Draw Media

ته‌ڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی یاسای بودجه‌ی عێراق،‌ كه‌ی دانراو چۆن پشكی هه‌رێمی پێوه‌ كرا؟ ئامادەكردنی: جیهانگیر سدیق گوڵپی تاكو ساڵی 2013 له ‌یاساكانی بودجه‌ی عێراقدا پشكی هه‌رێم له‌ كۆی خه‌رجیه‌كانی عێراق له‌پاش لیده‌ركردنی خه‌رجیه‌ سیادیه‌كان دیاری ده‌كرا، ئه‌وكات ڕێژه‌ی پشكی هه‌ریم 17% بوو به‌ڵام به‌هۆی زۆری خه‌رجیه‌ سیادیه‌كان و به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌رجیه‌كانی حاكیمه‌ش ڕاسته‌وخۆ به‌ كاش نادرێنه‌ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ربۆیه‌ هه‌میشه‌ له‌بری 17% حكومه‌تی هه‌رێم ساڵانه‌ به‌ تێكڕایی نزیكه‌ی 11%ی ڕاده‌ست ده‌كرا. ساڵی 2014 عێراق یاسای بودجه‌ی نه‌بوو، به‌ڵام له‌و ساڵه‌دا به‌غدا پشكی بودجه‌ی هه‌رێمی بڕی به‌و پاساوه‌ی كه‌ هه‌رێم نه‌وت ڕاده‌ستی به‌غدا ناكات.  له‌ تشرینی 2014 ڕێككه‌وتن له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا كرا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رێم ڕۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خۆی و 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركوك له‌ڕێگه‌ی بۆریه‌كانیه‌‌وه‌ ڕاده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات بۆ فرۆشتنی له‌ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر پێدانی پشكی بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ له‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2015ی عێراقدا چه‌سپێنرا، به‌و پێیه‌ ده‌بو مانگانه‌ زیاتر له‌ (1) ترلیۆن و (300) ملیار دینار له‌بودجه‌ی عێراق  بدرێت به‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌دا.  ڕێككه‌وتنه‌كه‌ و یاساكه‌ی بودجه‌ كه‌وتنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ڵام له‌مانگی 1ی 2015 دا به‌غدا ته‌نها 250 ملیار دیناری بۆ هه‌رێم نارد له‌مانگی 2 یش ته‌نها 491 ملیار و له‌ مانگی 3 ته‌نها 527 ملیار، ‌ به‌غدا سه‌ره‌تا هه‌ندێ پاساوی لاوه‌كیی بۆ ئه‌وه‌ ده‌هێنایه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ دوو مانگی سه‌ره‌تادا هه‌رێم كه‌متر له‌ بری دیاریكراو نه‌وتی هه‌نارده‌كردوه‌، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی هه‌ردولا كۆكبون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وه‌بو له‌مانگه‌كانی نیسان و مایسی هه‌مان ساڵدا هه‌رێم ته‌واوی پا‌به‌ندیانی جێبه‌جێكرد به‌ڵام به‌غدا هیچ كات نیوه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌یشی بۆ هه‌رێم نه‌نارد كه‌ له‌ یاسای بودجه‌دا بۆی ته‌رخان كرابوو به‌ڵكو بۆ ئه‌و مانگانه‌ ته‌نها 488 ملیاری نارد پاشتر‌ له‌وه‌یش 10%ی لێ بڕی. ئه‌وه‌بو ڕێكه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌و یاسای بودجه‌ جێبه‌جێ نه‌كرا، بۆ ئه‌وه‌یش ئه‌و كات زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ سیاسی و فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كانی له‌ په‌رله‌مانی هه‌ێم و عێراقیش هاوڕا بوون. هۆكاری هه‌ره‌ سه‌ره‌كیی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ خودی به‌غدا به‌مه‌به‌ست له‌ یاساكه‌ی بودجه‌ی ساڵی 2015 دا بڕگه‌یه‌كی دانابو بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌ره‌ڕای ڕاده‌ستكردنی نه‌وت و جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كانی تریش هێشتا بتوانێت به‌پێی یاساكه‌ كه‌متر له‌ نێوه‌ی شایسته‌ی هه‌رێم بنێرێت، ئه‌و بڕگه‌یه‌ش كه‌ له‌ خاڵی دوه‌م له‌ ماده‌ی (10)دا دانرابوو، بریتیبو له‌وه‌ی كه‌ به‌شی هه‌رێم دیاریبكریت له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجیه‌ فیعلیه‌كانی عێراق پاش لێ ده‌ركردنی خه‌رجیه سیادیه‌كان. به‌پێی ڕاپۆرته‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق خه‌رجیه‌ فیعلیه‌كانی عێراق له‌تێكڕای ساڵانی ڕابووردو له‌ (70%) تێنه‌په‌ڕیون بۆیه‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ ئه‌وكات و ئێستاش ئامرازێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی 30%ی كۆی بودجه‌ عێراق به‌ده‌ربكرێت له‌ هاوكێشه‌ی هه‌ژماركردنی پشكی هه‌رێم، له‌ كاتێكدا له‌ 40%ی كۆی بودجه‌كه‌یش كه‌ بریتیه‌ له‌ خه‌رجیه‌كانی سیادی و حاكیمه‌ ئه‌وانیش له‌ هاوكێشه‌ی هه‌ژماركردنی پشكی هه‌رێم به‌ده‌رده‌كرێت، هه‌ربۆیه‌ له‌ساڵی 2015ه‌وه‌ تا ئێستا له‌ ناوه‌رۆكی یاساكانی بودجه‌ی عێراقدا ئه‌وه‌ چه‌سپێنراوه‌ كه‌ ته‌نها 30%ی بودجه‌ی عێراق پشكی هه‌رێمی لێ ده‌درێت. به‌م پێیه‌ كۆی بودجه‌ی ئه‌مساڵی عێراق كه‌ بڕه‌كه‌ی نزیكه‌ی (199) ترلیۆن دیناره‌ پاش لێده‌ركردنی خه‌رجیه‌كانی سیادی و حاكیمه‌ و ڕه‌چاوكردنی ڕێژه‌ی خه‌رجیی فیعلیی عێراق ته‌نها 30%  واته‌ كه‌متر له‌ (60) ترلیۆن دیناری ده‌مێنێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی شایسته‌كانی هه‌رێمی لێ بدرێت، واته‌ 12.67% جارانی (60) ترلیۆن دینار ده‌كرێت كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی (7) ترلیۆن و (600) ملیار دینار بۆ كۆی ساڵی 2023، نه‌ك ئه‌و بڕه‌ی كه‌ له‌ خشته‌كانی یاسای بودجه‌دا هاتوه‌و زیاتره‌ له‌ (16) ترلیۆن دینار. ئه‌مه‌یش به‌ واته‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ چواچێوه‌یه‌كی یاساییدا ڕاده‌ستكردنی كۆی نه‌وت و زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری داهاته‌ نانه‌وتیه‌كانی هه‌رێم به‌ڕامبه‌ر به‌ كه‌متر له‌ 4%ی بودجه‌ی عێراق، به‌ڵی كه‌متر له‌ 4%ی كۆی بودجه‌ی عێراق  بۆ 14%ی هاووڵاتیانی عێراق كه‌ له‌ هه‌رێمدان. ئه‌مه‌ هۆكارێكی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ساڵی 2015ه‌وه‌ تا ئیستا هیچ كات جێبه‌جیكردنی یاساكانی بودجه‌ی عێراق به‌و جۆره‌ی به‌غدا ده‌یه‌وێت له‌قازانجی هه‌ریمی كوردستان نه‌بێت، هه‌رێمیش تا ئه‌و كاته‌ی توانای هه‌نارده‌كرن و فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌ی هه‌بووه‌ نه‌چوه‌ ژێرباری جێبه‌جێ كردنی ئه‌و یاسایانه‌ به‌و جۆره‌ی كه‌ به‌غدا ده‌یویست. هه‌ریم خۆی نه‌وته‌كه‌ی ده‌فرۆشت و وه‌كو پێویستیش ئه‌و گرفته‌ی بۆ خه‌ڵك ڕون نه‌كردوه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵی پێویستیشی نه‌ده‌دا بۆ دروستكردنی  تێگه‌یشتنی هاوبه‌شی لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان و چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌‌. جێگه‌ی خۆیه‌تی لێره‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ین كه‌ ئێستا به‌پێی ناوه‌رۆكی یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ 2023 هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێژه‌ی 12% به‌شداری ده‌كات له‌ پێكهێنانی كۆی داهاته‌ ئاسایی و نائاساییه‌كانی عێراق به‌ڵام ته‌نها كه‌متر له‌ 4%ی بودجه‌كه‌ی پێ ده‌درێت!! ئایا ئه‌م جۆره‌ به‌كارهێنانه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی خه‌رجیی فیعلی دروسته‌؟ هه‌ر له‌ساڵی 2015ه‌وه‌ تاكو ئێستا ئێمه‌ زیاتر له‌ ده‌ جار له‌ وتار ولێدوان و  نوسینه‌كانماندا  نادروستیی ئه‌و بابه‌ته‌ و مه‌ترسیه‌كانیمان ڕون كردوه‌ته‌وه‌ و پێمان وابوه‌ كه‌ پشت به‌ستن به‌ خه‌رجی فیعلی وه‌ك بنه‌ما بۆ خه‌رجكردنی ته‌رخانكراوه‌كانی هه‌رێم له‌ناو یاسای بودجه‌ی عێراقدا هه‌م نامۆ و نه‌گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی بودجه‌ی گشتی و ژمێریاریی حكومی هه‌میش شیاوی جێبه‌جێكردن نیه، چونكه‌ هه‌مو ژماره‌كانی یاسای بودجه‌ خه‌مڵێنراون و نابێت له‌ یاسای بودجه‌دا باس له‌ ژماره‌ی فیعلی بكرێت وه‌ك چه‌مكێكی سێنتراڵ و وه‌ك بنه‌مای ته‌رخانكردن. ئه‌و ژماره‌ خه‌مڵێنراوانه‌ی له‌یاسای بودجه‌دا داده‌نرێن له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ فیعلیه‌كانی ساڵانی ڕابووردو و چه‌ند اعتیباریكی تر دیاری ده‌كرێن. له‌قۆناغی ئاماده‌كردنی بودجه‌ و له‌ میانه‌ی پرۆسه‌ی خه‌مڵاندندا، خه‌رجیه‌ فیعلییه‌كانی چه‌ند ساڵێكی ڕابوردو له‌گه‌ڵ هی شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای كۆتاساڵی پێش ئاماده‌كردنی بودجه‌كه،‌ ڕه‌چاو ده‌كرێن وه‌ك یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانی خه‌مڵاندن بۆ بودجه‌ی نوێ، به‌م جۆره‌ هه‌ر له‌ قۆناغی ئاماده‌كردنی بودجه‌دا پاش كۆتایی هاتنی پرۆسه‌ی  خه‌مڵاندن ئیتر خه‌رجیی فیعلی ڕابووردو هیچ ڕۆڵیكی نامێنیت و، له‌ناو بودجه‌ی ئاماده‌كراودا هیچ جێگه‌یه‌كی نابێته‌وه‌.  ته‌رخانكردن له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجی فیعلی هه‌مان ساڵیش ناكرێت و نه‌گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ ڕێساكانی بودجه‌ی گشتی و ژمێریاریی حكومی و، شیاوی جێبه‌جێكردن نیه‌، له‌م ڕوه‌وه‌ توشی ئیشكالی لۆژیكی و ته‌كنیكی و مه‌نهه‌جی ده‌بێت، چونكه‌ له‌كاتی جێبه‌جێكردنی بودجه‌دا خه‌رجیی فیعلی بۆ هه‌مان ساڵ له‌ ئارادا نیه‌، هه‌روه‌ك پێشتریش ڕونمان كرده‌وه‌ هی ساڵانی پێشتریش نابێته‌ پێوه‌ر.  ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ته‌رازوی پێداچونه‌وه‌ی مانگانه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌كار بهێنرێت، ئه‌وه‌یش نه‌گونجاوه ‌و گرفتی زۆره‌ و شیاوی جێبه‌جێكردن نیه‌، ته‌رازوی پێداچونه‌وه‌ی یه‌كگرتوی حكومه‌ت بۆ هه‌ر مانگێك له‌ پاش كۆتا ڕۆژی مانگه‌كه‌وه‌ زیاتر له‌ 15-20 ڕۆژی ده‌وێت تاكو ئاماده‌ ده‌كرێت و یه‌ك ده‌خرێت، لێره‌دا ناكرێت هه‌مو جارێك ته‌مویل كردنی هه‌ر مانگێكی هه‌رێم 40- 50 ڕۆژ دوابخرێت تاكو ته‌رازوی پێداچونه‌وه‌ی یه‌كگرتوی عێراق ئاماده ‌ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رایی خه‌رجیی فیعلی عێراق بۆ ئه‌و مانگه‌ چه‌ند بوه‌. دیاره‌ كه‌ بڕی خه‌رجیی فیعلی هه‌رمانگێكێش له‌گه‌ڵ مانگێكی تردا جیاوازه‌ و زۆرجار بڕی جیاوازیه‌كه‌یش گه‌وره‌یه‌ بۆیه‌ به‌پێی ئه‌و شێوازی كاركردنه‌ بێت ده‌بی بۆ هه‌مو مانگێك ئه‌م رێكارانه‌ بگیرێنه‌به‌ر. له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌یشدا ته‌رازوی پیداچونه‌وه‌ی مانگانه‌ گوزارشت له‌ خه‌رجیی فیعلیی ڕاسته‌قینه ناكات‌، چونكه‌ و پێشینه‌و بارمته‌ و حساباتی ته‌واو نه‌كراو و كیشه‌ی زۆر له‌و ته‌رازوه‌دا هه‌یه‌‌‌‌.   ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیش له‌ خه‌رجیی فیعلی هه‌مو ساڵه‌كه‌یه‌، ئه‌وه‌‌ خه‌رجیی فیعلیی دروست له‌ ژمێره‌ی كۆتایی ده‌رده‌كه‌وێت، دوا ڕۆژ بۆ ماوه‌ی ژمێره‌ی كۆتایی فه‌رمانگه‌كان بۆ هه‌ر ساڵێك ده‌كه‌وێته‌ 31/1ی ساڵی داهاتو‌، پاش ئه‌وه‌یش ڕێكخستنی ژمێره‌ی كۆتایی یه‌كگرتوو و پێداچونه‌وه‌ و په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن دیوانی چاودێریه‌وه‌ چه‌ند مانگێكی تری پێده‌چێت و نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ مانگه‌كانی كۆتایی ساڵی ساڵی داهاتوو، ئیدی چۆن ده‌كرێت له‌كاتی پێدانی شایسته‌ی هه‌رێمدا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بكرێته‌ پێوه‌ر؟ ئه‌مه‌یش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ عێراق 13 ساڵه‌ ژمێره‌ی كۆتایی نیه‌. به‌گشتی ئه‌م ڕێكاره‌ی به‌غدا بۆ پێدانی پشكی هه‌رێم ده‌یگرێته‌به‌ر ته‌واو سه‌یر و نامۆیه‌ به پرنسیپه‌كانی ژمێریایی حكومی و ‌دنیای دارایی گشتی و بودجه‌. به‌پێی هه‌مو ڕێسا و نه‌ریت و پره‌نسیپه‌كان ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌مو یه‌كه‌كانی خه‌رج كردن مافی وه‌رگرتنی ته‌رخانكراوی په‌سه‌ندكراوی ناو یاسای بودجه‌یان هه‌بێت و ته‌رخانكراوه‌كانیان بۆ دابین بكرێت، ئینجا له‌ پاش كۆتاییی هاتنی ماوه‌ی یاسایی خه‌رجكردن ئیدی به‌پێی ژمێره‌ی كۆتایی، یان به‌پێی ڕاپۆرت و ده‌رخسته‌ داراییه‌كانی تر(له‌كاتی نه‌بونی ژمێره‌ی كۆتایی) به‌راوردی بڕی ته‌رخانكراو و بڕی فیعلی بكرێت و، به‌پێی یاساو ڕێسا داراییه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ جیاوازیه‌كان بكرێت. وه‌ له‌ هیچ كاتیك و به‌هیچ پاساوێك نابێت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ته‌واوی مافی خه‌رجكردنی هه‌رێمێك یان ته‌نانه‌ت فه‌رمانگه‌یه‌كیش له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجكردنی فیعلیی شوێنێكی تر یان فه‌رمانگه‌یه‌كی تر دیاری بكرێت، ئه‌مه‌ كرده‌یه‌كی نامۆ و بێ وێنه‌یه‌ له‌دنیای دارایی گشتی و بودجه‌دا. ( سه‌باره‌ت به‌و ڕێژه‌یه‌ی خه‌رجیی فیعلیی عێراقیش كه‌ له‌ڕاپۆرته‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی عێراقدا هاتوه‌ زۆر جێگه‌ی تێبینیه‌و به‌دروستی نازانین و له‌ده‌رفه‌تی تردا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، لێره‌دا نه‌مان ویستوه‌ سه‌رنجی خوێنه‌ر له‌سه‌ر مه‌به‌ستی بنه‌ڕه‌تی ئه‌م نوسینه‌ دور بخه‌ینه‌وه‌)  


  شیكاری: درەو 🔹 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەرەتای ساڵی (2022)ەوە تا کۆتایی مانگی ئابی هەمان ساڵ بڕی (17 ملیۆن و 867 هەزار و 540) بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی پارێزگای کەرکوک، لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستان – بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە. 🔹 لە هەمان ماوەی ساڵی (2023)دا هەناردەی نەوتی کەرکوک بریتی بووە لە (7 ملیۆن و 37 هەزار و 403)، بەو مانایەی (10 ملیۆن و 830 هەزار و 137) بەرمیل لە هەناردەی نەوتی کەرکوک کەمی کردووە. 🔹 لە ساڵی (2023)دا حکومەتی عێراق بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (76.16) دۆلار فرۆشتووە، واتە بەراورد بە ساڵی پێشتر لە هەمان ماوەدا، هەر بەرمیلێک لە نەوتی عێراق بە زۆرتر لە (25) دۆلار کەمتر فرۆشراوە. 🔹 ئەگەر بەهەمان قەبارەی ساڵی ڕابردوو نەوتی کەرکوک لە رێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە هەناردە بکرایە، بە تێکڕای ئەو نرخەی لە (2023) تۆمار کراوە، ئەوا کۆی بەهای نەوتی کەرکوک بریتی دەبوو لە (ملیارێک و 360 ملیۆن و 874 هەزار و 484) دۆلاری ئەمریکی. 🔹 تا کۆتایی مانگی ئابی (2023) تەنها بە بەهای (532 ملیۆن و 873 هەزار 615) دۆلار نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بۆری نەوەتی کوردستانەوە فرۆشراوە. 🔹 کەواتە ڕاوەستانی نەوتی کەرکوک لە دوای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە بڕی (828 ملیۆن و 686) دۆلار زیانی دارایی بە کەرتی نەوتی عێراق گەیاندووە. 🔹 لە ئێستادا نەوتی كەركوك بۆ ناو خۆ بەكاردەهێندرێت لەمانگی ئابدا رۆژانە بە نزیكەی (325) هەزار بەرمیل نەوت بۆ پاڵاوگەكانی ناوخۆ بەكارهێندراوە یەکەم؛ هەناردەی نەوتی کەرکوک لە مانگی کانونی دووەمەوە تا کۆتایی ئابی 2022 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەرەتای ساڵی (2022)ەوە تا کۆتایی مانگی ئابی هەمان ساڵ بڕی (801 ملیۆن و 785 هەزار و 358) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کردووە، لەو بڕەش (17 ملیۆن و 867 هەزار و 540) بەرمیلی بەڕێژەی (2.22%)ی نەوتی کێڵگەکانی پارێزگای کەرکوک بووە، کە بە تێکڕا لە ماوەی ناوبراودا بەرمیلێک نەوت بە (101.58) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی کەرکوک لە کانونی دووەمەوە تا کۆتایی ئابی 2022 بریتی بووە لە (ملیارێک و 834 ملیۆن و 259 هەزار و 739) دۆلار. بۆ وردەکاری تەواوی مانگەکان بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). دووەم؛ هەناردەی نەوتی کەرکوک لە مانگی کانونی دووەمەوە تا کۆتایی ئابی 2023 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەرەتای ساڵی (2023)ەوە تا کۆتایی مانگی ئابی هەمان ساڵ بڕی (808 ملیۆن و 449 هەزار و 161) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کردووە، لەو بڕەش تەنها (7 ملیۆن و 37 هەزار و 403) بەرمیلی بەڕێژەی (0.9%)، نەوتی کێڵگەکانی پارێزگای کەرکوک بووە، ئەو بڕەش لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023) لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستان – جەیهانی تورکییەوە هەناردە کراوە، لە دوای بڕیاری (دادگای نێوبژیوانی پاریس)ەوە بۆ ڕاگرتنی نەوتی کوردستان، هیچ بڕە نەوتێکی کێڵگەکانی پارێزگای کەرکوک لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە نەکراوە.  بە تێکڕا لە سێ مانگی یەکەمی (2023)دا بەرمیلێک نەوتی عێراقی بە (75.55) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، بۆیە کۆی بەهای نەوتی کەرکوک لە کانونی دووەمەوە تا کۆتایی ئازاری (2023) بریتی بووە لە (532 ملیۆن و 873 هەزار و 615) دۆلار. بۆ وردەکاری تەواوی مانگەکان بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)).   سێیەم؛ زیانە داراییەکانی ڕاگرتنی نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە وەک لە خشتەکانی (1) و (2) ئاماژەمان پێدا، بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەرەتای ساڵی (2022)ەوە تا کۆتایی مانگی ئابی هەمان ساڵ بڕی (17 ملیۆن و 867 هەزار و 540) بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی پارێزگای کەرکوک لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستان – بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی (2023)دا هەناردەی نەوتی کەرکوک بریتی بووە لە (7 ملیۆن و 37 هەزار و 403)، بەو مانایەی (10 ملیۆن و 830 هەزار و 137) بەرمیل لە هەناردەی نەوتی کەرکوک کەمی کردووە. لە ساڵی (2023)دا حکومەتی عێراق بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (76.16) دۆلار فرۆشتووە، واتە بەراورد بە ساڵی پێشتر لە هەمان ماوەدا، هەر بەرمیلێکی نەوتی عێراق بە زیاتر لە (25) دۆلار کەمتر فرۆشراوە. بۆیە ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین، بەهەمان قەبارەی ساڵی ڕابردوو نەوتی کەرکوک لە رێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە هەناردە بکرایە بە نرخی (76.16) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، وەک ئەوەی تا کۆتایی مانگی ئابی (2023)دا تۆمار کراوە، ئەوا کۆی بەهای نەوتی کەرکوک بریتی دەبوو لە (ملیارێک و 360 ملیۆن و 874 هەزار و 484) دۆلاری ئەمریکی. ئەمە لە کاتێکدایە، تا کۆتایی مانگی ئابی (2023) تەنها بە بەهای (532 ملیۆن و 873 هەزار 615) دۆلار نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بۆری کوردستانەوە فرۆشراوە. بەم پێیەش ڕاوەستانی نەوتی کەرکوک لە دوای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە بڕی (828 ملیار و 686) دۆلار زیانی دارایی بە کەرتی نەوتی عێراق گەیاندووە. بۆ وردەکاری زیانە داراییەکانی ڕاوەستانی نەوتی کەرکوک بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)).   لە ئێستادا نەوتی كەركوك بۆ ناو خۆ بەكاردەهێندرێت لەمانگی ئابدا رۆژانە بە نزیكەی (325) هەزار بەرمیل نەوت بۆ پاڵاوگەكانی ناوخۆ بەكارهێندراوە، بۆ نمونە لە رۆژی 23/8/2023 لە كۆمپانیای نەوتی باكۆر (325) هەزار ەبرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، (228) هەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگەكانی ناوخۆ بووە.   سەرچاوەکان؛ 1.    ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە سەرجەم مانگەکانی ساڵی 2022، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=909 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=951 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1003 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر نیسان الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1039 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر ایار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1099 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر حزيران الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1123 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر تموز الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1161 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر اب الماضي؛ 2.    ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە سەرجەم مانگەکانی ساڵی 3202، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1419 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1455 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1480 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر نیسان الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1527 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر ایار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1555 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر حزيران الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1597 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر تموز الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1644 -    وزارة النفط تعلن عن الاحصائية الاولیة للصادرات النفطية لشهر اب الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1654  


 درەو : ئامادەكردنی: هەڵۆ حەسەن كورد لەكوێی پرۆژەی (پشتێن و ڕێگا- ڕێگای ئاوریشمی نوێ)ی، چین دایە؟، شۆڕشی سێیەمی چین كە شی جینپینگ سەرۆكایەتی دەكات، گەورەترین پڕۆژەی ستراتیژی لە مێژوودا (پشتێن و ڕێگا- یەك ڕێگا و یەك پشتێن)، كە نزیكەی دوو لەسەر سێی ژمارەی وڵاتانی جیهانی لەخۆدەگرێ. شی جینپینگ و شۆڕشی سێیەمی چین دوای ئەوەی شی جینپینگ لە لایەن كۆنگرەی نەتەوەیی گەلی چینەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو وەك سەرۆكی كۆماری میللی چین هەڵبژێردرایەوە، بەمەش بوو بە یەكەم سەرۆك كە لە دوای ماو تسی تۆنگ دامەزرێنەری كۆماری گەلی چین ئەم خولەی هەبێت، لە بیستەمین كۆنگرەی پارتی كۆمۆنیستی چین، شی جینپینگ بۆ خولی سێیەم وەك سكرتێری گشتی كۆمیتەی ناوەندی CPC هەڵبژێردرایەوە،.ئەم هەڵبژاردنە گوزارشت لە دیدگایەكی چینی دەكات، كە بەپێی ئەو دیدگایە بارودۆخی گشتی پێویستی بە سەرۆكێكی بەهێز و سەركردایەتییەكی ناوازە هەیە، ئەوەی سیاسەت و دیدگای شی جینپینگ سەبارەت بە بنیاتنانی دەوڵەت جیا دەكاتەوە، دانانی خشتەی كاتیی وردە بۆ جێبەجێكردنی ئەو دید و سیاسەتانە . ئەمەش سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە نەبووە هۆی ئەوەی پەكین بگاتە ئامانجەكەی لە كاتی خۆیدا،هەروەها شی جینپینگ دیدگای خۆی بۆ تەواوكردنی بنیاتنانی سوپای ڕزگاریخوازی گەلی چین خستەڕوو، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەركە شەڕكەرەكانی لە ناوخۆ و دەرەوە ئەنجام بدات، بە مەرجێك تا ساڵی 2027 ئەمە تەواو بێت كە هاوكاتە لەگەڵ سەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی سوپای چین وكۆتایی هاتنی خولی سێیەمی سەرۆكایەتی شی جینپینگ.بەهەمان شێوە بڕیاربوو ساڵی 2049 بۆ تەواوكردنی بنیاتنانی دەوڵەتی چین وەك دەوڵەتێكی مۆدێرن و بەهێز، بەبۆنەی سەدەمین ساڵیادی دامەزراندنیەوە. شی جینپینگ تەواوبوونی بنیاتنانی دەوڵەت گەڕانەوەی تایوان بۆ وڵاتی (دایك –چین) بەپێویستی حەتمی دەزانێت ، ئەمەش بەو مانایەیە كە ئەم بەروارە زۆرترینە بۆ ئەوەی تایوان لە چین بە جیا بمێنێتەوە، ڕەنگە ئەمە بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی كە ماو تسی تۆنگ دامەزرێنەری كۆماری گەلی چین، كاتێك پرسیاری لەبارەی تایوانەوە لێكرا وتی: بە ناچاری تایوان دەگەڕێتەوە، بەڵام ڕەنگە ئەوە سەد ساڵی پێبچێت. شی جینپینگ هەوڵیداوە خۆی لە مێژووی چیندا وەك سەركردەی شۆڕشی سێیەمی چین تەرخان بكات، بەجۆرێك كە شۆڕشی یەكەم لەلایەن ماو تسی تۆنگەوە سەركردایەتی كرا كە كۆتایی بە شەڕی ناوخۆی چین هێنا و كۆتایی بە (سەدەی شەرمەزاری چین)، هێنا كە سەدەیەك بوو كە تیایدا چین خراپترین بارودۆخی بەسەردا سەپێندرا لەلایەن لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی. سەبارەت بە شۆڕشی دووەمیش، پێشەنگی سیاسەتی چاكسازی و كراوەیی لە چین، دێنگ شیاوپینگ ، لە ساڵی 1978 سەركردایەتیی كرد، سەرهەڵدانی چینی مۆدێرن دامەزراند و شۆڕشی پیشەسازیی تێدا بەدەستهێنا، دەرگای بۆ پیشەسازی ڕۆژئاوا كردەوە ڕوو لە چین بكەن و سوودمەندبوون لە كارە هەرزانەكان و باجی كەم. دێنگ شیاوپینگ توانی، لە ڕێگەی ئەمەوە، هەلی كار بۆ چینییەكان دەستەبەر بكات، پاشان چینییەكان توانیان ئەو ئەزموونە ڕۆژئاواییانە بەرهەمبهێننەوە بۆ دامەزراندنی پیشەسازییەكانی خۆیان، سەبارەت بە شۆڕشی سێیەم كە شی جینپینگ سەرۆكایەتی دەكات، گەورەترین پڕۆژەی ستراتیژی لە مێژوودا (" پشتێن و ڕێگا")، كە نزیكەی دوو لەسەر سێی ژمارەی وڵاتانی جیهانی لەخۆگرتووە تا ئەمڕۆ. ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە چین لە سەردەمی شی جینپینگ نەك تەنها ببێتە یاریزانێكی سەرەكی، بەڵكو گەورەترین یاریزان لە مێژوودا. ئەوەی كە شی جینپینگ وەك "شانشینی ناوەڕاست" ناوی دەبا، ئەمەش لە ئەنجامی خوێندنەوەی ئەو بۆ مێژوو و خۆشەویستی و ڕق و كینەی بۆی لە هەمان كاتدائەو ئەو مێژووەی خۆشدەوێت كە چین لەڕێگەی ئەو پێگەیەی كە شایەنییەتی لە جیهاندا چێژی لێ وەرگرتووە، هەروەها ڕقی لەو مێژووە دەبێتەوە كە چین تێیدا چەوسێنرایەوە و پاشەكشەی لێكرا، بۆیە ئەو قۆناغە بە “نائاسایی مێژوویی” ناودەبات، كە دەبێت ڕاست بكرێتەوە بۆ ئەوەی چین بتوانێت ئەو هەڵوێستە وەربگرێت كە شایەنیەتی، بەپێی ئەم تێڕوانین و ئەو بارودۆخە گشتیەی كە چین چاوەروانكراوە تووشی بێت، پێویستی بە سەرۆكێكی بەهێز و كەسایەتییەكی ناوازە هەیە، بەتایبەتی كە پەكین چارەسەركردنی ژمارەیەك لە فایلە ناوخۆییەكانی تەواو كردووە، چەرخی بەرهەمهێنان گەڕاوەتەوە سەر كارەكەی  و ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا هەڵگیراون.چین خۆی بۆ چارەسەركردنی  كێشە دەرەكییەكان، و ئەو تەحەدایە گەورانەی كە ڕووبەڕووی چین دەبێتەوە لە ڕێنێسانسەكەیدا ئامادەكردووە سەركەوتنی پەكین لە نزیككردنەوەی دیدگاكانی نێوان سعودیە و ئێران كە لێكەوتەی ئەرێنی گەورەی دەبێت بۆ داهاتووی ناوچەكە و جیهان ڕێگە بۆ پەكین دەكاتەوە ڕۆڵێكی زیاتر لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بگێڕێت، بەتایبەتی كە چین پەسەندترین وڵاتە لەلایەن ژمارەیەك وڵاتی جیهانەوە، بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتە ڕوون و پرەنسیپییەكانی، كە بیرۆكەی "پشتبەستن" لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەبری "تیۆری واقیعی" ، پێدەچێت تێوەگلانی چین لە مامەڵەكردن لەگەڵ پرسە نێودەوڵەتییەكان لەڕووی سیاسەتی دەرەوەی پەكینەوە ناونیشانێك بۆ قۆناغی داهاتوو پێكبهێنێت، دەستپێشخەرییەكانی چین بۆ چارەسەركردنی پرسی فەڵەستین، دۆزینەوەی ڕێگاچارە كۆتاییهێنان بە شەڕ لە یەمەن، كار بۆ كۆتاییهێنان بە ئالۆزیەكانی سوریا، و دۆزینەوەی ڕێگایەك بۆ دەربازبوون لە شەڕی ئۆكرانیا و فایلەكانی تر، كلیل دەبێت بۆ ڕاگەیاندنی خواستی چین بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی خۆی وەك زلهێزێك و ئامادەیی بۆ هەڵگرتنی خەرجییەكانی سەركردایەتی جیهانی، ئەگەر پێویست بوو. كورد لە پڕۆژەی پشتێن و ڕێگا پڕۆژەی پشتێن و ڕێگا یاخود ڕێگای ئاورێشمی نوێ بە دوو بەشی كوردستان ( ئێران -بەشی رۆژهەڵاتی كوردستان و توركیا - باكوری كوردستان)،دا تێپەڕ دەبێت، ئەگەر هەرێمی كوردستانی عێراق هەوڵ بدا بكەوێتە سەر نەخشەی ڕێگای ئاورێشمی نوێ پێگەی كورد لەرووی جیۆپۆلەتیكەوە بەهێز دەكاو هەرێمی كوردستانی عێراق دەكەوێتە سەر شاڕێگەی بازرگانی جیهانییەوە و لەوكاتەدا بۆ سەقامگیری جیهانی پێویست دەكا هەرێمی كوردستانی عێراقیش پارێزراو بێت،بۆ ( ئێران -بەشی رۆژهەڵاتی كوردستان و توركیا - باكوری كوردستان)،یش بە هەمان شێوە. شنگال و پرۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ رۆژئاوای كوردستان و شنگال گرینگیەكی گەورە و ستراتیژیان دەبێت لە پرۆژەی (پرۆژەی پشتێن و ڕێگا- ڕێگای ئاوریشمی نوێ),رۆژئاوای كوردستان و شنگال دەبنە چەقی پرۆژە گەورە ئابورییەكەی چین گرینگی رۆژئاوای كوردستان بەجۆرێكە كە دەبێتە پردی بەستنەوەی چین - ئێران بە دەریای سپی ناوەڕاست واتە بەندەری خومەینی و لازقییە، شنگالیش چەقی (پرۆژەی یەك ڕێگا و یەك پشتێنی چین)ە بەجۆریك شنگال ستراتیژیترین خاڵی پرۆژەكەی چینە و ڕۆژهەڵاتی جیهان بە ڕۆژئاوای جیهانەوە دەبەستێت.ئەوەی كە جێگەی سەرنجە لەم پرۆژەیەدا (پرۆژەی یەك ڕێگا و یەك پشتێنی چین), حكومەتی عێراق دەیەوێت هەرێمی كوردستانیش بخاتە دەرەوەی ئەو پرۆژە گەورەیەی چین لە خاڵی رەبیعەوە هەرێمی كوردستان دەكرێتە دەرەوەی ئەو پرۆژەیەوە لەلایەن عێراقەوە لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان هەژموونی بەسەر شنگالدا لەدەستداوە.هاوشێوەی پرۆژەی ( ئۆڤاكۆی – رێگای گەشەپێدان _ كە جگە لە ئامانجە ئابورییەكانی عێراق ئامانجێكی تری كەنارخستنی هەرێمی كوردستان لە پلانی نوێی پەرەپێدان لە عێراق كە لە رووی ئابوورییەوە پڕۆژەی (رێگای گەشەپێدان)ی ژێرخانی ئابووری عێراق، ئەم رێگایە بە تەواوی خاكی عێراقدا تێدەپەڕێت و بەندەری گەورەی فاو لە كەنداو لە رێگەی هێڵی شەمەندەفەرەوە دەبەستێتەوە بە توركیا، ئەم رێگایە كە ناسراوە بە ( ئۆڤاكۆی - رێگای گەشەپێدان) بەجێبەجێكردنی پرۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤاكۆی-رێگای گەشەپێدان) ,گەورەترین مەترسی رووبەرووی كوردستانی عێراق و باكوری سوریا دەبێتەوە,توركیا و عێراق بە پرۆژەی دەروازەی سنووری ئۆڤاكۆی, دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل كەم بایەخ دەكەن كەسەرچاوەی سەرەكی و گرینگی كوردستانی عێراقە. هاوكات ئەو بازرگانیە نافەرمیانەی كە لەنێوان كوردەكاندا ئەنجام دەدرێن لە هەرێمی كوردستان و باكوری سوریا، بەفەرمی كۆنترۆڵ دەكرێن و گرێدانی ئابووری نێوان كوردەكان لەناو دەبرێن.    


  چيرۆکی ئەو کچە خوێندکارەی لە گەورەترین ناوەندی جیهانەوە شەڕ بۆ مافەکانی کورد دەکات ئامادەکردنی: گۆران دوکانی ـ ئەمەریکا "دەلال کێیە؟" کچە خوێندکار دەلال حەسەنی تەمەن 19 ساڵ لە باوکێکی عەرەب و دایکێکی کورد لەشاری شیکاگۆی ئەمەریکا لەدایک بوە، لەئێستادا خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی ئەدەب و مێژووە لە زانکۆی هارڤەرد، لەم چاوپێکەوتنەدا دەلال باس لەوە دەکات کە خولیای نوسین و داکۆکیکردنە لە مافەکانی مرۆڤ، ئەو خەونەکانی هێندە زۆرن بۆیە هەندێکجار وەک شاعیرێک دەردەکەوێت بە نوسینی شیعری نەتەوەیی، هەندێک جاریش وەک میدیاکارێک و چالاکوانێک دەردەکەوێت بەچاوپێکەوتنەکانی لە میدیا ئەمریکیەکاندا ئەمە جگە لەوەی دەلال سەرنوسەری ڕۆژنامەیەکی خوێندکاریی بووە و لە ئێستاشدا نوسەرە لە ڕۆژنامەیەکی زانکۆی هارڤەرد. "دەربارەی زانکۆی هارڤەرد" زانکۆی هارڤەرد Harvard University دەکەوێتە شاری بۆستن لە ویلایەتی ماسەچوتس_ئەمەریکا، هارڤەرد لە 8ی سێپتەمبەری 1636 دامەزراوە و تاکو ئێستا گەورەترین و گرانترین زانکۆیە لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا، داهاتی زانکۆی هارڤەرد 5.84 ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا، تێچووی خوێندن لە زانکۆی هارڤەرد لە کۆلێژێکەوە بۆ کۆلێژێکی دیکە جیاوازە بەڵام بە گشتی چوار ساڵی تێچووی خوێندکارێک بە هەموو خەرجییەکانەوە 334,152$ دۆلارە، بە پشتبەستن بە دوا داتای ساڵی خوێندنی 2022-2023ی زانکۆی هارڤەرد. چەندین سەرکردەو کەسایەتی بەناوبانگی جیهان بڕوانامەی زانکۆی هارڤەردیان بەدەستهێناوە، لەوانە هەشت سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و دەیان شاعیرو فەیلەسوف و سیاسەتمەدارو گەردوونناس و دادوەرو یاساناس و کۆمەڵناس و تەلارسازو وەرزشەوان و هونەمەندو ئەستێرەی سینەمایی لەگەڵ چەندین گەورە ملیارد لێری جیهانی، دەلال کە لە ئێستادا خوێندکاری هەمان زانکۆیە بەتەواوی بڕوا بەخۆبونەوە گووتی "ئاواتمە بە هەمان شێوەی ئەو کەسایەتیە ناودارانەی کە بڕوانامەی زانکۆی هارڤەردیان بەدەستهێناوە لە ئایندەدا هەمان ناوبانگ بۆ خۆم و نەتەوەی کورد بەدەست بێنم". "لە هارڤەرد خوێندنەکەی بێ بەرامبەرە" ساڵانە زانکۆی هارڤەرد وەک زۆربەی زانکۆکانی دیکە لەڕێگەی پڕۆگرامی بەخشیشی خوێندن Scholarship هەروەها چەند پرۆگرامێکی دیکەی جیاوازەوە هاوکاری و لێخۆشبوونی تێچووی خوێندنی کۆی کۆلێژەکانی بۆو خوێندکارانە ئامادە دەکات کە لە قۆناغی ئامادەیی High School پلەی بەرز بەدەست دێنن و خوێندکاری زیرەکن و شایستەن بەو لێخۆشبونانەی زانکۆی هارڤەرد، دەلال یەکێکە لەو خوێندکارە ئاست بەرزو شایستانەی بەهۆی زیرەکی و لێهاتویی لە خوێندنی قۆناغی ئامادەیدا هەر چوار ساڵی خوێندنەکەی لە زانکۆی هارڤەرد بەخشراوە و بێ بەرامبەرە کە لەئێستادا دەلال قۆناغی دووەمی بەشی ئەدەب و مێژووە لە زانکۆی هارڤەرد، بەنیازیشە لەدوای ئەو چوار ساڵە بۆ بەشی یاسا نێودەڵەتیەکان بخوێنێت لە هەمان زانکۆدا. "دەلال، نەوەیەک لە کیمیای و دوکەڵ" شیلان عەلی دايکی دەلال خەڵکی شاری هەڵەبجەی شەهیدە، عەلی فەتاحی باوکی شیلان ئەندامی ڕێکخستنە نهێنیەکانی حیزبی شیوعی بووە، لە ڕۆژی کیمیابارانەکەی هەڵەبجەدا شەهید دەبێت، شیلان و خوشک و براکەی بەناوەکانی بەهرەو ئالان هەرسێکیان لە کەسوکارەکەیان دادەبڕێن و بە برینداری ڕوو دەکەنە ووڵاتی ئێران تاکو ساڵی 1992 لە کۆچ ڕەوەکەدا لەگەڵ کەسوکارەکەیان یەکدەگرنەوە و دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و لەشاری سلێمانی نیشتەجێ دەبن، لە ساڵی 1998دا ڕوو دەکەنە ووڵاتی سوریا دوای سێ ساڵ مانەوەیان لە سوریادا لە ساڵی 2001دا بەڕێدەکەون بۆ وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو لەشاری شیکاگۆ دەگیرسێنەوە، شیلانی دایکی دەلال لەساڵی 2003دا لەگەڵ هاوڵاتیەکی بەڕەگەز عەرەب خەڵکی شاری جەبلەی سوریا بە ناوی مازن حەسەن هاوسەرگیری دەکات و لەساڵی 2004دا دەلال لەدایک دەبێت. "باوکە عەرەبەکەی هاندەرێتی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد" کەم تا زۆر کەسانێکی ڕەگەز پەرست هەن لەناو زۆربەی نەتەوە جیاجیاکانی جیهاندا بەگشتی و نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕەست بە تایبەتی وە بە پێچەوانەشەوە کەسانێک هەن بڕوایان بە پێکەوە ژیان و برایەتی گەلان هەیە، دەلال ئەگەرچی باوکی بە ڕەگەز عەرەبە بەڵام وەک دەلال و دایکی دەڵێن "یەکێک لە پاڵپشتە هەرە سەرسەختەکانی دەلال باوکێتی کە هەمیشە هانی دەدات داکۆکیکارێکی سەرسەختی نەتەوە بێ ناسنامەو بێ دەوڵەت و بێ پشتوپەناکەی دایکی بێت" هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی دەلال لە تەمەنی منداڵیەوە هەستی کوردبوون و نیشتیمان پەروەری بۆتە خەمێکی گەورە بۆی "جلی کوردی و ئاڵای کوردستان و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان بۆ پشتیوانیکردن لە دۆزە جۆراوجۆرەکانی کورد لە ئەمەریکا لایەن دەلالەوە بە هاوکاری و پاڵپشتی باوکە بە ڕەگەز عەرەبەکەیەتی". "دەلال شەڕ لەسەر ناوی (ژینا) دەکات" لە دوتوێی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دامەزراوەی مەلالە فاوندەیشندا، لە ژێر ناونیشانی (ژنانی کورد لە پێشڕەوی شۆڕشدان لە ئێران) دەلال وێڕای ئەوەی باس لە داگیرکاری سەدان ساڵەی کوردستان دەکات لە لایەن دەسەڵات و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا هاوکات باس لە ئازایەتی و خەباتی بەردەوامی ژنانی کورد دەکات، دەلال لەو چاوپێکەوتنەدا ئاماژە بە بابەتێکی خۆی دەکات کە لە ڕۆژی 2ی نۆڤەمبەری 2022دا لە ڕۆژنامەی (زە هارڤەرد کریمزن)دا بڵاوی کردۆتەوە، لەو نوسینەیدا بە وردی باس لە سەرهەڵدانەکانی شۆڕشی ژینا ئەمینی دەکات لە ئێران و نیگەرانیەکانی خۆی لە دوو بابەتدا چڕ دەکاتەوە لەسەر گۆڕینی ناوی ژینا بۆ مەهسا و بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکان و کپ کردنەوەی دەنگی کوردەکان لەو شۆڕشەی ئێراندا، دەلال لەو نوسینەیدا کە لەژێر ناونیشانی (ژینا ئەمینی ژنێکی کوردی وەک من بوو) بڵاوی کردۆتەوە دەڵێت: "لە کاتێکدا من هەمیشە لەگەڵ ئێرانییەکان دەبم لە وەستانەوە دژی ئەم دەسەڵاتە، بەڵام ناتوانم هەست بە توڕەیی و ناڕەزایی بەرامبەر سڕینەوەی دەنگی کورد لەم بزووتنەوەیەدا نەکەم" هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات "هەر لە تەمەنی گەنجیەوە ژنانی کوردی وەک من بەم دەستەواژە بەهێزە ئاشنا دەبن (ژن، ژیان، ئازادی) خێزانەکانمان فێرمان دەکەن کە ئەم دەستەواژەیە بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتی ڕزگاریخوازانە لە دژی ئەو زلهێزانەی کە داگیرمان دەکەن، ئەم دەستەواژەیە لە لایەن خەباتکارانی بەرخۆدانی کوردی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە داڕێژراوە. ئەوان فێرمان دەکەن کە ئێمەش، بەشێکین لەو بزووتنەوەیە بۆ زێدی خۆمان؛ بۆ ژن و ژیان و ئازادی". دوای وەرگێڕانی ئەو دەستەواژە شۆڕشگێڕییە لە کوردییەوە بۆ فارسی (زن، زندگی، آزادی) دەلال توڕە دەکات و دەڵێت "بەبێ دانپێدانان بە ناسنامەی کوردایەتی ژینا و کاریگەرییەکانی لەسەر مردنی، ئەم دەستەواژەیە شتێکی وێرانکەرە. ئەو دەستەواژەیەی لەگەڵیدا گەورە بووم، ئەو دەستەواژەیەی کە یارمەتیدام پەیوەندیم بە میراتی کوردایەتییەوە ببەستمەوە، لێم سەندرایەوە – لە ئێمە. زۆر کەس تا ئەو کاتەی بە زمانی فارسی، لە مانشێتەکاندا وەک بەشێک لە بزووتنەوەی (بۆ ژنانی ئێران) نەیانبینیبوو، هەرگیز ناوی (ژن، ژیان، ئازادی)یان نەبیستبوو. دەلال لە کۆتای چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ دەزگای مەلالە فاوندەیشندا شیعرێکی خۆی بڵاوکردۆتەوە کە بۆ ژینا ئەمینی نوسیوە لەژێر ناونیشانی (کوردستانی ژینا). "لە 15 ساڵیدا سەرنووسەری ڕۆژنامە بووە" دەلال جگە لەوەی چەندین بابەتی لە ڕۆژنامە ئەمەریکیەکاندا بڵاوکردۆتەوە کە دیارترینیان چاوپێکەوتنێکی ناوبراوە لەگەڵ ڕۆژنامەی بەناوبانگی ئەمریکی (شیکاگۆ تریبیون) هەروەها لەگەڵ میدیاکانی ۆڵد شیکاگۆ، دەیلی هێڕڵد، سکاڵر پرۆگرام، مەلالە فاوندەیشن و چەند میدیایەکی تردا بابەتەکانی بڵاو کردۆتەوە، لە ئێستاشدا نوسەری ڕۆژنامەی زە هارڤەرد کریمزنی زانکۆی هارڤەردە، هەروەها پێشتر کاتێک تەمەنی تەنها 15 ساڵ بوو سەرنووسەری ڕۆژنامەی خوێندکارانی ئامادەیی مەین ئیست بوو لە شارۆچکەی پارک ڕیج کاتێک کە خوێندکاری قۆناغی ئامادەیی بوو لەو قوتابخانەیەدا. "چاوپێکەوتن لەگەڵ هیلەری کڵنتن دەکات" ئارەزووی دلال بۆ جیهانی ڕۆژنامەگەری و سیاسەت وای لێکرد چاوپێکەوتن لەگەڵ هیلەری کڵنتن ئەنجام بدات، دوای ئەوەی هیلەری کڵنتن، سیناتۆر و خانمی یەکەمی پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمەریکا و کاندیدی پێشوی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی 11ی ئۆکتۆبەری 2019 سەردانی کۆمەڵەی مێژووی پارک ڕیچ دەکات کە بریتیە لە (ژنانی پێشەنگی پارک ڕیچ) ئەم چالاکییەی هیلەری کڵنتن وەک یەکەم نمایشی فیلمی "Dare To Dream" بوو، کە فیلمێکی دیکۆمێنتارییە و ماوەکەی 14 خولەکەو باس لە ژیانی هیلەری دەکات کە لە پارک ڕیج گەورە بووە و هاوڕێ و هاوپۆلەکانی لە قوتابخانەکانی مەین ئیست، مەین ساوس، ئیمێرسن و فیڵد بەشدارن. لەناو هەموو خوێندنگەکانی پارک ڕیچی نزیک شاری شیکاگۆدا دوو خوێندکار هەڵدەبژێرن چاوپێکەوتن لەگەڵ هیلەری کڵنتندا ئەنجام بدەن کە یەکێک لەو خوێندکارانەی خوێندنگەی مەین ئیست دەلال دەبێت، دەلال ئاماژە بەوە دەکات "زۆر ئامانجی بوو لەو چاوپێکەوتنەدا چەند پرسیارێک دەربارەی دۆزی کورد لە هیلەری کڵنتن بکات بەڵام لەلایەن بەرپرسانی خوێندنگەکەیەوە ئاگادار کراوەتەوە پرسیارەکانی تەنها لە چوارچێوەی ئەو کورتە فیلمەدا بێت کە لەسەر ژیانی هیلەری دروستکراوە".     "بەنیازە خۆی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا کاندید بکات" وەک کچە خوێندکارێکی زیرەک و خاوەن ئەزموونی قۆناغی ئامادەی خوێندنگەی مەین ئیست و سەرنووسەری ڕۆژنامەی خوێندنگەکەیان و ئەو چاوپێکەوتنەش کە لەساڵی 2019دا لەگەڵ هیلەری کڵنتندا ئەنجامیدابوو، شیکاگۆ تریبیون چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەلالدا ئەنجام دەدەن، لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکانی ڕۆژنامەکەدا دەلال بەوپەڕی ئازایی و بڕوابەخۆبونەوە دەڵێت: "دەمەوێت بچمە قوتابخانەی یاسا و ببمە پارێزەری مافی مرۆڤ. ئەوە دەبینم کە پیشەکەم بەرەو ئەوێ دەڕوات. من دەمەوێت لە داهاتوودا خۆم بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاندید بکەم. بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە ئەوە خەونی منە، دەمەوێت کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر ووڵات دروست بکەم، لە ئۆفیسی ئۆڤاڵدا Oval Office زۆر پرس هەیە کە پێویستە گرنگیان پێ بدرێت بەڵام لەبەرچاو ناگیرێن.  


(درەو):  سەرچاوەكان رایانگەیاند، پێشبینی كراو نییە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا تاوەكو بەر لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ دەستپێبكاتەوە.  بڕیارە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لە مانگی ئۆكتۆبەردا سەردانی بەغداد بكات، ئەمەش دوای دواخستنی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ عێراق لە مانگی ئابدا. لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە، توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرت، ئەمەش دوای دەرچوونی بڕیاری ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی كە توركیای پابەند كرد بەوەی، بڕی نزیكەی (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو بە بەغداد بداتەوە لەپای ئەوەی لەماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2018دا بەبێ رەزامەندی بەغداد، رێگەی داوە بە بۆرییەكانی عێراقدا نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكرێت.  عێراق لە نیسانی رابردوودا داواكارییەكی لە دادگای فیدراڵی ئەمریكا تۆماركرد بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی، سەرچاوەكان دەڵێن یەكلانەبوونەوەی ئەم داواكارییە یەكێك لە هۆكارەكان بووە بۆ ئەوەی سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ بەغداد لە مانگی ئابدا دوابخرێت.  بەرپرسێكی باڵای توركیا بە (رۆیتەرز)ی راگەیاند، ئەردۆغان هێشتا بەنیازە سەردانی بەغداد بكات‌و دەیەوێت "ئیمزا لەسەر رێككەوتنێك بكات"، بەڵام تائێستا عێراق هیچ هەنگاوێكی كۆنكرێتی چاوەڕوانكراوی هەڵنەگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەرەوپێشچوونی گەورە روونەدات.  سەرچاوەكە وتی: یەكێك لەو هەنگاوانەی كە ئەنكەرە هەوڵی بۆ دەدات ئەوەیە داواكارییەكەی ئەمریكا رابگیرێت، بۆیە بڕیارە ئەردۆغان لە مانگی ئۆكتۆبەردا سەردانی عێراق بكات.  بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێ: بەغداد تائێستا هیچ خشتەیەكی زەمەنی دیاریكراوی لەلایەن ئەنكەرەوە سەبارەت بەوادەی سەردانەكەی ئەردۆغان پێنەگەیشتووە.  ئاماژەی بەوەكردووە، رەنگە ئەردۆغان لە كۆتایی ئەم مانگە یان مانگی داهاتوودا سەردانی عێراق بكات، ئەمە لەسەر ئاستی سەركەوتنی گفتوگۆكان سەبارەت بە پرسی وزە راوەستاوە كە پێویستی بە كاتێكی زۆرتر هەیە بەهۆی زۆری پرسە ئاڵۆسكاوەكانەوە. بەرپرسێكی كەرتی نەوتی عێراق كە ئاگادارە لە گفتوگۆكان وتی: بەرپرسانی وزە لە بەغدادو ئەنكەرە گفتوگۆی پڕ گرێوگۆڵ دەكەن‌و، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بابەتێكی سەختە‌و بەدووری دەزانین لەم مانگەدا هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە.  دوو بەرپرسی تری كەرتی نەوتی عێراقی كە بەهەمان شێوە ئاگاداری گفتوگۆكانن، باسلەوە دەكەن، توركیا هەوڵ دەدات بگاتە چارەسەرێكی مامناوەندیی بۆ كەمكردنەوەی ئەو قەرەبووەی بە عێراقی دەدات بەگوێرەی حوكمەكەی ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی. سەرباری ئەمە، سەرچاوە عێراقییەكان وای بۆ دەچن توركیا دەیەوێت عێراق سكاڵای دووەمی سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2018و دواتر، بكێشێتەوە.  وەزارەتی وزەی توركیا ئامادە نەبوو لەمبارەیەوە هیچ كۆمێنتێك بدات.  دوو سەرچاوەی ئاگادار دەڵێن، لەوكاتەوە كە هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی توركی لەرێگەی بۆرییەكانەوە راوەستاوە، حكومەتی كوردستان نزیكەی (4 ملیار) دۆلار زیانی بەركەوتووە.   


(درەو):  ئەم رۆژانە حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرباری ناكۆكییەكانی لەگەڵ بەغداد لەبارەی یاسای بودجە، لەسەر رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازیش لە ناكۆكیدایە، ئەمە سێیەم رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازە كە دانوستانی لەبارەوە دەكرێت، رەشنوسی یەكەم لە ساڵی 2007دا بەهۆی ناكۆكییەكانەوە پەیكەوت، ساڵی 2011 بەهەمان شێوە رەشنوسێكی تر ئامادە كراو تێنەپەڕی. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە كتێبی یادەوەرییەكانی خۆیدا (بارزانی‌و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد) لە بەشی یەكەمی بەرگی شەشەمدا باس لە كێشەكانی بەردەم تێپەڕبوونی یەكەم رەشنوسی یاسای نەوت‌و غاز دەكات، یاسایەك كە دەبوو دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق لە 2005دا، دەربچوێندرێت‌و تائێستا دەرنەكراوە.  دەقی گێڕانەوەكەی بارزانی: یاسای نەوت‌و غاز دەرباری بابەتی نەوت‌و غاز لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا هاتووە:  ماددەی 111: نەوت‌و غاز، موڵكی سەرجەم خەڵكی عێراقە لە هەموو هەرێم‌و پارێزگاكاندا.  ماددەی 112:  یەكەم: حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ حكومەتەكانی هەرێم‌و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان، نەوت‌و غازی بەرهەمهێنراوی كێڵگەكانی ئێستا بەڕێوەدەبات، بەمەرجێك داهاتەكانیان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە‌و بەگوێرەی دابەشبوونی دانیشتوان لەسەرجەم پارچەكانی وڵاتدا دابەش بكرێت؛ لەگەڵ دیاریكردنی پشك بۆ ماوەیەك بۆ ئەو هەرێمە زیانلێكەوتوانەی رژێمی پێشوو بێبەشی كردبوون‌و، ئەوانە كە پاشتر زیانیان لێ كەوت بەجۆرێك كە گەشەسەندنێكی هاوتەریب بۆ ناوچە جیاوازەكانی وڵات مسۆگەر بكات‌و ئەمەش بە یاسا رێكدەخرێت.  دووەم: حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم‌و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان، بەیەكەوە هەنگاو دەنێن بۆ داڕشتنی سیاسەتی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت‌و غاز بەجۆرێك كە ببێتە مایەی دەستخستنی زۆرترین سود‌و كەڵك بۆ گەلی عێراق، ئەویش بە پشتبەستن بە نوێترین تەكنیكی بنەماكانی بازاڕو هاندانی وەبەرهێنان. لەكاتی دانوستان‌و گفتوگۆ لەسەر ماددە دەستورییەكان، شاندی هەرێمی كوردستان زۆر بەوردی لەسەر هەموو ماددەكان دەوەستاین، چونكە پەیوەندییان بە نەوەكانی داهاتوو و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان‌و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانەوە هەبوو.  لەكاتی گفتوگۆ لەسەر هەردوو ماددەی (111)‌و (112)ی دەستور، دەستبەجێ رەزامەندیمان بۆ ماددەی (111) دەربڕی‌و رازی بووین، بەڵام لەسەر ماددەی (112) گفتوگۆی زیاتر كرا، چونكە لە شوێنی وشەی پێكەوە (معا) وشەی بەهەماهەنگی (بالتنسیق) نوسرابوو، شیعەكان زۆر پێداگرییان لەسەر وشەی بە هەماهەنگی دەكردەوە. تەنانەت باڵیۆز ساترفیڵدیش هاتە لام كە زمانی عەرەبی دەزانی‌و پێی گوتم: (هیچ جیاوازییەك لەنێوان (معا)‌و (بالتنسیق)دا نییە، با تێ بپەڕێت‌و پەسەند بكرێت، دیار بوو لایەنەكانی تر گوشاریان بۆ باڵیۆز هێنا بوو)، منیش لە وەڵامدا پێم گوت: هەرچەندە عەرەبی زمانی دایكیم نییە، بەڵام ئەوەندەی من عەرەبی بزانم‌و تێی بگەم، جیاوازییەكی گەورە هەیە لەنێوان (معا)‌و (بالتنسیق).  ئەوان دەیانویست بە زۆرو بە فێڵیش بێت، وشەی بە هەماهەنگی تێ پەڕێنن، بەڵام زوو هەستمان پێ كرد‌و لەسەر ئەم رەفتارەیان وەڵامی پێویستیان درایەوە. هەر لەسەر ئەو بابەتە دانوستان‌و گفتوگۆكانمان گەیشتە راددەیەك زۆری نەمابوو لە لێژنەی نوسینی رەشنوسی دەستور پاشەكشە بكەین.  دوای ئەوە ئەمریكییەكانیش هاتنە سەر هێڵ. واشینگتۆن‌و سەرۆك بووش زۆریان مەبەست بوو كە بەزوترین كات یاسای نەوت‌و غاز تەواو بكرێت‌و دەرباز بێت. ئیتر لە كۆتاییەكانی ساڵی 2006دا شاندی هەرێمی كوردستان‌و بەغدا بەئامادەبوونی ئەمریكییەكان لەسەر نەوت‌و غاز دەستیان بە دانوستان كردەوە. لەبەر ئەوەی دانوستانەكان لایەنی تەكنیكی زۆری تێدا بوو و، پێویستی بە شارەزاو پسپۆڕ هەبوو، بۆیە زۆر دەستمان نەخستە ناو بابەتەكە‌و بۆ شارەزاو پسپۆڕانمان بەجێ هێشت.  هەر لەیەكەم رۆژەوە شاندی بەغدا لە هەوڵی ئەوەدا بوون، ئەم مافە لە خەڵكی كوردستان بسەندرێتەوە. ئەوەی راستی بێت ئەمریكییەكانیش گوشارێكی زۆریان لە هەرێمی كوردستان دەكرد، ئەم گوشارەی ئەمریكا زیاتر شاندی عێراقی هان دەدا لەبەرانبەر هەرێمی كوردستان توندو نێگەتیڤ بن. هەر لەبەر ئەوەش بەپێویست زانرا كۆبونەوەیەكی سێقۆڵی لەنێوان سەركردایەتی پارتی‌و سەركردایەتی یەكێتی‌و خەلیل زاد بكرێت.  بەمەبەستی بەشداربوون لەو كۆبونەوەیەدا كە هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی‌و خەلیل زاد‌و مام جەلالیش ئامادەبوون، لە 24ی شوباتی 2007 سەردانی دووكانم كرد. لە كۆبونەوەكەدا سەرەتا خەلیل زاد قسەی كردو گوتی: (هەركاتێك یاسای نەوت‌و غاز پەسەند كرا، كۆمپانیا ئەمریكییەكان دێنە كوردستان، سەردانێكیش بۆ نێچیرڤان بارزانی رێك دەخەین كە بچێتە واشینگتۆن بۆ ئەوەی لەگەڵ كۆمپانیاكان رێك بكەون. دوێنێ پەیوەندیم بە سەرۆك بووشەوە كرد. لە پەیوەندییەكەدا سەرۆك بووش رایگەیاند كە پێویستمان بە یارمەتیی دۆستەكانمان هەیە‌و پێویستە هەست بە بارودۆخی ناوخۆیی ئەمریكا بكەن. ئەگەر گەلی ئەمریكا هەست بە پێشكەوتنی بارودۆخی عێراق نەكەن، ئەرك‌و كارەكانمان قورس دەبێت. باش نییە دونیا هەست بكات كە ئەوە كوردە هۆكاری پەسەندنەكردنی یاسای نەوت‌و غازەو، بڕیارە رۆژی سێ شەممەی داهاتوو رایس‌و گیتس لە كۆنگرێس ئامادە بن‌و، ئەگەری زۆرە باس لە نەوتیش بكرێت. ئەگەر پرسیار كرا هۆی دەربازنەبوون‌و پەسەندنەكردنی یاسای نەوت‌و غاز چییە؟ ئێمە هەوڵ دەدەین لە ئەمریكا نیشان بدەین كە كوردستان شوێنێكی ئارام‌و سەقامگیرەو، هەموو جۆرە دەرفەتێك هەیە بۆ كاری كۆمپانیاكان). دواتر مام جەلالیش گوتی: (مالیكی دەڵێ كورد ئیبتزازمان دەكەن، ئەگەر كورد پێی خۆش بێت، نەوتی ئەوان بۆ خۆیان‌و نەوتی ئێمەش بۆ خۆمان. خەریكە كێشەكە دەبێت بە كێشەی نێوان كوردو عەرەب بە (شیعەو سوننە)ەوە). مام جەلال گوتیشی: بڕیارە رۆژی 14ی ئازاری 2007 سەردانی چین بكات، نێچیرڤانیش لەگەڵ خۆی دەبات. خەلیل زاد بە تێكەڵەیەكی گاڵتەو راستی بە مام جەلالی گوت: (بەڵام هیچ رێككەوتنێكی نەوتی لەگەڵ چین ئیمزا نەكرێت، نەوتی عێراق بۆ ئێمەیە نەك كەسێكی تر). لە كۆتایی‌و دوای گفتوگۆیەكی زۆر لەسەر یاسای نەوت‌و غاز، هەرێمی كوردستان‌و بەغدا لەسەری رێككەوتن‌و، پاشكۆیەك لەگەڵ رێككەتنەكەدا نوسرا، كە ئەگەر هەتا مانگی ئایاری 2007 یاسای نەوت‌و غاز لە پەرلەمان پەسەند نەكرا، هەر لایەنێك مافی ئیمزاكردنی رێككەوتننامەكانی نەوتیان هەیە.  لەكاتی ناردنی پرۆژەیاساكە بۆ  ئەنجومەنی وەزیران، حوسێن شەهرستانی كە ئەوكات وەزیرێكی دەستڕۆیشتووی شیعە بوو، گوتبووی: پێویست ناكات خۆمان بەو یاسایەوە سەرقاڵ‌و گرفتار بكەین، كورد ئەو توانایی‌و لێهاتووییەیان نییە خۆیان نەوت دەربهێنن.  دواتر رەشنوسەكە بۆ وردبینی رەوانەی ئەنجومەنی شورا كرا. لە ئەنجومەنیشدا بەبیانووی هەڵەی زمانەوانییەوە دەستكارییەكی زۆری یاساكە كراو، هیچ بەهاو نرخێكیان بۆ یاساكە نەهێشتەوە كە لەڕاستیدا ئیشی شورا گونجاندنی زمانەوانی نوسینەكەیە لەگەڵ زمانی یاسا.  ئەوەی راستی بێت هەر لە یەكەم رۆژەوە، مەبەستی بەغدا دەرهێنانی دۆسیەو كەیسی نەوت لە دەستی هەرێمی كوردستان بوو كە ئەویش پێچەوانەی دەستور بوو. حكومەتی عێراق هۆكاری پەسەندنەكردنی یاسای نەوت‌و غاز بوو كە هەتا نوسینی ئەم دێڕانەش هەر بەو شێوەیە ماوەتەوە. لەو قەیرانەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بەرپرسیارێتییەكی لەسەر شان نییەو، هەموو كارەكانی بەپێی دەستورو رێككەوتنەكان كردووە. بڕیار بوو كۆبونەوەیەكی هاوبەشی تر لە سەلاحەددین ببەسترێت، بەڵام هەواڵمان بۆ هات كە  مام جەلال توشی جەڵتە بووە. بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستیی مام جەلال، پەیوەندیم بە كۆسرەت رەسوڵ‌و هێرۆخانەوە كرد. ئەوان پێیان گوتم بارودۆخی باشترو جێگیر ترە، بەڵام ئامادە نییە‌و قبوڵ ناكات بەمەبەستی پشكنین‌و چارەسەركردن ببردرێتە ئۆردۆن؛ گوتیشیان ئەمریكییەكان فڕۆكەیەكی تایبەتییان ئامادە كردووە. بە هێرۆ خانم راگەیاند، بە مام جەلال بڵێن ئەگەر ئامادە نەبێت بچێت، خۆم دێم بۆ سلێمانی‌و بە هەموومان دەیبەینە فڕۆكەخانە‌و سواری فڕۆكەی دەكەین. پێویستە مام جەلال هەرچۆنێك بێت بۆ چارەسەر بڕوات. دوای ئەوە خۆشبەختانە مام جەلال بە قسەی كردین‌و رۆیشتە ئۆردۆن‌و، پاش سەردانی بۆ ئەو وڵاتە چارەسەری پێویستی بۆ دانرا‌و، دوای ماوەیەك بارودۆخی باشتر بوو و گەڕایەوە. دوای گەڕانەوەشی، رۆژی 23ی ئازاری 2007 بۆ ئەحواڵپرسی‌و ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستی مام جەلال سەردانی سلێمانیم كرد، بەداخەوە مام جەلال نەخۆشییەكەی بە سیمایەوە دیار بوو.  هەر پەیوەست بەبابەتی نەوت‌و غاز دوای ماوەیەك‌و لە 22ی ئایاری 2007دا نوێنەرانی دوو كۆمپانیای ئەمریكی (راس پیرو و هانت) هاتنە كوردستان‌و ئامادەیی خۆیان  نیشان دا بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتن‌و گرێبەستی نەوتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.


  درەو: وەفدی هەرێمی كوردستان لە دانوستانەكانی بەغداددا شكستی هێناو "بەغداد مامەڵەی پارێزگایەك لەگەڵ هەرێم دەكات"، بەڵام دەیان پۆستی باڵا لە بەغدا لە پشكی كوردەو لەو پرسەدا رۆڵیان نیە، سەرۆك كۆمارعێراق، جێگری سەرۆكی پەرلەمان عێراق، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، چوار وەزیر و بریكاری وەزارەتی نەوت و دارایی (63) پەرلەمانتار و دەیان بەڕێوەبەری گشتی و بریكاری وەزیر لە پشكی كوردن. پۆستەكانی كورد لە بەغداد: •    لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق •    شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمان •    فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە •    خالید شوانی وەزیری داد •    بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە •    نزار ئامێدی وەزیری ژینگە •    مەسعود حەیدەر بریكاری وەزیری دارایی •    عزەت سابیر بریكاری وەزارەتی نەوت •    31 پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی •    18 پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی •    9 پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ •    4 پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو •    1 پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ •    كۆی گشتی 63 پەرلەمانتاری كورد •    دەیان سەرۆكی دەستەو بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار لایەنە كوردییەكان لەكاتی دابەشكردنی پۆستەكانی پشكی كورد لە بەغداد، چەندین مانگ ململانێ و ناكۆكیی و شەڕی پۆستەكان دەكەن، لە كاتی قەیران و درووستبوونی كێشەو ناوكۆكی ئەو پۆستانە هیچ رۆڵێكیان نیە. لە كاتێكدا كورد بە چەندین پۆست بەشدارە لە حكومەتی عێراق و (63) پەرلەمانتاری هەیەو پۆستی باڵای سەرۆك كۆماری بەدەستەوەیە، بەڵام وەفدی هەرێمی كوردستان دوای (19) جار سەردانی بەغداد، دەڵێن: گفتوگۆكان بێئەنجامبوون و بەغداد وەك پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكات". تا ئێستا پەیوەندییەكی روون و درووست نیە لە نێوان وەفدی هەرێم و نوێنەرانی كورد لە بەغداد، زۆر جار نوێنەرانی كورد لە بەغداد دەڵێن"لە میدیاكانەوە  دەیزانین كە وەفدی هەرێم لەبەغدادن" هیچ تەنسیق و هەماهەنگییەك نیە لە نێوانیان، سەرەڕای ناكۆكی نێوان لایەنە كوردییەكان كە پێگەی هەرێمی بەتەواوی لە بەغداد لاواز كردووە. پشكی هەرێم بەشێكی زۆری دەچێت بۆ دەزگا و سەرۆكایەتیانەی كە لە دەستی كوردان: -    مانگانە (9 ترلیۆن‌و 976 ملیار) دینار خەرجی فیعلی عێراقە  (مانگی حوزەیران وەك نمونە وەرگیراوە)، ئەمە دوای دەركردنی خەرجی سیادی كە (2 ترلیۆن‌و 975 ملیار) دینارە لەگەڵ دەركردنی  خەرجی حاكیمە كە بڕی (2 ترلیۆن‌و 280 ملیار) دینارە. -    ئەوەی وەكو خەرجی فیعلی مانگانە بۆ عێراق دەمێنێتەوە بڕەكەی (4 ترلیۆن‌و 721 ملیار) دینارە، رێژەی (12.67%)ی ئەم پارەیە پشكی هەرێمی كوردستانە. -    بەپێی ئەم هاوكێشەیە هەرێمی كوردستان مانگانە بڕی (598 ملیار) دیناری لە خەرجی فیعلی عێراق بەردەكەوێت. خەرجی سیادی كۆی گشتی خەرجی سیادی لە بودجەی عێراقدا بڕەكەی (58 ترلیۆن‌و 294 ملیار) دینارە دیارترین ئەو پارانەی كە لەم خەرجییەدا لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت بریتییە لە: •       بڕی (3 ترلیۆن‌و 876 ملیار) دیناری پارەی تەرخانكراو بۆ كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان (بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە) •       بڕی (288 ملیارو 304 ملیۆن) دیناری تەرخانكراوی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ موچەی پێشمەرگە •        خەرجی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق كە پشكی كوردەو ئێستا (لەتیف رەشید) سەرۆك كۆماری عێراقە، خەرخی تەرخانكراو بۆ ئەم سەرۆكایەتییە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا كە لە پشكی هەرێمی كوردستان  بڕدراوە، بۆ یەك ساڵی دارایی بڕی (94 ملیارو 200 ملیۆن) دینارە، ئەم پارەیە بۆ خەرجی موچەو بەكاربردنی سەرۆك كۆمارو موچەی لیواكانی سەرۆكایەتی كۆمار تەرخان دەكرێت كە كوردن‌و سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تەنیا لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەو پارەی بۆی تەرخانكراوە بڕی زیاتر لە (25 ملیارو 827 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە. •       پەرلەمانی عێراق یەكێك لەو دامەزراوە  فیدراڵییانەی ترە كە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا، پارەی لە پشكی هەرێمی كوردستان بۆ بڕدراوە، تێكڕای خەرجی پەرلەمانی عێراق بۆ یەك ساڵی دارایی لە یاسای بودجەدا بە بڕی زیاتر لە (418 ملیارو 872) دینار دیاریكراوە، 63 پەرلەمانتاری كوردو (شاخەوان عەبدوڵا) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی كورد لە بەشێكی ئەم پارەیە سودمەند دەبن لەرێگەی موچە‌و تەرخانكراوی ترەوە، تاوەكو نیوەی یەكەمی ئەمساڵ، پەرلەمانی عێراق لە كۆی ئەو پارەی بۆی تەرخانكراوە، تەنیا بۆ خەرجی بەكارخستن زیاتر لە  (267 ملیارو 600 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە. •        سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش خەرجییەكانی لەچوارچێوەی سیادیدا دانراوە‌و هەرێمی كوردستان لەم خەرجییەشدا پشكێكی تری لێبڕاوە، تێكڕای خەرجی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی دارایی، لەیاسای بودجەدا بە بڕی زیاتر لە (ترلیۆنێك‌و 228 ملیار) دینار دیاریكراوە، چوار وەزیری كورد كە دوانیان یەكێتیی‌و دوانیان پارتین‌و یەكێكیان (فوئاد حسێن) جێگری سەرۆك وەزیرانە، لەرێگەی موچەو تەرخانكراوی ترەوە لەم پارەیە سودمەند دەبن، تەنیا لە مانگی شەشی ئەمساڵدا خەرجی بەگەڕخستنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕی (522 ملیار) دینار بووە. •       وەزارەتی دەرەوەی عێراق كە وەزیرەكەی كوردە (فوئاد حسێن)، خەرجییەكانی لەناو چوارچێوەی خەرجی سیادی دانراوەو لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت، خەرجی ئەم وەزارەتە بۆ ساڵێكی دارایی لە یاسای بودجەدا بە بڕی (837 ملیارو 318 ملیۆن) دینار دیاریكراوە، واتا ئەم وەزارەتە مانگانە نزیكەی (70 ملیار) دینار لە بودجەی گشتی عێراق دەبات.   راپۆرتی پەیوەندیدار هەرێم دانوستانی یاسایی دۆڕاند، دانوستانی سیاسی دەكات؟  


درەو: گۆڤاری ( THE NATIONAL INTEREST)ی ئەمریكی راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە كە لەلایەن (شاد شێركۆ) ئامادەكراوە: 🔹لەدیدی ئەنقەرەو تارانەوە, دەبێت هەرێمی كوردستان والێبكەن سەربەخۆیان بێت یان لاوازبێت. 🔹هێرشەكانی ئەم دواییە بۆ سەر كوردستان, ئاماژە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ دەكات لەپەیوەندییەكانیان و, ئەگەری بوونی رێككەوتنێكی نهێنی نوێ‌, بۆ هاوكاری و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری كورد لە عێراق. 🔹گرنگە پێشهاتە سیاسییەكانی ئەم دواییە لەبەرچاو بگیرێت, بۆ تێگەیشتن لە هۆكاری چڕكردنەوەی هێرشەكانی توركیا بە فرۆكەی بێفرۆكەوان لەناوچەی سلێمانی و نزیك لە سنوری ئێران بە دیاریكراوی. 🔹لە مانگی نیسانی (2023)دا, ئەنقەرە فرۆكەخانەی سلێمانی نێودەوڵەتی كردە ئامانج, كە ئەمە هێرشێكی بێوێنەبوو, هێرشەكانی ئەم دواییەش ئەو ناوچانەی كردووەتە ئامانج, كە شوێنی نیشتەجێبونی چڕی دانیشتوانە. 🔹لەسەرەتای دروستبونیەوە, كوردستانی عێراق لەڕووی سیاسیەوە دابەشبووە, لەنێوان دوو حزبی دەسەڵاتداری ركابەری یەكدا, لەپێناو پاراستنی پەرژوەندییە تایبەتەكانیان, بە تایبەت لە جەنگی ناوخۆی ساڵی (1994-1998), پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ ئەنقەرە, لەبەرامبەردا, یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبەرەی ئێران راوەستاوە. 🔹لە ئەنجامی ئەو جەنگە, ئەنقەرەو تاران كاریگەرییەكی گەوەیان هەیە بەسەر سیاسەتی كوردی عێراقەوە, سلێمانی بووە جێی بایەخی ئەنقەرەو تاران ماوەیەكی زۆرە هەوڵدەدات روبەڕوی هەژموونی توركیا ببێتەوە, لەهەمان كاتدا, ئەنقەرە هەمان شتیكردووە لە دهۆك و هەولێر. 🔹لەگەڵ ئەوەی توركیاو ئێران نەیاری یەكن, بەڵام هەرگیز كێبڕكێی نێوان نەگەیشتووەتە ململانێی راستەوخۆ, لەبری ئەوە هەردوو وڵات لەڕێی هێزی بەكرێگرتەوە شەڕی یەكیان كردووە. 🔹زیادبوونی هێرشەكانی ئەنقەرە لەناوچەی هەژموونی تاران, شاهیدی ئەو راستییە كە كێبڕكێی هەرێمی لەنێوان توركیاو ئێران لاوازبوە, لەگەڵ پەرەسەندنی پەیوەندییە ئابورییەكانیان. 🔹پێداویستی زۆری ئەنقەرە بە نەوت و غاز سروشتی لە ئێران, بزوێنەرێكی گرنگە بۆ هاوكاری توركیاو ئێران لەم دەیەیەی دوایدا. 🔹بەهۆی پشت بەستنی بە وزەی ئێران, بە تایبەتی غاز, ئەنقەرە هەوڵی نواندنی نەرمیدەدات لە سیاسەتەكانی بەرامبەر بە ئێران. 🔹ئەنقەرە بەرژوەندییەكی جدی هەیە لەوەی رێگە لە تێكچوونی پەیوەندییەكانی بگرێت لەگەڵ ئێران و رێوشوێنێك بگرێتەبەر كە پاساو بدات بە تاران بۆ ئەوەی هاوكارییەكانی بۆ پارتی كرێكاران زیادبكات. 🔹هێرشەكانی ئێران بۆ ناو قوڵایی هەولێر بەشێوەیەكی مەترسیدار پەرەیسەند, قورسە بڕوا بەوە بكرێت كە ئەم دوو هێزە هەرێمایەتییە دەستوردان دەكەن بەشێوەیەكی ئاشكرا لەناوچەیەكی كێشە لەسەری وەك كوردستانی عێراق, بەبێ‌ هیچ جۆرە رێككەوتنێك. 🔹لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دابەشبودا, یەك شت هەیە كە زۆرینەی وڵاتە ركابەرەكانی ناوچەكە لەسەری كۆكون, ئەویش ئەوەیە كوردستانی سەربەخۆ بیرۆكەیەكی خراپە. 🔹لە ئێستادا, ئەنقەرەو تاران گەیشتووەنەتە ئەو بڕوایەی دروستكردنی هەر ناوچەیەكی خۆ بەڕێوەبەری كوردی لەهەر ناوچەیەكی جیهان, بەتایبەت لەناوچەیەكی تایبەتی وەك عێراق, دەبێتە هۆی هاندانی جوڵانەوە كوردییەكان لەهەموو ناوچەكان, بۆیە ئەو دوو وڵاتە پێیانوایە, لێكەوتەكانی دروستبونی دەوڵەتێكی كوردی لە عێراق, قابیلی قبوڵكردن نییە.  


(درەو): لەگەڵ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ باسی "پاراستنی ئاسایشی سنور"ی كردووە، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیش پرسی "كۆنترۆڵی سنورەكان‌و رێگری لە قاچاخچێتی"، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق جارێكی تر سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، رێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق‌و ئێران بۆ چەككردنی هێزەكانی رۆژهەڵات تەوەری سەرەكییە، ئێران رۆژی 19ی ئەم مانگەی وەكو دوا وادە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دیاری كردووە. كوردستان لە رێككەوتنی ئەمنیی عێراق‌و ئێراندا لیژنەی باڵای ئەمنیی تایبەت بە سنورەكان بەسەرۆكایەتی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی هەولێرو سلێمانی كرد.  لیژنەكە لە هەولێر سەردانی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانی كرد، لە سلێمانیش هەریەكە لە (بافڵ تاڵەبانی) سەرۆكی یەكێتیی‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم‌و سەرۆكی دەزگای زانیاری‌و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم بینی.  نە وەزیری ناوخۆ‌و نە سەرۆكی یەكێتیی لەبارەی دیدارەكەیانەوە لەگەڵ لیژنە ئەمنییەكەی عێراق هیچ ئاماژەیەكیان بۆ بابەتی چەككردنی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان نەكردووە، بەڵام راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاشكرایكردووە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كورستان تایبەتە بە پرسی ئاسایشی سنور.  رۆژی 19ی ئازاری ئەمساڵ عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی پێشووی عێراق سەردانی بەغدادی كرد، لەگەڵ قاسم ئەعرەجیدا رێككەوتنی ئەمنیی پاراستنی سنورەكانی ئیمزا كرد، ئەم رێككەوتنە ناوی لێنراوە "كۆنوسی ئەمنیی"، ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە پاككردنەوەی سنوری هەرێمی كوردستان‌و ئێرانە لە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەشێكی تری رێككەوتنەكە جەخت لەسەر چەككردن‌و گواستنەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات لەناو هەرێمی كوردستان.  رۆژی 29ی ئایاری ئەمساڵ، قاسم ئەعرەجی بە سەرۆكایەتی وەفدێك كە (رێبەری ئەحمەد)ی وەزیری ناوخۆی هەرێم لە پشكی پارتی‌و (هیوا ئەحمەد) سەرۆكی دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێم لە پشكی یەكێتیی تێدا بوو، چووە تاران‌و لەگەڵ (عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان) كۆبووەوە، ئەحمەدیان ئەمساڵ لە شوێنی شەمخانی وەكو ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران دەستبەكاربووە.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەی تاراندا، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دوو داواكاری خستوەتە بەردەم بەرپرسانی باڵای ئەمنیی عێراق‌و هەرێمی كوردستان:  •    داواكاری یەكەم: هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان چەك بكرێن‌و لە دوو ئۆردوگای سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسنوری سلێمانی‌و هەولێر دابنرێن.  •    داواكاری دووەم: یاخود یەكجاری ئەو حزبانە چەك بكرێن‌و لەناو خاكی هەرێمی كوردستان‌و عێراق بكرێنە دەرەوە. بۆ چاودێریكردنی جێبەجێكردنی رێككەوتنە ئەمنییەكە، لە ناوەڕاستی حوزەیرانی رابردوودا، وەفدێكی ئەمنیی ئێران سەردانی هەولێرو سلێمانی كرد، بەڵام دیدارو كۆبونەوەكانیان دوور لە چاوی كامێراو میدیاكان مایەوە.  كۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی 19ی ئەم مانگەی وەكو دواین وادە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی خۆی لەگەڵ عێراق دیاریكردووە، بەرپرسانی عێراقی چەند رۆژی رابردوو رایانگەیاند، رێككەوتنە ئەمنییەكە بەتەواوەتی جێبەجێكراوە‌و حكومەتی هەرێم هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی چەككردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم خۆی لە هەر جۆرە لێدوانێك لەمبارەیەوە پاراست‌و بەرپرسانی هێزەكانی رۆژهەڵاتیش رەتیدەكەنەوە چەككرابن.  ئەوەی تائێستا زانراوە ئەوەیە، بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتیی داوایان لە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردووە پێشمەرگەكانیان لەناوچە سنورییەكان بكێشنەوە.  ئاسایشی سنورو رێگری لە قاچاخچێتی بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە نوسینگەی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڵاویكردوەتەوە، لە كۆبونەوەی قاسم ئەعرەجی‌و رێبەر ئەحمەددا باس لە بابەتی "پاراستنی ئاسایشی سنور لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ" كراوە، لە كۆبونەوەشدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لەبارەی "كۆنترۆڵی سنورەكان‌و رێگری لە قاچاخچێتی" گفتوگۆ كراوە.  هەرێم‌و نیگەرانییەكانی ئێران لەدوای خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو كە بەهۆی كوژرانی كچە كوردێكەوە بەناوی "ژینا ئەمینی" سەریهەڵدا، كۆماری ئیسلامی ئێران دەستیكرد بە بۆردومانكردنی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان، سەرباری ئەمە هەرێمی تۆمەتبار كرد بەوەی رێگەی داوە لە سنورەكانییەوە چەك بگوازرێتەوە بۆ خۆپیشاندەران لەناو خاكی ئێران، حكومەتی هەرێم لەكاتی خۆیدا ئەم تۆمەتەی رەتكردەوە، بەڵام لەوكاتەوە ئێران فشارێكی تری بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە.  بەمدواییە كە یادگەی نیشتمانی بارزانی لە دهۆك كرایەوە، بەرپرسانی ئێرانی بەشێوەیەكی كتوپڕ مەراسیمەكەیان بەجێهێشت، ئەمە وەكو ناڕەزایەتییەك بوو دژی بانگهێشتكردنی سەركردەی حزبەكانی رۆژهەڵات بۆ ئەو مەراسیمە.  بەهۆی ئەم نیگەرانییەوە، چەند رۆژێك دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی عێراقی لە تاران بانگهێشتكرد‌و ناڕەزایەتییەكەی پێگەیاند، دواتر ئاژانسی "میهر"ی ئێران ئاشكرایكرد، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی كونسوڵگەری ئێرانیان كردووە لە هەولێرو بەفەرمی داوای لێبوردنیان كردووە سەبارەت بە رووداوەكەی مەراسیمی كردنەوەی یادگەی بارزانی.  كۆماری ئیسلامی تەنیا لە بوونی هێزەكانی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم نیگەران نییە، ناو بەناویش هەرێم تۆمەتبار دەكات بەوەی بووە بە "لانەی سیخوڕەكانی ئیسرائیل"، رۆژی 13ی ئازاری 2022، تۆپخانەكانی ئێران ماڵی (شێخ باز) بەڕێوەبەری كۆمپانیای (كار گروپ)یان لە هەولێر بۆردومان كرد‌و رایانگەیاند، چەند بەرپرسێكی ئیسرائیلییان لەو شوێنەدا كردوەتە ئامانج. موشەكبارانەكەی ماڵی شێخ باز، پەیوەندییەكانی بارزانی‌و ئێرانی ئاڵۆزتر كرد، بەڵام رۆژی 10ی نیسانی 2022، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە هەولێر چاویان بە وەفدێكی ئێرانی كەوت كە (حەسەن دانایی فەڕ) باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق سەرۆكایەتیی دەكرد، میدیاكانی پارتی ئەم هەواڵەیان لەكاتی خۆیدا شاردەوە، بەڵام كونسوڵگەری ئێران لە هەولێر وێنەی دیدارەكانی بڵاوكردەوە.  ئەوكات ئێرانییەكان لە بارزانی نیگەران بوون، هۆكاری نیگەرانییەكەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە بارزانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدر كردبوو، كۆماری ئیسلامی ئەمەی بە هەوڵدان بۆ تێكدانی ناو ماڵی شیعەی عێراق وێنا دەكرد، هەروەك لێكدانەوەیان بۆ هاوپەیمانێتییەكە ئەوە بوو گوایا پارتی‌و سوننەكان بەشێكن لە پرۆژەیەكی هەرێمی بۆ پەرتكردنی ناو ماڵی شیعە لە عێراق‌و ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران دروستدەكات، بەڵام بە كشانەوە سەدر لە پرۆسەی سیاسی ئەم گرێیە كرایەوە‌و ئارامی بۆ پەیوەندییەكانی هەردوولا گەڕایەوە.  ئێستا پارتی‌و یەكێتیی هاوبەشن لە حكومەتی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، كە ژمارەیەك لایەنی شیعەی نزیك لە ئێرانن، بەڵام بەم حاڵەشەوە هێشتا ئێران بەردەوامە لە فشارەكانی. یەكێتیش كە بە دۆستێكی نەریتیی ئێران لە ناوچەكە ئەژماردەكرێت، بۆ یەكەمجار لە یاسای بودجەی 2023ی عێراقدا بە پاڵپشتی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی توانی بڕگەیەك جێگیر بكات كە مافی ئەوەی پێدەدات وەكو دەسەڵاتداری سنوری سلێمانی مامەڵەی راستەوخۆی دارایی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا بكات، ئەگەر هاتوو ناڕازیی بوو لە شێوازی دابەشكردنی دادپەروەرانەی داهات لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە ئێستا پارتی سەرۆكایەتیی دەكات.  


درەو:   خەرجی مانگانەی موچە لە (895) ملیار دینارەوە بۆ (944) ملیار دینار زیادی كردووە  واتا لەدوای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییەوە لەبری كەمكردنی، خەرجی موچە مانكانە نزیكەی (50) ملیار دینار زیادیكردووە. مانگی رابردوو خەرجی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان (944) ملیار دینار بووە،  واتا (919)ملیاری پارەی حكومەت و (25) ملیار دیناری پارەی هاوپەیمانان). بە پێی راگەیەندراوی فەرمی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە 17 ئابی 2020 بڵاویكردووەتەوە دەڵێت: بۆ خەرجی موچەی مانگێكی تەواوی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان (895) ملیار دینار پێویستە. یاسای چاكسازی لە مانگی یەكی 2020 لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراو دواتر چووە بواری جێبەجێكردنەوە. واتا لە دوای جێبەجێكردنی یاسای چاكسایەوە تا ئێستا خەرجی مانگانەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نزیكەی (50) ملیار دینار زیادیكردووە، لە (895) ملیار دینارەوە بۆ (944) ملیار دینار ، ئەمە لەكاتێكدایە بەشێوەی فەرمی  دامەزراندن نەكراوە جگە لە یەكەمەكانی كوردستان. لە مانگی ئەیلولداین و حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا موچەی مانگی تەمووزی رانەگەیاندووە، چاوەڕوانی پشكی هەرێمن لە بەغدادەوە بێت بۆ هەرێم، بەڵام بەغداد بڕیاریداوە مانگانە (500) ملیار دینار وەك قەرز بداتە هەرێمی كوردستان كە ئەمەش رێژەی (53%)ی كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەكات، چونكە خەرجی مانگانەی موچە پێویستی بە (944) ملیار دینارە بۆ موچە واتا (444) ملیار دینار تەنیا بۆ موچە كورتهێنانی دەبێت واتا رێژەی (47%) كورتهێنانی دەبێت. ئەو پارەیەی بەغداد دەینێرێت وەك لە یاسای بودجەدا دیاریكراوە بۆ (658 هەزارو 189) فەرمانبەری هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان (ملیۆنێك و 255 هەزار) موچەخۆری هەیە. سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا: •    پارەی بەغداد: 500 ملیار دینار •    پارەی هاوپەیمانان: 25 ملیار دینار •    داهاتی ناوخۆ: 308 ملیار دینار •    كۆی گشتی (833) ملیار دینار واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا بۆ موچە (111) ملیار دینار كورتهێنانی دەبێت لەگەڵ (100) ملیار دینار بۆ خەرجی وەزارەتەكان.    


(درەو): وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت دەڵێ ئێمە بۆ بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی یەم بەرمیل نەوت پێویستمان بە 31 دۆلارە، وەزارەتی نەوتی عێراق 6 دۆلاری بۆ تەرخانكردوین، بۆیە كۆمپانیاكانی نەوت پێیان وتوین ئێمە ناتوانین بەو پارەیە نەوت بەرهەم بهێنین.   كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت ئەمڕۆ لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بەشداری كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كرد. لە كۆنگرەكەدا، كەمال محەمەد رایگەیاند، بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لە پێنج تانە پێكهاتووە كە دژی دۆسیەی نەوتی هەرێم تۆماركراوە، خۆشەبەختانە چوار دۆسیەی لەبەرژەوەندی هەرێم شكاوەتەوە كە برتین لە دۆسیەكانی (ئیدارەدان- بەرهەمهێنان- گواستنەوە- عەمباركردن)‌و دادگاكە لەم بوارانەدا مافی بە هەرێم داوە، بەڵام لە بابەتی (فرۆشتنی نەوت)دا حەقی بە هەرێم نەداو دەبێت لەڕێگەی كۆمپانیای "سۆموە" بێت.  وەزیری بەوەكالەت ئاماژەی بەوەكرد" لە 25ی ئازارەوە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە، بەڵام تاوەكو بەر لە راگرتنی هەناردە، بە داهاتی نەوت شایستەی كۆمپانیاكان‌و مانگانەش موچە دابین كراوە". "راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەبەرژەوەندی عێراقدا نییە، چونكە راگرتنی 400 هەزار بەرمیل ئەگەر بۆ هەر بەرمیلێكیش (70 دۆلار) ئەژمار بكەین، واتا مانگانە (850 ملیۆن) دۆلار زیان لە داهاتی عێراق دەكەوێت" كەمال محەمەد وای وت. وەزیری ئاسمانە سروشتییەكان هەرێم ئاشكرایكرد" لە 25ی حوزەیران وەزارەتی نەوتی عێراق داوایكردووە ئێمە لە 50 هەزارەوە دەستپێبكەین تا 140 هەزار بەرمیل رادەستبكەین، ئێمە لە 25ی حوزەیراندا ئەو نەوتەمان رادەستی پاڵاوگەی (كار) كرد كە بۆ عێراق كار دەكات، ئێستا رۆژانە بە تێكڕا (85 هەزار) بەرمیل نەوت بە عێراق دەدەین، بەڵام لەوكاتەوە یەك دینارو یەك دۆلار بۆ بەرهەمهێنان خەرج نەكراوە، ئەمەش بەبەهانەی ئەوەی دەڵێن بۆ كرێی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوە هەر بەرمیلێك 6 دۆلار حساب دەكەین".   لەبارەی ناكۆكییەكان سەبارەت بە نرخی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لەنێوان هەرێم‌و بەغداد، ئاماژەی بەوەكرد" گرێبەستەكانی ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان جیاوازە لە گرێبەستەكانی عێراق، چونكە عێراق كۆمپانیای نیشتمانی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی هەیە، بەڵام ئێمە لەرێگەی كۆمپانیاوە دەیكەین. لە 24ی ئابدا لەگەڵ كۆمپانیاكان كۆبوینەوە كە نرخی دیاریكراو بۆ بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لەلایەن  وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بە (6 دۆلار) دیاریكراوە‌و ئەوە لە بودجەدا پەسەندكراوە، كۆمپانیاكان هەموویان بە فەرمی وەڵامی ئێمەیان دایەوە‌و وتیان ئێمە ناتوانین بەو (6 دۆلار) بەردەوام بین لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت". وەزیری سامانە سروشتییەكان داوای لە وەزارەتی نەوت‌و حكومەتی عێراق كرد پێداوچوونەوەیەك بە بابەتی نرخی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەدا بكەن، بۆ ئەمەش نمونەی بەوە هێنایەوە كە "لە عێراق چەندین كێڵگە هەن تێچووی بەرهەمهێنانیان تێیاندا زیاتر لە 30 دۆلارە". لەبارەی نرخی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت بە تێكڕا لە هەرێمی كوردستان، ئاشكرایكرد" ئێمە بۆ وەبەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت پێویستمان بە 24 دۆلارە‌و بۆ گواستنەوەش پێویستمان بە (7 دۆلار)ە، واتا تێكڕای خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لە هەرێم (31 دۆلار)ە‌و بەو (6 دۆلار)ەی دیاریكراوە كۆمپانیاكانی هەرێم ناتوانن نەوت بەرهەم بهێنن". 


نەبیل مەرسومی- شارەزای ئابوری ناكۆكی یەكەم: لە ماددەی 5 لە پرۆژە یاسای نوێی نەوت‌و غازدا هاتووە:  یەكەم: ئەنجومەنێكی فیدراڵی بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران یان هەر كەسێك كە ئەو سەرپشكی بكات دروستدەكرێت‌و ئەندامەكانی پێكدێت لە هەریەكە لە:  1-    وەزیری نەوتی فیدراڵ 2-    وەزیری دارایی فیدراڵ 3-    وەزیری پلاندانانی فیدراڵ 4-    پارێزگاری بانكی ناوەندیی 5-    وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم 6-    پارێزگاری سێ پارێزگاری بەرهەمهێنەری نەوت كە لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون 7-    سێ شارەزا دووەم: بڕیارەكان بە زۆرینە دەدرێن  ئەمە لەكاتێكدایە هەرێم وای دەبینێت ئەنجومەنی فیدراڵی نەوت‌و غاز دەبێت ئەمانە لەخۆبگرێت:  یەكەم: ئەنجومەنی نەوت‌و غازی فیدراڵ هەریەكە لە ئەمانە لەخۆبگرێت: 1-    حكومەتی فیدراڵی (وەزیرانی نەوت‌و دارایی‌و پلاندانان) 2-    حكومەتی هەرێم (وەزیرانی سامانە سروشتییەكان‌و دارایی‌و پلاندانان)  3-    پارێزگاری ئەو پارێزگایانەی كە نەوت بەرهەمدەهێنن‌و لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون دووەم: سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە دەوری بێت سێیەم: بڕیارەكان بە كۆدەنگی دەربكرێن ناكۆكی دووەم: پرۆژە یاساكە لە ماددەی 8 یەكەمدا دەڵێ:  وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بە هەماهەنگیی لەگەڵ هەرێم‌و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكاندا، كێڵگە بەرهەمهێنەرەكانی نەوت‌و غاز لەسەرتاسەری عێراق بەڕێوەدەبات. بەڵام تێڕوانینی هەرێم لەمەدا كورت دەبێتەوە لە: حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ حكومەتی هەرێم‌و پارێزگا وەبەرهێنەكان‌و ئەوانەی لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون، هەڵدەسێت بە بەڕێوەبردنی نەوت‌و غازی دەرهێنراو لە كێڵگەكانی ئێستا (كە بەر لەوەی دەستوری ساڵی 2005 بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، دەرهێنراون‌و پەرەیان پێدراوە‌و بەشێوەی بازرگانی بەرهەمهێنراون)، حكومەتی هەرێم یان پارێزگا وەبەرهێنەكان لایەنی تایبەتمەند دەبن بە بەڕێوەبردنی نەوت‌و غاز لە كێڵگەكانی ئێستاو داهاتوو (كە ئەوانەش ئەو كێلگانەن كە دوای ئەوەی دەستور كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن نەوت‌و غازیان لێدەرهێنراوە‌و پەرەیان پێدراوە‌و بەشێوەی بارزگانی بەرهەمهێنراون). ناكۆكی سێیەم: لە ماددەی 11ی پرۆژە یاسای نوێی نەوت‌و غازدا هاتووە: ئەنجومەنی فیدراڵی رەزامەندی دەدات لەسەر گرێبەستەكانی مۆڵەتپێدانی نەوت، ئەمە لەكاتێكدایە هەرێم وای دەبینێت ئەو لایەنی تایبەتمەندە بەسەر گرێبەستەكانی دۆزینەوە‌و پەرەپێدان‌و بەرهەمهێنان یان هەر گرێبەستێكی تر لەگەڵ ئەو بەڵێندەرەی هەڵدەبژێردرێت، پێویستی بە رەزامەندی ئەنجومەنی فیدراڵی نییە.  ناكۆكی چوارەم: لە ماددەی 16ی پرۆژە یاساكەدا، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ باڵاترین دەسەڵاتی بەرپرسیارە لە پابەندیی لایەنە گرێبەستكارەكان، ئەمە لەكاتێكدایە هەرێم وای دەبینێت لایەنی بەرپرس لە هەرێم بەرپرسیارە لەبەرامبەر پابەندی گرێبەستكارەكان لەناوچەكانی گرێبەستدا لەناوخۆی هەرێم.  ناكۆكی پێنجەم: لەماددەی 24ی پرۆژە یاساكەدا، هێڵە سەرەكییەكانی بۆری موڵكی حكومەتی فیدراڵە، ئەمە لەكاتێكدایە هەرێم دەڵێ حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم‌و پارێزگا وەبەرهێنەكان بۆیان هەیە بۆری دروست بكەن بۆ گواستنەوەی نەوت‌و غازو خاوەندارێتی بكەن.  ناكۆكی شەشەم: لەگەڵ ئەوەی پرۆژە یاسای نوێی نەوت هیچ ماددەیەك لەخۆناگرێت كە ئاماژە بۆ بەبازاڕخستنی نەوت‌و لایەنی بەرپرس لەم كارە بكات، بەڵام وەكو ئەوەی ئێستا كارپێكراوە‌و دادگای فیدراڵی جەختی لەسەر كردووە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لەرێگەی سۆمۆوە تاكە لایەنی بەرپرسیارە لە بەبازاڕخستنی هەموو نەوتی عێراق بەبێ لەبەرچاوگرتنی شوێنی بەرهەمهێنان، ئەمە لەكاتێكدایە هەرێم وای دەبینێت ئەنجومەنی فیدراڵی سیاسەتی بەبازاڕخستن‌و فرۆشتن دادەنێت‌و پرۆسەی فرۆشتن لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەوە ئەنجام دەدرێت كە سەربە حكومەتی هەرێم یان پارێزگا وەبەرهێنەكانن.   


مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) (٢) زوڵم و بێمافیی و چەوساندنەوە شتێک نییە هەمیشە لە یەک فۆرم و لە یەک شێوازدا دەربکەوێت، بەڵکو کردەیەکە دەگۆڕێت و تازەدەبێتەوە، جۆری نوێ دروستدەبێت و جۆرە کۆنەکانیش گوڕو تینی تازە وەردەگرن. ئەوەی دەشێت وەک نەگۆڕێک بیبینین، پێناسەی زوڵمە وەک جۆرێکی تایبەت لە مامەڵەکردنی خراپ و ناڕاستی کەسەکان، کە هێڵە سەرەکییەکانی بریتیین لە بێماف و زەلیل و گرگنکردنی مرۆڤ، ئیتر لە دەستدرێژیکردنە سەر مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤەوە بیگرە، بۆ بەزاندنی سنورە یاسایی و شەخسییەکان، یان دانانی کەسێک لە شوێنێکدا کە شوێنی شیاوی ئەو نەبێت، گەورەکردنی بەناهەقی کەسانێک و بچوککردنەوەی بە ناهەقی کەسانێکی دیکە. دەستبردن بۆ موڵک و ماڵ و ژیانی شەخسیی کەسەکان. بە کورتییەکەی مامەڵەنەکردنی مرۆڤ وەک کەسێکی خاوەن ماف و خاوەن رێزو خاوەن کەرامەت، ناچارکردنی بە بەسەربردنی ژیانێک کە دەستکردو هەڵبژاردەی ئازادی خۆی نەبێت. ئەوەی ئەمڕۆکە لە هەرێمدا دەیبینین لەدایکبوونی شێوازی تازەی زوڵمە کە ٢٠ ساڵێک لەمەوبەر بوونیان نەبوو، یان لانیکەم، بەو قووڵیی و بەرفراوانییەی ئەمڕۆکەوە، لە ئارادا نەبوون. بە بۆچونی من زوڵمی ژمارە یەک و هەرە گەورەی ناو هەرێمەکە «زوڵمی سیاسیی»ە، کە لە فۆرمی زوڵمی قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسیی لەناو کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی دیاریکراودا، بەرجەستەیە، ئەم زوڵمە  شای زوڵمەکان و هۆکاری ژمارە یەکی بەشی هەرەزۆری زوڵمە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و دینیی و فەرهەنگییەکانی دیکەیە. تا ئەو شوێنەش دەڕوات کە کەسە نزیەکاکانی ناو یەک بازنەی خێزانی داخراو، توانای قبوڵکردنی یەکتریان نەبێت و هەریەکێکیان بیەوێت کۆی دەسەڵاتەکانی خێزانە قۆرخەکەرەکە، قۆرخ بکات. وەکچۆن لە کۆشکە کۆنەکاندا باوک و براو مام و ئامۆزاو خزم و کەسوکار، کودەتایان بەسەر یەکتریدا دەکرد، دۆخی ئەمڕۆکەی حوکمڕانیی کوردیی لە هەرێمدا، بەپێی لۆژیکی سیاسەتی قۆرخکردنی هەموو شتێک، وردەکارییەکانی قۆناغی کۆدەتای ناو کۆشک دەژیی، بە هەموو رق و بوغزو پیلانگێرییەکانییەوە.  بە حوکمی ئەوەیش کە دەسەڵاتی سیاسیی سەرچاوەو ژێرخانی سەرجەمی دەسەڵاتەکانی تری ناو کۆمەڵگایە لە دونیای ئێمەدا، بۆیە مەسەلەی قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسیی بونیای قووڵی سەرجەمی قۆرخکارییەکانی تری ناو ئەو کۆمەڵگایەیە. ئەو ژێرخانەیە کە کۆی قۆرخکارییەکانی تری لەسەر بونیادنراوە. هەر لە بنەڕەتەوە هاوکێشەکە لە دونیای ئێمەدا بەمشێوەیەیە: کێ دەسەڵاتی سیاسیی قۆرخبکات، دەسەڵاتی سەربازیی و ئەمنی و دەزگایی و ئابوریشی بۆ قۆرخدەکرێت و لە دۆخی نەبوونی لێپرسینەوەشدا قۆرخیشی دەکات. دەسەڵاتی سیاسیی سەرزەمینی چنینەوەی سەرجەمی دەسەڵاتەکانی ترە. ئەمە وایکردوە لەپشتی هەر قۆرخکارییەکی ناو کۆمەڵگاکەوە قۆرخکاریی دەسەڵاتی سیاسیی، ئامادەبێت. هەر ئەم دۆخەیە وادەکات زوڵمی سیاسیی سەرچاوەی بەشی هەرەزۆری زوڵم و زۆردارییەکانی، دیکەیە.     لە ئێستادا نەوەی دووهەمی خێزانە سیاسییەکان دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتەکەیان لە دەستدایە، لە هەولێرو دهۆک بنەماڵەی بارزانی و لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بنەماڵەی تاڵەبانی. لەدوای ئەوانیشەوە هەندێک بنەماڵەی سیاسی تر هەن کە بکەری پلە دووی ناو بازنە سەرەکییەی دەسەڵاتی سیاسین لە هەرێمەکەدا. خاڵێک کە ئەم نەوە تازەیە، سەرباری هەموو ناکۆکییەکانیان، بەیەکەوە گرێئەدات عەقڵیەت و لۆژیکی کۆنترۆڵکردنی تەواوی دەسەڵاتی سیاسیی و لەوێشەوە سەرجەمی دەسەڵاتەکانی ترە لە هەرێمەکەدا. بۆ سەپاندنی ئەم دۆخەش بەئەمنیکردنێکی تەواوی سەرجەمی ئەو شتەی ناوی «حوکمڕانیی» لێنراوە، لە ئارادایە. ئەوەی لە ئێستادا حوکمڕانە عەقڵیەتێکی ئەمنییە کە هەموو تواناکانی بۆ پاراستنی ئەو قۆرخکارییە سیاسییە خستۆتەگەڕ، کە لە ئارادایە. تا ئەو شوێنەیش رۆیشتوە شتێک بەناوی «خەمی گشتیی»و خواست و ویستیی کۆمەڵگاوە نەماوەتەوە. هەرێم هەرگیز بە رادەی ئەمڕۆکە، تاریک و ترسناک و لاوازو پارچەپارچە نەبووە. ئەم خولیای قۆرخکارییەو ئەم بەئەمنیکردنەی سەرجەمی بوارەکانی حوکمڕانیی، تێکەڵ بە مێژوویەکی ناشیریی مونافەسەی سیاسیی، دۆخێکی دروستکردوە هەستکردن بە ئەمن و ئاسایش و متمانە بەو دۆخەی دروستکراوە، لە نزمترین ئاستدابێت، ئەگەر تەواو بزریش نەبووبێت. خەڵکانێکی زۆر ئەو هەستەیان لادروستبووە کە دەستنراوەتە بینەقاقایان و توانای هەناسەدانێکی ئارامیشیان بۆ نەماوەتەوە. هەموو ئەمانە لە ساتێکدا دۆخی ناوخۆی هەرێم بێرادە خراپ و پەیوەنیی هەرێمەکەش بە بەغداوە گۆڕاوە بۆ پەیوەندیی ئاغایەک بە رەعیەتێکێ لاوازو بێتواناو بێئیرادەوە. هەرێم دەسەڵاتی ئابوریی لەدەستداوەو بەمەش کەوتۆتە بەر ڕەحمی ئەو هێزانەوە کە لە بەغداد حوکمڕانن. ئەگەر لەناو هەرێمدا دەسەڵاتی سیاسیی سەرچاوەو ژێرخانی دەسەڵاتەکانی تر بێت، لەوانەش دەسەڵاتی ئابوریی، ئەوا لە پەیوەندیدا بە بەغداوە هاوکێشەکە تەواو پێچەوانەیە، لەگەڵ بەغدادا دەسەڵاتی ئابووریی سەرچاوەی دەسەڵاتی سیاسییە. بەوەیش کە هەرێم دەسەڵاتی ئابوریی لەدەستداوەو ئەم دەسەڵاتە کەوتۆتەوە دەستی ئەو هێزانەی لە بەغدا حوکمڕانن، بۆیە لە پەیوەندیدا بە بەغداوە هەرێم کۆی دەسەڵاتەکانی تری، یان بە تەواوی لەدەستداوە، یان تەواو لاوازو بێخوێن بووە. سەرباری ئەم دۆخە ترسناکەی ناو هەرێم، کەچی لۆژیکی قۆرخکاریی لەناو هەرێمەکەدا لە ترۆپکی کارکردنی خۆیدایە. سەرجەمی ئەو گەندەڵکارییانەش کە لە دۆخی قۆرخکارییەوە لەدایکبوون، بەردەوامن. ئەگەر قۆرخکاریی ژێرخانی گەندەڵیی بێت لە هەرێمەکەدا، ئەم دۆخە وایکردوە گەندەڵیی تەنها کردەیەکی سادە نەبێت. قۆرخکاریی وادەکات گەندەڵیی «گەندەڵییەکی چەکدار» بێت. گەندەڵییەک بێت هێزی سەربازیی و ئەمنی و میلیشیای تایبەتی هەبێت. تا ئەم ساتە شەپازلە ئابورییە سیاسییەکە بەر رووخساری خێزانە سیاسییە حومکڕانەکان نەکەوتوە، ئەوان درێژە بەهەمان لۆژیکی قۆرخکاریی و هەمان لۆژیکی حوکمڕانیی و هەمان عەقڵیەتی پارچەپارچەکردنی هەرێم ئەدەن. ئەوەی، بەر لە هەموو کەسێک، بە دەست ئەم دۆخەوە دەناڵێنێت، خەڵکی هەرێمە. تائێستاش کۆمپانیاو پرۆژە ئابورییەکانی ژێر دەسەڵاتی بازنە داخراوەکەی هەردوو ئیمارەتەکە، کاری رۆژانەی خۆیان دەکەن و کەڵەکەکردنی سەرمایەکەیان بەردەوامە. قۆرخکردنی دەسەڵاتی ئەمنیی و سەربازییش توانای ئەوەی پێبەخشیون فشار بخەنە سەر ئەو بەشانەی ئابوریی هەرێمەکە، کە هی ئەوان نییەو ئەوەی دەیانەوێت بەسەریاندا دەسەپێنن. ئەم لۆژیکی قۆرخکارییە، کە وەک وتم لۆژیکێکی ئەمنی ترسناکیی سەروەرکردوە، بڕو ڕادەی نارەزایەتیی ناوەکیی گەورەترو فراوانتر کردۆتەوەو دەکاتەوە،  ئەو دۆست و هاوڕێ کەمانەش کە هەرێمەکە هەیبووە، زویرو نائومێد کردوەو دەکات، هاوکات هەردوو هێزەکە بەرەو ئەوە دەبات لەهەر شوێنێکدا بۆیان بکرێت ئێسقانی یەکتری بشکێنن، چ لەناو هەرێم و چ لە دەرەوەی هەرێمدا. ئەم هەندەسە گەورەیەی زوڵم، زوڵمی هەمەجۆر، زەحمەتە بتوانێت لەم فۆرمەی ئەمڕۆیدا بەردەوامبێت. لەدوای ڕاپەڕینەوە دۆخی هەرێم بەڕادەی ئەمڕۆکە خراپ و نائومێدکەر نەبووە.


(درەو): دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە فەرمانێكی سالاری رادەستكردنی پارەگای ئۆپراسیۆنەكانی كەركوكی بە پارتی دیموكراتی كوردستان راگرت، تا ئەوكاتەی سكاڵایەك یەكلادەكرێتەوە كە سەرۆك هۆزی عوبێد تۆماریكردووە‌و تێیدا دەڵێ بارەگاكە موڵكی وەزارەتی دارایی عێراقە. وەسفی عاسی حسێن میری هۆزی عوبێد لە كەركوك، لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵای یاسایی تۆمار كرد، لەسەر بنەمای ئەم سكاڵایە بوو، دادگای فیدراڵی فەرمانێكی سالاری دەركرد‌و بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی راگرت، بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاكەی كەركوك لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە. وەسفی عاسی سكاڵاكەی لەدژی هەریەكە لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران‌و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق‌و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی تۆماركردووە.  لە سكاڵاكەیدا داوا لە دادگای فیدراڵی دەكات، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق پابەند بكات بەوەی بڕیارەكەی رۆژی 25ی مانگی رابردووی هەڵبوەشێنێتەوە، بڕیارێك كە تێیدا محەمەد شیاع سودانی داوای لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لە كەركوك كردووە لە رۆژی 1ی ئەیلولەوە بارەگاكەیان چۆڵ بكەن‌و بچن بۆ شوێنێكی ترو بارەگاكە رادەستی پارتی بكرێتەوە.  سەرۆك هۆزی عوبێد باسلەوە دەكات، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر دەستی بەسەر ئەو زەوییەدا گرتووە‌و بەشێوەیەكی نایاسایی بارەگای پارتی لەسەر دروستكردووە، چونكە بەگوێرەی تۆماری خانوبەرەی ژمارە (13/11 كەرتی 9 كوركە- موڵكی سرف) ئەم زەوییە خاوەندارێتییەكەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەگەڕێتەوە‌و دوای پرۆسەی ئازادكردنی كەركوك لەلایەن ئۆپراسیۆنەكانی كەركوكەوە دەست بەسەر زەوییەكەدا گیراوە وەكو هێزێكی فیدراڵی.  عاسی وەسفی لە سكاڵاكەیدا پەنای بۆ بڕگەی (13)ی بەرنامەی حكومەتی عێراق بردووە، كە تێیدا ئاماژە بەوەكراوە هەموو حزبە كوردستانییەكان‌و ئەوانی تریش بۆیان هەیە چالاكی سیاسی دەستوری خۆیان لە نەینەواو كەركوك‌و دیالە‌و سەلاحەدین بكەن‌و دەبێت هەموو بارەگاكانیان كە داگیركراوە، چۆڵ بكرێت، بەڵام دەڵێ رادەستكردنی ئەو بارەگایە بە پارتی پێچەوانەی یاسای ژمارە (36)ی ساڵی 2015ی پارتە سیاسییەكانە كە دەڵێ:" ناونیشانی بارەگای سەرەكی حزب‌و لقەكانی دیاری بكرێت‌و نابێت هیچ یەكێك لەو بارەگایانە لەناو شوێنی خوداپەرەستی یان دامەزراوەیەكی گشتی‌و ئاینی‌و فێركاری‌و سەندیكایی‌و سەرباری یاخود دادوەریدا بێت".  پارتی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە بارەگاكانی لە كەركوك كشاندەوە‌و رایگەیاند" كەركوك داگیركراوە"، بەڵام ئێستا كە ناوچە جێناكۆكەكان لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندان، پارتی بڕیاریداوە بگەڕێتەوە.  بەر لە جێبەجێكردنی بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گەڕانەوەی پارتی بۆ بارەگاكەی لە كەركوك، چەند رۆژی رابردوو هاوڵاتیانی عەرەبی كەركوك خۆپیشاندانیان سازكرد‌و دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك، رێگای كەركوك- هەولێریان داخست.  دوێنێ ژمارەیەك هاوڵاتی كورد دژی داخستنی رێگاكە خۆپیشاندانیان كرد، ئەمە بەریەككەوتنی لێكەوتەوە‌و هێزە ئەمنییەكان تەقەیان كرد، بەهۆیەوە 4 هاوڵاتی كورد كوژران‌و 15ی تر برینداربوون.  ده‌قی فه‌رمانه‌كه‌ی دادگا. كلیك بكه‌  


 (درەو): پشكی هەرێمی كوردستان لە رێژەی (47%)ی خەرجییەكانی عێراق دیاریكراوە، لەبەر ئەوەی (53%) خەرجییەكانی عێراق بۆ سیادی و حاكیمە دەڕوات، تێڕوانینی هەردوو حكومەتی عێراقی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم لەبارەی یاسای بودجە لەڕووی یاسایی‌و ژمێریایییەوە هێندە لەیەكتر دوورە پێناچێت هەرگیز بگەنە رێككەوتن، بۆیە ئێستا پێشنیازی چارەسەركردنی ناكۆكییەكە دەكرێت لەڕێگەی دانوستانی سیاسییەوە، حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ لەسەر چی ناكۆكن؟ وردەكاری لەم راپۆرتەدا. یەك بودجە‌و دوو تێڕوانینی جیاواز 26ی حوزەیرانی ئەمساڵ یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵانی (2023-2024-2025) كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەسەرەتاوە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم گەشبین بوون بە یاساكە، وایان خەمڵاند بەپێی ئەم یاسایە مانگانە حكومەتی عێراق تەنیا بۆ موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان‌و پێشمەرگە بڕی (906 ملیار) دینار بۆ هەرێم دەنێرێت‌و حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی خەرجی موچە مانگانە تەنیا پێویستی بە (6 ملیار) دیناری تر دەبێت. بەڵام كاتێك دانوستان بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە لەنێوان حكومەتی عێراقی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، هەموو پێشبینییەكان ئاوەژوو بوونەوە، وەزارەتی دارایی عێراق لەڕوانگەی خۆیەوە پشكی هەرێم لە بودجەدا ئەژمار دەكات، روانگەیەك بەتەواوەتی پێچەوانەیە لەگەڵ رونگەی وەفدی حكومەتی هەرێم‌و بڕە پارەیەك دەنێرێت كە بەشی خەرجی نیوەی موچەخۆرانی هەرێمیش ناكات. یاسای بودجە رێوشوێنی دیاریكردووە بۆ حاڵەتی دروستبوونی ناكۆكی لەنێوان هەرێم‌و بەغداد سەبارەت بە بودجە، بەپێی رێوشوێنەكە لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەت دەبێت لەدوای دروستبوونی كێشەكەوە لەماوەی 30 رۆژدا راپۆرتێك لەبارەی ناكۆكییەكانەوە بۆ پەرلەمانی عێراق بەرزبكەنەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان بڕیاری كۆتایی بدات، بەڵام دادگای فیدراڵی ئەم بڕگەی هەڵوەشاندەوە‌و دەسەڵاتی بڕیاردانی لە ناكۆكی نێوان هەرێم‌و بەغداد لە پەرلەمانی عێراق سەندەوە‌و بەخشی بەخۆی، واتا ئەگەر كێشە دروستبوو دەبێت لیژنە هاوبەشەكە راپۆرتەكەیان بۆ دادگای فیدراڵی بەرزبكەنەوە. ئێستا ناكۆكییەكە لەنێوان هەولێرو بەغداد لەبارەی یاسای بودجە دروستبووە، بەوهۆیەوە فەرمانبەرانی هەرێم تائێستا موچەی مانگی تەموزو ئابیان وەرنەگرتووە، حكومەتی هەرێم هێشتا پەنای بۆ لیژنە هاوبەشەكە نەبردووە‌و رەنگە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم كێشەیە بچێتە ناو دانوستانی سیاسییەوە لەگەڵ لایەنە شیعەكانی عێراق. روانگەی هەرێم بۆ پشكی خۆی لە بودجەدا بەپێی لێكدانەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم، ماف‌و شایستەی دارایی هەرێم لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا، مانگانە بڕەكەی (ترلیۆنێك‌و 384 ملیار) دینارە. وەزارەتی دارایی هەرێم پێوایە، ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای خەرجی فیعلی مانگانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات، دەبێت مانگانە (ترلیۆنێك‌و 174 ملیار) دینار بۆ هەرێم بنێرێت. لێكدانەوەی عێراق بۆ پشكی هەرێم بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، روانگەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ پشكی هەرێم لە بودجەدا كە بە وەفدی حكومەتی هەرێمی راگەیاندووە: •    بەپێی یاسای بودجە مانگانە (598) ملیار دینار بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت بەمشێوەیە: -    مانگانە (9 ترلیۆن‌و 976 ملیار) دینار خەرجی فیعلی عێراقە  (مانگی حوزەیران وەك نمونە وەرگیراوە)، ئەمە دوای دەركردنی خەرجی سیادی كە (2 ترلیۆن‌و 975 ملیار) دینارە لەگەڵ دەركردنی  خەرجی حاكیمە كە بڕی (2 ترلیۆن‌و 280 ملیار) دینارە. -    ئەوەی وەكو خەرجی فیعلی مانگانە بۆ عێراق دەمێنێتەوە بڕەكەی (4 ترلیۆن‌و 721 ملیار) دینارە، رێژەی (12.67%)ی ئەم پارەیە پشكی هەرێمی كوردستانە. -    بەپێی ئەم هاوكێشەیە هەرێمی كوردستان مانگانە بڕی (598 ملیار) دیناری لە خەرجی فیعلی عێراق بەردەكەوێت. سەرباری ئەمە هێشتا حكومەتی عێراق ئامادە نییە بڕی (598 ملیار) دینارە مانگانە بۆ هەرێم بنێرێت، چونكە وەكو بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق بە وەفدی هەرێمیان وتووە، بەپێی یاسای بودجە دەبێت لەو (598 ملیار) دینارە، مانگانە ئەم پارانەی لێ دابشكێندرێت: • مانگانە (53) ملیار دیناری قەرزی بانكی بازرگانی (TBI) • مانگانە بڕی (50) ملیار دیناری قەرزی (400) ملیار دینارەكە (ئەمە تێكڕای بڕی ئەو پارانەیە كە بەر لە پەسەندكردنی بودجە حكومەتی هەرێم بۆ پڕكردنەوەی خەرجی موچەی فەرمانبەران بە قەرز لە حكومەتی عێراق وەریگرتووە‌و تێكڕای بڕی پارەكە 2 ترلیۆن دینارە) • مانگانە بڕی (65) ملیار دیناری رێژەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان (چونكە داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم مانگانە بەبڕی 130 ملیار دینار خەمڵێندراوە‌و لەم داهاتە بەگوێرەی یاسای بودجە بەغداد رێژەی 50%ی دەبات) •    كۆی گشتی لێبڕینەكان دەكاتە (168) ملیار دینار لە پشكی هەرێم دەبڕێت. بەم پێیە لەكۆی (598 ملیار) دیناری پشكی مانگانەی هەرێم لە خەرجی فیعلی عێراق، بڕی (430 ملیار) دیناری مانگانە بۆ هەرێم دەنێرێت، ئەم بڕە پارەیە هێشتا نیوەی ئەو خەرجییەش نییە كە مانگانە حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان پێویستی پێیەتی كە بڕە (944 ملیار) دینارە. خەرجی حاكیمە‌و سیادی چییە؟ ئەوەی كاریگەری گەورەی لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق دروستكردووە، جیاكردنەوەی دوو جۆر خەرجی فیدراڵیە لە كۆی خەرجی فیعلی عێراق (خەرجی سیادی و حاكیمە) كە رێژەی 53%ی كۆی گشتی خەرجییەكانی عێراق پێكدەهێنێت، پشكی هەرێمی كوردستان لە رێژەی (47%) خەرجییەكانی عێراق دابین دەكرێت، ئەمەش لە رێژەی فیعلی هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوە. خەرجی حاكیمە بریتییە لەو خەرجییانەی كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە بۆ هەموو پارێزگاكان بەوانەی هەرێمی كوردستانیشەوە دابین دەكرێن‌و ئەم بوارانە دەگرێتەوە: •    كۆبونی خۆراك (بڕەكەی بە تێكڕا بۆ یەك ساڵی دارایی بە زیاتر لە 3 ترلیۆن‌و 500 ملیار دینار ئەژمار كراوە، لەمە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 463 ملیار دیناری بەردەكەوێت). •    خەرجی سكاڵاكانی ناكۆكی موڵك‌و ماڵ (تێكڕای ئەم خەرجییە لە عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی دارایی بە بڕی 50 ملیار دینار دانراوە، 6 ملیارو 335 ملیۆن دیناری بەر هەرێم دەكەوێت) •    خەرجی كڕینی دەرمان (تێكڕای ئەم خەرجییە بۆ ساڵێك بە بڕی زیاتر لە ترلیۆنێك‌و 651 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لەمە هەرێمی كوردستان بڕی زیاتر لە 209 ملیار دیناری بەردەكەوێت •    پاڵپشتی بۆ كڕینی بەرهەمی گەنم‌و جۆ (3 ترلیۆن‌و 500 ملیار دینار بۆ ئەم خەرجییە تەرخانكراوە، لەم بڕە 443 ملیاری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت). •    خەرجی هاوردەكردنی وزە (بڕی ترلیۆنێك‌و 129 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە لەماوەی ساڵێكدا، لەمە بڕی 143 ملیار دیناری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت). •    سەرژمێری گشتی دانیشتوان (100 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، بڕی زیاتر لە 12ی ملیاری بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە). •    خەرجی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان (بڕی 345 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لەمە بڕی 43 ملیاری بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە). تێكڕای خەرجی حاكیمە بۆ ساڵێكی دارایی لە بودجەی عێراقدا بە بڕی (10 ترلیۆن‌و 438 ملیار) دینارە، لەمە بڕی (ترلیۆنێك‌و 322 ملیار) دیناری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت، مانگی حوزەیران كە یاسای بودجە كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، حكومەتی عێراق بۆ ئەو مانگە خەرجی حاكیمەی بە بڕی (2 ترلیۆن‌و 280 ملیار) دینار دیاری كردووە، مەرج نییە بۆ مانگەكانی تر هەمان خەرجی حاكیمە هەبێت، چونكە بەپێی یاسای بودجە بە تێكڕا نابێت ئەم خەرجییە تا كۆتایی ساڵ لە بڕی (10 ترلیۆن‌و 438 ملیار) دینار زیاتر بێت. خەرجی سیادی كۆی گشتی خەرجی سیادی لە بودجەی عێراقدا بڕەكەی (58 ترلیۆن‌و 294 ملیار) دینارە دیارترین ئەو پارانەی كە لەم خەرجییەدا لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت بریتییە لە: •    بڕی (3 ترلیۆن‌و 876 ملیار) دیناری پارەی تەرخانكراو بۆ كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان (بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە) •    بڕی (288 ملیارو 304 ملیۆن) دیناری تەرخانكراوی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ موچەی پێشمەرگە •    خەرجی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق كە پشكی كوردەو ئێستا (لەتیف رەشید) سەرۆك كۆماری عێراقە، خەرخی تەرخانكراو بۆ ئەم سەرۆكایەتییە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا كە لە پشكی هەرێمی كوردستان  بڕدراوە، بۆ یەك ساڵی دارایی بڕی (94 ملیارو 200 ملیۆن) دینارە، ئەم پارەیە بۆ خەرجی موچەو بەكاربردنی سەرۆك كۆمارو موچەی لیواكانی سەرۆكایەتی كۆمار تەرخان دەكرێت كە كوردن‌و سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تەنیا لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەو پارەی بۆی تەرخانكراوە بڕی زیاتر لە (25 ملیارو 827 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە. •    پەرلەمانی عێراق یەكێك لەو دامەزراوە  فیدراڵییانەی ترە كە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا، پارەی لە پشكی هەرێمی كوردستان بۆ بڕدراوە، تێكڕای خەرجی پەرلەمانی عێراق بۆ یەك ساڵی دارایی لە یاسای بودجەدا بە بڕی زیاتر لە (418 ملیارو 872) دینار دیاریكراوە، 63 پەرلەمانتاری كوردو (شاخەوان عەبدوڵا) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی كورد لە بەشێكی ئەم پارەیە سودمەند دەبن لەرێگەی موچە‌و تەرخانكراوی ترەوە، تاوەكو نیوەی یەكەمی ئەمساڵ، پەرلەمانی عێراق لە كۆی ئەو پارەی بۆی تەرخانكراوە، تەنیا بۆ خەرجی بەكارخستن زیاتر لە  (267 ملیارو 600 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە. •    سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش خەرجییەكانی لەچوارچێوەی سیادیدا دانراوە‌و هەرێمی كوردستان لەم خەرجییەشدا پشكێكی تری لێبڕاوە، تێكڕای خەرجی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی دارایی، لەیاسای بودجەدا بە بڕی زیاتر لە (ترلیۆنێك‌و 228 ملیار) دینار دیاریكراوە، چوار وەزیری كورد كە دوانیان یەكێتیی‌و دوانیان پارتین‌و یەكێكیان (فوئاد حسێن) جێگری سەرۆك وەزیرانە، لەرێگەی موچەو تەرخانكراوی ترەوە لەم پارەیە سودمەند دەبن، تەنیا لە مانگی شەشی ئەمساڵدا خەرجی بەگەڕخستنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕی (522 ملیار) دینار بووە. •    وەزارەتی دەرەوەی عێراق كە وەزیرەكەی كوردە (فوئاد حسێن)، خەرجییەكانی لەناو چوارچێوەی خەرجی سیادی دانراوەو لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت، خەرجی ئەم وەزارەتە بۆ ساڵێكی دارایی لە یاسای بودجەدا بە بڕی (837 ملیارو 318 ملیۆن) دینار دیاریكراوە، واتا ئەم وەزارەتە مانگانە نزیكەی (70 ملیار) دینار لە بودجەی گشتی عێراق دەبات. خەرجی سیادی كە لە پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا بڕاوە، جگە لەو دامەزراوانەی لە سەرەوە باسكران، ئەم دامەزراوانەی تریش دەگرێتەوە‌و لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت: -    ئەنجومەنی نوێنەران -    سەرۆكایەتی كۆمار -    ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران -    سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران -    دەستەی حەشدی شەعبی -    وەزارەتی دەرەوە -    دەزگای دژەتیرۆر -    وەزارەتی بەرگریی -    دیاریكردنی رێژەیەك لە تەرخانكراوی هێزی وشكانی سوپای عێراق لەبواری وەبەرهێنان‌و بەكارخستن بۆ هێزی پێشمەرگە بەگوێرەی رێژەی دانیشتوانی هێزی ناوبراو بەوپێیەی بەشێكە لە سیستمی ئەمنی عێراق -    دادگای باڵای فیدراڵی -    كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە خەرجی هەڵبژاردنەكانیشەوە -    دەستەی لێپرسینەوە‌و دادەپەروەریی -    دەستەی سكاڵاكانی موڵكایەتی جگە لە قەرەبووەكان -    دەستەی عێراقی بۆ سەرچاوە تیشكدەرەكان -    دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق -    تێچووی دانوستان‌و داواكارییە یاساییەكان -    پشكداری لە خەرجی وەبەرهێنانی نەوتی خاوی هەناردەكراو -    خەرجی بەكاربردن لە وەبەرهێنانی نەوتی خاوی هەناردەكراو و گواستنەوەی لەلایەن هەرێمەوە -    بڕی پشكدارییە عەرەبی‌و نێودەوڵەتییەكان -    خەرجی رەوەنی بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی‌و پاسپۆرت‌و مانەوە‌و فەرماندەیی هێزی سنورو پۆلیسی فیدراڵی -    پرۆژەكانی وەبەرهێنان بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی باری شارستانی‌و مانەوە لەنێویشیاندا كارتی نیشتمانی‌و فەرماندەیی هێزی سنور -    ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی -    پارەداركردنی هاوبەش -    پرۆژەی بەندەرەكان -    پرۆژەكانی هێڵی ئاسن -    پرۆژەی پردو سودی گشتی پرۆژەكانی بەڕێوەبردنی ئاسمانیی -    پرۆژەی گرێبەستەكانی مۆڵەتپێدان -    سودی سەر قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتی -    سودەكان لەسەر قەرزی جایكا JICA -     سودی سەر قەرزەكانی ئیتالیا -    سودی قەرزی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان -    سودەكان لەسەر قەرزی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە -    سودەكان لەسەر قەرزی كۆمپانیای ما بین النهرین-ی گشتی بۆ بازرگانی بنەتۆو -    سودەكان لەسەر قەرزی ئەڵمانی KFW -    سودەكان لەسەر قەرزی بانكی ژاپۆن بۆ هاوكاری نێودەوڵەتیی JBICی ژاپۆنی -    سودەكانی لەسەر قەرزی سویدی -    سودەكان لەسەر قەرزی چین -    سودەكان لەسەر قەرزی سیمنسی ئەڵمانی -    سودەكانی بیمەی هەناردەكردن -    سودەكانی بیمەی سیادی -    سودەكان لەسەر قەرزی فەڕەنسا -    سودەكان لەسەر قەرزی سندوقی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی -    سودەكانی سەر قەرزی سعودیە -    سودی سەر قەرزی ئیتالی SACE -    سودی سەر قەرزی كوەیت -    سودی سەر قەرزی ئەمریكا -    سودی سەر قەرزی فەڕەنسا BPI -    سود لەسەر قەرزی بەریتانیا UKEF -    سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی كۆری -    سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی هیندی -    سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی ئەمریكی -    سودەكانی سەر دووبارە پەیكەربەندی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر وڵاتانی یانەی پاریس -    سودەكانی سەر دووبارە پەیكەربەندی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس -    سودەكانی قەواڵەی سڕینەوەی قەرزی كەرتی تایبەت لە دەرەوە -    سودی سەر شایستەكانی سندوقی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی ئابوری -    سودی سەر حەواڵە كۆنەكانی خەزێنە -    سودی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی حەواڵەی پارەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لەلایەن هەریەكە لە بانكی رەشیدو رافیدەین‌و بانكی بازرگانی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجە -    سودی حەواڵە داشكێندراوەكانی خەزێنە لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی/ 2015و 2016 -    سودی سەر قەرزی قەواڵەی دەرەكی- یۆریۆبۆند -    سودی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی یەدەگی یاسایی لەلایەن بانكە حكومییەكان‌و بانكی بازرگانی عێراق بەپێی یاسای بودجەی ساڵی/ 2015 -    پێدانەوەی قیستی حەواڵەكانی خەزێنەی كۆن -    قیستی ئەو قەرزانەی كە لایەن بانكی بازرگانی عێراقەوە بەخشراوە بەگوێرەی یاسای بودجەی 2015‌و 2016 -    پێدانەوەی قیستی دووبارە پەیكەربەندی قەرزی دەرەوەی وڵاتانی یانەی پاریس -    پێدانەوەی قیستی دووبارە پەیكەربەندی قەرزی دەرەوەی وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس -    پاكتاوی قەرزەكان لە دەرەوە، پاكتاوی خەختینەیی قەرزی بچوكی كەرتی تایبەت لە دەرەوە -    پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتیی -    پێدانەوەی قیستی قەرزی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی لەوانە SDR -    پێدانەوەی قیستەكانی قەرزی ئەمریكی -    پێدانەوەی قیستەكانی قەرزی JICA، پێدانەوەی قیستی بیمە سیادییەكان -    پێدانەوەی قیستی بیمەی هەناردەكردن -    پێدانەوەی قیستی قەرزی ئیتالی -    پێدانەوەی قیستی قەرزی سیمنسی ئەڵمانی -    قەرزی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان -    پێدانەوەی قیستی قەرزی ئەڵمانی KFW -    پێدانەوەی قیستی قەرزی سعودیە -    پێدانەوەی قیستی قەرزی بەریتانی UKEF -    پێدانەوەی قیستی قەرزی چین -    پێدانەوەی قیستی قەرزی ئیتالی SACE -    پێدانەوەی قیستی قەرزی JBICی ژاپۆنی -    پێدانەوەی قیستی قەرزی سویدی -    پێدانی شایستەی سندوقی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی ئابوری -    پێدانەوەی قیستی قەواڵە دەرەكییەكان -    پێدانەوەی قەرزی سندوقی نێودەوڵەتیی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی -    پێدانەوەی قەرزی كوەیت -    پێدانەوەی قەرزی فەڕەنسی BPI -    پێدانەوەی قەرزی فەرەنسی -    پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی كۆری -    پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی هیندی -    پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی ئەمریكی -    پێدانەوەی قیستی قەواڵە دەرەكییەكان بۆ سڕینەوەی قەرزەكان -    پێدانەوەی قەرزی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە‌و كۆمپانیای ما بین النهرین بۆ بنەتۆو -    پێدانەوەی قیستی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی یەدەگی یاسایی لەلایەن بانكە حكومییەكانەوە -    پێدانەوەی قیستی قەواڵە خۆجێییەكان -    قیستەكانی سەر حەواڵەی خەزێنە بەگوێرەی حەواڵەی پارەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەریەكە لە بانكەكانی رەشید‌و رافیدەین‌و بانكی بازرگانی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجە‌و كرێی گواستنەوەی نەوتی خاوی هەناردەكراوی گیارە  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand