درەو: دوێنی ناكۆكیەكانی ناو كۆنگرەی یەكێتی بەتەواوی دەركەوت، باڵە جیاوازەكان ناڕازین لە شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی، لەبەر ئەوەش گفتوگۆی پەیڕەو بە خاوی بەڕێوە چوو، تەنیا (12) مادەی پەیڕەو لەكۆی (64) مادە پەسەندكران، ماڵی كۆسرەت رەسوڵ ناڕازی بوون، بافڵ تاڵەبانی شەو چووە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، شەو كێشەكەیان یەكلاكردەوەو رێككەوتن، كاندیدی باڵە جیاوازەكان لەناو لیستێكدا ئامادەكراون، هەركەس لەدەرەوەی ئەو لیستە خۆی كاندید بكات دەرناچێت. ناكۆكیەكان لەسەر چین؟ (درەو) بۆ ئەم پرسە قسەی لەگەڵ چەند ئەندامێكی كۆنگرەكرد لە باڵە جیاوازەكان ئەوان پێیان وابوو، ناكۆكیەكان لەناو كۆنگرەی پێنجی یەكێتی و لە رۆژی دەستپێكردنی كارەكانی كۆنگرەدا سەریانهەڵدا، بەشێكی پەیوەندی بە دەسەڵاتە زۆرەكانی سەرۆكەوە هەیە كە هەموو بابەتەكان و فایلەكان پەیوەستكراون بە سەرۆكی یەكێتیەوە، بەشێكیشی پەیوەستە بە شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیەوە. ئەوەی پەیوەستە بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكەوە، لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكێتیەوە دەركەوتن، كاتێك پەیڕەو چووە بەردەم ئەندامان و گفتوگۆی لەسەركرا دەركەوت تەواوی بڕیار و دەسەڵاتەكان و كۆی حزبەكە دەكەوێتە دەست یەك كەس ئەمەش لەناو كۆنگرە، ئەندامانی باڵە جیاوازەكان گلەیی و گازەندەیان لە سەركردەكانی خۆیان كرد، بۆیە بەشێك لە ناكۆكیەكانی تر لەوێوە سەریان هەڵدا. ئێستا لەناو كۆنگەری یەكێتی تەنیا سێ باڵ و ئاراستەی جیاواز هەیە ئەوانیش ( ماڵی مام جەلال، ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، گروپی كەركوكیەكان) كە پێش كۆنگرە لەسەر چەند خاڵ و بنەمایەك رێككەوتنیان كردووە، بەڵام ئێستا و لە بواری پراكتیكدا دوو باڵەكەی تر بۆیان دەركەوتووە كۆی پرۆسەكە لە بەرژەوەندی ماڵی مام جەلالەو ئەوان جگە لە چەند ئەندامێكی سەركردایەتی شتێكی دیكەیان دەستناكەوێت، كوڕەكانی كۆسرەت رەسوڵ لەم كۆنگرەیەدا: • سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیان لەدەستچوو، كە پێشتر كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی بوو. • كارگێری مەكتەبی سیاسیان لەدەست چوو كە پێشتر دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی بوو. • سەرۆك، جێگری نابێت، بۆیە جێگری سەرۆكی یەكێتیشیان دەستناكەوێت. • تەنیا دەبنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی كە ئەویش دوای كۆنگرە سەرۆكی یەكێتی دیاری دەكات و لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پەسەند دەكرێت. كەركوكیەكانیش بەشێك لە بەرژەوەندییەكانیان لەدەست دەدەن: • بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەدەستدەدەن، كە پێشتر رەفعەت عەبدوڵا بەرپرسی دەستەی كارگێڕی بوو، لەم كۆنگرەیەدا نامێنێت. • هیچ پۆستێكی باڵایان لەدەستدا نامێنێت. • ژمارەیەكی كەم ئەندامی سەركردایەتیان بۆ دیاری دەكرێت(7 – 10) • دوو ئەندامی مەكتەبی سیاسیان دەبێت كە ئەویش سەرۆكی یەكێتی دایان دەنێت، و لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پەسەند دەكرێن. ناكۆكی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی (درەو) قسەی لەگەڵ چەند ئەندامێكی كۆنگرەكرد لە باڵە جیاوازەكان ئەوان پێیان وابوو، بەشێكی دیاری ناكۆكیەكان لە كۆنگرەدا لە سەر شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتیە، شێواز و پێوەرەكانی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەو شێوەیەی پێشتر رێككەوتنی باڵە جیاوازەكانی لەسەر كرابوو، جێبەجێناكرێت، ئەویش لەناو كۆنگرەدا واقیعەكە شتێكی جیاوازتر دەڵێت وەك لە رێككەوتنەكانی پێش كۆنگرە. بەپێی مادەی (21)ی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی:" هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی لە كۆنگرە، لەسەر بنەمای لیستی داخراو دەبێت ، ئەو لیستەی زۆرترین دەنگی هێنا سەرجەم كورسییەكان دەباتەوە، ئەگەر تەنها یەك لیست هەبوو بە دەنگدانی ئاشكرا دەنگی پێدەدرێت". ئەم شێوازی هەڵبژاردنە پێشتر باڵە جیاوازەكانی یەكێتی لەسەری رێككەوتوون و هەموویان ئەندامەكانیان لە چوارچێوەی یەك لیستدا بێت، بەڵام ئەوەی كێشەكەی درووستكردووە، بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر ئاراستەو باڵە جیاوازەكانە لەرۆژانی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی یەكێتی وای كردووە، گۆڕانكاری لە كاندیدەكانیان و پێوەرەكاندا بكەن و بەتایبەت ماڵی مام جەلال هەوڵ بدەن ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی زیاتر بكەن جێگۆڕكێ بە چەند كاندیدێكیان بكەن، بەشێك لە پێوەری رێككەوتنەكان بگۆڕن بۆیە ئەوە ناكۆكی باڵەكانی تری لێكەوتەوە. دوێنێ كۆڕانی كۆسرەت رەسوڵ زویر بوون، بەتایبەت شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ كۆنگرەی بەجێهێشتوو چووە ماڵەوە، درەنگانی شەوی رابردوو بافڵ تاڵەبانی دەرباز كۆسرەت رەسوڵی لەخۆی بردووەو چووەتە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ، لەوێ گفتوگۆیان لەسەر ئەو ناكۆكیانە كردووە، ئەوان بەروونی پێیان ووتون ئێوە پەیوەست نەبوون بە رێككەوتنەكەوە، بەڵام لە كۆتاییدا گەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و پشكی هەرلایەكیان لە ئەندامانی ئەنجومەنەكە، كە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ لە (10 - 12) ئەندامی سەركردایەتیان بەردەكەوێت. بۆیە ئەگەر ئەگەر ئەمڕۆ پەسەندكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی تەواو بێت كە لە كۆی (64) مادە تەنیا (12) مادەی پەسەنكراوە ئەوا ئەمڕۆ ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیش هەڵدەبژێردرێن كە (61) ئەندامەو بەسەر باڵە جیاوازەكاندا دابەشكراون، ناوی ئەندامەكانیش دیاریكراون و كراونەتە لیستەكەوە. ئەندامێكی كۆنگرەی پێنجی یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: خۆم هەڵنابژێرم بۆ ئەندامی سەركردایەتی لەبەر ئەوەی ناوی من لە لیستەكەدا نیەو ئەو لیستە بەتەواوی ئامادەكراوەو رێككەوەتنی لەسەر كراوە، هەركەسێك ناوی لەو لیستەدا نەبێت بێگومان دەرناچێت و شكست دێنێت، وە هەر لیستێكی تریش لەدەرەوەی ئەو لیستە بێت سەرناكەوێت، بۆیە ئەگەر بە روونی بزانین شكست دێنین بۆچی خۆمان كاندید بكەین.
راپۆرت: درەو هاوكات لەگەڵ كارەكانی كۆنگرەی یەكێتیدا، سبەینێ بزوتنەوی ئیسلامی كوردستانیش دەچێتە ناو كۆنگرەیەكی چارەنوسسازەوە، ئەم كۆنگرەیە خاوەندارێتی بزوتنەوە لەنێوان حاجی كامیلو حاجی عیرفان یەكلادەكاتەوە، دوو حاجییەكە بەبێ رێككەوتنی پێشوەختە دەچنە بەردەم دەنگدانی كۆنگرە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 2 هەزار كەس مافی دەنگدانی هەیە سبەینێ چارەنوسی خاوەندارێتی بزوتنەوەی ئیسلامی لەنێوان حاجی (عیرفان عەبدولعەزیز)و حاجی (كامیل حاجی عەلی). هۆڵی یانەی وەرزشی پێشمەرگە سبەینێ دەبێت بە شایەتحاڵ لەسەر چارەنوسی ئەو ناكۆكییە ناوخۆییەی كە لەناو بزوتنەوەی ئیسلامیدا سەریهەڵداوە، (2 هەزار) كەس مافی بەشداریكردنیان هەیە لەم كۆنگرەیەدا كە ناوی لێنراوە (كۆنگرەی دامەزراندن). ئەو 2 هەزار كەسەی كە مافی دەنگدانیان پێدراوە، ئەو كەسانەن كە ساڵی 2016 ناویان لەلایەن بزوتنەوەی ئیسلامییەوە نێردراوە بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق. ناكۆكی نێوان دوو حاجییەكە ئایاری ئەمساڵ، دادگای سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەركرد. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، فەرمانی دەستگیركردنەكە لەسەر سكاڵایەكە كە (كامیل حاجی عەلی)ی تۆماریكردووە، حاجی كامیل رۆژی 11ی ئایاری ئەمساڵ بەفەرمی خۆی وەكو رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی ناساند، ئیتر لێرەوە ناكۆكیی نێوان هەردوو حاجییەكە كەوتە قۆناغێكی نوێوە. كۆنگرەی 12و تەقینەوەی ناكۆكییەكان رۆژی 5ی شوباتی 2022 كۆنگرەی 12ی بزوتنەوەی ئیسلامی لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا تەنیا یەك كاندید هەبوو بۆ پۆستی رابەری گشتی كە ئەویش كامیل حاجی عەلی بوو، بەڵام بەهۆی ئەو سەقفەی بۆ دەنگی رابەر دانرابوو، وەكو رابەر دانەنرا. عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوە دوو خولی خۆی تەواو كرد بوو، بەپێی پەیڕەوی بزوتنەوە مافی ئەوەی نەبوو خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید بكاتەوە، ئەمە وایكرد تەنیا كامیل حاجی عەلی خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید بكات. بەر لە كۆنگرە، حاجی كامیلو حاجی عیرفان رێككەوتنیان كرد لەسەر پێوەرێك، پێوەرەكە ئەوە بوو "ئەو كەسەی دەبێت بە رابەر دەبێت دەنگی (50+1)ی كۆنگرە بەدەستبهێنێت، ئەگەر ئەم دەنگەی بەدەستنەهێنا، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە پۆستی رابەر دەمێنێتەوە". ئەم میكانیزمە مشتومڕی دروستكرد لەبارەی ئەوەی بنەماڵەی عەلی عەبدولعەزیز نایانەوێت رابەرایەتی بزوتنەوە تەسلیمی كەسی تر بكەن، بەڵام ئەوكات عیرفان عەلی عەبدولعەزیزی رابەری ماوەتەواوبوو دەیوت" ئەمە بۆ ئەوەیە پلانگێڕییەكەی مامۆستا مەلا عوسمان دووبارە نەبێتەوە". "مامۆستا مەلا عوسمان (یەكەم رابەری بزوتنەوە) موئامەرەیەكیان لێكردو بە جیاوازی یەك دەنگ (13 دەنگ بەرامبەر بە 12 دەنگ) لە رابەرییان خست، بۆیە لەوكاتەوە تائێستا دەبێت رابەر بە دەنگی (50+1) هەڵبژێردرێت" ئەوكات حاجی عیرفان بەمشێوەیە باسی لە پیلانگێڕییەكە دژی مامۆستا مەلا عوسمان كرد. بەم میكانیزمە، كامیل حاجی عەلی كە تاكە كاندید بوو دەنگی 50+1ی كۆنگرەی بەدەستنەهێناو عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەكو رابەر مایەوە. ئەم دۆخە ناكۆكییەكی نوێی لەناو بزوتنەوەدا دروستكرد، كامیل حاجی عەلی و لایەنگرەكانی ئەنجامی كۆنگرەكەیان رەتكردەوە، هەردوو تەرەفی ناكۆك كێشەكانیان بردە فەرمانگەو حزب و رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، كۆمسیۆن هەردوولای ناچاركرد جارێكی تر بچنە ناو كۆنگرەیەكی نوێوەو لەوێدا ناكۆكییەكانیان بەلادا بخەن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەر لە جیابونەوەی تەواوەتی، كۆبونەوەیەك لەنێوان هەردوو حاجییەكەدا بەڕێوەچووە، لەم كۆبونەوەیەدا حاجی كامیل تەئكیدی كردوەتەوە كە باڵەكەی ئەو جیابونەوەی خۆیان رادەگەیەنن، ئیتر مشتومڕ دروستبووە، ئێستا حاجی كامیل بانگەشەی ئەوە دەكات لە كۆبونەوەكەدا حاجی عیرفان هەڕەشەی كوشتنی لێكردووەو بۆ ئەمەش لە دادگا سكاڵای تۆماركردووە. ئێستاش كە كۆمسیۆن ناچاریكردوون لە كۆنگرەدا كێشەكانیان بەلادا بخەن، كامیل حاجی عەلی پێشنیاری كرد، هیچ كامیان خۆیان بۆ پۆستی رابەر كاندید نەكەنەوە، بەڵام حاجی عیرفان ئەم پێشنیارەی رەتكردەوە. لەبارەی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە بزوتنەوەیەكی ئیسلامی كوردستان ساڵی 1987 لەلایەن مەلا (عوسمان عەبدولعەزیز) لە ئێران دامەزراوەو تا ئێستا (12) كۆنگرەی بەستووە. ئایاری 2001 عەلی باپیرو ژمارەیەك لەسەركردەكانی تری ئەم بزوتنەوەیە جیابونەوەو كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیان راگەیاند كە ئێستا ناوەكەی گۆڕدراوە بۆ (كۆمەڵی داگەریی كوردستان). دوای كشانەوەی دامودەزگاكانی حكومەتی بەعس لە هەرێمی كوردستان، یەكەم شەڕی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان ساڵی 1993 لەنێوان بزوتنەوەی ئیسلامیو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا روویدا، لەم شەڕەدا یەكێتی رابەری گشتی بزوتنەوە (عوسمان عەبدولعەزیز)ی دەستگیركردو دواتر لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئازادی كردو بارزانی لە پیرمام پێشوازی لێكردن، لەچوارچێوەی هەوڵێكی ئێرانییەكاندا دوای یەكەمین شەڕی ناوخۆیی، بزوتنەوەی ئیسلامیو یەكێتیی نیشتمانی كۆتاییان بە شەڕ هێناو رێككەوتنیان كرد، لەوكاتەوە تاوەكو ساڵی 2001 ناوچەی هەڵەبجەو خورماڵو هەورامان بوو بە ناوچەی جێ هەژموونی بزوتنەوەی ئیسلامیو لەو ساڵەدا لەچوارچێوەی شەڕی "دژ بە تیرۆر"دا، هێزەكانی ئەمریكا هێرشیان كردەسەر هەندێك گروپ كە لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوبونەوە، (عەلی عەبدولعەزیز) دووەم رابەری بزوتنەوەی ئیسلامیشیان دەستگیركرد، ئیتر لێرە بەدواوە بزوتنەوە ناوچەی هەژمونو هێزی چەكداری خۆی لەدەستداو كۆمەڵی ئیسلامیشی لێ جیابووەوە. رۆژی 11ی ئایاری ئەمساڵ، لایەنگرانی حاجی كامیل لە هۆڵی هونەر لە شاری سلێمانی ویستیان كۆنگرە رێكبخەن، بەڵام رێگەیان پێنەدرا سندوقی دەنگدان دابنێن، بۆیە لە باخچەی هۆڵی هونەردا بەشێوەی "بەیعەت"، حاجی كامیلیان وەكو رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی ناساند. لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستاندا كە ساڵی 1992 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی لەژێر ناوی "لیستی ئیسلامی" بەشداریكردو (49 هەزارو 108) دەنگی بەدەستهێنا، كە رێژەی 5%ی تێكڕای دەنگەكانی ئەو هەڵبژاردنەی پێكدەهێنا. ساڵی 2009 لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستاندا ئەم بزوتنەوەیە (27 هەزارو 147) دەنگی بەدەستهێناو دوو كورسی پەرلەمانی بردەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010ی پەرلەمانی عێراقدا ژمارەی دەنگەكانی كەمیكردو تەنیا (7 هەزارو 481) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە. ساڵی 2013 لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، بزوتنەوەی ئیسلامی (21 هەزارو 834) دەنگی بەدەستهێناو یەك كورسی بردەوە. بەپێی داتاكانی بەردەستی (درەو)، لە ساڵی 1992 بۆ 2013 دەنگی بزوتنەوە لە هەڵبژاردنەكاندا لە (49 هەزار) دەنگەوە بۆ (21 هەزار) دەنگ كەمیكردووە، واتە نزیكەی 50%ی دەنگەكانی خۆی لەدەستداوە. لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بەشداری كردو هیچ یەكێك لە كاندیدەكانی سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان، لەهەمان ساڵدا كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بایكۆتی هەڵبژاردنی كردو بەشداری نەكرد.ش
درەو: كۆنگرەی پێنجەم لە رۆژی سێیەمیدایە، بڕیاربوو ئەمڕۆ كۆتایی بێت، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت بكەوێتە سبەی، هێشتا نیوەی مادەكانی پەیڕەوی ناوخۆ پەسەند نەكراون و ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵنەبژێردراون، ناكۆكی لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆك و ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی هەیە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دوا بكەوێت. لە ئێستادا لەناو هۆڵی كۆنگرە لیژنەی ئامادەكار مادەكانی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دەخوێندرێتەوەو گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و پەسەند دەكرێت، لە ئێستادا لە لەناو هۆڵی كۆنگرە مادەی (10 و 11)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، كە تایبەتە بە سزادان و لە دەستدانی ئەندامێتی، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت چاوەڕوان ناكرێت ئەمڕۆ پەیڕەو تەواو بێت و سەركردایەتی هەڵبژێردرێت، بۆیە دەكەوێتە رۆژانی داهاتوو. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ئێستادا ناكۆكی لەسەر چەند بابەتێك هەیە لە نێوان ئاراستە جیاوازەكانی یەكێتی، لەوانە: • دەسەڵاتەكانی سەرۆكی یەكێتی كە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ سەرۆكی یەكێتی زۆرترین دەسەڵاتی هەیە، سەرۆكی هەرسێ ئەنجومەنەكەیە (ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئەنجومەنی پاراستنی بەرژوەندیەكان، ئەنجومەنی پشتیوانی)، دەسەڵاتی دارایی و سیاسی و پەیوەندییەكان و یاسایی و دیراساتی گشتی لەدەستی خۆیدایە. • سەرۆكی یەكێتی دەسەڵاتی هەیە لەداوی كۆنگرە (10) ئەندامی سەركردایەتی دابنێت، بەڵام خۆی پێشنیازی كردووە، ژمارە دانەنرێت بەڵكو سەرۆك دەستكراوە بێت چەند ئەندامی سەركردایەتی دیاری دەكات. • سەرۆكی یەكێتی خۆی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەستنیشان دەكات و سەرۆكایەتیان دەكات. • شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، كە لەمادەی (21)ی پەیڕەوی ناوخۆدا هاتووە، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی لە كۆنگرە لەسەر بنەمای لیستی داخراو دەبێت، ئەو لیستەی زۆرترین دەنگی هێنا سەرجەم كورسیەكان دەباتەوە، ئەگەر تەنیا یەك لیست بوو ئەوا بە دەنگی ئاشكرا دەنگی بێدەدرێت. • ئەمە سەرەرای بەشێك لە كارەكتە دیارەكانی ناو یەكێتی كە بەشداری كۆنگرەیان نەكردووەو تا ئەمڕۆش لە گفتوگۆدابوون لەگەڵیان بۆ ئەوەی رازیان بكەن بچنە كۆنگرەو پشكیان هەبێت لە ئەندامانی سەركردایەتی، بەڵام ئەوان رازی نەبوون و نەچوونە كۆنگرەوە.
(درەو): بۆ بەشداری لە كۆنگرەی یەكێتیی هاتبوون، بەڵام سەردانی زڕگوێزیان كرد بۆ دڵنیابوون لە چۆڵكردنی كەمپی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، حەسەن دانایی فەڕ لەناو كەمپەكەدا سوڕایەوەو راپۆرتی خۆی بۆ بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بەرزكردەوە. وەفدێكی كۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی 27ی ئەم مانگە بەشداری لە رێوڕەسمی كردنەوەی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا كرد لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی. وەفدەكە پێكهاتبوو لە هەریەكە لە (حەسەن دانایی فەڕ)و (ئاغای مسگریان) كە دوو فەرماندەن لە سوپای قودسو لە هەرێمی كوردستان جموجوڵی بەردەوامیان هەیە، مەحمود محەمەدیان كونسوڵی ئێران لە سلێمانی لەناو وەفدەكەدا بوو. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دوای بەشداریكردن لە مەراسیمی كردنەوەی كۆنگرەی یەكێتیی، دانایی فەڕو مسگریان سەردانی كەمپی هەردوو كۆمەڵەی زەحمەتكێشانو كۆمەڵەی شۆڕشگێڕانیان كردووە لەگەڵ كەمپی رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیسی ئێران لە ناوچەی "زڕگوێز"، ئەمە بەمەبەستی دڵنیابوون لە چۆڵكردنی كەمپەكەو چەككردنی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان. رۆژی 19ی ئەم مانگە وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێراقو ئێران بۆ چەككردنو دورخستنەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە سنورەكان كۆتایی هات، سەرباری ئەوەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستانو عێراق دڵنیایی دەدەن لەوەی رێككەوتنەكەیان بەتەواوەتی جێبەجێكردووەو هێزەكانی رۆژهەڵاتیان لە سنورەكانی دورخستوەتەوەو لە شوێنی ئەوان هێزی پاراستنی سنوریان جێگیركردووەو كەمپی ئەو هێزانەیان چۆڵكردووەو گواستراونەتەوە بۆ ناو قوڵایی هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا بەرپرسانی سەربازی ئێران گومانیان هەیە. (درەو) زانیویەتی، لە سەردانەكەیدا بۆ زڕگوێز، دانایی فەڕ بەناو كەمپە چۆڵكراوەكەی هەردوو كۆمەڵەی زەحمەتكێشانو شۆڕشگێرانو رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێراندا گەڕاوەو راپۆرتی خۆی لەبارەی دۆخی كەمپەكە دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی، بۆ بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی نوسیوە.
درەو: لە رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا (59) جار ناوی سەرۆكی یەكێتی هێندراوە، كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، دەبێتە كۆنگرەی بەخشینی سەرجەم دەسەڵاتەكانی یەكێتی بە بافڵ تاڵەبانی، لە رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا كە ئەمڕۆ پەسەند دەكرێت، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیە، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیە، سەرۆكی ئەنجومەنی پشتیوانیە، سەرپەرشتیاری ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانە، ئەندامانی ئەنجومەنی پشتیوانی و ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكان دادەنێت، و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دیاری دەكات، بەرپرسی مەڵبەندەكان و مەكتەبەكان و وتەبێژ خۆی دایدەنێت، سەرپەرشتیاری دارایی و مەڵبەندی دیراساتی گشتی و ناوەندی یاساییە. دەسەڵاتەكانی بافڵ تاڵەبانی لە یەكەم رۆژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كوردستان بافڵ تاڵەبانی بەسەرۆكی یەكێتی هەڵبژێردرا، واتا لە رۆژی 27ی تەمووزەوە یەكێتی كۆتاییهێنا بە سیستەمی هاوسەرۆكی و ناوی هاوسەرۆكی و تەنانەت ناوی سكرتێری گشتی یەكێتیش، كە جەلال تاڵەبانی لە (1976 - 2017) واتا بۆ ماوەی (41) ساڵ سكرتێری یەكێتی بوو. بە پێی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە بڕیارە ئەمڕۆ پەسەند بكرێت و ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێدرێن، دەسەڵاتێكی زۆر دراوە بەسەرۆكی یەكێتی، سەرۆكی ئەنجومەنەكانی یەكێتی و دیاریكردنی ئەندامانیان و تەواوی دەسەڵاتەكانی دارایی و سیاسی و رێكخستن و بەرپرسەكان دراوە بە سەرۆكی یەكێتی. بەپێی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی (59) جار ناوی سەرۆكی یەكێتی هێندراوە و دەسەڵاتەكانی لە مادە جیاوازەكاندا خراوەتە روو. بەپێی مادەی (26)ی پەیڕەوی ناوخۆ. سەرۆكی یەكێتی راگری یەكدەنگی و یەكریزی یەكێتیەو كاردەكات بۆ پاراستن و جێبەجێكردنی پەیڕەو ناوخۆ و یەكڕیزی و یەك گوتاری یەك هەڵوێستی سەرجەم ئۆرگانەكان و نوێنەرایەتی (ی.ن.ك) دەكات لەناوەوەو دەرەوە و لەبەردەم دامو دەزگا حكومی و یاساییەكاندا، سیمبولی یەكڕی و یەكگوتاری یەكێتیە لەناو خۆ و دەرەوە . سەرۆكی یەكێتیەو سەرۆكی ئەنجومەنی گشتی یەكێتیە. لە مادەی 21: ئەنجومەنی سەركردایەتی بە سەرۆكەوە (61) ئەندامە. دوای كۆنگرە سەرۆكی یەكێتی بانگهێشتیان دەكات بۆ كۆبوونەوەو سەرپەرشتیان دەكات، لەكاتی بەتاڵبونی ئەندامێكی سەركردایەتی سەرۆكی یەكێتی دەتوانێت شوێنەكەی پڕبكاتەوە بە رەزامەندی سەرۆكی یەكێتی (5) كورسی سەركردایەتی بۆ كەسایەتیە سیاسی و حكومیەكان و (5) كورسی بۆ ئەو كەسانەی دێ،ە ناو یەكێتیەوە دیاری دەكات بەپێی مادەی (30) : • دەزگای دارایی، مەڵبەندی دیراساتی گشتی، ناوەندی كاروباری یاسایی، لەگەڵ سەرجەم پەیوەندییەكانی بەغداد و عێراق بەگشتی و وەهەر پەیوەندییەكی تری كاریگەر لەسەر (ی،ن،ك) هەبێت راستەوخۆ بەسەرۆكەوە دەبەسترێتەوە مادەی(31): وتەبێژی یەكێتی لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێت، تەنها كاری وتەبێژی دەبێت و هیچ ئەركێكی تری نابێت. مەكتەبی سیاسی مادەی (33): ئەندامانی مەكتەبی سیاسی (12 - 14) ئەندامی سەركردایەتی دەبێت و لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە پێشنیاز دەكرێت. مەكتەبەكان مادەی (37): لێپرسراوی مەكتەبەكان و بەرپرسی بۆردو بەشە سەرەكییەكان كە ئەندامی سەركردایەتین هەروەها بەرپرسی مەڵبەندەكان لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێن. دەزگای دارایی مادەی (46): دەزگای دارایی یەكێتی سەرپەرشتی خەرجی و داهاتی یەكێتی دەكات و راستەوخۆ بە سەرۆكی یەكێتیەوە دەبەسترێتەوە، بۆردی داهات لەلایەن ئەنجومەنێكەوە بەڕێوە دەبەرێت كە سەرۆكی یەكێتی پەسەندی دەكات. ناوەندی كاروباری یاسایی مادەی (50): ناوەندی كاروباری یاسایی یەكێتی بەرپرسێكی دەبێت و لەلایەن سەرۆكی یەكێتی دیاری دەكرێت. مەڵبەندی دیراساتی گشتی یەكێتی مادەی (53): مەڵبەندی دیراساتی گشتی یەكێتی لێپرسراوێكی دەبێت و لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێت. ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكان مادەی (55): ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی لە (9 -15) ئەندام پێكدێت و سەرۆكی یەكێتی ئەندام و سكرتێر و جێگرەكانیان دیاری دەكات. ئەنجومەنی پشتیوانی مادەی (57): ئەنجومەنی پشتیوانی لە (100) ئەندام پێكدێت، ئەندامەكانی و جێگر و سكرتێری ئەنجومەنەكە لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێن ئەنجومەنی پشتیوانی لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە سەرۆكایەتی دەكرێت. مادەی (60): پاش كۆنگرە لیژنەیەكی باڵا بەسەرۆكایەتی سەرۆكی یەكێتی پێكدەهێندرێت بۆ رێكخستنەوەی گشتی كاری مەكتەبەكان و دابەشكردنەوەی ئەركەكان.
درەو: لیژنەكە چوونە سەر ستەیج، بڕگەی هەڵبژاردنیان خستە دەنگدانەوەو پەسەندكرا، لیژنەكە پێشنیازیان كرد بافڵ تاڵەبانی بكرێتە سەرۆكی یەكێتی" بوو بە چەپڵە رێزان و بەرزكردنەوەی كارتی سەوزی بەڵێ"، ئیتر كۆتایی بە هاوسەرۆكی هێندراو یەكێتی لەبری هاوسەرۆك و سكرتێر، سەرۆكی دەبێت. پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی بە وتار و پێشوازی میوانان دەستی پێكرد، پاشنیوەڕۆ دەستیان بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی كۆنگرەكرد، لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی پێنجەم چوونە سەر ستەیج، لە یەكەم هەنگاو پێشنیازیان كرد بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكێتی تێپەڕێندرێت و دەنگی لەسەردرا، دواتر لیژنەكە پێشنیازی كرد بافڵ تاڵەبانی بكرێتە سەرۆكی یەكێتی، لە ناو هۆڵەكە بوو بە چەپڵەلێدان، كارتی سەوزی بەڵێ بەرزكرایەوەو بافڵ تاڵەبانی بەبێ ركابەر كرایە سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هیچ جێگرێكی بۆ دیاری نەكرا، بافڵ تاڵەبانی سەرەرای بوونی بە سەرۆكی یەكێتی، دەبێتە سەرۆكی سێ ئەنجومەنەكەی یەكێتی ( ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئەنجومەنی پشتیوانی، ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكان) . ئیتر یەكێتی كۆتایی هێنا بە سیتەمی هاوسەرۆكایەتی كە لەدوای كۆنگرەی چواری یەكێتی پەیڕەوكرا، یەكێتی قۆناغی سكرتێریشی تێپەڕاند كە جەلال تاڵەبانی بۆ ماوەی (40) ساڵ سكرتێری گشتی یەكێتی بوو. بڕیارە سبەینێ لە دووەم رۆژی كۆنگرەدا پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی لە لیژنەكان گفتوگۆی لەسەر بكرێت و بخرێتە دەنگدانەوەو پەسەندبكرێت. رۆژی سێیەم ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردرێن، تا ئێستا دوو ئاراستە هەیە بۆ هەڵبژاردنیان: • لیستێك دەبێت و لە لایەن بافڵ تاڵەبانیەوە ئامادەدەكرێت و دەخرێتە دەنگدانەوە، لیستەكەی پشكی كەركوكیەكان و ماڵی كۆسرەت رەسوڵی تێدا دەبێت. • راستەوخۆ هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەكرێت، بەڵام ئەوانەی خۆیان كاندید دەكەن ئۆكەی بافڵ تاڵەبانی یاخود ئاراستەكەیان وەرگرتووە. پێشتر بڕیار بوو بە سەرۆكەوە (51) ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردرێت، بەڵام شەوی رابردوو جۆرێك رێككەوتون هەبووە بۆ ئەوەی بكرێتە (61) ئەندام، ئەویش لە پێناو رازیكردنی (وەزیر و بریكار و پەرلەمانتاران)، بەو پێیەی بڕیارێكی سەرەتایی هەیە كە نابێت ئەوانەی پۆستی حكومیان هەیە خۆیان كاندید بكەن بۆ سەركردایەتی كە لە ئێستادا بەشێك لەوانەی پۆستیان هەیە ئەندامی سەركردایەتین ئەوانیش: • وەزیر و بریكار ( خالید شوانی، عزەت سابیر، دارا رەشید، بێگەرد تاڵەبانی، حەمەی حەمەسەعید، دابان شەدەڵە، زینەدین....) • پەرلەمانتارانی عێراق (هەرێم كەمال ئاغا، مەلا شكور، ئیمان...) سبەینێ چارەنووسی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و ئەنجومەنی پشتیوانی یەكلا دەكرێتەوە. • ئەمڕۆ كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی و، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی وەك سیمبولی یەكێتی دیاریكران، ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی گۆڕانكاری تێدا دەكرێت و سەرۆكی ئەنجومەنەكە نامێنێت، سەرۆكی یەكێتی خۆی دەبێتە سەرۆك و سكرتێرێكی بۆ دادەنرێت كە (جەعفەر شێخ مستەفا)یە، ناوەكەی دەگۆڕدرێت بۆ ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی كە ئەندامانی لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێن ئەندامانی لە (9) ئەندامەوە بۆ نزیكەی (20) ئەندام زیاد دەكرێت و سەرۆكی یەكێتی سەرپەرشتی دەكات و جێگرێكی بۆ دیاری دەكرێت. • ئەنجومەنێك بەناوی ئەنجومەنی پشتیوانی درووست دەكرێت كە ئەنجومەنێكی نوێیەو ژمارەی ئەندامانی نزیكەی (100) ئەندامەو سەرۆكی یەكێتی سەرپەرشتی دەكات و بەپێی راسپاردەكانی سەرۆكی یەكێتی ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن.
(درەو): ئەندامانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی كە ژمارەیان (600) ئەندامە، چونە ناو هۆڵی كۆنگرەوە كە لە (تەلاری هونەر) لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەم كۆنگرەیەدا ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتیی (121) كەسەوە بۆ (61) كەس كەمدەكرێتەوە. بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە سەرەتاییەی كە لەناوخۆی یەكێتیدا لەبارەی كۆنگرەكەوە كراوە، وەزیرو بریكاری وەزیرو پەرلەمانتاران بۆیان نیە خۆیان بۆ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كاندید بكەن، ئەم بابەتە بەجێهێڵدراوە بۆ ئەوەی كۆنگرە یەكلای بكاتەوەو دەنگی لەسەر بدات. ئێستا دوو پەرلەمانتاری عێراقو وەزیرێكو بریكارێكی وەزیری عێراقو سێ وەزیری هەرێم ئەندامی سەركردایەتی یەكێتین. كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی، سیستەمی هاوسەرۆكی هەڵدەوەشێتەوەو بافڵ تاڵەبانی دەبێتە سەرۆكی یەكێتییو جێگری نابێت، یەكێتی سێ ئەنجومەنی دەبێتو لەژێر سەرپەرشتی سەرۆكدا دەبێت: • ئەنجومەنی باڵای سیاسیو بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی ناوەكەی دەگۆڕدرێت بۆ ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی، ئەندامەكانی لەلایەن سەرۆكی یەكێتییەوە دیاری دەكرێت، ژمارەی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە لە (9) ئەندامەوە بۆ نزیكەی (20) ئەندام زیاد دەكرێت، سەرۆكی یەكێتیی سەرپەرشتی دەكاتو جێگرێكی بۆ دیاری دەكرێت. • ئەنجومەنی پشتیوانی كە ئەنجومەنێكی نوێیەو ژمارەی ئەندامانی نزیكەی (100) ئەندامەو سەرۆكی یەكێتیی سەرپەرشتی دەكاتو بەپێی راسپاردەكانی سەرۆكی یەكێتیی ئەركەكانی جێبەجێ دەكات. • ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی كە ئێستا (121) ئەندامەو ژمارەی ئەندامانی كەمدەكرێتەوە بۆ نزیكەی (61) ئەندامو سەرۆكی دەبێتو لەژێر سەرپەرشتی سەرۆكی یەكێتیدا دەبێتو دەبێتە ناوەندی بڕیاری یەكێتیی. بەم پێیەش، ئەو دەسەڵاتەی كە لەم كۆنگرەیەدا بافڵ تاڵەبانی وەریدەگرێت، تەنانەت جەلال تاڵەبانی باوكیشی كە دامەزرێنەرو سكرتێری مێژوویی حزبەكە بووە، هیچ كاتێك بەخۆیەوە نەبینیوە. غائیبەكانی كۆنگرەی پێنجەم دیارترین ئەوانەی لە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیدا ئامادە نابن، بریتین لە هەریەكە لە: • بەرهەم ساڵح • لاهور شێخ جەنگیی • مەلا بەختیار بەرهەم ساڵح كە سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقو ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی بوو، چەند رۆژێكە هەرێمی كوردستانی بەرەو ئەمریكا بەجێهێشتووە، بۆچونی فەرمی خۆی لەبارەی كۆنگرەكەوە رانەگەیاندووە. لاهور شێخ جەنگیی كە لە كۆنگرەی چوارەمدا بە هاوسەرۆكی یەكێتیی هەڵبژێردرا، لەم كۆنگرەیەدا بەتەواوەتی دەخرێتە دەرەوەی ریزەكانی یەكێتیی، ئەو دوێنێ پەیامێكی ڤیدیۆی بڵاوكردەوە، تێیدا خراپی دۆخی یەكێتیی خستە ئەستۆی "كوڕەكانی مام جەلال"و رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان كە 25ی شوباتی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، لیستی تایبەت بەخۆی دەبێت. مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیو بەرژەوەندییەكانی یەكێتیش، دوای گفتوگۆیەك لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، نەگەیشتنە رێككەوتن بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرە، وەكو خۆی دەڵێ قایل بووە بەوە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسیو بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی لە شوێنی كۆسرەت رەسوڵ وەربگرێت، بەڵام بافڵ تاڵەبانی ئامادە نەبووە دەسەڵات بەم ئەنجومەنە بدات، بۆیە بەشداری لە كۆنگرەكەدا ناكات. یەكێتییو كۆنگرە ئەمڕۆ یەكێتیی كۆنگرە دەكات، ئەمە كۆنگرەی پێنجەمە، دواین كۆنگرەی یەكێتیی لە كۆتا رۆژەكانی 2019دا بەڕێوەچوو، كۆنگرەیەك كە بۆ یەكەمجار سیستمی "هاوسەرۆكایەتی" لەناو یەكێتیدا چەسپاندو تەنیا نزیكەی (ساڵو نیوێك) بەردەوام بوو، بەهۆی تەقینەوەی ناكۆكی نێوان دوو هاوسەرۆكەكەوە (بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی)، لە 8ی تەموزی 2021دا ئەم شێوازە لە سەرۆكایەتیكردنی حزب هەڵوەشایەوە كە یەكێتیی لە پەكەكەو حزبەكانی نزیك لە پەكەكەوە وەریگرتبوو، لەوكاتەوە یەكێتیی گەڕاوەتەوە بۆسەر شێوازە كۆنەكەی خۆی، بەڵام بە جیاوازییەكی كەمەوە، لەبری سكرتێر، سەرۆك دانراوەو سەرۆكیش كە بافڵ تاڵەبانییە، خۆی كەسی یەكەمو كۆتایییەو جێگری نییە. یەكێتیی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (4) كۆنگرەو دوو پلینیۆمو دیدارێكی كردووە. كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترسو دابەشبوونو لێكترازانی نێوان هاوڕێو هاوخەباتەكان بووە، ئەم كۆنگرەیەش بێ بەش نەبوو لە دابڕانو دوركەوتنەوە، ژمارەیەك لە سەركردەكانی ئەم حزبە ئەمڕۆ لە ماڵەوەو لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە تەماشای كۆنگرەی حزبەكەیان دەكەنو بەشداری تێدا ناكەن. یەكێتیی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، هێڵی گشتی) دروستبووەو هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێتو حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون یان زۆر لاواز بوون، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئابوریو چەكو پەیوەندییەكانی یەكێتیی لەلایەن كوڕانی تاڵەبانییەوە كۆنترۆڵكراون.
(درەو): حەنینو ئیرڤان ئاهەنگی هاوسەرگیرییان كرد، هەزار كەس بۆ بەشداری لەم ئاهەنگە بانگهێشتكرابوون، لە ئەمریكاو ئوسترالیاو بەریتانیاوە خەڵك هاتبوون، مەسیحیو ئێزدی ناوچەكە بەشداربوون، لە پڕێكدا ئەم خۆشییە گەورەیە كارەساتی لێكەوتەوە. درەنگانێكی شەوی رابردوو عێراقو هەرێمی كوردستان بوون بە شایەتحاڵی كارەساتێكی مرۆیی گەورە، زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەستدا لە ئاهەنگێكدا لە قەزای حەمدانیە. (حەنین)و (ئیرڤان) كە كچو كوڕێكی خەڵكی قەزاكەن، دوێنێ شەو ئاهەنگی هاوسەرگیرییان كرد، ئاهەنگەكەیان لە هۆڵێكدا سازكرد كە ناوی هۆڵی (هەیسەم)ە، میوانێكی زۆر بۆ بەشداری لەم ئاهەنگە بانگهێشت كرابوون، هەموان لەناو سەماو خۆشیدا بوون كاتێك كاتژمێر 10:30ی شەو كارەساتەكە روویدا. زانیارییە بەراییەكان باسلەوە دەكەن، بەهۆی بەكارهێنانی یارییە ئاگرینەكان لەناو هۆڵەكەدا لەلایەن هەندێك لە بەشداربوانەوە، ئاگركەوتوەتەوە، بەكارهێنانی ماددەی (سەندویچ پەنەڵ) لە سەقفو دیواری هۆڵەكەدا كە ماددەیەكە بەخێرایی گڕدەگرێت، وایكردووە لەماوەیەكی كەمدا هۆڵەكە بەتەواوی بسوتێت. سەرباری ئەمەش بۆ مەبەستی جوانكاری سەقفو دیواری هۆڵەكە بە قوماشی رەنگاو رەنگ داپۆشراوەو پێشبینی دەكرێت ئەمەش هۆكارێكی تری خێرایی ئاگركەوتنەوەكە بووببَت. بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی رایگەیاند، بەكارهێنانی ئەو ماددانە لە سەقفو دیواری هۆڵەكەدا پێچەوانەی رێنماییەكانی سەلامەتییە، بۆیە بەگوێرەی یاسای بەرگری شارستانی ژمارە 44ی ساڵی 2013 خاوەنی هۆڵەكە رەوانەی دادگا دەكرێت، چونكە پێداویستی سەلامەتیو ئاگاداركردنەوەو ئاگركوژێرنەوە دانەناوە. بەگوێرەی ئاماری رێكخراوی مانگی سوری عێراقی، ژمارەی قوربانیانی ئەم رووداوە بۆ زیاتر لە (450) كەس بەرزبوەتەوە، دۆخەكە بەشێوەیەكە خەڵكی حەمدانییە ناڕازایەتییان هەیە لەوەی نەخۆشخانەكانی نەینەوا فریای وەرگرتنی قوربانیانی رووداوەكە ناكەونو داوای هاوكاری دەكەن، بۆیە دەستكراوە بە گواستنەوەی ژمارەیەك لە بریندارەكان بۆ شاری هەولێر. دواین ئامارەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ژمارەی ئەوانەی لەم رووداوە گیانیان لەدەستداوە بۆ (120) كەس بەرزبوەتەوە. پێشتر بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی نەینەوا رایگەیاند، ئاگرەكە بەتەواوەتی كۆنترۆڵكراوەو تەرمی هەموو قوربانییەكان لەناو هۆڵەكە دەرهێنراون، بەڵام هەندێك لە خەڵكی ناوچەكە دەڵێن هێشتا تەرم لەژێر داروپەردووی هۆڵەكەدا ماون. ئەوانەی بەشدارییان لە هەوڵی فریاگوزاریدا كردووە باسلەوە دەكەن، سەرجەم خەڵكی شاری (بەغدێدە) لەم رووداوەدا كەسێكی نزیكیان لەدەستداوە. شاری بەغدێدە دەكەوێتە ناو قەزای حەمدانییەوە لە پارێزگای نەینەوا، زۆینەی دانیشتوانی ئەم شارە مەسیحینو زۆربەیان پەیوەندی خزمەمایەتیو خێزانیی لەنێوانیاندا هەیە. بۆ بەشداریكردن لەم ئاهەنگە تەنیا مەسیحییەكان بانگهێشت نەكراون، خەڵكی ئێزدی ناوچەكەش بەشداربوونو لەناو قوربانییەكاندا هەن، زانیارییە بەراییەكان دەڵێن تەنانەت خەڵكانێك لەم ئاهەنگەدا بەشداربوون كە لە ئەمریكاو ئوسترالیاو بەریتانیاوە هاتوون، بەجۆرێك نزیكەی (هەزار) كەس بەشداربوون لە ئاهەنگەكەدا. دۆخەكە بەجۆرێكە وەزیری تەندروستی عێراق فەرمانی كردووە سەرجەم نەخۆشخانەكان یارمەتی پێشكەشی فەرمانگەی تەندروستی نەینەوا بكەن بەمەبەستی فریاكەوتنی بریندارەكان. ئاگرەكەی هۆتێل رەشید هاوكات بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هۆتێل (رەشید) لە بەغداد ئاگرێك كەوتەوە، بەهۆی ئاگرەكەوە، ئەمە وایكرد دیپلۆماتكاران كە بۆ مانەوە روو لەم هۆتێلە دەكەن، شوێنەكانیان چۆڵ بكەن، دواتر ئاگرەكە كۆنترۆڵ كرا. هۆتێل رەشید دەكەوێتە ناوچەی سەوزەوە، ئەم ناوچەیە بارەگای پەرلەمانو حكومەتو هەندێك لە وەزارەتەكانو باڵیۆزخانەكانی تێدایەو ناوچەیەكی پارێزراوە لەڕووی ئەمنییەوە.
درەو: ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی دەبێتە نزیكەی (60) ئەندام، سەرۆكی یەكێتی جێگری نابێت بەڵام سەرپەرشتی هەرسێ ئەنجومەنەكەی یەكێتی دەكات، پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی هەموار دەكرێتەوە، هاوسەرۆكی هەڵدەوەشێتەوە، وەزیر و بریكاری وەزیر و پەرلەمانتار بۆیان نیە خۆیان بۆ سەركردایەتی كاندید بكەن، سەرۆك جێگری نابێت. بڕیارە سبەینێ كاتژمێر (11)ی پێش نیوەڕۆ بە وتاری بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی و بەشێك لە سەركردەكانی عێراق دەستپێبكات و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت. بە وتەی تەلار لەتیف وتەبێژی كۆنگرەی یەكێتی، دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ كۆنگرە دەست بە كارەكانی دەكات و لەو چوارچێوەیەشدا لیژنەكان دروست دەكرێن، ئەمەش لەكاتێكدایە كە رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی حزب ئامادەیە و لە كۆنگرەدا كە سێ رۆژ دەخایەنێت دەنگی لەسەر دەدرێت". بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە كۆنگرەدا ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی دەبێتە نزیكەی (60) ئەندام پێشتر سەركەوت زەكی لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە رایگەیاندبوو كە ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی دەبێـتە (51) ئەندام سەرۆك و (50) ئەندام. بە پێی رێككەوتنی سەرەتایی، وەزیر و بریكاری وەزیرو پەرلەمانتاران بۆیان نیە خۆیان بۆ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كاندید بكەن، دەبێت لە كۆنگرە دەنگی لەسەر بدرێت، كە لە ئێستادا دوو پەرلەمانتاری عێراق و وەزیرێك و بریكارێكی وەزیری عێراق و سێ وەزیری هەرێم ئەندامی سەركردایەتی یەكێتین. لە كۆنگرەدا سیستەمی هاوسەرۆكی هەڵدەوەشێتەوەو بافڵ تاڵەبانی دەبێتە سەرۆكی یەكێتی و جێگری نابێت، یەكێتی سێ ئەنجومەنی دەبێت و لەژێر سەرپەرشتی سەرۆكدا دەبێت: • ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی كە ئەندامانی لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێن ئەندامانی لە (9) ئەندامەوە بۆ نزیكەی (20) ئەندام زیاد دەكرێت و سەرۆكی یەكێتی سەرپەرشتی دەكات و جێگرێكی بۆ دیاری دەكرێت. • ئەنجومەنی پشتیوانی كە ئەنجومەنێكی نوێیەو ژمارەی ئەندامانی نزیكەی (100) ئەندامەو سەرۆكی یەكێتی سەرپەرشتی دەكات و بەپێی راسپاردەكانی سەرۆكی یەكێتی ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن. • ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە ئێستا (121) ئەندامەو ژمارەی ئەندامانی كەمدەكرێتەوە بۆ نزیكەی (60) ئەندام و سەرۆكی دەبێت و لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆكی یەكێتیدا دەبێت و دەبێتە ناوەندی بڕیاری یەكێتی.
“دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکیانە و پشکنینی نایاسایی ئامێری ئەلیکترۆنی” درەو: كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان نیگەرانی خۆی لەبارەی پاشەكشەی ئەمدواییەی ئازادی راگەیاندن بە رۆژنامەنووسان راگەیاندووە. نوێنەری (درەو) لەگەڵ ژمارەیەك لە دەزگاكانی راگەیاندن لەگەڵ كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە. 🔹 راگەیەندراوی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان: مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەگەڵ ڕۆژنامەوانانی ژمارەیەک ناوەندی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ کۆبووەوە بۆ ئاشنابوون بە کارەکانیان و پانتایی کاریی ڕاگەیاندن و ئەو ئاڵنگاریانەی ڕوبەڕوی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ دەبنەوە. کونسوڵی گشتی دەستخۆشی لە ڕۆژنامەوانەکان کرد لە بەرامبەر هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ ڕوماڵکردنی بێلایەنانەی هەواڵە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی هەرێم. بەردەوامین لە نیگەرانیەکانمان دەربارەی پاشەکشەی ئەم دواییانەی ئازادیی ڕاگەیاندن، پاشەکشە لە نموونەی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکیانە و پشکنینی نایاسایی ئامێری ئەلیکترۆنی و کەموکوڕیی لە جێبەجێکردنی یاسای کاری ڕاگەیاندن و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی هەرێمی کوردستان
شیكاری: درەو 🔹 لە (25/3/2023 – 25/9/2023) واتە (6) مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە. 🔹 پاڵپشت بە داتاکانی دیلۆیت لە پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، تواندراوە بە تێکڕای مانگانە زیاتر لە (12 ملیۆن و 461 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت. 🔹 واتە لە ماوەی (6) مانگدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە زیاتر لە (74 ملیۆن و 766 هەزار) بەرمیل نەوت. 🔹 تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی (25/3/2023 – 25/9/2023) بریتی بووە لە (82 دۆلار و 38 سەنت). 🔹 ئەگەر هەرێم بە داشکانی (15 دۆلار) نەوتەکەی فرۆشتبایە، وەک ئەوەی لە چارەکی دووەم و سێیەمی ساڵی (2022) دا رویدابوو. ئەوا؛ 🔹 تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (67 دۆلار و 38 سەنت). 🔹 کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (5 ملیارو 51 ملیۆن و 146 هەزار) دۆلار. ڕاگرتنی نەوتی هەرێم و زیانە داراییەکانی دوای نۆ ساڵ لە سکاڵایەکی حکومەتی عێراق لەسەر حکومەتی تورکیا لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بەوەی "توركیا رێكەوتنی ترانزێتی بۆریی نەوتی ساڵی 1973ی پێشێلكردووە، بەوەی توركیا رێگەیداوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانی عیراقەوە بەبێ رەزامەندیی بەغدا، لە رێگەی توركیاوە هەناردە بكرێت". دواجار ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێکی (277) لاپەڕەیی لە رۆژی (13ی شوباتی 2023) دەرکردووەو لە (25ی ئازاری 2023) بە فەرمی بووە هۆی كە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان. بە پێی بڕیارەكەی ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چی نەوتی باكور بێت، چی نەوتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) واتا ( بە بازاڕكردنی نەوتی جیهانی) كە لە نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 1973 تایبەت بە بۆری نەوت واژۆكراوە. ئێستا شەش مانگ تێپەڕیوە، سەرباری ئەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق گەیشتوون بەجۆرێک لە ڕێککەوتن، بەڵام هێشتا نەیتواندراوە دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکرێتەوە. لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو زیانە داراییانەی لە ڕاگرتنی نەوتی هەرێم لە ماوەی (25/3/2023 – 25/9/2023) دەکەوێتەوە. بە جۆرێک؛ • بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە چارەکی دووەم و سێیەمی ساڵی (2022)، واتە هەمان ئەو ماوەیەی کە لە ساڵی (2023) نەوتی هەرێمی تێدا ڕاگیراوە؛ - حکومەتی هەرێم بە تێکڕای مانگانە (12 ملیۆن و 461 هەزار و 65) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی کردووە. - هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی لە ماوەی ناوبراودا بە (15 دۆلار) کەمتر لە نرخی نەوتی برێنت فرۆشتووە. - هەر بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت (54%) داهاتی نەوت چووە بۆ خەرجی پرۆسەکەو (46%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم. کەواتە لەسەر بنەمای هەردوو ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت لە ماوەی چارەکی دووەم و سێیەمی ساڵی (2022) ئەم گریمانەنانەی لای خوارە ڕوندەکەینەوە؛ • لە (25/3/2023 – 25/9/2023) واتە (6) مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە. • هەرێم دەیتوانی بە تێکڕای مانگانە (12 ملیۆن و 461 هەزار و 65) بەرمیل نەوت هەناردە بکات. • واتە لە ماوەی (6) مانگدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە (74 ملیۆن و 766 هەزار و 392) بەرمیل نەوت. • تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە (82 دۆلار و 38 سەنت). • ئەگەر هەرێم بە داشکانی (15 دۆلار) نەوتەکەی فرۆشتبایە، وەک ئەوەی لە چارەکی دووەم و سێیەمی (2022)دا رویدابوو. ئەوا؛ • تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێم فرۆشراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (67 دۆلار و 38 سەنت). • کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (5 ملیارو 51 ملیۆن و 146 هەزار و 388) دۆلار. • ئەگەر ئەو بڕەی داهات (54%) بۆ خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم رۆشتبا، ئەوا هاوتا دەبوو بە (2 ملیار و 727 ملیۆن و 619 هەزار و 49) دۆلار. • بەم پێیەش بڕی (2 ملیار و 323 ملیۆن و 527 هەزار و 338) دۆلاری بە رێژەی (46%) دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەم خشتەی خوارە پرۆسەکە رونتر دەکاتەوە. سەرچاوەکان؛ راپۆرتەکانی دیلۆیت لە سایتی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ • بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی 2022 تاکو ٣٠ی حوزەیرانی 2022. • بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تەمموزی 2022 تاکو٣٠ ئەیلوولی 2022.
راپۆرت: درەو شەش ساڵ لەمەوبەر ئەمریكا بەڵێنی بە بارزانی دا ئەگەر ریفراندۆم نەكات، یارمەتی كورد بدات بۆ ئەوەی رێككەوتێكی مانادار لەسەر دابەشكردنی دەسەڵاتو داهات لەگەڵ بەغداد بكاتو ماددەی 140 جێبەجێ بكرێتو كێشەی پێشمەرگەو كێشەكانی تر كورد لەگەڵ عێراق چارەسەر بكات، بەڵام بارزانی سور بوو لەسەر سازدانی ریفراندۆم. ئەمڕۆ كە یادی (6) ساڵەی سازدانی ریفراندۆم دەكرێتەوە، ماوەی (6) مانگی تەواوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە فشاری حكومەتی عێراق راگیراوە، بەمە حكومەتی هەرێم رێژەی نزیكەی 80%ی داهاتەكانی خۆی لەدەستداوەو توانای دابینكردنی موچەی نییە، بەرپرسانی هەرێم چاویان لە ئەمریكییەكانە نێوەندگیری بكەن بۆ دەربازكردنی موچەی فەرمانبەران لەناو كێشمەكێشە سیاسییەكان. سەعدی پیرە رۆژی ریفراندۆمی دیاریكرد، رۆژێك كە تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش نەیتوانی وادەكەی بگۆڕێت. ئهوكاتهی بڕیاری ریفراندۆم درا حكومهتی ههرێم موچهی فهرمانبهرانی پی دابین نهدهكرا، ریفراندۆم چۆن كرا ؟ ئەم راپۆرتە تیشك دەخاتەسەر وردەكاری گفتوگۆی بارزانیو لایەنەكان لە رۆژانی ئامادەكاری بۆ ریفراندۆمدا. دۆخی كورد لە رۆژگاری ریفراندۆمدا نیسانی 2017 كە وردە وردە شەڕی "داعش" بەرەو كۆتایی هەنگاوی دەنا، پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتیی نیشتمانی كوردستان وەفدێكی هاوبەشیان دروستكردو سەردانی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد، لەو سەردانانەدا باسیان لەوەكرد دەیانەوێت ریفراندۆم بكەن بۆ جیابونەوە لە عێراقو دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان. ئەوكاتەی كە پارتیو یەكێتیی بابەتی ریفراندۆمیان وروژاند، حكومەتی هەرێم لەناو قەیرانێكی دارایی قوڵدابوو، مانگانە بە پاشەكەوتیشەوە موچەی فەرمانبەرانی بۆ دابین نەدەكرا، لەڕووی سیاسیشەوە هەرێمی كوردستان لەناو قەیراندا بوو، ماوەی دوو ساڵ بوو بەهۆی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتییەكەی مەسعود بارزانییەوە، پارتی دەرگای پەرلەمانی داخستبوو، بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت دەركردبوو، رێگەی نەدەدات یوسف محەمەد سەرۆكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ سەركارەكەی لە هەولێر. كێ چی دەوت ؟ لەم بارودۆخەدا بوو، رۆژی 7ی حوزەیران 2017 لایەنە سیاسییەكان بەبێ ئامادەبوونی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبونەوە، لەم كۆبونەوەیەدا بارزانی قسەی كردو وتی:" من دەزانم لە كوردستان كێشە هەیە، بەڵام ناكرێت ریفراندۆم ببەسرێتەوە بە كێشەكانەوە، ریفراندۆم بابەتێكی نەتەوەییەو پەیوەندی بە هیچ كەسو لایەنێكەوە نییە.. دەبوو گۆڕانو كۆمەڵ بەشداری ئەم كۆبونەوەیان بكردایە، چونكە پرسێكی چارەنوسسازە، بەڵام بەداخەوە بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد". بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بارزانی سەربوردێكی دۆخی كوردی لە عێراق گێڕاوەتەوەو وتویەتی ئێستا گەیشتوینەتە دۆخێك" عەلی غێدان لە كۆبونەوەدا هەڕەشەی كردووە هەولێر داگیربكات، نوری مالیكی پێی وتووە پەلەمەكە تا فڕۆكە (ئێف 16)ەكانمان بەدەستدەگات ئەوكاتە هێرش دەكەین". لە كۆتایی قسەكانیدا بارزانی بە نوێنەری حزبەكانی وتووە:" ئێستا دوو رێگامان لەبەردەمدایە، یان ئەوەی وەكو هاوڵاتییەكی عێراقی بمێنینەوە، یاخود ئەوەی بڕیارێكی مێژوویی بدەین، با ژیانو مردنمان بەیەكەوە بێت، دەرفەت دێتو دەڕوات". سەرباری ئەوەی داوای لە حزبەكان كرد لە كۆبونەوەكەدا رۆژی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم دیاری بكەن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، هەر لەو كۆبونەوەیەدا بارزانی بە نوێنەری حزبەكانی وتووە:" ئەنجامدانی ریفراندۆم بەواتای دامەزراندنی دەوڵەت نییە". دوای قسەكانی بارزانی، بۆچونی لایەنە سیاسییەكان بەمشێوەیە بووە لەبارەی ریفراندۆمەوە: • كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی ئەوكاتەی یەكێتیی بە نوێنەرایەتی یەكێتیی بەشداری كۆبونەوەكە بووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، وتویەتی:" پشتیوانی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەم". • مەلا بەختیار كارگێڕی ئەوكاتەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی تویەتی:" لەدوای داعش مەترسی هەیە حەشدی شەعبی پەلاماری كوردستان بدات، كێشەی ناوخۆیی بە بچوك مەزانن، ئاسان نییە بەبێ چارەسەركردنی كێشەكانو كاراكردنەوەی پەرلەمان ریفراندۆم بكرێت، پێشنیاز دەكەم وەفدێكی لایەنەكان بەبێ پارتیو یەكێتیی سەردانی گۆڕانو كۆمەڵ بكەن، نواندنی نەرمی لەلایەن كاك مەسعودەوە لەگەڵ گۆڕانو كۆمەڵدا شەرەفمەندیییەكی گەورە دەبێت". • رۆژ نوری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی:" سەرەتا كە سەردانی حزبەكانمان كرد لەبارەی ریفراندۆمەوە هەڵوێستیان باش بوو، ئێمە لەگەڵ دەوڵەتێكی دیموكراتی عەلمانیداین". • هادی عەلی بە نوێنەرایەتی یەكگرتووی ئیسلامی قسەی كردووەو وتویەتی:" یەكگرتوو بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ ریفراندۆمەكەدایەو پێیانوایە ئەگەر كورد خۆی ئەمری واقیع فەرز نەكات كەس ئەو كارەی بۆ ناكات"، بەڵام نوێنەرەكەی یەكگرتوو داوای كردووە پێداویستییەكانی بەڕێوەچونی ریفراندۆمەكە ئامادە بكرێت، لەپێش هەمویانەوە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان. • كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی باسی لەوەكردووە" ئەوان وەكو حزبی شیوعی داوای دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكەن، بەڵام بەجۆرێك شوناسی دەوڵەتەكە مەدەنیو عەلمانیو دیموكراسی بێت"، بەپێچەوانەی ئەوەی بارزانی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی: ریفراندۆم بەواتای دروستكردنی دەوڵەت نییە"، سكرتێری حزبی شیوعی لە قسەكانیدا باسی لەوەكردووە:" دەبێت ئەوە یەكلابكرێتەوە ئایا ئێمە ریفراندۆم بۆ چ شتێك دەكەین؟ ئایا ریفراندۆم پەرچەكردارە بەرامبەر بە بەغداد ؟". • كامیل حاجی عەلی كە بەنوێنەرایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداربووە لە كۆبونەوەكەدا، وتویەتی:" هەوڵ بدرێت هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی وادەی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمدا مژدە بە خەڵك بدرێت" لەمەدا مەبەستی لەوە بووە حكومەت چەند موچەیەك بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكات، كە ئەوكاتیش فەرمانبەران كێشەی وەرگرتنی موچەكانیان هەبووە. • بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان:" ئێمە پشتیوانی ریفراندۆم دەكەینو پێویستە پەلەی لێ بكرێت چونكە دواكەوتووە". • مونا قەهوەچی كە بە نوێنەرایەتی حزبە توركمانییەكەی بەشداربوو، بەتوندی پاڵپشتی ریفراندۆمی كردووەو پێی وابووە ریفراندۆم دواكەوتووەو وتویەتی:" دەبوو ساڵی 2003 ریفراندۆم بكرایە". • محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستانو سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستانی ئێستا وتویەتی:" پێویست بوو گۆڕانو كۆمەڵیش بەشداربونایە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەدانیم ریفراندۆم دوابخرێت، راستە قەیران هەیە، بەڵام ریفراندۆم لە قەیران گەورە ترە". • مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەوكاتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانو سەرۆك وەزیرانی ئێستا وتویەتی:" ریفراندۆم پرۆسەیەكی نەتەوەییەو كەس ناتوانێ دژی بوەستێت". خاڵی ناكۆكی بەگشتی لە كۆبونەوەكەدا زۆرینەی لایەنەكان لەسەر دوو خاڵ هاوڕابوون كە ئەمانە بوون: • هەموو لایەنەكان بەشداری بكەن لە پرۆسەكەدا بە گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیشەوە. • هەموان بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ سازدانی ریفراندۆمدا بوون. • زۆرینەی لایەنەكان داوای كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانیان دەكرد، ئەبو كاروان وەكو ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی بەشداربووە لە كۆبونەوەكەداو لەسەر ئەم بابەتە قسەی كردووەو داوای لە بارزانی كردووە پەرلەمان كارا بكاتەوەو رێگە بدات یوسف محەمەد بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، بارزانی رەتیكردوەتەوەو وتویەتی یوسف محەمەد سەرچاوەی هەموو كێشەكان بووەو رێگەی پێنادەن بگەڕێتەوە، بارزانی پێشنیازی كردووە ئەبو كاروان پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، ئەبو كاروان رەتیكردوەتەوە، چونكە مەبەستی پێشنیازەكەی ئەبوكاروان بۆ پینەكردن و چارەسەركردنی ناكۆكیەكان بووە نەك بەدەستهێنانی پۆستەكە، بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە 15ی مانگی ئەیلولدا، بارزانی بە پاڵپشتی یەكێتییو ئەو لایەنانەی كە لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم پاڵپشتییان دەكرد، پەرلەمانی كوردسانی بەبێ گەڕانەوەی یوسف محەمەد كاراكردەوەو پەرلەمان بڕیاری سازدانی ریفراندۆمی پەسەندكرد. • زۆربەی لایەنەكان باسیان لە چاككردنی دۆخی بژێویو موچەی فەرمانبەرانیان كردووە بەر لە سازدانی ریفراندۆمەكە. ئەوانەی لە كۆبونەوەكەدا لەگەڵ سازدانی ریفراندۆم نەبوون تەنیا دوو لایەن بوون: • ئایدن مەعروف بە نوێنەرایەتی بەرەی توركمانی بەشداربوو لە كۆبونەوەی لایەنە كوردستانییەكاندا، ئایدن دوایكردووە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغداد دانوستان بكات، هەروەها داویكردووە رۆڵی پێكهاتەكانی لە ریفرامدۆمدا دیاری بكرێت. • ئاشورییەكان بەهەمان شێوە دژی ریفراندۆم بوون، نوێنەرەكەیان كە كەسێك بووە بەناوی (یەعقوب) وتویەتی:" ئێمە پشتیوانی مافەكانی كورد دەكەین، بەڵام دەبێت رێككەوتن لەگەڵ كلدۆئاشورییەكان بكرێت، چونكە ئاشورییەكان لە كورستان چەوسێندراونەتەوە". بەرەی توركمانو ئاشورییەكان تەنیا لەم كۆبونەوەیەدا بەشدارییان كردو دواتر بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی لیژنەی باڵای ریفراندۆمیان نەكرد. پیرە رۆژی ریفراندۆمی یەكلاكردەوە كاتێك قسەوباسەكانی لەبارەی ریفراندۆمەوە تەواوبوون، مەسعود بارزانی كە سەرۆكایەتی كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكانی دەكرد، رووی لە (هەندرێن محەمەد) سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو راپرسی كوردستان كردو لێی پرسی: - چەنێك كاتتان دەوێت بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكەن بۆ سازدانی ریفراندۆم ؟". + لەو رۆژەوە بودجە بۆ ریفراندۆمەكە ئامادە دەكرێت ماوەی (120) رۆژ كاتمان پێویستە. - بارزانی بەتوڕەییەوە: ئەمە كاتكوشتنە، ئەو هەموو كاتەی ناوێت، ئەگەر نایكەن با رایبگەیەنین كە ریفراندۆم ناكرێت، تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش دژ بێت من هەر ریفراندۆم دەكەم، ئەگەر ئێوە نایكەن من كاتی ریفراندۆمەكە دیاری دەكەم. لەم كاتەدا بوو كە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی پێشنیازی كرد رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم بەڕێوەچێت، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) بارزانی پێشنیازەكەی سەعدی پیرەی زۆر بەدڵ نەبووەو خوازیار بووە لە رۆژی (1)ی ئەیلول ریفراندۆمەكە بكرێت، بەڵام لەناچاریدا قبوڵی كردووە، سەعدی پیرەش پێشنیازەكەی بۆ ئەوە كردووە هەندێك كاتی ریفراندۆمەكە دوابخات بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر هەبێت بۆ بیكردنەوەو بڕیاردان. هەر لەم كۆبونەوەیەدا بوو كە لایەنەكان رێككەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروستبكرێتو بۆ رۆژی دواتر هەر لایەنێك نوێنەری خۆی لە لیژنەكەدا دیاری بكات. كۆبونەوەی لیژنەی ریفراندۆم كۆبونەوەی دواتر لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروستكراو یەكەمین كۆبونەوەی خۆی رۆژی 2017/8/7 بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كرد، ئەم كۆبونەوەیە لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان كە تێیدا رۆژی ریفراندۆم دیاریكرا جیاوازتر بوو، بارزانیو نوێنەری لایەنەكان لە لیژنەی ریفراندۆم دوای وەرگرتنی بۆچونی وڵاتانی جیهان، هەندێك لە بڕیارە توندەكەیان بۆ سازدانی ریفراندۆم پاشەكشێیان كردو بەپێچەوانەی كۆبونەوەی لایەنەكانەوە كە هەستو سۆز تێیدا زاڵ بوو، لەم كۆبونەوەیەدا كەمێك وردترو هۆشیارانەتر قسە لەسەر سازدانی ریفراندۆم كراوە. لەم كۆبونەوەیەدا بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بارزانی باسی لەوەكردووە، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانو باڵیۆزی ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاو كونسوڵی وڵاتانی بینیوەو هەمویان لەگەڵ ئەوەدانین هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بكاتو دەڵێن كاتەكەی گونجاو نییە. بەپێی ئەوەی باس دەكرێت لەم كۆبونەوەیەدا بارزانی دوای وەرگرتنی بۆچونی ئەمریكاو نەتەوە یەكگرتووەكانو كونسوڵی وڵاتان بۆچوونی گۆڕاوەو پاشەكشێی كردووەو بە نوێنەری لایەنەكانی وتووە:" خۆتان ئەزانن لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكاندا ئێوە كاتی ریفراندۆمتان دیاری كردووە نەك من"، واتا بەرپرسیارێتییەكەی خستوەتە ئەستۆی لایەنە سیاسییەكانەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە كۆبونەوەكەدا بارزانی خۆی فشاری كردووە لە ریفراندۆمەكە لە كاتێكی زوتر لە 25ی ئەیلول بەڕێوەبچێتو تەنانەت وتویەتی تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش دژ بێت، ئەو هەر ریفراندۆم دەكات. نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك یەكێك لەوانە بووە كە لە یەكەمین كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا قسەی كردووەو وتویەتی:" بۆ پاڵپشتیكردنی قسەكانی كاك مەسعود، منیش لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا دانیشتم، هەمان قسەیان كرد كە كاتەكە گونجاو نییە، بەڵام وتم ئەگەر ریفراندۆمەكە دابخەین بۆ كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018دا، بەڵین دەدەن هاوكارمان بن، باڵیۆز بەڵێنی نەدا، كاك مەسعود من لەگەڵ بۆچونی تۆدام لەبارەی ئەوەی عەبادی لە مالیكی باشترە". لەبارەی هەڵوێستی یەكێتییەوە سەبارەت بە ریفراندۆم، نەجمەدین كەریم باسی لەوەكردووە لە مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتیی كەس دژی ریفراندۆم نییەو ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیش دەنگی داوە بە ریفراندۆم. لەم كۆبونەوەیەدا هەندێك رەخنە گیرا لەوەی بەتایبەتی لەلایەنی پارتییەوە تەخوینی ئەو كەسانە دەكرێت كە دەڵێ بەشداری ریفراندۆم ناكەنو دەنگ نادەن، بارزانی لەمبارەیەوە وتویەتی:" من لەگەڵ تەخوینكردندا نیم، بەڵام ئەوەی ئەوانەش دەیكەنو دەیڵێن لەبارەی ریفراندۆمەوە راست نییە". دوای ئەم كۆبونەوەیە، بارزانی گەشتێكی ئەوروپای كرد تاوەكو لەوێ لەناوەندە سیاسییەكان بانگەشە بۆ ریفراندۆم بكاتو دۆست بۆ ریفراندۆمەكە كۆبكاتەوە، بەڵام لەوێ پرسیاری لێكرا لەبارەی ئەوەی بۆچی دەرگای پەرلەمانی كوردستانی داخستووە، ئەمە بارزانی نیگەران كردووەو بەشێوەیەكی خێرا كۆتایی بە گەشتەكەی هێناو گەڕایەوە بۆ كوردستان. بارزانیو ئەوانەی پاڵپشتی ریفراندۆمیان دەكرد، بابەتەكەیان بەجددی گرتبوو، تەنانەت لیژنەیەكیان دروستكردبوو بۆ نوسینەوەی دەستوری دەوڵەتی كوردستان، ئەمە ئەوكاتەبوو كە هێَشتا ریفراندۆم نەكرابوو، ئاسۆی كاردانەوەی عێراقو وڵاتانی ناوچەكە بەتەواوەتی دەرنەكەوتبوو. نامەكەی تیلرسن ریكس تیلرسن وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا رۆژی 23ی ئەیلول، واتا دوو رۆژ بەر لەوەی ریفراندۆم بەڕێوەبچێت، نامەیەكی بۆ مەسعود بارزانی نارد، تێیدا داوای لێكرد، پرۆسەی ریفراندۆم دوابخاتو بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی قبوڵ بكات. مەبەست لە هاوپەیمانەكان ئەوەبوو، بەریتانیاو ئەڵمانیاو فەرەنساو نەتەوە یەكگرتووەكانیش پشتیوانی ناوەڕۆكی نامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكایان دەكرد بۆ بارزانی. بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی كە لەنامەكەی تیلرسۆندا كە لە زیاتر لە (700) وشە پێكهاتبوو، ئەوەبوو، كورد ریفراندۆم نەكاتو لەبری ئەوە بۆ ماوەی ساڵێك بچێتە گفتوگۆوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدادو ئەگەر هەیە وادەی دانوستانەكە دوای ساڵەكە درێژبكرێتەوە. تیلرسن باسی لەوەكردبوو، ئەمریكا لەگەڵ بەریتانیاو فەرەنسا هەوڵ دەدەن بەدیلی ریفراندۆم كە دیالۆگە لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەری كێشەكان، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەندبكرێت، ئەگەر بەدیلەكەش ئەنجامی نەبوو، ئەوكات ئەوان پاڵپشتی كورد دەكەن ریفراندۆم بكات، لەبەرامبەردا هۆشداری دابوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەرێم بەیلەكە قبوڵ نەكاتو سوربێت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئاكامی مەترسیداری دەبێت. نامەكە بەفەرمی دانی بەوەدانابوو كە كورد لە ساڵی 1921ەوە ستەمێكی مێژوویی لێدەكرێت، باسی لەوەكردبوو، بەدیلەكەی ئەمریكا هەلێكی مێژووییە بۆ كورد كە "شایستەی تاقیكردنەوەیە". ئەمریكا لەو نامەیەی تیلرسۆندا، لەبەرامبەر ئەوەی بارزانی ریفراندۆمەكەی دوابخات، ئەمادەیی نیشاندابوو ئەم كارانە بۆ كورد بكات: • رێككەوتنی مانادار لەسەر دابەشكردنی دەسەڵاتو داهات. • جێبەجێكردنی ماددەی 140. • چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی وەك پێشمەرگە، فڕۆكەوانی مەدەنی، نوێنەرایەتی دیپلۆماسی.. هتد. فوئاد حسێن كە ئەوكات سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بوو (ئێستا وەزیری دەرەوەی عێراقە) لە كۆبونەوەی رۆژی 23ی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا نامەكەی تیلرسۆنی خوێندەوەو وەریگێڕا بۆسەر زمانی كوردی، زۆرینەی ئامادەبوان لەگەڵ ئەوە بوون، ریفراندۆم بكرێتو دواتر لەگەڵ بەغداد دانوستان بكرێت. لەوكاتانەدا كە ئەمریكا نامەكەی بۆ بارزانی نارد، ئێرانیش فشارەكانی لەسەر یەكێتیی توندكردەوە، وەفدێكی یەكێتیی بانگهێشتی تاران كران، لەوێ پەیامی توندیان پێدرا ئەگەر ریفراندۆم بكەن، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان لێ دەسەندرێتەوە. مەلا بەختیار هەڕەشەكانی ئێرانی لە یەكێتیی، لە كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا خستەڕوو، محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست لەوانەبوو كە پێشبینییەكەی بەوشێوەیە بوو" سەرباری هەڕەشەكان، شیعە یاخود بەدیاریكراوی "حەشدی شەعبی" شەڕی كورد ناكەن". مەلا بەختیار داوای دەكرد بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەڕێوەچوون یان نەچوونی ریفراندۆم دوابخرێت بۆ دواین ساتەكان بۆ ئەوەی هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەكە بەتەواوەتی بەدیار بكەوێت، ئەم قسانەشی دوای سەردانی وەفدی یەكێتیی هات بۆ تاران. هەر لەو رۆژەدا بوو، بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كردو دوای گەڕانەوەی بە میدیاكانی یەكێتیی راگەیاند، ریفراندۆم ناكرێتو كورد قایل بووە بە پێشنیازەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو سەردانەدا بافڵ تاڵەبانی بەتوندی دەستی بارزانی گوشتیوەو داوای لێكردووە لەسەر بەڵێنی خۆی ریفراندۆمەكە نەكات، بارزانی بەڵێنی پێداوە، ئەمە هۆكارەكە بووە كە بافڵ دوای كۆبونەوەكە رایگەیاندووە ریفراندۆم ناكرێت. رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 لەناو بارودۆخێكی خراپی ئابوریو سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستانو لەژێر فشاری وڵاتانی ناوچەكە (ئێران، توركیا)و ناڕەزایەتی ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو یەكێتی ئەوروپا، بارزانیو ئەوانەی پاڵپشتییان دەكرد، ریفراندۆمیان كرد، ریفراندۆمەكە لە چەند ناوچەیەكی كێشەلەسەر بەڕێوەچوو. بەپێی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم رێژەی 72%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشدارییان لە ریفراندۆمەكەدا كردووە، دهۆك بەرزترین ئاستی بەشداریو پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجە كەمترین ئاشتی بەشدارییان تۆماركرد، بەوتەی كۆمسیۆن رێژەی زیاتر لە 92%ی بەشداربوان بە"بەڵێ" دەنگیاندا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەوكات جوڵانەوەی "نەخێر لەئێستادا" كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكرد، دەیوت ساختەكاری لە ریفراندۆمەكەدا كراوە. بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی كە بەشدارنەبوون لەناو ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمدا، لە رۆژی دەنگدانیاندا چونە پاڵ ریفراندۆمەكەو عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بە "بەڵێ" دەنگیاندا بۆ جیابونەوە لە عێراق. رۆژی 1ی ئۆكتۆبەر، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە هەولێر بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوەو لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا ناوی ئەنجومەنەكە بگۆڕدرێت بە "ئەنجومەنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان، ئەنجومەنە نوێیەكە بڕیاریدا بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دەستبكرێت بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد، بەڵام بەغداد رایگەیاند بەبێ راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم ئامادە نییە هیچ گفتوگۆیەكیان لەگەڵدا بكات، لەپاڵ ئەمەدا ئێرانو توركیا سنورەكانی وشكانیو ئاسمانی خۆیان بەڕووی هەرێمدا داخستو دەستیان كرد بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانی عێراقدا لەسەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان. بەیانی رۆژی 25ی نۆڤێمبەر، دوای كارەساتەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو لەدەستدانی رێژەی 51%ی خاكی ناوچە كێشە لەسەرەكان، دادگای فیدراڵی عێراق فەرمانێكی دەركردو كاركردنی بە ئەنجامەكانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان سڕكرد، هەرێم كە پێشتر لەسەر بانگەوازی ئایەتوڵا عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد دەربڕی بوو، فەرمانەكەی دادگای فیدراڵی عێراقی پەسەندكردو بەوەش قایل بوو بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم لەپێناو دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ عێراق هەڵگرتنی ئابلۆقە لەسەر دەروازە سنوریو فڕۆكەخانەكانی هەرێم.
ئامادەكردنی: جیهانگیر گوڵپی چهند ڕۆژێكه بهتایبهتیش پاش لێدوانهكانی حهیدهر عهبادی و یوسف كیلابی و چهند كهسێكی تر، لهناو میدیا و سۆشیاڵ میدیای كوردیدا، ئهو قسهیه هاتووهتهوه بهرباس، كه گوایه بهغدا ئامادهیه ڕاستهوخۆ مووچه بدات به مووچهخۆرانی ههرێم، بهڵام حكوومهتی ههرێم ڕازی نییه. چهند پهرلهمانتار و سیاسییهكی كوردیش پێدانی مووچه ڕاستهوخۆ لهلایهن بهغداوه به مووچهخۆرانی ههرێم، به چارهسهری گونجاو دهزانن و به بایهخهوه باس له ههنگاوێكی لهو جۆره دهكهن، باس لهوهیش دهكرێت، كه ههوڵێك بۆ ئهوه له پهرلهمانی عێراق خراوهتهگهڕ. تا ئێستا قسهكردن لهم بابهته لهناو میدیای كوردیدا، تهنیا لهسنوری ڕووكاری بابهتهكهدایه و خۆی لهقهرهی ناواخن و ڕهههنده گرنگهكانی نهداوه. هێشتا ڕوون نییه ئهو قسانهی لهو بارهیهوه دهكرێن، تهنیا لێدوانی پهرلهمانتاران و سیاسییهكانن، یان له ناو پلان و بهرنامهی حكوومهتی بهغدایشدان؟ ئایا تا ئێستا بهغدا به فهرمی ئامادهیی خۆی دهربڕیوه و داوای له حكوومهتی ههرێم كردووه بۆ ئهو كاره یان نا؟ ئهگهر داواكهی كردووه، ئهی میكانیزمهكانی جێبهجێكردنهكهی چۆن دیاری كردوون؟ ئهی ههڵوێستی فهرمیی حكوومهتی ههرێم لهو بارهیهوه چییه؟ پاساوی حكوومهتی ههرێم بۆ ڕهتكردنهوه یان قبوڵكردنی داوایهكی لهو جۆره چییه؟ لهكاتی قبوڵكردندا پێشنیازی حكوومهتی ههرێم بۆ شێواز و میكانیزمهكانی جێبهجێكردنی چییه؟ ئهی لهكاتی ڕهتكردنهوهیدا ئهڵتهرناتیڤ چییه؟ ئهم كاره چهند دروسته و چهند ڕێی تێدهچێت و چهند شیاوی جێبهجێكردنه؟ پێم وایه سیاسی و پهرلهمانتار و میدیا و شرۆڤهكارانی ئێمه له هیچ كام لهو بابهتانه ورد نهبوونهتهوه و، لهمهیشدا تهنیا بهسهرپێیی مامهڵه لهگهڵ ڕووكاری بابهتهكه دهكهن. ئهم بابهته نوێ نییه و ئهوهندهی من ئاگاداربم له ٢٠١٦هوه تاكوو ئێستا چهند جارێكی تریش چهند پهرلهمانتارێكی كورد ههوڵیان بۆ داوه و بۆ ماوهیهك بیری مووچهخۆرانیشیان پێوه سهرقاڵ كردووه و دواجار بێئهنجام بووه. ئێستا، كه گهڕێكی نوێی ئهو باسوخواسه سهری ههڵداوهتهوه، ئهمجارهیان باسی ههژماری بانكی و كارتی زیرهك و میكانیزمه نوێیهكانی پێدان وهك بهشێك له چارهسهری سیحریی كێشهكه بانگهشهیان بۆ دهكرێت. واته ههروهك پێشتر و بگره بهسادهتریش لهو بابهته تێدهگهن و باسی لێوه دهكهن. بهر له ههموو شتێك ئهوه ڕوونه، كه كێشهی بنهڕهتی له پرسی مووچهی مووچهخۆرانی ههرێم بریتییه له نهبوونی تهمویل و تهرخانكراوی دارایی، نهك كێشهی چۆنیهتی پێدان و دابهشكردنی مووچه بهسهر مووچهخۆراندا، تاكوو وابزانرێت لهڕێگهی كارتی بانكی و ههژماری بانكییهوه بهغدا دهتوانێت ڕاستەوخۆ مووچه بداته مووچهخۆرانی ههرێم و ئیدی گرفتهكه چارهسهر بێت. كارتی زیرهك و ههژماری بانكی و وهرگرتنی ڕاستهوخۆی مووچه لهلای ژمێریاری فهرمانگهكهكان تهنیا سێ ڕێگهی جیاوازن بۆ شێوازی پێدان و وهرگرتنهكه و هیچ كاریگهرییهكیان لهسهر جهوههری كێشهكه نییه، كه نهبوونی تهرخانكراو و تهمویله. پێم وایه ئهگهر بهغدا تهمویلی بانكهكان بكات بۆ پێدانی مووچه به مووچهخۆرانی ههرێم، ئهوا دهكرێت زۆر بهئاسانی یهكێك له گونجاوترینی ئهو سێ ڕیگهیه بهكاربهێنرێت، بۆ گهیاندنی مووچه بهدهستی مووچهخۆر، ئهگهر ئامادهیش نهبێت ئهو تهمویله بكات، ئهوا قسهكردن لهو ڕێگهیانه هیچ سودی نییه. بۆ ئهوهی بانكهكان بتوانن به یهكێك لهو سێ ڕێگهیه مووچه بدهن به مووچهخۆرانی حكوومهت چ له ههرێم یان له بهغدا و خوارووی عێراقیش، ئهوه دهبێت لهلایهن وهزارهتی دارایی عێراق یان لهلایهن وهزارهتی دارایی ههرێمهوه پارهدار بكرێن، ئێستا كه حكوومهتی ههرێم ناتوانێت ئهو كاره بكات، ئایا وهزارهتی دارایی عێراق ئامادهیه بهبی ئهوهی بڕی تهرخانكراوهكه بخاته سهر ههژماری وهزارهتی دارایی ههرێم، ڕاستهوخۆ له ڕێگهی بانكهكانهوه مانگانه بڕی پێویست بخاته سهر ههژماری مووچهخۆرانی ههرێم؟ بهپێ دهستووری عێراق، ههرێم قهوارهیهكی دهستوورییه لهناو دهوڵهتی فیدڕاڵی عێراق و، حكوومهتی فیدڕاڵی مامهڵهی فهرمی لهگهڵ دامهزراوهكانیدا دهكات. ئهركی ڕاستهوخۆی بهگهڕخستنی فهرمانبهران و دابینكردن و پێدانی مووچه بە مووچهخۆرانی ههرێم بهگشتی له ئهستۆی حكوومهتی ههرێمدایه، ئهوهی له ئهستۆی بهغدایه بهپێی مادهی ١٢١ی دهستور بریتییه له تهرخانكردنی پشكێكی شایسته بۆ ههرێم، كه بهشی پێویستی و بهڕێوهبردنی كاروبارهكانی و پهرهپێدانی ههرێمهكه بكات. گریمان بهغدا باز بهسهر ههموو بهربهسته سیاسی و دهستوری و یاسایی و داراییهكاندا دهدات و بڕیار دهدات مانگانه خۆی ڕاستهوخۆ بڕی مووچهی ههر مووچهخۆرێكی ههرێم بخاته سهر ههژماره بانكییهكهی، لێرهوه بهربهستێكی كردهنیی گهوره دێته بهردهم پڕۆسهكه، كه زاڵبوون بهسهریدا ئاسان نییه، ئهویش سیستهم و پێكهاتهی كارگێڕی و دارایی و ڕێكاره تهكنیكییهكانه، كه به تهواوی دهبنه ڕێگر لهبهردهم ئهو كارهدا. له سیستهمی دارایی عێراقدا مووچه لهناو دوو بهشی بودجهدا تهرخانكراوی بۆ دابین كراوه، ئهوانیش قهرهبووی فهرمانبهران و چاودێری كۆمهڵایهتیین. كه بۆ دوو توێژی جیاوازن، توێژی فهرمانبهران و توێژی خانهنشین و ئهوانهی چاودێری كۆمهڵایهتی دهیانگرێتهوه، مامهڵهكردن لهگهڵ دیاریكردنی شایستهی مووچه و پێدانی به ههریهك لهو دوو توێژه جیاوازه. دابهشكردنی مووچهی فهرمانبهران پڕۆسهیهكی دینامیكییه، مانگانه گۆڕانكاریی زۆر و جۆراوجۆر له بڕی شایستهی مووچهی فهرمانبهراندا ڕوودهدات، له ئامادهكردنی لیستی مووچهی مانگانهی فهرمانبهرانی ههر فارمانگهیهكدا، ههموو بهشهكانی كارگێڕی و میلاكات و ژمێریاری و وردبینی بهشداری دهكهن له دیاریكردنی بڕی شایستهی ههر فهرمانبهرێك، ههر له دامهزراندن و دیاریكردنی مووچه و دهرماڵهكان و ههژماركردنی ژمارهی ئهو ڕۆژانهی كه فهرمانبهر شایستهی پێدانی مووچه و دهرماڵهكانه، تاكوو لێبڕینهكان، بههۆی دهوام نهكردن و مۆڵهتی بێمووچه و مۆڵهتی خوێندن و نهخۆشی و … هتد، تاكوو گۆڕانكاری له دهرماڵهكان بههۆی لهئهستۆگرتنی ئهركی جۆراوجۆر و یان وازهێنان لێی، هێنانی بڕوانامهی نوێ و سهرمووچه و… هتد. ئامادهكردنی لیستی مووچهی فهرمانبهران لهلایهن خودی فهرمانگهكانیانهوه، ههموو ئهو ڕێكارانه لهخۆدهگرێت، پاشان لیسته ئامادهكراوهكه دهنێردرێت بۆ گهنجینهی تایبهتمهند، پاش وردبینیكردن و پهسهندكردنی لهلایهن گهنجینهوه و لهكاتی ههبوونی تهرخانكراوی داراییدا، لهوێوه نووسراوی تهمویلكردن بۆ بانك دەکرێت، به بڕی دیاریكراو بۆ كۆی مووچهی فهرمانبهرانی ئهو فهرمانگهیه، بهپێی لیسته پهسهندكراوهكه، كه بڕی مووچهی شایستهی ههر فهرمانبهرێكی تێدا دیاریكراوه، لهوێوه ههر فهرمانبهرێك بڕی مووچهی شایسته دهچێته سهر ههژمارهكهی و بانك دهتوانێت بۆی خهرج بكات. واته بڕی پارهی تهرخانكراو و لیستی ئامادهكراو و پهسهندكراو لهلایهن گهنجینهكانهوه دهدرێته بانكهكان، ئینجا بانكهكان دهتوانن بهكاری خۆیان ههستن، كارهكهیشیان تهنیا بریتییه له ڕادهستكردنی بڕی مووچهكه به فهرمانبهران، ئهوهیش چ بهو جۆرهی كه بانك ڕاستهخۆ بیدات به یهك به یهكی فهرمانبهران، یان كۆی مووچهی فهرمانگهكه بداته ژمێریاری فهرمانگهكه و لهوێوه دابهش بكرێت بهسهر فهرمانبهراندا، یان بانكهكه بیخاته سهر ههژماری مووچهخۆران و ئهوانیش لهڕێگهی كارتی زیرهكهوه بهكاریبهێنن. ئهمه نهك تهنیا له ههرێم، بهڵكو له سهرانسهری عێراقیش ههر بهو شێوهیهیه. لێرهدا ئهو پرسیاره سهرههڵدهدات كه ئایا بهغدا دان به لیستی مووچهی فهرمانگهكان وردبینی و پهسهندكردنی گهنجینهكانی ههرێمدا دهنێت و لهسهر ئهو بنهمایه بانكهكان تهمویل دهكات؟ ئهگهر وابێت ئهوه هیچی جیاواز نییه، لهگهڵ ئهو شێوازهی تاكو ئێستا كاری پێ دهكرێت، له كاتێكدا باسهكهی ئێستا ئهوهیه كه بهغدا بهبی حكوومهتی ههرێم و وهزارهتی دارایی ههرێم ڕاستهوخۆ مووچه بداته مووچهخۆرانی ههرێم. گریمان بهغدا دهیهوێت بهسهر ئهو كۆسپهیشدا زاڵ بێت و باز بهسهر ههموو شتێكدا دهدات، بۆ ئهوهی كارێكی لهو جۆره بكرێت، پێویسته سهرهتا حكوومهتی بهغدا چهند بهڕێوهبهرایهتی و لقێكی گهنجینه له شارهكانی ههرێم بكاتهوه، كه سهر به گهنجینهی گشتی بن له بهغدا، له ڕێگهی تۆڕێكی كارگێڕییهوه، فهرمانگهكان و گهنجینهكان و بانكهكان پێكهوه ببهستێتهوه، بۆ ئهوهیش دهبێت یان بانكهكانی ههرێم له ڕووی كارگێڕییهوه بچنه سهر بهغدا، یان بانكهكانی عێراق چهند لقێكیان له ههرێم بكهنهوه، یانیش سوود لهو بانكه بازرگانییانه وهربگیرێت كه لقیان له ههرێم ههیه. لێرهوه بهربهستێكی تر سهرههڵدهدات، ئهویش ئهوهیه ئایا گهنجینهكانی سهر به بهغدا چۆن لیستی مووچهی فهرمانگهكانی ههرێم وردبینی و پهسهند دهكهن و پشت به كام ڕێنمایی دهبهستن، لهكاتێكدا دهیان ساڵه جیاوازییهكی زۆر ههیه لهو بوارهدا، له نێوان ڕێنماییهكانی ههرێم و بهغدا. ئهو لیستی مووچانهی دهنێردرێن بۆ گهنجینهكان گرنگرترین بهشیان بریتییه له لیستی گۆڕانهكان، گهنجینهكان دۆسیهی فهرمانبهرانیان لهلا نییه و خۆیان به وردی ئاگاداری میلاك و گۆڕانكارییهكانی مووچه و دهرماڵه و شایستهكانی تر نین، بۆ وردبینی و پهسهندكردنی لیستی مووچهی ههر مانگێك پشت دهبهستن به لیستی مانگی پێشوو و ئهو گۆڕانكارییانهی كه بهپێی دۆكیۆمێنته هاوپێچهكان دهخرێته بهردهستیان. ئایا وهزارهتی دارایی و گهنجینهكانی سهر به بهغدا دان به لیستی مانگهكانی پێشوو و ئهو گۆڕانكارییانهدا دهنێن، كه مانگانه وهزارهت و فهرمانگهكانی حكوومهتی ههریم ئهنجامی دهدهن؟ بیگومان نهخێر. بۆ دووركهوتنهوه لهو ههموو كێشه و بهربهستانه یان دهبێت واز لهو ڕێكاره بهێنرێت و، تهرخانكراوی پێویست بخرێته سهر ههژماری وهزارهتی دارایی ههرێم و گۆڕانكاری بهسهر ڕێكارهكاندا نههێنرێت، یانیش دهبێت بۆ ههموو دامهزراندن و گواستنهوه و سهرمووچه و موڵهت و گهڕانهوه و گۆڕانكاریی دهرماڵه و خانهنشینكردن و ههر گۆڕانێكی تر، بۆ ههر فهرمانبهرێك ڕهزامهندیی بهغدا وهربگیرێت، بۆ ئهوهیش دهبێت ههموو وهزارهتهكانی حكوومهتی ههرێم ههڵبوهشێنرێنهوه و ههموو فهرمانگهكان وابهستهی وهزارهته جیاجیاكانی عێراق بكرێن. واته به ههموو جۆرێك حكوومهتی ههرێم ههڵوهشێنرێتهوه، كه ئهوكاتیش هێشتا گرهنتی نییه مووچهی ههموو مووچهخۆرانی ههرێم لهلایهن بهغداوه وهك پێویست خهرج بكرێت. بهشی دووهمی مووچهخۆران بریتین له خانهنشینان و ئهوانهی تر كه چاودێریی كۆمهڵایهتی دهیانگرێتهوه، ئهوان مووچهكانیان نهگۆڕه، مانگانه پێویستی بهئامادهكردنی لیستی مووچه و پڕۆسهكانی تر نییه و، له ڕوواڵهتدا وادهردهكهوێت كه تاڕادهیهك مامهڵهكردن لهگهڵ گواستنهوهی مووچهی ئهو توێژانه بۆ سهر بهغدا ئاسانتره، بهڵام له ڕاستیدا ئهویش دهیان كیشهی ههیه، كه زۆر كهمترنین له هیی توێژی فهرمانبهران. لێرهدا لهبهر ماندوونهبوونی خوێنهران، نامهوێت زیاتر درێژه بهو بابهته بدهم و دەکرێت لە دەرفەتی دیکە بەتایبەت هەڵوەستەی لەسەر بکەین.
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) پرسیاری «ئێمە کێین؟» پرسیارێکە بەشێوەیەکی بەردەوام هەم ئێمەو هەم بڕێکی زۆری میلەتانی دراوسێمان لە خۆمانی دەکەین. کردنی ئەم پرسیارە لای بەشێک لە خوێندەوارو ڕۆشنبیرو هێزە سیاسیی و دینیی و فەرهەنگییەکان مەسەلەی سەرەکیی و ژمارە یەکە. چەندان گوتار سەبارەت بە شوناس و بە رەسەنایەتیی و بە «گەڕانەوە بۆ خود» هەیەو دروستبووە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە. بەڵام زۆربەی وەڵامەکان بەم پرسیارە، تا رادەیەکی زۆر، وەڵامێکی سادەو دۆگمایی و ترسناکە. یەکێک هاواردەکات «ئێمە میلەتێکی موسڵمانین»، یەکێکی دیکە دەڵێت «نەخێر دینی ئێمە ئیسلام نییەو ئێمە بە زۆر کراوین بە موسوڵمان»، کەسێکی دیکە دەڵێت «ئێمە میدین و خاوەنی شارستانیەتەکانی ئەم ناوچەین»، ئەویتر دەڵێت «ئێمە قوربانییە گەورەکەی سەدەی بیستەمین»، یەکێکی دیکەش هاواردەکات «ئێمە میلەتێکی قارەمانین»، کەسانێکی تر هەن دەڵێن «ئێمە کۆمەڵێک خێڵ و قەبیلەی گەمژەو ناپاک و خائینین»، هتد... دەکرێت ئەم لیستی خۆپێناسکردنە درێژبکەینەوەو چەندان وەڵامی تری لەم شێوەیەی بۆ زیادبکەین. خاڵی سەرەکیی لە هەموو ئەم ناونان و پێناسانەدا ئەوەیە کە «بوونی ئێمە» وەک پێدراوێکی پێشین و شتێکی حازرو تەواو دروستکراو وێنادەکات. وەک جۆرێک لە قەدەر کە لە دوامانەوە دێت و لەمڕۆدا ناوەوەو دەرەوەی هەر یەکێکمان داگیردەکات و دەمانکات بەو کەسانەی کە هەین. بە بۆچونی من پرسیاری ئێمە کێین هیچ مانایەکی مێژوویی راستەقینەی نابێت گەر تەواو متوربە نەکرێت لە پرسیارێکی دیکە، کە دەپرسێت: ئایا ئێمە لێرەو لە ئێستادا چیمان پێدەکرێت؟ دەتوانین چی بکەین؟ دەکرێت چ جۆرە ژیانێک دروستبکەین؟ چ پرۆژەیەک ھەڵگرین و چۆن بژین؟ ئەی چۆن دەسکاریی خۆمان بکەین و خۆمان بکەین بە چی؟ واتە پرسیاری «ئێمە کێین» نابێت هەرگیز کورتببێتەوە بۆ ئەو پرسیارە بەتەنها، ناشبێت پرسیارێک بێت روو لە رابردوو، ناکرێت ئاوڕدانەوەیەکی بەردوامیش بێت بۆ دواوە، بەڵکو پێویستە پرسیارێک بێت دەربارەی ئێستا، دەربارەی ئێستاییبوونمان، دەربارەی توانای دەسکاریکردنی ئەو ئێستایە، لە دەسکاریکردنی خۆمانەوە بۆ دەسکاریکردنی ئەو دونیایەی لەناویدا دروستبووین و دەژین. بە کورتییەکەی، کە لە خۆمان دەپرسین ئێمە کێین، یەکەمین شتێک پێویستە ئەنجامیبدەین چوونەدەرەوەی وەڵامە حازربەدەستەکانە، ئەو وەڵامانەی رۆژانە گوێمان لێدەبێت و چاوساغە جیاوازەکان پێماندەڵێن: «ئێمە میلەتێکی چەوساوەین»، «میلەتێکی موسڵمانین»، «گەلێکی خەباتگێرین»، «کۆمەڵێک خائین و ناپاک هیچ و گەمژە و نەزانین،» هتد... کۆی ئەم وەڵامانە لەسەر بە موتڵەقکردنی رەهەندێک لە رەهەندەکانی ژیانی رابووردو کاردەکەن و بە تەواویش دابراون لە پرسیاری ئێستاییبوون و ئێستا. ئەم بە موتڵەقکردنەش وەک ڕێگڕێکی گەورە لەبەردەم دروستکردنی ئێستایەکی نوێدا کاردەکات، کە بتوانێت هەم بمانکات بە خودێکی دەستەجەمعی نوێ و هەم بە ئەندامی مرۆڤایەتیی. بە بۆچونی من پرسیاری ئێمە کێین لە دونیای ئێمەدا پێویستی بە وەڵامی تازە ھەیە، لە پێش هەموو شتێکیشەوە پێویستە خۆمان وەک کۆمەڵگایەک ببینین کە خواستێکی گەورەو بەهێزیی ژیانی هەیە، دەیەوێت بژیی و بەشێک بێت لە مێژووی مرۆڤایەتیی، ئیرادەی ژیانی بەر لە ئیرادەکانی تری چالاک و پڕ وزەو کردەیی بێت. میلەتێک بخوازێت بەشێکبێت لە جیھانی ئەمڕۆ، بەشێکبێت لە مرۆڤایەتیی و لەو هێزانەی لە خەمی جوانکردنی ئێستادان. بەڵام ئێمە لە ئێستاو لەم ساتەدا لە کوێداین؟ لە چ قۆناغێکی مێژوویداین و ئەرکی ژمارە یەکمان چییەو کامەیە؟ بە بۆچوونی من ئێمە لە قۆناغی «دروستکردن و داهێنانی نیشتیمانداین»، لە قۆناغی دروستکردنی «شوێنێکی گشتیی و هاوبەش و یەکسانداین بۆ هەمووان و بەیەکەوە». بەبۆچونی من مرۆڤ بەبێ نیشتیمان ناتوانێت بەشێک بێت لە جیهان، بەبێ ئەندامبوونی لەناو گەلێکدا ناتوانێت ئەندام بێت لەناو مرۆڤایەتیدا. هەموو مرۆڤێک بەر لەوەی مرۆڤێکی ئەبستراکت و گشتیی بێت مرۆڤی ناو ژینگەیەکی بچووک و کۆنکریتە، ئەندام و نیشتەجێی شوێن و جێیەکی تایبەتە. لەناو مێژووی ئەمڕۆکەی مرۆڤایەتیدا ئەو شوێنە تایبەتە کە تیایدا دەژیی نیشتیمانەو ئەو گروپەی ئەندامە تیایدا، گەلە. بەڵام نیشتیمان و گەل دوو پێدراوی بایۆلۆژیی و سروشتی نین، شتێک نین لە ئەزەلەوە بوونی هەبێت و رەنگیش نییە بۆ هەتاهەتایە بە هەمان شێوەی ئێستا بمێنێتەوە. نیشتیمان و گەل دروستکراوی کۆمەڵایەتیی و ئینسانیی و مێژوویین، بەرهەمێکی تایبەتن کاری بیرلێکراوەو دەستەجەمعیی و یەکسانخوازی خەڵکانێک دەیانەوێت بەیەکەوەبژین. با کەمەکێک وردتر لە چەمکی نیشتیمان رامێنین، کە وەک وتم دروستکردنی ئەرکی ژمارە یەکی ئەمڕۆکەی دونیای ئێمەیە. نیشتیمان شوێنی کۆبوونەوەی خەڵکانێکە ئیرادەیەکی هاوبەشی بەیەکەوەبوون کۆیکردونەتەوەو بەشێکی گرنگی شوناسی خۆیشیان لەو ئیرادەی بەیەکەوەبوونەوە وەردەگرن. نیشتیمان سەرزەمینێکی هاوبەشە کە گرێبەستێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی تایبەت دروستیدەکات، شوێنەکە کۆی دانیشتوانەکەی وەک مرۆڤی خاوەن ماف و خاوەن رێز و خاوەن کەرامەتی ئینسانیی یەکسان دەبینێت و مامەڵەدەکات. هەموو ئەم شتانە وادەکەن نیشتیمان شوێنێکبێت هی هەمووان بێت، بە هەمووانیش لە خاڵی دەسپێکدا ئەگەرو شانس و سەرەتای یەکسان دەبەخشێت، شوێنەکە کەرامەتی هەمووانی تیادا بەهەمان رادە پارێزراوە. پێگەی چینایەتیی، هەبوون یان نەبوونی دین، ئەندامبوون لەم یان لەو گروپی تایبەتدا، باوەڕبوون بەم یان بەو ئایدیۆلۆژیا، نێربوون یان مێبوون، رەنگی پێست، هتد... نەتوانن ئەو سەرەتا و ئەگەرە یەکسانانە دەسکاریبکەن و بسڕنەوە. تەنها بەم مانایە نیشتیمان دەتوانێت نیشتیمان بێت و تەنها بەم مانایەش دەتوانێت بەشێک بێت لە مرۆڤایەتییەک کە کۆی ئەو هەڵاوێردن و پەراوێزخستانەی تێدانەبێت. بەپێچەوانەی وڵاتی ئێمەوە، نیشتیمان نابێت تەنها نیشتیمانی ئەم یان ئەو بنەماڵەی سیاسیی، ئەم یان ئەو حیزب، ئەم یان ئەو دین و بیروباوەڕ، ئەم یان ئەو جۆر لە ئینسانی تایبەت، بێت. ئەمە وادەکات دروستکردنی نیشتیمان ئەرکی یەکەم و بنەڕەتیی کۆمەڵگاو ئینسانی ئێمەبێت. بەڵام دروستکردنی نیشتیمان تەنها بە سرودو گوتارو ئینشاو درۆ و دەلەسەی رۆژانە دروستناکرێت، بەو نارسیزمە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی خێڵەکیانەش دروستنابێت، کە دەرەوەی خۆی لەخۆی بە کەمترو بێنرختر دەزانێت. کۆڵەکە سەرەکییەکانی دروستکردنی نیشتیمانیش دابینکردنی ماف و کەرامەت و ڕێزی یەکسانە بۆ هەر کەسێک بەشێک لە دانیشتوانی ئەو سەرزەمینە پێکبهێنێت کە خەڵکەکەی دەخوازن ناوی نیشتیمانی لێبنێن. نیشتیمان پێویستی بە چەسپاندن و پیادەکردنی مافی یەکسان و هەلی یەکسان و بەرپرسیاریەتی یەکسانە. ئەو شوێنەیە کە «سەرەتای یەکسان» بە هەموو منداڵێک دەبەخشێت لە هەناویدا لەدایکدەبێت، سەرەتایەکی یەکسانیش لەناو دەزگاو پێگەو ئۆرگانە سەرەکییەکانیدا کاردەکات. کۆمەڵێک پێدراو کە هیچیان لە دونیای ئێمەدا ئامادەنین و تا دێت زیاترو زیاتریش ئامادەنەبوونەیان بەرچاوترو ئاشکراتر دەبێت. ئەمە وادەکات وەڵامی پرسیاری «ئێمە کێین؟» لەم ئاستەدا بریتیبێت لەوەی «ئێمە دانیشتوانی سەرزەمینێکین کە نەمانتوانیوە بیکەین بە نیشتیمان». ئەرکی سەرەکیی و ژمارە یەکیشمان بریتییە لە دروستکردنی ئەو نیشتیمانە. لە دونیای ئێمەدا ئەوانەی ناهێڵن نیشتیمان دروستببێت، جارێک سیاسەت و سیاسییەکانن، جارێک دین و دیندارەکان، جارێکی تر هەڵگری ئەم یان ئەو خەونی کۆمەڵایەتیین و جارێکی تریش ئەم یان ئەو فۆرمی نارسیزمی تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتییە کە دەرەوەی خۆیان، یان کورتدەکانهوه بۆ سەداو دەنگدانەوەی خۆیان، یاخود دەخوازن وێرانی بکەن و لەناویببەن. بەڵام بە راستیی ئێمە کێین؟ ئێمە خەڵکانێک نەمانتوانیوە نیشتمانێک بۆ خۆمان دروستبکەین. بۆ ئەوەی بشبین بە بەشێک لە مرۆڤایەتیی، ئەرکی ژمارە یەکمان گۆڕینی ئەو سەرزەمینە جوگرفاییەیە کە لەناویدا دەژین، بۆ نیشتیمان، نیشتیمانێک بۆ هەمووان.
درەو: ئەگەر هەرێمی كوردستان پەیوەست بێت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیەوەو جێبەجێی بكات، ئەوا دەبێت ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك لە پۆستەكانیان لاببرێن، لەبەر ئەوی پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نەبوون یان لەكاتی درێژكردنەوەدا كراون بە پارێزگار. بە پێی بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق، یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵدەوەشێتەوە كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە. بە پێی یاساكەی پەرلەمانی كوردستان كە لەلایەن ڤالا فەرید سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستانەوە واژۆكراوە، لەگەڵ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تا خولی داهاتووی هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی پارێزگاریش هەمواركرایەوە. بڕگەی یەكەم لە مادەی شەشەمی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەمواركراوەتەوەو ئەو بڕگەیەی بۆ زیادكراوە كە دەڵێت " هەڵبژاردنی پارێزگار لە دەرەوەی ئەندامانی ئەنجومەن یان لەناو ئەندامانی ئەنجومەنی بە زۆرینەی رەها دەبێت". بەپێی یاسای پارێزگاكان پێش هەموارەكە تەنیا ئەو كەسانە مافی ئەوەیان هەبوو ببنە پارێزگار كە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگابوون، بەڵام لە هەموارەكەدا كە دادگای فیدراڵی هەڵیوەشاندووەتەوە، دەتوانرێت لەدەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگاش كەسێك بۆ پارێزگار هەڵبژێردرێت. خۆ ئەگەر هەموو یاساكەش هەڵنەوەشێنێتەوەو تەنیا بڕگەی درێژكردنەوە (تەمدید) هەڵبوەشێتەوە بە پێی بڕیارەكەی دادگا ئەوا هەر دەبێت پارێزگاری هەولێرو دهۆك لاببرێن، چونكە لە كاتی درێژكردنەوەدا بوونەتە پارێزگار و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نەبوون. بۆیە ئەگەر هەرێمی كوردستان پەیوەست بێـت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیەوە ئەوا دەبێت ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك لە پۆستەكانیان لاببرێن.