شیکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ نامەکەی بارزانی بۆ جۆلانی
2024-12-17 19:36:11
ئارام عەلی/ مامۆستای زانكۆ و خوێندكاری دكتۆرا لە ئەمریكا
شیکردنەوەی ڕەخنەگرانەی گوتار/دەق ڕێگایەکە بۆ تێگەیشتن لە ئامانجە نادیار و مانا شاراوەکانی گوتار، کە لە لایەن نوسەرانی گەورەی وەک فێرکلەف و ڤاندایک و ڤوداک و چەندانیترەوە بەرەوپێش براوە و لە دونیای ئاکادیمیادا بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکار دەهێنرێت بۆ تێگەیشتن لە گوتاری سەرکردە و سیاسیەکان. هەر یەکێک لەو نوسەرانەی ناوم هێنان، شێواز و ڕێگای خۆیان هەیە بۆ شیکردنەوەی دەق، بەڵام لێرەدا من ڕێگا سێ ڕەهەندیەکەی بۆرمان فێرکلەف بەکاردێنم بۆ شیکردنەوەی نامەکەی بارزانی بۆ جۆلانی سەرکردەی هەیئەی تەحریری شام، تا خوێنەری کورد ئاشنابێت بە دیوە شاراوەکەی وتارەکانی بارزانی.
لە زمانی ئەکادیمی و لێکۆڵینەوەدا و بەپێی پێناسەی فێرکلەف، دەق یان گوتار جۆرێکە لە پراکتیزەکردنی کۆمەڵایەتی، وە گوتار هەم لە کۆمەڵگەوە سەرچاوە دەگرێت و هەمیش کۆمەڵگە دروست دەکات. کەواتە زمان لێرەدا تەنها ئامرازی پەیواندی نیە، بەڵکو وەک بۆردوو ئاماژەی پێدەدات، زمان ئامرازی هێز و کردارە. ئایدۆلۆژیا و هێز و هەژموون لە ڕێگەی زمانەوە باڵاو دەبنەوە و کاریگەری لەناو کۆمەڵگە دا درووست دەکەن. گوتاری گوتراو و نوسراو و بینراو هەموویان وەک گوتار پۆلێن دەکرێن؛ واتا گوتار وەک وشەیەکی گشتگیر بەکار دەهێنرێت، بۆیە نامەکەی بارزانیش وەک گوتار پۆلێن دەکرێت.
لە گوتار دا، بەتایبەت لە گوتاری سیاسی دا، دوو مانا بوونی هەیە: مانایەکی ڕوون کە هەموومان دەتوانین لێی تێبگەین و بیبینین، وە مانایەکی قووڵ کە بۆتێگەیشتنی، پێویستیمان بە بەکارهێنانی ڕێگایەکی وەک ڕێگاکەی فێرکلەفە بۆ شیکردنەوەی ڕەخنەگرانە. نۆرمان فێرکلەف سێ ڕەهەندی داناوە تا بتوانین بە هۆیانەوە هەم لە مانا ڕوکەشیەکەی گوتار تێبگەین و هەمیش بگەین بە مانا قوڵەکە و ئەجێندا شاراوەکان ئاشکرا بکەین: (١) شیکردنەوەی دەق (باسکردن)، (٢)بەرکارکردنی دەق (بەرهەم هێنان و دابەش کردن)، و (٣) چوارچێوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەق (ڕونکردنەوە).
ئێستا با بێینە سەر شیکردنەوەی نامە کورتەکەی بارزانی!
١- شیکردنەوەی دەق (باسکردن): لە هەنگاوی یەکەم، تەنها سەیری مانا ڕواڵەتیەکە و بەکارهێنانی زمان و وشە دەکەین. بە دڵنیایی ئەو وشانەی بەکار هاتوون گرنگن، بەڵام گرنگتر لەوان ئەو وشە و کەسانەن کە باکار نەهاتوون و ناویان نەهێنراوە!
ا) زمانی ئەرێنی و گشتگیر: بە خوێندنەوەیەکی سەرپێی، بۆمان دەردەکەوێت کە نامەکەی بارزانی زۆر بە ورییایی نوسراوە. زمانێکی ئەرێنی و گشتگیر بەکار هاتووە؛ بۆ نمەنە، دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێت و کۆمەڵێک وشەی ئەرێنی وەکو (هیوا، جێگیر، دیموکراسی، هاوبەش، داهاتوویەکی بەهێز و پێویست بۆ سوریا، هتد.) بەکاردێبێت.
ب) وێناکردنی خۆی: خۆی وەک و داکۆکیکاری مافەکانی نەتەوەی کورد پیشان دەدات، وا وێنای بارزانی کتاوە کە خەمی کوردیەتی لە پارچەکانیتری کوردستان و توانای بڕینی سنورەکانی نێوان پارچەکانی کوردستانی هەیە، ئەگەر پێویستبکات. مانا ڕواڵەتیەکەی نامەکە، بارزانی وەک ڕابەری کورد پیشان دەدات بەبێ ئەوەی وشەی ڕابەر یان سەرۆک لە نامەکەدا بەکار هاتبێت. ئەگەر سەیری کۆتایی نامەکە بکەین، تەنها ناو و بەروار نوسراوە و ناونیشانی سیاسی بارزانی، کە تەنها سەرۆکی پارتیە، نەنوسراوە چونکە ئامانجەکەی گەورەترە و بە کراوەیی هێڵراوەتەوە.
ج) داننان بە جۆلانی وەک سەرۆک و بڕیار بەدەستی نوێی سوریا. بۆ نمەنە، بارزانی داوای ڕاستکردنەوەی مێژووی لێدەکات و داوا دەکات هەموو پێکهاتەکان “بە یەکەوە” بەشداربن لە ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەی بەرامبەر کورد کراوە. کەواتا بارزانی دان بە شەرعی بوونی پێگە و دەسەڵاتی جۆلانی دا دەنێت.
د) وونکردنی ستراتیژی: لە نامەکەیدا، بارزانی باسی هیچ سەرکردە و کەسایەتیەکی سیاسی ڕۆژاڤا ناکات. لە کاتێکدا، هەموو جیهان دەزانێت کە مەزڵوم عەبدی سەرکردەی سەرەکی دۆزی کوردە لەو پارچەیەی کوردستان، بەمەش بارزانی هەوڵی کەمردنەوەی ڕەوایەتی سەرکردایەتی عەبدی دەدات و خۆی وەک ڕابەر دەناسێنێ.
٢- بەرکارکردنی وتار (بەرهەمهێنان و دابەشکردن):
ا) گوێگر: نامەکەی بارزانی بۆ چەند گروپ و گوێگرێکی جیاواز نوسراوە کە یەک بە یەک ئاماژەیان پێدەکەم.
گرووپی یەکەم/کوردی ڕۆژاڤا، بارزانی دەیەوێت بەو نامەیە بە کوردی ڕۆژاڤا بڵێت من خەم خۆر و سەرکردەتانم و بەجێتان ناهێڵم. بۆ ئەو مەبەستەش، ئاماژە بە ڕاستکردنەوەی مێژوو و زامنکردنی مافەکانی کورد دەکات لە حکومەتی داهاتووی سوریادا.
گرووپی دووەم/ تورکیا، بە دانپێدانانی جۆلانی و ناو نەهێنانی مەزڵوم عەبدی، بارزانی ڕوی دەمی لە تورکیای پاڵپشتی جۆلانی و دووژمنی عەبدیە و هاو وتاری و هاوپەیمانی خۆی دووپات دەکاتەوە.
گرووپی سێەم/ لایەنە دژەکانی هەسەدە، بە ناو نەهێنان و پشتگوێ خستنی ڕۆڵی مەزڵوم عەبدی، بارزانی نامەی پشتیوانی بۆ حیزبە دژەکانی عەبدی دەنێرێت و پشتیوانی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆیان.
ب) کاریگەری ئایدۆلۆژی: بارزانی بەو نامە کورتە هێزی ئایدۆلۆژی خۆی پیشان دەدات. لەلایەک پیشانیدەدات کە کوردی ڕۆژاڤا لەژێر هەژموونی ئایدۆلۆژی ئەودان، لەلایەکیتر گرنگی ئایدۆلۆژیای هەسەدە کەم دەکاتەوە بە نادیدە گرتنی ڕۆڵی عەبدی.
٣- چوارچێوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەق(ڕونکردنەوە):
ا) پەیوەندی بارزانی و تورکیا: تورکیا دژی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاڤایە بە بیانووی بوونی پەیوەندی هەسەدە بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە. بەهۆی ئەوەی پارتی هاوپەیمانی تورکیایە، نامەکەی بارزانیش دەبێت لەگەڵ سیاسەتی تورکیادا یەک بگرێتەوە.
ب) حیزبەکەی بارزانی ناکۆکیەکی مێژووی هەیە لەگەڵ پەیەدە و پەکەکە، بۆیە پشیگیری کردنی پارت و لایەنە کوردیاکانی ڕۆژاڤا لە دژی پەیەدە و هەسەدە لە سودی بارزانی و حیزبەکەیەتی.
ج) هێمای ڕابەرێتی: لە نامەکەیدا، بارزانی وێنای خۆی دەکات وەک ڕابەری کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان و سنووری سیاسی هەرێم دەبڕێت، بۆ بەدەست هێنانی ئەم ئامانجەی، باسی مافی کورد دەکات و ناوی مەزڵوم عەبدی وەک سەرکردەی ڕۆژاڤا ناهێنێت.
شیکردنەوەی گوتار و پەیوەندی هێز:
ا) سڕینەوەی عەبدی، بێدەنگی بارزانی بۆ داواکاری عەبدی بۆ یەکڕیزی کورد و ناو نەهێنانی لە نامەکەیدا بۆ جۆلانی جوڵەیەکی ستراتیژیە. ئەو جوڵەیە مانای بەرکەنارکردنی هێز و ڕۆڵی عەبدیە و دانپێدانەنانی عەبدیە وەک نوێنەری کورد لە ڕۆژاڤا.
ب) نوێنەرایەتی کردنی ئامانجەکانی کورد: بارزانی خۆی وەک هێزی یەکەم پیشان دەدات بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی کورد، بەڵام هاوتەریبی وتاری بارزانی بە وتار و کرداری تورکیا دژ بە عەبدی ئەو ڕیسەی لێ دەکاتەوە بە خوری. نامەکەی بارزانی سودی سیاسی هەیە، بەڵام مەرج نیە بۆ کورد بێت.
ج) وتاری یەکخستن و دابەشکردن: مانا ڕوکەشیەکەی بارزانی یەکڕیزی نەتەوە جیاوازەکانی سوریای تێدا بەدی دەکرێت، بەڵام مانا قوڵ و سیاسیەکەی بۆ لێکترازان و دابەشکردنی ماڵی کوردە لە ڕۆژاڤا بە پشتگوێ خستنی مەزڵوم عەبدی و پشتیوانی کردنی هێزە دژبەرەکانی عەبدی و هاوپەیمانەکانی تورکیا.
تەواوی نامەکەی بارزانی پڕیەتی لە جوڵەی ئایدۆلۆژی و هێز، وە کۆمەڵێک ئاماژە و نامەی زۆر لەناو گوتارە کورتەکە دا هەن کە بەپێی خوێندنەوەکەی سەرەوە، پێناچێت مەبەستی بارزانی سودی کوردبێت. لە شیکردنەوەی ڕەخنەیی دا، قسەکەر لە ڕێگەی مانا قوڵەکەی گوتارەوە دەناسرێت، نەک مانا ڕوکەشیەکەی، بۆیە ئەم نامە کورتەی بارزانی، سیاسەت و ئایدۆلۆژیای بارزانی نەک هەر بۆ کوردی ڕۆژاڤا، بەڵکو بۆ کوردی هەموو پارچەکان دەخاتە ڕوو، وە هەوڵی ناساندنی خۆی وەک ڕابەری کورد دەدات بە لێدان لەو جەمسەرانەی کە ئایدۆلۆژیاکانیان جیاوازە لەوەی بارزانی و حیزبەکەی و هاوپەیمانەکەی، کە تورکیایە. لە کۆتایی دا، گرنگە خوێنەری کورد بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە گوتار و نوسین و ئاماژەکانی سەرکردە سیاسیەکان بخوێننەوە و لێیان تێبگەن، چونکە هەموو گوتارێکی سیاسی کاریگەری ڕاستەخۆی لەسەر هاوڵاتیان و یەکگرتووی و لێکترازانی لایەناکەن دەبێت.