نەخشەڕێگایەک بۆ دروستکردنی تۆڕێکی سەرکەوتووی پاسکیلسواری لە هەولێر
2024-12-20 13:01:09
د.هێمن جەلال- پ.ی. زانکۆی ترایەن/ ئەمریکا
هەولێر یەکێکە لە شارە هەرە کۆنەکانی جیهان و پایتەختی هەرێمی کوردستانە، بەشێوەیەکی خێرا گەشەدەکات و ئێستا لە خاڵێکی وەرچەرخاندایە. لەگەڵ پەرەسەندنی هاوچەرخانە لە سەرانسەری شارەکەدا، پڕۆژەی درووستکردنی تۆڕی پاسکیلسواری لە قۆناغەکانی پلانداناندایە. ئامانج لەم پڕۆژەیە دووبارە داڕشتنەوەی جووڵەی شارە، هەروەها گەڕاندنەوەی کولتوورێکی لەدەستچووی پاسکیلسواریە کە لەمێژە فەرامۆشکراوە. ئەم هەوڵە پێویستی بە پلانی ورد و شارەزایی تایبەت هەیە بۆ ڕەچاوکردنی چوارچێوەی مێژوویی هەولێر و ئاڵانگارییەکانی شاری هاوچەرخ بۆ ئەم شێواز(مۆد)ەی گواستنەوە.
کەلتوری پاسکیلسواری نامۆ نیە بەهەولێر. لەمێژە خەڵکی هەولێر ئاشنان بە پاسکیلسواری وە وەک ئامرازێکی بەسوودی گواستنەوە بەکاریان هێناوە (وێنەی 1). بۆ ئەمڕۆ و داهاتووی هەولێریش پاسکیل دەتوانێت خزمەتێکی باشی کەلتور و ژینگە و وێنەی ئەم شارە بکات. بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی تۆڕی پاسکیلسواری هەولێر، ئەم پڕۆژەیە پێویستە بە شێوەیەک پلان و دیزاین بکرێت کە بەکارهێنەری هەمەجۆر لەخۆبگرێت وەک ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت ئەزموونی میژووە دەوڵەمەندەکەی هەولێر بەسەر بکەنەوە، هاتووچۆی خوێندکاران بۆ قوتابخانە، ڕاهێنانی وەرزشوانان بۆ پێشبڕکێکان، چوون بۆ سەر کار و بازاڕکردنی هاوڵاتیان، هەروەها ئەو خێزانانەی کە بەدوای چالاکی و کات بەسەربردنەکاندا دەگەڕێن. لایەنێکی گرنگی ئەم گشتگیری و هەمەچەشنییە بریتییە لە ڕێکخستن و یەکخستنی تۆڕی پاسکیل لەگەڵ مۆدەکانی تری گواستنەوە بە شێوەیەکی ئەندازیاری درووست. ئەم بەیەکەوەگرێدانەش ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ گواستنەوەیەکی کارامە و بێ کێشە بە پاسکیل و گەشتکردن بۆ مەودای دوورتر، ئەمەش پاسکیلسواری دەکاتە بژاردەیەکی گونجاو و سەرنجڕاکێش بۆ هەموو بەکارهێنەرێک تاکو پاسکیلسواری بخەنە ناو ڕۆتینی ڕۆژانەیانەوە وە تۆڕی پاسکیلسواریش بە ژێرخانی گواستنەوەی گشتی شارەکە ببەستێتەوە.
وەک شارەزایەک لە ئەندازیاری گواستنەوە جەخت لەوە دەکەمەوە کە ژێرخانی سەرکەوتوو لە بیناسازییەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە پلاندانانی ورد و ستراتیجییەوە دەست پێدەکات. وەک باوە لە هەرێم، زۆربەی پڕۆژەکان لە بیرۆکەوە ڕاستەوخۆ دەگاتە بڕگەی ئامادەکردنی دەرخستەی درووستکردن بەبێ هەڵوێستەکردنی چڕ و پڕ لە سەر ئامادەکردنی پلانێکی گشتگیری کورت مەودا و دوور مەودا. ئەم قۆناغە (قۆناغی پلاندانان) بنەما و ستراتیژییە سەرەکییەکانی پێویست بۆ دڵنیابوون لە گەشەکردنی تۆڕی پاسکیلەکانی هەولێر دەخاتە ڕوو، کە هەم سوودی پراکتیکی و هەم نوێبوونەوەی کولتووری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
بۆچی پلاندانان گرنگە: فێربوون لە هەڵەباوەکان و ئەوانی پێشووتر
هەولێر دەرفەتێکی ناوازەی لەپێشە بۆ دیزاینکردنی یەکەم تۆڕی پاسکیل لە سفرەوە، بەڵام ئەم دەرفەتە ڕووبەڕووی چەندین ئاڵانگاری دەبێیتەوە. تۆڕی پاسکیل گەر بە خراپی پلانی بۆ داڕێژرا، بەکارهێنەران بێهیوا دەکات و ستیریۆتایپ و سڵکردنەوەیەکی گەورە درووست دەکات و ئامانج ناپێکێ (واتا بەکارناهێنرێت)، ئەمەش دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی سەرچاوەی زۆری ولات و بڵاوبوونەوەی نائومێدی لای خەڵکی، نەک تەنها لە هەولێر بەڵکو سەرجەم شارەکانی هەرێم. پڕۆژەی پاسکیلسواری جاری یەکەم نییە بۆ هەولێر بۆ نموونە ساڵانی پێشووتر (سەرەتای ٢٠٠٠) چەند هەوڵێکی باش هەبوون بۆ دانان و ناساندنی هێڵی پاسکیل لە هەولێر بەڵام بەهۆی نەبوونی پشتیوانی حکومەت و کەمی داتا و نەبوونی ڕێبازێکی ڕوون و قۆناغبەندی شکستی هێنا. ئەم شکستانە کاریگەری خراپ لەسەر تێڕوانینی گشتی درووستدەکات بۆ ساڵانێک، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاشناکردن و ئاشتکردنەوەی پاسکیلسواری لەگەڵ چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا قورستر بێت. بۆ ئەوەی ئەم جۆرە هەڵانە دووبارە نەبنەوە، زۆر گرنگە هەموو بڕیارێک لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە و شارەزایی ئەندازیاریی گواستنەوە، پلانی پەرەپێدانی قۆناغبەندی و بە بەشداریکردنی کۆمەڵگا دابنرێت.
جێبەجێکردنی قۆناغبەندی: لە هەنگاوی بچووکەوە دەست پێ بکە، بیر لە ئامانجی گەورە بکەرەوە
تۆڕێکی سەرکەوتووی پاسکیل پێویستە بە قۆناغ جێبەجێ بکرێت. هەولێر بە دەستپێکردن لە پڕۆژەیەکی تاقیکاریەوە، دەتوانێت داتای ڕاستەقینە کۆبکاتەوە و لە بەربەست و ئاڵانگارییەکان فێربێت و ڕێباز و هەنگاوەکان بۆ فراوانکردنی داهاتوو تۆکمەتر دابڕێژێت. قۆناغی سەرەتایی پێویستە پێشینە بدات بە بەستنەوەی ئەو ناوچانەی کە هاتوچۆی تایبەتی تێدایە و بۆ مەبەستی دیاری کراو دەکرێت لەلایەن ئەو کەسانەی توانا و خواستی پاسکیلسوارییان هەیە وەکو قەڵا، کە چەقی بازرگانی شارە ، گەڕەکە نیشتەجێبوونەکان و ناوچە گەشتیاری و پەروەردەییەکان. ڕێبازێکی قۆناغبەندی نەک تەنها تێچووی سەرەتایی کەمدەکاتەوە بەڵکو متمانەی گشتی دروست دەکات چونکە خەڵک سوودی دەستبەجێی لێ دەبینن. بە تێپەڕبوونی کات تۆڕەکە دەتوانرێت فراوانتر بکرێت بۆ ئەوەی تەواوی شار بگرێتەوە.
وێنەی 3: پاسکیلسواری لە ناوجەرگەی هەولێر (سەرچاوە: ڕووداو)
دیزاین لە ئیلهام وەرگرتن لە ناسنامەی هەولێر و کوردستان: خۆر و تیشکەکانی
شێوازی شارستانی هەولێر، کە قەڵا لە ناوەندەکەیدایە و شارەکە بە بازنەی هاوسەنتەر فراوان بووە، بە شێوەیەکی سروشتی خۆی فەرز دەکات کە دیزاینێکی هێڵی پاسکیلی شێوە تیشکی بۆ بکرێت. بە وەرگرتنی ئیلهام لە هێمای خۆر لەسەر ئاڵای کوردستان، دەتوانرێت ڕێگا سەرەکییەکانی پاسکیل وەک تیشک کە لە قەڵاوە تا کەناری شارەکە درێژبێتەوە. ئەم دیزاینە نەک هەر ڕەنگدانەوەی ناسنامەی کولتووری هەولێرە بەڵکو ڕێڕەوی ڕاستەوخۆ و کارا مسۆگەر دەکات کە هەموو بەشەکانی شار بەیەکەوە ببەستێتەوە لە داهاتوودا. ڕێگا لاوەکییەکان دەتوانن ڕێگا سەرەکیانە ببڕن، تۆڕێکی یەکگرتوو و بەستراو دروست بکەن کە ڕەنگدانەوەی هەم مێژووی شارەکە و هەم دیدگای پەرەسەندنی داهاتوو بێت.
فێربوون لە چەمکی وۆنێرف Woonerf Concept: ڕێبازێکی کۆمەڵگە سەنتەریە
چەمکی (وۆنەرف) ی هۆڵەندیی، یان "شەقامی زیندوو"، دەتوانێت وانەیەکی بەنرخ پێشکەش بە هەولێر بکات. لەم چەمکەدا، شەقامەکان پێشڕەوی دەدەن بەو خەڵکەی- پیادەن، پاسکیلسوارن یان چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دەدەن- و ئەمانە لە پێش ئۆتۆمبێلەکانەوە دادەنرێن و پێشڕەوییان هەیە . لە کاتێکدا تۆڕی پاسکیلی هەولێر پێویستە ڕێڕەوی تایبەت بەخۆی هەبێت، یەکخستنی بنەماکانی ئەم چەمکە لە هەندێک ناوچەی نیشتەجێبووندا دەتوانێت جوڵەیەکی کۆمەڵایەتی و کەشێکی ئاسوودە فەراهەم بکات. بە دیزاینکردن و ڕێکخستنەوەی شەقامەکان بەشێوەیەک کە هاندەری خاوکردنەوەی خێرایی ئۆتۆمبێلەکان بێت و ڕێگەبدات بە پاسکیلسوارەکان تاکو بە سەلامەتی لەگەڵ پیادەکاندا پێکەوە گوزەربکەن، هەولێر دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی زیندوو دروست بکات لە ڕێی سیستمێکی هاتووچۆی هاوچەرخەوە کە خەڵک هەست بە پەیوەندی زیاتر و سەلامەتی زیاتر بکەن. بێگومان ئەم ئامانجەش بە پەیڕەکردنی بنەما سەرەکییەکان و ووردەکارییە ئەندازیارییەکان بەرجەستە دەکرێت.
پێنج پرەنسیپی دیزاین بۆ تۆڕێکی سەرکەوتووی پاسکیلسواری
بۆ دڵنیابوون لەوەی تۆڕی پاسکیلسواری پراکتیکی و سەلامەت و سەرنجڕاکێشە، دەبێت پابەند بکرێت بە پێنج بنەمای سەرەکی دیزاینەوە:
1- یەکگرتوویی (Cohesion)
تۆڕی پاسکیلەکان دەبێت نەپچڕاوبن و بە باشی پێکەوە گرێدرابن. ڕێگاکان پێویستە شوێنە سەرەکییەکانی وەک شوێنە دێرینەکان و گەشتیارییەکان و ناوەندە فێرکارییەکان و پارک و ناوەندە بازرگانییەکان بەیەکەوە ببەستنەوە بەبێ بۆشایی و پچڕان. بۆ نموونە بەستنەوەی قەڵا بە ناوەندەکانی وەک پارکی سامی عبدالرحمن وە زانکۆ دەتوانێت هەم ئاستی گەشتیاری و هەم هاتووچۆی ڕۆژانە بەرز بکاتەوە.
2- ڕاستەوخۆیی (Directness)
پاسکیلسوارەکان ئەو ڕێگایانەیان پێ باشترە کە ڕاستەوخۆن و کەمترین لادان و وەستانیان هەیە. دیزاینکردنی ئەو ڕێگایانەی کە بە هاوتەریبی ڕێگا سەرەکییەکاندا دەڕۆن یان ڕێگای کورت (قەدبڕ) لە پارک و ناوچەی پیادەکاندا دابین دەکەن، کەشی پاسکیلسواری سەرنجڕاکێشتر دەکات و هاندەر دەبێت بۆ خەڵکی. دیزاینی تیشکی خۆر ( کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد) لەگەڵ ئەم بنەمایەدا دەگونجێت بۆ فەراهەمکردنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان ناوچە سەرەکییەکاندا.
3- سەلامەتی
سەلامەتی لە پێش هەموو شتێکەوەیە، بە تایبەت لە شارێکدا کە قەبارەی هاتوچۆی زۆرە و ژمارەی ماتۆڕسکیل بەتایبەتی ئەوانەی بۆ کاری دلیڤەری بەکاردەهێنرێن لە هەڵکشاندایە. ڕێڕەوی تایبەت بە پاسکیل کە لە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی جیابکاتەوە، باش دیزاینکردنی یەکتربڕەکان بە سیگناڵی پاسکیل و هێمای ڕوون زۆر گرنگن. جێبەجێکردنی چەمکی "شەقامە ئاوێتەکان (Complete Streets)" دڵنیای دەدات لەوەی کە هەموو بەکارهێنەرانی ڕێگاوبان- پاسکیلسواران، پیادە و شۆفێران- دەتوانن بە سەلامەتی پێکەوە گوزەبکەن.
وێنەی 4: پاسکیلسوارێک لە هەولێر (سەرچاوە: ڕووداو)
4- ئاسوودەیی
ئاسوودەیی بریتییە لە فەراهەمکردنی ڕێڕەوی ڕێک و پارێزراو، سێبەر بۆ ڕۆژە گەرمەکانی هاوین وە کەمترین وەستان و دواکەوتن. کەشوهەوای هەولێر بۆ ماوەیەکی زۆری ساڵ گەرمە وە پێویستی بە ڕێڕەوی سێبەر وە وێستگەی پشوو و ئاوخواردنەوە هەیە بەدرێژایی ڕێگاکان (وێنەی 5). ڕێگاکان دەبێ ئەوەندە فراوان بن کە هەم پاسکیلسوار و هەم پیادە لەخۆ بگرێت، ئەمەش کەشێکی بێ فشار و ئاسوودە مسۆگەر دەکات، بە مەرجێک ئەم ڕێڕەوانە کاریگەری بەرچاویان نەبێت لەسەر تەسککردنەوەی ڕێڕەوی ئۆتۆمبێلەکان و ئاستی هاتوچۆی شەقامەکان پەکنەخات.
وێنەی 5: وێستگەی ئاوخواردنەوە (سەرچاوە:ifdesign.com)
5- سەرنجڕاکێشی
تۆڕێکی سەرنجڕاکێشی پاسکیلسواری هاندەری بەکارهێنانیەتی. ئەو ڕێگایانەی کە بە شوێنە مێژووییەکان، شەقامە چێنراوەکان بەدار (وێنەی 6) ، یان دیمەنە جوانەکاندا تێدەپەڕن، دەتوانن چێژبەخش بن بۆ پاسکیلسواری. ڕێکخستنی چالاکی کۆمەڵایەتی و وەرزشی وە بۆنەکانی وەک ئاهەنگەکانی نەورۆز یان دانانی ڕۆژانی "پاسکیل بۆ کار" (بۆنەیەکی ساڵانەیە کە پاسکیل وەک بژاردەیەک بۆ هاتووچۆکردن بۆ شوێنی کار کە لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بەهاردا بەڕێوەدەچێت بۆ هاندانی خەڵکی تاکو پاسکیل وەک ئامرازێکی پۆدێرنی گواستنەوە بەکاربهێنن – وێنەی 7 ) وە “پاسکیل بۆ ناوەندەکانی خوێندن”( بۆنەیەکی ساڵانەیە کە هانی خوێندکاران و خێزانەکان دەدات لەبری ئۆتۆمبێل بە پاسکیل بڕۆنە قوتابخانە – وێنەی 8). ئەم چالاکییانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بنیاتنانی کلتورێکی پاسکیلسواری ئەرێنی و ڕاکێشانی گروپی جیاوازی بەکارهێنەر، لە گەشتیاران و قوتابییەکان و وەرزشەوانانەوە تا زۆرێک لە ئەندامانی خێزانەکانی شار.
وێنەی 6: نمونەی سێبەرەڕێی پاسکیل و پیادە
وێنەی 7: ڕۆژی پاسکیل بۆ کار لە نیۆرک
وێنەی 8: ڕۆژی پاسکیل بۆ ناوەندەکانی خوێندن لە ئەمریکا
گروپی بەکارهێنەری بەئامانجکراو: دیزاینکردن بۆ هەموو کەسێک
تۆڕی پاسکیلسواری پێویستە خزمەت بە بەکارهێنەری جۆراوجۆر بکات. ئەمەش گەشتیاران دەگرێتەوە کە مێژووی دەوڵەمەندی هەولێر بەسەردەکەنەوە، هاتووچۆی خوێندکاران بۆ قوتابخانە، وەرزشوانان کە بەدوای ڕێگای ڕاهێنان و چالاکییەکاندا دەگەڕێن، خێزانەکان کە چێژ لە پاسکیلسواری و کات بەسەربردن وەردەگرن. فەراهەمکردنی شوێنی تایبەت بە جێگیرکردنی پاسکیل لە پێش پاسە گشتیەکاندا ( وێنەی 9) دەتوانێت کارئاسانی زۆر بکات بۆ پاسکیل بەکارهێنان، ئەمەش پاسکیلسواری دەکاتە بژاردەیەکی پراکتیکی بۆ ئەو کەسانەی کە مەودای دوورتر دەڕۆن. بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکانی گروپە جیاوازەکان، پڕۆژەکە دەتوانێت سەرنجی زۆر کەس ڕابکێشێت و ڕێژەی بەکارهێنانی بەرزبکاتەوە.
وێنەی 9: جێگیرکردنی پاسکیل لە پێش پاسە گشتیەکاندا.
بڕیاردانی هاوبەش و پشتبەستن بە داتا
یەکێک لە کلیلەکانی سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە دڵنیابوونە لەوەی کە بڕیارەکان لەسەر بنەمای داتای ورد و زانیاری هاوبەش دامەزرابن. دامەزراندنی بۆردێکی تایبەت بۆ پڕۆژەکە، لە قۆناغی پلاندانانەوە تاکو چەند ساڵێک پاش دووستکردنی تۆڕەکە و بەگەڕخستنی، کە کەسانی پیشەیی و نوێنەرانی کۆمەڵگا و پسپۆڕانی دەرەوەی حکومەت لەخۆبگرێت دەتوانێت دیدگا و پشتگیری جۆراوجۆر پێشکەش بکات بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە. کۆکردنەوەی بەردەوامی زانیاری- وەک شێوازی بەکارهێنان، ڕاپۆرتی سەلامەتی و فیدباکی خەڵکی- دەبنە هۆی گەشەی بەردەوام و گونجاندنی لەگەڵ فراوانبوونی تۆڕەکە.
چەمکی بەشداریکردنی پسپۆڕان
وەک یەکەمین پڕۆژەی تۆڕی پاسکیلسواری لە هەرێم، ئەم دەستپێشخەرییە پێشینەیەک بۆ پڕۆژەکانی گواستنەوەی داهاتوو لە سەرجەم شارەکانی تر دادەنێت. زۆر گرنگە کە ئەم جۆرە پڕۆژانە کەسانی پیشەیی و پسپۆڕ کە شارەزاییان لە ئەندازیاری گواستنەوە و پلاندانانی شارەکاندا هەبێت بەشداربن و خاوەن بڕیار بن. پێشنیار دەکەم ڕاوێژ بە پسپۆڕانی ئەم بوارە بکەن بۆ ڕێنماییکردن لەسەرجەم قۆناغەکانی پڕۆژەکەدا و دوورکەوتنەوە لە هەڵە باوەکان کە بەداخەوە زۆربەی پڕۆژەکانی هەرێم گیروەدەی بوون. بە بەشداریکردنی کەس و لایەنی پیشەیی بە ئەزموون، هەولێر دەتوانێت دڵنیابێت لەوەی کە وەبەرهێنانێکی سوودبەخش و بەردەوامی کردووە. ئەمەش دەبێتە ڕێبازێکی نوێی ئەنجامدانی پڕۆژەی سەرکەوتوو.
دەرەنجام: دیدگایەک بۆ داهاتووی پاسکیلسواری لە هەولێر
تۆڕی پاسکیلسواری هەولێر لە پڕۆژەیەکی گواستنەوە زیاترە - دەرفەتێکە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ناسنامەی شارەکە، باشترکردنی جووڵەی شار و پێشخستنی ژیانی پایاری دەبنە پێناسەی ئەم پرۆژەیە. بە وردی پلاندانان بۆ هەر قۆناغێک و سودوەرگرتن لە هێما کولتوورییەکان و پابەندبوون بە پرەنسیپە سەلمێنراوەکانی دیزاین، هەولێر دەتوانێت تۆڕێکی پاسکیلسواری دروست بکات کە وەک مۆدێلێک خزمەت بە هەموو ناوچەکە بکات. با ئەم دەرفەتە بە شارەزاییانە بقۆزینەوە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشاوەتر و تەندروستتر و کارامەتر بۆ هەولێری قەڵا و منارە.