رۆشنگەریی وەک ئامرازێک بۆ رزگاربوون
2026-02-08 14:21:00
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
هەموو دوو هەفتەیەک پێش ئێستا بوو، کۆمەڵگای ئێمە شاهێدی بینینی چەندان رووی پۆزەتیڤ و بەرپرسیار و هیوابەخشی خۆی بوو. کاتێک ئەو ژمارە گەورەیە لە ژنان و پیاوان و کچان و کوران و گەنجان و بەتەمەنمان لەسەر شەقامەکان بەیەک دەنگ بەرگریان لە مرۆڤبوونی خۆیان مرۆڤبوونی مرۆڤەکانی تر دەکرد، بەگژ ناهەقیی و زوڵم و خرپەکاریی سەردەمەکەی خۆیاندا دەچونەوە، کۆمەڵگای ئێمە وێنەیەکی خۆی دەبینیی کە شوێنی دڵخۆشیی و ئاسودەییەکی گەورەبوو. سەدان هەزار کەس خۆپیشاندانیان بۆ بەرگیکردن لە خۆیان و لە بەشێک لە نیشتیمانەکەی خۆیان دەکرد، رۆژئاوا. وزەیەکی ئینسانی پاکژ و پۆزەتیڤیشیان بە خۆیان و بە کۆمەڵگاکە نیشانئەدا.
هاوکات هەر لەم هەفتەیەدا، ئێمە وێنەیەکی تەواو نێگەتیڤ و دیوێکی تری کۆمەڵگاکەمان بینیی، کە هەلگریی مەترسیی گەورە و هەڕەشەی گەورە و تێکدانی ئەو لانیکەمەی هێمنیی و ئارامی کۆمەلایەتییە کە هەموو کۆمەڵگایەک پێویستی پێیەتی. ئەم دیوە روخسارە هێرشبەر و ئیهانەکەر و بوغزاوی و رقخوازەکەی کۆمەڵگاکەیە و لە پەیوەندیدا بە چۆنیەتی وێناکردن و گفتوگۆکردن لەسەر تاوانە گەورەکانی ناو «لەزەتخانەکەی جێفری ئێپستین»دا، بینی. بکەری سەرەکیی ئەم رووە تاریک و ترسناکەی کۆمەڵگاکە، بڕێک لەو کەس و لایەن و گروپانە بوون، کە بەناوی دین و خودا و ئاسمان و پێعەمبەرەکانەوە قسەیاندەکرد و لەڕێگای پەلاماردانی «لەزەتخانەکەی» ئێپیستین ەوە، پەلاماری سەرجەمی ئەو بەش و بکەر و کەسانەی ناو کۆمەڵگاکەیان دەدا، کە ئەوان بەناوی «عەلمانیی» و «مولحید» و «خۆفرۆش» و «نۆکەر»ی خۆرئاوا وە رەوانەی دۆزەخەیان دەکردن. هەندێکیان تا ئەو شوێنەش دەرۆیشتن ئەم کەسانە بە خاوەن «بیری بۆگەن»، «درۆن» و «دووروو» و «مولحید» و «کوێر» و «کەڕ» و تەنانەت «ئاژەڵ»یش ناوببەن.
ئەوەی ئەم لەشکرە بەناو دینییە دەیاننوسیی و بڵاویاندەکردوە، بە هەموو مانایەک سنووری ئازادیی رادەبربڕینی تێدەپەراند و دەجوە خانەی «تێرۆری رەمزیی» و «دەستدرێژیی مەعنەوەیی» و تەشهیر« و «سوکایەتی»کردنێکی بەرفراوانەوە. ئەوە با واز لە رووە ئایدیۆلۆژیەکەی ئەم نووسینانە بهێنین، کە بە زمانێکی ئاشکرا، بەڵام پر لە توندوتیژیی رەمزیی و ئەخلاقیی، دەیاننوسیی «دیموکراسی دۆریەکی شاخدارە»، ئەوروپا و ئەمریکاش بە موتڵەقی بەشە «قێزەون»ەکەی جیهانن، «ژیانی مرۆڤەکان»یان لاگرنگ نییە، بۆ جاری هەزارەهەمینیش، پەلاماری سادەترین ماف و ئازادیی و خواستەکانی ژنانیان دەدا و ئەو «ماف» و «ئازدی»یانەی وەک «درۆ» و ئامرازێک «فریودان» و «تێکدانی خێزان» دەناساند.
بە بۆچوونی من، لەناو ئەو ئۆقیانووسەدا لە رق و بوغز وجنێوفرۆشیی و سوکایەتییکردن و ئیهانەدا، کە دروستبووە، لەناو ئەو خورافەپەرستیی و داخرانە کولتوریی و هێرشە نائەخلاقیانەدا، لەناو ئەو دیدگا دینییە داخراوانەدا کە بەناوی خودا و موقەدەساتەوە دەدوێن، گەڕانەوەیەکی هێمن و لەسەرخۆ، بۆ «رۆشنگەریی» و دەسکەوتەکانی رۆشنگەریی، پێداویستییەکی ئێستایی گرنگە. تەنها گرانەوەیەکی ڕۆشنگەرانە دەتوانێت هاریکارمان بێت بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەکی ئینسانیی و ئەخلاقیی هێمن لەو دۆخە نالەبار و ترسناکەی دروستکراوە. بەڵام رۆشنگەریی چییە و رۆشنگەریی بە چ مانایەک؟
یەکەم: رۆشنگەریی وەک بەرگریکردن لە عەقڵ و بیرکردنەوەی عەقڵانیی، کە رێز لە لانی هەرەکەمی زانستیبوون و میتۆدیبوون لە بیرکردنەوەدا، بگرێت. ئەمەش هەنگاوی یەکەمی رزگارکردنی مرۆڤە لە نەزانین و لە بەشێکی گەورە لەو خورافاتانەی ئامادەن، وەکچۆن رێگرتنە لە باڵادەستیی سایکۆلۆژیای تۆڵەکردنەوە و رقبوونەوە لەوانەی شتانێک دەڵێن و دەنووسن، جیاواز لەوەی ئەم یان ئەو گروپ باوەڕیپێیەتیی.رۆشنگەریی لێرەدا مانای باوەڕبوون بەوەی کە دەشێت کۆمەڵگا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕێگای زانیاریی و مەعریفەی دروستەوە پێشبخرێت.
دووهەم: گەشەدان بە عەقڵیەت و کولتور و سایکۆلۆژیای لێبوردن و وێناکردنی لێبوردن خۆیشی، وەک چاکەیەکی ئینسانیی و ئەخلاقیی گرنگ. پێداگرتن لەسەر ئازادىى ویژدان و ئازادیی شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤەکانیش. گرێدانەوەی ئەمانەش بە بەرگریکردنەوە لە ماف، بە تایبەتیی مافە تاکەکەسییەکان و دۆزینەوەی میکانیزمی جیاواز بۆ یەکدی قبووڵکردن، لە شوێنی پەلاماردان و پێشێلکردنی مافەکانی یەکتری.
سێهەم: رەخنەکردنی دەسەڵات، هەموو فۆرمەکانی دەسەڵات، بە تایبەتی دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی دینیی. ڕەخنەنەکردنی ئەم دوو فۆرمەی دەسەڵات و نوێنەرەکانیان، جگە لە کارەسات و وێرانکردنی پەیوەندیی نێوان و مرۆڤەکان، هیچ شتێکی دیکەیلن لێ چاوەڕوان ناکرێت. ئینجا رەخنەکردنی سانسۆر و ئیهانە و تۆمەتبارکردنی سیاسییانە و دینییانەی یەکتری و بەگژاچوونەوەی ئەو تۆمەتانەی بەناوی دین و سیاسەتەوە دەدرێنە پاڵ کەسەکان. بەرگریکردنی بەردەوامیش لەو راستییە کە هیچ شتێک هێندەی سانسۆری دینیی و سیاسیی، مرۆڤ لەناوەوە ئیفلیج و بێخەیاڵ و بێکەسایەتی ناکەن. ئەوەی پێویستە وێناکردنی سانسۆرە وەک شێوازی هێجگار قورس و ترسناکیی چەوساندنەوە، وەک ئامارازێک بۆ سنووردارکردنێکی ئیهانە و زەلیکەرانەی، تواناکانی مرۆڤ. ئەمەش پێویستی بە نەکەوتنە ناو سەرجەمی ئەو فێڵ و هەڵخەڵاتاندنەوە هەیە، کە بەناوی «پاراستنی پیرۆزییەکان» و «پاراستنی ئاسایشیی نەتەوەیی» و «پاراستنی ئەخلاقیی گستیی»ەوە بە شەوەیەکی بەردەوام، پەنایان بۆدەبرێت. تێگەیشتنیش لەو راستییە سادەیە کاتێک دەسەڵات، ئیتر دەسەڵاتی دینیی بێت یان سیاسی، بانگەشە بۆ سانسۆکردن و بێدەنگیی دەکات، وەک بەرگریکردن لە سانسۆر و لە بێدەنگکردن نایکات، بەڵکو بەناوی چاکەکاریی و پاراستی تاکەکەس و کۆمەڵگاکەوە دەیکات. لەمەشدا ئەو دەسەڵاتانە ناچارکردن و زۆربۆهێنان وەک جێبەجێکردنی ئەرکێکی ئەخلاقیی نیشانئەدات. هەر ئیمان و دیدگایەکی سیاسیش لە ڕێگای سانسۆرکردن و زۆربهێنانەوە سەپێندران، لەوەدەکەون و ئیمان و دیدگایەکی تەندروست بن، دەگۆڕدرێن بۆ دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و زەلیلکەر.
چوارهەم: وێناکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و بە تایبەتی خاوەن کەرامەت. خاڵی سەرەکیی لە چەمکی کەرامەتدا بریتییە لە پێداگرتن لەسەر بیرۆکەی ئەوەی کە مرۆڤ بوونێکی تایبەتە و پێویستی بە ئیعتیراف پێکردن هەیە، وەک مرۆڤ، نەک وەک ئامرازێک بۆ ئەنجامدان و وەدیهێنانی ئەم یان ئەو خواستی تر.
هاوکات کەرامەت پێدراوێکە مرۆڤ لە رۆژی لەدایکبوونییەوە خاوەنیەتی. واتە کەرامەت شتێک نییە مرۆڤ وەدەستیبهێنێت لە ڕێگای هەبوون یان نەبوونی ئەم یان ئەو دین و ئەم یان ئەو ئاکاری تایبەتەوە. مرۆڤ لەسەرەتاوە وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت لەدایکدەبێت و وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت لەدایکدەبێت دێتە دونیاوە. ئەمەش تەواو ناکۆکە بەسەرجەمی ئەو دابەشکردنە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و رەگەزیی و دینیانەی بۆ بوونی مرۆڤەکان، وەک مرۆڤ دەکرێن. کە ئەمە دەڵێم ئەمە مانای ئەوە نییە کە دین دژ بە وێناکردنی مرۆڤە وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت. هەندێک کەلەپوری دینیی هەن، پێ لەسەرئەوە دادەگرن مرۆڤ جێگری خودایە لەسەر زەوی ، یان مرۆڤ لەسەر وێنەی خودا دروستکراوە. ئەم کەلەپورە دینییانە جۆرێک لە کەرامەت بە مرۆڤ دەبەخشن لە دەرەوەی دابەشکردنی مرۆڤەکان بەسەر رەنگ و رەگەز و ئینتیما و دین و پێگەی کۆمەڵایەتیاندا. واتە کەرامەتی مرۆڤ دەخەنە دەرەوەی دین و کۆمەڵگا و دەزگا و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ئەمەش وادەکات بۆ مرۆڤ ڕەوابێت بەگژ شێوە جیاوازەکانی زوڵمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دینیی و نادینیدا بچێتەوە، رێ لە ئیهانە و زەلیل و پەراوێزخستنی مرۆڤەکان بگرێت، جا گرنگ نییە ئەو مرۆڤە ژنە یان پیاو، گەورەیە یان بچوک، رەشە یان سپیی، دینی هەیە یان نادینییە. هتد...
پێنجەم: گەشەدان بە رەخنەکردنی خود خۆی، بەر لە رەخنەکردنی ئەوانیتر، هاوکات گەشەدانیش بە گفتوگۆی کراوە و ئاشکرای بێسانسۆر و بێئیهانە و زەلیلکردن. گەڕاندنەوەی رێز بۆ فیکر و گەشەدان بە فەرهەنگی رەخنەیی.
هەموو ئەم خاڵانە دەشێت وەک ئامرازێک بخرێنەگەڕ بۆ دەرچوون لەو دۆخی لە مرۆڤخستنەی مرۆڤ و لەو بە ئاژەڵ و بە جەهەنەمیی و بە بەهشتیکردنەی، ئەمرۆکە، ژمارەیەکی گەورە لە بکەری دینیی لە وڵاتی ئێمەدا پێیهەڵدەستن.
