکە ئەویش چەمکی گەشەیە بەتایبەت وەک بەدیلێک بۆ دیموکراسیی. گەشە یان دیڤیلۆپمێنت چەمکێکی ئاڵۆزە، لەسەردەمی جەنگی سارددا ئەمریکا برەوی پێدەدا، بەڵام ئێستا چین برەوی پێدەدا. لەسەردەمی شەڕی سارددا، لای ئەمریکاییەکان گەشە بە مانای ئەوە دەهات کە چۆن هەندێک چاکسازیی بکرێت کە هەژاران کەمێک سودمەند بن بەڵام دەوڵەمەندان هیچ زیانمەند نەبن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکان بەرەو سۆشیالیزم نەچن. بەڵام لای چین ئامانج لە چەمکی گەشە ئەوەیە کە کۆمەڵگاکان دەکرێت بەرەو پێش بچن، ژێرخان بونیادبنرێت، ئابوری باش بێت بەبێ ئەوەی دیموکراسی پێویست بێت. بەم پێیە گەشە جیاکردنەوەی سیاسەتە لە ئابوری، بایەخدانە بە ئابوری، بە سەپاندنی جۆرێکی تایبەت لە سیاسەت. [چەمکی گەشە لەلایەن چەند ناوەندو زانکۆی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان زۆر برەوی پێدەدرێت، بە وردی نازانم ئایا دیدیان لە چینییەکانەوە نزیکە یان لە ئەمریکییەکانەوە، یان هیچ کامیان یان تێکەڵە؟] وەک چۆن ئەمریکاییەکان ئامانجیان لە گەشە ئەوەبوو کە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتداندا دروست بکەن بۆ ڕێگریی لە سۆڤیەت، چین بە هەمان شێوە ئامانجی ئەوەیە کە چۆن پەیوەندی لەگەڵ وڵاتاندا دروست بکات بە دوورگرتن لە مۆدێلی ئەمریکی. توێژی حوکمڕانی هەرێم لە پەیوەست بەم پرسەوە لە دۆخێکی نامورتاحدان، لە کاتێکدا چین و مۆدێلەکەیان پێباشە، بەڵام نە چین هێندە بایەخ دەدات و نە دەتوانن دەستبەرداری پشتیوانی و خیتابی ئەمریکی ببن. پرسی ئەوەی ئایا چین و ئەمریکا دەتوانن لە هەمان پانتاییدا پێکەوە کار بکەن، پرسێکی جیهانییەو زۆر دیدی جیاواز هەیە دەربارەیان. لێرەدا تەنها ئاماژە بە دوو ناوی زل دەدەم، جۆن میرشمایەر کە بڕوای وەهایە لەکاتی گرژبونی پەیوەندی نێوان چین و ئەمریکا، ئەوا وڵاتانی تر دەبێت خۆیان یەکلایی بکەنەوە. هەروەها جۆن ئیکیربێری بڕوای وەهایە کە دەکرێت دۆخی هەژەمونیەتی جوتەیی بێتە ئاراوە، چین لە بواری ئابوری و ئەمریکا لە بواری ئاسایش، وەک کۆریای باشور هەوڵی بۆ دەدات. بەڵام بە خوێندنەوەی دواین ڕاپۆرتی پەنتاگۆن بۆ کۆنگریس دەربارەی چین، وەها دەردەکەوێت دیدی مێرشمایەر واقیعی تربێت. ئەم دۆخە پرسی دەسەڵاتی نەرمی چینی ئاڵۆز دەکات. چین لە بواری میدیا، کۆمەڵگای مەدەنی، زانکۆ بەتایبەتی کار لە سەر دروستکردنی پەیوەندیی و کردنەوەی ناوەندو گۆشە و ئەکادیمیا دەکاتەوە. زانکۆ بوارێکە کە لە چەندین لاوە چینییەکان دەتوانن سودی لێببینن، بەتایبەتی بە تێکەڵکردنی کۆمەڵێک بوار، وەک تەکنەلۆجیای باڵا، دەرفەتی کار، دروستکردنی وێناو ڕاکێشانی عەقڵ. لەم روانگەیەوەیە دەبینین کە کۆمپانیای هواوی زۆر چالاکە لە کوردستان. لەگەڵ هواویدا پرسی داتاو ژیریی دەستکردن و پەیوەندیی و تەکنەلۆجیای باڵا دێتە ئاراوە. هەموو ئەم بوارانە بواری هەستیارن لە داهاتوودا. بەڵام چین لە کوردستان و عێراقدا لە پانتاییەکی تایبەتدا هەڵسوکەوت دەکات. عێراق پانتاییەکی بریندارە بۆ ئەمریکا، ئەو جێگایەیە کە خەونی ئەمریکی تیایدا مرد. چین دەیەوێت لەسەر ئەم بوارە سەرمایەگوزاری بکات. لێرەدا بەهای دیموکراسی و گەشە وەک دوو چەمکی جەنگیی باشتر ڕون دەبێتەوە. ڕەنگە باشوری عێراق زیاتر گونجاوبێت بۆ ئەم بوارە، بەتایبەتی بە بوونی ڕۆڵی ئێران لە پرسەکەدا. بەڵام لە کوردستان چین لە ئاستی جەماوەریدا هێشتا وەک سەرچاوەی کاڵای هەرزان ناسراوە، نەک وەک زلهێزێکی جیهانی، ئەمەش پێگەی وەک هەیبەت و بەهێزیی کەمدەکات کە کاریگەریی هەیە لەسەر سروشتی دەسەڵاتی نەرمی چینی. لە پەیوەست بەم بوارە قسەم لەگەڵ لێکۆڵەر شاژین چای کرد، کە کار لە سەر دەسەڵاتی نەرمی چینی دەکات لە کەنداو، ئەو پێی وابوو، چین خاوەنی ئایدەلۆژیا نیە، هیچ ئایدەلۆژیایەکی نیە هەناردەی دەرەوەی بکات، خیتابیشی وەهایە کە وەها باشترە هەر کەسەو کەلتورو ژیاری خۆی بژی بەڵام لە پەیوەندیدابین. ئەمەشە چینییەکان فۆکەسی زۆر لەسەر چەمکی شارستانیەت دەکەنەوە. بەڵام لەڕاستیدا من هاوڕای ئەو نەبووم. ڕەنگە چین وەک سەردەمی ماو خاوەن ئایدەلۆژیا نەبێت. بەڵام ئەوە تەنها یەکێکە لە دەرکەوتەکانی ئایدەلۆژیا. [دیارە ماویزمی کوردی یەکێکە لە سەرچاوەکانی دەسەڵاتی نەرم]. بەڵام چینی ئەمڕۆ خاوەن ئایدەلۆژیایە، دەکرێت بوترێت، جیاکردنەوەی سیاسەت لە ئابوری، بەزلهێزبونی چین، نمایشکردنی چین وەک مۆدێلێک و هەوڵدان بۆ ڕاکشانی سەرنج، ڕاکشانی خەڵکانی تایبەت لە بواری تایبەتدا بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی چینی بۆ خەڵکی خۆیان، هەموو ئەمانە پێکەوە دەبنە چەپکێک لە دیدو کردار کە پێکەوە ئایدەلۆژیایەک دادەڕێژن. بۆ نمونە کەسێک کە لەگەڵ چینیەکاندا کار دەکات پێی گوتم، چینییەکان هەرگیز باس لە مافی کوردو پەیوەندی کوردستان و هەرێم و دیموکراسی و ئەم بوارانە ناکەن. کەواتە، بە وردی پلانڕێژی ئەوە دەکەن کە چی دەبێت باس بکرێت و چی دەبێت خەفە بکرێت [فۆکۆتان لە بیرە]. هەرچی دەربارەی کاریگەریی ماویزمی کوردییە بە پەیوەست بە دەسەڵاتی نەرمەوە بوارێکی پڕ چێژە، بەڵام خانەی بیر بە گونجاوی نازانێت، بۆیە زیاتر بۆ LSE کاری لەسەر دەکەم. ماویزم دیاردەیەکی جیهانی بوو. جولیا لۆڤیل، کتێبێکی تایبەتی قەبەی لەمبارەوە نوسیوە بەناوی ماویزم مێژوییەکی جیهانیی. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ماویزمی کوردی بەشێکی ڕاستەوخۆی بزوتنەوە ماویزمەکانی دونیا نەبوو، بەڵکو بە ناڕاستەوخۆ لە باڵێکی بچوکی ماویزمی ئێرانییەوە بە کورد دەگات. ئەم دەستی دووبونە، ئاستی تێگەیشتن و پەیوەندی زۆر سنوردارکردووە. بەڵام ماویزم پاشان دەبێتە بنەمایەک کە یەکێتی ببێتە هێزی سەرەکی لە پەیوەندی بە چینەوە. جەلال تاڵەبانی پەیوەندییەکی فەنتازمەگۆریی لەگەڵ ئەم پرسەدا هەبووە. مەبەستم لە چەمکی فەنتازمەگۆریا ئەوەیە کە تێکەڵەیەک بووە لە واقیع و خەون و ناواقیع. پاشان ئەم پەیوەندییە دەگۆڕێت بۆ سەرسام بوون بە ئەزمونی چینی، بە تایبەتی لە بواری ژێرخاندا. [جێگای ئاماژەپێدانە یەکەم گرێبەست کۆمپانیا چینیەکان لە ناوچهی یەکێتی وەریدەگرن، ڕێگای دوکان-سلێمانی و تونێلی هەیبە سوڵتانە، لە هەردووکیاندا شکست دەهێنن]. قەیرانی گەورەی دەسەڵاتی نەرمی چینی ئەوەیە کە چین ناتوانیت ببێت بە دۆست و هاوڕێی هیچ گەلێک. چین پەیوەندییەکی یەک لایەنەی هەیە. هەرگیز خەم و پێداویستی و ترسی ئەوانی تر بە هێند وەرناگرێت. هەرچەندە جەخت لە سەر بوونی پەیوەندی دەکاتەوە، بەڵام لایەنەکەی تر ناتوانێت هێندە کاریگەری هەبێت لەسەر بڕیارو ڕەفتاری چینی. چین کۆمەڵگایەک و سیستەمێکی داخراوە، کوردستان تیایدا لە نزمترین ئاستی بیروکراتی مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت. ئەمەش وەها دەکات پەیوەندی چین و کوردستان و دەسەڵاتی نەرمی چینی هەمیشە وەک پەیوەندییەکی ڕووکەش بمێنێتەوە. لەکاتێکدا زۆر کورد ڕەنگە حەزی پێبکەن بەڵام هەرگیز پەیوەندییەکی دوو لایەنە نابێت.
عهدالهت عهبدوڵڵا پێشهكی به ئاوڕدانهوهی پانۆرامایی له ههلومهرجی ههرێمی كوردستان، ئهو وێنانه زهق دهبنهوه كه لهگهڵیاندا كاربهدهستانی ههرێم ناتوانن شانازیی زۆر به ئهزموونی ههرێمهكهوه بكهن. ئهوان، پێویسته لهسهریان كه زمانی بانگهوازی سیاسی و كهسی تێپهڕێنن و بابهتییانه ههڵسهنگاندن بۆ رهههنده جیاجیاكانی ئهو ههلومهرجه نائاساییهی ئێستا بكهن، لهم پرۆسهیهشدا واقعی بن و دان بهوهدا بنێن كه دۆخی ئهو ناوچهیهی تێیدا دهژین، زۆر جێی دڵنیایی نییه، بهربهرهكانیی زۆری ههیه، ئهمه ئهگهر مایهی نائومێدی گهورهش نهبێت!. توێژهران، پڕ بهدڵ هیواداربوون كه ههلومهرجهكان وا نهبوونایه، دانیشتوانی ههرێمهكه له دهورانێكی مێژووییدا بووباین كه ئاسوودهیی و ئۆقرهیی تێدا گشتگیرو بهردهوام بووبایه، دانیشتوانی ههرێم بههرهمهند بووبان به دهسكهوتی گهورهو بهرچاو، بهڵام راستی ئهوهیه كه واقعی وڵاتهكه دیوی یهكجار ترسناكی تێدایه كه لهم پیاچوونهوه پانۆراماییهدا بهشێكیان دهخهینهڕوو. ههلومهرجی گوزهران سهرهتا مهترسییهكی نهبڕاوه بیر دهكهوێتهوه. له ههرێمی كوردستاندا، مافی مووچهوهرگرتنی فهرمانبهران له دهوڵهت لهبارێكی ئاساییدا نییه. ئهم بابهته كه پهیوهسته به گوزرهرانی نزیكهی چارهكی دانیشتوانی ههرێمهكهوه، پرۆسهیهكی سهقامگیر نییه. بهدوایدا رووكاری تری گوزهران ئهو بێكارییه بهربڵاوهیه كه له ههرێمهكهدا ههیه. ئهم دیاردهیه، خۆ بهخۆ و ساڵ بۆ ساڵیش پهره دهستێنێت، چونكه ساڵانه دهیان ههزار خوێندكار لهزانكۆو پهیمانگاكانی حكومهت و دامهزراوهكانی تری پهروهردهو پێگهیاندنی ناحكومی خوێندن تهواو دهكهن و دهبنه خاوهنی بڕوانامه، بهڵام هیچ ئایندهیهكی دڵخۆشكهری بهدوادا نایهت، خوێندكاران زۆربهیان ههلێكی كاری ئهوتۆیان نه له كهرتی گشتی و نه له كهرتی تایبهتیدا دهست ناكهوێت، لهبهرامبهردا سهرچاوهیهكی تری تهشهنهكردنی ئهو دیاردهیه پهیوهسته به گیانی قازانجویستیی بهشێك لهكۆمپانیا بازرگانییهكان و نهبوونی یاسایهك بۆ سنورداركردنیان، ئهوان وڵاتیان بارگاوی كردووه به دهستی كاری بیانی، گهنجهكانی ههرێمهكهش له بێكاریدا له كافێ و بازاڕهكاندا ژیانی رۆژانه بهڕێ دهخهن. ئێستا ئهبینرێت كه ههزارهها مامۆستای وانهبێژیش ههن كه چهندین ساڵه دانامهزرێن، كهسیش به دهم داواكارییانهوه نایهت، پله بهرزكردنهوهی فهرمانبهران مهرجبهند كراوهو دامهزراندنیش دهگمهنهو نهماوه. پلانی حكومهت بۆ ئهنجامدانی چاكسازییهكان تهنك نین و رهنگدانهوهی دیاریان لهسهر ئهو ههلومهرجه جێ نههێشتووه. ههلومهرجی هاووڵاتیان وهرزهكان له ههرێمی كورستاندا، باهۆزی ترسناكی ئهزێت و ئازاری تایبهتیی خۆیان ههیه!. له زستاندا دانیشتووان كێشهی كارهبایان ههیه، له هاویندا كێشهی ئاو، له ههردوو وهرزهكهشدا كێشهی سووتهمهنی و گرانی بهنزین و گازو نهوت ..هتد. رێگاوبانهكان، دیوه نمایشییهكهی بهشێكی ناوهندی شاره گهورهكان نهبێت، تا ئێستاش زۆربهیان چارهسهر نهكراون و قوربانیانی دهستی خراپی و كهموكوڕییهكانیان زیادیان كردبێت كهمیان نهكردووه. ئێستا به ئاشكرا، توانای كڕین لهلای هاووڵاتیان كهمبۆتهوه. گرانفرۆشییهك له بازاڕدا سهریههڵداوهتهوه كه باری ژیانی چینی خوارهوهی كۆمهڵی زۆر سهخت كردووه، تهنانهت درێژ بۆتهوه بۆ سهر پێویستییه ههره سهرهكی و رۆژانهییهكانی هاووڵاتیان، گهیشتۆته گرانیی نرخی ئاردو نان و ههموو توخمه خۆراكییهكانیش. لهرووی كهشوههواوه، ساڵانێكه لهلایهكهوه وشكهساڵییهو بههۆیهوه كهرتی كشتوكاڵی و ئاژهڵداری زیانی بهردهكهوێت، لهلایهكی ترهوه لهگهڵ ههر بارانێكی به لێزمهدا، ههر زوو بهبۆنهی خراپیی ژێرخانی كارگێڕی و شارهوانیی شارهكانی ههرێمهوه زیان له باشترین سهنتهرهكانی شارنشینیی ههرێم دهكهوێت، له سهرویانهوه ههولێری پایتهخت، ساڵانه كارهساتی سروشتی روودهدهن و لافاو ههڵدهستێ و زیانی گهوره بهر دانیشتوانی ناوچهی جیاجیای ههرێم دهكهوێت. ههلومهرجی گهنجان ئێستا دیاردهیهكی ئازاربهخش كه دووچاری چینێكی گرنگی كۆمهڵایهتیی كۆمهڵگهی كوردی بۆتهوه، ههڵكشانی تهمهنی كوڕان و قهیرهیی كچانه. لهههرێمدا، مهرجهكانی پێكهوهنانی ژیانی هاوسهرگیری سهختر بووه، بگره ئهم پرۆسه كۆمهڵایهتییه به رێژهیهكی بهرچاو كهمیكردووه، لهبهرامبهردا دیاردهی جیابوونهوهو ههڵوهشانهوهی خێزانهكان و بێ نهواكردنی منداڵان و سهرگهردانكردنیان به ئاماری تۆقینهر زیادیان كردووه. له دهرهنجامێكی ئهو واقعهدا، گهنجێكی زۆری ههرێمهكه به بهرچاوی كاربهدهستانهوه سهری خۆیان له وڵات ههڵئهگرن و لهو سهر سنورانه دووچاری مهینهتیی ههمهجۆر دهبنهوه، یان ژیان له رهوشێكی قورسی پهنابهریی وڵاتان و ئاوارهیی و دووره وڵاتیدا بهسهر دهبهن. جگه لهوانه، دهردی كۆمهڵایهتیی دیكه زۆرن كه بارێكی سۆسیۆلۆژیی ناسهقامگیرو دۆخێكی سایكۆلۆژیی نائارامیان له كۆمهڵگهی كوردیدا بهرپا كردووه. لهباری سیاسی و ئیدارییهوه، به ئاشكرا ململانێی توندو گرژ لهنێوان هێزه سیاسییهكانمان و بهتایبهتی ههردوو هێزی دهسهڵاتداردا ههیه. ههردوولایان له یهك حكومهتدان، بهڵام دوو ئیدارهیی به زهقی سهری ههڵداوهتهوه. سامان و داهاتی وڵات دادپهروهرانه دابهش ناكرێن، ئهگهر ناوچهیهك داهاتی كهم بێت و یهكێكی تر زۆر، لهلایهن حكومهتهوه رێكناخرێتهوه. دیاردهكانی گهندهڵی و شكاندنی یاساو پێشێلكردنی ماددهو داوهرییهكانی كۆتاییان نههاتووه، له ههرێمهكهدا كهسیشیان لهسهر موحاسهبه ناكرێت، تهنانهت چاو لهئهزموونی نوێی حكومهتی فیدراڵی عێراق نهكراوه تا ئهم دۆسییهیه ببرێته پیشهوه، كار نهكراوه بۆ ئهوهی ههر جارهو ژمارهیهك بهرپرس رهوانهی لێپرسینهوهو دادگاییكردن و سزادانی یاسایی بكرێن. دیاردهی ترسناك لهو دوو سێ ساڵهی رابردوودا حاڵهتی تۆقاندن و سهركوتكردنی ئازادیی خۆپیشاندان و مانگرتن ههن. له ههندێ شاردا ههر له بنهڕهتدا كهس بۆی نییه هیچ جۆره شێوازێكی ئازادییه دیموكراتییهكان پهیڕهو بكات، دیاردهی راپۆرت لێدان و سیخوڕی كردن بهسهر یهكترو بهسهر ژیانی تایبهتی و بهسهر هاووڵاتیانهوه زیاتر بووه، كهم كهس به ئاسانی دهوێرێت دهرده دڵێك بكات و ئهوهی دهیڵێت نهبێته راپۆرتێك و نهگاته دهزگا ههواڵگری و ئهمنییهكانی ههرێم. دۆخی ئازادیی رۆژنامهگهری و راگهیاندنیش له ههرێمدا پاشهكشهی تێدا ههیه. راسته حكومهت و كاربهدهستانی چهند جارێك لهگهڵ رۆژنامهنووساندا كۆبوونهتهوهو دڵنیاییان پێداون، بهڵام كاریگهری و رهنگدانهوهی بهسهر ئهو بواره ههستیارهدا بهجێ نههێشتووه. لهم رووهوه، مانگ نییه دهیان پێشێلكاری نهكرێت و له سهنتهری میترۆو سهندیكای رۆژنامهنووسانهوه كه دوو دهزگای داكۆكیكردنن له مافی میدیاكاران تۆمار نهكرێن. ئێستا كار گهیشتۆته ئهوهی بهشێك له راگهیاندنی كوردی به ههردوو بهشی نیو میدیاو ترادیشناڵ میدیاوه بۆته سێبهری دهزگا موخابهراتییهكانی ههرێم و لهوێوه پارهدارو ئاراسته دهكرێن، بهڵام بۆ ئامانجی رۆژنامهنووسی و پیشهیی نا، بهڵكو بۆ بهڕێوهبردنی پڕوپاگهندهو ناوزڕاندن و شهڕی میدیایی دوور له ئیتیكی نێوان گروپ و كهسایهتییه سیاسییهكان. لادانی بهردهوام ههموو راپۆرته رۆژنامهنووسییهكان ئهوه دهسهلمێنن كه هێشتا دیاردهی قاچاخچێتی سهر سنورهكان بهردهوامن، بێ پرۆژهیی و پهیوهندیی نائاسایی نێوان كهرتی بازرگانی و كهرتی گشتی و دهسهڵاتی راپهڕاندن وایان كردووه كه ههزاران بهڵێندهری ئهم ههرێمه دووچاری مایهپووچبوون ببن و بهشێكیان سهری خۆیان له وڵات ههڵبگرن و بهجێی بهێڵن. لهوهش بهرچاوتر، له سكاڵای هاووڵاتیان و بهدواداچوونه میدیاییهكاندا دهركهوتووه كه شارهكانی ههرێم پڕ كراون له داو و دهرمانی بێ كوالیتی و بهسهرچوو و خواردنی ئیكسپایهر، رۆژانه چهندین خواردنگهو دوكان لهسهر ئهو دۆخه دادهخرێن و به تهن كاڵاكانیان دهسووتێنرێن. ئێستا ناوبهناو به ئاشكرا تۆڕی گهورهی بازرگانیكردن به ماده بێهۆشكهرهكانیش ئاشكرا دهبن، ئهمه جگه له بازرگانیی نایاسایی به چهك و تهقهمهنی. جیا لهوانه، به چاوی روون دهبینرێت كه زانكۆ و پهیمانگا حكومییهكان لهچ دۆخێكدان، خوێندكاران تیایدا یان ئهوهتا به بهردهوامی ناڕهزایی و بایكۆتی هۆڵهكانی خوێندن دهكهن، یان له بێ مافی و بێ وهڵامیی دهوڵهتدا بۆ داواكاری و ناڕهزاییهكانیان به دڵی شكاو و سایكۆلۆژیایهكی نائومێدهوه خوێندن بهڕێ دهخهن، كاتێك پۆلێك خوێندكاریش بۆ خاڵیكردنهوهی بێزاری و نیگهرانییهكانیان دوو دروشم لهبهرامبهر دهوڵهت و دهزگاكانیدا بهرز بكهنهوه، دهستگیر دهكرێن و ئازارو ئهزیهت دهدرێن و بگره بۆ ماوهیهكی كاتیش بێت رادهگیرێن و دهخرێنه زیندانیشهوه. دۆخ و دیاردهی تر ههلهمهرجی قهزائی وڵات لهوان باشتر نییه. دادگاكان به سهربهخۆ نابینرێن، یان ناتوانن كاری ئاسایی خۆیان بكهن، یان ههڵسوڕان و كاریان بهپێی ههژموونی دهسهڵاتیی سیاسیی ناوچهو كانتۆنه كارگێڕییهكان دهگۆڕێن و یهك سیستهم نین. خراپتر لهوه، له ههرێمدا زیندانی سیاسی ههیه، دۆخی بهشێك له زیندانیان باش نین و رهوشی ناههمواری تهندروستییان له میدیاكاندا باس دهكرێت. هاوكات گرتن و دهستگیركردنی خهڵك ههیه بهبێ بڕیاری دادگا، ناوبهناو حاڵهتی ههڵكوتانه سهر ماڵان بهدی دهكرێت لهلایهن گروپی چهكداری ناسراو و نهسراوهوه، كوشتن و رفاندن و ههڕهشهكردن ههن. له ئاستی تردا، ئهوهی دهبینرێت ئهوهیه كه ئێستا، سهرلهنوێ، كولتوری خێڵهكیش سهری ههڵداوهتهوه، بگره بهشێك له بهرپرسانی ناو پارته سیاسییهكان رۆڵیان له بووژاندنهوهیان ههیه. لهم ساڵانهی دواییدا دهركهوتووه كه چهندین ناوچهی ههرێم پێكدادانی چهكداریی عهشائیری تێدا رودهدات، یان توندوتیژیی زهق له بهرامبهر رهگهزی مێینه پیاده دهكرێت و دهگاته چهوساندنهوهو كوشتن و فڕێدانی تهرمهكانیان. لهوانهش زیاتر، حاڵهتی لێرهو لهوێی تیرۆر كردنی سیاسی(إغتیالات) ههیه. ههرێمی كوردستان خهریكه به سیخوڕی وڵاتانی ههرێمایهتییش دهتهنرێن، به ئهزموونی چهندین رووداوی دڵتهزێن دهركهوتووه كه ئهو وڵاتانه به ئاسانی ئهتوانن بهرههڵستكارانیان لهناو خاكی ههرێمدا بكهنه ئامانج و به بهرچاوی دانیشتوانی ههرێمهكهوه هاوزمان و هاونهتهوهكانی پارچهكانی تری كوردستان لهناو ببهن. ساڵانێكی زۆریشه، وهك دیاردهیهكی بهردهوام، تۆپباران و موشهكباران و لهشكركێشیی ههردوو دهوڵهتی توركیاو ئێران بۆ سهر خاك و خهڵكی ههرێم ههن، بهڵام بهبێ ئهوهی تا ئێستا بتوانرێت رابگیرێن. لهدهرهوهی ههرێم له ئاستێكی تردا، پهیوهندییه عێراقی و ئیقلیمی و نێودهوڵهتییهكانی ههرێمی كوردستان مۆركی فهرمییان پێوه نهماوه، به گشتی بوونهته پهیوهندیی حزبی، یان ئارستهكراو بهپێی كارنامهو بهرژهوهندیی حزبیی پهتی. شهڕی میدیایی نێوان حزبهكان، زیانی زۆری له بازاڕو له ئارامی و میزاجی خهڵك و له ئاشتی كۆمهڵایهتی داوه. وڵاته یهكگرتووهكانی ئهمریكاو یۆنامی، تا ئێستا، چهندین راپۆرتیان لهسهر رهوشی ههرێمی كوردستان بڵاو كردۆتهوه كه وێنهیهكی خراپی ههرێمیان تیا دهردهكهوێت. دۆستهكانی كورد له زلهێزهكان ئامۆژگاری دڵسۆزانه دهدهن و له مهترسی و ههڕهشهكانی سهر چارهنووسی ههرێم هۆشیاری دهدهن، بهڵام تا ئێستا رهچاو نهكراون. خهمی نهتهوهیی نێوان ههرێم و پارچهكانی تر بۆ خراپترین ئاستی خۆی دابهزیوه. پهرۆشیی سیاسیی بۆ خاك و چارهنووسی ناوچه دابڕاوهكان، زیاتر بۆته بانگهوازی میدیایی و حزبی نهك پرۆژهیهكی نیشتمانی و كردهیی. لهو ناوچانهدا، به ههزاران خێزانی كورد له كهركوك، خانهقین، شهنگال، داقوق، خورماتوو، زێدی خۆیان بهجێ هێشتووهو هاتوون له شارهكانی ههولێر و سلێمانی و كهلار و دهۆك دائهنیشن. لهسهر ئاستی كێشهو دۆسییهكانیش لهگهڵ عێراقدا، پێشكهتنی ئهوتۆ نههاتۆتهدی. دادگای فیدراڵیی عێراق، بڕیارهكانی خۆی به بهركار بهرامبهر به ههرێم دهزانێت و چاوهڕوان دهكرێت لهههر ههلومهرجێكی ئاساییتری وڵاتدا جێبهجێیان بكات، ئهمه له كاتێكدا هێزه سیایییهكانی ههرێم لهناوخۆدا به شهڕو ململانێی حزبی و كهسییهوه سهرقاڵن، ئهوانهو دهیان دیاردهو ههلومهرجی تر كه ههموویان له كۆتاییدا ئهوه رووندهكهنهوه كه دۆخی ههرێم ئاسایی نییه. پێویسته دیوهكانی واقعی تاڵی وڵاتهكه ببینرێن، دان به ههڵهو كهموكورتییهكاندا بنرێت و پلان و چارهسهر بخرێنهڕوو بۆ ئهوهی ئومێدو هیوا بۆ هاووڵاتیان ههرێم بگهڕێتهوه. * ئهكادیمی و توێژهر له ناوهندی ئهكادیمی توێژینهوهی نیشتمانی ACNS
چیا عەباس کاک نەوشیروان لە دوا قۆناغی ژیانیدا راشکاوانە باسی لەوە دەکرد کە لە چەند وێستگەیەکی گرنگی ژیانی سیاسدا وردبینانە هەڵسەنگاندن و بریاری بۆ بەشێک لە دۆخ و روداو و کەسایەتی و هاوکارەکانی نەکردوەو نەداوە، هاوکاتیش بە پرسیارێکی بێ پێچ و پەنا رایگەیاند ئایا سیستەمی پەرلەمانی کوردستان رێگا دروستەکەیە بۆ گۆرانکاری و چاکسازی. ئاماژەیەکی حاشاهەڵنەگر بوو کە رۆڵی گۆڕان لەو سیستەمەدا کەوتبووە ژێر پرسیارەوە. زۆر جار رویداوە کە سەرکردەیەکی سیاسی و سەربازی خاوەن کاریزمای بەهێز لە گۆرەپانێکی سنوردارو تەنراو بە شەڕو کێشەی دژوارو سەخت و ململانێی حزبی و فکری و سیاسی و لە هەمو لایەکیشەوە گەمارۆدراو و لە غیابی دەزگای پێویست و راوێژ توشی هەڵسەنگاندن و بریاری نادروست بێت. وێرای ئەوەی کاک نەوشیروان لە بیری ستراتیژیدا سەرکردەیەکی زۆر دوربین و راستگۆ بووە، بەڵام ئەم بەهرەیە سەرکردە گەورەکانی بێبەری نەکردووە لە هەڵەی هەستیار. کاک نەوشیروان لەسەرەتای ژیانی سیاسیدا نیشتمانپەروەرێکی پێشکەوتنخواز بووەو لەو رێگەیەدا زیندانی کراوەو دوچاری گرفتی گەورە بووە، کاتێک بە خوالێخۆشبوان ئیبراهیم ئهحمەدو مام جهلال و هاوڕێکانی تر ئاشنا دەبێت، وەک خۆی وەسفی کردووە، هەست و هزرێکی ناجێگیر لای سەریان هەڵداوە، لەو سەردەمەدا وەک خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری رزگاری ئاڕاستەی گوڤارەکە بەرەو چەپی رادیکالی دەبات. نوسینەکانی دواتریشی لە ئۆرگانەکانی سەردەمی دروستبونی کۆمەڵەو یەکێتی (ژمارە سەرەتاییەکانی ئاڵای شۆرش) رەنگدانەوەیەکی زەق لە شێوازی بیرکردنەوەو ناجێگیریەکەی کاک نەوشیروان دەردەخەن. لەگەڵ ئەوانەشدا خودی خۆی باسی کردووە باوەری توندی جێگیری بە هزرە چەپە باوەکانی ئەو سەردەمە نەبووە، چونکە بە قەناعەتی خۆی چینی جوتیارو زەحمەتکێش و توێژی رۆشنبیر و خوێندکاری ئەو سەردەمەی کوردستان لە هزری نەتەوایەتی کلاسیکیدا گۆشەو پەوروەردە بوون، وەرچەرخاندنێکی نەوعی بۆ هزرێکی نوێی تا رادەیەک نامۆ بە کۆمەڵگای کوردەورای گەلێک ئەستەم و کێشەی قوڵیان لێ چاوەرەوان دەکرا. بە هەڵسەنگاندنی خۆم و پشتئەستور بە دورەرپەرێز راگرتنی خۆی لە قەناعەتکردن بە هزری چەپی ئەو سەردەمە خودی ئەم هزرەی وەک پلاسیبۆیەک بۆ دامرکاندنەوەی پارادۆکسی سیاسی و فکری خۆی بەکارهێناوە. کەم نین ئەوانەی ئەم قۆناغەی ژیانی سیاسی کاک نەوشیروان بە وەرچەرخاندنێکی گرنگ دەزانن. هەرچەندە کاک نەوشیروان مام جهلالی وەک سەرکردەیەکی گەنجی علمانی و پێشکەوتنخواز بینیوەو پشتیوانیشی کردووە، بەڵام بە باوەری خۆم لە ناخیدا جەلالی نەبووە، چونکە جەلالیزم نە هزر بووەو نە رێباز، بەڵکو دیاردەو روداوێک بووە وەک ئاوێنەیەکی رەتکردنەوەی چەند پراکتیک و هەڵوێستی سەرکردایەتی مەلا مستەفا، دیاردەیەک لە بنەرەتیشدا هەڵقوڵاوی سروشتێکی سەرەتایی خێڵەکی کۆمەڵگای کوردەورای بووە کە بە قەتماغەیەکی تەنکی مۆدێرن داپۆشرا بوو. کاک نەوشیروان ئەو سەردەمە بەئاگا نەبوو کە مام جهلال لەژێر کاریگەری و هاندانی سەرکردە ناودارەکانی (حرکە القومیین العرب) وەک جمال عبدالناصر، جۆرج حبش و احمد الخطیب دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلول هێدی هێدی لە مەلا مستەفا دوردەکەوتەوە. مەبەستیان بو زەمینە بۆ بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی هاوشێوەی ئەوەی خۆیان برەخسێنن و هاوپەیمانیەک لە گەڵیدا سازبکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی رۆژهەڵاتی " الوطن العربی" (دۆکیۆمێنت لەبەر دەستدایە باس لە رۆڵی جمال عبدالناصر لەو پرۆسەیەدا دەکات و هانی مام جهلال دەدات لە واقعی جیۆپۆلیتیکی بزافی کوردایەتی لە باشور یاخێ بێت و بەرەنگاری بێتەوە). رکابەرییەکانی نێوان مەلا مستەفاو دواتر ناسراو بە باڵی مەکتەبی سیاسی لە بنەرەتدا دەگەڕێنەوە بۆ ناکۆکییەکانی نێوان مەلا مستەفاو ئیبراهیم ئهحمهدو لەدور و نزیکەوە پەیوەندی بە چەپ و راست و لێکەوتەکانی ئەم دو هزرەوە نەبووە. روداوەکانی کۆنگرەی شەشی پارتی و روداوە چەکدارییەکانی ناوچەی شلێرو رۆشتنی دەستەیەکی باڵی جەلالی بۆ هەمەدان و چۆنیەتی گەرانەیان بۆ کوردستان ئەو راستییە دەسەلمێنن. ئیبراهیم ئهحمهد یادەوەریەکانی خۆی لە چەند سەد لاپەرەیەکدا نوسیوە کە ساڵانێکی درێژە لای زاواکەی دکتۆر لەتیف سەرۆکی کۆماری ئێستای عێراقە، تەنها چەند کەسێک، یەکێک لەوانە کاک نەوشیروان، بەشێکیان بینیوە. لە نوسینە ناودارەکەی کاک نەوشیروان لە "هاوخەباتیەوە بۆ تەخوین" راشکاوانە پاشەکشەی خۆی سەبارەت بەو متمانە مێژوییەی بە مام جهلال و باڵەکەی هەبوو رادەگەیەنێت، لەو باوەڕەشدام کرۆکی ئەو پاشەکشەیە بە ماوەیەکی کورت دوای راپەرین سەری هەڵدابوو و هۆکارێکی گرنگ بو بۆ دورکەوتنەوەی پچرپچری کاک نەوشیروان لە کوردستان. کاک نەوشیروان لەم پرسە زۆر هەستیارەدا هەڵەی کرد کاتێک نەیتوانی هەر زۆر زوتر خۆی لەو ئاڕاستەیە دور رابگرێت، لە ئاکامدا ئەوە کاک نەوشیروان بوو کە قورسترین باجی ئەو ئاڕاستە وەهمیەی داوە، ئەو بۆ خۆی دەمێک بوو دەرکی بەم واقعە تاڵە کردبوو، بۆیە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ دوای روداوە قێزوەنەکانی ناوچەی بادینان دژ بە تێکۆشەرانی یەکێتی لەلایەن پارتییەوە کاک نەوشیروان لە کۆبونەوەکانی سەرکردایەتی ئەو سەردەمەی یەکێتی جەختی لە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ پارتیدا کردووەو ئاکامەکەشی چەندین دانیشتن نێوان هەردوولا لە ڤێناو لەندەن بوو. بەشێک لەوانەی ئەو سەردەمە بە توندی دژ بە بۆچونەکانی کاک نەوشیروان بوون و شەڕەنگخوازی عەیارە ٢٤ دژ بە پارتی بوون ئێستا وەک سواڵکەرێکی سیاسی سەرقاڵی بازرگانی و پارە پەیداکردنن بە بازرگانیکردن بە سومعەو ناوی کاک نەوشیروانەوە. (کۆنوسی کۆبونەوەکان وەک خۆیان پارێزراون و لە نامیلکەی یەکەمی وێستگەکانی شەڕی ناوخۆ کە بەندە ئامادەی کردووە بە دورودرێژی باسیان لێکراوە). کاک نەوشیروان ئەم ئەزمونە زۆر تاڵەشی لەناو باڵی ریفۆرم و گۆڕاندا دوبارە کردەوە. لێرەدا هەڵەیەکی هەستیاری تری کاک نەوشیروان چاوەروانیاکانی بۆ ریفۆرم بو لە ناو یەکێتی و لەسەر دەستی سەرکردایەتیەکەیدا وەک تۆۆی بنەرەتی بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لە فەرمانرەوایی باشوردا. کاتێک لە هەڵبژاردنی مەڵبەندەکانی یەکێتی بۆ ریفۆرم شکستێکی گەورەی دروێنە کرد بیری لە رێگەیەکی تر کردەوە، دواتر لە دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕاندا گەڵالەی کرد. هەرچەندە ئەو دروستکردنە پێداویستیەکی ئەو سەردەمە بوه و پشتگیریەکی زۆر بەرفراوانی جەماوەری بەدەستهێنا، بەلام شێوازی ئاڕاستەکردنەکەی هەر لە سەرەتاوە هەڵەکانی تری مۆتۆربە کرد، بۆچی؟ لەژێر کاریگەری زۆربەی باڵی ریفۆرمی ناو یەكێتی کە بەشێک لییان بە دودڵی و مەرجیشەوە هاتنە پاڵ گۆڕان کاک نەوشیروان رەزامەند بوو ئەو تەوژمە بەهێزە جەماوەریە لە رێکخستنی نیمچە هەرەمیدا رێکبخات، بەم هەنگاوە رەحیقی خۆش بۆنداری بەهاداری ئەو بزافە جەماوەرییەی بەیەخەی کۆمەڵێک سیاسەتمەدارو تێکۆشەری دیڕین کە نامۆ بوون بە پرسی گۆڕانکاریی ریشەییدا پرژاند. لێرەوە لێکترازان و دورەپەرێزی ناو گۆڕان سەریان هەڵدا. کاتێک چەندین دۆست و کەسایەتی لێیان پرسی بۆ ئەمەت کرد؟ دەیگوت پێویستمم بە دەنگە بۆ گۆڕان و ئەوانە دەتوانن دەنگ کۆبکەنەوە. هەرچەندە ئەم بۆچونە راستیان لە خۆ گرتبو، بەڵام دەبو کاک نەوشیروان ئەم دۆخە بۆ دانی دەسەڵاتی زیاتر بە جەماوەر ببەخشێت نەک بە کۆمەڵێک سیاسەتمەدرای موخەزرەمی خاوەن فکرو ئەزمونی زۆر کلاسیکی و سنوردار. کاک نەوشیروان بەدەست کێشمەکێشی ناو گۆڕان و لەگەڵ هێزەکانی تر گیرۆدە بووبوو، چەند هاوکارێکی لە گۆڕاندا بە هۆکاری جیاجیاوە هێدی هێدی لێی دوردەکەوتنەوەو لە میدیاکاندا وەک ئۆپزسیۆنیکی نێو گۆڕان خۆیان عەرز دەکرد، هاوکارەکانی تریش کە ئەمەیان دەقۆستەوەو روکەشانە پشتگیریان لە رێکخەری گشتی دەکردو ئاگری ناکۆکییەکانیان خۆش دەکرد، بە کورتی خەریکی تەسفیەی حساباتی کۆنی ناو یەکێتیان بوون لە گۆرەپانی گۆڕاندا. کاک نەوشیروان بەرامبەر ئەم دیاردە قێزەونە جوڵەی پێویستی نەکرد، ئاکامەکەی خەستبونەوەی تەسفیاتەکە بوو لە ناو گۆڕان و لەسەر حسابی گۆران، ئەم هەڵەیە بونیادی گۆڕانی کلۆر کرد بێئەوەی تروسکاییەک روناکی بۆ چارە بەدی بکرایە. تا دەهات ئەم هەڵانە کەڵەکە دەبوون و بونیادی گۆڕانیان لاواز دەکرد، دەبوا کاک نەوشیروان دانی بەو واقعەدا بنایە کە ئەم دەستە تێكۆشەرە دێرینە ئولفەتیان لهگەڵ ئەم نەریتە رێکخراوەیی و سیاسییە گرتووەو بێ ئەمە هەست بە رۆڵ و ئێگۆو پێگەو دەسەڵاتی خۆیان ناکەن، ئەو نەریتە بۆتە بەشێکی ناسنەمەی مێژوو و ئێستاو ئایندەشیان و ئیرسێکە لە مێژوی یەکێتیبوونیان بۆیان ماوەتەوە. ئاکامەکەی تا ئەم چرکەیەش گوزرێکی کوشندەیە لە هزری گۆڕانکاری، لە دوا مەتافیشدا هەر ئەوانە رویاندا. لە دوا ساتەکانی ژیانیدا دەیگوت زۆر پەشیمانە لە پشتیگیریکردن لە چەند هەڵسوراوێکی گۆڕان، هەرچەندە کاک نەوشیروان لای چەند دۆستێکی خۆی هەمان بابەتی باسکردووە، ئەوەندە دەڵێم لە هەڵسوراوە ناودارەکانی گۆڕان بوون لهناو گۆڕان و حکومەت و پەرڵەمان و فەرمانرەواییە لۆکاڵیەکانیش، ئێستا لە هەڵسوڕاوەوە بون بە بادراو. نەخۆشی خۆی و بێباکی و لاوازی هاوکارەکانی دەرفەتیان نەرەخساند تا کاک نەوشیروان هەوڵێک بۆ راستکردنەوەی ئەم دۆخە بدات. لە دوری چەند هەزار کیلۆمەترێکیشەوە نەیدەتوانی سنورێکیان بۆ دابنێت. هەر لەو سەردەمەدا زۆر بەئاگا بوو چی لە گردی زەرگەتە لە سەرجەم بوارەکانی گۆڕاندا دەگوزەرێت، تایبەت دۆخی رێکخراوەیی و راگەیاندن و دارایی و ململانێ نارەواکان، لەبری ئەوەی سەرکرداتییەکی سێبەری بەتواناو کاریگەر بۆ بزوتنەوەکە دروست بکات هات لە سەبەبکارانی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ناو گۆڕان دەستەیەکی بەناو راوێژی دروستکرد، ئەم هەڵەیە ئەو دلۆپە ئاوە بوو کە ئیتر ئاو لە سەتڵەکە برژێت. هەرچۆنێک بێت ئەم هەنگاوەی کاک نەوشیروان، خۆشمان بوێت یاخود ترش، زەمینەخۆشکەرێکی گرنگ بوو کە بزوتنەوەی گۆڕان دوای وەفاتی بەرەو پروکانەوە رۆیشت. لە کۆی گشتی ئەو هەڵسوڕاوانەی کاک نەوشیران پشتگیری کردون زیاتر لە نیوەیان بۆ بەرژەوەندی تایبەت سەنگەری گۆرانکاریان جێهێشتووەو بەشێکیش لێیان لە جومگەکانی دەسەڵاتی هەرێم لە لوتکەوە تا خوارەوە تا سەر ئێسک لە نادادپەروەریەوە تێوەگڵاون و بەشێکی بەرچاویش لە ماڵی خۆیان دانیشتون. کاک نەوشیروان بێ یەک و دو بەرامبەر بە هەستیارترین پرس کە پرسی تەوریسە دەبوو زۆر راشکاوانە قسەی خۆی بکات، زۆر باش دەیزانی کە ماوەیەکی کەمی لە ژیاندا ماوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لەسەر ئەو پرسە تائێستا زانراوە کۆبونەوەیەکیەتی لەگەڵ عومەر سەید عەلی لە لەندەن و وەک نمای کوریشی دەڵێت تۆمارێکی دەنگی باوکیەتی لەسەر ئەو پرسە. ئەم دو ئەڵقە تەماوییە لە پرسێکی وا گرنگ و هەستیاردا زەمینەیەکی زۆر بەپیتی بۆ نەیارەکانی کاک نەوشیروان لەناو گۆڕان و دەرەوەشی رەخساند تا هەوڵێکی چروپڕ بدەن بۆ لەکەدارکردنی ناوو ناوبانگی. هەرچەندە مێژو ناگۆردرێت بەڵام دەکرێت دەستی تێوەربکرێت و بیشێوێنن و بە ئاوێنەیەکی شکاوی رزیوی کەرودار نمایش بکرێت. کاک نەوشیروان تەنانەت دوای ماڵئاوایشی باجی دڵپاکی و بەرزنرخاندنی رەوشتە بەرزە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکانی دەدات، ئەوە زۆر جێگەی داخە بەشیک لە دۆست و هاوکارە دێرینەکانی هۆکارێکی گرنگی ئەو دۆخەن. کاک نەوشیروان سەبارەت بە هەڵەی ستراتیژی ژیانی سیاسی کە گۆڕانکاری لە فەرمانرەواییدا بە چاکسازی حزبیەوە دەست پێدەکات پەشیمان دەبێتەوە، و سیستەمی پەرلەمانی کوردستانێش بە کەعبەی گۆڕانکاری نازانێت کاتێک لە کۆرێکی گۆران لە لەندەن لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٦ دا دەیخاتە ژێر پرسیارەوە، دواتر پرسیاری ئەڵتەرنەتیڤەکانی لێکراوە، لە واقیعدا وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی نەبوو، پێشەکی گوتیویەتی بەرپابونی تسونامیەکی سیاسی کۆتایی بە هەمو ئەم سەرکردەو بنکردانە بە خۆشمەوە بهێنێت، یاخود دوو ئیدارییەکی ئەرێنی لەسەر بنەمای ململانێی دروست و کێبرکێ بۆ خزمەتکردن خەڵک. سەرەڕای ئەو پروکانەوەیە هەڵسوارە دڵسۆزەکانی گۆڕان چەندین هەوڵی جدیان دا تا سەرکردایەتی نوێی گۆڕان بەئاگا بێتەوە، مەخابن ئەوان فێری ئەوە نەبوون کەس رەخنەیان لێبگرێت و خۆیان لەسەروی حەوت تەبەقەی ئاسمانەوە دەبینی. ئەم غرورە رێکخراوەیی و حزبیە ئاستی متمانەی خەڵک پێێانی تا ئاستی سفر هێنا، لەگەڵ ئەوەشدا فێرنابن و دان بەهەڵە کوشندەکانیاندا نانێن. لەبری ئەوە دێن ئەم و ئەوی دەوربەریان هاندەدەن بە پرۆژە و بەڵێنی بێ گەرەنتی و بنەما جەماوەرە رەسەنەکەی گۆڕان لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە، تێناگەن لەوەی ئەو جەماوەرە مارانگخواز بووەو بە بۆشی متمانەیان پێ نابەخشنەوە. هەڵسوراوە رەسەنەکانی گۆڕانکاری زۆر باش دەزانن کێ لە پشت ئەم کارەسات و ماڵوێرانیەی گۆڕانکارییەوەن، زۆر تایبەت لە ناو خودی بزوتنەوەی گۆڕاندا، کەسانیک دەمامکێکی تەنکی بێشەرمیان لە روخسار و پێگەیان ئاڵاندووە، ئەوەی زۆر ئازارادەرە ئەمانە تا ئەم چرکەیەش لە گەورەیی و ناو و ناوبانگی و هەڵەو باجەکانی کاک نەوشیروان حەزە وردیلەو زەبەلاحە شەیتانیەکانیان تێردەکەن. بێگومان ئاڕاستەی ئایندە وەک مێژوو نامێنێتەوە. رۆتەردام: ٥ دیسەمبەر ٢٠٢٢
زەبەنگ بەهادین کاتێک مرۆڤ بانگەشەی ئازادی دەکات بۆ خۆی و دەرگاکان قفڵ دەکات لەسەر بەرامبەرەکەی ، کاتێک خۆت بیر دەکەیتەوە و دەتەوێ راست و چەپی خۆت بزانی بەڵام رێگاکانی بیر کردنەوە دا دەخیت لەسەر بەرامبەرەکەت ، کاتێک بروا بوون بە زانست رۆژانە قوڵ دەبێتەوە و دەیبینی بە چاوەکانت و بەرامبەرەکەت ئاراستە دەکەیت بۆ خورافات و متۆلۆژیاکان ، کەواتە تۆ بەشێکی لە وێرانکردنی کۆمەڵگا و نەوەکانی . پێش رزگارکردنی عێراق ئەم وڵاتە لادێیەکی چەپەکی گەورەی دوور لە جیهان بوو ، کۆمەلگایەکی داخراوی تێکەڵ لە مەزهەب و تایەفە و نەتەوەی جیاواز ، لە ناو چوار چێوەیەکدا دەسوراینەوە کە هەمان چوار چێوەی هەزار ساڵ لەمەو پێش بوە ، هەر کۆمەڵە و بەشێکی بۆ خۆی هەڵبژارد بوو یاسا و رێساکانی بە پێی ئەو بەشە دادەرشت لەسەری دەرۆشت . دوای رزگارکردنی عیراق ژیان گۆرا بیرکردنەوە و دنیا دیدەی و روانگەکان گۆران بە تایبەت لە هەرێمی کوردوستان هەموو دەرگاکان لە کاتێکی زۆر کورتدا کرایەوە بە تایبەت کاتێک کۆمەڵگای کوردی ئەو دەرگایانەی بۆ کرایەوە تەکنەلۆژیا لەسەر پلیکانەکانی خێرا سەرکەوتن بوو بۆ سەرەوە ، ئەم گۆرانکاریە سیاسیانەی بەرۆکی هەرێمی گرت بووە هۆی خولقاندنی گۆرانگاری سۆسێلۆژی و کۆمەڵایەتی لەپر بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا لە ئەنجامداا دوو نەوەی زۆر جیاواز دروست بوون لە ناو هەرێمی کوردوستان نەوەی دوای ساڵانی نەودەکان و نەوەی پێش سالانی نەودەکان . نەوەی پێش سالانی نەوەدەکان نەوەیەکی داخراوی موحافزکاری دەستگرتو بە کلتور و دین و داب و نەریتەکان ، نەوەی دواتر نەوەی کرانەوە تەکنەلۆژیا و ئایدیا و جیهانگیری . ئەمرۆ نەوەیەکی دی هاتۆتە پێش وەچەی نەوەی تەکنەلۆژیان نەوەی تێکەڵبوون بە جیهان و سیستمی کاپیتالیزمی جیهانی ، ئەوە سیستمەی لە سەرەتای لە دایک بوونی مرۆڤەوە کار لەسەر لیبرالیەت و ئازادی رەهای تاک دەکات قۆناغ بە قۆناغ لە مێشکی تاکەکانی کۆمەڵگادا دەیچەسپێنێ لە پێناو بەرژەوەندی خۆی و مانەوەی ، ئەم سیستمە کاری تەواوی کردوە بۆ ئەوەی نەوەی پێشتر نەتوانن کۆنترۆلی ئەم نەوە نوییە بکەن و لە هەمان کات بە خێرای گۆرانکاریەکان لەم نەوەیەدا تۆخ دەکاتەوە . ئەمرۆ مناڵەکات لە ژێر کارێگەری سیاسەت و تەکنەلۆژیایەکی جیهانیگری سیستماتیکی کاپیتالیزمە ، لە رێگەی یاریەکانی فلیمەکانی زنجیرەکانی لە رێگەی قوتابخانە سۆشیال میدیاکان تەنانەت رەنگ و بۆنی جل و بەرگ و پێداویستیەکان لەرێگەی مافەکانی مناڵ و ئازادییەکان کار دەکات بۆ کۆنترۆلکردنی منالەکەت بە ناوی نیو لیبرالیزم ، تۆی باوک و دایکیشی دەست بەند کردوە لە رێگەی یاسا تایبەتەکانی پاراستنی تاک و ئاسانکردنی رێگاکانی هەلهاتن و یاخی بوون بەرەنگار بونەوە بۆ ئەم نەوەیە . بۆیە دەبینی کۆنترۆڵکردنی مناڵەکەت کارێکی ئاسان نەماوە ، رێگایەکی لێ بگرە سیستم سەد رێگای نوێ دەدۆزێتەوە بۆ گەیشتن پێی و ئاراستەکردنی بەو شێوەی بەرژەوەندی خۆی دەخوازێت ، رەنگە بپرسین ئایا ئەمە باشتر نییە بۆ مناڵەکە تێکەڵ بە سیستمی جیهانی و نوێگەری و پێشکەوتن ببێت ، بۆ زانینی ئەنجامی باشی و خراپی ئەم تێکەڵبوونە زەمەنێک و لێکۆلینەوەیەکی ووردی پێویستە تا ئەنجامەکانی ئەم تێکەڵبوونە بدۆزرێتەوە ، بەڵام ئەوەی روون و دیارە ئەم تێکەڵبونە بۆ بەرژەوەندی سیستمە جیهانییەکەیە ، راستە لە پالیدا ئازادی تاکە کەس زیاتر دەبێت بەلام تاک گەرایش لە پاڵیدا پەرە دەسێنێت ئەمەش بە مانای هەلوەشاندنەوەی کۆمەلگاکان و خێزانی زیاتر . گرنگ ئێستا کۆنترۆلکردنی مناڵەکەت ئەو کارە ئاسانە نەماوە ، رەنگە لێرەش بپرسین بۆ کۆنتتۆڵی منالەکان بکەین بۆ وەک ئێمە داخرا و کەم بین بن ، رەنگە بڵێین با ئەمانە ئازادانە بژین و چاوکراوەتر و باشتر لە ئێمە چێژ لە ژیان ببینن و گوزەری تێدا بکەن ، هەمان شێوە وەلامی ئەم پرسیارە شیکاری وورد و کاتێکی زۆری دەوێت تا ئەنجامی ژیانی نەوەی نوێ ببینرێت لە داهاتو ئایا ئەو نەوەیە دەبێتە سوپەر مرۆڤ یان دەبێتە کاڵا و ئامێری دەستی سیستمی کاپیتالیزم . باوان ئەمرۆ چیبکەن لە نێوان بەرداشی کلتور و دین و کۆمەلگاو لەگەل مۆدیرنە و نیو لیبرال و سیستمی جیهانی ؟ وەلامی ئەم پرسارە لە نێو خودی ئێستای خێزانەکانی کوردیدا هەیە دەبینین باوان و مناڵان لێک تێناگەن و مەودای نێوانیان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت ، دەبینین هێدی هێدی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان کەمتر دەبنەوە لە بری ئەوە توندو تیژی زیاتر دەبێت و کوشتن و راکردن و سەر هەلگرتن زیاد دەکات ، ئەم شەرە بۆ هەردولا شەرێکی دۆراوە ، بۆیە باشترە باوان لە کۆنترۆلکردنی مناڵان بگەرێن و هەوڵبدەن لەم گۆرنکاریە نوێیە تێبگەن و لەگەلیدا گوزەر بکەن ، دەبێت باوان ئەوە بزانن بەرەنگار بوونەوەی سیستم بەمان ناکرێت چونکە باوانیش بێ بەش نین لە کوشتنی ئازادی تاکە کەسی و باوک سالاری و کۆنە پەرستی ، باشترین ئەوەیە زمانێکی نوێ لە نێوان هەردولا دروست ببێت لە سەر بنەمای بیرکردنەوەی ژیرانە و هوشیارانە رێگەیەکی نزیک لە یەک بدۆڕیتەوە ئەویش بە بەرز بوونەوەی باوان بۆ ئەو جێگەیەی مناڵان پێی گەیشتون نەک هێنانە خوارەوەی مناڵان بۆ حەسارەکانی باوکان ، لەبەر ئەوەی سیستم لە سەرەوە کار دەکات بۆیە دەبێت بچیتە لای سیستمەکە تا چاڵ و قوژبنەکانی بگریت و ژیانێکی باشتر بۆ هەردوو لا مسۆگەر بکەیت .
د. نەوزاد هەمەوەندی سیاسەت و حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی ئابووری گرنگترین پایەكانی دەوڵەت و دەوڵەتدارین , كاتێك سیاسەت دەخرێتە بەرژەوەندی ئابووری بۆ حوكمڕانیەكی تەندروست و زیاتر خزمەتكردنی هاوڵاتیەكانی , وە هەندێك جاریش ئابووری دەكرێت بە ئامراز بۆ سیاسەتێكی نا تەندروست و بەرژەوەندی خوازی دەستە و تاخم و چەند كوتلەیەكی هەل بۆ ڕەخساو بۆ دادۆشینی ئابووری ووڵاتەكەیان و مانەوەیان لەسەر كورسی دەسەڵات و كڕینی وەلائی چینێكی نزیك لە دەسەڵاتی خۆیان. هەربۆیە كاتێك بەراوردی نێوان ووڵاتێكی پێشكەوتوو لەگەڵ ووڵاتێكی دواكەوتووی وەك عێراق دەخەینە بەرباس و لێكۆڵینەوە, بۆمان دەردەكەوێت حوكمڕانی و سیاسەت چەندە گرنگن بۆ پێشخستنی ئابووری ووڵات و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیەكانی . كە ووڵاتێكی وەك عێراق ئابووریەكەی خستۆتە خزمەت سیاسەتێكی سەرمایەداری و بێبنەما و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی ووڵات بۆ بەرژەوەندی چینێكی دیاریكراو لە ژێر ناوی دیموكراتی و فیدڕاڵی و زۆرجاریش مەزهەب و مەزهەب گەرایی كە كاریگەری ووڵاتانی دراوسێ و ئیقلیمیان بەسەرەوە هەیە . وە زۆرجار لەسەر خواستی ووڵاتانی بەرژەوەندی خواز و دراوسێ و ووڵاتانی ئیقلیمی ,سیاسیە عێراقی و بەرپرسەباڵاكانیان لە حزب و حكومەت لە دژی هەرێم و لە خودی ووڵاتەكەش بەكاردێنن بۆ شێواندنی بارودۆخی ئابووری عێراق و سەقامگیر لە ڕووی ئەمن و ئاسایشەوە لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی كە ڕەنگە لە ڕویك لە ڕووەكانەوە ئەم ناسەقامگیریە دەبێتە بەرژەوەندیەكی ئابووری و سیاسی بۆ ووڵاتانی ناچەكەو خەلكێكی بەرژەوەند خواز. بۆیە ئەوەی لەسەر حكومەتەكەی سودانی پێویستە دورخستنەوە و لێسەندنەوەی دەسەڵاتە لە هەندێك بەرپرسی گەندەڵ لە ڕووی كارگێری و ئابووریەوە بۆ ئەوەی لە ڕووی ئابووریەوە عێراقێكی بەهێز دروست ببێت و ببێتە هەنگاوێكی هەڵسانەوە و بەرەو ئاڕاستەیەكی دروست بۆ بوژاندنەوەی كەرتی پیشەسازی و كەشت و گوزار و كشتوكاڵ و ڕەخساندنی هەلیكار چونكە لە ئیستادا عیراق لەبەردەم دووڕیانێكی مەترسیدارە هەم لەڕووی ئابووریەوە هەم ڕووی سیاسیەوە . مامۆستای زانكۆ
نەوزاد جەمال لەسەروبەندی تۆپبارانی تورکیا و ئێران، جارێکیتر جاڕێکی میدیایی بڵاوبووە کە هەرێم لە بەردەم هەڕەشەدایە. دیارە، هەمان سیناریۆکانی ٢٠١٦ لە رۆژئاوای کوردستان بەدوورناگیرێ دووبارەنەبێتەوە. بەڵام، پرسیاری ئەوەی ئاخۆ هەرێم لەبەردەم هەڕەشەدایە؟ من بەجۆرێ لە پاساوسازی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێستای دەبینم. چونکە، شاردنەوەی کۆمەڵێ مەترسی راستەوخۆی ناوخۆیی لەسەر ژیان و گوزەران لەئارادایە، ئەم جاڕنامەیە پاسی ئەکات. هەندێکیش هەڕەشەکە وەک پەیامێکی هۆشداریی بۆ دەسەڵاتداران بەکاردێنن کە خۆتان چاک بکەن. جگەلەوەش، هەندێکیتریش شۆکن بە هەڵوێستی ئەمریکا لە بەرامبەر پرسی کورد چ لە رۆژئاوا یان هەرێم. چونکە، کورد نەک هەر خۆی بەدۆست، بەڵکو بە هاوپەیمانێکی ستراتیجی ئەمریکا دادەنێت. لە کاتێکدا کورد لە گۆشەنیگای خۆیەوە، ئەرکێکی ستراتیژی بۆ ئەو وڵاتە لەبەرامبەر کورددا داڕشتوە. بەڵام، رووداوەکان دەریانخست کە ئەوە هەر لە خەیاڵی خۆیدایە. شەنوکەوێکی رووداوەکانی دوودەیەی رابوردوو، هەر لە رێگەدان بەفڕینی هێزی ئاسمانی سەدام حسێن تا ریفراندۆم و واوەتر، ئەو خەیاڵە دەگۆڕن بەبقڵقی سەرئاو. ئەگەر شتێکیش بەناوی هاوپەیمانێتی کورد/ئەمریکا هەبێت، لە پەیوەندییەکی نێوان "فیل و مشک" پتر نییە. ئەوە، هاوکێشەیەکی ناتەواوە ئەگەر پێمان وابێ، فیل و مشک رێککەوتوون. هەرچۆنێ مشک خۆی بخاتەپشتی فیلەکەوە و بە لمۆز و سمی فیلەکەوە خۆی هەڵبکێشی، ساتێکیش دێ کە پانیبکاتەوە. رەفتاری ئەمریکا لە زۆربەی حاڵەتدا لەسەر بنەمای هێزە نەک مرۆیی. کام جەمسەر لە کێشەکاندا سەربکەوێ و بەهێزبێ، دەچێتە نێو بازنەی بایەخ و هاوپەیمانێتی. دۆست لای ئەو مافخوراوە و نەیار و دوژمن و دژبەرەکانیش بەردەوام لەبەرچاوگیراوە. وەک راوێژکاری پەیمانگەی رۆن پاوڵ 'جۆن لاگلاند' ئەڵێ: 'باشترە دوژمن ئەمریکابی وەک لەوەی دۆستی. ئەگەر دوژمن بیت، رەنگە هەوڵبدەن بتکڕن؛ بەڵام ئەگەر هاوڕێیان بوو، بەدڵنیاییەوە دەتفرۆشن'. کەواتە، زلهێزێکی وەک ئەمریکا، بههۆی دوژمنه سهرسهختهکانییهوه، بەردەوام دۆسته نزیکەکانی فهرامۆشدهکات. گرفتەکە لە دروشمی هاوپەیمانێتیدا بۆ چەند راستییەک دەگەڕێتەوە. یەکەم؛ ئێمهی کورد وشهی هاوپهیمانیهتی بهو پێناسهیەی که له کولتوری خۆماندایه تێدهگهین و لێکدهدهینهوه. له کاتێکدا نازانین له فهرههنگی سیاسی ئهمریکیدا چ دهلالهت و رهههندێکی هەیە. ناکرێت کاری دیپلۆماسی و پهیوهندی سیاسی و سیاسهتی دهرهکی وڵاتان له سۆنگهی دڵسافی کوردهوارییهوه لێکبدهینهوه. دۆستایهتی وهک ئهوهی له دیوهخانەکەی خۆمبم و کهسیکی بیانی گرنگ بیت و چایهک بخۆینهوه وههندیک قسهوباس و ههواڵ تاوتوێبکهین. جا ئهگهر وابێت هاوپهیمانی و پهیوهندی سیاسی و دیپلۆماسی ئهوا 'مهحمود بهگی جاف' که پێشوازی له 'ریچ' بهریتانی کردووه، پێشترینه لهو بوارهدا که هەر زوو دەستی ناسیویهتهوە، باشترین هاوپیەمان بووە. لە ڕاستیدا، پەیوەندی لە نێوان کورد وەک بەرژەوەندی و چارەنووس لەگەڵ زلهێزەکاندا نییە. تەنها وەک سەرۆکی حزب و بەرپرس هەبووە و هەیە. نازانم بە دیاریکراوی چەندان ملیۆنی پارەی خەڵکی هەرێم بەناوی لۆبیکردنەوە و بەشداریکردن لە کۆڕکۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا بەفیڕۆچووە، بەڵام بەزۆری لەپێناو پشتیوانی و بەهێزکردنی پێگەی کەسی حزبیدا بووە. هیچ کات پاشەڕۆژ و داهاتووی گەلی کورد تێیدا ئەجێندای سەرەکی نەبووە. ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی(نەوت وگاز یان گیانفرۆشی چەکبەدەست) پترنەبووە. گرفتێکیتر، بریتیە لە زاڵبوونی "ئەقڵیەتی شاخ"ە. هەرکەسێ بارێ چەک و بارگیرێ ئازوقەی ناردبێ، کراوە بەدۆستی ستراتیجی و هاوپەیمان. ئەگەر ئەوە بەجۆرێک پاساوی خۆی هەبووبێ، بەڵام، بێئاگاین لەوەی رۆڵەکانی کوردستان وەک ئامرازی بەدیهێنانی ئامانجێکی سیاسی و ستراتیجی دەوڵەتەسەردەستەکان بەکارهێنراوە. له مێژووی 'چهکداری کورد'دا- ناڵێم بزاڤ و جوڵانهوهی سیاسیی کورد کە جیاوازە- زۆر باسی پهیوهندی کورد به دهوڵهته زلهێزهکانهوه کراوه. تهنانهت، پهیوهندی هێزی چهکداری کورد، به دوژمنانی بهشهکهیتری کوردستانهوه چ له رووی لۆجیستیکی یا پشتیوانیترەوە بهئامانجی بهکارهێنانی دژ بەدەوڵەتەکەیتر هەبووە. ههر بهرپرسێکی کورد که دهستی گهیشتبێته بهرپرسێکی زلهێزێ- جا بهرپرسهکه سیاسی یان زۆربەی جار موخابهراتی یان سهربارزی، بهدهستکهوتی گهوره ههژمارکراوه. بەڵام، ئەوە لەسەر حسابی بەشەکەیتر کەوتووە! دەبێ ئەو راستییە بزانین کە 'کورد' بۆ ئەمریکا و ئەروپا و زلهێزەکان بە سێجۆر هەبوویەکی چەور و سوودبەخشبووە: - وەک هێز و بازووی شەڕکەر؛ جا ئەوە لە سوارەی حەمیدیەوە بێ تائەمڕۆ. هەر حکومەتێ هێزێکی لێدروستکردووە و کراوە ئەسپی تەراودە. سەدام بەناوی خەفیفە و ئیتر لە تورکیا و ئیران هتد... بەڵام، تائێستەش کورد پرسیارێکی لە خۆی نەکردووە: گەلێک هەیە کە شەڕکەرێکی ئازابێ و نەتوانێ خۆشی رزگارکات؟ - وەک هێزێکی مرۆیی دروستکردنی سەرئێشە و پشێویی بۆ ئەو دەوڵەتانەی بەسەریدا دابەشبووە. بەناوی کارتی مافی مرۆڤەوە خراوەتەسەر مێزی ریکەوتن و هاوپەیمانێتی خۆیان. - وەک سەرچاوەسروشتییەکان خاک و نیشتمانی پارووەیەکی باشە. بەڵام، سەرەڕای ئەوە دەبێت لە لۆجیکی بەکارهێنان و سوومەندبوون لە کورد وەک هێزێکی مرۆیی و پرسێک لەخۆیدا گۆڕاوێکە-ڤاریابڵ- لەهاوکێشەکاندا نەک پنتێکی جیێگیر. بەپێی خواست و پێداویستییەکان رۆڵ و ئەرکی گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و دێت. کەواتە، ئەو هاویپەمانیە خەیاڵخۆشییە و هیچتر. تکایە، ئەگەر جارێکیتر داگیرکراین یان دۆڕاین یا پشتمانتێکرا کەس ئەو قسە ناماقوڵي نەڵێتەوە کە "جگەلە چیاکان کەس دۆستمان نییە". پاساوی نەزانی و"گێلیتیمانی پێنەدەینەوە. ئەوەندە نابەجێیە چونکە بۆتە باوەڕێکی جێگیر چێندراو لەناخماندا و لەبینی راستییەکان بەرچاوی گرتووین. با چیتر لەرووی دڵسافی و مۆراڵیشەوە باس لە دروشمی "هاوپەیمانێتی سیاسی" نەکەین. سیاسەت، هەر جەنگە بەڵام بە ئامرازی دیپلۆماسی. پڕە لە دڵرەقی و بێبەزەیی و بێگیانی. ئەگەر، کورد مهحکومه به جوگرافیا، خۆی به دووبارهکردنهوەی مێژوو مەحکوومکردووە.
گوڵاڵه سدیق بەپێی یاسایی ژمێریاری لە 12/31ی هەموو ساڵێک ژمێرەی کۆتایی (حسابات الختامية) دەردەهێنرێت و کۆتایی دەهێنرێت بەکۆی داهات و خەرجیەکانی ئەو ساڵە، لە 1/1ی هەموو ساڵێک حکومەت دەچێتە حساباتی ساڵی نوێوەو نابێت فلسێکی ساڵی کۆن بچێتە ناو ساڵی نوێوەو لەناو ساڵی نوێ خەرج بکرێت. (واتە هەموو حساباتێک لەماوەی ساڵێکدا بۆ 360 ڕۆژە، کۆی داهاتی 360 ڕۆژ بەسەر خەرجی 360 ڕۆژ دابەش دەکرێت). بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، لە مانگی کانوونی یەکەم (12) موچەی مانگی تشرینی دووەم (11) وەردەگێرێت، وە موچەی مانگی کانوونی یەکەم (12) دەچێتە مانگی کانونی دووەم (1) ساڵی نوێوە. واتە لە هەرێم، ساڵی دارایی (سنة المالية) تەنها 330 ڕۆژە ( کۆی داهاتی 360 ڕۆژ بەسەر خەرجی 330 ڕۆژ دابەش دەکرێت). ئەمەش لەڕووی دارایی و ژمێریارییەوە هەڵەیەکی گەورەو ئیدارەدانێکی هەڕەمەکی و ناتەندروستە، ناچێتە هیچ فەرهەنگێکی یاسای بودجە و دارایی و ژمێریاری و چاودێری داراییەوە! سەرئەنجام، سەرۆکی حکومەت دڵخۆشە بەم حکومدارییەو بە قەولی خۆی موچە لەسەردەمی ئەمدا دوانەکەتووەو بێ کێشە هەموو مانگێک خەرجکراوە! بەڵام لەڕووی ئیدارەدانی داراییەوە ئەوەی دەگوزەرێ وەک سەردەمی شاو سوڵتانەکانە، هەرکات جەنابی سوڵتان مەکرەمەی نواندبێت دوو فلسی داوە بە خەزنەدارەکانی تا بەسەر ئەو ڕەعیەتە ڕەشوڕوتەدا دابەشی بکەن و شایەرهکانی بکەونە چەپڵەلێدان و بڵێن موچە دەدرێت!
عەدالەت عەبدوڵڵا ترسی سیاسی له ەشوێنكەوتنی هێڵێكی دیاریكراوی بیركردنەوە، ترسێكی رەوایە. بیر توانای كۆنترۆڵكردنی واقعی نییە تا دەرگایەكی هەمیشەیی بەسەر قەناعەت و بیروباوەڕەكانی، یان بەهاو پرەنسیپەكانیدا، دابخات. بیر بەبێ پەیوەندییەكی هەمیشەیی لەگەڵ واقعدا، بەبێ خۆپشكنینی بەردەوام لەبەر رۆشنایی ئەوەی لەواقعدا دەگوزەرێت، بەبێ درككردن بەو جەبرو كاریگەرییانەی كە واقع دەیانسەپێنێت، دەبێتە كۆمەڵێك چەمكی بت ئاسا، كۆمەڵێك وێناكردنی داخراو، بگرە رستێك خورافەت و وەهم. بەڵام لەم پەیوەندییەدا، بۆ ئەوەی بیر نەبێتە نێچیری واقع، واقع بەهەموو دەركەوتەكانییەوە جڵەوی نەكات، ئەوا دەبێ چاوی لەسەر پێدراوە تازەكان و وێنە گۆڕاوەكانی واقع بێت، ئاگای لەگەشەی سروشتی و ناسروشتیی دیاردەكانی ناو واقع بێت، هەوڵی بینین و ناسین و پۆلێنكردن و جیاكردنەوەو بەراوردكردنیان بدات. واتە بۆ ئەوەی نەبێت بە ئایدیۆلۆژیاو وەرنەچەرخێ بۆ تەفسیرو حیكایەتێكی سەرمەدی Eternal لەبارەی ئەوەی كە لەدنیای مرۆڤ و كۆمەڵگاو جیهاندا دەگوزەرێت، ئەوا مەحكومە ئەنگێزەیەكی زانستی هەبێت، واتە لەهۆكاری گۆڕان و ئاڵوگۆڕ، یان گەشەو وەرچەرخانی دیاردەكان، وردببێتەوەو تێبگات. بیر بۆ ئەوەی لەكۆنسێپتێكی نموونەگەرادا idealistic نەمێنێتەوەو گەردوون تەنها وەك كۆمەڵێك بیروباوەڕو وێنەی عەقڵی نەبینێت، بۆ ئەوەی لەكۆنسێپتێكی ماددەگەراشدا materialistic چەق نەبەستێت و بیرو هۆشیاری وەك رەنگدانەوەی جیهانی ماتەریاڵ نەژمێرێت، ئەوا دەبێ ئەو پەیوەندییە دیالیكتیكیە لەنێوان خۆی و واقعدا بدۆزێتەوە، چونكە خودی واقعیش، لەزۆر ئاستدا، دەشێت بەرهەمی بیری مرۆڤ بێت، تەنها لەو ئاستانەدا نەبێت كە بیر توانای كۆنترۆڵكردنی رەگەزە سروشتی و ماتەریاڵەكانی ناو واقع-ی نەبێت، واتە ئەو رەگەزانەی كە لەدەرەوەی بیری مرۆڤ هەبن و بوونێكی سروشتی و بەرجەستەو ماتەریاڵییانەیان هەبێت. بێگومان راستە خودی مێشك كە سەرچاوەی زانینە لای مرۆڤ لەماددە پێكدێت، راستە ئەوەی كە بیر دەیكاتە هۆشیارییش دەتوانرێت لەرێگەی گۆڕانكارییە فیزیۆكیمیاییەكانی جیهازی عەسەبیی مرۆڤەوە لێكبدرێتەوە، بەڵام ئەوەش راستە كە، بەبێ دركردنی بیر بەبوونی ئەم بوونە ماتەریاڵییەی مێشك و وەزیفەكانی و دنیای ماددە بەگشتی، ئەستەمە واقعی ماددە لەبیردا واقعێكی دركپێكراوبێت. بۆ نموونە، جیهانی ئاژەڵ كە بەشێكی دیار لە پێكهاتە فسیۆلۆژی و بایەلۆژییەكانی مرۆڤی هەیە، هەمان جیهانی مرۆڤ نییە لە درككردن بەواقع و پرۆسەكانی عەقڵانیكردن و رێكخستن، یان جڵەوكردن و ئاراستەكردنی دیاردەكاندا، لێرەوە ئێجگار گرنگە كە بزانین بیر، لەئاستی سیاسیشدا، ناچارە توانای درككردنی هەبێت بەگۆڕانكارییەكانی ناو واقع و گەشەكردنی دیاردەو رووداوەكانی. بیر، بۆ ئەوەی هێزی گەورەی داهێنان و ئاشكراكردن و دۆزینەوە بێت، ئەوا هەر بەتەنها لەسەری نییە كە نەبێت بە ئایدیۆلۆژیا، بەڵكو سەرەڕای بایەخی پەیوەندیگرتنی بە واقعەوە، لەسەریەتی كە نەشبێتە ملكەچی واقع. ئێمە دەبێ بزانین كە، واقع، لەبەر ئەوەی مرۆڤ دەستی لەبەرهەمهێنانیدا هەیە، ئەوا دەشێت پڕبێت لەو دیاردەو رووداوانەی كە زادەی بەرژەوەندیی گروپە مرۆییەكان بن، یان خواستە دەسەڵاتخوازییەكانیان، یان ئارەزوو و غەریزەكانیان، یان بیروباوەڕو قەناعەتەكانیان، یان تەنانەت وەهم و خورافەتەكانیان. لەڕووی سیۆسیۆلۆژیشەوە، لەبەر ئەوەی خودی كۆمەڵگەی مرۆییش، لە سایەی دابەشبوون و جیاوازییە فكری و سیاسییەكان، یان كولتوری و شارستانییەكان، یان نەژادی و نەتەوەییەكان، یان ئەزموون و شارەزاییەكان، یان ژینگەیی و جوگرافییەكان، كۆمەڵگەی بەرهەمهێنانی ئەو دیاردەو رووداوانەیە كە وێنەی واقعمان بۆ دەنوێنن، ئەوا ئەركی بیر ئەوەیە كە، خۆی لەتوپەت نەكاو دووچاری دیاردەی هەڵپەرستی نەبێت، چونكە لەم حاڵەتدا لەمانای بیر دەچێتە دەرەوە، تەنانەت ئەو گۆڕانكارییانەش كە بەهۆی دیاردەی هەڵپەرستییەوە لەوێنەو ناسنامەی خۆیدا نمایشیان دەكات، هەرگیز نابنە دەربڕی زیندوێتی و جوڵەو گەشەكردنی، بەڵكو گوزارشتێكی روون دەبن لەبۆشایی بیرو ناكۆكییە ناوەكییە كوشندەكانی و سەرگەردانبوون و ونبوونی لەبەردەم هەڵبژاردە جیاجیاكانی خۆنواندندا. ئەگەر، ئەم پرسە فەلسەفییە، لەئاستی سیاسیداو بۆ واقعی كوردستان ورد بكەینەوە، ئەوا دەبینین هەندێ هێزی سیاسی هەن بەبیانووی خۆپاراستن لەئایدیۆلۆژیا كەوتوونەتە پەیڕەوكردنی هەڵپەرستیی سیاسی. واتە دەتوانن لەیەككاتدا هەموو پرەنسیپ و بەها ناكۆكەكان، بیروباوەڕە دژبەیەكەكان، كۆبكەنەوەو هەر رۆژەش هەڵگری یەكێكیان بن!. بێگومان هەلپەرستی سیاسی، بێ دەسكەوت نییە!، بەڵام ئەگەر بڕێك دەسكەوتی كاتییش بچنێتەوە، ئەگەر توانای نمایشكردنی ماسكی جیاجیاو پێكناكۆكیشی هەبێت، ئەوا لەكۆتاییدا متمانەو راستگۆیی لەدەستدەدات. هەڵەی هەرە كوشندەش لەوەدایە كە، لەكایەی سیاسەتداو لەسایەی پلۆرالیزمی سیاسیدا، هەلپەرستیی سیاسیی بكەیتە ئەلتەرناتیڤی ئایدیۆلۆژیا!.
ئاسۆ جەبار ئاوڕدانەوە لە هەندێک لە نوسینەکانی مەریوان وریا قانیع ھەموو شتێکی مۆدێرن نەک لەگەڵ نەریتی "دوێنێ"دا بەڵکو لەگەڵ بارودۆخی "ئەمڕۆ"شدا دەجەنگێ.(بۆدلێر) 20 ساڵی ڕابردوو مۆدێرنیزمی ئەدەبی و چوارچێوەی کولتوری و مێژوویی خۆی تێپەڕاند، خویندنەوەی کتێبی نویگەری تیم ئارمسترۆنگ کە لێکۆڵینەوەیەکی داهێنەرانەیەو باس لە مۆدێرنە دەکات لە ئاستی گشتی و کۆمەڵایەتیدا ڕایگرتم لەبەردەم کۆمەڵێک تێزی گرنگدا. تیم ئارمسترۆنگ بە دوای پێناسەکردنی مۆدێرنیزمدا دەگەڕێت نەک تەنیا لە ئاستی جوانی و ژانرە ئەدەبییەکانی بەڵکو بە بەستنەوەی لەگەڵ ئەو ژینگە کولتوورییەی کە مۆدێرنە نوینەرایتی دەکات. ئەو دەڵێت: تیڕوانینی نوێگەری بزوتنەوەیەکی یاخیگەرانە نیە بەرامبەر جیهانی نوێ بە قەدەر ئەوەی هەوڵێکە بۆ گونجان و تێکەڵاوبوون لەگەڵ ئەم جیهانەدا. بۆدلێر دەمێکە دەڵێت مۆدێرنە لەبەردەم جەنگێکی گەورەدایە لەگەڵ بەهاکانی دوێنێ و تێڕوانینەکانی ئەمڕۆ، مۆدێرنە ڕووتکردنەوەی دنیابینییەکی کۆنکرێتی نیە، بەڵکە رەخنەگرتنە لە مێژوو لە ئێستا بەخشینەوەی بەهایەکی جیاوازە بە کات، شوێن و بەردەوامی. بچوککردنەوەی کۆمەڵگە بۆ کایەکی حیزبی یان خێڵەکی و ئۆرگانێکی بچوکی ژێردەسەڵات و جەبەڕوتی سەرۆک و رێبەرەکانی حیزب، واتە سفرکردنەوەی کۆمەڵگە وەک ئۆرگانێکی کاریگەر و زیندوو. واتە کوشتنی بەهاکانی دنیای مۆدێرن. مەریوان وریا نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر لە پەرتوکی دەسەڵات و جیاوازیی دا دەڵێت "یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کایەی سیاسی کوردی بریتییە لە کورتککردنەوەو تەسککردنەوەی کۆمەڵگەی سیاسی کوردی بۆ حیزب و ئۆرگانەکانی حیزب. حیزبیش نە بەو مانایە نوێنەر، یان هەڵگری پڕۆژە، یان ستراتیژێکی نەتەوەیی بێت، بەڵکو بەو مانایەی نوێنەری ناوچە، یان هاوپەیمانێتیەکی دیاریکراو، یان هەر شارێک، یان هەر پێکهاتەیەکی دیکە بێت." کڵێشەسازی حوکمڕانی و دەسەڵاتی یاسا و سیستمی ئابوری و سیاسی بەپێی راوبۆچونی ئەکادیمیست و شارەزاکان چەند کۆڵەکەیەکی پڕ بایەخ و بنچینەیین کە شوناسی تەواوی کۆمەڵگە لە مەودایەکی شارستانیی جیاوازدا بەرجەستە دەکەن. سەرباری ژێرخانی ئابوریی و هاوکات مەودای سیاسی و ئایدۆلۆژی؛ کۆمەڵێک کۆڵەکەی گرنگ هەن کە ئاستی شارستانی کۆمەڵگە وەک دامەزراوەگەلێکی مۆدێرن بەرجەستە دەکەن کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە تیایدا هەست بە ژیان و مرۆڤبونی خۆیان بکەن و کولتۆریش وەک هێزێکی شارستانی زیندوو، کە پێکڕا زیندوێتی و دامەزراوەیی کۆمەڵگە رەنگڕێژ دەکەن. بەڵام گەندەڵی و کڵێشەی ناسیاسی و بەرجستە لە پەیکەرێکی حیزب و خێڵەکی و خانەوادییداو نەهامەتییەکانی خەڵک و وردبوونەوەو قوڵبونەوە بۆ نێو رەگوڕیشەی قەیرانەکان و شکست و رەوایەتی و حیکایەتەکانی دەسەڵاتی لەئاستێکی ترسناکی زەبروزەنگ و داگیرکردنی کۆمەڵگەو کایە زیندووەکانیدایە. مەریوان هەمیشە وەک رەخنەگرو بیرکەرەوەیەکی دەرەوەی ئەو بازنە داخراوەی ستەمکاریی و جەبری ئەو سوڵتانیزمە ترسناکە ئاسۆکانی بیرکردنەوەو تێگەیشتنی ئێمەی خستۆتە بەردەم ب ەرپرسیارێتییەکی مۆڕاڵی و ئینسانی و شارستانییەوە. مەریوان وریا لەچاوپیکەوتنێکدا دەڵێت "دەسەڵاتدارانی کوردستان هیچ حیکایەتێکیان نەماوە بە کۆمەڵگەی ئێمەی بڵێن، واتە یەک رستەیان نەماوە قابیلی ئەوە بێت ئەم کۆمەڵگەیە باوەڕی پێبکات". ئەم گومانە تەنها وربوونەوە نیە لە ئاکامی ئەو راستییەی کە لەئارادایە، بەڵکو وربوونەوەیە لەو جومگە هەرە گرنگانەی کە کۆمەڵگە و دەسەڵات و فەرهەنگ لە پەیکەرێکی کۆنکرێتیدا کۆکردۆتەوە و شوناسی لێسەندونەتەوەو حیزب کۆنتڕۆڵی کردوون. مەریوان بەم دیاردەیە دەڵێت وێرانکردنی دەزگاکان یان پەکخستنی ئەو کایە شارستانییەی پەیوەندی نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵات و تاکەکەس بەرجەستەدەکەن و دەڵێت "دوای چەندین ساڵ بە چاوی خۆمان دەبینین کە پەکخستنێکی تەواوەتی سەرجەم کایەی سیاسی کوردییە، وێرانکردنی دەزگاکان، دەزگا سیاسییەکانە، تێکچوونی پەیوەندی هێزە سیاسییەکانە لەکوردستان، دابەشبونیانە بەسەر میحوەری ناوچەیی جیاواز جیاوازدا، بە هەندێک ماناش بوون بە مورتەزەقەی نێودەوڵەتی". ئەفسانەی حیزبی یان خورافاتی تایەفە سیاسییەکان بەخشینەوەی ئەو وەهمە ترسناکەیە کە هیوای خۆشگوزەرانی لەناو ئەو هەموو نائومێدی و نادادپەروەری و گەندەڵییەدا هێواش هێواس دەگەشێنێتەوە. مەریوان لەو بارەیەوە دەڵێت "بە دوبەیی کردنی کوردستان یەکێکە لەو وەهم و خورافیاتە گەورانەی کە ئەم سیاسیانە لە کوردستاندا هێنایان بۆ بەخشینی بڕێک لەڕەوایی بە خۆیان". لێدانی وەهمەکانی حیزب و خورافاتی ئایندەیەکی باشتر و ژیانێکی شایستە درێژکراوەی ئەو ستەمە دیکتاتۆری و زەبروزەنگە حیزبییە بووە کە چەندین ساڵە دەسەڵاتە ستەمکار و ناداپەروەرو وەحشیگەرەکان وەک چەکێکی کوسندە بۆ بەخشینەوەی ستمەکاریی پیادەیانکردووە. مەریوان وریا لەو بارەیەوە دەڵێت "چونکە سەرجەم ئەزمونە سیاسییەکە شکستێکی ئەوەندە گەورەی هێناوە، وە کەوتۆتە دۆخێکی قەیراناوی لەو بابەتەوە، وە شەرعییەتی سیاسی و یاسایی و ئەخلاقی نەماوە، لەبەرئەوە پەنا بۆ ئەم درۆ گەورەیە دەبەن، دەڵێن ئێوە تەحەمولی ئێمە بکەن، ئێمە بەیانی دەوڵەتی کوردیتان بۆ دروستدەکەین". ئەرکی ھەرە گەورەی ئێمەی مرۆڤ لەم سەردەمە نوێیەدا نزیکبوونەوەیە لەمەوداو ڕەھەندە ھاوچەرخەکان، گەڵاڵەکردنی پرسیارگەلێکی ھەنوکەیی لەژیان و سروشت وەک کڵێشەیەکی داخراو، مێژوو و ئێستامان وەک لێکترازانێکی گەورەی فەرھەنگی لەنێوان ئێمەو خۆرئاوادا، لەنێوان ئێمەی وابەستە بە ترادسیۆنی گەڕانەوەو ئەوی بەرامبەر لەدەرەوەی ئەو ترادسێونە، لەنێوان خەیاڵگە ئایدۆلۆژی و کەلەپورییەکانی خۆمانداو ئەوی دییەک کە درێژکراوەی مێژووییەکی گەورەی مەعریفی و پاشخانێکی گەورەی فەلسەفی، ئەدەبی، ئەفسانەیی و فەرھەنگییە، لەڕێی ئەم ڕیتمی ئیشکردنەوە، دەرئەنجام دەکەوینە نێو دیالۆگێکی سەرتاپاگیری مەعریفییەوە بۆ نزیکبوونەوە لەخۆمان وەک تاکەکەس و خودێکی بەرپرسیار لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، ژیاری، کولتوری و پەیوەندی ئێمە بە نوێگەری و پاش نوێگەرییەوە. ئەو دیالۆگەی دواجار بووەتە تەکنۆلۆژیایەکی کارای ژیاری بۆ پێکەوەبەستنەوەی ژیارییەکان و کولتورەکان و ئاینەکان، دەوڵەت و نەتەوەکانی دنیا. لەسەرەتاوە ئەم تەکنۆلۆژیایە پێکھاتەی سەرجەم کەرەستە کولتورییەکانی ژیارییە دێرینەکان بووە بۆ مامەڵەکردن و بەکارھێنانی سروشت لەبازنەیەکی ژیاری و زیندەگی ڕۆژانەدا بۆ دەستەبەرکردنی خودی ژیان لەچوارچێوەی جوگرافیای ماڵ و ھەرێمێکی چەند کیلۆمەتریدا. بەڵام دواجار ھەمان خودی ئەو کەرەستە تەکنۆلۆژییانە لەڕێی گەشەکردنی کولتورو دروستبوونی کۆمەڵگاو خێزانی ھاوچەرخەوە دەبێتەوە دیالۆگێکی سەرتاپاگیر بۆ دروستکردنی پەیوەندیگەلێکی ھەمەلایەنە لەنێوان باقی کولتورەکانی دیکەدا، لەنێوان سەرلەبەری گوند، ھەرێم و کۆمەڵگاکانی دیکەدا. ئاشکرایە ئەوڕۆکە ھەر ئەو کەرەستانەیە لەعەقڵێکی مۆدێرندا بەکاردەبرێ و لەئاستێکی کۆمەڵایەتی و کولتوری، نەتەوەیی، ئابوری و سیاسی بەھێزدا وەک ئاستێکی ژیاری و تەکنۆلۆژی بەکاردەبرێ و کەوتۆتە نێو تۆڕێکی گەورەی سیستماتیکی بەرفراوانەوە. ھاوکات سەرلەبەری ڕیتمی ژیانی ڕۆژانەی تاکەکەس، کۆمەڵ و گروپەکان گۆڕانکاری و وەرچەرخانی گەورەیان بەسەردا ھاتووە. تەواوی ئەو زەمەن، سەروەخت، شوێن، بونیادو سیستمانە گۆڕانکاری ڕەگوڕیشەییان بەسەردا ھاتووە. شکستی حیکایەتە گەورەکان و کاڵبوونەوەی وەهمەکانی رابردوو تیکڕا لەم سەردەمە مۆدێرنەدا کۆمەڵگە و مرۆڤی نێو کۆمەڵگە نەریتییەکانی گرفتار کردووە، کوردستانیس بەدەر نیە لەو وەرچەرخانە شارستانییەی کە مرۆڤایەتی پیادا تێدەپەرێت، بەڵام چ وەرچەرخانێک، ئەوەمان بیرنەچێت وەک مەریوان وریا دەڵێت "هەموو حیکایەتە گەورەو بچوکەکانیان ئیفلاسیان کردووە و شکستیان هێناوە و بوون بە بەدرۆی گەورە، لەبەرئەوە پێموایە تاقە شتێک کە لەبەردەمیاندا مابێتەوە لە پەیوەندیان بە کۆمەڵگەی ئێمە یان ترساندنە، یا کڕینە یان گەندەڵکردنێتی وەک گەندەڵبوونی ئەو نوخبە سیاسییەی کە حکوم دەکات لەهەرێمی کوردستاندا". کاتێک دەسەڵاتە ستەمکارەکان شکستدەهێنن لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی کۆمەڵگەو پەیکەرە زیندووەکانی ژیانی گشتی بە ناچاری کارلەسەر ترسناندن و تێکشکاندنی شوناس و بەهێزکردنی ئەو ماشێنە حیزبییە دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردن و رووتکردنەوەی کۆمەڵگە لە دەسەڵات و گۆڕانکاری و ناڕەزایی. ئەم شەڕە تا ئاستێکی ترسناک درێژدەبێتەوە بۆ پەلاماردانی هەر پارچەیەکی زیندووی کۆمەڵگە وەک پەروەردەو ئابوری و رۆشنبیری و فەرهەنگ و بازاڕ. سەبارەت بە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگەو دەوڵەت مەریوان وریا تێزێکی دیکەی گرامشی لێکدەداتەوەو دەڵێت "گرامشی باسی شێوازێکی دیکەی پەیوەندی نێوان کۆمەڵگەو دەوڵەت دەکات، ئەویش شێوازی شەری دەستەویەخەیە، واتە بە بۆچونی من ئەمڕۆ هێزە باڵا دەستەکانی کوردستان و نوخبە حوکمڕانییەکەی لەشەڕێکی دەستەویەخەدایە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئەم شەڕە لەسەرێکەوە شەڕی سەرکوتکردن و ترساندنە، واتە سوکایەتیپێکردنە". هەروەها دەشڵێت "شێوازێکی دیکە کە ئەمانە لە شەڕی دەستەویەخەدان؛ ئەمانە لەشکری تایبەتیان هەیە، تەنها حیزبەکان لەشکری تایبەتیان نیە، بەڵکو بەرپرسە حیزبییەکانیش لەشکری تایبەتیان هەیە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لیوای تایبەتی خۆیان هەیە، سەرۆکەکان لیوای تایبەتی خۆیان هەیە، ئەمانە کۆمەڵێک چەتەی دیاریکراو و بەڵتەگی و عەساباتی تایبەتی خۆیان هەیە، بە پارەی باش گەورەیان کردوون و لەشکری تایبەتیان پێ دروستکردوون بۆ پاراستنی خۆیان". دامەزراندنی سیستمێکی چەتەگەری حیزبی و هەژموونی زەبروزەنگێکی سەرتاسەری بۆ سەر زیاد لەئاستێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و داگیرکردنی سەرجەم جومگە هەستیارەکانی دەسەڵات و حوکمڕانی و ژیانی گشتی تێکڕا کارکردنە لەسەر بچوککردنەوەی کۆمەڵەگە بۆ ئاستێکی ترسناک. سەبارەت بە پرسی ئابوری و سیاسەت مەریوان وریا دەڵێت "بەبێ شکاندنی ئەم سیستمە، بەبێ جیاکردنەوەی ئابوری لەسیاسەت، بەبێ سەربخۆکردنی هەردوو کایەی سیاسی و ئابوری، ئێمە ناتوانین گۆڕانکاری راستەقینە لەکوردستاندا بکەین". سەبارەت بە دەستکارییکردنی سیستمی سیاسی و ئەخلاقی و یاسایی؛ مەریوان وریا دەڵێت "لێخۆشبوون لە ژونکوژ و لەپیاوکوژ، شاردنەوەی ئینسانکوژ و کردنی جاشەکان بە سەرۆک و خەڵکی خاوەن قورسایی رەمزی و سیاسی و ماددی لەم رۆژەدا، واتە ئەمانە بە جۆرێک دەستکاری سیستمی سیاسی و ئەخلاقی و رەمزی کۆمەڵگەی ئێمەیان کردووە لە هەموو ئاستێکدا وێرانیان کردووە". مەریوان لە پەرتوکی دەسەڵات و جیاوازی دا دەڵێت "بە کوشتنی کۆمەڵگەی مەدەنیش، ئیدی دەوڵەت هیچ هێزێکی کۆمەڵایەتی شێلگیری لەبەردەمدا نەماوەتەوە بۆ رەخنەلێگرتن و چاودێریکردنی کاروبارەکان."، نوسەر لە تێڕوانینێکی ئەکادیمی گرنگدا تیۆرییەکی بەراوردکاری راڤەدەکات، نمونەی دەسەڵاتی بەعس دەهێنێتەوە کە چۆن دەوڵەت کار لەسەر زەلیلکردن و کۆنترۆڵکردنی کەمەڵگەو پیکهاتە و پەیکەری سیاسی و ئابوری و شارستانی دەکات، هاوکات چۆن حیزب بەر لە دروستبوونی دەوڵەت کار لەسەر ئیفلیجکردن و داگییکردنی کۆمەڵگەو سیاسەت و ئابوری و دامەزراوەو کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات. بە رادەیەک من ناوی لێدەنێم لێسەندنەوەی شوناس یان گۆڕینی کایە زیندووەکانی کۆمەڵگە بۆ پەیکەرگەلێکی مردووی بێ شوناس و بێ چالاکی و بێ کاریگەریی. بۆیە من لەم نوسینەدا ئاوڕ لە چەمکێک دەدەمەوە بۆ زیاتر تیگەیشتن لە دنیابینی مەریوان وریا قانیع، ئەویش چەمکی زەبروزەنگە. لەڕاستیدا زەبروزەنگ تەنھا کوشتن و رفاندن و داپڵۆسین نییە، زەبروزەنگ تەنھا کردەیەکی دیاریکراوی دەروونی یان جەستەیی یان کۆمەڵایەتی یان کولتوری نییە. وەکچۆن زەبروزەنگ بەبێ شیکردنەوەی لەکۆی ئەو پەیوەندی و کایە کاریگەرانەدا کە کۆی پڕۆسەی زەبروزەنگ بەرھەمدەھێنن مەحاڵ و ئەستەمە. ھاوکات رووتکردنەوەی بۆ ئاستێکی بینراو بێجگە لەھەژارییەکی مەعریفی و سیاسی ھیچی دیکە نییە. چونکە داماڵینی زەبروزەنگ لەھەر پەیوەندی و کاریگەری و پێکھاتەیەکی زیندوو بێجگە لەبەرجەستەکردنێکی ناکامڵ و بۆش ھیچی دیکە ناگەیەنێت..لەکاتێکدا کوشتنی رۆژنامەنوسێک تەنھا بریتی نیە لەکوشتنی تاکەیەک ئینسان، بەڵکە ھەوڵێکی بەرنامەڕێژە بۆ پەخشکردنی جەبەروتی زەبروزەنگ بۆ ئاستێکی فەنتازی و مەترسیدارو جەھەنەمی. ھاوکات ھەڕەشەکردن لەکۆی کۆمەڵگەو ھەر ناڕەزاییەکی رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی و میدیایی تەنھا ترساندن و تۆقاندنی کۆمەڵگەو ئینسانەکان نییە لەئێستادا، بەڵکو ھەوڵێکی جەھەنەمییە بۆ کوشتن و ناشرینکردنی ھەر روانینێکی جیاوازو ھەر ناڕەزاییەکی مەدەنی و ژیاندۆستانە و تێکڕا ھەوڵێکن بۆ تۆقاندنی ئایندەو ھەر گۆڕانکاری و دنیابینییەکی جیاواز. بەمەش زەبروزەنگ پێدەنێتە ئاستێکی ترسناکەوە؛ وەک تیرۆری دەوڵەت و حیزب، تۆقاندن، چەواشەکاری، ئاوەژووکردنەوەی راستییەکان و دروستکردنی وێنەی دوژمن. زەبروزەنگ وەک پیشەسازییەکی راستەقینە لەبەرئەوەی زەبروزەنگ تەنھا کردەیەکی نادیارو شاراوە نییە، بەڵکە کردەیەکی ئاشکراو بینراوە چ لەسەر ئاستی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان یاسایی، فەرھەنگی، لەشکری، مەزھەبی یان ترادسیۆنی. کەواتە تەنھا بەرھەم و دەرەنجامەکانی زەبروزەنگ نابنە دەرخەری ئەو حەقیقەتەی کە لەپەنھانەوە داڕێژەرو نەخشەسازی زەبروزەنگ و توندوتیژیین. بەڵکو ئەوەی شوناسی زەبروزەنگ لە شوناسەکانی دیکەی پیسێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ جیادەکاتەوە بەرنامەڕێژی و خودی ئەو دنیابینیەیە کە لەپشت زەنبروزەنگە ئامادەگی هەیە و وەک پیشەسازییەکی راستەقینە دەزگا و پلان و نەخشەی هەیە. چۆن زەبروزەنگی سیاسی و حکومی و حیزبی پێکڕا بەرھەمھێنەری ھێزو جەبەروتیی سڕینەوەی بەرامبەرو خولقێنەری ترس و کۆنترۆڵکردن و زەلیلکردنی کۆمەڵگە و تاکەکانن، ھەر لەبەندکردنەوە تا لەسێدارەدان، رفاندن، ونکردن، جینۆساید، کوشتن، جەنگەکانەوە تادەگاتە کوشتنی ئازادی، چەواشەکاریی، کۆنترۆڵکردنی ئینسانەکان لەسایەی سیستمە دیکتاتۆری، ھەمەجی، گشتگیر، ستەمکار، مەزھەبگەراو تایفییەکان دا کە پێکڕا زەبروزەنگ تا ئاستی فەنتازیاو مەرگھێن قوڵدەبێتەوە. ئاوەھاش زەبروزەنگی ئابوری، تاڵانکردنی نیشتیمان، ناعەدالەتی و گەندەڵی پێکڕا ھەژمونگەری کردەگەلێکی نائینسانی و وەحشیگریین تائاستی مافیاگەریی، بێدەنگکردنی کۆمەڵگە، ترساندن و تۆقاندنی میدیای سەربەخۆو رایگشتی. ھاوکات زەبروزەگ لەئاستێکی خەیاڵپێکراوەوە دەگۆڕێت بۆ ئاستێکی بێئەندازە فەنتازی و سیحرامێزو نھێنیامێز، وەک زەبروزەنگی سایکۆلۆژی، زەبروزەنگی رۆشنبیریی و فەرھەنگی، کۆمەڵایەتی، ژیاریی وەک داگیرکردن، وێرانکردنی سەرچاوە ئابوری، خزمەتگوزارییەکان، تاڵانکردنی سەروەت، سامانی نیشتیمان بەبەرچاوی خەڵکەوە، وەک داگیرکردن و ناشیرنکرنی ھەرچی دامەزراوە رۆشنبیریی، فەرھەنگی، کۆمەڵایەتی و ژیارییەکانە لەلایەن حیزب و دەستەو گروپە مافیاگەرو ناشارستانییەکانەوە. بۆنمونە نەبوونی ئاو، کارەبا و خزمەتگوزارییە ھەرە ئاسایی و پێویستەکان تێکڕا کردەگەلێکی ناشرینی زەبروزەنگە تائاستی بێبەھاکردن و بێنرخکردنی ئینسان. ھاوکات نەبوونی دادپەروری کۆمەڵایەتی، ئابوری و قوڵکردنەوەی ناعەدالەتی تائاستی وەحشیگەری پێڕا بەڵگەی زیندوون کە تێکڕای کۆمەڵگە لەبەردەم نائینسانیترین جۆرەکانی زەبروزەنگدا وێران دەکەن. هەربۆیە مەریوان وریا لەچاوپێکەوتنێکدا ئەو جومگە بنەڕەتیانەی سوڵتانیزم ڕاڤەدەکات کە ئەو جۆرە رژێمانە کۆڵەکەکانی خۆیان لەسەر بونیاد دەنێن و دەڵێت "ئەم سیستمە سوڵتانییە قەیرانەکانی گەیشتۆتە ئەو ئاستە کە تەنانەت لەگەڵ سێبەرەکانی خۆشیدا کێشەی هەیە، وە خاڵی سەرەکیەکەشی ئەوەیە سیستمە سوڵتانییەکە دەیەوێت شەق لەهەموو ئەو مەبادیئ و سەرەتا و یاساو بەهایانە بدات کە خۆی لەقۆناغێک لە قۆناغەکاندا بۆ بەخشینی جۆرێک لە شەرعیەت بۆخۆی دروستیکردوون، وە ئەمڕۆ گیریخواردووە تەنانەت بەدەست ئەو شەرعیەتە دروستکراوەی کە لەلایەن خۆیەوە دروستکراوە." ئەوەمان بیرنەچێت لە سیستمێکی ئاوەها سوڵتانیزم و ستەمکاردا هیچ کردەیەکی زەبروزەنگ و هیچ پێشلکاری و داگیریکارییەک کردەگەلێکی هەڕەمەکی و لە زۆڕاوە دروست نابن، بەڵکو وەکچۆن بەعسییەکان و رژێمە سرکوتکارییەکانی رۆژههەڵات خاوەنی دەیان دەزگا بوون بۆ داپڵۆسین و کۆنتڕۆڵکردن و ترساندنی کۆمەڵەگە، بە هەمان شێوە ئەو رژێمە سوڵتانییەی کورد لە گەمژەییەوە سەرچاوەی نەگرتووە بەڵکو خاوەنی دەیان دەزگان بۆ داپڵۆسین و سەرکوتکردن و ترساندن و بەرجەستەکردنی نادادپەروەری و گەندەڵی و شەرعیەتدان بە زەبروزەنگ. زەبروزەنگ خاوەن شوناسێکی دیاریکراو نیە، بەڵکە لەقوناغێکی ھەلاھەلای بەر لەشوناس و کۆکردنەوەی فەرھەنگیدایە، ئەو فەرھەنگە لەدەرەوەڕا فەرھەنگێکی بچوکە کە لەدوتوێی پێکھاتەیەکی دیاریکراو و سنورداردا ھەڵئەسوڕێ، بەواتایەک بازنەیەکی بەرفراوانی ئەخلاقی، نەریتیەو پارێزەری ئەو ھەژارییە فەرھەنگی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەیە کە مرۆڤەکان لەڕێی دابەشکراوێکی ئەخلاقییەوە دابەشدەکاتەوە بەسەر کۆمەڵگەو پێکھاتەو کایە کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییەکان. رووبەرێکی ئەخلاقی گەورەیە بۆ غەرقکردنی ھەر روانینێک لەخۆیداو بچوککردنەوەی ھەر حیکایەتێک لەخۆیدا، ئەم فەرھەنگە لەڕێی میکانیزمی جیاوازو شەرعیەتی جیاوازەوە کاردەکات بۆ بەردەوامیدان بەخۆی، ئەو لەململانێی گەورەدایە بۆ مانەوەی خۆی و بەرفراوانکردنی پانتاییەکانی ستەمکاریی لەڕێی زیادکردنی رووبەرە داخراوە فەرھەنگیی، میدیایی، حیزبی و خێڵەکییەکانەوە. ئەگەر کولتوری ھەڕەشەکردن خوێناویترین کولتورو کوشندەترین میکانیزم بێت بۆ بێدەنگکردن، ئەوا ستراتیژو دنیابینییەکانی پشت زەبروزەنگی هەڕەشەکردن و ترساندن دژوارتر و ترسناکترن بۆ بەرپاکردنی ستەمکاری لەئاستێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا. ھەڵبەت لێرەدا تەنھا باس لەو دەسەڵاتە ستەمکار، زۆردارو دیکتاتۆرانە دەکەین کە بۆ بیدەنگکردنی کۆمەڵگە لەڕێی بەکارھێنانی کۆمەڵێک میکانیزمی ھەمەجی، شەڕانگێزی و کوشندەو ھەڕەشەئامێزەوە ھەر دەسەڵاتەو بەپێی تواناو توانستی ئیرادەی ھێزو ھەژمونی باڵادەستی خۆی کارلەسەر بێدەنگکردنی کۆمەڵگە دەکات. بۆنمونە نازییەکان لەرێی میکانیزمی ھێزی سەربازی و دەزگا نھێنیەکانەوە، لەرێی جەنگەوە لەگەڵ ھەموو ھێزە جیاوازەزییەکاندا ھەڕەشەیان لەتەواوی کۆمەڵگەو جیھان دەکرد بۆ بێدەنگکردنی کۆمەڵگەو شارستانیەکانی دیکە، ھەروەھا دەسەڵاتی سیستمی دیکتاتۆریی لەعێراقی سەروەختی سەدام حسێندا لە کۆلێکشنێکی سیستماتیزەکراوەوە بوونبە دەزگاگەلێکی بەھێز بۆ ھەڕەشەکردن لەتەواوی کۆمەڵگەو خەساندنی ھەموو جیاوازییەک، دەستەمۆکردنی تاکەکەس و بێدەنگکردنی سەرلەبەری رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران و رایگشتی و دەزگا رۆشنبیرییەکان لەرێی کونترۆڵکردن و بەحیزبیکردنی سەرلەبەری دەزگاو مەڵبەند و ناوەندە فەرھەنگی، رۆشنبیری، ئابوری، کۆمەڵایەتییەکان و سازکردنی دەزگاگەلێکی نھێنی وەک گرتوخانەو تەعزیبخانەو خانەی مەرگ و خانەی تۆقاندن و ئیفلیجخانە. ئەم دەزگایانە سەرباری ئەوەی دەزگاگەلێک بوون بۆ پیشاندانی ھێزو خۆگیڤکردنەوە لەکۆمەڵگە، تاکەکەس و دروستکردنی مەترسییەکی ھەنوکەیی ھەڕەشەئامێز، ھاوکات سەرزەمینێکی گەورەش بوون بۆ بێدەنگکردن، دەستەمۆکردن، غەمگینکردنی کۆمەڵگە و ھاوڵاتیان. ئاشکرایە ئەو میراتە گەورەیەی بەعس و دەسەڵاتە پۆلیسییەکان بوونەتە سەرمایەیەکی گەورە بۆ حیزبە باڵادەست و دەسەڵاتدارانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. ھەر بۆیە کوشندەکان جیاوازیان نییە گەر عەگال بەسەر بن یان جامەنە بەسەر یان بە جلی سەربازیەوە بن. زەبروزەنگ تەنھا کردەیەکی بینراو یان زەبروزەنگێکی دیاریکراو نییە، کە تاکەیەک مەھامی سیاسی یان حیزبی لەپشتەوە بێت، نەخێر زەبروزەنگ بەرلەوەی ھەوڵێکی ناشارستانی بێت بۆ سفرکردنەوەی بەرامبەر، فەنتازیایەکی کوشندەشە بۆ شەرعیەتدان بە ترس، لێدان، رفاندن، کوشتن و سڕینەوەی ئەوی بەرامبەر. لەڕاستیدا ئەو ماشێنە فەرھەنگییە تەنھا کار لەسەر رامکردنی مرۆڤەکان ناکات لەچوارچێوەیەکی فەرھەنگی بچوکدا، بەڵکە رووبەرەکانی کارکردنی خۆی فراوانتر دەکات و سەرلەبەری ناوەندو دامەزراوە حکومی، فەرھەنگی، کۆمەڵایەتییەکان داگیرو مۆنۆپۆلی دەکات. ھاوکات ئەو داگیرکارییە فەرھەنگییە تەنھا رامکردن و گوێڕایەڵکردن و کوشتنی خەونء جیاوازییەکان ناگرێتەوە، بەڵکە زەبرێکی کوشندەیە لەشوناسی راستەقینەی ئەو ناوەندو دەزگا زیندووانەی کۆمەڵگەو زەبروزەنگێکی حیزبی، ئابوری و وەحشیگەرانەیە. ھاوکات زەبروزەنگ کاردەکات بۆ دروستکردنی متمانەیەکی ئەخلاقی ناشرین و درێژخایەن بۆ تۆخکردنەوەی پەیوەندی، پێبەندی نەریتی، ئەخلاقی لەئاستێکی نادیارو نھێنیامێزدا، ھاوکات بەرھەمھێنەری دڵنیاییەکی گەوەرەیە بۆ حیزب و گروپ و خێڵە کوشندەکان، ئەوەی کار لەسەر بێدەنگی دەکات تەنھا ھێزی ئەو فەرھەنگە ترادسیۆنی و لۆکاڵییە نیە، بەڵکە رووبەرەکانی ئەو حیکایەت و یادەوەرییە وردودرشتانەن کە مرۆڤگەلێک دڵنیادەکاتەوە لەپاراستنی نەریت و ئەخلاقیاتی باوی یەکەیەکی فەرھەنگی، سیاسی، حیزبی و ئاینی. ئەو فەرھەنگە سنورەکانی جیاوازیی ئەستوردەکات و میکانیزمەکانی رامکردن و ماڵیکردن لەڕێی پەروەردە، فێرکردن و تەلقینەوە بەگەڕدەخات و شوراکانی نێوان خۆی و کرانەوە بەرزتر دەکاتەوە. هەربۆیە سیستمی سوڵتانیزمی حیزبی پێدەنێتە ئاستێکی ترسناکەوە. دواجار ئەم فەرھەنگە دڵنیاکەرەوەیەکی ئەخلاقی بەھێزە بۆ رامکردنی مرۆڤەکان لەتاکەیەک دنیای راڤەکراودا، لەتاکەیەک حیکایەتی دیاریکراودا، بەئەندازەیەک دڵنیاکەرەوەیەکی فەرھەنگییە بۆ سڕینەوەی ھەر روانین و دنیابینییەکی جیاواز، بۆ سڕینەوەی پرسیارە گەورەکان و بەدگومانییەکان، بۆ بەرپاکردنی وەهم و پانتاییەکی وەھمی بێسنور لەخۆشباوەڕیی. ھاوکات دڵنیاکەرەوەیەکی شارستانییە بۆ رامکردنی مرۆڤ لەکۆمەڵێک موقەدەسات و سەروەری فەیک و بۆشدا، بۆ دەستەمۆکردنی تاکەکەس بە ئیرادەیەکی گشتی کوشندەو پڕ لەحیکایەتی بچوککردنەوەی مرۆڤ لەبەردەم سەروەرییە وەھمییەکاندا. فەرھەنگی حیزب زادەی ئەم فەرھەنگەیەو سنورەکانی ژیان و بیرکردنەوەو گفتوگۆو جیاوازی لێکنەچوون بەرتەسکدەکاتەوەو ئاستەکانی روانین بچوکدەکاتەوە، میتۆدی سیاسی لەکۆمەڵگە داخراوەکاندا سەرباری ئەوەی میتۆدێکی ھەزیل و کۆن و ژەنگگرتووە، ھاوکات میتۆدێکی نائەخلاقی و ترادسیۆنیشە. نەگۆڕینی ئەو ستراکچەرە ژەنگرتوەو قبوڵنەکردنی ھەر گۆڕانکارییەکی دیار لەدەرەوەی خۆی و خامۆشکردن و شەرعیەتدان بە شێوازو سەروەرییە دیکتاتۆرییەکانی سەرۆک و مشەخۆرەکان لەکڵێشەیەکی ستەمکاریی نەگۆڕو دژواردا بەرھەمھێنەری مرۆڤگەلێکی تەلقینکراوی گوێڕایەڵی رامکراوە لەچوارچێوەی ئەو حیکایەتە بچوکانەی کە سەروەختێک دەبن بە ستەم، زەبروزەنگی ھزری و کردەگەلێکی کوشندە، نابنە بەرھەمێنەری ھیچ جیاوازی و دروستبوونی دنیابینیەکی لێکترازاو لەو فەزا کوشندەیەی کە دەیخولقێنن. ئەو زەبروزەونگە چەند هێزێکی کوشندەیە لەئاستێکی بینراودا، هێدەش هێزێکی ترسناکە لەئاستێکی فەنتازیداو بکوژی خەونی کرانەوەو جیاوازییەکانیشە. دواجار تاکە فەنتازیای باڵادەست، فەنتازیای زەبروزەنگە کوشندەکانە. مەریوان دەڵێت دەڵێت "ئەمانە دەستیان هەیە لەوێرانکردنی ماناکانی نیشتیمان و نەتەوەو دەستیان هەیە لەوێرانکردنی مەفهوم و چەمکی دانیشتوان و دەستیان هەیە لەوێرانکردنی ئەو جیهازە ئیدارییەی کە لە کوردستاندا دروستبووە و دەستیان هەیە لەوێرانکردنی ئەو شتەی کە ناوی لەشکرە." هاوکات لە پەرتوکی بیرکردنەوە لەسەردەمە تاریکەکان دا مەریوان دەڵێت "زەحمەتە لە کوردستاندا هیچ یەکێک لە کێشەکانی گەندەڵی قەیرانی ئابوری و سیاسی و مەدەنی چارەسەر بکرێت، تا ئابوری و سیاسەت لەیەکدی جیانەکرێتەوە. جیاکردنەوەی کاویەی ئابوری لەکایەی سیاسەت هەنگاوی هەرە پێویست و هەرە سەرەتایی دەستکردنە بە ریفۆرمی ئەو ئەو سیستمە گەندەڵەی لە وڵاتەکەدا ئامادەیە."، رەمنگە هاوڕا نەبم لەگەڵ ئەم تیڕوانینەی مەریوان وریا دا لەبەرئەوەی من پێموانیە ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت سیاسەت بێت، بەڵکو حیزبایەتییەکی وێرانە، تایفەگەری و مافیاگەرییەکی رووتە، ستەمکارییەکی حیزبی و دەستگەراییەکی کۆنە بۆ سازکردنی ستەمکاری و سەپاندنی زەبروزەنگ و تاڵانکاریی و کۆنتڕۆڵکردنی سەرجەم سەرچاوەکان. ئیتر ئەگەر ئابوری لە سیاسەت جیابکرێتەوە یان نا لە جۆرە حوکمڕانییەکی ئاوادا چ؛لۆن دەتوانرێت جومگە هەرە سەڕەتانییەکانی ئەو گەندەڵی و ڕاوڕووت و تاڵانییە بدۆزرێتەوە. رامین جەھانبەگلو دەڵێت"رۆشنبیر کەسێکە خۆی بەدوور دەگرێت لەبیروباوەڕە دۆگماکان." مەریوان وریا یەکێکە لە رۆشنبیرە جیاوازانەی هەمیشە لەدەرەوەی بیروباوەڕە باو و نەریتی و دۆگماکانەوە دەنوسێت و دنیابینی هەوڵێکی مەعریفی ناوازەیە بۆ دەرچوون لەو چوارچێوە ئینشایی و گیڕانەوەی ئەو چیرۆکە دۆگمایانە. دنیابینی ئەکادیمی یەکێکە لە خەسڵەتە جیاکەرەوەکانی نوسین و جیهانبینی ئەم نوسەرە. مەریوان لە نوسینێکیدا سەبارەت بە کتێبی خۆرهەڵاتناسی ئیدوارد سەعید دەڵێت "هیچ کولتورێک نیە لە دنیادا خۆی وەک کولتورێکی بێگوناه نەبینێت، خۆی وەکو بەرهەمێکی ئینسانی رەسەن و ئینساندۆست وێنانەکات، کتێبی خۆرهەڵتناسی شەپازڵەیەکی گەورەیە لە روخساری ئەم خودئەڤینییە کولتورییە." بێگومان ئەو کولتورە ھێندە داخراوە کە لەبازنەیکی داخراوی کارەساتبارو وێراندا دەخولێتەوە. ئەم فەرھەنگە بەرھەمھێنەری دۆگمایی و خولقێنەری فەزایەکی نائینسانی و ناشارستانییە بۆ شەرعیەتدان بە زەبروزەنگ و ھەر کردەیەکی نائینسانی. لەکۆتایدا مەترسیدارترین و جەھەنەمیترین دۆخی زەبروزەنگ، ئەوکاتانەیە کە زەبروزەنگ دەبێتە فەنتازیا، ھەر لەفەنتازیای کوشتنەوە تا فەنتازیای لێدان و داپڵۆسین و رفاندن و شەرعیەتدان بە ھێشتنەوەی نھێنی و حەشارگەو کارائەکتەرو ھێز و جەبەڕوتی سڕینەوەی بەرامبەرو خامۆشکردنی ھەر جیھانبینی و کردەیەکی زیندووی شارستانی و رۆشنبیریی و ھەڕەشەکردن لە کولتوری ژیاندۆستی و تەواوی کۆمەڵگە. عەلی حەرب دەڵێت: "بەڵام ئەمڕۆ لەسەردەمی ئێستادا بارودۆخەکان گۆڕان و وەک پێشدان نین؛ ئەو رۆشنبیرەی قەیران دروستدەکات و گرفت دەنێتەوە، ئێستاکە خۆی لەقەیراندایە، بەتایبەتی پاش ئەوەی تیۆرو پرنسیپەکان عەیب و عارەکانی ئەویان ئاشکرا کردووە بەوەی رۆشنبیر لەبەرامبەر ئاڵوگۆڕو گۆرانکارییە گەورەکانی دنیاداو لەپتر لەئاستێکدا دەستەوەسان و لاوازە. ئەمەش رۆشنبیری لەراستگۆیی چەکەکانی داماڵی. ئێمە ئەمڕۆ ئەو شتانە دەبینین کە: ئەو بەھا گەورانەی رۆشنبیر داکۆکی لێدەکرد، لەژێر کوتەکی روداوە گەرمەکاندا دەروخێن، ئێستا روداوە گەورەکانی دنیا گاڵتە بەساکاری دروشم و پڕۆژەکان دەکەن، دەریدەخەن بەرنامەو تیۆرەکان چەند کەمدەست و لاوازن." تەواو پێچەوانەی ئەم نوسینەی عەلی حەرەب راستە بۆ نوسین و دنیابینییەکانی مەریوان، ئەو بە ئاڕاستەیەکی تەواو جیاوازی ئەو تەوژمە تەقلیدی و کۆنەپارێزییە دەنوسێت و بیردەکاتەوە. ئایا ئینسان وەك بونەوەرێكى شارستانى و پەیوەندیامێز كەوتۆتە كوێى هاوكێشە نوێكانى گۆڕانكارى و ئەو خولیاى مەرگدۆستییەى كە باڵیكێشاوە بەسەر رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا؟ ئایا داگیركردنى سەرلەبەرى ناوەندەكانى ژیان و پەیوەندى و بەرهەمهێنان لەلایەن دەسەڵات و هەمەجیەتى حیزبەوە تا چ ئاستێكى قێزەوەن دەبنە كوشندەیەكى راستەقینەى كۆمەڵگە و نیشتیمان؟ ئایا دەسەڵاتە ئینسانكوژو مەرگدۆستەكان بە خولقاندنى سیستمێكى كوشندەو پڕ زەبرو كاولكاریى پێكڕا دەتوانن جیهانبینییە نوێ و جیاوازو خاوەن ئیرادەكانیش بكوژن؟ ئایا كوشتن و برینداركردن و ئەشكەنجەدان و ڕاوەدونان و بەندكردن بەسە بۆ بێدەنگكردنى كۆمەڵگەیەكى گەورە؟ ئایا بە زەبرى تانک و زریپۆش و سوپاى كوشندە پێكڕا دەتوانن خەیاڵ و ئیرادەو خولیاى رەخنەو خەونى گۆڕان و وەرچەرخانى كولتورى و شارستانى مرۆڤەکان بكوژن؟ رەنگە وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارانە بۆخۆى شیكارو راڤەكاریى ئەو حەقیقەتە حاشاهەڵنەگرانە بن كە لەهەناوى هەموو گۆڕانكارییەكدا بە رەنگ و تەرزی جیاوازەوە دێنەوە ناو گفتوگۆو خەیاڵدانی ئێمەوە. رەنگە كەمترین روانین ئاڕاستەى ئەو دنیابیینیانە كرابن كە هەندێك نوسەرو راڤەكارى روكەشگەراو نابینا وەك خولیاو خەون و ستراتیژو نەخشەى سیاسى و حیزبى دەستكاریان كردووەو دەیڵێنەوە لەبەرئەوە لێرەدا زۆر پێویستە ئەو جیاوازییە گەورانە ببینین كە لەنێوان وێناكارى و راڤەكاریدا هەیە، لەنێوان دەستكاریكردن و هەڵوەشاندنەوەى یەكە زیندو و پێكهاتە چالاک و ناچالاکەکاندا دەبینرێن كە قوڵ پەیوەندیان هەیە بە سەرلەبەرى ئەو چەمك و دنیابینى و واقعەوە كە پێكرا گەمارۆى سەرلەبەرى كۆمەڵگەى داوە و هەڵگرو خولقێنەرى قەیرانەكانن. روانینى روكەشگەرا و وێناكردنى وێنەیى واقع و دیاردەو گۆڕان و نەخشەكان، بێجگە لەدنیابینێكى هەژار هیچى دیكە نییە. رەنگە هەوڵێكى سادەو خۆدزینەوەیەكى رەهاگەرانەى بێفیكرو بێقوڵبوونەوەو روكەشبینییەكى ساویلكانە بێت. بەڵام لەهەمانكاتدا بەرهەهێنەرى فەزایەكى وێناكراو بەرجەستەن، لەڕاستیدا دنیاى بەرجەستە دنیایەكى یەكلاییكەرەوەو چوارچێوە بۆ دانراو و سنوردارە بەئەندازەیەك هەڵگرى كۆمەڵێك تایبەتمەندى دیاریكراو ئاشكرایە. هەروەك ئەو دنیایەى كە ئیمپراتۆرەكان نەخشەیان بۆ دەكێشاو دنیاى بەرجەستەى نێو فەرهەنگى دیكتاتۆرو مەزهەبگەراو ئایدۆلۆژیا و هەژمونگەرەکان هەر لەسەروەختی دەسڵاتی رەهای ئیمپراتۆریەتەکانەوە تا سەردەمی هێتلەرو ستالین و مۆسۆلۆنی و بینۆشێ و سەرجەم دیکتاتۆرو ستەمکارەکانی رۆژهەڵآتی ناوەڕاست؛ سەدام حسێن، حوسنی موبارەک و قەزافی و خامەنائی و روحانی و حفز ئەسەد. بەڵام ئەم بەرجەستەكارییە هەر لەخەیاڵى دیکتاتۆرەکانەوە نایەتەدەرێ، بەڵكە ورد دەبێتەوە بۆ بچوكترین یەكەى بەرجەستەو ئاشكرا، ورددەبێتەوە بۆ بچوكترین خانەى كۆمەڵایەتى و فەرهەنگى و رۆشنبیرى و سیاسى و ئابورى. پێكڕا روانینى روكەشگەرا هێندەى تەماشاكردنێكى ئاساییە بە دووچاوى كوێرەوە، هێندە كاركردن نییە لەسەر رووبەرێكى جیاوازیى فیكرى و توێرى و كردارى. بەختیار عەلى دەڵێت: "جیهانبینى قسەكەرێكى گەورەیە، قسەكەرێكى مێژووییە، بەهانە دەبەخشێتە سیتمێكى مەعریفى، چینێكى كوَمەڵایەتى، رەفتارى نەتەوەیەك، بەبێ جیهانبینى هەموو كایەكان، گووتارەكان، تیورەكان، بێ شوناس مێژووى خوَیان پیادەدەكەن، بەبێ جیهانبینى چینەكان و نەتەوەكان بێ شوناس دەژین." ئایا جیهانیبنى تەنها نەخشەیەكى دیاریكراوە بۆ دەستنیشانكردنى هزرو روانین و بیروباوەڕەكان، یان نیشاندەرى رووى دەرەوەى هەر كڵیشەو نەخشەیەكى دیاریكراون لەئاستێكى بینراودا، بەڵام ناكرێت ئەو راستیانە پشتگوێ بخەین كە ئایدیایەك نییە لەدنیادا خاوەنى جیهانبینى خۆیان نەبن، وەكچۆن ئایدۆلیژستەكان خاوەنى جیهانبینى ئایدۆلۆژى خۆیانن، بەهەمانشێوە تیرۆریستەكانیش جیهانبینى خۆیان هەیەو لەسەر ئەو ئاستى روانین و راڤەكاری و بەجەستەكردنە نەخشەى بیركردنەوەو داتاشینى تێڕوانینیان بۆ دنیا هەڵدەكۆڵن. هەڵکوڵێن بەرجەستەکردنەوەو کڵێشەسازکردنەوەی هەڵکوتەو مێژوو ئیستایە لەوێناکراوێکی تەواو کۆنکرێتیدا؛ وەک جیهانبینی سەردەمی دیکتاتۆرە کوشندەکان. چۆن كۆمەڵگە هەیە خاوەنى جیهانبینى خۆیەتى، كۆمەڵگەش هەیە خاوەنى جیهانبینى نییە، خاڵییە لەهەر روانینێكى ئێستایى و هەنوكەیى بۆ سەرلەبەرى ئەو ئاستە ژیاریى و كولتورى و ئابورى و سیاسى و رۆشنبیرییەى كە تیادا دەژی و پیایدا تێدەپەڕێت. جیهانبینى زیندوو كار لەسەر دوو ئاستى جیاواز دەكات، بەواتایەك بزوێنەرى دوو ئاستى بیركردنەوەیە، ئاستى یەكەم هەڵوەشاندنەوەى داخرانى كولتورى و فەرهەنگییە، ئاستى دوەمیش پەیوەندییە. دنیاى داخراوى كوَمەڵگە نەریتییەكان دنیایەكە بوَ بچوكردنەوەى ژیان و كولتورو هزرو فەرهەنگ و پەیوەندییەكان، دنیاى قۆزاخەیی و داخراو كاردەكات بوَ بچوكردنەوەى مرۆڤ تا ئاستی جانەوەر تا ئاستی کوشتنی ئیرادەو خەون و ئومێد. لەكاتێكدا ئەو فەرهەنگەى كە كوَمەڵێك خەونى گەورە لەپشتییەوە ئامادە نەبێت كوَمەڵگەیەكى بچوكە، فەرهەنگێكى داخراوە، شارستانیەتێكە لەپەراوێزى خۆى و دنیادا، وەك عەلى حەرب دەڵێت: ئەوڕوَكە لەبەردەم شوَرشى زانیارییەكاندا ئیمكانیاتێكى بەرفراوان لەبەردەم مروَڤدا كراونەتەوە، كە لەتوانستە كاریگەرەكاندا بوَ كردەو كارلێكردن بەرجەستە دەبێت، هیچ زیادەڕوَییەك نیە لەقسەكردندا گەر بڵێین جیهانێكى نوێ لەگەڵ دیاردەى جیهانگیرىدا پێكدێت، هاوڕێ لەگەڵ دەركەوتنى بكەرى مروَڤایەتییەكى نوێدا، كە بە مەوداو خێرایى تیشك یان هزر كاردەكات، بەقەدەر بەكارهێنانى رێگەكانى راگەیاندنى خێراو هەمەڕەنگى، یان لەگەڵ ئەو تۆڕە پەیوەندییە ئاڵۆزو لەرادەبەدەرانەدا مامەڵەدەكات. مرۆڤى پەیوەندیامێز كە دەماخێكى رۆباتی تەكنیكئامێزی ژمارەیى و هزرى و كاركردنە بەرەو گەردوونگەرایى بە وێنەیەكى كیشوەربڕو كۆمەڵگابڕو كولتوربڕى بۆ رەخساوە." بەڵام كاتێك باس لەجیهانبینى دەكەین، ماناى ئەوە نییە تەنها یەك تێزو سەرچاوە دەخەینە بەردەم راڤەكارى و بەراوردكارییەوە، نەخێر جیهانبینى پەیوەندییەكى راستەوخۆو زیندووى هەیە بە زیاد لەبوارو پێكهاتەو روانینێكەوە. نوێخوازى وەك هێزێكى شارستانى جیهانبینى زیندوو جەستەیەك نیە بەرجەستە، فیشەكێك بنێیت بە ناوچاوانییەوەو بیكوژێت، یان بیخەیتە زیندان و ئەشكەنجەى بدەیت و دایپڵۆسیت، روانین و دنیابینى نوێ چەند هێزێكە بۆ دروستكردنى تۆڕێكى گەورەى پەیوەندى و قسەكردن و بەرپرسیارێتى، هێندەش نەخشەیەكى زیندووە بۆ تێكشكان و كاولكردنى ئەو سیستمە نائەخلاقى و نائینسانى و ناشارستانییەى كە میراتگرى ستەمكاریى و دیكتاتۆریەت و هێزە وەحشیگەرەكانن. جیهانبینى نوێ هێزێكە بۆ هەڵوەشاندنەوەى دنیاى داخراو و روانینى داخراو، هاوكات كوَنخوازیش هێزێكى نەریتپارێزە بۆ داخستنى روانین و داگیركردنى جیاوازییەكان، جیهانبینى مۆدێرن هێزێكە بۆ گۆڕان و بەرپاكردنى جیاوازى و خولقاندنى فەزایەكى كراوە، بەڵام كۆنخوازى هێزێكە بوۆ بەرپاكردنى دوبارەبونەوەو رەنگڕێژكردنى نەریت و نائەخلاقیاتى مۆنوپۆلیزەكردن. ئەم شێوازە لەجیهانبینى دیاردەیەكى نوێ و تەوژمێكى كاریگەرترە بۆ بەرهەمهێنانى هزرێكى دیكەو خەیاڵدانێكى دیكە، مروَڤێك بەرهەمدەهێنێت كە دەكەوێتە دەرەوەى حیكایەتە بچوكەكان و دەرەوەى ئەو دنیا داخراوەى كە دنیابینییەكان و روانینەكان بچوكدەكەنەوە، واتە هزرێكى رەخنەئامێزە. جیهانبینى نوێ وەك هێزێكى رۆشنبیرى و شارستانى و كولتوریى و كۆمەڵایەتى، جەستەیەك نییە بكوژرێت و بەدەسترێژى مەرگ خامۆشى بكەن، هیچ هێزێكى میلیشیایى و هەمەجى ناتوانێن و خەیاڵ و خەونى زیندووى گۆڕانكاریى و روانین و دنیابینییە نوێكان خەڵتانى خوێن بكەن، دەتوانن بەندیخانەكانیان پڕبكەن لەجەستەو رۆحى زیندوو، بەڵام ناتوانن خەیاڵ و خەونى ئینسانەكان بەندبكەن، دەتوانن بە ناشیرنترین و قێزەوەنترین كردەى نائەخلاقى ئەشكەنجەى خەڵك بدەن، بەڵام ناتوانن ئیرادەى روانین و جیهانبینى ئینسانەكان لەناوبەرن، دەتوانن شەقامەكان پڕبكەن لەچەكدارو پیاوكوژو چەك و تفاقى مەرگ، بەڵام ناتوانن شەقامەكان خاڵیبكەنەوە لەجیاوازى و ناڕەزایى و رەخنەو دنیابینى نوێ، دەتوانن نیشتیمان پڕبكەن لەسەدان دەزگاى پاراستن و ئاسایشی حیزبى، بەڵام ناتوانن تا قیامەت ئینسان بكوژن و وەك جەلادى زیندوو تا ئەبەد بمێننەوە. ئەوە جیهانبینى و روانین و فیكرى نوێیە كۆتایى بە دەسەڵاتە هەمەجى و ئینسانكوژو جەلادەكان دێنێت، هەرگیز میلیشیاكان و دیكتاتۆرەكان نەیانتوانیوە كۆتایى بە نیشتیمان، كۆمەڵگە، فەرهەنگ، هونەر، هزر و دنیابینییە جیاوازەکان بهێنن. مەریوان وریا دەڵێت "مۆدێرنە پڕۆژەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و رۆشنبیری بەرفراوانە، کە سەرلەبەری کایەکانی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو ناچار بە گۆڕان دەکات، ئەو هێزە سەرەکییەش کە مۆدێرنە پشتی پێدەبەستێت بۆ پیادەکردنی ئەو گۆڕانانە ئەو ماسێنە سیاسییە مۆدێرنە بەهێز و گەورەیەیە کە دروستیدەکات، مەبەستم دەوڵەت، یاخود دوڵەتی نەتەوەییە، دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرن ساتەوەختێکی گرنگە لەمێژووی مۆدێرنەدا، چونکە بە دروستبوونی دەوڵەت ئیدی سەنتەرێکی شەرعی دروستدەبێت بۆ چاودێریکردنی کۆمەڵگە و بەخشینی ئاڕاستە بە کۆی گۆڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگییەکان."ئەم نوسینەی مەریوان وریا هەوڵێکە بۆ پۆلێنکرنەوەی چەمکەکان لەناو شوێنە راستەقینەکانی خۆیاندا. ژیانی گشتی واتە ژیانی شارستانی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی مرۆڤەکان لەناو پانتاییەکی یاسایی و ئەخلاقی و شارستانیدا کە ئازادی ھیچ ھێز و کەسێکی دیکە نەبێتە مەترسی بۆ ئازادییەکانی ئەوانی دیکە، بەڵام کاتێک ئازادیی و بەڕەڵاییەکانی حیزب و ھێز و مەلاو پیاوکوژ و سەرۆکی حکومەت و سەرۆک و بەرپرس و عەنتەرەکانی حیزب و حکومەت تێکڕا دەبنە مەترسی بۆ ئازادییەکانی تاکەکەس و کۆمەڵگەو پێکھاتەکانی، ئەوکاتانە ئیتر قسەکردن لەسەر ئەخلاق و ئازادی و ژیانی شارستانی دەبێتە گاڵتەجارییەکی گەورە. مەریوان وریا دەڵێت "ئەوەی ئێمە لەکوردستانە بینیومانە حوکمڕانی نەبووە، بەڵکو جۆرێک بوو لەحوکمکردن کە بە لۆجێکی دەوڵەت ئیشی نەکردووە، بەڵکو بە لۆجیکی کۆمەڵێک گروپ و خێزان و دیدێکی سوڵتانی زۆر دیاریکراو کاری کردووە."زیاد لە 30 ساڵە بیرمەند و رۆشنبیر مەریوان وریا کار لەسەر کۆمەڵێک چەمکی گرنگ دەکات کە پاشخانێکی گرنگی مەعریفی و ئەکادیمی لە پشت تیڕوانین و دنیابینییەکانیەوە ئامادەگی هەبووە. تاوتوێکردن و توێکاریکردنی ئەو سیستمە حیزبی و گروپە و خێزانە حیزبیانەی کە لە کوردستان دا ئامادەگی هەیە بە سیستمێکی دەستگەر و گروپسالار ناودێری دەکات بە رادەیەک ئەو دەڵێت حکوکمڕانی نیە، بەڵکو سیستمێکی تەواو سوڵتانییە. ئەوانەی پێیانوایە دەبێت بەرامبەر ھەموو دیاردەیەکی نەشیاو و ناشایستە بە ژیانی شارستانی و مرۆڤایەتی بێدەنگ بین و بیدەینە دەستی ئەو قەدەرە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیانەو رۆژگار چارەسەری دەکات، سەددەرسەد بەشدارن لەھەر تاوانێکدا کە بەرامبەر ژیانی گشتی و شارستانی دەکرێت، ئەو نوسەر و رۆژنامەنوسە لە مەڕ بێدەنگترانە کە موچەو پاداشتی زەلیلی و سەرشۆڕی وەردەگرن و تاسەرئێسک بێدەنگیان ھەڵبژاردووە بەرامبەر ئەو ھەموو ناعەدالەتی و ناحەقی و راوڕوتە حیزبی و سەلەفی و تایەفەگەرییە، بێگومان دەبێت لەوە تێبگەن ھەڵبژاردنی بێدەنگی لە سەلیقەی رۆشنبیری و مەعریفییەوە سەرچاوەی نەگرتووە بەڵکە لە بەشداریکردن و ھاوبەشیکردنی تاوان و کاولکارییەوە سەرچاوەی گرتووە. کاتێک یاسا دەبێتە کۆیلەی حیزب و دەسەڵات، ئەوکاتە ئیتر یاسا دەبێتە ئامێرێکی حیزبی بۆ پەخشکردنی جەبەروت و چەواشەکاریی و شاردنەوەی راستییەکان، ئەوکاتە ئیتر زۆر ئاسان رۆژنامەنوسان دەکرێن بە تیرۆریست و پیاوکوژەکانیش دەبن بە فریشتە، گەندەڵ و تاڵانچییەکان دەبن بە نیشتیمانپەروەرو ئینساندۆستەکانیش دەبن بە خائین و دژەنەتەوەو بەم جەبڕوتە حیزبی و ستەمکارییە سوڵتانییە دەڵێن حوکمڕانی. دەرئەنجام مەریوان وریا دەڵێت "هێزە باڵادەستەکانی کوردستان توانای سەرکردایەتیکردنی ئەخلاقی کۆمەڵگەیان نەماوە، واتە توانای ئەوەیان نەماوە سەرکردایەتییەکی ئەخلاقی، ویژدانی، فیکری و رەمزی کۆمەڵگەی ئێمە بکەن، لەبەرئەوە تاکە شتێک کە بەدەستیانەوە ماوە تەنها فشارە بەرامبەر ئەم کۆمەڵگەیە". ئەو فشارە حیزبی و نا شارستانیانە تێکڕا بەرهەمی لۆجیکی ئەو زەبروزەنگ و ستەمکارییەن کە تا ئەوڕۆکە وەک ستەمکاریی نەبینراون، ستەمکاری ئابوری وەک قەیرانی ئابوری سەیرکراوەو ستەمکاری ناداپەروەری وەک خراپی بارودۆخی ئابوری و سیاسی ئیشی لەسەرکراوە، ستەمکاری بەرامبەر رۆژنامەوانان و ئازادی رادەربڕین وەک ستەمکاری ئاسایی و تەنها وەک پیشێلکاری سەیریان کراوە، ستەمکاری گەندەڵی وەک کارەساتی ئابوری و چاکسازی باسی لێوەکراوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی ستەمکاری و زەبروزەنگی گەورە لە قەیران و پیسێلکارییەکان جیادەکاتەوە ئەو رەهەندە میژوویی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی و مەعریفیەیە کە کار لەسەر تۆقاندن و وێرانکردن و چەواشەکردن و زەلیلکردنی کۆمەڵگەو پێکهاتەکانی دەکات. کار لەسەر ناشرینکردنی سیاسەت و حوکمڕانی دەکات، کار لەسەر بچوککردنەوەی کۆمەڵگەو فەرهەنگ و رۆشنبیری دەکات لەپێناو گەورەکردن و بەهێزکردنی دەسەڵاتی میلیشیا و ستەمکاری حیزب و مافیاکان دەکات. لە کۆتاییدا رۆڵان بارت دەڵێت: "لەبەرئەوەی نوسین ئازادییە کەواتە تەنھا ساتەوەختێکە، بەڵام ئەو ساتەوەختە بریتییە لەڕوونترین ساتەوەختەکانی مێژوو مادام مێژوو بەر لەھەرشتێک بەردەوام ھەڵبژاردن و سنوردانانە بۆ ئەو ھەڵبژاردنە." بۆ نوسینی ئەم وتارە سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە: 1-Modernism: A Cultural History (Themes in 20th and 21st Century Literature) 1st Edition by Tim Armstrong 2-Modernity and Literary Tradition Hans Robert, Vol. 31, No. 2 (Winter 2005), pp. 329-364 (36 pages) Published By: The University of Chicago Press 3- Writing Degree Zero-Roland Barthes. 2001 4-مەریوان وری قانیع-دەسەڵات و جیاوازی، 2013 5-مەریوان وریا قانیع-بیرکردنەوە لەسەردەمە تاریکەکانادا 2019. 6-دەنگی ئەمریکا-چەند وتوێژ لەگەڵ مەریوان وریا قانیع دا-سازدانی: ئاسۆ جەبار 7-على حرب، حدیث النهایات،2001،ل10" 8-رامین جیهانبگلو-وتار 9- مەریوان وری قانیع -کتێب و دونیا.2013 10-رولان بارت-درجة السفر للكتابة – عن ترجمة د.داناسردار في كتاب القرءة االمعرفة - 200
د. نوری تاڵهبانی هەموو دەزانین كەوا ناحەزانی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان خەریكی جێبەجێًكردنی پلانێكی داڕێژراون بۆ لە ناوبردنی كورد و كوردستان. ئەو بەرنامەی كە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە ساڵی 1998 ئامادەی كردووە گونجاوە بۆ دەربازبوون لەو پلانە، ئەگەر هەموو لایەنە سیاسیەكان لە هەموو بەشەكانی كوردستان بە نیازێكی پاكەوە هەوڵی جێبەجێكرندنی ناوەرۆكەكەی بدەن. ئەمەش دەقی ئەو پرۆژەیەیە... پرۆژەی پەیمانی كۆنگرەی نەتەوەیی ساڵی 1998 ماوەێك لەمەوبەر بە گەرمی باس لە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانی دەكرا بە بەشداری كردنی هێزە سیاسیەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان. هەموو دەزانین كە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لەناو گێژاوێكی گەورەدا دەسووڕێتەوە و دەوڵەتە زلهێزەكان و بەشێك لە دەوڵەتانی ناوچەكەی ناچار كردووە هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بكەن، هەتا ئەگەر بە دەستكاری نەخشەی ناوچەكەش بێت. ئەگەر كورد وەكو نەتەوەێكی سەرەكیی ناوچەكە بە یەك دەنگی و یەكریزی بەشداری لەو پرۆسەیە نەكەن، بەجیددییەوە گوێ لە داواكاریەكانی ناگیرێ و لایەنە پێوەندیدارەكان، بەتایبەتی دامەزراوە نێونەتەوەیی و دەوڵەتە زلهێزەكان پاڵپشتیان لێ ناكەن. بیرۆكەی دروستكردنی دامەزراوەیەك بەناوی (كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان)، یان بە ناوێكی دیكەوە پێشتر چەند جارێك كاری لەسەركراوە. لە ساڵەكانی 1997 و 1998 هەوڵێكی جیددی بۆ دامەزراندنی دەزگاێكی نەتەوەیی لە دەرەوەی كوردستان درا، مەبەستی سەرەكی ئەوەبوو كورد بە شێوەێكی دیپلۆماسیانە داواكاریەكانی بخاتە بەرچاو دەزگا نێودەوڵەتییەكان و دەوڵەتانی دونیا. ئەو دەمە لە دەرەوەی وڵات بووم، وەكو قانوونناسێك بەشداریم لە كۆنفرانسێك كرد، كە بۆ ئەو مەبەستە ڕێكخرابوو. لەو كۆنفرانسەدا داوا لە چەند قانوونناسێك كرا پرۆژەی پەیمانێك بۆ ئەو دامەزراوە نەتەوەییە ئامادە بكەن، پێم باشە لێرەدا زۆر بە كورتی ڕووناكی بخەمە سەر بنەما سەرەكییەكانی ئەو پرۆژەیە و ئاماژەش بۆ چۆنیەتی سەرهەڵدانی ئەو بیرۆكەیە بخەمە بەرچاو. یەكەم: بیرۆكەی دامەزراندنی كۆنگرەی نەتەوەیی لە دەرەوەی كوردستان: لەسەر بانكهێشتنی (پەرلەمانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات)، لە 12/12/1997 كۆبوونەوەیەك لە شاری (برۆكسێل) ڕێكخرا، كە نزیكەی (120) كەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیری لە هەموو بەشەكانی كوردستان ئامادەی بوون. نوێنەرانی بەشی هەرە زۆری حیزب و گروپە سیاسیەكان لە بەشەكانی كوردستان و كۆمەڵێك لە كەسایەتی سەربەخۆ و ڕۆشنبیر ئامادەی ئەو كۆبوونەوە بوون. لە ئاكامی بیروڕا گۆڕینەوە بە چڕو پڕی، بڕیار درا ڕێكخراوێكی نەتەوەیی كوردستانی دروست بكرێت، داواش لە چەند قانوونزانێك كرا پرۆژەیەك ئامادە بكەن وەكو (دەستوور) یان (پەیماننامە)یەك بۆ ئەو ڕێكخراوە. لە كۆتایی ساڵی 1998 دا ئەو پرۆژەیە ئامادەكرا، بەو بۆنەوە، (مەڵبەندی رۆشنبیری كورد لە لەندەن) داوای لێكردم بابەتێك لەسەر ناوەرۆكی ئەو پرۆژەیە و چۆنیەتی ئامادەكردنی پێشكەش بە كوردانی دانیشتوانی دەڤەری لەندەن بكەم، لێرەدا بە كورتی ڕِووناكی دەخەمە سەر ناوەرۆكی ئەو پرۆژەیە، بە ئومێدی ئەوەی سوودمەند بێت بۆ ئەو بەرێزانەی ئەركی ئامادەكردنی پرۆژەی پەیمانی كۆنگرەی نەتەوەییان پێ دەسپێردرێ. ناوی ئەو كۆمسیۆنەی ئەركی ئامادەكردنی پەیمانی كۆنگرەكەی پێ سپێردرا: (كۆمیسۆنی ئامادەكردنی پرۆژەی دەستووری كۆنگرەی نەتەویی) بوو، چەند قانوونزانێك لە دەرەوەی وڵات دەستنیشانكران بۆ ئامادەكردنی پرۆژەكە. لە یەكەم كۆبوونەوەدا ئەركی سەرپەرشتی كردنی كارەكانی خرایە ئەستۆی بەندە. بەشێك لە ئەندامانی ئەو كۆمسیۆنە نەیاندەتوانی ئامادەی هەموو كۆبوونەوەكان بكەن، كە لە (برۆكسێل) و (لەندەن) دەبەستران. پێش شیكردنەوەی بەندەكانی پرۆژەی ئەو پەیمانە، چاكترە ڕووناكی بخەمە سەر چۆنیەتی سازدانی ئەو كۆنفرانسە و ئاماژەش بە شێوەی بیركردنەوەی بەشی زۆری بەشداربوونی بكەم، چونكە هەموو كارێكی قانوونی پێشینەێكی هەیە و ڕووناكی دەخاتە سەر ناوەرۆكەكەی. كۆنفرانسەكە بڕیاری لەسەر چەند خاڵێكدا كە بكرێنە بنەما بۆ داڕشتنی پرۆژەی دەستووری ئەو كۆنگرەیە، بەتایبەتی: 1. لەو دەمەدا شەڕیی ناوخۆیی دەستی ڕەشیی بەسەر كوردستاندا كێشابوو، بۆیە بەشداربووانی كۆبوونەوەكەی (برۆكسێل) جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە، كۆنگرە دەبێ هەوڵی جیددی بۆ چارەسەركردنی ناكۆكیەكانی نێوان پارتە سیاسیەكانی كوردستان بدات. 2. بەشداربووانی ئەو كۆنفرانسە داوایان كرد كۆنگرە بكرێتە (ناوەندێك) بۆ كۆكردنەوەی هەموو هێزە سیاسیەكانی كوردستان، نەك (لایەنێك) بێت لەناو ئەو لایەنانەدا. 3. كۆنگرە دەبێ ستراتیجێكی نەتەوەیی ڕوون و شەفاف بۆ خەباتی درێژخایەنی دواڕۆژی گەلەكەمان دیاری بكات، كە بە داخەوە كورد پێشتر نەیبووە، یان سەرانی كورد لەبەر هۆی سیاسی نەیانتوانیوە دیاری بكەن تا پابەند نەبن پێوەی. 4. كۆنگرە دەبێ داوا بكات لەو هێزە سیاسییانەی بەشدارییان لە كۆبوونەوەی بروكسێل نەكردبوو، ئەوانیش بەشداری لەو كۆنگرەیە بكەن. 5. كۆنگرە دەبێ پرۆگرامێكی ڕوون و ئاشكرای هەبێ و داوا لە هەموو لایەنەكان بكات پابەند بن بەو پرۆگرامەی كە خۆیان پەسندی دەكەن. 6. هەموو هێزە سیاسیەكانی كوردستان ئاگادار بكرێنەوە خەتێكی سوور هەیە و نابێ هیچ لایەنێكی سیاسی ئەو هێڵە سوورە تێپەڕێنێ لە مامەڵە كردنیان لەگەڵ دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان. 7. كۆنفرانس كۆمیتەیەك دەستنیشان بكات بۆ ئامادەكردنی پرۆژەی پێڕەوی (دەستووری) ئەو كۆنگرەیە. لەپاش دیاری كردنی ئەندامانی (كۆمیتەی ئامادەكار )، بڕیار درا ناوی (كۆمیسیۆنی پەیوەندی كردن) و (كۆمیسیۆنی ئامادەكردنی پَیڕەوی كۆنگرە) بێت. ژمارەی ئەندامانی كۆمیسیۆنی ئامادەكردنی پێڕەوی كۆنگرە حەوت (7) قانوونناس بوون، بەڵام بە كردەوە بەشێكیان نەیاندەتوانی ئامادەی هەموو كۆبوونەوەكان بكەن. هەر لەو كۆبوونەوەدا بڕیار درا ئەو پرۆژەی كە پێشتر (پەرلەمانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات) ئامادەی كردبوو دابەش بكرێت بەسەر هەموو بەشداربوواندا و داوایان لێ بكرێت لە ماوەێكی دیاری كراودا ڕاو بۆچوونی خۆیان بە نووسین بۆ (كۆمیسیۆنی ئامادەكردنی پێڕەوی كۆنگرە)ی بنێرن. ئەو پرۆژەیە پاشان كرایە بنەما و ڕەوانەكرا بۆ زیاتر لە (15) قانوونناس و سیاسەتمەداری كوردی دانیشتووی دەرەوەی وڵات، تا ڕاو بۆچوونی خۆیان بۆ ئەو كۆمسیۆنە بنێرن، بەشیكیان هاوكاریان كرد و وەڵامیان دایەوە، بەڵام بەشێكی دیكەیان وەڵامیان نەبوو. هەر لەو كۆبوونەوەدا بڕیاردرا ناوی كۆمیسیۆنەكە بكرێتە:(كۆمیسیۆنی ئامادەكردنی پەیمانی كۆنگرە)، چونكە ئەو پرۆژەیە وەكو (پەیمان/میپاق/ CHARTER) تەماشا دەكرا و بەشێك لە دەزگا نێودەوڵەتییەكان و ڕێكخراوانی ئازادیی بەخشی گەلانی ژێردەستە ئەو ناوەیان بۆ خۆیان هەڵبژاردبوو. هەر لەو كۆبوونەوەدا بڕیاردرا سوود وەربگێرێ لەو پرۆگرام و پرۆژانەی پێشتر ئامادەكرابوون بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی كوردی و ئەو بەرنامانەی بۆ ڕێكخراوانی دیكە ئامادەكرابوون، وەكو (ڕێكخراوی ئازادی بەخشی فەلەستینی) و (كۆنگرەی ئەفریقیای خواروو). ئەندامانی ئەو كۆمیسیۆنە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كۆنگرە بكرێتە دەزگایەكی نەتەوەیی بۆ كۆكردنەوەی هەموو هێزە سیاسیەكانی كوردستان و بەشی زۆری رێكخراوانی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و كەسایەتییە نیشتیمانیەكان تا پێكەوە كار بۆ یەك دەنگیی گەلەكەمان بكەن لە دەرەوەی نیشتمان، بۆ ئەوەی ئەو دەنگە یەكگرتووەی كورد لە دەرەوەی كوردستان بگاتە دەزگا و ڕێكخراوانی نێونەتەوەیی و هەموو دەوڵەتانی دونیا. بڕیاردرا كۆنگرە لەڕێگای گفتوگۆ و دیالۆگەوە هەوڵی چارەسەكردنی كێشەكانی نێو حیزبە سیاسیەكان و كێشەكانی دیكەی گەلەكەمان لەگەڵ دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان بدات. ئەو (پەیمانە) وەكو دەستوور تەماشا بكرێت، بۆیە تەنیا بنەما سەرەكیەكانی تێدا دیاری بكرێن، بابەتەكانی دیكە بە (بڕیار)ی دەزگاكانی بڕیاردەری ناو كۆنگرە چارەسەر بكرێن. چەند كۆبوونەوەیەك لە (برۆكسێل) و (لەندەن) بەستران، لە رۆژانی 1 و 2 ی ئابی 1998 پرۆژەكە بەدوا شێوەی وەكو (پرۆژە) پەسندكرا، چونكە دەبوو (جڤاتی گشتی) كۆنگرە، كە گەورەترین ئۆرگانی ئەو كۆنگرەیە بوو، بڕیاری لەسەر بدات. پێشتر ئەو كۆمسیۆنە قانوونییە پرۆژەكەی دابەش كرد بەسەر هەموو لایەنە سیاسیەكان و كەسانی پسپۆر و شارەزا و میدیای كوردی بۆ ئەوەی ڕاو سەرنجی خۆیان بۆ كۆمسیۆنەكە بنێرن، پێش ئەوەی پرۆژەكە لەلایەن (جڤاتی دامەزرێنەر)ی كۆنگرەوە دەنگی لەسەر بدرێت. ئەمە بوو زۆر بەكورتی ئەو سەرەتایەی كە دەبوو بخرێتە بەرچاو، پێش شیكردنەوەی بەندەكانی پرۆژەكە. دووەم: ناوەرۆكی پرۆژەكە: پرۆژەكە پێكهاتبوو لە (پێشەكی) و (8) (بەش)، و (25) بەند. لە (پێشەكی) پرۆژەكەدا بە كورتی باسی نەتەوەی كورد و ڕۆڵی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دیاری كراوە، هەروەها ڕوونكراوەتەوە كە كورد لەسەر خاكی خۆی ماوەتەوە، بەڵام بێبەش لە هەموو مافەكانی، بە تایبەتی مافی دیاریكردنی چارەنووسی خۆی، ئەوەش بە پێچەوانەی پەیمانامە نێونەتەوەییەكان و جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و هەموو پرنسیپەكانی قانونی نێودەوڵەتی و قانوونی خۆزایی (تەبیعی)یە. هەر لەو (پێشەكی)یەدا هۆیەكانی سەرنەكەوتنی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەی كورد دیاری كراون: (ئەم سەرنەكەوتنەی هەر لەبەر سیاسەتی سەركوتكەرانەی دەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستان نەبووە، بەڵكو پارچەبوون و ناكۆكی ناوخۆیی و هەرێم پەرستیی و لەیەك دابڕاوی هیزە خەباتكارەكانی لە هۆیەكانی دیكەی ئەم سەرنەكەوتنەی بووە)، و(لەگەڵ ئەو هەموو كارەساتانەی پێیدا تێپەڕیوە، گەلی كورد وەكو یەكێ لەو چوار گەلە سەرەكییەی ناوچەكە ماوەتەوە، كە فارس و تورك و عەرەب و كوردن). لە كۆتایی ئەو (پێشەكی)یەدا نووسراوە: (بۆ بەكارهێنانی مافی دیاری كردنی چارەنووسی خۆی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و یەكبوونی نیشتمانەكەی، ئەم پەیمانە ڕادەگەیەنین و ئاشكرای دەكەین كە پابەند دەبین بە جاڕدانی جیهانیی مافی مرۆڤ و پەیمانامە نێونەتەوەییەكان و پرنسیپەكانی قانونی نێودەوڵەتی). (بەشی یەكەمی): كوردستان، گەلی كوردستان، مافە سەرەكیەكانی و مافی سەروەریی. لە بەندی یەكەمی پرۆژەكەدا (كۆنگرە) بە بەرزترین ئۆرگانی كوردستان دانراوە. لە بەندی دووهەمدا كوردستان بەم شێوەیە پێناسەكراوە: (كوردستان ئەو وڵاتەیە، كە كورد زۆرینەی تێدا پێكدێنێ). لەبەرئەوەی داگیركەرانی كوردستان دەمێكە بە هەموو شێوەیەكی نامرۆڤانە خەریكی گۆرینی باری دیموكرافی كوردستان بوون، پرۆژەكە گۆرینی باری دیموگرافی كوردستان، بەتایبەتی دەركردن و بەزۆر كۆچ پێ كردنی هەر كوردستانیەك لە هەر ناوچەیەكی كوردستان، لەگەڵ هێنانی خەڵكی دی و نیشتەجێ كردنیان لەو ناوچانە لە لایەن دەوڵەتە داگیركەرەكانەوە، بەكارێكی ناڕەوا دەزانێ و بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكات. لە پەرەگرافێكی دیكەی ئەو بەندەدا هاتووە، گەلی كوردستان پێكهاتووە لە: (كورد، ئاشوری- سریانی و توركمان و ئەرمەن و عەرەب و ئەوانی تر، كە هەبوونێكی مێژوویان هەبووە لە كوردستان و بەئەنجام خۆیان بە كوردستانی زانیوە). لە بەندی سێهەمی پرۆژەكەدا باس لە یەكسانی خەڵكی كوردستان كراوە، بە ژن و پیاوەوە، لەگەڵ قبووڵ نەكردنی هیچ جۆرە جیاوازییەك لە نێوانیان لەبەر ڕەگەز، زمان، باوەڕ و توانای ئابووریی. هەمان ئەو بەندە زمانی كوردی بە زمانی فەرمی (ڕەسمی) لە كوردستان دەزانێت، بەڵام لە پەرەگرافی سێهەمدا باسی مافە تایبەتمەندیەكانی ئەوانەی كردووە كە كورد نین و بەشێكن لە گەلی كوردستان وەكو: (مافی پاراستنی تایبەتمەندی خۆیان و گەشەپێدانی كولتوور و زمان و زاراوەی خۆیان و دروستكردنی ڕێكخراو و دەزگای تایبەتی بۆ پێشخستنی كەلەپووریان). بەندی چوارەم، گرنگترین بەندی پرۆژەكەیە، كە باس لە مافی بڕیاردانی چارەنووس دەكات بەوەی: (گەلی كوردستان وەكو هەموو گەلانی دونیا، خاوەن مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیەتی). لە بەشی دووهەمی پرۆژەكەدا باسی پرنسیپ و ئامانجە گشتیەكانی كۆنگرە دەكات و دەڵێ، جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ بنەمایەكی سەرەكی یە بۆ كارەكانی كۆنگرە و مەبەستی سەرەكی لە پابەندبوونی بەو پەیمانە نێودەوڵەتییە ئەوەیە بیسەلمێنێ، كە كورد وەكو هەموو نەتەوەكانی دیكە، پابەندە بە هەموو ئەو پرنسیپانەی كۆمەڵگای نێونەتەوەیی قبووڵیان كردووە. لەبەر ئەوەی گەلەكەمان زۆرجار تووشی شكستی گەورە هاتووە لە ئاكامی ئەوەی بەرژەوەندیە گشتیەكانی لە پاش بەرژەوەندیی پارچەكان و پارتە سیاسیەكانی كوردستان و ڕێكخراوە و كەسەكان هاتووە، بۆیە (نابێ لەبەر هەر هۆیەك بێت، پشتگیری، یان هاوكاری دەوڵەتێكی داگیركەری كوردستان، یان دەوڵەتێكی تر بكرێت دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی كورد). هەروەها كۆنگرە هەموو جۆرە هاوكارییەك دژ بە بزوتنەوەی ئازادیخوازی نەتەوەیی لەگەڵ وڵاتیكی داگیركەری كوردستان بە خیانەت دەزانێ و شەڕی نێوان پارت و ڕێكخراوە كوردستانیەكان تاوانبار دەكات و ڕەتی دەكاتەوە. لە پەرەگرافێكی دیكەی بەندی پێنجەمدا هاتووە: (كۆنگرە دان نانێ بەو ڕێككەوتننامانەی كوردستانی پێ دابەش كراوە، یان مافی گەلانی تێكڕا پێ پێشێل كراوە). ڕێككەوتنامەی لۆزانی ساڵی 1923 زەقترین نمونەیە، كە هیچ لایەنێكی كوردی بەشداری لە ئامادەكردنی نەكردووە. بەندی شەشەمی پەیڕەوەكە باس لە ئامانجەكانی كۆنگرە دەكات، بەتایبەتی: 1- تێكۆشان بۆ بەهیزكردنی هاوكاری و هاوخەباتی لەسەر بناغەی یەكیەتی نەتەوەیی و بەرژەوەندیە سەرەكیەكانی گەلی كوردستان. 2- كۆكردنەوە پارت و ڕێكخراو و كەسایەتیە نیشتیمانیەكانی كوردستان لە چوارچێوەی ئەم دەزگایە. 3- نەهێشتنی هیچ جۆرە شێوەیەكی ناكۆكی و دژایەتی لە نێوان پارت و گروپە سیاسیەكانی كوردستان و لایەنگرانیان. لە بارەی ڕۆلی كۆنگرە بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكیەكانی گەلەكەمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی كوردستان، كۆنگرە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانە بە شێوەیەكی ئاشتییانە دەدات و بەكارهێنانی هێز و توندوتیژی بە ڕاست نازانێت، تەنیا لە حالەتێكدا كە ناسنامەی نەتەوەیی گەلەكەمان لە مەترسیدا بێت. هێزە كوردیەكان ئەگەر پەنابەرنە بەر شەڕی پێشمەرگایەتی، ئەوە بۆ داكۆكی كردنە لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان، كە مافێكی ڕەوایە، چونكە مافی داكۆكی كردن لە خۆ هەموو قانوونەكانی ئاسمانیی و نێونەتەوەیی و نەتەوەیی بە كارێكی شەرعی ڕەوای دەزانن. كۆنگرە پشتگیری لە خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی لە هەموو پارچەكانی كوردستان دەكات و پێشكەشكردنی هەموو یارمەتیەكی پێویست لە پێناو چارەسەرییەكی سیاسی، بە ئەركی سەرەكی خۆی دەزانێ. لەسەر ئاستی پەیوەندی نێونەتەوەیی، یەكێ لە ئەركە سەرەكیەكانی (كۆنگرە) كاركردنە بۆ بەدەستخستن و پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستان، هەروەها كۆنگرە كار دەكات بۆ بەهێزكردنی گیانی دۆستایەتی لەگەڵ هەموو گەلانی جیهان، بەتایبەتی لەگەڵ گەلانی دراوسێی كوردستان، وەكو عەرب و فارس و تورك. كۆنگرە هەوڵی دابینكردنی ئاشتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەدات و دژی هەموو بیروباوەرێكی ڕەگەزپەرستیی و توندڕەویی یە لە ژێر هەرناوێكدا بێت. بەشی سێهەمی پرۆژەكە تەرخان كراوە بۆ ئۆرگانەكانی كۆنگرە و (جڤاتی دامەزرێنەر)ی كۆنگرە بەرزترین ئۆرگانی كۆنگرە دەبێ، كە (پەیمانی كۆنگرە)پەسند دەكات، هەنگاوی دووهەم دەبێ هەڵبژاردنی (جڤاتی گشتی) بێت، پێشنیازكراوە ژمارەیان (150) ئەندام بن، نیوەیان نوێنەری پارت و گروپە سیاسیەكانی كوردستان بن، نیوەكەی دیكەیان نوێنەرانی ڕێكخراوانی كۆمەڵگەی مەدنی، بە تایبەتی ڕێكخراوانی كۆمەڵایەتی و كولتووری و ڕۆشنبیری و كەسایەتیە نیشتمانیەكان بن. (جڤاتی دامەزرێنەر ) شێوەی بەشداریكردنی ئەو لایەنانە دیاری دەكات، بەو شێوەی لە پەیمانی كۆنگرەدا ڕوون كراوەتەوە. (جڤاتی گشتی)، وەكو پێشتر ئاماژەی بۆ كراوە، بەرزترین ئۆرگانی كۆنگرەیە و ساڵی جارێك دەبێ كۆبێتەوە. لە حاڵەتی نائاساییدا، دەتوانێ لە جارێك زیاتر كۆبێتەوە. بەشی چوارەمی پرۆژەكە باس لە دەزگاكانی كۆنگرە دەكات: 1- جڤاتی گشتی ، كە دەستەیەكی سەركردایەتی بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ. 2- سكرتاریەتی گشتی، كە جڤاتی گشتی ئەندامەكانی هەڵدەبژێرێ. 3- دەستەی ڕاوێژكاری. 4- دەستەی قانوونی باڵا، كە ئەندامەكانی لەلایەن (جڤاتی گشتی) یەوە هەڵدەبژێڕێن . جڤاتی گشتی: ئەم دەزگایە ئۆرگانی هەرە باڵای كۆنگرەیە، ئەندامانی بۆ ماوەی دووساڵ هەڵدەبژێردرێن، پاشان بە گوێرەی (بڕیاری هەڵبژاردن )، كە (جڤاتی گشتی) بە ئامادەبوونی زیاتر لە نیوەی ئەندامانی دەبەسترێ. سەرەتا دەبێ سەرۆك و دوو جێگر و چوار كۆنووسەر هەڵبژێرێ. دەسەڵاتەكانی ئەم دەزگایە ئەمانەن: 1- هەڵبژاردنی سكرتاریەتی گشتی، كە دەزگای بەڕێوەبردنی كۆنگرە دەبێ. 2- پەسەندكردن یان ڕەتكردنەوەی ئەو پڕۆژانەی لە لایەن سكرتاریەتی گشتی، یان لە لایەن ئەندامانی جڤاتەوە دەخرێنە بەر دەستی. 3- دەستكاری كردنی پەیمانی كۆنگرە، بەڵام بە دەنگی 2/3 ئەندامانی جڤاتی گشتی . ئەم دەزگایە ڕۆلی پەرلەمان دەگێڕێ لە ناو كۆنگرەدا و دەستەیەك بۆ سەرۆكایەتی هەڵدەبژێرێ. ئەم دەستەیە دەتوانێ كۆمسیۆنی تایبەت لە ئەندامانی جڤاتی گشتی پێكبێنێت بۆ هەر كارێك بە پێویستی بزانێ. جڤاتی گشتی سەرۆكی نییە، بەڵكو سكرتێری گشتی كە پێشنیازكراوە ناوەكەی بكرێت بە (سەرۆكی كۆنسەی كۆنگرە)، و بەندە دژی ئەو بۆچوونە بووم، چونكە جگە لەوەی بە پێچەوانەی پرنسیپی جیاكردنەوەی دەستەڵاتەكانی بڕیاردان و بەڕێوەبردنە، دەبێتە هۆی كۆكردنەوەی هەموو دەسەڵاتەكان لە یەك دەزگادا و لە ئاكامدا لە دەستی یەك كەسدا كۆ دەبنەوە، ئەوەش بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ بنەماكانی دیموكراسیدا ناگونجێن . بەندەكانی چواردەمین تا نۆزدەمین تەرخان كراون بۆ دەزگای (سكرتاریەتی گشتی)، كە پاش (جڤاتی گشتی)، بەرزترین ئۆرگانی كۆنگرەیە. ئەم دەزگایە پێك دێت لە سكرتێری گشتی و سەرۆكەكانی هەموو كۆمیسیۆنەكان و هەشت ئەندامی جڤاتی گشتی، كە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێردرێن. سكرتاریەتی گشتی، دەزگای بەڕێوەبردنە لە ناو كۆنگرەدا، دەبێ دوو مانگ جارێك لە باری ئاساییدا كۆبێتەوە، بەڵام لە باری نا ئاساییدا، دەكرێ لەسەر داوای سكرتێری گشتی، یان سێ یەكی ئەندامانی سكرتاریەت كۆبێتەوە. سكرتێری گشتی كۆنگرە و ئەندامانی دیكەی سكرتاریەتی گشتی، لەلایەن جڤاتی گشتیەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێررێن و نوێنەرایەتی كۆنگرە دەكەن و بەرپرسیار دەبن بەرامبەر جڤاتی گشتی، كە دەتوانێ متمانەیان لێ وەربگرێتەوە، لەسەر داوای پێنج یەكی ئەندامانی. بەندی هەژدەمین باس لە كۆمیسیۆنەكانی سكرتاریتی گشتی دەكات، كە سەرۆك و ئەندامانی لەلایەن (جڤاتی گشتی )یەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێردرێن. سەرۆكی ئەو كۆمیسیۆنانە دەبنە ئەندامانی (سكرتاریەتی گشتی). ئەم كۆمیسیۆنانە دەبێ دوو مانگ جارێك كۆببنەوە، بەڵام دەكرێ لەباری نائاساییدا كۆبوونەوەی دیكەش بكەن. ئەمەیە زۆر بە كورتی ناوەرۆكی (پەیمانی كۆنگرە) و (پێڕەویی ناوخۆی) ئەو دەزگا نەتەوەییە.