Draw Media

مەریوان وریا قانع   لە دونیای ئێمەدا لەشی ژن، موڵکیەتێکی گشتییە، موڵکی نەتەوە و کۆمەڵگا و خێڵ، و خێزان و بنەماڵەیە، وەکچۆن موڵکی دین و دیدگا ئەخلاقیی و ئایدیۆلۆژیاکانە. لەشی ژن موڵکی ھەموو ئە شتانەیە بەیکەوە و بەتەنھا، تەنھا موڵکی خاوەنە ڕاستەقینەکەی، کە ژن خۆیەتی، نییە. لەشی ژن لەشێکی تەئمیم کراوە. ھەموو ئەو لایەنانەی ناومبردن ئەم لەشەیان بە خۆماڵیی و تەئمیمکردوە. ئەوەی لە ھەموو ئەو دۆخانەدا دەرکراوەتەوە دەرەوە، خاوەنە ڕاستەقینەکەی ئەو لەشەیە، کە ژنان خۆیانن.  کردنی لەشی ژن بە موڵکی ھەموو ئەو لایەنانە دوو دەرەنجامی سەرەکیی لێدەکەوێتەوە. یەکەمیان، مامەڵەکردنی ھەموو ئەو لایەنانەیە بۆ ئەو لەشە بە موڵککراوە بەشێوەی ئەمر پێکردن و سنووربۆدانان و ئاراستەکردن، ئەوان خاوەن موڵکن و ئەمر بەسەر موڵکەکەیاندا دەکەن، ئەوەی حەزی پێدەکەن بەسەریدا دەسەپێنن. واتە  ھەموو ئەمانە بە زمانێک لەگەڵ ئەو لەشەدا ئەدوێن کە ڕێزمان و یاساکانی ئەمرکردنێکی قابیلی ڕەتنەکردنەوە دایڕشتوە. ئەو ئەمرانەش دەستنیشانی شێوازیی بوون و ئامادەگیی و دەرکەوتنی ئەو لەشە دەکات، واتە دەیکاتە لەشێکی ئەمرپێکراو و ئاراستەکراو و سنووربۆدانراو.  دووھەمیان، سەندنەوەی ھەموو توانایەکی ھەڵبژاردنی سەربەخۆ و نیمچەسەربەخۆ لەو لەشە، ئەمەش کردەیەکی بەردەوامی بێھەڵبژاردەکردن و لەھەڵبژارخستنی ئەو لەشەیە. ئەم دوو دۆخە وادەکەن لەشی ژن بە شێوەیەکی بەردەوام لە ژێر سانسۆری ھەموو ئەو لایەنانەدا بێت کە ھەم ئەمری پێدەکەن و ھەم توانای سەربەخۆبوون و ھەڵبژاردنی لێدەسەننەوە. ھەرجارە و سانسۆری لایەنێکیان یان چەند لایەنێکیان بەیەکەوە زاڵبن و ئەو لەشە بە ئەمر و نەھی و حەڵاڵ و حەرامەکانی خۆیان مەحکومبکەن. کە لەزۆربەی ھەرەزۆری دۆخەکاندا پیاو نوێنەرایەتیی ڕەگەزەکانی ئەو سانسۆرە ھەمەلایەنە دەکات و بەناویانە ئەمرەکانی دەردەکات.  ئەوەی ئێستا لە ئێراندا دەیبینین بەگژاچوونەوەی ژنان و ئەو بەشەی کۆمەڵگایە کە لەدەرەوەی سانسۆرەکانی ئەو لایانانەدا بیردەکاتەوە و دونیا دەبینێت. بەگژاچوونەیان بەڕووی ئەو دۆخەدا کە دین و ئایدیۆلۆژیا و ئەخلاقیاتی باڵادەست دروستیانکردوە. واتە ئەو دۆخی داگیرکردنەی لەش لەلایەن دین و ئایدیۆلۆژیا و ئەخلاقیی پیاوە دەسەڵاتدارەکان و لەلایەن نەتەوە و کۆمەڵگا و خێڵ و بنەماڵە و خێزانەوە، دروستکراوە.  ئەو دۆخەی لەم ساتەدا ھەم لە کوردستان و ھەم لە ئێراندا لەئارادایە، ئەو دۆخەیە کە لینین ناوی ”دۆخێکی شۆڕشگێڕانە“ی لێدەنێت بەڵام بە بێ ئەگەری گۆڕانی بۆ شۆڕش، لانیکەم تا ئەم ساتەی ئێستاشمان. دۆخێک تیایدا یاخیبوونێکی گەورە ھەیە، بەڵام بکەری گەیاندنی ئەو یاخیبوونە بە ئەنجامێکی شۆڕشگێڕانە لەئارادا نییە.  ئەوەی ئەمڕۆ ڕووئەدات بەگژاچوونەوەی لەشە بەڕووی ھەموو ئەو شتانەدا کە کۆنترۆڵی دەکەن، بەگژ دین و ئەخلاق و ئایدیۆلۆژیادا کە ئەرکی سەرەکییان گۆڕاوە بۆ دیسپلین و لە لەشخستنی لەشی ژنان. ھەر لە ئێستاشەوە سەرجەمی ئەو ھێزانەی ئەم دۆخە نائینسانییە گەورەیەیان بۆ لە لەشخستنی  لەشەکان دروستکردوە، ھاتونەتە قسە، وەک ھەمیشە جنێو و زمان پیس. ئەمیان یاخیبوون و توڕەبوونەکان بە ”تۆڵەی قەحبە لە حیجاب“ ناویدەبات و ئەویتریان بە ”پەلاماردان و سوکایەتیکردن بە موقەدەساتی خەڵک“، سێھەمیان بە ”ھێرش بۆسەر شەریعەت و ئیسلام“. ئەم تۆمەتانە، وەک چەندانجار لە واقیعدا بەچاوی خۆمان بینیومانە، دەشێت لە قسە و زمانێکی ئیھانەکەرەوە بگەڕێن بۆ کردار، کردارێک دەتوانێت تا ئاستی کوشتن و ڕەجمکردن بڕوات.


چۆمان ھەردی من فێمینیستم! دوژمنی پیاو نیم بەڵکو دوژمنی سیستەمی پیاوسالاریم کە ئیمتیازو ماف و ئازادی زیاتر بە پیاو دەدات و پیاوە توندوتیژو چەوسێنەرەکان دەپارێزێت بەڵام لەھەمان کاتیشدا پیاو بار دەکات بەکۆمەڵێک بەرپرسیارێتی و ڕێی پێنادات سۆزو میھرەبانی و نەرمی بنوێنێت. سیستەمی پیاوسالاری تەنھا لە پیاو پێکنەھاتووە بەڵکو ژنانێکی زۆریش تیایدا بەشدارن. من فێمینیستم! کێشەم لەگەڵ باڵاپۆشییدا نییە بەمەرجێک ژنێکی پێگەیشتوو ئازادانە ھەڵیبژاردبێت، بەڵام بەرەنگاری ئەو ھەوڵانە دەبمەوە کە دەیانەوێت باڵاپۆشیی بسەپێنن و ئازادی هەڵبژاردن لە ژنان زەوتبکەن. باوەڕم بەوەیە کە ژن، ھەروەک پیاو، بونەوەرێکی ھۆشمەند، بەتواناو خاوەن عەقڵ و بەھرەیەو دەبێت خۆی بڕیار لەسەر جلوبەرگ و ژیانی تایبەتی خۆی بدات نەک کەس و لایەتی تر. من فێمینیستم! باوەڕم بە یەکسانی، دادپەروەری و دیموکراسیەتە. ئەو دیموکراسیەتەی کە جێگەی کەسانی جیاوازی تێدا دەبێتەوە. باوەڕم بەوە نییە کە تەنھا ئیماندار مافی ژیانی شەرەفمەندانەی ھەیە، باوەڕیشم بەوە نییە کە تەنھا یەک جۆر ئیمانداری ھەیەو ئەویش ئەوەیە کە گروپەکەی تۆ باوەڕی پێیەتی. تەنانەت لە ناو ھێزە ئیسلامییەکاندا چەندین جۆری جیاوازی ئیمانداری ھەیە، بۆیە کەس مافی نییە شێوازی خۆی بەسەر سەرجەمی کۆمەڵگەدا بسەپێنی. من فێمینیستم! باوەڕم بەوەیە کە کۆمەڵگا بە ئامێزانکردنی جیاوازییەکانەوە جوانە نەک سەرکوتکردنی. باوەڕم بەوەشە کە ھەر ھێزێک بیەوێت جیاوازییەکان لەناوبەرێت و کۆمەڵگا بە دڵی خۆی یەکڕەنگ بکات ئەوا ھێزێکی مەترسیدارە کە بەرەو دیکتاتۆرییەت دەمانبات.


بەیان ئیبراھیم ئێران وەک دەوڵەتی نەتەوەکانی ئێرانی،لە ململانیەکی قورسی جەمسەرگیریدایە، بۆ ئەوەی بتوانێ ڕوبەڕوی دژەکانی بێتەوە،دەبێت ستراتیجی قوڵ پەیڕەو بکات، بۆ ئەمەش سەکۆی شەڕەکان دەگوازێتەوە بۆ ساحەی وڵاتانی تر،بۆ ئەوەی بتوانێ وەک وڵاتێکی زلھێز بمێنێتەوە دەبێت زۆربەی داھاتی گشتی بۆ کەیسەکانی ڕادەستگەیشتن بە چەکی ناوەکی ھایدرۆجینی و لە مسەروە بوونی لە یەمەن و سوریا و عێراق لەو سەریشەوە ھەیمەنەی لە وڵاتانی دەریای قەزوین، بەرامبەر بە مانەش ھێزی دژ بەدەر لە دانوستانەکانی ڤێنا دەیەوێت بارگرانی ناوخۆیی بەکار بھێنێت دژی دەوڵەتی فرە نەتەوەیی ئێران، خۆ ئێرانیش خاوەنی سیناریۆو دەرھاویشتەی خۆیەتی بۆئەوەی ناڕەزایەتیەکانی ناوخۆ نەبێتە کارتی دەستی دوژمنی ،ھەر خۆی لە خۆی سیناریۆ دروست دەکات بۆ تەنفیز کردنی توڕەیی ناوخۆ،ئەوان سیناریۆیان ئامادەیە،بۆ ھەر حەدەسێک بۆ ھەر ڕوداوێک کە ڕوبدات سیناریۆکانیان دەخەنە گەڕ ،وەک ئەوەی لە شۆرشی سەوزدا لەسەر دەستی موسەوی و کەڕوبی ڕویدا،کە جگە لە سیناریۆی خۆیان ھیچ شتێکی تر نەبوو،ئەم قەزێیەی لە ژینادا ڕویدا ئەگەر چی ھاوارێکە بۆ ئازادی ،بەڵام ھەرگیز بەقەد شۆڕشی سەوز بەھێز نابێت ،کە دەرکەوت سیناریۆی خۆیان بووە ئەگینا مەعقول نیە ڕابەری خۆپشاندانەکان (موسەوی و کەڕوبی) بڵێن دەست بەسەرن لە ماڵەکەی خۆیدا و ھەزاران شەھیدیش بدرێت، بۆ ئەمەی ژیناش بە پێی یاساو شەرع ئایا لادانی لەچکێک سزای زیاترە یان ئەو ھەموو لەشفرۆشەی لە ئێراندا ھەیە ،دواجار ھەموو سیستەمەکانی دنیا ھاوبەرژەوەندین و دەرھاویشتەی سیستەمێکی گاڵتە جاڕی و ھیچ و پوچ گەراین بەرامبەر ئازادیەکانی ئینسان،کە دواجارھەزارانی وەک و ژینا و زارا بۆ داواکردنی ئازادی دەبنە دەرخواردی ماکینە گەورەکەی نیزامی سەرمایەداری و دینگەرایی دنیا و ھەر خۆشیان دا ڕێژەری پلانە گڵاوەکانی دژ بە بەشەریەتن وەک ئەوەی لە معادەلەیەکی ماتماتیکدا لە ژمارەیەکی سەد ملیۆنیدا دەھەزاریشی لێدەرچێت لە ڕوی ئابوری سیناریۆکەدا لە قازانجی بۆ دەمێنێتەوە،کە ئینسان لە سیستەمی بەرژەوەندی دەوڵەتەکاندا کە لە ژمارەی سەرچاوەی مرۆیەوە بوو بە ژمارەی ماتماتیکی ئیتر ھەموو بەھاکانی ئینسانی بوون سفر دەبێتەوە،نەفرەت لە سیستەمی ئایدۆلۆژی و سەرمایەداری و ئاینی و بەرژوەند خوازەکانی دنیا،درود بۆ ڕۆحی ئەوانەی لە خۆپیشاندانەکانە بە بێ ئاگایی لە سیناریۆکاندا شەھید دەبن ،درود بۆ ڕۆحی پاکی جوانت ژینای ئازادی.  


بەختیار نامیق . بە گشتی دوای ململانێی سەرکردەکانی شۆڕشی شاخ هەر لە برا کوژی و هەوڵی یەکترسڕینەوە و ڕێککەوتن و ئاشتی و شەڕەوە تا ئێستا دۆخ و قۆناغێک بوە ، هەرێمی کوردستان لە غیاب و مردنی ئەم سەرکردانەدا دەکەوێتە قۆناغێکی نوێوە ، کە بە قۆناغی گواستنەوەی دەستەڵات دێ لە سەرکردە پلە یەکەکانەوە بۆ نەوەکانیان ، ئەگەر چی هەر وەکو ئێستای دوو زۆنی لە شاخیشدا هەردو بەرەکە ( ی.ن.ک و پ.د.ک) بۆ سڕینەوەی یەکتر پەنایان بۆ وڵاتان و شەیتانەکان بردوە ، شەڕی برا کوژی و ئەو هەمو خوێنە شاهیدی ئەم ڕاستیەن ، ئەم دوو هێزە دوای شۆڕشی شاخ لە شارەکاندا بونە ستراتیژی پاشکۆیەتی تاران و ئەنقەرە وەک چۆن لە مێژودا هەر وابوە ، ئێران و تورکیا بە پێی بەرژەوەندی هاوبەشیان و ئەمری واقع ڕازی بون بە خۆبەڕێوەبەری هەردو زۆنەکە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیە گرێدراوەکانی نێوان خۆیاندا ، تا ئەو ئاستەی لە نێوان عێراق و سوریاشدا ئەم دابەشکاریە هەیە . پەنا بردنە بەر شەیتان گواسترایەوە بۆ نەوەکان و خیانەتی قورستری لێکەوتەوە ( خراپیان بە خراپ چارەسەر کرد) ئەم دوو هێزە ئێستە لە قۆناغی گواستنەوەی دەستەڵاتن بۆ نەوەی دوەم ، ئەڵبەت ئەمەش هەر ئەجێندای دەرەکی دیاری دەکات و بە تایبەت لە دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکەدا هەرێم بوەتە خاڵی کۆکەرەوەی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی جیهانی و ناوچەیی ، بۆ ئەمەش هەمو هێزە گەورەکان کۆکن لەسەر جۆرە مۆدێلی خلیجی و وەلی عەهدی بۆ دەستەڵاتێک لە نێوان نەوەی دوو بنەماڵەدا و تاران و ئەنقەرە ڕێکن لەسەر گواستنەوەی ئەم دەستەڵاتە لە سەرکردەی پلە یەکی (ی.ن.ک و پ.د.ک) بۆ نەوکانیان بە مەرجی مۆدێلی سعودی و پاراستنی بەرژەوەندی ئەو دوو وڵاتە . لە ئێستادا ناوخۆی هەمو حیزبەکان لە ململانێیەکی قورسدایە بۆ گواستنەوەی دەستەڵات بۆ نەوەی سەرکردکان ، ئەمەش بڕیارە و هێزە ناوچەییەکان سەپۆرتی دەکەن (ی.ن.ک بۆ بافڵ و پ.د.ک بۆ مەسرور ) وەک دوو کوڕی گەورەی دوو سەرکردەی شاخ ، ئیتر نەوەی سەرکردە پلە دوەکان و پلەکانی تر دەبێت ڕازی بن بەم کڵێشەیه و تەواوکاری نەوەکانی پلە یەک بن و بەیعەت بدەن ، پاشان هەر نەوەیەک لە پلە دوو و پلەکانی تر بیەوێ دەستەڵاتی پلە یەک بێت ، ئەگەر چی زۆر بە تواناش بێت ئەوا دەبێت یان سفر بێتەوە یان بەیعەت بە دەستەڵاتی کوڕی سەرکردەکان بدات و بڕیارە و لە هێز ناوچەییەکانەوە هاتوە ، یان دەبێت ببن بە نێچیری ئەو ڕاوچییەی کە تیروکەوانی هێزی ناوچەیی پێیە . ناو حیزبەکان پڕ بوە لەم ململاێیانە ، ئەڵبەت (ی.ن.ک) پێشتر ئەم قۆناغەی بڕی و بە هۆی غیابی تاڵەبانی باوکەوە ململانێکان لە نێوان کوڕ و ئامۆزدا زوتر یەکلای بوەیە و تا ئاستێک خوێنی دوەم و سێیەم تەسفیە کراو و بافڵ بوە دەستەڵاتی یەکەم وەک کوڕی گەورەی تاڵەبانی باوک ، ئەمەش بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و باقی حیزبەکانی تر ڕاستە ، بەڵام نەوەی نوێ تازە لە قۆناغی یەکەمدایە و دیسان کۆپی دەستەڵاتی برادەرانی شاخە کە زیاتر دەستەڵات لای ژن و خوشک و زاوایە ، بەڵام (پ.د.ک) بەهۆی بونی بارزانی باوکەوە لەسەرەتای ئەم گواستنەوەدایە. کۆنگرەی پارتی وەک حیزبی پله یەک و خاوەنی دەستەڵاتی زۆر وەک کۆنفرانس و کۆنگرەی (ی.ن.ک) دەبێت ، ڕاوچیەکان کوڕی یەکەم و خوێنی یەکەم دەبن و نێچیرەکانیش خوێنی دوەم و نەوەی سەرکردەکانی پلە دوو و پلەکانی تر دەبێت ، یان دەبێت بەیعەت بە گواستنەوەی دەستەڵات بدەن بۆ نەوەی بارزانی باوک یان دەبێت بکەونە ژێر ڕەحمی تیروکەوانی ڕاوچییەکە ببن بە نێچیرێکی داماو کە نەخشەکە لە دەرەوە وا کێشراوە و پاڵپشتی ناوچەیی دەکرێ. له بەرامبەر ئەم جۆرە مۆدێلە هێزێک و ڕێبەر و ڕابەرێک نیە وەک بەرهەڵستکار ڕوبەڕوی ئەم مۆدێلە بێتەوە ، ئەوەشی هەیە تەنها سیناریۆ و کۆپیەکی ناشیرینی ئەم دەستەڵاتەیە .  کۆنگرەی پارتی دەبێتە ئەو ئەمری واقعەی کە هەمان هەڵبژاردنە ناوحۆییەکانی یەکێتی پێدا تێپەڕی ، بەڵام بەریەککەوتنی ناو پارتی نەرم تر دەبێت لە چاو بەریەککەوتنی ناو حیزبەکانی تر بە هۆی مانەوەی بارزانی باوکەوە ، وە بارزانی دەستەڵاتەکان دابەش دەکات و وێنەکانی هەمان دەستەڵاتی خلیجی بەرهەم دێنێتەوە .    ئەم کۆنگرەی پارتی وەک حیزبی دەستەڵاتی یەکەم دەبێتە سەرەتای هاوسەنگی نێوان دەستەڵاتی نەوەی سەرکردەکانی شاخ لە نێوان هەردو زۆنەکەدا و پاڵپشتی ناوچەیی و جیهانی دەبێت وەک مۆدێلی خلیجی تا ئەو کاتەی عێراق دەچێتە قۆناغێکی تر و گۆڕانکاریەکی جیهانی ڕودەدا وەک گەردەلولی بیابان و بەهاری عەربی ، لە کۆتاییدا ئەم کۆنگرەی (پ.دک) بەسەرکردایەتی بارزانی بە هیواشی و نەرمی گواستنەوەی دەستەڵات دەبێت بۆ مەسرور بارزانی باقی خوێنەکانی تر دەستەڵاتی دوەم و سێیەم دەبن و دەبێت بەیعەت بدەن بە دەستەڵاتی ڕەهای کوڕە گەورە وەک خۆیان دەڵێن برا گەورە و ڕاوچییەکانی هەردو زۆن دەبنە کوڕی سەرکردە یەکەمەکان و نێچیرەکانیش ئەوانە دەبن کە بەیعەت نادەن و لاساری دەکەن  ، پێشتریش بارزانی باوک وەک مامی بافڵ پاڵپشتی ئەم نەخشەیەی کرد ، ئیتر هەرێم دەچێتە قۆناغێکی تر لەسەر هەمان نەخشەی ڕێککەوتنامەی ستراتیژی و فیفتی بە فیفتی لە فۆرمێکی جیاوازتردا.


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج  محه‌مه‌د سه‌عید كوڕی میرزا مه‌جید كوڕی حاجی ئه‌حمه‌دی قه‌زاز سه‌رچاوه‌كان باس له‌ دوو شوێن ده‌كه‌ن كه‌ لێی له‌ دایك بووه‌ ، هه‌ن ده‌ڵێن له‌ خورماتوو له‌ دایك بوه‌و زۆربه‌ش باسی سلێمانی ده‌كه‌ن ، كه‌سایه‌تیه‌كی ناسراو رۆشنبیرو خوێنه‌وارو نه‌ته‌وه‌یی و خه‌مخۆری هه‌ژاران بووه‌ ، ساڵی 1904 هاتوه‌ته‌ دنیاوه‌و له‌ 20ی ئه‌یلولی 1959 هه‌ڵواسراوه‌ . له‌ ساڵی 1924 دوای ته‌واوكردنی خوێندن له‌ به‌غدا بووه‌ به‌ فه‌رمانبه‌رو پاشماوه‌یه‌ك بووه‌ به‌ مودیری ناحێی تانجه‌ ڕۆ ، دواتر قایمقامی زاخۆ ، هه‌روه‌ها له‌ چوار پارێزگای كورد نشین بووه‌ به‌ پارێزگار " هه‌ولێر ، كوت ، كه‌ركوك ، موسڵ " له‌ هه‌ر چوار پارێزگاكه‌كوردانه‌و جوامێرانه‌ كاری كردووه‌، چیرۆكی جۆراو جۆر له‌ باره‌ی خه‌مخۆری و به‌ته‌نگه‌وه‌ هاتنی خه‌ڵكی لێده‌گێڕنه‌وه‌ ، ساڵی 1953 بووه‌ به‌ وه‌زیری كارو باری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ چه‌ند پارێزگایه‌ك نانه‌واخانه‌ی حكومی بۆ هه‌ژاران كردوه‌ته‌وه‌و به‌ نرخی هه‌رزان نان دراوه‌ به‌ خه‌ڵك ، هه‌رئه‌وكاته‌ش ناوی "باوكی هه‌ژاران" ی لێنراوه‌ له‌ رۆژی بردنی بۆ هه‌ڵواسین وته‌یه‌كی به‌ ناوبانگی هه‌یه‌ " ناترسم و ده‌زانم بڕیاری كوشتنم دراوه‌ ،كه‌ سه‌رده‌كه‌ومه‌ به‌ر په‌تی خنكاندن ده‌بینم كه‌سانێك له‌ ژێر پێمدان شایانی ئه‌و ژیانه‌ نین " . هاوسه‌ره‌كه‌ی پێش هه‌ڵواسینی ویستویه‌تی هه‌وڵی بۆ بدات ئازاد بكرێ‌ پێده‌چێت به‌ڵێنی به‌ردانی وه‌رگرتبێت ، هه‌واڵی بۆ ده‌نێرێت ئه‌گه‌ر واز له‌و كاره‌ نه‌هێنێت لێی جیا جه‌بێته‌وه‌ ، هه‌ر یه‌ك له‌ عه‌بدولڕه‌حمان به‌یاتی و زوهێر كازم عه‌بود كتێبیان له‌ باره‌یه‌وه‌ نووسیوه‌ ، كتێبه‌كه‌ی به‌یاتی به‌ ناوی " سه‌عید قه‌زاو رۆڵی له‌ سیاسه‌تی عیراقیدا"یه‌ ، لێره‌و له‌وێ‌ زۆر جار له‌ باره‌ی جوامێری ئه‌وپیاوه‌ م خوێندوه‌ته‌وه‌ ، كاك له‌تیف گلی له‌ بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆیدا كه‌ به‌ ناونیشانی " یادگه‌یه‌ك له‌ مێژوه‌وه‌ " چاپكراوه‌ ده‌ڵێت " ساڵی 1957  وه‌زیری ناوخۆ سه‌عید قه‌زاز سه‌ردانی چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات ، خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵ پێشوازی گه‌رمی لێده‌كه‌ن و هه‌ندێك داواكاریان ده‌بێت به‌ڵێن ده‌دات بۆیان جێبه‌جێ‌ بكات ، دواتریش هه‌ندێك له‌ ئاغاكانی هه‌مه‌وه‌ند داواده‌كه‌ن چه‌مچه‌ماڵ بخرێته‌ سه‌ركه‌ركوك له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌كانی كه‌ركوك زۆربه‌ی كارمه‌ندان توركمانن و ئه‌مانیش توركمانی نازانن،ئه‌مه‌ش به‌ عه‌رزو حاڵێ‌ ده‌ده‌نه‌ وه‌زیر ، ئه‌ویش ده‌ڵێت پاش چوونم بۆ سلێمانی و بۆ لای دایكم كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ به‌غدا وه‌رن بۆ لام ،ده‌ڵێن كه‌ چوونه‌ بۆ به‌غدا پێی ووتون ، ئێوه‌ چۆن داوا ده‌كه‌ن چه‌مچه‌ماڵ له‌ كه‌ركوك جیا بكه‌مه‌وه‌و بیخه‌مه‌ سه‌ر به‌غدا ، ئه‌و كات له‌ به‌ر پارێزگاری كه‌ركوك كه‌ عه‌ره‌به‌و له‌ گه‌ڵمدا بوو پێم نه‌وتن ، من نامه‌وێ‌ یه‌ك كورد له‌ كه‌ركوك دابڕێت " ناوه‌ڕۆكی قسه‌كانی  كاك له‌تیف دورو درێژترن . نه‌سیر چادرچی باسی چیرۆكێكی خۆی ده‌كات له‌ گه‌ڵ سه‌عید قه‌زاز كه‌ وه‌زیری ناوخۆ بووه‌ ، ده‌ڵێت سواری فڕۆكه‌ بووم بچم بۆ لوبنان ، فڕۆكه‌كه‌ هێشتا به‌رز نه‌بووبوه‌وه‌ له‌ زه‌وی رایانگرت و ئه‌فسه‌رێكی هه‌واڵگری دایگرتم ، وتی نابێ‌ عیراق جێبهێڵیت ، جانتاو كه‌ل و په‌له‌كه‌م له‌ فڕۆكه‌كه‌دا بوو فڕۆكه‌ رۆیشت و من گه‌ڕێنرامه‌وه‌ ، رۆژی دوای چوومه‌ لای وه‌زیری ناوخۆ  خوا لێی خۆش بێت سه‌عید قه‌زاز ، ئه‌ڵێ‌ ته‌واوی چیرۆكه‌كه‌م بۆ گێڕایه‌وه‌ ، ئه‌ڵێ‌ له‌وه‌ ده‌چوو ئاگادار بێت زۆر رێزی گرتم به‌ نه‌رمی قسه‌ی له‌ گه‌ڵ كردم و پێی وتم ئێوه‌ گێچه‌ڵمان پێده‌كه‌ن ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌میش وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌ و قسه‌و باسی زۆر ده‌گێڕێته‌وه‌ ، بۆ جانتاو كه‌ل و په‌له‌كه‌ی پێی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆت من قه‌ره‌بووت ده‌كه‌مه‌وه‌ خۆیشم بلیتی سه‌فه‌رت بۆ ده‌كڕم ، ده‌ینێرێت بۆ شوێنێ‌ ترو لای كه‌سێكی تر ، به‌ڵام نه‌سیر ده‌ڵێت ناچم ، ئه‌م به‌ڵێن ده‌دات هیچی توش نه‌بێت ، نه‌سیر ده‌ڵێت هه‌رواش بوو ، دواتر ئیشه‌كه‌م جێبه‌جێ‌ بوو كێشه‌و گرفته‌كه‌شم له‌ سه‌ر لاچوو، ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی سه‌عید قه‌زازه‌ له‌ گه‌ڵ نه‌یارێكی خۆی و حكومه‌ته‌كه‌یدا ، تۆ بڵێی عیراق جارێ‌ تر وه‌زیری له‌و جۆره‌ به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێ‌ . جێی داخه‌ سه‌عید قه‌زاز به‌ كوردی شتێكی ئه‌وتۆی له‌ باره‌وه‌ نه‌نووسراوه‌ ، له‌ كاتێكا ده‌بوو ئێستا باخچه‌و قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه‌ی به‌ ناوه‌وه‌ بوایه‌ ، درود بۆ مه‌رگی ئه‌و پیاوه‌ گه‌وره‌یه‌و یادی پڕخێر بێت .


نووری بێخاڵی به گوێرەی یاسای ژماره (1)ی ساڵی 2005ی هەموار كراو، سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان، دامەزراوەیەکی دەستووریی جێبەجێکارییە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێكردنه له هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان دەکات. بەپێی ئەم بڕگە یاساییەی سەرەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە سەکۆ هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا، نوێنەرایەتیی ئیرادەی کوردستانیان بە سەرجەم پێکهاتەکانیانەوە دەکات و بەرپرسیارییەتیی بەرگریکردن لە بوون و ناسنامەی کوردستانیانی دەکەوێتە ئەستۆ. بۆیە هەموو ئامادەبوونێکیان لە کۆڕ کۆبوونەوە، کۆنفڕانس و کۆنگرە، بۆنە و چالاکییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا، لە لایەنی سیمبولییەوە، ئاماژەیە بۆ ئامادەیی کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستان لەو شوێنکاتانەدا. بە واتایەکی ڕوونتر، هەموو ئامادەبوونێکی کارا و بەرچاوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەکۆ نێودەوڵەتییەکان و لەناو جەرگەی ڕووداوە گرنگە جیهانییەکاندا، دواجار ئامادەیی ناڕاستەوخۆی ویست و ئیرادەی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانە.  لەم ڕوانگەیەوە، بانگهێشتی فەرمیی حکوومەتی بەریتانی بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریکردنی لەگەڵ (١٥٠) سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی جیهان لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە شاژن ئەلیزابێسی دووەم، هەڵگری واتاگەلی گرنگی سیاسییە، بەتایبەتی لە پەیوەست بە پرسی بوون و (ناسنامە)دا واتایەکی قووڵی هەیە. ئەگەر ئەم ڕەهەندە بۆ من و تۆ، کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین و گیرۆدەی کۆمەڵێک کێشەین، مایەی گرنگیپێدان نەبێت، یان بە هەر بیانوو و پاساوێکەوە خۆمانمانی لی ببووێرین بێت، بەڵام ئەم پرسە بۆ کوردێکی تاراوگەنشین کە ژانی بێ ناسنامەیی ئازاری دەدات، جێی سەرنج و بایەخ و هەڵوەستە لەسەرکردنە. کوردێکی تاراوگەنشین کە لەناو سەدان هەزار پەناهەندەی سەرهەڵگرتووی خاوەن دەوڵەتدا، خەمی ناسنامە و بوون، خەمێکی گەورەیەتی. بەوپێیەی لەوەتەی هەیە و تا ئێستاش، وەک هەر کوردێکی دیکە، تراژیدیای کوردبوون و پرسیاری بوون و ناسنامەکەی، لەگەڵیدا دەژیێت. سەرەڕای هەموو ئەو بانگەشە فریودەر و دروشمە جادووییانەی بۆ جیهانگیریی کران و دەکرێن، بەوەی کە جیهانی کردووەتە گوندێکی بچووک و ئینتما لۆکاڵییەکانی کاڵ کردوونەتەوە، بەڵام  تەواو پێچەوانە کەوتنەوە. چونکە واقیعی جیهان و مرۆڤایەتی، بەهۆی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی کە پرۆسەی بەجیهانییکردن بۆسەر کۆمەڵگاکانی کەنار و پەراوێز لەگەڵ خۆیدا هێنانی، هەموو ئەو جادوو و دروشمانەی لە واتاکانیان بەتاڵ کردوەوە. بەجۆرێک، نەک هەر ئینتما لۆکاڵییەکانی کاڵ نەکردنەوە، بگرە پرسی دەستگرتن بە (ناسنامە) و پارێزگاری لێ کردنی، لە فۆڕمێکی دیکەی کاریگەرتردا گەڕاندەوە ناو کۆمەڵگاکان، تا ئەوەی ئێستا پرسی پاراستنی (ناسنامە)، کێشەیەکی هەرە گەورەی مرۆڤەکانە، تەنانەت بەوانەشەوە کە خاوەن دەوڵەت وسەروەرین، چ جای بۆ کوردێکی بێ دەوڵەت! لەم ڕوانگەیەوە، ئامادەیی فەرمیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، وەک سەرۆکی هەرێمی ناو دەوڵەتێکی فیدڕاڵی کە تا ئەم چرکەساتەش سەروەریی دەوڵەتەکە لەژێر پرسیار دایە، هەروەها وەک نوێنەری ئیرادەی کوردستانیان کە ساڵەهای ساڵە بەدەست جەور و ستەمی سەردەستەکانی دەوڵەت دەناڵێنن، جۆرێکە لە بەها دانان بۆ ناسنامەیەکی جیاوازتر لەوانی دیکەی ناو دەوڵەت، ناسنامەیەک کە لە ئاستە فەرمی و نیودەولەتییەکەیدا، سەرۆکی هەرێم نوێنەرایەتیی دەکات. بەکورتی: ئامادەیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمی لە ڕووداو و سەکۆ جیهانییەکاندا، پاسپۆرتی پەڕینەوەی ناسنامەیەکە بۆ دنیای دەرەوەی خۆی، کە ساڵەهای ساڵە هەوڵی تواندنەوەی دەدرێت!


هەندرێن شێخ راغب ئەو كڵاوێكی لە شێوەی كڵاوەكەی تۆڵستۆی كڕی، بەڵام سەرێكی وەك سەری تۆڵستۆی لە كوێ بكرێ؟ رۆمانی" داغستانی من" رەسوڵ حەمزەتۆف.  لەبەرئەوەی هەموو مرۆڤەكان بە یەكسانی لەدایك دەبن كەواتە كۆیلایەتی دژی سروشتی مرۆڤە. " مۆنتسكیۆ".  هیچ سەردەمێك وەك ئێستا مرۆڤی ئێمە لەبەردەم هەڵاتن لە قەزیەو نائومێدی وادا نەبووە، ئەو كەسانەی لەیەك كاتدا شەڕی بە بەعسی كردنی كۆمەڵگاو چینایەتی و وشیاری مەدەنی كۆمەڵی كوردەواریان دەكرد، ئێستا قەزیەی جددی ئەوەیە لەنۆبەی بەنزینخانەیەكدا بەنزینی دەستكەوێت؟ لە نۆبەی كڕینی دیوانی نالی و كتێبەكانی كەمال مەزهەرو مەلا عەبدول كەریمی مودەریس، هاتوینە سەر ئەوەی گوێ لە كەسانێكی ناو تیك تۆك دەگرین كە بەتاڵ و حەتاڵ و بێ فكرو مۆڕاڵ و جنێوفرۆشن؟ لەدواهەمین ریزبەندی زانكۆكانی جیهان، زانكۆكانی كوردستان پلەی زانستیان زۆر هاتونەتەخوار، ئەمە كارەساتێكی هێجگار قوڵ و مەترسیدارە كە دەبوو ئەم هەواڵە شەقامی سیاسی و  رۆشنبیری هەژاندبا..بچوك بونەوە بۆ پۆست و ئیمیتیازو نانێكی رۆژانە، بۆتە نەریت و دیاردەو زۆر كەسی خاوەن پێگە دەبینی چۆك بۆ هەندێك داواكاری دادەدات، مرۆڤ لە دڵەوە غەمگین دەبێت.  لەبری گەشەكردنی فكری سیاسی و مەعریفی، حزبە كوردیەكان بەدەست دەستەبەندی و شەخسەنەكردنی حزب و ململانێی بچوكی رۆژانەو شەڕی بێ فكرو بێ ئاست گیرۆدەن و بۆتە كاری ئۆرگانەكان. نوخبەی سیاسی و حزبی كوردی لەبری ئەوەی نەوەیەكی تازەی گەشەكردوی سیاسی و فكری و خاوەن قەزیەی جددی دروست بكات، خەریكی بێ ئاست ترین و خراپترین جۆری ململانێی شەخسی و جنێوودان و شەڕە تیك تۆك و فەیسبوكە.  بازرگانی نیشتمانی نەك هەر نەماوە، بەڵكو بازرگانی و كاری سەرمایەداری نیشتمانی بە جۆرێك ئاستی دابەزیوە خودی ئەم سەرمایەدارە سروشتیانە، پێیان عەیبە بڵێن دەوڵەمەندین خاوەن پڕۆژەی بازرگانین..كایەی دینی و گوتاری دینیش لەم شەڕە جنێوو موهاتەرات و ئاست نزمیە بەدەر نیەو تەنانەت گوتاری دینی وەك شێخ محمدی خاڵ و مودەڕیس و جزیری نەك وجودی نیە، بەڵكو شەڕە جنێوی بەشێك لە وتاربێژانی ئاینی پڕی ناو تیك تۆك و فەیسبوكە.  لەئاستی كۆمەڵایەتی شەڕە جنێوو بەرەباب و عەشیرەت و هۆزگەری هەرگیز بەم رادەیە بێ ئاست و پاشاگەردان نەبووە، هەر كەسەو لای خۆیەوە كوێخایەكە؟ لەكاتێكدا كوردەواری خۆمان خاوەنی دابونەریت و عورف و رێگاوجێگای خۆیەتی. كوشتن و یەكتر ناشیرین كردن و پەلاماردانی كەسایەتی بۆتە دیاردەیەكی زۆر ئاسایی.  وێڕای ئەوە هەوڵی باش و رێكوپێك هەیە، هەندێ جار دادگاكان و كەسانی مەدەنی و رۆشنبیری كاری زۆر باش دەكەن، بەلام بە گشتی دیاردەكە زۆر گەورەیەوتەنها ئەم هەوڵانە بەس نین.. ئەم دۆخی بێ قەزیەبوونی مرۆڤ و بچوك بونەوەی بۆ ناو حەوشەی ماڵەكەی و نەبینینی دنیاو گۆڕانكاریەكان وپێشكەوتنەكان، دوو رەهەندی هەیە، یەكەم جیهانیە، دووەم ناوچەییە..لەئاستی جیهان شەپۆلێكی گەورەی بچوك بوونەوەی ئینسان و نەمانی فكرو ئایدیاو قەزیە هەیە، ئێمەش لە كاریگەریەكانی بێبەش نین..كە سۆسیال میدیا رۆڵێكی كوشندە لەم بارەیەوە دەبینێت. لە ئاستی ناوچەییش بەهەمان شێوە كاریگەریمان لەسەرە، بەڵام هاوڵاتیان و دەسەڵات و حوكمڕانان دەتوانن كاری باش بكەن و بەشێكی زۆری ئەم بابەتە راست بكەنەوە، ئەمە بە دەزگای پۆلیسی و ئەمنی ناكرێت، بە تێهەڵدان و زیندان ناكرێت، ئەمە پەروەردەو ئاراستەو پڕۆگرام و سیاسەتی دەوێت. كە تاكی ئێمە لەگەڵ پەروەردەیەكی خاوەن قەزیەو ئیرادەو رۆشنبیری و مەدەنی ئاشت بكاتەوە. مرۆڤی بچوك خەریكی شەڕی بەرژەوەندی بچوكەو توانای گۆڕانكاری نیە لە ژیانی چەق بەستووی خۆی و ناتوانێت سەرەتایەكی جیاوازو تازە لە ژیانی خۆیدا دەست پێ بكات ..وەلێ ئازادیخوازی و پێشكەوتن و مەدەنیەت و شەڕی ناشیرینەكان قەزیەی مرۆڤی گەورەیە.  من رەش بین نیم، بەڵام " شكسپیر" دەڵێ:  بەهای سەربەخۆیی مرۆڤ لە مێشكی سەربەخۆدایە.  


ئاری محەمەد هەرسین لەبەر ئەوەی مەسەلەکە ڕوونە و پێویست بە پێشەکی ناکات، باشتر وایە ڕاستەوخۆ بچمە ناو مەوزوعەکەوە. کاک  قوباد باس لە داد و بێدادی ٤٣% بە ٥٧% لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا دەکات و، ناعەدالەتی بەرامبەر سلێمانی دەبینێت. با بزانین دونیا کەی کاک قوباد لە چاویلکەی ئێمەی پارتیەوە چۆنە؟ … چونکە کاک قوباد بە ئەدەبێکی بەرزەوە بە خەڵکی کوردستان دەڵێت: هەموی خەتای پارتیە….! بۆ لێک حاڵی بوون لەگەڵ خوێنەری بەڕێز، باشتر وایە بۆچونەکانمان لەم خاڵانەدا کورت بکەینەوە: کاک قوباد بە کوردیەکەی دەڵێت: گەر یەک حکومەت بین دەبێت میزانییەی کوردستان پەنجا بە پەنجا بێت… جارێ هەر مەبدەئی پەنجا بە پەنجا مانای دوو ئیدارەییە، نەک یەک ئیدارەیی. ئینسان بەم عەقڵیەتە نابێتە یەک حکومەت.  ئایا کاک قوباد ڕێژەی ژمارەی دانیشتوانی چوار پارێزگاکەی کوردستان دەزانێت بەداتا؟… ئەی نابێت دابەشکردنی داهاتی حکومەت لەسەر بنەمای دابەشبونی ژمارەی دانیشتوان و قورسایی و بارگرانی سەر ناوچەکان بێت؟… لەمەشیانا عەقڵیەتی ٥٠ بە ٥٠ دیدێکی مۆدێرن نیە بۆ حکومڕانی. باش بەکار نەهێنان و کورتهێنان لە جێبەجێ نەکردنی ئەو هەموو پڕۆژەیەی سلێمانی خەتای ٤٣% یە؟…  نەمانی پارە لە بانقەکان لە ڕۆژی دابەشکردنی مووچە، خەتای ٤٣%  بە ٥٧% یە ؟  کاک قوبادی بەڕێز… مەعقولە هەموی خەتای مەسرور بارزانی بێت؟… ئێوە بۆ خۆتان بە لوت بەرزی و شانازیەوە دەڵێن: نە سەرۆکی هەرێم فەرماندەی گشتی یەکەی حەفتایە و، نە سەرۆکی حکومەتیش دەسەڵاتی بەسەر پۆلیسێکدا لەمدیو دێگەڵەدا هەیە…! جەنابت حەقە لەپێشدا یەکڕیزی دەزگای ئاسایش، پۆلیس، دەزگای زانیاری و پاراستن، یەکەی حەفتاو هەشتا  مسۆگەر بکەیت، کە بنەمای یەکڕیزیە، ئینجا باس لە یەک حکومەتی بکەیت. ئەگەر ئەوانەت پێ جێ بەجێ کرا، ٤٣% بە ٥٧% تەحسیڵ حاسڵە و خۆ بە خۆ نابنە کێشە.


ئارام سەعید ژیان بەبێ هیوا دەبێتە دۆزەخ، وەک دوستۆیفسکی دەڵیت " کاتێک بێ هیوا دەبین وەک ئەوەیە ژیان بوەستێت" لەهەمان کاتیشدا ناکریت پشت ببەستین بە بەڵێنی درۆ و وەهمی سیاسییە بێ ئومیدەکان وەک ئەوەی لە کوردستان دەیبینین. دەبێت بپرسین دوای ئەو هەموو هەڵبژاردنەی سی ساڵی رابردوو ئایا حکومەت گوێ لە هاوڵاتی ئەگرێت؟ هەر هەڵبژاردنێک دەکرێت رێژەی دەنگدان دادەبەزێت ئایا کەمبونەوەی بەشداری لەدەنگدان کاری کردۆتە سەر سیاسەتی حکومەت و پێداچونەوە؟ ئایا ئەو ئامرازە باشە کە خەڵک بەشداری هەڵبژاردن ناکات؟ دەتوانێت کاریگەربێت؟ لەم نێوەندەدا یاریکردن بەهەست و سۆزی جەماوەر هیچ دەستکەوتێکی بۆ خەڵک نابێت جگە لە دواخستنی ئەو ئومێدەی بەگۆڕانکاری راستەقینە هەیە.. راپەرین و خەباتی چەندین ساڵەی کورد لە دژی حوکمڕانەکانی عێراق و دەسەڵاتی بەعس بۆ ئەوە نەبوو کە خزمەتگوزاری خراپە، موچە دوادەکەوێت، کارەباو ئاو خراپە، کەرتی تەندروستی و پەروەردە خراپە، بەڵکو بۆ ئەوە بوو کە ئازادی نەبوو، رژێمێکی دیکتاتۆر بوو، فرەحزبی نەبوو، بەڵام ئێستا هەمووی پێکەوە خراپەو رۆژ بەرۆژ ئازادییەکان بەرتەسک دەکرینەوەو هەڵبژاردن دوادەخریت و تەزویر دەکرێت و لەسەر شەقامەکان شەق دەوەشێنرێت... ئەوکاتەی حزب دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرژەوەندی نوخبەیەک یان گروپێک ئیتر پەیوەندی نێوان دەنگدەرو حزب تەواو لاواز دەبێت و دەپچڕێت، بەمەش ریژەی بەشداری هاوڵاتی لە دەنگداندا دادەبەزیت و کەس بڕوای بە سندوقەکانی دەنگدان نامێنیت وەک ئەوەی لەدوا هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق رویدا، ئەوەی جێی داخە ئەوەش هەر لەبەرژەوەندی ئەوانەیە کە دۆخی ئەمڕۆیان دروستکردووەو ژمارەی دەنگدەر کەم دەبێتەوەو ژمارەی کورسی پارلەمانی ئەوان وەک خۆیەتی. بەداخەوە بە سەردەمێکی زۆر تاریکدا تێپەڕ دەبین کە لەمێژوی هەرێمی کوردستاندا تاریکترینیانە، و هاوڵاتی کاتێک سەرنجی هەواڵەکان دەدات و سەیری تەلەفیزیۆن و سۆشیال میدیا دەکات بەئاسانی ئەو سیاسیانە دەبینێت کە خیانەت لە متمانەی خەڵک دەکەن، جا ئیتر پارلەمانتار بێت یان ئەندامی ئەنجومەن یان شارەوانی، یان سەرکردە سیاسییەکانی سەرەوەی حزب، بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن خەڵکەوە دەنگیان پێدراوە یان ئەندامانی حزب دەنگیان پێداون، ئەوانە زۆر زیاتر بێزراو دەبن، هەلسوکەوتیان وا دەکات هاوڵاتی رقی لە حزبی سیاسی بێتەوەو متمانەیان نەمێنێت. بەگشتی ناشرینیی مامەڵەو خۆپەرستی هەندێک سیاسی کارێک دەکات مرۆڤ سیاسەت بە بیزراو بزانێت و وەک یاریەکی ناشرین لێی بروانێت....ئەمانە بێ ئومێدین بەڵام رەشبینی نیە! هەربۆیە حزبە سیاسییەکان ئەوانەی رەگ و ریشەی قوڵیان هەیە لە کۆمەڵگادا پیویستە چالاک بن و ئەو دابرانەی تێیکەوتون چارەسەری بکەن چونکە ئەوکاتەی دەنگدەران وەک دوژمن سەیری پارتە سیاسییەکان دەکەن بێ ئومێدی گەورە سەرهەڵدەدات و دواتر لەو بێ ئومیدییەوە هێزی تازەو جیاواز، هەوڵ دەدەن بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە هەرچەندە لەسایەی دەسەڵاتی سیاسی ئەمرۆدا پێناچێت سندوقەکانی دەنگدان بتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات، ئەگەر سندوقەکانی دەنگدان نەیکرد ئەوکات شەڕ وتوندوتیژی هێزێکی باشتر لەمەی ئێستا ناهێنێتە بەرهەم. سەرۆکی پێشوی پارتی کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی و باشوری ئەفریقا جاکوب زوما لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی ٢٠١٤دا بەڵێنیدا بە دامەزراندنی شەش ملیۆن کەس و دروستکردنی پێنج ملیۆن خانوو بۆ هەژاران، کە بەهیچ شێوەیەک نە ئەو بودجەیە هەبوو نە تواناکەش، چاوەڕوان بن گویتان لە چەندین بەڵێنی وا ببێت پێش هەڵبژاردن. لەکۆتاییدا ئایا هیچ ئومێدێک هەیە بە گۆڕانکاری ئاشتیانەو دوور لە توندوتیژی لەکاتێکدا هەمان نەخۆشییەکانی دەسەڵاتی سیاسی بەربۆتە گیانی ئەوانەشی دژی دەسەڵاتن، ئەوانیش سکرتێرو سەرۆکەکانیان دەیانەویت بۆ ئەبەد سەرۆک و سکرتیر بن، ئەی تەگبیر!


د. دانا حه‌مه‌عه‌زیز بەر لەوەی سەرسام بیت بە روسیای پوتین و بە لینین و یەکێتی سۆڤێتی جاران، گرنگە رێکكەوتننامەی قۆنستەنتینپۆڵ "Constantinpole" بخوێنیتەوە. ئەم رێکكەوتننامەیە نهێنی بوو، لە بەهاری ١٩١٥دا لەنێوان فه‌رەنساو به‌ریتانیاو روسیای قەیسەریدا ئیمزا کرا. بە کورتی بەپێی ناوەڕۆکی رێکكەوتننامەکە، تەواوی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی لەنێوان ئەم سێ وڵاتەو ئیتالیاو یۆناندا دابەش دەکرێت و نیشتمانی تورکەکان لە هەرێمی کوردستانی ئەمڕۆ زیاتر نابێت. یۆنان پشتیوانی رێکكەوتننامەکەی کردو داوای ئەستانبوڵی کرد، بەڵام روسیا ڤیتۆی دژی یۆنان بەکارهێناو بەوپێیە تەوای پارێزگای ئەستانبوڵ لەکاتی شکستی ئیمپراتۆرێتی عوسمانیدا دەبێتە موڵکی روسیا، لەبەرامبەردا فەلەستین و سوریاو ئادەنا بۆ فه‌رەنسا، عێراقی ئێستاو بەشێکی تورکیای ئێستا بۆ به‌ریتانیا، بەشێکیش لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆ ناوەڕاستی تورکیای ئێستا بۆ ئیتالیا بەشێکی باشیش لە خۆرئاوای تورکیای ئێستا بۆ یۆنان دەبێت. شوێنە پیرۆزەکانی عەرەبستانی سعودی ئێستاش لەژێر دەسەڵاتێکی بێ لایەندا دەبێت. ئۆکتۆبەری ١٩١٧ کە کۆمۆنیستەکان بە سەرکردایەتی لینین حکومەتی قەیسەری روسیایان ڕوخاند، یەکسەر لە ریکكەوتننامەی کۆنستەنتینپۆڵ کشانەوەو تەواوی نهێنییەکانیان دا بە تورکەکان. لەبەرامبەردا بەناوی دژایەتی ئیمپریالیزم و سەرمایەداریییەوە، لەبەرەکانی جەنگ لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی کشانەوەو کەوتنە دژایەتیکردنی فه‌رەنساو به‌ریتانیا، تەنانەت هیچ نرخیکیان بۆ ئەرمەنەکان دانەنا کە بەهۆی پاڵپشتی ئەوانەوە جینۆساید کرابوون. نۆڤەمبەری ساڵی ١٩١٨ بەریتانییەکان چونە ناو ئەستەنبوڵ و داوایان لە روسیا کرد بێت حوکمی بکات، بەڵام لینین نەك ئەوەی نەکرد بەڵکو لەڕیگەی هاوسۆزیی لەگەڵ کەمال ئەتاتورك، دژایەتی تەواوی خۆی بۆ به‌ریتانیاو فه‌رەنسا راگەیاندو به‌ریتانیای ناچار کرد وتوێژ لەگەڵ ئەتاتورک بکات و سەرئەنجام ئەم تورکیایەی ئێستا دروست ببێت. لەوکاتەوە، هێزو قورسایی تورکیا وەك پاسەوانی دەریای ڕەش، لەسەر شەڕەنگێزی روسیایە، مەترسی هەڕەشەو دەستدرێژیی مۆسکۆ نەبێت، تورکیا ئەو نرخەی نیە لای ناتۆو ئەوروپاییەکان. وەك ئایزنهاویر لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا وتوێتی، بەرزیی نرخی تورکیا لە بوونی مەترسیەکانی سۆڤێت و روسیادایە بەرامبەر ئەوروپاو نابێت ڕێگە بدرێت تورکیا ببێتە هاوپەیمانی سۆڤێت. ئێستاش خێری ئانکەرە لە شەڕدایە، گەورەترین سودمەندی گەورەی شەڕی ئۆکرانیاو گێچەڵی پۆتین بە ئەوروپا، تەنها تورکیاو ئەردۆغانە، هیچ شتێکیش بێ بەرامبەر نیە، کاتێك پوتین ناگۆرنی کارەباخ لە ئەرمەنەکان دەسەنێتەوەو لەسەر دەستی ئەردۆغان پێشکەشی تورکە ئازەرییەکانی دەکات، کاتێك شارێکی گەورەی وەك عەفرین بەبێ هیچ کاردانەوەیەکی میدیایی تەسلیم بە ئەردوغان دەکات، چاوەڕێی پاداشتە، پاداشتیش تەنها بە هەرزان فرۆشتنی بۆرییە نەوتەکەی کۆمپانیای کاری بارزانی بە ڕوزنەفتی پوتین تەواو نابێت!


پەیڕەو ئەنوەر  ئەم چەمکە ماوەیەکە لە ئارادایە بۆ گواستنەوەی لێگەسی دنیای شیعی لە مەککەوە بۆ کەربەلا. پێشتر بەهۆی پەراوێزی و خنکانی شیعەوە هیچ دەرگا و پانتاییەک نەبوو بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئەم چەمکە. ئەمڕۆ دەرفەت و دەرگاکان کراوەن، بەتایبەت لە جوگرافیایەکی وەک عیراق کە پرە لە چیڕۆک، ئەکتەر، جەمسەر و سیمبول. هەوڵی بنەڕەتی بۆ ئەوەیە <ناوەند-ناوک> ێک بینابکرێت چیڕۆک، گێڕانەوە، جیۆپۆلەتیک و یادەوەرییەکەی جیاوازبێت لەوانی تر.  شیعەکان لەدوای سەدان ساڵ لە بەرگری و پاڕانەوە، بیر لەهێرشکردن و دروستکردنی ناوکی سیاسی-مەزهەبی دەکەنەوە! هێرشبردن لەئاستی سیمبول و جیۆپۆلەتیک نەک مەیدانی کلاسیکی جەنگ. بەمەککەکردنی کەربەلا دەتوانێت چەند دیاردەیەکی تازە لەگەڵ خۆیدا بهێنێت! رۆڵی سیاسی، جیۆسیاسی و جیۆکەلتوری بەسەر بکەرە ناوخۆیی و هەرێمییەکاندا دابەشبکاتەوە. رۆڵەکان جۆراوجۆرن، دەکرێت بەمشێوەیە لێی بڕوانین: ١-دەستپێکی ئەم کردەیە لە ژمارەوە دەستپێدەکات. داڕشتنی چیڕۆک لەڕێگەی ژمارەوە! ئامارەکان لە عیراق دەڵێن ئەمساڵ ٢٠ ملیۆن سەردانیکەر لەچلەی ماتەمینی ئیمام حوسێندا سەردانی کەربەلایان کردووە. ٥ ملیۆن بیانین. ئەم ژمارەیە ئاماژەیە بۆ گۆڕین و وەرچەرخان. گۆڕینی مەكکە بە کەربەلا. مۆبیلیزەکردنی پەیڕەوکەران و گرێدانەوەیان بە ناوەندی تر، دواتر لەحیمکردنی ئەندامان و ناوکەکە بەشێوەی هەمیشەیی تا فۆڕم وەردەگرێت و خۆی دەسەپێنێت.  ٢-ئەم پڕۆژەیە لەبنەڕەتدا سیاسی و جیۆپۆلەتیکییە بەزمانی مەزهەب و یادەوەری. بوژاندنەوەی کەربەلا رێگەیەکە بۆ هاوسەنگی هێز لەبەرامبەر بلۆک، یەکەی جیۆپۆلەتیک و ئاسایشی سوننە. دیارە لەڕواڵەتدا مەزهەب بەسەریدا زاڵە، بەڵام لەناوەڕۆکدا رەهەندێکی ستڕاتیژی و بوونگەرییانەی هەیە. دیارە تێگەیشتنی جەمسەرەکان [سەدر و ئێران] بۆ ئەم وەرچەرخانە جیاوازە! ئێران ئەمساڵ بەشێوەی تر مامەڵەی لەگەڵ کەربەلا کرد. مامەڵە وەک کاردانەوە و نمایشی هەژموون لەدژی سەدر و خەونەکانی. بەڵام بەگشتی دنیای شیعە بەدوای ماڵێکی سیاسی و مەزهەبییە لە کەربەلا بۆ جێگرتنەوەی مەککە و گواستنەوەی هاومەزهەبان بۆ ئەم ماڵە نوێیە.  ئەم چێکردنە لەوە زیاتر هەڵدەگرێت! پڕۆسەی ماڵ داڕشتن بەئامراز و دنیای سیمبولەکان لەوە ئاڵۆزتر و فرە رەهەندترە. بەتایبەت ماڵێک کە مەزهەب، ململانێی هەرێمی، سنور و ئاسایش، گوتار و ناسنامە پاڵنەری بێت و بیجوڵێنێت. کەربەلا چیتر بەتەنها جوگرافیا نییە، کۆکەرەوە و راکێشەرە دژە بەوانی تر. وەک چۆن مەککە کۆکەرەوە و چەقە. ئەم ململانێیە تادێت قوڵایی و خەڵک بەدەوەری خۆیدا کۆدەکاتەوە. وەک چۆن <چون بەڕێگەدا> گوتاری زاڵی شیعەیە بۆ ئەم پرسە. لێرەوە بەرەو سەردەمی جووت-ناوکی جیۆپۆلەتیکی مەزهەبی.


هیوا سەید سەلیم ئەگەر چاوێک بە مێژووی ناوچەکە دابخشێنینەوە، بە تایبەت مێژووی سەردەمی دەسەڵاتی خەلافەتی ئیسلام، دەبینین کە دوای مەرگی دوایین پێغەمبەری موسڵمانان، هەمیشە شەڕو ئاژاوە لەسەر دەسەڵات دروستبووە، بەشێوەیەک کە زۆربەی زۆری ئەوانەی دوای پێغەمبەر دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، بە مردنی ئاسایی خۆیان نەمردوون، بگرە بەدەستی کەسانی نزیک لە خۆیان کوژراون، بەڵام ناکۆکی گەورە زیاتر لەدوای معاویە کوڕی ئەبوسفیان تەقینەوە، کاتێک حوسێنی کوڕی ئیمام عەلی ئامۆزای پێغەمبەر ئامادەنابێت دانبنێت  "بەیعەت بدات" بە دەسەڵاتی یەزیدی کوڕی معاویە، هەر ئەو هەڵوێستەی حوسێن دواتر دەبێتە هۆی ئەوەی کە  لە ١٠ی عاشورای ساڵی ٦١ کۆچی لە کەربەلا بەدەستی برا موسوڵمانەکانی بکوژرێت. شایانی باسە، عێراقی ئەو سەردەمە، هەمیشە مەملەکەتی شەڕو ناکۆکیەکان بووە، لە ئێستاشدا کە چەند رۆژێکی کەمی ماوە تا ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن کۆتایی بێت، ئەو بۆنەیەی کە ساڵانە شیعەکان لەسەر ئاستی جیهان لە یادی شەهیدکردنی ئەو کەسە ئازیزەیان لە کەربەلا کۆدەبنەوە، شیعەکان لەو رۆژەدا لە زۆربەی وڵاتان بە تایبەت لە ئێران و شارەکانی دیکەی عێراق، ڕوودەکەنە شاری کەربەلا، ئەو شارەی کە ١٤٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا خوێنی حوسەین تیادا ڕژا. یادی شەهیدبوونی حوسێن، لەلای پێکهاتەی شیعە یادێکی زیندووە، لەو رۆژەدا شیعەکان ناکۆکیەکانیان وەلادەنێن، بەیەکەوە شیوەن بۆ مەرگی حوسێن دەگێڕن. ئەمساڵ ئەو بۆنەیە هاوکاتە لەگەڵ ناکۆکیەکی قوولی نێو ماڵی شیعە لە عێراق، ناکۆکیەک کە چەند رۆژێک پێش ئەو بۆنەیە گەیشتە ئاستی پێکدادانی سەربازی، ئەویش بە هۆی ئەوەی لایەنەکانی ناو ماڵی شیعە ئامادەی رێکەوتن و سازن نەبوونە لە ناوخۆیاندا، وەک چۆن حوسێن لەسەردەمی خۆیدا دانی نەنا بەدەسەڵاتی یەزیدی کوڕی معاویە، لە ئێستاشدا شیعەی مەزهەب ئێرانی و عێراقی شەڕیانە لەسەر دەسەڵات و ئامادەنین دان بە یەکتری دابنێن. شایانی باسە، لە عێراق ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران تێدەپەڕێت، ئەو هەڵبژاردنەی کە نێو ماڵی شیعەی بەسەر دوو بەرەی ناکۆک دابەشکرد. بەرەیەک کە لە لایەن رەوتی سەدر سەرکردایەتی دەکرێت، گوایە دژی دەستوەردانی ئێرانیە، بەرەی بەرامبەریش کە لە چەند لایەنێکی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی پێکدێت و ئێران پشتیوانیان لێدەکات. درێژە کێشانی قەیرانی پرۆسەی سیاسی عێراق و بەتایبەت ناکۆکیەکانی نێوان ئەو دوو بەرەیەی نێو مالی شیعی، وا دەکات کە  دوای مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن گۆرەپانی سیاسی عێراق گەڕێکی دیکەی ململانێکان بە خۆیەوە ببینێت. بە خوێندنەوەمان بۆ هەڵوێستەکانی ساڵی ڕابردووی رەوتی سەدر، تێدەگەین کە سەدر موكڕە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها پەنابردنە بەر هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەختە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەو ڕەوتە هیچ چەکێکی یاسایی و دەستوری لەدەست نەماوە جگە لە کارتی فشاری جەماوەری نەبێت. بەڵام وەک دەزانرێت، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە دەستوری عێراق، رێوشوێنی یاسایی بۆ داندراوە، کە خۆی لە ماددەی ٦٤ی دەستور دەبینێتەوە، بەڵام رەوتی سەدر بە کشاندنەوەی ئەندامانی لە پەرلەمان ئەو چەکە دەستوریەی لەدەستداوە. هەر بۆیە دوای کشاندنەوەی پەرلەمانتارانیان، سەدرییەکان پەنایان بۆ دادگایی فیدڕاڵی برد، داوایان لە دادگا کرد کە بڕیاری هەلوەشاندنەوەی پەرلەمان دەربکات، بەڵام کاتێک لە دادگاش وەلامێکی ئەرێنی وەرناگرن، سەدر ئەمجارەیان بۆ پەکخستنی پەرلەمان داوای کشانەوەی لە پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی کوردستان و سونەکانی هاوپەیمانی دەکات. شکستی رەوتی سەدر لە هەموو ئەو هەوڵانەی کە پێشتر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دابووی، ئەوەمان پێدەڵێن کە پێناچێت موقتەدا سەدر وا بە ئاسانی دەست لە  هەوڵەکانی بۆ پەکخستنی پەرلەمان هەڵگرێت.  دوایین پەیامی رەوتی سەدر کە لەسەر زاری بەرپرسێکی ڕەوتەکەی بڵاوکرایەوە بریتی بوو لەوەی کە  ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت تەنیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی کۆببێتەوە، نابیت هیچ هەنگاوی دیکە بنێت، مەبەستی سەدر ئەوەیە کە ئەو پەرلەمانە نابێت تەمەنی درێژە بکێشێت، وە کار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو متمانەدان بە کابینەی تازە بکات. ئەو دوو رۆژە شیوەنی چلەی ئیمام حوسێن کۆتایی دێت، شیعەکان لە کەربەلا دەگەڕێنەوە شارەکانی خۆیان، لە بەغدا بەرپرسە ئەمنییەکان لە هەوڵی توندوتۆڵکردنی دەروازەکانی ناوچەی سەوزدان، خەریکی دانانەوەی کۆنکریتە ڕووخاوەکانن، کە سەدرییەکان روخاندبوویان،  جارێکی دیکە لە نێو سەدرییەکان باس و خواسی هەڵکوتانە سەر پەرلەمان گەرمە، بەتایبەت ئەگەر لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کار بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن بەبێ ڕێکكەوتن لەگەڵ موقتەدا سەدر. لە بەرامبەر ئەمەشدا هەوڵی زۆر هەیە کە لە نیوانی شیعەو شیعە خوێن نەڕژێت، ئەوەی لە دۆخەکە دەخوێندرێتەوە ئەوەیە دوایی شیوەنی حوسێن گۆڕنکاری تازە ڕوودەدات، بەکام ئاڕاستە دەبێت هێشتان ڕوون نیە.


ئەبوبەكر عەلی   ژینا ئەمینی کچە کوردی سەقزی، بە سەفەر دەچێتە تاران. لەوێ بە بیانوی پێشێلکردنی ڕێساکانی تایبەت بە حیجابی زۆرەملێ، (لە کاتێکدا مامۆستا حەسەنی ئەمینی زانای ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە یەکێکە لەو کەسانەی بەیاننامەیەکیان لەسەر ڕووداوەکە بڵاوکردۆتەوە باسی لەوە کرد جل و بەرگی ژینا موحتەشەم بووەو ئیسلام ئەو ڕەفتارە ڕەتدەکاتەوە کە بەرامبەری کراوە) پۆلیس قۆڵبەستی دەکات و بەتوندی ئەشکەنجەی دەدەن، تا دوای سێ ڕۆژ لە بێھۆشی، گیانی سپارد. ئێمە وێڕای ئیدانەکردنی ئەو تاوانە، سەرەخۆشی لە کەس و کار و بنەماڵەو ئازیزان و خەمبارانی دەکەین و ھاوخەمی خۆمانیان پێدەگەیەنین. دوعاخوازیشین پەروەردگار بیخاتە سایەی سۆز و لێخۆشبوونی خۆیەوە. دوای ئەمە دەخوازم  بەم بۆنەیەوە سەرنج بۆ لای کێشەی حیجابی زۆرە ملێ لە دنیای نوێدا ڕابکێشم. سەرەتا دەبێت سەرنج بۆ ئەوە ڕابکێشم کە لە دیدی ئیسلامییەوە، باڵاپۆشی پەیوەندی بە ئیمان و قەناعەتی ئافرەتی باوەڕدارەوە ھەیە. ڕێگەکەشی ڕۆشنبیرکردن و بانگەشە بۆکردن و ھاندان و پەروەردەکردنە، نەك توندوتیژی و سەپاندن.  ھەر بۆیە، حیجابی زۆرەملێ لە ڕێی بەکارھێنانی زەبر و زۆری دەوڵەت بۆ سەپاندنی، جگە لە بیدعەیەکی ئەم سەردەمەی بێ پێشینە لە مێژووی ئیسلامیدا، ھیچی تر نیە.  ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنی بە ئایدۆلۆژکردنی ئیسلامە لەلایەن ھەندێ بزاڤ و بیرمەندی ئیسلامی نوێوە، لە ژێر کاریگەری و لاسایی کردنەوەی ھەندێ ئایدۆلۆژیای مۆدێرن و لەوانەش مارکسیزم! بەحوکمی ئەوەی ئایدۆلۆژیا لە ڕێی دەوڵەتەوە دەسەپێنرێت بە تایبەتیش لە وڵاتە نادیموکراتەکانی ھاوشێوەی وڵاتە کۆمۆنیستەکان. ئەگەر بیانوی حیجابی زۆرەملێ پاراستنی ئەخلاقی کۆمەڵگە بێت، ئەوا نەك ھەر نابێتە ھۆی پاراستنی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، بەڵکو زیاتر  لاوازی دەکات و کۆمەڵگە بەرەو ھەڵوەشانەوەی زۆرتر دەبات. بەحومی ئەوەی لەم سەردەمەدا، حکومەتی ئەخلاق و دین سەپێنەر، بە پێچەوانەی ھەندێ دیدی ڕووکەش لە بازنە ئیسلامی و ناوەندە دینییەکەدا، کۆمەڵگەیەکی دین لاواز و پڕ کێشەی ئەخلاقی بەدوای خۆیدا دەھێنێت، بەحوکمی ئەوەی دین و ئەخلاق بە سروشتی پێکھاتەو سروشت و ئەرکیان قابیلی سەپاندن نین، بۆیە کاتێك ھەوڵی سەپاندنیان دەدرێت، دووچاری شێوان دێن و کاریگەریشیان کەم دەبێتەوە، کۆمەڵگەش لەگەڵ ناسنامە دینی و ئەخلاقییەکەیدا دووچاری کێشە دەکات و لە جیاتی چارەسەر دەبێتە سەرچاوەی چەندین کێشە.   تاکو مەڵگەش زۆرتر نوێبووبێتەوە، ھاوشێوەی ئێران، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم دۆخە بۆسەر تاك و کۆمەڵگە گەورەتر دەبێت،  بەحوکمی گۆڕانکاریی لەو چاوەڕوانییانەی لە ئایین و دەسەڵات  و وێناکردنی خود وەك کائینێکی خاوەن ماف و کەرامەت، لە بیرکردنەوەی تاکەکاندا پەیدا دەبێت. واقیعی ئێستای کۆمەڵگەی ئێرانیش لەم ڕووەوە باشترین بەڵگەیە.


دانا نەقی  شەڕی ئەم دوو وڵاتە زۆر نهێنی تیادایە، بەڵام تائێستا زۆر کەمن لە سیاسییە جیهانییەکان قسە لەسەر دەرئەنجانمی ئەم شەڕە بکه‌ن. بەپێی تازەترین راپۆرتی (واشنتن پۆست) ئۆکراین زیاد لە (500 ملیار) دۆلار زیانی کردووە، جگە لەمەش دەستکەوتی روسیا لەدەستبەسەراگرتنی ئەو شوێنانەی وڵاتی ئۆکراین بایی (12 هەزار ملیار) دۆلار سودمەند دەبێت. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کرێملین سەرکەوتوو دەبێت لە لکاندنی ئەو زەویانەی ئۆکرانیا کە لەکاتی لەشکرکێشی روسیادا دەستیان بەسەردا گیراوە، کیێڤ نزیکەی دوو لەسەر سێی کێڵگە نەوتییەکانی لەدەستدەدات، ئەمەش وڵاتەکەی لە پایە ئابورییە سەرەکییەکانی دوور دەخاتەوە، مۆسکۆ کۆنترۆڵی 63%ی خەڵوزی ئۆکرانیاو 11%ی نەوتەکەی و 20%ی گازی سروشتی و 42%ی کانزاکانی و 33%ی زەوییە دەگمەنەکانی کردووەو دەکات، لەنێویاندا کانزا سەرەکییەکانی وەک لیتیۆم، بەشێک لەوانە کە دەستی بەسەردا گیراوە لە کاتی کۆنترۆڵکردنی کریمە لەلایەن روسیا لەساڵی 2014 یان شەڕ بووە لەگەڵ جوداخوازان لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لەلایەن روسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت. بەڵام لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی لە مانگی شوباتەوە، روسیا بەردەوام پێشڕەوی خۆی بۆ ئۆکرانیا زیادکردووە لەهەمان کاتدا شوێنە ستراتیژی و ئابورییەکانی گرتووە، ئایا ئۆکراین دەتوانێت لەم رۆژانەدا ئەو شوێنانە هەندێکی بگەڕێنێتەوە ئەمە هێشتا ڕوون نییە. بە کەڵک وەرگرتن لە ژمارەیەکی سێک دیڤ و پیشەسازی ئۆکرانیا، رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) رایگەیاندووە روسیا دەستی بەسەر (41) کێڵگەی خەڵوزو (27) شوێنی گازی سروشتی و (14) شوێنی پرۆپان و (9) کێڵگەی نەوت و شەش کۆگای کانزای ئاسن و هەروەها چەندین شوێنی بۆ تیتانیۆم و زیرکۆنیۆم و سترۆنتیۆمدا گرتووە، لیتیۆم، یۆرانیۆم، و زێڕیشی تیادایە، لەکاتێکدا ئۆکرانیا بە هەناردەکاری سەرەکی دانەوێڵە ناسراوە، بەڵام لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە خاوەنی (117) کانزاو کانزاکارییە، لەکۆی (120) کانزا کە زۆرترین بەکارهێنراون، لە هەمان کاتدا وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی سوتەمەنی بەردین بە ناوبانگە. لەگەڵ ئەوەشدا ئۆکراین هێشتا کۆنترۆڵی زۆربەی یەدەگی نەوت و غازی هەیە. بەڵام زۆربەی زۆری سامانی سەرچاوە سروشتییەکانی کە لەژێر کۆنترۆڵی کرێملیندایە لە نەوتە خەڵوزەکان پێکهاتووە. کۆمپانیای سێک دیڤ مەزەندەی کردووە نزیکەی (30 ملیار) تۆن نەوتی خەڵوزی ڕەق بە بەهای (11.9 تریلیۆن) دۆلار لە ناوچەکانی ئۆکرانیایە کە لە ژێر کۆنترۆڵی روسیادایە. ماوەتەوە بڵێن ئەوروپا ناوچەیەکی فراوانی یەدەگی وزەی لە قوڕگی روسیادایە، بۆیە ئاسان نیە ئەم شەڕ بە کۆتا بگات تاوەکو نەگەنە ڕێکكەوتنێک بۆ زامنکردنی سەقامگیری وزە لە قاڕەی ئەوروپادا.


بەهرە حەمەرەش ئەمڕۆ جیهان بە گشتی و کورد بە تایبەتی، لە قۆناخ و سەدەمێکدا دەژین، کە لە قۆناخەکانی پێشتر زۆر جیاواز ترن، کە خەڵکی دابەشکردووەتە سەر دووبەرەی تەواو. بەرەی یەکەم داکۆکیکار و دەست بە نەریت و بەهاکانی قۆناخی پێشترەوە دەگرن و بەرەی دووەم هەڵگری ئەو ئایدیایەن، کە تەکنەلۆژیا دروستی کردووە، کە زۆر بە بێ ناونیشان و بە بێ ئاراستەن. پەنجەرە و کەناڵەکانی تەکنەلۆژیا، کە لە کۆمەڵگەی ئێمە گەورە و بچوکی سەرقاڵکردووە بە راددەیەک، کە گەنجان بەهۆی ئالودەبوون پێیانەوە بێکار و تەمبەڵبوون. شەویان کردووەتە رۆژ و رۆژیان بۆ نوستن تەرخان کردووە. بەشێک لە گەورە ساڵانیشی گەیاندووەتە ئاستێک گەڕاندوویەتییەوە بۆ قۆناخی هەرزەکاری. ئەم هەموو کەناڵە بێ سانسۆرە، گەڕەلاوژەیەکی دروستکردووە، کە نەک پەروەردەی منداڵ و گەنجانی ئەستەم کردووە، خەریکە ئاراستەی پێگەیشتوانیش دەگۆڕێ بە ژیان و رۆژانێکی بێهودە و بێ ئامانج! لەم قۆناخەدا، هەرکەس لە ماڵی خۆی، خۆی بە داهێنەر دەزانێت، چونکە لایک و کۆمێنت بوونەتە پێوەری گرنگی کەسەکان. سەرلێشیواوی گەیشتووەتە ئاستێک، مرۆڤەکان ئاستی خۆیان لە بیر دەکەن هەموان پێیانوایە رابەر و کاریزمان، ئەوەش وایکردووە، کە رۆڵی پەروەدە لە خێزان، رێکخراو، سەندیکا و کەسانی خاوەن فکر وەربگیرێتەوە. ئیتر وەک ئەنجام، کۆمەڵگە لە ناو بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێتەوە و رێ و شوێنی ئاراستەکردنی نامێنێت. لەگەڵ ئەم سەرلێشێواویە لە ناو کۆمەڵ و خێزان، کێشە و ناکۆکی لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر خراپ و نزم، رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بەرەو کۆمەڵێک دیاردەی زۆر ناشیرین بۆ هێرشکردن و ناوزڕاندن لە سەر ئاستی گروپ، تاک و کۆمەڵگە لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە پەخش دەکرێت، ئاستی ناکۆکی لە رکەبەرایەتییەوە، چووەتە ئاستی دژایەتی. بەداخەوە وزەیەکی زۆر گەورە، لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە دژی دەسەڵات خەرج دەکرێت، هەروەها دەسەڵاتیش وزەیەکی زۆر گەورە بۆ دژایەتی بەرامبەر بەکاردەهێنێت. بەپێی تەمەنی ئەم ناکۆکییە، هیچ لایەنێکی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، سودمەند نەبوون لەمجۆرە شەڕە، بەڵکو ئەمجۆرە ململانێیە لە ئەنجامدا دەکەوێتە زەرەرمەندی میللەت و خزمەتی داگیرکاران. لە ناو ئەم هەموو ئاڵۆزییەدا، پێویستە لایەنی سێیەم دروست ببێت، کە رۆشنبیران و کەسانی خاوەن ئینتیما لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، هەست بە بەپرسیارێتی خۆیان بکەن و لە جیاتی چوونە سەنگەری ئەم شەڕە بێهودەیە، هەوڵێک بۆ خاوکردنەوە یان ئاشتبوونەوەی گشتی کۆمەڵایەتی لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان بنرێت. راستە لە سەر ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو، رکابەری لە نێوان دەسەلات و ئۆپۆزسیۆن هەیە، بەڵام خەڵکی ئەوان هوشیارە و رێگەنادەن ئەم رکابەرییە بچێتە، ئاستی دژایەتی و زیاندان لە بەرژەوەندی گشتی و دروستبوونی مەترسی لە سەر خەڵک و خاکیان. هاوکات وزە و پارەیەکی زۆر لە سەر حسابی خەڵک لەم شەڕەدا بە هەدەر دەدرێت. بێگومان دەبێت هەموومان ئەوە بزانین، کە رەوشی کورد زۆر لە میللەتانی تر جیاوازە، چونکە لەوانەیە ئەگەر ئەم دەسەڵاتە نەمێنێ، ئەم ئەزمونەش لە ناو بچێت. دیارە کورد دەوڵەت نین، کەواتە دەبێت هەموومان، کە رەخنە و تێبینیمان لە سەر بەڕێوەبردنی هەر بوارێکی حوکمڕانی لە سەر دەسەڵات لە کوردستانی باشور هەبێت. دەبێ شێوازێکی عەقڵانی و نەرم بەکاربهێنێن، چونکە ئەم دیالۆگە رەقە رەنگ و رەنگدانەوەی رەقی دەبێت لە ئەنجامدا دەبێتە خەباتێکی بێ بەرهەم.  راستە کورد تەمەن و ئەزمونی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتی کەمە، بەڵام دەکرێت لەم بارەدا سود لە ئەزمونی خەڵکی تر وەربگرین، کە چۆن ئێمە بتوانین لەم رەوشە ئاڵۆزەدا بەرەو ئاقارێکی هێمنتر و ئارامتر بچین. لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، دەبێ هەموومان گوێ لە دەنگی عەقڵ بگرین، چونکە تەنیا لە ئەنجامدا، ئەمڕۆ یان سبەینێ دەبێ هەر بۆ دەنگی عەقڵ بگەڕێینەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand