پەیكار عوسمان (٢) "بازرگانی سێکس" بە هەردو باڵی لەشکڕ و لەشفرۆشەوە، نە مافە نە ئازادی، چونکە ماف و ئازادی ئەوەیە کە تەبایە بە کەرامەتی مرۆڤ. کاتێ شتەکە، لە خودی وڵاتانی ماف و ئازادی، بە یاسا قەدەغەیە، ناکرێ ئێمە، لە ڕقی ئیسلامییەکان، لێمان ببێ بە ماف و ئازادی. بەڵکو لە پشتی دەمارگیریی ئایدۆلۆژیستە دینی و نادینییەکانەوە، شتێک هەیە پێ ی ئەوترێ حەق، حەق ئەوەیە لە حەماقەتە دووجەمسەرییەکان بکشێینەوەو بچینەوە بۆ (ماڵی عەقڵ)، کە هەر ئەوێ ماڵی ئازادی و ماڵی خوداشەو لەڕاستییدا نە خوا دێتە ناو بێعەقڵییەوە نە ئازادی! یەكی لە کێشەکانی "دابەشبوونی ئایدۆلۆژی" ئەوەیە کە حەقی تیا ون ئەبێت، ئیتر کەس خەمی ڕاستی نامێنێ، هەمووی خەمی دەسکەوتی سیاسی و سەرخستنی بەرەی خۆیەتی. هەموو ئایدۆلۆژیاکانیش وان، بەڵام "ئیسلامیزم" لە هەموویان واترە، چونکە خۆی بە نوێنەری خوا ئەزانێ، لەکاتێکا لە توندکردنەوەی جەمسەرگیرییدا، شەڕی (شوناس و بەرژوەندی و هێز) دێنە پێش و خەمی حەق ئەکەوێتە دواوە، خواش حەقە، یەعنی لە شەڕەکانی ئیسلامیزمدا، ڕێک خوا ئەکەوێتە دواوە! هەر بە ڕاستییش وایەو لەو کاتەوە کە خواکەی ئیخوانیزم و وەهابیزم هاتۆتە پێشەوە، خوای حەق، گۆڕی ونە. ئەوەتەی خومەینی بووە بە خوا، خوا لە ئێران نەماوە، چونکە خوای حەق نابێتە هاوخوای دەجالێک. خوا چاکەیەو ساڵانی یەکەمی ئەردۆگان شتەکان چاکبوو، ئاشتی و بوژانەوە هەبوو، ئیتر بەبێ خوابازی، شتەکان خۆیان خوایی بوون. لەو ساتەوە کە ئەردۆگان بوو بە خوا، خوابازی دەستیپێکردو شتەکانیش خراپبوون. سەیرکە لە هەرکوێ شتەکان باشە، لەوێ خوابازی کەمە، چونکە "باش" خۆی خواییەو کەڤەری ناوێ. لە هەرکوێ شتەکان خراپە، لەوێ خوابازی جمەی دێ، چونکە خراپ کەڤەرو داپۆشینی ئەوێ. کاری دینبازەکانیش دروستکردنی ئەو کەڤەرەیەو وشەی کوفریش ڕێک یەعنی کەڤەرو داپۆشین، لێرەشەوە "ئیمان" یەکسان ئەبێت بە کافربوون بە دینی کاهینەکان! کە "خوابازی" دەستیپێکرد، "خواحەقی" کۆتایی دێت، چونکە خوابازی "بەرەی حەق" جیائەکاتەوە، لەکاتێکا حەق ئازادەو بەرەی نیە. بازییەکانیش هەموویان یەک پۆلن، هاوڕەگەزبازی و سۆزانیبازی و سیاسەتبازی و قەڵەمبازی.. هەمووی هەر یەکەو خوابازییش لە هەموویان قێزەونترە، چونکە لە هەمووی زیاتر حەقت لێ ئەشارێتەوە،، ئاخر ئیتر تۆ لە بەرەی موقەدەسیت و دایمە خۆتت پێ حەقە، کە ئەوە سەرەتای ناحەقییەکانە! (خوابازی و خوا) یەکێکیان هەیەو هەردوکیان لە شوێنێکدا جێیان نابێتەوە. لەکوێدا خوابازی دەسیپێکرد، لەوێدا خوا کۆتایی دێت. چەمکی فەلسەفی (خوا مرد) بڕێک کۆمەکمان ئەکات بۆ تێگەشتن لە دیالەکتیکی نێوان خوا و خوابازیی. وای دانێ خوا "ڕاستی"یە، لە ڕۆژئاوا بۆیە ڕۆشنگەریی ڕوویدا، چونکە لەوێ کەڤەرو خوابازی مرد، ئیتر بڕێکی زیاتری ڕاستی دەرکەوت و دنیای ڕۆشنکردەوە. لەگەڵ دروستبوونی ئیسلامیزمدا، جارێکی تریش (خوا مرد)، بەڵام ئەمەیان بە عەکسەوە، لێرەدا خوای ڕاستی مردو کەڤەرو خوابازی چووە جێگای، ئیتر ئەم ناوچەیە تاریک بوو. خۆ "نیتچە" ڕاستیکرد، لە ڕۆژئاوا شتێک مرد، بەڵام ئەوەی کە مرد خوا نەبوو، خوابازی بوو. ئەوەشی لەم ناوچەیە بە ناوی سەحوەو ڕابوونەوە ژیایەوە، خوا نەبوو، ڕووکەشگەرایی و خوابازی بوو! پەڕینەوە لە مەعریفەی ناڕاستەوخۆوە، بۆ مەعریفەی ڕاستەوخۆ، ڕێگا ڕاستەکەی زانینە. شۆڕشی زانست لەوێوە دەستی پێکرد، کە چیتر زاناکان بە چاوی کەنیسە ڕازی نەبوون و بە چاوی خۆیان ڕوانییان. نوح هەر بەقەت ئەوانیتر ژیا، بەڵام بە چاوی خۆی ئەیڕوانی، ئیتر بەشی هەزار ساڵ دنیای بینی. بە پێچەوانەوە ئەگەر پەنجا ساڵ لە عەینەکی مێگەلێکەوە لە دنیا بڕوانیت، ئەو ماوەیە نەژیاویت و لەدەرەوەی بازنەی هۆشیاریی بوویت، چونکە هۆشیاری بە بینینی ڕاستەوخۆدا ئەڕوات. مەسەلەکە ئەوەنیە کە هاوبەشی و دنیابینی گشتی دروست نەبێت، مەسەلەکە ئەوەیە دنیابینی گشتی، لە سەر ئەساسی بینینی مرۆڤەکان دائەمەزرێ، نەک لەسەر کوێری جەماعی و لێسەندنەوەی مافی بینین. کوێری مێگەلیانە، بە شەڕ دەستەبەر ئەکرێ، ئەبێ بەردەوام دۆخی ترس و سایکۆلۆژیای شەڕ دروستکەیت و لە پشتی عەقڵەوە قەرەباڵغی خڕکەیتەوە و بەدزی چاوەوە بینینی ساختە دروستکەیت. یەعنی (شەڕ و جەهل و قەرەباڵغی) پاکێجێکە! پەڕینەوە لە حیرفەوە بۆ پیشەسازی، پەیوەندی نوێ ی دروستکردو پێویستی بە یەکێتی یاساو یەکێتی پەروەردە هەبوو. پێشتر کەسێک پیشەیەکی هەبوو، مناڵەکانی خۆی فێرئەکردو شتەکە بە ویراسەت ئەگوازرایەوە.. بەڵام (کارگە) کەسانێکی زۆر ئیشی تێدا ئەکەن و کۆمەڵێک پسپۆڕی جیای تیایەو شتەکە پێویستی بە خوێندن و ڕاهێنان و پەیوەندی ناخوێنی هەیە. ڕیفۆڕمی ئاین و وەرگێڕانی کتێبی پیرۆز، پاشەکشێ ی بە زمانی لاتینی کردو زمانە خۆماڵییەکان بوژانەوە. لەولاوە جەریدەو چاپخانەو بیرۆکراتی، دیسان پێویستی بە یەکێتی زمان هەیە.. ناکۆکی میرەکان جیاوازی سیاسی دروستکرد. کارگەو کرێکار، نەقابەکان و کۆمەڵگای مەدەنی دروستکرد. دوو جەنگە جیهانییەکە پیاوی کەمکردەوەو بەشداری ژنی کردە زەرورەت و یەکسانی جێندەریی هێنا. دروستبوونی بانق، جوڵەی سەرمایەی چالاک کرد، جوڵەی سەرمایە جوڵەی زانستی خێراکرد.. هەموو ئەمانەش موتوربەبوو بە جوڵەیەکی فەلسەفی و هونەری و ئەمانە پێکەوە مۆدێرنەو ڕۆشنگەری و شار و دەوڵەتی نوێیان دروستکرد. دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بەو ڕەوتە دامەزران و دەوڵەتانی دەرەوەی ڕۆژئاوا، بەبێ ئەوەی بەو ڕەوتەدا بڕۆن، کۆپی ئەوێ کرانەوە. تەجروبەی ڕۆژئاوا خۆی بێ کەموکوڕی نیەو شایەنی ڕەخنەیە، کەچی بووە بە مۆدێلی ئەوانیتر. دەوڵەتانی تر دووجار فاشیلن، جارێک کە کۆپی ڕۆژئاوان بەبێ ئەوەی بە ڕەوتەکەدا ڕۆشتبن، جارێکیش کە کۆپییەکی ناچارین و خودی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوا دروستی کردون. نەک هەر دەوڵەت، بەڵکو تەواوی ئایدۆلۆژیاکان هەر وا هاتن و هەژموونی دەرەکی هێناونی نەک جوڵەی ناوەکی. ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزم و لیبرالیزم و فێمینیزم.. لەوێ بەناو ڕەوتی مێژوویی خۆیدا ڕۆشتووە، بۆیە بەردەوام ئەبێتە گەشەو بار سوکیی، بەڵام لەملا، شتەکە لە مێژووەکە بارئەکرێ، ئیتر ئەبێتە بارگرانی و ئاڵۆزیی! مەبەستم ئەوەنیە دنیا دابەش بکەم بۆ غەرب و شەرق، هەموو ئەوەی هەیە، گەشەی مێژوویەکی تێکەڵاوەو بەرهەمی هەموو مرۆڤایەتییە، بەڵام هەرشتێ بەناو هەژمووندا هاتبێ، گرێیەو ئەبێ بکرێتەوەو بەجۆرێکی تر بێتەوە. لە هەموو گرێکانیش ناقۆڵاتر، ئیسلامیزمە، چونکە تێکەڵکردنێکی خراپی ئایدۆلۆژیا مۆدێرنەکانەو خۆی لێکردوین بە ئایدۆلۆژیایەکی خودایی! بۆ نمونە "یەکپۆشییەکەی ئیسلامیزم" ناکۆکە بە جلی کولتوریی هەموو کۆمەڵگا موسوڵمانەکان، ئەمە زیاتر سەر بە یەکڕەنگی و تۆتالیتاریەتی فاشیزم و نازیزم و ستالینیزمەو جلێکی سیاسی و دیسپلینێکی عەسکەرییە، نەک کولتوری کوردەواری و کولتوری ئیسلامی، چونکە "کولتور" ئەگەرچی شوناسێکە لەوانیتر جیات ئەکاتەوە، بەڵام هەڵگری فرەییشەو هەرگیز کولتور یەکڕەنگ نیە! شوناس هەر ئەونە ڕەبتی بە حەقەوە هەیە، کە لیت زەوت نەکرێ. ئەوەی کە خۆی زەوتکەرەو شوناسێکی ئامادەی هەیە بۆ سەپاندن، ئەوە ئینقیلابە بەسەر حەقدا. ئەوە ئایدۆلۆژیایەکی تۆتالیتارە نەک پارێزەری کولتور. "ئیسلامیزم" ئینقلابی شوناسێکی ناڕەسەنە، بەسەر شوناسە کولتورییە ڕەسەنەکاندا، خودی ئەوەش ناحەقییەو ئەوەی لە سەرەتاوە باتڵەو لەسەر ڕووکەشگەرایی دامەزراوە، ناتوانێ لەوسەرەوە حەقت بۆ بهێنێ. کۆڵەواریی کۆمەڵگاکان پەیوەندی بە هاوردەی دەرەکییەوە نیە، پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە لەناوەوە حەق کەوتووەو ڕووکەشگەرایی سەرکەوتووە. هیچ شتێک بەقەت تۆتالیتاریزم خەتەر نیە لەسەر کۆمەڵگاکان، چونکە تەنیا هاتوویەکی دەرەکی نیە، بەڵکو ڕێک لە جێگای ڕۆحە ناوەکییەکە دائەنیشێ. هیچ شتێک بەقەت نیولیبرالیزم و ئیسلامیزم، هەڕەشە نیە لەسەر کولتوری ئێمە، چونکە تەنیا میوانێک نیە، بەڵکو ماڵەکەت داگیرئەکاو تۆ ئەکاتە دەرەوەو ئەبێ بە مەرجەکانی ئەو بێیتەوە ناو ماڵەکەی خۆت! لەڕاستییدا کێشەی ئێمە، هاوڕەگەزبازی و سۆزانیبازی نیە، چونکە هەموو کوردستان چەن هەزارێک سۆزانی و هاوڕەگەزبازی تێدانیەو تیاشیابێ کێشەیەکی ئەوتۆ نیە، چونکە کۆمەڵگا بە سروشتی خۆی موحافزکارەو بەرامبەر ئەو شتانە بەرگری هەیە. کیشەی ئێمە خوابازییە، کە وەکو جەیشی مەغۆل، لێشاوی هێناوەو کۆمەڵگاش بەرگرییەکی نیە بەرامبەری! کۆمەڵگا خۆی خواخوازەو ناتوانێ گومرگ بخاتە سەر کاڵایەک کە لۆگۆی خوای لەسەربێت. ئەوە کاری دەسەڵاتەو دەسەڵاتیش لەپێناو خۆپاککردنەوە لە گەندەڵی، فەرشی سوری بۆ لەشکری خوابازی ڕاخستووە. بە نەتیجەش، ئیتر ئەو بینایەی کە لە ئێران خەریکە ئەڕۆخێ، ئێمە خۆمان خەریکین بناغەکەی دائەنێین! سۆزانی خەتەر نیە، چونکە ماسکی نیە، دینبازی خەتەرە چونکە بە ماسکی موقەدەسەوە دێتە بەردەمت. کۆنترۆڵکردنی بازاڕی لەشفرۆشی و قومارو چەک و حەشیش.. شتێکی زۆر باشە، بەڵام لەوە باشتر، کۆنترۆڵکردن و ڕیکخستنی بازاڕی دنیبازییە، چونکە تیجارەتە بێ کەڤەرەکان، ئەهوەنترن لە "تیجارەتی کەڤەرەکان". ماویەتی لەودیوی سۆزانیبازی و دینبازییەوە (١) دواجار هەموومان مرۆڤین، مرۆڤیش فرەڕەهەندو ئاڵۆزەو تۆپەڵێکە لە جیاوازی و لێکچوون، ئەوەش تێکەڵەیەکی داهێنەرە، چونکە هۆشیاریی بە جیاوازییەکانمان، تایبەتمەندی کەسی و کولتوری ناوچەیی دائەهێنێ، هۆشیاری بە لێکچوونەکانیشمان، هاوبەشی و کولتوری جیهانیی ئەخولقێنی. وا باشە شتەکانیش بە فراوانترین بازنە بپێورێ. یەعنی کاتێ لە پرسێکدا، پێوەرێکی جیهانیمان هەیە، ئیتر پێویست ناکا بگەڕێینەوە بۆ پێوەرە بچوکترەکان. کاتێ "لەشفرۆشی" وەکو (مافی مرۆڤ) پێشێل و بێزراوە، ئیتر پێویست ناکا بە ئاین و کولتوری لۆکاڵی بێپێوین، چونکە پیوەرێکی گشتیترمان هەیەو پێوەریش تاکو گشتیتربێ، ئارگۆمێنتەکەی بەهێزترەو پێوانەکەی دروستترە. مەسەلەن لە وڵاتانی ئەسکەندەنافی، لەشفرۆشی قەدەغەیەو لەبەر ئەوەش نا، کە لەگەڵ کولتوری ئەسکەندەنافی، یان لەگەڵ ئاینی مەسیحی ناگونجێ، بەڵکو لەبەرئەوەی کە لەگەڵ خودی کەرامەتی مرۆڤ و پێوەرە گشتی و گەردوونییەکان ناکۆکە! نەگونجان لەگەڵ کولتوری کوردەواری، یان لەگەڵ ئاینی ئیسلام، ئەمانە ئەگەرچی هاکەزایی و بەریئانە بەکارئەهێنرێ، بەڵام جۆرێکە لە فاشیزمی خۆ بە باڵازانین. کاتێ ئەڵێ ی لەگەڵ کولتوری ئێمە ناکۆکە، وەکو ئەوەیە بڵێ ی لەگەڵ کولتوری خەڵکی تر کۆکە، لەکاتێکا لەشفرۆشی بە هیچ کولتورێک ساز نیەو کوردەواری و عەرەبەواری و ئەڵمانەواری و یابانەواری.. بۆ هەمووی وەکو یەکەو ئەسڵەن ئەگەر ئێمە تەنیا ئارگۆمێنتی سادەی کۆمەڵایەتی و ئایینیمان هەیە، خەڵکی تر ئارگۆمێنتی فکری و فەلسەفیشی بۆ ئیزافەکردووەو لەئێمە قووڵتر شتەکاین ڕەت کردۆتەوە! "لەگەڵ ئاینی ئێمە ناگونجێ" وەکو وایە بڵێ ی لەگەڵ ئاینی تر گونجاوە، لەکاتێکا بە نزیکەیی، هەموو ئاینەکان هەمان مەنزومەی ئەخلاقییان هەیەو لەشفرۆشییش لە هیچیاندا جێ نابێتەوە. یەعنی ئارگۆمێنتەکەت ڕاستە، بەڵام بچوکەو شتەکە ئارگۆمێنتێکی گەورەتری ئەوێ، دیاردەکەش ناکۆکە بە "مەکارمی ئەخلاق" کە گەورەترە لە دین. مرۆڤ ناوچەی (بوون)ی هەیەو ناوچەی (هەبوون)یش. (کەرامەت) سەر بە ناوچەی بوونی ئێمەیەو خودی مرۆڤبوونمانە. بەڵام ئاینی مرۆڤ و کولتوری کۆمەڵگاو نەریتی خێڵ و یاسای وڵات و ئایدۆلۆژیای گروپ و پەیڕەوی حیزب.. ئەمانە ناوچەی هەبوونی مرۆڤن. هەبوونەکان دەرەکین و دێن و دەڕۆن، هاتن و چوونیشیان هیچ لە مرۆڤبوونی مرۆڤ ناگۆڕێ، بەڵام ئەوەی کە وجودی و ناوەکییە، مرۆڤ بەوە مرۆڤە. فەلسەفەی "کانت"، ئەخلاقی لەسەر دوو بنەمای عەقڵانی ڕاگرتووە: (مرۆڤ خۆی ئامانجەو نەکرێتە وەسیلە) (شتێک ئەخلاقییە کە بتوانێ ببێتە یاسایەکی گشتی) مەسەلەی بازرگانیکردن بە مرۆڤیش، هەردوو بنەماکەی تێدایە، هەم بە کاڵاکردن و بە وەسیلەکردنی مرۆڤە، هەم گشتێتی تێدایەو ئەوە بێ جیاوازیی، بۆ هەموو مرۆڤێک وایە. یەعنی شتەکە ڕاستەوخۆ لە ڕەهەندی کەرامەتەوە پێشێلی مرۆڤبوونەو مەسەلەکە قووڵترە لە مەسەلەی ئاینی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئەمنی.. خۆ ئەوە باشە کە کولتورو ئاین و بەها لۆکاڵییەکانی تۆ، تەبابێ لەگەڵ بەهایەکی جیهانی، بەڵام وا باشترە هۆشیاری خۆت بکشێنی بۆ بازنە گەورەکە، چونکە هۆشیارییەکی گەورەتر، هۆشیارییە بچوکترەکانیش ئەگرێتەوە، بەڵام هۆشیارییەکی بچوک، هۆشیارییەکی لەخۆی گەورەتر ناگرێتەوە! ئاشکرایە ئەخلاق، لەسەر ئازادی وەستاوەو شتانی ناچاری، نایەنە ناو ئەخلاق، چونکە ئیرادەی ئازادی تێدا نیە. بەڵام تەنانەت ئارگۆمێنتی ئازادیش ناتوانێ بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لە "نائەخلاقییەت" بخاو بڵێ ی کابرا لەشی خۆیەتی و ئازادە چی لێئەکات.. چونکە "ئەو" تۆ بکات بە وەسیلەو "تۆ خۆت" خۆت بکەی بە وەسیلە، هەردوکی هەر پێشێلی "ئامانجێتی" مرۆڤە. لێرەشدا لە فەلسەفەی یاسا تێئەگەین و لەڕاستییدا یاسا، بۆ ناچارکردن نیە، بەڵکو کاری یاسا، کارێکی کانتییەو ئەبێ گشتاندنەکانی بە پێ ی هەردو بنەمای "ئامانجێتی و گشتێتی" بێت و ئا لەوێشدا لەگەڵ ئازادییدا یەکئەگرێتەوەو نابێتە دژی، چونکە ئازادیش هەر ئەوەیە کە هەمان ئامانجێتی و گشتێتی تێدایە! یەعنی ئەگەر دەستورێک، دینێک بسەپێنێ، ئەوە نائەخلاقییەو پێشێلی ئازادییە، چونکە عەقیدەو بیروباوەڕەکان، ڕەگەزی گشتێتی تێدانیەو ئەگەر بیگشتێنیت، ستەم دروستئەکاو ئینسانەکانیش ئەکاتە وەسیلەو ئیتر هەم ئازادی، هەمیش هەردو بنەماکەی ئەخلاق پێشێل ئەبن. بەڵام ئەگەر دەستوورێک، ئازادی باوەڕەکان فەراهەم بکاو تەنیا ستەم قەدەغە بکات، ئەمەیان ئەخلاقییە، چونکە ڕێزی ئامانجێتی مرۆڤەکانی گرتووەو نەیکردونەتە وەسیلەیەکی ئایدۆلۆژی،، هەر ئەوە ڕەگەزی گشتێتیشی تێدایەو بۆ هەموو کۆمەڵگایەک ئەگونجێ. یەعنی ئەخلاق و ئازادی لە قووڵاییدا هەر هەمان شتن و هەمان ئارگۆمێنتە عەقڵانییەکەی کانت بۆ هەردوکیان ئەبێت! ئیرادەی ئازاد، هەر ئەو ساتەی ئێستا نیە، بەڵکو ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە. ئەوەی کە وا ئەزانیت لە ئێستادا بڕیاری ئازادانەی خۆتە، ڕەنگە لە پرۆسەیەکەوە هاتبێت، کە دنیایەک ڕەگەزی ناچاریی تێدابێ و تۆ خرابیتە ئەو دۆخەوە، نەک بە ئازادی خۆت چووبیت. لەشفرۆشییش ئەونەی کە ناچاری دروستی کردوە، ئەونە ئازادی دروستی نەکردوە، بۆیە ناکرێ وەکو ئازادییەک قبوڵ بکرێ، ئەبێ وەکو ناچارییەک ڕەت بکرێتەوە. ڕەتکردنەوە بە مانای بڕینی پاڵنەرەکانی دزی، نەک بڕینی دەسەکە! لەشفرۆشی لە پرۆسەیەکی درێژو هەمەلایەنەوە کەمئەکرێتەوە، نەک لە بڕیاری کەسێک و ئۆپەراسیۆنی شەوێکەوە. بەدیاریکراوی لە حوکمێکی ڕەشیدو عەدالەت و ئازادییەوە کەمئەکرێتەوە. لە نائازادی و ناعەدالەتییدا، شتەکە وەکو ئێرانی لێدێ، کە بە ڕەسمی قەدەغەیە، بەڵام بە ناڕەسمی وڵاتەکە بازاڕێکی گەورەی پیشەکەیە. کێشەکانی ئێمە لە کەمکردنەوەی گەندەڵی، باشکردنی گوزەران، بەرزبوونەوەی هۆشیاری، زیادبوونی ئازادییەکان، کەمکردنەوەی نایەکسانی جێندەری و چینایەتییەوە بەرەو باشیی ئەڕوا، نەک لە پۆپۆلیزمەوە. چارەسەرە سیحری و ئیعلامییەکان، پینەو پەڕۆی کاتییەو شتەکان لە بنەوە دەسکاری ناکا. پۆپۆلیزم خۆی کێشەیەو نابێتە چارەسەر، پۆپۆلیزمی ئاینیش خراپترین جۆری پۆپۆلیزمە، چونکە مرۆڤ لەبەردەم موقەدەسدا بێدەسەڵات ئەبێ و لێخوڕینی خۆش ئەبێت. باشترین شتی سۆسیالمیدیا ئەوەبوو کە مرۆڤ، ئۆتۆنۆمی لە قاڵبە جەماعییەکان وەرگرت و بوو بە خاوەنی پەنجەرەی خۆی. خراپییەکەشی ئەوەبوو کە جارێکی تر لە دەرگای پۆپۆلیزمەوە، مرۆڤەکانی بردەوە ناو شەپۆلە مێگەلییەکان. تێکەڵەی (دەسەڵات و موقەدەس و پۆپۆلیزم) شەیتانیترین خەڵتەیە کە مرۆڤ دایهێنابێ. ئا لێرەوە هەموو دژایەتییەکی "بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە" بە باش ئەزانم، جگە لەوەی کە هاوپەیمانێتی نێوان کەهەنەو سەڵاتینە، چونکە ئەوەی ئەم دوو دوکانە ئەیفرۆشن، زۆر تاوانترە لەوەی کە لەشفرۆش ئەیفرۆشێ. هەر لە ئەساسیشەوە ئەم دووانەن کە ئەویتر ئەخەنە ئەو دۆخەوە. ئەو ناعەدالەتییە مادی و فکرییەی لە بەرگی سیاسەت و ئایندا ئەکرێ، فەزای لەباری لەشفرۆشی و خراپەکارییەکانە. یەعنی شتەکە، ساتی ئێستای دوو سەری لەشکڕو لەشفرۆش نیە، بەڵکو پرۆسەیەو دنیایەک سەری تریشی تێدایە! جارێک لەگەڵ برادەرێک موناقەشەی دۆخی ئۆپۆزسیۆنمان ئەکرد، وتم نابێ سیاسەت کورتبکرێتەوە لە تەلەفزیۆنێکدا، چونکە نەیارەکەت ئەتوانێ تەلەفزیۆنێکی بەهێزتر دانێ. نابێ بە جنێودان بە پارتی، ململانێ ی یەکێتی بکەیت، چونکە ئەوکات یەکێتی خۆی جنێوەکان بە پارتی ئەداو تۆ دەسبەتاڵ ئەمێنێتەوە. ئیسلامییەکانیش ئەگەر هەموو هونەرەکەیان ڕووکەشبازی دینی بیت، کۆتاییان ئەوەیە سەعدی پیرە پێشنوێژییان بۆبکاو فازل میرانی خوتبەی جومعەیان بۆ بخوێنێتەوە! ماویەتی
د. كامەران مەنتك بۆچی فاكتەری كورد وەك نەتەوە، لەگەمە جیۆپۆلەتیكیەكاندا كاریگەرییەكی بەرچاوی نییە، سەرباری ئەوەی كوردستان وەك جوگرافیا گەورەترین رۆڵ وبایەخی لەو ململانێیانەدا هەیەو بۆتە چەقی ركابەرییە جیۆپۆلەتیكییەكان؟ لە زۆربەی نووسینەكانمدا هەوڵدەدەم لەروانگە جیۆپۆلەتیكیەكانەوە شیكردنەوە بۆ مەسەلەی كوردو ئەو گۆڕانكاریانە بكەم، كە بەسەر ئەو مەسەلەیەدا دادێت، ئەمە وایكردووە، بەشێك لە خوێنەران، ئەو خوێندنەوانە بە جۆرێك لەرەشبینی لەقەڵەم بدەن وایلێكبدەنەوە، كە ئاماژە نەكردن بە رۆڵی نەتەوەیی كورد لەو ململانێیانەدا، كەموكوڕییەكی گەورەیە لە نووسینەكاندا وخوێنەر، یاخود بەشێوەیەكی فراوانتر تاكی كورد دووچاری بێئومێدییەكی گەورە دەكات! بەر لەهەموو شتێك دەمەوێت ئاماژە بەخاڵێكی گرنگ بكەم، ئەویش ئەوەیە من لەروانگەیەكی سیاسیەوە سەیری مەسەلەی كورد ناكەم، بەڵكو لەروانگەیەكی ستراتیژی وئەكادیمییەوە خوێندنەوەیان بۆ دەكەم، نامەوێ بكەومە ژێر كاریگەری ئایدیۆلۆژیا جیاوازەكان ولەسەر بنەمای زانیارییە میدیاییەكان، كە بەداخەوە بەشێكی هەرە زۆری لە چوارچێوەی شەڕی راگەیاندندایە، لە راستیەوە دوورە ورەنگدانەوەیەكی ترسناكی لەسەر هزری سیاسی كورد دا هەیە، ، سەیری رووداوەكان بكەم، بەڵكو لە گۆشە نیگای ئەو جوولانەوانەدا شیكاری دەكەم، كە لەسەر خاكدا بەكردەیی روودەدەن ولەسایەی ئەو جولانەوە كردەییانەدا دیدی خۆم بۆ رووداوەكان دەخەمە روو!. خاڵێكی تر ئەوەیە، من لەو بابەتەدا قسە لەسەر حیزبی كوردی ناكەم، بەڵكو كار لەسەر وێناكردنی نەتەوەیەك دەكەم، وەك یەكەیەكی مرۆیی، كە دیارە ئەمەیان لەحیزب گەورەترە!. نكووڵی لێناكرێت، كە كوردستان لەرووی جیۆپیۆلەتیكیەوە بۆتە چەقی ململانێیە جیهانییەكان، لەبەرئەوەی پێگەیەكی گرنگ لە هەموو ئەو پڕۆژە جیهانیانەدا داگیر دەكات، كە ئێستا لە ركابەریدان لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەكە بەگشتی وفۆرمۆڵەكردنەوەی سیستەمی جیهانی بەتایبەتی، بەرامبەر ئەم بایەخە جیۆپۆلەتیكییەی كوردستان، كورد وەكو نەتەوە نەیتوانیوە ببێتە یاریزانێكی باش وتا ئێستا وەكو كارتێكی یاریپێكراو ئەو رۆڵە دەگێڕێت، كە بەشێوەیەكی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ بۆی دیاری دەكرێت، لەبەرئەوەی شێوازی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەكەو دابەشكردنی كوردستان لەدوای جەنگی یەكەمی جدیهانییەوە، بژاردەی سیاسی لەبەردەم بزووتنەوەی نەتەوەیی كوردیدا ئێجگار بەرتەسك كردۆتەوە، ئەمە ئەوەی لێهاتۆتە بەرهەم، كە دیدێكی كوردانە بۆ رووداوەكان نەبێت و ئاوەزی كوردی تا رادەیەكی زۆر پەكیبخرێت ولەكاربكەوێت، بە واتایەكی تر كورد بەهۆی پەرتەوازییەوە نەیتوانیبێت پڕۆژەیەكی نەتەوەیی هەبێت وستراتیژێكی نەتەوەیی دوور مەودا بۆخۆی دابڕێژێت، یاخود بتوانێت دەزگایەكی نەتەوەیی بەرفراوان دابمەزرێنێت لەسەر بنەما جیۆستراتیژییەكاندا، وەك نەتەوەیەك ئیدارەی ململانێكان بكات ورۆڵی خۆی بگێڕێت. جێگەی داخە تاوەكو ئێستا، جگە لە پارتی كرێكارانی كوردستان، سەرباری ئەو تێبینیانەی دەربارەی ئەو حیزبە هەمانە، هیچ حزبێكی تری كوردستانی دیدو پڕۆژەی تایبەتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد نەبووە، كە ئەویش خۆی لەتێزەكانی ئۆجەلان دەربارەی خۆسەری ونەتەوەی دیموكراتیك دەدۆزێتەوە، تەواوی حیزبەكانی تری كوری لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژانە دەخولێنەوە، كە هەمان ئەو هێزانە دایانهێناوە، كە خۆیان كوردستانیان دابەش كردووەو هەرخۆشیان تاوەكو ئێستا لەسەر هاوسەنگی نێوان كورد (وەك ئۆپۆزسیۆنێكی بەناو چەكداری) وئەو حكومەتە مەركەزیانەی خۆیان دایانناوە، بەرژەوەندییەكانی خۆیان مسۆگەر بكەن، وەك پڕۆژەكانی ئۆتۆنۆمی وفیدڕاڵی!. بەواتایەكی ئەو بیرركدنەوانەش لەچوارچێوەیەكی بەرتەسكی حیزبی دەرنەچووەو نەبۆتە دیدێكی گشتگیرو نیشتمانی، ئەمەش وایكردووە لەجیاتی یەمكگرتن وبەیەكەوە كۆكردنەوە، پەرتەوازەیی ولێكترازانی زیاتر بۆ ناوماڵی كوردی بێنێت. تاوەكو ئێستا زۆرینەی كورد لە چوارچێوەی ئەو نەخشە سیاسی وهزریەدا كاردەكات، كە بۆی داڕێژراوە، بۆیە بیركردنەوەی سیاسی كوردیش مۆركی سەربەخۆیی خۆی لەدەستداوە ووەك جوگرافیای كوردستان دابەش و پەرتەوازە بووە، ئەمە یەكێك لەو ئاستەنگانەیە، كە كورد نەتوانێت وەك یاریزانێك لەو گەمە جیۆپۆلەتیكیانەی دەگوزەرێت رۆڵی خۆی بگێڕێت، تۆ ناتوانیت لەسەر بلۆكێكی جیۆستراتیژی یەكگرتووەوە، بەهێزێكی پەرتەوازەو ناتەبا ببیە یاریزان، بەڵكو لە دۆخێكی لەو شێوەیەدا، ئەگەر لەو چوارچێوە یەكگرتووەدا ستراتیژ دانەڕێژیت ویاری نەكەیت، بەردەوام بە پاشكۆیەتی دەمێنیتەوە، دەبێت لە چاوەڕوانی ئەوەدا بیت رۆڵێكی لاوەكیت پێبدرێت، كە زۆر جاران بە پێچەوانەو دژ بە بەرژەوەندییە نیشتمانی ونەتەوەییەكانی خودی خۆت بێت، سەد ساڵی رابردوو ماوەیەكی باشە بۆئەوەی ئەم تێزە بسەلمێنینت وسوودی لێوەربگیرێت، كە هەموو ئەو بزووتنەوانەی بەناوی بزووتنەوەی كوردیەوە هەڵتۆقیون وكاریان كردووە، جگە لەزیان هیچی تریان بۆ كورد نەبووە، بۆیە بەپێچەوانەی ئەو مێژووە چەواشەكارییەی بەناوی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد نوسراوەتەوەو شانازییەكی ناراستی لای تاكی كورد دروست كردووە، رابردوێكە، یاخود مێژووێكە یەك پارچە لەشكست، نەتوانراوە لەو ماوەیەدا دەزگایەكی نەتەوەیی ونیشمانی وا دابڕێژرێت، كە هەموو هێزە جیاوازەكان لە ژێر چەتری خۆیدا كۆبكاتەوە، بۆیە رەوڕەوەی مێژووی سەدەی بیستەم لەشكستەوە بۆ شكستێكی تر چووە، ئەگەر بشمانەوێت ئەو قۆناغە تێپەڕێنین، دەبێت هەوڵبدەین لەجیاتی ئەوەی وەك یاریپێكراوێك بمێنینەوە، ببینە یاریزانێكی كارا لەسەر ئەو تەختە جیۆستراتیژییەی پێی دەگوترێت كوردستان، ئەمەش بەر لە هەموو شتێك بەتێكشكاندن وتێپەڕاندنی ئەو پاشكۆخوازییە دەبێت، كە باڵی بەسەر هێزە كوردیەكاندا كێشاوە، دەبێت دڵنیا بین لەوەی، هەزار ساڵی تر لەو چوارچێوەیەدا بخولێینەوە، ناتوانین خۆمان لە هەمان ئەنجام وهەمان چارەنووس رزگار بكەین، لەبەرئەوەی دووبارەكردنەوەی هەمان تاقیكردنەوە، بە هەمان رێگە، ئەگەر بۆ هەزار جاریش بێت، دەتگەڕێنێتەوە بۆ هەمان ئەنجام، بۆیە ئەگەر بمانەوێت نەتەوەكەمان بەقەد بایەخە جیۆپۆلەتیكیەكەی رۆڵی لەململانێكان دا دیاربێت، دەبێت هەوڵ بدەین هێزێكی هەرێمی دروست بكەین، كە لەئێستادا، بەهۆی شۆڕشی گەیاندن وئەو ئاستەی هەندێك لەهێزە كوردیەكان پێیگەیشتووە، لەهەموو كاتێك گونجاوترو لەبارترە، تەنیا پێویستی بەداڕشتنەوەی ستراتیژێكی نیشتمانی ونەتەوەیی هەیە، كە لەئاست ئاڵۆزی وقووڵی كێشەی كورد خۆیدا بێت لەو ناوچەیەدا، ئەو كاتە بەدڵنیاییەوە دەتوانین باس لە فاكتەری كوردی بكەین، وەك ئیرادەیەكی سەربەخۆو یاریزانێكی دیار، لەگەمە جیۆپۆلەتیكییەكاندا.
هەندرێن شێخ راغب دوو وێنەی كورد لە خۆپیشاندانەكانی ئێران هەیە، وێنەیەكی پیلان داڕێژراوی مەترسی داری رژێم خۆیەتی. كە لەیەكەم ساتەوەختی رووداوەكانی دوای مەركی ژینا ئەمینی كاری لەسەر دەكات. رژێم بە كردەوەش هەنگاوی زۆری نا. پەلاماری هەرێمی كوردستانی دا بەدرۆنو موشەك، رای گشتی بەم ئاراستەیە دەبرد كە ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێ پڕۆژەیەكی ناوخۆیی (ئێران)ی نیەو گەلانی ئێران نین كە خۆپیشاندان دەكەن، بەڵكو هێزە كوردییە دژ بەرەكانن لە هەرێمی كوردستان و سەر سنورو ناوچە كوردنشینەكان. لەمەشدا چەند مەبەستێك هەیە وەك: بچوك كردنەوەی ناڕەزایەتیو خۆپیشاندانەكانی ئێرانە لەیەك شوناس و یەك ناوچەی جوگرافی بچوكی دیاریكراو. هەوڵی كۆكردنەوەو گەمارۆدانی خۆپیشاندانە سەر تاسەریەكانە لەناوچە كوردیەكانو دواتر كۆنتڕۆڵ كردنی. هەوڵی رژێمە كە ئەمە ناڕەزایەتی كەمە نەتەوەیەكی ناو ئێرانە لەهەندێك رەفتاری ناو سیستەم، نەك راپەڕینو جوڵانەوەیەكی گەلانی ئێران بۆ گۆڕینی سیستەم. ئەم بە كوردی كردنە هەوڵێكی دیكەیە بۆ پەرتەوازەكردنی بەرەی ناڕەزایەتی ناو ئێران بەسەر گروپو نەتەوەو پێكهاتەی جیاواز جیاوازدا، واتە جوڵاندنی هەستی ناسیۆنالیستی فارسی لە تاران دژی كوردو عەرەب دژی كوردو بلوج و ئازەری و بەگژ یەكدا كردنیان و خوڵقاندنی ترس لای ناسیۆنالیستی فارسی كە ئەم نەتەوەو پێكهاتانە خەریكی پارچەپارچەكردنی ئێرانن!. دواتریش جوڵاندنی هەستی كوردیش دژی هەموان..ئەمەش ئامانجی یەكەمی رژێمە بۆ ئەوەی گەلانی ناو ئێران یەكگرتوو نەبن بەرامبەر رووبەڕووبونەوەی سیستەم. تەنانەت ئەم بە كوردی كردنەش كورد دەكات بە دوو بەرە، ئەو كوردانەی ناوخۆی ئێران لەگەڵ سیستەمن و كوڕی باشن، بەڵام كوردەكەی تر هێزو لایەنەكانی دژبەری رژێمن كە لەسەر سنورو هەرێمی كوردستان بە پیلانی جوو، ئەمریكاو سعودیە دەیانەوێت كوردانی ناوخۆی ئێران لە دژی دەوڵەتەكەیان هانبدەنو ئاژاوەیان پێ دروست بكەن. واتە رژێم دەیەوێت ئەم خۆپیشاندانو ناڕەزایەتیە بە كوردی بكات و لەناو كوردیش لە كوردی ئێرانی داببڕێتو بە كوردە بێگانەكانی نا ئێرانی بلكێنێت. كاتێك هەرێمی كوردستان بەفەرمی رایگەیاند: بەهیچ شێوەیەك چەك لەهەرێمی كوردستانەوە نەچۆتە ناو ئێران، كارێكی باشی كرد. هاوكات لەسەر سیاسەتی فەرمیش هێزە چەكداریە كوردیەكان گوتیان ئێمەو هێزە چەكدارەكانمان لە شەقامو كۆڵانو شۆستەكانی ناو ئێران رۆڵمان نیەو ئەوە گەلانی ئێران خۆیانن هاتوونەتە سەر جاددە، ئەمەش سیاسەتێكی دروست بوو. واتە بیانوو نەدراوەتە دەست رژێم كە ئەم سیاسەتەی باش جێبەجێ بكاتو ئامانجەكەی بپێكێت، تا ئێستاش كۆماری ئیسلامی لە دەوری ئەم سیاستە دەخولێتەوەو نائومێد نەبووە. دەیەوێت كۆی ئەم واقیعەی ئێستا لە هەڵگیرساندنی بەیەكدادانێكی سەربازی لەبیر خەڵك بباتەوەو دۆخەكە بە لایەكدا بخات. وێنەی دووەمیش تەواو وێنەیەكی كوردییە، وێنە راستەقینەكەی دۆخی ئێرانە، ئەم وێنەیە دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە زێدی خۆی لە سەقزی كوردستانەوە بریسكەی داو دروست بوو، دواتر سەرناسەری ئێران و دەرەوەی ئێرانی گرتەوەو بوویە روداوێكی جیهانی، بەتایبەت لەرەهەندە رەگەزیەكەی وەك كێشەی ژن بووە سمبولی خەباتی ژنانی جیهان. ئەم وێنەیە سەد لەسەد كوردیەو ئەوەی لەتەواوی ئێران هەیە بەهەموو نەتەوەو پێكهاتەو لایەنەكانەوە دەرەنجامی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی كوردە لە شارە كوردیەكان و دروشمی بنەڕەتی و مانشێتی سەرەكی خۆپیشاندانەكانی تەواوی ئێران(ژن، ژیان، ئازادی)یە كە سەد لەسەد كوردییەو هەناسەی كوردە بۆ ژیانی داهاتووی ئێرانیەكان بێ جیاوازی. نكۆڵی لەوە ناكرێت كورد بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی سەرمەشقی گۆڕانكارییە لە ئێران.ئێران ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش مەرگی ژینا ئەمینی، دەركەوت كێشەی كورد نەك خامۆش نەبووە، بەڵكو لەسەر ئاور دەكوڵێ، رژێم بۆ ئەوەی بتوانێت بمێنێتەوە دەبێت بەر لەهەر شت خواستەكانی كورد جێبەجێ بكات، گوێ لە هاوڵاتیەكانی بگرێت، سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی خۆی بگۆڕێت، لەمەترسی ئەوە تێبگات كە سەد دۆلار بۆتە چوار ملیۆن تمەن هێجگار مەترسیدارە بۆ سیستەم ومانەوەی خۆی. لەبری دوژمنایەتی كورد دەبێت دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران هێجگار سوپاسگوزاری كورد بن كە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینیەوە دەرفەتیان بۆ رەخساوە بتوانن گۆڕانكاری گەورە ئەنجام بدەن لەتەواوی سیستەم و دەسەڵاتداریەتی و دەستوور و یاساكانیان. بەهۆی خۆپیشاندان و راپەڕینی كورد و گەلانی ناو ئێران، چەندە هەڕەشە دروست بووە بۆ نەمانی رژێم، هێندەش دەرفەتی گەورەیان بۆ دروست بووە كە گۆڕانكاری بكەن و گوێ لە هاوڵاتیانیان بگرن و خۆیان چاك بكەن. بەتایبەت لە رەهەندی ئابوری و گەمارۆكان و ئازادیەكاندا. مەرگی ژینا ئەمینی و راپەڕینی كورد دەرفەتێكی گەورەیە بۆ ئێرانیەكان باری لاری ئێران راست بكەنەوە، بێنەوە سەر شانۆی نێودەوڵەتی و دەست بۆ گۆڕانكاری ببەن. بەلام ئەم عەقڵیەتەی كە دەیەوێت بە لەسێدارەدان وەڵامی ژن، ژیان، ئازادی بداتەوە، عەقڵێكە هەزار ساڵ لەدواوەیە، لە ئەشكەوتە. لەسێدارەدانی گەنجانی كوردو تەقەكردن لە خۆپیشاندان، گەورەترین هەڵەی ستراتیژی رژێمە كە بەڵگەی ئەوەیە هیچ لە دەرفەت و گۆڕانكاری و ناڕەزایەتیەكان تێ ناگات. بۆیە ئەوەی كێشەیە بۆ داهاتووی ئێران راپەڕین و خۆپیشاندانی كورد نیە، بەڵكو عەقڵیەتی رژێم خۆیەتی. كەس ناتوانێت نكۆڵی لەوە بكات كە كورد خاوەنی ئەم دۆخەی ئێرانەو دروشمی ژن ژیان ئازادیش گەواهیدەری ئەم راستیە، بەلام یەكێك لە دیمەنە هەرە جوانەكانی ئەم دۆخە ئەوەبوو كە لە تارانی پایتەخت هاوڵاتیانی فارس و ناو شاری تاران بۆ پشتیوانی كورد خۆپیشاندانیان كردو دەیانگوت: ئەگەر تاران ببێتە كوردستان ئێران دەبێت بە گوڵستان
محەمەد حسێن چەند هۆکارێکی تەکنیکی دۆلاری (بەرامبەر دینار) گران کردووە، بەڵام حکومەتەکەی سودانی و بانکی ناوەندی عێراق دەتوانن سنورێک بۆ ئەم گرانبوونە دابنێن؛ هاوکات سوریشن لەسەر ئەوەی نەهێلن دۆلار گرانتربێت لەو نرخە فەرمییەی کە دیاریکراوە. ئەم گران-بوونە چۆن رویداو کێشەکان لە کوێدان؟ لە وەتەی دەوڵەتی عێراق دروست بووە، حکومەتەکانی سیستەمی نرخی ئاڵوگۆڕی جێگیریان بەکارهێناوە، نەک نرخی گۆڕاو وەک ئەوەی کە لە تورکیاو ئێران هەیە. بۆیە هەر لەسەرەتاوە ئەم ناسەقامگیریەی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار دەبوایە روی-نەدایە. ئەمە کەلێنێکمان نیشان دەدات لە جێبەجێکردنی سیاسەتی دراوی حکومەتەکە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٤ەوە، بانکی ناوەندی عێراق لە رێگای مەزادی عمولەوە، رۆژانە دۆلاری بە دینار دەفرۆشت، چەند بانک و کۆمپانیایەکی دیاریکراو بە نرخی فەرمی ($١=١٤٦٠ دینار) دۆلار دەکڕن و لە بازاڕدا دەیفرۆشنەوە؛ ئەمە ئەو دۆلارە کاشەیە کەدێتە بازاڕ. هەر ئەم بانکانە بەڵگەکانی هاوردەکردنی کاڵا دەخەنە ڕوو تا بانکی ناوەندی عێراق بەقەدەر بەهای هاوردەکان حەوالەیان بۆ بکات. لە عێراقدا، دوو جۆر دۆلارمان هەیە، دۆلاری کاش کە نزیکەی ٢٠ تا ٢٥%ی ئەو دۆلارەیە بانکی ناوەندی دەیفرۆشێت لە ڕێگای چەند بانکێکەوە دێتە بازاڕەوە، وە دۆلاری حەواڵە بەشەکەی تریەتی. زۆر وتراوە لە سەر گەندەڵی و گرفتەکانی ئەم سیستەمە، بەڵام بۆ ئابورییەکی ئازادی پشت-بەستوو بە میکانیزمەکانی ئابوری بازاڕ، ئەم سیستەمە بۆ خۆی هیچ گرفتێکی نیە ئەگەر سیاسییەکان و بانکە-گومانلێکراوەکانیان بە خراپی سودییان لێوەرنەگرتایە. کێشەیەکی ئەم مەزادی عمولە ئەوەبوو کە بڕێکی زۆری ئەو دۆلارانەی بە ناوی بازرگان و هاوردەکارانی عێراقەوە لە بانکی ناوەندی دەردەکرا، لە رێگای چەند بانکێکی وەسیتەوە لە دوبەی و عەمان دەگەیشتنە دەست چەند بانک و کەسایەتی و کۆمپانیایەکی سەربە ئێران، یان نزیک لە حیزبوالله ی لبنانی و سوریای ئەسەد. ئەم کەسایەتی و هەژمارو کۆمپانیانە لە لایەن ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سزادراون لەبەر هۆکاری سیاسی جیاجیا. ئەم دۆخە هەمیشە مایەی ناڕەزایەتی ئیدارەی ئەمریکا بووەو وەک پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا بینراوە. لە ٥ ساڵی رابردوودا، ئەمریکیەکان زۆر هەوڵیاندا حکومەتی عێراق خۆی رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ سنوردارکردنی ئەو دۆلارانەی کە دەگەنە هەژماری ئەو لایەن و کەسایەتییانەی لەژێر سزاکانی ئەمریکادان، بەڵام لایەنی عێراقی دەستەوەستان بوو. ئەوەبوو بانکی ناوەندی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (U.S.Federal Reserve) خۆی سزای ٤ لەو بانکانەی دا کە گومان دەکرێت رۆڵی گەورەیان هەبوبێت لە گواستنەوەی دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراوە بۆ لایەن و کەسایەتیە سزادراوەکان. هەر کە بانکی ناوەندی ئەمریکا ئەم سزانەی راگەیاند، یەکسەر بانکی ناوەندی عێراق ئەم بانکانەی دوورخستەوە لە هەموو مامەڵەو رێکارەکانی خۆی. هاوکات میکانیزمی مەزادی عمولەیان هەڵوەشاندەوە. ئێستا راستەوخۆ بانکی ناوەندی عێراق خۆی دۆلار نافرۆشێت بە دینار بۆ هەرکەس و بانکێک کە بیەوێت، بەڵکو حەواڵەی بانکی دابین دەکات بۆ ئەو بازرگانانەی کە بە راستی کاڵا هاوردە دەکەن، یان ئەو گەشتیارانەی سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن لە کارتێکی بانکی رافیدەین دا ١٠ هەزار دۆلاری بۆ دەگۆڕنەوە بە نرخی فەرمی. ئەم میکانیزمە نوێ-یە (کە لە ساڵانی ١٩٦٠ەتاندا بە ناوی پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی بەکاردەهێنرا) وایکردووە پرۆسەی دۆلار فرۆشتن بە خەڵک و دابینکردنی حەواڵەی بازرگانی بۆ پارەدارکردنی کاڵای هاوردەکراو کەمێک خاو ببێتەوە، چونکە پشکنین و بەدواداجوونی هەموو ئەو مامەڵانەی بۆ کڕینی دۆلار (بە دینار) دەکرێت کاتێکی زیاتری دەوێت لەوەی تیمەکانی بانکی ناوەندی عێراق و رافیدەین دەتوانن رایی بکەن. ئەم سیستەمە نوێیە دەبێت بە پێی ستانداردی سیستەمی سویفتی نێودەولەتی بێت و توانای کارمەندانی بانکە عێراقییەکان زۆر لەوە بچوکترە بە ئاسانی لەگەڵیا رابێن. بەڵام بانکی ناوەندی خۆی سورە لەسەر ئەوەی رێگای جیاجیا تاقی بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەم کورت-هێنانەی دۆلار چارەسەر بکات بە زووترین کات.* بەڵام ئێستا چی دەگوزەرێت؟ یەکەم: بانکی ناوەندی عێراق ناچارکراوە سیستەمی مەزادی عمولە بگۆڕێت و لە جیاتی ئەوە راستەوخۆ حەواڵەی بازرگانەکان دابین بکات و دۆلار بە ئەو عێراقییانە بفرۆشێت کە دەچنە دەرەوە چونکە مەترسی ئەوەی هەبوو ئەو دوو هەژمارە بانکییەی عێراق لە ئەمریکا هەیەتی (یەکیان ناوی عێراق١ بۆ کۆکردنەوەی داهاتە نەوتیەکانەو ئەی تریش عێراق٢ بۆ هەڵگرتنی یەدەکی دراوە بیانییەکانە) سڕبکرێن. ئەو کاتەی ئەمریکیەکان قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسیان کوشت و پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا راوێژکارە سەربازییە ئەمریکییەکان لە عێراق دەربکات، دۆناڵد ترامپ-ی سەرۆکی ئەمەریکا راستەوخۆ وتی ئەگەر عێراق ئەمە بکات ئەوا هەژمارە بانکیەکانی حکومەتی عێراق سڕ دەکات**. لە ماوەی رابردوودا سەفیری ئەمریکا پەیامێکی تری هەڕەشە ئامێزی گەیاندۆتە حکومەتەکەی سودانی لەسەر فرۆشتنی دۆلار بە کەس و کیانە سزادراوەکان. هاوکات چوار بانکی ئەهلی گومانلێکراویان سزادا و ١٤ی تریشیان خستە ژێرچاودێرییەوە. بێ گومان هەر بانک و کەسایەتییەک لە لایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە سزابدرێت بانکی ناوەندی عێراقیش راستەوخۆ سزاکەی جێ بەجێ دەکات و ناتوانێت مامەڵەیان لەگەڵ بکات. دووەم: بانک و کۆمپانیا داراییە گومانلێکراوەکان رۆژانە دەیان ملیۆن دۆلاریان لە بانکی ناوەندی عێراق وەردەگرت بە ناوی هاوردەکردنی کاڵاوە، لە جیاتی ئەوەی لە ڕێگای بانکە وەسیتەکانی دوبەی و عەمانەوە ئەم دۆلارانە بنێرن بۆ ئەو کۆمپانیاو لایەنانەی لەسەر فاتورەکە ناوییان هاتبوو، دیان نارد بۆ چەند هەژمارێکی تر کە بەلای زۆرەوە لە لیستی سزادراوەکانی ئەمریکادا بوون؛ پارەکە نەدەگەیشتە ئەو شوێنانەی کە لە فاتورەکەدا ناویان هاتووەو بە حساب کاڵا هەناردەی عێراق دەکەن، بەڵکو دەگەیشتنە چەند هەژمارێکی تری بانکی کە لە دواجاردا هی کەسایەتی و دەزگاکانی ئەو وڵات و شوێنانە بوون کە سزادراون. سزادانی ئەم چوار بانکەو ئەو رێکارانەی گیراوەتەبەر بۆ سنوردارکردنی ئەم حەواڵە گومانلێکراوانە بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو دۆلارە کاشەی کە رۆژانە دێتە بازاڕی دراوەکانەوە لە ناو شارەکانی عێراقدا. ئەمەش وایکردووە نرخی نافەرمی دۆلار زیاتربێت لە نرخە فەرمییەکەی. سێهەم: ئەوەی کە هەیە گرانبوونی دۆلارە لە بازاڕە نافەرمیەکەی عێراقدا، ئەگینا نرخی دۆلار هەر وەک خۆیەتی و هەرکەس لە بانکی ناوەندی یان رافیدەین دۆلار بکڕێت ١$=١٤٦٠ دینار، کێ بازرگانەو بۆ هاوردەکردنی کاڵا دۆلاری پێویستە دەتوانێت بەم نرخە فەرمییە دۆلاری دەستبکەوێت، کێ سەفەری دەەرەوەی وڵات دەکات دەتوانێت بەم نرخە تا ١٠ هەزار دۆلاری دەستبکەوێت..هۆکاری گرانبوونی دۆلاری کاش لە بازاڕە نافەرمیەکەدا تەکنیکییە. ئەو بڕە دۆلارەی دێتە بازاڕە نافەرمیەکەی عێراق نەختێک کەمترە لەوەی کە خواستی لەسەرە، ئەمەش وایکردووە شتێک گرانتر بێت لە نرخە فەرمییەکەی. چارەسەرچیە؟ بە گشتی ئەم گرفتەی ئێستا هێندە گەورە نیە، نرخی دۆلار بەرز نەبۆتەوەو دیناریش دانەبەزیوە، تەنها ئەو دۆلارە کاشە گران بووە کە لە بازاڕە نافەرمییەکەدا هەیە. هەموو هاوردەکارێک، یان گەشتیارێک، دەتوانێت دۆلارێک بە ١٤٦٠ دینار بکڕێت لە بانکی رافیدەین، یان لە بانکی ناوەندی. بۆ چارەسەری گرفتی کورتهێنانی دۆلار لە بازاڕە نافەرمییەکەدا، بانکی ناوەندی عێراق دەیان رێگاو ئامرازی لە بەردەستە. بۆ نمونە، ئەگەر حکومەتی عێراق پارەی بەڵێندەر و کۆمپانیا عێراقییەکان بە دۆلار بدات. یان ٢٠%ی موچەی کارمەندانی کەرتی گشتی بە دۆلار دابەش بکات، ئەو کات ئەم گرفتە چارەسەر دەبێت. بەڵام هیچ زەمانێک نیە دوای بانکە ئەهلییەکانی سیاسییە گومانلێکراوەکان جارێکی تر ئەم دۆلارەش لە بازاڕدا ناچننەوە و ناینێرنەوە بۆ وڵات و لایەنە سزادراوەکان. ئێران وەک سەرچاوەی ئەم گرفتە دەبینرێت لە لایەن زۆر لەو کەس و شارەزایانەی لە روانگەیەکی سیاسییەوە تەماشای پرسی کورتهێنانی دۆلاری کاش دەکەن لە بازاڕە نافەرمیەکەدا؛ کێشەکانی ئێران و ئەمریکا رۆڵێکی هەیە لە دروستکردنی ئەم گرفتەدا، بەڵام لە راستیدا هۆکاری سەرەکی نیە. ئەگەر عێراق سێکتەرێکی بانکی پێشکەوتووی هەبوایە و گرێدراوبوایە بە تۆڕی سویفتی جیهانی و توانای رەوانەکردنی حەواڵەکان و رایی کردنی بازرگانییە دەرەکیەکەی هەبوایە، ئێران نەدەبووە کێشە. کەلێنەکە لە ناوخۆی عێراقدایە، ئیتر ئێرانیەکان یان هەر کەس و لایەنێکی تر رەنگە بێن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بهێنن. بە دیوەکەی تریشدا، ئەوە راستە کە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هاوکات داڕوخانە ئابورییەکەی ئێران وای کردووە فشارێکی زیاتر لەسەر بانکەکانی عێراو دروست ببێت. بانکی ناوەندی ئەمریکا بە مافی خۆی دەزانێت کە دڵنیابێت لەوەی دۆلارەکانی (باوەکو هی عێراق و عێراقییەکانیش بێت) ناچنە گیرفان و قاسەکانی لایەن و کەسە سزادراوەکانەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو فشارێک دەخاتە سەر لایەنی عێراقی. بەڵام ئایا بانکەکانی عێراق و حکومەتەکەی سودانی چۆن زەمانی ئەوە دەکەن کە دۆلارەکانیان ناڕواتە قاسەی سزادراوەکانی ئەمریکاوە؟ ئەمە ئەو پرسارە تەنکنیکییەیە کە بەغدا دەتوانێت ئەم قەیرانەی ئەمڕۆی نرخی دینار-دۆلاری پێ چارەسەر بکات. کێشەیەکی تری عێراق ئەوەیە، ئابوریەکەی زۆر پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت. عێراق بە بێ هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلار هاوردەی هەیە، وا تەقدیر دەکرێت لە هەرێمی کوردستانیشەوە نزیکەی ٣٠ ملیار دۆلار هاوردەی هەموو عێراق بکرێت. ئەم بڕە زۆر زۆرە بۆ ئابورییەکی وەک عێراق کە کۆ بەرهەمەکەی لە ساڵی ٢٠٢١دا تەنها ٢٠٧ ملیار دۆلار بووە***. *https://cbi.iq/news/view/2177 ** https://on.wsj.com/3GsLwV3 *** https://tradingeconomics.com/iraq/gdp
كاوە محەمەد ئێوارەی رۆژی (١٢/٧/٢٠١٤) لەگەڵ هاوڕێیانی فراکسیۆنی گۆڕان و فراکسیۆنی یەکێتی بە فڕۆکە سەفەری بەغدامان کرد، شەو خەریکی راوێژ و پەیوەندیکردن بووین بۆ زانینی رووداوەکانی پشتی پەردە، بۆمان روونبۆوە کە سوننەکان خۆیان لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان یەکلادەکەنەوە، ئیتر شەو درەنگ لەسەر (د.سەلیم جبوری) ساغ بوونەوە کە بە رەسمی دەبێتە کاندیدیان تا لە دانیشتنی پەرلەماندا دەنگی پێ بدرێت. چونکە لەدانیشتنی یەکەمی پەرلەماندا هێشتا رێکنەکەوتبوون لەسەر کاندیدێک، شیعەکان بەهیچ شێوەیەک ئامادەنەبوون (ئوسامە نوجەیفی) قبوڵ بکەن ببێتەوە بە سەرۆکی پەرلەمان، بەتایبەتیش کە ئەوان رێککەوتبوون جارێکی تر (نوری مالکی) نەبێتەوە بە سەرۆک وەزیران. رۆژێک پێشتر (١١/٧) لەگەڵ هەریەک لە؛ (رێبین هەردی، عەبدلرەزاق شەریف، ئازاد کاکە رەش، نەوزاد نوری بەگ، کوردە حەسەن و سیروان غەریب) لەماڵی کاک نەوشیروان بووین، تازە (ئایەتوڵا سەید عەلی سیستانی) مەرجەعی شیعەکان وتبووی؛ "پێویستە حکومەت پێکبهێنرێت و پشتیوانیی فراوانی هەبێت"، (کاک نەوشیروان) دەیوت؛ ئەوە مەبەستی مالکی-یە، من رام جیاواز بوو و وتم؛ نەخێر مەبەستی دانانی کەسێکی تری غەیری مالکی-یە، چونکە ئێستا ئەو پشتیوانییە فراوانەی نیە کە (سیستانی) باسی دەکات. ئیتر لەم کاتانەدا ئێمەش لەناوخۆی فراکسیۆن بە گەرمی باسمان لەوەکرد کە مادام سێ پۆستی سیادی بەر کورد دەکەوێت، سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی و جێگری سەرۆک وەزیران بۆ پارتی، ئێ گۆڕان-یش سێیەم فراکسیۆنی گەورەی کوردستانییە، بۆیە مافی (گۆڕان)ە کە سێیەم پۆستی سیادی (جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان) وەربگرێت. سەعات (١٢ی نیوەڕۆی ١٣/٧/٢٠١٤) دانیشتنی پەرلەمان دەستیپێکرد، ماوەیەک دواخرا، ئەویش بەهۆی نەگەیشتنی لایەنەکان بە رێککەوتن، هەروەها بەهۆی نەهاتنی پەرلەمانتارانی پارتی لەهەولێرەوە، چونکە تۆز و بایەکی زۆر بوو لەبەغدا و فڕۆکە نەیدەتوانی بنیشێتەوە. بەر لەدانیشتنەکە ئێمە وەک فراکسیۆن لەئۆفیسەکەی خۆمان لەپەرلەمان، کۆبووینەوە و باسمان لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرد وەک ئیستیحقاقی گۆڕان، هەموومان لەسەر ئەو پرسە هاوڕابووین، من لەو کۆبوونەوەیەدا باسی ئەوەشم کرد کە با بە فەرمی داوای پێکهێنانی (ئیئتیلافی فراکسیۆنە کوردستانییەکان) بکەین، بۆئەوەی هاوئاهەنگیی کوردستانی دروستبکەین، نەک بەهۆی کەمیی ژمارەی کورسیەکانمانەوە بکەوینە ژێر کاریگەریی بڕیارەکانی پارتی و یەکێتی، ئەگەر رازی بوون، کارێکی باش دەبێ، ئەگەر رازیش نەبوون، دەڵێین داوامانکرد و نەیانکرد و روانگەی حزبییان زاڵکردەوە. سەعات (٦.٣٠)ی ئێوارە، (ئارام شێخ محەمەد) کە سەرۆکی فراکسیۆن بوو، لەلایەن (خەسرەو گۆران)ی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی-ەوە ئاگادارکرابۆوە کە خۆی (خەسرەو) کاندیدە بۆ پۆستەکە، ئەمەمان بە کارێکی نابەجێ دانا، ئێمە دژ و یەکێتییەکانیش لێی ناڕەحەت بوون، ئیتر (ئارام شێخ محەمەد) لەگەڵ (کاک نەشیروان) قسەیکردبوو، وتبووی؛ دیارە خۆتان حەزتان لێیە و بۆ خۆتانە، دەنا وەزارەت باشترە لەجێگری سەرۆکی پەرلەمان کە وەریگرن. هەروەها لێی پرسیبوو کە کەس لەبەرپرسانی پارتی قسەی لەگەڵ کردوویت ؟ (کاک نەوشیروان) وتبووی؛ نەخێر کەس قسەی لەگەڵ نەکردووم، پاشان (کاک نەوشیروان) تەلەفۆنی بۆ کردەوە و پێی وتبوو کە (کاک مەسعود بارزانی) پەیوەندی پێوەکردووم و وتوویەتی؛ من لاریم نیە کاندیدەکە لەهەر لایەنێکەوە بێت. لەدانیشتنەکەی پەرلەمانیش هەندێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی (الوطنیەی ایاد عەلاوی کە پێشتر بایکۆتی یەکەم دانیشتنیان کردبوو) سوێندی یاساییان خوارد، دواتر (اسامە النجیفی) رایگەیاند کە (سلیم الجبوری)کاندیدی ئەوانە (تحالف القوی العراقیة) بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان. هەرچەندە شیعەکانیش گەیشتبوونە نیمچە رێککەوتنێک کە (همام حمودی) بۆ پۆستی جێگری یەکەم کاندید بکەن، بەڵام سەرۆکی کاتیی پەرلەمان (مهدی الحافظ) دانیشتەکەی کۆتایی پێهێنا و بۆ دووسبەی (١٥/٧) دوایخست. دوای دانیشتنەکە، جارێکی تر وەک فراکسیۆن کۆبووینەوە و بڕیارماندا هەنگاوی زیاتر بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە بنێین، ئیتر من و (هۆشیار عەبدوڵڵا) هەواڵەکەمان بۆ هەندێ لەسایتەکان دزەپێکرد و دەستمانکرد بە پەیوەندیکردن بە لایەنە کوردستانییەکان. رۆژی ١٤/٧/٢٠١٤ (ئارێز عەبدوڵڵا-پەرلەمانتاری یەکێتی) پەیوەندی پێوەکردم و وتی؛ دەمەوێ بە فەرمی پێتانڕابگەیەنم کە ئێمە پێمانباشە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئێوە بێت، ئەمەش رای فەرمی مەکتەبی سیاسیمانە نەک تەنها فراکسیۆن. پارتی-ش لەرێگەی (فازڵ میرانی) ئەندامی مەکتەبی سیاسی پەیوەندیان بە (عومەری سەید عەلی)ەوە کردبوو و رەزامەندیی خۆیان دەربڕیبوو، دواتر (کاک نەوشیروان) پەیوەندی بە (ئارام شێخ محەمەد)ەوە کرد و پێی وتبوو؛ لەناو خۆتاندا کەسێک بۆ پۆستەکە دیاری بکەن و وەڵامم بدەنەوە تا پارتی لێ ئاگاداربکەمەوە. دوای نیوەڕۆ ئەندامانی فراکسیۆن (جگە لەمەسعود حەیدەر کە بە سەفەر لەهۆڵەندا بوو) لەشوقەکەی من کۆبووینەوە، دەرگای خۆکاندیدکردن کرایەوە، سەرەتا کەس خۆی کاندید نەکرد، دواتر(د،تاڤگە ئەحمەد) وتی؛ با (کاک ئارام) بێت، ئەویش وتی؛ بەڵی من خۆم کاندید دەکەم و لەخۆم رادەبینم بە باشی کاری تێدابکەم، روویان لەمن کرد، منیش وتم با (کاک ئارام) بێت، پاشان لەسەر پێشنیاری (ئەمین بەکر) بە تەلەفۆن پەیوەندیمان بە (مەسعود حەیدەر)ەوە کرد و مەوزوعەکەمان بۆ باسکرد و وتمان وەک دەنگ و وەک کاندید دەتوانێت بەشداربێت، سەرەتا وتی؛ ئەمە مەسەلەیەکی ئیداری و سیاسییە و پێویستە گردەکە دیاریبکات، ئینجا وتی؛ منیش خۆم کاندید دەکەم، ئیتر بە نهێنی دەنگماندا، ئارام (٨) دەنگ و مەسعود (١) دەنگی هێنا و یەکلاکرایەوە. ئەمەش بۆ گۆڕان گرنگ بوو کە لەکاتێکی پێوانەیی و لەیەک کۆبوونەوەی کورتدا کاندیدی خۆی دیاریکرد. پاشان لەرێگەی پەرلەمانتاران (د.نەجمەدین کەریم و ئاڵا تاڵەبانی)ەوە بە یەکێتی-مان راگەیاند، ئینجا قسەمان لەگەڵ پەرلەمانتاران (ئەحمەدی حاجی رەشید-کۆمەڵ) و (د.موسەنا ئەمین-یەکگرتوو) کرد، کۆمەڵ پشتیوانیان لێ کرد و یەکگرتووش وتیان باشە، بەڵام پێویستە ئێمەش لەپۆستەکانی تر هەقمان نەفەوتێ. چاوەڕێی هاتنی پەرلەمانتارانی پارتی بووین، ئێوارە گەیشتنە بەغدا و شەو من و (ئارام شێخ محەمەد) و (د.دەرباز محەمەد) لەهۆتێل رەشید لەژوورەکەی خۆی لەگەڵ (خەسرەو گۆران) دانیشتین، وتی؛ ئێمە هیچ کێشەیەکمان نیە، ئەمە لەنێوان ئێمە و ئێوەیە، کە ئێوە داوایدەکەن، ئێمەش لاریمان نیە و بە گرنگی دەزانین بۆ یەکڕیزیی کوردستانی. پاشان لەگەڵ لایەنەکانی تر رێککەوتین کە سبەی پێش دانیشتنی پەرلەمان سەرۆکی هەر پێنج فراکسیۆنە کوردستانییەکە کۆببنەوە و لەسەر پرسەکە رێکبکەون، بەڵام دواتر (ئارام) قسەی لەگەڵ (د.نەجمەدین) کرد و وتی؛ باشە، بەڵام دەبێ ئێوەش بۆ سەرۆکی (ئیئتیلافی فراکسیۆنە کوردستانییەکان) پشتیوانی لەئێمە بکەن. سەعات (١١)ی سەرلەبەیانی رۆژی (١٥/٧/٢٠٤) دانیشتنی پەرلەمان دەستیپێکرد، ئەمە درێژەی دانیشتنی یەکەمە، چونکە بە کراوەیی بەجێهێڵرابوو، بۆئەوەی پێچەوانەی مادەی (٥٥)ی دەستوور نەبێت کە داوادەکات لەجەلسەی یەکەم سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکی پەرلەمان کرایەوە، کاندیدی سوننەکان (د.سلیم الجبوری) و ژنە پەرلەمانتار (شروق العبایچی)ش کاندیدی (هاوپەیمانیی دیموکراتیی نیشتیمانی) بوون، دەنگدانی نهێنی کرا و د.سلیم (١٩٤) دەنگ و شروق-یش (١٩)دەنگ-یان بەدەستهێنا، (٦٠) دەنگیش بەتاڵ بوون، ئەمەش لەکۆی (٢٧٣) دەنگدەر، بۆیە (د.سلیم) بوو بە سەرۆکی پەرلەمان کە بە پێی دەستوور دەبێ (زۆرینەی رەها)ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، واتە (٥٠+١) ی تەواوی ئەندامانی پەرلەمان کە دەکاتە (١٦٥) لەکۆی (٣٢٩) پەرلەمانتار. دوای ئەوە، بۆ جێگری یەکەمی پەرلەمان هەریەک لە (حیدر العبادی) لە دەوڵەتی یاسا و وەک کاندیدی شیعەکان (هاوپەیمانیی نیشتیمانی) کاندیدکرا، بەهۆی ململانێی سەدرییەکان و مالیکییەکان، (د.احمد الچلبی)ش هەر لە(هاوپەیمانیی نیشتیمانی) خۆی کاندیدکرد، دواتر لەژێر گوشاری سەرکردەکانی (هاوپەیمانیی نیشتیمانی)، رایگەیاند کە بە سیفەتی شەخسی، خۆی کاندید کردووە، دەنگدان بەڕێوەچوو و لەکۆی (٢٦٣) دەنگدەر، عبادی (١٤٩) دەنگ و چلبی-ش (١٠٧) و فارس جەجۆ کاندیدی هاوپەیمانیی دیموکراتیی نیشتیمانی (٦) دەنگیان بەدەستهێنا و (١٣) دەنگیش پووچەڵ بوون. بەمشێوەیە هیچیان نەیانتوانی (٥٠+١)ی کۆی ئەندامانی پەرلەمان بەدەستبهێنن، بۆیە دەرفەتێکی نیو سەعاتی رەخسێنرا تا شیعەکان لەناوخۆیاندا رێککەون، دواتر هاتنە ناو هۆڵی کۆبوونەوە و بڕیاردرا پرۆسەکە بۆ دوو کاندیدی یەکەم دووبارە بکرێتەوە، (همام حمودی) رایگەیاند کە (چلبی) رازی بووە خۆی لەکاندیدبوون بکێشێتەوە، چلبی خۆیشی قسەیکرد و هەمان شتی راگەیاند، دیاربوو ئەو کاندیدی ناڕاستەوخۆی سەدرییەکان بوو و مەبەستیان بوو پەیامی خۆیان بە (دەوڵەتی یاسا) بگەیەنن. بۆیە دەنگدان کرایەوە و ئەمجارە عبادی (١٨٨) دەنگی لەکۆی (٢٦٣) دەنگ بەدەستهێنا و (٧٦) دەنگیش پووچەڵ بوون و بەمجۆرە عبادی بوو بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان. نۆرە هاتە سەر هەڵبژاردنی جێگری دووەم و (ئارام شێخ محەمەد) تاکە کاندیدی کورد بوو و خۆی ناساند و توانی لەکۆی (٢٤١) دەنگ (١٧١) دەنگ بەدەستبهێنێت و ببێت بە جێگری دووەم. ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ گۆڕان و بۆ کوردیش کە بێ کێشە هەڵبژێردرا. * بەشێک لەکتێبی (کورسییەک لەتەختەی مێژوو.. ئەودیوی رووداوەکانی ساڵانی پەرلەمانتاریم)
گوڵاڵە سدیق پاش دەستبەکاربونی حکومەتی نوێی عێراق، لەکاتێکدا شەقامی عێراقی چاوەڕوانی گەڕانەوەی بەهای دینار بوون بۆ دۆخی جارانی، لەپڕ، بەرزبونەوەی نرخی دۆلار، شەقامی عێراقی و بازاڕی توشی شۆک کرد! هەمیشە نرخی دراو و بازاڕ و ئابوری ووڵات و ژیانی خەڵک، چوار بازنەی پێکەوە گرێدراون، بەڵام هەمیشە خەڵک زەرەرمەندی سەرەکی ئەم چوار بازنەیەیە. وە لەبەرئەوەی عێراق یەکێکە لە ووڵاتە بەرخۆرەکان، هەر زیادبونێک لە نرخی دۆلار، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوەنەی کاڵا و شمەک لەبازاڕدا، چونکە کاڵا هاوردەکان بە دۆلار مامەڵەیان پێوە دەکرێت. وە هەتا ئەم ساتەش حکومەتی عێراق لەبانکی ناوەندی دۆلار بەنرخی پێشو دەفرۆشێت، وە لە موزانەی ٢٠٢٣ هیچ گۆڕانکارییەک لەنرخی دۆلار نەکراوە. چەند هۆکارێک لەپشت بەرزبونەوەی نرخی دۆلارە، بەڵام هەمو هۆکارەکان پەیوەستن بە پرسی سپیکردنەوە، لەوانە: ١ـ بە هۆی سزادانی چەند بانکێک بە تۆمەتی بردنە دەرەوەی دۆلار بۆ ووڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت ئێران، بانکی ناوەندی توشی شڵەژانێکی گەورە هاتوە بەهۆی کەمبونەوەی خستنەڕوی دۆلار بەڕێژەی %٤٠ قەبارەی جارانی. ئەم کەمی خستنەڕوە، ئوتوماتیکی دەبێتە هۆی زیادبونی خواست، چونکە خواست و خستنەڕوو هەمیشە دوو کرداری پێچەوانەن. ٢ـ لەئێستادا، تومەنی ئێرانی بەهای خۆی لەدەستداوە و پێشبینی ئەوە دەکرێت زیاتر بەهای خۆی لەدەست بدات، بەم هۆیەوە حکومەتی ئێرانی و هاوڵاتی ئێرانی هەوڵدەدەن پارەکانیان بکەن بە دۆلار، کە زۆرینەی ئەو دۆلارانەی دەچێتە ئێران، لەڕێی عێراق و بازاڕی داریی عێراقەوە دەچێتە ئەو ووڵاتە. لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لە مەرزی باشماخ دەستگیراوە بەسەر چەند قەواڵەیەکی تەزویری فرۆشی دۆلار کە بانکی ناوەندی عێراقی دەیفرۆشێت. (واتە لەپێناو بردنەدەرەوەی دۆلار قەواڵەکان تەزویر کراوە) ٣ـ هەڵمەتی حکومەتی نوێی عێراقی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی، کە بڕیاری لێپێچینەوەی بۆ چەند بەرپرسێک دەرکردوە، لەئێستادا، ئەم بەرپرسانە دەستیانکردوە بەکڕینی دۆلار و هەڵمەتی ناردنە دەرەوەی پارەکانیان. (لەناو ئەو بەرپرسانەدا ناوی مستەفا کازمیش هاتوە). ٤ـ پارەی فرۆشی نەوتی عێراق، لە بانکی فیدراڵی ئەمریکییەوە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، لەئێستادا بەبیانوی بردنەدەرەوەی دۆلار بۆ ووڵاتانی دراوسێ، بڕی پارەی گەڕاوەی نەوت کەمیکردوە. چونکە عێراق زۆرترین کاڵا هاوردە دەکات، زۆرترین دۆلار دەچێتە دەرەوەی عێراق، بەڵام حکومەتی ئەمریکی نیگەرانە لەوەی ئەو پارانەی بەبیانوی هاوردەکردن دەنێردرێتە دەرەوەی عێراق ڕاستەوخۆ ناچێت بۆ ووڵاتی هەناردەکەر، هەمیشە وەسیتێک یان زیاتر لەنێوان عێراق و ووڵاتی هەناردەکەر هەیە، ئەمەش بیانوی داوە بەدەست حکومەتی ئەمریکا کە گومانی زیاتر بخاتە سەر عێراق بۆ سپیکردنەوەی ئەو دۆلارە بۆ ووڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران. بەم هۆیەوە لەئێستادا حکومەتی ئەمریکی داوای ئالیەتی سیوفتی ڕاستەوخۆ دەکات لەنێوان عێراق و ووڵاتی هەناردەکەر بەبێ بونی هیچ وەسیتێک. ٥ـ هەمیشە پەیوەندییەکی ژێربەژێر و سەفەقات هەیە لەنێوان هەندێک بەرپرس و پەرلەمانتار، کە بەلێدوانی ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانە شڵەژان دەخەنە بازاڕی دراوەوە، وەک بینیمان لە ماوەکانی پێشودا چەند جارێک بازاڕی دۆلاریان شکاند، وە لە ئێستاشدا بەهۆی هەر لێدوانێکی ئاگرینی ئەوانەوە گڕ لە بازاڕی دۆلار دەدەن کە هەمیشە خەڵک زەرەرمەند و ئەوان سودمەند! سەرەڕای هەبونی ئەم هۆکار و ئاڵنگارییانە بۆ شڵەژانی بازاڕ و بەرزبونەوەی نرخی دۆلار، وە سەرەڕای خەمساردی بەرپرسانی عێراق سەبارەت بەبەهای دیناری عێراقی و بەتاڵانبردنی دۆلار لەپێناو ووڵاتانی دراوسێ، بەڵام بەهای دیناری عێراقی دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی، چونکە هیچ گۆڕانکارییەکی نرخی دۆلار لە بانکی ناوەندی ڕوینەداوە، وە هیچ گۆڕانکارییەکیش لە نرخی دۆلار لە موازەنەی ٢٠٢٣ نەکراوە، وە عێراق خاوەنی یەدەکێکی نەختینەیی بەرز و ئاڵتونێکی باشە و نرخی نەوتیش لەبەرژەوەندی ووڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتە، لە مانگی یەکەمی ساڵی داهاتو هەموو دۆخەکان ئاسایی دەبنەوە و نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی.
ھاوکار عزەت * 🔘چەند رۆژێکەو بە تایبەت ئەمڕۆ، بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی و تومەنی ئێرانی بەرزترین ئاستی تۆمارکردوە، یان ڕاستتر بڵێین ئەو دوو دراوە کەمترین ئاستیان لە بەرامبەر دۆلار تۆمارکردوەو بەهاکەی خۆیان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا هێندە لە دەستداوە. ساڵانێکی زۆرە و لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە بەرز و نزمی ئاستی دینار بەرامبەر بە دۆلار دیاردەیەکی هەمیشە بینراوەو هیچ ڕۆژێک نەبوە بەهای دینارو دۆلار وەک ڕۆژی پێشخۆی یان دوای خۆی بێت، بۆ تومەنیش بە هەمانشێوەبوە. هۆکاری ئەم بەرزبوونەوە نا ئاساییەی ئێستای دۆلار و داڕمانی بەهای دینار و تومەن، یەکێکە لە دەستودیارییەکانی حکومەتێکی نەزانی خۆپەرستی خۆقوتارکەر لە قەیران و نەهامەتیی و ئیحراجیەکان. 🔘کاتێک حکومەتی عێراق بڕیاریدا بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەکەی نرخی دۆلار لەسەدا ١٧ بەرز بکاتەوەو دەرگایەک بەڕوی بازرگانانی چاوچنۆکدا بکاتەوە بۆ زیاتر یاریکردن بە نرخەکان و بەرزکردنەوەی نرخەکان، ئێرانیش لەهەمان کاتدا بۆ هەمان مەبەست هەمان کاری کرد کە عێراق کردی و بەهای تومەنی بەرامبەر بە دۆلار دابەزاند بۆ ئەوەی داهاتی وڵاتەکەی زیادبکات و کورتهێنانی بودجەی پێکەم بکاتەوە یان پڕبکاتەوە. 🔘ئێستا عێراقیش و ئێرانیش هەردووکیان لە بەردەم داڕمانی دراوەکەیاندا بێدەسەڵات ماونەتەوەو بازار کەوتۆتە دەست بازرگانان و، بانکی ناوەندیش هیچ دەسەڵاتێکی نییە بەسەر دۆخەکەدا، ئەو دو وڵاتە ئێستا لە بەردەم ئاریشەیەکی گەورەی داراییدان و ناتوانن بڕیاری دروست بدەن، ناتوانن ڕاست و چەپی خۆیان لێک جیابکەوە، ناتوانن سیاسەتی نەقدی و سیاسەتی پاراستنی بەهای دراوی نەتەوەیی بپارێزن. 🔘عێراق کە دراوە دۆلارەکەی کە ڕۆژانە دەیخاتە بازارەکانەوە بەشی خواستی ناوخۆیی ناکات، کەچی بەشێکی زۆری بەرۆژی ڕوناک دەچێتە وڵاتانی دەرەوەو بە قاچاخ ساغدەکرێتەوە و دەسەڵاتدارانی وڵاتیش تەنها تەماشاکارن. باجی سەرەتاو کۆتایی ئەم بێ سیاسیەتییەی بانکی ناوەندی و حکومەتەکانی ئەم دوو دەوڵەتە تەنها هاوڵاتیەکانیان دەیدەن، تەنها ئەوان بونەتە قوربانیی دەستی سیاسەتی چەوت و نەزانانەی سیاسیە بەناو ئیدارییەکانیان، ئەوان گوێ لە کەس ناگرن جگە لە مەرجەعە سیاسی و دینیەکانیان بۆیە ڕۆژ بەرۆژ دۆخەکە خراپتر دەبێت. 🔘بە هەموو پێوەرێک و هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ڕۆژانی داهاتوو نرخی دینار و تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی زیاتر دابەزێت و ئەگەری هەیە بەهای هەر ١٠٠ دۆلار بگاتە ١٦٠ هەزار دینار، هەمان هاوکێشە بۆ تومەنیش راستە ئەگەر دۆلارە دزەپێکراوەکانی عێراق نەبنە فریادرەس بۆ گێرانەوەی بەهای تومەن!! 🔘ئەوەی لەو بوارە خوێندومانەو خوێندومانەتەوە ، وا تێدەگەین کە جگە لە هەڵەیەکی گەورەی دارایی هیچی تر هۆکاری ئەم قەیرانە نوێیە نییە کە بەرۆکی هاوڵاتیانی هەردوو ولاتی گرتۆتەوەو تەنها بە پێداوچونەوەیەکی جدی و تێفکرینێکی مەنهەجییانە چارەسەر دەکرێت لە هۆکارەکان و بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەر پێویستە. 🔘زۆن ئەو وڵاتانەی لە مێژوی جیهاندا بە قەیرانی توند و کەمەرشکێندا تێپەڕیون، بەڵام بە هۆی بیرکردنەوەی حەکیمانەو گوێکردن لە شارەزایان و تێفکرین لە قەیرانە هاوشێوە جیهانیەکان توانییانە ئیلهامی چارەسەری و دەرچوون لە چوارگۆشەی قەیرانەکان دەربازبن، ئاخۆ عراقیەکان ئەو ئیلهامە دەدۆزنەوە؟!!! * شارەزای دارایی و بانک
د. نیاز نەجمەدین قەدەغەکردنی کڕین و فرۆشتنی سێکس داخوازییەکی ئیسلامیی نییە، شتێک نییە تەنها کۆمەڵگەیەکی ئیسلامیی بیەوێت جێبەجێی بکات و وەک دەستکەوتێکی خۆی باسی بکات. سوید لە ١٩٩٩ەوە قەدەغەی کڕینی سێکسی کردووە و بەدوایدا نەرویج و ئایسلاند و ئیرلەندە و هەڵەش نەبم کەنەدا شوێن ئەم مۆدێلە کەوتوون. ئایدیاکە ئەوەیە ئایا لەشفرۆش سزا بدرێت یان لەشکڕ؟ ئەمە پرسێکی ئابوورییە و زۆربەی بۆچونەکان ئەوەیە سزادانی لەشکڕەکە وادەکات خواست لەسەر کڕین و فرۆشتنی سێکس کەم ببێتەوە. لە رووی سیاسی و فەلسەفیشەوە، بۆچونەکە ئەوەیە تۆ ناتوانیت رێ لە کەسێک بگریت چی بە جەستەی خۆی دەکات. جەستەی خۆی هی خۆیەتی. بۆیە هەردەبێت رێ لە کەستمەرەکە بگریت، توشی سترێسی بکەیت و بەکورتییەکەی بە سزای توند زیڕەی پێ بکەیت و نەهێڵیت بە دڵییەوە بنوسێت تا لەو دیاردەیە دوورکەوێتەوە. بەهەرحاڵ، قەدەغەکردنی ئەم دیاردەیە مەتڵەبێکی رۆژئاواییشە و بە ملیۆنان کەس دژی بازرگانیی سێکسن، شتێک نییە دنیای ئیسلامیی پۆزی پێوە لێ بدات. لە هەرێمی کوردستانیشدا داخوازیی هەر ئەو کەسانە نییە کە نوێژکەر و رۆژوگرن. ئەمە خاڵێکە زۆرینە دەتوانن لەسەری کۆک بن. بەڵام لە کوێدا سەرکەوتوو بووە؟ وەک چۆن لە ئێراندا سەرکەوتوو نەبووە و وڵاتێکی ئیسلامییشە، لە کۆمەڵگەی کوردییشدا ئەگەری سەرکەوتنی کەمە، لەبەرئەوەی سێ پایەی سەرەکیی دەوێت و لێرە پتەو نین: پایەی یاسایی، پایەی کۆمەڵایەتیی، پایەی ئابووریی. لە رووی یاساییەوە، ئێمە دەبینین لە غیاب و لاوازیی پایەی یاساییدا، کاک بافڵ بڕیار دەدات. سوپاسی ئەو دەکەین، بەڵام ئەمە بۆ خۆی بەڵگەی نەبوونی هەیمەنەی یاسا و لایەنی یاساییە. هەروەها ململانێی سیاسیی نێوان دەستە و تاقمەکان و کەڵەکەکردنی سامان ناهێڵێت لەسەر هیچ خاالێک کۆک بن. بۆیە شوێنی لەشفرۆشیی فڵان مەسول دادەخرێت وهی فڵان مەسولی تر هێز نییە بچێت بە لایدا.واتە خودی سیاسییەکەش بژاردەی زۆری لەبەردەست نییە و زۆر دژایەتیی دەکرێت. لە رووی ئابوورییەوە. هەم هەژاریی و بێکاریی و هەم نایەکسانیی زۆرە: ئەگەر هەژاریش نەبن، مرۆڤی هاوچەرخ تازە بە هیچ شتێک بە ئاسانیی تێر ناکرێت، شتەکانیش پارەیان دەوێت و بە پارە چارە دەبن نەک بە عەقڵ و قسەبۆکردن و ئەو شتانە. ئەمانەش رۆڵیان هەیە لەوەی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی سێکس بەردەوام بێت هەم وەک ئامرازی راکێشانی کڕیار و هەم وەک کەرەستەی غەریزەتێرکردن. واتە کەلێنی چینایەتیی بەهێزتر بووە و سێکسیش سەرچاوەیەکی قازانکۆکردنەوەیە و ئاسان نییە دژایەتیی بکرێت. لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، کۆمەڵگەیەکە ئازادیی تیدا نییە و تەنها لە زەواجدا رێت پێ دەدات سێکست دەستکەوێت. خەڵکەکەش (زیاتر جیلی نوێ) کە لە روویەکەوە بۆ سێکس زەواج دەکەن، بە رێژەی بەرچاو فەشەل دەهێنن و بەرگەی ئەم فەشەلە ناگرن و بەربەستی هاتنە دەرەوەش زۆر زۆرە. زۆر کەسم دوواندووە و گەشتوم بەو دەرئەنجامەی لە هەندێک ئاستدا، گەشەی خواست لەسەر سێکس خۆی ئیفرازی بازاڕی هاوسەرگیرییە کە سەر ئێشەت توش دەکات، لە رۆتینی خۆیدا بێزارت دەکات، تەنانەت فەنتاسییە سێکسییەکانیشت تێر ناکات(واتە ئەم دوو خزمەتگوزارییە بەدیلی یەکترن و کار لە بازاڕی یەکتر دەکەن). لە نێوان بازاڕی هاوسەرگیریی و بازاڕی سێکسدا ئەوەیە پەیوەندیی کراوە هەبێت و سێکس وەک بەشێک لە حەز و ئارەزوو دەستکەوێت، نە ناچار بیت بیکڕیت و نە ناچار بیت هاوسەرگیریی بۆ بکەیت. بەڵام تێچووی ئەمەش بەرزە، بەتایبەت لەسەر کچان. بەکورتیی، ئەگەر رۆژئاوا بە دەست زۆریی بژاردەکانەوە دەناڵێنێت، کۆمەڵگەی ئێمە بە دەست کەمی بژاردەوە.بژاردەکە هاوسەرگیرییە و هاوسەرگیرییش پڕە لە کێشە و پێمان خۆش بێت یان نا، دنیای نوێش بە هەموو ئیغرائاتەکانییەوە چۆتە ناو پەیوەندییەکانەوە و ئاسان راناگیرێن. کەواتە هۆکار زۆرن خواست لەسەر سێکسکڕین زیاد بکات (یان دەبێت خۆت سەرکوت بکەیت). لەم ژینگەیەدا، جیاوازیی نێوان دەستە و گروپەکان فکر و ئارگومێنتی زانستیی نییە. مەبەستم چییە؟ لە وڵاتێکدا زانست رێزی هەبێت و ئازادیی هەبێت، گوێت لە کەسێک دەبێت دەڵێت (با بازاڕی کڕینی سێکس هەبێت چونکە راستە من وتۆ خۆمان دەگرین بەلام هەندێک هەن خۆیان ناگرن و تەحەروش بە کچ و ژن دەکەن. ئەمانە بە ترساندن چارە نابن. پێویستە لە پلانداناندا بیر لەوانیش بکرێتەوە نەک بانگەشەی گرتن و سەرپانکردنەوەیان بکرێت). یەکێکی تر ئەڵێ (نا با نەبێت، چۆن دەبێت دەرگای بازرگانیی بە جەستەوە بکەینەوە؟ ). لە بری مشتومڕی زانستیی، شەرعییەتدان هەیە کە زۆر سادە و ساکار و بێ بیرکردنەوەیە. جیاوازیی نێوان ئەم بەرەیە(بەرەی شەرعیەتپێدان) ئەوەیە کێ شەرعیەتێک پەیدا دەکات کۆمەڵگە قبوڵی بکات؟ بەهێزترن شەرعییەت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوەیە لە کونوکەلەبەرێکدا حەدیسێک یان ئایەتێک دەستخەیت. ئیتر سیغە دەکەیت، دوو ژن دەهێنیت، ژن تەڵاق دەدەیت بۆت ئاسان دەبێت کەسیش ناپرسێت کاکی فەتواچیی لە کوێ خوێندووتە؟ ئۆکسفۆرد یان هارڤارد و ئەمەت لە کوێ بوو؟ ئەشتوانیت لە شاخ و شۆڕشەوە شەرعییەتێک بهێنیت و بەسە بۆ ئەوەی دەوڵەمەند ببیت، رابوێریت، دوو ژن بێنی، هتد. من و تۆ دژی فڵانە کەسین تەنها لەبەرئەوەی شەرعیەتی لە شوێنێک نەهێناوە، سەر بە مەزهەب و دیدگاکەی من و تۆ نییە. جا بۆیە گرنگ ئەوەیە شەرعیەتێک بێنیت، لە شاخەوە بێت یان لە مێژووەوە یان لە رۆژئاواوە تا دەرفەتەکانی ئەم کۆمەڵگەیەت دەستکەوێت. وەلحاڵ، زەمینەی کەمکردنەوەی بازرگانیی بە سێکسەوە لای ئێمە ئامادە نەکراوە. تەنانەت راگەیاندنیش رۆڵی باشی لەمەدا نییە، کۆمەڵگەش ئەیەوێت خۆی بسەپێنێت بێ ئەوەی سوچی دەرگایەکی تر بکاتەوە و مشتومڕی قوڵتر سەرپێ بخات، تا ئەو رادەیەی بڵێم دنیا خەریکە لەناو سادەییدا دەخنکێت: سادەیی لە بیکردنەوە و زۆر شت. هەڵبەت خۆشحالییەکی گەورەیە بۆ هەر مرۆڤێک لە هەر شوێنێکی دنیا بێت ببینێت کەس پێویستی بە کڕین و فرۆشتنی سێکس نەماوە. قەدەغەکردنی بە یاساش هەنگاوێکی باشە وەلەو کەموکورتە.
عەبدولڕەزاق شەریف ناونیشانی ئەم وتارە، پرسیارێکی جەوهەری مام جەلال بو .! دوای هەڵبژاردنی مانگی نۆی دوهەزارونۆ، لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بیستوپێنج کادری (ی ن ک)دا، کەتایبەت خۆی بەمەبەستی وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ قەڵاچوالان و ماڵەکەی داوەتی کردبوین . ـ پرسیارێک ئەکەم و ئیتر پێچەوانەی هەمو کۆبونەوەکانم من قسە ناکەم! گوێ لەوەڵامی ئێوە دەگرم و ئەنوسم، بەئازادی وەڵامم بدەنەوە، دوو رۆژ کاتم بۆ وەڵام و قسەکانتان هەیە .! مام جەلال ئەم قسەیەی کرد و قەڵەمەکەی خستە سەر ئەو لاپەڕە سپیانەی کەبەشێوەیەکی ناڕێک لەسەر مێزێکی بچوک لە هۆڵێکی گەورەدا لەبەر دەستیا دانرابو . وەک ئیمامی تەزبیحێک لەسەرەوە و ئێمەش دەنکە وردەکانی بازنەیەکمان بۆ دروستکردبو، هەر خۆشی وتی بەسەرە و بەریز دەست پێبکەن . پێچەوانەی خوڵقی خۆی لە هیچ وەڵامێک توڕە و دڕدۆنگ نەئەبو، بۆیە هەتا نۆرە ئەچوە سەر ئەویتر، قسەکانمان توندتر و ئازا و ئازادانەتر ئەبو، من دواکەس دوام، پێش منیش هاوڕێ سوارە پێی وت (مام جەلال ئەم ئیشەی تۆ لەبەغدا ئەیکەیت بۆ کورد بێسودە و هیچت نەکردوە و هیچیشت پێ ناکرێت، وەک ئەوە وایە پوش لە کا ببژێریت). ـ کارێک هەیە بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵکی سلێمانی تەنیا بەتۆ دەکرێت، ئەتوانی ئێستا بڕیار بدەیت هەرچی زەوی و بینای موڵکی گشتی خەڵکی ئەم شارە کەلەلایەن (ی ن ک) ەوە براوە و لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراوە بگەڕێتەوە بۆ وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیەکانیان … من ئەو قسەیەمکرد و چەندین نمونەشم خستە روو کەهەندێکیان بۆ بەرژەوەندی شەخسی چەند بەرپرسێکی یەکێتی بەکار دەهێنران . لەسەرسوڕمان و بێدەنگی ئەویشا خوێندمەوە کەپێی وایە ئەو زانیاریانەی لەسەر گەندەڵی یەکێتی و مەسولەکانی هەیەتی کەسیتر وردەکاریەکانی نازانێت .! چەند رۆژێکە و باڤڵی کوڕە گەورەی جێنشینی مام، وەک باوکی باسی ئاشتبونەوەی یەکێتی و خەڵکی پارێزگای سلێمانی دەکات . بە کارکردن بۆ گەڕانەوەی دۆخی سەرچنار بۆ ساڵانی پێشوتری، بەدروشمی پارێزگاری لە بەها ئاینی و کۆمەڵایەتیەکان هەڵمەتێکی دەستپێکردوە و بەڵێنی بەردەوامی ئەدات . هەواری سەرچنار، لەگەڵ دروستبونی شاری سلێمانیدا، شوێنی سەیران و کەیف و سەفا و مەیخواردنەوە بوە، لە سەدان تێکستی ئەدەبی و هونەری پیاوە ناودارەکانیدا، وەسفی جوانی و گەورەیی کراوە، هەڵەیەکی گەورە لە مێژوی پیشەسازی عێراقدا کرا کە زیاتر لە تۆڵە کردنەوە لە شارەکە ئەچو نەک ئاوەدانکردنەوە ! کارگەی چیمەنتۆیان لەوێ دروستکرد، کارێکی باشکرا درەنگ وەخت راستکرایەوە و گواسترایەوە . ئەو نمونانەی پێش سیانزە ساڵ بۆ سکرتێری گشتیم باسکرد تەنیا موڵکە داگیرکراوەکانی شەقامی سالم بوو، لە (ئوتێل سلێمانی) یەوە وەک رێوڕۆیشتن پیایدا هاتم و نەگەیشتمە( یانەی شەوانەی سەناعە ) کە دواتر نەما و درا بە ئیدارەی گشتی و سەرمایەدارێک، ئیتر کیفایەتی پێهێنام . ئەمەی ئێستاش ئەینوسم ئەوانەی سەرچنارن و بۆ سەرۆکی ئەنێرم، بۆ ئەوەی وەک (یانەی شەوانەی سەناعە) دوای داخستنیان نەکرێن بە ئوتێل و پرۆژەی بازرگانی هاوبەش، بەڵکو رێگە دروستەکە بگرێت و تاپۆکانیان بگەڕێنێتەوە بۆ موڵکی گشتی و فەرمانگە رەسمیەکانی خۆیان، ئەو بڕیارەش تەنیا بەسەرۆکایەتی ئەو لە یەکێتیدا ئەدرێت و کەسیتر . دەستخستنی زانیاریەکان بۆ سەرۆک هیچ گران نین، وەک دەستخستنی (ئیزبارە و سجلی ئەساس)ی موڵکەکانی قادرکەرەم مەکە .! کەئەبوا کەسێکی خۆتت راسپاردایە وێنەیەکی لەبەر بگرتنایەتەوە و بۆی رەوانە بکردیتایە، چونکە دواجار وێنە ئۆرجیناڵەکە شوێنەکەی دائیرەی تاپۆیە، موڵکی وەزارەتی عەدلی عێراقیە و وێنەیەکی تریش هەر لەو وەزارەتە لە بەغدا هەیە، کەساڵانێکی زۆرە وەزیرەکەی کورد و یەکێتیە . لە سەرچنار : * دوو ئوتێلی پێنج ئەستێرە دیار نەماون * بێشەکان و باخەکان بەسەر مەسولەکان و ئیدارەی گشتی دابەشکراون * (خانوەکانی مەنسەب) هەریەک هەزاران مەتر بوو، لەسەر هەندێ مەسول تاپۆ کراون * سەرجەم یانەکانی لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراون * شاری یاری و هەوارگەی تاڤگە، هەوارگەکانی چەق چەق لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراون * کارگەی چیمەنتۆکە لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراوە * سەیرانگای نەورۆز لەنێوان کێشەی جەلال خەفاف و نەرۆزدا، مەکتەبی شەهیدانی یەکێتی تاپۆی کرد و جەلال و خانەوادەکەی هانایان بۆ مەسعود بارزانی برد ! ئەویش هیچی بۆ نەکردن و شاربەدەر و ئاوارەی دەرەوە بون * زەویەکانی شەقامی سەرەکی بۆ ناو سەرچنار (بەبازرگانی کران) و بەسەر مەسولەکانا دابەشکران لەم هەمو موڵک و زەویانەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی( شارەوانی ، زەراعە و سیاحە ) یەک پارچەشیان نەماوە .! گەر ئەتەوێت بەراستی خەڵکی سلێمانی ئاشت بکەیتەوە ؟ سەرۆک داوای وێنەیەکی ( ئیزبارە و سجلی ئەساس ) ی موڵکەکانی سەرچنار بکە و لیژنەیەکی شارەزای تاپۆش، ئەتوانن هاوکاریت بکەن، بەڵام لەو کارمەند و بەڕێوەبەرانە نەبن کە وەک غەنیمەی شەڕ رەفتاریان لەگەڵ موڵکی گشتی شاری سلێمانیدا کرد . سەرۆک ئەو موڵک و زەویانە بگەڕێنەرەوە بۆ خەڵکی شار، گەر ئەوەت جێبەجێکرد، بەڵێن بێت تەواوی موڵک و زەویە گشتیەکانی (دزراو و داگیرکراو)ی شاری سلێمانیت بۆ ئەنوسم و هەموشمان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانا ئاشت ئەبینەوە
بڵێسە جەبار فەرمان کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە، یان کورد گەلی بێ وڵات. ئەمە یەکێکە لەو پێناسانەی کە بۆ کورد دەکرێت. ھەرجارێک ئەم پێناسەیە دەخوێنمەوە یا دەبیستم پەست دەبم و جۆرێک لە شەرم دامدەگرێت. پەست بوون لە دوژمنەکانمان و ئەوانەی بوونە ھۆکاری دابەش بوونمان نا، بەڵکو لە خۆمان. کورد، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ھۆکاری سەرەکی دەردەسەریەکانی دەزانێت، بەڵام لە بری دروست کردنی لۆبی و دیبلۆماسیەت و سیاسەتکردن لەسەر بنەمای دەوڵەتداری لە دژیان، پەنا دەبات بۆ شاخەکان و دژ بە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دەجەنگێت. وێنەی کورد لە زھنی جیھان و خۆمانیشدا وێنەی پێشمەرگەیەکە بە بڕنەوەوە لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان لە سەنگەردا. دەوترێت لە سیاسەتدا دۆستایەتی و دوژمنایەتی تا سەر نیە. بائێمەش بە لیستی دۆست و دوژمنەکانمان دا بچینەوەو لەسەر بنەمای دەستکەوت بۆ نەتەوەکەمان سیاسەتمان داڕێژین. پرسی کورد چەن ناوخۆیی و پەیوەندی بەدەوروبەرەوە ھەیە، لەوە زیاتریش پەیوەندی بە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئیقلمیەوە ھەیە. دۆزی کورد لە مەتبەخی سیاسی جیھان دا بڕیاری لەسەر دەدرێت. کەواتە مەحفەلی نێودەوڵەتی ھەمیشە یەکلاکەرەوەیە. کورد دەبێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و بە لیستی دۆست و دوژمنەکانی دا بڕواتەوەو دۆستایەتی و دوژمنایەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بکات. دەوترێت کورد ھەمیشە خیانەتی لێ دەکرێت و ھەرزان فرۆش دەکرێت. ئایا ھۆکاری ئەم بەکارھێنانەی کوردو دواتر پشتتێکردنی بێ شەھامەتی ئەو وڵاتانەیە یا ساویلکەیی کوردە؟ دەرس لە مێژوو وەرگرتن و پێداچونە بە سیاسەت و ستراتیجیەتەکان و دانانی نەخشەڕێگای نوێ بۆ ئایندە دەبێت لە دەستپێکی شێوازی کارکردنمان بێت. شەرمە لەمە زیاتر گەورەترین نەتەوەی بێ وڵات بین. لە ئێستا بە دواوە دەبێت سنورە دروست کراوەکانی نێوان بەشەکانی کوردستان نەھێڵرێت و کارو سیاسەتی ھاوبەش لەنێواندا دابڕێژرێت. بەرخورد کردنمان لەگەڵ ھەموو بەشەکانی نیشتمان لە روانگەی نەتەوەییەوە بێت. پشتیوانی سیاسی یەکتر، پشتیوانی کالتوری و ئابوری یەکتر، لەجیاتی دەستتێوەردان لە کاروباری یەکتر، کە داگیرکەر سودی لێ دەبینێت. باشترینە. با ئەو سنورە دروست کراوەی غەدری وڵاتان و مێژوو بە پشتیوانی لەیەکتر کاڵ بکرێتەوە. کورد سەرباری مەترسیەکان لەسەری بەھۆی بوونی حوکمڕانیەکی نیمچەیی لە ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەتوانێت ھێزی دیبلۆماسی بەکاربھێنێت. لە رێگەی کەناڵی جیاجیاوە کە دەتوانرێت کار بکەنە سەر بیروڕای ناوەندی بڕیار بەدەستی جیھانی. ھەروەھا تێگەیاندنیان لەسەر کرۆکی کێشەی مێژوویی ناوچەکە ئەو کێشەیەی کە بڕیاری نێودەوڵەتی خۆی دروستی کردوە. دواجار ئەرکی ئەوانە چارەی بکەن و ئەرکی کورد خۆشیەتی تێگەیشتنی چارەسەریان بۆ دروست بکات. رۆژئاوای کوردستان بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگیەکی ستراتیجی ھەیە، ھەرێمی کوردستانیش بایەخی زۆر ستراتیجی تری بۆ رۆژئاڤا ھەیە. کوردستانی عیراق شەریکی راستەقینەی سەرکەوتنی حوکمڕانی رۆژئاڤایەو بەھێزی پێشمەرگە بەشداری شەڕەکانی دژی تاریکپەرستانی داعش کرد. نوسینگەی فەرمی کانتۆنەکانیش لە سلێمانی کرایەوەو، ئعتراف کرا بەو ئەزموونە کوردستانیە لە رۆژئاڤا. لە ئێستادا بەرەیەکی ھاوبەش وەک بەرەی دژ بە تیرۆر، ئاوەھاش بەرەیەکی کوردستانی ھاوبەش زەرورەتی خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی کوردستانە. بۆچی رۆژئاڤا بۆ ئێمە گرنگە، چونکە تاقە حوکمڕانیەکە بە خوێنی کوردی ھەر بەشی کوردستان ئازاد کراوەو ھەرێمی کوردستانیش رۆڵی راستەوخۆی ھەبوو لەو سەرکەوتنە. لەھەمان کاتدا دوژمنی ھاوبەشمان ھەیەو خاڵی ھاوبەشی خوێن و کەلتورمان ھەیە. پشتیوانی کردنی یەکترو دۆستی نێودەوڵەتی زیاتر کردن تەجروبەکە ئەباتە قۆناغێکی پێشکەوتوو تر. ھەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا لەسەر ھێڵی ھەناردە کردنی نەوت و گازن بە بەندەرەکانی جیھان. بونی ئەم ھێڵە گرنگە ھاوپەیمانی نوێ و دۆستی نوێمان بۆ پەیدا دەکات، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش. باش ئیدارەدانی ئەم مەلەفە کورد دەباتە ئاستێکی تر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی. بێگومان ئەم ھاوکێشەیە لە بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ و بەکرێگیراوەکانیان نیە. بەدڵنییایەوە دیسانەوە لەناو خۆماندا لە ئیدارەدانی ئەو مەلەفە ناکۆکیمان دەبێت و ھەندێ لایەن لە بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ دژایەتی دەکەن. ئەمە بێجگە لەوەی ئەو ھێڵە حەریریە کە ساڵانێکی زۆرە لە لایەن چینەوە کاری بۆ دەکرێت بە رۆژئاڤا و ھەرێمی کوردستان دا تێدەپەرێت. ئەم ناوچەیە بەو ھۆیەوە بازرگانی جیھان دەبەستێتەوە. بەرژەوەندی ھاوبەش و ھێڵی ئاسنین ئسرائیل و سعودیەی پێکەوە خستە بەرەیەکەو و ھاوپەیمانی و پەیماننامەیان لە نێوان خۆیان دا ئەنجام دا. یەکێک لە پایە گرنگەکانی سیاسەت بریتیە لە ئابوری. وەک ئاماژەم پێی دا سیاسەتی جیھانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش و پاراستنی بەرژەوەندیە تایبەتەکان پەیڕەو دەکرێت. گەر کورد بە لێھاتوویی سیاسەت بکات، دەتوانرێت دەرگای ئەم سیاسەتە لە گۆڕەپانی جیھانیدا بەسەر کورد دا بکرێتەوە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک ھێزێکی کوردستانی کاریگەر بە گرنگیەوە دەڕوانێتە ئەو ھاوکێشە نوێیانەی سیاسەت و چی لەبەرژەوەندی یەکڕیزی نیشتمانی گەلەکەمان بێت درێغی نەکردوەو نایکەین. بەتابەتیش بۆ زیندوو کردنەوەی نەریتی پشتیوانی بەشەکانی تری کوردستان. دیداری یەکێتی بڕیاری پەیڕەو کردنی سیاسەتی پشتیوانی دا. لەھەمان کاتدا دەستێوەردانی رەتکردۆتەوە، یەکێتی وەک ھێزی حوکمڕان لە ھەرێمی کوردستاندا توانیویەتی ئەزمونێکی باش لە راگرتنی باڵانس پێشکەش بەم خەباتە بکات. لە گوتاری سیاسی باڵای یەکێتیەکەماندا ئەم نەھجە بە روونی ئاماژە پێ دەکرێت نەک ھەر ئەوە لە دیدارو کۆبونەکان لەگەڵ لایەنە کوردستانیەکان ئاماژە بە پەرۆشی یەکێتی بۆ یەکڕیزی نیشتمانی لە پێناو ئامانجە باڵاکاندا دەکرێت و شاھیدی بۆ دەدەن. لە ماوەی رابردودا بە نوێنەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشدار بوین لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدالەگەڵ پارتەکانی رۆژئاوای کوردستان کۆبووینەوە بەئامادەبوونی ئاسیا عەبدوڵا بەپرسی پەیەدەو عەبدولکەریم عومەر بەرپرسی پەیوەندیەکانی کانتۆنەکانی رۆژئاواو سەرۆک و نوێنەری زیاتر لە حەوت پارتی تری رۆژئاوا. ھاوکاری و پشتیوانیەکانی یەکێتی و سیاسەتی یەکێتی بۆ پرسی رۆژئاوای کوردستان روون کردەوە. لایەنەکانی ئامادەبووی کۆبوونەوە رۆڵی یەکێتیان لە سەرخستنی ئەزموونی رۆژئاوا بەرزنرخاند. بوونی ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشی سیاسیان بە پێویست زانی. ئەم ھەوڵانە دواجار دەڕژێنە جۆگەڵەی بەھێز کردنی بەرەی ناوخۆییمان و پەیداکردنی پشتیوانی بۆ نزیک بوونەوە لە ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان. بۆ ئەوەی چیتر نەوترێت کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە، ئەو دوو ئەزموونەی حوکمڕانی کوردستان بە ھاوکاری یەکترو ھاوبەشیکردنی زۆرترو کردنەوەی سنوری زۆرتر لەنێوان دا بەھێز بکرێت. ھەم بۆ خۆشگوزەرانی ھاونیشتمانیانی ھەردوو لاو ھەم پتەو کردنی بەرەی دژایەتی کردنی تیرۆر، ئاکامیش لە فۆرمێکی باشتر لە ئێستا ببێتە ناوکی دەستخستنی مافی چارەنووسی کوردستان.
جەگەر محەمەد ئێک ژ کارێن هەڕە مەزن یێن بەنکێن بازرگانی، ئەڤە کو دبیتە ناڤەندگێر دناڤبەرا وان جهـ و کەسێن پارێ زێدە هەی ووان جهـ و کەسێن پارە نەبن. ئەو کەس وجهێن پارێن زێدە هەی، پارێن خو دانە بەنکان، بەرامبەر رێژەکا قازانجی کو نهادا لـ هەرێمێ لـ بەنکێن بازرگانی (4%)ـیە، بەنکێن بازرگانی ئەوی پارەی جارەکا دی دەنە کەس وجهێن دی ب رێژەیا قازانجێ زێدەتر ژ 4%. بو نمونە، کەسەکێ 100 هزار دینارا بدانیتە بەنکێ، بەنک دێ 20% هەلگریت وەک یەدەکا نەچاری، کو بەنکا ناڤەندی لـ سەر بەنکێن بازرگانی سەپینیت، و دێ 80 هزاران ب قەر دەتە کەسەکێ دی، ئەو کەس دێ 80 هزارا بەتە بەنکەکا دی، جارەکادی ئەو بەنک 64 هزاران دەتە کەسەکێ دی ب قەر، و ئەڤ کریارە دێ بەردەوام بیت، دبێژنە ڤێ کریارێ چێکڕنا پارەیان. تنێ دڤان دوو نمونەیان دا هەر 100 هزار دیناران 44 هزار دینار زێدەبون، واتە قەبارەیێ دڕاڤی لـ بازاری دا زێدەبوو، زێدەبونا دراڤی واتە بێ بهبونا وی، ئەڤە دەمەکێ دایە کو بەنکا ناڤەندی تێرا 100 هزار دیناران کەڤەر (پارسەنگ)ـا دیناری هەیە، و ئەو 44 هزار بێ کەڤەرن، واتە بێ زێر وکاغەزێن دارایی و بازرگانی نە و ئەڤ زێدەبونە زێدەبونەکا ژمارەیی یە، ئەڤە بوو هەمی دڕاڤ ووەڵاتان راستە.
شوان سدیق: ئیتاڵیا رۆژی هەینی جۆرجیا میلۆنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، سەردانی هەرێمی کوردستان کرد. "سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگ دەبێ، بەتایبەتی بۆ بەسەرکردنەوەی یەکەیەکی هەزار سەربازی ئیتاڵی و ناتۆ کەئێستە ئیتاڵیا سەرۆکایەتی ناتۆیش دەکات لە عێراق، پاشان بابەتی پرسی وزەو چەک و کۆمپانیا ئیتاڵیەکان لە عێراق بابەتێکی دیکەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانەو دەیەوێ لەم ڕێگاوە پەیامی خۆیان بۆ پشتیوانی ئۆکرانیاو دۆزینەوەی بازاڕی وزە لەبری وزەی ڕووسیا".. لیبێرۆکواتێدیانی مێدیای ئیتاڵی... ئیتاڵیا پەیوەندی سیاسی و بازرگانی و کەلتووری لەگەڵ عێراق و هەرێم زۆرە. ئەندامی هاوپەیمانی شەری دژە داعشەو سەرۆکی خوولی ئێستای ناتۆیە لە عێراق. قەبارەی ئابووری نێوان عێراق و ئیتاڵیا نزیکەی 600 ملێۆن دۆلارە لە ساڵێکدا. ژمارەی کۆمپانیاکانی ئیتاڵیا نزیکەی 100 کۆمپانیا دەبن، لەبواری وزە، ڕێگاوبان، هەروەها کاڵاو پێداویستی جوانکاری، کشتوکاڵ، خواردن و خواردنەوە. کریارێکی سەرەکی نەوتی هەرێمیش بووە لە ساڵی 2015 بەردەوام نەوتیان کڕیوە، بۆنموونە نەوتی مانگی 2021ی هەرێم 40٪ بەئیتاڵیا فرۆشراوە، تائێستەیش ڕێژەی 37٪ نەوتی هەرێم دەکرێ! ڕاستە سەردانەکەی مێلۆنی بەشێکی بۆ بەسەرکردنەوەی هێزەکانی ئیتاڵیایە بەڵام پەیامێکی سیاسی و دیبلۆماسیشی لە پشتە، ئێستە وڵاتانی کەنداو عێراقیش بەشێکە لێیان بۆتە جێی سەرنجی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی لەبواری وزە. بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە هەڵئاوسانی ئابووری لە ئیتاڵیا گەیشتۆتە 11٪ ئەمەیش وایکردوە، دەوڵەت بیر لەڕێگا چارەیەک بکاتەوە، پاش جەزائیر و قەتەر و چەند وڵاتێکی ئەفریقی پێدەچێ عێراقیش لەڕیزی ئەو وڵاتانە بێ ئیتاڵیا هەوڵ دەدا گرێبەستی وزەو سووتەمەنیان لەگەڵ واژۆ بکات. جۆرجیا مێلۆنی تەمەنی 45 ساڵەو هاوژینی هەیەو خاوەن کچێکن. مێلۆنی سەرۆکی پارتی فرەتێلی/برایەتی ئیتاڵیە پاش ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، پارتەکەی بووە یەکەمی براوەی هەڵبژاردن و لەگەڵ پارتی فۆرزا ئیتاڵیای سیلڤیۆ بێرلوسکۆنی و پارتی لێگای ماتێۆ سالڤینی هاوپەیمانی باڵی راستی ناوەندیان پێکهێنا. مێلۆنی یەکەم ژنە لە مێژووی ئیتاڵیا دەبێتە ٦٨هەمین سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە ڕۆژی 23ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ. پێناسەی مێلۆنی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات:. ٭ دابینکردنی بژێوی ژیان بۆ خێزانەکان. پاڵپشتی خێزان و منداڵان و بەرزکردنەوەی بژێوی ژیانیان. ٭ کەمکردنەوەی باج لەسەر داهات کەمەکان و بەرزکردنەوەی باج لەسەر کۆمپانیاو بازرگانان. هەر چەندە بەپێی یاسا ڕێگایان پێدەدرێ بەڵام مێلۆنی دژیانە! یەکەم: مێلۆنی دژی لەباربردنی منداڵەو نایەوێ ڕێگابدرێ کەژنان بەهەر بیانوویەک منداڵەکانیان لەبار ببەن. دووەم: پرسی هاوڕەگەزخوازی و بابەتی هاسەرگیریانە لە ئیتاڵیا ڕێگایان پێدەدرێ و ئازادن، بەڵام میلۆنی دژایەتیان دەکات، ئەوایش بەردەوام لە شەقامەکان ناڕەزایی دەردەبڕن! خاڵێکی دیکە مێلۆنی دژایەتی و نەیاری خۆی لەبەرامبەر بێگانەو کۆچبەران نەشاردۆتەوە، ئەو پێیوایە پێویستە "ئێمە شوناسی نەتەوەیمان بپارێزین. لە بەرامبەر هاتنی بەلێشاوی بێگانە بۆ ئیتاڵیا!! هەروها ڕێگری لە پەنابەرانی نایاسایی دەکات بێنە نێو ئیتاڵیا.. وەکو یەکەم ئیدارەدان لەلایەن باڵی راستی ناوەند و ئەوفشارانەی لەسەر مێلۆنیە، لەنێوخۆ و ئەوروپایش ئیدارەکەی دەیەوێ پەیوەندی دیبلۆماسی بەقازانجی خۆیان پەرەپێبدەن، هەر ئەمەیش وایکردوە، مێلۆنی لەماوەی ئەم دوو مانگەی لەدەسەڵاتی دووجار گەشتی کردوە بۆ ئەفریقاو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست... دەربارەی ئیتاڵیا.. کۆماری پەرلەمانیەو هەموو پێنج ساڵ جارێ هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێ، سەرکۆمار حەفت ساڵ جارێ لە پەرلەمان هەڵدەبژێرێ. لەم خوولەی ئێستەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پیران، بەپشت بەستن بەریفراندۆمی گشتی ڕابردوو ژمارەی کورسیەکان کەمرانەوە. ئەنجوومەنی پیران لە 315 بۆ 200 کورسی. پەرلەمان، لە 630 ئەندام بۆ 415 ئەندام.. ژمارەی دانیشتوانی ئیتاڵیا زیاتر لە 60 ملێۆنەو دابەشبوونە بەسەر 20 هەرێم. ئیتاڵیا لە ئەوروپا ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، بانکی ناوەند، ڕێکەوتنی شنگ و ئەندامی ڕێکخراوی ناتۆیە. لەسەر ئاستی جیهانیش ئەندامی کۆمەڵەی حەفت وڵاتە پیشەسازیە جیهانیەکەیە بەکۆمەڵەی G7 ناسراوە.
ئاسۆ عەبدوللەتیف کوردی عێراق “تەڤگەری باشور” لەگەڵ سیستمی شیعەی دەسەڵاتداری نوێی عێراقدا، ڕێککەوتنی سیاسی و دۆخی لێتێگەیشتنی سازانی لەم ساڵانەی دوایی دروست کردو ڕێگا لۆژیکیەکەی حوکمڕانیکردنی هەڵبژارد لەبری ڕێککەوتن لەگەڵ ناڕازیەکان و ئۆپۆزسیۆنی نادیارو ڕاڕادا، کوردی تورکیاش “تەڤگەری باکور” دەبێت چیتر باوەڕ بە گوتاری ئەو پارتە ئۆپۆزسیۆنە ساختەو تازانە نەکات کە ماوەیەکە بانگەشەی ڕیفۆرم و دیموکراسیەتیان بەرزکردۆتەوە، هەدەپە کە نوێنەرایەتی فەرمی ئەو خەتە گشتییە کوردییە دەکات لە تورکیا، یان دەبێت هێڵی سێهەمی خۆی بپارێزێت یان سازان بکات لەگەڵ پارتی دەسەڵاتداری ئاکپارتی. پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، خاوەن ٦٧ کورسی پەڕلەمان و سێهەم گەورەترین فراکسیۆنەو بۆتە ئەمری واقیع و ماکینەی گەرمبوونی پرۆسەی سیاسیی و کەلتوریی و ناکرێ پشتگوێ بخرێ، تەنانەت ئەردوغان حسابی جددیان بۆدەکات، کەچی لای ئۆپۆزسیۆنی نوێ توندتر پەراوێزخراون! ئەم بەرە شەش حیزبە ئۆپۆزسیۆنەی تورکیا بەبێ هەدەپەو بە سیاسەتی نەژادپەرستی و دورخستنەوەو دیدی تۆڵەسەندن، مێژووی تاڵ و تراژیدیاکانی سڕینەوەو ئایسیمیلاسیۆنی نەوەدساڵی رابردویان دەرهەق بە کورد هەڵدایەوە. هەر لەو سەرەتایەوە سەردەمی کۆنی نکوڵیکردن و ڕەدکردنەوەی سیستمی دڵڕەقانەی کەمالیزمیان بیرخستینەوە، دژی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لەساڵی ١٩٢٥ و ڕاپەڕین و شۆڕشی ئاگریی- ئارارات لە ساڵی ١٩٣٠ و کۆمەڵکوژیەکانی دێرسیم و سەرهەڵدانەکانی سەیدڕەزاو هۆزەکان لەساڵی ١٩٣٧ تا کۆمەڵکوژی شێرناخ و ئامەد. ئەو پارتانە پەیامێکی فاشیستانەیان دا بە گوێی دەنگدەرانی تورکدا کە کوردەکان جێگایەکیان نییە بۆ هاوژیانیی لە ئەجێنداو ڕۆژمێری تازەی ئەواندا گوایە بەو سیاسەتە دەنگ باشتر کۆدەکەنەوە، ئەو پەیامە لە پەیامەکانی ئاکەپەی دەسەڵاتدار توندتربوو، ئەوە هێڵی نیۆفاشیزمی لیبڕاڵە، هەدەپە دەبێ حساباتی بۆبکات چونکە ئەمانە سبەی دەبنە بەشێک لە دەسەڵات، وەک گورگە بۆرەکان و ڕوانگە فیکریەکانی نیۆفاشیزم و ڕاسیستی نوێ دژی کوردو مافەکانی کاردەکەن. ئەگەرچی لە ئەدەبیاتی سیاسیاندا باس لە هەندێک ماف و ئیمتیاز کراوە بۆ کوردی باکورو کەمەنەتەوەکان، کەچی هەدەپەیان نەخستۆتە بەرەکەیان و هەر لەو سەرەتایەوە ئەجێندای ئەو پارتانە، پڕیەتی لە دیدی فاشیزم و نەژادپەرستی و پاکتاوکردن و گوتاری ڕەدکردنەوەی بە تۆپزیی پێوە دیارە، بەیاننامەی سەرەتاشیان لە ٥/٢/٢٠٢٢ بە دیدێکی تەسکی حیزبیی پانتورکی و تۆرانیزم نوسرا، ئەوە نەخشەڕێگایەکی دژە دیموکراسیی پەتییە کە ئازادی گەلان هەرگیز لە بەرچاو نەگیراوە. گەرچی ئاماژە بە فیدراڵیەت و مافی زمان و کەڵچەر دراوە بە نەژادەکانی ئەرمەنی و یۆنانی بەپێی پێوەری دیموکراسی و خۆ وەرچەرخان بۆ ئەو فرە رەنگیەی یەکێتی ئەوروپا بەڵام ئەوە بەس نییە. بۆیە گرنگە هەدەپەش ئەجێندای ڕوون بێت و یارییان پێ بکات، بیانخاتە ناو سیناریۆکانی خۆیەوە، بیانکاتە بابەتی گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ ئاکپارتی بۆ دەستکەوتی حیزبی و نەتەوەیی و جڤاکیی. هەدەپە چەندین ساڵە باش لە ستراتیژو ڕوانگەکانی ئاکپارتی تێگەشتوەو تێدەگات،خۆی ڕاهێناوە لەسەر ڕەوشەکەو دەبێ لە ئێستاوە سزای ئەو شەش پارتە بدات دەرچوون لە بازنەکەیان، لە ڕابردوودا هەدەپە کاندیدی چەهەپە-ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆیان سەرخست بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵ دژی کاندیدەکەی ئاکپارتی و هیچ دەستکەوتێکی بۆ کوردو دۆزەکەی نەبوو بگرە زیانی زیاتری پێگەیشت لە سیاسەتی جێگیردانان-قەیومدا. بۆیە هەدەپە لەداهاتووی نزیکی هەڵبژاردنی گشتی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا. دەبێ مۆدێلێکی تر تاقی بکاتەوە، هیچ نەبێت بەو مەسافەو ئەوەندە دوور نەوەستێت لەگەڵ گوتاری ئاکپارتیدا بۆئەوەی بە ئاگری پارتی ئۆپۆزسیۆنی نیۆفاشیستەکان نەسوتێنەوە.
فارس نەوڕۆڵی ژیان لەسەر دوو چەمک بەڕێوە دەچێت، ئەو دوو چەمکە یەکێکیان فەزای ئاشوب و ئەوی دیکەیان فەزای ئارامی دروست دەکات. ئەو دوو چەمکەش (توندوتیژی و ناتوندوتیژییە) هەریەک لەو دوو چەمکە تیۆریست و ڕابەرانی خۆیان هەیە. مەبەستمە قسە لەسەر کەلتوری ناتوندوتیژی بکەم، کە بریتییە لە هەوڵدان بۆ یەکێتی ژیان لە نێوان سۆز و بۆچوون و کارکردنمان و گەڕان بە دوای فەلسەفەی ژیاندا، ژیانیش واتە بەرهەمهێنان و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بێ ترس و ئازا، مەبەست لە ئازایەتی بەو مانا دواکەوتووە وەحشیانە نیە، کە بریتی بێت لە مرۆڤ کوژ و تۆقێنەر و ترسێنەری خەڵک ئازایەتی مانای ئەوە نییە خەڵک لێت بترسێت، چونکە ئەگەر لێت ترسان ڕۆژێک بیر لە کوشتنت دەکەنەوە، بەڵکو ئازایەتی لە ڕووی مرۆیی و ئەخلاقییەوە واتە ناتوندوتیژ و تێکۆشان دژی ترس و لەرز، بۆیە ڕابەرانی ناتوندوتیژی (گاندی و مارتن لۆسەر و ماندێلا) ئازایەتیان بەرجەستە کرد بۆ نەمانی ترس و تۆقاندن و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بێ ترس، چونکە ئەو ڕابەرانەی ناتوندوتیژی پێیان وابوو هیچ نەتەوەو شارستانییەتێک بەر مەبنای ترس پێشناکەوێت و دروست نابێت. کەواتە هەر حکومەتێک و هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرمەبنای ترس و تۆقاندن دامەزرێ ئەوا نەتەوەیەکی ترسنۆک دروستدەکات و توانای هیچ ئاڵنگارییەکی دەرەوەی خۆی نییە. بۆیە مارتن لۆسەر پێیوایە ئازایەتی هێزی زیهنە بۆ لەناوبردن و ملکەچکردنی ترس هەتا کۆمەڵگایەکی بوێر دروستببێت. کەواتە ناتوندوتیژی بۆ ئەوەیە ترس لەناوبەرین نەک کۆتایی بە ململانێی جیاوازییەکانی نێوان مرۆڤەکان بهێنین، بەڵکو زەمینەسازییە بۆ دروستکردنی ململانێی ئاشتییانەی نێوان ئامانجە جیاوازە ئەخلاقییەکان. کەواتە مرۆڤە بە ئەخلاق و بوێرەکان مرۆڤە ناتوندوتیژەکانن لەبەرامبەردا ترسنۆکەکان توندوتیژن، نمونەی دیکتاتۆرەکانی جیهان زۆرن بۆیە گاندی ڕابەری ناتوندوتیژی دەڵێت: ( ناتوندوتیژی شایستەی ئەو کەسانەیە کە لە ڕووی ڕۆحییەوە بەهێزن نەک ئەوانەی دوو دڵ و لەرزۆکن ) ناتوندوتیژی ئەو فەزایە دروستدەکات جیاوازەکان پێکەوە هەڵکەن، لە ناتوندوتیژیدا زەمینەی دادپەروەری فەراهەم دەبێت و ڕێگا خۆش دەکات داهات بە دادپەروەرانە دابەشبکرێت. ئەو کاتەش داهات بە دادپەروەرانە دابەشکرا ڕێگا لە ئاشوب دەگیرێت. کورد ئەو نەتەوەیەین کە لە مێژەوە زۆرترین بەریەککەوتنمان لەتەک توندوتیژی داگیرکەراندا هەبووە هەتا ئاستی سڕینەوەمان، لەلایەکی دیکەوە ئەو توندوتیژییانەی لەناوخۆدا دەرهەق بە یەکتر کردومانە کەمتر نییە لە توندوتیژی داگیرکەران. بۆیە گەلی کوردستان لە هەموو شت زیاتر پێویستی بە قوڵکردنەوە و چاندنی کەلتوری ناتوندوتیژییە و پێویستی بە ئامرازی ناتوندوتیژییە، پێویستی بە پەروەردەی ناتوندوتیژییە، پێویستی بە سیاسەت و حزب و کارەکتەری ناتوندوتیژە، پێویستی بە کۆمەڵگای ناتوندوتیژە بۆ ئەوەی تاکێکی بێ ترس و کۆمەڵگایەکی بێترس بەرهەمبێت، چونکە ئەوە تاکی ئازاو ئازاد و نەترسە دەتوانێ نەتەوەو دیموکراسی دروستبکات نەک دەوڵەتی بەهێز، بۆیە ڕێگای ناتوندوتیژی کلتوری ناتوندوتیژی تەنها ڕێگایە بۆ ڕێگرتن لە ئاشوب و گەشتن بە ئامانجەکانمان.
شوان سدیق یەنک٫ بەناوی شەفافیەت و پدک چاکسازی دەیانەوێ کات بکوژن لەبەرژەوەندی مانەوەیان لە دەسەڵات، هەندێ کەسیش بە تەڵەکەوە بوونەو ڕیکلامیان بۆ دەکەن! نیشتیمان پەروەرە گەندەڵەکانی ئەمڕۆ، پدک بەناوی چاکسازی و یەنکیش شەفافیەت دەیانەوێ درێژە بە بەردەوامی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی بدەن. هەردوو حزبەکە، زۆر دوواکەوتن لەوەی بێن باسی چاکسازی و شەفافەت بکەن، بگرە ئەگەر ئیسڵاحخوازبن خۆیان دەتاوێنەوە چۆن؟! چەندین ساڵە داهاتی گشتیان قۆرغکردوە، پێکهاتەی حزبی و دامەزروەکانی خۆیان وەکو کۆمپانیا، مێدیا، سەپۆتکردنی ڕێکخراوەکان و بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی حزبەکانیان. لەسەر داهاتی گشتییە. هەردوو حزبەکە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس داهاتی گشتیان دابەشی ٤٣% بە ٥٧% لە نێوان سلێمانی و هەولێرکرد پاشان ئەو داهاتە بەبێ چاودێری ڕەقبێکی دڵسۆز لەنێوان هەردوولا حزب دێزەبەدەرخونەکراوە! بانگەشەی چاکسازی و شەفایەتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی چۆن ولەپای چی؟ یان پاش چی، ئەمە پرسیارە خەڵک دەیکات و تێدەگات کە هەردوو حزب جێی متمانە نین. چۆن شەفاف دەبن و چاکسازی دەکەن، تەنیا سەیری ئەم پاکێجە بکەن. لە شکرێ مێدیای حزب و سێبەر بەپارەی چی و کێ بەێوەدەچێت؟ سەرمایەی کۆمپانیاکانی پدک و یەنک لەبواری نەوت، ڕێگاوبان، چیمەنتۆ، هاوردەکردن و هەناردەکردن..هتد. داهاتی ئەم کۆمپانیانە بۆکوێ دەچێ و هی کێیە؟! هەردوو حزب بازاڕیان تەنیوە، سەرمایەی وڵاتەکەیان بەناشەرعی لەنێوخۆیان دابەشکردوەو بەشی کۆمەڵێک کارەکتەری دەوروپشتی خۆیانداوە، ئەوانیش ڕژاونەتە نێو بازاڕی کارو سەرمایەگوزاری دەکەن. خەڵک هەمووی تێدەگات و دەزانێ، تەنانەت وردە سەرمایەدارێکیش کە ئیشی خانووبەرە بکات یان مارکێتێکی داناوە، ئاشکرایە ئەو پارەی کاری پێدەکات هی کێیەو چۆن پەیدای کردوە! لەکوردستان بەئاسانی حزب دێت پارەی گشتی دەکەن بە ڕەش و دووبارە لەبەرژەوەندی خۆیان سپی دەکەنەوە.. دیارە لە کوردستان، پارەسپکردنەوە، وەکو تاوانێکی دارایی بوونی هەیە جۆری ئەم پارەیە بەپێچەوانەی زۆر وڵاتی دوونیا پارەی کوردستان موڵکی گشتیەو بەئاشکرا دەدزرێ. ئاشکرایە کە پارەی کوردستان داهاتی قومارخانەو مەلهاو چەتەو ڕێگرەکان نییە، بەڵکو داهاتی گشتیەو هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار لەسەرەوە دەستی بەسەردا دەگرن و بۆ خوارەوە شۆڕی دەکەنەوە. ئاشکرایە، ئەم داهاتە ئێستە لە نێو بازاڕی کاردایە جگەلەوەی لەرێی كڕینی ڤێلا و ئۆتومبێلی گرانبەها پارەی گشتی بەهەدەر براوە. هەردوو حزب هەستاون بە دروستكردنی كۆمپانیا بەناوی خۆیان و شەخسی نزیکیشیان تەنانەت کۆمپانیا وەهمی بەرێكاری یاسایی و ئەنجامدانی گرێبەست بە پارەی خەیاڵی. وەها چونەتە نێو بازاڕەوە ئاشکراکردنیان ئاسان نییە، بەڵام دیاریشە کەسێک کە خاوەنی هیچ نەبووە ئێستە کۆمپانیای بەناوە! کەواته قسەیەک بەناوی چاکسازی و شەفافیەت بۆ ساردکردنەوەی شەقامەو بەس!!