Draw Media

(درەو):  دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دوای تەواوبوونی پرۆسەی نۆژەنكردنەوە‌و پشكنینی بۆرییەكانی لەناو خاكی توركیا دوادەكەوێت، ئەمە بەگوێرەی ئاماژەی راگەیەندراوی كۆبونەوەی وەزیری نەوتی عێراق‌و وەزیری وزەی توركیا.  حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە ئەنكەرە لەگەڵ ئەلپ ئەرسەلان بەیرەقدار وەزیری وزەو سامانە سروشتییەكانی توركیا كۆبووەوە. بەپێی راگەیەندراوێك كە وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكردوەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا چەند بابەتێكی دووقۆڵی‌و ناوچەیی جێ بایەخی هەردوولا تاوتوێ كراوە. "جەختیان كرد لەسەر بایەخی هێڵی بۆری نەوتی خاو لەنێوان عێراق‌و توركیا‌و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، پاش تەواوبوونی پرۆسەی نۆژەنكردنەوە‌و پشكنینی بۆرییەكان، كە لەدوای بومەلەرزەكەی 6ی شوباتی 2023وە پێویستە ئەنجام بدرێت" راگەیەندراوەكە وا دەڵێ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ دوای تەواوبوونی پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی بۆرییەكان دوادەكەوێت. تاساتی نوسینی ئه‌م هه‌واڵه‌، وه‌زاره‌تی وزه‌ی توركیا هیچ راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی كرۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌ بڵاونه‌كردوه‌ته‌وه‌، راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقیش باسی له‌وه‌ نه‌كردووه‌ پرۆسه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌و پشكنینی بۆرییه‌كه‌ی كه‌ی ته‌واو ده‌بێت.  بەشێكی تری گفتوگۆكەی ئەمڕۆ، بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، جەختكردن بووە لەسەر ئاسۆی هاوكاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لەبواری وزەو نەوت غازو كارەبا. هەردوو وەزیرەكە رێككەوتوون لەسەر ئەوەی لیژنەی ئابوری هاوبەشی عێراق- توركیا كە وەزیری نەوتی عێراق‌و وزەی توركیا سەرۆكایەتی دەكەن، كۆبونەوەی نۆزدەیەمی خۆی لە بەغداد ببەستێت‌و وادەی ئەم كۆبونەوەیەش لە كاتێكی تردا دیاری دەكرێت.  پێشبینی ده‌كریتت ته‌وه‌رێكی تری كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی تیمی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و وه‌زاره‌تی وزه‌ی توركیا تایبه‌ت بێت به‌ پرسی ئه‌و قه‌ره‌بووه‌ی كه‌ شوباتی ئه‌مساڵ دادگای ناوبژیوانی پاریس به‌سه‌ر توركیایدا سه‌پاند كه‌ بڕه‌كه‌ی نزیكه‌ی (ملیارێك و 500 ملیۆن) دۆلاره‌، به‌ڵام راگه‌یه‌نداوی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق هیچ ئاماژه‌یه‌كی بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ سه‌رچاوه‌كان له‌ به‌غدادو ئه‌نكه‌ره‌وه‌ باسله‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌بێ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ئه‌م پاره‌یه‌، توركیا ئاماده‌ نییه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ستپێبكاته‌وه‌.  سه‌رباری ئه‌مه‌، حكومه‌تی عێراق له‌ دادگای پاریس سكاڵایه‌كی تری له‌سه‌ر توركیا تۆماركردووه‌، به‌رپرسانی ئه‌نكه‌ره‌ ده‌یانه‌وێت عێراق ئه‌م سكاڵایه‌ش له‌ دادگا بكێشێته‌وه‌.  هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ردانی وه‌زیری نه‌وتی عێراق بۆ ئه‌نكه‌ره‌، هاكات فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا گه‌یشته‌ به‌غدادو بڕیاره‌ سه‌ردانی هه‌ولێریش بكات، ئه‌م كۆبونه‌وانه‌ ئاماده‌كارین بۆ سه‌ردانێكی چاوه‌ڕوانكراوی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی توركیا بۆ عێراق.  ئه‌مڕۆ هاوكات له‌گه‌ڵ كۆبونه‌وه‌ی وه‌زیری نه‌وتی عێراق و وزه‌ی توركیا، سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، نرخی نه‌وت له‌ بازاڕی جیهانیدا هه‌ندێك دابه‌زینی به‌خۆوه‌ بینی.


(درەو):  هەڵمەتی پێشوەختەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكرد، بارزانی لە بادینانەوە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ كوڕەكەی دەكات، بافڵ تاڵەبانیش لە كەركوكەوە بانگەشەی دەستپێكرد.  چەند رۆژێكە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری بادینانە، لەگەڵ چین‌و توێژەكانی سنورەكەدا كۆدەبێتەوە. وتارەكانی بارزانی بۆ خەڵكی سنورەكە بەپلەی یەكەم بانگەشەكردنە بۆ كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی كوڕی سەرۆكایەتیی دەكات.  دیارترین ئەو قسەی كە ئەم چەند رۆژە بارزانی لەبارەی كارەكانی كابینەی نۆیەمەوە كردویەتی بریتییە لە بابەتەكانی (بنیاتنانی پەروەردە- دۆزینەوەی دەرفەتی كار بۆ گەنجان- دۆزینەوەی سەرچاوەكانی تری داهات بۆ هەرێم- دۆزینەوەی هۆكارەكانی كۆچ- ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر- بایەخدان بە كەرتی كشتوكاڵ‌و گەشتوگوزار- ئاوەدانكردنەوە)، بەڵام بەبێ خستەڕووی هیچ داتایەك لەبارەی ئەو بەرەوپێشچوونانەی كە لەم بوارانەدا روویانداوە. لەم سەردانەیدا، بارزانی داوا لە خەڵك دەكات پشتیوانی لە حكومەتەكەی مەسرور بارزانی بكەن، ئەم جوڵەی بارزانی هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی پێشوەختەی لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە رۆژی 18ی شوباتی ساڵی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.  مەسرور بارزانی كە كوڕی گەورەی مەسعود بارزانییە، یەكەم ئەزمونی خۆی لە سەرۆكایەتی حكومەتدا تاقیكردەوە، لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا قەیرانی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت روویدا، ئەمە هەرێمی كوردستان توشی قەیرانێكی دارایی گەورە كرد، حكومەتی ناچاركرد موچەی موچەخۆران ببڕێت، لەپاڵ ئەمەدا لەسەردەمی ئەم كابینەیەدا حكومەتی عێراق فشارەكانی لەسەر كەرتی نەوتی هەرێم چڕكردەوە‌و هەولێری ناچاركرد نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات.  كابینەی نۆیەم یەكێك لە سیما دیارەكانی لێكترازانی دوو پێكهێنەری سەرەكی حكومەت بوو لە یەكتر كە پارتی‌و یەكێتییە، ئەم لێكترازانە تائێستا بەردەوامە‌و هەردوولا بە دوو ئەجێندای جیاوازەوە دانوستانیان لەسەر یاسای بودجەی گشتی عێراق كرد‌و لەبارەی پرسی نەوت‌و غازیشەوە تێڕوانینیان جیاوازە، ئەمە سەرباری ناكۆكییە ئەمنییەكانیان.  بانگەشەكانی بارزانی بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەت، نیشاندەری ئەوەیە مەسرور بارزانی دەیەوێت جارێكی تر لەدوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید بكاتەوە.  یەكێتیش بەهەمان شێوە ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردن چڕكردوەتەوە، دەیەوێت رۆژی 27ی ئەیلوی ئەمساڵ كۆنگرە بكات‌و بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و پەرلەمانی كوردستان، دۆخی ناوخۆیی خۆی رێكبخاتەوە.  بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی بەر لە هەڵبژاردنی كوردستان چاوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقە كە بڕیارە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، دەیەوێت پۆستی پارێزگاری كەركوك بگەڕێنێتەوە بۆ یەكێتیی، بۆیە رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی بردە شاری كەركوك‌و خۆشی لەگەڵ چین‌و توێژەكانی شارەكە چەند كۆبونەوەیەكی كرد. یەكێتیی لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستداوە، بافڵ تاڵەبانی ئەوكات رێبەرایەتی رێككەوتنێكی كرد لەنێوان یەكێتیی‌و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق (حەیدەر عەبادی)، بەگوێرەی ئەم رێككەوتنە هێزەكانی یەكێتیی شاری كەركوكیان بۆ هێزەكانی سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی چۆڵكرد، بافڵ تاڵەبانی ئومێدی هەبوو لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا حكومەتی عێراق پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتیی بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەمە رووینەدا، پارتی ئەم رووداوەی ناو لێناوە "خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر"، دەیەوێت لەم رێگەیەوە لە هەڵبژاردندا لە پێگەی مێژوویی یەكێتیی بدات لە پارێزگای كەركوك.  یه‌كێتیی به‌شداری سه‌ره‌كی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمه‌، به‌ڵام پێناچێت بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن خۆی بكات به‌ خاوه‌نی شكسته‌كانی كابینه‌كه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌م كابینه‌یه‌دا كه‌وته‌ ناكۆكییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، ره‌نگه‌ یه‌كێتیی بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن زیاتر له‌وه‌ی خۆی به‌ خاوه‌نی ده‌ستكه‌وته‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م بكات، كار له‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی له‌ناو كابینه‌كه‌ بكات بۆ راكێشانی سه‌ره‌نجی ده‌نگده‌ران له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی، پارێزگایه‌ك كه‌ به‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌رده‌وام ده‌ناسرێته‌وه‌. لە ناوەڕاستی ساڵی 2019وە یەكێتیی هەوڵێكی خستەگەڕ بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، لە پاشكۆی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا، یەكێتیی رێككەوتنێكی بە پارتی ئیمزا كرد بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەڵام ئەم رێككەوتنەش نەچووە بواری جێبەجێكردن.  كۆتایی ئەمساڵ‌و سەرەتای ساڵی داهاتوو دوو هەڵبژاردن بەخۆوە دەبینێت، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە لە ئێستاوە كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكانی هەرێم بانگەشەو كۆبونەوە جەماوەرییەكانیان چڕكردوەتەوە.   


(درەو): بۆ گفتوگۆ لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان، وەزیری نەوتی عێراق گەیشتە ئەنكەرە. حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت‌و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە گەیشتە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا.  ئەم سەردانە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی عێراق‌و توركیا لەبواری نەوت‌و غازو وزەدا، لەپاڵ ئەمەدا تاوتوێی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێت كە لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە.  حەیان عەبدولغەنی ئەم پرسانە لەگەڵ (ئه‌لب ئه‌رسه‌لان به‌یره‌قدار) وەزیری وزەو سامانە سروشتییەكانی توركیا تاوتوێ دەكات، دەیەوێت توركیا رازی بكات بەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپێ بكاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان نەوتی كوردستان بە تەنیا لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە بفرۆشرێت.  بەر لەم سەردانەی وەزیری نەوت، حكومەتی عێراق بەفەرمی نوسراوی ئاڕاستەی توركیا كرد بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەڵام بەرپرسانی توركیا مەرجیان هەیە، دەیانەوێت بەر لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، حكومەتی عێراق ئەو پارە بكات بە قیست كە دادگای ناوبژیوانی پاریس وەكو قەرەبوو بەسەر توركیایدا سەپاندووە‌و بڕەكەی ملیارێك‌و 500 ملیۆن دۆلارە، سەرباری ئەمە توركیا دەیەوێت پێداچوونەوە بكرێت بە رێككەوتنی بۆرییەكان لەنێوان هەردوو وڵات‌و عێراق ئەو سكاڵایەی تر بكێشێتەوە كە بەهەمان شێوە لە دادگای پاریس لەسەر توركیای تۆماركردووە.  بەپێی یاسای بودجەی 2023ی عێراق كە بۆ ماوەی سێ ساڵ كاری پێدەكرێت، حكومەتی عێراق، هەرێمی كوردستانی پابەند كردووە بەوەی رۆژانە  400هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات، ئەگەر نەتوانرا نەوت لەرێگەی توركیاوە هەناردە بكرێت، دەبێت هەرێم رۆژانە هەم بڕ نەوت رادەستی عێراق بكات بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی، لەدوای پەسەندكردنی یاسای بودجەوە هەرێم رۆژانە لەنێوان 50 هەزار بۆ 60 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق دەكات بۆ پێداویستی ناوخۆ.     


شیكاری: درەو   🔻 وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 تا کۆتایی حوزەیرانی ساڵی (2023)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر (56 ترلیۆن و 451 ملیار) دینار بووە، کە (95%)ی داهاتی نەوت و(5%)ی داهاتی نانەوتی بووە. پتر لە (2 ترلیۆن و 142 ملیار) دینار لە داهاتی ئاڵوگۆڕ کورتهێنانی هەبووە، بە پوختی زیاتر لە (54 ترلیۆن و 308 ملیار) دیناری بۆ ماوەتەوە، واتە بە تێکڕا داهاتی مانگانە زیاتر لە (9 ترلیۆن و 51 ملیار) دینار و رۆژانە نزیک لە (301 ملیار و 713 ملیۆن) دینار بووە. 🔹 هەر بەپێی ئامارەکان، دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (11.8%) و نزیکەی لە (6 ترلیۆن 508 ملیار) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. 🔻 هاوکات بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە نیوەی یەکەمی (2023)دا؛ 🔹 عێراق زیاتر لە (595 ملیۆن و 571 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 290 هەزار) بەرمیل. هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە (74.65) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. 🔹 کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا (59 ترلیۆن و 503 ملیار و 775 ملیۆن) دینار بووەو، بڕی (53 ترلیۆن و 887 ملیار و 308 ملیۆن و 711 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (90.6%)ی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارتی دارایی. تەوەری یەکەم؛ داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە نیوەی یەکەمی (2023)دا   وەک لە (خشتەی ژمارە (1))دا رونکراوەتەوە، پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بە بەهای (59 ترلیۆن و 503 ملیار و 775 ملیۆن و 604 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق کە لە (17ی ئابی 2023) بڵاوی کردووەتەوە، ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (53 ترلیۆن و 887 ملیار و 308 ملیۆن و 711 هەزار) دینار بە ڕێژەی (90.6%). بە جۆرێک؛ 1.    داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە کانونی دووەمی (2023)دا   پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە کانونی دووەمی (2023)دا بە بەهای (11 ترلیۆن و 112 ملیار و 492 ملیۆن و 600 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 285 ملیار و 546 ملیۆن و 454 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92.6%). 2.    داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە شوباتی (2023)دا   پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە شوباتی (2023)دا بە بەهای (9 ترلیۆن و 471 ملیار و 86 ملیۆن و 64 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (8 ترلیۆن و 921 ملیار و 993 ملیۆن و 308 هەزار) دینار بە ڕێژەی (94.2%). 3.    داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە ئازاری (2023)دا   پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی ئازاری (2023)دا بە بەهای (9 ترلیۆن و 833 ملیار و 385 ملیۆن و 310 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 44 ملیار و 906 ملیۆن و 47 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92%). 4.    داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە نیسانی (2023)دا   پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی نیسانی (2023)دا بە بەهای (10 ترلیۆن و 86 ملیار و 46 ملیۆن و 320 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (8 ترلیۆن و 354 ملیار و 118 ملیۆن و 317 هەزار) دینار بە ڕێژەی (82.8%). 5.    داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە ئایاری (2023)دا   پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی ئایاری (2023)دا بە بەهای (9 ترلیۆن و 595 ملیار و 279 ملیۆن و 710 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی ئایاردا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (8 ترلیۆن و 855 ملیار و 732 ملیۆن و 745 هەزار) دینار بە ڕێژەی (92.3%). 6.    داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە نێوان وەزارەتەکانی (نەوت و دارایی) عێراق لە حوزەیرانی (2023)دا   پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی حوزەیرانی (2023)دا بە بەهای (9 ترلیۆن و 405 ملیار و 485 ملیۆن و 600 هەزار) دینار، نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی ناوبراودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بریتی بووە لە (8 ترلیۆن و 425 ملیار و 11 ملیۆن و 838 هەزار) دینار بە ڕێژەی (89.6%).   تەوەری دووەم؛ داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە نیوەی یەکەمی (2023)دا رۆژی (17ی ئابی 2023) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی تا کۆتایی حوزەیرانی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2023 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ حوزەیرانی ساڵی (2023) لە (17ی ئابی 2023) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (56 ترلیۆن و 451 ملیار و 225 ملیۆن و 242 هەزار و 706) دینار، بەجۆرێک بڕی (53 ترلیۆن و 887 ملیار و 299 ملیۆن و 711 هەزار و 339) دیناری بەڕێژەی (95.4%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (2 ترلیۆن و 563 ملیار و 925 ملیۆن و 531 هەزار و 367) دینار، بەڕێژەی (4.6%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. بڕی (2 ترلیۆن و 142 ملیار و 885 ملیۆن و 417 هەزار و 946) دیناری لە داهاتی ئاڵوگۆڕ (الارادات التحویلیە) کورتی هێناوە و بە پوختی (54 ترلیۆن و 308 ملیار و 339 ملیۆن و 824 هەزار و 760) دینار، کۆی داهاتی وەزارەتی دارایی بووە. بەم پێیەش و بە تێکڕا داهاتی مانگانە زیاتر لە (9 ترلیۆن و 51 ملیار) دینار و رۆژانە نزیکەی (301 ملیار و 713) دینار بووە. سەبارەت بە وردەکاری هەر یەک لە مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایاری و حوزەیرانی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2023 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج و شەشی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (47 ترلیۆن و 800 ملیار و 621 ملیۆن و 652 هەزار و 711) دینار، بەجۆرێک بڕی (41 ترلیۆن و 765 ملیار و 996 ملیۆن و 164 هەزار و 198) دیناری بەڕێژەی (87.5%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (6 ترلیۆن و 34 ملیار و 625 ملیۆن و 488 هەزار و 513) دیناری بەڕێژەی (12.5%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایاری و حوزەیرانی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2023 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2023)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و ڕێگاوبان و  پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (6 ترلیۆن و 34 ملیار و 625 ملیۆن و 488 هەزار و 514) دیناری بەڕێژەی (12.5%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (382 ملیار و 305 ملیۆن و 73 هەزار و 102) دیناری بە ڕێژەی (6.3%)ی بۆ خەرج کراوە. 2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (646 ملیار و 654 ملیۆن و 689 هەزار و 43) دیناری بە ڕێژەی (10.7%)ی بۆ خەرج کراوە. 3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (ترلیۆنێک و 556 ملیار و 670 ملیۆن و 934 هەزار و 44) دیناری بە ڕێژەی (25.8%)ی بۆ خەرج کراوە. 4.    کەرتی بیناسازی و ڕێگاوبان بڕی (2 ترلیۆن و 719 ملیار و 467 ملیۆن و 809 هەزار و 99) دیناری بە ڕێژەی (45.1%)ی بۆ خەرج کراوە. 5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (729 ملیار و 526 ملیۆن و 983 هەزار و 226) دیناری بۆ بە ڕێژەی (12.1%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)). چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2023 لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (47 ترلیۆن و 800 ملیار و 621 ملیۆن و 652 هەزار و 711) دینار. لە کاتێکدا کۆی پوختەی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (54 ترلیۆن و 308 ملیار و 339 ملیۆن و 824 هەزار و 760) دینار. واتە بڕی (6 ترلیۆن و 507 ملیار و 718 ملیۆن و 172 هەزار و 49) دیناری بەڕێژەی (11.8%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار و حوزەیرانی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)). پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2023 لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (4 ترلیۆن و 651 ملیار و 846 ملیۆن و 96 هەزار و 977) دینار. بە جۆرێک؛ 1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (267 ملیار و 937 ملیۆن و 89 هەزار) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (254 ملیۆن و 73 هەزار) دیناری بە کەمتر لە (1%) خەرجییەکانی لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (25 ملیار و 827 ملیۆن و 440 هەزار) دیناری خەرجکردووە، (100%)ی خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (4 ترلیۆن و 358 ملیار و 81 ملیۆن و 567 هەزار) دیناری خەرجکردووە، بڕی (3 ترلیۆن و 105 ملیار و 786 ملیۆن و 25 هەزار و 180) دیناری بە ڕێژەی (71%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (ترلیۆنێک و 252 ملیار و 295 ملیۆن و 542 هەزار و 30) دیناری بە ڕێژەی (29%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (6)). تەوەری سێیەم؛ داهاتی نەوتی عێراق لە نیوەی یەکەمی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (7)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2023) بڕی (595 ملیۆن و 571 هەزار و 118) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 290 هەزار و 746) بەرمیلی فرۆشراو، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (74.65) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (44 ملیار و 436 ملیۆن و 566 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەتێکڕا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار 339) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (59 ترلیۆن و 503 ملیار و 775 ملیۆن و 604 هەزار) دینار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. 1.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2023) بڕی (101 ملیۆن و 245 هەزار و 95) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 265 هەزار و 971) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.695) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (82.5) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (6.8) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 663 ملیۆن و 788 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار و 450) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 112 ملیار و 492 ملیۆن و 600 هەزار) دینار. 2.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2023 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2023) بڕی (92 ملیۆن و 255 هەزار و 610) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 294 هەزار و 843) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (76.556) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (82.59) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (6.03) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 62 ملیۆن و 704 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەتێکڕا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەتێکڕا بەرامبەر (هەزار 341) دینار بووە _لە هەفتەی یەکەمدا بەهای دۆلارێک (هەزار و 450) دینار بووە بەڵام دوای ئەوە دەبەزێندراوە بۆ (هەزار و 310)دینار_، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 471 ملیار و 86 ملیۆن و 64 هەزار) دینار. 3.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2023) بڕی (100 ملیۆن و 913 هەزار و 27) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 255 هەزار و 259) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (74.385) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (78.43) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (4) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 506 ملیۆن و 401) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار و 310) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 833 ملیار و 385 ملیۆن و 310 هەزار) دینار. 4.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی نیسانی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی (2023) بڕی (98 ملیۆن و 634 هەزار و 947) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 287 هەزار و 832) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (76.174) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (84.64) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (8.46) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 699 ملیۆن و 272) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار و 310) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (10 ترلیۆن و 86 ملیار و 46 ملیۆن و 320 هەزار) دینار. 5.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئایاری 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئایاری (2023) بڕی (102 ملیۆن و 463 هەزار و 387) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 305 هەزار و 271) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (71.485) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (75.47) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (3.985) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 324 ملیۆن و 641) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەرامبەر (هەزار و 310) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 595 ملیار و 279 ملیۆن و 710 هەزار) دینار. 6.    داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2023 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیرانی (2023) بڕی (100 ملیۆن و 59 هەزار و 52) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 335 هەزار و 302) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (71.75) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (74.84) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (3.09) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 179 ملیۆن و 760 هەزار) دۆلار. لە ماوەی ناوبراودا بەتێکڕا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق بەتێکڕا بەرامبەر (هەزار 310) دینار بووە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی عێراق بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 405 ملیار و 485 ملیۆن و 600 هەزار) دینار.   سەرچاوەکان؛ یەکەم؛ ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق -    حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة نیسان لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة ایار لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة حزیران لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة دووەم؛ ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1419 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1455 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1480 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر نیسان الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1527 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر ایار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1555 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر حزیران الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1597 سێیەم؛ بەهای فرۆشتنی دۆلار لە بانکی ناوەندی عێراق (1/1/2023 – 31/5/2023) -    البنک المرکزي العراقي، نتائج نافذة بيع العملة الأجنبية، مزادات سابقة؛ https://cbi.iq/currency_auction/all    


راپۆرت: درەو دواجار یەكێتیی بڕیاریدا بەر لە هەڵبژاردنی پارێزگاكان‌و پەرلەمانی كوردستان كۆنگرە بكات، ئەم كۆنگرەیە بە پلەی یەكەم بۆ دورخستنەوەی یەكجاریی لاهور شێخ جەنگیی و نزیكەكانیەتی، بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا پێگەی گروپەكانی تری ناوخۆی یەكێتیی دەستنیشان دەكات. سەركردایەتیی یەكێتیی ژمارەیان كەمدەكرێتەوە، تێكەڵەیەك لە سەركردە كۆن‌و نوێیەكان دروستدەكرێت، ئەوانەی لەگەڵ ماڵی مام جەلالدا نین، چانسیان پێدەدرێت بچنە بەردەم كۆنگرەو بیدۆڕێنن. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرت. كۆنگرەی بەر لە دوو هەڵبژاردن مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە كەركوكەوە بڕیاریدا لەسەر ئەوەی لە رۆژی 27/9ی ئەمساڵدا كۆنگرە سازبدات، كۆنگرەی ئەمجارەی یەكێتیی دەكەوێتە پێش دوو هەڵبژاردنی گرنگەوە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە رۆژی 18/12ی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت هەروەها هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان 25/2ی ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت. یەكێتیی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستداوە، هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە بێ ئاكام مایەوە، سەرباری ئەوەی یەكێتیی پۆستی پارێزگای كەركوكی كرد بە مەرج بۆ بەشداریكردنی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بەڵام لەگەڵ پارتی رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكراو پۆستەكەی وەرنەگرتەوە، ئێستا تاكە دەرفەت لەبەردەمیدا هەڵبژاردنەكەی مانگی 12ی ئەمساڵە، یەكێتیی بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە كەركوك تەنیا یەك هاوپەیمانی هەیە كە ئەویش حزبی شیوعی كوردستانە، پارتیش كە ركابەری سەرەكییە تەنیا یەك حزبی كوردستانی هاوپەیمانێتیی لەگەڵدا كردووە كە بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستانە، واتا ركابەرێتیی ئەمجارەی پارتی‌و یەكێتیی لە كەركوك قورس دەبێت. رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە یەكێتیی وادەی سازدانی كۆنگرەی خۆی بۆ مانگی ئەیلول پێشخست، بەتایبەتیش لەكاتێكدا دەنگۆ هەبوو ئەم كۆنگرەیە بكەوێتە كۆتاییەكانی ئەمساڵ. كۆنگرەی پێنجەم كاریگەریی لەسەر پێگەی یەكێتیی لە هەردوو هەڵبژاردنەكە بەجێدەهێڵێت، بەهەمان شێوە پێگەی یەكێتیی لە هەردوو هەڵبژاردنەكە كاریگەریی لەسەر دەرەنجامەكانی كۆنگرەكە‌و ئەگەری پەرتبوونی یەكێتیی لە داهاتوودا دەبێت، بەتایبەتیش ئەگەر یەكێتیی نەتوانێ‌ لەو هەڵبژاردنانەدا پارێزگاریی لە دەنگەكانی بكات.    ئەنجومەنی باڵا نامێنێت ؟ سەرچاوەكان لەناو یەكێتییەوە باسلەوە دەكەن، لە كۆنگرەی پێنجەمدا یەكێتیی دەیەوێت ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی خۆی كەمبكاتەوە (كۆنگرەی چوارەم 124 ئەندامی بۆ سەركردایەتی هەڵبژارد)، بڕیارە كۆنگرەی پێنجەم ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی بۆ 50 تا 60 ئەندام كەمبكاتەوە. لەپاڵ ئەمەدا، ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی كە لە سەرۆكێك‌و (8) ئەندام پێكدێت، ئەگەر هەیە لە كۆنگرەدا ئەم ئۆرگانەش هەڵوەشێندرێتەوە‌و لەبری ئەوە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنەكە لە مەكتەبی سیاسیدا دابنرێت، بەمەش سەركردایەتییەكی نوێ بۆ یەكێتیی دروستبكرێت لە سەركردە كۆن‌و نوێیەكانی حزب دروستبكرێت، بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتایی نەدراوە لەسەر ئەو پرسە، چونكە رەئی بەرامبەر وایە كە ئەو ئەنجومەنە وەك خۆی بمێنێتەوە. سەركردە كۆنەكانی یەكێتیی كە ئێستا لەناو ئەنجومەنی باڵای سیاسیدا كۆبونەتەوە، هەموویان چانسی ئەوەیان پێنادێت ببن بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، زانیارییەكان باسلەوە دەكەن چەند كەسێكی دیاریكراویان لەلایەن ماڵی مام جەلالەوە پاڵپشتییان لێدەكرێت بۆ ئەوەی بۆ سەركردایەتی‌و دواتریش بۆ مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرێن، ئەوانەی دەمێننەوە تەنیا چانسی ئەوەیان پێدەدرێت بچنە بەردەم كۆنگرەو خۆیان بۆ سەركردایەتی كاندید بكەن، كۆنگرەیەك كە پێشوەختە ئەندام‌و دەنگدەرەكانی یەكلابوەتەوە‌و هەموو كەسێك چانسی سەركەوتنی بۆ سەركردایەتی تێیدا زامن نەكراوە. چارەنوسی لاهور شێخ جەنگی‌و هاوسەرۆكایەتیی سەرباری ئەوەی لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021وە سیستمی هاوسەرۆكایەتیی لەناو یەكێتیدا بەشێوەیەكی كرداریی هەڵوەشایەوە‌و بافڵ تاڵەبانی دوای كۆنترۆڵكردنی دەزگا ئەمنی‌و هەواڵگرییەكان لاهور شێخ جەنگیی دروخستەوە، بەڵام لە فۆرم‌و لەڕووی یاساییەوە هاوسەرۆكایەتیی لەناو یەكێتیدا هەر بەردەوام بوو، رۆژی 28ی ئایاری 2022 یەكێتیی "دیدار"ی بەست، لەم دیدارەدا بە فەرمی بافڵ تاڵەبانی وەكو سەرۆكی یەكێتیی ناسێندرا، بەڵام دیدارەكە نەیتوانی لەڕووی یاساییەوە شوێنی كۆنگرە بگرێتەوە، بۆیە لاهور شێخ جەنگیی هەر بەردەوام بوو لەسەر هەوڵە یاساییەكانی لە هەولێرو بەغدادەوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەرۆكییەكەی، ئەم هەوڵانە بێ ئاكام مانەوە، كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی بەپلەی یەكەم بۆ كۆتایهێنانە بە هەموو ئاسەوارەكانی هاوسەرۆكایەتیی‌و دورخستنەوەی یەكجاریی لاهور شێخ جەنگی لەریزەكانی یەكێتیی‌و یەكلاكردنەوەی حزبەكە بۆ بافڵ تاڵەبانی. لاهور شێخ جەنگیی كە تائێستا خۆی وەكو بەشێك  لە یەكێتیی وێنا دەكات، لەدوای كۆنگرەی پێنجەمەوە هیچ بژاردەیەكی لەناوخۆی یەكێتیدا لەبەردەمدا نامێنێت. لاهور شێخ جەنگیی بەمدواییە هەوڵێكی دا بۆ ئەوەی ژمارەیەك لە هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی یەكێتیی‌و پارتی لەچوارچێوەی لیستێكدا بۆ هەڵبژاردن لە كەركوك كۆبكاتەوە، ئەم هەوڵەی سەركەوتوو نەبوو، بەڵام لە دوای كۆنگرەی پێنجەمەوە دەبێت ئیتر بڕیاری خۆی یەكلابكاتەوە لەبارەی ئەوەی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لیستی خۆی دەبێت یاخود نا. ماڵی كۆسرەت رەسوڵ‌و كەركوكییەكان لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییدا كە كۆتا رۆژەكانی 2019 بەڕێوەچوو، باڵی كۆسرەت رەسوڵ گورزی گەورەی لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە بەركەوت، كۆسرەت رەسوڵ كە پێشبینی دەكرا گەمە سیاسییەكانی بخاتەگەڕ بۆ پەرتكردنی ركابەرەكانی، بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی لە گەمەكە هاتە دەرەوە، ئەنجومەنەكەشی بوو بە ژێر ململانێی هاوسەرۆكەكان‌و نەیتوانی رۆڵی خۆی بگێڕێت، لەمەشدا بە پلەی یەكەم دۆخی تەندروستی كۆسرەت رەسوڵ رۆڵی هەبوو. لە رووداوەكانی 8ی تەموزەوە كوڕانی كۆسرەت رەسوڵ بەخێرایی بەلای بافڵ تاڵەبانیدا شكانەوە، تۆڵەی دەرەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەمیان لە لاهور شێخ جەنگیی كردەوە، بۆ ئەم پاڵپشتییە لە بافڵ تاڵەبانی چاویان لەوە بوو پۆستی جێگری سەرۆكی یەكێتیی وەربگرن، بەڵام بافڵ تاڵەبانی جێگری بۆ خۆی دانەناو بۆ كۆنگرەی پێنجەمیش هەروا دەكات. لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە كوڕانی كۆسرەت رەسوڵ لە هاوپەیمانێتیدان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، دەیانەوێت درێژە بەم هاوپەیمانێتییە بدەن‌و لە كۆنگرەی پێنجەمیشدا لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا پێگەی خۆیان لە سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا زامن بكەنەوە. گروپی كەركوكییەكانیش كە لە كۆنگرەی چوارەمدا لەدوای لاهور شێخ جەنگییەوە براوەی یەكەم بوون، سەرباری ئەوەی ئێستا ئەو پێگە بەهێزەی پێشتریان نەماوە، بەڵام ئەگەر هەمان رۆڵی كۆنگرەی چوارەم بگڕێن، جارێكی تر پێگەی خۆیان مسۆگەر دەكەنەوە. یەكێتی‌و كۆنگرە رۆژی 27ی ئەیلولی ئەمساڵ یەكێتیی كۆنگرە دەكات، ئەمە كۆنگرەی پێنجەمە، دواین كۆنگرەی یەكێتیی لە كۆتا رۆژەكانی 2019دا بەڕێوەچوو، كۆنگرەیەك كە بۆ یەكەمجار سیستمی "هاوسەرۆكایەتی" لەناو یەكێتیدا چەسپاند‌و تەنیا نزیكەی (ساڵ‌و نیوێك) بەردەوام بوو، بەهۆی تەقیتەوەی ناكۆكی نێوان دوو هاوسەرۆكەكەوە (بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی)، لە 8ی تەموزی 2021دا ئەم شێوازە لە سەرۆكایەتیكردنی حزب هەڵوەشایەوە كە یەكێتیی لە پەكەكە‌و حزبەكانی نزیك لە پەكەكەوە وەریگرتبوو، لەوكاتەوە یەكێتیی گەڕاوەتەوە بۆسەر شێوازە كۆنەكەی خۆی، بەڵام بە جیاوازییەكی كەمەوە، لەبری سكرتێر، سەرۆك دانراوە‌و سەرۆكیش كە بافڵ تاڵەبانییە، خۆی كەسی یەكەم‌و كۆتایی‌و جێگری نییە.   یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (4) كۆنگرە‌و دوو پلینیۆم‌و دیدارێكی كردووە. كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترس‌و دابەشبوون‌و لێكترازانی نێوان هاوڕێ‌و هاوخەباتەكان بووە، بەڵام كۆنگرەی پێنجەم پێشبینی ئەوەی لێناكرێت پەرتبوون دروست بكات، بەتایبەتیش كە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا كوڕانی تاڵەبانی بەتەواوەتی هەموو جومگەكانی حزبەكەیان كۆنترۆڵ كردووە‌و دەیانەوێت لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی پێشوەختەدا كۆنگرەكە بەوشێوەیە یەكلابكەنەوە كە دەیانەوێت.   یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون یان زۆر لاواز بوون، دەنگی ناڕەزایەتیی لەناو یەكێتیدا زۆر بە كزی دەبیسترێت، هەموان دەیانەوێت لەپاڵ ماڵی مام جەلال‌و بە رێككەوتن پێگەی خۆیان لە كۆنگرەی پێنجەمدا بپارێزن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئابوری‌و چەك‌و پەیوەندییەكانی یەكێتیی لەلایەن كوڕانی تاڵەبانییەوە كۆنترۆڵكراون.  


  درەو: ئەمڕۆ جارێكی تر وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەچێتەوە بەغداد، بۆ دیاریكردنی پشكی هەرێم و ئەو پارەیەی كە لە بەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت لەسەر بنەمای یاسای بودجەی عیراق كە وەزارەتی دارایی هەرێم مانگانە داوای (ترلیۆنێك و 170) ملیار دینار دەكات، مانگانە (917) ملیار دیناری بۆ موچەیەو ئەوەی دیكەش بۆ خەرجی، مانگی رابردوو بەغداد (598) ملیار دیناری رەوانەی هەرێم كرد. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) وەفدەكەی حكومەتی هەرێم وەفدێكی تەكنیكیەو لە بەرێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتی دارایی و چاودێری دارایی هەرێم پێكدێت. ناكۆكی نێوان وەفدی هەرێم و بەغداد لەسەر شێوازی رادەستكردنی داهاتی ناوخۆیی و ژمارەی موچەخۆرانە، كە بەغداد جەخت دەكاتەوە دەبێت هەرێم تەواوی داهاتەكەی رادەست بكات و (50%) داهاتە فیدراڵیەكان بۆ هەرێم بگەڕێنێتەوە، وەفدی هەرێمیش جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە تەنیا (50%)ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵیەكان ببڕدرێت نەك تەواوی داهاتە نانەوتییەكان رادەست بكرێت. مانگی رابردوو لە بەغداوە (598) ملیار دینار بۆ موچە نێردا كە مانگی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان (942) ملیار دیناری بۆ موچە پێویست بووە (25) ملیار دیناری هاوپەیمانان ئەوی تر (917) ملیار دیناری بۆ موچەخۆران خەرجكردووە، بۆیە (319) ملیار دینار بۆ موچە كورتهێنانی هەبووە.  وەفدەكەی هەرێم ئەمڕۆ دەیانەوێت بەتەواوی ئەوەیان بۆ روونبێتەوە كە پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق چەندەو بەغداد چەند بۆ هەرێم دەینَرێت،  بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە پێی یاسای بودجە مانگانە زیاتر لە (١ ترلیۆن ٣٨٤ ملیار) دینارە، تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیان و پێشمەرگە مانگانە ( ٩٠٦ )ملیار دینار لە یاساكە تەرخان كراوە. بەپێی ئینفاقی فیعلیش كە لە ئێستادا وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای تێكڕای خەرجی مانگانە كاری پێدەكات پێویست بوو (١ ترلیۆن و ١٧٤ ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات، ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە پێچەوانەی یاسای بودجەو هەموو ئەو ڕێكەوتنانەیە كە لەنێوان هەردوولا ئەنجام دراوە، بۆیە وەزارەتی دارایی" ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە پێچەوانەی یاسای بودجەو هەموو ئەو ڕێكەوتنانەیە كە لەنێوان هەردوولا ئەنجام دراوە".    


درەو: پێگەی the economist: بۆ ماوەی سێ دەیە کوردستان لەگەشەکردندا بوو، لە کاتێکدا عێراق لەو ماوەیەدا پەرتەوازە بوو، هەرێم خێراترین گەشەی ئابووری لە عێراقدا هەبوو، کۆمەڵگەیەکی مۆدێرینی نەوتی بنیاتنا، هۆتێل و رێگاوبانی دروستکرد. لە ریفراندۆمی ساڵی 2017 بەدەنگدان بە سەربەخۆیی داهاتوو گەشتر دەردەکەوت، بەڵام شەش ساڵ لەدوای ئەو پرۆسەیە خەونی سەربەخۆیی کاڵ بووەتەوە، ئەو تاوەر کرێنانەی کە لە سەرووی شارەکاندا دەسوڕانەوە، ئێستا لەسەر پرۆژە نیوە تەواوکراوەکان وەستاون،  لە کاتێکدا بەغدای پایتەختی عێراق بەهۆی باشتربوونی داهات و دۆخی ئەمنییەوە بەرەو باشتر گەشەی کردووە. دەسەڵاتدارانی کوردستان خەریکن ئەو ئۆتۆنۆمییەی کە هەیانبووە بەرەولەناوچوونی دەبەن، دوای 30 ساڵ لە خۆبەڕێوەبردن ئێستا ئابووری، سنوورەکان، خاکە جێناکۆکەکان و سیاسەتی کوردی تارادەیەکی زۆر گەڕاوەتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی.  دیپلۆماتکارێکی رۆژئاوایی کە لە بەغداوە چاودێری پێشهاتەکان دەکات دەڵێت، “مەترسی ئەوە هەیە کە پڕۆژەی کوردستان شکست بهێنێت”. کوردەکان تا ئاستێکی زۆر خۆیان کەمتەرخەمبوون و هۆکاری ئەو دەرەنجامەی ئێستان، ململانێی نێوان دوو هەردوو بنەماڵە فیۆداڵیەکە یەکەمیان بنەماڵەی بارزانی کە زیاتر مەیلی حوکمڕانی رۆژئاوا دەکات و دووەمیان بنەماڵەی تاڵەبانی بە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵات دەچن توندتر بووەتەوە.  لە ساڵی 2017ەوە دەسەڵاتی باوان گواستراوەتەوە بۆ کوڕەکانیان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی لەسەر کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی داهات دەجەنگن، زۆرجار وەزیرەکانیان لەکۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدادا لە دژی یەکتر دەوەستنەوە.  یەکێتی بە ئاشکرا بانگەوازی بەغدا دەکات کە پشتیوانی بکات، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حزبەکە دەڵێت: “عێراق لە کوردستان باشترە”. سەرەڕای داواکاری رۆژئاوا بۆ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە، هەردوو حزبەکە رەتیدەکەنەوە هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخەن، دەستیانکردووە بە تیرۆرکردنی کادرەکانی یەکتر، دوا دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانیان بە شەڕێکی تەلەفزیۆنی کۆتایی پێهێنا، لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزاییەتییەکان دژی  ململانێ ناوخۆییەکان، سەرکردە کوردەکان سەرکوتی زیاتر دەکەن، هەڵبژاردنی پەرلەمان کە دەبوو ساڵی رابردوو ئەنجامبدرایە، خراوەتە مانگی شوباتی 2024 ، ئازادی میدیا، کە سەردەمانێک نیشانەی جیاکەورەوەو شانازی ناوچەی کوردییەکان بوو بەرتەسک کراوەتەوە. حکومەتی عێراق لە بەغدا ململانێی کوردەکان دەقۆزێتەوە تا ئەو دەسەڵاتەی حکومەتی ناوەندی عێراق لە دوای راپەرینی ساڵی 1991 لە ناوچە کوردییەکان لەدەستیداوە بەدەستبهێنێتەوە، حکومەتی عێراق ئەم کارەی بە پارە دەست پێکرد، سەرەتای ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی سودی لە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس وەرگرت تا فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە قەدەغە بکات، هەرێمی لە داهاتی فرۆشتنی 450 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بێبەشکرد،  ئێستا مووچەی کورد بەندە بەو پارەیەی کە مانگانە بەغدا بۆ حکومەتی هەرێمی دەنێرێت، ئەو سەرکردە کوردانەی کە سەردەمانێک خۆیان لە بەغدا بەدوور دەگرت، ئێستا  دەچنە پایتەخت بۆ ئەوەی داوای هاوکاری بکەن. نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتییەکەیدا (10) سەردانی فەرمی بۆ بەغدا کردووە. بەپێی یاسای بودجەی نوێی عێراق کە لە مانگی حوزەیران پەسەندکرا، هەریەکێک لە پارێزگاکانی هەرێم دەتوانێت راستەوخۆ داوای پشکی خۆی لە بەغدا بکات، ئەمەش دەتوانێت پاڵنەرێک بێت بۆ تاڵەبانی داوای  جیابوونەوە لە دەسەڵاتەکەی بارزانی بکات، زیاتر یەکڕیزی ناوچەکە لاوازببێت، حکومەتەکەی بەغداد  سنوورەکانی کوردستانی کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە، پاسەوانی لە دەروازەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێم جێگیر کردووە، کە لە راستیدا مافی ڤیتۆی پێداوە لەسەر ئەوەی کێ دەتوانێت بچێتە ناو هەرێم یان لێی دەربچێت،  بنەماڵەی تاڵەبانی هێشتا داهاتی لێشاوی ئۆتۆمبێل و جگەرەی بە قاچاخ لە ئێرانەوە دەخەنە گیرفانیانەوە بەڵام ئەمەش زۆری نەماوە رابگیرێت، بەرپرسێکی عێراقی وای وت، لە باشوورەوە، سوپای عێراق و میلیشیا شیعەکان، دەستیان بەسەر ئەو خاکە جێناکۆکانەدا گرتووە کە لە دوای ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2017 لە کورد وەریانگرتەوە، عەرەبیان لە زۆر ناوچەدا نیشتەجێکردووە ئەگەر ئەمڕۆ جارێکی تر ریفراندۆم بکرێت ئەوا رەنگە کورد لەو ناوچانە  چیتر زۆرینە نەبێت. حکومەتی عێراق لە رێی جەختکردنەوەی لە سەروەری یاسا زۆرترین زیانی بەهەرێم گەیاندووە، لە مانگی ئایاردا دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری کوردستانی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان بە نادەستووری ناساند بۆیە بڕیاریدا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق جێگەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بگرێتەوە، کوردستان چیتر پەناگەیەک نەماوە بۆ ئەوچالاکوانە عێراقییانەی لەدەستی حکومەتی عێراق هەڵهاتبوون، ساڵی رابردوو ئاسایشی کورد توێژەرێکی عێراقییان دەستگیرکرد کە لە دامەزراوەیەکی هزری ئەمریکیدا کاری دەکرد و رادەستی بەغدایان کردەوە. لە رووی کولتوورییەوە پێشکەوتنەکانی بەغدا خەریکە کاریگەریی دروستدەکات، سێ دەیەیە کورد زمانەکەی خۆی بەرەوپێش دەبات، تەعریبی بەعسی بنبڕدەکات، یەک نەوە دروستبوبوو کە نەیدەتوانی بە عەرەبی قسە بکات،  بەڵام خەریکە هاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە، کوڕی سەرکردەیەکی کورد لە مەراسیمی دەرچوونی لە زانکۆیەکی ناوخۆیی بە زمانی عەرەبی قسەی بۆ ئامادەبووان کرد، لەگەڵ توندبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، ئێستا کەرتی تایبەتی کوردستان پێویستی بە کارمەندی نوێ هەیە تا لەگەڵ ئەوان قسەبکەن، راوێژکارێکی کورد لە بواری مەترسیدا دەڵێت: "عەرەبەکان دەرفەتێکی بازرگانین". “لەهەمان کاتدا هەرەشەیەکیشن". شتەكان دەڕوخێن لە کاتێکدا کە کاریگەریی عەرەبی عێراقی لە کوردستان زیاتر دەبێت، کاریگەریی کورد لە بەغدادی پایتەخت لاواز دەبێت، شیعەکانی لایەنگری ئێران کە زاڵن بەسەر حکومەتی ناوەندیدا، سەرکردە کوردەکان وەک سوننەو مەسیحییەکان پەراوێز دەخەن، بەرپرسانی بەغدا وەک بوکەڵەیەک سەیری سەرۆککۆمارە کوردەکەی عێراق دەکەن. لە سەردەمێکدا رەنگە کورد بۆ ڕزگاربوون چاوی لە ڕۆژئاوا بووبێت، زلهێزه کانی رۆژئاوا له دوای شه ڕی که نداو له ساڵی 1991 په ناگه یه کی ئارامیان بۆ کوردەکان دروست کرد،  ناوچه ی دژه فڕینیان بۆ دانان بەڵام بەرژەوەندی رۆژئاوا لە کەمبوونەوەدایە، لە دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003  لە لایەن ئەمریکاوە کورد ناوچەی دژە فڕینی لەدەستدا، هەرچەندە ئەمریکییەکان هێشتا بنکەیەکی ئاسمانییان لە هەریر هەیە کە 65 کم لە باکووری هەولێرەوە دوورە، بەڵام کوردەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە هیچ پشتیوانییەک پێشکەش ناکەن کاتێک بە وەکالەتی ئێران شیعەکان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان دەکەن سەر، دروستکردنی کونسوڵخانەیەکی فراوانی نوێی ئەمریکا لە هەولێر لەوادەی خۆی دواکەوتووە، بێدەنگی رۆژئاوا گومان لەسەر هێزەهاوپەیمانەکان دروستدەکات ، ئەمەش بەرپرسە کوردەکان نیگەران دەکات. کورد هێشتا هەندێک کارتییان ماوە بۆ یاریکردن، ماوەیەکە دەستپێشخەرییان بۆ چینییەکان کردووە، کە بڕیارە بەنداو و کارگەیەکی چیمەنتۆ و خانووبەرە بە بڕی پێنج ملیار دۆلار لە دەرەوەی هەولێر دروست بکەن، کورد دەتوانێ بەهەڕەشەی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران کەڵک وەربگرێت تا رۆژئاوا رابچڵەکێنێت. زۆربەی کوردەکان نائومێد بوون، "ئێمە تەنها پارێزگایەکی تر دەبین لە عێراق"، شرۆڤەکارێک لە هەولێر وادەڵێت، ئەو چرایەی سەربەخۆیی کە بۆ نزیکەی 30 ملیۆن کورد کە لە سەرانسەری تورکیا و ئێران و سوریادا دەدرەوشایەوە لە ئێستادا دەستی کردووە بە کزبون و پەرتەوازە بوون و کاڵبووەتەوە. ئەم بابەتە لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا   لە ژێر ناونیشانی "دابەشبووەکان دەکەون" بڵاوکراوەتەوە    


  درەو: محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر داوایەكی ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم لەبارەی پشكی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە ناردنە دەرەوەی (5) هەزار قوتابی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە. بە پێی نوسراوێكی ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان كە لە رۆژی 6/6/2023 ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردوە بۆ ئەوەی لە پرۆژەی ناردنە دەرەوەی (5) هەزار قوتابی بۆ بەدەستهینانی بروانامەی باڵا لەدەرەوەی عیراق، پشكی قوتابیان و مامۆستایانی هەرێمی كوردستان لەو پرۆژەیەدا لەسەر بنەمای شایستەیی دەستوری لەبەرچاو بگیریت. ‎بەپێی نوسراوەكە هەمان رۆژ محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق داواكارییەكەی وەزیری خویندنی باڵای هەرێمی كوردستانی پەسەندكردوەو لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە بۆ جیبەجیكردنی ناوەرۆكی  نامەكەی وەزیری خوێندنی باڵای هەریم، بۆ دابینكردنی پشكی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەی نێردراوان كە ژمارەیان (5) هەزار كورسییە .. ‎بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق نوسراوەكەی وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی ئاراستەی دەستەی ڕاوێژكارانی ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەی باڵای پەرەپێدانی پەروەردە كرد بۆ كاركردن لە سەری . رۆژیی 14/6/2023   لیژنەیەك لە هەرێمی كوردستانەوە سەردانی بەغدایان كردوو كۆبوونەوەیان لەگەڵ هەردوو لا (دەستەی ڕاوێژكارانی ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەی باڵای پەرەپێدانی پەروەردە )ئەنجامدا و رێكەوتن لەسەر ئەوەی پشكی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عیراق دەبێت و پە پێی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەك دەبێت، لە حاڵەتێكدا پشكی ئەو پارێزگایە پڕ نەبێتەوە ئەوە مافی پارێزراودەبێت و لە راوندەكانی دواتردا  ئەو مافەیان بۆ دەگەرێتەوە.. لە مانگی ئایاری رابردوودا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی بەرنامەی ستراتیژیەتی پەرەپێدانی كەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا ناردنەدەرەوەی (5) هەزار قوتابی راگەیاند لەسەرجەم بوارو پسپۆڕییەكاندا.


درەو:   ئەگەر هەر هاوبەشێکی کارەبا لە عێراق و هەرێمی کوردستان مانگانە (هەزار و 500) یەکەی کارەبا بەکاربەرێت، ئەوا؛ 🔹 بۆ هاوبەشانی ماڵان لە عێراق (15 هەزار) دینار و لە هەرێم (44 هەزار 100) دینار دەدات، کە (194%) نرخەکەی لەوەی عێراق زیاترە. 🔹 بۆ هاوبەشانی کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون لە عێراق (15 هەزار) دینار و لە هەرێم (234 هەزار) دینار دەدات، کە (1460%) نرخەکەی زیاترە. 🔹 بۆ هاوبەشانی بازرگانی لە عێراق (100 هەزار) دینار و لە هەرێم (234 هەزار) دینار دەدات، کە (134%) نرخەکە زیاترە. 🔹 بۆ هاوبەشانی میری لە عێراق (180 هەزار) دینار و لە هەرێم (270 هەزار) دینار دەدات، کە (50%) نرخەکەی زیاترە. 🔹 بۆ هاوبەشانی کشتوکاڵی لە عێراق (90 هەزار) دینار و لە هەرێم (54 هەزار) دینار دەدات، کە (40%) نرخەکەی کەمترە. 🔹 بۆ هاوبەشانی پیشەسازی لە عێراق (90 هەزار) دینار و لە هەرێم (180 هەزار) دینار دەدات، کە (100%) نرخەکەی زیاترە. یەکەم؛ هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەپێی ڕاپۆتێکی وەزارەتی کارەبا ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تا (31/12/2020) بریتی بووە لە (ملیۆنێک و 674 هەزار و 764) هاوبەشی کارەبا،  دابەشبوون بەسەر جۆرە هاوبەشەکانی (ماڵان (ماڵان و کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون)، بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و میری) بە جۆرێک ؛ لە پارێزگای هەولێر (610 هەزار و 617) هاوبەش، لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە (624 هەزار و 123) هاوبەش، لە پارێزگای دهۆک (366 هەزار و 376) هاوبەش و لە ئیدارەی گەرمیان (73 هەزار و 648) هاوبەش هەیە. بێگومان لە ئێستادا ژمارەی هاوبەشانی کارەبا روی لە هەڵکشانی زیاتر کردووە، بڕوانە چارتی ژمارە (1).     دووەم؛ نرخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دابەشبوون بەسەر جۆرەکان (ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و میری)، لە ئێستاشدا بەپێی ڕێنماییەکی وەزارەتی کارەبا هاوبەشانی کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون (ستییەکان)ی لە ماڵان جیاکردووەتەوە لە ڕووی پێدان و نرخی فرۆشتنی کارەبا پێیان. پاڵپشت بە ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی (2021) وەزارەتی کارەبا، کە لە رۆژنامەی وەقائعی کوردستان ژمارە (274) لە (24/11/2021) بڵاوکراوەتەوە. بەپێی ماددەی (1) بڕگەی (5) هاوبەشانی پۆلێنکردووە بۆ؛ (ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و میری). هاوکات بە ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی (2023)ی وەزارەتی کارەبا، کە لە رۆژنامەی وەقائعی کوردستان ژمارە (306) لە (14/6/2023) هەمواری یەکەمی ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی (2021) تایبەت بە ڕێنمایی و مەرجەکانی پێدانی وزەی کارەبا بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە بڕیارماندا بە؛ "زیادکردنی بڕگەیەک بۆ خشتەی ژمارە (5) تایبەت بە نرخەکانی کارەبا لە رێنمایی و مەرجەکانی پێدانی وزەی کارەبا ژمارە (2)ی ساڵی 2021، بەم شێوەیە دەبێت: نرخی کارەبای کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون (High Cost) بە (156) دینار بۆ یەک کاتژمێر". بەپێی ڕێنماییەکانیش نرخی کارەبا بۆ هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت؛ 1.    هاوبەشی ماڵان هاوبەشانی ماڵان لە هەرێمی کوردستان کە بەشی گەورەی هاوبەشانی کارەبا پێکدەهێنن، بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی کارەبا، ئەگەر هاوبەشێک لە ماوەی مانگێکدا (1 بۆ 450) کیلۆ واتی بەکارهێنا ئەوا هەر کیلۆ واتێک لێکدانی (18) دینار دەکرێت و بەرامبەر (8 هەزار و 100) دینار دەبێت بۆ مانگێک، خۆ ئەگەر بەشداربووەکە زیاتر لە (450) کیلۆ وات تا (900) کیلۆ واتی بەکاربرد ئەوا (450) کیلۆ واتی دووەمیان لێکدانی (24) دینار دەکرێت و لەگەڵ بڕی بەکاربراوی پێشتردا کۆی نرخەکە دەگاتە (18 هەزار و 900) دینار، ئەگەر هاوبەشێکی ماڵان لە (900) کیلۆ واتە زیاتری بەکارهێنا و تا ئاستی (1500) کیلۆ وات، ئەوا دوای لێدەرکردنی (900) کیلۆ واتی پێشتر (600) کیلۆ وایتەکە نرخی هەر یەکەکی بەرز دەبێتەوە (تصاعد) دەکات بۆ (42) دینار و بەم پێیەش بڕی (25 هەزار و 200) دیناری دیکە دەچێتە سەر ئەو (18 هەزار و 900) دینارەی تر و کۆی پارەی (هەزار و 500) کلیۆ واتەکە دەگاتە (44 هەزار و 100) دینار. پرۆسەکە بەشێوەی (تصاعد)ی بەردەوام دەبێت تا بەکاربردنی کارەبا لەلایەن هاوبەشەکەوە دەگاتە سەروو (5 هەزار) کیلۆ وات، لەم حاڵەتەدا نرخی هەر یەکەکی بەرکاربراوی کارەبا دەگاتە (180) دینار. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)). 2.    کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا هەمواری یەکەمی ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی (2021) وەزارەتی کارەبا تایبەت بە ڕێنمایی و مەرجەکانی پێدانی وزەی کارەبا، تێیدا هاتووە بڕیارماندا بە؛ "نرخی کارەبای کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون (High Cost) بە (156) دینار بۆ یەک کاتژمێر". بەم ڕێنماییەش بێت نرخی یەکەی کارەبا بۆ کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێت لە (1) کیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێک بێت، ئەوا بۆ هەر کیلۆ واتێک (156) دیناری لێوەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەکەدا هاوبەشێکی هەر کۆمەڵگایەک (هەزار و 500) یەکە بەکار بەرێت، ئەوا دەبێت بڕی (234 هەزار) دینار بدات. لەکاتێکدا هەمان ئەو بڕە کارەبایە بۆ هاوبەشی (ماڵان) بریتیە لە (44 هەزار و 100) دینار _وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا_ واتە هەمان ئەو برە کارەبایە کە لە ستییەکاندا بەکاربراوە نرخەکەی (431%) زیاترە لەوەی لە ماڵان بەکاردەبرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)). 3.    هاوبەشانی بازرگانی هاوبەشانی کارەبا بۆ مەبەستی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان جێگیرە، لە (1) کیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێک بێت، ئەوا بۆ هەر کیلۆ واتێک (156) دیناری لێوەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەکەدا هاوبەشێکی بازرگانی (هەزار و 500) یەکە بەکار بەرێت، ئەوا بڕی (234 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. کە هاوتایە بەو بڕەی کە لە هاوبەشانی کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون وەردەگیرێت لە هەرێمی کوردستان (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)). 4.    هاوبەشانی میری هاوبەشانی میری لە هەرێمی کوردستان، دیسان فرۆشتنی یەکەی کارەبا پێیان نرخەکەی جێگیرەو لە (1) کیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێک بێت، ئەوا بۆ هەر کیلۆ واتێک (180) دیناری لێوەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەکەدا هاوبەشێکی میری (هەزار و 500) یەکە بەکار بەرێت، ئەوا بڕی (270 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)). 5.    هاوبەشانی کشتوکاڵی هاوبەشانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان، فرۆشتنی یەکەی کارەبا پێیان نرخەکەی جێگیرەو لە (1) کیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێک بێت، ئەوا بۆ هەر کیلۆ واتێک (36) دیناری لێوەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەکەدا هاوبەشێکی کشتوکاڵی (هەزار و 500) یەکە بەکار بەرێت، ئەوا بڕی (54 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)). 6.    هاوبەشانی پیشەسازی هاوبەشانی پیشەسازی تایبەتمەندی جیاوازیان پێدراوەو بە جۆرێک بەرزی (ڤۆڵتیە) دەکرێت بە پێوەر بۆ فرۆشتنی وزەی کارەبا پێیان، بە جۆرێک نرخی یەکەکان بریتی دەبن (144 دینار و 120 دینار) بۆ بەکاربردنی (1) کیلۆ واتەوە بڕی هەرچەندێک بێت. ئەگەر لە مانگەکەدا هاوبەشێکی پیشەسازی (هەزار و 500) یەکە بەکار بەرێت، ئەوا بۆ ڤۆڵتییەی بەرز بڕی (216 هەزار) دینار و بۆ ڤۆڵتییەی نزم (180 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)).   سێیەم؛ نرخی کارەبا لە عێراق هاوبەشانی کارەبا لە عێراق دابەشبوون بەسەر جۆرەکان (ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و میری)، بە هیچ شێوەیەک کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون (ستییەکان) لە جۆری هاوبەشانی ماڵان جیانەکراونەتەوە. بەپێی ڕێنماییەکانیش نرخی کارەبا بۆ هاوبەشانی کارەبا لە عێراق بەم شێوەیەی خوارەوەن. 1.    هاوبەشی ماڵان هاوبەشانی ماڵان لە عێراق کە بەشی شێری هاوبەشانی کارەبا پێکدەهێنن، بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی کارەبا، ئەگەر هاوبەشێک لە ماوەی مانگێکدا (1 بۆ هەزار و 500) کیلۆ واتی بەکارهێنا، ئەوا هەر کیلۆ واتێک لێکدانی (10) دینار دەکرێت و بەرامبەر دەبێت بە (15 هەزار) دینار بۆ مانگێک، خۆ ئەگەر بەشداربووەکە زیاتر (هەزار و 500) کیلۆ وات تا (3 هەزار) کیلۆ واتی بەکاربرد ئەوا (هەزار و 500) کیلۆ واتی دووەمیان لێکدانی (35) دینار دەکرێت و لەگەڵ بڕی بەکاربراوی پێشتردا کۆی نرخەکە دەگاتە (67 هەزار و 500) دینار. پرۆسەکە بەشێوەی (تصاعد)ی بەردەوام دەبێت تا بەکاربردنی کارەبا لەلایەن هاوبەشەکەوە دەگاتە سەروو (4 هەزار) کیلۆ وات، لەم حاڵەتەدا نرخی هەر یەکەکی بەرکاربراوی کارەبا دەگاتە (120) دینار. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (2)). 2.    هاوبەشانی بازرگانی هاوبەشانی کارەبا بۆ مەبەستی بازرگانی لە عێراق هاوشێوەی ماڵان بە زۆری بەکاربردن نرخەکەی بەرز دەبێتەوە دوو جار (تصاعد) دەکات، بە جۆرێک؛ ئەگەر هاوبەشێک لە ماوەی مانگێکدا (1 بۆ هەزار) کیلۆ واتی بەکارهێنا ئەوا هەر کیلۆ واتێک لێکدانی (60) دینار دەکرێت و بەرامبەر دەبێت بە (60 هەزار) دینار بۆ مانگێک، خۆ ئەگەر بەشداربووەکە زیاتر لە (هەزار) کیلۆ وات تا (2 هەزار) کیلۆ واتی بەکاربرد ئەوا (هەزار) کیلۆ واتی دووەمیان لێکدانی (80) دینار دەکرێت و لەگەڵ بڕی بەکاربراوی پێشتردا کۆی نرخەکە دەگاتە (140 هەزار) دینار. پرۆسەکە بەشێوەی (تصاعد)ی بەردەوام دەبێت تا بەکاربردنی کارەبا لەلایەن هاوبەشەکەوە دەگاتە سەروو (2 هەزار) کیلۆ وات لەم حاڵەتەدا نرخی هەر یەکەکی بەرکاربراوی کارەبا دەگاتە (120) دینار. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (2)). 3.    هاوبەشانی میری هاوبەشانی میری لە عێراق فرۆشتنی یەکەی کارەبا پێیان نرخەکەی جێگیرەو لە (1) کیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێک بێت، ئەوا بۆ هەر کیلۆ واتێک (120) دینار لە هاوبەشەکە وەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەکەدا هاوبەشێکی میری (هەزار و 500) یەکە بەکار بەرێت، ئەوا بڕی (120 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (2)). 4.    هاوبەشانی کشتوکاڵی هاوبەشانی کشتوکاڵی لە عێراق فرۆشتنی یەکەی کارەبا پێیان نرخەکەی جێگیرەو لە (1) کیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێک بێت ئەوا بۆ هەر کیلۆ واتێک (60) دیناری لێوەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەکەدا هاوبەشێکی کشتوکاڵی (هەزار و 500) یەکە بەکار بەرێت، ئەوا بڕی (90 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (2)). 5.    هاوبەشانی پیشەسازی هاوبەشانی پیشەسازی بەبێ جیاکاری لە عێراق فرۆشتنی یەکەی کارەبا پێیان نرخەکەی جێگیرەو لە (1) کیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێک بێت، ئەوا بۆ هەر کیلۆ واتێک (60) دیناری لێوەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەکەدا هاوبەشێکی پیشەسازی (هەزار و 500) یەکە بەکار بەرێت، ئەوا بڕی (90 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (2)).   چوارەم؛ جیاوازی نرخی کارەبا لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی جیاوازی گەورە هەیە لە نێوان عێراق هەرێمی کوردستان، لەرووی فرۆشتنی وزەی کارەباوە بە هاوبەشەکانیاین، لەم بەشەی ڕاپۆرتەکەدا بە گریمانەی ئەوەی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەگەر هەریەکەیان بڕی (هەزار و 500) کیلۆ وات کارەبا بەکار بەرن، ئەوا جیاوازی کۆی نرخەکان بەم شێوەیەی لای خوارەوە دەبێت؛ 1.    هاوبەشانی ماڵان لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەک ئاماژەمان پێدا ئەگەر هاوبەشێکی ماڵان (هەزار و 500) یەکەی کارەبای بەکارهێنا لە مانگێکدا، ئەوا لە عێراق ئەو بڕە کارەبایە بەهاکەی بریتی دەبێت لە (15 هەزار) دینار و لە هەرێمی کوردستان بریتی دەبێت لە (44 هەزار و 100) دینار و بڕی (29 هەزار و 100) دیناری بەڕێژەی (194%) نرخەکەی زیاتر دەبێت لە هەرێمی کوردستان. خۆ ئەگەر کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون بە نمونە وەربگرین، ئەوا لە عێراق هاوشێوەی ماڵانی ئاسایی کارەبایان پێ دەفرۆشرێت و بۆ بەکاربردنی (هەزار و 500) یەکە لە مانگێکدا تەنها (15 هەزار) دیناریان لێوەردەگیرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بۆ هەمان بڕی بەکاربراو بڕی (234 هەزار)یان لێوەردەگیرێت لە (219 هەزار)یان بە ڕێژەی (1460%) زیاترە لەوەی لە عێراق وەردەگیرێت. 2.    هاوبەشانی بازرگانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەگەر هاوبەشێکی بازرگانی (هەزار و 500) یەکەی کارەبای بەکارهێنا لە مانگێکدا، ئەوا لە عێراق ئەو بڕە کارەبایە بەهاکەی بریتی دەبێت لە (100 هەزار) دینار و لە هەرێمی کوردستان بریتی دەبێت لە (234 هەزار) دینار و بڕی (134 هەزار) دیناری بەڕێژەی (134%) نرخەکەی زیاتر دەبێت لە هەرێمی کوردستان. 3.    هاوبەشانی میریی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەگەر هاوبەشێکی میریی (هەزار و 500) یەکەی کارەبای بەکارهێنا لە مانگێکدا، ئەوا لە عێراق ئەو بڕە کارەبایە بەهاکەی بریتی دەبێت لە (180 هەزار) دینار و لە هەرێمی کوردستان بریتی دەبێت لە (270 هەزار) دینار و بڕی (90 هەزار) دیناری بەڕێژەی (50%) نرخەکەی زیاتر دەبێت لە هەرێمی کوردستان. 4.    هاوبەشانی کشتوکاڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە جیاواز لە هاوبەشەکانی دیکە ئەگەر هاوبەشێکی کشتوکاڵی (هەزار و 500) یەکەی کارەبای بەکارهێنا لە مانگێکدا، ئەوا لە عێراق ئەو بڕە کارەبایە بەهاکەی بریتی دەبێت لە (90 هەزار) دینار و لە هەرێمی کوردستان بریتی دەبێت لە (54 هەزار) دینار و بڕی (36 هەزار) دیناری بەڕێژەی (40%) نرخەکەی کەمتر دەبێت لە هەرێمی کوردستان. 5.    هاوبەشانی پیشەسازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هاوبەشانی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان بەپێی پێدانی ڤۆڵتییەی بەرزتر نرخی یەکەکان گۆڕانکاری بەسەردێت، بۆ نمونە ئەگەر هاوبەشێکی پیشەسازی بە (11، 33، 132) کەی ڤی (هەزار و 500) یەکەی کارەبای بەکارهێنا لە مانگێکدا، ئەوا لە عێراق ئەو بڕە کارەبایە بەهاکەی بریتی دەبێت لە (90 هەزار) دینار و لە هەرێمی کوردستان بریتی دەبێت لە (180 هەزار) دینار و بڕی (90 هەزار) دیناری بەڕێژەی (100%) نرخەکەی زیاتر دەبێت لە هەرێمی کوردستان. جیاوازی نرخەکان لە (خشتەی ژمارە (3) و چارتی ژمارە (2)) رونکراوەتەوە.  


درەو: كۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی لە بەیاننامەیەكدا: 🔹كۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی, ئەمڕۆ دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی لە گێڵگەی سەرەكی نەوتی تاوكێ‌  لە كوردستان راگەیاند, دوای داخستنی كە ماوەی چوار مانگ بەردەوام بوو, بەهۆی داخستنی هێڵی بۆرییەكانی نێوان عێراق_توركیا. 🔹مانگی رابردوو, پرۆسەی دەستپێكردنەوەی نەوت ئەنجامدرا بۆ تاقیكردنەوەو دڵنابوون لە سەلامەتی بیرە نەوتەكان و وەڵامی ئەو داواكارییە بەهێزەی دایەوە كە لەسەر نەوتی تاوكێ‌ هەیە. 🔹ناوەندی بەرهەمهێنان لە ئێستادا لە كێڵگەكە (40) هەزار بەرمیلی رۆژانەیە, كێڵگەی فیشخاپور كە نزیكە لێوەی و هەمان مۆڵەتی هەیە, تائێستا داخراوە. 🔹نیوەی بەرهەمی كێڵگەی تاوكێ‌, رادەستی حكومەتی هەرێم دەكرێت ئەوەی دەمێنێتەوە, لەلایەن (DNO) دەفرۆشرێت لە بری بەڵێندەرەكان(75% بۆ DNO) و (25% بۆ Genel Energy InternationalLimited) بۆ كۆمپانیا ناوخۆییەكان و گواستنەوەی نەوت لەرێی تانكەرەوە. 🔹نرخەكان دەگۆڕێن بە گوێرەی گرێبەستەكە, مامناوەندەكەی دەگاتە (50%) ئاستی پێش داخستن, بەڵام لە ئێستادا شایستەكان بە شێوەیەكی خێراو راستەوخۆ دەگاتە دەست (DNO). 🔹بیجان موسافر رەحمانی, سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای (DNO) رایگەیاندووە: سەرەڕای نەبوونی هیچ گڵۆپێك لە كۆتایی هێڵی بۆرییەكانی هەناردەكردن, بەڵام ئێمە بەردەوام تانكەری زیاترو زیاتر دەبینین, كە نەوت لە تاوكێ_وە دەگوازێتەوەو لەسەر بنەمای كاش و باركردن. 🔹بەهۆی نەبوونی كاتێكی دیاریكراو, بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت, لەڕێی هێڵی بۆرییەكانەوەو بەردەوامی دواخستنی شایستە داراییەكان, لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە, بۆ نەوتی فرۆشراوی پێشوو, كۆمپانیای (DNO) خەرجی وەبەرهێنانی نوێ‌ و ئاستی دامەزراندنی كەمكردووەتەوە.


 درەو: مەسعود بارزانی لە كتێبە نوێیەكەیدا كە چەند رۆژێكە بڵاو كراوەتەوە دەڵێت:  قاسم سلێمانی پەیوەندی پێوەكردم و مەردانە بۆ بەیانییەكەی فڕۆكەیەكی فیشەك و دۆشكاو گوللەی ئاڕ بی جی گەیاندە هەولێر ئێمە ئەوكات سوپاسمانكردن و ئێستاش سوپاسیان دەكەین بەڵام پێویستە هەموو لایەك بزانن، ئەوە خوێنی پێشمەرگە بوو كە هەولێر و هەموو كوردستانی پاراست. مەسعود بارزانی لە بەرگی شەشەمی  كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد) كە ئێستا لەبەردەستی (درەو)دایەو چەند بەشێكی لێ بڵاودەكاتەوە، سەبارەت بە رۆڵی قاسم سلێمانی لە شەڕی داعش و پاراستنی هەولێر لەلاپەڕە (441 -442) نوسیویەتی:   لەسەروبەندی هێرشی داعش بۆسەر هەولێر، قاسم سلێمانی، بەتەلەفۆن پەیوەندیی پێوەكردم و پرسیاری بارودۆخ و پێویستییەكانی كرد، منیش لە وەڵامدا پێم راگەیاند" بارودۆخەكە مەترسیدارە، چونكە پێشمەرگە چەك و تەقەمەنی پێویستی لەبەردەستدا نیە، بۆ رێگەگرتن لە هەمەر و ئۆتۆمبێلە گوللە نەبڕەكانی داعش، ئەگەر بكرێت گوللەی ئاڕ بی جی دژە تانك و گوللەی دۆشكای تانكشكێنمان بۆ بنێرن، دوای ئەوە قاسم سلێمانی مەردانە بۆ بەیانییەكەی فڕۆكەیەكی فیشەك و دۆشكاو گوللەی ئاڕ بی جی گەیاندە هەولێر، ئەمە لە بەرەبەیانی رۆژی 8ی ئابی 2014دا بوو، ئەم هاوكارییە بوو بەهۆی راگرتنی هێرش و پێشڕەوییەكانی داعش لە میحوەری گوێڕ، كە هەڕەشەیەكی جدی بوو، دواتر قاسم سلێمانی خۆی سەردانی كرد و دوو مەفرەزەی هاوەنهاوێژو كاتیۆشایەكی (107)ی بۆ پاڵپشتی هێزەكانی پێشمەرگە هێنابوو، دوو كەسی هاوەنهاوێژەكانیان لەگەڵ پێشمەرگە لەبەرەی مەخمور شەهیدبوون. پێویستە لێرەوە ئەمە بەتەواوی روونبكرێتەوە، كە لە زۆر بۆنەدا بەرپرسانی ئێران و تەنانەت سەرۆك كۆماریش هەواڵی ئەوە بڵاو دەكەنەوە، ئەگەر ئێران نەبوایە، هەولێر داگیر دەكرا، و سەردار سلێمانی هەولێری رزگاركرد، ئێمە ئەوكات سوپاسمانكردن و ئێستاش سوپاسیان دەكەین، چونكە بەراستی یارمەتییەكانیان لەوكات و ساتەدا، هاوكارییەكی كاریگەر بوو، بەڵام پێویستە هەموو لایەك بزانن، ئەوە خوێنی پێشمەرگە بوو كە هەولێر و هەموو كوردستانی پاراست، هاوكاری و یارمەتی و پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانان كاریگەرییەكی گەورەو بەرچاووی هەبوو، یارمەتییەكانی ئێرانیش جێی خۆیان گرت، بەڵام ناكرێت خەڵكانی تر، لە واقع دەربچن و واقیعەكە لەبەرچاو نەگرن، رۆڵی خۆیان دیار و بەرجەستە بكەن و رۆڵی پێشمەرگە كەم نیشان بدرێت، كە ئەمە بەهیچ شێوەیەك ئینساف نیە.


درەو: مەسعود بارزانی لە كتێبە نوێیەكەیدا كە چەند رۆژێكە بڵاو كراوەتەوە دەڵێت: حەمە تۆفیق رەحیم بە برێت مەكگۆرگی وت ئێوە بۆخۆتان شەڕ دەكەن نەك بۆ ئێمە، یوسف محەمەد و فەخرەدین قادر نەیانتوانی نیسابی یاسایی كۆبوونەوەكەی 19ی ئابی 2015 تەواو بكەن بۆیە یەكێتی توشی شكستی گەورە بوو گۆڕانیش بێهیوابوو، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین پارتی بێهێزو بێئیرادە نیە، وەزیرەكانی گۆڕانمان دەركرد و رێگریمان لەسەرۆكی پەرلەمان كرد، كەسیش پرسیاری نەكرد ئەوەی روویداوە چی بوو، لایەنەكانی هاوپەیمانی گۆڕانیش خۆشحاڵبوون، هێمن هەورامیم ناردە لای سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام یوسف محەمەد لوتبەرزانە وەڵامی دابووەوە. مەسعود بارزانی لە بەرگی شەشەمی  كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد) كە ئێستا لەبەردەستی (درەو)دایەو چەند بەشێكی لێ بڵاودەكاتەوە، سەبارەت بە ناكۆكی لایەنەكان لە بە بابەتی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە 2015 نوسیویەتی لەلاپەڕە (446 -450) نوسیویەتی: لەوسەروبەندەی ئێمە سەرقاڵی روبەرووبونەوەی داعش بووین، رۆژی 23ی حوزەیرانی 2015 هەوڵی كودەتایاندا، لای من زۆر سەیر بوو بەیەك دەنگی پەرلەمانتاری حزبی شیوعی رێژەی یاسایی تەواو بوو، لە كۆبوونەوەكەدا پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەو ئاشوریەكیش ئامادەبوون، بەڵام زۆر باش بۆمان دەركەوت كە كێ لە پشت ئەم پیلانەوەیە! بەر لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، هێمن هەورامیم ناردە لای سەرۆكی پەرلەمان و هەواڵم بۆ نارد پێویست ناكات ئەو كارە بكەن، ئەمە شەڕ فرۆشتن و كۆدەتایەو بەهیچ شێوەیەك قبوڵناكرێت، ئەگەر بەردەوام بن لەسەر هەڵوێستەكانتان دواتر گلەیی نەكەن، ئێمە باوەڕی تەواومان بە پرۆسەی دیموكراسی هەیە بەڵام بە شێ,ەیەكی تر وەڵامی كودەتا دەدرێتەوە. سەرۆكی پەرلەمان لوتبەرزانە و نابەرپرسانە وەڵامی دابووەوە دیار بوو هێشتا لە دونیا نەگەیشتبوو. لە رۆژی 18ی ئابی 2015 لە هۆڵی مامۆستا سەعد عەبدوڵا كۆبوونەوەیەكی فراوان بە بەشداری نوێنەری نەتەوەیە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و بەریتانیا بەرێوەچوو تا بەربەیانی خایاند لە كۆبوونەوەكەدا برێت مەكگۆرك بەناوی ئەمریكاوە رایگەیاندبوو: من نورێنەری ئەمریكام، ئێمە زانیاریمان هەیە كە داعش چی بەرنامەو پلانێكی هەیە بۆ كوردستان) حەمە تۆفیق رەحیم ئەندامی وەفدی گۆڕان وەڵامی داببوەوە كە (ئێوە بۆخۆتان شەڕ دەكەن، نەك بۆ ئێمە) كۆبوونەوەكە تا بەیانی رۆژی 19ی ئاب بەردەوام بوو لەسەر ئەوە رێككەوتبوون كە كۆبوونەوەی پەرلەمان دوابخرێت، بەڵام لە ئەنجامدا بەبەرچاوی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و بەریتانیا، بەپێی رێنمایی سەركردایەتییان، یوسف محەمەد و فەخرەدین قادر هەوڵیاندا پەرلەمان كۆببێتەوە، بەڵام رێژەی یاساییان پێتەواو نەكرا، ژمارەی ئامادەبووان بەم شێوەیە بوو(24 پەرلەمانتاری گۆڕان، 18 پەرلەمانتاری یەكێتی، 4 پەرلەمانتاری كۆمەڵ، 5 پەرلەمانتاری یەكگرتوو، پێنج پەرلەمانتاری تری یەكگرتوو بەشدار نەبوون)  رێژەی یاسایی تەواو نەبوو بۆیە یەكێتی توشی شكستی گەورەبوو، گۆڕانیش بەتەواوی بێ هیوا بوو، دوای ئەم بارودۆخە كاتی وەڵامدانەوەیان هات. بۆ ئەوەی پیشانی لایەنەكان و بەتایبتیش گۆڕان بدرێت و بۆیان بسەلمێندرێت، كە هەركاتێك بابەتەكە گەیشتە بێڕێزی و سوكایەتیپێكردن و بەزاندنی هەموو سنورەكان، پارتی ئەوەندە لاواز و بێهێز و بێئیرادە نیە، بۆیە رۆژی 11ی تشرینی یەكەمی 2015 وەزیرەكانی گۆڕان ئاگاداركرانەوە كە لە حكومەت بكشێنەوە، رێگە بەسەرۆكی پەرلەمانیش نەدرێتكە لە پشكی گۆڕان بوو بێتە هەولێر. لەسەر ئەو بڕیارانە هیچ كەسێك لە دەرەوە پرسیاری نەكرد، لەناوخۆی كوردستانیش هەموولایەنەكان تەنانەت ئەوانەی تا دوێنێ هاوپەیمانی گۆڕان بوون، بەو ئیجرائاتانە خۆشحاڵ بوون كە بەرامبەر گۆڕان كراوە. دواتر سەركردەیەكی یەكێتی سەردانی كردم و وتی سەركردایەتی یەكێتی زۆر دڵگران و نیگەرانن لەو بارودۆخەی باڵێكی ناو یەكێتی لە دژی پارتی درووستی كرد، ئەو وتی لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی لە دووكان، بڕیاریانداوە شاندێك بنێرنە لای نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوەی پێی رابگەیەنن كە ئێمە چیتر رازی نابین دەستبخەنە ناو كاروباری ناوخۆی یەكێتی، سەركردەكانی ناو كۆبوونەوەكەش ئەمانەبوون،: كۆسرەت رەسوڵ، بەرهەم ساڵح، شێخ جەعفەر، حاكم قادر، مستەفا چاوڕەش، شاڵاو عەلی عەسكەری، مەحمود سەنگاوی، نەرمین عوسمان، جەمیل هەورامی.  


  درەو: شوێنگرەوەی دوو ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكەی كۆمەڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەر لە لیستی كۆمەڵ دەبێت، چاوەڕوان دەكرێت دادگای فیدراڵی سەرەتای مانگی ئەیلول ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە. رۆژی 9/8/2023 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی  دەستلەكاركێشانەوەی هەردوو ئەندامەكەی كۆمەڵی دادگەری پەسەند كرد (رەمەزان نامیق و میدیا شێخ ئەحمەد) دەستلەكاركێشانەوەی ئەو دوو ئەندامەی كۆمەڵی دادگەری وەك پابەند بوونێك بوو بە بڕیارەكەی عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری. رۆژی (1ی ئایاری 2023) عەلی باپیر ئەمیری سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری داوای لە ئەندامانی حزبەكەی كرد لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئیدارەی سلێمانی دەستلەكار بكشێنەوە لەبەر ئەوەی ئەو دەزگایانە ماوەی یاساییان بەسەرچووە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) شوێنگرەوەی ئەو دوو ئەندامەی كۆمەڵ، هەر لە لیستی كۆمەڵ دەبێت و كاندیدەكانی تریان ئامادەن شوێنیان بگرنەوە، هاوشێوەی شوێنگرەوەی پەرلەمانتارانی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان.  ئەگەر لەناو لیستی كۆمەڵ ساڵی 2014، هیچ ئەندامێك ئامادەنەبوو شوێنیان بگرێتەوە، ئەوكات دەبێت بگەڕێتەوە بۆ (باقی اقوی)، لەو حاڵەتەدا بەر لیستی گۆڕان و یەكێتی دەكەوێت. بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتووە، بەشێك لەوانەی ساڵی 2014 لە لیستی كۆمەڵ كاندید بوون بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئێستا وازیان لە كۆمەڵ هێناوەو ئامادەن شوێنی دوو ئەندامەكەی كۆمەڵ بگرنەوە، لەو حاڵەتەدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە فەرمی داوا لە كۆمسیۆن دەكات، كە بەپێی پلەی دەنگەكانی كاندیدەكانی لیستی كۆمەڵ، دوو كاندید رەوانەی ئەنجومەنی پارێزگا بكات، هەر كاندیدێك ئامادەبوو ئەوا دەبێتە شوێنگرەوەی ئەو دوو ئەندامە. ئەم هەنگاوە لە كاتێكدایە لە ئێستادا سكاڵایەكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبەردەم دادگای فیدراڵیدایە سەبارەت بە نایاسایی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2019دا لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوو،  دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو سكاڵایەی دواخستووە بۆ 3/9/2023 چاوەڕوان دەكرێت هاوشێوەی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم بدات.    


"قیادەی مۆقەتە بە چەكی ئاڕ بی جی سەركردەكانی یەكێتیان كوشت"  درەو: نەوشیروان مستەفا لە كتێبی (كارەساتی هەكاری) باس لە رووداوەكانی هەكاری دەكات و دەڵێت" دەمانویست سەركردایەتی یەكێتی لە ناوزەنگەوە بگوازینەوە بۆ برادۆست و سێكوچكەی سنور، بۆ خۆلادان لەشەڕی قیادە مۆقەتە، نامەمان بۆ حەمایل خان دایكی مەسعود بارزانی و شێخ محەمەد خالید بارزانی نوسی، پاش ماوەیەك قیادە مۆقەتە هەریەكە لە عەلی عەسكەری، خالید سەعید و حسێن بابەشێخیان بە چەكی ئاڕ پی جی كوشت" نەوشیروان مستەفا لە كتێبی (كارەساتی هەكاری) بەم شێوەیە باسی كارەساتی هەكاری دەكات: لە ساڵی 1978 سەركردایەتیی یەكێتی بڕیاریدا هێزەكانی لە ناوچەكانی ناوزەنگ و بناری قەندیل، بگوێزێتەوە بۆ برادۆست لەسەر سێ سنور لە پێناو ئەوەی (بارەگای دەزگا سەركردایەتییەكان لە شوێنێكی ئەمیندا جێگیر ببێ، مەفرەزەكانی بادینان لەوێوە بنێردرێنەوە بادینان و جێگیریان بكەن، كڵپەی شۆڕش لەوێوە هەڵبگیرسێت، بەتایبەت دوای ئەو جەزرەبە قورسانەی كە قیادەی مۆقەتە لە 1976 -1977 لە هێزەكانی یەكێتیان دابوو، پاككردنەوەی ناوچەكە لە چەكدارەكان ئەگەربوونە رێگری پلانەكەی یەكێتی. یەكێتی كەوتە جێبەجێكردنی پلانەكەی و بڕیاریشی دابوو هێزەكانی بە سێ وەجبە بنێرێت. بەرەو بادینان: •    هێزی یەكەم كە (220) پێشمەرگە بوون و (150) یان بێ چەكبوون، بەسەركردایەتی دكتۆر خالید و حسێن بابەشێخ و حامید حاجی غالی. •    هێزی دووەم كە (500) پێشمەرگەبوون  و (150)یان بێ چەك بوون بەسەركردایەتی عەلی عەسكەری و تایەری عەلی والی و سەید كاكە. •    هێزی سێیەم كە نزیكەی (150) كەس بوون ئەبوایە بەسەركردایەتی سكرتێری گشتی و ئەندامانی تری مەكتەبی سیاسی بوایە. بە نیازی خۆلادان لە شەڕی قیادە موەقەتە و خاوكردنەوەی گرژیی نێوان ی.ن.ك و ئەوان، چەند نامەیەك لەلایەن سەركردە و لێپرسراوەكانی ی.ن.ك-ەوە نووسرا بۆ هەندێك لە گەورەكانی بنەماڵەی بارزانی لەوانە مام جەلال و عەلی عەسكەری نامەیان نووسی بۆ شێخ محەمەد خالیدی بارزانی، خالید سەعید (دكتۆر خالید) نامەی نووسی بۆ حەمایل خان دایكی مەسعود بارزانی، شەهید تایەری عەلی والی بەگ نامەی نووسی بۆ رەشید سندی». ناوەڕۆكی نامەكان بریتیبوو لەوەی كە كوردستان لە مەترسی راگوێزان و بەعەرەبكردندایە و لە مەترسیی لەناوچوون و تەفروتوناكردنیدایە، بۆیە ئەبێ كورد هەمووی یەك بگرێ بۆ بەگژاچوونەوەی دوژمنی سەرەكی كە حكومەتی عیراقە و ئەو هێزە بەرەو بادینان ئەكەوێتەڕێ بۆئەوەی هەرچی زووتر رێگەی چەك بكاتەوە و فریای دانیشتوانی ناوچە سنوورییەكان بكەوێ پێش 1/6/1978 كە كاتی دەستپێكردنی راگوێزانیانە و هێزەكە نیازی پەلاماردانی قیادە موەقەتەیان نییە، بەڵكو بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزە دەچێ». ئامانج لە ناردنی نامەكان بۆ ئەو كەسایەتییانە ئەوەبوو كاریگەریی و نفوزی خۆیان لەلای مەلا مستەفا و كوڕەكانی دروست بكەن بۆئەوەی قیادە موەقەتە نەبنە رێگر لەبەردەم ئەو هێزەی پێشمەرگە لە بادینان و سنوورەكان و شەڕیان پێ نەفرۆشن. بەڕێكەوتنی ئەم هێزەی یەكێتی لەكاتێكدابوو، كە دوای رێكەوتننامەی جەزائیر لەنێوان شای ئێران و رژێمی بەعسدا، ساڵی 1977یش رژێمی عیراق لەگەڵ دەوڵەتی توركیادا رێكەوتنێكی دیكەی هاوشێوەیان بۆ پاراستنی هەردوو دیوی سنووریی یەكتر ئیمزاكردبوو. هێزەكانی ئێران لە دیوی خۆیانەوە كەوتنە لێدانی هێزەكانی یەكێتی، كە چوونەوە دیوی عیراقیش هێزەكانی عیراق كەوتنە پەلاماردانیان، لە دیوی توركیاش عەشیرەتە كۆنەپەرستەكان كەوتنە خۆئامادەكردن و میت و دەزگا هەواڵگرییەكان كەوتنە پەیجوریان . دوای یەكگرتنەوەی بەشی دووەم و سێیەمی هێزەكەی یەكێتی، بەهۆی بوونی هێزی قیادە موەقەتەی پارتی لەو سنوورە و خۆبەدوورگرتن لە شەڕ و پێكدادان لەگەڵیاندا، هێزەكەی یەكێتی بۆ پشوودان و حەوانەوە دەپەڕنەوە بۆ باكووری كوردستان بۆ ماوەی حەوت رۆژ دەمێننەوە، دواتر هێزەكەی یەكێتی بڕیاردەدەن بۆ نزیكبوونەوە لە شوێنی وەرگرتنی چەك و چەكداركردنی ئەو پێشمەرگە بێ چەكانەی كە لەگەڵیاندایە، بەرەو قووڵایی خاكی باكووری كوردستان و سەر سنوورەكانی رۆژئاوای كوردستان بڕۆن. «قیادە موەقەتە بەشی هەرە زۆری عەشیرەتەكانی باكووری كوردستانیان لە یەكێتی هاندابوو، كە گوایە هێزەكانی یەكێتی گوندەكان تاڵان دەكەن و پیاوەكان دەكوژن و ژنەكان بەدیل دەگرن و هاتوون بۆ بڵاوكردنەوەی كافریی و بێ دینی، ئەمەش وایكردبوو عەشیرەتەكانی ناوچەكانی شەمزینان، چەلێ و ئولودەرە لە دژی هێزەكەی یەكێتی بكەونەخۆ و چەكدار كۆبكەنەوە و ناوچە ستراتیژییەكان كۆنترۆڵ بكەن. رۆژی 1/6/1978 لە ناوچەی بازێ، شەڕ لە نێوان یەكێتی و قیادە موەقەتەدا دروست دەبێت، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لە هەردوولا دەكوژرێن و بریندار دەبن و ژمارەیەك پێشمەرگەی یەكێتیش لە هێزەكە دادەبڕێن. شەوی دواتر، هێزەكەی یەكێتی بەرەو باشووری كوردستان بەڕێ دەكەونەوە، بەهۆی نەشارەزایی لە ناوچەكە لەیەك دادەبڕێن، لەوكاتەدا هێزەكانی پارتی بۆسەیان بۆ دادەنێن تەقەیان لێ دەكەن. بەڵام بەهۆی نەشارەزایی و ماندووبوونی هێزەكەوە نەتوانرابوو كۆنترۆڵی دۆخەكە بكرێت و زیاتر پەرتەوازە بوون، گروپێكیان خۆیان یەكدەخەنەوە و بەهیوای گەیشتنی گروپی دووەم دادەمەزرێن، گروپی دووەمیش بەهۆی نەشارەزاییەوە بەناچاری بڕیار دەدەن بەرەو نزیكترین خاڵی عیراق بگەڕێنەوە و خۆیان تەسلیم بكەنەوە، گروپی سێیەمیش هەر ئەو رۆژە لەلایەن هێزەكانی قیادە موەقەتە و عەشیرەتەكانەوە دەدرێت بەسەریاندا و چەك دەكرێن. لەناو ئەوانەدا كە لە گروپی سێیەم بەدیلگیرابوون، هەریەكە لە عەلی عەسكەری فەرماندەی هێزەكە، تایەری عەلی والی، سەید كاكە، كە دواتر لە 7ی تەمموزی هەمان ساڵدا، هەریەكە لە عەلی عەسكەری، خالید سەعید و حسێن بابەشێخ لەلایەن قیادە موەقەتەوە بە چەكی (ئاڕ پی جی) شەهیددەكرێن. گروپی یەكەمی هێزەكەی یەكێتی، پاش بێ ئومێدبوونیان لە گەیشتنی هێزەكانی دیكە، بە ناچاری دەچن بەرەو گوندی كەهی لە نزیك جۆلەمێرگ، دوای مانەوەیان بۆ ماوەی چەند رۆژێك و خۆ ڕێكخستنەوەیان و بەڕێكەوتنیان، دەكەونە ناو ئەو عەشیرەتانەی كە لێیان هاندرابوو و سەرەنجام پاش شەڕێكی چەند سەعاتی ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكەی یەكێتی شەهید و بریندار و بەدیل دەگیرێن و تەسلیم بە قیادە موەقەتە دەكرێن.      


"هێزەكەی یەكێتی بۆ لەناوبردنی پارتی هاتبوونە ناوچەكە" درەو: مەسعود بارزانی لە كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد) باس لە رووداوەكەی هەكاری دەكات و دەڵێت: یەكێتی پلانێكی گەورەیان داڕشت بوو بۆ لەناوبردنی پارتی، بەپێی پیلانێكی داڕێژراو كە یەكێتی و سوریا لەسەری رێككەوتبوون، هێزێكی زۆری یەكێتی بەسەرۆكایەتی عەلی عەسكەری بەرەو سنوری یەك دەستیان بە جوڵە كرد، بەو نیازەی پارتی تەواو لەناوببەن و بگەن بە سنوری سوریا، بۆ ئەوەی راستەوخۆ ببنە هاوسنور لەگەڵ سوریا و ئیمكانیات و چەك و پێداویستیەكان راستەوخۆ لە سوریاوە وەربگرن. مەسعود بارزانی لە كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد) لە لاپەرە (237 -239) باسی رووداوەكانی هەكاری دەكات و نوسیویەت: یەكێتی لە ساڵی 1978 پیلانێكی گەورەیان داڕشت بۆ لەناوبردنی پارتی، هەواڵێكی وایان بڵاوكردەوە گوایە تەنیا سەد پێشمەرگەی پارتی لە بادینان ماون، ئەگەر ئەو دوو سەد كەسە لەناوببرێن و كۆماتە بگیرێت، ناوچەكە بە تەواوی دەكەوێتە دەستمان و بە ئاسانی دەگەینە سنوری سوریا. ئەوەی راستی بێت هەموو ئامانجەكەشیان ئەوە بوو بگەنە سنوری سوریا، بۆ ئەم مەبەستەش كۆبوونەوەیەكی فراوانیان لە نۆكان كرد، دوای كۆبوونەوەی نۆكان، یەكێتی بەتەواوی خۆیان ئامادەكرد بۆ لێدانی هێزەكانمان لە ناوچەی یەك و دوو، لەبەر رۆشنایی كۆبوونەوەكە كەوتنە جوڵەكردن بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەكانمان و لەلایەن هەردوو وڵاتی ئێران و عێراقەوە یارمەتی دران. لە چوارچێوەی هەوڵەكانییاندا لە پێناو لەناوبردن و بە قسەی خۆیان پاكتاوكردنی پارتی، ساڵی 1978 دكتۆر خالید سەعید بە هێزێكی زۆرەوە هاتە دۆڵی گەیشتبووە دەستی هەڤاڵانی هەردوولا، رێككەوتننامەكە چەندین خاڵ و بابەتی تێیدا بوو، یەكێك لە خاڵەكان بریتی بوو لە پێكهێنانی لیژنەكانی مەیدانی بۆ تەنسیق و هەماهەنگی نێوان هەردوولا بەتایبەتی لەرووی گواستنەوەی چەك بۆ كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە لە هەموو ناوچەكان لیژنەی تەنسیق لە نێوان هەردوولا درووستكرا، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، تەنانەت لەو ناوچانەدا دكتۆر خالید سەعید، ئەندامی لیژنەی تەنسیق و هەماهەنگی بوو، كەچی بە رێككەوتننامەكەوە پابەند نەبوو، تەنانەت بە هەڤاڵانی پارتی گوتبوو رێككەوتننامەی مەیدانیمان هەڵوەشاندووەتەوە. دوای ماوەیەك خالید سەعید و حسێن بابە شێخ بە هێزێكی 60 كەسیەوە بەرەو ناوچەی خۆشناوەتی جوڵەیان كرد بۆ لێدانی هێزەكانمان لە ناوچەكەدا و هێرشكردنە سەر حەمید ئەفەندی لە رێگەی سیدەكانەوە، بەڵام دیاربوو توانیان نەبوو بۆیە هێرشەكەیان نەكرد. دواتر بەپێی پیلانێكی داڕێژراو كە یەكێتی و سوریا لەسەری رێككەوتبوون، هێزێكی زۆری یەكێتی بەسەرۆكایەتی عەلی عەسكەری بەرەو سنوری یەك دەستیان بە جوڵە كرد، بەو نیازەی پارتی تەواو لەناوببەن و بگەن بە سنوری سوریا، بۆ ئەوەی راستەوخۆ ببنە هاوسنوری لەگەڵ سوریا و ئیمكانیات و چەك و پێداویستیەكان راستەوخۆ لە سوریاوە وەربگرن، مەبەستی یەكێتی لەم جوڵە سەربازییە، ئەوەبوو هەموو پێشمەرگەكانی پارتی لەم سنورە بكوژن، یان بەدیل بگرن، یان ناچاربكرێن ناوچەی هەرێمی یەك جێبهێڵن. بۆیە دوای خۆئامادەكردنی تەواو لە پێناو جێبەجێكردنی پلانە و گەیشتن بە ئامانجەكەیان لە سەرەتاكانی مانگی ئایاری 1978، یەكێتی هێرشێكی بەربڵاویان كردە سەر هێزەكانمان، بە بیانووی هێنانی چەك هاتبوون و بەسەر ناوچەكەدا پەرت و بڵاو ببون، عەلی عەسكەری و دكتۆر خالید و تاهیر عەلی والی سەركردایەتی هێزەكانیان دەكر، هەموویان بەهەموو تواناو هێزەوە هاتبوون و ئامانجیان شەڕ بووـ بەڵام پێشمەرگەكانی پارتی بۆ مانەوەو بەرگریكردن ئامادەكاری باش و بەرچاویان كردبوو كوردەكانی باكوریش هاوكارییەكی زۆری پێشمەرگەكانیان كرد، سەرەتا یەكێتی ئاگادارنامەیەكی نارد و داوای كردبوو پێویستە پارتییەكان خۆیان رادەستبكەن، دیاربوو توشی غروری و لێكدانەوەی هەڵە ببون، بەداخەوە رۆژی 19ی حوزەیرانی 1978 ئەوەی كەس خوازیاری نەبوو لە ئەنجامی هەڵە و سیاسەتی شەڕانگێزەكانی یەكێتی روویدا كە بە شەڕی هەكاری بەناوبانگە، هێزەكانی یەكێتی هیچ جۆرە شارەزاییەكیان لە سروشت و جواگرافیا و بواری كۆمەڵایەتی  ناوچەكە نەبوو، ژمارەیەك شارەزایان لەگەڵدا هاتبوون، بەڵام كاتێك شەڕەكە دەستی پێكرد، بەهۆی لێكدانەوەی هەڵەیان بۆ بارودۆخەكە توشی زیان و شكست هاتن و ژمارەیەكیان بەدیل گیران و ژمارەیەكی زۆریشیان خۆیان رادەستی عێراق كردەوە، خەڵكی ناوچەكە كە هەموویان خۆیان بە دڵسۆزی رێبازی بارزانی دەزانی، كە زانیان شەڕەكە لە دژی بارزانی و پارتیە، لە دژی هێزەكانی یەكێتی راپەڕین. بەداخەوە لەشەڕەكەدا هەریەكە لە هەڤاڵان: مەلا ئەمین حاجی بارزانی، رەشید حاجی بارزانی، عومەررەش كەندیناوەیی، مەردان رۆستەم سورچی، ئەحمەد عەبدوڵا هەركی، یەحیا یوسف شامل سندی، نەنو ئیسماعیل بەرگارەیی، شەهید بوون. یەكێك لەو لاوە خوێنگەرم و پێشمەرگە دلێر و ئازایانەی بەر لە شەڕی هەكاری شەهید بوو، ( سیروان عەبدولڕەحمان حاجی عەلی) بوو، رۆژی 13ی ئایاری 1978 بارەگایان لە دۆڵی (گۆستە) بە مەبەستی هێنانی خۆراك و پێداویستییەكانی بارەگا بە وڵاخ بەرەو سنوری توركیا بەڕێ دەكەوێت، بەڵام لە كاتی پەڕینەوە لە زێ لە وڵاغەكە بەردەبێتەوەو بەهۆی ئەو زەبەری بەر سەری كەوتبوو لەناو زێیەكە گیانی لەدەست دەدات و شەهید دەبێت و دوای چەند كاتژمێرێك جەنازەكەی دەدۆزرێتەوەو هەر لەوێش بەخاك دەستپێردرێت. دوای شەڕەكەی هەكاری بەمەبەستی سارێژكردنەوەی زامەكان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە نێوان هەردوڵادا هەوڵێكی زۆردرا بۆ ئەم مەبەستە هەڵانی سەركردایەتی كاتی لەگەڵ مولازم عومەر عەبدوڵا كۆبوونەوە، سامی عەبدولڕەحمان نامەیەكی ئاراستەی سەركردایەتی كۆمەڵە كردبوو، بەڵام نەوشیروان مستەفا نامەكەی پیشانی كەس نەدابوو و دەستی بە هەڕەشەكردن كردبوو. لە دەڤەری سلێمانی، یەكێتی بەهۆی هاوكاری و یارمەتی و ئاسانكاریییەكانی رژێمی عێراق توانی تا رادەیەك گرفت بۆ پێشمەرگەكانی پارتی لە سنوری دەڤەری سلێمانی درووست بكات و ئازاریان بدات، بە جۆرێك كە دەرفەتی چالاكییەكان لەبەردەمدا نەمایەوەو تەنانەت ژمارەیەكی زۆریش لە پێشمەرگەكانمان شەهید كران، ئەمەش دەرفەتی مانەوەی پارتی لە سنوری سلێمانی زەحمەت كرد.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand