هەرێم و بەغداد لەسەر چی رێككەوتن؟
2024-12-15 14:38:20
(درەو):
وەزارەتی دارایی عێراق لە پێنج خاڵدا دەقی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ وەفدی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران خستەڕوو، لە یەكێك لە خاڵەكاندا حكومەتی هەرێمی پابەندكردووە بە خەرجكردنی موچەی مانگی 10ی موچەخۆران.
وەفدی هەرێمی كوردستان لە بەغداد لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵ كۆبووەوە.
وەفدەكەی حكومەتی هەرێم (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی سەرۆكایەتیی دەكرد، ئەندامەكانی پێكهاتبوو لە:
• ئومێد سەباح- سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران
• ئامانج رەحیم- سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران
• فارس عیسا- سەرۆكی نوێنەرایەتیی هەرێم لە بەغداد
• عەبدولحەكیم خسرۆ- بەرپرسی فەرمانگەی چاودێریی و هەماهەنگیی
• رێباز عەباس مەحمود- راوێژكاری وەزارەتی دارایی
• كۆڤان تەحسین- بەڕێوەبەری گشتیی ژمێركاریی
• ئەبوبەكر عەبدوڵا- بەڕێوەبەری گشتیی بودجە
• مریەم عوسمان- بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینیی
• عەبدوڵا رەمەزان- پسپۆڕی دارایی
ئەم كۆبوونەوەیە بۆ گفتوگۆكردن بوو لەبارەی چارەنوسی سێ موچەی ئەمساڵ (مانگەكانی 10-11-12) كە هێشتا موچەخۆران و خانەنشینانی هەرێم وەریان نەگرتووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ، لە كۆبوونەوەكەدا رێككەوتن كراوە لەسەر:
🔹ناردنی وەفدێكی تەكنیكی لە فەرمانگەی ژمێركاریی وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بەمەبەستی یارمەتیدانیان لە هەمواركردنی میزان موراجەعەی مانگانەی تایبەت بە خەرجییەكانی موچەو خانەنشینیی، بەگوێرەی گشتاندنی فەرمانگەی ژمێركاریی ژمارە (2421) لە 30/1/2024.
🔹لەسەر بنەمای فەرمانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، فەرمانگەی ژمێركاریی فیدراڵ ئەوەی لەسەری بووە كردویەتی بۆ ناردنی موچەی مانگی تشرینی دووەمی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێكەوتی ئەمڕۆوە. باقی چارەسەرو چاودێرییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی وەزاری تەواو دەکرێن.
🔹ئەنجامدانی گواستنەوەی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ناڕێکییە داراییەکانی پەیوەست بە شایستەی خانەنشینان كە بڕی (430) ملیار دینارە، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی مادەکانی (5/یەکەم)و (77/یەکەم) لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە (13) بۆ ساڵانی (2023، 2024، و 2025)، لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی سەرۆکی حکومەت.
🔹ئەو تێبینیانەی کە دەمێننەوە لە ماوەی (10) ڕۆژدا بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی وەزاری تەکنیکی، لە ئەمڕۆوە 15ی کانوونی دووەم دەستپێدەکات، قسەیان لەسەر دەکرێت. ئەمە لەپاڵ پێداچوونەوە بە کارەکانی ئەو لیژنەیەی کە بەپێی فەرمانی دیوانیی ژمارە 24660 پێکهێنراوە، کە پێویستی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەرێم هەیە لە لیژنەی ئاماژەپێكراو.
🔹هەرێم پابەندە بە پێدانی شایستەیی موچەی مانگی تشرینی یەکەم کە لەلایەن بەشی ژمێركارییەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت، هەروەها بەردەوامی گفتوگۆ و بەدواداچوون لەگەڵ لیژنەی فەرمانی دیوانیی ژمارە 24660، بۆ دیراسەکردنی ئەو پرسە، بەوجۆرەی كە خانەنشینانی هەرێم بەپێی یاسای خانەنشینیی فەرمانبەرانی دەوڵەتی ساڵی 2019 بگرێتەوە.