د. دانا حەمەعەزیز سیستەمی سیاسی وڵاتانی خۆرهەڵاتیی، ڕۆلێکی خراپی هەیە لە ئاراستەکردنی پەروەردە و زانست. پێوەر و فلتەرەکانی خەمڵاندنی زیرەکیی لە کۆمەلگەی خۆرهەڵاتی و بەتایبەتیش خۆرهەڵاتی ناوەراست(جگە لە ئیسرائیل) وەك سیستەمە سیاسیەکەی شەرمهێن و تا ئەندازەی کارەسات چەواشەکارانەیە. گەورەترین هەڵە لە هەڵسەنگاندنی زیرەکیی دا ئەوەیە خاوەن نمرە بەرزەکانی دوا قۆناغی ئامادەیی - زانستی، یەکسەر ڕاپێچی خوێندنی پزیشکیی بکرێن و ڕەچاوی ئارەزوی خوێندکار نەکرێت. هەڵەیەکی گەورەیە زیرەکیی گشتی خوێندکار لە نەشتەرگەریی و لێکۆڵینەوە لە سەر نەخۆشی و دەم و دان دا کورت بکرێتەوە، لە بەرامبەردا بوارەکانی دیکەی خوێندن و لێکۆڵینەوە بە کەمتر بخەمڵێنرێت، لە کاتێکدا خوێندنی پزیشکیی توانای زانستی کەمتر پێویستە لە چاو هەندێك بواری دیکە، لە بنەڕتدا پزیشکیی بەبێ کارەبا و تیشك و کۆمپیوتەر، بەبێ تێگەیشتن لە کیمیا و بایۆلۆجی و بنەما و فۆرمولە فیزیایی و ماتماتیکیەکان، هیچ بەهایەکی نیە. دکتۆریی یان بە دکتۆرکردنی منداڵەکان، ئەوەندەی گرێی دەروونیی کۆمەڵگاکانی دنیای سێ یە بەتایبەتی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هێندە پەیوەست نیە بە چنینەوەی سەرمایەی کاری دکتۆریی وەك بزنسێکی باش. ڕەنگە بەشی زۆری ئەم گرێ یە، پەیوەست بێت بە کەلتوری ئەم کۆمەڵگەیانە کە مرۆڤ بە حەز و بە ویستی خۆی ناژی، وەك خۆی چێژ لە ئارەزوەکانی ژیان وەرناگرێت و هەمو شتێك دەکرێت بە قوربانیی بۆ ڕازیکردنی دەوروبەر. گرێی دکتۆریی یان کەلتوری بەزۆر بە دکتۆرکردنی منداڵان تەنها هەر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دنیای سێ باو نیە، بەڵکو بە شێوەیەکی خراپتر ڕەوندی "عەرەبیی و کوردی و تورکی و ئێرانی و هیندی..." دانیشتوی ئەوروپا و ئەمریکای گرتۆتەوە، ئەمە تەنها منداڵانی لە مەیل و ئارەزوی خۆیان بۆ خوێندن، بێ بەش نەکردوە، بەڵکو زیانێکی گەورە و مەترسیداریشی بە خودی زانستی پزیشکی و خزمەتگوزاری تەندروستی گەیاندوە. ئەوانەی بەبێ ویستی خۆیان و بە حەزی دایك و باوك ڕاپێچی خوێندنی پزیشکیی کراون، سەرکەوتو نین و دکتۆر یان پسپۆڕێکی باشی تەندروستیان لێ دەرناچێت. بۆ نمونە بریتانیا ئەو وڵاتەیە کە ساڵانە زۆرترین دکتۆری بە بنەچە خۆرهەڵاتی بەرهەم دەهێنێت، بەپێی پێوەری وردی زانستی، زۆرترین دکتۆری کۆڵەوار لە کەرتی تەندروستی بریتانیا دا هەیە کە ئینگلیز نین، ئەمەش کەلێنێکی دیاری پیشەیی لە خزمەت گوزاری تەندروستی نیشتیمانی NHS دا دروست کردوە، ئەم کەلێنە لە کەرتی تەندروستی وڵاتانی دنیای سێ دا زۆر ترسناکترە!
ئەحمەد محمود لەسەروبەندی دەسپێكی ساڵی نوێی خوێندنین ساڵی (2022 – 2023) ، وەزارەتی پەروەردە هەفتانە و ڕۆژانە بڕیار و ڕاسپاردە دەردەكەن بەمەبەستی ڕێكخستنی دەوام و ساڵنامەی خوێندن بڵاو دەكەنەوە و پەیام بۆ كارگێڕیی قوتابخانەكان و مامۆستایان دەنێرن بەمەبەستی خۆئامادەكردن ، هەر لە چوارچێوەی ئەم كارەشدا لەسەر بنەمای ڕێكخستنەوەی میلاكی قوتابخانەو خوێندنگاكان لەسەر ئاستی پەروەردەكان ساڵانە فۆرمی وانەبێژی دابەش دەكرێت. لە پرۆسەی دانانی وانەبێژ تاكە پێوەرێك كە ڕەچاو دەكرێت بریتیە لەوەی پێویستە كەسی پێشكەشكار دەرچووی كۆلێژی پەروەردە و پەروەردەی بونیاد و پەیمانگا پەروەردەییەكان بێت و ئیتر بەبێ ئامادەكردنێكی پێشوەختەو بینینی خول و سیمینار دەست بەجێ فەرمانی بۆ دەردەكەن و لە قوتابخانەیەكدا وەكو كادری پەروەردەیی دەیان وانەی پێدەدەرێت ، زۆربەی جاریش بەتایبەت لە شوێنە دوورەكان پۆلە هەستیارەكانی وەكو پۆلی یەكەم و نۆیەمی بنەرەتیی یان پێدەدرێت و هەندێك جاریش لە قوتابخانەیەك مامۆستای میلاكی نەبێت دەكرێن بە بەڕێوەبەر . من وەكو سەرپەرشتیار كە بەریەككەوتنم لەگەڵ ئەم توێژە هەیە لە ناوەندەكانی خوێندن هەم لە سەردانەكانم وەكو هاوڕێی ڕەخنەگرو هەمیش وەكو هەڵسەنگێنەرەی دەرەكی هەست بە كێشەیەكی گەورە دەكەم سەبارەت بە وانەبێژان كە خۆی دەبینێتەوە یەكەم: لاوازی و هەژاری لە ڕووی زانستی و پەروەردەیی و هونەری بەڕێوەبەردن و شێواز و ڕێگاكانی وانە ووتنەوە لەلایەن بەشێكی بەرچاو لەوانەبێژانەوە. دووەم: هەمیشە ئەم توێژە بە دەروونێكی نا تەندروست و جۆرێك لە شڵەژاویەوە دەچنە ناوەندەكانی خوێندن و پۆلەكانیان ، چونكە مۆتەكەی ئەوەی (ئەوان وانەبێژن و ڕەنگە ڕۆژێك بێت بنێردرێنە ماڵەوە ) هەردەم بەسەر سەریانەوەیە و ئەو بڕە پارەیەیشی كە وەری دەگرن زۆر كەمە و بەشی بژێوییان ناكات . هەرچی مامۆستایانی میلاكیشن زۆربەیان هاتونەتەوە ناو شارەكان و لە بەشێكی زۆری قوتابخانەكانی ناوشار دەیان مامۆستای زیادە هەیە و وەكو پێویست ئەدای كاری خۆیان ناكەن ئیتر لێرەوە بۆت دەردەكەوێت كە كەرتی پەروەردە لەچ قەیرانێكدایە و مناڵە چاوگەشەكانمان لەچ كەشێكی خراپی خوێندن و پەروەردەدان ، بەتایبەت لە شوێنە دوورەكانی وەكو قوتابخانەكانی سنوری پەروەردەكانی دەرەوەی شارەكان كە بەدەگمەن نەبێت مامۆستای میلاك بوونی نییە سەرەڕای ئەوەی كە بەشێكی بەرچاو لە مامۆستایانی میلاكیش هێشتا وەكو پێویست نین و ناتوانرێت پێناسەی كادری پەروەردەییان بەسەردا ببڕێت .. لەسەر ئەم بنەمایە جێگەی خۆیەتی بپرسین: یەكەم: وانەبێژێك بەبێ بوونی هیچ خولێكی پێشوەختەو پاش وەختە لەڕویی پەروەردەیی و هونەری وانە ووتنەوەو كارگێڕی و پێشینەیەكی وانە ووتنەوە دەكرێت وەكو كادری پەروەردەیی تەماشای بكرێت و مناڵ بخرێتە بەردەستی یاخود دەگونجێت بكرێتە بەڕێوەبەر ؟ . دووەم: وەك دەزانن پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرەكی بۆ قوتابخانەكان كە ساڵانە بەرێوەدەچێت لە ستانداردەكانی ژمارە (11، 12 ، 13 ) باس لە میتۆدو تەكنیكی هاوچەرخ و كارا و باس لەشارەزایی باشی مامۆستایان و ئاوێتە بوونی مامۆستایان دەكات لەگەڵ قوتابیان بەمەبەستی فێربوونی باش و پەروەردەیەكی پێشكەوتوو ، دەپرسم مامۆستایەكی وانە بێژ كە چەندین ساڵە خوێندنی تەواو كردووە و دابڕاوە لە پرۆسەی پەروەردەو فێركردن و هیچ جۆرە خولێكی پێشوەختەشی بۆ ناكەیتەوە چۆن دەتوانێًت میتۆدی هاوچەرخ پیادەبكات و بەچەشنێك لەگەڵ قوتابیان ئاوێتە ببێت كە هێشتا شێوازەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ قوتابی و وانەووتنەوە بەباشی نازانێت ؟ ، یاخود مامۆستایەكی وانەبێژ بەدەرونێكی ناساز بەهۆی كەمی موچەكەی و بەهۆی ئەوەی كە هەمیشە لەبیری ئەوە دایە دەبێت رۆِژێك لەوانەبێژی لام نەدەن چۆن دەتوانێت میتۆدی هاوچەرخ پیادەبكات چۆن دەتوانێت ئاوێتە ببێت لەگەڵ قوتابیەكانی ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە هەر (25) ستانداردەكە باس لە بەرزكردنەوەی كوالێتی و پەروەردەو فێركردن دەكات ، ئایا ئەم كارە بە وانەبێژی لەو جۆرە دەكرێت ؟ . سێهەم: لە ئێستادا ڕۆڵی سەرپەرشتیاران لەناو پرۆسەی پەروەردەو فێركردن وەكو پێویست نی یە و لاواز كراوە هەم لە ڕووی ڕێكخستنەوەی میلاكات و هەم لە ڕووی سەردانەكانیان بۆ ناوەندەكانی خوێندن و هەمیش لە ڕووی كردنەوەی خول و سیمنار ، دەپرسم كاتی ئەوە نەهاتووە ڕۆڵ بۆ ئەم توێژە بگەڕێنرێتەوە كە زۆرترین بەریەك كەوتنی لەگەڵ ناوەندەكانی خوێندن هەیە تا بتوانن قەیرانەكانی پەروەردە ئەگەر بنەبڕیشی نەكەن كەمی بكەنەوە ؟ . چوارەم: ئایا دەكرێت لەناو شارەكان دەیان قوتابخانە دەیان مامۆستای زیادەیان هەبێت و لە دەرەوەی شارەكانیش دەیان قوتابخانە هەبێت بەبێ مامۆستای میلاك ؟ ئیدی كاتی ئەوە نەهاتووە پەروەردە پێداچوونەوە بەڕێكخستنەوەی میلاكاتدا بكاتەوەو میكانزمێك بدۆزێتەوە بۆ چارەسەركردنی ئەم حاڵەتە بەبێ ئەوەی ستەم لەو مامۆستایانە بكرێت كە خزمەتیان زۆرە ؟. پێنجەم: ئەم حاڵەتە ئەو وێنەیەمان لەبەرچاو ڕۆشن ناكات كە وەزارەتی پەروەردە لە ڕێكخستنی میلاكات دا پلانێكی تۆكمە و تەواوی نییە ؟ ، ئایا بەبڵاوكردنەوەی ساڵنامەی خوێندن و ڕاسپاردە كارەكە تەواو دەبێت ؟ ، یانی چۆن دەكرێت قوتابخانە هەبێت یەك مامۆستای میلاكی تیا نەبێت وانە بێژەكانیش ئەزموونێكی ئەوتۆیان نەبێت ؟ . یاخود چۆن دەكرێت بەڕێوەبردنی قوتابخانە بدرێت بە وانەبێژێك كە ئەزمونێكی ئەوتۆی نییە ، لەكاتێكدا بە پێی سیستەمی (برتش كانسڵ) بەرێوەبەر دەسەڵاتەكانی تا ئەندازەیەكی زۆر زیادی كردووە و بەرپرسە لە دەزگایەكی خوێندن بەتەواوی بەشەكانیەوە . لێرەوە پێشنیار دەكەم بۆ وەزارەتی پەروەردە تاكو زیاتر كەرتی پەروەردە بەرەو ئاقارێكی نادیار هەنگاو نەنێت و ڕووبەڕووی قەیرانی قوڵتر نەبێتەوە كار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بكات: 1. ساڵانە خولی پێویست بۆ مامۆستایان بەگشتی ومامۆستای وانە بێژ بەتایبەت بكرێتەوەو ئامادەبكرێن و پاشان ڕەوانەی ناوەندەكانی خوێندن بكرێن ، دەكرێت سود لەكاتی پشووەكان وەربگیرێت بۆ ئەم مەبەستە. 2. مامۆستایانی وانەبێژ لانی كەمی بكرێنە گرێ بەست ئەگەر داشیان نامەزرێنن هەروەها خزمەتیان بكرێت و پێبگەیەندرێن تاكو ببنە كادری پەروەردەیی چالاك و بەهێز و چیدی لە دڵە ڕاوكێدا نەمێننەوەو بە دەروونێكی تەندروستەوە بچەنە ناو پۆلەكانیان . 3. ئەو فەوزایەی كە لە میلاكی زیادە لەناوەندەكانی خوێندن بەدی دەكرێت بە تایبەت لەناوەندی قەزاكان و سەنتەری شارەكان بە میكانزمێكی گونجاو چارەسەر بكرێت و ڕەچاوی عەدالەت بكریت لەكاتی ڕێكخستنەوەیان ، ئەویش بە پێدانی بڕێك پارەی مانگانە بە ناوی هاندان بۆ ئەو مامۆستا بەڕێزانەی خزمەتی دەرەوەیان تەواوكردووەو ئامادەییان تیایە جارێكی تر لە شێوینە دوورەكان درێژە بە پیشەكەیان بدەن . 4. یەكەكانی سەرپەرشتیكردن و سەرپەشتیاران دەست واڵابكرێن كە زیاتر ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لەناو پرۆسەی خوێندن بە كردنەوەی خول و وانەی نمونەیی و سیمینارو سەردانی چڕوپڕی پێویست بەتایبەت لە بواری پسپۆریی یە جیاوازەكان ، كە ئەمەش پێویستی بە پاڵپشتی دارایی باش هەیە لە ئێستادا وەزارەت پاڵپشتیەكی دارایی ئەوتۆی نییە بۆ ئەم مەبەستە . 5. پێویستە شێوازی سەرپەرشتیكردن كەلە ئێستادا لەچوارچێوەی پرۆژەی بونیادنانی تواناكاندا (بریتش كانسڵ)كاری پێدەكرێت و بە هاوڕێی ڕەخنەگر ناسێنراوە پیاچوونەوەی بۆ بكرێت ، چونكە لەم پرۆسەیە تا ئەندازەیەك بابەتی پسپۆری و سەردانی سەرپەرشتیار وەكو پسپۆری تیایدا بوونی نییە . لەكۆتاییدا ئەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم هەرچەندە لە ئێستادا لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە هەوڵێك هەیە بۆ بەهێزكردنی مامۆستایان بەمیلاك و وانەبێژەوە لەناوەندەكانی خوێندن كە خۆی دەبینێتەوە لەوەی كۆمەڵێك مامۆستا خولیان پێ ببینرێت و ئامادە بكرێن و بكرێنە ڕاهێنەر و بنێردرێنە ناو قوتابخانەكان خول و سیمینار بە مامۆستایان بڵێنەوە لەسەر شێوازەكانی وانەووتنەوە ، لەگەڵ ئەوەی ئەمە خۆی بۆخۆی هەنگاوێكی باشە بەڵام بێ كێشە نییەو كۆمەڵێك پرسیار لەلامان دروست دەكات كە بریتیە لە: یەكەم: پێوەر چییە بۆ دەست نیشانكردنی ئەو كەسانەی كە ئەم كارەیان پێدەسپێردرێت چونكە من پرسیم لە كەسێكی پەیوەندیدار بەم كارە لەوەڵامدا ووتی پێوەری سەرەكی حەزی كەسەكەیە ، وە ووتی داواكراوە لەبڕێوەبەری پەروەردەكانی قەزا ناو بنێرن ، دەپرسم: ئایا تەنها حەزی كەسەكە دەكرێت ببێتە پێوەر؟ ، یان بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا لەسەر چ بنەمایەك ناو دەنێرێت ؟. دووەم: ئەم جۆرە كەسانە بە چ ناونیشان و عنوانێك دەنێردرێنە ناوەندەكانی خوێندن ؟ ، ئایا لەگەڵ كاری سەرپەرشتیاران جۆرێك لە ( تەزاروب )لێك كەوتن دروست ناكات ، ئەوسا رۆڵی سەرپەرشتیار چییە؟ سیهەم: ئایا تەنها شێوازەكانی وانە ووتنەوە بەسە بۆ ئەوەی مامۆستایان بەهێز بكرێن؟ ئەی پسپۆری لە كۆێی بابەتەكەدایە ؟ واتە لە دەست نیشانكردنی ئەم كاسانە تا چ ئەندازەیەك ڕەچاوی پسپۆرییە جیاوازەكان كراوە ؟
ئارام سهعید لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی هەرێمی کوردستان تەواو خرۆشاوە نەک بەمەرگی ئەو بەڵکو بە خۆخڵافاندن و گفتوگۆی هەمەلایەنەی مەسەلەی لەچک و پرۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خیزان و ئافرەت، ئالەم دۆخەدا کە جیهان سەرقاڵی کەیسەکەی ژینا ئەمینی و کاردانەوەکانیەتی لەسەر ئاستی ئیران و دونیا لەم هەرێمەی خۆمان لەباشور یاسایەکیان هێنایە پارلەمان و داوایان پێشکەشکرد بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبونەوەی پارلەمان و دۆخەکەیان خرۆشاند. لەکاتێکدا ئەوانەی یاساکەیان پێشنیارکردووە بۆ گفتوگۆو خۆیان بەنوێنەری خەڵک دەزانن خۆیان دژی وەستانەوەو بەشێوەیەک مرۆڤ لەلای تێکەڵ دەبێت کێ عیلمانییەو کێ ئیسلامییە، هەموو فراکسیۆنەکان بەیاننامە دەردەکەن و دژن، هەمویان دەڵێن نابێت یاسایەک دەربچێت دژی شەریعەت بێت، کەواتە بۆهاتە بەرباس ولێکۆڵینەوە؟ لەکاتێکدا چەندین رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی و یاساناس پێی راگەیاندون ئەو مەسەلەیە کاتی نییە. سەرەڕای ئەوەی هەرێم دەرگیری دەیان قەیرانی قووڵ و مەینەتییە... لەکاتێکدا زۆر لە سیاسییەکان دڵنەوایی خانەوادەی ژینا ئەمینی دەدەنەوەو بێدەنگن لەوهەموو ژن کوشتنەی هەرێمی کوردستان، یان بەرگری لە خاتوو ژینا دەکەن و دەسەڵاتیان هەبێت هەموو باشور دەکەن بە لەچک بەسەر. بەدیوێکی تردا بۆ پشتگیری لە ژینا ئەمینی جگە لە رۆژهەڵات تاران و شارە گەورەکانی تر خرۆشاوەو هەندێک دەیانەوێت بیکەنە دەستکەوتی کوردایەتی بێ ئاگا لەوەی ئەم هەژانەی ئێران بەتەنها لەچک نییەو تەنها کورد نییە کە خۆپیشاندان دەکات، زۆر لەوە گەورەترەو مەسەلەکە ئازادییەو دۆخی سەختی ئابوری خەڵکەو پەیوەندی بەکۆی ئێرانەوە هەیەو خاتوو ژینا بووە سیمبولی ئەو بزوتنەوەیە. ئایا لە مێژوماندا لەبەغدا خۆپیشاندانێک کراوە بۆ پشتگیری یان هاوسۆزی لە ژنێک یان پێاویکی کورد کە غەدریکی لێ کرابێت؟ خویندنەوەی دروست ئەوەیە دوور لەبانگەشەی هەڵبژاردن هەر هێزو لایەنێک بە راشکاوی بۆچونی خۆی بخاتەڕوو نەک ئەوەی بەناوی دینەوە هێرش بکەیتە سەر چالاکوانانی ژنان و جوڵانەوەکەی ئێران بە دژی ئیسلام لەقەڵەمی بەیت و لەولاشەوە فرمیسک بۆ ژینا خانم بڕێژیت، یان بەناوی عیلمانیەتەوە بەرگری سەرسەختانە بکەیت لە بۆچونی ئیسلامییەکان و لەژێرەوە دژی راو بۆچونەکانیان بیت، بۆئەوەی دروست لەو دۆخە تێبگەین دەبێت چیتر سیاسییەکان درۆ نەکەن و ئەوەی بڕواو بۆچونیانە راشکاوانە بیڵێن. ئەوەش لەئێستادا مەحاڵە چونکە وتنی حەقیقەت لە سیاسەتدا گەلێک سەختە..
فارس نەورۆڵی نەتەوەی داگیرکراو بە بچوکترین جوڵەی داگیرکەرەکەی دەلەرزێ و هەمیشە لەبارە بۆ ترازان و ئاشوبی ناوخۆ، ئەوکاتەی ئینگلیزەکان هیندستانیان داگیر کردبوو هەرکات بیان ویستایە هیندیەکان بە کێشەی ناوخۆ سەرقاڵکەن، لەڕێی جیاوازییە ئاینیەکانەوە بەیەکیدا دەدان. بۆ نمونە گایەکیان دەکوشت و بە گاپەرستەکانیان دەوت: ئەوە کەسەکانی فڵان ئاین کوشتویەتی ئیتر ئەمە بەس بوو بۆ ئەوەی چەند ساڵێک توشی گرفتاری ناوخۆیان بکات. چەند رۆژێکە لە رێگای میدیاکانەوە کۆمەڵگایان سەرقاڵ کردووە بە کێشەی (ژووری نوستن و سەرپۆشی ئافرەتان) سەبارەت بە لەچککردن یا نەکردن، ئەوە پەیوەستە بە ئازادی هەر ئافرەتێکەوە هەرچۆن ئەوەی سەرپۆش یان لەچک دەپۆشێ ئازاد نیە لەوەی سوکایەتی بە کەسێک بکات، کە لەچک ناکات. لە هەمانکاتدا کەسێک لەچک ناکات بۆی نیە سوکایەتی بە لەچک بکات. چونکە هەر یەکێکیان هەتا ئەو جێگایە ئازادە، کە ئازادی ئەوی دیکە پێشێل نەکات هەتا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە ژووری نوستنەکانەوە هەیە. من ئەو یاسایەم نەخوێندۆتەوە بۆیە قسەم لەسەری نیە، بەڵام بە تێگەیشتنی من لە کۆمەڵگای کوردستان سایکۆلۆجیای تاکەکان، هەریەک لەژن و پیاو ئەگەر کێشەی ژووری نوستنیان بردە دەرەوە و خەڵکی دیکە پێی زانین، ئەوە لە هەڵوەشانەوە نزیک دەبنەوە. ئەوەی پێویستە بوترێ ئەوەیە ئێمە بە دەم دەیان دەردەوە گیرۆدە بوین، کەچی رامان دەکێشن بۆ کێشەیەک بۆ ئەوەی لە کێشە گەورەکان دورمانخەنەوە و بیرنەکەینەوە بۆ چارەسەری. لە کاتێکدا ئێمە فەرهەنگمان پەروەردەمان، زمانمان و ئابوریمان لەژێر هەڕەشەدایە و نادادی گشتی خواردوینی، لە کاتێکدا لەسەرو بەندی ساڵیادی ریفراندۆم داین رامان دەکێشن بۆ ژووری نوستن و ختوکەدانی جیاوازی ئاینی بۆ ئەوەی هەتا بێ دنیای ئێمە لە یەکتر دووردەکەوێتە. من لەتەک ئازادی مرۆڤەکاندام بێ جیاوازی رەگەز و ئاین، بەڵام هێنانی هەندێ چەمک لە کۆمەڵگایەکی دیکەوە بۆ کۆمەڵگای ئێمە، هیچ رۆشنایی ناخاتە سەر تاریکییەکان، بەڵکو لەبری ئارامی کۆمەڵایەتی، ئاشوبی حەشامات دروست دەکات. چونکە هەندێ کۆدی کۆمەڵایەتی هەیە بە هەراو هۆسە ناکرێتەوە بەڵکو پێویستی بە کات و بە هۆشیارییە.
مەریوان وریا قانع مرۆڤ بۆئەوەی کەسێکی باش و بەڕەوشت بێت، مەرجنییە کەسێکی دینیی بێت. مرۆڤ دەتوانێت بەئەخلاق و باش و سودبەخشبێت، ھەم بۆ خۆی و ھەم بۆ دەوروبەر و کۆمەڵگاکەی، بەڵام دینیی نەبێت، یاخود دین ئاراستەکەری نەبێت، یان تێگەیشتنی بۆ خۆی و بۆ دونیا لە دینەوە نەھاتبێت. وەکچۆن مەرجنییە دین مرۆڤ لە کار و کردەوەی خراپ و زیانبەخش بپارێزێت. ئەزمونی تاڵەبان و داعش و ئەلقاعیدە، ئەزمونی ئێرانی خومەینیی و سعودیەی وەھابییەکان و سودانی ئیخوانی موسلیمین، سونیزمی تورکیای ئەردۆگان، ھەموویان، نە سیستمی سیاسیی و پەروەردەیی و ئەخلاقیی باشبوون و باشن، نە ڕێزیان لە مرۆڤ و مافە ھەرە سەرەتایی و سادەکانی گرتوە و دەگرن. لە ئاستی تاکەکەسیشدا چەندەھا کەسایەتی دینیی ساختەچیی و فێڵکەر و دەستبڕ و ناپاک ھەبووە و ھەن. دابەشکردنی مرۆڤەکان بۆ مرۆڤی دینیی باش و مرۆڤی بێدینی خراپ، دابەشکردنێکی دوولایەنەی ھەڵە و ناڕاست و نائەخلاقییە. ڕەچەتەی وێرانکردنی بوونی ھەمەجۆر و ھەمەڕەنگ و جیاوازی مرۆڤە لە جیھاندا. دەشێت مرۆڤ لە ژیانیدا پێویستی بە دین نەبێت، بەڵام ناتوانێت پێویستیی بە کۆمەڵێک پرنسیپی ئینسانیی و ئەخلاقیی نەبێت، کە وای لێبکەن ئازاری خۆی و ئازاری دەوروبەر و ئازاری کۆمەڵگاکەی، نەدات. ھەموو کەسێک پێویستیی بە لانیکەمی پرنسیپپی ئەخلاقیی ھەیە کە ڕێگەدەگرێت لەوەی ببێت بە بوونەوەرێکی جنێوفرۆش و جەردە و گەندەڵ و توندوتیژ و ترسناک و نائینسانی. ئەم لانیکەمە دەشێت دین دەستەبەری بکات، وەکچۆن دەشێت بیرکردنەوەی دەرەوەی دین دروستکەریبێت. ھاوکات ھەم دین دەشێت سەرچاوەی سوکایەتیکردن و بێنرخکردنی مرۆڤ بێت، ھەم فیکرێک لە دەرەوەی دین و دژی دینیش. دینداریی ڕەچەتەی مرۆڤبوونێکی سەرڕاست و ئینسانیی و ئەخلاقیی نییە، وەکچۆن بێدینیی و دژەدین و نادینیش ڕەچەتەی ھەمانشت نییە. ئینسان بۆئەوەی ببێت بە ئینسان و وەک ئینسان ماڵەی خۆی و ئەوانیتر بکات، پێویستی بە کۆمەڵێک پرنسیپی ئەخلاقیی و ئیشکردنێکی بەردەوام لەسەر کەسایەتی خۆی ھەیە. بوون بە ئینسان کارێکی زەحمەتە و جنێوفرۆشیی و ھەڕەشە و دەنگەدەنگ و قیژەقیژ و سوکایەتیکردن و بێماف و بێئازادیکردن، چ بە ناوی دین و دیندارییەوە، چ بەناوی نادین و دژەدینەوە، دروستیناکات. بوون بە ئینسان پێویستی بە داھێنانێکی بەردەوامی کەسایەتیی و رەنجکێشانێکی گەورە و ماندوبونێکی ڕۆژانەی ئینسانییانە، ھەیە. ئەو ھەراو ھۆریا دینییەی ئەمڕۆکە لە کوردستاندا دەیبیستین، تەواو ناکۆکە بەو لانیکەمەی ئەخلاقیات کە مرۆڤ دەکات بە مرۆڤێکی خەمخۆر و چاکەکار و بەرپرسیار، مرۆڤیش بانگدەکات بۆ مرۆڤبوونێکی گرێدراو بە ڕێز و بە یەکتری قبووڵکردن و بە پێکەوەبوونێکی ئازاد و مانادارەوە.
پەیمان عیزەدین پێشتر سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق ، جگە لە بەشێکی سودمەندی عەرەبی سونە ، بەدەست ڕژێمێکی دیکتاتۆرەوە گیرمان خواردبوو . بەڵام دوای تێپەڕینی کات و بینینی ڕژێمی خراپتر ،نزیکەی زۆربەی پێکهاتەکانی گەلی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بۆ گاڵتەش بێ وتویانە ڕەحمەت لە کفن دز . ئێستا و دوای تێپەڕینی زیاتر لە سی ساڵ حکومڕانی پارتی و یەکێتی و بەر لە کۆتایی هاتنی حکومڕانیان هەندێ جار و لە هەندێ پێشهاتدا، ئینسان ئەترسێ هەمان ئەزمون دوبارە بێتەوە . لەم چەند ساڵەی دواییدا و لە گەلێک بۆنەی جیاجیادا ئەوە بەڕونی دەرکەوتوە کە ڕاستە بەرەی دژە حوکمڕانی پارتی و یەکێتی لە ڕەتکردنەوەی دیکتاتۆریەت و سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازیدا کۆک و یەک دەنگن ، بەڵام لە زۆر بابەتی گرنگ و هەستیاردا جیاوازیان نێوانی ئاسمان و ڕێسمانە. لای بەشێکی دیار و ناسراوی بەرەی ناڕازی مەبەست لە ئازادی ، تەنیا ئازادی سیاسیە و ئەو یەکسانیەی بیریشی لێئەکەنەوە لەنێوان پیاو و پیاودایە ، ژن و مافەکانی ، یەکسانی ڕەگەزیی لای ئەوان لەدەرەوەی قانون و دەوڵەتدایە . بیرکردنەوەی زاڵ لای ئەوان گەنج تەنیا بەکوڕ ئەبینێ و مافی کارکردن و چونە دەرەوە بۆ ئەوانە ، پیاو خاوەن و بڕیاربەدەستی خێزانە و بەدڵنیاییەوە گەر دەسەڵاتی حکومڕانیان هەبێت ، کوردستان لەسەر ستایلی ئەفغانستان ئەبێت و ژنانی کوردیش لە ژنانی موسلی سەردەمی داعش و هەورامانی سەردەمی جوندولئیسلام باشتر نابن . بۆیە هەق وایە وردتر ، باشتر لە ڕیزی ئۆپۆزسیۆن بڕوانین و هەموو ئەوانەی ئازادیخوازن و بەیەک پاکێج دژی سەرکوتکردنی ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینیەکانن بەشدارنەبن لە ئاڕاستەیەک کە سەد جار ئاوات بە حکومڕانی پارتی و یەکێتی بخوازین. حکومڕانی ئێستای هەرێمی کوردستان ،بەهەموو گەندەڵی و نایەکسانی و پێشێلکاریە یاساییەکانیەوەم زۆر لاباشترە لە حکومڕانیەکی ئێرانیانە کە سەرباری گەندەڵی و ناعەدالەتیەکان ، ئازادی کەسیی و تایبەتتر ئازادی ژنان تیایدا خنکاوە
د. نیاز نەجمەدین کۆمەڵگەی ئێمە بەدەست هەرچی جۆرە شەڕ و ناتەباییەکەوە هەیە دەناڵێنێت (شەڕی حزبایەتیی، تەکەتولی ناو حزب، ناوچەگەریی، شارچێتیی، ژن و پیاو، ژن و ژن...هتد), کێ بەهێزتر بوو (نەوەک باشتر و زیرەکتر بوو)، زیاتری بەردەکەوێت. پێناسەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بۆ مرۆڤی باش و خراپ هێندە تەقلیدیی و سادەن دەگاتە ئەو شوێنەی جللەبەرکردن بکات بە پێوەر و بە سیمبول. ئێستا کە قسە لەسەر دروشمی (ژن، ژیان، ئازادییە)، ئێمە تەنانەت لە تێڕوانینماندا بۆ وشەی یەکەم (واتە ژن) نەوەک بە رێژەیی تەبا نین، بەڵکو لەسەر جلوبەرگی ژنیش دەبێت بە شەڕمان. لەم نێوەندەدا، ژن بە دەیان شێوە لە دەرفەتەکانی ژیان بێ بەش دەکرێت. هەندێکمان رای وایە ژنی پەچەدار ژنێکە دوای خورافە کەوتووە و دیلکراوە. هەرچی کچی موحاجەبەی وڵاتی ئێمە هەیە بیسوتێنن قسەیەکی نییە و هەست بە ئازاریان ناکات، ئەوە نابینێت کە لە خوێندندا هەندێک لە مامۆستا مولحید و لیبڕاڵەكانیان بەراورد بە کچی سفور مامەڵەی جیاوازی لەگەڵ دەکەن، لە شوێنی کاردا خاوەنکارەکەی ئامادە نییە پۆستێک و موچەیەکی باشتری بۆ دابین بکات...هتد. هەندێکیشمان رای وایە پەچەفڕێدان سوککردنی ژنە. کچی سفور ئیشی نییە بەڕەڵایی نەبێت، ئاسانە و کەی ویستت دەستی پێ گەرم دەکەیتەوە، بونەوەرێکە بۆ سەرنجڕاکێشان و راوکردنی پیاوان خۆی روت دەکاتەوە. ئەمانیش بە دەست هەندێک لە مامۆستا باوەڕدارەکانیانەوە دەناڵێنن کاتێک هەمان مامەڵەی کچی پەچەداریان لەگەڵ ناکەن، هاوڕێکانیان دەیانبوغزێنن و وەک مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی سەیریان دەکەن. بەکورتیی، کچی سفور کەوتۆتە نێوان بەرداشی هێزە ئیسلامییەکان و پیاوانی چڵێسەوە. یەکەمیان پڕی کردووە لە ترس و دەیەوێت سەرکوتی بکات، دووەمیان لە روکەشدا مۆدێرن دەردەکەوێت، بەڵام پڕە لە هەوەسبازیی و پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ژن بەوەوە دەبەستێتەوە کە چەند دەستی بە جەستەی دەگات. ناتەبایی و نایەکسانیی لەم ئاستە بەرزەدا بە کوێمان دەگەیەنێت؟ ژیانمان وێران دەکات، وایان کردووە وزەمان لەسەر شتی پڕوپوچ بڕوات و کورد تەنانەت ئەفلام کارتۆنیشی بۆ بەرهەمناهێنرێت. ئیشی خەڵکی ئازادیخواز و ژیاندۆست دژبوونە بەم جۆرە ناتەبایی و نایەکسانیانە، بە هەموو ئەو سیمبولانەوە لە چواردەوری ئێمە وەک کێڵگەی مین چێنراون و دانە دانە پیاماندا دەتەقنەوە. ئیشی خەڵکی ئازادیخواز تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەیە کە بەوەوە نەوەستاوە پێناسەی مرۆڤی باش و خراپ بەوە بکات منداڵی کامە شێخ و کامە سەرۆک خێڵە، بەڵکو بەوەش کە چ جلێکی لەبەردایە و ئەوەش دەکات بە پێوەرێک لە دابەشکردنی دەرفەتە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکاندا.
گۆران هەڵەبجەیی {دەسەڵاتدارانی ئێران لە ترۆپکی ئیرهابدان}،نبیل حیدری نووسەری تایبەت بە دۆخی ئێران. ئەوەی لەکن چاودێرانی سیاسی و کەسانی موتابعی ڕەوشی ئێران و تەنانەت کەسانی ئاسایی ڕوونە ،ئەوەیە کە ڕژێمی ئاخوندەکانی ئێران لەو دەمەی دەسەڵاتیان گرتوەتەدەست[ ١٩٧٩]،تا ڕۆژی ئیمڕۆ لە ڕێگەی زەبروزەنگەوە درێژەیان بەتەمەنی دەسەڵاتەکەیان داوە ،بەجۆرێک کووشتن و سەرکووتکردن و سڕینەوەی نەیاران کۆڵەکەی ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەیان بووە. ئاشکرایە ئەم دەسەڵاتە بۆ ساتێکیش دەستبەرداری ئیرهاب نەبووە و نابێت. ماهیەت و سرووشتی دەسەڵاتدارانی ئێران شتێک نیە جێگەی گومان و مشومڕبێت،ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دڕندەیی و سادیەتی مەلاکانی ئێران زەقتردەبنەوە.کوورت و پووخت ڕژێمێکە دەکەوێتە خانەی ،دژە دیموکرسیەت،دژە ئینسانیەت،دژە فرەبۆچوون و ڕا ،دژە نەتەوەو ئەتنیک ،دژە مافی مێینە و دژە ژیانی مەدەنیەت بەهەموو ڕەهەندەکانیەوە واتە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر وڕەفتار فاشییە. لە حاڵەتێکی ئەوهادا گرنگەو زۆریش گرنگە دیدو بۆچوونی چینێکی سیاسی سەرچڵ و خاوەن مێژووی تێکۆشانی سەخت ،دەربارەی ئەو ڕژێمە بزانرێت کە ئەویش دەسەڵات وحیزب و لایەن و تاکی چەپ و کۆمۆنیستەکانە. هەڵوێستێک کە بەخاڵێکی سەلبی و هاوکات ڕەخنە لەسەر زۆرێک لە دەسەڵات و حیزب و ڕەوت و کەسایەتیە چەپەکانی جیهان بە عەرەب و {کوردیشەوە }هەژمار دەکرێت،پشتگیری کوێرانەیانە لە ڕژێمی ئێران،ئەمانە نالۆژیکیانە داکۆکی لە ڕژێمی ئێران دەکەن و هەڵوێستی نادرووست و دوور لە واقیع وەردەگرن. پاساوی گەورەیان بۆ ئەم هەڵوێستەیان ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران دژی ئەمریکا و ئیسرائیلە،یاخود بەلۆژیکی[دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە] کاردەکەن. بابزانین بەڕاست ئێران دژی ئیسرایئل و ئەمریکایە یا تەنها دروشمێکی فریودەرو بێ ناوەڕۆکە.؟ ئاشکرایە سیاسەت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دامەزراوە و هەر ئەوەش داینەمۆی بزواندنیەتی. کەواتە ئێرانیش لەسەر ئەم بنەمایە کاردەکات ،نەک لەسەر بنەمای ئاین و مەزهەب .لەحاڵەتێکی ئەوهادا دەکرێ و ڕوویداوە ئاین و مەزهەب کراونەتە قوربانی بەرژەوەندی گشتی. بۆنمونە دەسەڵاتدارانی ئێرانی ئیسلامی شیعە مەزهەب ، لەکاتی جەنگی [٨] ساڵەیاندا لەگەڵ ڕژێمی سەدام ،چەکیان لەڕێگەی لایەنی [سێیەمەوە] دەکڕی،لە نێوانیاندا چەکی ئیسرائیلی و ئەمریکی، کاربەدەستانی چەککڕی ئێرانی چاک دەیانزانی ئەوچەکانە ئیسرائیلین یاخود هی {شەیتانی گەورەن}. هەموومان {ئێران کۆنترای} سەردەمی ڕێگانمان لەیادە کە لەڕێگەی ملیاردێری سعودیەوە عەدنان خاچەقچی بەنرخی چەند ملیارێک دۆلار چەکی ئەمریکی فرۆشت بە ئێران. هەرلەو دەمەدا ئەمریکا بۆ بەرژەوەندی خۆی لەڕێگەی [مانگە دەستکردەکانەوە] زانیاری سەربازی دەدا بەهەردوو لا،هیچ لایەکیشیان ئەو زانیاریانەیان ڕەتنەدەکردەوە. خومەینی بەردەوام بەدرووشمی قەبەو بێ ناوەڕۆکی [نەڕۆژئاوایی و نەڕۆژهەڵاتی ] دەیویست خەڵکی ساویلکە هەڵبخڵەتێنێت ،کەچی لەدەمی جەنگی هەشت ساڵەدا ،ئەو درووشمەی وەلاناو وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ،چەک و کەرەستەی جەنگی لە وڵاتانی هەردوو بەرەکە دەکڕی و نەوتیشی بەهەردوولا دەفرۆشت. دڵنیام هەمان ڕژێم ژێر بەژێر پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەبووەو هەیە کە بەدژو نەیاریان دەزانێت ،[یەکێک لە وەزیرەکانی دەرەوەی ئەمریکا بەر لە دەساڵێک ئەو نهێنیەی درکان]کە پەیوەندی ژێربەژێریان لەگەڵ ئێران هەبووە،بەداخەوە ناوی ئەو وەزیرەم لەیاد نەماوە. کەواتە ئێستا بۆمان ڕوونبوویەوە کە ڕژێمی ئێران دوژمنی ئەمریکاو ئێران نەبووەو نیە ،درووشمەکانیشی لەو بارەوە تەنها بۆ فریودان بووە. دەربارەی هاوکاریەکانی ڕژێمی ئێران بۆ لایەن و وڵات و بزافە ئیسلامیەکان ،ئەوەش مەغزاو مەبەستی تایبەتی لە پشتە ،ئەوەی لەم بوارەدا بەلایانەوە گرنگ نیە ئاین و مەزهەبە. هەموو دەزانین کە لەدوای کووشتنی حسین کوڕی علی ابی گالب لەلایەن زید بن معاویەوە لەساڵی[٦١] ی کۆچیەوە تا ئێستا خوێن لە نێوان ئەو دوو مەزهەبەدا حکوم دەکات و یەکتر ڕەتدەکەنەوە و جۆرەها سفەتی ناشیرین دەخەنە پاڵ یەکتر،کەچی مەلاکانی ئێران پەیوەندیەکی تووندوتۆڵ و باشیان لەگەڵ زۆرێک لە گەڵ بزاف و حیزبە ئیسلامیە سوونەمەزهەبانەدا هەیە،لە نێویاندا هەن کەهەرگیز دان بە ئیسلامیەتی شیعەدا نانێن و تەنها سوونە بەمیراتگری ئیسلام دەزانن. ئێران بە پارە و چەک یارمەتی زۆر هێزولایەن دەدات کە هیچ شتێک کۆیانناکاتەوە جگە لەبەرژەوەندی ،بەنمونەی حماس و جیهادی فەلەستینی و [تالیبانی ئەفغانستان لە سەردەمێکدا] و حیزبی «الجماعە الإسلامیە» باكستانی تووندڕەو. یاخود لە تەنگەژەو جەنگی نێوان ئەرمینیاو ئازربایجاندا ،ئێران لایەنی ئەرمینیای گرت،کەدەبوو بەپێچەوانەوەبوایە چونکە ئازربایجان وڵاتێکی شیعە مەزهەبە. دیارە مەبەست لەم پەیوەندیانە دووسەرەیە ،یەک ئەوەیە تا لایەنە هاوکاریکراوەکان دژ بەبەرژەوەندی و ناوەندو کەسایەتیەکانی ئێرانی چالاکی ئەنجام نەدەن،دووەم هەوڵدان بۆ جێگیربوون و درووستکردنی پێگەیەک بۆ خۆیان لەو دەڤەرانەی ئەو حیزب و بزافانە باڵادەستن تێیدا.. ئەوەی دەزانین لە ئێستادا ئێران کەم تازۆر کۆنترۆڵی لوبنان لەڕێگەی حیزب للەوە،یەمەن لەڕێگەی حوپیەکانەوە، عێراق لە ڕێگەی حیزبە شیعەکانەوە،سوریا لە ڕێگەی ئیتڵاعات و گرووپە چەکدارەکانەوە دەکات.ئەم کارانە هەرگیز ناچنە خانەی بڵاوکردنەوەی مەزهەبی شیعە ،بەڵکو وەک پێشتر ئاماژەم پێدا مەسەلەکە بەهێزکردنی پێگەی خۆیانە دوور لە مەزهەب و ئاین. بۆپاراستی خودی خۆیان ئاخوندەکانی ئێران لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تا ئێستا لە هەرشوێنێک ناڕەزاییەک چ وەک تاک چ وەک حیزب و نەتەوە و لایەن ،سەری هەڵیدابێت ،ئەوە بەدڕندانەترین شێوە سەرکووت کراوە،ئەم ئیرهابەی دەسەڵاتی ئێران سنوورەکانی وڵاتی بەزاند و زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی گرتەوە ،بۆ نمونە لە هەندەران کەم حیزب و کەسایەتی سیاسی و سکرتێری حیزبە کوردیەکان هەن دەستی ئیرهابی ئێرانی پێنەگەشتبێت. لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا،نەمسا ،فەرەنسا، هوڵەندە،سوید ،دانمارک ،تورکیا ئەندامانی حیزبە ئۆپۆزشیۆنەکان ونەیارانی ڕژێمی ئێران تەرۆرکراون یا بریندار کراون یا هەوڵی ڕفاندیان دراوە .لەباشووریش تا ئێستا پتر لە ٦٠٠ تێکۆشەری کوردی سەربە حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات بەدەستی ئیتلاعات کووژراون. هەر ڕژێمێک ڕێز لە هاوڵاتیانی خۆی نەگرێت ، پانتاییەک بۆ ئازادی و دیموکراتی مەیسەر نەکات ،پێویستیە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان دابین نەکات،لە جیهاندا بێزراو و نامەرغوب نەبێت،کەواتە ئەو ڕژێمە کە مەبەست لێی ئێرانە هەرچیبێت و هەرچ ناوێک لەخۆی بنێت ،ناتوانێت ببێتە نوێنەری ڕاستی گەلێکی ستەم لێکراو ،هاوکات ناکرێت خەسڵەتی دژە ئەمریکاو ئیسرائیلیش هەڵبگرێت ،چونکە ئەو ڕژێمە زۆر دوورە لەو ئەرکەوە. تا ئێستایشی لەگەڵدابێت دژایەتی ئێران بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل لە واقیعی عەمەلیدا بەرجەستە نەبووە، بەجۆرێک زیانی مەزنی پێ گەیاندبن ،یاخود لە ڕۆژهەڵاتی نێویندا جێگەو پێگەیان لەقبووبێت. بۆئەوەی باشتر و ڕوونتر ماهیەتی دەسەڵاتدارانی ئێران بزانین ،چەند پرسیارێک ئاراستەی ئەو حیزب و لایەن و تاکە کەسانە دەکەم بە خۆشمانەوە کە لەخانەی چەپ،ئازادیخواز ،ئینساندۆست،دیموکراتیخواز،کۆمۆنیست خۆیان دەبیننەوە ،ئەوجا دەردەکەوێت کەئایا هەڵەیەکی سیاسی مەزن لە هەڵوێستی ئەو حیزب و دەسەڵات و لایەن و کەسانەدا نیە کەداکۆکی لەو ڕژێمە دەکەن ؟ + دەکرێ و درووستە کەسێکی چەپ یا کۆمۆنیست داکۆکی لە ڕژێمێک بکات کەبەدڕندەترین شێوە چەپ،کۆمۆنیست،ئازادیخوازان سەرکووتدەکات و گوللەبارانیان دەکات، بەتایبەی ئەندام و سەرکردەکانی تودەو فیدائیان و لایەنەچەپەکانی دیکە کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان سپارد یا پاکانەیان لێوەرگیرا و پاشان لەسەر تەلەفزیۆن سوکایەتیان پێکرا؟ تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئەندامبوون لەو حیزبانەدا سزای تووندی لەسەرە. + دەکرێ و ڕەوایە لایەنێک یا کەسێکی تینوی ئازادی و مافی مرۆڤ ،لایەنگری دەسەڵاتێک بێت کە هەناسەیەکی ئازادی و دیموکراتی لە وڵاتەکەدا بوونی نیە؟ +ئایا ئاساییە داکۆکیکارانی دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی مەدەنیانەی بێ فشارو سەرکووتکردن، هەوداری دەسەڵاتێک بن کە خۆپیشاندانەکانی خەڵک کە بۆ نان و کارو ئازادی ئەنجام دەدرێن، بەدڕندانەترین شێوە سەرکووت بکەن ،هاوکات دەسەڵاتدارانی سەرکووتکەر، شانازی بەژمارەی زۆری کوژراوە خۆپیشاندەرەکان بکەن؟ +ڕەوایە حیزبێک یاخود کەسێکی چەپ کە بڕوای بە ماف و سەربەستی و سەربەخۆیی گەلان هەیەو خەباتی لەپێناودا کردووە ، هاوکات دژ بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی دەنگی دلێربێت، بەڵام بێباک بێت لە ئاست کردەوەی نامرۆڤانەی ڕژێمێکی وەک ئێران کە بە ڕژێمێکی دژە میللەتان ناسرابێت؟ ئەو ڕژێمەی لەبری مەیسەرکردنی بڕێکی کەمی داخوازیەکانی نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتەکەی لە کورد،بلوج،ئازەر،عەرەب، و نەتەوەکانی دیکە ،بە بێ بەزەییانە سەرکووتیان بکات و بیانچەوسێنێتەوە ،وە ئەندامی چالاک و سەرکردەکانیان لە دەرەوە تەرۆربکات ؟تا ئاستی ئەوەی ڕێگەنەدات کەسانی سەربەو نەتەوانە تەنانەت منداڵەکانیان بەخواستی خۆیان ناوبنێن؟ + منێک ئاواتەخوازی فرەدەنگی و فرەنگی بم و بخوازم هەموو بیروبۆچوونێک لەگۆڕەپانەکەدا مافی خۆ نمایش کردنی هەبێت ،بەڵام چاو لە ئاست تاوانەکانی ڕژێمی ئێرانی سەرکووتکەر دابخەم یاخود پاساوی لاوازی بۆ بهێنمەوە، کە ڕێگە بەهیچ بۆچوون و ڕایەکی جیاواز نەدات ،تەنانەت گەر لەڕەحمی ڕژێمەکەشەوە هاتبێتەدەر بەنمونەی [حسین مووسەوی] کەتا ئێستاش لەماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرە؟ + ئەمە چ ڕژێمێکە چەندین ملیۆن لەدانیشتوانەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدابن ،گرانی و بێکاری تەنگی پێهەڵچنیون ،کەچی ساڵانە ملیارات دۆلار لەدەمی خەڵکەکەی دەدزێت وەک هاوکاری دارایی یا وەک کڕینی چەک دەیبەخشێتە حیزب اللە و بزافی ئەمەل و حماس و جیهاد و ئیخوانەکانی میسرو بزافە ئیسلامیە ئیرهابیەکانی جیهان؟ + من کە داکۆکیکاربم لە مافی مێینەو ئومێدم ئەوەبێت بە ئازادی مومارەسەی ژیانی خۆیان بکەن،ئیدی چۆن قەبوڵبکەم خانمێک بەهۆی دەرکەوتنی چەند تاڵە قژێکی پرچی، تامردن ئەشکەنجە بدرێت؟ +بەهەموو پێوەرێک ڕژێمی ئاخوندەی ئێران ڕژێمێکی چەوسێنەر،سەرکووتکەر، دژبە ئینسانەو هەموو بەهایەکی ئەخلاقی لەدەستداوە،بۆیە دژایەتی کردنی ئەرکی سەرجەم ئەو وڵات و دەسەڵات و حیزبانەیە کە مافی مرۆڤ بەلایانەوە گرنگە،هاوکات ئەرکی ئەخلاقی هەموو تاکێکی ئازایخواز،مرۆڤدۆست،دیموکرات خواز،چەپ، کۆمۆنیست، ئەتایستە کە ئەم دەسەڵاتە ڕسوابکات،هاوکات پێویستە ئەو تێڕوانینە چەوتە ڕاستبکرێتەوە.
مەریوان وریا قانع لە دونیای ئێمەدا لەشی ژن، موڵکیەتێکی گشتییە، موڵکی نەتەوە و کۆمەڵگا و خێڵ، و خێزان و بنەماڵەیە، وەکچۆن موڵکی دین و دیدگا ئەخلاقیی و ئایدیۆلۆژیاکانە. لەشی ژن موڵکی ھەموو ئە شتانەیە بەیکەوە و بەتەنھا، تەنھا موڵکی خاوەنە ڕاستەقینەکەی، کە ژن خۆیەتی، نییە. لەشی ژن لەشێکی تەئمیم کراوە. ھەموو ئەو لایەنانەی ناومبردن ئەم لەشەیان بە خۆماڵیی و تەئمیمکردوە. ئەوەی لە ھەموو ئەو دۆخانەدا دەرکراوەتەوە دەرەوە، خاوەنە ڕاستەقینەکەی ئەو لەشەیە، کە ژنان خۆیانن. کردنی لەشی ژن بە موڵکی ھەموو ئەو لایەنانە دوو دەرەنجامی سەرەکیی لێدەکەوێتەوە. یەکەمیان، مامەڵەکردنی ھەموو ئەو لایەنانەیە بۆ ئەو لەشە بە موڵککراوە بەشێوەی ئەمر پێکردن و سنووربۆدانان و ئاراستەکردن، ئەوان خاوەن موڵکن و ئەمر بەسەر موڵکەکەیاندا دەکەن، ئەوەی حەزی پێدەکەن بەسەریدا دەسەپێنن. واتە ھەموو ئەمانە بە زمانێک لەگەڵ ئەو لەشەدا ئەدوێن کە ڕێزمان و یاساکانی ئەمرکردنێکی قابیلی ڕەتنەکردنەوە دایڕشتوە. ئەو ئەمرانەش دەستنیشانی شێوازیی بوون و ئامادەگیی و دەرکەوتنی ئەو لەشە دەکات، واتە دەیکاتە لەشێکی ئەمرپێکراو و ئاراستەکراو و سنووربۆدانراو. دووھەمیان، سەندنەوەی ھەموو توانایەکی ھەڵبژاردنی سەربەخۆ و نیمچەسەربەخۆ لەو لەشە، ئەمەش کردەیەکی بەردەوامی بێھەڵبژاردەکردن و لەھەڵبژارخستنی ئەو لەشەیە. ئەم دوو دۆخە وادەکەن لەشی ژن بە شێوەیەکی بەردەوام لە ژێر سانسۆری ھەموو ئەو لایەنانەدا بێت کە ھەم ئەمری پێدەکەن و ھەم توانای سەربەخۆبوون و ھەڵبژاردنی لێدەسەننەوە. ھەرجارە و سانسۆری لایەنێکیان یان چەند لایەنێکیان بەیەکەوە زاڵبن و ئەو لەشە بە ئەمر و نەھی و حەڵاڵ و حەرامەکانی خۆیان مەحکومبکەن. کە لەزۆربەی ھەرەزۆری دۆخەکاندا پیاو نوێنەرایەتیی ڕەگەزەکانی ئەو سانسۆرە ھەمەلایەنە دەکات و بەناویانە ئەمرەکانی دەردەکات. ئەوەی ئێستا لە ئێراندا دەیبینین بەگژاچوونەوەی ژنان و ئەو بەشەی کۆمەڵگایە کە لەدەرەوەی سانسۆرەکانی ئەو لایانانەدا بیردەکاتەوە و دونیا دەبینێت. بەگژاچوونەیان بەڕووی ئەو دۆخەدا کە دین و ئایدیۆلۆژیا و ئەخلاقیاتی باڵادەست دروستیانکردوە. واتە ئەو دۆخی داگیرکردنەی لەش لەلایەن دین و ئایدیۆلۆژیا و ئەخلاقیی پیاوە دەسەڵاتدارەکان و لەلایەن نەتەوە و کۆمەڵگا و خێڵ و بنەماڵە و خێزانەوە، دروستکراوە. ئەو دۆخەی لەم ساتەدا ھەم لە کوردستان و ھەم لە ئێراندا لەئارادایە، ئەو دۆخەیە کە لینین ناوی ”دۆخێکی شۆڕشگێڕانە“ی لێدەنێت بەڵام بە بێ ئەگەری گۆڕانی بۆ شۆڕش، لانیکەم تا ئەم ساتەی ئێستاشمان. دۆخێک تیایدا یاخیبوونێکی گەورە ھەیە، بەڵام بکەری گەیاندنی ئەو یاخیبوونە بە ئەنجامێکی شۆڕشگێڕانە لەئارادا نییە. ئەوەی ئەمڕۆ ڕووئەدات بەگژاچوونەوەی لەشە بەڕووی ھەموو ئەو شتانەدا کە کۆنترۆڵی دەکەن، بەگژ دین و ئەخلاق و ئایدیۆلۆژیادا کە ئەرکی سەرەکییان گۆڕاوە بۆ دیسپلین و لە لەشخستنی لەشی ژنان. ھەر لە ئێستاشەوە سەرجەمی ئەو ھێزانەی ئەم دۆخە نائینسانییە گەورەیەیان بۆ لە لەشخستنی لەشەکان دروستکردوە، ھاتونەتە قسە، وەک ھەمیشە جنێو و زمان پیس. ئەمیان یاخیبوون و توڕەبوونەکان بە ”تۆڵەی قەحبە لە حیجاب“ ناویدەبات و ئەویتریان بە ”پەلاماردان و سوکایەتیکردن بە موقەدەساتی خەڵک“، سێھەمیان بە ”ھێرش بۆسەر شەریعەت و ئیسلام“. ئەم تۆمەتانە، وەک چەندانجار لە واقیعدا بەچاوی خۆمان بینیومانە، دەشێت لە قسە و زمانێکی ئیھانەکەرەوە بگەڕێن بۆ کردار، کردارێک دەتوانێت تا ئاستی کوشتن و ڕەجمکردن بڕوات.
چۆمان ھەردی من فێمینیستم! دوژمنی پیاو نیم بەڵکو دوژمنی سیستەمی پیاوسالاریم کە ئیمتیازو ماف و ئازادی زیاتر بە پیاو دەدات و پیاوە توندوتیژو چەوسێنەرەکان دەپارێزێت بەڵام لەھەمان کاتیشدا پیاو بار دەکات بەکۆمەڵێک بەرپرسیارێتی و ڕێی پێنادات سۆزو میھرەبانی و نەرمی بنوێنێت. سیستەمی پیاوسالاری تەنھا لە پیاو پێکنەھاتووە بەڵکو ژنانێکی زۆریش تیایدا بەشدارن. من فێمینیستم! کێشەم لەگەڵ باڵاپۆشییدا نییە بەمەرجێک ژنێکی پێگەیشتوو ئازادانە ھەڵیبژاردبێت، بەڵام بەرەنگاری ئەو ھەوڵانە دەبمەوە کە دەیانەوێت باڵاپۆشیی بسەپێنن و ئازادی هەڵبژاردن لە ژنان زەوتبکەن. باوەڕم بەوەیە کە ژن، ھەروەک پیاو، بونەوەرێکی ھۆشمەند، بەتواناو خاوەن عەقڵ و بەھرەیەو دەبێت خۆی بڕیار لەسەر جلوبەرگ و ژیانی تایبەتی خۆی بدات نەک کەس و لایەتی تر. من فێمینیستم! باوەڕم بە یەکسانی، دادپەروەری و دیموکراسیەتە. ئەو دیموکراسیەتەی کە جێگەی کەسانی جیاوازی تێدا دەبێتەوە. باوەڕم بەوە نییە کە تەنھا ئیماندار مافی ژیانی شەرەفمەندانەی ھەیە، باوەڕیشم بەوە نییە کە تەنھا یەک جۆر ئیمانداری ھەیەو ئەویش ئەوەیە کە گروپەکەی تۆ باوەڕی پێیەتی. تەنانەت لە ناو ھێزە ئیسلامییەکاندا چەندین جۆری جیاوازی ئیمانداری ھەیە، بۆیە کەس مافی نییە شێوازی خۆی بەسەر سەرجەمی کۆمەڵگەدا بسەپێنی. من فێمینیستم! باوەڕم بەوەیە کە کۆمەڵگا بە ئامێزانکردنی جیاوازییەکانەوە جوانە نەک سەرکوتکردنی. باوەڕم بەوەشە کە ھەر ھێزێک بیەوێت جیاوازییەکان لەناوبەرێت و کۆمەڵگا بە دڵی خۆی یەکڕەنگ بکات ئەوا ھێزێکی مەترسیدارە کە بەرەو دیکتاتۆرییەت دەمانبات.
بەیان ئیبراھیم ئێران وەک دەوڵەتی نەتەوەکانی ئێرانی،لە ململانیەکی قورسی جەمسەرگیریدایە، بۆ ئەوەی بتوانێ ڕوبەڕوی دژەکانی بێتەوە،دەبێت ستراتیجی قوڵ پەیڕەو بکات، بۆ ئەمەش سەکۆی شەڕەکان دەگوازێتەوە بۆ ساحەی وڵاتانی تر،بۆ ئەوەی بتوانێ وەک وڵاتێکی زلھێز بمێنێتەوە دەبێت زۆربەی داھاتی گشتی بۆ کەیسەکانی ڕادەستگەیشتن بە چەکی ناوەکی ھایدرۆجینی و لە مسەروە بوونی لە یەمەن و سوریا و عێراق لەو سەریشەوە ھەیمەنەی لە وڵاتانی دەریای قەزوین، بەرامبەر بە مانەش ھێزی دژ بەدەر لە دانوستانەکانی ڤێنا دەیەوێت بارگرانی ناوخۆیی بەکار بھێنێت دژی دەوڵەتی فرە نەتەوەیی ئێران، خۆ ئێرانیش خاوەنی سیناریۆو دەرھاویشتەی خۆیەتی بۆئەوەی ناڕەزایەتیەکانی ناوخۆ نەبێتە کارتی دەستی دوژمنی ،ھەر خۆی لە خۆی سیناریۆ دروست دەکات بۆ تەنفیز کردنی توڕەیی ناوخۆ،ئەوان سیناریۆیان ئامادەیە،بۆ ھەر حەدەسێک بۆ ھەر ڕوداوێک کە ڕوبدات سیناریۆکانیان دەخەنە گەڕ ،وەک ئەوەی لە شۆرشی سەوزدا لەسەر دەستی موسەوی و کەڕوبی ڕویدا،کە جگە لە سیناریۆی خۆیان ھیچ شتێکی تر نەبوو،ئەم قەزێیەی لە ژینادا ڕویدا ئەگەر چی ھاوارێکە بۆ ئازادی ،بەڵام ھەرگیز بەقەد شۆڕشی سەوز بەھێز نابێت ،کە دەرکەوت سیناریۆی خۆیان بووە ئەگینا مەعقول نیە ڕابەری خۆپشاندانەکان (موسەوی و کەڕوبی) بڵێن دەست بەسەرن لە ماڵەکەی خۆیدا و ھەزاران شەھیدیش بدرێت، بۆ ئەمەی ژیناش بە پێی یاساو شەرع ئایا لادانی لەچکێک سزای زیاترە یان ئەو ھەموو لەشفرۆشەی لە ئێراندا ھەیە ،دواجار ھەموو سیستەمەکانی دنیا ھاوبەرژەوەندین و دەرھاویشتەی سیستەمێکی گاڵتە جاڕی و ھیچ و پوچ گەراین بەرامبەر ئازادیەکانی ئینسان،کە دواجارھەزارانی وەک و ژینا و زارا بۆ داواکردنی ئازادی دەبنە دەرخواردی ماکینە گەورەکەی نیزامی سەرمایەداری و دینگەرایی دنیا و ھەر خۆشیان دا ڕێژەری پلانە گڵاوەکانی دژ بە بەشەریەتن وەک ئەوەی لە معادەلەیەکی ماتماتیکدا لە ژمارەیەکی سەد ملیۆنیدا دەھەزاریشی لێدەرچێت لە ڕوی ئابوری سیناریۆکەدا لە قازانجی بۆ دەمێنێتەوە،کە ئینسان لە سیستەمی بەرژەوەندی دەوڵەتەکاندا کە لە ژمارەی سەرچاوەی مرۆیەوە بوو بە ژمارەی ماتماتیکی ئیتر ھەموو بەھاکانی ئینسانی بوون سفر دەبێتەوە،نەفرەت لە سیستەمی ئایدۆلۆژی و سەرمایەداری و ئاینی و بەرژوەند خوازەکانی دنیا،درود بۆ ڕۆحی ئەوانەی لە خۆپیشاندانەکانە بە بێ ئاگایی لە سیناریۆکاندا شەھید دەبن ،درود بۆ ڕۆحی پاکی جوانت ژینای ئازادی.
بەختیار نامیق . بە گشتی دوای ململانێی سەرکردەکانی شۆڕشی شاخ هەر لە برا کوژی و هەوڵی یەکترسڕینەوە و ڕێککەوتن و ئاشتی و شەڕەوە تا ئێستا دۆخ و قۆناغێک بوە ، هەرێمی کوردستان لە غیاب و مردنی ئەم سەرکردانەدا دەکەوێتە قۆناغێکی نوێوە ، کە بە قۆناغی گواستنەوەی دەستەڵات دێ لە سەرکردە پلە یەکەکانەوە بۆ نەوەکانیان ، ئەگەر چی هەر وەکو ئێستای دوو زۆنی لە شاخیشدا هەردو بەرەکە ( ی.ن.ک و پ.د.ک) بۆ سڕینەوەی یەکتر پەنایان بۆ وڵاتان و شەیتانەکان بردوە ، شەڕی برا کوژی و ئەو هەمو خوێنە شاهیدی ئەم ڕاستیەن ، ئەم دوو هێزە دوای شۆڕشی شاخ لە شارەکاندا بونە ستراتیژی پاشکۆیەتی تاران و ئەنقەرە وەک چۆن لە مێژودا هەر وابوە ، ئێران و تورکیا بە پێی بەرژەوەندی هاوبەشیان و ئەمری واقع ڕازی بون بە خۆبەڕێوەبەری هەردو زۆنەکە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیە گرێدراوەکانی نێوان خۆیاندا ، تا ئەو ئاستەی لە نێوان عێراق و سوریاشدا ئەم دابەشکاریە هەیە . پەنا بردنە بەر شەیتان گواسترایەوە بۆ نەوەکان و خیانەتی قورستری لێکەوتەوە ( خراپیان بە خراپ چارەسەر کرد) ئەم دوو هێزە ئێستە لە قۆناغی گواستنەوەی دەستەڵاتن بۆ نەوەی دوەم ، ئەڵبەت ئەمەش هەر ئەجێندای دەرەکی دیاری دەکات و بە تایبەت لە دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکەدا هەرێم بوەتە خاڵی کۆکەرەوەی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی جیهانی و ناوچەیی ، بۆ ئەمەش هەمو هێزە گەورەکان کۆکن لەسەر جۆرە مۆدێلی خلیجی و وەلی عەهدی بۆ دەستەڵاتێک لە نێوان نەوەی دوو بنەماڵەدا و تاران و ئەنقەرە ڕێکن لەسەر گواستنەوەی ئەم دەستەڵاتە لە سەرکردەی پلە یەکی (ی.ن.ک و پ.د.ک) بۆ نەوکانیان بە مەرجی مۆدێلی سعودی و پاراستنی بەرژەوەندی ئەو دوو وڵاتە . لە ئێستادا ناوخۆی هەمو حیزبەکان لە ململانێیەکی قورسدایە بۆ گواستنەوەی دەستەڵات بۆ نەوەی سەرکردکان ، ئەمەش بڕیارە و هێزە ناوچەییەکان سەپۆرتی دەکەن (ی.ن.ک بۆ بافڵ و پ.د.ک بۆ مەسرور ) وەک دوو کوڕی گەورەی دوو سەرکردەی شاخ ، ئیتر نەوەی سەرکردە پلە دوەکان و پلەکانی تر دەبێت ڕازی بن بەم کڵێشەیه و تەواوکاری نەوەکانی پلە یەک بن و بەیعەت بدەن ، پاشان هەر نەوەیەک لە پلە دوو و پلەکانی تر بیەوێ دەستەڵاتی پلە یەک بێت ، ئەگەر چی زۆر بە تواناش بێت ئەوا دەبێت یان سفر بێتەوە یان بەیعەت بە دەستەڵاتی کوڕی سەرکردەکان بدات و بڕیارە و لە هێز ناوچەییەکانەوە هاتوە ، یان دەبێت ببن بە نێچیری ئەو ڕاوچییەی کە تیروکەوانی هێزی ناوچەیی پێیە . ناو حیزبەکان پڕ بوە لەم ململاێیانە ، ئەڵبەت (ی.ن.ک) پێشتر ئەم قۆناغەی بڕی و بە هۆی غیابی تاڵەبانی باوکەوە ململانێکان لە نێوان کوڕ و ئامۆزدا زوتر یەکلای بوەیە و تا ئاستێک خوێنی دوەم و سێیەم تەسفیە کراو و بافڵ بوە دەستەڵاتی یەکەم وەک کوڕی گەورەی تاڵەبانی باوک ، ئەمەش بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و باقی حیزبەکانی تر ڕاستە ، بەڵام نەوەی نوێ تازە لە قۆناغی یەکەمدایە و دیسان کۆپی دەستەڵاتی برادەرانی شاخە کە زیاتر دەستەڵات لای ژن و خوشک و زاوایە ، بەڵام (پ.د.ک) بەهۆی بونی بارزانی باوکەوە لەسەرەتای ئەم گواستنەوەدایە. کۆنگرەی پارتی وەک حیزبی پله یەک و خاوەنی دەستەڵاتی زۆر وەک کۆنفرانس و کۆنگرەی (ی.ن.ک) دەبێت ، ڕاوچیەکان کوڕی یەکەم و خوێنی یەکەم دەبن و نێچیرەکانیش خوێنی دوەم و نەوەی سەرکردەکانی پلە دوو و پلەکانی تر دەبێت ، یان دەبێت بەیعەت بە گواستنەوەی دەستەڵات بدەن بۆ نەوەی بارزانی باوک یان دەبێت بکەونە ژێر ڕەحمی تیروکەوانی ڕاوچییەکە ببن بە نێچیرێکی داماو کە نەخشەکە لە دەرەوە وا کێشراوە و پاڵپشتی ناوچەیی دەکرێ. له بەرامبەر ئەم جۆرە مۆدێلە هێزێک و ڕێبەر و ڕابەرێک نیە وەک بەرهەڵستکار ڕوبەڕوی ئەم مۆدێلە بێتەوە ، ئەوەشی هەیە تەنها سیناریۆ و کۆپیەکی ناشیرینی ئەم دەستەڵاتەیە . کۆنگرەی پارتی دەبێتە ئەو ئەمری واقعەی کە هەمان هەڵبژاردنە ناوحۆییەکانی یەکێتی پێدا تێپەڕی ، بەڵام بەریەککەوتنی ناو پارتی نەرم تر دەبێت لە چاو بەریەککەوتنی ناو حیزبەکانی تر بە هۆی مانەوەی بارزانی باوکەوە ، وە بارزانی دەستەڵاتەکان دابەش دەکات و وێنەکانی هەمان دەستەڵاتی خلیجی بەرهەم دێنێتەوە . ئەم کۆنگرەی پارتی وەک حیزبی دەستەڵاتی یەکەم دەبێتە سەرەتای هاوسەنگی نێوان دەستەڵاتی نەوەی سەرکردەکانی شاخ لە نێوان هەردو زۆنەکەدا و پاڵپشتی ناوچەیی و جیهانی دەبێت وەک مۆدێلی خلیجی تا ئەو کاتەی عێراق دەچێتە قۆناغێکی تر و گۆڕانکاریەکی جیهانی ڕودەدا وەک گەردەلولی بیابان و بەهاری عەربی ، لە کۆتاییدا ئەم کۆنگرەی (پ.دک) بەسەرکردایەتی بارزانی بە هیواشی و نەرمی گواستنەوەی دەستەڵات دەبێت بۆ مەسرور بارزانی باقی خوێنەکانی تر دەستەڵاتی دوەم و سێیەم دەبن و دەبێت بەیعەت بدەن بە دەستەڵاتی ڕەهای کوڕە گەورە وەک خۆیان دەڵێن برا گەورە و ڕاوچییەکانی هەردو زۆن دەبنە کوڕی سەرکردە یەکەمەکان و نێچیرەکانیش ئەوانە دەبن کە بەیعەت نادەن و لاساری دەکەن ، پێشتریش بارزانی باوک وەک مامی بافڵ پاڵپشتی ئەم نەخشەیەی کرد ، ئیتر هەرێم دەچێتە قۆناغێکی تر لەسەر هەمان نەخشەی ڕێککەوتنامەی ستراتیژی و فیفتی بە فیفتی لە فۆرمێکی جیاوازتردا.
لهتیف فاتیح فهرهج محهمهد سهعید كوڕی میرزا مهجید كوڕی حاجی ئهحمهدی قهزاز سهرچاوهكان باس له دوو شوێن دهكهن كه لێی له دایك بووه ، ههن دهڵێن له خورماتوو له دایك بوهو زۆربهش باسی سلێمانی دهكهن ، كهسایهتیهكی ناسراو رۆشنبیرو خوێنهوارو نهتهوهیی و خهمخۆری ههژاران بووه ، ساڵی 1904 هاتوهته دنیاوهو له 20ی ئهیلولی 1959 ههڵواسراوه . له ساڵی 1924 دوای تهواوكردنی خوێندن له بهغدا بووه به فهرمانبهرو پاشماوهیهك بووه به مودیری ناحێی تانجه ڕۆ ، دواتر قایمقامی زاخۆ ، ههروهها له چوار پارێزگای كورد نشین بووه به پارێزگار " ههولێر ، كوت ، كهركوك ، موسڵ " له ههر چوار پارێزگاكهكوردانهو جوامێرانه كاری كردووه، چیرۆكی جۆراو جۆر له بارهی خهمخۆری و بهتهنگهوه هاتنی خهڵكی لێدهگێڕنهوه ، ساڵی 1953 بووه به وهزیری كارو باری كۆمهڵایهتی و ئهو سهردهمه له چهند پارێزگایهك نانهواخانهی حكومی بۆ ههژاران كردوهتهوهو به نرخی ههرزان نان دراوه به خهڵك ، ههرئهوكاتهش ناوی "باوكی ههژاران" ی لێنراوه له رۆژی بردنی بۆ ههڵواسین وتهیهكی به ناوبانگی ههیه " ناترسم و دهزانم بڕیاری كوشتنم دراوه ،كه سهردهكهومه بهر پهتی خنكاندن دهبینم كهسانێك له ژێر پێمدان شایانی ئهو ژیانه نین " . هاوسهرهكهی پێش ههڵواسینی ویستویهتی ههوڵی بۆ بدات ئازاد بكرێ پێدهچێت بهڵێنی بهردانی وهرگرتبێت ، ههواڵی بۆ دهنێرێت ئهگهر واز لهو كاره نههێنێت لێی جیا جهبێتهوه ، ههر یهك له عهبدولڕهحمان بهیاتی و زوهێر كازم عهبود كتێبیان له بارهیهوه نووسیوه ، كتێبهكهی بهیاتی به ناوی " سهعید قهزاو رۆڵی له سیاسهتی عیراقیدا"یه ، لێرهو لهوێ زۆر جار له بارهی جوامێری ئهوپیاوه م خوێندوهتهوه ، كاك لهتیف گلی له بیرهوهریهكانی خۆیدا كه به ناونیشانی " یادگهیهك له مێژوهوه " چاپكراوه دهڵێت " ساڵی 1957 وهزیری ناوخۆ سهعید قهزاز سهردانی چهمچهماڵ دهكات ، خهڵكی چهمچهماڵ پێشوازی گهرمی لێدهكهن و ههندێك داواكاریان دهبێت بهڵێن دهدات بۆیان جێبهجێ بكات ، دواتریش ههندێك له ئاغاكانی ههمهوهند داوادهكهن چهمچهماڵ بخرێته سهركهركوك له بهر ئهوهی فهرمانگهكانی كهركوك زۆربهی كارمهندان توركمانن و ئهمانیش توركمانی نازانن،ئهمهش به عهرزو حاڵێ دهدهنه وهزیر ، ئهویش دهڵێت پاش چوونم بۆ سلێمانی و بۆ لای دایكم كه گهڕامهوه بهغدا وهرن بۆ لام ،دهڵێن كه چوونه بۆ بهغدا پێی ووتون ، ئێوه چۆن داوا دهكهن چهمچهماڵ له كهركوك جیا بكهمهوهو بیخهمه سهر بهغدا ، ئهو كات له بهر پارێزگاری كهركوك كه عهرهبهو له گهڵمدا بوو پێم نهوتن ، من نامهوێ یهك كورد له كهركوك دابڕێت " ناوهڕۆكی قسهكانی كاك لهتیف دورو درێژترن . نهسیر چادرچی باسی چیرۆكێكی خۆی دهكات له گهڵ سهعید قهزاز كه وهزیری ناوخۆ بووه ، دهڵێت سواری فڕۆكه بووم بچم بۆ لوبنان ، فڕۆكهكه هێشتا بهرز نهبووبوهوه له زهوی رایانگرت و ئهفسهرێكی ههواڵگری دایگرتم ، وتی نابێ عیراق جێبهێڵیت ، جانتاو كهل و پهلهكهم له فڕۆكهكهدا بوو فڕۆكه رۆیشت و من گهڕێنرامهوه ، رۆژی دوای چوومه لای وهزیری ناوخۆ خوا لێی خۆش بێت سهعید قهزاز ، ئهڵێ تهواوی چیرۆكهكهم بۆ گێڕایهوه ، ئهڵێ لهوه دهچوو ئاگادار بێت زۆر رێزی گرتم به نهرمی قسهی له گهڵ كردم و پێی وتم ئێوه گێچهڵمان پێدهكهن ، ههڵبهت ئهمیش وهڵامی داوهتهوه و قسهو باسی زۆر دهگێڕێتهوه ، بۆ جانتاو كهل و پهلهكهی پێی دهڵێت ئهگهر نهگهڕایهوه بۆت من قهرهبووت دهكهمهوه خۆیشم بلیتی سهفهرت بۆ دهكڕم ، دهینێرێت بۆ شوێنێ ترو لای كهسێكی تر ، بهڵام نهسیر دهڵێت ناچم ، ئهم بهڵێن دهدات هیچی توش نهبێت ، نهسیر دهڵێت ههرواش بوو ، دواتر ئیشهكهم جێبهجێ بوو كێشهو گرفتهكهشم له سهر لاچوو، ئهوه ههڵوێستی سهعید قهزازه له گهڵ نهیارێكی خۆی و حكومهتهكهیدا ، تۆ بڵێی عیراق جارێ تر وهزیری لهو جۆره به خۆیهوه ببینێ . جێی داخه سهعید قهزاز به كوردی شتێكی ئهوتۆی له بارهوه نهنووسراوه ، له كاتێكا دهبوو ئێستا باخچهو قوتابخانهو نهخۆشخانهی به ناوهوه بوایه ، درود بۆ مهرگی ئهو پیاوه گهورهیهو یادی پڕخێر بێت .
نووری بێخاڵی به گوێرەی یاسای ژماره (1)ی ساڵی 2005ی هەموار كراو، سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان، دامەزراوەیەکی دەستووریی جێبەجێکارییە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێكردنه له هەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان دەکات. بەپێی ئەم بڕگە یاساییەی سەرەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە سەکۆ هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا، نوێنەرایەتیی ئیرادەی کوردستانیان بە سەرجەم پێکهاتەکانیانەوە دەکات و بەرپرسیارییەتیی بەرگریکردن لە بوون و ناسنامەی کوردستانیانی دەکەوێتە ئەستۆ. بۆیە هەموو ئامادەبوونێکیان لە کۆڕ کۆبوونەوە، کۆنفڕانس و کۆنگرە، بۆنە و چالاکییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا، لە لایەنی سیمبولییەوە، ئاماژەیە بۆ ئامادەیی کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستان لەو شوێنکاتانەدا. بە واتایەکی ڕوونتر، هەموو ئامادەبوونێکی کارا و بەرچاوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەکۆ نێودەوڵەتییەکان و لەناو جەرگەی ڕووداوە گرنگە جیهانییەکاندا، دواجار ئامادەیی ناڕاستەوخۆی ویست و ئیرادەی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانە. لەم ڕوانگەیەوە، بانگهێشتی فەرمیی حکوومەتی بەریتانی بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریکردنی لەگەڵ (١٥٠) سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی جیهان لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە شاژن ئەلیزابێسی دووەم، هەڵگری واتاگەلی گرنگی سیاسییە، بەتایبەتی لە پەیوەست بە پرسی بوون و (ناسنامە)دا واتایەکی قووڵی هەیە. ئەگەر ئەم ڕەهەندە بۆ من و تۆ، کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین و گیرۆدەی کۆمەڵێک کێشەین، مایەی گرنگیپێدان نەبێت، یان بە هەر بیانوو و پاساوێکەوە خۆمانمانی لی ببووێرین بێت، بەڵام ئەم پرسە بۆ کوردێکی تاراوگەنشین کە ژانی بێ ناسنامەیی ئازاری دەدات، جێی سەرنج و بایەخ و هەڵوەستە لەسەرکردنە. کوردێکی تاراوگەنشین کە لەناو سەدان هەزار پەناهەندەی سەرهەڵگرتووی خاوەن دەوڵەتدا، خەمی ناسنامە و بوون، خەمێکی گەورەیەتی. بەوپێیەی لەوەتەی هەیە و تا ئێستاش، وەک هەر کوردێکی دیکە، تراژیدیای کوردبوون و پرسیاری بوون و ناسنامەکەی، لەگەڵیدا دەژیێت. سەرەڕای هەموو ئەو بانگەشە فریودەر و دروشمە جادووییانەی بۆ جیهانگیریی کران و دەکرێن، بەوەی کە جیهانی کردووەتە گوندێکی بچووک و ئینتما لۆکاڵییەکانی کاڵ کردوونەتەوە، بەڵام تەواو پێچەوانە کەوتنەوە. چونکە واقیعی جیهان و مرۆڤایەتی، بەهۆی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی کە پرۆسەی بەجیهانییکردن بۆسەر کۆمەڵگاکانی کەنار و پەراوێز لەگەڵ خۆیدا هێنانی، هەموو ئەو جادوو و دروشمانەی لە واتاکانیان بەتاڵ کردوەوە. بەجۆرێک، نەک هەر ئینتما لۆکاڵییەکانی کاڵ نەکردنەوە، بگرە پرسی دەستگرتن بە (ناسنامە) و پارێزگاری لێ کردنی، لە فۆڕمێکی دیکەی کاریگەرتردا گەڕاندەوە ناو کۆمەڵگاکان، تا ئەوەی ئێستا پرسی پاراستنی (ناسنامە)، کێشەیەکی هەرە گەورەی مرۆڤەکانە، تەنانەت بەوانەشەوە کە خاوەن دەوڵەت وسەروەرین، چ جای بۆ کوردێکی بێ دەوڵەت! لەم ڕوانگەیەوە، ئامادەیی فەرمیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، وەک سەرۆکی هەرێمی ناو دەوڵەتێکی فیدڕاڵی کە تا ئەم چرکەساتەش سەروەریی دەوڵەتەکە لەژێر پرسیار دایە، هەروەها وەک نوێنەری ئیرادەی کوردستانیان کە ساڵەهای ساڵە بەدەست جەور و ستەمی سەردەستەکانی دەوڵەت دەناڵێنن، جۆرێکە لە بەها دانان بۆ ناسنامەیەکی جیاوازتر لەوانی دیکەی ناو دەوڵەت، ناسنامەیەک کە لە ئاستە فەرمی و نیودەولەتییەکەیدا، سەرۆکی هەرێم نوێنەرایەتیی دەکات. بەکورتی: ئامادەیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمی لە ڕووداو و سەکۆ جیهانییەکاندا، پاسپۆرتی پەڕینەوەی ناسنامەیەکە بۆ دنیای دەرەوەی خۆی، کە ساڵەهای ساڵە هەوڵی تواندنەوەی دەدرێت!
هەندرێن شێخ راغب ئەو كڵاوێكی لە شێوەی كڵاوەكەی تۆڵستۆی كڕی، بەڵام سەرێكی وەك سەری تۆڵستۆی لە كوێ بكرێ؟ رۆمانی" داغستانی من" رەسوڵ حەمزەتۆف. لەبەرئەوەی هەموو مرۆڤەكان بە یەكسانی لەدایك دەبن كەواتە كۆیلایەتی دژی سروشتی مرۆڤە. " مۆنتسكیۆ". هیچ سەردەمێك وەك ئێستا مرۆڤی ئێمە لەبەردەم هەڵاتن لە قەزیەو نائومێدی وادا نەبووە، ئەو كەسانەی لەیەك كاتدا شەڕی بە بەعسی كردنی كۆمەڵگاو چینایەتی و وشیاری مەدەنی كۆمەڵی كوردەواریان دەكرد، ئێستا قەزیەی جددی ئەوەیە لەنۆبەی بەنزینخانەیەكدا بەنزینی دەستكەوێت؟ لە نۆبەی كڕینی دیوانی نالی و كتێبەكانی كەمال مەزهەرو مەلا عەبدول كەریمی مودەریس، هاتوینە سەر ئەوەی گوێ لە كەسانێكی ناو تیك تۆك دەگرین كە بەتاڵ و حەتاڵ و بێ فكرو مۆڕاڵ و جنێوفرۆشن؟ لەدواهەمین ریزبەندی زانكۆكانی جیهان، زانكۆكانی كوردستان پلەی زانستیان زۆر هاتونەتەخوار، ئەمە كارەساتێكی هێجگار قوڵ و مەترسیدارە كە دەبوو ئەم هەواڵە شەقامی سیاسی و رۆشنبیری هەژاندبا..بچوك بونەوە بۆ پۆست و ئیمیتیازو نانێكی رۆژانە، بۆتە نەریت و دیاردەو زۆر كەسی خاوەن پێگە دەبینی چۆك بۆ هەندێك داواكاری دادەدات، مرۆڤ لە دڵەوە غەمگین دەبێت. لەبری گەشەكردنی فكری سیاسی و مەعریفی، حزبە كوردیەكان بەدەست دەستەبەندی و شەخسەنەكردنی حزب و ململانێی بچوكی رۆژانەو شەڕی بێ فكرو بێ ئاست گیرۆدەن و بۆتە كاری ئۆرگانەكان. نوخبەی سیاسی و حزبی كوردی لەبری ئەوەی نەوەیەكی تازەی گەشەكردوی سیاسی و فكری و خاوەن قەزیەی جددی دروست بكات، خەریكی بێ ئاست ترین و خراپترین جۆری ململانێی شەخسی و جنێوودان و شەڕە تیك تۆك و فەیسبوكە. بازرگانی نیشتمانی نەك هەر نەماوە، بەڵكو بازرگانی و كاری سەرمایەداری نیشتمانی بە جۆرێك ئاستی دابەزیوە خودی ئەم سەرمایەدارە سروشتیانە، پێیان عەیبە بڵێن دەوڵەمەندین خاوەن پڕۆژەی بازرگانین..كایەی دینی و گوتاری دینیش لەم شەڕە جنێوو موهاتەرات و ئاست نزمیە بەدەر نیەو تەنانەت گوتاری دینی وەك شێخ محمدی خاڵ و مودەڕیس و جزیری نەك وجودی نیە، بەڵكو شەڕە جنێوی بەشێك لە وتاربێژانی ئاینی پڕی ناو تیك تۆك و فەیسبوكە. لەئاستی كۆمەڵایەتی شەڕە جنێوو بەرەباب و عەشیرەت و هۆزگەری هەرگیز بەم رادەیە بێ ئاست و پاشاگەردان نەبووە، هەر كەسەو لای خۆیەوە كوێخایەكە؟ لەكاتێكدا كوردەواری خۆمان خاوەنی دابونەریت و عورف و رێگاوجێگای خۆیەتی. كوشتن و یەكتر ناشیرین كردن و پەلاماردانی كەسایەتی بۆتە دیاردەیەكی زۆر ئاسایی. وێڕای ئەوە هەوڵی باش و رێكوپێك هەیە، هەندێ جار دادگاكان و كەسانی مەدەنی و رۆشنبیری كاری زۆر باش دەكەن، بەلام بە گشتی دیاردەكە زۆر گەورەیەوتەنها ئەم هەوڵانە بەس نین.. ئەم دۆخی بێ قەزیەبوونی مرۆڤ و بچوك بونەوەی بۆ ناو حەوشەی ماڵەكەی و نەبینینی دنیاو گۆڕانكاریەكان وپێشكەوتنەكان، دوو رەهەندی هەیە، یەكەم جیهانیە، دووەم ناوچەییە..لەئاستی جیهان شەپۆلێكی گەورەی بچوك بوونەوەی ئینسان و نەمانی فكرو ئایدیاو قەزیە هەیە، ئێمەش لە كاریگەریەكانی بێبەش نین..كە سۆسیال میدیا رۆڵێكی كوشندە لەم بارەیەوە دەبینێت. لە ئاستی ناوچەییش بەهەمان شێوە كاریگەریمان لەسەرە، بەڵام هاوڵاتیان و دەسەڵات و حوكمڕانان دەتوانن كاری باش بكەن و بەشێكی زۆری ئەم بابەتە راست بكەنەوە، ئەمە بە دەزگای پۆلیسی و ئەمنی ناكرێت، بە تێهەڵدان و زیندان ناكرێت، ئەمە پەروەردەو ئاراستەو پڕۆگرام و سیاسەتی دەوێت. كە تاكی ئێمە لەگەڵ پەروەردەیەكی خاوەن قەزیەو ئیرادەو رۆشنبیری و مەدەنی ئاشت بكاتەوە. مرۆڤی بچوك خەریكی شەڕی بەرژەوەندی بچوكەو توانای گۆڕانكاری نیە لە ژیانی چەق بەستووی خۆی و ناتوانێت سەرەتایەكی جیاوازو تازە لە ژیانی خۆیدا دەست پێ بكات ..وەلێ ئازادیخوازی و پێشكەوتن و مەدەنیەت و شەڕی ناشیرینەكان قەزیەی مرۆڤی گەورەیە. من رەش بین نیم، بەڵام " شكسپیر" دەڵێ: بەهای سەربەخۆیی مرۆڤ لە مێشكی سەربەخۆدایە.
