Draw Media

گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم "دروست و بەركارن"

گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم "دروست و بەركارن"

2024-12-22 16:22:28


(درەو):
دادگای کەرخی بەغداد سکاڵای وەزارەتی نەوتی عێراق رەتكردەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت، دەڵێ ئەو هۆكارانەی دادگای باڵای فیدراڵی لە بڕیاری شوباتی 2022ی خۆیدا پشتی پێبەستووە ناكرێت لەسەر ئەو گرێبەستە نەوتییانە جێبەجێ بكرێت كە بەر لە دەرچوونی بڕیارەكە ئیمزا كراون، ئەمەش دەرفەتێكی تر خۆش دەكات لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە سەرەتای ساڵی ئایندەوە. 
دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخی بەغداد، سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراقی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی رەتكردوەتەوە. سکاڵاکە لە دژی (9) کۆمپانیای نەوتی بیانی كەرتی نەوتی هەرێم تۆمار کرابوو کە بریتین لە (ئەداکس، دانا گاز، دی ئێن ئۆ، گازپرۆم نەفت، جێنێل ئینێرجی، گالف کیستۆن، ئێچ کەی ئێن ئینێرجی، شاماران، وێستەرن زاگرۆس)، دادگای كەرخ لە رۆژی 18ی ئەم مانگەدا بڕیاری خۆی بۆ رەتكردنەوەی سكاڵاكە دەركردووە.
دادگای كەرخ لە بڕیارەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، تەنانەت ئەگەر گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان پشتی بەو بنەما یاساییانەش بەستبێت كە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە شوباتی 2022دا بە نادەستوریی ناوی بردووە، هێشتا ئەو گرێبەستانە بە "دروست" ئەژمار دەكرێن.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ناوەڕاستی شوباتی 2022 لەسەر بنەمای سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق، یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە و هەرێمی پابەندكرد بەوەی نەوت و غازەكەی رادەستی حكومەتی فیدراڵی بكات، لەدوای ئەم بڕیارەو لە ئایاری 2022دا وەزارەتی نەوت سكاڵایەكی یاسایی تری بەرزكردەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم. 
دادگای كەرخ لە تەموزو تشرینی یەكەمی 2022دا بڕیاری خۆی دەركرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی حەوت كۆمپانیا، بەڵام لەبارەی دۆسیەی كۆمپانیاكانی (داناغاز)و(گازپرۆم) بڕیاری نەدا. 
بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەستەوسان رانەوەستاو تانەی دا لە بڕیارەكانی دادگای كەرخ. 
بەگوێرەی قسەی (سەباح سوبحی) ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق "دادگای كەرخ سەرباری رەتکردنەوەی سکاڵاکە، ژمارەیەک بڕیاری ساڵی 2022ی وەزارەتی نەوتی عێراقی هەڵوەشاندەوە کە چەند گرێبەستێکی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە پوچەڵ دانابوو". 
لە رەتكردنەوەی سكاڵاكەی وەزارەتی نەوتدا، دادگای كەرخ باسی لەوەكردووە، ئەو هۆكارانەی كە دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەی شوباتی 2022دا پشتی پێ بەستووە ناكرێت لەسەر ئەو گرێبەستانە جێبەجێ بكرێت كە بەر لە دەرچوونی بڕیارەكەی دادگا ئیمزاكراون، ئەمەش پاڵپشت بە بنەمایەكی گشتیی لە یاسای مەدەنی عێراق. 
بەپێی بڕیارەكە، ئەو گرێبەستە نەوتییانەی كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكان ئیمزای كردووە بە "دروست و بەركارو پابەند بۆ هەردوولا" ئەژماردەكرێن و هیچ لایەنێكی دەرەوەی گرێبەستەكان مافی ئەوەی نییە تانەیان لێ بدات.
وەزارەتی نەوتیی عێراق ئەنجامی سەرەتایی بڕیاری دادگای دۆڕاندووە، بەڵام وەكو سەباح سوبحی دەڵێ: دوای بڕیارەکەی دادگا، وەزارەتی نەوتی عێراق ماوەی 30 رۆژی لەبەر دەستە بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدات، ئەگەر لەو ماوەیە وەزارەت هیچ تانەیەک لە بڕیارەکەی دادگا نەدات، بە تەواوەتی دۆسیەكە دادەخرێت". 
بڕیارەكەی دادگای كەرخ لەكاتێكدایە، هەردوو حكومەتی بەغدادو هەولێر بەمدواییە لەسەر هەمواری ماددەی تایبەت بە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ریككەوتوون و بڕیارە هەموارەكە لە سەرەتای ساڵی 2025دا لە پەرلەمان پەسەند بكرێت و هەر لە سەرەتای ساڵی نوێوە هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێبكاتەوە، كە لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە، بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریس دژ بە توركیا لە بەكارهێنانی بۆری نەوتی عێراق- توركیا بۆ هەناردەی نەوتی كوردستان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی حكومەتی فیدراڵی عێراق. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand