بەشار ئەسەد، 250 ملیۆن دۆلاری لە سوریاوە بۆ مۆسکۆ گواستووەتەوە
2024-12-16 19:08:30
ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی (FINANCIAL TIMES)ی بەریتانی
خانمی یەکەمی پێشووی سوریا (ئەسما ئەسەد) ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی ئابوری نهێنی
🔹 بەپێی تۆمارە بازرگانییەکانی ڕووسیا، ئەسەد لە ماوەی نێوان مانگی ئازاری 2018 تا ئەیلولی 2019، 21 گەشتی ئاسمانی لە نێوان دیمەشق و مۆسکۆدا بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی زیاتر لە (250 ملیۆن) دۆلار بە شێوەی کاش، یەکێک لە گەشتەکانیش لە مانگی ئایاری 2019دا (100 ملیۆن) دۆلاری تێدابووە.
🔹 ئەو پڕە پارەیە دراوی 100 دۆلاری 500 یۆرۆی لەخۆگرتووە، گەیەندراوەتە فڕۆکەخانەی ڤنوکۆڤۆ"Vnukovo airport" لە مۆسکۆ، بۆ ئەوەی لە بانکە سزادراوەکانی ڕووسیا دایبنێن.
🔹 خانمی یەکەمی پێشوو (ئەسما ئەسەد)، هاوسەری بەشار و بەڕێوەبەری پێشووی بانکی جەی پی مۆرگان، ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە ئاراستەکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی ئابوری نهێنی.
🔹 گواستنەوە داراییەکان هاوکات بووە لەگەڵ هەوڵە نهێنییەکانی ئەندامانی بنەماڵەی ئەسەد بۆ کڕینی خانوەبەرەی فاخر و گرانبەهاو وەبەرهێنان لە ڕووسیا.
لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (FINANCIAL TIMES)ی بەریتانی کە لە ڕۆژی دوو شەمە 16ی کانونی یەکەم بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی ڕژێمی سوریا، لە ماوەی ساڵانی (2018 و 2019)دا نزیکەی 250 ملیۆن دۆلاری کاشیان لە بانکی ناوەندی سوریاوە بۆ مۆسکۆ گواستووەتەوە. ئەو پڕە پارەیەش دراوی 100 دۆلاری 500 یۆرۆی لەخۆگرتووە، گەیەندراوەتە فڕۆکەخانەی ڤنوکۆڤۆ"Vnukovo airport" لە مۆسکۆ، بۆ ئەوەی لە بانکە سزادراوەکانی ڕووسیا دایبنێن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گواستنەوە داراییانە لە کاتێکدا بووە سوریا بەدەست قەیرانی توندی دراوی بیانی لە ناڵاندوویەتی، چونکە سزاکانی ڕۆژئاوا ڕێگریان لە دیمەشق دەکرد بۆ ئەوەی بتوانێت دەستی بگات بە سیستەمی دارایی جیهانی.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم گواستنەوە داراییانە هاوکات بووە لەگەڵ هەوڵە نهێنییەکانی ئەندامانی بنەماڵەی ئەسەد بۆ کڕینی خانوەبەری گرانبەهاو وەبەرهێنان لە ڕووسیا.
لەو چوارچێوەیەدا، ئیاد حەمید، توێژەر لە پرۆگرامی پەرەپێدانی یاسایی سوریا، وتوویەتی: "ڕووسیا هەمیشە پەناگەیەکی دارایی بووە بۆ ڕژێمی ئەسەد".
ئۆپۆزسیۆنی سوریا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە مێژە ئەسەد بە تاڵانکردنی سەرچاوەکانی سوریا و پەنابردنە بەر کاری نایاسایی بۆ دابینکردنی دارایی جەنگ و بەدەستهێنانی دەستکەوتی کەسی تۆمەتبار دەکەن.
بەپێی تۆمارە بازرگانییەکانی ڕووسیا، ئەسەد لە ماوەی نێوان مانگی ئازاری 2018 تا ئەیلولی 2019، 21 گەشتی ئاسمانی لە نێوان دیمەشق و مۆسکۆدا بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی زیاتر لە (250 ملیۆن) دۆلار بە شێوەی کاش، یەکێک لە گەشتەکانیش تەنها لە مانگی ئایاری 2019دا (100 ملیۆن) دۆلاری تێدابووە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش دراوە پارەکە لە بانکەکانی (RFK) و بانکی (TSMR)ی ڕووسیا دانراوە، کە هەردووکیان لە ژێر سزاکانی ئەمریکادان.
لەبارەی ئەو گواستنەوە داراییانە (دەیڤید شینکر - یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) ووتیەتی: "ئەم گواستنەوانە جێگەی سەرسوڕمان نین، و بەڵگەن لەسەر هەوڵەکانی ڕژێمی ئەسەد بۆ پاراستنی سامانە نایاساییەکانی و دابینکردنی لایەنی دارایی شەڕ".
لەگەڵ کەمبوونەوەی یەدەگی دراوی بیانی سوریا، بانکی ناوەندی سوریا ناچار بووە پارەی کاش بدات بۆ دەستەبەرکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان. ئەم گواستنەوە داراییانەش دەرفەتێکیشیان بە ڕووسیا خوڵقاندووە بۆ بەهێزکردنی نفوزی خۆی لە بواری ئابووری و سیاسی سوریادا، ئەمە جگە لەوەی بەردەوام بووە لە پاڵپشتییە سەربازییەکانی بۆ ڕژێمەکەی ئەسەد.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە ئەسەد و کەسانی نزیک لە خۆی، لە ساڵانی ڕابردوودا، کۆنترۆڵی کەرتە گرنگەکانی ئابووری سوریایان کردووە کە بەهۆی شەڕەوە وێران بوون.
هەروەها ئەسما ئەسەد، هاوسەری بەشار و بەڕێوەبەری پێشووی بانکی جەی پی مۆرگان، ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە ئاراستەکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی ئابوری نهێنی.
لەو کاتەوەی ڕژێمی سوریا هەوڵی گواستنەوەی سەروەت و سامانەکەی دەدا بۆ دەرەوەی وڵات، لە ساڵی (2013)ەوە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە مۆسکۆ سەرقاڵی کڕینی خانوو و شوقەی فاخر و گرانبەهان. لە یەکێک لەوکارانەشدا، ئیاد مەخلوف، کوڕە خاڵی بەشار ئەسەد، کۆمپانیایەکی خانووبەرەی بە ناوی "شاری زولیس" لە مۆسکۆ لە ساڵی 2019 دامەزراند، بە پاڵپشتی دامەزراوە داراییە ئاڵۆزەکان.