مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) لەدوای کەوتنی رێژەمەکەی سەدام حوسەینەوە دروستبوونی جۆرێک لە حوکمڕانیی دەبینین، کە رۆژ بە رۆژ ناکاراتر و خراپتر و ترسناکتر، دەبێت. ھەتا کاتیش تێبپەڕێت زیاتر ئاشکرادەبێت ئەوانەی حوکمڕانییەکە بەڕێوەدەبەن، بڕیارە ستراتیژیەکانی دەدەن و چۆنیەتی دروستبوون و ھاتئەکایەی ڕووداوەکان ئاراستەدەکەن، شایانی ھیچ یەکێک لەو پێگە و سێنتەرانەی دەسەڵات نین کە ھەیانە و لەبەردەستیاندایە. سیاسی فاشیل خەریکی دروستکردنی دونیایەکی فاشیلن. لەناو ئەم دۆخەدا دۆخی ھەرێمیش تا دێت خراپتر و تەحەداکان تا دێت گەورەتر دەبن. ئەوانەیش کە حوکمڕان و بڕیاربەدەستن، تا دێت ڕقاوییتر و بوغزاویتر و تاکڕەوتر و داخراوتر دەبن، لە ھەمووشی کارەساتبارتر تا دێت بێباک و نابەرپرسیارتریش، دەبن. ئێستا کە ھەڵبژاردنێکی تازە لە ھەرێمدا بەڕێوەیە، دیسانەوە شتێک لە جوڵەی سیاسیی دروستبووە. ئەوەی پێویستە وەبیری خۆمانی بھێنینەوە، بۆ ئەوەی لانیکەمی بەرچاوڕونیی لەئارادابێت، ئەو ڕاستییەیە کە کێشەکانی ھەرێم بە ڕادەیەک گەورە و ترسناکن، بە جۆرێک بەسەریەکدا کەڵەکەبوون و تێکەڵکراون، چارەسەرکردنیان نەک ئاسان نییە، بەڵکو، ئەو بکەرە سیاسییانەی کە ھەن و کاردەکەن، توانای تێپەڕاندنی لانی ھەرەکەمی ئەو کێشانەیان نییە. ئەوان ئەندازیاریی دروستکردن و پاراستن و ھێشتنەوەی ئەو کێشانەن. ئەوەی دەیبینین بوونی ”تەحەدای سیاسیی گەورە“یە بەبێ ”بکەری سیاسیی راستگۆ و بەرپرسیار“، ئامادەگیی ”کێشەی سیاسیی فرەجۆر و ھەمەلایەن“ە، بەبێ ئامادەگیی ”سیاسەت“ خۆی وەک ئامرازیی سەرەکی خەمخوردن لە ژیانی گشتیی و ڕێکخستنێکی عەقڵانییانەی ئەو ژیانە گشتییە. لە دواھەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمدا نزیکەی ٧٠ لە سەدی خەڵکی کوردستان بایکۆتی ھەڵبژاردنەکەیان کرد و نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان. بە پێچەوانەی ھەندێک بۆچوونەوە کە پێیان وایە خەڵکی ھەرێم خۆیان دواکەوتون و بەدوای ئەم پارتە سیاسییانەوەن، یان وەک فریادڕەس سەیریان دەکەن، خەڵکی ھەرێم نەک ھیچ ئومێد و باوەڕ و متمانەیەکیان بەم بکەرە سیاسییانە نەماوە، بەڵکو بە سەرچاوەی ھەرەسەرەکیی بەشی ھەرەزۆری کێشە و نەھەەماتییەکانی ھەرێمەکەیان دەزانن. خەڵک ئەو ھێزانە نەک وەک نوێنەری خۆیان نابینن، بەڵکو وەک گروپێک لە جەردە و ھێزی گەندەڵ و نابەرپرسیار وێنادەکەن. بەشدارنەبوونی گەورەی خەڵکیش لە ھەڵبژاردنەکاندا زیاد لە ھۆکارێکی سەرەکیی ھەیە کە دەشێت ھەندێکیان بەم شێوەیە ریزبکەین. یەکەم، کورتبوونەوەی ھەڵبژاردنەکان بۆ شانۆگەرییەکی رێکخراو کە بڕێکی زۆر لە ئەنجامەکانی پێشوەخت ناسراو و دەستنیشانکراوە. ھێزە حوکمڕانەکان بەو شێوەیە ھەڵبژاردنەکان ڕێکدەخەن، کە نەک تەنھا نەتوانێت کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر پێگەکانی دەسەڵاتیان دابنێت، بوڵکو خودی شانۆگەرییەکە دەگۆڕن بۆ ئامرازێک بۆ تازەکردنەوەی شەرعیەتی دەسەڵاتدارێتییەکەی خۆیان. لەم رەوتەدا چەندساڵێک لەمەوبەر بەرپرسی یەکێک لەو پارتە حوکمڕانەکانی ھەرێم لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکانەوە جورئەتی ئەوەی کرد بە ھەمووان بڵێت گەر ھێزەکەی ئەو تەنھا یەک کورسیش بھێنێت، ھیچ ناگۆڕێت و ئەوان وەک خۆیان دەمێننەوە و پێگەکانیان چۆڵناکەن. دووھەم، گەیشتنی چۆنیەتی رێکخستنی ھەڵبژاردنەکان بە ئاستێک لە گەندەڵکاریی و دەستێوەردانی سیستماتیکی، کە دەکرێت زۆر بە ئاسانی قسە لە دیاردەی ”دزینی ھەڵبژاردن“ەکان بکرێت. دزینی ھەڵبژاردن یەکێکە لە میکانیزمە باوەکانی ھەڵبژاردن لە ناوچەکەدا، بە ھەرێمەکەی ئێمەشەوە، لە ڕاستیشدا دزینی ھەڵبژاردنەکان یەکێک بوو لە ھۆکارە سەرەکییەکانی ڕاپەڕینەکانی ”بەھاری عەرەبی“. لە ھەرێمدا ھەمووشتێک قابیلی دزینە، لەپێش ھەمووانەوە ھەڵبژاردنەکان. سێھەم، بوونی چەندان دەزگا و بارەگای نافەرمیی تەریب بە دەزگاکانی حوکمڕانیی بە جۆرێک مانایەکی ئەوتۆ بۆ دەزگا فەرمییەکانی حوکمڕانییەکە ناھێڵنەوە. ئەم دەزگا و بارەگا نافەرمییانە ھەم دەسەڵاتێکی گەورە و چاودێرینەکراویان ھەیە، ھەم دەتوانن پەرلەمان و دەزگاکانی فەرمییەکانی تری حوکومەت بێنرخ و بێکاریگەریی بکەن . ئەمانە لە دەرەوەڕا دەسەڵاتێکی تەریب بە دەسەڵاتە فەرمییەکان دروستدەکەن و لە دەزگا فەرمیەکانیش زۆر زیاتر دەسەڵاتدارترن. نموونەی ئەو دەزگایانەش، مەکتەبی سیاسیی حیزبەکان و بارەگا تایبەتەکانە، بە تایبەتی بارەگاکەی بارزانی، کە چەقی قورسایی دەسەڵاتەکانی ناو ھەرێمە. ئەمە جگە لە بازنە داخراوەکانی خێزان و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان. چوارھەم، خاڵێکی دیکە کە وادەکات ھەڵبژاردن مانایەکی ئەوتۆی بۆ نەمێنێتەوە، مەسەلەی بە شەخسیکردنێکی تەواوی دەسەڵاتە لە ھەرێمەکەدا. زۆربەی جار کەسی ژمارەیەکی ناو پارتە حوکمڕانەکان، کە بەردەوام لە دەرەوەی دەزگا فەرمییەکانی حوکمڕانییەکەدان، بڕیاردەری سەرەکیی ناو ھەرێمەکەن. ئەم بەشەخسیکردنەی دەسەڵاتیش سەرجەمی بڕیارە سترتاتیژییەکان دەخاتە بەردەمی توانای عەقڵیی و تێگەیشتنی سیاسیی و دۆخی سایکۆلۆژیای ئەو چەند بکەرە سیاسییە دیاریکراوەوە، کە لە ھەموو سەرێکەوە وێرانن. پێنجەم، لەم جۆرە سیستمە سیاسییەدا نە یاسا رۆل دەبینێت، نە بەرپرسیاریەت، تەنانەت نە ئایدیۆلۆژیا و جیھانبینیەکی سادە و بەرپرسیاریش. سیستمی سیاسیی ھەتا شەخسیتر بێت زیاتر دەسەڵاتگەر و نابەرپرسیار و توندوتیژتر دەبێت. زیاترش دەکەوێتە ژێر رەحمەتی دۆخی دەرونیی و تێگەیشتنی سنوورداری ئەو کەسایەتییە دەسەڵاتدارانەوە کە حوکمڕانن. ئەوەی دروستکراوە و و ئیشدەکات نە ئامادەگیی دەزگا و لۆژیکی کارکردنی دەزگاییە، نە یاسایە، نە جیھانبینییەکە کە لانی ھەرەکەمی تێگەیشتنی عەقڵانی ئەو ژینگەیەی تیایدابێت کە کە ئەو بکەرانە لەناویدا کاردەکان، نە ئەو لانی ھەرکەمەی بوونی کۆمەڵێک حەڵاڵ و حەرامی سیاسییش، کە بتوانێت سنوورێک بۆ دۆخی سایکۆلۆژیی و خواستی شەخسی تەماحی گەورەی حوکمڕانەکان، دابنێت. یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین دەرەنجامەکانی بەشەخسیکردنی تەواوەتی حوکمڕانیی لە ھەرێمەکەدا، کە ھاوکات کۆڵەکەی سەرەکیی بەخێزانیکردنی دەسەڵاتە، تەڵاقدانی سەرتاسەریی ئایدیۆلۆژیایە. ھەموو ئەوانەی باس لە بوونی ئایدیۆلۆژیای نیولیبرالیزم یان ناسیۆنالیزم یان کوردایەتیی یان ھەر ئایدیۆلۆژیایەکی تر لەناو حوکمڕانییەکەی ھەرێمدا دەکەن، بە ھەڵەداچوون. ئایدیۆلۆژیا ئەرکی جیاواز ئەنجامئەدات و سنووری تایبەتیش بۆ حوکمڕانان دادەنێت، ھەردوو دیوەکەی ئایدیۆلۆژیا لە ھەرێمدا غائیبە. بۆ نموونە، یەکێک لە ئەرکەکانی ئایدیۆلۆژیا ئەوەیە قەناعەت بە خەڵکی کۆمەڵگاکە بھێنێت، ئەوەی حوکمڕانەکان ئەنجامیئەدەن ھەڵگری مەعقولیەتیەکی تایبەتە و و ئەم مەعقولیەتەش لانیکەمی باوەڕ و متمانە لای خەڵکە کە دروستدەکات. بەڵام لە ھەرێمدا شتێک بەناوی باوەڕ و متمانە بە حوکمڕانان لە ھەرێمەکەدا، نەماوە. دواھەمینشتێک خەڵکی ھەرێمەکە گوێیلێبگرن قسە و باس و لێکدانەوە و بەڵێن و شیکردنەوەی حوکمڕانەکانە بۆ دیاردەکان. ھاوکات ھەر ئایدیۆلۆژیایەک وێنەیەکی ئایندەیی بۆ ئەو کۆمەڵگایە دەکێشێت کە ھەڵگرانی ئەو ئایدیۆلۆژیایە دەخوازن دروستیبکەن، یان وێنەیەک بۆ جۆری ئەو پەیوەندییانەی کە دەیانەوێت سەروەریبکەن. لەم ڕێگایەوە حوکمڕانان دەخوازن نیشانیبدەن کۆمەڵگاکە بەرەو کوێ دەبەن و دەخوازن چ جیھانێک بۆ دانیشتوانی وڵاتەکە دروستبکەن. غیابی ئەم وێنە گشتییە پابەستی ئەو ڕاستییەیە کە حوکمڕانیکردن لە ھەرێمدا زەوق و خواستی شەخسیی و سایکۆلۆژیای تایبەتی کۆمەڵێک بکەری سیاسیی دیاریکراو ئاراستەیدەکات و ئەم خواست و زەوق و سایکۆلۆژیایەش نایەوێت ھیچ ڕێگر و بەربەستێکی لەبەردەمدابێت، یان ھیچ شتێک سنوورداری بکات، تەنانەت گەر وێنەیەکی گشتیی و ئایندیەیی کۆمەڵگاکە خۆیشی، بێت. ئەوەیشی تا ئێستا نیشانیانداوە بە ئاغاکردنی خۆیان و بە رەعیەتکردنی کۆمەڵگاکەیە، بۆ ئەمەش پێویستیان بە ئایدیۆلۆژیا نییە، بەڵکو پێویستیان بە میلیشیا و ھێزی سەربازیی ھەیە. ھاوکات ھەموو ئایدیۆلۆژیایەک ھەڵگری توانایەکی تایبەتی شیکردنەوە و لێکدانەوەی جیھانە، ھەڵگری جۆرێک لە زمان و دەستەواژە و چەمکی تایبەتە بۆ تەفسیرکردنی دیاردەکان و ئەو ژینگەیەی کۆمەڵگاکە لەناویدا دەژی. بکەرە سیاسییە سەرەکییەکانی ھەرێم نەک خۆیان ھەڵگری ھیچ توانایەک لەم توانا تایبەتانەی شیکردنەوەی جیھان نین، کە بوونی ئایدیۆلۆژیا داوای دەکات، بەڵکو ھاوکات ھەر یەکێک لەو ئەرکانە دەشێت دیسانەوە ببنە سنوور لە بەردەم خواست و زەوق و دۆخی سایکۆلۆژیی ھەریەکێکیاندا. ھەمو تێگەیشتنێکی عەقڵانی بۆ جیھان سنوور بۆ ھەموو خەون و خواست و ناعەقڵانیەتێکی سایکۆلۆژیی، دادەنێت. بێگومان تەڵاقدانی ئایدیۆلۆژیا لە ھەرێمدا پەیوەندیی بە گواستنەوەوە بۆ قۆناغی دوای ئایدیۆلۆژیا نییە، بەڵکو چەقبەستن و گیرخواردنە بەدەست تەماح و خواست و نەفسییەتی ژمارەیەکی کەم لە بکەری سیاسییاوە، کە لەناو چەند بنەماڵەیەکی سیاسیدا نیشتەجێن و بە لۆژیکی قازانجە تایبەتەکانی ئەو بنەماڵانە، بیردەکەنەوە و کاردەکەن. بەم مانایە حوکمڕانی لە ھەرێمدا لە قۆناغی دوای ئایدیۆلۆژیادا ناژیی، بەڵکو لە قۆناغی بەر لە دروستبوونی ئایدیۆلۆژیا و فیکر و لێکدانەوەیەکی عەقڵانیدا. لەم جۆرە سیستمانەدا ئەوەی کاردەکات شیکردنەوەی جیھان و تێگەیشتنی فیکریی لە دۆخە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان نییە، بەڵکو ھەستە، بەتایبەتی ھەستە ھەرە نێگەتیڤ و تێکدەرەکان، لە پێش ھەمووانیشەوە ھەستی ڕق و بوغز و توڕەبوون، ھەستی ئێرەیی و ناسیزم. کە بەسەریەکەوە تەماحدارییەکی گەورە لە دەسەڵات و قازانجەکانی دەسەڵاتداربوون، لێدەکەوێتەوە و ئاراستەی دەکات. ھەموو ئەم شتانە وا دەکەن شتێک بەناوی ئایدیۆلۆژیاوە لە ھەرێمدا بوونی نەبێت و لە باتی ئایدیۆلۆژیا وەلائی شەخسیی بۆ ھەندێک کەس و خێزان و بنەماڵەی سیاسیی، سەروەربێت. ھەڵبژاردن بۆ ئەوەی مانای ھەبەێت، پێویستە ھەنگاوێک بێت بۆ چوونەدەرەوە لەم دۆخە، بەڵام ئەوەی ئەبینرێت غیابی بەرفراوانی سەرجەمی ئەو پێداویستییە سەرەتاییانەیە.
درەو: زانیار حەمەد محەمەد ساڵح- گۆڤاری توركیا ناسی - سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی پێشەكی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی تورکیا دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)و پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، نوێنەرایەتیی دوو لایەنی بەرچاوی ستراتیژیی نەتەوەیی توركیا دەکەن، هەردوو ستراتیژییەكە وابەستەی یەكترینو كاریگەرییان لە سەر یەكتری هەیە، شكستهێنانی هەر یەكێكیان كاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی دەبێت لە سەر ئەوی تریان. لە کاتێکدا ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان ئامانجیان ئاسایشی نەتەوەییە لە بەرانبەر هەڕەشە هەستپێکراوەکان لەلایەن پەكەكەوە، پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان تورکیا بەرەو سەردەمێکی نوێی خۆشگوزەرانیی ئابووریو کاریگەریی ناوچەیی دەباتو ستراتیژیی ئاسایشو گەشەپێدان بەردەوام كاریگەریی دەبێت لە سەر داڕشتنی سیاسەتی ناوخۆییو دەرەوەی تورکیا، کە کاریگەریی قوڵی لە سەر داهاتووی ڕێڕەوی سیاسیو ئابووریی ئەو وڵاتە دەبێت. ئەم ڕێبازە گشتگیرە، هەرچەندە پڕە لە ئاڵنگاری، بەڵام جەخت لە سەر خواستەکانی تورکیا دەکاتەوە بۆ پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی خۆی لە گۆڕەپانی ناوچەییو جیهانیدا. سەرکەوتنی ستراتیژییەکانی تورکیا بەندە بە چەند هۆکارێکەوە. کاریگەریی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکانی پەکەکە، لەگەڵ هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی ناڕەزایەتییەکانی کورد، یەکلاییکەرەوە دەبێت. لە هەمان کاتدا جێبەجێکردنو بەڕێوەبردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان پێویستی بە پلاندانانو وەبەرهێنانو هاوکاریی ناوچەیی بەهێزدەبێت. هاوسەنگکردنی ئەم دوو ئامانجە کلیلی دڵنیابوون دەبێت لەوەی کە تورکیا دەتوانێت هەم گەشەی ئەمنیو هەم گەشەی ئابووری بەدەستبهێنێت. پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لە نێوان توركیاو عێراقدا کەسانێک هەن کە پێیانوایە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان پڕۆژەیەکی نوێ نییەو بیرۆکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەمو لە بنەڕەتدا بریتییە لە دامەزراندنی هێڵی شەمەندەفەری “بەسرە – بەغدا – بەرلین”، بەڵام ئەم پڕۆژەیە بە هۆی سەرهەڵدانی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە ڕاگیراو دواتر بیرۆکەی دامەزراندنی پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە یان پڕۆژەیەکی هاوشێوەی جارێکی تر پێشنیارکرایەوە، کاتێک حکومەتە یەکلەدواییەکەکانی عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ژێر ناوی “کەناڵی وشک”دا قسەیان لە سەر کرد. کۆمپانیای کۆریای باشوور (Daewoo) ڕاسپێردرا بۆ کارکردن لە سەر جێبەجێکردنی پڕۆژەكە.(١) سەرەتا پڕۆژەکە بە”کاناڵی وشک” ناونرابوو بەر لەوەی لە ئازاری (٢٠٢٢) بگۆڕدرێت بۆ “پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان” یاخود ڕێگەی گەشە، کە ھاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەکەی نێوان محەمەد شیاع سودانی؛ سەرۆکوەزیرانی عێراقو ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆککۆماری تورکیادا، کە لە ئازاری (٢٠٢٢) لە ئەنقەرە کرا، ئێستا پڕۆژەکە بە “بناغەی پڕۆژەی ئابووریی بەردەوامی نانەوتی” ناودەبرێت. پڕۆژی”ڕێگەی گەشەپێدان” پرسی گرنگی سەردانەکەی (٢٢ – ٢٤)ی ئابی (٢٠٢٣)ی هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا، بوو بۆ عێراق، ئەمە جگە لە گفتوگۆکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆكکۆماری تورکیا، لە لوتکەی سەرکردەکانی (G20)دا کە لە ڕۆژانی (٩)و (١٠)ی ئەیلوولی (٢٠٢٣) لە نیودەلھی بەڕێوەچوو. ڕۆژی (٢٧)ی ئایاری (٢٠٢٣)، بە بەشداریی نوێنەری ھەریەک لە وڵاتانی سعودیە، تورکیا، سوریا، ئوردن، کوێت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، عومانو ئێران، ھەروەھا نوێنەرانی بانکی نێودەوڵەتیو یەکێتیی ئەوروپا، کۆنفرانسی “ڕێگەی گەشەپێدان” لە بەغدا بەڕێوەچوو.(٢) ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، (٢٢)ی نیسانی (٢٠٢٤) لە سەردانێکی فەرمیدا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد. سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ عێراق دوای (١٣) ساڵ بوو، کە تێیدا ڕێککەوتنی “پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان” لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵاتەوە واژووکرا.(٣) بە پێی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، عێراقو تورکیا لە سەردانە یەکڕۆژییەكەی ئەردۆگاندا زیاتر لە (٢٦) ڕێککەوتننامەیان واژووکردووە، ئەردۆگانو سودانی، هەروەها سەرپەرشتیی واژووکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی چوارقۆڵیی نێوان تورکیا، عێراق، قەتەرو ئیماراتیان کرد بۆ هاوکاریی هاوبەش لە سەر پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانی عێراق، کە (١٧) ملیار دۆلاری تێدەچێت، هەریەک لە وەزیری گواستنەوەو هەواڵداری قەتەرو وەزیری ژێرخانو گواستنەوەی ئیمارات ئامادەبوون. پڕۆژەی ڕێگەوبانو شەمەندەفەرەکە بە درێژایی (١٢٠٠) کیلۆمەتر (٧٤٥ میل)، ئامانجی ئەوەیە عێراق بکاتە ناوەندێکی ترانزێت، ئاسیاو ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە(٤). دوای تەواوبوونی “بەندەری فاو” دەبێتە یەکێک لە گەورەترین بەندەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە درێژییەکەی (١٤) هەزارو (٥٢٣) مەتر دەبێت. ئەو پڕۆژەیەی باسکراوە، عێراق بە ڕێگەی وشکانیو هێڵی شەمەندەفەرەوە بە ئاسیاو ئەوروپا دەبەستێتەوەو ئامانجیشی کەمکردنەوەی کاتەکانی گواستنەوەو گۆڕینی ناوچەکەیە بۆ ناوەندێکی ترانزێت. پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کە بە “ڕێگەی ئاوریشمیی عێراق” ناودەبرێت، وەک تێپەڕگەیەکی ڕکابەری نۆکەندی سوێس دادەنرێتو ئامانج لێی خێراکردنی گواستنەوەی کاڵاو شتومەکی بازرگانییە لەم ڕێگەیەوە. ئەو ھێڵی ئاسنینو ڕێگە خێرایەیە کە بەندەری فاو بە سنووری تورکیاوە دەبەستێتەوە، بۆیە ئامادەیە ڕکابەریی هەردوو دەستپێشخەریی پشتێنو ڕێگەوبانی چینو كۆریدۆری ئابووریی هیندستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەوروپا بکات، کە هیچ کامیان بە عێراقدا تێناپەڕن.(٥) هێڵی پڕۆژەی گەشەپێدانی ستراتیژی بریتییە لە گواستنەوە لە بەندەری گەورەی فاوەوە لە بەسرە لە باشووری عێراق بۆ ناوچەی پێشخابوور لە سەر سنووری تورکیا. لەو چوارچێوەیەدا، هێڵێکی شەمەندەفەر بە درێژیی (١١٧٥) کیلۆمەترو ڕێگەیەکی وشکانی بە درێژی (١١٩٠) کیلۆمەتر دروستدەکرێت، ڕێگەکە لە باشووری وڵات دوو ڕێڕەوی جیاوازی هەیە، بەڵام لە باکووری پارێزگای کەربەلا یەکتر دەبڕن، پاشان هاوتەریبی یەکتر دەڕۆن هەتا دەگەنە ناوچەی پێشخابوور، لە بەندەری گەورەی فاو لە باشوورەوە درێژدەبێتەوە، پاشان بە پارێزگاکانی بەسرە، زیقار، کەربەلاو نەجەف، بەغدای پایتەخت، سەڵاحەدینو نەینەوادا، تێدەپەڕێتو لە خاڵی سنووریی پیشخابوورەوە بەرەو دیوی تورکیا کۆتاییدێت. ڕێگەكە بە ناو (١١) پارێزگای عێراقدا تێدەپەڕێت. نەخشەی (١): هێڵی وشکانیو شەمەندەفەر لە عێراقو تورکیا ڕووندەکاتەوە سەرچاوە: (https://www.aa.com.tr) کارەکانی دروستکردنی بەندەری گەورەی فاو لە پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق بەردەوامە، کە بە یەکەم وێستگەی پڕۆژەی “ڕێگەی گەشەپێدان” دادەنرێت، بەندەرەکەیش دەکەوێتەسەر ڕووباری شەتولعەرەب، کە ئاوی ڕووبارەکانی دیجلەو فورات تێیدا کۆدەبنەوە، پێش ئەوەی بچنە کەنداوی عەرەبییەوە. پڕۆژەکە لە ناوچەی بەندەری فاو لە پارێزگای بەسرە دەستپێدەکاتو بە شارەکانی دیوانیە، نەجەف، کەربەلا، بەغداو موسڵدا تێدەپەڕێت، پاشان دەگاتە بەندەری مێرسینی تورکیا. پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای (PEG Infrastructure)ی ئیتاڵییەوە دیزاینکراوەو دوای تێپەڕبوونی بە بەغدادی پایتەختو شاری موسڵدا، کە دووەم گەورەترین شاری عێراقە، لە گوندی “ئۆڤاکۆی” لە پارێزگای شرناخەوە دەچێتە تورکیا. بڕیارە لە ساڵی (٢٠٢٥)دا کارەکانی دروستکردنی بەندەری گەورەی فاو تەواوبکرێت، ھەروەھا پێشبینیدەکرێت (٩٠) شۆستە بۆ لەنگەرکردنی کەشتی تێیدا دروستبکرێت، توانای بەندەری “جەبەل عەلی” لە دوبەی تێبپەڕێنێت، کە (٦٧) شۆستەی بۆ لەنگەرکردنی کەشتی تێدایەو بە گەورەترین بەندەری کۆنتێنەر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دانراوە، زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە کێبڕکێدەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی بازرگانیی نێودەوڵەتی بە دامەزراندنی ڕێڕەوی ئابووریی نوێ، تورکیا ئامانجی ئەوەیە ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە بەستنەوەی بازرگانیی نێوان ئاسیاو ئەوروپا. یەکێک لە هەنگاوە هەرە چارەنوسسازەکانی ئەم هەوڵە دامەزراندنی ڕێڕەوێکی ئابوورییە لە نێوان عێراقو تورکیادا.(٦) ئەم پڕۆژەیە بە سێ قۆناغ دەکرێت: قۆناغی یەکەم لە ساڵی (٢٠٢٨) کۆتاییدێت، قۆناغی دووەم لە ساڵی (٢٠٣٨) کۆتاییدێت، قۆناغی سێیەمو کۆتایی پڕۆژەکە لە ساڵی (٢٠٥٠) کۆتاییدێتو قازانجی چاوەڕوانکراو بۆ ئەم پڕۆژەیە ساڵانە، کە بە زیاتر لە (٤) ملیار دۆلار مەزەندەدەکرێت، ساڵانە خزمەتگوزاریی گەشتکردن بۆ زیاتر لە (١٥) ملیۆن كەس دابیندەکات، زۆرترین خێرایی بۆ گواستنەوەی سەرنشین (٣٠٠) کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا بە شەمەندەفەری خێراو نزیکەی (١٥٠) کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا بۆ گواستنەوەی کاڵا.(٧) ئۆپراسیۆنی توركیا دژ بە پەكەكەو پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە دژی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان چڕترکردووەتەوە. ئەم هێرشانە بە ناوی ئۆپراسیۆنی چنگ-قفڵ، هەردوو هێرشی زەمینیو ئاسمانی لەخۆدەگرێت، کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لەوەی پەکەکە عێراق وەک بنکەیەک بەکاربهێنێت بۆ هێرش بۆ سەر تورکیا. ئەم دەستپێشخەرییە دوای زنجیرەیەک ئۆپراسیۆنی هاوشێوە لە ساڵانی ڕابردوودا دێتو ڕەنگدانەوەی ستراتیژیی بەردەوامی تورکیایە بۆ دامەزراندنی ناوچەی پاراستنی ئەمنی بە درێژایی سنوورەکانی، ئەنقەرە بوونی پەكەكە لە سنوورەكانی بە گەورەترین هەڕەشەی ئەمنی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی.(٨) .حکومەتی تورکیا ئەم ئۆپراسیۆنەی وەک ڕێکارێکی پێویست بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی ئەمنیی لەمێژینەی پەکەکە بە پاساو هێناوەتەوە. پەکەکە لەلایەن تورکیاو ئەمریکاو یەکێتیی ئەوروپاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە، چالاکییەکانی ئەم دواییەی تورکیا بریتی بوون لە جێگیرکردنی ئامێرو كەرەستەی پێشکەوتووی سەربازی، وەک سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی (ئێس-٤٠٠)ی دروستکراوی ڕوسیا، بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکانو بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئاسمانییەکانی پەکەکەو قەوارە دوژمنکارەکانی دیکە.(٩) لە کانوونی دووەمی (٢٠٢٣)وە ئەنقەرە ئامادەکاریدەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان دژی پێگەکانی پەکەکە لە باکووری عێراق، بە ئامانجی دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراو، کە درێژدەبێتەوە بۆ (٣٠-٤٠) کیلۆمەتر لە قوڵایی خاکی عێراقدا. ئەم دەستپێشخەرییە بریتییە لە دروستکردنی بنکەی چاودێریو سەربازی بۆ چاودێریکردن. ئەنقەرە بە داننان بە پێویستیی هاوکاریی حکومەتی عێراق بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە، هەوڵیداوە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی تۆکمە لەگەڵ بەغداددا واژووبکات. ئەم ڕێککەوتنە، کە پەیوەستە بە هاوکاری لە بوارە جیاجیاکاندا، وەک بازرگانیو بەڕێوەبردنی ئاو، بە واژووکردنی (٢٦) یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنو ڕێککەوتنی ستراتیژی لە سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، بۆ بەغدا لە (٢٢)ی نیسانی (٢٠٢٤) جەختی لە سەر کرایەوە، تورکیا ئامانجی پەرەپێدانی هاوکارییە لەگەڵ هەردوو حکومەتی ناوەندی لە بەغداو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لە هەولێر.(١٠) لەگەڵ ئەم هەوڵە سەربازییانەدا، ئەنقەرە ئامادەسازییدەكات بۆ ئەوەی لە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێداندا ڕۆڵێكی گرنگو تایبەتی هەبێت لە گۆڕەپانی سیاسیو ئابووریی هەرێمیو نێودەوڵەتی، کە ئامانجی بەرزکردنەوەی بازرگانیو پەیوەندیی نێوان تورکیاو عێراقو ناوچە فراوانەکەیە. ئەم پڕۆژەیە کە پەیوەندیی ڕێگەوبانو شەمەندەفەر لەخۆدەگرێت، مەبەست لێی پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانو ئاسانکارییە بۆ هەناردەکردنی کاڵا بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان. پڕۆژەکە جەخت لە سەر بەرژەوەندیی ستراتیژیی تورکیا دەکاتەوە بۆ ناوچەکە، نەک تەنها لە ڕوانگەی ئەمنییەوە، بەڵکو لە ڕووی یەکگرتنی ئابووریو کاریگەریی ناوچەییشەوە.(١١) تورکیا دەیەوێت بەم پڕۆژەیە حکومەتی عێراق لە دژی کورد بۆ لای خۆی ڕابکێشێتو لە ڕێگەی گواستنەوەی وزەو پەیوەندییە بازرگانییەکانەوە بەدەر لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، هیوایەکی گەورەی بە دروستکردنی ئەم ڕێڕەوە بازرگانییە هەیە. بە بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکە، چەمکێکی نوێی لەودیو سنوورەکانی تورکیای هێنایەئاراوە. تورکیا کە پێشتر ئۆپراسیۆنی ئاسمانیو وشکانی بەو شێوەیەی کە ئەمریکا ڕێگەیپێدابوو، لە دژی پەکەکە دەکرد، بەڵام لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا دەستی بە دروستکردنی بنکەی سەربازی لە زنجیرەشاخەکانی هەرێمی کوردستان کردووە. دەکرێت بگوترێت یەکێک لە هۆکارەکانی لەشکرکێشیی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان بە ئامانجی بەرەوپێشچوونی ڕێڕەوەی ڕێگەی گەشەپێدان بوو لە فاوەوە. ئامانجی ستراتیژیی تورکیا بۆ دڵنیابوون لە ڕێگەی گەشەپێدان، داگیرکردنی زنجیرەشاخەکانی هەفتانین، مەتینا، ئاڤاشین، خواکوڕک، زاپ، گارە، قەندیلو ئاسۆس بوو.(١٢) لە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانو عێراقدا، ڕەچاوکردنی ئەمنیو ئابووری دوو بابەتی هەرە گرنگن. تورکیا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە بنکەی سەربازی بۆ ئۆپراسیۆنەکانی دژی پەکەکە لە لە دهۆکو هەولێر دامەزراندووە، هەتا ساڵی (٢٠١٦) ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، زۆربەیان کورتخایەن بوونو ئەنقەرە ئامانجی دامەزراندنی بنکەی هەمیشەیی لەوێ نەبووە، بەڵام دوای ڕاگەیاندنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە (٢٥)ی ئەیلوولی (٢٠١٧)و هەڵوێستی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ؛ سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا، سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیای لە هەولێرو دهۆک زیادکرد، هەر بۆیە سوپای تورکیا لە ساڵی (٢٠١٨) دەستیکرد بە دامەزراندنی بنکەی هەمیشەیی لەو شوێنانە.(١٣) بۆ ئەو مەبەستەیش ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، ڕایگەیاندبوو کە پلانی کاریگەریان هەیە بۆ سڕینەوەی پەکەکە بۆ هەمیشەییو دروستكردنی ڕێڕەوی ئەمنی بە قوڵایی (٣٠-٤٠) کیلۆمەتری بە سەر سنووری وڵات لەگەڵ عێراقو سوریادا. ئاماژەی بەوەیش كرد کە هەتا هاوینی ئەمساڵ کێشەکانی سنوور لەگەڵ عێراقدا چارەسەردەکەن. هەروەها یەشار گیولەر؛ وەزیری بەرگریی توركیا، جەختی لە سەر ئەوە كردەوە کە “تیرۆر چیتر نابێتە کێشە بۆ وڵاتەکەمانو هەتا ئەو کەلێنە ئەمنییە دانەخەینو باکووری عێراق لە تیرۆریستان پاکنەکەینەوە، ئەرکەکانمان کۆتایینایەت.”(١٤) لە لایەکی دیکەوە سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی توركیا لەگەڵ عێراقدا دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، دوای ئەوەی وڵاتانی دراوسێ ڕێککەوتن لە سەر هاوکاریکردن لە دژی “پەكەكەو یەپەگە”، پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی نوێی بازرگانیو ڕەچاوکردنی پێداویستییەکانی عێراقەوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئاو بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە عێراقدا. دواتر ئەردۆگان بە سەردانێکی زۆر چاوەڕوانکراو لە عێراق بوو، کە یەکەم سەردان بوو لەلایەن سەرکردەیەکی تورکیاوە لە ساڵی (٢٠١١)وە، ئەردۆگان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی؛ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا، ڕایگەیاند کە “من باوەڕی تەواوم هەبوو کە بوونی پەکەکە لە عێراق کۆتاییدێت.” لە بەغداد محەمەد شیاع سودانی ئاماژەی بەوە کرد کە هەردوو وڵات ڕێککەوتن لە سەر “چوارچێوەی ستراتیژی”، کە چاودێریی ئاسایشو بازرگانیو وزە دەکاتو هەروەها ڕێککەوتنێکی (١٠) ساڵە لە سەر بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، کە پێداویستییەکانی عێراق لەبەرچاوبگرێت. سودانی ئاماژەی بەوەیش کرد کە هەردوو وڵات هاوکار دەبن بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکانو مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکاندا، لە ئاكامی ئەو سەردانەدا عێراق بوونی پەكەكەی لە سەر خاكی خۆی بە نایاسایی ناساندو وەك ڕێکخراوێکی قەدەغەكراو ناویهێنا، بەڵام ئامادەنەبوو وەک تیرۆریست بیناسێنێت.(١٥) بە پێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاوە بڵاوكراوتەوە، بڕیار وایە كە ئۆپراسیۆنی دژ بە پەکەکە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە ئەم هاوینە دەستپێدەکات، دەکرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدادا، تەنیا پەیوەندیی بە ئاسایشەوە نەبێت، بەڵکو ئۆپراسیۆنەکە بەشێک دەبێت لە ستراتیژییەکی فراوانتر، کە پێشنیاری “ڕێگەی گەشەپێدان”ی تێدایە، کە تورکیاو عێراق بەیەکەوەدەبەستێتەوە، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووریو سیاسییەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراقدا. دەکرێت ئەم هەوڵانە بەرەنگاری هەژموونی گەشەسەندووی ئێران ببێتەوە لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە عێراقدا، بەڵام لە پێناوی سەرکەوتنی هەردوو پلانەکەدا تورکیا پێدەچێت پێویستی بە ڕەزامەندیو گرەنتیی ئێران ببێت.(١٦) ئەنقەرە وەک یەکێک لە هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی عێراق ماوەتەوەو کاڵای تورکیایش لە عێراقدا باڵادەستە. گرێبەستەکانی ئەم دواییە دەیسەلمێنن کە بەغدادو ئەنقەرە بواری بازرگانیی زیاتر بەهێزدەكەن، هەروەها هاوکاریی دوولایەنە لە بوارەکانی وزە، بەرگری، گەشتیاری، پەروەردە، وەرزشو تەندروستیدا پتەوتردەبێت.(١٧) بە پێی ئەو زانیارییانەی كە بڵاوكراوەتەوە، تورکیا بیر لەوە دەکاتەوە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی (ئێس-٤٠٠)ی دروستکراوی ڕوسیا بە درێژایی سنوورەکانی عێراق جێگیربکات، ئەمەیش لە چوارچێوەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی ئەگەری هەیە لە داهاتوودا بۆ سەر پەکەکە لە کوردستانی عێراق جێبەجێبکرێت، ئەمە یەکەم ئۆپراسیۆنی توركیا دەبێت كە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی (ئێس-٤٠٠) جێگیردەكات لە سنوورەكان، لە دوای کڕینی لە ساڵی (٢٠١٧)، سەرەڕای ئیدانەکردنی بەرفراوان لەلایەن هاوپەیمانەکانی ناتۆوە. لە ئەگەری جێگیرکردنی (ئێس-٤٠٠)، كە بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکانە، کە گوایە لەلایەن پەکەکەوە دەستیانکەوتووە، بەڵام شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە تواناکانی (S-400) لە بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەبێفڕۆکەوانە بچووکەکان زیاترە بۆ بەرگریکردن لە مەترسییە ئاسمانییە گەورەکان، لەوانەیش موشەکی کروزو بالیستی، هاوشێوەی ئەوانەی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەکارهێنراون. بڕیاری جێگیرکردنی ئەم سیستەمە دروستکراوانەی ڕوسیا لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەندامانی دیکەی ناتۆدا ئاڵۆزبکات، بە تایبەتی ئەمریکا، کە بە توندی دژی خاوەنداریەتیو ئەگەری بەکارهێنانی (ئێس-٤٠٠) لەلایەن تورکیاوە، بە هۆی نیگەرانییەکانی لە کارپێکردنی یەکترو سازشکردن لە سەر سیستەمی بەرگریی ناتۆوە. ئەگەر بە ڕاستی (ئێس-٤٠٠) لەلایەن ئەنقەرەوە جێگیربکرێت، دەکرێت وەک وەڵامێک بێت بۆ هەڕەشە ئەگەرییەکانی موشەکە بالیستییەکانی ئێران، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هێرشە موشەکییەکانی ئەم دواییە لە باکووری عێراق، بەڵام ئەگەری جێگیرکردنی (ئێس-٤٠٠) نیگەرانیو ئاڵۆزییەکی بەرچاو دەوروژێنێت، بە تایبەتی سەبارەت بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی تورکیا لە ناو ناتۆو ناکۆکیی بەردەوامی لەگەڵ ئەمریکادا لە سەر خاوەنداریەتیی ئەم سیستەمە دروستکراوانەی ڕوسیا.(١٨) پێکەوەگرێدانی تورکیا لەگەڵ پڕۆژە گەورەکەیو ئۆپراسیۆنی دژە_پەکەکە، چانسی سەرکەوتنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانو ئۆپراسیۆنەکان بەهێزتردەکات، بەڵام ئەم پەیوەندییە بەیەکەوە دەتوانێت شمشێرێکی دوولاتیژ بێت؛ ئەگەر لایەنێكیان شکستیهێنا، لەوانەیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕێگری لە سەرکەوتنی لایەنەكەی تر بکات. بۆ خۆئامادەکردن بۆ هێرشێکی کاریگەر دژی پەکەکە، ئەنقەرە سەرقاڵی دیبلۆماسییەکی چڕ بووە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانو حکومەتی ناوەندیی عێراقو فەرماندەکانی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێراندا، دوابەدوای سەردانەکەی ئەم دواییەی هاکان فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا، عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشی لەگەڵ تورکیادا بڵاوکردەوەو تێیدا پەکەکەی بە ڕێکخراوێکی “قەدەغەکراو”و “مەترسیدار بۆ ئەمنیەتی هەردوو وڵات” ناوزەدکرد، کە ئەنقەرە بە سەرکەوتنێکی گەورە سەیریکرد. لەوانەیە تورکیا ئۆپراسیۆنەکەی دژی پەکەکە لە “ناوچەی گارە”، کە دەکەوێتە پارێزگای دهۆک، چڕبکاتەوە. گرنگترین ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە دڵنیابوونە لە ئاسایشی ڕێگەی گەشەپێدان، کە بە موسڵدا تێدەپەڕێت، کە نزیکەی (٣٠کم) لە گارەوە دوورە. ئەنقەرە بە تایبەتی نیگەرانە لەوەی کە بوونی پەکەکە لە شەنگال (ڕۆژئاوای موسڵ) ڕەنگە كێشە بۆ پڕۆژەکە دروستبكاتو بەم شێوەیە کارەکانی لە هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دەشتی موسڵو ڕێگەی گەشەپێدانەوە، بۆیە بەرپرسانی تورکیا دەڵێن: ئەگەر ئەو ڕێڕەوە بکرێتەوە، هەولێرو موسڵو کەرکووکو بەغدا بە هاوبەشی لە پڕۆسەکەدا ئاوەداندەکرێنەوە.(١٩) ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان دوای چەندین ساڵ لە قەیرانی ئەمنیو سیاسیو گرژیو ئاڵۆزی لە گۆڕەپانی عێراق، بە تایبەتی دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی (٢٠٠٣)، عێراق لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرەو دەستپێشخەریو پڕۆژەی زۆر هەنگاویناوە، کە هاوکار دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی خۆی لە ناوچەکەو دروستکردنی ڕۆڵێکی ناوچەیی کاریگەرو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیو کەنداودا، بۆیە هەنگاوەكانی بە ئاڕاستەی گەڕانەوەی پێگەی نیشتیمانیی خۆی بووە، لە بەرانبەر دۆزینەوەی جۆرێک لە هاوسەنگی لە پەیوەندییە هەرێمیو نێودەوڵەتییەکانیدا، کە بووەتە هۆی ناهاوسەنگی.(٢٠) ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بریتین لە ناسەقامگیریی سیاسی، ئاڵۆزییەکان سەبارەت بە دامەزراوەکانی دەوڵەتو پرسە ئەمنییەکان لە عێراق. هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا دۆخی ئەمنیی عێراق باشتربووە، بەڵام لەوانەیە بوونی گرووپە میلیشیاکان مەترسی دروستبكەن بۆ پڕۆژەكە. هەروەها چالاکییەکانی پەکەکە لە باکووری عێراق مەترسییەکی دیکەیە بۆ پڕۆژەکە. تورکیا، کە پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت، ماوەیەکە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو گرووپە لە عێراق دەکات، ئاڵۆزترکردنی بابەتەکان، قەیرانی بەردەوامی حوکمڕانیو دابەشکردنی دەسەڵات لە عێراقدا، بوونی گرووپگەلێک، کە وەک بریکاری زلهێزە دەرەکییەکان کاردەکەن، کە پەیوەندیی جۆراوجۆریان بە حکومەتی عێراقەوە هەیە، ئاستەنگ دروستدەکاتو هەروەها بوونی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، كە شانەی نوستوویان هەیە، ئەگەری زۆرە لە داهاتوودا كێشە بۆ پڕۆژەكە دروستبكات، جگە لەوەیش، هەتا ئێستا هیچ ئاشتەوایییەکی تەواو لە نێوان هەولێرو بەغدا نەکراوە، کێشەی چارەسەرنەکراو لە سەر بودجەو دابەشکردنی داهاتی نەوتیو نانەوتی، بەڵام پەیوەندییە نزیکەکانی ئەنقەرە لەگەڵ هەولێر دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەم پرسانە کاریگەرییان لە سەر پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان نەبێت. لە هەمان کاتدا ئەردۆگان هەوڵدەدات پڕۆژەکە لە چوارچێوەیەکی ناوچەییدا دابنێت، نەک تەنها وەک دەستپێشخەرییەکی دوولایەنەی نێوان تورکیاو عێراق وێنابکرێت. ڕێگەی گەشەپێدان تەنیا لە ڕێگەی تورکیاوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەوروپاوە نابەستێتەوە، بەڵکو تورکیا بە دەوڵەتانی کەنداویشەوە دەبەستێتەوە. دیدی ئەنقەرە لەم ڕووەوە لەگەڵ سیاسەتی فرەلایەنیدا هاوتەریبە، کە وڵاتانی کەنداو لەم دواییانەدا پەرەیانپێداوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە تورکیا دوای ماوەیەک گرژیو ئاڵۆزی، کار بۆ دووبارە بونیادنانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیماراتو سعودیەدا دەکات.(٢١) لە لایەكی دیکەوە ڕێكخراوی حیزبوڵڵای عێراق، ڕەخنەی توند لە پڕۆژەی ستراتیژیی “ڕێگەی گەشەپێدان” دەگرێت، ئەبوعەلی ئەلعەسکەری؛ گوتەبێژی هێزە چەكدارەكانی حیزبوڵڵای عێراق، لە پۆستێکدا لە سەر پلاتفۆڕمی (X) گومانی حیزبوڵڵای لە دروستكردنی ڕێگەی گەشەپێدان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نەشاردووەتەوەو داوای ڕوونكردنەوەی كردووە. حکومەتی عێراق لە سەروبەندی سەردانەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان؛ سەرۆکكۆماری توركیادا بۆ بەغدا، ڕایگەیاند کە پێشوو بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیادا دەستیان بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە کردووەو لەو شارانەی دەبن بە ڕێڕەوی ڕێگەكە، وەك بەغدا، پلانی مەیدانی بۆ ڕێڕەوی ڕێگەکە پەسەندکراوە، بەڵام گوتەبێژی حیزبوڵڵا، كە هێزێكی چەكداری نزیك لە ئێرانە، ڕەخنەی توندی لە حکومەتی عێراق گرتووەو ئاماژەی بە نیگەرانیی هێزەكانی لەو ڕێگەیە پیشانداوەو باسی لەوەیش كردووە كە حكومەتی عێراق جددی نییە لە سەر دوورخستنەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە وڵاتدا.(٢٢) هۆكارێكی دیکە بریتیی دەبێت لە لایەنی ئەمنیو ڕێگریکردن لە بوژانەوەی باکووری کوردستان، لەبەرئەوەی هێڵی شەمەندەفەر لە ناوچە کوردییەکاندا نییە یان زۆر خراپە. ئایا تورکیا چۆن ئەم پرسە چارەسەردەکات! بە دانانی پارێزەر بۆ هێڵەکان، کە تێچووی پڕۆژەکە زۆر زیاتردەکات، یان پرسی کورد چارەسەردەکات! کە ئێستا چاوەڕواننەکراوە. لە سەرتاپای عێراق هێڵی نوێی شەمەندەفەریو تایبەت بە گواستنەوەی شەمەندەفەری تەنکەری لەگەڵ ڕێگەی خێرادا (High Way) نییە. لە عێراقدا دروستکردنی پڕۆژەکان بە پشک پشکێنەی کۆمپانیا تایبەتەکانی گرووپو حیزبو میلیشیاکانە، ئەمەیش کاردەکاتە سەر بڕی تێچوونو جۆری پڕۆژەكەو ڕێگەکە بە هەرێمی كوردستاندا تێدەپەڕێت لە شاری زاخۆ بە مەودای چوار کیلۆمەتر. ئەگەر هەوڵبدرێت لە کوردستان بەدورربگیرێت، ئەوا نابێتە ڕێگەیەکی ئابووری، بەڵکو دەبێت به ڕێگەیەکی سیاسی. لەم دۆخەدا دەبێت بە سوریادا تێبپەڕێت، هەروەها سوپای عێراقی بگاتە سەرسنوور، تورکیا بێتەناو سوریاوە، دەسەڵاتی ڕۆژئاڤا دووربخرێتەوە، هێزەکانی سوریا بهێنرێتە ئەو ناوچەیە، بەڵام لەم دۆخەدا ئەمریکا ناڕازییە، چونکە دەبێتە هۆی شکانی ئابڵۆقەی سەر ئەسەد، هەروەها دەستەبەرکردنی سەقامگیریی ئەمنی سەختتردەبێت. هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن کە هیچ کۆمپانیایەکی گواستنەوەی جیهانیی نییە بیەوێت ئەم هەموو سەرکێشییە بکات. هەروەها بازاڕەکانی ئەوروپا ناتوانن پشت بە ڕێگەیەکی وەها ببەستن کە هێندە ڕێگریو کێشەی هەبێت.(٢٣) یەكێكی تر لەو ئاڵنگارییانەی كە ڕووبەڕووی پڕۆژەكە دەبێتەوە، بریتییە لە ئێران، کاتێک سەیری ئەو پڕۆژانەی ئێران دەكەیت لە بواری گواستنەوەو پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ عێراقدا، بە تایبەتی لە بواری هەناردەکردنی غازو کارەباو کاڵاو پێداویستییەكانی دیکەدا، ئەمە پێچەوانەی ناوەڕۆکو ئامانجەکانی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانە، کە بەپێویستیدەزانێت، ئەمەیش بە واتای ڕزگاربوون لە پشتبەستن بە ئێران دێـت، بە تایبەتی لە پرسی وزەی کارەباو گازدا، کە ڕەنگە ئێران بە لایەنی کەمەوە ڕەخنەی لە بارەوە هەبێت، ئەگەر دژایەتینەکات، یان ڕێگری لە جێبەجێکردن یان کارکردنی نەکات، ئێرانیش پێیوایە کە گرنگترین پڕۆژە پەیوەندیی سێقۆڵیی هێڵی ئاسنین، پڕۆژەی “ئێران – عێراق – سوریا”یە، جێگری وەزیری گواستنەوەی ئێرانی لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێداندا ڕایگەیاند کە “پڕۆژەی گەورەی نێوان عێراقو ئێران بریتییە لە بەستنەوەی پڕۆژەی هێڵی ئاسنین لە شەلەمچە هەتا بەسرە”. ئەم هێڵە درێژکراوەی هێڵی ئاسنینە لە بەندەری خومەینییەوە، هەر بۆیە ئێران کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەکات، ئەمەیش پێچەوانەی پڕۆژەو ئاڕاستەی ڕێبازی گەشەپێدانی عێراقە. شاراوە نییە کە ئێران لە گۆڕەپانی عێراقدا کاریگەریو کەرەستەی هەیە، کە وایلێدەکات هەر پڕۆژەیەک کە لەگەڵ ڕەوتی بەرژەوەندییەکانیدا بە شێوەی جۆراوجۆر ناکۆک بێت، هەوڵی پەکخستنی بدات.(٢٤) لە نوێترین هەڵوێستی ئێراندا ناسری کەنعانی؛ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئەو وڵاتە، كە لە (٢٧)ی ئایاری (٢٠٢٤) دەربارەی هەڵوێستی ئێران لەمەڕ پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان ڕایگەیاند: ئەم بابەتە پەیوەندیدارە بە بابەتی ڕێڕەوە ترانزێتییەکان لە ناوچەکەدا. ئێمە لە مێژە وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی ئەو پێگە تایبەتو ستراتیژییەی کە لە ناوچەکە هەمانە، بە تایبەتییش لە پرسی ڕێڕەوەکاندا، بەردەوام بە جددیو وردییەوە بە دوای ئەم پرسانەدا دەچین. ئێمە پشتیوانیمانکردووە لە هەر پڕۆژە یان دەستپێشخەرییەک کە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی، تایبەتمەندیو سوودی بازرگانیو ئابوورییەوە لە ناوچەکە خراوەتەڕوو و بەردەوامدەبین لەم سیاسەتەیشمان. بەسیاسیکردنی پڕۆژە ترانزێتیو بازرگانییەکان لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیی وڵاتانی ناوچەکەدا بە گونجاو نازانین. لە پرسی ڕێڕەوە ترانزێتیو بازرگانییەکان خاوەنی کارو پڕۆژەی خۆمانین، لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییو بازرگانیو هاوکارەکانماندا لە ناوچەکەدا چەندین ڕێڕەومان خستووەتە بەرنامەی کارەوە، لەوانەیش ڕێڕەوی گواستنەوەی باکوور – باشوور، ڕێڕەوی ئیسلام ئاباد – تاران – ئەستەنبوڵ، ڕێڕەوی کەنداوی فارس – دەریای ڕەشو ڕێڕەوە هاوشێوەکانی تر، بۆیە سەبارەت بەم پڕۆژانە کەمتەرخەم نیینو پرسەکان بە هۆشیاریو وردییەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت. گەلی ئێران دڵنیادەکەینەوە ڕێگەنادەین لە پرسی پڕۆژە ترانزێتیو ڕێڕەو یان ڕێگە گواستنەوەییەکاندا بەرژەوەندییە بنەڕەتییەكانی گەلو وڵاتی ئێران پەراوێزبخرێت، بۆیە لەم بارەیەوە پرسەکان بە وردی، هۆشیاریو نیگەرانییەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.(٢٥) ئەنجام پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بەشێکە لە دیدی فراوانی تورکیا بۆ ئەوەی ببێتە كارەكتەرێكی سەرەکی لە بازرگانیی ناوچەییو جیهانیداو ڕۆڵی كاراو كاریگەر ببینێتو جێپەنجەی خۆی لە سەر سیاسەتی هەرێمیو نێودەوڵەتی دابنێت. ئەنقەرە بە باشترکردنی ژێرخانی ئابووریی خۆی، ئامانجی ڕاکێشانی وەبەرهێنانو زیادكردنی گەشەی ئابووریو کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕێڕەوە بازرگانیو تەقلیدییەکانە. هەروەها ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ دەستپێشخەریی “كۆریدۆری ناوەڕاست”دا هاوتەریبە، کە هەوڵدەدات تورکیا وەک ناوەندێکی مەركەزی لە دەستپێشخەریی پشتێنو ڕێگەوبان (Belt and Road Initiative/ مبادرة الحزام والطريق)، کە چین سەرکردایەتییدەکات، جێگیربکات. لە ڕووی ئابوورییەوە، پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان توانای گۆڕینی تورکیای هەیە بۆ هێزێکی لۆجیستیو بەردەستخستنی هەلیکارو هاندانی کەرتە جیاوازەکان. لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە، کاریگەریی تورکیا لە کاروباری ناوچەکەدا بەهێزدەکات، ئەمەیش ڕێگەیپێدەدات ژێرخانی هاوبەشی ستراتیژیو هاوپەیمانی بەکاربهێنێت، بەڵام ئەم پڕۆژە گەورەیە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانیش دەبێتەوە، لەوانە: دەستەبەرکردنی دارایی، بەڕێوەبردنی گرژییە ناوچەییەکانو دڵنیابوون لە بەردەوامیی پڕۆژەکە. لە نێوان ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دژی پەکەکەو ئاواتە گەشەسەندووەکانی تورکیادا، یەکتربڕینێکی دیار هەیە. سەقامگیرکردنی ئاسایشی ناوچە کێشەدارەکان وەک لایەنێکی گرنگی سەرکەوتنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان سەیردەکرێت. حکومەتی تورکیا كاردەكات بۆ بنبڕکردنی نفوزی پەکەکە لەم ناوچانەدا، ڕێگەخۆشدەکات بۆ ژینگەیەکی ئەمنیو سەقامگیر، کە لەبار بێت بۆ گەشەپێدانی ئابووریو ژێرخانی ئابووری. لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانی نێوان تورکیاو عێراق لێکەوتەی نەرێنیی دوورمەودای دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان. سەرچاوەكان https://marsaddaily.com/news.aspx?id=16370&mapid=16. د.مثنى العبيدي، مشروع طريق التنمية في العراق.. ما له وما عليه، للمزيد من المعلومات ينظر: https://www.aa.com.tr/ks/توركيا/رێگای-گەشەپێدان-دەرفەتێکی-بەھێزی-وەبەرھێنانە-بۆ-عێراق-و-تورکیا/2994387. Ylenia Gostoli,What’s behind Turkey and Iraq’s ‘Development Road’ project?, 30 April, 2024, available at: https://www.newarab.com/analysis/whats-behind-turkey-and-iraqs-development-road-project. Timour Azhari, Ece Toksabay and Ahmed Rasheed .Iraq, Turkey to elevate security, economic ties after Erdogan visit, April 22, 2024, available at:https://www.reuters.com/world/middle-east/turkeys-erdogan-iraq-push-reset-ties-cooperation-against-pkk-2024-04-22/ Ylenia Gostoli, What’s behind Turkey and Iraq’s ‘Development Road’ project?, Ibid. https://www.trtworld.com/turkiye/turkiye-iraq-development-road-project-forges-new-trade-path-17929034. د.مثنى العبيدي، المصدر سبق ذكره. https://www.dailysabah.com/politics/war-on-terror/turkiye-counts-down-to-major-operation-in-iraq-against-pkk. https://www.defensemirror.com/news/36626/Turkey_to_Deploy_S_400_Air_Defense_Systems_on_Iraqi_Border_for_Operation_Against_PKK_ Turkey Studies Unit, turkish-iraqi-security-agreement-security-in-exchange-for-trade-water, Emirates Policy Center, Abu Dhabi,8 May 2024. https://www.aljazeera.com/news/2024/1/13/turkey-launches-airstrikes-against-kurdish-rebels-in-iraq-and-syria. https://erada.media/news.aspx?id=13&mapid=7. İdris Okuducu,Turkey’s Anti-PKK Operation and “Development Road” in Iraq Are Two Sides of the Same Coin,Fikra Forum,Apr 8, 2024. https://www.dailysabah.com/politics/war-on-terror/turkiye-counts-down-to-major-operation-in-iraq-against-pkk. Timour Azhari, Ece Toksabay and Ahmed Rasheed .Iraq, Turkey to elevate security, economic ties after Erdogan visit,April 22, 2024,available. İdris Okuducu, Ibid. Ylenia Gostoli,What’s behind Turkey and Iraq’s ‘Development Road’ project?, 30 April, 2024, available at: https://www.newarab.com/analysis/whats-behind-turkey-and-iraqs-development-road-project. https://www.defensemirror.com/news/36626/Turkey_to_Deploy_S_400_Air_Defense_Systems_on_Iraqi_Border_for_Operation_Against_PKK_. İdris Okuducu,Ibid. د.مثنى العبيدي، المصدر سبق ذكره. Bilgay Duman,Why Turkey-Iraq Development Road is the best way to connect Europe and the Middle East,18 September 2023, available at: https://www.middleeasteye.net/opinion/turkey-iraq-development-road-best-connecting-europe-middle-east. https://x.com/abualialaskry, @abuialalaskryhttps://x.com/abualialaskry, @abuialalaskry. د.سەردار عەزیز، ڕێگەی گەشە خەونێكی خۆشە، بۆ زانیاریی زیاتر؛ بڕوانە: https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=12993. د.مثنى العبيدي، المصدر سبق ذكره. https://mfa.gov.ir/, https://mdeast.news/2024/05/27/واکنش-ایران-به-پروژه-جاده-توسعه-عراق/.
(درەو): لە ساڵی 2021وە عێراق سوتەمەنی بەرهەمهێنانی كارەبا بە لوبنان دەدات، بەپێی گرێبەستی نێوانیان دەبوو لەبری ئەم ئەم سوتەمەنییەدا لوبنان كاڵاو خزمەتگوزاری تەندروستی بە عێراق بدات، بەڵام عێراق هیچی وەرنەگرتووە، ئۆكتۆبەری داهاتوو وادەی گرێبەستەكە كۆتایی دێت، بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەی (The National) لوبنان بەنیازە گرێبەستەكە درێژبكاتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە بڕی (ملیارێك و 59 ملیۆن) دۆلار قەرزاری عێراقەو پێشبینی دەكرێت لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا بڕی قەرزەكە بۆ (5 ملیارو 45 ملیۆن) دۆلار بەرزببێتەوە. رۆژنامەی (The National) كە بە زمانی ئینگلیزی لە ئیماراتی عەرەبی دەردەچێت نوسیویەتی: لوبنان كە وڵاتێكە بەدەست كەمی سەرچاوە سروشتییەكان و قەیرانی ئابورییەوە دەناڵێنێت، بەگوێرەی گرێبەستێكی ئاڵوگۆڕكردن كە ساڵی 2021 ئیمزا كراوە، سوتەمەنی قورس لە عێراقەوە هاوردە دەكات. "لوبنان بۆ هاوردەكردنی سوتەمەنی لە عێراق و پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی لە بواری كارەبادا، پشت بە چەند رێوشوێنێكی ئاڵۆز دەبەستێت، سەرباری ئەوەی پلانێكی روونی پارەدان لەنێوان حكومەتی لوبنان و عێراقدا نییە، بەڵام بڕیارە پلانی هاوردەكرددنی سوتەمەنی عێراق بۆ لوبنان تاوەكو ساڵی 2028 درێژبكرێتەوە" رۆژنامە ئیماراتییەكە وا دەڵێ. بەپێی قسەی رۆژنامەكە، ئەو سوتەمەنییە قورسەی عێراق بە لوبنانی دەدات، لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییانەی سوتەمەنیدا ناگونجێت كە لە وێستگەكانی كارەبای لوبناندا كاری پێدەكرێت، بۆیە گرێبەستەكە رێگەی بە بەیروت داوە لە بازاڕی نێودەوڵەتیدا سوتەمەنییەكەی عێراق بگۆڕێتەوە بۆ جۆری تری سوتەمەنی گونجاو بۆ وسێتگەكانی، ئەم كارەش لەرێگەی بازرگانەكانەوە دەكات كە قازانجیان لێ دەست دەكەوێت. دوای تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر ئیمزاكردنی ئەم رێككەوتنەدا، هێشتا لوبنان پارەی ئەو سوتەمەنییەی بە عێراق نەداوە كە وەریگرتووە، ئەمەش لەبەر چەند هۆكارێك، لەوانە هەندێك لە مەرجەكانی ناو رێككەوتنەكە ناڕوونن، گرێبەستی ئیمزاكراوی نێوان بەغدادو بەیروت دەڵێ دەبێت لوبنان پارە لە حسابی خۆیدا بە دۆلار دابنێت و دەكرێت عێراق پارەكە بە (لیرە)ی لوبنانی رابكێشێت بۆ خەرجكردنی لە (بازاڕی لوبنان)دا بۆ كڕینی كاڵاو خزمەتگوزاری، لەوانە خزمەتگوزاری تەندروستی، وەكو رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ كردووە، لێرەشدا ئەو نرخانەی كە عێراق بە لیرە وەریدەگرێت لەگەڵ سروشتی ئەو خزمەتگوزارییانەی كە دەبێت لوبنان بە عێراقی بدات، روون نییە. (The National) دەڵێ: تائێستا عێراق نەیتوانیوە 550 ملیۆن دۆلار كاڵاو خزمەتگوزاری وەربگرێت كە بەهای هەناردەی سوتەمەنی بووە بۆ لوبنان لە ساڵی یەكەمداو لە بانكی ناوەندیی لوبنان دانراوە، گرێبەستەكە وا لە لوبنان دەكات پشت بە نەوتی خاو ببەستێت ئەگەر بێتوو نەوتی قورسی عێراق بگۆڕێتەوە بەو جۆرەی سوتەمەنی كە گۆگردی كەمە، ئەمە لەبری سوتەمەنی هەرزانتر لە نمونەی غازی سروشی یاخود سەرچاوەكانی وزەی خاوێنی نوێبووەوە. سەرباری ئەمانە، بەپێی قسەی رۆژنامە ئیماراتییەكە، پشتبەست بە بەڵگەنامە نوێیەكان، لوبنان پلانی ئەوەیە گرێبەستی سوتەمەنی لەگەڵ عێراق نۆێ بكاتەوە بۆ دابینكردنی پێداویستی وزەی خۆی لانی كەم تاوەكو ساڵی 2028. پلانی فریاگوزاری نیشتمانی بۆ كەرتی كارەبا لە لوبنان، ئەوەیە قەبارەی رێككەوتنەكە لەگەڵ عێراق بۆ (772 ملیۆن) دۆلاری ساڵانە زیادبكرێت، بەمەبەستی بەرزكردنەوەی توانای وەبەرهێنان لە 4 كاتژمێری رۆژانەوە بۆ 8 كاتژمێر لە ساڵی 2028دا. ئەم خەمڵاندنانە دەریدەخات، پسوڵەی شایستە داراییەكانی عێراق لای لوبنان لە ساڵی 2028 بۆ (5.54 ملیار) دۆلار بەرزدەبێتەوە، ئەم دۆخەش وا لە لوبنان دەكات بەشێوەیەكی بنەڕەتی پشت بە سوتەمەنی بەردین ببەستێت و لە هەمان كاتیشدا دەستەوسان بوەستێت لە دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێریی. شارەزایەكی بواری وزەی خەڵكی لوبنان قسەی بۆ رۆژنامە لوبنانییەكە كردووە، وتویەتی: گرێبەستی سوتەمەنی عێراق بۆمبێكی تەوقیتكراوە، ئەگەر سەرچاوەی بەدیلی سوتەمەنی نەبێت، بڕیارە لە تشرینی یەكەمی داهاتوودا وادەی گرێبەستەكە تەواو ببێت، عێراقییەكانیش دەیانەوێت بزانن بۆچی لەبەرامبەردا هیچیان وەرنەگرتووە. وەكو ئەم شارەزایە دەڵێ: تەنانەت ئەگەر لوبنانیش بتوانێت بەهای پارەكە بدات و گرێبەستەكە درێژبكاتەوە، هێشتا جێگای نیگەرانییە ئەگەر سەرچاوەی بەدیلی وزە بە نرخی هەرزانترو لەبەرچاوگرتنی ژینگە بوونی نەبێت. لە لوبنان، هاوشێوەی عێراق، سەرباری ئەوەی زیاتر لە یەك دەیەیە سیاسییەكان بەڵێن دەدەن، بەڵام خەڵك رۆژانە بەدەست بچڕانی كارەبای نیشتمانییەوە دەناڵێنن و بۆ دابینكردنی كارەبا پشت بە مۆلیدە دەبەستن. بەر لە گرێبەستەكەی عێراق، لە كۆتایی 2020دا گەندەڵی سوتەمەنی پیسبوو كە لەچوارچێوەی گرێبەستێكدا لەگەڵ جەزائیر هاوردە دەكرا، لوبنانی هەژاند، دەسەڵاتدارانی لوبنان ئەوكات وا وێنایان كرد ئەوە گرێبەستی هاوردەكردنی سوتەمەنی بووە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر لەرێگای جەزائیرەوە، دەركەوت ئەمە ژمارەیەك كۆمپانیای نهێنی بیانین كە نرخێكی زۆر لەبەرامبەر سوتەمەنییەكی بێ كوالیتیدا وەردەگرن. ئەم ئابڕووچونە دەریخست تۆڕێكی گەندەڵیی لە لوبنان هەیە كە باری سوتەمەنی پیسبوو هەروەها پشكنینی تاقیگەیی ساختەیان هەیەو وەرگرتنی بەرتیل لەنێوان بەرپرسانی وڵاتدا بڵاوبووەتەوە، دوای ئاشكرابوونی ئەم ئابڕوچوونە ئیتر گرێبەستی سوتەمەنییەكە نوێ نەكرایەوە، ئەمە وایكرد لوبنان بۆ جاری یەكەم لە ساڵی 2005وە هیچ گرێبەستێكی هاوردەكردنی سوتەمەنی نەمێنێت، بۆیە لەپێناو دابینكردنی سەرچاوەیەكی نوێ، لە تەموزی 2021دا لوبنان گرێبەستی لەگەڵ عێراق كردو لە ساڵی 2023دا گرێبەستەكە بۆ ماوەی ساڵێكی تر نوێكرایەوە بۆ بڕی (2 ملیۆن) تەن. بەگوێرەی مەرجی گرێبەستەكە، لوبنان ساڵێكی لەبەردەمدایە بۆ پێدانی بەهای هەر بارێكی سوتەمەنی، بەڵام دوای تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر ئیمزاكردنی گرێبەستەكەدا، عێراق هیچ شتێكی وەرنەگرتووە. لوبنان بڕی (ملیارێك و 59 ملیۆن) دۆلار قەرزاری عێراقە، ئەمە بەهای ملیۆنان تەن سوتەمەنییە كە لە ساڵی 2021وە هاوردەی كردووە، بڕی ئەو پارەی كە لە ژمارە حسابی تایبەت بە عێراق لە بانكی ناوەندیی لوبنان دانراوەو تەنیا بەهای ساڵی یەكەمی هاوردەی سوتەمەنییە، (550 ملیۆن) دۆلارە كە عێراق تائێستا دەستی پێی نەگەیشتووە. سەرباری ئەوەی راپۆرتی رۆژنامەوانی هەن لەبارەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی، بەڵام ئەوەی پەیوەندیدارە بە "كاڵاو خزمەتگوزاری لەبەرامبەر نەوت"دا كە دەبوو بە بەهای ئەو پارانە عێراق لە لوبنانی وەربگرێت، عێراق لەم بوارەشدا هیچ وەرنەگرتووە. رۆژنامە ئیماراتییەكە لەزاری سەرچاوەیەكی بەرپرسەوە لە وەزارەتی تەندروستی عێراق باسلەوە دەكات" ئەوەی هەبووە تەنیا خزمەتگوزاری تەندروستی بووە لەسەر كاغەز، هیچ شتێك لەم بوارەدا رووینەداوە". لە كۆتایدا، راپۆرتەكە نوسیویەتی: پێدەچێت حكومەتی لوبنان گرەو لەسەر باشیی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ عێراق بكات، بۆ بازدان بەسەر هەر ناكۆكییەكی چاوەڕوانكراوی دارایدا، بەجۆرێك لە ئێستادا پلانی فریاگوزاری لوبنان ئەوەیە گرێبەستەكە لەگەڵ عێراق نوێ بكرێتەوە.
درەو: پەیمانگای خۆرهەلاتی ناوەڕاست, راپۆرتێكی بە ناونیشانی (جێگرەوەی راستەقینە نیە: شكستی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستانی عێراق) بڵاوكردووەتەوە, كە لەلایەن نوسەر (Winthrop Rodgers) نوسراوە. 🔹سیاسەت لە هەرێمی كوردستانی عێراق, لە بازنەی قۆرغكاریی نێوان جووت حزبی دەسەڵاتدار, پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەخولێتەوە. 🔹هەردوو حزب هەژموونێكی گەورەیان هەیە بەسەر ئیدارەدانی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئابوری و ئامرازەكانی راگەیاندن, دەیان هەزار پێشمەرگەو هێزی ئاسایش لەژێر فەرمانیاندایە, سەدان هەزار فەرمانبەری كەرتی گشتی بەشێكن لەتۆڕی مەحسوبیەتی تایبەت بەخۆیان, لەگەڵ هەموو ئەو تایبەتمەندیانەشدا, خاوەنی جەماوەرێكی زۆرنین, بەشێكی فراوانی هاوڵاتیان وەك گەندەڵكارو ناكارامەو سەركوتكار تەماشایان دەكەن. 🔹بەگوێرەی راپرسیەك كە بارومیتەری عەرەبی لە ساڵی (2022) ئەنجامیداوە, (63٪)ی بەشداربووان لە هەرێمی كوردستان, هیچ متمانەیەكیان بە حكومەتی هەرێمی كوردستان نیە. 🔹حزبەكانی تریش, كە وەك ئۆپۆزسیۆن ئاماژەیان بۆ دەكرێت و خۆیان وەك جێگرەوەی پارتی و یەكێتی پیشان دەدەن, ناڕێكخراو و دابەشبوون و توانای سود وەرگرتنیان نیە لە ستەمكارییەكانی دەسەڵاتداران, لەئێستادا ئەو حزبانە جێگرەوەیەكی باشنین بۆ حزبە دەسەڵاتدارەكان. 🔹لاوازییەكە بۆ ئەو كۆتوبەندانە دەگەڕێتەوە كە كلتور و سیستمی سیاسی سەپاندوویەتی لە هەرێمی كوردستان, وێڕای ئەوەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێستا روخساریان ئیلهام بەخش نیە, ئەوەش وایكردووە دەنگدەران هەست بە نائومێدی بكەن لەوەی ئەگەر لەپشتیوانیكردنی پارتی یەكێتی هیچیان دەستنەكەوێت, ئەوا رەنگە لەپشتیوانیكردنی ئۆپۆزسیۆن زیانی زیاتر بكەن, ئەوەش وایكردووە زۆرێك لە دەنگدەران بەشداری پرۆسەی دەنگدان نەكەن. 🔹بەشێوەیەكی گشتی, سێ ئاستەنگی سەرەكی روبەڕوی ئۆپۆزسیۆن بووەتەوە: یەكەم:تۆڕی مەحسوبیەت و كۆنتڕۆڵی حزبی بەسەر هێزەكانی ئاسایش و دەوڵەت بەشێوەیەكی گشتی, دەسەڵاتی پارتی دەسەڵاتدارەكانی بەهێزكردووەو, تایبەتمەندی یەكلاكەرەوەی پێداون بەسەر ئۆپۆزسیۆندا. دووەم:حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێستا شكستیانهێناوە لە كۆبونەوە لە بەرەیەكی فراواندا, ئەوەش بووەتە هۆی دروستبونی كێبڕكێ لەنێوانیان بۆ كۆكردنەوەی لایەنگر, كە بووەتە هۆی لاوازكردنیان. سێیەم:ئۆپۆزسیۆن شكستی هێناوە لە داڕشتنی دیدێكی ستراتیجی كە مایەی متمانەبێت, لەسەرو ئەوەشەوە دەنگدەران وانەیان وەرگرت لەشكستی بزوتنەوەی گۆڕان و ئێستا وریان لەوانەی دوای ئەو. 🔹بەشێوەیەكی گشتی, دەكرێت ئۆپۆزسیۆن بۆ پێنج گروپ جیابكرێتەوە: 1-بزوتنەوەی گۆڕان 2-جوڵانەوەی نەوەی نوێ3-حزبە ئیسلامیەكان4-حزبە تازە دامەزراوەكان5-ئەو دەنگدەرو چالاكانەی لە سیاسەت دوركەوتنەوە بەڵام دژی حزبە دەسەڵاتدارەكانن. 🔹بەهێزترین حزبی ئۆپۆزسیۆن لە دوای ساڵی (2003)وە لە هەرێمی كوردستان, بزوتنەوەی گۆڕان بوو. 🔹ئەم حزبە تازەیە, هیوای لای زۆرێك لە خەڵك گەشاندنەوە بە ئەگەری ئەنجامدانی چاكسازی, كە دواتر بووە دووەم گەورەترین حزب لە پەرلەمانی كوردستان. 🔹دوای وازهێنانی لە ئۆپۆزسیۆن و بەشداریكردنی لە حكومەت لەگەڵ پارتی و یەكێتی, سەلماندی بەوەی ناتوانێت هیچ دەستكەوتێكی جەوهەری بەدەستبهێنێت, سەرەنجام بەهۆی ململانێی توندی لەگەڵ پارتی لە حكومەت هاتەدەرەوە. 🔹لەم خاڵە بەدواوە, گۆڕان هێزی خۆی لەدەستدا, لە هەڵبژاردنی (2018)ی پەرلەمانی كوردستاندا تەنها (12) كورسی بەدەستهێناو گەڕایەوە ناو حكومەت لەگەڵ پارتی یەكێتی, دواتر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی (2021) گۆڕان كۆتایهات, لەئێستاشدا بەدەست ناكۆكی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت. 🔹قورسە ئاستی ئەو بێهیوایە بخەمڵێنیت كە بەسەر سیاسەتی ئۆپۆزسیۆندا هاتووە لە كوردستان, گۆڕان ئومێدی چەندین دەنگدەری لەناوبردو بووە مایەی برینێكی قوڵ, كە تەنها زیانی بە حزبەكە نەگەیاند, بەڵكو بەتەواوی گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی تریش گەیاند. 🔹نەوەی نوێ لەسەرەتاكانی ساڵی (2018) لەسەر دەستی شاسوار عەبدولواحید دروستبوو, كە بازرگانێكی خانوبەرەو خاوەنی كەناڵی (ئێن ئار تی)یە. 🔹نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق, لەمانگی ئایاری (2018)و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان مانگی تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ بەشداری هەڵبژاردنەكانی كرد, (8) كورسی لە پەرلەمانی كوردستان بردەوەو(4) كورسیش لە پەرلەمانی عێراق. 🔹هەرزوو ناكۆكی لەنێوان شاسوارو پەرلەمانتارانی حزبەكەی لە بەغدادو هەولێر سەریهەڵدا, هیچ پەرلەمانتارێكی لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ نەمایەوە, لەپەرلەمانی كوردستانیش تەنها سێ پەرلەمانتاری مایەوە. 🔹دوای (7) ساڵ لە دامەزراندنی, روون نیە نەوەی نوێ چی بەدەستهێناوە, پرۆگرامە سیاسییەكەی تەمومژاویە, پشتی بەكاری بچوك وروژێنەر بەستووە بۆ راكێشانی سەرنجی ئامرازەكانی راگەیاندن. 🔹زۆربەی كات هەڵوێستەكانی حزبەكە كاردانەوەیە, پیادەی هەر چیرۆكێك دەكات كە ببێتە مایەی توڕەكردنی جەماوەر لە ساتەوەختێكی دیاریكراودا, لەنمونەی ( مووچە, نرخی بەنزین, كۆچ, كەمی ئاو...) لەبری ئەوەی سەركردایەتی رووداو بكات, رەنگە ئەوەش شتێكی نامۆبێت بۆ حزبێكی سیاسی. 🔹لەگەڵ ئەو تۆمارە خراپەشدا, رەنگە نەوەی نوێ ببێتە گەورەترین حزبی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا, كەموكورتی لایەنەكانی تر بەسن بۆ ئەوەی ببێتە بژاردەیەكی سەرنج راكێشتر لە دۆخێكی نائومێدیدا. 🔹هەرێمی كوردستان بەردەوام خاوەنی حزبی ئیسلامی گرنگی بووە, لەئێستادا دوو حزبی سەرەكی ئیسلامی هەن لە كوردستان, یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی دادگەری كوردستان. 🔹حزبە ئیسلامیەكان پێكەوەو بەجیاش, هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان دروستناكەن, پەیڕەویان زیاتر ئاڕاستەی پشتیوانیە بۆ هەڵوێستە ئیسلامیەكان لەناو كۆمەڵگا. 🔹پێناچێت بەدەستهێنانی پۆستی باڵا لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر جێی بایەخیان بێت, تەنها چەند كورسیەك نەبێت لە پەرلەمانی كوردستان. 🔹لەگەڵ نزیكبونەوەی وەرزی هەڵبژاردنەكان, دوو كەسایەتی توڕە لە حزبەكانیان, هەستیان بە بوونی دەرفەتێك كردووەو, كەرەستەی سیاسی تایبەت بەخۆیان پێكهێناوە. 🔹ئۆپۆزسیۆنی رەسەنتر لەنێوان ئەم دووانە, بزتنەوەی هەڵوێستی نیشتمانیە, كە عەلی حەمەساڵح, سەرۆكایەتی دەكات و ئەندامی پێشوی پەرلەمانی كوردستانە لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان. 🔹عەلی ناوبانگێكی باشی هەیە لە ئاشكراكردنی حاڵەتەكانی گەندەڵی بەرپرسانی پارتی و یەكێتی, لەگەڵ داڕمانی حزبەكەی پێشوی, عەلی توانی پارێزگاری لەناوبانگی سیاسی خۆی بكات, لەڕێی خۆبێبەریكردنی لەسەركردایەتی گۆڕان و دەستلەكاركێشانەوەی لە پەرلەمان. 🔹حزبەكەی تریش, لاهور شێخ جەنگی, هاوسەرۆكی پێشوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرۆكایەتی دەكات, كە خاوەنی جەماورێكی زۆر بوو لەناو حزبەكەی, بەهۆی رەخنەگرتنی توندی لەپارتی دیموكراتی كوردستان و بارزانیەكان. 🔹لەمانگی تەمموزی ساڵی (2021)دا, بافڵ تاڵەبانی ئامۆزای, كە ئێستا سەرۆكی بێركابەری یەكێتیە, لە پۆستەكەی دوریخستەوە. 🔹لەسەرەتاوە روون نەبوو, شێخ جەنگی حزبێكی نوێ پێكدەهێنێت یان هەوڵی چارەسەرو ئاشتەوایی دەدات لەناو یەكێتی, لەكۆتایدا, یەكەمیانی هەڵبژاردو لەمانگی كانونی یەكەمی (2024)دا بەرەی گەلی پێكهێنا. 🔹ئەم دوو حزبە بە سەركردەكانیانەوە دەناسرێنەوە, ئەوەش سەیر نیەو شتێكی بەربڵاوە لە پەیكەری حزبیی باوكانە لەسەرەوە بۆ خوارەوە, لە هەرێمی كوردستان, بەڵام كێشەی قوڵ لە ستراتیجیەتیاندا ئاشكرادەكات, كە سەركەوتنیان پشت دەبەستێتبە بە سەرنجڕاكێشی كەسایەتی سەركردەكانیان. 🔹لە دۆخی عەلی حەمە ساڵح_دا, بێتوانایی لە قەناعەتپێكردنی جیابووەكانی تر لە گۆڕان, كە هاوپەیمانی سیاسیبوون بەوەی بچنە پاڵی لە حزبە نوێكە, ئاماژە بەوە دەكات كە لێهاتوویی سەركردایەتیكردنی پێویستی نیە, بۆ ئیدارەدانی رێكخراوێكی حزبی. 🔹لە هەمان كاتدا, لاهور شێخ جەنگی, بارگرانی جیابونەوەی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كۆڵەوەیەو روبەڕوی زەحمەت دەبێتەوە لە راكێشانی هاوڕێكانی پێشووی بۆ حزبە تازەكەی, یان راكێشانی لایەنگری ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە, وێڕای ئەوەی وا تەماشا دەكرێت كە نزیكبووتەوە لە مەسرور بارزانی, لە چوارچێوەی ململانێكانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی. 🔹بەهۆی ئەمانەوە, پێناچێت هیچكام لەم دوو حزبە تازەیە كاریگەرییەكی گەورەیان هەبێت لە سندوقەكانی دەنگدان, یاخود لە ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە سیاسەتدا.
راپۆرتی: هێمن خۆشناو به ههمیشه كردنی سیاسهتی (دهستبهسهرگرتنی شارهوانیه كوردیهكان) لهژێر ناوی یاسای (قهیووم)، به واتای لێسهندنهوهی ههردوو مافی سهرهكی (خۆ كاندید كردن و دهنگدان) دێت له هاوڵاتی كورد له باكووری كوردستان و توركیادا. لهم سۆنگهیهوه پێویسته كورد به عهقڵێكی ستراتیژی و مهدوادرێژ لهم سیاسهته بڕوانێت و تێزی بهرهنگاربوونهوهی گونجاوی بۆ دابڕێژێت. له دوای ههڵبژاردنه خۆجێیهكانی (31 ئاداری 2024)، بههۆی ئهو شكسته گهورهیهی تووشی هات بوو، چاوهڕوان دهكرا دهسهڵاتی (ئاكپارتی) دهستبهرداری سیاسهتی دهستبهسهرگرتنی شارهوانیه كوردیهكان بێتهوه. بهڵام پێچهوانهی چاوهڕوانیهكان له رۆژی (3 حوزهیرانی 2024) دوای دهستگیركردنی (محهمهد سادق ئاكش) سهرۆكی شارهوانی (جۆلهمێرگ) له باكووری كوردستان، وهزارهتی ناوخۆی توركیا لهژێر ناوی (قهیووم) بڕیاری دهستبهسهرگرتنی ئهم شارهوانیه كوردیهی دهركرد. پێناچێت دهستبهسهرگرتنی شارهوانی (جۆلهمێرگ) تهنیا پهیوهندی به دۆسیهی تاوانباركردنی سهرۆكی شارهوانیهكهوه ههبێت، كه به تاوانی هاوكاری كردنی تیرۆر بهر له 10 ساڵ (له ساڵی 2014) لهلایهن دادوهرێكی داواكاری گشتی، سكاڵای لهسهر تۆمار كراوه. له ئهمڕۆشدا خودی دادوهری سكاڵاكار، به تۆمهتی ئهندامبوون له (جهماعهتی فهتحولڵا گولـلهن) له توركیا ههڵاتووه و لایهنه پهیوهندیدارهكانی توركیا داوایان له پۆلیسی نێودهوڵهتی (ئهنتهرپۆل) كردووه تا هاوكاریان بكهن له دهستگیركردنی ناوبراودا. دهستبهسهرگرتنی شارهوانی (جۆلهمێرگ) لهژێر ناوی (قهیووم) له دوای ساڵی 2016 ﻩوه، بۆ جاری سێیهمینیه دووباره دهبێت. به گوێرهی زانیاریهكان، دهسهڵاتی (ئاكپارتی) ئامادهكاری كردووه، تا له ماوهی داهاتوودا دهستبهسهر (27) شارهوانی دیكهی كوردی دابگرێت، كه له نێویاندا ههرسێ شارهوانی گهورهی (ئامهد – وان – ماردین) یش ههیه. بهم شێوهیه (قهیووم) دهبێته پڕۆسهیهكی ههمیشهیی بۆ رێگرتن له سیاسهتی كوردی و بهرتهسك كردنهوهی كاریگهریهكانی. هۆكاری پڕۆسهی سێیهمینی دهستبهسهرگرتن جیاوازه له پڕۆسهكانی پێشتر! پڕۆسهی دهستبهسهرگرتنی شارهوانیه كوردیهكان كه له دوای ساڵی (2016) بۆ سێیهمین جاره دووباره دهبێتهوه، بهردهوام لهژێر ناوی (هاوكاری كردنی تیرۆر) بهڕێوهچووه. تیایدا دامهزراوه فهرمیهكانی توركیا هاوسهرۆكی شارهوانیهكان به پشتیوانیكردنی تیرۆر تۆمهتبار دهكهن، كه پێشتر لهسهر لێدوانێك یان بهشداریكردنی خۆپیاندان و ناڕهزایهتیهك سكاڵایان لهسهر تۆمار كراوه. لهمبارهیهوه ئهوهی زیاتر كار ئاسانی بۆ دهسهڵاتدارانی توركیا دهكات، كاندیدكردنی ئهو كهسانهیه كه سكاڵایان لهسهره و لهلایهن دهزگا پهیوهندیدارهكانی توركیا كهسانی بهرچاون. ئهوهی دیاره بزوتنهوهی كوردی به كاندیكردنی ئهم كهسانه ههڵهكانی پێشتری دووباره كردۆتهوه. بۆ نموونه كهسێكی وهكو (ئهحمهد تورك) سهرۆكی شارهوانی گهورهی (ماردین) به تۆمهتی شكاندن و پابهند نهبوون به یاساكان به (10 ساڵ) زیندانیكردن سزادراوه. ههروهها دوای ئهوهی له ساڵی (2019) له ههڵبژاردنی سهرۆكایهتی شارهوانی (ماردین) سهركهوتنی بهدهستهێنا و كاندیدی (ئاكپارتی) تووشی شكست كرد، به تۆمهتی پشتگیریكردنی تیرۆر دهستبهسهر شارهوانیهكهیدا گیرا. بۆیه دووباره كاندیدكردنهوهی (تورك) بۆ ههڵبژاردنی (31 ئاداری 2024) ههڵوێستێكی له لۆژیك بهدهره، ئهگهر خودی (ئهحمهد تورك) مكوڕیشی كردبێت لهسهر خۆ كاندید كردنهوه. بهههمان شێوهی (ئهحمهد تورك) (عبدالـله زێدان) سهرۆكی شارهوانی گهورهی (وان) ی له ساڵی 2016 لهو كاتهی پهرلهمانتاری ههدهپ (پارتی دیموكراتی گهلان) بوو، لهگهڵ هاوسهرۆكانی ئهم پارته و چهندین پهرلهمانتاری كورد به تۆمهتی یاخیبوون له یاساكانی دهوڵهت و هاوكاركردنی تیرۆر راپێچی زیندانكرا، بۆ ماوهی شهش ساڵ زیاتر له زیندان مایهوه. كهواته كاندیدكردنی ئهم كهسانه ههڵهیهكی زهقه كه دهمپارتی (پارتی یهكسانی و دیموكراتی گهلان) دووبارهی كردۆتهوه و زهمینهی بۆ ئهم ههڵمهتهی دهسهڵاتی (ئاكپارتی) خۆش كردووه. له ئێستادا پڕۆسهی دهستپێكردنهوهی دهستبهسهرگرتنی شارهوانیهكان، زیاتر پهیوهسته به ههوڵ و ویستی (رهجهب تهیب ئهردۆغان) سهركۆماری توركیا بۆ سهرلهنوێ نووسینهوهی دهستووری توركیا له پێناو دهستهبهركردنی مافی خۆ كاندید كردنهوه بۆ سهرۆكایهتی كۆماری توركیا له ساڵی (2028) دا. ئهمڕۆ له ههموو لایهنێك زیاتر رهوتی نهتهوهپهرستی و فاشیستی توركیا ههوڵی ئاستهنگكردنی كورد و دانانهوهی (قهیووم) دهدات لهسهر شارهوانیه كوردیهكاندا. ئهوه ئاشكرایه بهبێ سازشكردن لهگهڵ رهوتی نهتهوهپهرست مهحاڵه (ئهردۆغان) بتوانێ دهست به پڕۆسهی نووسینهوهی دهستوور بكات و له راپرسی گشتیدا دهنگی پێویستی بۆ كۆبكاتهوه. بۆیه سهركۆماری توركیا ملكهچی فۆبیای دژه كوردی نهتهوهپهرستان دهبێت و بۆ دهستبهرگرتنی شارهوانیه كوردیهكان فهرمان به وهزارهت و دامهزراوهكانی دهكات. لهگهڵ ئهمانهدا پڕۆسهی سێیهمینی دهستبهسهرگرتنی شارهوانیه كوردیهكان رهههندی ئابووری ههیه، كه له پڕۆسهكانی پێشتر نهبووه. شارهوانیهكان له توركیا و باكووری كوردستاندا بۆ پارته سیاسیهكان سهرچاوهیهكی گهورهی داهاتن، به شێوهیهك پارتهكان به داهاتی ئهم شارهوانیانه بهشێكی زۆری خهرجیهكانیان فینانسه دهكهن. له ههڵبژاردنه خۆجێیهكهی (31 ئاداری 2024) ئاكپارتی له مێژووی خۆیدا تووشی گهورهترین شكست بوو، بهشێكی زۆری له شارهوانیه پڕ داهاتهكان له بهرژهوهندی پارتی گهورهی ئۆپۆزسیۆن (پارتی گهلی كۆمار/جهههپه) لهدهستدا. له دهستدانی ئهم ههموو شارهوانیانه به واتای لهدهستدانی داهات و كوورتهێنانی بودجهی ئهم پارته دێت. لهم سۆنگهیهوه دهستبهسهرگرتنی شارهوانیه كوردیهكان، به واتای پڕ كردنهوهی كوورتهێنانی بودجه دێت بۆ پارتی دهسهڵاتداری توركیا. به داهاتی شارهوانیه كوردیهكان پارتهكهی (ئهردۆغان) دهتوانێ بهشێكی خهرجیهكانی فینانسه بكات. بهڵام پێناچێت شارهوانیه كوردیهكان به تهنیا بڕی برسیهتی و كهم خهرجی (ئاكپارتی) بشكێنێت، بۆیه دوورنیه پارتی دهسهڵاتداری توركیا به ههمان نهفهسی دهستبهسهرگرتنی سهرمایهی (جهماعهتی گولـلهن) له دوای ساڵی (2016) هێڕش بكاته سهر سهرچاوهی داهات و سهرمایهی كوردی. له دوای (15 تهمموزی 2016) لهژێر ناوی ههوڵدان بۆ كودهتای سهربازی، دهسهڵاتی ئاكپارتی ههڵمهتێكی بهرفراوان و گشتگیری ئهنجامدا دژ به لایهنگر و بهڕێوهبهرانی (جهماعهتی فهتحولڵا گولـلهن)، ههڵمهتهكه تهنیا به دهستگیركردن و زیندانیكردنی ئهمانه سنووردار نهبوو، بهڵكو كۆمپانیا، قوتابخانه، نهخۆشخانه و بانكهكانی ئهم جهماعهتهشی گرتهوه. ههموو سهرچاوهكانی داهات كهوته ژێر دهستی دهسهڵاتی (ئاكپارتی). له ئێستادا كه (ئاكپارتی) تووشی شكست و كوورتهێنانی داهات بۆتهوه، بهدوور نازانرێـت بهدهر له شارهوانیهكان ههوڵی دهستگرتن بۆ سهر كۆمپانیا و سهرچاوهكانی دیكهی ئابووری كوردی بدات. ئهم ههوڵهش بهنده به سهركهوتنی (ئاكپارتی) له پڕۆسهی دهستگرتن بهسهر شارهوانیه كوردیهكاندا. كورد چۆن دهتوانێ ئهم پڕۆسهیه رابگرێت؟ له رووی یاسایی و مافهوه، به ههمیشهكردنی دهستبهسهرگرتنی شارهوانیهكان قهبوڵكراو نیه. به گوێرهی یاسا و دهستووری مافی مرۆڤ (ههڵبژاردن و دهنگدان) دوو مافی دهستلێبهرنهدراوی سروشتی مرۆڤه. له سۆنگهی ئهم یاسایه دهكرێت كورد بۆ بهرهنگاربوونهوه رێگرتن له سیاسهتی دانانهوهی (قهیووم) پهنا بۆ شێوازی ناڕهزایی دیموكراتیانه ببات. ئهمڕۆ له توركیادا دهسهڵات ئازادی رێكخراویی و كهسی تا ئاستی نههێشتن قهتیس كردووه. له روانگهی لهبهرچاوگرتنی ئهم راستیه، ئهگهر هات و دهسهڵات بڕیاری لهسهر دهستبهسهرگرتن و دانانهوهی (قهیووم) دا، دهبێت كورد له تهواوی پڕۆسهی سیاسی توركیا به پهرلهمانیشهوه بكشێتهوه. دهستلهكار نهكێشانهوهی پهرلهمانتارانی (دهمپارتی) راستگۆیی بزوتنهوهی كورد دهخاته ژێر پرسیارهوه. له ئهگهری مانهوهی پهرلهمانتارانی كورد لهناو پهرلهماندا، خوێندنهوه و ئهرگومێنتی جیاواز دهربارهی بزوتنهوهی كورد له باكووری كوردستان دێته گۆڕێ. لهههمان كاتدا كشانهوهی پهرلهمانتارانی كورد، بوێری دهبهخشێت به پارتی گهورهی ئۆپۆزسیۆن (جهههپه) تا بهدهنگێكی زوڵاڵتر داوای ههڵبژدارنی پێشوهخت بكات. كشانهوهی كورد له پهرلهمانی توركیا (جهههپه) دهخاته ژێر بهرپرسیاریهتی و گوشاری جهماوهرهكهی و ناچاری دهكات تا ههنگاوی پراكتیكی بگرێتهبهر بۆ ئاساییكردنهوهی دۆخی ئاوارتهی ناو توركیا كه چهندین ساڵه دهسهڵاتی (ئاكپارتی) بۆ برهودان به دهسهڵات پهنای بۆ بردووه. جگه له ههنگاوی كشانهوه له پهرلهمانی توركیا، پێویسته بزوتنهوهی سیاسی كورد له ناو توركیا و دهرهوهی توركیا، له رێگای راستهوخۆی سهمبۆلهكانی و كهسه كاریزماكانی ئهم بزوتنهوهیه، له بهردهم دادگای مافی مرۆڤی ئهوروپا، پهرلهمانی ئهوروپا، دهزگا و ناوهنده نێودهوڵهتیهكانی وهكو نهتهوه یهكگرتووهكان و ئهنجوومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتی و هتد ... پهنا بۆ مانگرتن و خۆپیشاندانی جهماوهری مهدهنیانه ببات. ئهم ههنگاوه كێشهی كورد دهخاته رۆژهڤی رای گشتی جیهانی و توركیا دهخاته ژێر گوشارێكی گهوره. تێكشكاندنی پڵانی به ههمیشه زهوتكردنی شارهوانیه كوردیهكانیش تهنیا بهم شێوازه مهیسهر دهبێت. ئهوهی دهمێنێتهوه، ئایا كورد بای ئهوهنده وزه و ئیرادهی ههیه پهنا بۆ ئهم رێگایه ببات، چونكه جگه لهم رێگایه هیچ رێگای دیكه نامێنێت لهبهردهم پێشووهچوونی دۆزی كورد!
راپۆرتی: درەو 🔻 لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە (قەزای ناوەند و ناحییەکانی سیروان و هەورامان) ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛ 🔹 یەکگرتوو پلەی یەکەمی گرتووە و (7 هەزار و 24) دەنگ، هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی و گۆڕان) بە پلەی دووەم دێن و (5 هەزار و 228) دەنگ، کۆمەڵ لە پلەی سێیەمدا بووەو (4 هەزار و 858) دەنگ، پارتی چوارەم بووەو (3 هەزار و 477) دەنگ و نەوەی نوێ پلەی پێنجەمی گرتووە و (3 هەزار و 396) دەنگیان بەدەستهێناوە. 🔹 لە هەڵبژاردنی 2021 دەنگی حزبەكان لە بازنەی سێیەم (هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن، هاوپەیمانی (15 هەزارو 952)دەنگ، یەكگرتوو (14 هەزارو 719) دەنگ، نەوەی نوێ (12 هەزارو 82) دەنگی، كۆمەڵ (11 هەزارو 431) دەنگ و پارتی (11 هەزارو 73) دەنگ. 🔻 لە پێنج خولی ڕابردووی پەرلەمانی کورستاندا (39) پەرلەمانتار لەدایکبووی سنوری ئێستای پارێزگای هەڵەبجە بوونە، بەجۆرێک؛ 🔹 لە خولی یەکەمدا (1992 - 2005)؛ (8) پەرلەمانتار، لە خولی دووەمدا (2005 - 2009)؛ (6) پەرلەمانتار، لە خولی سێیەمدا (2009 - 2013)؛ (11) پەرلەمانتار، لە خولی چوارەمدا (2013 - 2018)؛ (5) پەرلەمانتار، لە خولی پێنجەمدا (2018 - 2023)؛ (9) پەرلەمانتار هەڵەبجەیی بوونە. 🔹 لە خولی شەشەمدا (3) کورسی بۆ سنوری پارێزگای هەڵەبجە تەرخان کراوە، چاوەڕاوان ناکرێت چیدی هەڵەبجەییەکان هاوشێوەی خولەکانی پێشوو نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستان هەبێت!، چونکە دەنگدەرانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، ناتوانن دەنگ بە کاندیدێکی دەرەوەی سنوری بازنەی پارێزگاکەی خۆیان بدەن، هیچ کاندیدێکی هەڵەبجەییش لە دەرەوەی بازنەکە ناتوانێت دەنگی هەڵەبجەییەکان بەدەستبهێنێت. پارێزگای هەڵەبجە لە چواچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات. لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن. بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) نێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، و دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، و بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە. ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا جێگەی بایەخ دەبێت بازنەی دواییانە، کە پارێزگای هەڵەبجەیەو (3 کورسی) گشتی بۆ تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای هەڵەبجە پێکدێت لە قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی سیروان، هەورامان (خورماڵ و بیارە) وەک لە نەخشەکەدا هاتووە. بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای هەڵەبجە (27) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (136) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای هەڵەبجە دەبێت". بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجەش بریتییە لە (62 هەزار و 584) دەنگدەر، بەشێوەیەک (59 هەزار و 5) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (3 هەزار و 579) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. هەڵەبجەییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (1992 - 2023) لە پێنج خولی ڕابردووی پەرلەمانی کورستاندا (39) پەرلەمانتار لەدایکبووی سنوری ئێستای پارێزگای هەڵەبجەبوونە، وەک لە (خشتەی یەکەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛ - لە خولی یەکەمدا (1992 - 2005)؛ (8) پەرلەمانتار، کە (5)یان پارتی و (3) پەرلەمانتاریان هەڵەبجەیی بوونە. - لە خولی دووەمدا (2005 - 2009)؛ (6) پەرلەمانتار، کە (2) یەکگرتوو، (1) یەکێتی، (1) کۆمەڵ، (1) سۆسیالست و سەربەخۆیەک هەڵەبجەیی بوونە. - لە خولی سێیەمدا (2009 - 2013)؛ (11) پەرلەمانتار، کە (3) یەکگرتوو، (3) یەکێتی، (2) پارتی، (2) سۆسیالست و ئەندامێکی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵەبجەیی بوونە. - لە خولی چوارەمدا (2013 - 2018)؛ (5) پەرلەمانتار، کە (2) گۆڕان، (1) کۆمەڵ، (1) سۆسیالست و ئەندامێکی بزوتنەوەی ئیسلامی هەڵەبجەیی بوونە. - لە خولی پێنجەمدا (2018 - 2023)؛ (9) پەرلەمانتار، کە (3) پارتی، (2) کۆمەڵ، (1) یەکێتی، (1) یەکگرتوو، (1) سۆسیالست و ئەندامێکی بزوتنەوەی ئیسلامی هەڵەبجەیی بوونە. خشتەی یەکەم بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە تێبینی بکرێت، بەشێک لەو ئەندام پەرلەمانانەی لە خولەکانی ڕابردوودا گەیشتوونە پەرلەمانی کوردستان، "لەگەڵ ئەوەی لەدایکبووی سنوری پارێزگای هەڵەبجە"ن، بەڵام بەشی زۆریان دانیشتووی دەرەوەی پارێزگاکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لەو ئەندام پەرلەمانانە کەسایەتی دیاری سەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستانن، بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە، جیاکردنەوەی پارێزگای هەڵەبجە وەک بازنەیەکی سەربەخۆی هەڵبژاردن، چۆن کاریگەری لەسەر کاندیدە هەڵەبجەییەکان جێدەهێڵێت؟ بەشێوەیەکی گشتی لەم ڕووەوە سیستمی فرە بازنەیی دوو کاریگەری سەرەکی دەبێت، ئەوانیش؛ 1. دەنگدەرانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، جگە لە کاندیدەکانی سنوری بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگاکە، ناتوانن دەنگ بە کاندیدێکی دەرەوەی سنوری بازنەی پارێزگاکەی خۆیان بدەن. 2. هەروەک چۆن دەنگدەرانی سنوری بانەی پارێزگای هەڵەبجە ناتوانن دەنگ بە کەسێک بدەن لە دەرەوەی سنوری بازنەکەی خۆیان، بەهەمان شێوە هیچ کاندیدێکی بازنەکانی دیکەی هەڵبژاردن ناتوانن هیچ دەنگێکی سنوری بازنەی پارێزگای هەڵەبجە بەدەستبهێنن، ئەگەر کەسایەتییەکی گشتی _هاوشێوەی خولەکانی ڕابردوو_ تەنانەت لە دایکبووی سنوری بازنەی پارێزگای هەڵەبجەش بێت. بە گوێرەی ئەم گریمانەیەبێت لە خولی داهاتوودا، نوێنەرانی پارێزگای هەڵەبجە لە پەرلەمانی کوردستان لە (3) نوێنەر تێناپەڕێت وەک لە یاساکەدا بۆیان دیاریکراوە. بە مانایەکی دیکە چیدی هەڵەبجەییەکان هاوشێوەی خولەکانی پێشوو نوێنەریان لە پەرلەمان نابێت! هەڵەبجە لە دوا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا 1. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان (2018) لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەگوێرەی داتاکانی بەردەست لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە (قەزای ناوەند و ناحییەکانی سیروان، هەورامان (خورماڵ و بیارە)) ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەی دووەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛ - یەکێتی نیشتمانی کوردستان پلەی یەکەمی گرتووە و (8 هەزار و 839) دەنگی بەدەستهێناوە. - (یەکگرتوو و بزوتنەوە)ی ئیسلامی پلەی دوومیان گرتووە و (7 هەزار و 545) دەنگیان بەدەستهێناوە. - کۆمەڵی ئیسلامی (دادگەری) لە پلەی سێیەمدا بووەو (6 هەزار و 422) دەنگی بەدەستهێناوە. - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی چوارەمدا بووەو (5 هەزار و 214) دەنگی بەدەستهێناوە. - بزوتنەوەی گۆڕان لە پلەی پێنجەمدا بووەو (5 هەزار و 75) دەنگی بەدەستهێناوە. - نەوەی نوێ پلەی شەشەمی گرتووە و (3 هەزار و 36) دەنگی بەدەستهێناوە. خشتەی دووەم 2. ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (2021) لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە. لە هەڵبژاردنی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پارێزگای هەڵەبجە لە چوارچێوەی بازنەی سێیەمی پارێزگای سلێمانیدا بوو كە (هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن). لە بازنەی سێیەم دەنگی حزبەكان بەم شێوەیە بوو: - هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی و گۆڕان) پلەی یەكەمی گرتووە (15 هەزار و 952) دەنگیان بەدەستهێناوە بەرێژەی 24%. - یەکگرتووی ئیسلامی پلەی دووەمی گرتووە و (14 هەزار و 719) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 22%. - نەوەی نوێ پلەی سێیەمی گرتووەو (12 هەزارو 82) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 18%. - کۆمەڵی دادگەری لە پلەی چوارەمدا بووەو (11 هەزار و 431) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 17%. - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی پێنجەمدا بووەو (11 هەزار و 73) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 16.6%. كۆی گشتی دەنگدەران: 66 هەزارو 461 دەنگدەر بەڵام ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە(قەزای ناوەند و ناحییەکانی سیروان، هەورامان (خورماڵ و بیارە) بەپێی ئامارە نافەرمییەكانی بەردەست دەنگی حزبەكان لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە لە هەڵبژاردنی 2021 بەمشێوەیە بووە: - یەکگرتووی ئیسلامی پلەی یەکەمی گرتووە و (7 هەزار و 24) دەنگی بەدەستهێناوە. - هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی و گۆڕان) پلەی دووەمیان گرتووە و (5 هەزار و 228) دەنگیان بەدەستهێناوە. - کۆمەڵی دادگەری لە پلەی سێیەمدا بووەو (4 هەزار و 858) دەنگی بەدەستهێناوە. - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی چوارەمدا بووەو (3 هەزار و 477) دەنگی بەدەستهێناوە. - نەوەی نوێ پلەی پێنجەمی گرتووە و (3 هەزار و 396) دەنگی بەدەستهێناوە. خشتەی سێیەم گرافیک
راپۆرت: درەو ئەگەر هێرش كرایەسەر هەریەكێكمان، هەردووكمان بەیەكەوە بەرگری دەكەین، ئەمە دەكەین بە بنەمای جیهانێكی نوێی فرەجەمسەر، لەپاڵ ئەمەشدا میكانیزم بۆ بازرگانی بەدیل ئەدۆزینەوە، ئەمە كورتەی رێككەوتنی ئەمڕۆی نێوان ڤلادیمیر پوتینی سەرۆكی روسیاو كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكور بوو. وردەكارییەكەی لەم راپۆرتەدا. پشتیوانی كیم بۆ جەنگی ئۆكراینا سەرۆكی روسیاو كۆریای باكور رێككەوتنێكیان بۆ قوڵكردنەوەی هاوكاری سەربازی نێوانیان ئیمزاكرد، رێككەوتنێك كە وا دەكات لە حاڵی هێرش بۆسەر هەریەكێكیان، هەردووكیان پێكەوە بەرگری بكەن.كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكور پەیوەندییە نوێیەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ روسیا وەكو "هاوپەیمانی" ناوهێنا. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دەگمەندا لەگەڵ ڤیلادیمیر پوتینی سەرۆكی روسیا، لە پیۆنگ یانگی پایتەختی وڵاتەكەی، كیم جۆنگ ئون ئیمزاكردنی رێككەوتنی "شەراكەتی ستراتیژی گشتگیر"ی لەگەڵ روسیا راگەیاند، پوتینی سەرۆكی روسیاش وتی: رێككەوتنەكە بوارەكانی بەرگریش لەخۆدەگرێت. پوتین كە لەماوەی 24 ساڵی رابردوودا یەكەمجارە سەردانی كۆریای باكور دەكات، رایگەیاند، بەپێی ئەو رێككەوتنی شەراكەتە گشتگیرەی ئەمڕۆ ئیمزا كرا، روسیاو كۆریا هەر كامێكیان روبەڕووی دەستدرێژی بوونەوە، دەبێت هاوكاری یەكتر بكەن. سیئۆل و واشنتۆن بەچڕی چاودێری سەردانەكەی پوتین دەكەن، كە پێدەچێت پەیوەندی دەیان ساڵەی نێوان روسیاو كۆریای باكور رێكبخاتەوە، ئەمەش لەكاتێكدا هەردوو وڵات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی روبەڕووی پەراوێزخستن بوونەتەوە، كۆریای باشورو ئەمریكا نیگەرانن لە پەرەسەندی پەیوەندییە سەربازییەكانی نێوان مۆسكۆو پیۆنگ یانگ. چین كە پاڵپشتیكاری سیاسی و ئابوری سەرەكی كۆریای باكورو هاوكاتییش هاوپەیمانێكی گرنگی مۆسكۆیە، هیچ كاردانەوەیەكی نییەو بێدەنگە، ئەمە لەكاتێكدایە كیم جۆنگ ئون وتی: رێككەوتنەكە دەكرێت هاوكاری روسیاو كۆریای باكور فراوانتر بكات بۆ بوارەكانی سیاسەت و ئابوری و بەرگریی و سروشتی رێككەوتنەكە "ئاشتیخوازانەو بەرگریكارانە"یە. پەیوەندییەكانی نێوان كۆریای باكورو روسیا گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی نوێی هاوپەیمانێتیی. لەسەرەتای كۆبونەوەی لوتكەكەیان، كیم "پشتیوانی بێ مەرج"ی خۆی بۆ "سەرجەم سیاسەتەكانی روسیا" راگەیاند لەناویدا "پاڵپشتی تەواوەتی و هاوپەیمانی بەهێز" بۆ جەنگەكەی پوتین دژ بە ئۆكراینا. پوتین وتویەتی: مۆسكۆ دژی سیاسەتی هەژمونخوازانەو ئیمپریالی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی دەجەنگێت. ئەمە بەگوێرەی قسەی میدیاكانی روسیا. بەپێی ئاژانسی فەرمی هەواڵەكانی روسیا، پوتین لە سەرەتای گفتوگۆكانیدا لەگەڵ كیم جۆنگ ئون رایگەیاندووە" پشتیوانی چەسپاو و بەردەوامی ئێوە بۆ سیاسەتەكانی روسیا لەناویاندا سیاسەتی روسیا لە ئۆكراینا، بەرز دەنرخێنین". وڵاتانی خۆرئاوا بە سەرۆكایەتی ئەمریكا سزایان بەسەر روسیا سەپاند، بەهۆی لەشكركێشی بەرفراوانی پوتین بۆسەر ئۆكراینای دراوسێ لە شوبانی 2022دا، ئەمە لەكاتێكدا بوو مۆسكۆ هێرشەكەی بە "ئۆپراسیۆنێكی سەربازی تایبەت" ناودەبرد. "پشتیوانی بێ مەرج" پوتین كە لە لوتكەی ئەیلولدا لە ئەوپەڕی خۆرهەڵاتی روسیا میوانداری كیم-ی كردو بەم میواندارییە هاریكاری سەربازی نێوان هەردوو وڵاتی خێرا كرد، ئەمڕۆ لە پیۆنگ یانگ پێشوازییەكی گەورەی لێ كرا. پاسەوانی شەرەف لەناویشیاندا سەربازە سوارەكان و ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی مەدەنی لە گۆڕەپانی (كیم ئیل سۆنگ) لە كەناری روباری (تایدۆنگ) كە بەناو پایتەختدا تێدەپەڕێت، كۆبونەوە بۆ پێشوازیكردن لە پوتین، دیمەنەكە منداڵیشی تێدا بوو كە باڵۆن و وێنەی گەورەی هەردوو سەرۆكەكەیان هەڵگرتبوو، لەگەڵ رازاندنەوەی گۆڕەپانەكە بە ئاڵای وڵاتەكەیان. پاشان كیم و پوتن بەرەو كۆشی (كومسوسان) بەڕێكەوتن بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆی لوتكە، پێشترو بەر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پوتین، كیم جۆنگ ئون وتی: ژینگەی ئەمنیی لەسەرتاسەری جیهان بەشێوەیەكی بەردەوام تادێت ئاڵۆزتر دەبێت، ئەمە پێویستی بە دیالۆگێكی ستراتیژی بەهێزتر هەیە لەگەڵ روسیا. كیم بە پوتنی وت:" ئەمەوێ جەخت بكەم لەوەی كە ئێمە بەبێ هیچ كۆت و مەرجێك پشتیوانی لە سەرجەم سیاسەتەكانی روسیا دەكەین". باسی لەوەكرد" كۆریای باكور پشتیوانی و هاوسۆزی تەواوەتی خۆی بۆ سوپاو گەلی روسیا نیشان دەدات لە ئۆپراسیۆنە سەربازییە تایبەتەكانیاندا لە ئۆكراینا بۆ پارێزگاریكردن لە سەروەریی و بەرژەوەندییە ئەمنییەكانیان، ئەمە لەپاڵ پاراستنی سەلامەتی خاكەكەیان". پوتین ئەمڕۆ گەیشتە فڕۆكەخانەی پۆنگ یانگ، كیم بۆ پێشوازیكردن باوەشی بۆ كردەوە، لەكاتی گەشتەكەیان بۆ میوانخانە فەرمییەكە، هەردووكیان "قسەی ناو دڵی خۆیان" كرد، ئەمەش بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی فەرمی كۆریای باكور. ئاژانسەكە رایگەیاند" شەراكەتی نێوان هەردوو وڵات بزوێنەری خێراكردنی بنیادنانی جیهانێكی فرەجەمسەری نوێیە"، سەردانەكەی پوتینیش بەهێزی ئەو دۆستایەتی و یەكێتیی نێوانیانی پیشاندا. روسیا پەیوەندییە گەرم و گوڕەكەی لەگەڵ كۆریای باكور بەكارهێناوە بۆ بێزاركردنی واشنتۆن، ئەمە لەكاتێكدایە كۆریای باكور كە ژێر گەمارۆیەكی تونددایە، پاڵپشتی سیاسی و بەڵێنی پاڵپشتی ئابوری و بازرگانی لە مۆسكۆ وەرگرتووە. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی ترسیان هەیە لەوەی روسیا یارمەتی پێشكەشی بەرنامە موشەكی و ئەتۆمییەكەی كۆریای باكور بكات، كە بڕیاڕی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەم كارەی قەدەغەكردووە، سەرباری ئەمە پیۆنگ یانگ تۆمەتبار دەكەن بەوەی موشەكی بالیستی و تۆپخانەی بە روسیا داوەو روسیاش ئەو چەكانەی ئۆكراینا بەكارهێناوە، بەڵام مۆسكۆو پیۆنگ یان هەردووكیان گواستنەوەی چەك لەنێوانیاندا رەتدەكەنەوە. "میكانیزمی بازرگانی جێگرەوە" دوای ئەوەی هاتنی پوتین بۆ پیۆنگ یان چەند كاتژمێرێك دواكەوت، لە كاتژمێری پێش بەرەبەیانیدا فڕۆكەكەی دەركەوت و كیم بەتەنیا لەسەر فەرشی سور پێشوازی لێكرد، بەڵام بێ ئەو ئاهەنگە گەورەی كە كۆریای باكور لە ساڵی 2019دا بەبۆنەی سەردانەكەی (شی جین بیگ)ی سەرۆكی چینەوە رێكیخست. دواتر هەردووكیان سواری ئۆتۆمبیلی (لیمۆزینی ئاوروس)ە روسییەكەی پوتین بوون و بەرەو میوانخانەی (كۆمسۆسان)ی دەوڵەت بەڕێكەوتن. میدیاكان وێنەی شەقامەكانی پیۆنگ یانگ-یان گواستەوە كە بە وێنەی پوتین رازێندراوەتەوە، لەگەڵ دیمەنی روخساری هۆتێل (ریو جیونگ) كە تەواو نەكراوەو لە 101 نهۆم پێكدێت و بە پەیامێكی گەورە لەسەری نوسراوە " بەخێربێیت پوتین". وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی روسیا ئەندامێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە كە مافی ڤیتۆی هەیەو هەڵسەنگاندن بۆ نزیكبوونەوەی خۆی لەگەڵ كۆریای باكور دەكات، پوتین بەر لە گەیشتنی ئاماژەی بە بەرەنگاری پیۆنگ یانگ كرد بۆ هەڕەشەو فشارە ئابورییەكانی ئەمریكا. لە وتارێكدا كە رۆژنامەی فەرمی حزبی دەسەڵاتداری كۆریای باكور بڵاویكردەوە، كیم بەڵێنیدا " پەرە بە میكانیزمەكانی بازرگانی جێگرەوە بدات، میكانیزمێك كە ملكەچ نەبێ بۆ كۆنترۆڵی خۆرئاوا" ئەمە لەپاڵ "بنیادنانی ژێرخانێكی ئەمنیی یەكسان و دابەشنەكراو لە ئۆراسیا". سەرچاوە: ئاژانسی رۆیتەرز
درەو: 🔹 ئێرانییەکان بەرەو چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەنگاو دەنێن، رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، نۆیەم سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە هەڵدەبژێرن. 🔹 لە نێو (6) پاڵێوراودا، دوو پاڵێوراویان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، پاڵێوراوێکیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، پەیوەستن بە سوپای پاسداران و ناوەندەکانی ژێر هەژمونی سوپاوە. 🔹 ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی و ڕێبەرانی سەرەکی ڕێژیم پێیان وایە ئەو دەستکەوتانەی لە ئێراندا بەدەست هاتوون، وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن، لەو شوێن و ناوچانەیە کە سوپای پاسداران تێیدا چالاکییە. 🔹 رژێم هەوڵدەدات پۆستی زیاتر ڕادەستی سوپای پاسداران بکات. 🔹 پێدەچێت خواستی ڕژێم زیاتر مەیلی بەرەو سپاردنی پۆستی سەرۆکایەتی بە کەسێکی وەک (قالیباف) بێت، بۆ ئەوەی ڕێگە خۆشبکات بۆ هێنانە پێشەوەی کەسایەتییەکی وەک موجتەبا خامنەئی (کوڕی ڕێبەر) وەک سێیەم سەرکردەی ئێران دوای (ڕێبەر و سەرۆکی کۆمار). پاڵێوراوەکانی چواردەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ئێران ئێرانییەکان بەرەو چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەنگاو دەنێن، رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، نۆیەم سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە هەڵدەبژێرن. لەدوای ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆک کۆمار (ئیبراهیم ڕەئیسی) لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤ و گیانلەدەستدانی خۆی و سەرنشینەکان، ئێرانی خستە بەردەم جۆرێک لە ئاڵنگاری ناوخۆیی و دەرەکی، پەیوەست بە پرۆسەی گواستنەوە و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دۆسییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان. ئەنجومەنی پاراستنی دەستوریش ناوی شەش پاڵێواوی پەسەند کرد کە ڕکابەری دەکەن بۆ پڕکردنەوەی کورسی سەرۆک کۆمار، ئەوانیش: 1. عەلیرەزا زاکانی: (بناژوخواز)، لە ئێستادا پۆستی سەرۆکی شارەوانی تاران بەدەستەوەیە، پێشتر سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی شورا بووە، پێشتریش نوێنەری شاری تاران بووە لەو ئەنجومەنەدا. 2. سەعید جەلیلی: (بناژوخواز)، ئەندامی ئەنجومەنی ستراتیژی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام. ئەو وەک ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کاری کردووە، هەروەها سەرۆکایەتی تیمی دانوستانکاری دانوستانەکانی ئەتۆمی کردووە لە سەردەمی (ئەحمەدی نەژاد)دا. 3. ئەمیرحوسێن قازیزادە هاشمی: (بناژوخواز)، پزیشک و سیاسەتمەدار، وەک یاریدەدەری سەرۆکی کۆمار و بەرپرسی دەزگای شەهید کاری کردووە. 4. حوجتولئیسلام مستەفا پورمحەمەدی: (بناژوخوازی میانڕەو)، سیاسەتمەدار، پێشتر پۆستی وەزیری دادی هەبووە، پێش ئەوەش یاریدەدەری وەزیری ئیتلاعات بووە لە وەزارەتەکەی (عەلی فەلاحیان)، لە خولی یەکەمی حکومەتەکەی (مەحمود ئەحمەدی نژاد)یشدا بووە وەزیری ناوخۆ. ئێستا وەک ڕاوێژکاری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ئەمینداری گشتی کۆمەڵەی پیاوانی باڵای ئاینی کاردەکات. 5. محەمەد باقر قالیباف: (بناژوخواز)، بۆ جاری دووەمە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی شورا دەکات. 6. مەسعوود پزشکیان: (ریفۆرمخواز)، وەک وەزیری تەندروستی لە حکومەتەکەی (محەمەد خاتەمی)دا کاری کردووە. هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران لە ژێر ڕۆشنایی دروشمەکانی هەڵبژاردن تاکە کاندیدی ڕیفۆرمخوازەکان (پزشکیان)، دروشمێکی هەمەلایەنە و کورتی دوو وشەیی (لەپێناو ئێران)ی بەکارهێنا، دروشمێک کە هەم بەڵێن و هەم ڕەخنەی تێدایە. هاوکات دروشمی (سەعید جەلیلی) درێژترەو گوزارشت لە کەسایەتییەکەی دەکات، لە کاتێکدا باقی کاندیدەکان سەرنجیان لەسەر خزمەتگوزاری، دادپەروەری، خێزان، نیگەرانییەکان و بژێوی خەڵکە. دروشمی سەرەکی شەش کاندیدەکە بەم شێوەیە یە: 1. پزشکیان: لە پێناو ئێراندا. 2. پور محەمەدی: حکومەتی سەقامگیر؛ دادپەروەری سەروەت و سامان، هێز. 3. جەلیلی: جیهانێک لە دەرفەت، ئێران باز دەدات؛ هەموو ئێرانییەک ڕۆڵێکی گەورەی هەیە. 4. زاکانی: حکومەتی خزمەت. 5. قازی زادە: حکومەتی گەل و خێزان. 6. قالیباف: خزمەت و پێشکەوتن. لە خولەکانی پێشوودا محەممەد عەلی ڕەجائی (لە ئابی 1981 لە بۆردومانی باڵەخانەی سەرۆکایەتیدا کوژرا) تاکە کەس بوو کە دروشمی هەڵبژاردنی نەخستەڕوو، بەڵام شێوازی ژیانی و خۆنەویستی و سادەیی ژیان و سیماکەی ڕەنگدانەوەی گەورەی لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن هەبوو، ئەو مۆدێلە تا ئەمڕۆش لە زهنی ئێرانییەکاندا ماوەتەوە، لایەنگرانی ئەحمەدی نژادیش بەو کەسایەتییە دەشوبهێنن. پێش (ڕەجائی)یش (بەنی سەدر) دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیەتی کردە دروشمی خۆی کە بەگشتی ئەو دروشمانە دروشمی شۆڕشە سەرکەوتووکەی وڵاتەکە بوو، (بەنی سەدر)یش یەکەم سەرۆک کۆماری دوای شۆڕشە سەرکەوتووەکەی ئێران هاتە سەر کوردسی سەرۆک کۆمار. خامنەئی تیشکی خستە سەر حکومەتێکی ئیسلامی کە توانای بانگهێشتکردنی خەڵکی هەیە بۆ بیرکردنەوە. سەبارەت بە ڕەفسنجانی، دروشمەکەی لە ژێر کاریگەری هاتنە دەرەوەی ئێران بوو لە جەنگی (8 ساڵ)ەی لەگەڵ عێراق بوو: با پێکەوە کاربکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران و تیشکی خستە سەر(ئابووری و پەرەپێدان). خاتەمی دروشمی (گرنگیدان بە گەشەسەندنی سیاسی) بەرزکردەوە، کە لە سەردەمی ڕەفسەنجانیدا لە ڕێگەی "سبەینێیەکی باشتر بۆ ئێرانی ئیسلامی" پشتگوێ خرابوو، خرانەڕوو. ئەحمەدی نژاد بە ڕوونی باسی لە پێویستییە ئابوورییەکانی خەڵک کرد، دوای شکستی حکومەتەکانی پێشوو لە دابینکردنی چارەسەری پێویست بۆی، بەڵێنیدا کە "داهاتی نەوت بخاتە سەر سفرەی ئێرانییەکان". ڕوحانی دووبارە جەختی لە (گەشەپێدانی ئابووری و دیپلۆماسییەتی کارا) کردەوە، تیری ڕەخنەی ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی (ئەحمەدی نەژاد) کرد، پرسی سەقامگیری سیاسی و ئابووری لە دروشمی ئیبراهیم ڕەئیسیدا بە ڕوونی دەرکەوت، لەگەڵ بەڵێنی ڕەخساندنی هەلی کار: ئێرانێکی بەهێز و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان . ئێران سیانزە خولی هەڵبژاردنی تەواو کردووە و بەرەو چوادەیەمین خۆل هەنگاو دەنێت، نوخبەی سیاسی وڵاتەکە لە تاقیکردنەوەیەکی سەختتردا لە بەردەم دەنگدەرێکی ئێرانی کە دڵخۆشکردنی ئاسان نییە، ئەزموون و تاقیکردنەوە دەکەن. ڕەنگە دابەزینی ڕێژەی دەنگدان ئاماژەیەک بێت بۆ هەڵوێستی ئەم دەنگدەرانە بەرامبەر بە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران. تایبەت بە مێژووی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕێژەی بەشداری دەنگدەران بڕوانە (خشتەی یەکەم). دۆخی کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار خولەکانی پشووی هەڵبژاردن، ڕەنگدانەوەی جۆرێک لە کێبڕکێ بووە، کە ئێران لەگەڵ هەر خولێکی هەڵبژاردندا رووبەڕووی بووەتەوە، هەندێک خول پەسەندکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کاندیدەکان نیشان دەدات، هەندێکجاریش سنووردار کراون بە ژمارەیەکی کەمی کاندید بەپێی ئەو سیاسەتەی کە ئەنجومەنی پاراستنی دەستور پەیڕەوی کردووە. بەشێوەیەکی گشتی دەکرێت بەجۆرێک باس لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بکرێت کە ئاستێکی کێبڕکێ لە خولێکدا زیاد دەکات و لە خولێکی تردا دادەبەزێت، ئەمەش بەندە بە میکانیزمەکانی کێبڕکێی ناوخۆیی و سەرهەڵدانی هێز و کۆتلەی دیکە لەسەر حیسابی کوتلەیەکی تر. زۆر جاریش بۆ ڕاگرتنی بەرژەوەندییەکان کاندیدێک یان چەند کاندیدێک بۆ بەرژەوەندی بەرەیەکی سیاسی دەکشێنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر داینامیکی و ڕەوتەکانی هەر هەڵبژاردنێك دەبێت. بە گشتی (خشتەی دووەم) تێڕوانینێکی گشتی لەبارەی کێبڕکێی سیاسی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە هەڵبژاردنەکاندا دەخاتە ڕوو. سوپای پاسداران و پۆستە سیادییەکان ئاماژەگەلێک هەن کە وا نیشان دەدەن ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەرەو ڕادەستکردنی زیاتری پۆستە هەستیار و پێگە سیادییەکانی وڵاتەکە بە سوپای پاسداران بسپێرن لە نێویشیاندا پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار. لە نێو (6) پاڵێوراوەکەدا، دوو پاڵێوراویان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، پاڵێوراوێکیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، پەیوەستن بە سوپای پاسداران و ناوەندەکانی ژێر هەژمونی سوپاوە، ئەوانیش؛ (محەمەد باقر قالیباف) کە یەکێک بووە لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، و (عەلی ڕەزا زاکانی) سەرۆکی شارەوانی تاران کە پێشتر لە سوپای پاسداران پۆستی باڵای هەبووە، هەروەها (سەعید جەلیلی) کە لەلایەن "بەرەی خۆڕاگری" بە سەرۆکایەتی (سدیق مەحصولی) فەرماندەی پێشووی فەیلەقی شەشی سوپای پاسداران پشتیوانی لێدەکرێت. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران بە نیازی ئەوەیە، بۆ یەکەمین جار، پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار ڕادەستی سوپای پاسداران بکات؟ تا ئەم ساتە ژمارەیەکی زۆر بواری بەرفراوان لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای پاسداراندایە، ڕێژەیەکی زۆر لە میدیا و دەزگاکانی هەواڵ و ئاژانس و ڕۆژنامە و تەنانەت سیاسەتی دەرەوەشی کۆنترۆڵ کردووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە ڕۆڵی ناوچەیی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە، ئەوە جگە لە کۆنترۆڵکردنی دەزگا گەورەکانی ئابووری و بوارەکانی وەرزش _بە تایبەتیش تۆپی پێ_، هەروەها دەستی گرتووە بەسەر دامەزراوە کولتوورییە بەهێزەکانی وەک سینەما، زۆر بە کورتی دەکرێت ئاماژە بەوە بکەین سوپا کاریگەریی لەسەر چوار بوارى سەرەکیی هەیە، ئەوانیش: چەک، هەواڵگری، پارە و میدیا. جگە لەوەش سوپای پاسداران پۆستە بنەڕەتی و گرنگەکانی وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆنترۆڵ کردووەو ئەم پۆستە ماوەی (16) ساڵە لەلایەن سەرکردەکانی سوپاوە قۆرغ کراوە، کە لە ئێستادا (محەمەد باقر قالیباف)ەوە سەرۆکایەتی دەکات، لەکاتێکدا پێشتر لەلایەن (عەلی لاریجانی) سەرکردەیەکی پێشووی سوپای پاسدارانەوە بەڕێوە دەبرا. ئەم هەنگاوانە نیازی ڕێژیم بۆ ڕادەستکردنی پۆستە سیادییە گرنگەکان بە سوپای پاسداران ئاشکرا دەکات و بەشێک لە چاودێران پێیان وایە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماریش بە سوپای پاسداران دەستپێردرێت. ئەمە شتێکی سەیر نییە؛ وەک چۆن لە ئێستادا سوپای پاسداران زۆرینەی پۆستە گرنگەکانی کۆنترۆڵ کردووە، وەک؛ - پۆستی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی (عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان - سەرکردە لە سوپای پاسداران). - سەرۆکی پەرلەمان (محەمەد باقر قالیباف – سەرکردە لە سوپای پاسداران). - سەرۆکی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم (محەمەد باقر زولقەدر - سەرکردە لە سوپای پاسداران). - سەرۆکی شارەوانی تاران (عەلی ڕەزا زاکانی - سەرکردە لە سوپای پاسداران). - ئەمینداری کۆمیتەی سیاسی و ئەمنی لە ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم و بەرپرسی ڕاستەقینەی دۆسییەی ئەتۆمی ئێران (عەلی شەمخانی) کە هاوکات سەرکردەیەکی پێشووی سوپای پاسداران بووە. - فەرماندەی پۆلیسی ئێران (ئەحمەد ڕەزا رادان) سەرکردە لە سوپای پاسداران و سەرۆکی سێ دەزگای هەواڵگری، ئەوانیش؛ ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کە (محەمەد کازمی – سەرکردە لە سوپای پاسداران) بەڕێوەی دەبات، هەروەها وەزارەتی ئیتلاعات (ئیسماعیل خەتیب)، ڕێکخراوی ئیتلاعات و پۆلیس (غوڵام ڕەزا ڕەزاییان). - وەزیری ناوخۆ (ئەحمەد وەحیدی). - سەرۆکی ئاسایشی ناوخۆ (مەجید میر ئەحمەدی). - فەرماندەی بارەگای (ساروڵڵا) وەک گرنگترین بارەگای ئەمنی و بەرپرسی ئاسایشی پایتەخت، سەرکردە لە سوپای پاسداران (حسێن نەجات). - فەرماندەی پاسەوانانی ڕێبەر (حەسەن مەشروعی فەر) - وەزیری جەنگ (ئیسماعیل قائانی) فەرماندەی سوپای قودس ی سەر بە سوپای پاسداران. بەم شێوەیە تێبینی دەکرێت کە سەرکردایەتی زۆربەی پێگە هەستیار و گرنگەکان لەلایەن سوپای پاسداران و سەرکردەکانیەوە کۆنترۆڵ کراوەو سەرکردەکانی سوپای پاسداران لە یەک کاتدا چەندین پۆستیان هەیە، وەک پۆستی سەرۆکی دەستی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکان (محەمەد باقری) سەرۆکایەتی دەکات. بەرپرسی بارەگای (خاتەم ئەلئەنبیا) کە گرنگترین بارەگای سەربازییە لە وڵاتدا لە دەستی فەرماندەی سوپای پاسداران (غولام عەلی ڕەشید)دایە، بەرپرسی توانای مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (ئەمیر عەلی حاجی زادە)یە. سێ هەڵبژاردنی ڕابردووی ئێران شاهیدی ئەوە بووە، ڕژێم بەم ئاراستەیە کاردەکات و هەوڵی بە سەربازی کردنی دەسەڵات و قەتیسکردنی پێگە سیادی و هەستیارەکان لە سەرکردایەتی سوپای پاسداران دەدات. لە ڕووی دەروونیشەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ڕژیم بۆ ئەم بیرۆکەیە ئامادەیە. ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی و ڕێبەرانی سەرەکی ڕێژیم پێیان وایە ئەو دەستکەوتانەی لە ئێراندا بەدەست هاتوون، وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن، لەو شوێن و ناوچانەیە کە سوپای پاسداران تێیدا چالاکییە. خامنەئی و دامودەزگاکانی دەسەڵای پێیان وایە کە هێزی ئێران لە مەیدانەکانی سەربازی، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و میلیشیاکانی سەر بە ئێران، دەرئەنجامی هەوڵ و کردەوەکانی سوپای پاسدارانە لەسەر ئەم بنەمایە، ڕژێم بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ڕادەستکردنی پۆستە هەستیارەکان بە سوپای پاسداران بڕیارێکی دروست بووو، هەربۆیە باوەڕایان وایە بازنەیەی ڕادەستکردنی پۆستە باڵاکان بە سوپای پاسداران فراوانتر بکرێت بۆ ئەوەی پۆستی نوێ بگرێتەوە، لەوانەش پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار. ئەو بیرۆکەیە تەنها لەوەوە سەرچاوە ناگرێت کە سوپای پاسداران لە دەرەوە وڵاتەکەی پاراستووە، بەڵکو بەو قەناعەتە گەیشتوون کە ئەوە سوپای پاسداران بووە توانیوویەتی سەرکوتی ناڕزایەتییە جەماوەرییەکانی ناوخۆ بکات لە ساڵانی: (٢٠٠٩، ٢٠١٧، ٢٠١٩ و ٢٠٢٢)، ئەوەی کە ڕژێمی لە کەوتن ڕزگار کرد لە ڕێگەی سەرکوتکردنی خەڵکەوە، سوپای پاسداران بوو. ئێستا کە مەترسی دووبارەبوونەوەی ئەم ناڕەزایەتییە جەماوەرییە گەورانە هەیە، دەبێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ مانەوە و پاراستنی ڕژێمەکە. چاودێران پێیان وایە دەسەڵات دڵنیا بووەتەوە لەوەی ئەو ئۆرگانە سەرەکییەی کە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت لە مەسەلەی جێنشینی (عەلی خامنەئی)، و ڕێگری لە گۆڕینی بۆ قەیرانێکی گەورە، تەنیا سوپای پاسداران و سەرەڕای گرنگی دامودەزگاکانی دیکە، وەک ئەنجومەنی پاراستنی دەستوە، ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم، ئەنجومەنی پسپۆڕان و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، سوپای پاسداران وەک فاکتەری سەرەکی دەمێنێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە قەیرانێکی گەورە کە ڕووبەڕووی ڕژێم دەبێتەوە دوای کۆتایی هاتنی خامنەئی. پێدەچێت ڕێژیم لە هەلومەرجێکی وادا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی پێشووی، و پەیڕەوکردنی مۆدێلەکانی چین و ڕووسیا و پاکستان، هەوڵی زیاتر دەدات پۆستی زۆرتر ڕادەستی سوپای پاسداران بکات. ڕژیم لە چینەوە بیرۆکەی گەشەپێدانی زۆرەملێی فێربوو، لە پاکستانەوە بیرۆکەی بۆمبی ئەتۆمی و هاوکاری سەربازی لەگەڵ پیاوانی ئایینی فێربوو، لە ڕووسیاشەوە بیرۆکەی مافیای پارە و سامانی لە بواری نەوت و غازدا وەرگرت، هەموو ئەوانەشی بەستەوە بە بەرپرسانی ئەمنی و بازنەی دەسەڵاتەوە. هەرچەندە سەرکەوتنی هەرکام لە شەش پاڵێوراوەکەی هەڵبژاردنی سەرکۆمار لە ئێران نابێتە مەترسی بۆ سەر ڕژێم، بەڵام پێدەچێت دەسەڵات لەگەڵ سەرکەوتنی کەسایەتییەکی وەک (قالیباف) بۆ ئیدارەکردنی پرسی ناڕەزایەتییەکان و جێنشینی (خامەنەئی) بێت، هەروەها بیرۆکەی ڕووبەڕووبوونەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و مامەڵەکردنی زیاتر لەگەڵ ڕووسیا و چین و هیندستان کە ئێران بە بنەمای دەزانێت بۆ سیستمی نوێی جیهانی. بەڵام گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم هەوڵەکانی ڕژێم بۆ دیزینکردنی دەرئەنجامی هەڵبژاردن بوونی خەڵکە، کە بۆ چاودێران وا دەردەکەوێ کە ڕژێم بوونی ئەوان پشتگوێ دەخات و مەترسییەکانیان بە کەم دەزانێت. زۆربەی خەڵکی ئێران ڕژێم بە بێ شەرعیەت و بە شکستی ئابووری و ناتەبا لەگەڵ شێوازی ژیانی هاووڵاتیان دەزانن. نەبوونی ئیرادەی ڕێژیم بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گوشار و ئاڵنگارییە نێودەوڵەتییەکان لاوازە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵنگارییانە، پێدەچێت خواستی ڕژێم زیاتر مەیلی بەرەو سپاردنی پۆستی سەرۆکایەتی بە کەسێکی وەک (قالیباف) بێت، بۆ ئەوەی ڕێگە خۆشبکات بۆ هێنانە پێشەوەی کەسایەتییەکی وەک موجتەبا خامنەئی (کوڕی ڕێبەر) وەک سێیەم سەرکردەی ئێران دوای (ڕێبەر و سەرۆکی کۆمار)، حکومەتیش لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان ڕزگاری بکات. سەرچاوەکان - فاطمة الصمادي، الانتخابات الرئاسية الإيرانية الرابعة عشرة (قراءة أولية)، مرکز الجزیرة للدراسات، 13 يونيو 2024؛ https://studies.aljazeera.net/ar/article/5947 - مراد ويسي، هل يستعد النظام الإيراني لتسليم رئاسة الجمهورية إلى الحرس الثوري؟، ایران اینترنشنال، 16/6/2024؛ https://www.iranintl.com/ar/202406160399 - العربية.نت، بالأسماء والتفاصيل.. قائمة المرشحين النهائية لخوض انتخابات الرئاسة في إيران، 9/6/2024؛ https://shorturl.at/Zcgxg
درەو: درەو: "ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وازی لە بزووتنەوەی گۆڕان هێناوەو داوایكردووە كەسێك لە شوێنەكەی دابنرێت، ماوەی زیاتر لە چوارمانگە هیچ پەیوەندییەكی حزبی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە" سەرچاوەیەكی نزیك لە ئاوات شێخ جەناب بە (درەو)ی راگەیاند: لە دوای كۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕانەوە و زیاتر لە چوار مانگە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم لە پشكی گۆڕان وازی لە بزووتنەوەی گۆڕان هێناوەو هیچ پەیوەندییەكی حزبی بەو بزووتنەوەیەوە نەماوە. ئاواتی شێخ جەناب دوای ئەوەی هیچ پەیوەندییەكی بەبزوتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە، داوای كردووە بەفەرمی گۆڕان كەسێك بۆ شوێنەكەی دەست نیشان بكات تا بەزوترین كات پۆستەكەی ڕادەست بكات یان یەكێك لەوەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەوەكالەت پۆستەكەی بەڕێوە ببات. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، ئاوات شێخ جەناب بەتەواوی لە بزووتنەوەی گۆڕان نائومێد بووەو تا ئێستا سێ جار دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی بزووتنەوەی گۆڕانكردووەو دوایین دەستلەكاركێشانەوەی لە مانگی یەكی 2023 بوەوەو نوسیویەتی" تكایە من لابەرن و كەسێكی تر بخەنە شوێنەكەم، من لە حزبێكدا كارناكەم كە زیاتر لە دوو ساڵە سەركردایەتی و بڕیاربەدەستی نەبێت" ئاوات شێخ جەناب ماوەی چوار ساڵە سەرەڕای نەمانی پەیوەندی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە، لە گروپەكانی جڤات و سەركردایەتی گۆڕان نەماوەو لە هیچ كۆبوونەوەیەكی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری نەكردووە لە كۆبوونەوەی تیمی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە حكومەت چووەتە دەرەوە. ئاوات شێخ جەناب لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك وەزیری دارایی لە پشكی گۆڕان دەستبەكاربووەو پێشتر ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان و رێكخەری ژووری دارایی ئەو بزووتنەوەیە بوو.
درەو: ماوەی دوو رۆژە گرژییەكی نوێ لە نێوان دەباشان و لالەزاردا درووست بووە، ئایتییەكانی لالەزار، پەیجی فەرمی كەناڵ هەشتیان داخست، بەرەبەیانی ئەمڕۆش (30) پاسەوانی لالەزار سەنگەریان بەرەو دەباشان گواستەوە ماوەی دوو رۆژە ئایتییەكانی نزیك لە لالەزار پەیجی فەرمی كەناڵ هەشتیان داخستووە بە بیانووی كۆپی رایتەوە، دوو رۆژە رۆژنامەنووس و ئایتییەكانی هەردوولا لە گفتوگۆدان، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیكەی (30) پاسەوانی لالەزار سەنگەریان بەرەو دەباشان گواستەوە، ئەوان لە هێزە (100) كەسیەكەی رێبوار حامید حاجی غالی بوون لەلالەزار، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە لالەزارەوە سەنگەریان گواستەوە بۆ دەباشان. (درەو) بەدواداچوونی كرد زانیارییەكان لەلالەزارەوە باس لەوە دەكەن بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەستیان بە جوڵەكردووە لەناو پاسەوانەكان، بۆیە ژمارەیەك پاسەوان چەكەكانیان لێوەرگیراوەتەوە. بەڵام لایەنی بەرامبەر دەڵێن، ئەو هێزە زۆربەی پاسەوانەكانی لالەزارەو وازیان هێناوە گەڕاونەتەوە بۆناو یەكێتی. لە رووداوەكانی 8ی تەمووزی 2021 لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ئەوكاتی یەكێتی لەناو یەكێتی دوورخرایەوە، یەكێتی ساڵی رابردوو كۆنگرەی كردو بافڵ تاڵەبانی كرا بە سەرۆكی یەكێتی. لاهور شێخ جەنگی لە ئێستادا حزبی (بەرەی گەل)ی راگەیاندووەو بە لیستی بەرەی گەلی بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا دەكات.
راپۆرتی: درەو 🔻 بەپێی ئامارەکان؛ وەزارەتی نەوتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2024)دا؛ 🔹 نزیکەی (411 ملیۆن و 600 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، نزیکەی بڕی (405 ملیۆن و 810 هەزار) بەرمیلی بە رێژەی (98.6%) بەرهەمی کێڵگەکانی ناوەراست خوارووی عێراق بووە. داهاتی گەڕاوەی نەوتی عێراق بۆ وەزارەتی دارایی لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2024)دا؛ 🔹 زیاتر لە (38 ترلیۆن و 26 ملیار) دینار بووەو (89%) کۆی داهاتی وەزارەتەکەی پێکهێناوە. یەکەم؛ بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2024 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتە و چارتی (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕی (411 ملیۆن و 599 هەزار و 605) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیاکەوە فرۆشتووە، ئەو بڕەش (405 ملیۆن و 809 هەزار و 897) بەرمیلی بەرهەمی کێڵگەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بووە بە رێژەی (98.6%) و بڕی (ملیۆنێک و 810 هەزار و 491) بەرمیلی هی کێڵگەکانی باکور بووەو بە تانکەر هەناردەی ئوردن (3 ملیۆن و 979 هەزار و 217) بەرمیلی هەناردەی کێڵگەی گەیارە بووە. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. 1. و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2024 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2024) بڕی (103 ملیۆن و 508 هەزار و 439) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 338 هەزار و 982) بەرمیل 2. بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2024 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2024)دا، بڕی (99 ملیۆن و 592 هەزار و 311) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 434 هەزار و 218) بەرمیل. 3. بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2024 پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2024)دا، بڕی (106 ملیۆن و 112 هەزار و 38) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 422 هەزار و 969) بەرمیل. 4. بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی نیسانی 2024 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی (2024)دا، بڕی (102 ملیۆن و 386 هەزار و 818) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 412 هەزار و 894) بەرمیل. دووەم؛ داهاتی گەڕاوەی هەناردەی نەوتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2024 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ نیسانی ساڵی (2024) لە (9ی حوزەیرانی 2024) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (42 ترلیۆن و 725 ملیار و 409 ملیۆن و 202 هەزار و 511) دینار، بەجۆرێک بڕی (38 ترلیۆن و 26 ملیار و 624 ملیۆن و 193 هەزار و 31) دیناری بەڕێژەی (89.2%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (4 ترلیۆن و 698 ملیار و 785 ملیۆن و 9 هەزار و 480) دیناری بەڕێژەی (10.8%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر چوار مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار و نیسانی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)) هەروەها گرافیکی هاوپێچ.
سان ساراڤان بە ئاشكرا داڕمان و پلانی بە ئاپارتمانكردنی ناوچەی گۆیژە كەوتۆتە قۆناغی جێبەجێكردنەوەو ڕۆژانە كۆمپانیاو سێبەرەكانی پشتی كۆمپانیاكان پاساوی جۆربەجۆر دەهێننەوە بۆ بەڕێكردنی پلانە بەرژەوەندخوازەكانیان. یەكێك لەو پاساوانە ئەوەیە كە گوایە قۆناغی بیناسازی ڕوویەكی (شارستانی) تر دەدات بە شاری سڵێمانی. چ شارستانییەتێك؟ لە شارنشنیدا هاوڵاتی و ژینگە چەقە و لە سەنتەردایە، گەر شارستانییەت و شارنشینی لەسەرو بەرژەوەندی پێداویستی سەرەكیەكانی هاوڵاتیان بینا بكرێت ئەوا شارستانیەكی پووچ و بێ گیان دەبێت و كلۆربوونی كۆمەڵایەتی بەدوا دێت،بەوەش ژیانی تاك دەکەوێتە مەترسییەوە. پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە ئایا زیادكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی پێداویستییەكی بنەڕەتییەلەم كاتەدا؟ بەتایبەتی كە لە ماوەی ٣٤ ساڵی حوكمڕانی كورییدا بەبەردەوامی كەلێنی گەورەمان هەیە لە پێداویستیە سەرەكیەكانی وەك كارەبا و ئاو هەوا و خۆراكی تەندروست و ڕێگەوبان و كەرتی تەندروستی. دەزانین كە ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی و چارەسەر بۆ كێشەكانی بەرێوەبردنی شار بەبەردەوامی بە پرۆسەی پینەكردن و داپۆشینی گرفتەكان و چارەسەری كاتی بووە، تەنها زەرەمەندی گەورە هاولاتی بووە. لە ئێستادا، ژمارەی دانیشتوانی ناو قەزای سلێمانی بە بەكرەجۆ و تانجەرۆو بازیانیشەوە دەگاتە نزیكەی ٩٩٢،٩٢٢ كەس، ئەم ژمارەیەش بەسەر ١٩٨ هەزار خێزاندا دابەش بوون، تا ئەم كاتە لەم ناوچەیە ٢٢٢ هەزار یەكەی نیشتەجێمان هەیە بەخانوو ئاپارتمانەوە. گرییمان هەموو خێزانەكانی شار خاوەنماڵی تایبەتی خۆیانن، كەواتە ٢٤هەزار یەكەی نیشتەجبوون لە شاردا زیادەیە، جگە لە باخ و ئەو ڤێلایانەی كەلە ناوچەكەدا هەڵتۆقیوون. تەنها ئەم ٢٤ هەزار شوێنی نیشتەجێبوونە نییە بەڵكو فراوانكردنی شار لەسەر ئەژماری سروشت و گرد و شاخەكان بەردەوامە، كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی خانووبەرە كەوتونەتە تەختكردنی سروشتی ناوچەكە و مۆڵەت و پلانی دروستكردنی ٤٧ هەزار یەكەی نیشتەجبوونی تریان لە كاربەرێوەبەرانی سلێمانی و حكومەتی هەرێمەوە وەرگرتووە بۆ ئەم ساڵ و ساڵی ئایندە، هەندێكیان لە ئێستا لە ناوچەی گویژە قووتبونەتەوە. كەواتە تا ساڵی ٢٠٢٦ ڕەنگە نزیكەی ٧٠ هەزار خانووی زیاد هەبێت لە سلێمانیدا. گرنگی ئاو بۆ سلێمانی؟ یەكێك لە هەرەوە سەرەكیتریین پێداویستی مرۆڤ و دەوروبەر، ئاوە. هەمیشە دەوترێت ئاوەدانی لەسەر بنەمای ئاو گەشە دەكات واتە ئاو داینەمۆی ئاوەدانییە بۆ ژیان وگەشەكردنی كۆمەڵگا. لە شاری سلێمانی دوو سەرچاوەی سەرەكی ئاو هەیە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی رۆژانەی دانیشتوانەكەی كە ئەوانیش سوود وەرگرتنە لە ئاوی سەرزەوی و ئاوی ژێر زەوی. سەرەكیترین سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی عەمبارو خەزانی ئاوی دووكانە و هەروەها سوودوەرگرتنە لە ئاوی ژێر زەوی لە ڕێگەی بیرو كارێزەكانەوە. ئاوی دوكان: دوكان دەریاچەیەك یاخود ڕێزێرڤوارێکی دەستكردە كە لەساڵی نێوان سالانی (١٩٥٤-١٩٥٩) بەمەبەستی گلدانەوەی ئاو دروستكراوە و ٧٠ كم دوورە لە ناوەندی سلێمانییەوە. كۆی قەبارەی ئاووی دوكان ئەگەر كەم بارنی نەبێت دەگاتە ٦،٨ كیلۆمەتر سێجا ئاو واتە لەكاتی پڕبوونی تەواوەتی ٨،٣ كم٣ واتە ٦،٨ كواردلیۆن لیتر دەگرێت. جگە لە سوودی گەورە بۆ ناوچەو گەندەكانی دەوروبەر تا دەگاتە دەشتی كۆیەو تەقتەق و پردێ و كەركوك و تا دەرژێتە ناو ڕووباری دیجلە. لەڕێگەی بۆرییوە بە ناو كۆمەڵگای پیرەمەگرون و بازیان تێپەڕ دەبێت و دەگاتە شاری سڵێمانی و دەروروبەری. ئەو بڕەی كە دەگاتە سلێمانی و دەوروبەری ڕۆژانە دەگاتە ٢٣٠ هەزار مەتر سێجا واتە ٢٣٠ ملیۆن لتر دەدرێتە ماڵان. گەرەكەكانی سلێمانی كەژمارەیان ٢٥٠ گەرەكە، هەفتەی جارێك یان بە دەستنیشانكراوی ٤ رۆژ جارێك لە هاویندا و ٣ رۆژ جارێك لە زستاندا ئاویان بەردەكەوێت، كە ئەمەش پێویستی هاولاتیان سارێژ ناكات، زۆربری جار هاولاتیان لە ڕێگەی تەنكەرە ئاو دەكڕن. هەنێك گەڕەکیش هەیە تا ئێستا ئاوی بۆرییان بۆ ڕانەکێشراوە رۆژانە بە تەنکەر ئاو دابین دەکەن. پرسیارە جەوهەرییەكە ئەمەیە: لە ئەگەری زیادبوونی ٧٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبووندا ، واتە زیاتر لە ١/٤ ی ئەم ڕێژەی ئێستا هەمانە، دابەشكردنی ئاو چەند جار ئەبێت لە هەفتەیەكدا؟ وەلامەكەی ئاسانە ڕەنگە بگاتە یەك جار لە هەفتەیەك یان زیاتر لە هەفتەیەك. خاڵێکی لەمە گرنگتر ئەوەیە کە عەمباری دوکان لە دوو ڕێگاوە کۆدەبێتەوە، ئاوی باران و ئەو سەرچاوانەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێن، لە ئەگەری بێبارانی و دروستکردنی بەنداوی زیاتر لەدیوی ڕۆژهەڵاتەوە ئەوا ئاوی دوکانیش ئەم توانا سنووردارەی ئێستای لەدەست دەدات. ئاوی ژیر زەوی: ئاوی ژێر زەوی بریتییە لەو ئاوەی كە لە بۆشایی بچووكی نێوان خاكی بەردین و بنكەوتووی ژێر زەویدا گیری خواردووە بە هێواشی دەجوڵێت بەناو پێکهاتە جیۆلۆجییەکانی خاک و لم و بەرد کە پێی دەوترێت ئاوەڕۆی ژێرزەوی (Aquifers), ڕۆیشتنی ئاوی ژێر زەوی پشت دەبەستێت بە قەبارەی بۆشاییەکانی ناو خاك یان بۆشایی بەردەکانەوە. زۆرینەی کات بە هۆی هەڵسوکەوتی ناپەسەندی مرۆڤەوە ئەم ڕارەوە ئاوییانە دەشێوێنرێت. مرۆڤ لە ڕێگەی بیرو کارێزە و کانیاوە وە سوودی لە ئاوی ژێر زەوی دەبینێت بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و پیشەسازی. گەر بەووردی سەرنج بدەینە ئاوی ژێر زەوی سلێمانی دەبینین سلێمانی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندەها کارێز و کانی تێدا بووە بەڵام بە هۆکار مرۆکرد لە فراوانبوونی شوێنی نیشتەجێبوون و دروستکرددنی بینای بەرز کارێز و کانییەکان سەریانگیراوەو پڕکراونەتەوە، هۆکاری کەمبوونەوەی باران و بەفریش بە هەمانشیوە کاریگەری گەورەی هەبووە لەم پرۆسەی وێرانکردنەدا، کە ئەمیش ڕێژەیەکی زۆری هەر مرۆکردە. لە پاش ڕاپەڕینەوە رێژەییەکی بێشومار لە بیر هەڵکەنراون کە نزیکەی دە هەزار بیر دەبێت لە سلێمانی و دەوروبەری، هەر لە مەڵبەندی شاری سلێمانی نزیکەی ١٨٠٠ بیری تۆمارکراو هەیە، ئەمە جگە لەو بیرە قاچاغانەی کە ڕۆژانە هەڵدەکەنرێت. ئەوەی تێبینی دەکریت لە هەڵکەکنینی بیرەکاندا، دابەزینی ئاستی ئاوە، کە لە زۆر شوینی سلێمانیدا دەگاتە زیاتر لە ١٥٠ مەتر قولایی کە ئەمە لە ڕابرددودا بەم شێوەیە نەببوە. گەورەترین گرفت ئەوەیە لە کاتی کەمبوونی سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی، هانا بۆ سەرچاوەی ئاوی ژێزەوی بەریرت بە شێوەیەکی ڕەمەکیانە، کە دەبێتە هۆکاری شێواندنی چینەکانی ژێر زەویی جا بە هۆی بیناسازیی و فراوانبوونی شارەوە بێت یان بشێویەوە بێت. سڵێمانی لە ڕووی جیۆلۆجی و چینەکانی ژێر زەوییەوە: هەڵکەوتەی جوگرافیای سلێمانی لە نێوان شاخ و گرد و دۆڵەکاندا، سلێمانی کردۆتە ئەستێڵێکی گەورەی پڕ لەئاوی ژێر زەوی، کە لە ڕابردودا ببوە هۆکاری سەرهەڵدانی چەندەها کارێزو کانیاو و عەمباری پڕ لە ئاو. بەڵام لە ئێستادا ئەم رێژەیە کەم بۆتەوە بە هۆی ژمارەی بێشمار لە بیر و کەم بارانی و ووشکەساڵی، سەرەڕای ئەمە نکوڵی ناکرێت کە رێژەیەکی زۆری ئاو تێدایە. لە ڕووی جێۆلۆجییەوە، ژێر زەوی سلێمانی لە چەند پێکهاتەیەکی گرنگ دروستبووە ، هەر یەك لە ئەم پێکهاتانە هەڵگری بڕێکی زۆرن لە ئاوی ژێر زەوی کە پشت دەبەستن بە ئاوی باراناو و بەفرەوە لە هەموو ناوچەکەدا. ئەم ئاوانەش هەمیشە لە جوڵەو ڕاروکردنە بەرەو ناوچەی تر. هەموو ئەم پێکهاتانە گرنگی خۆی هەیە لە ڕووی ژینگەیی و گلدانەوەی ئاوی ژێر زەوی. ئەم پێکهاتانە درێژبوونەتەوە، بە دووری فرە مەوداوە، واتە ئەم پێکهاتانە درێژ دەبنەوە لە سلێمانی وە بە هەزارەها کیلۆمەتر پەل دەکێشن بۆ دەرەوەی شاری سلێمانی. بۆ ئەوەی زیاتر لە پێکهاتەی زانستی چینەکانی ژێر زەوی ناوچەی سلێمانی و پۆلێنکردنیان تێبگەین دەبێت هەڵوێستەیەك بکەین لە سەر ئەم شیکارییە کە جیۆلۆجیستەکان چینەکانی ژێر زەوی سلێمانیان بەم چەشنە پۆلێن کردووە و ناوچەکەیان پێك هێناوە، ئەوانیش ئەمانەن: لیرەدا لەبەر ڕۆشنایی بە ئاپارتمانکردنی ناوچەی گۆیژە بە تەنها سەرنج دەخەمە سەر ئەو پێکهاتەیەی بەڕێژەیەکی زۆر کە شاری سلێمانی سوودی سەرەکی لێ دەبینێت کە لە ڕووی ئاوی ژێر زەوییەوە کە بۆتە ڕاگرتنی بڕێکی زۆر لە ئاوی عەمبارکراو و هەڵقوڵانی کانیاوەکانی ناوچەی سلێمانی و دەوروبەری: پێکهاتەی کۆمیتان: وەك لە وێنە شیکارییەکەدا ئاشکرایە کۆمیتان لە سەر شاخی ئەزمەڕە و گۆێژە و دەباشان درێژ دەبێتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی هەتا دەگاتە ناوچەیشێرکوژو سەرچنار و رزگاری، لە دیوی پشتی ئەزمەڕیشەوە بۆ ناوچەکانی سیتەك. کۆمیتان لە نەرمە بەردی سپی قسڵی پێك دێت و ئاوێکی سازگارو پاکی هەیە شیاوە بۆ خواردننەوە بە ئاوی کارستی ناوزەند دەکرێت، ئاوی کارستی سەرچاوەیەکی ئاوی ژێر زەوییە لە بەردە تواوەکاندا بوونی هەیە لە بۆشایی گەوەرەی ژێر زەویدان. بە هۆی گرنگی ئەم پێکهاتەیەوە ئەم ئاوە بۆتە هۆی بووژانەوەی کانیاوەکانی سەرچنار و بێستانسور وسەرای سوبحان ئاغا و تەنانەت کانیاوەکانی تابینیش. لەم وێنە شیکاریەدا بە ئاسانی ڕێڕەوی ئاوی ژێر زەویە لە پێکهاتەی کۆمیتاندا دەردەکەوێت. بۆچی بە ئاپارتمانکردنی ناوچەی گۆیژە سلێمانی تینوو تر دەبێت؟ هەڵکەندن و دروستکردنی بناغەو بڕینی شاخی گۆیژە بەهەر پاساوێك بێت دە بێتە هۆی پچراندنی ئەو چینەی کە پێی دەوترێت کۆمیتان، کە لەبنەڕەتدا راڕەوی ئاویین بۆ مەڵبەندی سلێمانی و دەوروبەری. بەم شێواندنەم سلێمانی ئەو ئەستێڵە لەدەست دەدات کە بەهۆی شاخ و گرد و تەپۆلکاکانەوە دروست بوون. دەرئەنجامی ئەم کردە نابەرپرسیارانەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا کانیاوەکانی سەرچنارو تابین و بێستانسسور ووشك دەبن و کاریگەری لەسەر هەموو ئەو بیرانەش دەبێت کە لە ناوچەکەدا هەن. بۆیە بە دروستکردنی ئایارتمانەکانی گۆیژە خەڵکی سلێمانی دووچاری قەیرانی گەورەی بێئاوی دەبێتەوە و سلێمانی تینوو تر دەبێت، ئەمەش لەبەر بەرژەوەندی چەند کەسێکی باڵادەست کە بونەتە سێبەری پشتی کۆمپانیا گەورەکانی ئەم دەڤەرە.
راپۆرت: درهو نزیكهی ساڵێك لهمهوبهر، لهتیف رهشیدی سهرۆك كۆمار مەرسومێكی هەڵوەشاندەوە كە مام جەلال لەكاتی سەرۆكایەتییەكەیدا دەریكردبوو، بەوه كێشەی بەڕێوەبردنی وەقفی مەسیحییەكانی لەنێوان دەسەڵاتی ئاینی مەسحییەكانو هێزی سیاسی مەسیحییەكانی عێراقدا بەڕووی خۆیدا تەقاندەوە، سەرۆك كۆمار به ههڵوهشاندنهوهی ئهو مهرسومه، دهسهڵاتی بهڕێوهبردنی وهقفی مهسیحییهكانی له (لویس ساكۆ) وهرگرتهوه، سایكۆ ئهوكات ئهیوت لهتیف رهشید ئهیهوێت وهقفهكانی مهسیحی بداته دهست (رهیان كلدانی). ئێستا محهمهد شیاع سودانی سهرۆك وهزیرانی عێراق به تهواوی ریسهكهی سهرۆك كۆماری كردوهتهوه به خوری، به نوسراوێك ئهو دهسهڵاتانهی بۆ لویس ساكۆ گهڕاندهوه كه لهتیف رهشید لێی وهرگرتهوه. وردهكاری لهم راپۆرتهدا. ئهوهی لهتیف رهشید لێی سهندهوه سودانی پێی دایهوه! محهمهد شیاع سودانی سهرۆك وهزیرانی عێراق ئهو دهسهڵاتانهی بۆ قهشه (لویس ساكۆ) گهڕاندهوه كه لهتیف رهشیدی سهرۆك كۆمار له سهرهتای تهموزی رابردوودا لێی سهندهوه. سودانی رۆژی 4ی ئهم مانگه فهرمانێكی دهركردووه، تێیدا لویس ساكۆی وهكو پارتریاكی كلدانهكان له عێراق و جیهان ناساندووه، سهرباری ئهمه پشتبهست به بڕیارێكی دادگای تێههڵچوونهوهی فیدراڵی رهسافه، لویس ساكۆی كردوهتهوه به دهسهڵاتدار بهسهر وهقفهكانی كڵێسای كلدانی. رۆژی 3ی تهموزی 2023 لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق مەرسومی ژمارە (147)ی ساڵی 2013ی هەڵوەشاندەوە، مەرسومێك كە لەسەردەمی سەرۆكایەتی مام جەلالدا دەركراوەو (لویس روفایل ساكۆ) وەكو پاتریاكی بابلی كلدانەكان لە عێراقو جیهانو بەرپرسی وەقفی مەسیحییەكان لە عێراق دەناسێنێت. لێرەوە ئیتر ناكۆكییە ناوخۆییەكانی پێكهاتەی مەسیحی عێراق بەڕووی لەتیف رەشیددا تەقییەوە، ئێوارەی رۆژی 10ی تهموز، پاتریاكی كلدانی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا كشاندنەوەی مەرسومی كۆماریی تایبەت بە دانانی لویس ساكۆ وەكو پاتریاكی كڵێسای كلدانی لە عێراق، لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە رەتكردەوە، سەرسوڕمانی خۆی لەو بڕیارە نیشانداو بە بڕیارێكی بێ پێشینەو "بهدخوازانه" لە مێژووی عێراقدا ناوی برد. ئهوكات هەندێك لە سەرچاوە سیاسییەكان باسیان لهوهدهكرد، بڕیاری كشاندنەوەی مەرسومی دانانی لویس ساكۆ لەلایەن لەتیف رەشیدەوە، بەهۆی ئەو فشارانە بووە لەلایەن لایەنە مەسیحییەكانەوە لەسەر سەرۆكایەتیی كۆمار دروستكراوە، بەتایبەتیش لەلایەن گروپی (بابلیۆن)ی چەكدارەوە كە رەیان كلدانی سەرۆكایەتی دەكاتو یەكێكە لە گروپەكانی حەشدی شەعبیو هاوكات لایەنێكی پێكهێنەری كابینەی حكومەتە لە عێراق و نزیكه له یهكێتیی نیشتمانی كوردستانهوه. ئهم قسهوباسانه، سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقی ناچاركرد رۆژی 7ی تهموزی رابردوو روونكردنەوەیەك لەبارەی كشاندنەوەی مەرسومی 147وە دەربكات، روونكردنەوەكه نوسیبووی" كشاندنەوەی مەرسومە كۆمارییەكە بۆ دەستبردن نییە بۆ دۆخی ئاینییو یاسایی كاردیناڵ لویس ساكۆ، بەوپێیەی ئەو لەلایەن پاپاوە وەكو پاتریاكی كڵێسای كلدانی لە عێراقو جیهان دانراوە، بەڵكو بۆ راستكردنەوەی دۆخی دەستورییە، بەوپێیەی مەرسومی ژمارە 147ی ساڵی 2013 بەبێ هیچ پاڵپشتییەكی دەستوریو یاسایی دەرچووە، سەرباری ئەمەش سەرۆكی كڵێساو تائیفەكانی تریش داوای دەركردنی مەرسومی كۆماریی هاوشێوە دەكەن بەبێ بوونی هیچ پاڵپشتییەكی دەستوریی". ئهوكات لویس ساكۆ شارەزایانەو سیاسیانە وەڵامی لەتیف رەشیدی دایەوەو رایگەیاند" ئایا مەرسومەكەی مام جەلال هەڵەیە؟ ئێوە هاتوون ئەو هەڵەیە راستدەكەنەوە؟". سەرۆكایەتی كۆمار لەسەر ئەم بابەتە ناچاربوو، روونكردنەوەی دووەم بڵاوبكاتەوە كە تێیدا هۆكاری كشاندنەوەی مەرسومی 147 بۆ ئەوە گهڕاندهوه كه " پێشترو لە هەمان سەروەختدا دوو مەرسومی كۆماریی بۆ دوو كەسایەتی ئاینیی دەرچووەو نوێ نەكراوەتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەم جۆرە مەرسومانە لە بنەڕەتەوە پاڵپشتی دەستورییان نییە، مەرسومی كۆماریی تەنیا بۆ ئەو كەسانە دەردەچێت كە لە دامەزراوەو سەرۆكایەتییەكانو وەزارەتو دەستە حكومییەكاندا كاردەكەن، دامەزراوەی ئاینیی فەرمانگەی حكومی نییەو پیاوی ئاینیش كە ئەم دامەزراوانە بەڕێوەدەبەن فەرمانبەری دەوڵەت نین تاوەكو مەرسومیان بۆ دەربكرێت". بەڵام پاتریاكی كلدانی لە بەیاننامەی خۆیدا لەبارەی ئەم بابەتەوە باسلەوە دەكات" لەسەردەمی خەلافەتی عەباسییەكانەوە پاتریاك بەرائەتنامەی فەرمی پێدراوەو لەسەردەمی عوسمانییەكانیشدا ئەمە هەر بەردەوام بووەو پاتریاك فەرمانی پێدراوەو كۆپی ئەو فەرمانەمان هەیە كە پێی دەوترێت " الگغراو "، لەسەردەمی پادشایەتیو كۆماریشدا هەر بەمشێوەیە بووە". ئهم ناكۆكییه كه له یهكهم ئهزمونی سهرۆك كۆماریدا بهڕووی لهتیف رهشیدا تهقییهوه، لە بنەڕەتەوە پەیوەندی بە ململانێی هەژموونهوه ههبوو لەنێوان دامەزراوەی ئاینیی مەسیحی كە (لویس ساكۆ) نوێنەرایەتی دەكات لەگەڵ باڵی سەربازی مەسیحییەكان لە عێراق كە (رەیان كلدانی) نوێنەرایەتی دەكات، هەردوو جەمسەری ناكۆكییەكە دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بەسەر مەسیحییەكانی عێراقدا بسەپێنن، بەدیاركراویش دەسەڵاتی خۆیان بەسەر وەقفەكانی مەسیحیدا بسەپێنن. كلدانی كە سەربە گروپەكانی حەشدی شەعبی شیعەیە، ئهوكات دەوترا لەلایەن لایەنەكانی چوارچێوەی هەمانگیی (لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران) هاندراوه بە ئاڕاستەی دژایەتیكردنی لویس ساكۆ، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی گروپە شیعەكان رێبەرایەتی مەسیحییەكانی عێراق لەبەرژەوەندی خۆیان كۆنترۆڵ بكەن. ساكۆ و رهیان.. شهڕی ئاین و سیاسهت له سهرهتاكانی 2023وه پەیوەندی نێوان لویس ساكۆ و رەیان كلدانی گرژی تێكەوت، لەرێگەی میدیاكانو كۆنگرەی رۆژنامەوانییەوە قسەی توندیان كردو یەكتریان تۆمەتبار كرد، ئەمە سەرەتای قۆناغێكی نوێی ناكۆكی بوو لەبارەی دۆخی ئاینیو سیاسی مەسیحییەكان لە عێراق، كە خۆی لە ساڵی 2003و كەوتنی سەددامەوە دۆخێكی خراپو ناجێگیرە. لویس ساكۆ هێرشی كردەسەر رەیان كلدانیو وا ناوی برد كە "نوێنەرایەتی پێكهاتەی مەسیحی" ناكات، تۆمەتباری كرد بەوەی" تێوەگلاوە لە دزینی موڵكو ماڵی مەسیحییەكان. ساكۆ رۆژی 6ی ئایاری 2023 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" رێگا بەخۆم نادەم كەسێكی وەكو رەیان كلدانی ببینم، كە موڵكو ماڵی مەسیحییەكانی لە بەغدادو نەینەواو دەشتی نەینەوا دزیوەو بە یارمەتی ژنێك كە لە پۆستی وەزیردا دایناوە (مەبەستی ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری كۆچو كۆچبەرانی عێراقە كە سەربە بزوتنەوەی بابلیۆنە) دەیەوێت پیاوانی ئاینیی مەسیحی بكڕێت". لەسەر ئەم قسانە، رەیان كلدانی سكاڵای یاسایی لەسەر لویس ساكۆ تۆماركرد، رۆژی 15ی تهموزی 2023 ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق فەرمانێكی دەركرد بۆ ئامادەبوونی لویس ساكۆ لەماوەی 48 كاتژمێردا لەبەردەم دادگا، بەگوێرەی نوسراوەكە ئەگەر ساكۆ ئامادە نەبێت، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەردەچێت. ئهم فهرمانه لویس ساكۆی زۆر نیگهران كرد، ئهو كە ماڵەكەی لەناوچەی "مەنسور"بوو لە بەغداد، نەچووە بەردەم دادگا، ههمان رۆژی دهرچوونی فهرمانهكهی دادگا، نوسراوێكی بە ئیمزای خۆیەوە دەركردو بڕیاریدا لە بەغداد بكشێتەوەو دەسەڵاتەكانی بگوازێتەوە بۆ شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان. وەكو خۆی لە نوسراوەكەیدا باسی لێوەكردبوو، بەهۆی پاڵنەری سیاسییەوە، رووبەڕووی فشارێكی بەردەوام بووەتەوە، لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق تۆمەتبار كردبوو بەوەی "بۆ بەدیهێنانی ئارەزووی رەیان كلدانی سەرۆكی بزوتنەوەی بابلیۆن فەرمانەكەی دەركردووە، بۆ ئەوەی رەیان بكات بەو كەسەی كە كاروباری وەقفەكانی كڵێسا بگرێتەدەستو براكانیشی بكات بە هاوبەشی خۆیو پۆستیان پێبدات، هەروەها ئیڤان فایەقی وەزیری كۆچبەرانیش بكات بە ئەمینداری گشتی پاتریاكیو نەوفڵ بەهای زاواشی بكات بە سەرۆكی دیوانی وەقفی مەسیحیو ئاینیەكانی ترو بەمشێوەیە گەمە قێزەونەكەی تەواو بكات". دوای بڕیارەكەی بۆ كشانەوەی لە بەغدادو رۆیشتنی بۆ هەولێر، رەیان كلدانی راگەیاندراوێكی لەسەر لویس ساكۆ دەركرد، تێیدا دەڵێ:" ئێمە ئەو قسانە رەتدەكەینەوە كە لە پەیامەكەی لویس ساكۆدا هاتووە، ئێمە بزوتنەوەیەكی سیاسینو كەتیبە نین، بزوتنەوەیەكی سیاسی بەشدارین لە پرۆسەی سیاسیداو بەشێكین لە ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت، جەخت دەكەین كشاندنەوەی مەرسوم لە لویس ساكۆ بڕیاری سەرۆكایەتی كۆمار بووە نەك بزوتنەوەی بابلیۆنو ئەو كارە بۆ مەبەستی راستكردنەوەی دۆخی دەستوری كراوەو فەخامەتی سەرۆك كۆمار مەرسومی نوێی قەداسەتی پاتریاكی بۆ ئەو كڵێسایانەی تر دەرنەكردووە كە ئەنجومەنەكانیان هەڵیانبژاردوون". رۆژی 11ی نیسانی ئهمساڵ، لهسهر داوای محهمهد شیاع سودانی سهرۆك وهزیرانی عێراق، لویس ساكۆ ههولێری بهجێهێشت و گهڕایهوه بۆ بهغداد، بهمهش سهرهتای كۆتایهاتنی ناكۆكییهكان له بهرژهوهندی لویس ساكۆ كۆتایی هات، ناكۆكییهك كه ئهمریكا له بهرژهوهندی ساكۆ بۆی هاته سهر هێڵ و ئێرانییهكانیش له پشتهوه لهسهر هێڵ بوون بۆ رهیان كلدانی. مەسیحییەكان مەسیحییەكان پێكهاتەكی كۆنی عێراقن، ئەم ناوچەیەن، سەرەتای نیشتەجێبوونیان لەگەڵ سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینی مەسیحییە لە سەدەی یەكەمی زاینی، بەڵام بەردەوام لە عێراقدا ژمارەیان رووی لە كەمبوونەوە كردووە، بەتایبەت لەدوای 2003و كهوتنی رژێمی سهددام حسێنهوه ژمارهیان بهرێژهی 83% كەمبووەتەوە، بەجۆرێك له (1 ملیۆنو 500 هەزار) كهسهوه كەمبوونەتەوە بۆ نزیكەی (250-500) هەزار كەس. بەشی زۆری هۆكاری كهمبوونهوهی مهسحییهكان له عێراق دەگەڕێتەوە بۆ دیاردەی كۆچو سەرهەڵدانی توندوتیژییەكانی دوای 2003 بهتایبهتیش سەرهەڵدانی توندوتیژی ئاینیی، بەجۆرێك كاتێك ساڵی 2014 داعش كۆنترۆڵی پارێزگای موسڵی كرد، دەیان هەزار مەسیحی لە شوێنی باو و باپیرانی خۆیان هەڵكەندرانو هەڵهاتن، ئەمانەش هاوكاتە لەگەڵ كردنەوەی دەرگای وڵاتانی رۆژئاوا بەڕووی مەسیحییەكاندا، كە پاڵیان پێوە دەنێت كۆچ بكەن بۆ دەرەوەی عێراق. چونكە مەسیحییەكانی پارێزگای نەینەوا لەبەردەم سێ بژاردەدا بوون كاتێك داعش كۆنترۆڵی ئەو پارێزگایەی كرد، ئەوانیش؛ موسوڵمانبوون یان پێدانی جزیە، بۆیە بەناچاری بژاردەی سێیەمیان هەڵدەبژاد كە كۆچكردن بوو. مەسیحییەكانی عێراق دابەشبوون بەسەر چەند مەزهەبێكی ئاینیدا، بەجۆرێك؛ كلدانییەكان سەر بە مەزهەبی (كاسۆلیك)، ئاشورییەكان (نەستورییەكان)، سریانییەكان بەشێكیان (ئەرسەدۆكس)یو بەشێكیان (كاسۆلیك)ن، بەهەمان شێوە ئەرمەنییەكان بەشێكیان (ئەرسەدۆكس)یو بەشێكیان (كاسۆلیك)ن، لەگەڵ ئەوەشدا چەند گروپی دیكەی بچوكی مەسیحی دیكەش بەناوی پرۆتستانتیو ئینجیلی ...هتد بوونیان هەیە لە عێراقدا.
درەو: رۆژی (9ی حوزەیرانی 2024) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی تا کۆتایی نیسانی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 تا کۆتایی مانگی نیسانی ساڵی (2024)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتی)یەوە زیاتر لە (42 ترلیۆن و 725 ملیار) دینار بووە. زۆرتر لە (38 ترلیۆن و 26 ملیار) دیناری بە رێژەی (89%) داهاتی نەوت و پتر لە (4 ترلیۆن و 698 ملیار) دیناری بە رێژەی (11%) داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، پتر لە (37 ترلیۆن و 143 ملیار) دینار بووە، کە (91%)ی بۆ خەرجی بەگەڕخستن و (9%) بۆ خەرجی وەبەرهێنان بووە. 🔹 دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (13.2%) داهات لە خەرجی زیاتر بووە و زۆرتر لە (5 ترلیۆن 582 ملیار) دینار داهات سەرڕێژی کردووە. 🔹 زیاتر لە (3 ترلیۆن و 186 ملیار) دینار خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە بووە، ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر لە (177 ملیار و 188 ملیۆن) دینارو سەرۆکایەتی کۆمار زۆرتر لە (17 ملیار و 333 ملیۆن) دینار و ئەنجومەنی وەزیران پتر لە (3 ترلیۆن و 186 ملیار) دینار خەرجیان هەبووە. داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق تا کۆتایی نیسانی (2024)دا رۆژی (9ی حوزەیرانی 2024) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق تا کۆتایی نیسانی 2024 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ نیسانی ساڵی (2024) لە (9ی حوزەیرانی 2024) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (42 ترلیۆن و 725 ملیار و 409 ملیۆن و 202 هەزار و 511) دینار، بەجۆرێک بڕی (38 ترلیۆن و 26 ملیار و 624 ملیۆن و 193 هەزار و 31) دیناری بەڕێژەی (89.2%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (4 ترلیۆن و 698 ملیار و 785 ملیۆن و 9 هەزار و 480) دیناری بەڕێژەی (10.8%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر چوار مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار و نیسانی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1)). خشتەو چارتی ژمارە (1) دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق تا کۆتایی نیسانی 2024 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، دوو، سێ و چواری ساڵی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (37 ترلیۆن و 143 ملیار و 370 ملیۆن و 997 هەزار و 176) دینار، بەجۆرێک بڕی (33 ترلیۆن و 718 ملیار و 827 ملیۆن و 656 هەزار و 116) دیناری بەڕێژەی (91.1%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (3 ترلیۆن و 424 ملیار و 543 ملیۆن و 341 هەزار و 60) دیناری بەڕێژەی (8.9%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری هەرچوار مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار و نیسانی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)). خشتەو چارتی ژمارە (2) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق تا کۆتایی نیسانی 2024 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (3 ترلیۆن و 424 ملیار و 543 ملیۆن و 341 هەزار و 61) دیناری بەڕێژەی (8.9%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1. کەرتی کشتوکاڵ بڕی (33 ملیار و 330 ملیۆن و 741 هەزار و 564) دیناری بە ڕێژەی (1%) بۆ خەرج کراوە. 2. کەرتی پیشەسازی بڕی (749 ملیار و 345 ملیۆن و 125 هەزار و 396) دیناری بە ڕێژەی (21.9%) بۆ خەرج کراوە. 3. کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (553 ملیار و 661 ملیۆن و 950 هەزار و 607) دیناری بە ڕێژەی (16.2%) بۆ خەرج کراوە. 4. کەرتی بیناسازی و خزمەتگوای و ڕێگاوبان بڕی (ترلیۆنێک و 811 ملیار و 930 ملیۆن و 751 هەزار و 724) دیناری بە ڕێژەی (52.9%) بۆ خەرج کراوە. 5. کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (276 ملیار و 274 ملیۆن و 771 هەزار و 770) دیناری بە ڕێژەی (8.1%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (3)). خشتەو چارتی ژمارە (3) چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق تا کۆتایی نیسانی 2024 لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (37 ترلیۆن و 143 ملیار و 370 ملیۆن و 997 هەزار و 176) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (42 ترلیۆن و 725 ملیار و 409 ملیۆن و 205 هەزار و 511) دینار. واتە بڕی (5 ترلیۆن و 582 ملیار و 38 ملیۆن و 205 هەزار و 335) دیناری بەڕێژەی (13.2%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە و سەرڕێژی کردووە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار و نیسانی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (4)). پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق تا کۆتایی نیسانی 2024 لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (3 ترلیۆن و 381 ملیار و 129 ملیۆن و 69 هەزار و 924) دینار. بە جۆرێک؛ 1. ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (177 ملیار و 188 ملیۆن و 182 هەزار و 199) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (89 هەزار) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2. سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (17 ملیار و 333 ملیۆن و 13 هەزار و 240) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3. ئەنجومەنی وەزیران بڕی (3 ترلیۆن و 186 ملیار و 607 ملیۆن و 874 هەزار و 485) دیناری خەرجکردووە، بڕی (2 ترلیۆن و 532 ملیار و 12 ملیۆن و 362 هەزار و 679) دیناری بە ڕێژەی (79%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (654 ملیار و 595 ملیۆن و 511 هەزار و 806) دیناری بە ڕێژەی (21%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (5)). سەرچاوەکان؛ ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق - حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة نیسان لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة http://www.mof.gov.iq/pages/MOFPublicReports.aspx
درەو: حەیان عەبدولغەنی, وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی عێراقیە: 🔹بەرهەمهێنانی غاز بە رێژەی (63%) بەرزبووەتەوەو, بڕی غازی وەبەرهێنراو گەیشتووەتە (1.9)ملیار پێ سێجا. 🔹عێراق رۆژانە (1)ملیار پێ سێجا غاز دەسوتێنێت, لەنێوان ساڵانی (2028_2030) سوتاندنی غاز لە عێراق بە تەواوی رادەگیرێت. 🔹یەدەگی غازی عێراق بە (140) تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت. 🔹لەم حكومەتی ئێستادا وزەی پاڵاوتنی زیادكراو گەیشتووەتە (360) هەزار بەرمیلی رۆژانە. 🔹عێراق رۆژانەی (28)ملیۆن لیتر بەنزین بەكاردەهێنێت و (21) ملیۆن لیتر لەناوخۆ بەرهەم دەهێنێت, لەمساڵدا دەگەینە قۆناغی دابینكردنی پێداویستیەكانی ناوخۆ. 🔹بۆ یەكەمجار لەمێژووی عێراقدا گەیشتوینەتە دابیكردنی پێداویستیەكانی ناوخۆ لە زەیتی غاز. 🔹عێراق لە ئێستادا رۆژانە (4) ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت, (3.400) ملیۆن بەرمیلی لێ هەناردە دەكات, (450) هەزار بەرمیلی رۆژانەش بۆ بەكاربردنی ناوخۆ بەكار دەهێنرێت. 🔹پێشتر (400) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەمان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیەوە رەوانە دەكرد پێش راگراتنی, عێراق چاوی لەوەیە دەروازەكانی هەناردەكردن بۆ بازاڕەكانی جیهان زیاتر بكات. 🔹لەگەڵ توركیا سەرقاڵی دانوستانین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی لەڕێی بەندەری جەیهانەوە. 🔹پێشكەوتن هەیە لە دانوستانەكان لەنێوان ناوەندو هەرێم, لەبارەی بۆری نەوتی عێراقی توركی.