Draw Media

عەتوانی: لێكگەیشتنی سەرەتایمان هەیە لەگەڵ هەرێم لەبارەی دۆسیەی نەوت

عەتوانی: لێكگەیشتنی سەرەتایمان هەیە لەگەڵ هەرێم لەبارەی دۆسیەی نەوت

2024-12-16 07:47:30



 
درەو:
عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایدەكات: لێكگەیشتنی سەرەتایی كراوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبارەی دۆسیەی نەوت، ئەو سەردانانەشی وەفدی پەرلەمانی عێراق بۆ هەولێر ئەنجامیدا، ئامانجی گەیشتن بووە بە ئەنجامێكی باش و لێكگەیشتنێكی پەسەند لەلایەن بەغدادو هەولێروە لەپەیوەست بە داهاتە نەوتی و نانەوتیەكان و، گونجاندنی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكانی ئەنجامیداوە بۆ دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت.
عەتوانی، لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەی (الصباح)ی وتووە: لێكگەیشتنەكان لەگەڵ هەرێم بە ئامانجی دۆزینەوەی میكانیزمێكە بۆ رەخساندنی زەمینەیەكی گونجاو بۆ یەكخستن و گەیشتن بە رێككەوتنی پەیوەست بە نرخەكانی نەوت، چونكە بۆ ئەوەی هەرێم دەستبكاتەوە بە دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت پێویستمان بەرێككەوتنە لەسەر میكانیزمێكی دیاریكراو، ئەوەی پێیگەیشتون رەزامەندییەكی سەرەتاییە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم گرێبەستەكانی بگونجێنێت بەجۆرێك لەگەڵ دیدی دەستوردا هاوتەریب بێت، جۆری گرێبەستەكانیش لە هاوبەشی بەرهەمهێنانەوە بگۆڕێت بە هاوبەشی لە قازانج.
عەتوانی لەبارەی داهاتە ناوخۆییەكانیش ئاماژەی بەوەكردووە: حكومەتی هەرێم باسی لە هەندێك ژمارە كردووە جیاوازە لەوەی حكومەتی فیدراڵ باسی كردووەو لەوباریەوە بەدواداچون بۆ داتان دەكەین، لە دیدارەكانیشیمان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم جەختمان كردووە لەسەر یەكخستنی تاریفەی گومرگی و یەكخستنی دەروازەكان بۆ رێكخستنی داهاتەكان و رێگەگرتن لە خۆدزینەوەی لە باج و بە ئەلەكترۆنیكردنی داتاكان، هەروەك جەختمان كردووە لەسەر تەوتین كردنی موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand