ئەبو كاروان نەوت سامانێكی سروشتی پڕ بایەخ و ستراتیجییە، داڕشتنی سیاسەتی نەوت لەلایەن ئەو وڵاتانەی كە بەرھەمھێنەری نەوتن گرنگی خۆی ھەیە، كاتێك كە باس لە جەنگە جیھانییەكان دەكرێت بابەتی نەوتیش لەگەڵیدا دێتەكایەوە، هەروەها كێشەی نەتەوایەتی و نیشتیمانی بەشێكی زۆری وڵاتان، پەیوەستن بەپرسی نەوتەوە، زۆر جار لەبری خێرو خۆشی دەبێتە مایەی ئاشوب و ئاژاوەو سەرچاوەی بەڵاو نەگبەتی بۆ ئەو دەوڵەتانە بەگشتی و گەلەكانیشیان بەتایبەتی. گەر بە نمونە عێراق وەربگرین دەبینین بەشێكە لەو وڵاتانەی كە نەوت ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی بۆ مەیسر نەكردوون و ھەرگیز سودیان لەنەوتەكەی نەبینیوە، دەوڵەتە زلھێزەكان و كۆمپانیاكانیان ھەمیشە بەشێك بوون لەو كودەتا خوێناویە سەربازیانەی لەو وڵاتە ڕوویان داوە، ڕوونترین نمونە كودەتای ڕەشی ھەشتی شوباتی ١٩٦٣ بوو كە ئەمریكاو بهریتانیا ڕۆڵی كاریگەریان ھەبوو تێیدا، ھەر پەیوەست بەم باسەوە بەپێویستمزانی لەسەر كەسایەتییەك بدوێم كە شایەتحاڵی ڕووداوەكان بووە ئەویش حەردان (تكریتی)یە. حەردان كەسایەتییەكی سەربازی و سیاسی بوو لە عێراق، لەنێوان شوبات و ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣دا فەرماندەی ھێزە ئاسمانییەكان بوو، دواتر جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگری و ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی شوڕش بوو لە تەمووزی ١٩٦٨وە تا بوونی بەجێگری سەرۆك كۆمار لەساڵی ١٩٧٠، بەڵام بەفشاری سەدام ھەموو پلەكانیان لێوەرگرتەوە، پاشان كرا بە باڵیۆزی عێراق لە ئیسپانیا، ئەو بریارەكەی جێبەجێ نەكردو نەگەڕایەوە عێراق، چونكە دەیزانی ئەمە پلانی سەدامە بۆ لەناوبردنی، بۆیە چووە كوێت و لەوێ نیشتەجێ بوو، ئەوەبوو لە ٣٠ی ئازاری ساڵی ١٩٧١ بەفەرمانی سەدام لەكوێت تیرۆر كرا. حەردان لە یاداشتەكانیدا كە لە ساڵی ١٩٧١ بڵاویكردوەتەوە، كە ھەر ئەو كتێبەش بووە ھۆكاری دەرمانخواردنی ھاوسەرەكەی و دواتریش تیرۆركردنی خۆی، بەوردی باسی كاریگەری وڵاتە زلھێزەكان دەكات بەتایبەتی ئەمریكاو بەریتانیا لە پرسی نەوت و ئەو كودەتایانەی لەعێراقدا ڕووییانداوە، لە بەشێك لە یاداشتەكانیدا دەڵێ: من و ئەحمەد حەسەن بەكر پەیوەندییەكی ھاوڕێیهتی و دۆستایەتی قووڵمان ھەبوو، چەند جارێك ھەستی خۆمم دەربارەی خراپی بارودۆخی عێراق و ئەوەی لەپشتی پەردەوە دەگوزرێ بۆ ڕوونكردەوە، ئەویش لەوەڵامدا بەپێكەنینەوە وتی: پشتی پەردە چ عەیبەیەكی ھەیە ئەوە نییە تۆی كردە وەزیرو منیشی گەیاندە سەرۆكایەتی، بێ دەنگبە با بە كپوكوڕی وەك خۆی بمێنێتەوە، ئەو لێرەدا مەبەستی لە ھاوكاری ئەمریكاو بەریتانیا بوو لە گۆڕانكارییەكان، لەڕێگای كودەتا سەربازییەكانەوە لە گەیاندنیان بەدەسەڵات. چۆن و بۆچی عهبدولڕەحمان عارف یان دوور خستەوە؟ لە سەردەمی حوكمڕانی عهبدولڕەحمان لەچاو عهبدولسهلامی برای، ھێمنی باڵی بەسەر عێراقدا كێشا بوو، كوشتن و تیرۆر تاڕادەیەك كۆتایی پێ ھاتبوو، جۆریك لە ئازادییەكان بەرقەرار بوو، فشار لەسەر حیزبەكان کەمبوو، هاتووچۆو و گفتوگۆ لەنێوان بزوتنەوەی كوردو حكومەتی ناوەند هەبوو، شەڕی ھەردوولا نەمابوو، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوە بوو بۆچی كودەتای ١٧-٣٠ی تەمووز ڕوویدا. لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا (حهردان تكریتی) بە ئاشكرا پەردە لەسەر ھۆكاری ئەنجامدانی كۆدەتاكە لادەدات و دەڵێ: پێش كۆدەتاكە بە دوو مانگ عهبدولڕەحمان عارف لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: ھەمواری ڕێككەوتنە نەوتییەكان دەكات لەبەرژەوەندی كۆمپانیای (أیرب)ی فەرەنسی. ھەر لەوكاتەدا ئەحمەد حەسەن بەكر (ئەبو ھیثم) پەیوەندی پێوەكردم و یەكترمان بینی، ئەو وتی: ئەوەی ڕاگەینراوە ھەنگاوێكی خراپەو جێی ناڕەزایەتی ئەمریكاو بەریتانییەكانەو كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی عێراق و ئەو دوو دەوڵەتە، لەلایەكی ترەوە پێویستە ئەو ھەلە بقۆزینەوەو ھەوڵبدەین گۆڕانكاری دروست بكەین، بۆیە پەیوەندیمان كرد بە سەدام حسێنەوە كە ئەوكاتە لە لوبنان بوو، بۆئەوەی لەگەڵ سەفارەتی ئەمریكا گفتوگۆبكات بەمەبەستی ھاوكاریكردنمان، ھەروەھا لەگەل میشێل عەفلەق بۆ ھەمان مەبەست. لەدوای كەمتر لەھەفتەیەك سەدام وەڵامی داینەوە كە ھەردوو دەوڵەت ئەمریكاو بەریتانیا ھاوكاریمان دەكەن بەڵام بە دوو مەرج:- ١.پەیماننامەیەكی نووسراو لەنێوانماندا مۆر بكەین و بەپێی بەرنامەیەكی ھاوبەش دوای گۆڕانكاری و ئەنجامدانی كۆدەتا كار بكەین . ٢. پشت بەھێزەكانی ناوخۆ ببەستن. بۆ ئەوەی بیسەلمێنین وەك حیزبی بەعس كە خاوەنی جەماوەرێكی بەھێزین، بریارماندا خۆپیشاندانێكی جەماوەری دژی عهبدولرەحمان عارف ئەنجام بدەین، لەو خۆپیشاندانەدا شیوعییەكان و چەند كەسایەتی ئاینی بەشداربوون، ئێمە (ئەبو ھیثم، حهردان) چەند ھاوڕێیەكی تری بەعسی لەڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندەرانەوە بووین. دوای ئەو چالاكییە جەماوەرییە سەفارەتی ئەمریكا لە لوبنان ئاگەداریانكردین كە ئامادەی ھاوكاری تەواون، هاوکات داوایان کرد پاش سەركەوتنی كودەتاكە پێویستە نەرمی بنوێنن لەبەرانبەر كۆمپانیاكانی نەوتی ئەمریكا، ئەمجارەیش مەرجەكانمان قبوڵكرد. دوای سێ ڕۆژ جارێكی تر سەفارەتی ئەمریكا ئاگاداری كردین كە لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانەكانی گاردی كۆماری تەنسیق و ھاوكاری بكەن (عهبدولڕەزاق نایف)، بهپێی ئەو پلانەی بۆتان دیاری دەكات کاربکەن، بۆیە شەوی ١٧ی تەمووز دوای جەولەیەك گەڕان بە سەیارەكەی عهبدولڕەزاق، لەسەر ھەموو شتێك ڕێككەوتین. حهردان لە یاداشتەكانیدا لە شوێنێکی تردا دەڵێ: نامەوێ لەسەر وردەكاری چونیەتی كۆدەتاكە بدوێم، بەڵام ئەوەی جێی خۆشحاڵی ئێمە بوو، ئەوەندە بەئاسانی و بەپەلە جێبەجێكرا لەدەرەوەی بیركردنەوەی ئێمەدا نەبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی لایەنگرانی عهبدولڕەزاق سێ فیشەكیان لە دەرەوەی ژوورەكەی تەقاند، ئەوەبوو سەرلەبەیانی ١٧ی تەمووز عهبدلڕەزاق ھەردوو دەستی بەرزكردەوە خۆی دا بەدەستەوە. ئەی كۆدەتاكەی دژ بە عەبدولڕەزاق چۆن بوو؟ سەرنج بدەن نەوت و ڕۆڵی ئەمریكاو بهریتانیا چ كاریگەری ھەبووە لەسەر ھێنانە سەر حوكمی عهبدولڕەزاق و پاشان دەرپەڕاندنی لە ماوەی ١٣ ڕۆژدا. حردان دەڵێ: دوای كۆدەتاكە بەشەش ڕۆژ، سەفارەتی بهریتانی بەشێوەیەكی نھێنی پەیوەندی پێوەكردین سەبارەت بەو سیاسەتەی كە عهبدولڕەزاق وەك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاندبوو. لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا (عهبدلڕەزاق دەخوازێت حكومەتەكەی سیاسەتێكی سەربەخۆیانە لەبواری پرسی نەوتدا پەیرەو بكات و پێداچوونەوە بەسەرجەم ڕێككەوتنەكاندا بكات کە لەنێوان عێراق و كۆمپانیا نەوتییەكاندا كراون). ئەو لێدوانەی عهبدولڕەحمان بەس بوو بۆ ئەوەی سەفارەتی بهریتانیا گڵوبی سەوز ھەڵبكات بۆ گۆڕانكاری و لادانی عەبدولڕەزاق نايف و دۆستەكانی، ئەوەبوو ڕێككەوتن لەگەڵ بەعس بۆ بەڕێوەبردنی عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان کە بریتیی بوون لە كۆمپانیاکانیان، بەوشێوەیە لە ٣٠ی تەمووزدا بەسەرۆكایەتی ئەحمەد حەسەن بەكر كودەتایان ئەنجامدا، لە ئاکامدا ئەو جەماعەتەیان لەسەركار لابردو دەریانپەڕاندن. دوای سەركەوتنی كۆدەتاكەی ٣٠ی تەمووز بەسەركردایەتی بەكر (ئەبو ھیثم) ئەمجارەیان بەپلانی كۆمپانیای نەوتی عێراق-بەریتانی، سەرجەم ڕێككەوتنەكانیان لەگەل (كۆمپانیای أيرب)ی فەرەنسی ھەڵوەشاندەوە، تەنھا ڕێككەوتنیكی سنورداری كاتی عهبدولسهلام عارف دەربارەی گەڕان (تنقیب) بەدوای نەوت لە سامرایان ھێڵایەوە، حهردان دەڵێ پاساومان بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو ڕێككەوتنانە ئەوە بوو كە لەكاتی خۆیدا ڕێككەوتنێكی زاڵمانە بووە بۆیە پێداچوونەوە دەكەین بە ھەموویاندا، ھەروەھا حەردان دەڵێت، ڕێككەوتنێكی ترمان ڕەتكردەوە لەگەل فهرەنسییەكان، دەربارەی كڕینی فڕۆكە كە پێشتر لەكاتی عهبدولڕەحمان واژوومان كردبوو، پاساومان بۆ ئەو ڕەتكردنەوەیەش ئەوە بوو كە عێراق ژمارەیەكی زۆری فڕۆكەی ھەیەو پێویستیان پێ نییە. لە كۆتاییدا حردان دەڵێ: شایانی باسە دامەزراندنی سەعدون حەمادی بە وەزیری نەوتی عێراق لەدوای كودەتاكە، لەسەر پێشنیارو پێداگرتنی سەفارەتی بهریتانیا بوو لە عێراق، سەعدون حەمادی پێشتر ئەندازیار بوو لە كۆمپانیای نەوتی عێراق، سەیر ئەوەیە ئەو کەسە بەعسی نەبوو، شایانی ئاماژەیە لەو دەمەدا سەعدون بوو بە بەھێزترین وەزیرو بڕیارەكانی لەلایەن ھەمووانەوە جێبەجێ دەكرا، چونكە ئەوان دەستنیشانیان كردبوو، واتە سەفارەتی بەریتانیا. بەڵێ ئەوەی باسمانكرد كاریگەری نەوت بوو لەسەر ئەو گوڕانكاری و كۆدەتایانەی كە لە عێراقدا ڕوویانداوە بەپشتگیری وڵاتە بەھێزەكان، ئەم نموونانە باشترین شایەتحاڵن لەناو جەرگەی ڕووداوەكاندا، کە حهردان تکریتی لە كتێبەكەیدا یاداشتی کردوون. لەمیانی ئەم سەرگوزەشتەی کەسێک کە ڕۆڵی گرنگی و ئاگاداری وردەکاری ئەو ئاڵوگۆڕانە بووە، دەردەکەوێت کە زلهێزەکان لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیاندا هەرگیز سڵ لە هاوکاری هێزە ناسیۆنالیست و سەرکوتکەرەکاندا ناکەنەوە بۆ ئەنجامدانی کودەتا، بەتایبەت لە وڵاتانی خاوەن نەوت. لەو ڕوانگەشەوە دەتوانین بڵێین نەوتی کوردستانیش لەژێر دەسەڵاتی کورددا نییە هێندەی لەژێر دەسەڵاتی تورکیاو کۆمپانیا نەوتەکانی وڵاتە زلهێزەکاندایە، ئەگەرچی ئەمانەش لەم قۆناغەدا دەسەڵاتی دوو حیزبەکەیان ڕاگرتووە، بەڵام گەر چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەم پرسە نەكرێت و لەدەستی ئەم كۆمپانیانە دەرنەھێنرێن سیاسەتێكی سەربەخۆیانە پەیرەو نەكەن ئەوا لە ئەنجامدا سەری خۆیشیان دەخوات و بارودۆخی گەلەکەشمان ڕوو لە نادیار دەکات. * ئهندامی مهكتهبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان
كاوە محەمەد ئێوارەی (٢/١/٢٠١٥) هەریەک لە؛ (ئارام شێخ محەمەد، د.دەرباز محەمەد، مەحمود رەزا و کاوە محەمەد) لەماڵەکەی خۆی سەردانی (د.عادل عبدالمهدی-وەزیری نەوت)مان کرد کە لەسەر داوای خۆی بوو، ئەویش بەهۆی بێزاریی لەسیاسەتی نەوتیی حکومەتی هەرێم و هاوئاهەنگی نەکردنیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، باسمان لەپێویستیی بوونی رێککەوتنێک کرد لەنێوان هەرێم و بەغدا تا بتوانرێت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە، من باسم لەوە کرد کە باشترە حکومەتی فیدراڵ کار لەسەر ئەوە بکەن و لەپرۆژە یاسای بودجەش جێگیر بکرێت کە مووچەی خەڵکی هەرێم لەلایەن بەغداوە دابین بکرێت، نەک وەک ئێستا لەرێگەی پارتی و یەکێتی-ەوە بێت و بۆ بەرژەوەندیی حزبی بەکاریبهێنن، ئەو پرسیاری ئەوەی کرد کە یەکێتی و گۆڕان رایان چی دەبێت ئەگەر رێگەیەک بدۆزینەوە کە بە (ناوچەی سەوز)دا نەوتی کەرکوک هەناردەی دەرەوە بکەین ؟ ئێمەش بۆمان روونکردەوە کە ئەگەر کار لەسەر ئەو بژاردەیە بکرێت و یەکێتی و گۆڕان دڵنیابن کە دەتوانن لەو رێگەیەوە مووچەی خەڵکی ئەو دەڤەرە دابین دەکەن و دۆخی بازاڕ و بازرگانیی ناوچەکە دەبووژێتەوە، لێی دێنە پێشەوە. دوایی لەچوارچێوەی دەربڕینی نیگەرانییەکانی لەسیاسەتی نەوتیی هەرێم، وتی؛ کە سەردانی تورکیام کرد، داوام لە (داود ئۆغڵو-سەرۆک وەزیران) کرد کۆپییەکی ئەو رێککەوتنە (٥٠) ساڵییەم بداتێ کە لەگەڵ حکومەتی هەرێم ئیمزایان کردووە، وتی؛ پێی نەدام و پێی وتم؛ وا باشترە لەبەرپرسانی حکومەتی هەرێمی داوابکەیت، ئەوان بەشێکن لەعیراق و پێویستە ئەوان لێی ئاگادارتان بکەنەوە. دەزانین هەرێم نەوتی زیاتر دەفرۆشێت رۆژی (١٩/١/٢٠١٥) لەلیژنەی نەوت و وزە، میوانداریی (د.عادل عبدالمهدی-وەزیری نەوت)مان کرد، باسی لەپلانی وەزارەتەکەی سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و رێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و هەولێر کرد، لەبارەی رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی تری تایبەت بە وەزارەت پرسیارم لێکرد، لەوەڵامدا وتی؛ ئێمە دەزانین ئەو (٢٥٠) هەزار بەرمیلەی لەرێگەی (سۆمۆ)وە هەرێم دەینێرێت، هەموو نەوتی هەرێم نیە، بەڵام ئەمە باشترە لەوەی هەرێم سەربەخۆ هەموو نەوتەکەی هەناردە بکات و لەهەوڵی ئەوەشداین هەموو نەوتی هەرێم بگەڕێنرێتەوە ژێر کۆنترۆڵی بەغدا.. جێی خۆیەتی ئەوە بڵیین کە؛ (د.عادل عبدالمهدی) چ لەوکاتەی کە وەزیری نەوت بوو و چ کە دواتریش بوو بە سەرۆک وەزیران، هاوکار و پشتیوانێکی بەهێزی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بووە، چەند جارێک لەنزیکەوە گفتوگۆمان کردووە و هەمیشە دەیوت کە؛ ئەو نەک خۆی بە هاوسۆزی پرسی کورد دەزانێت، بەڵکو پرسی کورد بە هی خۆی دەزانێت و باسی پەیوەندییە هاوڕێیانەکانی لەگەڵ سەکردەکانی کورد (مام جەلال، کاک نەشیروان و کاک مەسعود بارزانی) دەکرد کە بۆ ساڵانی خەباتی شاخ دەگەڕێتەوە. بەڵام بە داخەوە سەرکردەکانی کورد و دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم ئەو هاوسۆزی و پشتیوانییەی ئەویان وەک پێویست نەنرخاند و هاوکاری نەبوون لەچارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، لەوەش ناخۆشتر ئیحراجکردنی بوو لەبەردەم لایەن و بەرپرسانی تری عیراق، بۆ نموونە؛ لەکۆبوونەوەیەکدا بە وەفدێکی دانوستانکاری هەرێمی وتبوو؛ ئێمە دەزانین ئێوە لە (٥٥٠) هەزار بەرمیل نەوت زیاتر هەناردە دەکەن (ئەوکاتە نەوتی کەرکوکیش لەژێر کۆنترۆڵی هەرێم بوو)، بەڵام ئێوە ئەو بڕەمان رادەست بکەن و بۆ زیادەکەی خۆمانی لێ بێ دەنگ دەکەین (ئەمەی بە ئاماژە پێ وتبوون و دەستی خستبووە سەر دەمی)، کەچی (ئاشتی هەورامی-وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم) لەدیدارێکی رێکخراوی (مێری)دا و لەبەردەم ژمارەیەکی زۆری بەرپرس و کەسایەتییەکانی عیراق و هەرێم، رووی لە (د.عادل عبدالمهدی) کردبوو و وتبووی؛ ئەی تۆ لەفلانە کۆبوونەوە نەتوت؛ خۆمان لەنەوتە زیادەکە بێ دەنگ دەکەین !.. ناتوانم هەموو راستییەکان بڵێم.. رۆژی (٢٤/٧/٢٠١٩) هەریەک لەئەندامانی فراکسیۆن؛ (د.یوسف محەمەد، هۆشیار عەبدوڵڵا، د.غالب محەمەد و کاوە محەمەد) لەگەڵ (د.عادل عبدالمهدی-سەرۆک وەزیران) کۆبووینەوە، چەند رۆژێک لەمەوبەر فراکسیۆنەکەمان بەیاننامەیەکی سەبارەت بە پرسی نەوت و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەرکردبوو، دیاربوو بەیاننامەکە جێی رەزامەندیی سەرۆک وەزیران بوو، بۆیە (د.عادل عبدالمهدی) تەلەفۆنی بۆ کردم و دەستخۆشی دەرکردنی ئەو بەیاننامەیەی لێکردین و وتی؛ خۆزگە هەوڵتان دەدا پەرلەمانتار و فراکسیۆنەکانی تریش هەمان را و بۆچوون و بەرچاوڕوونیان سەبارەت بەو کەیسە هەبێت، دواتر بێزاری و نیگەرانیی زۆری لەبارەی هەڵوێست و سیاسەتی نەوتیی حکومەتی هەرێم دەربڕی کە سەرەڕای ئەوەی ئەو بە جدی دەیەوێ ئەو کێشانە چارەسەربکات و گوشارێکی زۆری لەسەرە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم هاوکاری نین، منیش تەئکیدم لەزەروورەتی بەردەوامبوونی لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێم کردەوە تا بتوانرێت مووچەی خەڵکی هەرێم دابینبکرێت، وتی؛ دڵنیابە تا من لەو پۆستەدا بمێنم، ناردنی ئەو بڕە پارەیە بەردەوام دەبێت. هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا داوام لێکرد کە وەک فراکسیۆن لەگەڵی کۆببینەوە و کۆمەڵێ پرس هەیە لەگەڵیدا باسیان بکەین، ئەویش پێی باش بوو و دواتر لەسەر کاتەکەی رێککەوتین. لەو کۆبوونەوەیەدا، ئێمە؛ ١-سوپاسمانکرد کە مانگانە پارە دەنێرێت بۆ هەرێم و گوێ بە گوشارەکانی سەری و کەمتەرخەمیی حکومەتی هەرێم نادات، لەکاتێکدا بەپێی یاسای بودجەی (٢٠١٩) دەبێت حکومەتی هەرێم رۆژانە (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات. ٢-پێویستە کێشەی نەوت و بودجە بە تەواوی لەنێوان هەرێم و بەغدا چارەسەربکرێت و یاسای نەوت و غاز دەربکرێت و دەستەی چاودێریی داهاتە فیدراڵییەکان (بەپێی مادەی ١٠٦ی دەستور) دابمەزرێت کە یاساکەی لەساڵی (٢٠١٨)دا دەرچووە. ٣-شایستە داراییەکانی ساڵانی (٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠١٦)ی جوتیارانی هەرێم خەرج بکرێت کە لەسەر بڕیاری ئەو ماوە. ٤-بەشی کورد لەپۆستی وەزارەتەکان هاوسەنگی تێدابێت و هەمووی نەدرێت بە پارتی و یەکێتی. ٥-کارەکانی (لیژنەی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی) هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە. ٦-هەوڵبدەن رێککەوتنە (٥٠) ساڵییەکەی نێوان هەرێم و تورکیا و رێککەوتنی نێوان پارێزگاری کەرکوک و حکومەتی هەرێم سەبارەت بە پترۆ دۆلاری شارەکە، ئاشکرابکەن. ٧-من پێشنیارمکرد کە چاوپێکەوتنێکی بۆ رێکبخەین لەگەڵ ژمارەیەک کەناڵی راگەیاندنی هەرێمی کوردستان تا هەڵوێست و بۆچوونەکانی خۆی بۆ خەڵکی هەرێم روونبکاتەوە. لەوەڵامدا وتی؛ ناتوانم هەموو راستییەکان بڵێم، کەواتە نەیکەم باشترە. دواتر لەبەرامبەر تێبینی و داواکارییەکانی ئێمە؛ ١-سوپاسی هەڵوێستەکەی کردین، بەتایبەت بەیاننامەکەمان سەبارەت بە دیدی گۆڕان بەرامبەر بە کێشەی نەوت و دارایی نێوان هەرێم و بەغدا. ٢-داوایکرد کە ئەو بۆچوونانە بۆ پەرلەمانتار و فراکسیۆنەکانی تر روونبکەینەوە. ٣-بێزاری لەحکومەتی هەرێم دەربڕی کە رۆژانە (٦٢٥) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و (٢٥٠) هەزارەکە رادەستی بەغدا ناکات، وتی؛ ئێمەش پابەندبوونمان بەرامبەر بە بڕیاری رێکخراوی (ئۆپیک) هەیە و دەبێ ئەو زیادەیەی هەرێم دینێرێتە دەرەوە، من لەهەناردەی نەوتی باشوور کەمی بکەمەوە. ٤-بۆ شایستە داراییەکانی جوتیاران داوایکرد کە قسە لەگەڵ وەزیری بازرگانی بکەین کە فایلێکی تەواوی ئەولەویاتی کێشەکەی بخاتە بەردەست تا بڕیارێکی لێ بدات. ٥-بۆ گرێبەستەکانیش هەر ئەوەندەی وت؛ کە ئەوەی پارێزگاری کەرکوک ئاشکراکردنی ئاسانترە. * بەشێک لەکتێبی (کورسییەک لەتەختەی مێژوو.. ئەودیوی رووداوەکانی ساڵانی پەرلەمانتاریم)
هەردی مەهدی میکە ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران، وا خەریکە پێ دەنێتە مانگی چوارەمیەوە، سیستمی سیاسی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەقووڵی نیگەران کردووە. لە ٤٤ ساڵی ڕابردوودا، هیچ ناڕەزایەتییەک نە تەمەنی ئەمەی ئەم دواییەی هەبووە و نە ڕای گشتیی جیهان و خەڵکی ئێرانی هێندە ورووژاندووە و یەکدەست کردووە بەرامبەر دەسەڵات، هیچ کاتیش هێندەی ئێستا نەتەوەکان و هێزە سیاسییەکانی ئێران وا پێکەوە یەکهەڵوێست و یەک ناوک بەدەوری درووشمێکدا کۆ نەبوونەتەوە. ئەم ڕووداوە ناکرێت هەر وا بەسانایی بەسەر ئێراندا تێپەڕێت و سایەی لەسەر ئێستا و ئایندەی عێراق و هەرێمدا جێ نەهێڵێت. عێراق و لە نێویشیدا هەرێمی کوردستان، پێکەوە بە درێژایی (١٦٠٩کم) سنووری هاوبەشیان هەیە. پەیوەندییەکانی ئەم نێوچەیە لەگەڵ حکومەتە “ئێرانی”یەکاندا، بە درێژایی پێنج سەدەی ڕابردوو لە هەڵبەزودابەزدا بووە. گەر بە پێی ڕووداوەکانی نێو مێژوو وێنەیەکی گشتیی لێ وەربگرین، دەکرێت ناوی بنێین دوو “دراوسێی ناچاری”. ئەڵبەت بێ یەک نەیانکراوە و پێکەوەش نەیانکراوە و نایانکرێت، چونکە لە بنەماوە لە سەردەمی عوسمانییەوە تا هەنووکە، دەسەڵاتدارانی هەر پایتەختێکی ئێرانی و عێراقی، هەر کامیان بۆیان کرابێت هەژموون و هێرشی بۆ سەر ئەوی دی کردووە، نموونە زۆر هەیە کە سەردەمانێک والیی بەغدا و میرانی بابان و حکومەتەکانی ویلایەتی موسڵ لەشکرکێشییان بۆ تەورێز، کرماشان و سنە و بگرە هەمەدانیش کردووە، سەردەم هەبووە بابانەکان دە ساڵێک لە سنەدا خاوەن نفوز بوون و دەسەڵاتی ئەسفەهان لە پەراوێزدا بووە. بەپێچەوانەشەوە حکومەتەکانی سەفەوی و ئەفشار و زەندی زۆر جار لەشکرکێشییان بۆ بەغدا و بەسڕە و خانەقین و کەرکووک کردووە، هیچیان بۆ یەکجاری نەیانتوانی پرسەکە بە هێز یەکلا بکەنەوە و دواجار ئەم سنوورەی هەنووکە تا ڕادەیەک بۆ سەد ساڵیک دەچێت وا جێگیر کراوە. ڕەتنەکراوەیە، بە درێژایی ٢٠ ساڵی ڕابردوو، یەک لە بەهەژموونترین دەوڵەتی دەستڕۆیشتوو عێراق، تاران بووە لە ڕەهەندی نەخشەی سیاسیی عێراقدا، بێ دوودڵی دەتوانین بڵێین کێبڕکێی ئەمەریکای ڕووخێنەری ڕژێمی بەعس و سەددامی کردووە، بەڵام: ١. لە دوا هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێم، ٢. لە دوو ساڵی ڕابردووی پاش توندگیرییەکانی ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەرامبەر تاران و کوشتنی قاسمی سولەیمانی، ٣. لە ئانی خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی ئێستای ئێراندا. لەم پێدراوانەوە ئەوەی هەستی پێ دەکرێت: هەژموونی پرۆئێرانییەکان کشانەوەی وەخۆوە دیوە و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران لە جاران دەستکورتتر و لە ڕووی ورووژاندنی باڵەکانی سوپای قودسیشەوە لەم نێوچەیەدا کەمڕەنگتر لە جاران؛ تاران خۆی دەنوێنێت. شەقامی عێراقیش لە جاران و لە (٢٠٢٠)ەوە تووڕەترە لە سیاسەتەکانی ئێران و چەندین جار ئەم تووڕەییەیان لە سەرشەقام بە خوێنی خۆپیشاندەر تەجەلا کردووە. ئەمانە سەرجەم دەکرێت ئاماژەی نوێ بن و هەلی نوێ بدەنە هەرێم و هێزە عێراقییەکان تا لەبریی ئەوەی لەژێر هەژموونی ئێراندا بن، لە ڕووی سیاسەت و دبلۆماسیەتەوە بیر لە هاوبەشی و سەربەخۆیی بڕیار بکەنەوە و لانی کەم وەک هەلێک لەم گۆڕانکاری و ئاماژانە بڕوانن، چونکە لە ئەگەری گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ئێراندا، سایەی گۆڕانکاریدا، ئەودەم وەک پاسیڤێک لە هێزە عێراقی و هەرێمییەکان دەڕوانێت و کەم ڕۆڵ دەبن و دوور نییە کاراکتەری نوێ لە عێراقدا لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەربکەون. لە وێنە گشتییەکەوەشەوە، ڕاستە هێشتا ناوی جووڵانەوەی نەتەوەکانی ئێران بە خۆپیشاندان یان ناڕەزایەتی ڕۆیشتووە، بەڵام دەشکرێت چیدی ناوی ڕاپەڕین یاخود وەک هەندێ لایەن هەستانەوە و جووڵانەوەی لێ بنرێت، چونکە بە ڕێکخستن و جۆری چالاکی و ڕەفتاری ناڕازییەکان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و هەوڵدان بۆ چاکسازیی بەشەکی دەرچووە. کاتێک ئەم دێڕانە دەنووسین، لە کۆی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئێران، لانی کەم ١١ حەوتوویان تێپەڕاندووە و وا پێ دەنێتە مانگی چوارەمیەوە. بە گوێرەی ئاماری ڕێکخراو و ڕێکخستنەکانی خۆپیشاندانەکان، نزیکەی ٢٩ هەزار و ٤٠٠ کەس دەستگیر کراون، لەنێو ئەمانەدا تەنها ١٠٪یان پەیوەندییان بە هێزە سیاسییە نەیارەکانی حکومەتی ئێرانەوە هەبووە، ٩٣٪یشیان بۆ یەکەم جاریان بووە بەشداریی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانیان کردووە، ٦٥٪ی خێزانی دەستگیرکراوان خێزانی پابەند بە ئایین و لەچکبەسەر و حیجابن لە ڕووی پۆشتەییەوە، لە کۆی ژمارەی دەستگیرکراوانیشدا تا هەنووکە ئەوەی ڕاگەیەنراوە ١١٥ کەسیان لە کەسانی هێزەکانی بەرگری و سەربازین و هەڵوێستیان هاوپشتیی خەڵک بوون، یان لانی کەم لەگەڵ دەوڵەتدا نەبووە و پشتگیریی سەرکوتکردنیان نەکردووە. ئەوەشی پەیوەندیی بە دۆسێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، ئەوا دۆسێی مافی کورد و ڕەوایی و مەدەنیبوونی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چیتر نێوچەیی نییە و ڕای گشتیی کۆڵانەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەی دەکات. لەنێوان خەڵک و هێزە سیاسییەکان و چالاکواناندا، یەکگرتووترین شەقامی هەیە لەچاو هێز و شەقامەکانی دیکەی غەیرەکوردی نێو ئێراندا. ڕۆژهەڵات ئێستا نموونەیە بۆ پەرۆشیی کۆمەڵگەکەی بۆ مافی مرۆڤ، پرسی کوردیش بەگشتی چیدی ئینکارکراو نییە بەئەمنیکردنی خاکەکەی وەک سەد ساڵی ڕابردوو وەڵامگۆ نابێت و بێسوودە. سەدەی بەردەممان بۆ کوردبوون هەلێکە، گەر خۆی بیەوێت. دەمێنێتەوە سەر کۆمەڵگەی باشوور و هێزەکانی و دانیشتووانی، دەتوانرێت زیاتر لەمە بکرێت، ڕۆژهەڵات وەک کوردستان و وەک کۆمەڵگەیەکی مرۆیی پێویستی بە لۆبی فراوانتر هەیە، دەکرێت سیحری ئەو نەرمەهێزەی کوردبوون دۆخەکە لە بەرژەوەندیی پاراستنی ئایندەی هەرێم و دروستکردنی دیفاکتۆ و “هەرێمێکی دیکە” وەپێش بخرێت. حیزبەکان دەتوانن پەیوەندییە دپلۆماسییەکانی خۆیان و هەرێم لەگەڵ هاوپەیمانان و ڕۆژئاوا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سوود لێ وەربگرن. حیزبە کوردستانییەکانی باشوور و وەزیر و پەرلەمانتارانی هەرێم و بەغدا دەتوانن بە نزیکایەتی لەگەڵ عەرەبەکانی کەنداو و باشوور و نێوەڕاستی عێراق پێکەوە لە یارییەکی براوە و ئەقڵانیدا هەم دەنگی ڕۆژهەڵات بگەیەنن و هەم عێراقیش لە هەژموونی دراوسێکانی دەستکراوەتر بکەن، بەمەش یارییەکی سیاسیی براوە -براوە لە بەرژەوەندیی دنیایەکی باشتر و بەرەو پێکەوەژیانێک لەسەر بنەمای دپلۆماسیی ئاشتییانە لەنێوان بەغدا و هەرێم و دراوسێ کەنداوییەکان و بگرە تارانیشدا ئاڕاستە بکەن. بۆیە دەکرێت وا بیر بکرێتەوە لە یەک کاتدا خۆپیشاندانەکان هەم هەلن لەبەردەم عێراقییاندا، هەم هەڕەشەش! گۆڤاری ئاییندە ناسی
تەنیا کوردی ئەمڕۆ لە گوتاری سەرۆک (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی پێشوازیی تەرمی شەهید ئاکام عومەردا، کۆدی روون و ئاشکرا ھەبوون، کاتێک دووبارە داوای لە ھێزە سیاسییەکان کرد تەبابن و بە گفتوگۆ ناکۆکییەکان وەلابنێن و سەرۆک، 1274 رۆژ زیاترە داوای ئاشتی و تەبایی لە ھێزە سیاسییەکان دەکات. دەڵێن، پەنجا ساڵ گفتوگۆ باشترە لە سەعاتێکی جەنگ، ھەروەھا دەشڵێن، کە ھەزار سەعاتی گفتوگۆ باشترە لە خولەکێکی شەڕ..کەوایە دەبێ بۆ ئێمەی کورد چەند ساڵ بەسبێ تا لە نرخی گفتوگۆی بەرھەمدار و، بەھێزکردنی قۆناغی ئاشتەوایی تێدەگەین. بابەتەکە ھەر تێگەیشتن نییە، بەڵکوو چارەنووسی گەلێکی ستەملێکراوی وەک کورد بەدرێژایی مێژوو قوربانی لێکتێنەگەیشتنی نێوماڵی خۆی بووە، ئێستا کە قەوارەیەک ھەیە، ناسنامەیەکی شەرعی ھەیە، دەرفەتێک لە بەغدا بۆ چارەسەری بەشێک لە کیشەکانی ھەولێر و بەغدا ھەیە، لە ناوچەیەکی ئاگریندا، دەرفەتێک ھەیە بە کۆدەنگی کێشەکانی سەرسنوور نەپەڕنەوە نێو ماڵی ھەرێم و ئەم دەسکەوتانەی ھەن نەکەونە ژێر لەبارچونێکی نێوخۆیی و ئیقلیمی، ئایا ئەگەر بەگفتوگۆ ھێزە سیاسییەکان لەیەکتری تێنەگەن کە ئەم مەترسیانە زۆر جیددین، ئەی چۆن ھاوپەیمانان لەمە تێبگەن کە قەوارەی ھەرێم پێویستی بە پارێزگارییە، ئەی نەیارانی کورد چۆن ئەو بۆشاییەی کە لە پەڕتەوازەیی ھەیە، چ گرەنتیەک ھەیە کە دەستوەردان نەکەن و بۆ لاوازیمان فشار دروست نەکەن. راستە خەڵکانێک ھەن کە لە زمانی ئاشتی دا تێناگەن، بەڵام گەلێکی ئاشتیخواز ھەیە کە زۆر باش لەمە تێدەگات کە مەترسییەکان چین. ئەمڕۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ھۆشداری دا کە ھەرێمی کوردستان لەبەردەم ھەڕەشەو مەترسی دایە، وەک ھەمیشە چارەسەریەکەی خستەڕوو کە پارتی و یەکێتی دەبێ لەم قۆناغەدا تەبابن و ئەم تەبایەشە کە سەرجەم ھێزە سیاسییەکان بەدەوری پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێم کۆدەکاتەوە. ئەرێ 1274 رۆژ لە پێداگری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ھیچ ھێزێکی سیاسی ماوە لەمە تێنەگات کە دەبێ چی بکەین؟ ئێستا کوردستانیان زۆر باش لەم پەیامەی سەرۆک تێدەگەن، ئەرێ ئەوانەی تێناگەن کێن؟ بۆچی تێناگەن؟ ئایا بەدیلی ئاشتی شەڕە؟ ئەگەر بەدیلی ئاشتی شەڕبێ ئایا کوردستانیان ئامادەن جارێکی تر شەڕ قبووڵ بکەن؟ بێگومان نەخێر. لەم پەیامەدا سەرۆک ھۆشداری دا، کە تەبایی نێوان پارتی و یەکێتی وادەکات کە کورد سەنگی لە بەغداو لای ھاوپەیمانان زیاتر بێ، خۆ ئەمە روونە ئەگەر وانەکەین سەنگی ھەرێم دەبێ لەپەرتەوازەیی چی لێبێ؟ راستە شەڕی سەربازی لە ئارادانییە، بەڵام پشتکردنە یەکتر لەو مەترسیە جیدیانەی لەسەر ھەرێم ھەیە، ئەمە جۆرێکی تری شەڕە، ئەگەر بەیەکەوەنەبین و پاڵپشتی یەکتر نەبین لەھەر ھەڕەشەیەکی سەر ھەرێم، بەیەکەوە زیانبار دەبین و دەکەوین. -سەرۆک دەڵێت، سهركهوتن و پاراستنى دهستكهوتهكانى ههرێمى كوردستان، تهنيا به تهبايى و يهكڕيزيمان دهكرێت. -سەرۆک دەڵێت، هێز و ئامادهيى و سهنگ و قورساييمان له بهغدا و لاى هاوپهيمانان و دۆستانمان له جيهان، به تهبايى و يهكڕيزيمان دهبێت. -سەرۆک دەڵێت، دابڕان و لێكترازان و ناكۆكى و ڕهتكردنهوهى يهكتر، شكستى ههموومان و شكستى ههرێمى كوردستانه. سەرۆک دەڵێت، ههرێمى كوردستان و ههموو هێز و لايهن و پێكهاتهكان و پارتى و يهكێتى بهتايبهتى، به يهكڕيزى و تهبايى و پێكهوهيى سهردهكهون. سەرۆک دەڵێت، شكستى هيچمان سهركهوتنى ئهويتر نييه، سهركهوتن و شكستى ههموومان پێكهوهيه. سەرۆک دەڵێت، له يهكڕيزى و تهبايى و پێكهوهييدا، ههموومان و ههموو گهلى كوردستان به ههموو پێكهاتهكانييهوه براوه و سهركهوتوون. له ناتهبايى و دابڕان و لێكترازان و ناكۆكى و ڕهتكردنهوهى يهكتردا، ههموومان دۆڕاو و شكستخواردووين. سەرۆک دەڵێت، داوا له هێز و لايهنه سياسييهكان دهكهين كێشه و ناكۆكى بهلاوه بنێن و به گفتوگۆ و لێكگهيشتن چارهسهريان بكهن. يهكڕيزى و تهبايى بپارێزن. با پاراستنى دهسكهوتهكان و فيدراڵى و كاركردن لهپێناو ئێستا و داهاتوويهكى باشتردا بۆ گهلى كوردستان، ههموومان پێكهوه كۆبكاتهوه. ئەرێ ئێستا پێویستە ھێزە سیاسییەکان چی بڵێن؟ لە کاتێکدا رای گشتی پشتیوان بە داواکاری سەرۆک دەڵێ، ئیتر تەبابن. ھیوادارین لەم حەفتەیەدا لەسەر ئەم داوایەی سەرۆک، گفتوگۆیەکی بەرھەمدار ببێنین.
فەرحان جەوهەر ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر، نوسەرو رۆشنبیرە منەوەرەکانی کوردستان، لەلایەن رەوتە سەلەفی و ئیخوانەکانەوە، کەوتوونەتە بەر هێرشێکی ناڕەواو رێکخراو و بەرنامە بۆداڕێژراو. ئەمە پێشهاتێکی مەترسیدارەو ئەگەر رێی لێنەگیرێت، لە ماوەیەکی کورتدا، منەوەرەکانمان دەکەونە بەر تیرۆرو شاڵاوی جەستەیی، وەکچۆن ماوەیەک بەر لەئێستا، هەڕەشەی مەرگیان بۆ نوسەری ناوداری کوردستان شێرزاد حەسەن نارد. سەرەڕای هەموو ئەو جیاوازییە فیکری و سیاسیانەش کە لەگەڵ کۆمەڵێک لەو منەوەرانە هەمانە، بەڵام دواجار ئەوانە سەرمایەی رەمزی نیشتمانی ئێمەن و بەهیچ کڵۆجێک و لەژێر هەر ناوێک بێت، ناکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بە خاوەنیان نەزانێت و بەرگریان لێنەکات و دەرخواردی گورگانیان بدات. پڕۆژەی ئەو رەوتانە لەسەر ئێستاو ئاییندەی گەلی کوردستان زۆر مەترسیدارە، ئاخر ئەمانە دەیانەوێت بەناوی ئایین، نیشتمانێک بدزن و بە دیاری پێشکەشی عروبەی بکەن، دواتر دینەکەشمان دەشێوێنن و لەناوی دەبەن، ئەو میللەتەی بە خۆڕسک ئایینپەروەرو ئیسلامخوازێکی ئیماندارە. ئەوە رۆشنبیرەکان نیین، کە شیرازەی کۆمەڵایەتی و خێزانیمان لێ تێکدەدەن، بەڵکو ئەوەی خێزان و کۆمەڵگاشی بەگژیەکدا کردووە تۆی رقێکی گەورە دەچێنێت ئێوەن، کە بەدەیان جۆری جیاواز چۆنیەتی ئەنجامدانی نوێژ پیشانی گەنجەکانمان دەدەن، کە هەزاران ساڵە باب و باپیرانیان نوێژخوێن و خواپەرست بوونە، ئەوە هەر ئێوەن یەکترو هەموو کۆمەڵگا کافر دەکەن، رۆشنبیرەکانیش بەرلەخۆیان، داوای ئازادی و ماف بۆ ئێوەش دەکەن. ئەوەتا دەبینین، لەسایەی فیکری مۆدێرنەتەوەیە، ئێوە هەزاران بانگخوازو چالاکوانی رەوتەکەتان، لە ئەوروپاو ئەمریکا بڵاوکردۆتەوەو بە ئازادی دەژین و پارەیان لێ وەردەگرن و دژایەتیشیان دەکەن، فکرەکەشتان لە مەوتەنی ئەسڵی خۆی شوێنی نابێتەوەو دەگیرێن و دەکوژرێن، کەچی لێرە بە ئازادی دژایەتی و هەڕەشە لە سەرمایەی رەمزی نیشتمانەکەمان دەکەن، کۆمەڵێک لەو رۆشنبیرانە لە رۆژانی سەختی ژێر دەستەی بەعس مللیان خستبووە سەر چەقۆ، دەتانەوێت ئەو میللەتە لە هەموو داهێنانێک بکەوێت و بگەڕێتەوە سەردەمە تاریکەکان، بۆئەوەی خەڵکێکی سادەتان بۆ بمێنێتەوە و بە کەیف و هەوەسی خۆتان بیانجولێنن. ئێوە چاک تێگەیشتوون، ئەوەی ناهێڵێت ئەم میللەتە فریوو بخوات و بکەوێتە بەر دەستتان، ئەو رۆشنبیرانەن، بۆیە بەم شێوەیە ئاگرتان تێبەربووە، دەتانەوێت میللەتێک بێ شیعرو ئەدەب بێت، چونکە باش دەزانن تا شیعرو ئەدەب ماون، ئێوە ناگەن بە مەرامەکانتان. ئەو هزرو بیرەی ئێوە، دەمێکە لە شوێنی خۆی یاساغە، بەڵام بۆ ئێمەی رەوانە دەکەن، ئەگەر خێری تێدابا، لەچاوگی رەسەنی خۆی، بۆخۆیان هەڵدەگرت. دەڵێن: (کەسێکی گەندەڵی ئیسلامیمان بۆ دیاری بکەن)، وەک ئەوەی خەڵک نەزانێت ئەوەی حوکمی عیراق و مەغریب و تونس و لوبنان و یەمەن و ئەفغانستان و سوودان چەندان شوێنی تر دەکات کێن!، دیارە خەڵک نازانێت و ئەوەندە وشیار نییە، نەزانێ خەڵکی ئەو وڵاتانە لە چ دۆزەخێکدا دەژین، ئەگەر بڵێن ئێمە مەبەستمان کوردستانە، ئەوە لێرە هێشتا نەگەیشتوونەتە دەسەڵات، ئەگەرنا هیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ ئەوانەی ناومان هێنان نییە، خۆ ئێوە بێچووی ئەوانن. لەم ساڵانەی دوایدا محەمەد کوڕی سەلمان شانشینی عەرەبستان، پڕۆژەی خاوێنکردنەوەی فەرموودەکانی پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لەسەربێت) بەڕێوەبرد. لەکۆی چواردە هەزار فەرموودە، تەنها بۆ سەت فەرموودە کەمی کردەوە، هەمووی لەسەر زاری پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەربێت)، بۆ بەرژەوەندی چەند کەسێک بە درۆ گوترابوون، ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ خاوەندارێتی ئەو رەوتە لە کوردستان دەکەن و دژایەتی رۆشنبیرو منەوەرەکانی کوردستان دەکەن. ئەم رەوتە ساڵانێکی زۆرە ئەم ئایینە جوان و پیرۆزەیان گۆڕیووە و ساختەیان کردووە، خاوەنی ئەو فیکرە تەکفیرییە، کاتی خۆی بە هاوکاری هەواڵگری ئینگلیز ئەم رەوتە ئایینیەی لە جەزیرەی عەرەبی داناوە، ئەمەش لەپێناو لاوازکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و دروستکردنی ناکۆکی بوو لەنێوانیان، کە داعش و قاعیدە بەرهەمی ئەو هزرەن. کارکردنی ئەو رەوتە لە نێو کۆمەڵگادا زۆر مەترسیدارە، شیرازەی خێزان تێکدەدەن و هەڵیدەوەشێنن، لەڕێگای ناکۆکی دروستکردن لەنێوان ئەندامانی یەک خێزان، کوڕو کچانی هەرزەکار بەگژ دایک و باوکانیان دەدەنەوە، دەزانن لەسەرچی؟، لەسەر جیاوازی نوێژکردنیان، پێیان دەڵێن نوێژکردنی ئێوە هەڵەیە، دەبێت وەک ئێمە بیکەن. ئەمانە هەر بەوەش ناوەستن، هەوڵدەدەن لە رێگای گۆڕینی کولتوور، میللەتێک بە عەرەب بکەن. بانگخوازێکی ئەوان، کۆمەڵێک کوڕو کچی کۆکردبووەوە و پێیگوتبوون: (بسم الله) بەهیچ شێوەیەک بۆ سەر زمانی کوردی تەرجوومە ناکرێت، هەروەها نابێت بڵێن خودا، دەبێت بڵێن (الله)، چونکە ئەوە ناوەو تەرجوومە ناکرێت. مەبەستیانە ئەم وشە کوردییانە لە ناوببەن، بۆئەوەی خەڵکی کوردستان مێژووی خۆیان لەبیر بچێتەوە، کە هەزاران ساڵە میللەتێکی خواناسە. کەسانی سەر بەم رەوتانە، لەڕێگەی نانەوەی ئاشووب و ناکۆکی لەنێوان تاکەکانی، دەیانەوێت وڵاتێک وێران بکەن، لە هەموو پێشکەوتنێک دایبماڵن، دەیانەوێت رەوشێک درووست بکەن، کە تیایدا دەبێت شەو و ڕۆژ، ئێمە لەناو خۆماندا هەر خەریکی ئەو گفتوگۆیە بین، کە ئایا کاتێک چووینە حەمام، دەبێت کام پێ، چەپ یان راست، پێش ئەوی تر بهاوێژین؟، یان ئەگەر کەسێک (بایەکی بێهێزی لێدەرچوو)، دەستنوێژی دەشکێت یان نا؟، ئێدی دەبێت نامەی ماستەرو دکتۆرایەکانمان هەر لەسەر ئەم بابەتانە بن، بۆیە دژایەتی نوسەرو رۆشنبیرانی کوردستان دەکەن.
كاوە شێخ عەبدوڵا هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی داهاتی زۆنی سەوز و بەرچاوخستنی ئەو ژمارە و داتایانە، تازە هیچ سوودێکی نییە. هەشت ساڵ زیاترە هەمووان هاوار دەکەن سلێمانی جێما. سلێمانی پووکایەوە. خۆ پەراوێزخستن و ڕووتانەوەی سلێمانی، بارانی پایز نییە ئێستا دایکردبێ و بە پەلەپڕوزێ وەخۆ کەون بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە داهات و خەرجی و پڕۆژە تەواونەکراوەکان. پڕۆژەیەکی جدی بوو ئیشی بۆ کرا و قوباد تاڵەبانی و حزبەکەی لە هەموو کەس باشتر و وردتر ئاگاداری ئەمەبوون. ئێستا کە قوباد تاڵەبانی دەیەوێ ڕاستییەکان بە خەڵک بڵێ، هیچ سوودێکی نییە، چونکە سلێمانی... وەکو پارێزگا نەک تەنیا وەکو شارێک... بووە بەژێر یەک دنیا پڕۆژەی تەواو نەکراوە و حکومەت و حوکمڕانی بەتەواوی بێ سام و شکۆ کراوەوە. هیچ ئاسۆیەکی گەشیش نییە لە سایەی حوکمڕانی یەکێتییەوە، خوارییەکان و شکستەکانی حکومەت و حوکمڕانی چاک بکرێن و رێک بکرێنەوە. چونکە یەکێتی ڕووئیای نییە بۆ حوکمڕانی، هەر لەسەر ئەو میراتەی لە سی ساڵی رابردوودا بۆی ماوەتەوە، بەخراپ درێژە بە حزبییکردنی دامەزراوەکانی حکومەت دەدات، حزبییەکەیشی ئەوەیە کە هەمووان دەیبینین! ئەگەر ئیرادە هەبێ بۆ رێککردنەوەی خوارییەکان و کۆتاییهێنان بە هەڵەکوشندەکان، یەکێک دەبم لەو کەسانەی بەوپەڕی لێبڕانەوە کار دەکەم بۆ سلێمانی، بەڵام زۆر بێومێد و ڕەشبینم لە یەکێتی و سیاسەتە ناڕوونەکانی. دڵنیام دەیان و سەدانی وەکو من هەن بەڵام ئەوانیش بێئومێد و ڕەشبین. بێئومێدی و ڕەشبینیی ئێمەومانان بۆ ئەوە نییە کۆڵ بدەین و دەسەپاچە دابنیشین بەدیار قەدەرەوە، بەڵکو پێویستە بەچاودێری و بەشداریی ڕاستەوخۆ بچینە ژێرباری ئەم شکست و هەڵانەی کە ژیانی زۆربەمانی تەواو تێکدا.
فارس نەورۆڵی کاتێک مرۆڤ ئەندامێکی جەستەی نەخۆش دەکەوێ ئەوە هەر ئەو ئەندامەی جەستە نیە ناچارمان دەکات کە بچینە لای پزیشك، بەڵکو ئەندامەکانیتری جەستە فشار دەکەن، کە بەدوای چارەسەردا بچیت نەوەک کاربکاتە سەر ئەمانیش، بەڵام کارەسات لەوەدایە بەدوای چارەسەردا نەڕۆیت هەتاکو ئەندامەکانیتری جەستەش گرفتاردەبن. ئەی ئەگەر کۆمەڵگایەک نەخۆشکەوت ڕوو لەکوێ دەنێیت بۆ چارەسەر، دکتۆر یان سەر مەرقەدێک؟ کە لە ڕاستیدا هەرکات کۆمەڵگا بوو بە نەخۆشخانەیەکی گەورە ئەوە بێ دوودڵی مەناعەی پەروەردە و فەرهەنگی وسیاسی دابەزیوە و خەلەلەکە لەوێوە سەرچاوەی گرتوو. لێرەدا مەبەستمە کە بەشێك لە نیشانەکانی کۆمەڵگای نەخۆش بخەمە ڕوو. ١- کۆمەڵگای نەخۆش لەبری ئەوەی بە دوای ڕاستی و دادپەروەریدا بگەڕێت، تاکەکانی هەر خەریکی گەمەی دەمامکدارن. ٢- تاکەکانی کۆمەڵگای نەخۆش حەوسەڵەی بینینی سەرکەوتن و جوانی باڵایی ئەوانی دیکەیان نیە، بۆیە لێی دەدەن و تۆمەتی دەدەنە پاڵ هەتا ئەوانیتریش دەهێننەوە ئاستی خۆیان ٣- لە کۆمەڵگای نەخۆشدا ناوبانگ و بیرکردنەوە لەبری ئەوەی ببێتە مایەی پێزانین و هاندان، بە پێچەوانەوە دەبێتە دەردەسەری بۆ مرۆڤ. ٤- کۆمەڵگای نەخۆش تاکەکانی لەبری ئەوەی سەرقاڵی ژیانی خۆیبێت، سەرقاڵە بە تێکدانی ژیانی دەوروبەرەکەی بزانێ چی دەکات چی دەخوات لەتەک کێ هاوڕێیە. ٥- کۆمەڵگای نەخۆش تاکەکانی ئەوەندە هەوڵ بۆ شکاندنی ئەویتر دەدەن، ئەوەندە بیر لەو گەمژەییە ناکاتەوە کە لە نێویدایە. ٦- زۆرێک لە تاکەکانی کۆمەڵگای نەخۆش لە ڕەفتاردا هێندە لەیەک دەچن دەڵێی ئاسنگەرێکی نەزان پەنجەرەی لێدروستکردون. ٧- کۆمەڵگای نەخۆش هەمیشە لە نێوان درۆو ڕاستیدا، بە درۆکە خەنی دەبن و چەپڵەت بۆ لێدەدەن، بە پێچەوانەوە لە وتنی ڕاستیەکاندا دژایەتیت دەکەن و ڕوو بەڕووت دەوەستنەوە ٨- کۆمەڵگای نەخۆش خائین و نیشتمانپەروەر لەیەک جیا ناکاتەوە و پێوەرەکانی لێ تێکەڵ دەبن ٩- کۆمەڵگای نەخۆش بە درێژایی مێژوو گومان لەسەر خەڵکە باشەکەی خۆی دادەنێ نمونە لای کۆمەڵگای ئێمە (مەولانا خالد ، گۆران ، جەمال عیرفان ، ئەحمەد موختار جاف) دواتر. ۱۰- کۆمەڵگای نەخۆش لەبری ئەوەی قوربانی خۆشبوێت کەچی خۆی دەبێتە نۆکەری جەلادەکانی. ١١- تاکەکانی کۆمەڵگای نەخۆش هەمیشە بە دڵ و میزاجی ئەوانە وەڵام دەدەنەوە کە پرسیارەکانیان دەکەن جارێک ناڵێن نا وانیە. ١٢- کۆمەڵگای نەخۆش لەبری خۆپەروەردەکردن بۆ سەرکەوتن، دێت و هەموو توانای خۆی دەخاتە کار بۆ ڕێگەگرتن لە سەرکەوتنی دەوروبەرەکەی بۆ ئەوەی خەڵک بکاتە پەیژە بۆ کەمێک ئیمتیازی ناڕەسەنانە. کێشەکە لەوەدایە گوێشیان لێدەگیرێت. ١٣- تاکەکانی کۆمەڵگای نەخۆش هەرگیز خۆیان نین، بەڵکو کەسێکی دیکەیان داناوە حوکمی بیرکردنەوەیان بۆ بدات و لە زیهنی خۆیاندا جگە لە خودای تاک و تەنها دێن بتێکیش دروست، کە ئەمە نیشانەی تاکێکی لەرزۆکن. ١٤- کۆمەڵگای نەخۆش تاکەکانی حەزیان لەکارکردن بە تیم نیە، بەڵکو هەوڵدەدەن بە تەنها کارێک ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی مەرامی خۆیان جێبەجێببکەن. ١٥- کۆمەڵگای نەخۆش خۆشحاڵ نیە بە هاوڕێیەتی دوو کەس و دێت کەسی سێهەم دروستدەکات بۆ تێکدانی ئەو هاوڕێیەتیە. ١٦. تاکەکانی کۆمەڵگای نەخۆش زۆر بێبەزەییانە یەکتردەشکێنن ئەمەش دەبێتەهۆی دروست بونی کۆمەڵگایەکی ستەمکار. ١٧. لە کۆمەڵگای نەخۆشدا هاوڕێیەتی هەتا ئەو شوێنە بڕ دەکات کە بەرژەوەندی لەتەکدا هەیە بە چرکە دوردەکەویتەوە دەکەوێتە لێدانت . ئەمە نەخۆشخانەیەکی گەورەیە یا کۆمەڵگا، چونکە ئەمە مشتێک بوو لە خۆڵی چیایەک، شاخێک لە خراپەو نەخۆشی کۆمەڵگادا، ئیتر بڕیار لای خوێنەرە کام خاڵی لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەیە، بەڵام ئەم نەخۆشیانە نەبا ئەوا ژیان ڕیتمێکی دیکەی دەبوو.
شیلان حاجی شەریف ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت نەبوونی هێزێکی تۆکمەی ئۆپۆزسیۆنە ، داهاتی ئەم هەرێمە زۆرەو نادیارە کۆمەڵێکی پڕی خۆسەپێن و زۆرینەیەکی گیرفان بەتاڵی مل کەچ دروستبووە ، لە غیابی نەبوونی هێزێکی دڵسۆزو بە هەڵوێست، حکومەت بودجەی نیە ، بۆیە سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی مووچە وەکو خێرو زەکات سەیر دەکەن و دەیدەن بە مووچەخۆران ، دوو ئیدارەیی زۆرترە لە ساڵانی نەوەدەکان ، کێشەکان زۆرن بەڵام لێرە دەرفەت نیە باس بکرێت ، بۆیە دەچمە سەر ئەسڵی بابەتەکە . سروشتی میللەتانی رۆژهەڵاتە کە دەکەونە دوای قسەی گەورەو مەرجەع و سیاسییەکان ، هەمیشە چاوەڕێی گەورەیەکن حوکمیان بکات ، هەمیشە کەسێک گەورە دەکەن لە قەبارەی خۆی و وەکو رەمزو پاڵەوان سەیری دەکەن ، بۆیە زۆربەی جار پاڵەوانەکان دیکتاتۆر دەبن ، بە کورتی میللەت خۆی کارگەی دیکتاتۆرییە و خۆی بەرهەمی دەهێنێت . شۆڕشگێرەکان ئەونە شۆڕش پیرۆزە لایان تا دەگەنە دەسەڵات ، میللەت هەموو کات خۆی بە بچوکی شۆڕشگێرەکان دەزانێت ، بۆیە ئەو کەسانەی لە ڕێی شۆڕشەوە هاتوونەتە سەر دەسەڵات هەمیشە رۆژەکانی رابردوویان بە چاوی میللەت دەدەنەوە ، هەموو ئەو چرکانەی تەمەنیان لەناو شۆڕش بەسەر بردووە ، سەدەها جار حەقەکەیان لە ماڵ و سامانی میللەت وەرگرتۆتەوە ، کەچی میللەت چەپڵەیان بۆ لێدەدەن ، بۆیە لە خەباتی ئۆپۆزسیۆنیشدا پێویست دەبێت ، گەورەیەک ، یان مەرجەعێک هەبێت و میللەت وەکو رەمز سەیریان بکات . ئێستا لە کوردستان نیگەرانی زۆرە ، زۆربەی میللەت بێزارە لە دەسەڵات ، زۆربەی رۆژەکانی ساڵ ، لە هەموو چین و توێژێکدا ، میللەت لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە ، بەڵام هیچ بەرهەمێکیشی نیە ، تا وای لێهاتووە دەسەڵات باکی بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی نەماوە ، تەنانەت خودی ناڕەزایەتی کاریگەری نەماوە ، هۆکاری هەموو ئەمانەش نەبوونی کەسێکە ، کە ئیتر مەرجەع بێت یان سەرۆکی حیزبێک بێت ، یان سیاسییەک تا رێبەرایەتی خەڵکی بکات و بێتە شەڤام و خەڵکی بجوڵێنێت لە هەر پرس و کێشەیەک ، بۆ بارودۆخی ئێستای خەڵکی کوردستان، مەرجەعێک لە هەموو کات پێویسترە ، مەرجەعێک وەکو سەدر هەرکاتێک بیەوێت، بتوانێت میللەت بجوڵێنێت ، بۆ هەر پرسێک یان داواکارییەک بتوانێت کات بۆ دەسەڵات دابنێت داواکارییەکانی جێبەجێ بکرێت . بە داخەوە لە کوردستان نە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کاریگەر هەیە ، نە مەرجەعێک ، نە کەسێکی کاریگەر ، نە حیزبێکی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن ، کەی ئیشی ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە تونێڵ چاک بکاتەوە یان پرد دروست بکات ، یان مووچەکەی خۆی بداتە نەخۆشخانەکان ؟!!!!!!. ئۆپۆزسیۆن ئەو هێزەیە کە شەو بانگەواز بکات بۆ خۆپیشاندان ، وەکو بانگەوازەکانی سەدر بۆ خۆپیشاندانی یەک ملیۆنی ، چونکە ئەو خۆپیشاندانانە دەتوانێت گۆڕانکاری بکات . تازەترین پرس (400) ملیارەکە و مووچەی مانگی (12) یە ، ئەوە گەر مەرجەعێکی ئۆپۆزسیۆن هەبووایە ئەم هەینییە خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکرا ، بەڵام سەرۆکی لیستی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ئەکاونتی خۆیانەوە دەڵێن : سرن و گومی مەکەن، یان مەیدەنەوە قەرز . بۆیە تا ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنە بەهێزە دروست نەبێت ، یان مەرجەعێک نەبێت، گۆڕانکاری دروست نابێت و دەیەها (400) ملیاری دیکە وون دەبێت لە نێوان یەکێتی و پارتی و ساڵانەش چەند مووچەیەک پاشەکەوت دەکرێت .
هیوا سەید سەلیم ئەو بەرپرسانەی حکومڕانی هەرێمی کوردستان دەکەن زۆر سەیرن، چونکە هەمیشە ئەرکی خۆیان لێوون دەبێت، ئەوان نازانن کە بەرپرسن لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری و، دابینکردنی مووچە بۆ مووچەخۆران، لەبەر ئەوەی لەو چەند ساڵە لێیان قەبوولکراوە، ئەوان وەک چۆن وویستویانە مووچە دابەش کردووە، تەنانەت دابەشکردنی مووچە کە ئەرکە کراوتە مووژدانە، لەو هەرێمەی ئێمە بە بڵاوکردنەوەی خشتەی موووچە هەر پەرلەمانتار و وەزیرە شانازی دەکات، وەزیر و قسەکەرانیان بە دەستکەوتی دەزانن. هەر بۆیەشە کاتێک بەغدا 400 ملیار دینارەکە دەنێڕێت، شەڕە لەسەر ئەوە دەبێت کە بە هەوڵێ کێ قەناعەت بە سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق کراوە تا ئەو بڕە پارەیە بنێرێت، نازانن ئەوەی گرەنتی ناردنی ئەو بڕە پارەیە دەکات لە بەغداوە پابەندبوونی هەموو لایەکە بە ناوڕۆکی ئەو ڕێکەوتنەی سەبارەت بە پرسی بودجە کراوە، بە تایبەت پابەندبوونی هەرێم بە هەریەک لە ئەرک و مافەکانی. ئەزموونی چەند ساڵ لە قەیرانی نێوان هەرێم و بەغدا ئەوەمان پێدەڵێت، کە بەغدا پارەکە بنێرێت یان نا داهاتی هەرێمی کوردستان بای ئەوە دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت مووچە لە کاتی خۆی دابەش بکات، بەڵام ئەگەر پارەکە لە بەغداوە بێت چاکتر دەبێت، چونکە برەکەی دیارە و بوار بۆ دیزە بەدەرخونە کردنی نابێت. لە کابینەی تازەی حکومەتەکەی "سودانی" نیەتێک هەیە کە رێکەوتنامەکان بەدەردی کابینەکانی ڕابردوو نەبردرێن، لە نێویاندا پرسی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە لە ئێستادا بریتیە لە 400 ملیار دینار. چەند رۆژێکە هەواڵی ناردنی ئەو بڕە پارەیەی مانگی 11 بڵاوبۆتەوە، قسەش هەیە شایستەی دارایی مانگی 12 بگاتە بانکەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی کە کراوەتە جێگای باس ئەو بابەتەیە کە ئەو بڕە پارایە لە ڕێگەی چ لایەنێکەوە هاتووە، بۆیە هەر لایەنەوە خۆی بەو بابەتە بادەدات و میرکوڕی مەیدانەکەیە. لە هەرێمی کوردستاندا، کێشە و ململانێی حزبە حوکمڕانەکان و، کارنەکردن بە پڕەنسیپی دامەزراوەیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و، باڵادەستی دەستی حزب بەسەر دامەزراوەکان زەمینەی ئەو شەڕەی خۆشکردووە، ئەگینا دەبینین بەغدا بەو بێسەروبەریەی حوکمڕانی خۆی، کە هەر چەند وەزارەتێک لە دەستی حزبێک دایە، بەڵام بۆ جارێکیش نەمانبینیوە و نەمانبیستووە حزبی دەعوە بێت بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەویان بودجەی شاری بەسڕای دابینکردوە، یان کوتلەی وەزاری حزبی دەعوە مووچەی حەشدی شەعبی دابین کردووە، ئەو فەوزا و بێ سەروبەریە تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. لەم هەرێمە، حکومەت هەیە، کە حکومەتی ئیئتلافی نێوان (پارتی و یەکێتی و گۆڕان)ە، بەشێک لە حزب و پێکهاتەکان بەشداریان پێکراوە، حکومەت لە دەستبەکاربوونی کارنامەی ئیشکردنی ڕاگەیاندووە، دەبێت هەر وەزارەتە و ئەرکی دیار بێت، لە چوارچێوەی ئەو کارنامەیە ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە دەبێت ئەوە بە بیر سەرۆک و جێکر و وەزیرەکانی حکومەت بهێنینەوە کە دابینکردنی مووچە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان ئەرکە لەسەر شانتان، خەڵک متمانەی پێداون تا ئەو بەڵێنانە بە کردار بکەن، نەک وەک دەستکەوت بەخەڵکی بفرۆشنەوە، ئەوەیان ئەلف و بێی حوکمڕانی تەندرووستە. ئێستا کە باس لە گەیشتی بڕە پارەکەی بەغدا دەکرێت، نەک پێویست ناکات ئەوە بەخەڵک بفرۆشنەوە کە بە هەوڵێ کام بەرپرس و، بە هیمەتی کام کوتلەی وەزاریی، بەغدا پارەکەی ناردووە، بگرە خەڵک بە گشتی و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەلایانەوە گرنگە بزانن کە ئەو پارەیە چی لێدێت؟ وا ساڵی 2022 بەرەوە کۆتایی دەچێت و، تا دە رۆژی دیکەش پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 تەواو نابێت، گومان دەکرێت مووچەی مانگی 12 بخرێتە سەر مووچە نەدراوەکانی ساڵانی ڕابردوو، یان ئەو مووچەیە لە مانگی یەکی ساڵی 2023 دابەشبکرێت، گومانی خەڵک لە کاتێک دایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوێکی لەبەر دەست نەماوە بۆ دواخستنی مووچە و، گێڕانەوەی شایستەی مووچەخۆران لە قەرزە پاشەکەوتکراوکانیان، مافی پلە بەرکردنەوەیان. ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان "شەڕی داعش، دابەزینی بەهای فرۆشتنی نەوت، نەناردنی شایستەی دارایی لە لایەن بەغداوە ، کەمی داهاتی ناوخۆی" دەکردە بیانوو تا دەست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببات، لە ئێستادا هیچ یەک لەو بیانووانە نەماون، مەگەر شەڕی کێ پارەکەی بەغدای هێناوە بکرێتە بیانوو، ئەگەرنا دەبوو ئێستا حکومەت بێت داوایی لێبووردن لە خەڵک بکات کە لە چەند ساڵی ڕابردوو بەرگەی زوڵمێکی زۆیان گرتووە کە حکومەتی هەرێم لێیکردوون لە "پاشەکەوت و لێبڕینی مووچە، دابەشنەکردنی لە کاتی خۆیدا، زەوتکردنی مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران". جارێکی دیکە دەڵێین بە وەڵامدانەوەی پرسیاری "ئەو پارەیە چی لێدەکەن؟ وە بە وەڵامی قەناعەت پێکەری ئێوە گومانەکانی خەڵک دەڕەوێتەوە، خەڵکتان مارانگاز کردووە ناحەقیان نیە لە هەموو کارێکتان بە گومان بێت.
گوڵاڵه سدیق 1- دەوڵەتی ئێران قەرزی لای حکومەتی عێراقییە، بەهۆی خراپی ڕەوشی ئابوری و دارایی ئێران، ئێران داوای قەرزەکەی لە عێراق کردوەتەوەو حکومەتی عێراقی بڕی (2 ملیار) دولار قەرزی داونەتەوە، کە ئەمەش پێچەوانەی سزاکانی ئەمریکایە بۆسەر ئێران. لەبەر ئەم هۆکارە داهاتی فرۆشی نەوت کە مانگانە لە بانکی فیدراڵی ئەمریکییەوە دەگەڕێتەوە بۆ بانکی ناوەندی عێراقی کەمیکردووە، بەمەش بانکی ناوەندی ڕۆژانە ئەو بڕە پارەی کەمکردوەتەوە کە دەخرێتە بازاڕەوە بەهۆی کەمبونەوەی قەبارەی دولار. 2- ڕۆژانە چەند بانکێک دۆلار لە بانکی ناوەندی دەکڕن و دواتر دەخرێتە بازاڕەوە، بەڵام لەئێستادا 14 بانکی ئەهلی خراونەتە لیستی ڕەشەوەو دۆلاریان پێ نافرۆشرێت، بەبیانووی ئەوەی ئەم بانکانە دۆلاریان بردوەتە دەرەوەی عێراق بەتایبەت بۆ ئێران و سوریاو لوبنان، ئەم بانکانە خاوەنەکانیان کەسانی سیاسین و نزیکەی 40% فرۆشی دۆلار ڕۆژانە بەم بانکانە دەفرۆشرا، بەهۆی ئەمەش قەبارەی دۆلار دیسان کەمدەبێتەوە لەبازاڕ، چونکە ناتوانرێت قەرەبوی ئەم 40% لەڕێی بانکەکانی ترەوە بکرێتەوە. 3- بەرپرسەکانیش پێشوتر بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی دەیانخستە بازاڕەوە چەندجارێک بازاڕی دۆلاریان شکاندووەو دۆلاریان کڕیوە بە هەرزان (کە هەندێک کات تا 137 هەزار دابەزیوە) ئێستا لەم کۆتایی ساڵە دەیانەوێت بەروبومەکانیان بچننەوە! سەرئەنجام، ئەم بەرزبونەوەیە درێژە ناکێشێت و لەئایندەدا نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ نرخەکانی پێشووی.
ئەنوەر حسێن (بازگر) ڕۆژانی (17 - 26/11/2022) چوارەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كتێب بەڕێوەچوو، ئامارەكان دەڵێن "(500) هەزار كەس سەردانی پێشانگاكەیان كردوە، (200) ناوەندی چاپ و بڵاوكردنەوەش بەشدار بوون". بەڵام ستافی بەڕێوەبردنی پێشانگا، ژمارەی كتێبە فرۆشراوەكانیان پێ نەوتم، كە جێگەی سەرنجە. بۆ خۆی پێشانگاكە كارێكی باشە، بەڵام پرسیارێكی گرنگ و جەوهەری لەناو كایەی مەعریفی و شەقامی سلێمانی و هەولێر، هەمیشە لە پێشانگاكاندا دەوترێت، ئەویش ئەوەیە كە "كتێبی ئیسلامی - كتێبی دینی" زۆر دەفرۆشرێت، یاخود "دەزگا و ناوەندە ئیسلامییەكان" كۆنتڕۆڵی پێشانگاكان دەكەن! بە بۆچوونی من، گرفتەكە ئەوە نییە، كە ئەو كتێبانە بۆ دەفرۆشرێن، هێندەی پێویستە فاكتەرەكانی پشتی بخوێندرێتەوە، كە ئایا فاكتەرەكە پەیوەندی بە كۆمەڵگەی دینی و مەزهەبی كوردستانەوە هەیە؟ یان پەیوەندی بە كاریگەری حیزبە ئیسلامییەكانی كوردستانەوە هەیە؟ یان دەكرێت بڵێین، كاتێ لە هەرێمی كوردستان نزیكەی (6000) مزگەوت هەیە، بەرامبەر بە (5000) خوێندنگا، دەرئەنجامەکەی هەر بەم جۆرە دەبێت؟ یاخود بەراوردکردنی کاریگەریی مامۆستایانی ئایینی و مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە، شتێکمان لەم بارەیەوە پێ دەڵێت؟ با جارێ بپرسین، كۆمەڵگەی كوردستان، ڕێژەی خوێنەرانی كتێبی چەندە و چۆنە؟ ئامارەكان دەڵێن "بۆ هەر (25900) كەس لە كوردستان (1) كتێبی بەردەكەوێت، كە ڕێژەی (61%) پیاوانن و (39%) ژنانن، ڕێژەی (71%) بۆ زمانی كوردی، (21%) بۆ عەرەبی و (8%)بۆ زمانەكانی تر. ئەوە حاڵی كتێبە بە دەست خوێنەری كوردەوە، كە چ كۆڵەوارە، لە ژمارە و داتای وڵاتانی عەرەبی دەچێت، كە ئامارەكان دەڵێن هەر (320,000) هاوڵاتی عەرەب (1) كتێب دەخوێنێتەوە، تیراژی كتێب (5000) دانەیە بە بەروارد بە خۆرئاوا، كە (50,000) دانەیە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ وڵاتێكی وەكو (ئیسرائیل) هەر كەسێك ساڵانە (40) كتێب، سوید (10) كـتێب، فەڕەنسا (17) كتێب و یابان (25) كتێب دەخوێنێتەوە، واتا هەر تاكێكی فەڕەنسی هەفتانە (5,54) خولەك دەخوێنێتەوە، هەر تاكێكی هیندی (10,4) خولەك دەخوێنێـتەوە لە هەفتەیەكدا، بە كورتی تاكێكی ئەوروپی (63) كاتژمێری ساڵانە بۆ خوێندنەوە تەرخان دەكات. بەپێی هەندێك ئاماری ناڕەسمی نزیكەی (600) هەزار كتێب فرۆشراوە لە پێشانگای كتێب و (زۆرینەشیان كتێبی دینی و ئیسلامی، دامەزراوە ئاینی و ئیسلامییەكان بوون)، وەكو هەموو ساڵەكانی تریش، ئەو پرسیارە خۆی دووبارە كردەوە، كە ئیسلامییەكان قۆرخی پێشانگایان كردەوە؟ لە ڕاستییدا دەبێت پرسیارەكە پێچەوانە بكرێتەوە، بۆچی كتێبی دەزگا و دامەرزاوەكانی غەیرە ئیسلامی كەمتر دەفرۆشرێن، یان لە ڕیزی دواوەن؟ ئاسانە، فاكتەرێكی ئەوەیە (لایەنگرانی دووەم) لە ژیانی خۆیاندا زۆرتر خوویان داوەتە بابەتە ڕووکەشەکانی وەک كەمالیات و دیكۆر (جلوبەرگ، ئۆتۆمبێل، خواردنی خۆش و خواردنەوە و ...هتد)، پێیان وایە كتێب بۆ ئەوان گرنگ نییە، ئەوان خۆیان مەعریفەیان لە ئاستێكی باڵادایە، كە لە ڕاستییدا وانییە. ئەم توێژە، خوازیاری كتێب نییە، لای ئەو كتێب بەڵای سەرە. فاكتەرێكی تر، توێژەكەی تری (لایەنگرانی دووهەم)، باوەڕیان بە ئایدۆلۆژیەكەیان نەماوە، ڕێك ئەمە بۆ لایەنگرانی (گروپی یەكەم) واتە (ئیسلامییەكان) پێچەوانەیە، تا دێت باوەڕیان زۆرتر دەكات، ئایدیۆلۆژیاكەیان هانیان دەدات بخوێننەوە. فاكتەری سێیەم، پەروەردەی مناڵ لە (گروپی دووهەم)، كتێب لە چوارچێوەی وێنە و ڕووکەشدا نمایش دەكات و لە قۆناغی دواتردا پشت لەوەش دەكات، بەڵام (گروپی یەكەم) نا، بە کتێبە بنەڕەتییەکانی ئایدیۆلۆژیاکەی خۆیانی ئاشنا دەکات و دەرخی قورئانی فێر دەكات و ئایات و فەرموودەی پێدەناسێنێ و دەستیش لە پەروەردەكردنی هەڵناگرێت. لە پێشدا سەرەتایی و دواتر بۆ مەكتەبی قورئان، بەردەوام لەسەر خەتە بۆی و جیا لە مەراسیمی ساڵانەی حیجابی بە كۆمەڵ و ڕاهێنان و خوێندنەوەی بەردەوام و کردنەوەی خول و ۆرك شۆپ. بە واتایەکی دیکە دوو هێڵی سەرەکییەکەی خوێنەران لەناو پێشانگادا، لە ژیانی واقیعیدا دوو هێڵی تەواو جیاوازن لە کارکردندا. هێڵە ئایینییەکە بە مونەزەمی کار بۆ بیروباوەڕی خۆی دەکات و هەموو میکانیزمە کلاسیکی و مۆدێرنەکانی گەیاندن و پڕوپاگەندەی خستوەتە خزمەت ئایدیۆلۆژیاکەی خۆیەوە، بەرهەمەکەشی لە پێشانگایەکی لەم جۆرەی کتێبدا بە ڕوونی دەردەکەوێت. لە بەرامبەردا هێڵی دووەم، کە قەرارە هێڵە پێشکەوتووخواز و زانستخوازەکە بێت، هێندەی سەرقاڵی کاتبەسەربردنی ژیانی ڕۆژانەی خۆیەتی، هێندە سەرقاڵی خۆپەروەردەکردن نییە. فاكتەرێكی تر، سیستمی پەروەردە و حكومەتی هەرێم تەندروست نییە، ناتوانێت خوێندكار و كتێب بە یەكەوە كۆبكاتەوە و ئاشتی بكاتەوە، بۆیە كتێب بۆ خودی وەزارەتی پەروەردە، خوێندنی باڵا و خودی وەزیرەكانیشی گرنگ نییە، "كاتێك (1000) كتێب وەكو سەرچاوە دەنێریت بۆ كتێبخانەی زانكۆكان بە دیاری، لە پێناو خوێندكارەكاندا، سەرۆكی زانكۆكەی بە (10) تەلەفۆن و تەكلیف، سوپاسنامەیەك و وەڵامی نوسراوەكانت ناداتەوە"، زانكۆیەك (1000) كتێبی بە دیاری بۆ بنێریت ئامادە نەبێت، بە ڕێزەوە وەریبگرێت و بە تكا وەڵام بداتەوە، كە بە حساب زانكۆ شوێنی مەعریفە و ئاستی باڵای سەرخانی كۆمەڵگەیە، ئیتر بۆ گلەیی لە خەڵكی سادە بكرێت، كە ناخوێنێتەوە. واتا لەناو ئەو كۆڵەوارییەی خوێندنی كۆمەڵگەی كوردستان، ئەو ڕێژەیەش كە هەیە، ئەكسەرییەتی بەر خەڵكانی دینی و مەزهەبی دەكەوێت بۆ خوێندنەوە. پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كـتێب، كارێكی باشە، بەڵام پێویستی بە پشتیوانی، دەست گیرۆیی و هاوكاری زۆرتر هەیە. لە هەمامن کاتیشدا لە کوێدا پێویست بوو، پێویستی بە ڕەخنە هەیە بۆ گەشەکردنی زیاتر. ئەوەش كە گلەیی لە فرۆشی كـتێبە ئیسلامییەكان دەكات، لە چاو بەرهەم و كتێبەكانی تر، پێش هەموو كەس با خۆی دوو كتێب بكڕێت و بیخوێنێتەوە، دواتر گلەیی لە حیزب و بێ دەربەستی حكومەت و وەزارەتەكانیشی بكات، پێشم وانییە ئەو دیاردەیە هێندە مەترسیدار بێت، بەڵام جێگەی پرسیارە؟
پەیڕەو ئەنوەر یەکێک لە وێنەکانی نێو ئەو مۆندیالە، پرسی چیڕۆکی خۆرهەڵاتناسییە! خۆرهەڵات کێیە؟ چییە؟ چۆن دەربکەوێت! دیارە لە کێڵگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان IR کاتیگۆرییەکان زۆرن بۆ پۆلێنکردنی دنیا لەسەر بنەمای جوگرافیا، فەرهەنگ، جیۆپۆلەتیک، چیڕۆک و باڵایی و زۆر کایەی تر. تیۆری نیوە گۆی باکوور و باشوور. تیۆری ناوک و پەراوێز. تیۆری جیهانی یەکەم و دووەم و سێیەم. پێدەچێت تێزەکەی ئیدوارد سەعید بۆ خۆرهەڵاتناسی و خۆرئاواناسی کەمێک کۆمەکمان بکات بۆ تێگەیشتن لە دیاردەی بەگەڕخستنی خۆرهەڵاتناسی لەم مۆندیالەدا. سەعید پێی وایە نەهامەتی و دواکەوتوویی خۆرهەڵات بەهۆی خۆرئاواوەیە. ئاڕگیۆمێنتی سەرەکی واداڕێژراوە کە کۆلۆنیالیزمی خۆرئاوا جوانی و توانا و خەونەکانی خۆرهەڵاتی خنکاندووە. ئەم دیدە خۆراکپێدەری پڕۆسەی جوڵاندنی خۆرهەڵاتناسی بوو لەڕێگەی پێکهاتەی مەغریبەوە. مەغریب وەک نوێنەری خۆرهەڵاتییەکان. پێم خۆشە لەبری هەڵبژاردەی مەغریب، کۆمەڵگەی خۆجێی مەغریب بەکاربهێنم Morocco Community ئەم کۆمەڵگەیە لێرە گوزارشتە لە دۆخێک کە ئەندامانی یەک ناسنامە و دوو ڕەگن. رەگێک لە ناوەند و رەگەکەی تر لە پەراوێز. هەندێكجار دوو ناسنامە و دوو رەگن. زۆرینەی یاریزانەکانی مەغریب لە ناوک و کۆسمۆپۆلیتانەکانی ئەوڕوپا پەروەردەکراون، دواتر گەڕاونەتەوە و بوون بە ئەندامی کۆمەڵگەیەک، چوونەتە نێو پڕۆسەی نوێنەرایەتیکردن بەبێ نوێنەر چونکە رەگی دڕاشتن و بەرهەمهێنانە کەلتوری و ناوچەییەکە لەشوێن و کەناڵێکی تر بووە. ئەدەبیاتی خۆرهەڵاتناسی پرە لە چیڕۆکی بەئەویتربوون و بەئەویترکردن. لێرەوە ئەو رستەمان دێتەوەیاد <خۆرهەڵاتییەکان دەبێت نوێنەرایەتی بکرێن> کاتێک باس لە بردنەوەی مەغریب وەک یەکەیەکی ئیسلامی دەکرا <پێکدادانی شارستانیەتەکان>ی هینگتنگتۆنم بیردەکەوەتەوە. دەرکەوتنی مەغریب لە مۆندیال وەک رووداوێکی گڵۆبال لەدەرەوەی تێگەیشتنی خۆرهەڵاتناسی، دەکرا زۆر پرسیار بێنێتەکایەوە! دوانەی کۆلۆنیالیزم و دبلۆماسی وەرزشی. کۆلۆنیالیزم و ئەندامانی کۆمەڵگەی دوای جەنگ. دنیای فڕانکفۆن و چۆنیەتی داڕشتنەوەی کۆمەڵگە و حکومڕانی. مەغریبییەکان زۆر شتیان پێشکەشکردین بەڵام بەبێ کردەی خۆرهەڵاتناسانە. پیرۆزە لە فەڕەنسا و بەهیوام جامەکە بەرزبکاتەوە.
ئارام سەعید لە ئێستادا زۆر گوتاری سیاسی دوبارەمان گوێ لێدەبێت، لە رابردووشدا هەروابووە، بۆ داهاتووش هەر گوتاری دوبارە دەبیستین، کە رەنگە بەشێکی بۆ سوربونی سیاسییەکان بێت لەسەر چەسپاندنی پەیامەکانیان، ئەمە بۆ ستەمکارو ستەملێکراویش هەر راستە، هەربۆیە دەتوانین بڵێین دوبارەکردنەوەی هەمان پەیام پێشەی بکەرە سیاسییەکانە.. لەهەموو گوتارەکانیان دوو بەرە هەیە بەرەیەک "ئەوان" واتە دوژمنەکان، بەرەیەک "ئێمە" واتە هاوپەیمان و دۆستەکان، هەمیشە نمایشیکی باش و پۆزەتیڤی خۆیان نیشان دەدەن لەبەرامبەر نیشاندانی ئەوانی تر بەناشرینی و نێگەتیڤ. دەشێت ئەو دوبارەکردنەوەیە بۆ شاردنەوەی مەرامی بکەری سیاسی بێت کە لەپشتی ئەو گوتارە دوبارەیەوە یارییەکی گەورە دەکات بە لایەنگرانی، پشتی گوتارەکان پێمان دەڵێت هەموو شتێک بەستراوەتەوە بەسەرکەوتنی ئێمەوە گەر سەرنەکەوین ئەوا هەموتان شکست دەهێنن، سەربکەوین هەموتان سەرکەوتودەبن. لەم روانگەیەوە ئەگەر سەرنج لە گوتاری سیاسی ئێستای حزبەکانی کوردستان بدەین زۆر نمونەمان دەست دەکەوێت لە گوتاری دوبارە کە هەمان پەیامە دوبارە دەبنەوە رەنگە سەرەتای قسەکان و کۆتاییەکەی هەر هەمان پەیام بن و ئەوەی دەگۆڕێت ناوەراستی گوتارەکەیە، بۆچون زۆرە لەسەر دوبارەکردنەوەی گوتارە سیاسییەکان، هەیە دەڵێت" ئەگەر رستەیەک زۆر دوبارە بێتەوە ئەوا متمانە دروست دەکات"و یەکێکی تر دەڵێت" درۆ ئەگەر هەزار جار بگوتریتەوە دەبێتە راستیی" یان دوبارەکردنەوە کارێک دەکات پەیامەکانمان لەبیر نەچێتەوە ئەمەش بۆ سیاسی باشە تا بەرامبەرەکەی قەناعەت بکات بە قسەکانی... لەناو ئەو گوتارانەدا دەتوانرێت ئەو یاریکردنە بدۆزرێتەوە، بۆ نمونە نەواز شەریف لە پاکستان ئەوکاتەی سەرۆک وەزیرانی پێش خۆی یوسف رەزا گەیلانی لەلایەن دادگاوە تۆمەتبارکرا (٢٠١٢)، شەریف ستایشی بڕیارەکەی دادگای کردو داوای لەو سەرۆکە کرد کارەکەی بەجێ بهێڵێت و بڕواتەوە ماڵەوە، بەڵام کاتێک هەمان دادگا خۆی تۆمەتبارکرد بریارەکەی بە زوڵم وەسف کردو هیرشی کردەسەر دادگاکە بەوەی دوژمنایەتی ئەو دەکەن، لێرەوە خۆپەرستی گەورە لەپشت گوتارەکەیەوە دەبینرێت و بیرکردنەوەی ئەو سیاسییەمان بۆ دەردەکەویت. سەرنجی گوتاری حکومەت بدەین هەمیشە دەیەویت پێمان بڵی لەسایەی ئەو سیاسەتەی ئەواندا چەند کاری باش کراوە، چەند بەرەوپێشجون رویداوە، لایەکەی تریش گوتاریکی تر نمایش دەکات و هەمیشە باسی ئەو پرۆژانە دەکات کە نەکراوە یان تەواو نەبووە واتە هەرلایەکیان بۆ نیشاندانی خۆی بەجوانی لاکەی تر ناشرین دەکات. جگە لە ئۆپۆزیسیۆن ئەم گوتارە لەناو خودی حکومەت و دەسەڵاتیشدا دەیان سالە یەکێتی و پارتی پیادەی دەکەن بەرامبەر یەکتر هەریەکەیان ئەوی تر وەک دوژمن و نەیار نیشان دەدات .. لەهەموو گوتارەکانیان دوو بەرە هەیە "ئێمە و ئەوان" لە ناوەرۆکی گوتاری هەریەکێکیان فریشتەیەک و شەیتانێک هەیە، خاوەنی گوتار خۆی وەک فریشتەو بەرامبەر وەک شەیتان نیشان دەدات!
کاوە محەمەد رۆژی (٢٠١٦/١٢/١٢) کەسێک لەتەشریفاتی (ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم) پەیوەندی پێوەکردم بۆ کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی حکومەت لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ئەندامانی لیژنەکانی (دارایی، نەوت و بەرگری)، لە ئەجێندای کۆبوونەوەکەم پرسی، وتی؛ (کاک نێچیرڤان وتار و کاک قوباد پریزینتەیشن-یان هەیە)، کاک (رابەر سدیق-وەزیری دارایی بە وەکالەت) قسەدەکات، دواتریش (د.ئامانج رەحیم-سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران) روونکردنەوەی دەبێت، پاشان نیو سەعات دانراوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێوە !..واتە نزیکەی (٢٠) پەرلەمانتار تەنها نیو سەعات قسەبکەن، بەڵام زۆربەی کاتی کۆبوونەوەکە ئەوان قسەبکەن و محازەرەمان پێ بڵێن و ئێمەش وەک (تەڵەبەی عاقڵ) گوێیان لێ بگرین. هەرزوو لەگروپی فراکسیۆن نووسیم؛ من لەگەڵ ئەوەم بایکۆتی کۆبوونەوەکە بکەین، بەڵام رای ئێوەم دەوێت، ئەوانیش جگە لە (مەسعود حەیدەر) هەمان رایان هەبوو، بۆ وەرگرتنی رای بزووتنەوەکەش، قسەم لەگەڵ (م.جەلال جەوهەر-رێکخەری ژووری پەرلەمان و حکومەت) کرد، ئەویش هەمان رای هەبوو، بەڵام وتی؛ با بزانین برادەرانی تری گردەکە چی دەڵێن، هەموومان لەسەر ئەوە کۆک بووین کە راوێژ لەگەڵ فراکسیۆنە هاوپەیمانەکانمان بکەین و رای پێشوەخت نەڵێین تا بەیەکەوە بڕیارێکی هاوبەش دەدەین. بۆیە پەیوەندیم بە (ئەحمەدی حاجی رەشید-کۆمەڵ)ەوە کرد، وتی؛ بە رای خۆم لەگەڵ بایکۆتکردنیم، بەڵام با قسەیەک لەگەڵ مەکتەبی سیاسی بکەم، (ئاڵا تاڵەبانی-یەکێتی) وتی؛ بەراشکاوی من ناتوانم جارێکی تر تەحەدای مەکتەبی سیاسی بکەمەوە، با راوێژێکیان لەگەڵ بکەم و وەڵامت دەدەمەوە، (د.موسەنا ئەمین-یەکگرتوو) هەرزوو بە کەناڵەکانی میدیای راگەیاندبوو کە بەشداردەبن و نیوەڕۆش پەیوەندی پێوەکردبووم و وتی؛ با پێشنیاری کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەت بکەین، دواتر لەگەڵ (ئاڵا تاڵەبانی و ئەحمەدی حاجی رەشید) رێککەوتین کە جارێ داوای دواخستنی کۆبوونەوەکە بکەین، راوێژم بە فراکسیۆن و (م.جەلال جەوهەر) کرد، ئەوانیش دواخستنەکەیان پێ باش بوو. داوای دواخستنی کۆبوونەوە عەسری (٢٠١٦/١٢/١٣) سەرۆکی هەر چوار فراکسیۆن (ئاڵا تاڵەبانی-یەکێتی، ئەحمەدی حاجی رەشید-کۆمەڵ، د.موسەنا ئەمین-یەکگرتوو و کاوە محەمەد-گۆڕان) لە نووسینگەی پەرلەمانی عیراق لە سلێمانی، کۆبووینەوە و باسمان لە هەڵوێستی هاوبەش بەرامبەر کۆبوونەوەکەی حکومەتی هەرێم کرد کە بڕیارە سبەی (١٢/١٤) بکرێت، بۆئەوەی بەیەکڕیزی بمێنینەوە، لەسەر ئەوە رێککەوتین کە جارێ داوای دواخستنی بکەین، من پێشتر رەشنووسی راگەیەنراوێکم ئامادەکردبوو، لەو شوێنەی کە داوای دواخستن دەکەین، نووسیبووم؛ دواتر لە (جەدوا)ی کۆبوونەوەکە و ئەجێندا و ئامانجەکانی دەکۆڵینەوە...تاد، مەبەستم بوو کە ئەو وشەیەی تێدابێت کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی رەنگە دواتریش بەشداری تێدا نەکەین، لەسەر ناوەرۆکەکەی رێککەوتین و دواتر بۆ حکومەتی هەرێم و برادەرانی گردەکەشم نارد. حکومەتی هەرێم یاسای بودجەی رەتکردەوە ١٤/١٢/٢٠١٦ پێش ئەوەی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عیراق کۆببنەوە، ڕۆژی(٢٠١٦/١٢/١٤) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوە و رایانگەیاند؛ کە یاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٧)ی عیراق لەبەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نیە و رەتیدەکەنەوە، پێشتریش لە (١٢/٦)دا روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردبۆوە و رایانگەیاندبوو کە ئەوەی لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەدا جێگیرکراوە، پیلانێکی مەترسیدارە و پێویستە پەرلەمانتارانی کورد بەشداری نەبن. بڕیاری بەشداریکردن لەکۆبوونەوەی حکومەت لەم چەند رۆژەدا لەگەڵ (ئاڵا تاڵەبانی و ئەحمەدی حاجی رەشید) لەسەر خەت بووم، دیار بوو لەناو حزبەکانیاندا ئاراستەی بڕیار بەرەو ئەوەبوو کە بەشداری لەکۆبوونەوەکەی حکومەت دا بکەن، بۆیە رۆژی (١٢/١٩) سەرۆکی هەر چوار فراکسیۆن (گۆڕان، یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو) لەنووسینگەی پەرلەمانی عیراق لەسلێمانی کۆبووینەوە، هەرسێ فراکسیۆنەکەی تر رایان وابوو کە بەشداری لەکۆبوونەوەکە بکەن، من وتم؛ تا سبەی راوێژی ناوخۆیی خۆمان لەناو گۆڕان ماوە کە بڕیار بدەین بەشداری دەکەین یان نا، ئەگەر بڕیاری بەشدارینەکردنمان دا، ئێمە رێز لەرای ئێوە دەگرین، ئەکید ئێوەش تێگەیشتنتان بۆ هەڵوێستی ئێمە دەبێت، گرنگ ئەوەیە هاوهەڵوێست بمێنینەوە و جیارازیمان لەبەرامبەر بەشداریکردن لەکۆبوونەوەیەک، یەکڕیزیمان تێکنەدات. دوای ئەوە بە هاوڕێیانی فراکسیۆنم راگەیاند؛ کە هەڵوێستی ئەوان بەمجۆرەیە، بەڵام پێویستە کەس لەئێمە شتێک نەنووسین و رانەگەیەنین کە ئەوان ئیحراج یان بریندار بکات، بۆئەوەی دواتر بتوانین یەکڕیزییەکەمان بپارێزین. پاشان لەگەڵ (م.جەلال جەوهەر) قسەمکرد و پێشنیارمکرد کە سبەی (ئارام شێخ محەمەد-جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق و من و خۆی و برادەرانی تری گردەکە) کۆببینەوە تا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەین، ئەو وتی؛ ئەمڕۆ پاش کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ (پارتی)، خۆمان کۆبووینەوە و برادەرانی گردەکە لەگەڵ ئەوەن بەشداری لەکۆبوونەوەکە بکەن. کاک نەوشیروان: لەهاوپەیمانەکانتان دامەبڕێن سەرلەبەیانیی (٢٠١٦/١٢/٢٠) من و (ئارام شێخ محەمەد) لەگردی زەرگەتە لەگەڵ هەریەک لە (قادری حاجی عەلی، عوسمانی حاجی مەحمود، م.جەلال جەوهەر، مستەفای سەید قادر، م.جەمال محەمەد، د.یوسف محەمەد سادق، ئاواتی شێخ جەناب، حەمە تۆفیق رەحیم، د.ئیسماعیل نامیق، عەبدلرەزاق شەریف و زمناکۆ جەلال) کۆبووینەوە، زۆربەیان لەگەڵ ئەوەبوون کە بچین بۆ کۆبوونەوەکە (ئارام، د.یوسف، حەمە تۆفیق رەحیم، زمناکۆ و من) لەگەڵ بەشداریکردن نەبووین، م.جەمال وتی؛ دوێنێ شەو لەگەڵ (کاک نەوشیروان) قسەمکرد، لەوبارەیەوە لێمپرسی، وتی؛ ئاساییە بچن بۆ کۆبوونەوەکە، راستیەکەی من مەبەستم بوو کە بڕیاری بەشدارینەکردن بدەین، تێبینیمکرد کۆبوونەوەکە بەسەر هەردوو راکەدا دابەشبووە، کە (م.جەمال) وای وت، من وتم؛ رەنگە دەرفەت نەبووبێت (م.جەمال) هەموو وردەکارییەکانی بۆ باس بکات، بۆیە روخسەتم بدەن خۆم قسە لەگەڵ (کاک نەوشیروان) دەکەم و بڕیاری کۆتایی لێ وەردەگرم، وتیان؛ باشە. عەسری هەمان رۆژ تەلەفۆنم بۆ (کاک نەوشیروان) کرد کە ئەوکاتە بۆ عیلاج لەبەریتانیا بوو، و رای فراکسیۆن و کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ و هەردوو جڤات و چوار فراکسیۆنەکە و لێکەوتەکانی چوون و نەچوونم بۆ روونکردەوە و وتم رای ئێوە چیە ؟..وتی؛ بابەتەکە ئاڵۆزە، وتم منیش لەبەر ئەوە پەنام بۆ ئێوە هێناوە کە یەکلای بکەنەوە، وتی؛ رای تۆ چیە ؟ وتم؛ من لەگەڵ بەشدارینەکردنم، هەموو فراکسیۆن (جگە لەمەسعود حەیدەر) ئەو رایەیان هەیە، وتی؛ راستی من لەگەڵ پرەنسیپی بایکۆتکردن نیم و پێمباشە بچن و لە سێ فراکسیۆنەکەی تر دانەبڕێن کە هاوپەیمانی یەکترن، دوێنێ-ش وەفدی پارتی هاتوون بۆ لامان، رەنگە دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە، بڕۆن لەکۆبوونەوەکە قسەی خۆتان بکەن و پێیانبڵێن کە ئێوە شکستتان هێناوە، ئەگەر هەر سووربوون لەسەر رای خۆیان، دواتر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا بەرپرسیارێتیی ژیانی خەڵک قورستر بخەنە ئەستۆیان، دوایی لێی پرسیم؛ ئەگەر بەشداربن، کێشە لەناو فراکسیۆنەکەتان دروست نابێت ؟ وتم؛ رای ئەوانم پێ وتیت، بەڵام ئەگەر ئێێوە بڕیارتان لەگەڵ بەشداریکردن بێت، هەموومان پابەند دەبین پێوەی و باوەڕ ناکەم کێشە دروست ببێت. رەخنەبارانکردنی سەرۆکایەتیی حکومەت سەعات (١١)ی سەرلەبەیانی (٢٠١٦/١٢/٢١) لەسەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لەهەولێر، هەریەک لە (ئارام شێخ محەمەد-جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، سەرۆکی فراکسیۆنەکان؛ ئاڵا تاڵەبانی-یەکێتی، کاوە محەمەد-گۆڕان، خەسرەو گۆران-پارتی، ئەحمەدی حاجی رەشید-کۆمەل و جەمال کۆچەر-لەجیاتی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو)، ئەندامانی کورد لەلیژنەی دارایی (حاکم سەرحان-پارتی، مەلا قادر-یەکێتی و مەسعود حەیدەر-گۆڕان) لەگەڵ سەرۆکایەتیی حکومەت کۆبووینەوە کە بریتی بوون لە (نێچیرڤان بارزانی-سەرۆک، قوباد تاڵەبانی-جێگری سەرۆک، ئاشتی هەورامی-وەزیری سامانە سروشتییەکان، د.عەلی سندی-وەزیری پلاندانان، عەبدلسەتار مەجید-وەزیری کشتوکاڵ، مەولود باوە موراد-وەزیری کاروباری پەرلەمان، رابەر سدیق-وەزیری دارایی بە وەکالەت، سەفین دزەیی-وتەبێژی حکومەت، فازڵ نەبی-بریکاری وەزیری دارایی عیراق و د.ئامانج رەحیم-سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران)، ئێمە بە راشکاوی قسەی خۆمان کرد و پێمانوتن کە سیاسەتی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتیتان شکستی هێناوە، پلان و هەنگاوێکی جدیتان نەبووە بۆ چاکسازی، یەک شتتان کرد کە ئەویش بڕینی مووچەی خەڵک بووە بە ناوی (پاشەکەوتکردن-ەوە)، بێ خەم بوون بەرامبەر یاسای بودجە، وەفدێکتان نەهاتنە بەغدا کە هاوکارمان بن تا بەیەکەوە شەڕ لەسەر بەشە بودجەی هەرێم و پێشمەرگە بکەین، رۆژانی گفتوگۆی بودجە (عمار الحکیم) خۆی و پارێزگارەکان رۆژانە لەپەرلەمان بوون بۆ بەرگریکردن لەبەشی (حەشدی شەعبی) و پارێزگاکانیان، ئێوە پێش ئەوەی گوێ لەئێمە بگرن، یاساکەتان رەتکردەوە...تاد. (ئاڵا تاڵەبانی) سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بە راشکاوی رەخنەی لەحکومەتی هەرێم گرت، (قوباد تاڵەبانی) وتی؛ ئەمەی (ئاڵا) دەیڵێ تەعبیر لەسیاسەتی یەکێتی ناکات، (ئاڵا) وەڵامیدایەوە و وتی؛ بەڵێ ئەوەی من تەعبیر لەسیاسەتی یەکێتی دەکات، چونکە من ئەندامی سەرکردایەتیم (مەبەستی ئەوە بوو کە قوباد ئەندامی سەرکردایەتی نیە).. تیمی حکومەتی هەرێم بە روونی دانیان بەوەدا نا کە کەمتەرخەم بوون، وتیان؛ ئەم دۆخە دژوارەی ئەمڕۆ نە بەغدا و نە ئێوەی پەرلەمانتاران لێی بەرپرسن، بەڵکو بەهۆی ململانێی حزبی و کاریگەریی نەرێنی بەسەر ئیشوکاری حکومەت-ەوە دروست بووە، وتیان؛ راستە کەمتەرخەم بووین بەرامبەر یاسای بودجە، بەڵام داوامان ئەوەیە کە هاوئاهەنگی لەنێوانماندا بەردەوام بێت، پاشان ئەندامانی لیژنەی دارایی (ئەحمەدی حاجی رەشید و مەسعود حەیدەر) روونکردنەوەیان بە داتا و بەڵگە خستەڕوو کە جێبەجێکردنی یاساکە لەبەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، (د.ئامانج رەحیم)یش داتاکانی حکومەتی خستەڕوو کە گوایە نەوت رادەستی بەغدا نەکەن، لەقازانجیانە و باشترە بۆ هەرێم ! وتیان؛ ئێمە ئامادەین کە ئەگەر یەک دۆلار لەبەغداوە زیاترمان دەستکەوێت، یاساکە جێبەجێ بکەین، منیش لێرەدا وەڵامی سەرۆکی حکومەتم دایەوە و وتم؛ باشە ئێوە بە نەوتی هەرێم و کەرکوک مووچەی تەواوەتی خەڵک دابین بکەن، ئاوڕ لە یاساکە نادەینەوە، بەڵام کێشەی گەورە لەداتاکانتاندایە کە دامەزراوەیەکی چاودێری وردبینی تێدا نەکردووە و بیسەلمێنێت دروستن، جاران دەتانوت داهاتەکانمان کەمە و بەشی مووچە ناکات، ئێستا دەڵێن؛ نەخێر ئەوەی خۆمان لەهی بەغدا زیاترە !.. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، کە باس هاتە سەر یاسای نەوت و غاز، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە راشکاوی وتی؛ ئێمە لەگەڵ دەرچوونی یاسای نەوت و غازی فیدرالی نین و تا پیتان دەکرێ مەهێڵن دەربکرێت. ئەمەشی بۆ ئەوە بوو کە بتوانن لەسایەی یاسای نەوتی هەرێم درێژە بە سیاسەتەکەی خۆیان و ئەوەی ناویان لێ ناوە (سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت) بدەن. سەبارەت بە هێزی پێشمەرگە و شایستە داراییەکانی، بە سەرۆکی حکومەتم وت؛ ئێوە لەساڵی (١٩٩٩)ەوە سەرۆکی حکومەتن (تەنها دوو ساڵەکەی د.بەرهەم-ی لێ دەرچێت)، با بزانین چیتان کردووە بۆ شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە ؟ لەکاتێکدا بە پێی یاساکانی بودجە (باسی یاساکانی بودجەی حەوت هەشت ساڵی پێشترم کرد) دەقێک هەبووە کە تێیدا هاتووە؛ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدرال و سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر رێژەیەک بۆ پێشمەرگە رێکدەکەون)، وتی؛ ئەوە (مالکی) رێگر بووە، وتم کاتی خۆی ئەو بە (٨٠) هەزار پێشمەرگە رازی بووە کە شایستە داراییەکانیان لە بەغداوە بۆ سەرف بکرێت، (مام جەلال) قسەی لەگەڵ کردبوو، لەبەر خاتری ئەو کردبووی بە (٩٠) هەزار، بەڵام کاک (مەسعود بارزانی) پێداگری لەسەر (١٢٠) هەزار کردبوو، بۆیە هیچ نەکرا.. ئیتر باش لەوە گەیشتین کە هەموو ئەم داتا و بیانووانەیان هەر بۆ ئەوەیە کە یاساکە جێبەجێ نەکەن، ئەو زیادەیەش لەداهات، هیچ خێرێکی بۆ خەڵک نەبووە، چونکە زیاتر لە (٤٠%)ی داهاتی مانگانەی هەرێم بۆ قەرز و شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت دەچێت کە بەشێکیان کۆمپانیای حزبەکانن. دوای کۆبوونەوەکە و لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیران، ئێمە و یەکێتی و کۆمەڵ قسەمان بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن کرد، (ئاڵا تاڵەبانی) وتی؛ کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو و لێکتێگەیشتن هەبوو، (ئەحمەدی حاجی رەشید) وتی؛ ئیتر بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، منیش وتم؛ پێویستە حکومەتی هەرێم یاسای بودجە جێبەجێ بکات و متمانەشمان بە داتاکانی حکومەتی هەرێم نیە.. * بەشێک لەکتێبی (کورسییەک لەتەختەی مێژوو..ئەودیوی رووداوەکانی ساڵانی پەرلەمانتاریم)
رێبوار کەریم وەلی زۆر بە کورتی. ئەمڕۆ دادگای ئیستانبوڵ (ئەکرەم ئیمامئۆغڵو)ی سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵی بە 2 ساڵ و 7 مانگ و 15 رۆژ حوکم دا. ئەگەر حوکمەکە لە دادگای ئیستئناف قەبوڵ بکرێ، تا تەواو بوونی حوکمەکەی هەم لە پۆستەکەی لادەدرێ و هەمیش بۆی نییە لە هیچ کایەیەکی سیاسی بەشدار بێت. ئیمامئۆغڵو چاوەڕوان دەکرا رکابەری ئەردۆغان بێت لە هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی 2023 و، پێشبینیی ئەوەش دەکرا کە لە خولی یەکەمدا لە ئەردۆغان بباتەوە. ئەگەرچی ئیمامئۆغڵو، سەر بە جەهەپەیە، بەڵام کەسایەتییەکی میانەڕۆ و لیبراڵە کە لە هەڵبژاردنی رابردوو بە پاڵپشتیی کورد سەرکەوت و بووە تەنها کەس کە توانیبێتی لە بیست ساڵی رابردوو ئەردۆغان شکست بدات. ئێستا ئۆپۆزیسیۆن دەبێ بیر لە کەسێکی دیکە بکەنەوە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە بردنەوەی هیچکەس لە ئەردۆغان بە قەدەر بردنەوەی ئیمامئۆغڵو قاتیع و بنبڕ نابێ. بۆ؟ سبەی ئەردۆغان بەهەر کەسێکی دیکە بدۆڕێنێت، ئەنجامەکە رەت دەکاتەوە و دەڵێ فێڵ کراوە، بەڵام بە حوکمی ئەوەی دووجار لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی لە 2019 دا بە ئیمامئۆغڵوی دۆڕاندبوو، نەیدەتوانی بڵێ فێڵم لێکراوە. چونکە کاتێک کە ئیمامئۆغڵو بە 14 هەزار دەنگ هەڵبژاردنی بردەوە، ئەردۆغان هەڵبژاردنەکەی دوبارە کردەوە و ئەمجارە بە 800هەزار دەنگ دۆڕاندی! دورخستنەوەی ئیمامئۆغڵو دەستی ئەردۆغان واڵا دەکات تا بتوانێ تانە لە ئەنجامی نەخوازراوی خۆی بدات و بۆی بچێتەسەریش. بە کورت و کرمانجی ئەوە ئەسڵی مەسەلەکەیە.