Draw Media

هەرێمێك، ... بۆمبێكی ئامادەكراو

هەرێمێك، ... بۆمبێكی ئامادەكراو

2022-11-22 15:13:57


 د. كامەران مەنتك
 

دوێنی لە سلێمانی، ئەمڕۆ لە دهۆك، بەیانی خوا دەزانێت لەكوێی تر دەتەقێتەوە، گاز دەتەقێتەوە، خۆراك، نەخۆشی، ئۆتۆمۆبیل، رووداوی هاتوچۆ، دەرمانی ستۆك وساختەكراو، شوقەو ئەپارتمانی بێ كوالیتی، .... هتد، ئەمە دەرئەنجامی ئەو بێیاسایی وپاشاگەردانییەیە، كە لە هەرێمی كوردستان بەناوی بازاڕی ئازادو ئابووری سەربەخۆوە دەگوزەرێت، خەڵكی كوردستان لەكاتێكدا چاوی لەسەر دوژمنەكانیەتی، بەرپرسەكانی لەژێرەوە رەشە كوژی دەكەن، وەك رۆمی دەڵێت خوایە لە دۆستەكانم بمپارێزە، من  بۆ دوژمنەكانم ئامادەم، ئێمەش دەبێ بڵێین خوایە لە دوژمنە خۆماڵیەكان، واتە ئەو دۆستانەی لەهەموو دوژمنەكان خراپتر كەوتوونەتە وێزەی خەڵك، كە دەكا ئەو بەرپرسە نابەرپرسانەی بازرگانی بە هەموو شتێكەوە دەكەن، بمانپارێزە، ئینجا دوای ئەوە با دوژمنەكانیش راستەوخۆ بێن لەناومان بەرن! چونكە هیچ ئامادەییەكی بەرەنگاربوونەوە لەو هەرێمەدا نەماوە، گیانی بەرەنگاربوونەوە لەو هەرێمە دا وا تییرۆر كراوە، خەڵك ئیرادەی ئەوەی نەماوە بەرگری لە ژیانی خۆشی بكات، وا لە خەڵك كراوە، چاوەڕوانی هەركەسێك بێت، هەر كێیەك بێت تەنیا لە دەست ئەو نا دادپەروەرییە رزگار یبكات، جا خوای دەكرد مەترسیدارترین دوژمنیش دەبوو. 
خەتەرناكترین شت لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە دۆست ودوژمن لە یەكتر جیا ناكرێتەوە، ئەوانەی دوژمنن وەك دۆست خۆیان نیشان دەدەن وئەوانەی دۆستیش وەك دوپشك بەئاشكرا بە خەڵكەوە دەدەن، ئەوە كرۆكی كارەساتەكەیە، ئەوانەی خۆیان بە بەرپرس ودۆست و.... هتد نیشان دەدەن، زۆرینەیان لەژێرەوە بوونەتە چاوساغ ودەستی دوژمنان وئەوەی ئەوان بە خەڵكی كوردستانی دەكەن، دوژمنە گەورەكانی كورد زاتی ئەوە ناكەن بەو راشكاوییەو وا بێباكانە لەگەڵ ئەو میللەتەی بكەن!
رەنگ بێت تەقینەوەی گازو رووداوی هاتوچۆ، بەهۆی ئەو هەموو ئۆتۆمۆبیلە ستۆكەی دەنێردرێتە هەرێم، ئاسانترین وبەرچاوترین كارەسات بێت، كارەساتی گەورە ئەوەیە خەڵك تاوەكو ئێستا هەستی پێنەكردووە، كۆمەڵگەی كوردی بۆتە مەكۆی دەیان نەخۆشی ترسناك، ئەو شەڕە بایۆلۆژییەی لەرێگەی بازرگانە نا نیشتمانیەكانەوە لەگەڵ خەڵكی كوردستان دەكرێت، وڵاتی كردۆتە نەخۆشخانەیەكی گەورەو كۆمەڵگەشی كردۆتە كۆمەڵگەیەكی داتەپیوو نەخۆش،ئەو شەڕ دەروونیەی لەرێگەی میدییاكان وبەناوی ئازادی بیرو راو رادەربڕینەوە لەگەڵ خەڵكی كوردستان دەكرێت، خەریكە هەرێم دەكاتە شەماعییەكی گەورە، ئەو شەڕە كەلتووری ورۆشنبیری وبەهاییەی لەگەڵ خەڵكی ئەو هەرێمە دەكرێت، خەریكە ناسنامەی كوردبوون لە ناخی هەموو تاكێكدا دەسڕێتەوە!
 لە هیچ وڵاتێكدا، تەنانەت ئەگەر ئەو وڵاتە لەژێر داگیركاریش دابێت، ئەگەر دڕندەترین دوژمنیش دەستی بەسەرداگرتبێت، بەم شێوەیە وڵات ناكرێتە زبڵخانە، لە راستیدا هەرێم بۆتە زبڵخانەیەكی گەورەی دنیاو بەرامبەر نەوت وگازو سامانەكانی ئەو هەرێمە، ژارو نەخۆشی وخۆراكی ستۆك و ... هتد دەهێنرێت، تەقینەوەی گازو ئەو رووداوانە بەرچاون وخەڵك دەیانبینێت، بەڵام كارەساتەكە لەو شەڕە نەرمەیە، كە خەڵك نایبینێت، یاخود بە باشی نایبینێت وهەستی پێناكات، بەڵام هەرچەند ساڵێكی كەمی تر ماوە بۆ هەموو لایەك روونبێتەوە، یاخود بكەوێتە بەرچاوی هەموو لایەك، كە چ شەڕێكی قێزەون ولەرێگەی زۆرینەی بەرپرس وحیزب وهێزە بەناو كوردیە ناپاكەكانەوە دژی ئەو خەڵكە خێر لە خۆنەدیوەی هەرێم دەكرێت، ئەو كاتە دەردەكەوێت ئێمە لە چ كارەساتێكدا دەژین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand