کام خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی تازە؟
2024-12-22 14:49:32
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەناو بومەلەرزەیەکی سياسيي گەورەدایە. بەرە سیاسییە گەورەکان دەگۆڕێن و بەرەی سیاسیی نوێ دروستدەبن، بکەری سیاسیی تازە دێتەکایەوە و بکەرانی سیاسیی دیکە دەتوێنەوە و وێران دەبن، هاوکێشەی تازەی دەسەڵات دروستدەبێت و هاوکێشە کۆنەکان گۆڕانی بنەڕەتییان بەسەردادێت. دەرکەوتە سیاسییە کۆنکریتەکانی ئەم بومەلەرزە سیاسییە، لەسەرێّکەوە، وێرانکردنی توانا سەربازیی و سیاسییەکانی حەماسی فەلەستینیی و حیزبوڵای لوبنانییە، لەسەرێکی دیکەوە کەوتنی رژێمەکەی بەشار ئەسەدە. ئەوەیش کە بە پلەی یەکەم، لەگەڵ کەوتنی ئەم بکەرە سیاسییانەدا دەکەوێت، هەیمەنەی دەوڵەت و حوکمڕانیی ئاینیانەی ئێرانە لەناوچەکەدا. لە ڕاستیدا کەسانێک هەن تا ئەو شوێنە دەرۆن قسە لە فەشەلی مێژوویی و سەرتاسەری ئیسلامی سیاسیی وەک گشتێک بکەن. وەکچۆن جەنگی شەس ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و عەرەب کە ساڵی ١٩٦٧دا کۆتایی بە پرۆژەی «قەومەیتی عەرەبی» هێنا، کۆتایی بەوەی پێدەگوترێت پان-عەرەبیزم، جەنگی ٧ ئۆکتۆبەریش لە گەڵ حەماسدا لە غەزە و جەنگی لوبنان لەگەڵ حیزبوڵا و کەوتنی ئەسەد و ئێران و ملیشیاکانی تر لە سوریادا، کۆتایی و فەشەلی مێژوویی و یەکجارەکی ئیسلامی سیاسیی لەسەرجەمی ناوچەکەدا رادەگەیەنێت.
بەڵام ئەوەی ئەم ساتەوەختە تایبەتە لە ئێستادا پێماندەڵێت سەرکەوتنی تورکیا و قەتەر و هەیمەئەی تەحریری شامە لە سوریادا. تا ئەم ساتە ئەمانە براوەی سەرەکیی گۆڕانکارییەکانی ناو سوریا و ناوچەکان. ئەوەی لە سوریاشدا لە دۆخی سەرەتاییانەی دروستبووندایە، بەهێزیبوونی هەیمەنەی تورکیی و قەتەرییە لە ئاسی ئیقلیمیدا، ئەو بکەرە ناوەکەیش کە خوێنی پێوییست بە لەشی ئەم هەیمەنە تایبەتە دەبەخشێت، ئەو هێزە ئیسلامیی و ئەو هێزانەی سەر بە تورکیان کە لەناو سوریادا وەک براوەی دۆخەکە ئامادەن و کاردەن. ئەمەش نەک تەنها درێژەدانە بە پرۆژەی ئیسلامی سیاسیی، لە چاپە ئیخوانییە بەسەلەفیبووەکەیدا، بەڵکو هەڵگری هەمان خەونە دینیی و مەزهەبییەکانی سەردەمی شۆڕشی ئێرانیشە، بەڵام لە چاپە سونییە ئیخوانیی و نیمچەئیخوانیەکەیدا.
ئەوەی رێگری سەرەکیی و بەهێزی بەئەنجامگەیشتنی ئەم پرۆژە سونیەی ئیسلامی سیاسییە، ئەو بەرەیەی ترە کە بکەری ژمارەیەکی دروستبوونی ئەو دۆخە تازەیەن لە ناوچەکەدا، ئەوانەی ئەم هەلومەرجە مێژووییە تازەیەیان دروستکردوە، مەبەستم بەرەی ئەمریکا، ئیسرائیل و سعودیە و ئیمارەتە. ئیسرائیل، بێگومان لە پشتییەوە ئەمریکا، هێزی ژمارەیەکی دروستکردنی ئەو ژینگە سیاسیی و ئیقلیمیە تازەیەن کە هاتۆتەکایەوە. ئەم بەرەیە، کە لە بەرەی تورکیا و قەتەر و هەیئەی تەحریری شام، زۆر بەهێزترە، دژ بەو جێگرتنەوەیەی ئیسلامی سیاسییە لە سوریادا کە تورکیا و قەتەر هێلە سەرەکییەکانی بەرێوەیدەبەن. بەرەی دژە تورکیا و دژە قەتەر، بەدوای ئەلتەرناتیڤێکدا دەگەڕێن کە سەر بە ئیخوانی موسلیمین و هێزە سەلەفییەکان نەبێت، جۆرێک لە دەوڵەتیان دەوێت، وەک ئەوەی لە میسر و ئیمارات و سعودەیەدا هەیە و کاردەکات. دەوڵەتێک لەسەرێکەوە ئامادەی رێکەوتن و کاری پێکەوەییبێت لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا، لە سەرێکی دیکەوە گونجاوبێت لەگەڵ ئەو گۆرانکارییە تازانەدا کە لەناو سعودیە و ئیماراتدا رووئەدەن. ئەمەش لە هەموو دۆخێکدا مانای خۆڕزگارکردنە لە پرۆژەی ئیسلامی سیاسیی، بە تایبەتی لە چاپە ئیخوانییەکەیدا.
لەناو ئەم دیمەنە گەورەیەدا دەشێت چی رووبدات؟
بە بۆچونی من پێناچێت پێکدادانی گەورە لە نێوان ئەو دوو بەرە جیاوازدا رووبدات، بە تایبەتی لەکاتێکدا، ئەمریکا پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ هەردوو بەرە جیاواز و ناکۆکەدا هەیە. هەمووان لەوە ئاگادارن کە پێکدادانی ئەو دووبەرەیە لەناو سوریادا پشێوییەکی سیاسیی و سەربازیی گەورە لە سەرجەمی ناوچەکدا دروستدەکات و هەلی گەورە دەخاتە بەردەمی هێزە جیهادییەکانەوە. دووبارەکردنەوەی ئەزمونی داعش دۆخێکە هیچ لایەنێک خوازیاری نییە.
بۆیە دەشێت سەرجەمی لایەنەکان بەدوای چارەسەرێکی ناوندگیردا بگەڕێن و دۆخکە بەجۆرێک دابڕێژرێتەوە کە قابیلی کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردن، بێت. لایانە جیاوازەکانی ناو هەردوو بەرەکەش لانی هەرەکەمی ئەو قازانجانەیان دەستبکەوێت کە کاری بۆدەکەن. پێدەچێت لە هەموو دۆخێکدا رێگرتن لەوەی پرۆژەی ئیسلامی سیاسیی لە سوریادا بچەسپێت، یەکێک لە دەرەنجامەکانی ئەم جۆرە رێکەوتن و لێتگەیشتنانە، بێت. دەشەت دروستکردنی حکومەت و دەوڵەتێک هەم نزیک لە بەرەی یەکەم و هەم لە بەرەی دووهەمەوە، وەک دەرچەیەکی سیاسیی، پەنای بۆببرێت و پیادەبکرێت. ئەمەش جگە لە جۆرێک سیستمی «دەسەڵاتگەرێتی هەڵبژاردن» Electoral authoritarianism, زیاتر نابێت. ئەمەش جۆرێک دەبێت لەو سیستمە سیاسییەی کە ئێستا لە میسر و تونس و ئەردەن و بەشێکی گەورەی ناوچەکەدا هەیە و کاردەکات. ئەو شێوازای دەسەڵاتگەرێتییە سیاسییە کە دیکۆرێکی دیموکراسییانە بەدەوری خۆیدا دروستدەکات بۆئەوەی لەناویدا وەک دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و داخراو، زۆرجار شەخسیی، دەستبەکاربێت. راستە هەڵبژاردن کۆڵەکەی سەرەکیی سیستمی دیموکراسییە، بەڵام هەموو هەڵبژاردنێک نە دیموکراسییانەیە و نە بەشێکیشە لە سیستمێکی دیموکراسیی راستەقینە. زۆرجار لەناو ئەم سیستمانە لە «دەسەڵاتەگرێتی هەڵبژاردن»دا، فۆرمی جیاواز و خنکێنەری توندوتیژیی و جۆری جیاوازیی فشار و زۆربۆهێنان هەیە و کاردەکات، کە بەسەریەکەوە سنووردارکردنێکی بەرفراوانی ئازادییەکان و بە ئەمنیکردنی تەواوی سیستمی حوکمڕانیی، لێدەکەوێتەوە.
بەشێوەیەکی سەرەکیی سیستمی «دەسەڵاتگەریی هەڵبژاردن» ئاکاری ئەو جۆرە سیستمانەیە کە وەهمی دیموکراسی فرە حیزبی هەم بە خودی کۆمەڵگاکە خۆی و هەم بە دونیای دەرەوە نىشانئەدات، لەکاتێکدا بە شێوەیەکی بەرفراوان هەموو کاریگەرییەکی راستەقینەی هەڵبژاردنەکان دەسڕێتەوە.
بە بۆچونی من ئەگەرێکی گەورەیە ئەزمونی سوریا ئەزموونتکی لەو بابەتە بێت کە باسمانکرد. لە هەموو دۆخێکدا گەڕانەوە بۆ سەردەمی حافز و بەشار ئەسەدی باوک و کور، یان بۆ سەردەمی تائیفیەتی سیاسی قۆناغی حیزبوڵا بەو شێوەیەی لە هەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە دەیبینین، ئەگەرێکی لاوازە. بەهەمان رادەی لاوازیی بونیادنانی سیستمێکی سیاسیی دیموکراسیی راستەقینە لە سوریادا. دەرچوون لە تائیفیەتی سیاسیی و چوونەناو سیستمی دیموکراسییەوە، پێویستی بە دەسکاریکردنێکی ریشەیی دۆخەکە هەیە، کە نە لە ئاستی رێکخراوەییدا و نە لە ئاستی بکەرە سیاسییەکان و نە لە ئاستی عەقڵیەت و فەرهەنگی دیموکراسیدا، کەرەستەکانی ئەو دەسکاریکردنە ئامادەن. راستە لە سوریادا میز بە پەیکەرەکانی ئەسەدی باوک و ئەسەدی کوڕدا دەکرێت، ماوەیەکی تریش وێنەکانی بنەماڵەی ئەسەد بەسەر پارەی سورییەوە ناهێلدرێن، بەڵام ژیانی دوای بەعس و دوای هەردوو ئەسەدەکە لە سوریادا، وەک ژیانی دوای حیزبوڵا لە لوبناندا، وەک ژیانێکی دیموکراسییانە، پێویستی بەکۆمەڵێک گۆڕانکاری زۆر هەیە کە کەرەستەکانی لە واقیعی ئێستادا بوونیان نییە.
ململانێکان تا ئەم ساتە تەنها ململانێی سیاسیین لەسەر دەسەڵات، بە درێژکراوەیەکی ئیقلیمییەوە، لەکاتێکدا ئەوەی پێویستە ململانێیە لەسەر تێپەراندنی سەرجەمی ئەو لۆژیک و شێوازی بیرکردنەوە و جۆری کارکردنانەی لە ناوەراستی ساڵانی هەفتاوە، لەم ناوچەیەدا سەروەر و دەستبەکارن.
هیچ کۆمەڵگایەکی ئەم ناوچەیە ئەو کۆمەلگا سادانەی سەرەتا و ناوەراست و تەنانەت کۆتایی سەدەی بیست نییە. چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەم سەرجەمی کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەی بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕیوە. ئەوەی لەمڕۆدا دەیبین جەندان کۆمەڵگای خوێندەوارتر، بەئاگاتر، کراوەتر، پر لە چاوەروانیی زیاتر و خواستی جیاوازی زیاترە. رووبەری جیاوازبوون لە هەمووکات زیاتر و گەورەترە لەناو هەریەکێک لەو کۆمەڵگایەنەدا.
ئەمەش پێویستی بەوەیە، لە هەموو بوارەکاندا، جۆرێک لە قبوڵکردن و داننان بە جیاوازیی و بە فرەییدا هەبێت و کاربکات، لە پێش هەمووانیشەوە داننان بە جیاوازیی سیاسیی و کولتوریی و دینیی و ئەتنی و رەمزیی دانیشتیوانەکانیاندا. رێکخستنی ئەو جیاوازییانە لەسەر بنەمای ماف، مافی یەکسان بۆ هەمووان، پێداویستی ژمارە یەکە لەو وڵاتانەدا. لە ئێستادا نە هێزە ناوەکییەکانی ناو سوریا خۆیان و نە هێزە ئیقلیمیە کاریگەرەکان لەسەر دۆخی ناوەکی ئەو وڵاتە، هیچیان، هەڵگری ئەم پرۆژە مێژووییە گرنگەی قبووڵکردن و رێکخستنی جیاوازییەکان لەسەر بنەمای ماف، نین.