هەڵەی تەرازووی پێداچوونەوە چییە و چۆن ڕاست دەکرێتەوە؟
2024-12-20 17:49:09
راپۆرتی: درەو
🔹 ساڵی (1494) زانایەکی ئیتاڵی لەبواری بیرکاریدا بە ناوی (لووکا پاچۆلی) تۆماری دوولایەنە (قید مذدوج)ی داهێنا، بەپێی ئەم بنەمایە بۆ هەموو کردارێکی دارایی پێوسمان بە دوو لایەنی وەرگر (مدین) و پێدان یان بەخشین (دائن) هەیە، کە پێکەوە تەرازووی پێداچوونەوە(میزان المراجعة) پێکدەهێنن.
🔹 لە ئێستادا حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێم لە بارەی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە کێشەی هەیەو وەفدێکی تەکنیکی لە بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە هەرێمە بە ئامانجی هاوکاریکردنی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لە ئامادەكردن و هەموارکردنەوەی تەرازووی پێداچوونەوە (موازين المراجعة)ی مانگانە.
🔹 مەرج نییە تەنها حکومەت و دامەزراوە داراییەکانی دەوڵەت ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە ئامادە بکەن، بەڵکو لە دەکرێت دامەزراوە داراییەکانی دیکەی وەک، بانکەکان، کۆمپانیا بازرگانییەکان، کارگەو تەنانەت سەرمایەدار و دوکاندارو هەر دامەزراوەیەک کە مامەڵەی دارایی ئەنجام بدات، بۆ خوپارێزی لە هەڵە داراییەکان و مەترسی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی دارایی و پاراستنی شەفافییەت، پشت بە ڕاپۆرتی خولی تەرازووی پێداچوونەوە ببەستێت.
🔹 پرسیارەکە ئەوەیە، تەرازووی پێداچوونەوە چییە؟ و بۆچی ئامادە دەکرێت؟، گرنگییەکەی چییە؟، چۆن گرفتی بۆ دروست دەبێت؟ ڕێوشوێنە زانستییەکانی چارەسەرکردنی تەرازووی پێداچوونەوە چییە؟، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە لەخوارەوە شیکاری بۆ ئەو پرسە دەکەین.
سەرەتا
ڕۆژی (15/12/2024) وەفدێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقیان کرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند، لە نێویشیان موچەی موچەخۆرانی هەرێم، لە کۆتایی سەردانەکەدا وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووە، لە خاڵی یەکەمی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ "ناردنی وەفدێکی تەکنیکی لە بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بە ئامانجی هاوکاریکردنیان لە هەموارکردنەوەی تەرازووی پێداچوونەوە (موازين المراجعة)ی مانگانەی پەیوەست بە مووچە و خەرجکردنی خانەنشینی بەپێی فەرمانی بەشی ژمێریاری ژمارە (2421) لە بەرواری 30/1/2024".
هەر لەم بارەیەوە ڕۆژی (17/12/2024) بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی پێشوازی کردووە لە شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق، کە ماوەی دوو ڕۆژە بە سەردانێکی فەرمی لە هەرێمی کوردستانن. لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: "وەزیری دارایی لەپێناو چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە تەکنیکیەکانی تایبەت بە موچەو جێبەجێکردنی داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر ڕێکخستنەوەی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە (میزان موراجەعە)، بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و گەنجینەکان و سەرجەم یەکە ژمێریاریەکان ڕاسپێردراون لە ماوەی کەمتر لەهەفتەیەکدا سەرجەم کارەکان تەواو بکەن".
هاوکات ڕۆژی (18/12/2024) لەبارەی دواکەوتنی موچەی مانگەکانی (10 و 11)ی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیندراوێکی بڵاوکردەوە، لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەد هاتووە "هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بەو میكانیزمەی وەزارەتی دارایی عێراق پیادەی دەكات، لە پارەداركردن، بەهۆی بوونی كێشە و گرفت لە (میزان موراجەعە)ی هەرێم كە ئەوەش بووەتە هۆكاری دواكەوتنی خەرجكردنی موچە".
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، تەرازووی پێداچوونەوە چییە؟و بۆچی ئامادە دەکرێت؟، گرنگییەکەی چییە؟، چۆن گرفتی بۆ دروست دەبێت؟ و ڕێوشوێنە زانستییەکانی چارەسەرکردنی تەرازووی پێداچوونەوە چییە؟، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە لەخوارەوە شیکاری بۆ ئەو پرسە دەکەین.
تەرازووی پێداچوونەوە (میزان المراجعة) چییە؟
ساڵی (1494) زانایەکی ئیتاڵی لەبواری بیرکاریدا بە ناوی (لووکا پاچۆلی) تۆماری دوولایەنە (قید مذدوج)ی داهێنا، بەپێی ئەم بنەمایە بۆ هەموو کردارێکی دارایی پێوسمان بە دوو لایەنی وەرگر (مدین) و پێدان یان بەخشین (دائن) هەیە، کە پێکەوە تەرازووی پێداچوونەوە(میزان المراجعة) پێکدەهێنن.
تەرازووی پێداچوونەوە، ڕاپۆرتێکی ژمێریارییە کە یەکە (باڵانس)ی داهات و خەرجکردن (مدین و دائین)ی ئەژمارێک لە "تۆمارێکی گشتیدا" لەخۆ دەگرێت. ئەم ڕاپۆرتە پشتڕاستی دەکاتەوە کە کۆی ڕەسیدی دامەزراوەکە (مدین) یەکسان و هاوسەنگە بە کۆی خەرجییەکانی (دائن)ی هەمان دامەزراوە؛ ئەمەش یەکپارچەیی و وردی تۆمارە داراییەکان مسۆگەر دەکات. کۆی پرۆسەکەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی لە هەڵەی دارایی دوور بکەوینەوە.
ئەو ڕاپۆرتە داراییە هەموو مامەڵە داراییەکانی دامەزراوەکە لەخۆدەگرێت، تەرازووی پێداچوونەوە ئەم زانیاریانە کۆدەکاتەوە، دەبێتە وێنەیەکی پوختی باڵانسە داراییەکان لە ماوەیەکی زەمەنێکی دیاریکراودا، کە لە ڕێگەیەوە دەتوانیت بە ڕوونی و وردو خێرا دۆخی دارایی دامەزراوەکە ببینیت.
ئەمە ئەوە دەردەخات کە مەرج نییە تەنها حکومەت و دامەزراوە داراییەکانی دەوڵەت ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە ئامادە بکەن، بەڵکو لە دەکرێت دامەزراوە داراییەکانی دیکەی وەک، بانکەکان، کۆمپانیا بازرگانییەکان، کارگەو تەنانەت سەرمایەدار و دوکاندارو هەر دامەزراوەیەک کە مامەڵەی دارایی ئەنجام بدات، بۆ خوپارێزی لە هەڵە داراییەکان و مەترسی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی دارایی و پاراستنی شەفافییەت، پشت بە ڕاپۆرتی خولی تەرازووی پێداچوونەوە ببەستێت.
گرنگی ئامادەکردنی تەرازووی پێداچوونەوە (میزان المراجعة)
هەر دامەزراوەیەک بۆ پاراستنی هاوسەنگییە ژمێرکارییەکان و دوور کەوتنەوە لە پشێوییە داراییەکان، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە ئامرازی سەرەکی و کاری ئەوە. کە یارمەتیدەرە بۆ پشکنین و بەدیهێنانی هاوسەنگی ژمێرە داراییەکا؛ ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەڵەی گەورەی ژمێریاری کە ڕەنگە لە داهاتوودا کێشەی گەورەتری لێبکەوێتەوە.
نەک هەر ئەوە، بەڵکو تەرازووی پێداچوونەوە، دەتوانێت هەڵە ژمێریاریەکان دەستنیشان بکات، وەک: دوو جار تۆمارکردن یاخود تۆمارنەکردن. ئەم هەڵانە دەتوانرێت پێش ئامادەکردنی بەیاننامەی دارایی کۆتایی ڕاست بکرێتەوە؛ ئەمەش دڵنیای دەدات لە وردی و متمانەپێکراوی بەیانات و زانیارییە داراییەکان.
تەرازووی پێداچوونەوە هەنگاوێکی بنەڕەتییە لە ئامادەکردنی بەیاننامە داراییەکان، وەک: داڕشتنی بودجەی گشتی و بەیاناتی داهات و خەرجی، چونکە داتای ورد و متمانەپێکراوت پێ دەدات، کە بەشدارە لە بڕیاردانی دارایی دروست. کەواتە، بەکارهێنانی تەرازووی پێداچوونەوە بە شێوەیەکی بەردەوام توانای بەڕێوەبردنی بابەتە داراییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر و ورد بەرز دەکاتەوە.
دەکرێت ئامانج و سودو گرنگترین لایەنەکانی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە لەم چەند خاڵەدا کوردت بکرێتەوە؛
1. دۆزینەوەو دیاریکردنی هەڵەکان: یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی تەرازووی پێداچوونەوە، دەستنیشانکردنی هەڵە ژمێریارییەکانە، بۆ پاراستنی هاوسەنگی نێوان داهات و قەرزو خەرجییەکان.
2. پشتڕاستکردنەوەی وردی داتاکان: وەک ئامرازێک بەکاردێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی بەدیهێنانی وردی تۆمارەکان پێش ئامادەکردنی بەیاننامەی دارایی کۆتایی.
3. باشترکردنی چاودێری ناوخۆیی: بەشدارە لە دیاریکردنی هەر کەموکوڕییەک یان ئەگەری و یارکردن و دەستکاریکردنی تۆمارە داراییەکان.
4. بەرزکردنەوەی ئاستی شەفافیەت: بە بنەما دادەنرێت بۆ داڕشتنی ڕاپۆرتی دارایی ڕوون و ورد یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئامادەکردنی بودجەی گشتی و بەیاناتی داهات و خەرجی.
5. ئاسانکاری بڕیاردان: یارمەتی دامەزراوەکان دەدات بڕیاری ستراتیژی بدەن لەسەر بنەمای دۆخێکی دارایی ورد و ئەبدەیتکراو (نوێ).
6. ئاسانکاری بۆ پرۆسەی وردبینی: تەرازووی پێداچوونەوە ئامرازێکی گرنگە بۆ ئاسانکاری و پشکنینی حیساباتی دارایی بۆ وردبینیکەرانی ناوخۆیی و دەرەکی. کە پرۆسەی پێداچوونەوە و وردبینی ئاسان دەکات.
7. پابەندبوون بە پێوەرو ستانداردە ژمێریارییەکان: دڵنیای دەدات لەوەی کۆمپانیاکە پابەندە بە ستانداردە ژمێریارییە پەسەندکراوە گشتییەکانی GAAP)) یان ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی ڕاپۆرتکردنی دارایی (IFRS).
پێکهاتەکانی تەرازووی پێداچوونەوە
1. ناوی یەکە دارایی و ژمێریارییەکان (ئەژمارەکان): ئەم ڕاپۆرتە ناوی سەرجەم یەکە دارایی و ژمێریارییەکانی ناو تۆماری گشتی دامەزراوە داراییەکە دەخاتە ڕوو، وەک: سەروەت و سامان، پابەندییە داراییەکان، داهات و خەرجییەکان. ئەمەش تێڕوانینێکی گشتگیر لە دۆخی دارایی دامەزراوەکە نیشان دەدات.
2. باڵانسی ئەژمارەکان: باڵانسی کۆتایی بۆ هەر ئەژمارێک دەخاتە ڕوو، یان بە شێوەی بانکی یان بە قەرز. ئەم زانیاریانە لە گشتییەوە وەرگیراون، بەهای هەر هەژمارێک لە کۆتایی ماوەی ژمێریاریدا نیشان دەدات.
3. کۆی گشتی قەرزەکان: تۆمارکردنی کۆی هەموو یەکە خەرجکراوەکان (دائن). ئەم کۆیە نوێنەرایەتی کۆی ئەو پارەیە دەکات کە دامەزراوەکە قەرزدارە.
4. کۆی گشتی داهات: کۆی هەموو داهاتە وەرگراوەکان (مدین)ی تێدا ڕیزدەکرێت، چونکە ئەم کۆی گشتییە نوێنەرایەتی کۆی بڕی داهاتی دامەزراوە داراییەکە نیشان دەدات.
گرنگترین لایەنی ئەم ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە ئەوەیە کە کۆی خەرجییەکان یەکسانن بە کۆی گشتی داهاتەکان. ئەگەر کۆی گشتیەکان یەکسان نەبن، ئەمە ئاماژەیە بۆ هەڵەیەک لە نووسراوەکانی ژمێریاریدا، کە دەبێت پێش ئامادەکردنی ڕاپۆرتی دارایی کۆتایی ڕاست بکرێتەوە. بۆ نموونە: ئەگەر خەرجیەک وەک خەرجیی (دائن) تۆمار بکرێت لەبری کۆکردنەوە (مدین)، ئەوا هەژمارەکە ناهاوسەنگ دەبێت، و هەڵەکە پێویستی بە ڕاستکردنەوە دەبێت.
گرنگە لەوە تێبگەین کە ئەم ڕاپۆرتە بەتەنها گەرەنتی وردبینی نییە، بەڵکو ئامرازێکی بەسوودە بۆ دۆزینەوەی هەڵە لە تۆمارە ژمێریارییەکاندا. بە ئامادەکردنی بە شێوەیەکی بەردەوام، ژمێریار دەتوانێت دڵنیابێت لەوەی کە ڕاپۆرتە داراییەکان ڕەنگدانەوەی وردیی دۆخی دارایی دامەزراوەکە داراییەکە نیشان دەدات.
جۆرەکانی تەرازووی پێداچوونەوە
بەشێوەیەکی گشتی ژمێریاران بە سێ جۆر تەرازووی پێداچوونەوە ئامادە دەکەن، ئەوانیش؛
1. تەرازووی پێداچوونەوەی ڕێکنەخراو (ميزان المراجعة غير المعدّل)
ڕاپۆرتێکی سەرەتاییە کە پێش کۆتایی هاتنی ماوەی ژمێریاری ئامادە دەکرێت. باڵانسی هەر هەژمارێک لە تۆماری گشتیدا وەک خۆی دەنووسرێت پێش ئەوەی هەر دەستکارییەک بکرێت.
ئەم ڕاپۆرتە بەکاردێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی وردیی ژمێرکاری لە تۆماری گشتیدا، بۆ دیاریکردنی هەر هەڵەیەک، کە لەوانەیە لە کاتی پرۆسەی تۆمارکردندا ڕوویدابێت. ئەم جۆرە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ ڕاستکردنەوەی هەر هەڵەیەک پێش ئامادەکردنی ڕاپۆرتی دارایی کۆتایی.
2. تەرازووی پێداچوونەوەی ڕێکخراو (ميزان المراجعة المعدّل)
دوای کۆتایی هاتنی ماوەی ژمێریاری ئامادە دەکرێت، هەموو ژمێرکارییەکانی ناو تۆماری گشتی دەگرێتەوە. ئەم ڕاپۆرتە ڕەنگدانەوەی هەژمار (باڵانس)ی کۆتایی بۆ هەر هەژمارێک (ئەکاونت)ێکە دوای ئەنجامدانی دەستکارییە پێویستەکان. پاش دەستکاریکردن و هەموارکردنەوەکان تۆمار دەکرێن؛ بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، یان نوێکردنەوەی هەژمارەکان، وەک: تۆمارکردنی بەکاربردن یان خەرجییە کەڵەکەبووەکان.
لێرەدا تەرازووی پێداچوونەوە وێنەیەکی گشتگیر لە دۆخی دارایی دامەزراوەیەکە لە کۆتایی ماوەی ژمێریاریدا نیشان دەدات، بەکاردێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کۆی قەرزەکان یان خەرجییەکان (دائین) یەکسانن بە کۆی گشتی وەرگیراو یان داهاتەکان (مدین) دوای ئەوەی دەستکاریکردنی زانیارییەکان ئەنجام دەدرێن.
3. تەرازووی پێداچوونەوەی دوای داخستن (ميزان المراجعة بعد الإغلاق)
ڕاپۆرتێکە کە دوای تەواوبوونی ڕاپۆرتە داراییە کۆتاییەکان ئامادە دەکرێت، کە هەژماری هەموو حساباتە هەمیشەییەکان لە تۆماری گشتیدا دەنووسرێت، هەروەها بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو حساباتە کاتیەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک داخراون و هەژماری حیساباتە هەمیشەییەکان بە هاوسەنگی ماوەتەوە.
ئەم جۆرە گرنگترینیانە؛ لەبەر ئەوەی پشکنینی کۆتایی لەسەر وردی بەیاننامە داراییەکان دابین دەکات، و پشتڕاستی دەکاتەوە کە هەموو ژمێریارییەکان بە باشی داخراون و تیانووسە ژمێریارییەکان بە وردی هاوسەنگ کراون، هەروەها دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ دۆزینەوەی هەر هەڵەیەک کە ڕەنگە لە کاتی پرۆسەی داخستنیدا ڕوویدابێت. دڵنیا دەبیتەوە لەوەی کە پێش دەستپێکردنی ماوەی ژمێریاری نوێ هەڵەکان ڕاست کراونەتەوە.
هەڵەی تەرازووی پێداچوونەوە چییە و چۆن ڕاست دەکرێتەوە؟
هەڵەی تەرازووی پێداچوونەوە بریتییە لە ناتەبایی و ناهاوسەنگی نێوان کۆی رەسیدی (مدین) و کۆی رەسیدی (دائن) لە تۆماری گشتیدا، کە لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ کێشەیەک لە وردبینی یان ڕاستی تۆمارە داراییەکان.
چەندین ئاستەنگ هەیە کە ڕەنگە ڕێگری بکات لە ئامادەکردنی تەرازووی پێداچوونەوە، لەوانە:
• جیاوازی لە کاتدا (توقیت): تەرازووی پێداچوونەوە بەزۆری لە کاتێکی دیاریکراودا ئەنجام دەدرێت و لەوانەیە ڕەنگدانەوەی ئەو مامەڵانە نەبێت کە هێشتا تۆمار نەکراون یان حەواڵە نەکراون.
• مامەڵە تۆمارنەکراوەکان: تەرازووی پێداچوونەوە گەرەنتی تەواوی تۆمارە داراییەکان ناکات، لەوانەیە ئەو مامەڵانە لەبەرچاو نەگرێت کە لابراون یان بە هەڵە تۆمارکراون.
• هەڵە لە هەژمار (حساب)کردندا: تەرازووی پێداچوونەوە تەنها رەسیدی (دائن و مدین)ی تێدا تۆمار دەکرێت، هەڵەی دیکەی وەک هەڵەی هەژمار (حیساب)کردن یان نووسینی هەڵە ناپشکنێت و دەرناخات.
• هەڵە لە پۆلێنکردن: تەرازووی پێداچوونەوە وردی پۆلێنکردنی مامەڵە ژمێریارییەکان پشتڕاست ناکاتەوە، وەک ئەوەی ئایا مامەڵەکە لە ئەژمێری دروستدا تۆمارکراوە یان نا.
• چالاکییە ساختەکان: تەرازووی پێداچوونەوە ناتوانێت دژی چالاکییە داراییە ساختەکان بێت، وەک ساختەکردنی تۆمارە داراییەکان یان دزینی سەروەت و سامان و گەندەڵی.
لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئەگەر تەرازووی پێداچوونەوە لە هاوسەنگی دەرچوو، پێویستە چ هەنگاوێک بگیرێتەبەر؟
ئەگەر تەرازووی پێداچوونەوە لاسەنگ بوو، واتە کۆی ستوونی (دائن) یەکسان نییە بە کۆی ستوونی (مدین)، پێویستە ئەو هەڵە یان هەڵانە بدۆزرێتەوە و ڕاست بکرێتەوە کە بووەتە هۆی ئەم ناهاوسەنگییە. لێرەدا ئەو هەنگاوانە دەخەینەڕوو کە لەم حاڵەتەدا پێویستە پەیڕەوی لێبکرێت:
1. پێداچوونەوە بە حسابات و ڕەسیدەکان: سەرەتا بە پێداچوونەوە بە حساب و باڵانسەکانی ئەم ڕاپۆرتە دەست پێ دەکرێت بۆ ئەوەی دڵنیا بیت لەوەی کە ڕاستن. پشکنین بۆ هەر هەڵەیەک لە گواستنەوەکەدا، وەک داخڵکردنی ژمارەیەک لە شوێنی هەڵە، یان هەر هەڵەیەکی تر کە لەوانەیە لە کاتی پرۆسەی تۆمارکردندا ڕوویدابێت.
2. پشکنین بۆ ئەکاونت (هەژمار)ە سڕاوەکان: بزانە کە ئایا هیچ ئەکاونتێک یان یەکەیەکی ژێرەیی لە ڕاپۆرتەکەدا سڕاوەتەوە. ئەمە دەتوانێت چاودێرییەکی سادە بێت، یان دەتوانێت نیشاندەری کێشەیەکی گەورەتر بێت.
3. پشتڕاستکردنەوەی پرۆسە حیسابییەکان: دڵنیابە لەوەی کە بڕی (دائن) و (مدین) بە باشی حیسابی بۆ کراوە، و هیچ هەڵەیەکی بیرکارییانە تۆمار نەکراوە.
4. بەراوردکردن لەگەڵ بەڵگەنامە و سەرچاوەکان: بەراوردکردنی ڕاپۆرتەکە لەگەڵ بەڵگەنامە سەرچاوەکانی، وەک فاتورە، پسوڵە و بەیاننامەی بانکی، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو مامەڵە ژمێریارییەکان تۆمارکراون.
5. پشکنین بۆ تۆمارکراوی دووبارە: پشکنین بۆ هەر نووسراوێکی دووبارە لە تۆماری گشتیدا، چونکە دەتوانێت ببێتە هۆی ناهاوسەنگی لە ڕاپۆرتەکەدا.
6. بەدواداچوون بۆ هەڵەکان: کاتێک سەرچاوەی ئەگەری هەڵەیەک دەستنیشان کرا یاخود بووە جێی گومان، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای مامەڵەکە و ئەنجامدانی هەر چاکسازییەک تێدا ئەگەر پێویست بوو.
7. دووبارە کارکرن لەسەر ڕاپۆرتەکە: دوای ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، دووبارە کار لەسەر ڕاپۆرتەکە دەکرێت، بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کە کۆی ستوونی (دائن) و (مدین) یەکسانن.
دۆزینەوە و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان لە ڕاپۆرتێکدا دەکرێت کاتێکی زۆر بخایەنێت، بەڵام گرنگە دڵنیابین لە وردی و یەکپارچەیی تۆمارە داراییەکانی هەر دامەزراوەیەکی دارایی. بە پەیڕەوکردنی ئەو هەنگاوانەی دەتوانرێت سەرچاوەی ناهاوسەنگیەکە بدۆزرێتەوە و ڕاستی بکاتەوە.
بە پەیڕەوکردنی ئەو هەنگاوانە بە وردی، دەتوانرێت تەرازوویەکی پێداچوونەوەی ورد و متمانەپێکراو ئامادە بکەیت، دڵنیا بیت لەوەی کە مامەڵەکان هاوسەنگن و هەڵە ئەگەرییەکان دەستنیشان بکەیت. دەبێت ئەوەش لەبیر نەکرێت کە بەکارهێنانی ئامرازە گونجاوەکان، وەک نەرمەکاڵای ژمێریاری (کۆمپیوتەر و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان) دەتوانێت پرۆسەکە ئاسانتر و وردتر بکات. هەرچەندە ئامادەکردنی تەرازووی پێداچوونەوە لە سەرەتادا ڕەنگە ئاڵۆز بێت، بەڵام ئەزموون و پراکتیزەکردن دەیکاتە پرۆسەیەکی ئاسان و کارا کە پشتگیری سەرکەوتنی دارایی هەر دامەزاوەیەکی دارایی دەکات.
سەرچاوەکان؛
• وزارة المالیة العراقیة، وزير المالية تستقبل وفد إقليم كردستان للتباحث بشأن رواتب الموظفين الاحد ١٥ كانون الأول ٢٠٢٤؛
https://shorturl.at/GMKVn
• ميزان المراجعة: ما هو وما أهميته في المحاسبة؟، يوليو 21, 2024، أساسيات المحاسبة؛
https://shorturl.at/FPij9
• ميزان المراجعة: كيفية إعداد ميزان المراجعة خطوة بخطوة؛
https://shorturl.at/Rfb2z
• درەو میدیا؛ وەزارەتی دارایی عێراق: موچەی مانگەكانی (10-11)مان ناردووە، 18/12/204؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=16079
• درەو میدیا؛ وەزیری دارایی هەرێم پێشوازی لە شاندێكی تەكنیكی وەزارەتی دارایی عێراق كردووە، 17/12/204؛
https://shorturl.at/rnIkX