بڕگەی نەوتی هەرێم دەخرێتە ناو خشتەكانی بودجەو سەرەتای ساڵی نوێ دەگاتە پەرلەمان
2024-12-20 10:28:33
(درەو):
هەمواری بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق دەگوازرێتەوە بۆ ناو خشتەكانی بودجەی 2025، خشتەكانیش سەرەتاڵی ساڵی ئایندە دەگەنە پەرلەمان.
عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەپێی قسەی سەرۆكی حكومەت، خشتەكانی بودجەی ساڵی 2025 لە سەرەتای ساڵی ئایندەدا دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران.
پرسی هەمواری بڕگەی (ج) لە ماددەی 12ی یاسای بودجەی گشتیی عێراق كە رێككەوتنی هەردوو حكومەتی هەولێرو بەغدادی لەسەرە سەبارەت بە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە كوردستان، هێشتا پەسەند نەكراوە، سەرۆكی لیژنەی دارایی باسلەوە دەكات، هەمواری بڕگەكە رەوانەی ناو خشتەكانی بودجەی 2025 دەكرێت.
"پێویستە چارەسەرێكی ریشەیی بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵیی و حكومەتی هەرێم بدۆزرێتەوە، ئامانجەكە تەنیا ئەوە نییە بڕگەی نوێ بۆ بودجە زیاد بكرێت، بەڵكو ئەوەیە بڕگەی وا پێشكەش بكرێت كە بتوانرێت جێبەجێ بكرێت" سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان وا دەڵێ.
وەكو عەتوان ئەتوانی باسی لێوە دەكات، هەموارەكانی بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان خراوەتە بەردەم چاودێریی دارایی فیدراڵ، ئەویش تێبینی خۆی داوە لەبارەی خاڵە كۆنەكانی ناكۆكیی سەبارەت بە پاكتاوی شایستەكانی نەوت و لیژنەی دارایی بەشێوەیەكی جددی چاودێری پرۆسەكە دەكات لە داهاتوودا.
هەمواری مادەی 12/دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی، تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، تێیدا لەبری (6 دۆلار)، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی هەرێم بڕی (16 دۆلار) دیاریكراوە، ئەمە تا ئەوكاتەی لەماوەی 60 رۆژدا کۆمپانیایەکی پسپۆری نێودەوڵەتی؛ خەمڵاندنێکی راستەقینەو دادپەروەرانە دەکات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و لەسەر ئەم بنەمایە نرخێكی نوێ دەچەسپێندرێت.
لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاری 2023وە، یەكێك لە ناكۆكییە سەرەكییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد بریتی بوو لە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، كە لە یاسای بودجەی عێراقدا بڕی 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دیاری كرابوو، حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكان بەم نرخە قایل نەبوون.
لەسەر بنەمای ئەم رێككەوتنەو هەمواری یاسای بودجە، وەكو كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت دەڵێ، پێشبینی دەكرێت لەسەرەتای ساڵی ئایندەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێبكاتەوە.