تورکیا چاوەڕوانی سیناریۆی دیکەی لێدەکرێت
2022-11-16 10:20:41
هیوا سەید سەلیم
کردەوە تیرۆرستیەکەی ناوچەی تەقسیم لە شاری ئەستەنبۆڵ، کە تەواوی قوربانیەکەی خەڵکی سڤیل بوون، زۆر لە سیناریۆیەک دەچێت کە دەستی خودی دەسەڵاتدارانی تورکیای تێدا بێت، هەموو ئەوانەی ڕووداوەکەیان پێ سیناریۆیە، باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئەوکردەوەیە زیاتر لە ئامانجێکیان هەبووە.
شایانی باسە، گومانەکان لەسەر ڕووداوی تەقینەوەکەی تەقسیم، زیاتر لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە ئەردۆغان و بەرپرسانی پارتی دادو گەشەپێدان "AKP" ، دەیانەوێت دۆخێک لە ناوخۆی تورکیا بخولقێنن کە سۆزی هاوڵاتیانی تورکیا بەلای خۆیان ڕابکێشن، بەوەی ئەوان قوربانین، وڵاتەکەیان لەبەردەم هێرشی تیرۆر دایە!
وەک دەزانرێت لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی سیاسەتی چەوتی "AKP"، لە ئاستی ناوخۆی و دەرەکی تورکیاو، قەیرانی ئابووری کە بەرۆکی تورکیای گرتووە، کێرڤی ئەردۆغان و پارتەکەی رۆژ بەڕۆژ لە دابەزینە، بۆیە ئەردۆغان ناخوازێت بەو دۆخەی بچێتە ناو هەڵبژاردنی داهاتوو کە وا بڕیارە لە حوزەیرانی 2023دا لە تورکیا ئەنجام بدرێت.
بۆ ئەم مەبەستە لە ئێستاوە تا کاتی هەڵبژاردنی تورکیا، دەبێت پێشبینی سیناریۆی زۆر بکەین، کە دەسەلاتدارانی تورکیا پەنای بۆ ببەن، بەرپرسانی پارتی دادو گەشەپێدانی "AKP"، فەرمانڕەو لە تورکیا ئەزموونی زۆریان هەیە لە درووستکردنی ئەو جۆرە سیانریۆییانە، بەشێوەیەک کە هەر کاتێک مەترسیەک لەسەر دەسەڵاتەکەیان ببینن، سیناریۆیەکی لەو شێوەیە درووست دەکەن، بێباک لەوەی کە کێ دەبێتە قوربانی، یان ترسیان هەبێت پلانەکەیان ئاشکرا ببێت.
ساڵی 2015 ئەردۆغان و پارتەکەی بۆ ئەوەی زەفەر بە نەیارەکانیان ببەن، هاتن سیناریۆیی کودەتای تەمووزیان درووستکرد، کە دوا بەدوای ئەو ڕووداوە بە دەیان هەزار کەسیان لە ژێر تۆمەتی لایەنگری بۆ گولەنیەکان لە پەرلەمانتار، کەسایەتی دیاری ئەکادیمی، ئەفسەری باڵای سوپا و هێزی ناوخۆ، خوێندکار، رۆژنامەنووس، زانایانی ئاینی، تەنانەت دادوەریش خرانە زیندانەکان.
هەر لە هەمان ساڵ بۆ کۆتاییهێنان بە پڕۆسەی ئاشتی سیناریۆی کوشتنی دوو پۆلیسیان لە کانی خەلان کردە بیانووی ئەو کارەیان هەر لە هەمان ساڵ لە "سورووج" تەقینەوەیەکیان لە نێو گردبوونەوەیەکی چالاکوانن ئەنجامدرا کە بەنیاز بوون بۆ پشتیوانی لە ئازادکردنی کۆبانێ لەدەست تیرۆرستانی داعش بچنە ئەو شارە، شایانی باسە، ئەو ڕووداوە پەکی گەورەترین پڕۆسەی ئاشتی خست، کە بە دەستپێشخەری ئۆجالان لە نەورۆزی 2013 راگەیەندرا بوو.
جگە لەوەی باسمان لێوەکردن، چەند هۆکارێک هەن کە وا نیشان دەدەن کە تورکیا خۆی لە پشتی سینارۆکەی تەقسیمی بێت، ئەوەیش بۆ ئەوەی تورکیا ڕەوایەتی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان بەدەستبهێنێت، کە ماوەیەکە لە پلانی دایە ئەو هێرشە ئەنجام بدات. چونکە تورکیا وای دەبینێت لەو هێرشەدا سەرنجی تورکە نەتەوەپەرستەکان بەلای پارتەکەی دەگێڕیتەوە.
بۆیە هێشتا چەند کاتژمێرێک بەسەر کردەوە تیرۆرستیەکی تەقسیمی تێنەپەڕی بوو، بەرپرسانی تورکیا پەنجەی تۆمەتیان ئاڕاستەی هەریەک لە PKKو PYDکرد، کەچی ئەو دوو لایەنە نەک تۆمەتەکە ڕەتدەکەنەوە، بەڵگەکانیش لەسەر بێبەری بوونی خۆیان دەخەنە ڕوو، بەوەی بە هەموو لایەکی دەڵێن کاری لەو شێوەیە کاری ئەو هێزە تیرۆرستیانەیە کە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت لە لایەن تورکیاوە داڵدە دەدرێن.
خاڵێکی دیکەی گومان لەوی ئەوەی ڕوویدا سیناریۆ بێت، بریتیە لە بێ ئومێدبوونی "AKP" لە نزیک بوونەوە لە "HDP"، کە هەر لەو مانگەدا چەند هەوڵێکیان بۆدا، لە بابەتی سەردانی بەرپرسانی حکوومەت بۆ ئیمڕالی و، دیداری راستەوخۆ لەگەڵ "HDP"، لەسەر پرسی هەمووری دەستوور و، رێگادان بە "دەمیرتاش" هاوسەرۆکی پێشووی زیندایکراوی "HDP"بۆ سەردانی باوکی لە نەخۆشخانەیەکی ئامەد.
لە کۆتاییدا دەڵێن چەندە لە وادەی هەڵبژاردنی تورکیا نزیک ببینەوە، بەو بارودۆخە خرابەی کە ئەردۆغان و AKP تێیدایە، دەبێت چاوەڕێی ئەنجامدانی دەیان سیناریۆی دیکەی لە شێوەی کردەوە تیرۆرستیەکەی تەقسیم بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە دەبێت هەموو لایەک ژیرانە مامەڵە لەگەڵ بارودخەکە بکەن، بەشێوەیەک کە پیلانەکانی تورکیا پەلکێشیان نەکات بۆ کاردانەوەی وەک کردەوە تیرۆرستیەکەی ئەوان. چونکە چەندە دەسەڵاتدارنی تورکیا بەرژەوەندیان لە گرژی شەڕ و ئاژاوەیە، هێندەش لایەنەکانی دیکە بە تایبەت کورد و "HDP"، لە بەرژەوەندیان دایە لە کەشێکی ئارام بچنە ناو هەڵبژاردنی حوزەیرانی 2023، چونکە ئەوەی لە ئێستادا هەیە کێرڤی "AKP" و هاوپەیمانەکەی "MHP" لە دابەزینە، لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی کێرڤی پارتی دیموکراتی گەلان "HDP".