بە ئاینیکردنی وەرزش

Draw Media

2022-11-23 06:14:31



 گۆران دوکانی 
 
کاتێک یاریزانی بۆکسێن محەمەد عەلی کلای لە گۆڕەپانەکەدا بوو هەموو جیهانی ئیسلامی بەشان و باڵیاندا هەڵدەدا تەنها لەبەر ئەوەی موسوڵمان بوو ئیستاش کە لەژیاندا نەماوە بەسەر ڕابردوویدا دەگرین! لە کاتێکدا جۆرج فۆرمنی ئەمەریکی_مەسیحی بەرزترین ڕیکۆرد بەدەست دێنێت جگە لە ئەمریکیەکان بۆ هیچ ولاتێکی دیکەی مەسیحی جیهان جێگەی شانازی نیە! ئەمریکیەکانیش وەک نەتەوە شانازی پێوە دەکەن نەک وەک ئەوەی فۆرمن مەسیحی بوو، بەهەمان شێوە کاتێک ڕۆکی مارسیانۆ لەنێوان ساڵانی 1947 بۆ 1955 ڕیکۆردی جیهانی بۆکسێن دەشکێنێت لە 49 بردنەوەی یاری بێ دۆڕاندا، ئێوە بینیتان مەسیحیەکانی جیهان بەسەر ڕابردوویدا بگرین لەبەر ئەوەی مارسیانۆ مەسیحی بوو؟!
زۆرینەی جیهانی ئیسلامی هاندەری هەڵبژاردەی فەرەنسان تەنها لەبەر ئەوەی بێنزیما و زێدان موسوڵمانن، بێ ئەوەی بیر لە یاریزانەکانیتری هەڵبژاردەی فەرەنسا بکەنەوە کە زۆرینەیان مەسیحین!، لەکاتێکدا ژمارەی مەسیحیەکانی سەر زەوی 2.56 ملیارەو موسوڵمانانیش 1.97 ملیارن بەم ڕێژەیەش تەواو ژمارەیان لەیەکدی نزیک بۆتەوە بەلام سێ لەسەر پێنجی براوەی خەلاتی هەموو یاریە جۆراوجۆرەکانی جیهان خەڵکانی مەسیحی ئاین بەدەستی دێنن دواتریش خەڵکانی بودی ئاین، لە کاتێکدا نە مەسیحیەکانی جیهان و نە بودايیەکانی جیهان هیچ کاتێک دنیای جوانی وەرزشیان تێکەڵ بە ئاین و تەنانەت سیاسەتیش نەکردوە.
جگە لە خۆشەویستی بۆ وەرزش و تۆپی پێ کێ لەئێمە بینی زۆرینەی مەسیحیەکانی ئەم جیهانە بەسەر بەژن و باڵای بێلی و ڕۆناڵدینۆی بەڕازیلیدا هەڵبەن لەبەرئەوەی مەسیحی بون؟!، جگە لە ئەرجەنتینیەکان کەی زۆرینەی ولاتانی مەسیحی نشین هاندەری ئەرجەنتین بوون بەخاتری ئەوەی مارادۆنا مەسیحی بوو؟! کەی بینیتان زۆرینەی مەسیحیەکانی دونیا هەیەجان بیانگرێت بۆ هەڵبژارەی ئیتالیا لەبەر ئەوەی باجیۆ و بوفۆن و ماڵدینی مەسیحی بوون؟!
ئەستێرە درەوشاوەکانی تۆپی پێی جیهان (مێسی و کریستیانۆ و ئێمباپێ و نەیمار) هەموویان مەسیحین لەکاتێکدا چەندین جار نرخ و ڕیکۆردو ڕانکەکانیان لەپێش زێدان و بێنزیما و سەڵاحەوەن بەلام ئەوەی بۆتە جێگەی خۆشەویستی لای خەڵکانی مەسیحی جیهان توانای یاریزانەکانە نەک ئاینەکەیان.
کاتێک کە چوار یاریزانی وەک (سیسێی فەرەنسی و ویای لایبیری و بۆتینگی ئەڵمانی_غانی و کافۆری غانی) لە ئیسلامەوە دینی خۆیان دەگۆڕن بۆ مەسیحی یان لەئیسلامەوە دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ پراکتیزەکردنی ئاینی مەسیحیەت چی گرنگیەکی بۆ جیهانی مەسیحی هەبوو؟ چی ناوەندو گروپێکی مەسیحی کردیانە هاتوهاواری ئاینی؟ لەکاتێکدا کە زێدان و بەنزیما هەر بەئەسڵ موسوڵمانن و لەدایک و باوکێکی موسوڵمان لەدایک بون چی حیکمەتێکی تێدایە؟.
بەگشتی لەهەر 8000 یاریە جۆراوجۆرەکانی جیهان زۆربەی براوەو شکاندنی ڕیکۆردەکان خەڵکانی ئاینەکانی دیکەن نەک موسوڵمان، بەدرێژای 3000 ساڵ لە یاریەکانی ئۆڵۆمپیک زۆرینەی خەڵات و میدالیا ئاڵتون و زیو و برۆنزەکانی ئۆڵۆمپیات خەڵکانی غەیرە موسوڵمانن بە تایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆرینەی خەڵاتەکان ئەمریکیە_مەسیحیەکان و چاینیە_بودیستەکان خەلاتەکانی ئۆڵۆمپیکیان بەدەستیان هێناوە بەلام جگە لەهەستە نەتەوەییەکە بۆ وڵاتەکانیان ئەوەی نەکراوەتە مەوزوع ئاین بوە...! 
بەڕاست حیکمەتی ئەم بە ئاینی کردنەی وەرزش لە جیهانی ئیسلامیدا تام و چێژی لەکوێدایە؟! شانازی موسوڵمان بون کوا لە برنەوەیەک یان وەرگرتنی خەڵاتێکدایە لەکاتێکدا شوێنکەوتەی ئاینەکانی دیکە بەسەدان و هەزاران خەڵاتیان لەسەرئاستی جیهاندا لە موسوڵمانان زیاتر بەدەستهێنابێت؟ بۆ دەبێت موفاجەئەیەک و بردنەوەی تەنها یاریەک لەجامی جیهانیدا وەک سەرکەوتنێکی هێندە مەزن بۆ موسوڵمانان تەماشا بکرێت لەکاتێکدا لەمێژووی تۆپی پێدا هیچ ولاتێکی ئیسلامی نە تەنها پلەی یەکەم، بەڵکو پلەی دووەم و سێیەم و چوارەمی جامی جیهانیشی بەدەست نەهێنابێت؟ 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand