كەی بەرزەموچە (تەرفیع) دەستپێدەكاتەوە؟
2025-01-22 18:26:47
راپۆرتی: درەو
🔹 ئەو داهاتەی بەهۆی ڕاگرتنی بەرزە موچەی موچەخۆرانەوە لە (9) ساڵی ڕابردوودا بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە بریتیە لە؛ (5 ترلیۆن و 996 ملیار و 368 ملیۆن و 800 هەزار) دینار.
🔹 کۆی شایستەی ڕاگیراوی پلە بەرزکردنەوەی تەنها (1) موچەخۆر بە تێکڕا (8 ملیۆن و 400 هەزار) دینارە.
🔹 ئەو فەرمانبەرانەی مافی پلە بەرزکردنەوەیان هەبووە و پێش وەرگرتنی پلەکەیان خانەنشین بوون بە درێژایی ژیان باجی بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە دەدەن کە ژمارەیان بە نزیکەی (50 - 60 هەزار) خانەنشین دەخەمڵێندرێت، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ئەمساڵ هەرسێ موالیدەکانی (1962، 1963 و 1964) خانەنشین دەکرێن و دەکەونە ژێر هەمان ئەو کاریگەرییانەی کە لە ڕاگرتنی بەرزە موچە دەکەونەوە.
یەکەم؛ سەرە موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) چییە؟
لە یاسای موچەی فەرمانبەرانی میری و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008 هەموارکراو بە ڕوونی باس لە هەردوو بابەتی سەرە موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) کراوە، بەجۆرێک لە؛
(مادەى سێیەم) بڕگەی یەکەم: پلەکانی فەرمانبەران و سەرمووچەى ساڵانەیان و ماوەی پلە بەرز کردنەوەیان بەم شێوەیە دەبێت کە لە خشتەى مووچەکان و سەرمووچەی ساڵانە هاتووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
سەرمووچەى ساڵانە
لە (مادەى پێنجەم)ی یاساکەدا هاتووە: سەرمووچەى ساڵانە دەدرێت بە فەرمانبەر لە کاتی تەواو کردنی (1) ساڵ لە خزمەتی وەزیفی بە رەچاو کردنی مادە (9)ى ئەم یاسایە.
هەروەها لە (مادەى نۆیەم)دا هاتووە؛
یەکەم: ئەگەر نەتوانرا فەرمانبەر پلەى بەرز بکرێتەوە بۆ پلەى دواتر یان پێدانی سەرمووچەى ساڵانەى بۆ گەیشتن بە بەرزترین رادەى مووچەى پلەکەى، دەکرێت بەردەوام سەرمووچەى ساڵانەى پێ بدرێت لە پلەى دواتری پلەکەى خۆی.
دووەم: فەرمانبەری پایە (11)ی پلە یەکی وەزیفی سەرمووچەى بەردەوام دەبێت کە تێپەڕ نەبێت لە نزمترین رادەى پلە باڵاکان (ب)
پلە بەرز کردنەوەى فەرمانبەر
لە (مادەى شەشەم)ی یاساکەدا هاتووە؛
یەکەم: پلە بەرز کردنەوە بریتییە لە گواستنەوەى فەرمانبەر لەو وەزیفەیەی کە تێیدایە بۆ وەزیفەیەک کە راستەوخۆ دەکەوێتە پلەیەکی بەرزتر دوای پلەى پێشتری لە پلەبەندنی وەزیفی.
سەبارەت بە مەرجەکانی پلە بەرز کردنەوەى فەرمانبەر هەر لە (مادەى شەشەم) و بڕگەی (دووەم) هاتووە: هەبوونی ئەم مەرجانەى کە لە خوارەوە هاتوون لە کاتی پلە بەرز کردنەوە:
ا. هەبووونی پلەى بەتاڵ یان وەزیفەى بەتاڵ لە پلەیەکی بەرزتر لەو پلەیەى کە تێیدایە لەنێو (ضمن) میلاکی وەزیفی فەرمانگەکەى.
ب. تەواوکردنی ماوەى بڕیاردراو بۆ پلە بەرزکردنەوە کە هاتووە لە خشتەى ژمارە (١).
ج. دەبێت فەرمانبەر مەرجەکان و توانای پێویستی هەبێت بۆ ئەو وەزیفەیەی بۆى کاندید دەکرێت بۆ پلە بەرز کردنەوە.
د. سەلماندنی تواناکانی فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی ئەو وەزیفەیەی کە نیاز وایە پلەکەى بۆی بەرز بکرێتەوە بە راسپاردەى سەرۆکی راستەوخۆ و پەسند کردنی سەرۆکی باڵا.
لە بەشێکی تری یاساکە تایبەت بە (پێکهێنانی لیژنەى پلە بەرز کردنەوە)
لە (مادەى حەوتەم)دا هاتووە؛
یەکەم: بە فەرمانی وەزیر یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت یان کەسی راسپێردراو لیژنەیەکى پسپۆر پێک دەهێندرێت بە سەرۆکایەتی فەرمانبەرێک کە پلە وەزیفیەکەى لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی خوارتر نەبێت و دوو ئەندام کە پلەى وەزیفییان لە بەڕێوەبەر کەمتر نەبێت بۆ بینینی داواکارییەکانی پلە بەرز کردنەوە لە ماوەى 60 رۆژ لە رێکەوتی وەرگرتنی داواکارییەکە و کاندید کردنی فەرمانبەر بۆ پلە بەرز کردنەوە پاش دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجەکانی بڕیاردراو بۆ پلە بەرز کردنەوە کە هاتووە لە بڕگە دووەم لە مادە 6ى ئەم یاسایە.
دووەم: فەرمانی پلە بەرز کردنەوە دەردەچێت لە لایەن وەزیری تایبەتمەند یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت و پلە بەرز کردنەوەکەشى جێبەجێ دەکرێت لە رێکەوتی شایستە بوونی، ئەگەر خودی فەرمانبەر رۆڵی نەبووبێت لە دواکەوتنی پلە بەرز کردنەوەکەى.
مادەى هەشتەم
یەکەم: ئەگەر مووچەى فەرمانبەری پلە بەرز کراو هاوتا بوو لەگەڵ یەکێک لە پایەکانی پلەى بەرزکراوەکە، ئەوا مووچەى پایەتی دواتری پێ دەدرێت کە لەگەڵ مووچەکەى هاوتا بێت.
دووەم: ئەگەر مووچەى فەرمانبەری پلە بەرز کراو کەوتە نێوان دوو پایە (مەرتەبە) لەو پلەیەى کە بۆی بەرز کراوەتەوە، ئەوا مووچەى پایەی بەرزتری پێ دەدرێت.
خشتەی ژمارە (1)
موچەی بنەڕەتی پلەکانی وەزیفی
سیستمی موچە بە هەزار دینار
دووەم؛ شایستە داراییەکانی (بەرزە موچە)ی موچەخۆران لای حکومەتی هەرێم
فەرمانبەران و موچەخۆران جگە لە شایستەی دارایی موچەی (پاشەکەوت، لێبڕین و چارەکە موچە)، شایستەی دارایی (بەرزە موچە)شیان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لێرەدا تیشک دەخینە سەر شایستەی (بەرزە موچە)ی فەرمانبەران و قەبارەی دارایی ئەو شایستەیە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوندەکەینەوە.
1. ڕاگرتنی بەرزە موچەو کاریگەرییەکانی لەسەر فەرمانبەران مامۆستایان
بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ژمارە (56) لە 31/12/2015 ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، كە مافێكی یاساییە بەپێی یاسای (موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتو كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008)ی عێراق جێگیركراوە، ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت، ڕاگیراوە. تا ئێستا و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە (9) ساڵ، هیچ بڕیارێكی حكومەتی هەرێم نییە بۆ پێدانەوەی ئەو مافە بە فەرمانبەران
ئەمە لە کاتێکدایە پلە بەرزکردنەوەی هێزەکانی ناوخۆ نەوەستاوەو، پلە بەرزکردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر لە ساڵێکەو دەستی پێکردووەتەوە کە لەم وەزارەتەش لە ساڵی 2017ەوە ڕاوەستابوو.
کەواتە فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستایانی هەرێم زەرەرمەندی یەكەمن، کە بە پێى داتاکانی بایۆمێتری ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستایان (710 هەزار و 282) کەسە.
جگە لەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە کێشەی زۆری کارگێڕی وەزیفی دروستکردووە، تەنانەت بە هەزاران فەرمانبەر و مامۆستا هەیه خانەنشین کراون، بەبێ ئەوەی پلەبەرزکردنەوەیان بکرێت، بەمەش ئەو فەرمانبەرانەی مافی پلە بەرزکردنەوەیان هەبووە و پێش وەرگرتنی پلەکەیان خانەنشین بوون بە درێژایی ژیان باجی بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە دەدەن کە ژمارەیان بە نزیکەی (50 - 60 هەزار) خانەنشین دەخەمڵێندرێت، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ئەمساڵ هەرسێ موالیدەکانی (1962، 1963 و 1964) خانەنشین دەکرێن و دەکەونە ژێر هەمان ئەو کاریگەرییانەی کە لە ڕاگرتنی بەرزە موچە دەکەونەوە.
سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە بەهۆی بڕیاری ڕاگرتنی پلە بەرزکرنەوەی فەرمانبەرانەوە لەسەر حکومەت کەڵەکە بووەو دەبێت، هیچ زانیارییەکی ورد لەبەردەست نییەو حکومەتیش هیچ ڕونکردنەوەکی لەو بارەیەوە نەبووە لەبەر ئەوەی؛
1. فەرمانبەران و مامۆستایان دوو پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەت کەڵەکە بووە،. بەتایبەت ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی پلە وەزیفییەکانیان لە نێوان (٦-١٠) دایەو (4) ساڵ جارێک پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە (بۆ بەرچاوڕوونی بگەڕێرەوە بۆ خشتەی ژمارە (1)).
2. زانیاری ورد نییە لەبارەی کۆی ئەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان (هەڵگری چی بڕوانامەیەکن، لە چ پلە و پلکانەیەکی وەزیفیدان، لە چ پۆستێکی ئیداریدان) چونکە دەرماڵەکان کاریگەری گەورە لەسەر ڕێژەی بەرزبوونەوەی موچەکانیان جێ دەهێڵێت.
بەڵام بەشێوەیەکی گریمانەیی بەهای ئەو قەرزەی "بەرزە موچە" كە دەبێت حكومەت بۆ فەرمانبەرانی بگەڕێنێتەوە بەدیاریكراوی نازانرێت، ئەگەر تێكڕای بەرزەموچە بە (50 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، كە بۆ هەندێك پلەی وەزیفی لەم بڕە زیاترو بۆ هەندێك تر كەمترە، لەحاڵی دەستپێكردنەوەی خەرجكردنی بەرزەموچە بۆ فەرمانبەران کە ژمارەیان (710 هەزار و 282) موچەخۆرە، کە بۆ هەر مانگێک دەکاتە (35 ملیار و 514 ملیۆن و 100 هەزار) دینار.
بەمەش ئەگەر تەنها بۆ فەرمانبەرێک یەک پلە بەرزکردەنەوە و بۆ هەر پلە بەرزکرنەوەیەک (50 هەزار) دینار بخەمڵێنین _چونکە هەر پلە بەرزکردنەوەیەک فەرمانبەر (26 هەزار دینار بۆ 122 هەزار دینار) دەچێتە سەر موچەکەی_ بۆ (9) ساڵی ڕابردوو بەم جۆرەیە؛
• 710 هەزار و 282 موچەخۆری شارستانیX 50 هەزار دینار X 108 مانگ = (3 ترلیۆن و 835 ملیار و 522 ملیۆن و 800 هەزار) دینار.
هەر فەرمانبەرێک لەماوەی تێپەڕبوونی (4-5) ساڵ بەسەر ڕاگرتنی پلەی بەرزکردنەوەکەی لە (31/12/2015)ەوە بۆ دووەم لە ساڵی (2020) جارێکی تر لە مافی پلە بەرزکردنەوە بێ بەشکراوە، بەپێی ئەم لێکدانەوەیەی خوارەوە دەبێت، ئەم بڕەش لە شایستەی دارایی موچەخۆران وەک بەرزە موچە دووەم کە لەسەر حکومەت کەڵەکە دەبێت ڕووندەکاتەوە.
• 710 هەزار و 282 موچەخۆری شارستانی X 50 هەزار دینار X 60 مانگ = (2 ترلیۆن و 130 ملیار و 846 ملیۆن) دینار.
بەم پێیەش کۆی ئەو شایستە داراییەی موچەخۆرانی شارستانی کە بەهۆی ڕاگرتنی بەرزە موچەوە بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە بریتیە لە؛
• (3 ترلیۆن و 835 ملیار و 522 ملیۆن و 800 هەزار) دینار + (2 ترلیۆن و 130 ملیار و 846 ملیۆن) دینار) دینار = (5 ترلیۆن و 996 ملیار و 368 ملیۆن و 800 هەزار) دینار
2. قەبارەی ڕاگرتنی بەرزە موچەی "یەک" فەرمانبەر یان مامۆستا
بەشێوەیەکی گریمانەیی بەهای ئەو قەبارەی "بەرزە موچە"ی فەرمانبەر و یان مامۆستایەک بەدیاریكراوی نازانرێت، ئەگەر تێكڕای بەرزەموچە بە (50 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، كە بۆ هەندێك پلەی وەزیفی لەم بڕە زیاترو بۆ هەندێك تر كەمترە، ئەوا؛
بۆ یەک پلە بەرزکردنەوە؛
• 50 هەزار دینار X 108 مانگ = (5 ملیۆن و 400 هەزار) دینار.
بۆ پلە بەرزکردنەوەی دووەم؛
• 50 هەزار دینار X 60 مانگ = (3 ملیۆن) دینار.
• کۆی شایستەی ڕاگیراوی پلە بەرزکردنەوەی تەنها (1) موچەخۆر = (8 ملیۆن و 400 هەزار) دینار.
خشتەی ژمارە (2)
فەرمانی ڕاگرتنی بەرزە موچە