Draw Media

درەو: كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەوتی هەرێمی كوردستان لەناوخۆدا بەكار دەهێنێت، كە لە ئێستادا تەنیا (80) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بەكار دەهێندرێت، لەمەودوا بڕی (400) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بەكار دەهێندرێت، (150) هەزار بەرمیل بۆ كار، (40) بەرمیل بۆ قەیوان، (90) هەزار بەرمیل بۆ (لاناز، دووكان، ڤینۆس)، (120) هەزار بەرمیل بۆ نوسەیبەب، دۆلارە، كەربەلا. دوێنی لیژنەی دارایی  پەرلەمانی عێراق لەگەل بەرپرسانی كۆمپانیای (سۆمۆ) كۆبوونەوە لە كۆبوونەوەكەدا پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەركرا، لە كۆبوونەوەكەدا بەرپرسانی سۆمۆ ئاماژەیان بەوەكردووە: لە ئێستادا (79) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان بەكار دەهێندرێت و دەپاڵیورێت بۆ پێداویستی ناوخۆ، بەڵام بڕیاریانداوە (400) هەزار بەرمیل نەوتەكەی هەرێمی كوردستان سەرجەمی بەم شێوەیە بەكاربهێنن: * (150) هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ پاڵاوگەی كار و بەكارهێنانی بۆناوخۆ * (120) هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ پاڵاوگەكانی نوسەیب و كەربەلاو دۆرە * (40) هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەی قەیوان لە بازیان بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ * (90) هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەكانی لاناز، دووكان، ڤینۆس  


  (درەو): لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە یاسای بودجەی عێراق هەموار بكرێتەوە، تا ئەوكاتە حكومەتی عێراق مانگانە بڕی (800 ملیار) دینار بە هەرێمی كوردستان بدات‌و سەرباری ئەوە حكومەتی هەرێم (300  ملیار) دیناری مانگانەی ناوخۆ بەكاربهێنێت بۆ تەواوكردنی خەرجی موچە، ئەمە پێشنیازی وەفدی هەرێم بووە لە بەغداد، رۆژی یەكشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر دەدات. دوو پێشنیازی هەرێم لە چاوەڕوانی بڕیاردا! وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، لە بەغداد گەڕایەوە، سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی بە گەشبینییەوە دەركەوتن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە وەفدی كوردستان دەستیكەوتووە، لە كۆبونەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا، وەفدی هەرێم بۆ پرسی پشكی كوردو موچە لە بودجەی گشتی عێراقدا دوو چارەسەری خستوەتەڕوو كە ئەمانەن: •    چارەسەری كورتخایەن: بەغداد بۆ مانگەكانی (8،7)و تاوەكو سەری ساڵی 2023 حكومەتی عێراق مانگەكانە بڕی (800 ملیار) دینار وەكو قەرز بدات بە حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچە، ئەمە لەگەڵ بەكارهێنانی بڕی (300 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ تەواوكردنی خەرجی مانگانەی موچە كە بڕەكەی (944 ملیار) دینارە، بەپێی ئەم پێشنیازە، حكومەتی هەرێم مانگانە بەتێكڕای پارەكەی بەغدادو داهاتی ناوخۆوە بڕی (ترلیۆنێك‌و 100 ملیار) دینار داهاتی لەبەردەستدا دەبێت، بڕی (944 ملیار) دیناری بۆ خەرجی موچەی موچەخۆران تەرخان دەكات‌و بڕی (160 ملیار) دیناریش بۆ خەرجی وەزارەت‌و پرۆژەكان تەرخان دەكات.   بۆ جێبەجێكردنی ئەم پێشنیازە‌و بەدەستهێنانی پشتیوانی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، وەفدی حكومەتی هەرێم دوێنێ چاوی بە هەریەكە لە (خەمیس خەنجەر- حەیدەر عەبادی- محەمەد حەلبوسی- نوری مالیكی- هادی عامری- قەیس خەزعەلی)، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەو لایەنانە بەڵێنیان بە وەفدەكەی هەرێم داوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، لەرێگەی وەزیرەكانیانەوە دەنگ بە پێشنیازەكەی وەفدی هەرێم بدەن. •    چارەسەری درێژخایەن: وەفدی هەرێم هەرێم پێشنیاری كردووە لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە هەمواری ژمارەیەك لە بڕگەكانی یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق، ئەم تەنیا هەمواری بڕگەكانی تایبەت بە هەرێم نەگرێتەوە، بەڵكو داواكاری لایەنەكانی تریش لەبارەی هەمواری یاسای بودجە لەپرۆژەیەكی هەمواردا كۆبكرێتەوە. بۆ كورد تەوەری سەرەكی هەمواركردن لە یاسای بودجەدا لابردنی ئەو بڕگەیە كە دەڵێ سایشتەی دارایی هەرێمی كوردستان لە خەرجی فیعلی عێراقدا، چونكە ئەم بڕگەیە بووەتە هۆی كەمبونەوەی شایستە داراییەكانی هەرێم، تا ئەوكاتەی هەمواری یاسای بودجە دەكرێتەوە، وەفدی هەرێم داوا دەكات بەپێی پێشنیازی چارەسەری كورتخایەن مامەڵەی دارایی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت.  


  جیهانگیر سدیق گوڵپی له‌ نووسینه‌كانی پێشوودا باسمان له‌وه‌ كردووه،‌ كه‌ پێدانی شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجیی فیعلی سته‌م و داهێنانێكی نه‌گونجاو و ناقۆڵایه‌ و  له‌گه‌ڵ هیچ ڕێسا و پره‌نسیپێكی دارایی گشتی و بودجه‌ ناگونجێت و شیاوی جێبه‌جێكردن نییه‌ و هیچ پاساوێك ڕه‌وایی به‌بوونی نادات له‌ناو یاسای بودجه‌دا. له‌سه‌روبه‌ندی په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ و له‌م ڕۆژانه‌ی ڕابردوویشدا چه‌ند به‌ڕێزێك قسه‌یان له‌وه ‌ده‌كرد، كه‌ پاساوی به‌غدا بۆ دانانی ئه‌م به‌ربه‌ست و پێوه‌ره‌ له‌ناو یاساكانی بودجه‌ی عێراقدا بۆ پێدانی شایسته‌كانی هه‌رێم، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه،‌ كه‌ له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق بودجه‌كه‌ هه‌مووی خه‌رج ناكرێت و بڕێكی زۆری ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ گه‌نجینه‌ی عێراق، بۆیه‌ به‌غدا ده‌ڵی ده‌بێ هه‌رێمیش به‌پێی بڕی خه‌رجكراوی فیعلی به‌شه‌كانی تری عێراق شایسته‌كانی بۆ خه‌رج بكرێت. هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و قسانه‌ ڕاستیش بن هێشتا به‌هیچ جۆرێك ناتوانن ببنه‌ پاساوی ڕه‌وا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا به‌پێویستی ده‌زانین  ڕوونی بكه‌ینه‌وه،‌ كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ڕاست نییه ‌و كۆمه‌ڵێك گرفت و ته‌مومژی گه‌وره‌ی تیدایه‌، وه‌ك له‌خواره‌وه‌ به‌كورتی سه‌رنجی ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر. دۆخی دارایی عێراق (خه‌رجیی فیعلی، كورتهێنان و زیاده‌، باڵانسی سوڕاو، كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزه‌كان) له ٢٠٠٤ه‌وه‌ تاكوو ئێستا، هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی كه‌ عێراق یاسای بودجه‌ی هه‌بووه‌، بودجه‌ خه‌مڵێنراوه‌كه‌ی به‌ كورتهێنانێكی زۆره‌وه‌ ئاماده ‌و په‌سه‌ند كراوه، واته‌ هه‌میشه‌ خه‌رجییه‌ خه‌مڵێنراوه‌كان زیاتربوون له ‌داهاته‌ خه‌مڵێنراوه‌كان‌، به‌ڵام له‌كۆتاییدا و له‌ئه‌نجامی جێبه‌جێكردندا ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ له ‌زۆربه‌ی ساڵه‌كاندا بودجه‌ی جێبه‌جێكراوی عێراق زیاده‌ی دارایی هه‌بووه،‌ واته‌ داهاته‌ فیعلییه‌كان زیاتر بوون له‌ خه‌رجییه‌ فیعلییه‌كان، به‌جۆرێك كه‌ به‌پێی داتاكانی بانكی ناوه‌ندیی عێراق و وه‌زاره‌تی دارایی كۆی پوخته‌ی زیاده‌ی فیعلی له‌ماوه‌ی (٢٠٠٤-٢٠٢٢) زیاتر‌ له‌ (٢٠٠) ترلیۆن دینار بووه‌‌. هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ بڕی خه‌رجكراوی فیعلی كه‌متر بووه‌ له‌ بڕی داهاته‌ فیعلییه‌كان، له‌هه‌مان كاتیشدا بڕی خه‌رجكراوی فیعلی كه‌متر بووه‌ له‌ بڕی ته‌رخانكراوه‌كانی ناو یاسای بودجه‌، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌م توانای جێبه‌جێكردنی بودجه‌ له‌لای فه‌رمانگه‌كان له‌ ناوه‌ڕاست و خواروو لاواز بووه‌، هه‌م زۆرجار یاسای بودجه‌ دواكه‌وتووه‌، هه‌میش بڕێكی زۆر له‌ ته‌رخانكراوه‌كان به‌شێوه‌ی پێشینه‌ دراون به‌ فه‌رمانگه ‌و وه‌زاره‌ته‌كان و تاكوو ئێستایش پاكتاو نه‌كراون. ئه‌م بڕانه‌ له‌سه‌ر خه‌رجییه‌كان حساب نه‌كراون، دۆكیۆمێنتی خه‌رجكردنیان نییه‌ بۆ پاكتاوكردن، ماوه‌ی یاسایی پاكتاوكردنیشیان چه‌ندین ساڵه‌ تێپه‌ڕیوه‌‌. لێره‌وه‌ سه‌رنجه‌كانمان له دوو خاڵدا چڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌: یه‌كه‌م: هه‌بوونی زیاده‌ی فیعلی له‌بودجه‌ی جێبه‌جێكراو به‌واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داهاته‌ ئاساییه‌ فیعلییه‌كان زیاتربوون له‌ خه‌رجییه‌ فیعلییه‌كان، ئه‌مه‌ ئه‌و دۆخه‌ داراییەیە‌ كه‌  له عێراقدا له‌ ‌زۆربه‌ی ساڵه‌كاندا هه‌بووه‌، له‌ دۆخێكی له‌و جۆره‌دا جێگه‌ی سه‌رسوڕمان و پرسیاره‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا بۆچی قه‌رزه‌كانی سه‌ر عێراق ساڵ به‌ساڵ هه‌ڵكشان؟ هه‌بوونی زیاده‌ی دارایی فیعلیی زۆر و گه‌وره‌بوونی قه‌باره‌ی قه‌رزه‌كانی سه‌ر عێراق له‌یه‌ك كاتدا له‌گه‌ڵ هیچ لۆژیكێكی ئابووری و داراییدا وێكنایه‌ته‌وه‌. له‌ماوه‌ی ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠٢٢ له‌پاڵ هه‌بوونی زیاده‌ی دارایی فیعلیی زۆردا، قه‌رزه ناوخۆییه‌‌كانی عێراق له ٦ ترلیۆن دیناره‌وه‌ زیاد بوون بۆ زیاتر له‌ ٦٩ ترلیۆن دینار، قه‌رزه‌ ده‌ره‌كییه‌كانیش به‌بڕی زیاتر له‌ ٢٠ ملیار دۆلار زیادیان كردووه‌. به‌م جۆره‌ له ماوه‌ی ٢٠٠٤-٢٠٢٢ له‌پاڵ هه‌بوونی زیاتر له‌ ٢٠٠ ترلیۆن دینار زیاده‌ی فیعلی، كه‌چی قه‌رزه ‌ناوخۆییه‌كان به‌بڕی زیاتر له‌ ٦٣ ترلیۆن زیادیان كرد و قه‌رزه‌ ده‌ره‌كییه‌كانیش به‌بڕی زیاتر له‌ ٢٠ ملیار دۆلار زیادیان كرد. كه‌ ئه‌مه‌ جێگه‌ی پرسیار و مایه‌ی سه‌رسوڕمانی گه‌وره‌یه‌! دووه‌م: له‌كاتی هه‌بوونی زیاده‌ی بودجه‌ی جێبه‌جیكراو له‌كۆتاییی ساڵدا، پێویسته‌ بڕی زیاده‌كه‌ به‌بێ كه‌موزیاد ڕاسته‌وخۆ بگوازرێته‌وه‌ بۆ بودجه‌ی ساڵی داهاتوو و له‌یاسای بودجه‌دا وه‌ك باڵانسی سوڕاو تۆمار بكرێت. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ تاكوو ساڵی ٢٠١٥ سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی زیاده‌ی فیعلیی له ‌هه‌موو ساڵه‌كاندا، به‌ڵام له‌یاساكانی بودجه‌ی‌ عێراق هیچ ژماره‌یه‌ك نییه‌ كه‌ گوزارشت له‌ باڵانسی سوڕاوی ساڵانی پێشتر بكات، له‌ یاساكانی ٢٠١٥-٢٠٢٣یش كۆی ئه‌و بڕه‌ی كه‌ وه‌ك باڵانسی سوڕاو له‌ یاساكانی بودجه‌دا تۆمار كراوه‌ ته‌نیا ده‌وروبه‌ری ٤٠ ترلیۆن دیناره‌. واته‌ به‌درێژایی ساڵانی ڕابردوو له‌نێوان زیاده‌ی فیعلیی و باڵانسی سوڕاودا جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌.  بۆ نموونه‌ ته‌نیا له‌ كۆتایی ٢٠٢٢ زیاده‌ی فیعلی له‌بودجه‌ی جێبه‌جێكراوی ئه‌و ساڵه‌ نزیكه‌ی ٣٠ ترلیۆن دینار بووه‌، به‌ڵام وه‌ك بینیمان له‌یاسای بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢٣دا ته‌نیا ٢٣ ترلیۆن دینار وه‌ك باڵانسی سوڕاو تۆماركرابوو، واته‌ نزیكه‌ی ٧ ترلیۆن دیناری نادیار بوو، تاكوو ئێستایش نه‌هیچ پرسیارێك له‌و باره‌یه‌وه‌ كراوه،‌ نه ‌هیچ ڕوونكردنه‌وه‌یك دراوه‌. پوخته‌ی قسه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له ‌نێوان خه‌ر‌جیی فیعلی و پێشینه‌ پاكتاو نه‌كراوه‌كان و زیاده‌ی فیعلیی بودجه‌ی جێبه‌جێكراو و باڵانسی سوڕاو و كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزه‌كاندا دنیایه‌ك ناڕوونی و كه‌لێنی گه‌وره‌ هه‌یه،‌ كه‌ زیانی گه‌وره‌ی به ‌دارایی عێراق گه‌یاندووه‌ و ڕاستكردنه‌وه ‌و چاره‌سه‌ریشی زۆر ئه‌سته‌مه‌، ئه‌مه‌یش له‌كاتیكدا كه‌سانێك ده‌یانه‌وێ پاساوی كه‌میی خه‌رجییه‌ فیعلییه‌كانی عێراق به‌ڕه‌وا بزانن بۆ ئه‌و سته‌مه‌ی له‌پێدانی شایسته‌كانی هه‌رێم ده‌كرێت.  


  فه‌رهاد حه‌مزه‌ محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ئه‌ندازیاران له‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكوور   بڕیاره‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی دادگای پاریس خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی گرنگ بوو له‌ نێوان دوو سه‌رده‌مدا سه‌رده‌می بێسه‌روبه‌ره‌یی له‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی هه‌رێمدا له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ستۆپ پێكردنی به‌فیرۆدانی ئه‌و سامانه‌ . پاشان له‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی یاسای بودجه‌دا كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم كه‌ هیچ شاره‌زاییان له‌ زانستی نه‌وت دا نه‌بوو ده‌ركیان به‌و خاڵه‌ نه‌كرد كه‌ هه‌رێم ناتوانێت رۆژانه‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ست بكات له‌به‌ر جیاوازی زۆری كرێی تێچوونی به‌رمیلێك نه‌وت له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا . بریار به‌ده‌ستانی هه‌رێم ده‌ركیان به‌و ڕاستیه‌ نه‌كرد كه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌سه‌ر پڕانسیپی (جدوی اقتصادی) كارده‌كات و هه‌ڕ كێڵگه‌یه‌ك سوودێكی ئابووری وه‌های نه‌بێت له‌كاتی ئێستادا وازی لێده‌هێنێت و دوای ده‌خات بۆ سه‌رده‌می خۆی كه‌ به‌شیكی زۆری كێڵگه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌ونه‌ ئه‌م چوارچێوه‌یه‌وه‌ بۆنموونه‌ كێڵگه‌ چیاسوورخ و ته‌قته‌ق به‌ هه‌ردوكیان 5 هه‌زار به‌رمیل به‌رهه‌میانه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستمایه‌ی چه‌ندێكه‌و قازانجی چه‌نده‌؟ ئةو ده‌ستووره‌ی كه‌ خۆشمان ده‌نگمان پێداوه‌ له‌ بواری نه‌وت هه‌رێم و پارێزگا به‌رهه‌م هێنه‌كان به‌ یه‌ك چاو سه‌یر كراون وهیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌ك به‌ هه‌رێمه‌كان نه‌دراوه‌. به‌كورتی بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێم له‌م چه‌رمه‌سه‌رییه‌ی 10 ساڵه‌ پێوه‌ی ئه‌تلێته‌وه‌ رزگار بێت پێویسته‌ رۆژێك زووتر مه‌له‌فی نه‌وت بدرێته‌وه‌ ده‌ست به‌غدا و با خۆیان له‌ رێی دروست كردنی كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ له‌ هه‌رێم ئیداره‌ی بده‌ن , هه‌ر چه‌ندێك دوای بخه‌ن و خۆیان ڕابپسكێنن دوا جار هه‌ر ئه‌مه‌ی ووتمان ئه‌بێت به‌ چاره‌سه‌ر چونكه‌ مادده‌ی 111 و 112 ی ده‌ستوور وامان پێده‌ڵێت .  


(درەو):  وەفدی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی  مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و ئەندامێتی (قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم،  ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران) گەیشتە بەغداد.  سەردانەكە دوای ئەوە دێت هەردوو حكومەتی هەرێم‌و عێراقی فیدراڵی لایخۆیانەوە شكستی دانوستانەكانیان لەبارەی یاسای بودجەو پشكی هەرێم لە یاساكەدا راگەیاند.  بەر لەم سەردانە وەفدێكی یەكێتیی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی سەردانی تارانی كرد، گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتەی بینی، هاوكات لە هەولێریش سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ هەردوو باڵیۆزی ئێران‌و ئەمریكا لە عێراق گفتوگۆی لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد كرد.  لەدوای ئەم جموجوڵانە، یەكێتیی‌و بەدیاریكراویش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كە ماوەیەك بوو لە وەفدەكانی هەرێم بۆ بەغداد دووركەوتبووەوە، گەڕایەوە ناو وەفدەكە.  لەسەرەتای 2023ەوە، وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (19) جار چوونە بەغداد، بەڵام ئەم سەردانە زۆرانە نەیتوانی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە یاسای بودجەدا زامن بكات، ئەمەش لەسەردەمێكدا كە حكومەتی هەرێم نزیكەی 80%ی داهاتەكانی لەدەستداوە، بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتەوە لەرێگەی توركیا، لە 26ی حوزەیرانی رابردووەوە یاسای بودجەی گشتی عێراق كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن كە بۆ ماوەی سێ ساڵە (2023-2024-2025)، هەردوو حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم تێگەیشتنیان لەبارەی بڕگەكانی یاسای بودجە جیاوازو ناكۆكە، حكومەتی هەرێم پێیوایە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لە بودجەكەدا  (16 ترلیۆن‌و 498) ملیار دینارە بۆ یەك ساڵی دارایی، واتا مانگانە بڕی (1 ترلیۆن‌و 375) ملیار دینار، لەم بڕە مانگانە (906) ملیار دیناری بەتەنیا تەرخانكراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە.  بەڵام وەزیری دارایی عێراق لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەڕ‌ێژەی یەك لەسەر دوانزەی رێككەوتنی فیعلی لەگەڵ هەرێم كارمانكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنەش هەرێمی كوردستان تەنها 2 ترلیۆن‌و 500 ملیار دینار شایستەیەتی، بەپێی ئامارەكان لەماوەی ئەو 6 مانگەدا حكومەتی هەرێم بەداهاتی نەوتی‌و نانەوتی زیاتر لە 8 ترلیۆن دینار داهاتی هەبووە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم (5 ترلیۆن‌و 800 ملیار) دینار بگەڕ‌ێنێتەوە بۆ حكومەتی ناوەند. لەماوەی رابردوودا هەولێرو بەغداد لە بارەی پاكتاوی حساباتی ساڵانی رابردوو هەروەها داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان‌و خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لەناو یاسای بودجەدا ناكۆك بوون، ناكۆكییەك كە هێشتا بەردەوامە‌و ئەوانەی لە نزیكەوە ئاگادارن دەڵێن بە گفتوگۆكردن لەبارەی ژمارەكانەوە هەرگیز ناگاتە چارەسەرو پێویستی بە دانوستان‌و رێككەوتنی سیاسی هەیە. ئەم بارودۆخە بارگرانییەكی نوێی بۆ موچەخۆران لە هەرێم دروستكردووە، هێشتا موچەی مانگەكانی تەموزو ئابیان وەرنەگرتووە، بەگوێرەی ئاژانسی ئەلمۆنیتەری ئەمریكی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی ئەم دۆخە سەختەوە نامەیەكی بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا نوسیوە‌و داوای لێكردوە پاڵپشتی لە هەرێمی كوردستان بكات.   


درەو: مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هانا بۆ سەرۆكی ئەمریكا دەبات و دەڵێت لەرووی ئابوری و سیاسیەوە خوێن لە جەستەمان دەتكێ " ترسی ئەوەمان هەیە قەوارەی هەرێمی كوردستان بڕوخێت، ئەگەر كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر نەكرێن"   پێگەی (ئەلمۆنیتەر)ی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 3ی ئەیلولدا نامەیەكی ئاراستەی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا كردووەو یەكشەمەی رابردوو نامەكەی گەیەندراوەتە كۆشكی سپی. لە نامەكەیدا مەسرور بارزانی هانا بۆ سەرۆكی ئەمریكا دەبات و دەڵێت: ئێستا ئەم نامەیەت بۆ دەنوسم لە ساتەوەختێكی چارەنوسسازی مێژوویداین، دۆخێك كە زەحمەتە بەسەریدا زاڵ بین... ئێمە لەرووی ئابووری و سیاسیەوە خوێنمان لێ دەتكێ، بۆ یەكەمجار لەوەتەی من سەرۆك وەزیرانم، نیگەرانیەكی قوڵ دایگرتووم كە هەڵمەتێكی ناشەرەفمەندانە لە دژمان بەڕێوەدەچێت لەوانەیە ببێتە هۆی رووخانی ئەو مۆدێلە فیدراڵیەی كە ئەمریكا لە 2003 پشتیوانی كردووە لە عێراق و لەوكاتەوە لە پشتی وەستاوە. لە نامەكەیدا مەسرور بارزانی داوای لە سەرۆكی ئەمریكا كردووە بە زووترینكات دەستوەردان لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بكات و كێشەكە چارەسەر بكات. بە پێی راپۆرتەكەی (ئەلمۆنیتەر) ئەمریكی تا ئێستا كۆشكی سپی وەڵامی نامەكەی مەسرور بارزانی نەداوەتەوە. دەقی راپۆرتەكەی (ئەلمۆنیتەر) https://www.al-monitor.com/originals/2023/09/letter-biden-barzani-warns-iraqi-kurdistans-collapse-urges-mediation#ixzz8D7uKKqRc


لە هەرێم پارێزگای سلێمانی و لە عێراقیش پارێزگای دیالە زۆرترین بومەلەزەیان تێدا تۆمارکراوە درەو: 🔻 بەپێی ئامارەکانی دەستەی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق 🔹 ساڵی (2020) لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی عێراق (308) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمارکراوە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان پارێزگای سلێمانی زۆرترین حاڵەتی لێ تۆمارکراوە و گەیشتووە بە (26) حاڵەت، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراقیش زۆرترین بومەلەرزە لە پارێزگای دیالە تۆمارکراوەو گەیشتووە بە (68) حاڵەت. 🔹 بەرزترین پلەی رێخەر (5) پلە بووەو نزمترین حاڵەتی تۆمارکراو لە ساڵی (2020) بریتی بووە لە (2) پلەی رێختەر. 🔹 ساڵی (2021) لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی عێراق (354) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمارکراوە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، پارێزگای سلێمانی زۆرترین حاڵەتی لێ تۆمارکراوە و گەیشتووە بە (53) حاڵەت و لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراقیش زۆرترین بومەلەرزە لە پارێزگای دیالە تۆمارکراوەو گەیشتووە بە (83) حاڵەت. 🔹 بەرزترین پلەی رێخەر (5.2) پلە بووەو نزمترین حاڵەتی تۆمارکراو لە ساڵی (2021) بریتی بووە لە (1.6) پلەی رێختەر. یەکەم؛ ژمارەی بوومەلەرزە و بەرزترین و نزمترین پلەکانیان بەپێی پێوەری ڕێختەر، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم لەساڵی (2020) بەپێی ئامارەکانی دەستەی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق لە ساڵی (2020) لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی عێراق (308) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمارکراوە، بەرزترین پلەیەک تۆمار کرابێت (5) پلەی رێختەر بووەو نزمترین حاڵەتی تۆمارکراو لە ساڵی (2020) بریتی بووە لە (2) پلەی رێختەر. زۆرترین حاڵەتەکانیش لە مانگی کانونی دووەمی (2020) تۆمارکراوەو کەمترین حاڵەتیش لە مانگی تشرینی یەکەم بووەو گەیشتووە (4) حاڵەت و سەرجەمیان لەسەر سنورەکانی عێراق تۆمار کراون. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (31) حاڵەتی بومەلەزرە رویداوە، بەجۆرێک لە پارێزگای هەولێر (5) حاڵەت تۆمار کراوە، کە بەرزترین پلەیان گەیشتووە بە (3.6) پلەی رێختەر و نزمترینیان (2.6) پلەی رێختەر بووە. لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانیش (26) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمار کراوە، کە بەرزترین پلەیان گەیشتووە بە (4.8) پلەی رێختەر و نزمترینیان (2.5) پلەی رێختەر بووە. لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆکیش هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە. زۆرترین ئەو حاڵەتانەش کە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە لە مانگی تەموز بووەو گەیشتووە بە (7) حاڵەت و لە مانگەکانی شوبات و تشرینی یەکەم هیچ رودانێکی بومەلەرزە تۆمار نەکراوە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراقیش لە پارێزگاکانی (ئەنبار، بەغداد، بابل، کەربەلا، سەڵاحەدین، نەجەف، قادسیە، موسەنا و زیقار) هیچ حاڵەتێکی بومەلەرزە تۆمار نەکراوە، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق (92) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمار کراوە بە جۆرێک؛ لە پارێزگاکانی؛ نەینەوا (2) حاڵەت، لە کەرکوک (5) حاڵەت، لە دیالە (68) حاڵەت، لە واست (12) حاڵەت، لە میسان (3) حاڵەت و لە بەسرە (2) حاڵەت تۆمار کراوە. لە مانگی کانونی دووەم زۆرترین حاڵەتیان تۆمار کراوەو گەیشتووە بە (19) حاڵەت و لە تشرینی یەکەمی ساڵی (2020) هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە. بەرزترین پلەی تۆمارکراو بریتی بووە لە (4.9) پلەی رێختەر و نزمترینیشیان (2) پلەی رێختەر بووە. لەسەر ئاستی ناوچە سنورییەکانی عێراقیش (185) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمار کراوە، کە بەرزترین پلەی تۆمارکراو تێیاندا بریتی بووە لە (5) پلەی رێختەر و نزمترینیشتان (2) پلەی رێختەر بووە، زۆرترین حاڵەتاکانیش لە مانگەکانی (شوبات و حوزەیران) تۆمار کراون و گەیشتوون بە (32) حاڵەت و لە مانگی تشرینی دووەمیش کەمترین جار بومەلەرزە رویداوەو تەنها (3) حاڵەت تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری تەواوی ئامارەکان بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتەکانی ژمارە (1 و 2)).     دووەم؛ ژمارەی بوومەلەرزە و بەرزترین و نزمترین پلەکانیان بەپێی پێوەری ڕێختەر، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم لەساڵی (2021) بەپێی ئامارەکانی دەستەی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی عێراق (354) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمارکراوە، بەرزترین پلەیەک تۆمار کرابێت (5.2) پلەی رێختەر بووەو نزمترین حاڵەتی تۆمارکراو لە ساڵی (2021) بریتی بووە لە (1.6) پلەی رێختەر. زۆرترین حاڵەتەکانیش لە مانگی نیسانی (2021) تۆمارکراوەو کەمترین حاڵەتیش لە مانگی تشرینی دووەم بووەو گەیشتووە (14) حاڵەتی تۆمارکراو. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (57) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمارکراوە، بەجۆرێک، لە پارێزگای هەولێر (3) حاڵەت تۆمار کراوە، کە بەرزترین پلەیان گەیشتووە بە (2.8) پلەی رێختەر و نزمترینیان (2.6) پلەی رێختەر بووە. لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانیش (53) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمار کراوە، کە بەرزترین پلەیان گەیشتووە بە (5.1) پلەی رێختەر و نزمترینیان (2.4) پلەی رێختەر بووە. لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆکیش (1) حاڵەت تۆمار کراوە بە (3.2) پلەی رێختەر. زۆرترین ئەو حاڵەتانەش کە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە لە مانگی نیسان بووەو گەیشتووە بە (17) حاڵەت و لە مانگەکانی ئازار و تشرینی دووەم (1) حاڵەتی بومەلەرزە تێیاندا تۆمار کراوە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراقیش لە پارێزگاکانی (ئەنبار، بەغداد، بابل، کەربەلا، سەڵاحەدین، نەجەف، قادسیە، موسەنا، زیقار و بەسرە) هیچ حاڵەتێکی بومەلەرزە تۆمار نەکراوە، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق (117) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمار کراوە بە جۆرێک؛ لە پارێزگاکانی؛ نەینەوا (13) حاڵەت، لە کەرکوک (5) حاڵەت، لە دیالە (83) حاڵەت، لە واست (7) حاڵەت و لە میسان (9) حاڵەت تۆمار کراوە. لە مانگی تەموز زۆرترین حاڵەتیان تۆمار کراوەو گەیشتووە بە (21) حاڵەت و لە تشرینی دووەمی ساڵی (2021) تەنها (2) حاڵەت تۆمار کراوە. بەرزترین پلەی تۆمارکراو بریتی بووە لە (5.2) پلەی رێختەر و نزمترینیشیان (1.6) پلەی رێختەر بووە. لەسەر ئاستی ناوچە سنورییەکانی عێراقیش (180) حاڵەتی بومەلەرزە تۆمار کراوە، کە بەرزترین پلەی تۆمارکراو تێیاندا بریتی بووە لە (5.1) پلەی رێختەر و نزمترینیشتان (2.2) پلەی رێختەر بووە، زۆرترین حاڵەتاکانیش لە مانگی (نیسان، حوزەیران و تەموز) تۆمار کراون و گەیشتوون بە (23) حاڵەت و لە مانگی تشرینی یەکەمیش کەمترین جار بومەلەرزە رویداوەو تەنها (8) حاڵەت تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری تەواوی ئامارەکان بڕوانە (خشتەی ژمارە (2) و چارتەکانی ژمارە (3 و 4)).  


(درەو):  لە یەك رۆژدا باڵیۆزی ئەمریكاو ئێران هاتونەتە هەولێر بۆ ئەوەی ئاگادار بكرێن لە دۆخی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدراڵی عێراق لەبارەی یاسای بودجەوە، بەپێی قسەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، نوێنەرانی كورد تا كۆتایی ئەم هەفتەیە مۆڵەتیان داوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، دوای ئەوە هەموو بژاردەیەك لەبەردەمیاندا كراوە دەبێت. خاتوو ئەلینا رۆمەناوسكی باڵیۆزی ئەمریكا‌و ئاغای محەمەد كازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران هەردووكیان ئەمڕۆ لە شاری هەولێر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بینی. بەپێی ئەوەی لە راگەیەندراوەكانی حكومەتدا ئاماژەی بۆ كراوە، سەردانی باڵیۆزی ئەمریكا‌و ئێران بۆ هەولێر پەیوەندی بە پرسی ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغدادەوە هەیە سەبارەت بە یاسای بودجە. هاوكات لەگەڵ ئەم جموجوڵانەدا، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی، بەناوی نوێنەرانی كوردەوە لە هەموو فراكسیۆنەكان (جگە لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ) رایگەیاند، نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق تا كۆتایی ئەم هەفتەیە چاوەڕوانی دەكەن بۆ چارەسەركردنی پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، دوای ئەم وادەیە هەموو بژاردەیەك لەبەردەمیاندا كراوەیە.  جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە نەكردووە ئایا نوێنەرانی كورد بە پەرلەمانتارو وەزیرەوە دەست بۆ بژاردەی كشانەوە لە بەغداد دەبەن یاخود نا، بەڵام ئەوەی تائێستا دیارە ئەوەیە هەردوو حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم بەفەرمی شكستی دانوستانەكانیان لەبارەی پشكی هەرێم لە یاسای بودجەی 2023ی عێراق راگەیاندووە.  رۆژی 26ی حوزەیرانی ئەمساڵ یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی (2023-2024-2025) كەوتە بواری جێبەجێكردن، لەوكاتەوە نوێنەرانی هەردوو حكومەت چوونە ناو زنجیرەیەك كۆبونەوەی دانوستان، ئەنجامی دانوستانەكانی دەریخست، هەردوولا بە روانگەی خۆیانەوە لێكدانەوە بۆ پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا دەكەن، هەردوولا یەكتر تۆمەتبار دەكەن بەوەی پابەندییەكانیان لە بودجەدا جێبەجێ نەكردووە، هەولێرو بەغداد لە یاسای بودجەدا لەبارەی خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت، خەرجی نانەوتیی‌و پاكتاوكردنی حساباتی ساڵانی رابردوو، ناكۆكن.  موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول نزیكدەبنەوە، كەچی هێشتا موچەی مانگەكانی (تەموزو ئاب)یان پێنەدراوە، ئەمەش فشارێكی توندی لەسەر حكومەتی هەرێم دروستكردووە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەرەتای بایكۆتكردنی دەوام لەلایەن فەرمانبەرانەوە دەستیپێكردووە.  حكومەتی فیدراڵی عێراق بۆ هەر سێ مانگی (9-10-11)ی ئەمساڵ مانگانە وەكو قەرز بڕی (500 ملیار) دیناری بۆ موچەی فەرمانبەران تەرخانكردووە، بەو ئومێدەی لەم سێ مانگەدا هەردوولا بگەنە رێككەوتنێك لەبارەی یاسای بودجەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم دەڵێ (500 ملیار) دیناری مانگانە بەشی ناكات بۆ ئەوەی خەرجی موچە دابین بكات كە مانگانە (944 ملیار) دینارە.  تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق چووە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەوێ وتی:" پابەندییە داراییەكانی سەر شانی هەرێم زۆر زیاتر لە شایستە داراییەكانی لە بودجەدا". بریكاری وەزیری دارایی عێراق مەسعود حەیدەرە كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەمڕۆ قسەی كرد، رایگەیاند" لێكدانەوەكانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەدا دروست نییە، تەنیا پشكی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە یاساكەدا مانگانە 775 ملیار دینارە".  ئێستا كە ئیتر هەردوو حكومەت لە گفتوگۆو دانوستان ماندوو بوون‌و ناگەنە رێككەوتن، لە هەرێمی كوردستانەوە هەوڵی بە نێودەوڵەتیكردنی پرسەكە دەستیپێكردووە، بەتایبەتیش سەردانی ئەمڕۆی هەردوو باڵیۆزی ئێران‌و ئەمریكا بۆ هەولێر. هاتنە ناوەوەی لایەنی سێیەم بۆ چارەسەری كێشەی نێوان هەولێرو بەغداد لەكاتێكدایە لەیاسای بودجەدا رێوشوێن دانراوە بۆ ئەگەری دروستبوونی كێشە لەنێوان هەردوولادا، رێوشوێنەكە ئەوەیە لیژنەی هاوبەشی هەردوو حكومەت راپۆرتی خۆیان لەبارەی ناكۆكییەكانیان لەبارەی یاسای بودجە بەرزبكەنەوە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی پەرلەمان بڕیاری لێبدات، بەمدواییە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەم بڕگەی دەستكاریكرد‌و رایگەیاند، ئەوەی دەسەڵاتی هەیە بڕیار لە كێشەی نێوان هەولێرو بەغداد لەسەر یاسای بودجەدا بدات پەرلەمانی عێراق نییە، بەڵكو ئەم دەسەڵاتە بە دادگای فیدراڵی دراوە.   


(درەو): وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان داوای تێچوونی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەكات، تێچووی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێمی كوردستان (31) دۆلارە، بەڵام حكومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی یەك بەرمیلی نەوتی هەرێم تەنیا (6) دۆلاری تەرخانكردووەو سەرباری ئەمە ئامادە نییە خەرجی گواستنەوە دابین بكات، واتا ئەوه‌ی بەغداد دابینی دەكات (25) دۆلاری كەمترە له‌وه‌ه‌ هه‌رێم داوای ده‌كات.  وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەپێی یاسای بودجە، كۆی تێچووی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەئەستۆی حكومەتی عێراقەو پێویستە خەرجییەكانی بدات. خەرجی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێمی كوردستان بڕی (24) دۆلارە، خەرجی گواستنەوەی هەر بەرمیلێكیش بڕی (7) دۆلار دەكەوێت، واتا پرۆسەی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی هەر بەرمیلێكی نەوتی هەرێم بە تێكرا (31) دۆلار دەكەوێت.  لەیاسای بودجەی فیدراڵی عێراقدا، خەرجی بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق دیاریكراوە، كە بڕەكەی (6) دۆلارەو زۆر كەمترە لە خەرجی نەوتی هەرێم، سەرباری ئەمە لە بەرپرسانی عێراق ئامادە نین پارە بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم تەرخان بكەن، چونكە بەبۆچوونی ئەوان گواستنەوەی نەوت بابەتێكی فیدراڵییەو نابێت هەرێمی كوردستان بۆری تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەم بابەتەشیان لە رەشنوسی پرۆژەی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵدا چەسپاندووە، كە تائێستا لەنێوان هەرێم‌و بەغداد رێككەوتنی كۆتایی لەسەر نەكراوە‌و نەخراوەتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردن.  كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت، بەمدواییە راگەیاند، لەدوای پەسەندكردنی یاسای بودجەی 2023ی عێراقەوە هەرێمی كوردستان رۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی پاڵاوگەی (كار) كردووە كە كار بۆ حكومەتی عێراق دەكات، بەڵام بەغداد هیچ بڕەپارەیەكی بۆ وەبەرهێنانی نەوتی هەرێم لە ماوەی رابردوودا تەرخان نەكردووە.  خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە (6) دۆلار دیاریكراوە بۆ هەر بەرمیلێك، كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتی لە هەرێم نیگەران كردووە، بەپێی قسەی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم كۆمپانیاكان بە فەرمی ئاگاداریان كردوون كە ناتوانن بەو بڕە پارەیە نەوت بۆ هەرێم بەرهەمبهێنن.   


  راپرسی درەو راپرسیەكی دامەزراوەی میدیایی درەو سەبارەت بە (رای هاوڵاتیانی عەرەبی عێراقی سەبارەت بە هەرێمی كوردستان) پێشەكی: پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر پرسی بودجەو موچەو نەوت و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولادا بەردەوام و هەورازو نشێوی بەخۆوە بینیوەو لە گفتوگۆو دانوستاندا بوون، ئەم ناكۆكی و كێشە سیاسیانە چی كاریگەرییەكی لەسەر هاولاتیانی نێوان هەردولا هەبووە؟.    بۆ وەرگرتنی راو بۆچونی هاوڵاتیانی عەرەبی عێراقی لەسەر پرسی نەوت و گەندەڵی و سەربەخۆیی و پەیوەندیی هاوڵاتیانی نێوان هەردوولا  بەشی راپرسی لە دامەزراوەی میدیایی درەو، راپرسیەكی ئەنجامدا، كە تیایدا (910 ) هاوڵاتی عەرەب لە (15) پارێزگای عێراقەوە بەشداریان تێداكرد. ئەم راپرسیە بەسەرپەرشتی (پ.ی.د. نیاز نەجمەدین) مامۆستای زانكۆی سلێمانی ئەنجامدراوە. راپرسیەكە لەرێگەی فۆرمی تایبەت و بەشێوازی پلاتفۆرمی ئەلكترۆنییەوە گەیشتووەتە بەردەستی بەشداربووان و لە ماوەی  (24/8 - 4/9/2023 )ئەنجامدراوە. دەرئەنجام: •     (46%)ی بەشداربووان پێیان وایە ئەركی حكومەتی عێراقە موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابین بكات •    (81%)ی بەشداربووان پێیان وایە هەرێمی كوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی نیە. •    (56%)ی بەشداربووان پێیان وایە رێژەی گەندەڵی لە هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقدا هەیە •    (61%) پێوان وایە حكومەتی هەرێم سەركەوتووبووە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان وەك لە حكومەتی عێراق •    (19%) پێیان وایە ئاساییە هەرێمی كوردستان جیاببێتەوە •    (38%)ی بەشداربوان لەگەڵ ئەوەن هەرێمی كوردستان هەڵوەشێتەوە •    (45%) لەگەڵ ئەوەن ئەزمونی هەرێم بگوازرێتەوە بۆ عێراق و (55%) رەتی دەكەنەوە •    (47%)ی بەشداربووان ئارەزوو دەكەن سەردانی سلێمانی بكەن و (33%) پارێزگای هەولێر. •    (44%) ئارەزوو دەكەن لە هەرێمی كوردستان بژین •    (57%) ئەوانەی سەردانی هەرێم دەكەن ناڕازین لە بازگەو پشكنینە ئەمنییەكان دەقی راپرسیەكەی (درەو) "رای هاوڵاتیانی عەرەبی عێراقی سەبارەت بە هەرێمی كوردستان"


مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) (٣-٣) زۆرجار لە کوردستاندا باس لەوەدەکرێت کە سیستمی ئابوریی وڵاتەکە سیستمێکی سەرمایەداریی نیولیبرالە. ئەوی ئامادەیەو کاردەکات، دیدگاو سیستمی نیولیبرالیزمە. بۆ بەڵگەهێنانەوە بۆ ئەمەش باس لەو پرۆسەی بەتایبەتیکردنە دەکەن کە حکومەت و حوکمڕانانی هەرێمەکە ساڵانێکە دەستیانداوەتێ و بەشێکی گەورەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانیشیان بەتایبەت کردوەو بەخشیویانە بەو شتەی لە هەرێمدا ناوی «کەرتی تایبەت»ی لێنراوە. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە ئەم ناونان و دیدگایە بۆ ئەوەی لە هەرێمدا رووئەدات هەڵەیە، هەڵەیەکی گەورەش. بەر لە هەمووشتێک ئەوەی لە هەرێمدا لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسیی و ئابورییدا باڵادەستەو کاردەکات میکانیزمەکانی قۆرخکارییەکی هەمەلایەنە. لە قۆرخکاریی سیستمە سیاسییەکەو تاپۆکردنی لەسەر چەند خێزانێکەوە بیگرە، بۆ قۆرخکردنی سەرجەمی کەرتە ئابورییە سەرەکییەکان و لەوێشەوە بۆ قۆرخکردنی کۆی ئەو ماشێنە بیرۆکراسییە گەورەیەی لە هه‌رێمەکەدا، بەهۆی پارەو رەیعی نەوتەوە، دروستکراوە. بە مانایەکی دیکە وەکچۆن بواری ئابوریی بوارێکی تەواو قۆرخکراوە، بە هەمانشێوە بەشی هەرەزۆری بوارەکانی تریش، سەرجەمی دەزگاکان و پێگەکانیش، لەوەخراون هیچ «سەرەتایەکی یەکسان»یان، تێدابێت. ئەوەیشی بنەماو ژێرخانی ئەم قۆرخکارییەی راگرتوە، هێزە، هێزی رووت، هێزی سەربازیی و ئەمنیی، کە زیاتر وەک  میلیشیای خێزانیی و حیزبیی تایبەت کاردەکەن، تا هێزێکی نیشتیمانیی. بەم مانایە هێز ژێرخانی قۆرخکاریی و لەوێشەوە ژێرخانی کۆی شتەکانی دیکەیە، تا گەیشتن بە گەندەڵیی و بێباکیی و لەدەستدانی بەرپرسیاریەت لە هەموو فۆرمەکانیدا. ئەم دۆخە وایکردوە جوڵەی سەرمایە لە هیچ شوێنێکدا، هێندەی هەرێم، سنوردارو کۆنترۆڵکراو و دەستبەسەرداگیراو، نەبێت. سەرمایە لە هەرێمدا، لە هەر بوارێکدا بکەوێتەکار، بەر هێزی ڕێکخراویی خێزانیی و حیزبیی و نوخبەویی، دەکەوێت و لەبەردەمیدا نوچئەدات. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو لۆژیکەی حوکمی کایەی ئابوریی لە هەرێمەکەدا دەکات، لۆژیکی ئابوریی خۆی نییە، بەڵکو لۆژیکی کەڵەکەکردن و پاراستنی قازانج و دەسکەوتی خێراو هەمەلایەنەی نوخبە حوکمڕانەکەیە، ئەوه‌شی ئەم لۆژیکە ئاڕاستە دەکات هێزە بەمانا هەرە سەرەتایی و داخراوەکەی.   ئەم دۆخە وایکردوە، لە سەرێکەوە کۆمەڵگاکە تەواو خاڵی بێت لە بوونی هەر «سەرەتایەکی یەکسان» لەناویدا، کە بتوانێت ئەگەری پێشکەوتنێکی کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ، یان نیمچەسەربەخۆ، بخاتە بەردەستی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە. لە سەرێکی دیکەوە کۆمەڵگاکە پڕکراوە لە دەنگەدەنگ و چەنەبازییەکی کەم وێنە، کە ئیشیان ئەوەیە دەنگی راستەقینەی کۆمەڵگاکە نەبیسرێت. ئەوەی زۆرجار ڕووئەدات بەریەککەوتنی ژاوەژاو و جنێو و تۆمەتکارییەکی رۆژانە بێت، کە لە دەیان کەناڵی میدیاییەوە دەڕژێنرێتە ناو کۆمەڵگاکەوە. بە کورتییەکەی ئەوەی لەناو ئەم ژاوەژاوەدا رووئەدات، بزربوونی هەموو بابەتێکە کە پەیوەندی بە ژیانی گشتیی و خواستی گشتیی و قازانجی گشتییەوە هەبێت. بەمەش کۆمەڵگاکە لە ئەگەری هەر ململانێیەکی راستەقینە بەتاڵکرابێتەوە. سیستمە سیاسییەکەش گۆڕابێت بۆ تۆڕێک بەدەوری قازانجی ئەو خیزان و بنەماڵانەدا کە یەکەمین قسەو دواهەمین قسە لەسەر شێوازی ئەو حوکمڕانییە دەکەن. لەناو ئەم سیستمە ئابورییەدا ئەوەی رووئەدات بێمانابوونی کارو بەرزبوونەوەیەکی بەردەوامی رادەی بێکارییە. بێمانابوونی کار مانای ئەوەیە کە شێوازێکی زۆری کارکردن لە هەرێمەکەدا توانای ئەوەی تیادانەماوە کە لانی هەرەکەمی پێداویستییەکانی ژیانێکی دوور لە زەلیلی و ئیهانەکردن دابینبکات. لەسەرێکی دیکەوە ئەو شێوازە ئابورییەی کە هەیە توانای دروستکردن و بەرهەمهێنانی کاری بۆ خەڵکی هەرێمەکە پێنییە. بەمجۆرە لەپاڵ ئەوەدا کە ئەم دۆخە بەردەوام کەرتی هەژارو بێکاری گەورە لە هەرێمەکەدا دروستەەکات، هاوکات ملیۆنێری تایبەتی سەر بە خێزان و بنەماڵە حوکمڕانەکان بە بەردەوامی دروستدەکات. بەم جۆرە دۆخە ئابورییەکە نەک تەنها هەژاریی و بێکارییەکی سیستماتیک بەرهەمدەهێنێت، بەڵکو ئەو پەیوەندییە تەندروستەیش کە پێویستە لە هەموو کۆمەڵگایەکدا لەنێوان هەژاریی و دەوڵەمەندبووندا هەبێت، دەسڕێتەوە و لەناودەبات. وەکچۆن کەسانێک هەژاردەکات کە نابێت هەژاربکەون، لەوانە بۆ نموونە دەرچووی زانکۆکان، هاوکات کەسانێک دەکاتە ملیۆنێر کە نابێت ملیۆنێربن، بۆ نموونە منداڵان و دۆستە نزیکەکانی خێزانە حوکمڕانەکان. لەسەرێکەوە هەژارخستنی کەسانی بەهرەدارو بەتوانا، لەسەرێکی دیکەوە بە ملیۆنێرکردنی کەسانی بێبەهرەو بێکار. لەناو سیستمی «نیولیبرال»دا نوخبەی سیاسیی و نوخبەی ئابوریی یەک نوخبە نین، هەردوو دەسەڵاتەکە، واتە دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی ئابوریی، لەناو یەک دەستدا کۆنەکراوەتەوە. لە ڕاستیدا ئەوەی جەوهەری نیولیبرالیزم دەستنیشاندەکات لاوازکردن و پەراوێزخستنی دەسەڵاتی سیاسییە، بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئابوریی، لاوازکردنی سیاسەت و دەوڵەتە لەبەردەم بازاڕو هیزی ئابوریی کۆمپانیا گەورەو فرە نەتەوەییەکاندا. بەڵام ئه‌وه‌ی لای ئێمە رووئەدات هیچ پەیوەندییەکی بەم لۆژیکە نیولیبرالەوە نییە. لای ئێمە هەردوو دەسەڵاتەکە لەناو دەستی یەک نوخبەدا قۆرخکراوە، کە زۆرجار نوخبەیەکی خێزانییە. دەسەڵاتی ئابوریی ئەو نوخبە خێزانییەش دەرەنجامی قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسییە لەلایەن ئەوانەوە. ئەمە وادەکات هیزی یەکەم لە وڵاتی ئێمەدا دەسەڵاتی ئابوریی نەبیت، بەڵکو دەسەڵاتی سیاسەت بێت. بە پێچەوانەی نیولیبرالیزمەوە، لە وڵاتی ئێمەدا ئەوە سیاسەت و سیاسییەکان نین کە بە زمانی ئابوریی قسەدەکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەوە ئابورییە ناچارکراوە بە زمانی سیاسەت قسەبکات، سیاسەتێکی خێزانیی و بنەماڵەیی داخراو. خواست و ویست و قازانجی ئەم بنەماڵە حوکمڕانانە بووە بە هێزی هەرە سەره‌کیی  جوڵاندن و رێکخستنی کایەی سیاسیی و کایەی ئابوریی بەیەکەوە. بەم شێوەیە لۆژیک و تێگەیشتن و قازانج و سایکۆلۆژیای خێزانە باڵادەستەکان سەپێنراون بەسەر هەردوو کایەکەداو بەمەش دۆخیکیان دروستکردوە هیچ یەکێک لەم دوو کایەیە نەتوانێت بە لۆژیکی ناوەکیی و سەربەخۆی خۆی کاربکات. نە لە ناو کایەی سیاسیدا لۆژیکی  پاراستنی ژیانی گشتیی و خزمەتکردنی قازانج و مەسڵەحەتی گشتیی کاردەکات، نە لەناو ئابوریدا لۆژیکی بازاڕو کێبرکێی ئازاد. لە هەردوو دۆخەکەدا، لۆژیکێکی دەرەکیی، لۆژیکی قازانج و مەسلەحەتی کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی حوکمڕان، بەسەر هەردوو کایەکەدا سەپێنراوەو ئەوانن هەردووکیان قۆرخدەکەن و لەناوەوە شێوازی کارکردن و ئامادەگییان ئاڕاستە دەکەن. بەم شێوەیە کۆمەڵگاکە خراوەتەوە ناو یارییەکەوە کە دەسەڵاتی بەسەر یاساکانی ئەو یارییەداو بەسەر داوەرەکانی یاریەکەدا، ناشکێت. ئەسڵەن یارییەکە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بێداوەرە، هێزی رووت لۆژیکی ناوەکی یارییەکەیەو هێزی رووت دەرەنجامی یاریەکەش دەستنیشاندەکات. لە دۆخێکی لەم بابه‌تە جگە لە یاخیبوون بەڕووی یارییەکەو جگە لە تێکدانی یاساکانی و گۆڕانی داوەرەکانی، هەموو کردەکانی تر مانەوەیە لەناو خودی یارییەکەدا، هەموو هەڵبژاردنێکیش لەناو ئەو یاریەدا بەپێویست درێژەدانە بەو یارییە کە بەر لە هەمووشتێک لەوە کەوتوە یاریی بێت و گۆڕاوە بۆ کابوسێکی سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی، تایبەت.  


شیكاری: درەو 🔹 هێزی کار لە دام‌ودەزگاکانی ئاسایش و بەرگری (ملیۆنێک و 458 هەزار و 104) کارمەندەو (340 هەزار و 665) کارمەندی بە ڕێژەی (23%)ی زیاترە لەو هێزی کارەی لە دام‌ودەزگا پەروەردەییەکان کاردەکەن کە ژمارەیان (ملیۆنێک و 117 هەزار و 439) فەرمانبەرە. 🔹 هێزی کار لە دام‌ودەزگا ئەمنی و بەرگرییەکان (35%)ی هێزی کاری گشتی و دامەزراوە پەروەردەییەکان (27%)ی کۆی گشتی هێزی کار لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت پێکدەهێنێت، کە (4 ملیۆن و 74 هەزار و 697) کارمەندن. 🔹 بودجەی دام‌ودەزگا ئەمنی و بەرگرییەکان زیاتر (30 ترلیۆن) دینارە، لە کاتێکدا بودجەی گشتی دام‌ودەزگاکانی پەروەردە نیوەی ئەو پشکەیە کە بۆ  دام‌ودەزگا ئەمنی و بەرگرییەکان تەرخان کراوە. 🔹 بودجەی دام‌ودەزگاکانی ئاسایش و بەرگری رێژەی (15%)ی کۆی بودجەی گشتی دەوڵەتی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام بودجەی دامودەزگا پەروەردەییەکان (7%)ی بودجەی گشتی پێکدێنێت، کە کۆی گشتی بودجەی خەمڵێندراوی عێراق زیاتر لە (198 ترلیۆن) دینارە. 🔹 ڕێژەی خەرجی وەبەهێنان لە بودجەی دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییەکان (12%) پێکدەهێنێت، لە کاتێکدا خەرجی وەبەهێنان لە کەرتەکانی پەروەردە ڕێژەی (3.3%)ی بودجەی دامەزراوە پەروەردەییەکان پێکدێنێت. سەرەتا سەقاگیری و ئاشتی بۆ وڵاتان گرنگییەکی زۆر و تایبەتی هەیە، بەو پێیەی سەقامگیری هەوێنی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان و بەرزبوونەوەی ئاستی خۆشگوزەرانییانە، بە پێچەوانەی ناسەقامگیری و توندوتیژی، کە کۆمەڵگاکان بەرەو پاشەکشەو دواکەوتوویی دەبات و ئاستی خۆشگوزەرانیان دادەبەزێنێت. لەو ڕوانگەیەی کە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان و بەرەوپێشبردنی خۆشگوزەرانییان لەگەڵ سەقامگریدا هەیە. دەبێت بەدوای ئەوەدا بگەڕێین، کە ئایا شێوازی ئەو سەقامگیرییەی کە بەدیهێنراوە، لەو رووەوەی کوێوەو چۆن سەرچاوەی گرتووە؟، کاریگەری لەسەر بەردەوامی و تەندروستی جۆری ئەو سەقامگیرییە هەیە. چونکە سەقامگیرییەک لە قوڵایی کلتور و تێگەیشتنی گشتی کۆمەڵگاوە سەرچاوەی گرتبێت، زۆر جیاوازە لەوەی سەقامگیرییەک بە زەبری هێز سەپێندرابێت. چونکە ئەگەر ئامرازی زۆرەملێ و سەپاندن بەکار بهێنرێت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری، ئەوا پرۆسەکە بەردەوام نابێت و بە هەڵگرتنی ئەو ئامرازەی کە وەک هێز بەکاردەهێنرێت ناسەقامگیری سەرهەڵدەدات، ئەمەش ئەوەمان بۆ روندەکاتەوە کە سەقامگرییەک بە هێز بەدیهاتبێت، ئەوا ئاشتی و سەقامگیرییەکی کاتی دەبێت. چونکە ناچارکردنی کۆمەڵگا لەسەر هەر پرسێک، ناتوانێت رۆبچێتە ناوەوەی باوەڕی تاکەکان. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم سەرەتایەدا، تیشک دەخەینە سەر شێوازو ڕادەی بەردەوامیی ئاشتی و سەقامگری لە عێراقدا، بە دەستنیشانکردنی ئەو میکانیزمەی بۆ گەیشتن بەو سەقامگیرییە بەکارهاتووە. بۆ ئەمەش هەوڵی کاری فەرمی (حکومی) لەسەر چۆنیەتی بەدیهێنانی سەقامگری رووندەکەینەوە، بەتایبەتی لەڕێگەی ئاراستەکردنی سامانی گشتی، کە ئایا حکومەتی عێراق ئاڕاستەی ئەمن و بەرگری (زۆرکردن، توندوتیژی) بۆ سەپاندنی ئاشتی کردووە بە میکانیزم؟. یان بەرەودان بە پەروەردەکردن (قەناعەتپێکردن، ناتوندوتیژی) بەکاردەهێنیت؟. چونکە ئاراستەکردنی سامانی گشتی وێنەیەکی ڕوون دەدات بەوەی کە ئایا ڕادەی ئەولەویەتەکانی حکومەت لە ڕووی بەردەوامی و پاڵپشتییەوە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری، لە هەوڵی سەقامگیرییەکی بەردەوام و هەڵقوڵاوی کۆمەڵگایە، یان ئاشتی و سەقامگرییەکی کاتی؟ ئەمەش لە ئامارەکانی بودجەی گشتی بۆ ساڵی (2023) کە دوو ساڵی داهاتووتریش بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لەو رووەوەی کە حکومەت لە هەوڵی ئەوەدایە دەزگا ئەمنی و سەربازی و بەرگرییەکان بەهێز بکات بۆ درێژەدا بە سەقامگیری، یاخود پاڵپشتی کەرتی پەروەردە دەکات بۆ چەسپاندنی تۆوی پێکەوە ژیان لە ناخی تاکی عێراقیدا. یەکەم؛ بودجەو هێزی کاری دەزگاکانی ئاسایش (ئەمن) و بەرگری لە عێراق لەم بەشەدا تیشک دەخەینە سەر دام‌ودەزگا ئەمنی و بەرگرییەکان لە ڕووی هێزی کارو بڕ و ڕێژەی بودجەی تەرخان کراو بۆ هەریەکەیان بەم شێوەیە؛ 1.    هێزی مرۆیی و چەکداری دەزگاکانی ئاسایش و بەرگری جێگەی ئاماژە پێکردنە کە دام‌ودەزگاکانی ئاسایش و بەرگری لە عێراق تەنیا بە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆوە سنووردار نابن، بەڵکو چەند دامەزراوەیەکی دیکەش دەگرێتەوە، کە هێزی مرۆیی هەر یەکێکیان بریتییە لە؛ ‌أ.    هێزی مرۆیی وەزارەتی ناوخۆ بریتی‌یە لە (701 هەزار و 446) کەس. ‌ب.    هێزی مرۆیی وەزارەتی بەرگری بریتی‌یە لە (453 هەزار و 951) کەس. ‌ج.    هێزی مرۆیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بریتی‌یە لە (14 هەزار و 308) کەس. ‌د.    هێزی مرۆیی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقی بریتی‌یە لە (11 هەزار و 840) کەس. ‌ه.    هێزی مرۆیی دەستەی حەشدی شەعبی بریتی‌یە لە (238 هەزار و 75) کەس. ‌و.    هێزی مرۆیی فرقەی (12) بریتی‌یە لە (12 هەزار) کەس. ‌ز.    هێزی مرۆیی دەزگای دژە تیرۆر بریتی‌یە لە (23 هەزار 712) کەس. ‌ح.    هێزی مرۆیی دەستەی دەروازە سنورییەکان بریتی‌یە لە (2 هەزار 684) کەس. ‌گ.    هێزی مرۆیی دەستەی پیشەسازی جەنگی بریتی‌یە لە (88) کەس. بەپێی ئەو داتایانەی ئاماژەمان پێدا، کۆی ژمارەی ئەو هێزە مرۆییەی لە دەزگا ئەمنی و سەربازیی و بەرگرییەکاندا کاردەکەن دەگاتە (ملیۆنێک و 458 هەزار و 104) کەس، کە (35%)ی کۆی هێزی کاری حکومەتی عێراق لە سەرجەم دام‌و دەزگا مەدەنی سەربازییەکان پێکدەهێنێت، کە ژمارەی گشتییان دەگاتە؛ (4 ملیۆن و 74 هەزار و 697) فەرمانبەر، بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق لە ساڵی (2023). 2.    بودجەی تەرخانکراوی دەزگاکانی ئاسایش (ئەمن) و بەرگری لە عێراق پشکی تەرخانکراو بۆ خەرجی دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییەکانی دەوڵەت، کە دابەشبوون بۆ خەرجییەکانی بەگەڕخستن، خەرجی وەبەرهێنان و پرۆگرامی تایبەت. ئەو بڕەی بۆ خەرجی  بەگەڕخستن تەرخانکراوە، بریتی‌یە لە؛ (26 ترلیۆن و 219 ملیار و 885 ملیۆن و 516 هەزار) دینار بە ڕێژەی (87%)، بڕی (3 ترلیۆن و 618 ملیار و 566 ملیۆن و 199 هەزار) دینار بە ڕیژەی (12%) بۆ خەرجی وەبەرهێنان تەرخانکراوە، ئەو (1%)ی دەمێنێتەوە کە (188 ملیار 932 ملیۆن و 365 هەزار) دینارە بۆ پرۆگرامی تایبەت تەرخان کراوە. واتە هەموو خەرجییەکان لە ساڵێکدا بڕی (30 ترلیۆن و 27 ملیار و 384 ملیۆن و 80 هەزار) دیناری بۆ تەرخان تەرخانکراوە، بۆ خەرجی ئەو دام‌و دەزگا ئەمنی و سەربازییانەی عێراق، کە لە خاڵی پێشتردا ئاماژەمان پێدا. ئەو بڕە پارەیەش کە تەرخان کراوە بۆ خەرجی ئەو دام‌ودەزگا ئەمنی و سەربازییانە ڕێژەی (15%)ی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی (2023) پێکدەهێنێت، کە بڕەکەی بریتی‌یە لە (198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار) دینار. دووەم؛ بودجەو هێزی کاری دامەزراوە پەروەردەییەکان لێرەدا ئاماژە بە ژمارەو ڕێژەی هێزی کاری نێو دام‌ودەزگاکانی پەروەردەو فێرکردن دەدەین، هاوکات پشکی خەرجی ئەو دەزگایانە روندەکەینەوە لەنێو یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی (2023). 1.      هێزی کاری نێو دام‌ودەزگا پەروەردەییەکان دیارە دەستی کارو هێزی مرۆیی نێو دام‌ودەزگاکانی پەروەردەو فێرکردن تەنها لە چوارچێوەی وەزارەتەکانی (پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی) کورت نابێتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک دامەزروەی دیکەش دەگرێتەوە کە لەخوارەوە ئاماژەیان بۆ دەکەین، ئەوانیش؛ ‌أ.    هێزی مرۆیی لە چوارچێوەی وەزارەتی پەروەردەو فێرکردن بریتی‌یە لە (963 هەزار و 949) فەرمانبەرو مامۆستا. ‌ب.    هێزی مرۆیی لە چوارچێوەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بریتی‌یە لە (150 هەزار و 212) فەرمانبەرو مامۆستا. ‌ج.    زانکۆی ئیمام ئەعزەم (هەزار و 540) فەرمانبەرو مامۆستا. ‌د.    زانکۆی ئیمام کازم بۆ زانستە ئیسلامییەکان (هەزار و 738) فەرمانبەرو مامۆستا. ‌ه.    جگە لەو دامەزراوانە کۆمەڵێک دامودەزگای زانستی و پەروەردەیی دیکە لە عێراقدا هەن، بەڵام لە یاسای بودجەدا ئاماژە بە میلاکات و ژمارەی هێزی مرۆیی تێیاندا نەکراوە، ئەوانیش؛ (ئەکادیمیای زانستی، دەستپێشخەری پەروەردەیی دەوڵەتی سەرۆک وەزیران و دەستەی عێراقی بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان)، هۆکاری ئاماژە نەدانیش بە ژمارەی کادرەکانیان ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە لە دام‌ودەزگاکانی دیکەی دەوڵەت فەرمانبەربن. کەواتە لێرەوە ئەوەمان بۆ رووندەبێتەوە کە کۆی ژمارەی هێزی مرۆیی نێو دامەزراوە پەروەردەییەکان دەگاتە (ملیۆنێک و 117 هەزار و 439) فەرمانبەر کە دەکاتە (27%)ی کۆی دەستی کاری نێو سەرجەم دام و دەزگاکانی عێراق،  کە ژمارەی گشتییان دەگاتە (4 ملیۆن و 74 هەزار و 697) فەرمانبەر، بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق لە ساڵی (2023). 2.    بودجەی تەرخانکراوی دامەزراوە پەروەردەییەکانی عێراق پشکی تەرخانکراو بۆ خەرجی دامەزراوە پەروەردەییەکانی دەوڵەت، کە دابەشبوون بۆ خەرجییەکانی بەگەڕخستن، خەرجی سەرمایەگوزاری (وەبەرهێنان) و پرۆگرامی تایبەت. ئەو بڕەی بۆ خەرجی  بەگەڕخستن تەرخانکراوە، بریتی‌یە لە؛ (14 ترلیۆن و 722 ملیار و 492 ملیۆن و 901 هەزار) دینار بە ڕێژەی (96%)، بڕی (510 ملیار و 174 ملیۆن و 595 هەزار) دینار بە ڕیژەی (3.3%) بۆ خەرجی وەبەرهێنان تەرخانکراوە، ئەو (0.7%)ی دەمێنێتەوە کە (111 ملیار 354 ملیۆن و 937 هەزار) دینارە بۆ پرۆگرامی تایبەت تەرخان کراوە. واتە سەرجەم خەرجییەکان لە ساڵێکدا بڕی (15 ترلیۆن و 344 ملیار و 22 ملیۆن و 433 هەزار) دیناری بۆ تەرخانکراوە، بۆ خەرجی ئەو دام‌و دەزگا پەروەردەییانەی عێراق، کە لە خاڵی پێشتر ئاماژەمان پێدا. ئەو بڕە پارەیەش کە تەرخان کراوە بۆ خەرجی ئەو دام‌ودەزگا پەروەردەییانە ڕێژەی (7%)ی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی (2023) پێکدەهێنێت، کە بڕەکەی بریتی‌یە لە (198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار) دینار. سێیەم؛ بەراوردی دامەزاوە پەروەردەییەکان و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان لەرووی خەرجی هێزی کارەوە بە بەراوردکردنی هەردوو تەوەری یەکەم و دووەم، ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە، کە ڕادەی گرنگیدان بە دام‌ودەزگا ئەمنی و سەربازییەکان لە رووی ژمارەی کاردمەند و تەرخانکردنی خەرجی بۆیان چەندە لە پێشترە لە رووی ئەو خەرجییانەی بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان تەرخان کراوە، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، کە چۆن هەوڵدەدرێت بە زەبری هێز سەقامگری و ئاشتی لە عێراق بەرقەرار بێت، تا ئەوەی لەرووی پەروەردەو فێرکردنەوە کلتوری لێبوردەیی و پێکەوە ژیانێکی سەقامگیرانە دەستەبەر بکرێت، بەراوردەکەش ئەوە دەردەخات کە؛ 1.    هێزی کار لە دام‌ودەزگاکانی ئاسایش و بەرگری (ملیۆنێک و 458 هەزار و 104) کارمەندەو (340 هەزار و 665) کارمەندی بە ڕێژەی (23%) زیاترە لەو هێزی کارەی لە دام‌ودەزگا پەروەردەییەکان کاردەکەن کە ژمارەیان (ملیۆنێک و 117 هەزار و 439) فەرمانبەرە. 2.    هێزی کار لە دام‌ودەزگا ئەمنی و بەرگرییەکان (35%) هێزی کاری گشتی و دامەزراوە پەروەردەییەکان (27%)ی کۆی گشتی هێزی کار لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت پێکدەهێنێت، کە (4 ملیۆن و 74 هەزار و 697) کارمەندن. 3.    بودجەی دام‌ودەزگا ئەمنی و بەرگرییەکان زیاتر (30 ترلیۆن) دینارە، لە کاتێکدا بودجەی گشتی دام‌ودەزگاکانی پەروەردە نیوەی ئەو پشکەیە کە بۆ  دام‌ودەزگا ئەمنی و بەرگرییەکان تەرخان کراوە. 4.    بودجەی دامودەزگاکانی ئاسایش و بەرگری رێژەی (15%)ی کۆی بودجەی گشتی دەوڵەتی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام بودجەی دامودەزگا پەروەردەییەکان (7%)ی بودجەی گشتی پێکدێنێت، کە کۆی گشتی بودجەی خەمڵێندراوی عێراق زیاتر لە (198 ترلیۆن) دینارە. 5.    ڕێژەی خەرجی وەبەهێنان لە بودجەی دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییەکان (12%) پێکدەهێنێت، لە کاتێکدا خەرجی وەبەهێنان لە کەرتەکانی پەروەردە ڕێژەی (3.3%) بودجەی دامەزراوە پەروەردەییەکان پێکدێنێت.   ئەم بەراوردکردنە راستییەکی ڕوون ئاشکرا دەکات، کە ئاشتی و سەقامگری لە عێراقدا دۆخێکی سەپێندراوە، زیاتر لەوەی هەڵقوڵاوی دۆخی سیاسی، کلتوری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بێت، چونکە ئەولەویەت نەدان بە دامەزراوە پەروەردەییەکان بە بەراورد بە دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییەکان، بە تایبەت لەرووی ئەو خەرجییە زەبەلاحەی ئاراستەی دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییەکان دەکرێت، زۆر زیاترە لەوەی ئاراستەی دەمەزراوە پەروەردەییەکان دەکرێت. بەو مانایەی ئەو شێوازەی لە پلەی یەکەمدا بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە عێراقدا بەکارهاتووە، زۆرەملێ یە زۆرەملێیەوە زیاتر لەوەی ئارەزومەندانە بێت، ئەمەش مانای ئەوەیە کە سەقامگیری و پێکەوە ژیان لە کۆمەڵگادا ڕەگ و ڕیشەی نییە و بەڵکو پێکەوە ژیان دۆخێکی پەراوێزی وەرگرتووە، هەر بۆیەش زۆربەی جار ململانێ سیاسییەکان بەخێرایی بارگۆڕانی بەسەردا دێت و دەگۆڕێت بۆ توندوتیژی گەشەپێدانی ئاشتی سەقامگیری بەر هەڕەشە دەکەوێت. ڕاستییەکان لە رووی لە پێشدانانی ئەمن و ئاسایش بەراورد بە پەروەردە، هەر ئەوە دەرناخات کە ئەو سەقامگیرییەی هەیە هێز سەپاندوویەتی، بەڵکو ئەوەش روندەکاتەوە کە دەوڵەت هێشتا بەردەوام دەبێت لەوەی سەپاندنی سەقامگیری لە رووی گرنگیدانی زیاتر بە دەزگا ئەمنییەکان زیاتر لە دەزگا پەروەردەییەکان، لە کاتێکدا پێچەوانەی ئەوە ڕاستە، چونکە بەشێک لە شارەزایانی پێیان وایە پەیوەندی نێوان (سەقامگری و ئاشتی) و (پەروەردە) پەیوەندییەکی ڕاستەوانەیە. سەرچاوەکان -    قانون رقم (13) لسنة 2023 "الموازنة العامة الاتحادية لجمهورية العراق للسنوات المالية (2023-2024-2025)"، جريدة الوقائع العراقية، العدد (4726)، بتاريخ 2023/6/26. -    حامد عبد الحسين الجبوري، السلم في العراق بين الاكراه والاقناع ... قراءة في الموازنة، مرکز الفرات؛ http://fcdrs.com/economical/1871  


  هاوڕێ حه‌سه‌ن حه‌مه‌* دۆخی دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستان: هه‌ڵسه‌نگاندنێك له‌سه‌ر بنه‌ماى ئیندێكسی دیموكراسی پێشه‌كی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕوواڵه‌تدا ده‌كرێت وه‌ك هه‌رێمێكی دیموكراسی پۆلێن بكرێت، به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕۆكدا جه‌وهه‌رى دیموكراسی و به‌هاو بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانى دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستان لاوازن و هێشتا له‌دۆخی ده‌ڵه‌مه‌ییدان. له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئیندێكسی جیهانى بۆ دیموكراسی، كه‌ ساڵانه‌ بۆ پۆلێنكردنى وڵاتانى جیهان، له‌ڕه‌هه‌ندی دیموكراسیه‌وه‌، ئه‌نجامده‌درێت، هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ دۆخی دیموكراسی ده‌كه‌ین له‌ هه‌رێمی كوردستان. له‌سه‌ر بنه‌ماى پۆلێنبه‌ندییه‌كه‌ پشت به‌ست به‌ ئاماژه‌ دیموكراسی و نادیموكراسیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ سیستمی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌  سیستمێكی تێكه‌ڵ پۆلێن ده‌كات، به‌م پێیه‌یه‌ش هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووى دیموكراسییه‌وه‌ دوو هه‌نگاو له‌دواى وڵاته‌ دیموكراسیه‌ پێشكه‌وتووه‌كانه‌وه‌یه‌، یه‌ك هه‌نگاو له‌پێش سیستمه‌ ته‌واو دیكتاتۆره‌كانه‌وه‌یه‌. له‌كۆتاییدا، توێژینه‌وه‌كه‌ به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ هۆكارى سه‌ره‌كی نادیموكراسی بوونی سیستمی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌سته‌بژێرى فه‌رمانڕه‌وا له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ دیموكراسی وه‌ك مه‌ترسیه‌ك له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى خۆیان ده‌بینن.   پۆلێنكردنى سیستمه‌ سیاسیه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕه‌هه‌نده‌ دیموكراسیه‌كان ده‌زگاى (The Economist Intelligence Unit ) هه‌واڵگرى ئابوورى ساڵانه‌ ئیندێكسی دیموكراسی بۆ پۆلێنكردنى وڵاتانى جیهان له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕه‌هه‌نده‌ دیموكراسیه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌. ئیندێكسه‌كه‌ پشت به‌ كۆمه‌ڵێك بنه‌ماو پایه‌ی سه‌ره‌كی دیموكراسی ده‌به‌ستێت، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ وڵاتانى جیهان بۆ چوار جۆرى جیاواز پۆلێن ده‌كات، كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌: یه‌كه‌م/ سیستمه‌ ته‌واو دیموكراسییه‌كان (full democracy): سیستمه‌ دیموكراسیه‌ پێشكه‌وتووه‌كان ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ پێشكه‌وتووترین وڵاتن له‌سه‌ر ئاستى جیهان له‌ڕووى په‌یڕه‌وكردن له‌  بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانى دیموكراسی. به‌پێى ئیندێكسی دیموكراسی به‌گشتى سیستمه‌ دیموكراسیه‌ پێشكه‌وتووه‌كان خاوه‌نى ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ى خواره‌وه‌ن: 1-    نه‌ك به‌ته‌نها مافه‌ مه‌ده‌نی و ئازادییه‌ سیاسییه‌كان پارێزراو ڕێزلێگراون، به‌ڵكو ئه‌م وڵاتانه‌ خاوه‌نی كلتورێكی سیاسین پێشكه‌وتوون، كه‌ له‌باره‌ بۆ گه‌شانه‌وه‌و په‌ره‌پێدانى دیموكراسی، هه‌روه‌ها پشتیوانى پاراستنى مافه‌ مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كانه‌. 2-    حكومه‌تێكی كاراو كاریگه‌ر له‌م وڵاتانه‌دا بوونی هه‌یه‌، كه‌ تواناى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى خواستى خه‌ڵكی هه‌یه‌. 3-    ڕاگه‌یاندنه‌كان سه‌ربه‌خۆو هه‌مه‌چه‌شنن. 4-    سیستمی چاودێرى و هاوسه‌نگی (checks and balances)له‌م وڵاتانه‌دا زۆر به‌هێزه‌. 5-    ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى سه‌ربه‌خۆیه‌و بڕیاره‌ دادوه‌رییه‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێن. 6-    مافه‌ مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان پارێزراو ڕێزلێگراون. 7-    فره‌یی سیاسی بوونی هه‌یه‌. 8-    دیموكراسیه‌ پێشكه‌وتووه‌كان به‌ به‌شدارى سیاسی ده‌ناسرێنه‌وه‌. 9-    ئاڵۆگوڕی ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌یه‌. 10-    هه‌ڵبژاردنه‌كان ئازادو دادپه‌روه‌رانه‌ن.   دووه‌م/ سیستمه‌ دیموكراسیه‌ ناكامڵه‌كان(Flawed Democracy) : ئه‌و سیستمه‌ سیاسیانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن تێیدا ئازاد و داپه‌روه‌رانه‌یه‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردن له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجامده‌درێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، مافه‌ مه‌ده‌نی و ئازادییه‌ سیاسیه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ڕێزلێگیراون. به‌ڵام ئه‌م سیستمانه‌ هێشتا له‌ چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی دیموكراسیدا كێشه‌یان هه‌یه‌ له‌وانه‌: 1-    ئازادیی ڕاگه‌یاندنه‌كان سنوردار ده‌كرێت. 2-    كێشه‌ى حوكومڕانی له‌م سیستمانه‌دا بوونی هه‌یه‌. 3-    كلتورى سیاسی پێشكه‌وتوو نیه‌. 4-    ئاسته‌كانى به‌شدارى سیاسی لاوازه‌. سێهه‌م/ سیستمه‌ تێكه‌ڵه‌كان(“hybrid regime) : ئه‌و سیستمانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك ڕوواڵه‌تى دیموكراسیان تێدایه‌، به‌ڵام هێشتا ڕه‌هه‌نده‌ دیموكراسیه‌كانیان ده‌ڵه‌مه‌ن. به‌گشتى سیستمی تێكه‌ڵ به‌ كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌كی جیاده‌كرێته‌وه‌، له‌دیارترینیان بریتین له‌: 1-    هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌ڵبژاردن ناڕێك و پێكی زۆری پێوه‌ دیاره‌و له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجامنادرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ڕێگرى زۆر هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی ئازاد و دادپه‌روه‌رانه‌. 2-    ئۆپۆزسیۆن بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام فشارى حكومه‌ت له‌سه‌ر پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان و كاندیده‌كان شتێكی باوه‌ له‌م سیستمانه‌دا. 3-    كلتورى دیموكراسی زۆر لاوازتره‌ به‌ به‌روارد به‌ سیستمه‌ دیموكراسیه‌ ناكامڵه‌كان. 4-    حكومه‌ت كاراو كاریگه‌ر نیه‌، به‌ڵكو حكومه‌ت لاوازه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان. 5-    به‌شدارى سیاسی له‌م سیستمانه‌دا لاوازه‌ ته‌نانه‌ت به‌ به‌راورد به‌ سیستمه‌ دیموكراسیه‌ ناكامڵه‌كانیش. 6-    گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی به‌ربڵاوه‌ له‌م جۆره‌ سیستمانه‌دا. 7-    سه‌روه‌رى یاسا لاوازه‌، ته‌نانه‌ت به‌ به‌راورد به‌ سیستمه‌ دیموكراسیه‌ ناكامڵه‌كانیش. 8-    كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی لاوازه‌. 9-    به‌شێوه‌یه‌كی گشتى هێرش و فشار بۆ سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان له‌ جۆره‌ سیستمانه‌دا به‌ربڵاوه‌. 10-    ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى لاوازه‌. چواره‌م/ سیستمه‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان-دیكتاتۆره‌كان(authoritarian regime): له‌م ده‌وڵه‌تانه‌دا، دۆخی فره‌یی سیاسی بوونی نیه‌، یان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی سنوردار كراوه‌. زۆرێك له‌و وڵاتانه‌ى كه‌ ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ى ئه‌م پۆلێنه‌وه‌ به‌ڕوونی ڕژێمه‌ دیكتاتۆره‌كانن. له‌وانه‌یه‌ له‌م سیستمانه‌دا هه‌ندێك دامه‌زراوه‌ى فه‌رمی دیموكراسی بوونی هه‌بێت، به‌ڵام له‌ڕووى جه‌وهه‌رییه‌وه‌ هیچ گرنگیه‌كیان نیه‌. هه‌ڵبژاردن، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامیش بدرێت، ئازادو دادپه‌روه‌رانه‌ نیه‌. مافه‌ مه‌ده‌نی و ئازادییه‌ سیاسیه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ڕیزیان لێناگیرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سنورداركراون. ڕه‌خنه‌گران له‌م سیستمه‌دا سه‌ركوت ده‌كرێن، چاودێرى قوڵ له‌م سیستمانه‌دا بوونی هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى سه‌ربه‌خۆ نیه‌.     هه‌ڵسه‌نگاندێك بۆ دۆخی دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى پۆلێنبه‌ندییه‌كه‌ى ئیندێكسی دیموكراسی، ده‌توانین سیستمی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك سیستمێكی تێكه‌ڵ پۆلێن بكه‌ین ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك: یه‌كه‌م/ دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان: له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانى ژیانى سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ ساڵى (1991) تا ئه‌مڕۆ، هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان بوونى هه‌بووه‌، ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن ڕواڵه‌تێكی دیموكراسیانه‌ى به‌ پڕۆسه‌ى سیاسی و سیستمی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌خشیوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ناوه‌ڕۆكی پڕۆسه‌كه‌ى شێواندووه‌ دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌. له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رجه‌م خوله‌كانى په‌رله‌مانی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ ته‌مه‌نی خۆیان درێژكردۆته‌وه‌: 1-    په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ڕێككه‌وتى (27/5/1995) بۆ یه‌ك ساڵ ته‌مه‌نی خۆى درێژكرده‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی دواخست. 2-    په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ڕێككه‌وتى (3/6/1996) بۆ ماوه‌ى سێ مانگ ته‌مه‌نی خۆى درێژكرده‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی دواخست. 3-    په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ڕێككه‌وتى (3/9/1996) بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ ته‌مه‌نی خۆى درێژكرده‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی دواخست. 4-    په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ڕێككه‌وتى (15/4/1998) تا ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن ته‌مه‌نی خۆى درێژكرده‌وه‌. 5-    په‌رله‌مانى كوردستان له‌ خولی دووه‌میدا له‌ ڕێككه‌وتى (13/5/2009) بۆ ماوه‌ى نزیكه‌ى دوو مانگ ته‌مه‌نی خۆى درێژكرده‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی دواخست. 6-    په‌رله‌مانى كوردستان له‌ خولی سێهه‌می په‌رله‌ماندا له‌ ڕێككه‌وتى (30/6/2013) بۆ ماوه‌ى سێ مانگ ته‌مه‌نی خۆى درێژكرده‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی دواخست. 7-    په‌رله‌مانى كوردستان له‌ خولی چواره‌مدا له‌ ڕێككه‌وتى (24/10/2017) بۆ ماوه‌ى یه‌ك ساڵ ته‌مه‌نی خۆى درێژكرده‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی دواخست. 8-    په‌رله‌مانى كوردستان له‌ خولی پێنجه‌مدا له‌ ڕێككه‌وتى (9/10/2022) بۆ ماوه‌ى یه‌ك ساڵ و سێ مانگ هه‌ڵبژاردنه‌كانى دواخست و ته‌مه‌نی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى هه‌رێمی درێژكرده‌وه‌. ده‌رئه‌نجام، له‌هه‌رێمی كوردستان هیچ هه‌ڵبژاردنێك بۆ په‌رله‌مانى كوردستان له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجامنه‌دراوه‌. هاوشێوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان دواخراون و له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجامنه‌دراون. له‌ماوه‌ى (23) ساڵی ڕابردوودا، واته‌ له‌ماوه‌ى ساڵانى (2000-2023) ته‌نها دوو هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانی هه‌رێم ئه‌نجامدراون، ئه‌وانیش له‌ ساڵی (2005) و له‌ ساڵى (2014) بوون. هاوشێوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانى هه‌رێم، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانییه‌كانى هه‌رێمی كوردستانیش له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجامنه‌دراون و دواخراون. له‌ماوه‌ى (23) ساڵدا ته‌نها یه‌ك هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراوه‌، كه‌ ئه‌ویش له‌ ساڵى (2000)دا بووه‌. ده‌رئه‌نجام، هه‌ڵبژاردن كۆڵه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دیموكراسیه‌و له‌پێناو ده‌ستاوده‌ستكردنى ئاشتیانه‌ى ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌نجامده‌درێت، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستان هیچ هه‌ڵبژاردنێك بۆ په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌نجومه‌نی پارێزگانى هه‌رێم و ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانییه‌كان ئه‌نجامنه‌دراوه‌. به‌شێك له‌ چاودێران درێژكرنه‌وه‌ى ته‌مه‌نی دامه‌زراوه‌كانی حوكومڕانى و دواخستنى هه‌ڵبژادنه‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ ترسی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن.   دووه‌م/ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان ئازاد و دادپه‌روه‌رانه‌ نیه‌: سه‌ربارى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن چه‌ندین كێشه‌و كه‌م و كورتی هه‌یه‌، له‌ گرنگترین ئه‌و كه‌م و كورتیانه‌ش: 1-    له‌ سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ساخته‌كارى له‌لایه‌ن هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌. 2-    لیستى تۆمارى ده‌نگده‌ران ناوی وه‌همی و دووباره‌ی تێدایه‌، له‌هه‌مانكاتدا ناوی مردووان له‌ لیسته‌كه‌دا ڕه‌شنه‌كراوه‌ته‌وه‌. 3-    هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان یه‌كسان و ڕه‌وا نیه‌، حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان خاوه‌نی ئابوورییه‌كی به‌هێزن و له‌هه‌مانكاتدا بوودجه‌ى حكومه‌تیان له‌به‌رده‌ستدایه‌، به‌م هۆیه‌وه‌ ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌كی باشتر پشتیوانى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كانیان بكه‌ن، لێره‌شه‌وه‌ زه‌مینه‌كه‌ وه‌ك یه‌ك نیه‌ بۆ سه‌رجه‌م حزبه‌ سیاسیه‌كان. 4-    به‌كارهێنانى پۆسته‌ فه‌رمیه‌كانى حكومه‌ت له‌لایه‌ن حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌ له‌كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. ده‌رئه‌نجام، دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌م و كورتییه‌كانى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان وایكردوه‌ هه‌ڵبژاردن نه‌توانێت ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ى به‌دیبهێنێت، كه‌ ئه‌ویش ده‌ستاوده‌ستكردنى ئاشتیانه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان. له‌م باره‌یه‌وه‌ د. هۆگر ئیبراهیم حه‌كیم نوسیویه‌تی: هەموو هەڵبژاردنەکان جگە لە نمایشێکی سیاسی؛ هیچی تر نەبوون، بە  هۆی ئەوەی هەڵبژاردنەکان پڕۆسەیەکی شکڵی بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە دەسەڵاتەوە نەبووە. هەر کاتێکیش هەڵبژاردن پەیوەندیی بە دەسەڵات و هاوکێشەکانیەوە نەبێت، ماناکەى خۆی لەدەست دەدا. بۆیە دەبینین هەڵبژاردنەکانی هه‌رێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکارییان نەکردووە، به‌ جۆرێك له ‌سه‌رەتای دامه‌زراندنه‌وه‌ تا ئێستا هاوكێشه‌ی نه‌گۆڕ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان لایه‌نی ده‌سه‌ڵات بووه‌. تەنانەت لەسەر ئاستی خۆجێ و ئاستی شارەوانییە بچووکەکانیش هەست بە بوونی پێگەى هەڵبژاردن نەکراوە، ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا هەڵبژاردنەکان ئەنجام دەدران. سێهه‌م/ فشارى ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆن: له‌ هه‌رێمی كوردستان پارتى و یه‌كێتى  "بونیادێكی پاوه‌نكه‌ریان دروستكردوه‌، بونیادێك‌ تێدا كۆی سه‌رچاوه‌و سه‌رمایه‌ گرنگه‌كانی وه‌ك ئابوری، سه‌ربازی، ده‌ستگایی، تد... له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ قۆرخكراوه‌.‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا پارتی و یه‌كێتی هه‌ردووكیان كۆی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ڕێگه‌كانی گه‌شتن به‌ سه‌رمایه‌ جۆربه‌جۆره‌كانیان پاوه‌نكردووه‌. سه‌رمایه‌ی سه‌ربازی (هێز، چه‌ك، تد)، سه‌رمایه‌ی ئابوری (بودجه‌، داهاتی گومرگ، داهاتی ناوخۆ، تد)، سه‌رمایه‌ی ئیداری (ته‌عین، پله‌، راژه‌، به‌رزبوونه‌وه‌)، سه‌رمایه‌ی كولتوری (بڕوانامه‌، خوێندنی باڵا، تد) له‌ژێر ڕكێف و ئیداره‌دانی هه‌ر جوت حزبدان. به‌هۆى ئه‌م بونیاده‌ پاوه‌نكه‌ره‌وه‌، پارتى و یه‌كێتى توانیوییانه‌ له‌ چه‌ندین ڕووه‌وه‌ فشار له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆن دروستبكه‌ن و چالاكی و جموجوڵه‌كانیشی سنوردار بكه‌ن، له‌وانه‌:   1-    نانبڕینی كادرو لایه‌نگره‌كانى ئۆپۆزسیۆن، له‌دواى دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بە هەزاران ئەندام و لایەنگری بزوتنه‌وه‌كه‌ لە كاروپۆست و پلەكانیان دورخرانەوەو نانبڕاوكران. به‌هۆى ئه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى حكومه‌تیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و كۆنتڕۆڵی ئابوورییان كردوه‌، هه‌ركات بیانه‌وێ ده‌توانن سزای لایه‌نگرو ئه‌ندامانى حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان بده‌ن و نانبڕاوییان بكه‌ن. 2-    به‌هۆى ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانى داهاتیان له‌به‌رده‌ستدایه‌، ده‌توانن كادرو كه‌سه‌ دیاره‌كانى ناو ئۆپۆزسیۆن بۆ لای خۆیان ڕابكێشن. 3-    ده‌توانن سه‌رچاوه‌ی دارایی ئۆپۆزسیۆن ووشك بكه‌ن ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت. 4-    به‌كارهێنانى دادگا بۆ ده‌ستگیركردنى سه‌ركرده‌كانى ئۆپۆزسیۆن. بۆ نموونه‌، له‌كاتى خۆیدا دادگاى هه‌ولێر فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا، ڕێكخه‌ر گشتى  بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ركرد. به‌هه‌مان شێوه‌، له‌ ساڵى 2019دا شاسوار عه‌بدولواحێد سه‌رۆكى جوڵاته‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ ده‌ستگیركرا.  به‌هۆى لاوازى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و ده‌ستێوه‌ردانى پارتى و یه‌كێتى له‌ كاروبارى دادگاكان، پارتى و یه‌كێتى هه‌ركات بیانه‌وێ ده‌توانن كه‌یسی یاسایی بۆ مه‌رامی سیاسی له‌دژى سه‌ركرده‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان بجوڵێنن. 5-    ده‌ستگیركردنى به‌رپرسانى نێو ئۆپۆزسیۆن. بۆ نموونه‌، له‌ 6ى ئابی 2022دا به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نی باڵاى نه‌وه‌ى نوێ به‌بێ فه‌رمانى دادوه‌ر ده‌ستگیركران. 6-    داخستنى كه‌ناڵ و ڕاگه‌یاندنه‌كانى ئۆپۆزسیۆن. ڕاگرتنى په‌خشی كه‌ناڵى ئێن ئاڕتى  له‌ ساڵى (2017) و (2018) له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌كرێت وه‌ك نموونه‌ بهێنرێته‌وه‌. 7-    هێرشكردنه‌ سه‌ر بنكه‌و باره‌گا حزبیه‌كانى ئۆپۆزسیۆن. سووتانى باره‌گا حزبیه‌كانى یه‌كگرتوو له‌ بادینان باشترین نموونه‌یه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌. 8-    ئه‌و بونیاده‌ی پارتى و یه‌كێتى دروستیان كردوه‌ ڕێگره‌ له‌به‌رده‌م گه‌شه‌و به‌رده‌وامێتى ئۆپۆزسیۆن، هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ناتوانن بۆ هه‌میشه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتبن چونكه‌ پێویستیان به‌وه‌یه‌ بگه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات و سه‌رچاوه‌ى داهات و ئابووریان هه‌بێت، كاتێكیش ده‌چنه‌ نێو حوكومه‌ت زیاتر ده‌پوكێنه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى ناتوانن له‌و بونیاده‌ مۆنۆپۆڵه‌دا ئایدیاكانیان جێبه‌جێ بكه‌ن، لێره‌وه‌ دژیه‌كیان بۆ دروست ده‌بێت، ده‌رئه‌نجامیش ده‌پوكێنه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان باشترین نموونه‌ بێت له‌م ڕووه‌وه‌. چواره‌م/ كلتورى دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستان لاوازه‌: ئه‌م لاوازییه‌ هۆكارى جۆراوجۆرى هه‌یه‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ پارتى و یه‌كێتى هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌بن، له‌به‌رئه‌وه‌ى: 1-     پارتى و یه‌كێتى پشتیوانى له‌ زیندوكردنه‌وه‌ى كلتورى خێڵ ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ى پێشكه‌شكردنى هاوكارى ماددی و دروستكردنى فه‌وج بۆ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان. به‌هێزبوونی كلتورى خێڵه‌كی و ناسنامه‌ى خێڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕێگره‌ له‌به‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندنى پڕِۆسه‌ى دیموكراسی و به‌ها دیموكراسیه‌كان.   2-     پشتیوانیكردنی گروپه‌ سه‌له‌فیه‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌و گروپه‌ سه‌له‌فیانه‌ى دیموكراسی و به‌شدارى سیاسی و خۆپیشاندان ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌، داواى گوێڕایه‌ڵی گشتى ده‌كه‌ن بۆ ده‌سه‌ڵاتى سیاسی. به‌هێزبوونى ته‌وژمی سه‌له‌فیه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان دیسانه‌وه‌ ڕێگره‌ له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌ى دیموكراسی و ده‌سته‌وده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ژێر سایه‌ی سه‌له‌فیه‌تدا ده‌سه‌ڵاتخوازی و دیكتاتۆرییه‌ت نه‌ش و نما ده‌كات. پێنجه‌م/ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاراو كاریگه‌ر نیه‌: دۆخی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه‌ بۆ ناكاراییه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان. خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ى زیاتر له‌ سێ ده‌یه‌ی حوكومڕانی پارتی و یه‌كێتیدا له‌ ئاستێكی خراپدایه‌. تا ئێستا هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ى دابینكردنى كاره‌بای نیشمانی هه‌یه‌، له‌ هاویندا، به‌شێكی به‌رچاو له‌ ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ى كه‌م ئاوییان هه‌یه‌، له‌ وه‌رزی سه‌رماو سۆڵه‌دا كێشه‌ى نه‌بوونی سووته‌مه‌نی سه‌رهه‌ڵده‌دات، به‌شێك له‌ ڕێگاوبانه‌كانى هه‌رێمی كوردستان تائێستا یه‌ك سایدن، به‌شێكیان كێشه‌ى نوێكردنه‌وه‌یان هه‌یه‌، به‌شێك له‌ ناوچه‌كانى كوردستان خزمه‌تگوزارى گشتیان پێنه‌گه‌شتووه‌. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ى له‌ڕووى خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ جیاوازى له‌نێوان شارو ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت. شانبه‌شانى ئه‌م كێشه‌و گرفتانه‌، له‌دواى ساڵى 2014ه‌وه‌  كێشه‌ى لێبڕینی مووچه‌، دواخستنى مووچه‌و ڕاگرتنى پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران سه‌ریهه‌ڵداوه‌. حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م كێشه‌و گرفتانه‌دا ناكاراییه‌، نه‌یتوانیوه‌ ڕه‌گوڕیشه‌ى كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. خۆپیشانه‌دان و ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ به‌رده‌وامه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر نه‌بوون یان خراپی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كان ئاماژه‌ییه‌كی ڕووننن بۆ لاوازایی و ناكارایی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان له‌ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یران و باشتركردنى خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كان.    شه‌شه‌م/ گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی به‌ربڵاوه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان: قورسه‌ ئاست و قه‌باره‌ى گه‌نده‌ڵی به‌ داتاو زانیارى بخرێته‌ڕوو له‌به‌رئه‌وه‌ى ڕێكخراوه‌ جیهانیه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانى بوارى گه‌نده‌ڵی له‌ ئیندێكسه‌كانیاندا له‌سه‌ر بنه‌مای ناوچه‌و هه‌رێم قه‌باره‌و ئاستى گه‌نده‌ڵیان له‌ عێراق دیاری نه‌كردوه‌ تا ئێمه‌ بزانین قه‌باره‌و ئاستى گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ چ ئاستێكدایه‌، به‌ڵكو عێراقیان وه‌ك وڵاتێك وه‌رگرتووه‌، هه‌رێمی كوردستانیان له‌ عێراق جیانه‌كردۆته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی قورسه‌ قه‌باره‌و ئاستى گه‌نده‌ڵی له‌ هره‌ێمی كوردستان به‌ ژماره‌و داتا بزانین، به‌ڵام زۆرێك له‌ ڕاپۆرته‌كانى  تایبه‌ت به‌ گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان دیارده‌یه‌كی به‌رده‌وام و به‌ربڵاوه‌ به‌جۆرێك بووه‌ته‌ شێوازێك له‌ كه‌لتوری ڕۆژانه‌ بۆ خه‌ڵك له‌ ڕایكردنی كاره‌كانیان. كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ زۆری په‌یوه‌سته‌ به‌ كۆمپانیا و به‌رپرسی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات و نوێنه‌ره‌كانیان له‌ حكومه‌ت، به‌ دیاریكراوی له‌ پرسی فرۆشتنی نه‌وت و داهاته‌كه‌ی، داهاتی خاڵه‌ سنورییه‌كان و داهاتی ناوخۆ و قاچاخچێتی و سه‌رانه‌وه‌رگرتن. به‌ ووته‌ی سەرۆكی دەستەی دەسپاكی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ته‌نها له‌ 2022 ژمارەیەكی زۆر كەیسی گەندەڵی تۆمار كراون به‌جۆرێك 487 كەیسی نوێ‌ تۆماركراوە و 226 كەیسی هەواڵدەریش هەبووە كە هەمووی دەكاتە 713 كەیس و ژمارەیەكی زۆرە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌دان كه‌یسی گه‌نده‌ڵی تر هه‌یه‌ یان ده‌ستی بۆ نابرێت یان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیه‌وه‌ ئاشكراكراوه‌ كاری له‌سه‌ر ناكرێت و ناتوانرێت بكه‌رانی بدرێنه‌ دادگا. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکى دەستەى دەستپاکى هەرێمى کوردستان لەبارەى بوونى گەندەڵى و ژمارەى دۆسێکانى گەندەڵى لە هەرێم، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا له‌ ساڵی 2022دا، به‌م شێوه‌یه‌ گوزارشت له‌ ئاست و قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كات له‌ هه‌رێمی كوردستان:   " گەندەڵی هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر هەرێمى کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش داوا دەکەم دادگایەکی تایبەت بە گەندەڵی تەرخان بکرێت، تاوەکو یەکلاکردنەوەى دۆسێکان دوانەکەوێت، چونکە دۆسێ هەبووە لەپاش حەوت ساڵ لێکۆڵینەوەى لەبارەوە کراوە". گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاستێكدایه‌ كه‌ هاوڵاتیانیش زۆر به‌ڕوونی هه‌ستى پێده‌كه‌ن. بۆ نموونه‌، له‌ ڕاپرسیه‌كدا كه‌ له‌ ساڵى 2010 له‌هه‌رسێ پارێزگاى هه‌ولێر، سلێمانى و دهۆك ئه‌نجامدراوه‌، له‌سه‌دا 88ی به‌شداربووانى پارێزگاى هه‌ولێر و سلێمانى له‌و باوه‌ڕه‌دان گه‌نده‌ڵی كێشه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان. له‌سه‌دا 80ى به‌شداربووانى دهۆك پێیانوایه‌ گه‌نده‌ڵی كێشه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان. حه‌وته‌م/ به‌شدارى سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان لاوازه‌: دیاره‌ به‌شدارى سیاسی ته‌نها به‌شداریكردن نیه‌ له‌ پڕۆسه‌ى ده‌نگدانداندا، به‌ڵكو به‌شدارى سیاسی سه‌رجه‌م فۆرمه‌كانى وه‌ك به‌شداریكردن له‌ دروستكردنی حزب و ڕێكخراوه‌كان، به‌شداریكردن له‌ خۆپیشاندان، به‌شداریكردن له‌ گردبوونه‌وه‌و ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان و به‌شداریكردن له‌ مانگرتن و سه‌رجه‌م ئه‌و شێوه‌ چالاكیانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ بۆ مه‌به‌ستى كاریگه‌ری خستنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى سیاسی ئه‌نجامده‌درێت. له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شداری سیاسی هاوڵاتیان تادێت لاوازتر ده‌بێت. ئه‌م لاوازییه‌ش ده‌سه‌ڵاتى سیاسی لێی به‌رپرسیاره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات ماف و ئازادییه‌ سیاسیه‌كانى سنوردار كردوه‌. بۆ نموونه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان هاوڵاتی سزای یه‌ك ساڵ زیندانى به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ى نیه‌تى به‌شداریكردنى هه‌بووه‌ له‌ خۆپیشانداندا. به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌، چالاكوان و به‌رپرسانى ئۆپۆزسیۆن ده‌ستگیركراون ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ى پێشوه‌خته‌ نیه‌تى  خۆیان بۆ به‌شداریكردن له‌ خۆپیشانداندا ئاشكراكردوه‌، واته‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌شدارى خۆپیشاندان بكه‌ن ته‌نها نیه‌تی خۆیان بۆ به‌شداریكردن له‌ خۆپیشاندان له‌ ڕاگه‌یاندندا ئاشكراكردوه‌ ده‌ستگیركراون.   له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ئاستى به‌شدارى له‌ هه‌ڵبژاردن و پڕۆسه‌ى ده‌نگدان له‌هه‌رێمی كوردستان زۆر دابه‌زیوه‌. بۆ نموونه‌، ڕێژه‌ى به‌شداری هاوڵاتیان له‌ هه‌ڵبژاردنى 2018ى هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌دا 57.96 بووه‌. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتیه‌كه‌ى 2021 عێراق ڕێژه‌ى به‌شدارى بۆ له‌سه‌دا 40 دابه‌زی. هۆكارى سه‌ره‌كی ئه‌م لاوازییه‌ش له‌دیدی خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناكاریگه‌ربوونی به‌شدارى سیاسی له‌ به‌دیهێنانى گۆڕانكارى سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان. هه‌شته‌م/ ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی له‌ هه‌رێمی كوردستان لاوازن: ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی به‌ كۆڵه‌كه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پڕۆسه‌ى دیموكراسی داده‌نرێن، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕاى زۆرى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی، ڕێكخراوه‌كان لاوازن. هۆكارى سه‌ره‌كی لاوازییه‌كه‌شیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتى سیاسی. هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه‌ به‌شدارییان كردووه‌ له‌ لاوازكردنى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی: 1-    به‌ حزبیكردنى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، به‌تایبه‌ت هێشتنه‌وه‌ى سه‌ندیكاو ڕێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كانى وه‌ك مامۆستایان، كرێكاران، پزیشكان و باقی سه‌ندیكاكانى تر له‌ژێر هه‌ژموونی حزبدا. 2-    به‌رته‌سككردنه‌وه‌ى ئازادییه‌كان، به‌تایبه‌ت مافی خۆپیشاندان و جوڵه‌ى مه‌ده‌نی، ڕێكخراوه‌كان له‌ژینگه‌یه‌كی ئازاددا ده‌توانن به‌ چالاكییه‌ مه‌ده‌نیه‌كانیان ئه‌نجامبده‌ن، له‌ ژینگه‌یه‌كی وه‌ك هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئازادییه‌كان به‌رته‌سككراونه‌ته‌وه‌، ڕێكخراوه‌كان ناتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. 3-    پێشكه‌شكردنى پشتیوانى دارایی به‌و ڕێكخراوانه‌ى كه‌ نزیك له‌ حزبی ده‌سه‌ڵاتدار، فه‌رامۆشكردنى ڕێكخراوه‌كانى تر، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ ڕێكخراوه‌ ڕاسته‌قینه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی نه‌توانن به‌ ئه‌ركی خۆیان هه‌ستن. هه‌شته‌م/ هێرش و فشار بۆ سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان له‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كێشه‌یه‌كی به‌ربڵاوه‌: پێشێلكاریی و فشاری ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان له‌ هه‌رێمی كوردستان دیارده‌یه‌كی به‌ربڵاوه‌. به‌پێى ئاماریی پێشێلكارییه‌كانى سه‌نته‌رى میترۆ ته‌نها له‌ ساڵى (2017)دا (419) پێشێلكارى جۆراو جۆر به‌رامبه‌ر (338) ڕۆژنامه‌نوس و ده‌زگاى ڕاگه‌یاندن له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆماركراون. له‌ساڵى (2018)دا (264) پێشلكارى به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراون. له‌ ساڵى (2019) دا (231) حاڵه‌تى پێشێلكارى جۆراوجۆر به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان ئه‌نجامدراوه‌. له‌ ساڵى (2020) دا (385) حاڵه‌تى پێشێلكارى جۆراوجۆر به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان و ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراون. له‌ ساڵى (2021) دا (353) حاڵه‌تى پێشێلكارى جۆراوجۆر به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان و ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراون . لە ساڵی 2022دا (431) پێشێلكاری بەرامبەر بە (301) رۆژنامەنووس و دەزگای راگەیاندنكراوە.   نۆیه‌م/ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له‌ هه‌رێمی كوردستان لاوازه‌: ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رى له‌ هه‌رێمی كوردستان لاوازه‌ له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك: 1- هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروبارى دادگاكاندا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ى: o    دیاریكردنى دادوه‌ره‌كان بۆ پۆسته‌ دادوه‌رییه‌كان. o    ده‌ستێوه‌ردان له‌ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى دادوه‌راندا. o    له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا بڕیاره‌كانى دادگا فه‌رامۆش ده‌كه‌ن. 2- ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر هه‌ژموونی حكومه‌تدایه‌، نه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بێت. 3-    هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ندێكجار له‌سه‌رو یاساوه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، ملكه‌چ نابن بۆ بڕیاره‌كانى دادگا، به‌تایبه‌ت له‌و كه‌یسانه‌ى كه‌ تاوانبار ئه‌فسه‌رێكی پله‌ باڵاى هێزه‌ چه‌كداره‌كان بێت. ده‌رئه‌نجام، سه‌روه‌رى یاسا له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاستێكی لاوازدایه‌، یاسا وه‌ك یه‌ك به‌سه‌ر هه‌موواندا جێبه‌جێ ناكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رپرسانى باڵاى پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌روو یاساوه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن. له‌ كۆنفرانسێكی هه‌واڵی تایبه‌ت به‌ ڕه‌وشی مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌رى یاسا له‌ هه‌رێمی كوردستان، ڕاپۆرتى ڕه‌وشی مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌رى یاسا بۆ ساڵى 2021 به‌ڕه‌شی پێشكه‌شكرا، سه‌رجه‌م لاپه‌ڕه‌كانى ڕه‌ش بوون، ئه‌ویش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ خراپی و مه‌ترسیدارى دۆخی سه‌روه‌رى یاساو مافه‌كانى مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان.   ده‌رئه‌نجام له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ندێك ڕوواڵه‌تى دیموكراسی وه‌ك فره‌یی سیاسی، به‌شدارى سیاسی، هه‌ڵبژاردن و ئازادی سیاسی بوونی هه‌یه‌. به‌ڵام هه‌ریه‌ك له‌م به‌هاو بنه‌ماییانه‌ به‌ ده‌ڵه‌مه‌یی بوونیان هه‌یه‌.   ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ردوو حزبی فه‌رمانڕه‌وا " پارتى و یه‌كێتى" ڕێگرن له‌به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونى پڕۆسه‌ى دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وه‌ى ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ پشتڕاستده‌كاته‌وه‌ پشتبه‌ستنى پارتى و یه‌كێتییه‌ به‌ ئامڕازه‌ نادیموكراسیه‌كان له‌ به‌ڕێوبردنى هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان، سنورداركردنى مافه‌ مه‌ده‌نی و ئازادییه‌ سیاسیه‌كان، سه‌ركوتكردنى ڕژنامه‌نوسان، به‌رته‌سكردنه‌وه‌ى شێوازه‌كانى به‌شدارى سیاسی "خۆپیشاندان وگردبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان"، بره‌ودان به‌ كلتوره‌ نادیموكراسیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و پشتیوانیكردنیان، به‌حزبیكردنى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروبارى دادگاكان و لاوازكردنى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ری. هۆكارى سه‌ره‌كی لاوازكردنى بنه‌ما دیموكراسیه‌كان له‌لایه‌ن پارتى و یه‌كێتیه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى پێیانوایه‌ له‌ حاڵه‌تى به‌هێزبوونی پڕۆسه‌ى دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌م هۆیه‌وه‌ ڕێگرن له‌به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌ى دیموكراسی. هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوێك بچێته‌ دواوه‌ ده‌بێته‌ هه‌رێمێكی ته‌واو دیكتاتۆری، به‌ڵام پێویستى به‌وه‌یه‌ دوو هه‌نگاو بچێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ دیموكراسیه‌كی ته‌واو پێشكه‌وتوو. فشارى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و فشارى هێزه‌ ناوخۆییه‌كان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم كاریگه‌ری باش له‌سه‌ر پڕۆسه‌ى به‌دیموكراسی بوونی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان له‌ دیكتاتۆرییه‌ت نزیك ده‌بێته‌وه‌.       سه‌رچاوه‌كان DEMOCRACY INDEX 2022 FRONTLINE DEMOCRACY AND THE BATTLE FOR UKRAINhttps://issuu.com/saladeprensa/docs/democracy_index_2022   Public Survey of Iraqi Kurdistan Public Opinion  Region.(2010). https://chmk.org/files/2018/04/IRI-Survey.-2010.-Survey-of-Iraqi-Kurdistan-Public-Opinion.pdf Winthrop Rodgers. (2021). Simmering frustration and a demand for change: Public service protests in the Kurdistan Region. MEI. https://www.mei.edu/publications/simmering-frustration-and-demand-change-public-service-protests-kurdistan-region Pring, C. (2015). Kurdistan Region of Iraq: Overview of corruption and anti-corruption. Transparency International. Freedom House. 2021. Iraq: Freedom in the World 2021 Country Report. https://freedomhouse.org/country/iraq/freedom-world/2021     سەرۆکی دەستەى دەستپاکى: گەندەڵى هەڕەشەیەکى گەورەیە لەسەر هەرێمى کوردستان، 2022. https://rojnews.news/?p=293347 راپۆرتی رەوشی سەروەری یاسا و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێتەوە. 2021. https://www.facebook.com/bmctv.krd/videos/2992685690953113  ئامارى پێشێلکارییەکان لە ساڵى 2017 دا. سه‌نته‌رى میترۆ. https://www.metroo.org/dreja.aspx?=hewal&jmare=1536&Jor=14 ئامارى پێشێلکارییەکان لە ساڵى 2018 دا. سه‌نته‌رى میترۆ.  https://www.metroo.org/dreja.aspx?=hewal&jmare=2368&Jor=14 https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=38973&babet=1&relat=1024 راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەریی لە هەرێمی كوردستان 2021. سه‌نته‌رى میترۆ. https://www.metroo.org/dreja.aspx?=hewal&jmare=12387&Jor=14 ئامارى پێشێلکارییەکان لە ساڵى 2020 دا. سه‌نته‌رى میترۆ.  https://www.metroo.org/dreja.aspx?=hewal&jmare=4643&Jor=14 ئاماری‌ پێشێلكارییه‌كانی‌ 2019 به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن. سه‌نته‌رى میترۆ. https://www.metroo.org/dreja.aspx?=hewal&jmare=3101&Jor=14  ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی: نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌یه‌وێت ببێته‌ شوێنگره‌وه‌ی تاڵه‌بانی. https://www.kurdistan24.net/ckb/story/21868-%D8%A6%D9%87%E2%80%8C%D9%86%D8%AF%D8%A7%D9%85%DB%8E%D9%83%DB%8C-%D8%B3%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%D9%83%D8%B1%D8%AF%D8%A7%DB%8C%D9%87%E2%80%8C%D8%AA%DB%8C-%D9%BE%D8%A7%D8%B1%D8%AA%DB%8C:-%D9%86%D9%87%E2%80%8C%D9%88%D8%B4%DB%8C%D8%B1%D9%88%D8%A7%D9%86-%D9%85%D8%B3%D8%AA%D9%87%E2%80%8C%D9%81%D8%A7-%D8%AF%D9%87%E2%80%8C%DB%8C%D9%87%E2%80%8C%D9%88%DB%8E%D8%AA-%D8%A8%D8%A8%DB%8E%D8%AA%D9%87%E2%80%8C-%D8%B4%D9%88%DB%8E%D9%86%DA%AF%D8%B1%D9%87%E2%80%8C%D9%88%D9%87%E2%80%8C%DB%8C-%D8%AA%D8%A7%DA%B5%D9%87%E2%80%8C%D8%A8%D8%A7%D9%86%DB%8C   هه‌ردی مێد. ده‌روازه‌یه‌ك بۆ تێگەیشتن له‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان. 2019. https://www.zamenpress.com/Detail_wtar.aspx?jimare=639 په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ده‌نگی 80 په‌رله‌مانتار ته‌مه‌نی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی درێژكرده‌وه‌ https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=156474&babet=1&relat=1024 ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان کارادەکرێنەوە. 2019. https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/3009201912 هه‌شت ساڵه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌ڕێوه‌ نه‌چووه‌. 2022 https://www.kurdiu.org/sp/b/508991 چارەنووسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە کاتێکی نادیار سپێردراوە. 2020 https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=17069 ئینفۆگرافیك: پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژدەكاتەوە "سەرجەم خولەكانی پەرلەمان تەمەنی خۆیان درێژكردووەتەوە".2022 https://www.facebook.com/watch/?v=1129975334601196 هۆگر ئیبراهیم حه‌كیم. سیستمی هەڵبژاردن و هاوکێشەکانی دەسەڵات لە هه‌رێمی كوردستان شێواز و سیناریۆ ئایندەییەکانی. 2022. https://www.centerfs.org/electoral-system-and-power-equations-in-the-kurdistan-region/ “شەرعیەتی دیموكراسییان نەماوە” بڕیارێكی پەرلەمان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی لەبیربردووەتەوە  https://esta.krd/17852/ له‌م لینكه‌وه‌ بڕوانه‌ ڕاپۆرته‌كانی سه‌نته‌رى په‌ره‌پێدانى دیموكراسی و مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان: https://dhrd.info/%da%95%d8%a7%d9%be%db%86%d8%b1%d8%aa/ احمد، محمد مصطفي. "معاير عنلية  لأجراء إىتخابات نزيهة الأىتخابات الدورة البرلمانية لعام 2009 في  اقليم كوردستان العراق انموذجا". دراسات قانونية وسياسية، العدد7(2016):426-477   * مامۆستا له‌ زانكۆی سلێمانی، خوێنكارى دكتۆرا له‌ بوارى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان


درەو:  (بیكەر - هامڵتۆن) لە راپۆرتەكەیاندا كەركوكیان بە "بەرمیلە باروت" ناوبردو پێیان وابوو كەركوك بەردەوام لەبەردەم تەقینەوەدایە، ئێستا دوای (17) ساڵ لە راپۆرتەكەی (بیكەر - هامڵتۆن)، گرژی و ئاڵۆزی و جوڵەی هێزەكان لە شاری كەركوك بەتەواوی ئارام نەبووەتەوە، چوار گەنجی كورد بە گوللەی هێزە ئەمنییەكان كوژران، ئیسماعیل قائانی چووە كەركوك، بارودۆخەكە بە دنەدانی ئەمریكاو توركیا دەزانن، هاكان فیدان پەكە*كە و توركامنەكانیش چەكدارە ئێرانیەكان تۆمەتبار دەكەن، ئێستا ئاراستەكان دەركەوتوون، لایەنە كوردیەكانیش بەسەر دوو ئاراستەدا دابەشبوون، پارتی لەگەڵ ئاراستەی توركیا و ئەمریكا و توركمانەكانی كەركوكە، یەكێتی لەگەڵ ئاراستەی ئێران و لایەنە شیعەكانی كەركوكە.   گرژییەكانی كەركوك ئێوارەی 2ی ئەیلولی رابردوو خۆپیشاندانی پێچەوانە لە دژی گردبوونەوەو خۆپیشاندانی لایەنە شیعەكان لەبەردەم بارەگاكەی پارتی لە كەركوك دەستیپێكرد، خۆپیشاندانی گەنجە كوردەكانی كەركوك فراوانتر بوو، هێزی ئۆپەراسیۆن و دژەتیرۆرو  ئەمنی نیشتمانی لە كەركوك جوڵەی پێكرا، بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرانی كورد، هێزە ئەمنییەكان سڵیان لە تەقەكردن و كوشتن نەكردەوە، دواجار بە گوللەی هێزە ئەمنییەكان چوار گەنجی كورد (هاوكار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەمەد، حسێن سابیر) شەهیدكران، گردبوونەوەی بەردەم بارەگاكەی پارتی لە كەركوك هەڵگیرا، بەڵام شارەكە پڕكرا لە هێزی سەربازی، سوپاسالاری عێراق بەخۆی و هێزێكی زۆرەوە چەند رۆژێكە لەكەركوكە، گەنجە خوێنگەرمە كوردەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بانگەوازی خۆپیشاندان دەكەن، هێزە ئەمنییەكانیش شەقامەكان دەتەنن. كاردانەوەكان: مەسعود بارزانی وتی: لەبەرانبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی كوردی كەركووك زەبروزەنگ و توندوتیژی بەكار هاتووە و خوێنی گەنجی كورد ڕژاوە. ئەم جۆرە ڕەفتارە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نیە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و، ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت. بافڵ تاڵەبانی: بەهیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین خوێنی گەنجەكانمان بڕژێت لەژێر ناوی هەستی نەتەوایەتیدا یاری بە ژیانیانەوە بكرێت چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شیعەكان: سەقامگیری كەركوك بەرپرسیارێتی هەموانە، هێزە سیاسیەكان دووربكەونەوە لە گوتاری توندو كار بۆ هێوركردنەوە بكەن ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی فراكسیۆنی توركمانی: هەبوونی چەكداری تیرۆریستی پە*كە*كە و گروپە چەكدارە ئێرانییەكان لە ناوكەركوكدا هۆكاری نانەوەی پشێوییەكانن لە كەركوك. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا: كەركوك زێدی توركمانە، رێگە بە تێكدانی ئاسایش‌و یەكێتیی خاكەكەی نادەین. قەیس خەزعەلی، ئەمینداری‌ گشتی‌ عەسائیبی‌ ئەهلی‌ حەق سەبارەت بە شاری كەركوك ڕایگەیاند، كەركوك عێراقییەو توركمانەكانیش عێراقین، هیچ دەوڵەتێك مافی ئەوەی نییە دەستێوەردان لە كاروباری نێوخۆی عێراقدا بكات دەركەوتنی ئاراستەكان هەموو لایەنەكان هەست بە جموجوڵی سەربازی و سیاسی دەكەن لە كەركوك، چی لە ئاستی ناوخۆیی چی لە ئاستی هەرێمایەتی، توركیا لە ئاستی سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوە و سەرۆكی میت هاتە سەر خەت و توند بوو لەسەر رووداوەكانی كەركوك و تا گەیشتە ئەوەی كەركوك بە نیشتمانی توركامنەكان دابنێت. ئێران سەرەرای بوونی چەكدارانی حەشدی شەعبی و گروپەكانی نزیك لە ئێران دوو رۆژ دوای خۆپیشاندانەكان ئیسماعسل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی گەیشتە كەركوك و دوای مانەوەو كۆبوونەوە نهێنییەكانی چووە كەربەلا. توركیا لە ئێستادا پێی وایە چەكدار و رێكخستنەكانی پەكەكە بە كارئاسانی گروپە شیعەكانی نزیك لە ئێران بەتەواوی لە كەركوك گەشەیان كردووە، ئەمەش هەم بۆ پارتی و هەم بۆ توركیا جێگای نیگەرانی گەورەیە ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركان لە لێدوانەكانی باسی مەترسیەكانی بوونی پەكەكەی كردووە لە شاری كەركوك، ئەم بۆچوونە لە زاری هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیاش چەند جارێك باسكرا، بەو پێیەی توركیا درۆنەكانی لە هەموو خاكی هەرێم خستووەتە كار جگە لە كەركوك، بۆیە پێی وایە پەكەكە بەو كەركوك كشاوە، بۆیە توركیا بیر لە دەستوەردان دەكاتەوە لە كەركوك كە خۆی ئامانجێتی بۆ پشتیوانی توركمانەكان و پەكەكە دەكاتە بیانوو، بۆیە پشتیوانی لە ئاراستەی كاركردنی پارتی دەكات، كە لەلایەك دژی پەكەكەیەو لەلایەكیش پشتیوانی توركمانەكانە، لەلایەكی تریش پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی كەركوك بە هاوبەشی لەگەڵ حزبی ئیسلامی عێراقی لیستیان دەبێت، بۆیە ئێستا بەرەی پارتی ، توركیا ، توركمان و بەشێك لە سونەكانی كەركوك دەركەوتووە، چونكە كە رەنگە گرەو لەسەر كورسی زۆرو بردنەوەی پارێگاری كەركوك بكەن. ئێرانیش لە رێگەی حەشدی شەعبی و گروپەكانی نزیك لە خۆی دەیەوێت بە هاوكاری یەكێتی جڵەوی كەركوك لە دەستی خۆیدا بێت بە هێزو هەڵبژاردنیش لەلای خۆی بمێنێتەوە، بۆیە لە بەغدادەوە لە رێگەی حكومەت و هێزەوە  دەیانەوێت نەخشەی كەركوك وەك ئێستا لە دەستی خۆیان بمێنێتەوە. رەنگە ئەم دۆخەی كەركوك تا هەڵبژاردن گەرم بێت و ململانێی ئەم دوو ئاراستەیە سەربكێشێت بۆ خۆپیشاندان و توندوتیژی تر، كە رەنگە ئەنجامی هەڵبژاردن بەشێك لە نەخشەكە بگۆڕێت بەڵام كەركوك هەر لەدەستی ئەم گروپەی ئێستا بمێنێتەوە. بەرمیلە باروتەكەی (بیكەر – هامڵتۆن) ئەو كات كەركوك لەناو جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوری عێراق بوو (ئاساییكردنەوە، سەرژمێری، راپرسی) كورد فشاری دەكرد دەبێت مادەكە جێبەجێبكرێت كۆتایی 2007 راپرسی بكرێت بۆ یەكلاكردنەوەی شاری كەركوك، لایەنەكانی دیكە دژی بوون، بارودۆخی عێراق لەرووی ئەمن و ئاساییشەوە جێگیر نەبوو.  ئەوكات لە راپۆرتی خۆیاندا گروپی دیراسەكردنی عێراق بەسەرۆكایەتی (جەیمس بیكەر - لی هاملتۆن)لە راسپاردەی(30)ی راپۆرتەكەیاندا باسیان لە كەركوك كرد دەكرێت ببێتە بەرمیلێك بارووت. لە راسپاردەی 30 راپۆرتەكەی (بیكەر - هامڵتۆن)دا هاتووە:(لە بەر ڕۆشنایی باری ترسناكی كەركوك ، زۆر پێویستی بە چارەسەری نێودەوڵەتی هەیە بۆ دووركەوتنەوە لە توند و تیژی چاوەڕوان كراو، بەهۆی كێشەو پێكهاتەی جیاوازی كەركوكەوە، دەكرێت كەركوك ببێتە بەرمیلێك باڕووت، بۆیە ئەنجام دانی راپرسی دەربارەی چارەنووسی كەركوك بەر لە كۆتایی ساڵی 2007 دا ، وەك لە دەستووری عێراق دا داوای كراوە ، دەبێتە هۆی تەقینەوەی بارودۆخەكە، لە بەر ئەمە پێویستە دوا بخرێت .......) ئەو بەرمیلە باروتەی (بیكەر - هامڵتۆن) باسیان لێوەكردووە، رووداوو پێشبینیەك نیە رابوردبێت، ئەگەرێكە كە هەمیشە لە بەردەمی كەركوكدایە، بەو پێیەی كەركوك سەرەرای پێكهاتەو ئایینی جیاواز، دەستی هەرێمایەتی بەردەوام لەناودا یاری دەكات و لە هەر گۆڕانكارییەكدا ئەگەری رووداوو خۆپیشاندان و نائارامی هەیە.  


درەو: لە (75) رۆژی رابردوودا هەرێمی كوردستان رۆژانە لەبری (400)هەزار بەرمیل نەوت (85) هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغداد كردووە، لە ماوەی (75) رۆژی رابردوودا هەرێم بە بەهای (300) ملیار دینار نەوتی رادەستی عێراق كردووە، لە ساتی وەستانی پرۆسەی نەوتی هەرێمەوە، بەغداد (ترلیۆنێك و 800 ملیار) دیناری بۆ هەرێم ناردووە، حكومەتی هەرێم دەڵێت "پابەندییەكانمان جێبەجێكردووەو بەغداد یاسای بودجە جێبەجێناكات"، بەغداش دەڵێت "پابەندییە داراییەكانمان بەرامبەر هەرێم جێبەجێكردووەو هەرێم داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستنەكردووە". كامیان پابەندنین؟ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە رۆژی 3/9/2023 بڕیاریدا، كە بۆ مانگەكانی (9،10،11) بڕی (500) ملیار دینار قەرز بداتە هەرێمی كوردستان بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە دوای كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: هەرێم هەرچی پێویست بووە و هەر پابەندییەك بەرامبەر حكومەتی فیدراڵ هەبێت لە چوارچێوەی یاسای بودجە  و دەستوور جێبەجێی كردووە، لەگەڵ كەوتنەبواری جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق لە 2023/6/25  ، هەرێم پابەندییەكانی خۆی بە گوێرەی یاسای بودجە جێبەجێ كردووە، بەپێی یاسای بوودجەی عێراق پێویستە بەغدا مانگانە (تریلیۆنێك و 375 ملیار) دینار بنێرێت بۆ هەرێم كە (906 ملیار) دیناری بۆ مووچەیەی موچەخۆرانە. لەبەرامبەردا باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: حكومەتی عێراق پابەندییە داراییەكانی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێكردووە، ئەو پارانەی لە ئەستۆی هەرێمی كوردستاندایە لە سێ هێندەی پشكەكەی لە بودجەدا زیاترە بەپێی خەرجییە فعلییەكانی دەوڵەت، حكومەتی هەرێم داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی رادەست نەكردووە وەك ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە. پابەندییە داراییەكانی هەرێم چین؟ هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا لە پاڵ شاییستە داراییەكانیدا، كە بەپێی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێم (تریلیۆنێك و 375 ملیار) دینارە بەڵام كۆمەڵێك پابەندیش دەكەوێتە ئەستۆی لەوانە: * هەناردەكردنی بڕی (400) هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای نرخی فرۆشتنی كۆمپانیای سۆمۆ * رێژەی ٥٠% لە داهاتی دەروازە سنوورییەكان ( هەرچەندە لە یاسای بودجە هەرێم پابەند كراوە بەرادەستكردنی سەرجەم داهاتە نانەوتییەكانی) *  قەرزی مانگانەی پابەندی بەرامبەر بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە بێ سوودی بانكی (الفوائد المصرفیە). رادەستكردنی نەوت بەپێی بڕگەی دووەمی مادەی 12ی یاسای بودجەی عێراق هەرێمی كوردستان پابەندە بە رادەستكردنی (400) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە سۆمۆ، بەڵام بەهۆی راگرتنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركیا و رازی نەبوونی كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بەو بڕە پارەیەی بۆیان دیاریكراوە كە (6) دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك نەوت، هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغداد بكات. كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان هەرێم ئاشكرایكرد" لە 25ی حوزەیران وەزارەتی نەوتی عێراق داوایكردووە ئێمە لە 50 هەزارەوە دەستپێبكەین تا 140 هەزار بەرمیل نەوت رادەستبكەین، ئێمە لە 25ی حوزەیراندا ئەو نەوتەمان رادەستی پاڵاوگەی (كار) كرد كە بۆ عێراق كار دەكات، ئێستا رۆژانە بە تێكڕا (85 هەزار) بەرمیل نەوت بە عێراق دەدەین، بەڵام لەوكاتەوە یەك دینارو یەك دۆلار بۆ بەرهەمهێنان خەرج نەكراوە، ئەمەش بەبەهانەی ئەوەی دەڵێن بۆ كرێی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوە هەر بەرمیلێك 6 دۆلار حساب دەكەین ، ئێمە بۆ وەبەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت پێویستمان بە 24 دۆلارە‌و بۆ گواستنەوەش پێویستمان بە (7 دۆلار)ە، واتا تێكڕای خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لە هەرێم (31 دۆلار)ە‌و بەو (6 دۆلار)ەی دیاریكراوە كۆمپانیاكانی هەرێم ناتوانن نەوت بەرهەم بهێنن".    لە رۆژی 25ی حوزەیرانەوە نەوت رادەستی بەغداد دەكەن سەرەتا 50 هەزارو لە ئێستادا گەیشتووەتە (85) هەزار بەرمیل لەكۆی (400) هەزار بەرمیل نەوت، واتا لەماوەی ئەو (75) رۆژەی هەرێم نەوتی رادەستی بەغداد كردووە (25ی حوزەیران تا 8ی ئەیلول) بە تێكڕا نزیكەی رۆژانە (65 -70) هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغداد كردووە، كۆی گشتی دەكاتە ( 5 ملیۆن و 250 هەزار) بەرمیل نەوت كە دەبوو (30) ملیۆن بەرمیلی رادەستبكردایە، كۆی داهاتەكەی كە بۆ هەر بەرمیلێكی ناوخۆ (41) دۆلارە، چونكە ئەو نەوتە لە كێڵگەی خۆرمەڵەیەو كۆمپانیای كار كاری تێدا دەكات و هەر لە پاڵاوگەی كار دەپاڵێورێت و بەرهەمەكەی دەنێردرێت بۆ موسڵ، كۆی داهاتی ئەو نەوتەی رادەستی بەغداد كراوە دەكاتە (215) ملیۆن دۆلار بە نزیكەی (300) ملیار دینار. واتا هەرێمی كوردستان لە 25ی حوزەیرانەوە كە یاسای بودجە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە بە بەهای (300) ملیار دینار نەوتی رادەستی بەغداد كردووە. لە كاتێكدا بەغداد لەو ماوەیەی كە نەوتی هەرێم راگیراوە لە 25ی ئازارەوە بڕی (ترلیۆنێك و 798 ملیار ) دینار پارەی بۆ هەرێم ناردووە، لە 25ی ئازارەوە كە نەوتی هەرێم وەستاوە لە بەغدادەوە بە سێ جار بڕٍی (400) ملیار دینار بۆ هەرێم نێردراوە كە دەكاتە (ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینار، رۆژی 2ی ئابی 2023 لە بەغدادەوە بڕی (598) ملیار دینار بۆ موچەی موچەخۆران گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان، كۆی گشتی ئەو پارەیەی لە دوای راوەستانی نەوتەوە گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان ( ترلیۆنێك و 798 ملیار) دینارە. ئەمە لە كاتێكدا بڕی ئەو نەوتەی هەرێم رادەستی بەغدادی كردووە (5 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل)ە كە رۆژانە بە تێكڕا نزیكەی (70) هەزار بەرمیلە، بە پێی یاسای بودجە دەبوو هەرێم رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكات، كە كۆی گشتی لەو ماوەیە دەبوایە (30) ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەست بكردایە واتا تەنیا (17.5%)ی نەوتەكەی رادەستكردووە. بە وتەی وتەبێژی حكومەتی عێراق تا ئێستا هەرێمی كوردستان داهاتی نانەوتیشی رادەست نەكردووە، وەك ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، داهاتی ناوخۆ بە تێكڕا مانگانە بە (308) ملیار دینار دیاریكراوەو بە وتەی وەزیری دارایی هەرێم بۆ مانگی ئاب داهاتی ناوخۆ (320) ملیار دینار بووە.    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand