Draw Media

كێڵگەی نەوتی هەولێر.. هەڵكشان و داكشانی نەوت

كێڵگەی نەوتی هەولێر.. هەڵكشان و داكشانی نەوت

2025-01-20 20:58:15



راپۆرت: درەو
بلۆكی هەولێر یەكێك لەو بلۆكە نەوتییانەی هەرێمی كوردستانە كە لە 2007ەوە گرێبەستی بۆ كراوەو لە 2014وە كەوتوەتە بەرهەم، بەڵام تائێستا نەگەیشتوەتە ئاستی جێگیری بەرهەمهێنان، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

پشكەكان
بلۆكی هه‌ولێر "ده‌میرداغ"، شاری هه‌ولێرو ده‌شتی هه‌ولێرو ڕێگای مه‌خمورو ناحیه‌ی كه‌ڵه‌ك ده‌گرێته‌وەو (11) بیری نەوتی تێدایە، رووبەری ئەم بلۆكە‌ (1531) كیلۆمه‌تر دووجایه‌. یەدەگی خەمڵێندراوی نەوت لەم بلۆكەدا بڕی (1 ملیار) بەرمیلە.
كوالیتی نەوتی ئەم كێڵگەیە مامناوەندە، APIی نەوتەكەی لەنێوان 22 بۆ 30 پلەدایە.
رۆژی 10ی تشرینی دووەمی 2007 گرێبەستی ئەم كێڵگەیە دراوە بە كۆمپانیای نۆربێست LTD (ئۆرێكس پترۆلیۆم) كە كۆمپانیایەكی كەنەدییە، گرێبەستەكەی لە جۆری (هاوبەشی بەرهەمهێنان)ە.
ساڵی 2011 گۆڕانكاریی بەسەر پشكەكانی كێڵگەی هەولێردا هات، پشكەكان بەمشێوەیە دابەشبوون:
•    كۆمپانیای (ئۆریکس پیترۆلیۆم)ى كەنەدی: (65%)ی پشكه‌كان هەیەو بەڕێوەبەری كێڵگەكەیە
•    كۆمپانیای (KNOC)ی كۆری: (15%)ی پشكەكان
•    (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستان: (20%)ی پشكەكان
دواجارو پاش كشانەوەی كۆمپانیا كۆرییەكە، ئێستا پشكەكانی كێڵگەكە بەمشێوەیە دابەشبووە:
•    كۆمپانیای (ئۆریکس پیترۆلیۆم)ى كەنەدی: (65%)
•    (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستان: 35%

دۆزینەوەو هەناردەكردنی نەوت
ناوەڕاستی شوباتی 2017، كۆمپانیای (ئۆریكس) نامەیەكی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامانی كۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی ناوچەی نەوتی هەولێر نارد، لەم نامەیەدا ئاگاداریكردن لەوەی دڵنیایە لە دۆزینەوەی نەوت لە كێڵگەی "دەمیرداغ".
ئەوكات كۆمپانیا كەنەدییەكە سەرقاڵی جێبەجێكردنی پرۆگرامێكی چڕ بوو بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكە، لەوانە
دامەزراندنی یەكەكانی بەرهەمهێنانی نەوت.
كۆمپانیا كەنەدییەكە (Orex Petroleum) كە زۆرترین پشكی كێڵگەكەی هەبوو، رۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2020 ناوی  خۆی گۆڕی بۆ كۆمپانیای (Forza Petroleum)، لەوكاتەوە تائێستا بەم ناوەوە كاردەكات.
تاوەكو ساڵی 2014 بەرهەمی رۆژانەی ئەم كێڵگەیە نزیكەی (4) هەزار بەرمیل نەوت بوو، بەگوێرەی قسەی كۆمپانیاكە لە 2015وە بەرهەمی كێڵگەكە بۆ 40 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبووەتەوەو دامەزراوەی نوێی بەرهەمهێنانی نەوت جێگەی دامەزراوە كۆنە كاتییەكانی ساڵی 2014ی گرتوەتەوە لە كێڵگەكەدا.  
لە ساڵی 2016وە هەناردەی نەوت لەم كێڵگەیەوە لەڕێگەی بۆریی نەوتی كوردستانەوە دەستیپێكردووە.  
بەرهەمی كێڵگەی هەولێر لە 2016 بۆ 2023 بەمشێوەیە بووە:
•    2016: 3 هەزار بەرمیلی رۆژانە
•    2017: 3 هەزار بەرمیل
•    2018: 3 هەزار بەرمیل
•    2019: 13 هەزار بەرمیل
•    2020: 11 هەزار بەرمیل
•    2021: 13 هەزار بەرمیل
•    2022: 14 هەزار بەرمیل
•    2023: 15 هەزار بەرمیل بووە تا راوەستانی هەناردەی نەوت لە 25ی ئازاری ئەم ساڵە، لە شوباتی 2023وە دەستیكردوەتەوە بە بەرهەمهێنان و تێكڕای بەرهەمی رۆژانە تا 2024 بە 6 هەزارو 500 بەرمیل دەخەمڵێندرێت، بەڵام كۆمپانیاكە تائێستا راپۆرتی خۆی بۆ چارەكی چوارەمی 2023و سەرەتای 2024 بڵاونەكردوەتەوە.

داهاتی كۆمپانیا لە كێڵگەكە
دوای 25ی ئازاری 2023وە كە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ توركیا بە بۆریی راوەستا، كۆمپانیای (فۆرزا پترۆلیۆم) لەو كۆمپانیا بیانییانە بوو كە لەبەرەنجامی پڕبوونی ئەمبارەكانییەوە بەرهەمهێنانی نەوتی كێڵگەی هەولێر بۆ ماوەیەك راگرت، بەر لە راوەستانی هەناردە بەرهەمەی رۆژانەی كێڵگەی هەولێر (15 هەزارو 100) بەرمیل بوو، كۆمپانیای بەڕێوەبەری كێڵگەكە لە تەموزی 2023وە دەستی بە بەرهەمهێنان كردەوە بەمەبەستی فرۆشتنی بە بازاڕی ناوخۆو چارەكی سێیەمی ئەم ساڵەدا واتا دوای دەستپێكردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت ئاستی بەرهەمهێنان رۆژانە بریتی بووە لە (6 هەزارو 462) بەرمیل.  
رۆژی 7ی تشرینی دووەمی 2023، (شەین کلۆنیگەر) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری كۆمپانیای (فۆرزا پترۆلیۆم) پەیامێكی بڵاوكردەوە، وتی: ئەو نەوتەی بە بازاڕی ناوخۆ دەیفرۆشین نرخەی زۆر كەمترە لە نرخی جیهانی نەوت، بەڵام پارەی نەوتە فرۆشراوەكە پێشوەختە وەردەگرین و ئەمە یارمەتیدەرە بۆ دابینكردنی تێچووی كارپێكردنی كێڵگەكە.
بەگوێرەی قسەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم، كۆمپانیاكان هەر بەرمیلێك نەوت بەبڕی (31،3) دۆلار دەفرۆشن.
دواین داتاكانی كۆمپانیای بەڕێوەبەری ئەم كێڵگەیە ئاماژە بەوە دەكات، ئاستی داهات و بەرهەمی نەوت لەم كێڵگەیە لە سێ چارەكی ساڵی 2023دا بەمشێوەیە بووە:
•    چارەكی یەكەم: كۆی بەرهەمی نەوت (1 ملیۆن و 150 هەزارو 200) بەرمیل بووە، هەر بەرمیلێكی بە (54.19) دۆلار فرۆشراوە، داهات لەم ماوەیەدا بریتی بووە لە (62 ملیۆن و 334 هەزار) دۆلار، بەهۆی ئەوەی كۆمپانیای (فۆرزا پترۆلیۆم) بەهۆی ئەوەی 65%ی پشكی كێڵگەكەی هەیە، رێژەی 65%ی بەرهەم و قازانجی وەرگرتووە، 40 ملیۆن دۆلاری بەركەوتووە، بەڵام دوای لێدەركردنی باج و موڵكانەو كێ و پشكی حكومەت بڕی (18 ملیۆن و 254 هەزار) دۆلار بۆ كۆمپانیاكە ماوەتەوەو حكومەت رێژەی زیاتر لە 70%ی داهاتی نەوتی كێڵگەكەی بردووە.
•    چارەكی دووەم: بەرهەم زۆر دابەزیوە، رۆژانە تەنیا 650 بەرهەم بەرهەمهێنراوە، ئەمەش بەهۆی راوەستانی هەنارجەی نەوت لە 25ی ئازاری 2023دا، تێكڕای بەرهەمی ئەم كێڵگەیە لە سێ مانگی دووەمی 2023دا بریتی بووە لە (55 هەزار) بەرمیل نەوت، لەم بڕە كۆمپانیاكە (39 هەزارو 300) بەرمیلی بە نرخی (28.28) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك فرۆشتووەو تێكڕای داهاتەكەی بریتی بووە لە (1 ملیۆن و 111 هەزار) دۆلار، لەمە (604 هەزار) دۆلاری بۆ حكومەتی هەرێم و (507 هەزار) دۆلارەكەی تری بووە بە داهات بۆ كۆمپانیاكە.
•    چارەكی سێیەم: كۆمپانیاكە دەستی كردوەتەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت، بڕیاریداوە بە بۆرییەك كێڵگەی (بەنان) ببەستێتەوە بە دامەزراوەكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی (دەمیرداغ)، لەم چارەكەدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ نزیكەی (6 هەزارو 500) بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبووەتەوە، تێكڕای بەرهەم بە نەوتی ئەمباركراو و فرۆشراو لە ناوخۆدا لەم چارەكەدا بریتی بووە لە (602 هەزارو 616) بەرمیل، نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بریتی بووە لە (30،83) دۆلار، كۆی داهاتەكەی (18 ملیۆن و 578 هەزار) دۆلار بووە، 13 ملیۆن دۆلاری بۆ حكومەت و 5 ملیۆنیشی بۆ كۆمپانیاكە بووە.

سەرچاوەكان:
•    سایتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
https://archive.gov.krd/mnr/mnr.krg.org/index.php/ku/index.htm
•    سایتی كۆمپانیای (فۆرزا پترۆلیۆم)
https://www.forzapetroleum.com/en/about-us/History.php
•    راپۆرتی رێكخراوی (روونبین)
https://www.roonbeen.org/roonbeen-reports/
•    کێڵگە نەوتیەکانی پارێزگای هەولێر و توانای بەرهەمهێنانیان، راپۆرتی (درەو)
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10190

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand