پیسبوونی هەوای شارەکان، هۆکار و چارەسەر.
2024-12-20 13:09:15
مەعروف مەجید*
پیسبوونی هەوا کێشەیەکی گەورەیە لە دونیای ئەمڕۆدا، زۆر کەس لە سەرانسەری جیهاندا بە هەوای پیس هەناسە دەدەن، تەنانەت بێ ئەوەی بیر لەو زیانانە بکەنەوە کە بە سییەکان و هەسارەکە بە گشتی دەگەیەنێت.
زۆربەی توێژینەوەکانی ئەم دواییە کە لەم بارەیەوە ئەنجام دراون سەلماندوویانە کە پیسکەرەکانی هەوا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، کە دواتر دەبێتە هۆی گۆڕانکاری درێژخایەن لە کەشوهەوای هەسارەکەدا، کە دواجار زیان بە ژیان لەسەر ڕووی زەوی دەگەیەنێت.
بە گوێرەی چەند لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی، عێراق لاوازترین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ڕیزبەندی پێنجەمە کە زیانی بەرکەوتووە لە گۆڕانی کەش و هەوا.
لە ئێستادا یەکێک لەو مەترسیانەی باسی لێوەدەکرێت پیسبوونی هەوای شارەکانی هەرێمی کوردستانە بە تایبەتی شاری هەولێر، ئایا دەتوانین بیسەلمێنین کە نەخێر هیچ مەترسییەک لە ئارادا نیە و هەوای شارەکانی هەرێمی کوردستان نۆرماڵە و ستانداردی جیهانیە؟
بە پێی لێکۆڵینەوەکان چەند هۆکارێکی سەرەکی هەن دەبنە مەترسی لەسەر ژینگە و لەناویشیاندا دەبنە هۆکاری پسبوونی هەوا، ئێمەش دەپرسین ئایا ئەم هۆکارانە لە کوردستان بونیان هەیە؟
- دەردانی گازی ژەهراوی لە ئۆتۆمبێل
- سووتانی سووتەمەنی
- خۆڵبارین
- پیشەسازی و کارگەکان
- وێستگەی بەنزینخانە
-غازی چێشتلێنان لە ماڵەکاندا
- ئاگرکەوتنەوە
- مادەی قڕکەری کشتوکاڵی
- فڕێدانی پاشماوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە، زۆرینەی شارەکانی هەرێم گرفتی کەمی سەوزاییان هەیە ساڵانە لەبری زۆرکردنی بەداخەوە بەهۆکاری جیاواز ڕێژەکان کەمدەبنەوە بە تایبەتی دارستانە خۆڕسکەکان و بگرە دەستکردەکانی نزیک لە شارەکان ئەویش بە مەبەستی درووستکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانی.
ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەو مەترسیە ئاشکرا دەکات کە زەنگی لەناوچوونی دارستانەکان لە هەرێمی کورستان نزیک بۆتەوە،
هەرێمی کوردستان خاوەنی، ۲ ملیۆن و ٥۰۰ هەزار دارستانی سرووشتییە، خاوەنی ۳٥٤۹۰ دۆنم، دارستانی دەستکردە.
تەنها لە ماوەی دەساڵی ڕابردوودا، ملیوێنێک و ۲٦٥ هەزار ۲٥٨ دۆنم دارستانکان مەترسی لەناوچونیان لەسەر بووە و سووتاون..
نزیکەی ٥۰ %ی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان لەناوچون، ئەمە لە کاتێکدایە، پەنجا ساڵ پێش ئێستا خاوەنی ٥ملیۆن دۆنم دارستان و پاوەن بووە.
لە دوای ساڵی ۲۰۰۳ ئەو کرانەوەیەی هەرێمی کوردستان بە ڕوی جیهاندا بێ وێنە بوو کە پێشتر لە کوردستان هاوشێوەی نەبووە، ئەمەش کۆمەڵێ مەترسی لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان درووستکرد.
یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکان، زۆر بوونی ئۆتۆمبیلی تایبەتە لە ناو شارەکان(پارێزگاکان)، لە ئێشتادا بە پێی ئامارە نافەڕمییەکان ۲٤۰۰۰۰۰ ئۆتۆمبیلی ژمارەی هەرێم بوونی هەیە، جگە لە ژمارەی شارەکانی تر و ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان.
بوونی پاڵاوگەی نایاسایی لە نزیک شارەکان، بە پێی ئامارەکانی ساڵی ۲۰۱٨ لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک، ٤۳۰ پاڵاوگەی نایاسایی بونیان هەبووە، بەڕاستی کارەساتە، لە شاری هەولێر دوای چەندین ساڵە ۱۳٨ پاڵاوگەی نایاسایی کار بکەن، هەرچەندە ئێستا چەند بڕیارێک هەیە بۆ داخستنیان، لە کاتێکدا نەک مەرجە ژینگەییەکان جێ بەجێ ناکەن، تەنانەت مۆڵەتی کارکردنیشیان نیە، لە شارەکانی تریش ئەم جۆرە پاڵاوگانە بوونیان هەیە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی هەوای شاری هەولێر بە وتەی بەرپرسان ئەو پاڵاوگانەن.
بونی موەلیدەی ماڵان و شوێنە گشتییەکان، بە پێی ئامارە نافەڕمییەکان، لە هەرێمی کوردستان ۷هەزار موەلیدە بوونی هەیە تەنها لە ناو شاری هەولێر(۲٥۰۰) موەلیدەی ماڵان و شوێنە گشتییەکان هەیە، کە بە هۆکارێکی تری پیسبوونی هەوا، خاک، ژاوەژاو، بینین دادەنرێن، لەوەش مەترسیدارتر، ئەو سووتەمەنییەی بەکار دەهێنرێن مەترسیدارە.
هەرێمی کوردستان تا ئێستا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، سوود لە وێستگەکان وەردەگرێت کە ئەویش بە سووتەمەنی کاردەکەن، بە پێی زانیارییەکانی ئێمە، نزیکەی چوار وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان، پشت بە نەوتی ڕەش دەبەستن کە ئەمەش گەورەترین مەترسییە لە سەر پیسبوونی ژینگە.
بوونی پاشماوەی ماڵان و شوێنە گشتییەکان، ڕۆژانە زیاد لە ۷ هەزار تەن پاشماوە بە هەموو جۆرەکانییەوە فڕێدەدرێنە ناو خاکەوە، کە زۆرینەی ڕیسایکڵ ناکرێتەوە، یا دەسوتێنرێن یا تێکەڵ بە خاک و ئاو دەبنەوە، لەناویشیاندا پاشماوەکانی پلاستیک و نایلۆن، ئەمەش بە هۆکارێکی پیسبوونی ژینگە لەناویاندا هەوا دادەنرێت.
لە هەمووشی خراپتر، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئامارەکانی پێوانەیی ژینگەیی لەناویاندا هەوا وەکو پێویست بونی نیە، زۆر جار پێوەرە جیهانییەکان هۆشداری دەدەن سەبارەت بە مەترسی پیسبوونی هەوای کوردستان لەناویاندا هەوای شاری هەولێر، لەبەر ئەوەی هیچ داتا و ئامارێک نیە لایەنە پەیوەندیدارەکان ناتوانن بە شێوەی فەڕمی و زانستی وەڵامی بدەنەوە.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێن، ئاخۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بەشداری کردنی لە cop۲٨ وcop۲۹ چی هەنگاوێک دەنێت بۆ ئەوەی لایەنی کەم ئەو مەترسیە ژینگەییانە کەم بکاتەوە،
لەوانە، نەبوونی رێژەی سەوزایی، زۆربوونی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل، سبلێت، موەلیدە، زۆربوونی کارگەکان، پاڵاوگە نەوتییەکان، پاشماوە پلاستیکییەکان، دانان و زۆربوونی تاوەرەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت، قیر و کۆنکرێت، مادەقڕکەرەکان، هەڵکەندی بیر، ڕاوکردن، بڕینەوەی درەخت، سوتاندنی پاوان و دارستانەکان، بە فیڕۆدانی ئاو، دەیان مەترسی تر...ئەگەرنا لە داهاتوودا هەمووان بینەری گەورەترین کارەساتی ژینگەیی دەبین لە کوردستاندا.
* سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە.