Draw Media

مەترسیە كانی ئەمڕۆی جیهان 

مەترسیە كانی ئەمڕۆی جیهان 

2022-11-18 15:38:26



فەرحان جەوهەر

جیهانی ئەمڕۆ روبەڕووی گەلێک مەترسی جۆراو جۆر بۆتەوە، بەڵام پاشەکشێی دیموکراسی و گۆڕانکاریەکانی ئاو هەوا لە دوو مەترسیە هەرە جددی و گەورەکانن، ناچمە ناو باسی گەرم بوونی بەرگی گۆی زەوی و گۆڕانکاریەکانی کەش و هەواو وکاریگەریەکانی لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی، ئەوە بابەتی پسپۆرانی ئەو بوارەیە، بۆیە باس لە مەترسی و کاریگەری و دەرەنجامەکانی پاشەکشێی دیموکراسی لەسەر ئاستی جیهان دەکەم،  چونکە بەرپابوونی هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، بەهۆی لاوازی دیموکراسی ودەسەڵاتی ستەمکار بووە. ئەمڕۆ دەبینین لەسەر ئاستی هەموو جیهان جارێکی تر دیموکراسی لە پاشەکشێ دایە، وەرچەرخانی حوکمڕانیەتی زۆرێک لە وڵاتانی رۆژئاوا بۆ دەسەڵاتی راستڕەوە تووندڕۆیەکان، جیهان دووچاری کێشەی گەورە دەكاتەوە، جەنگی روسیاو ئۆکرانیا بۆتە هۆی گرانبوونی سووتەمەنی و هەموو ماددە خۆراکییەکان بەگشتی، کاریگەری خرابی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست کردووە، هەروەها زەمینەیەکی بەپیتی بۆ گەشەکردنی ئەو حزبە توندڕۆیانە هێناوەتە ئارا تا بگەنە دەسەڵات،  حزبە پۆپۆلیستیەکان، خرابی باری ئابووری وڵاتەکانیان دەخنە ئەستۆی خەڵکی بیانی و ئاوارەکان، بۆیە دەتوانن دروشمی رەگەزپەرستانە بەرزبکەنەوە، خەڵکیش بەهۆی خرابی بارو گوزەرانیان دەنگیان پێدەدەن و دەگەنە دەسەڵات، وەک ئەوەی لەم دوایانەدا لە ئیتاڵیا وسوید و ئەمریکای سەردەمی تڕەمپ رویدا، دووریش نییە لە هەڵبژاردنی داهاتوو دووبارە ترەمپ یا ترەمپیەکان بگەڕێنەوە ناو کۆشکی سپی،  هەروەها لە فەڕەنساش نزیک بوون لە وەرگرتنی دەسەڵات،  رەنگە لە خولەکانی داهاتوو لە دەسەڵات بن،  ئەمەو سەرباری مەترسی هەردوو دەسەڵاتی روسیا و چین وەک دوو زلهێزی جیهانی.
 تا ئابووری جیهان بەرەو خرابی بڕوات ناکۆکیەکان قوڵتر‌دەبنەوە و تووندڕۆیەکان دەگەنە دەسەڵات، بەگەیشتنی ئەو حزبە تووندڕۆیانە بە دەسەڵات، دیموکراسی پاشەکشێ دەکات، تا دیموکراسی لە پاشەکشێ دابێت، ئەگەری بەرپا بوونی جەنگی سێیەمی جیهانی نزیک تر دەبێتەوە، ئەگەر هاتباو روسیا خاوەنی دەسەڵاتێکی دیموکراسی بوایە، هەرگیز ئەم شەڕەی ئێستای لەگەڵ ئۆکرانیا دا نەدەکرد، بەڵام دەسەڵاتی تاکڕەوانەی پۆتین سنوری نییە، بۆیە لە ئێستادا بە هۆی ئەم شەڕەوە هەموو جیهان لە نیگەرانیدایە، لەلایەک بەهۆی مەترسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، لەلایەکی تر بەهۆی خرابی بارودۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە هەموو جیهاندا، ئەم جەنگە جیهانی خستۆتە بەردەم دوو بژاردەی یەک لە ئەوی تر مەترسیدار تر، ئەویش سەرکەوتن و شکانی روسیای پۆتینە،  هەردووکیان مەترسیدارن، چ سەربکەوێت چ بدۆڕێت، لە دۆخی دۆڕاندنی دا گریمانەکان ئەوەن رەنگە پۆتین دەست بۆ چەکی ئەتۆمی ببات، لە سەرکەوتنیشیدا هەموو ئەوروپا دەکەوێتە ژێر مەترسی، دۆخەکە قبوڵ ناکرێت، بۆیە ئەگەر رێگای سێیەم کە ئاشتیە نەدۆزنەوە، دوور نییە ئەم جەنگە سەربکێشێت بۆ ماڵوێرانیەکی زۆر گەورە، چونکە لە دۆخی درێژە کێشانیدا، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی خرابی باری ئابووری و ژیانی هاوڵاتیەکانیان، دەکەونە ژێر دەسەڵاتی حزبە راستڕەوە توندڕۆیەکان،  ئەم حزبانەش زۆرتر لەگەڵ شەڕو ئاژاوە و رەگەزپەرستیدان، بەتایبەتی ئەنتی رۆژهەڵاتی و دژی خەڵکی موسڵمانن، بۆیە ئەگەر دیموکراسی بەم شێوەی ئێستا هەرلە پاشەکشێ دابێت، سەرەنجام مرۆڤایەتی روبەڕووی جەنگی سێیەمی جیهانی دەبێتەوە، زلهێزە رۆژهەڵاتیەکان جگە لە روسیا، چین و ئێران و تورکیا و کۆریای باکور لە دۆخی جەنگی رانەگەینراودان، هەموو ئەروپا بە ئەمریکاوە بەهەمان شێوە لەگەڵ روسیادا لە جەنگی ناراستەوخۆو رانەگەێنراودان، هەموو ئاماژەو پێدراوەکان دەرخەری ئەو راستییەن کە ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر جیهان روبەڕووی مەترسی گەورە بۆتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand