راپۆرت: درەو دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوە، سبەینێ دادگای فیدراڵی دانیشتنی دادبینی هەیە لەسەر سكاڵاكەی یەكێتیی، ئەگەر دادگا ئەم سكاڵایە پەسەند بكات، ئەوا هەڵبژاردنی 25ی شوباتی داهاتوو بەپێی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت نەك یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەمە بەواتای ئەوە دێت كورسییەكانی پەرلەمان لە (111) كورسییەوە بۆ (105) كورسی كەمدەبێتەوە، هەڵبژاردن لەبری (یەك بازنەیی) بەشێوەی (فرە بازنە) بەڕێوەدەچێت، (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیش بۆ (5) كورسی تایبەت بە مەسیحییەكان كەمدەبێتەوە، لەپاڵ ئەمانەدا هەندێك لایەنی سیاسی بەمدواییە پەیامی دواخستنی هەڵبژاردنیان لەلایەن نوێنەرانی وڵاتێكی دراوسێوە بیستووە. ئەمانە ئاڵنگاری بەردەم هەڵبژاردنن. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. سبەینێ دادگا دانیشتنی دادبینی هەیە سبەینێ لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەو سكاڵایانە بەڕێوەدەچێت، كە لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون. پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سكاڵای لەسەرە، سكاڵاكارەكان یەكێكیان (زیاد جەبار) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان (ئێستا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە)و ئەوی تریان (ئامانج نەجیب شەمعون) سەرۆكی فراكسیۆنی (رافیدەین) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە. دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخستووە، سكاڵاكان لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێمو سەرۆك وەزیرانی هەرێم تۆماركراون. داوای چی دەكەن ؟ زیاد جەبارو ئامانج نەجیب شەمعون لە سكاڵاكەیاندا داوا لە دادگای فیدراڵی دەكەن حوكم بدات بەوەی ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، نادەستورییە، واتا تانەیان لە ماددە هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن داوەو داوا دەكەن دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوەو یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی. كرۆكی ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردن كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە ئەمانەن: ماددەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت. ماددەی نۆیەم: هەرێمی كوردستان- عێراق بەیەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێتو، دابەشدەكرێت بەسەر چەندە مەركەزێكی دەنگداندا. ماددەی پازدە: بۆ هەرێمی كوردستان، تۆماری دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەركەزەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێنو بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەكان رێكدەخرێن كە پیشەو ناونیشانو بەروارو جێگەی لەدایكبوونیان تێدا تۆماركراوە. ئەگەر لەتوانادا نەبوو ئەوە بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەكی تری لەبارتر بۆ وەدیهێنانی مەبەستی پێویست دیاری بكات. ماددەی بیستو دوو: 1- هەر كیانێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان- عێراقدا بۆی هەیە لیستێكی تایبەت بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان- عێراق بكات كە رێژەیەك ئافرەتی تێدا بێت كە لە (30%) كەمتر نەبێتو، ناوی پاڵێوراوەكانیش بەشێوەیەك ریزبەندكرابن كە نواندی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەمان زامن بكات، بەمەرجێ ژمارەی باڵێوراوەكان لە هەر لیستێكی هەڵبژاردندا لە (3) پاڵێوراو كەمتر نەبن. 2- لیستی پاڵێوراوەكان لەماوەی (15) رۆژ لە بەرواری راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكی دەستەی باڵا دەكرێتو هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لە ماددەی 21دا داواكراون. ماددەی سیو شەش: 1- پێنج كورسی بۆ كلدان و سریانو ئاشوری تەرخان دەكرێ پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن. 2- پێنج كورسی بۆ توركمان تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن. 3- یەك كورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەكرێت، باڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن. دادگا چۆن بڕیار دەدات ؟ بەر لەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، بەهۆی ناكۆكی پارتیو یەكێتیی لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، پەرلەمان نەیتوانی یاسای هەڵبژاردن هەموار بكاتەوە، ئەمە لەكاتێكدا بوو هەردوو لایەنە سەرەكییەكە لەسەر ئەوە رێككەوتبوون لە هەمواری یاسای هەڵیبژاردندا، هەڵبژاردن بكەن بە "فرە بازنە"و هەرێمی كوردستان دابەشبكەن بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە)، بەڵام یەكێتیی داوای دەكرد لە كۆی 11 كورسی كۆتایی پێكهاتەكان (4) كورسی بدرێت بە سنوری پارێزگای سلێمانیو پارتی ئەمەی رەتدەكردەوە، بەوهۆیەوە هەمواری هەڵبژاردن لە پەرلەمانی كوردستان پەكیكەوت. ئەمە وایكرد لایەنەكان هیچ دەرفەتێكیان لەبەردەمدا نەمێنێت جگە لەوەی بگەڕێنەوە بۆسەر یاسا كۆنەكەو بەو یاسایە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەببەن، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت هەڵبژاردنی داهاتوو بەشێوەی (یەك بازنەیی) بەڕێوەدەچێتو كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیش وەكو خۆی لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەمێنێتەوەو هیچ كورسییەكی بەر پارێزگای سلێمانی ناكەوێت. یەكێتیی كە رێگربوو لەوەی لە پەرلەمانی كوردستانەوە بەوشێوەیە یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە كە پارتی دەیویست، دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، پەنای بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق برد. ئێستا سكاڵاكەی یەكێتیی دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای فیدراڵی لەبەردەم چەند بژاردەیەكدایە: • بژاردەی یەكەم: دادگا سكاڵاكە پەسەند بكاتو هەمواری ئەو ماددانەی كە یەكێتیی سكاڵای لەدژ كردوون، هەڵبوەشێتەوە، لەم حاڵەتەدا یاسای هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە بۆسەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆیو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەو یاسایە بەڕێوەدەچێت. • بژاردەی دووەم: دادگا حوكمی خۆی لەبارەی سكاڵاكەی یەكێتییەوە بەشێوەیە بدات، بۆ داهاتوو ئەو ماددانەی كە نادەستورین، لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە هەموار بكرێنەوە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت یاساكە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو وەكو خۆی بەركارە، بەڵام پەرلەمانی داهاتوو پابەندە بەوەی ماددە نادەستورییەكان هەموار بكاتەوە. ئەگەر دادگای سكاڵاكەی پەسەندكرد ؟ ئەگەر دادگای سكاڵاكەی یەكێتیی پەسەند بكاتو هەموارەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە، ئەوا دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەنا بۆ یاسای (ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق) ببات، كە یاسای یەكەم هەڵبژاردنە لە هەرێمی كوردستانو (سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی) لە رۆژی 4ی نیسانی 1992 پەسەندی كردووە. بەپێی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان، بەتایبەتی لەو ماددانەی كە یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر كردوون، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەمشێوەیە بەڕێوەدەچێت: ماددەی یەكەم: ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە (100) كورسی پێكدێت. لەگەڵ (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەی مەسیحی. ماددەی نۆیەم: كوردستانی عێراق دەكرێت بە چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن، بەمەرجێ لە (4) ناوچە كەمتر نەبێت. ماددەی پانزە: بۆ هەر ناوچەیەكی هەڵبژاردن خشە بەناوی هەڵبژێرەكان (دەنگدەر)و بەپێی ناوچەكانی هەڵبژاردنو بەپێی پیتەكانی ئەبجەدی ئامادە دەكرێت، كە پیشەو ناونیشانو مێژوو و شوێنی لەدایكبوونیان تێدا تۆمار دەكرێو بە گەلێك دانە دەنێردرێن بۆ لیژنەی ناوچە، ئەگەر ئەمە لەتوانادا نەبوو بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا رێگایەكی دیكەی لەبارتر دیاری دەكات بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی پێویستە. ماددەی بیست و دوو: 1- هەر حزبێك یان توێژێك یان كەمایەتییەكی نەتەوەیی وەك (توركمان، عەرەب، ئاشوری... هتد) بۆی هەیە لیستی تایبەتی بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق پێشكەش بكات. 2- لیستی پاڵیوراوەكان لەماوەی (10) رۆژ لە مێژووی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكی دەستەی باڵا دەكرێتو هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لەماددەی بیستو یەكەمدا هاتوون. ماددەی سیو شەش: 1- سەرجەمی دەنگەكانی هەڵبژاردن بەسەر ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەندا دابەش دەكرێ بۆ دەرهێنانی تێكڕای هەڵبژاردنەكە (المعدل الانتخابی). 2- ئەو دەنگانەی كە هەر لیستێك بەدەستی هێنا دابەش دەكرێ بەسەر تێكڕای دەنگی هەڵبژاردنەكە، بۆ دەستنیشانكردنی ژمارەی ئەو كورسییانەی كە لیستی پەیوەندیدار بەدەستی هێناوە، لەگەڵ رەچاوكردنی ئەوەی لەم بڕگەی خوارەوەدا هاتووە. 3- هەر لیستێك رێژەی 7%ی دەنگەكانی بەدەست نەهێنابێ نوێنەرایەتی لە ئەنجومەندا ناكاتو دەنگەكانی بەسەر لیستە سەركەوتووەكاندا دابەشدەكرێتەوە بەرێژەی سەركەوتنەكەی. 4- ئەو كورسییە چۆڵانەی كە لە ئەنجامی وەدەستهێنانی پاشماوەیەك كە ئەگاتە تێكڕایی دەنگی هەڵبژاردن دەخرێتە سەر ئەو لیستانە بەپێی زۆرترین ئەو دەنگانەی كە هێناویانە. هەڵبژاردن دوادەكەوێت ؟ ئەگەر دادگای فیدراڵی بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە (25)ی شوباتی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، پەنا بۆ یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی ببات، ئەوا وەكو ئەوەی یەكێتیی داوای دەكات هەڵبژاردنەكە بەشێوەی (فرە بازنە) بەڕێوەدەچێتو كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیش بەشێوەی ئێستا نامێنێت، چونكە زیادكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بۆ (11) كورسی لەچوارچێوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردندا بوو، بە گەڕانەوە بۆسەر كۆپی یەكەمی یاساكە دەردەكەوێت تەنیا (5) كورسی وەكو "كۆتا" بۆ پێكهاتەكان دانراوە كە ئەویش تەرخانكراوە بۆ پێكهاتەی مەسیحییەكانو توركمانەكان هیچ كوردسییەكیان پێنەدراوە. ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیارەكەی لە بەرژەوەندی سكاڵاكەی یەكێتیی بدات، پێشبینی دەكرێت جارێكی تر كێشەی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 25ی شوبات دروست ببێتو هەڵبژاردنەكە بۆ جاری سێیەم بۆ كاتێكی تر دوابخرێت، بەتایبەتیش كە پارتی دژی ئەم رێوشوێنەیەو سەرباری ئەمەش كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەبێت ئامادەكاری نوێ بكات بەپێی یاسا كۆنەكە، كە ئەمەش كاتی دەوێت. سەرباری ئەمانە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە پشتی پەردەوە هەوڵێك هەیە لەلایەن ئێرانییەكانەوە هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو نوێنەرانی ئێران چەند رۆژی رابردوو لە چەند كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ هەندێك لایەنی سیاسی ئەم بابەتەیان بەڕوونی خستوەتەڕوو. هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2022دا بەڕێوەبچێت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم مەرسومی بۆ دەركردبوو، بەڵام لایەنەكان بەدیاریكراویش پارتیو یەكێتیی نەگەیشتنە رێككەوتن، ئەمە وایكرد پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022دا بۆ ماوەی ساڵێك تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە. رۆژی 26ی ئازاری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی مەرسومی دووەمی بۆ سازدانی هەڵبژاردن دەركردو رۆژی 18ی تشرینی دووەمی 2023ی دیاریكرد، بەهۆی رێكنەكەوتنی پارتیو یەكێتیی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ئەم مەرسومەش پەكی كەوت. سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دوای هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم هیچ بژاردەیەكی لەبەردەمدا نەما، بەتایبەتیش كە پەرلەمان نەیتوانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم كارا بكاتەوەو یاسای هەڵبژاردن هەموار بكاتەوە، ئیتر نێچیرڤان بارزانی مەرسومی سێیەمی دەركردو رۆژی 25ی شوباتی 2023ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریكرد، سەرپەرەشتیكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنیشی دایە دەست كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق. ئەگەر هەڵبژاردن لە 25ی شوباتی 2023 دوابكەوێت، دەبێت بە سێیەم جار هەڵبژاردن دوابخرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە تشرینی دووەمی 2022وە وادەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هاتووەو حكومەتی هەرێم بووە بە حكومەتێكی كاربەڕێكەرو شەرعیەتی هەڵبژاردنی لەدەستداوە. هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا روبەڕووی مەترسی لەدەستدانی شەرعیەتی دامەزراوەكانی بووەتەوە كە لەژێر فشاری توندی حكومەتی فیدراڵیدایەو هێشتا پشكی خۆی لە یاسای بودجەی گشتی پێنەدراوەو پێویستی بە چەندین گەڕ دانوستان هەیە، ئەمە لەپاڵ دانوستان لەبارەی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، یاسایەك كە چارەنوسی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم بەسەر كەرتی نەوتو غازدا یەكلادەكاتەوە.
درەو: لەسەر بانگهێشتی بافڵ تاڵەبانی، سبەینێ ئەنجومەنی سەركردایەتی نوێی یەكێتی یەكەم كۆبوونەوەی خۆی سازدەكات، هێشتا بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە دیار نیە، بەڵام ئەركی سەرۆكی یەكێتیە دوای كۆنگرە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دیاری بكات و لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پەسەند بكرێن و ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنی پشتیوانی و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیش دیاری بكات. رۆژی 27ی ئەیلولی رابردوو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرەی پێنجەمی بەست، پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكرد و بافڵ تاڵەبانی بەسەرۆكی یەكێتی و ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژارد كە (61) ئەندامە بەسەرۆكەوە پێكهاتووە، بەپێی مادەی (21)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی لە دوای كۆنگرە سەرۆكی یەكێتی بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەكات بۆ كۆبوونەوەو سەرپەرشتی یەكەم كۆبوونەوە دەكات، ئەنجومەنی سەركردایەتی بەرزترین دەسەڵاتە لە نێوان دوو كۆنگرەداو رێژەی یاسایی دانیشتنەكان بە ئامادەبوونی (50+1)ی ئەندامانی ئەنجومەن دەبێت، تا ئێستا دیار نیە لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دادەنرێن یان نا؟ لەداوی كۆنگرە ئەركی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتییە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنەكانی (پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكانی یەكێتی و ئەنجومەنی پشتیوانی) دیاری بكات، ئەمە سەرەرای ئەوەی كۆنگرە دەستی بافڵ تاڵەبانی واڵاكردووە بۆ ئەوەی ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی زیاد بكات، بۆ ئەو كەسانەی لە حكومەت و پەرلەمانن و ئەو كەس و لایەنانەی دەچنە ناو یەكێتیەوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بافڵ تاڵەبانی چەند كارەكتەرێكی ناو حكومەت كە مافی خۆ كاندیدكردنیان نەبوو بباتە ئەنجومەنی سەركردایەتی: - د. دارا رەشید - بێگەرد تاڵەبانی - سەمیر هەورامی - فەهمی بورهان - خالید شوانی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی: بەپێی مادەی (54)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی ئۆرگانێكی باڵای یەكێتیەو ئەركی رێنماییكردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئۆرگانەكانی تری یەكێتیە بۆ پرسە سیاسی و ستراتیژییەكان. ژمارەی ئەندامەكانی (9 - 15) ئەندامەو جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی ئەنجومەنەكەیە لە شوێنی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی پاش كۆنگرە ئەندامانی ئەنجومەنەكە دیاری دەكات ئەنجومەنی پشتیوانی: ئەنجومەنی پشتیوانی لە مادەی (57)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا هاتووە: ئەنجومەنێكە لە ئەندامانی كارای خولی پێشووی سەركردایەتی و تێكۆشەرانی یەكێتی پێكدێت و ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنەكە (100) ئەندامەو لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێن. مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەپێی مادەی (32)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، مەكتەبی سیاسی ئۆرگانێكی باڵای ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیەو ناوەندی سەرەكی بڕیاردانی حزبە لەسەرجەم بوارەكانی پەیوەست بە یەكێتی و هەرێم و عێراق و جیهان. ژمارەی ئەندامانی (12- 14) ئەندامی سەركردایەتی دەبێت و لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێت و لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پەسەند دەكرێت. تا ئێستا دیار نیە لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە بڕیارە سبەینێ بەڕێوە بچێت دیاری دەكرێن یان نا، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لەم ئەندامانەی سەركردایەتی یەكێتی كە چانسیان هەیە بكرێنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی (14) كەسیان دەكرێنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی: • قوباد تاڵەبانی • نزار ئامێدی • ستران عەبدوڵا • رێواز فایەق • هاوڕێ دارۆ شێخ نوری • یوسف گۆران • عیماد ئەحمەد • شاناز ئیبراهیم ئەحمەد • ئاسۆ مامەند • رەفعەت عەبدوڵا • دەرباز كۆسرەت رەسوڵ • شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ • د. جوان ئیحسان • شاڵاو عەلی عەسكەری • خەسرەو گوڵ محەمەد • بورهان سەعید سۆفی
راپۆرتی درەو: هەرێمی كوردستان (ملیۆنێك و 255 هەزار) موچەخۆری هەیە، بەڵام (658 هەزار) فەرمانبەری هەرێم لای بەغداد تۆماركراوە كە دەكاتە (52%)ی كۆی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە (48%)ی موچەخۆرانی هەرێم بەفەرمی ناویان لای بەغداد نیە، ئەگەر حكومەتی عێراق بڕیار بدات موچەی موچەخۆرانی هەرێم راستەوخۆ بدات، چۆن و بە چی میكانیزمێك دەبێت ؟ بەغداد موچەی كۆی موچەخۆرانی هەرێم دەدات یاخود تەنیا ئەو فەرمانبەرانەی كە لای بەغداد تۆماركراون؟ چارەنووسی موچەی موچەخۆران لە چەند رۆژی رابردوودا فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ) جگە لە فراكسیۆنی پارتی، واژۆیان لەسەر نوسراوێك كرد بۆ ئەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم راستەوخۆ لە رێگەی بەغداو بانكی (TBI)ەوە بدرێت، نوسراوەكە ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرا، لەكاردانەوەدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوێنێ رایگەیاند: ئەگەر موچە لە بابەتەكانی تریش جیابكرێتەوە هەر دەبێت لەرێگەی حكومەتی هەرێمەوە دابەشبكرێت، ئەمەش وەك جۆرێك لە رازی بوون لێكدرایەوە كە كێشەی نیە بەغداد راستەوخۆ موچە بدات بەڵام دەبێت لە رێگەی دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمەوە دابەشبكرێـت. ئەگەر بەغداد بچێتە ژێر باری ئەم پێشنیازە چەند فەرمانبەرو موچەخۆری هەرێمی كوردستان لێی سودمەند دەبێت؟ بەغداد موچەی كێ دەدات؟ ئێستا چارەنووسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پەیوەستكراوە بە هەمواری یاسای بودجەی عێراقەوە، جا لەرێگای بەغدادەوە راستەوخۆ بدرێت یاخود وەك پشكی هەرێم لە یاسای بودجەدا بێت و بەو شێوەیەی ئێستا بنێردرێت، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە پاڵپشت بە لایەنە شیعەكان كە موچەی موچەخۆرانی هەرێم جیابكرێتەوە لە بابەتەكانی تری پشكی هەرێم و بخرێتە خشتەی موچەی موچەخۆرانی عێراقەوە، سودانی و بەشێك لە پەرلەمانتارانی شیعەو لایەنە عێراقییەكان بەڵێنیانداوە لە هەمواری یاسای بوودجەدا كە كۆتایی ئەمساڵ لە مانگی (12) ئامادە دەكرێت، چارەسەری موچەی موچەخۆرانی هەرێم بكرێت جیگەی بۆ بكرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی یاسای بودجە بۆ سێ ساڵە (2023 - 2024-2025 ) بەڵام دەبێت ساڵانە هەموار بكرێت و خشتەو (تەخسیسات) و ژمارەكان بگۆڕدرێن، بۆیە دەتوانرێت لە كاتی گۆڕینی خشتەو ژمارەو تەخسیساتەكان پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمیش چارەسەر بكرێت و بخرێتە ناو خشتەی موچەخۆرانی عێراقەوە جا راستەوخۆ بەغداد لەرێگەی ئەژماری ئەلكترۆنی و بانكی (TBI) بێت یاخود بە مەبلەغ بنێردرێت و حكومەتی هەرێم خۆی دابەشی بكات. بەغداد چۆن موچە دەدات؟ لە حاڵەتی جێگیركردن و جیاكردنەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە بابەتەكانی دیكەو خرایە خشتەی موچەخۆرانی عێراقەوە، ئەوا دوو رێگە هەیە بۆ ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم: پێشبینی یەكەم: لە هەمواری یاسای بودجەداو لەناو خشتەی موچەخۆرانی عێراقدا جێگەی موچەخۆرانی هەرێم دەكرێتەوە، بەڵام پشكی موچەی موچەخۆران راستەوخۆ لە بەغدادەوە دەنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم و حكومەتی هەرێم خۆی موچەكە دابەش دەكات، كە لەیاسای بودجەی عێراقدا ئەوەی بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە مانگانە دەكاتە (906) ملیار دینار بەم شێوەیە: • كۆی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە خشتەكانی یاسای بودجەدا ( 658 هەزارو 189) فەرمانبەرە. • كۆی موچەی تەرخانكراو بۆ ساڵێك: (9 ترلیۆن و 300 ملیار ) دینارەو مانگانە دەكاتە (775) ملیار دینار، • بۆ موچەی خانەنشینانی هەرێم ساڵانە (ترلیۆنێك و 346 ملیار) دینارو مانگانە دەكاتە (112) ملیار دینار. • بۆ موچەی (23)هەزار پێشمەرگە ساڵانە ( 228) ملیار دینار مانگانە دەكاتە (19) ملیار دینار واتا كۆی ئەو موچەیەی بۆ موچەخۆران و خانەنشینان و پێشمەرگە تەرخانكراوە، دەكاتە (906) ملیار دیناری مانگانە و ئەگەر وەك خۆی بێت ئەوا لەگەڵ (25) ملیار دیناری هاوپەیمانان بە ئاسانی بەشی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەكات، لەو حاڵەتەدا بەغداد پارەی موچەی موچەخۆران دەنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم و ئەویش خۆی دابەشی دەكات. پێشنبینی دووەم: ئەگەر ئەو پێشنیازە سەربگرێت و بەغداد راستەوخۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەرێگەی بانكی (TBI)ەوە بدات ئەو كات گۆڕانكاری درووست دەبێـت، چونكە ژمارەكان جیاوازن ئەوەی لای بەغدایە لەگەڵ ئەوەی هەرێم، جیاوازیەكە (597 هەزار) موچەخۆرە. • ئەوەی لای بەغداد تۆماركراوە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ( 658 هەزارو 189) فەرمانبەرە دەكاتە (52%)ی كۆی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان ( ملیۆنێك و 255 هەزار) موچەخۆرە بەم شێوەیە: • ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم: (ملیۆنێك و 255 هەزارو 273) موچەخۆر • ژمارەی فەرمانبەر: (752 هەزارو 959) كەس بەرێژەی (60%) • ژمارەی موچەخۆر: 502 هەزارو 364) كەس بەرێژەی (40%) • فەرمانبەری مەدەنی: 430 هەزارو 231 • سەربازی: 217 هەزارو 979 • پۆلیس و ئاساییش: 104 هەزارو 699 • خانەنشینی: 246 هەزرو 269 • چاودێری كۆمەلایەتی: 159 هەزارو 158 كەس • شەهیدان: 96 هەزارو 937 خۆ ئەگەر بەغداد بڕیار بدات تەنیا موچەی ئەو فەرمانبەرانە بدات كە لای خۆی تۆماركراوەو ژمارەیان ( 658 هەزارو 189) فەرمانبەرە لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم جگە لە موچەخۆران (752 هەزار) فەرمانبەری هەیە ئەوانەی لەكاردان، واتا نزیكەی (100هەزار) فەرمانبەری فیعلی هەرێم بێ موچە دەبن، لەگەڵ ئەوەی (597 هەزار) موچەخۆری هەرێم بێ موچە دەبن. چونكە ئەگەر بەغداد بیەوێت راستەوخۆ موچەی موچەخۆران بدات دەبێت كۆی فایل و ئەوەلیات و پلەبەندی و خزمەت و ناونیشانی موچەخۆران بداتە بەغداد كە ئەمەش ئاسان نیە، كە تەنیا (52%)ی فەرمانبەرانی هەرێم ئەوەلیاتیان لای بەغدادە، خاڵێكی تر پرسی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمە كە نزیكەی (48%)ی كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ سلكی سەربازیەو ژمارەیان (433) هەزار كەسە. 🔸ژمارەی هێزە ئەمنییەكان 🔹پێشمەرگەو ناوخۆ: 217 هەزارو 979 كەس 🔹 پۆلیس و ئاساییش:: 104 هەزارو 699 كەس 🔹 خانەنشینی سەربازی: 110 هەزارو 729 كەس كۆی گشتی هێزی سەربازی: 433 هەزارو 407 كەس 🔸موچەی مانگانەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان: 🔹وەزارەتی ناوخۆ : 178 ملیار و 489 ملیۆن دینار 🔹وەزارەتی پێشمەرگە: 133 ملیار و 61 ملیۆن دینار 🔹ئەنجومەنی ئاساییش و دەزگا: 62 ملیارو 997 ملیۆن دینار 🔹خانەنشینی سەربازی: 75ملیار و 630 ملیۆن دینار 🔹كۆی گشتی: (450 ملیارو 177 ملیۆن) دینارە، دەكاتە 48%ی كۆی موچەی موچەخۆران كە بۆ مانگێك (944 ملیار) دینارە راپۆرتی پەیوەندیدار لە (49%)ی پارەی موچەی هەرێم بۆسلكی سەربازییە
(درەو): نێرگز محەمەدی وەكو براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2023 راگەیەندرا، ئەم خاتوونە كێیە ؟ چی كردووە كە ببێتە هۆی ئەوەی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت ؟ نێرگز لە یەك دەیەی رابردوودا ناوی خۆی وەكو یەكێك لە راشكاوترین نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران ناساند، لەكاتێكدا ئەو پێشتر زیاتر وەكو چاودێریكارێكی دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران ناسرابوو. خانم محەمەدی هەرچەندە تۆماری دەستگیركردنی لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو هەیە، بەڵام دەستگیركردنی لە ساڵی 2011دا وەكو جێگری سەرۆكو وتەبێژی ناوەندی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، زیاتر بە خەڵكی ناساند. نێرگز ئەندامی رێكخراوێك بووە كە لوتكەی چالاكییەكانی لە ناوەڕاستی 2000دا بوو، ئەم رێكخراوە ئەركی چاودێریكردنی دۆخی مافی مرۆڤو بەرگریكردن لە تۆمەتبارانو زیندانیانی سیاسی لە ئێران لەئەستۆگرتبوو. ناوەندی بەرگریكارانی مافی مرۆڤ كە شیرین عەبادی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2003 سەرۆكایەتی دەكات، بەر لە داخستنی ئۆفێسەكەی لە تاران، شوێنی كۆبونەوەی ژمارەیەك لە دیارترین پارێزەرانی مافی مرۆڤ بوو لە ئێران، لەوانە (عەبدولفەتاح سوڵتانی- محەمەد شەریف- محەمەد سەیف زادە- محەمەد عەلی دادخواە). خاتوو نێرگز هەر لەو سەردەمەدا لە پاڵ كاركردن لە ناوەندی داكۆكیكار لە مافی مرۆڤ، لە ئەنجومەنی نیشتمانی ئاشتی وەكو سەرۆكی دەستەی كارگێڕی ئەنجومەنەكە كاری دەكردو پاشان بەشداری لە هەڵمەتی "هەڵوەشاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی سزای لەسێدارەدان"دا كرد، كە بە "لگام" ناسرابوو. بەڵام لە ساڵانی رابردوودا بە نیشاندانی هەڵوێستی وەكو " پێویستی تێپەڕاندنی حكومەتی كۆماری ئیسلامیو ستەمی ئاینی" هەروەها بانگەشەكردن بۆ "بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكان"، ئاستی چالاكییەكانی لەناو ئێراندا توندتر كردەوە. نێرگز محەمەدی یەكێك لەو 15 چاكوانە سیاسیو مەدەنییەی ئێران بووە كە پێیان وابووە حكومەتی كۆماری ئیسلامی "چاكسازی پێناكرێت"و داوای ئەوەیان كردووە لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكاندا ریفراندۆم لە ئێران بەڕێوەبچێت. ئەو لە كانونی دووەمی 2020دا داوای لە خەڵكی ئێرانكردووە وەكو رێزگرتنێك بۆ "خوێنی كوژراوانی خۆپیشاندانەكان"، بەشداری هەڵبژاردنەكان نەكەن. نۆبڵی ئاشتی یەكەم خەڵات نییە كە نێرگز محەمەدی وەریدەگرێت، ئەو پێشتر چەندین خەڵاتی جیهانی تری پێدراوە، لەوانە خەڵاتی (ساخارۆڤ) لە ساڵی 2018دا، خەڵاتی (ئەلكساندەر لانگر) لە ساڵی 2009دا، خەڵاتی (رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریی) لە 2016دا. نێرگز لە نیسانی 1972دا لە زنجان لەدایكبووە، لە شارەكانی (كەرەج)و (قروە)ی رۆژهەڵاتی كوردستان گەورە بووە، زانستی فیزیای خوێندووە، سەرەتای كاركردنی لەگەڵ گروپە نیشتمانپەروەرە- ئاینییەكان دەستپێكردووە. ئەو لە ساڵی 1999دا لەگەڵ (تەقی رەحمانی) چالاكی نیشتمانی- مەزهەبیو زیندانكراوی سیاسی پێشوودا هاوسەرگیری كردووەو بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە دوو منداڵی دوانەیە. ئاغای رەحمانی هاوسەری نێرگز محەمەدی، لە ساڵانی دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە 1979دا، زیاتر لە 14 ساڵ ژیانی خۆی لە زینداندا بەسەربردووە. دوای چوونەدەرەوەی ئاغای رەحمان لە ئێرانو مانەوەی نێرگز لە وڵاتدا كە هاوكات بوو لەگەڵ دەستگیركردنیدا، ئیتر بارودۆخی دوو منداڵە دوانەكەیان چەندین جار بووە بە باسو خواسی میدیاكان. منداڵەكانی نێرگز محەمەدی بەر لە زیندانیكردنی دایكیان، لە ئێران چوونە دەرەوەو گەیشتنە لای باوكیان لە فەڕەنسا، ئاغای رەحمانی چەندین جار گلەیی ئەوەی كردووە كە بەرپرسانی ئەمنیی ئێران رێگری لەوە دەكەن نێرگز پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ منداڵەكانی ئەنجام بدات. ئاغای رەحمانی پێشتر لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ (یۆرۆنیوز) وتویەتی:" نێرگز محەمەدی هاوسەرم یەكێك لە چالاكوانانی مافی مرۆڤە كە ئێستا لە زینداندایەو پێشتر 7 ساڵ زیندانی بەسەر بردووەو ئێستاش دەبێت 8 ساڵو نیوی تر زیندانی بكێشێت، ئەو سەرباری ئەوەی لەناو زینداندایە، بەڵام پشتیوانی خەباتی گەلی ئێران دەكاتو ئەمە بە ئەركی خۆی دەزانێت. نێرگزو زۆرێك لە چالاكوانانی مافی مرۆڤ ئێستا لە زینداندان لەوانە كەیوان سەمیمی، سەعید مەدەنی، مستەفا نیلی، حەسەن یونسی.. ئەمانە هەموویان پارێزەرو كۆمەڵناسن كە لە زنیداندان. ببینن رووداوێكی گرنگ لە ناوخۆی ئێران روودەداتو خەڵكی ئێران چارەنوسی هەموو شتێك دیاری دەكات، بەڵام پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ خەڵكی ئێرانو جوڵانەوەكەیان گرنگە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە خەڵكی ئێران بكات". یەكەم ئەزمونی زیندان یەكەمین ئەزموونی زیندانكردنی خانم محەمەدی بۆ نەوەدەكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە كاتێك خوێندكاری زانكۆ بووە، ئەو لە ساڵی 2000دا دوای دەستگیركردنی ژمارەیەك لە چالاكانی ئاینیی- نەتەوەیی لەناویاندا ئاغای رەحمانی هاوسەری، ئەویش بۆ ماوەیەك لە زیندانی 59ی سوپا لە (عەشرەت ئاباد) دەستبەسەر بووە. خانم محەمەد پاش ناڕەزایەتییەكانی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2009، سەرەتا چونە دەرەوەی لێ قەدەغەكرا، دواترو لە ئایاری 2010 دەستگیركراوە. دوای ئەوەی لە زیندان توشی "گرژبوونی ماسولكەكانو ئیفلیجبوون" هات، ئازادكرا. لە نیسانی 2012 جارێكی تر نێرگز دەستگیردەكرێتەوە، دەستگیركردنێك كە لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا دوای دەستنیشانكردنی دۆخی تەندروستی لەلایەن پزیشكەكانەوە، كۆتایی پێ هات. لە ساڵی 2014دا، كاتێك كاترین ئاشتۆن بەرپرسی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا سەردانی تارانی كرد، نێرگز محەمەدی دیدارێكی لەگەڵدا كرد، ئەمە وایكرد جارێكی تر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستگیربكرێتەوەو هەر لەو ساڵەدا لە پرۆسەیەكی دادگایكردندا كە دادوەر (سەلەواتی) سەرۆكایەتی دەكرد، بە (14 ساڵ) زیندانی حوكم درا، 10ساڵی حوكمەكەی لەسەر جێبەجێ كرا. نێرگز كە حوكمەكەی لە زیندانی (ئەوین) بەسەر دەبرد، هاوسۆزی بۆ خێزانی ئەو كەسانە نیشاندا كە لە خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019دا كوژرابوون، ئەمە وایكرد لە لە زیندانی (ئەوین)ەوە بگوازرێتەوە بۆ زیندانی (زنجان)، ئەوكات نێرگز باسی لەوە دەكرد لە كاتی گواستنەوەیدا رووبەڕووی لێدان بووەتەوە. خراپی دۆخی جەستەیی نێرگز لە زیندان هۆكار بوو بۆ ئەوەی چەندین جار رەوانەی نەخۆشخانە بكرێت، سەرەنجام بەهۆی ئەوەی یاسای نوێی كەمكردنەوەی سزای زیندانی گرتییەوە، لە ئەیلولی 2020دا لە زیندان ئازادكرا. لە ئایاری 2021دا جارێكی تر بە تۆمەتی "پروپاگەندە دژی رژێم"و "یاخیبوون لە سەرۆكو بەرپرسانی زیندان"و "شكاندنی پەنجەرەكان"و "ناوزڕاندن" حوكمی (80 شەلاق)و (30 مانگ) زیندانی بەسەردا سەپێندراو ئەم حوكمەشی لە ئۆكتۆبەری 2021وە جێبەجێكرا. بەمشێوەیە نێرگز محەمەد لەناو زیندانەوەو لەدوای (شیرین عەبادی) بووە بە دووەم ژنی ئێرانی كە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبدرێت.
ئامادەكردنی: جیهانگیر گوڵپی چهند ڕۆژێكه ئهو پرسیاره دوباره دهكرێتهوه ( بۆچی ئاساییه سهرۆك كۆماری ئێستاو پێشو و ئهندامانی پێشوی مهجلیسی حوكم، وهزیر و پهرلهمانتارانی كورد له بهغدا، فهرمانگهكانی پاسهوانیی سنور و ههندێ فهرمانگهی ئیتیحادیی تر له ههرێم راستهوخۆ موچهیان لهبهغداوه بۆ دێت، بهڵام بۆ موچهخۆرانی ههرێم نائاساییه). ئهمه پرسیارێكی ئاساییه و بهمێشكی زۆر كهسدا دێت، ههندی لهپهرلهمانتارانیش زۆر ئهی وروژێنن، ههرچهنده دهبو پهرلهمانتارهكان لهوهدا ووردتر بن، بهڵام لهگهڵ ئهوهیشدا ئهو پرسیاره نه كوفره و نه حهرام، یان دهبی وهڵامێكی گونجاو ههبیت بۆی، یان دهبی بهڕهوا بزانرێ و لانی كهم لهئاستیدا بێدهنگی ههڵبژێردرێ. سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارە بۆچونی ئێمه بهم جۆرهی خوارهوهیه: داهاتی عێراق مافی ههمو خهڵكی ههرێمیشی تێدایه وهك ههمو خهڵكانی تری عێراق، بهڵام پێكهاتهی كارگێڕی و دارایی و دامهزراوهیی و یاسایی دهوڵهتی ئێستای عێراق به جۆرێكه ڕێكاره كارگێری و داراییهكانی جیاوازیان تێدایە و، ههموشتێك مهركهزی نیە، بۆیە سود مەندبون لەو داهاته و وەرگرتنی ئەو مافە، ڕێگەو ڕێکاری جیاوازی هەیە، سهرباری ئهوهیش بەربەستی زۆر و جۆراو جۆریشی بۆ دروست کراوە. دەوڵەتی عێراق لە دو ئاستی حکومی پێک دێت، حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێم، ڕایەڵەی پەیوەندییە کارگێڕی و داراییەکان لەم دەوڵەتەدا چ بەشێوەی ستونی و چ بە شێوەی ئاسۆیی تاڕادەیەکی زۆر جیاوازە لە دەوڵەتێکی سادە یان مەرکەزیی. لێرهدا مهسهلەكه ئهوه نیه كێ كورده و كێ عهرهبه، كێ لهههرێم دادهنیشی و كێ لە خوارو و ناوهڕاستی عێراق، موچهی ڕاستهوخۆی بهغدا بۆ کێ حەڵاڵە و بۆکێ حەرام، بهڵكو بابهتهكه ئهوهیه ئهو فەرمانگە و کەسانەی ڕاستەوخۆ موچەیان لەسەر بەغدایە، لهڕوی ڕایهڵهی كارگێڕی و یاسایی و داراییهوه له چهند شتێكدا جیاوازن له فهرمانبهران و موچه خۆرانی ههرێم : ئهوان فهرمانگهكانیان ڕاستهوخۆ بهشێکن له پێكهاتهی وهزارهت و فهرمانگه ئیتیحادیهكان. ئهوان فهرمانبهر و خانهنشینی سهر بهدامودهزگا ئیتیحادیهكانی بهغدان. ئهوان ڕاستهوخۆ ئهرك بۆ فهرمانگه ئیتیحادیهكان ڕادهپهڕێنن و ڕاستەوخۆ مافەکانیان لەو وەردەگرن. ئهوان لهسهر میلاكی فهرمانگه ئیتیحادیهكان دامهزراون، دۆسیهو میلاكیان لهوێیه. ئهوان تهرخانكراوی بودجهیان لهناو ئهو فهرمانگه ئیتحادیانهدایه كه بهشێكن لێی. ئهوان ههر له دامهزراندن و دیاریكردنی موچهكانیانهوه تاكو ههمو گۆڕانكاریهكان و تاكو فهرمانی خانهنشین بونیان و دیاریكردنی موچهی خانهنشینیان ههموی بهفهرمانی سهرۆكایهتی و فهرمانی وهزرای و فهرمانی كارگێڕی له دامهزراوه ئیتیحادیهكانهوه به یاسا و ڕێنیماییهكانی ئهوێ ئهنجام دراوه. ئهوان فهرمانگهكانیان ههر لهسهرهتاوه تا ئێستا ڕاستهوخۆ پهیوهستن به وهزارهتی دارایی عێراق، تهرخانكراوی تایبهتی یهكبهیهكی ئهو فهرمانگانه لهوێیه و لهلای گهنجینهكان دیاره. ئهوان ههمو كاروباره داراییهكانیان لهسهرهتاوه تا ئێستا بهو ڕێكار و ڕێنماییانه ئهنجام دراون كه گهنجینهكانی بهغدا و خوارو كاری لهسهر دهكهن و و بهراییهكانیان لهوێ ههیه. بهڵام بۆ فهرمانبهران و موچهخۆرانی ههرێم ههمو ئهو شتانه بهجۆرێكی ترن و له جیاتی سهربه دامهزراوه ئیتیحادیهكان بن، ڕایهڵهی پهیوهندیی كارگێڕی و دارایی و ههمو شتهكانیان سهر بە دامهزراوهكانی ههرێمن. لهبهر ئهم بهربهست و ڕیگریانه و زۆری تریش كه پێشتر باسمان كردون ئێمه پیمانوایه ئاسان نیه موچهی موچهخۆرانی ههرێم ڕاستهوخۆ لهلایهن بهغداوه بدرێت، تهنها لهو كاتهدا نهبێت كه حكومهتی ههرێم ههڵوهشینرابێتهوه و ههمو فهرمانگهكان ڕاستهوخۆ بوبن به بهشیك لهوهزارهت و دامهزراوهكانی بهغداو حكومهتێكی مهركهزیی وهك ساڵانی ههشتاكان حوكمی ههمو عێراق بكات. ئهمه ڕودهدا یان ڕو نادا، كێ پێی خۆشه و كێ پێی ناخۆشه، زیانی ههیه یان قازانج، زۆر دهخایهنی یان كهم، سهركهوتو دهبی یان نا، ئهوانه ههمو بابهتی ترن و ئێمه لێرهدا قسهیان لهسهر ناكهین.
شیكاری: درەو زۆربەی بەرپرسانی كورد لە رێگەی هەژماری بانكیەوە موچە لە بەغداد وەردەگرن، (44) وەزیر و (4) سەرۆك كۆمارو (430) پەرلەمانتار و (4) جێگری سەرۆكی پەرلەمان و دەیان بەرێوەبەری گشتی و راوێژكار و سوپاسالار و فەرماندە، موچەی حازری و بەشی هەرە زۆریشیان خانەنشینی لە بەغداد وەردەگرن، بەشێكی زۆر لە فەرمانبەرانی هەرێم دەیانەوێت هاوشێوەی بەرپرسانی كورد، موچەكانیان لە بەغداد وەربگرن. چەند رۆژێكە كەمپەین و واژۆكۆكردنەوەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و هەوڵی پەرلەمانتاران لە ئارادایە بۆ ئەوەی راستەوخۆ لە رێگەی بەغدادەوە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت، فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ) واژیان كۆكردووەتەوەو پێشكەشیان كردووە بۆ ئەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم راستەوخۆ لە رێگەی بەغدادەوە بێ، .بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی بە سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوە كە لە هەمواری یاسای بودجەدا ئەو پرسە جێگە بكاتەوە، بەشێك لە موچەخۆران بایكۆتی دەوامیان كردووەو دەڵێن: بۆچی بەشی زۆری بەرپرسان موچە لەبەغداد وەردەگرن ئاساییەو بۆچی بۆ ئێمە ئاسایی نیە، فەرمانبەرانی بەشێك لە دامەزراوە فیدراڵیەكان لە هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لە بەغداوە موچە وەردەگرن وەك فەرمانبەرانی ( نشینگە، پاسپۆرت، كۆمسیۆن، بەداوەكان، زیندانییەكان، كۆڵێجی سەربازی قەڵاچوالان و زاخۆ، پاسەوانی سنور .... مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند: ئەوانەی داوایانكردووە راستەوخۆ حكومەتی بەغداد موچەی موچەخۆران بدات كە ئەمە پێشێلكردنی مافە دەستورییەكانی هەرێمو لاوازكردنی قەوارەی هەرێمە، موچە لە بابەتەكانی تریش جیابكرێتەوە هەر دەبێت لەرێگەی حكومەتی هەرێمەوە دابەشبكرێت. لە دوای ساڵی 2003 و روخانی رژێمی بەعسەوە تا ئێستا ژمارەیەكی زۆری كورد پۆستی باڵایان هەبووە لە عێراق و موچەیان لە بەغداد وەرگرتووەو ئێستاش خانەنشینی لە بەغداد وەردەگرن، لەم راپۆرتەدا ووردەكاری پۆستەكانی كورد لە بەغداد دەخەینە روو. # كورد لە (20) ساڵی ڕابردوودا بە (44) وەزیر بەشداری لە (8) كابیەی حكومەتی عێراقیدا كردووە. # (18) ساڵە پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار لای كوردە. # (4) جار جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق لای كورد بووە # (18) ساڵە جێگری سەرۆكی پەرلەمان لای كوردە. # یەك جار پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لای كورد بووە # لە دوای ساڵی (2003)ەوە كورد (430) ئەندامی گەیاندووە بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەردەوام جێگری ئەنجومەكە لای پێكهاتەی كورد بووە. # سەرەڕای ئەو پۆستانە زیاتر لە سەد بریكاری وەزیر و باڵیۆزی وڵاتان و بەرێوەبەری گشتی و ئەندام و سەرۆكی دەستە، دراون بە كورد. زیاتر لەوانەش زۆرتر لە 30 پۆستی سوپا سالار و فەرماندەی هێزی ئاسمانی و فەرماندەو دەزگای هەواڵگیری عێراق لە پشكی كورد بوون. یەكەم؛ كورد لە ئەنجومەنی حوكمدا لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە 9ی نیسانی 2003 سەركردایەتی كورد بە دوو ئیدارەیی هەرێمەوە چووە بەغداد، ئەنجومەنی حوكم دروستكرا لە (12ی تەمووزی 2003 بۆ 1ی حوزەیرانی 2004) كە لە (25) ئەندام پێكهاتبوو، لەناویاندا (5) ئەندامی كورد بوون ئەوانیش: (مەسعود بارزانی - سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەلال تاڵەبانی - سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، سەلاحەدین بەهادین - ئەمینداری یەكگرتوی ئیسلامی، د مەحمود عوسمان - سەربەخۆ و دارا نورەدین - سەربەخۆ). لە ئەنجومەنی حوكمدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە بەشێوەی خول هەر مانگەی یەكێكیان دەبووە سەرۆك كە (12) یان بۆ سەرۆكایەتی دیاریكران، لەناویاندا (مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی) كوردی تێدابوو. هەر لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمدا كوردا بە (5 وەزیر) بەشداری لە وەزارەتەكانی ئەنجومەنی حوكمدا كرد ئەوانیش؛ (هۆشیار زێباری - وەزیری كاروباری دەرەوە، نەسرین بەرواری - وەزیری شارەوانییەكان، د. لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، محەمەد تۆفیق رەحیم - وەزیری پیشەسازی و عەبدوڕەحمان سدیق كەریم - وەزیری ژینگە). لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمدا بڕیاری نوسینەوەی دەستورو داڕشتنەوەی سیستمی نوێی عێراق درا، بە وتەی بەرپرسێكی باڵای كورد كاتێك گفتوگۆكرا بۆ داواكاری كورد، بەرپرسانی كورد نەیاندەزانی لەكوێوە دەست پێبكەن، هیچ نوسین و دۆكییۆمێنتێكی رەسمیان بەردەست نەبوو، ناچار گەڕانەوە بۆ رێككەوتننامەی 11ی ئازاری 1970، بەتایبەتیش ئەو مادانەی لە دەستوری كاتی و هەمیشەیی عێراقدا چەسپێنران هەمان مادەی رێكەوتنی 11ی ئازاری 1970 بوو، بۆ نمونە: - كورد زمانی كوردی كرد بە زمانی رەسمی لە پاڵ زمانی عەرەبی، لە مادەی یەكی ریككەوتنی 11ی ئازاردا هاتووە "زمانی كوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی رەسمی دەبێت"، بەهەمان شێوە لە دەستوری عێراقیشدا 2005 هاتووە. - لە مادەی 2ی رێككەوتنی 11ی ئازاردا نوسراوە "كوردەكان بەشداری تەواوی حوكم دەكەن بە سوپاشەوە". - لە مادەی 6ی رێككەوتنی 11ی ئازاردا هاتووە بودجەیەكی پێویست بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان تەرخان دەكرێت، بە هەمان شێوەی بودجەی هەرێم بەرێژەی 17% دیاریكرا. - لە مادەی 8ی بەیانی 11ی ئازاردا هاتووە "كوردەكان و عەرەبەكان دەگەرێندرێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان"، بەهەمان شێوە لە مادەی 58ی دەستوری كاتی و لە ماددەی 140ی دەستوری هەمیشەییدا واهاتووە، لەدوای ئاساییكردنەوەی ئینجا بڕیاری لێدەدرێت. واتا ئەوەی لە دەستوری كاتی و هەمیشەیی عێراقدا هاتووە، بە دەستكاریەكی كەمەوە لە رێككەوتننامەی 11ی ئازارەوە وەرگیراوە. دووەم؛ حكومەتی كاتی عێراق بەسەرۆكایەتی (ئەیاد عەلاوی) 2004 حكومەتی كاتی عێراق بە سەرۆكایەتی (ئەیاد عەلاوی) لە حوزەیرانی 2004 پێكهات، كورد بەشداری لەم حكومەتە كردو تێیدا؛ (د.فوئاد مەعسوم، بووە سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتمانیی عێراق (پەرلەمان)و لەگەڵ 75 ئەندامی كورد لەو ئەنجومەنە لەكۆی 275 ئەندامی كۆمەڵەی نیشتیمانی عێراق، د. رۆژ نوری شاوەیس كرا بە جێگری سەركۆماری عێراق. لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیران و 5 وەزیری كورد لەم كابینەیەدا بەشداربوون ئەوانیش؛ (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح - جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، وشیار زێباری - وەزیری كاروباری دەرەوە، د. لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەی ئاو، نەسرین بەرواری - وەزیری شارەوانی، نەرمین عوسمان – وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ژنان و بەختیار ئەمین كرا بە وەزیری مافی مرۆڤ). سێیەم: حكومەتی كاتی عێراق بەسەرۆكایەتی (ئیبراهیم جەعفەری) 2005 لەسەردەمی كابینەی ئیبراهیم جەعفەریدا كە لە نیسانی ساڵی 2005 پێكهات، كورد سەڕەرای پۆستە وزارییەكان، بۆ یەكەم جار پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی بەدەست هێنا، لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە، هاوكات عارف تەیفور، بووە جێگری سەرۆكی پارلەمانی عێراق، لەگەڵ 58 پارلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران، د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، هەریەك لە (هۆشیار زێباری - وەزیری دەرەوە، د لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەی ئاو، د بەرهەم ساڵح، وەزیری پلاندانان، عەبدولباست كەریم مەولود - وەزیری بازرگانی، د.جوان فوئاد مەعسوم - وەزیری اتصالات، د.ئیدرس هادی - وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی و نەرمین عوسمان - وەزیری كاروباری ژنان) دانران. چوارەم؛ كابینەی یەكەمی نوری مالیكی 2006 - 2010 دوای ناڕازیبوونی كورد لەسەر ئەدای ئیبراهیم جەعفەری، نوری مالیكی لە مایسی 2006 كابینەیەكی نوێی راگەیاند، كورد بە چەند پۆستێك لەو حكومەتەدا بەشداربوو، سەرەڕای پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن تاڵەبانییەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەلایەن عارف تەیفور و د.رۆژ نوری شاوەیس، نوێنەری كورد لە ئەنجومەنی سیاسی ئاسایشی نیشتمانی عیراقداو 57 پارلەمانتار، هەریەك لە (د.بەرهەم ساڵح بە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، هۆشیار زێباری - وەزیری كاروباری دەرەوە، د. لەتیف رەشید - وەزیری سەرچاوەی ئاو، فەوزی حەریری - وەزیری پیشەسازی، بەیان دزەیی - وەزیری شارەوانی، دارا نورەدین – وەزیری داد، عەلی بابان – وەزیری پلاندانان و نەرمین عوسمان بە وەزیری ژینگە) دیاریكران. لەسەردەمی كابینەی یەكەمی نوری مالیكیدا مادەی 140 كە 30ی كانونی یەكەمی 2007 دوا وادەی بوو، كۆتایی هات و جێبەجێش نەبوو، نوێنەرانی كوردیش هیچ هەڵوێستێكیان نەبوو. پێنجەم؛ كابینەی دووەمی نوری مالیكی 2010 - 2014 كابینەی دووەمی نوری مالیكی كە لە 25/11/2010 دروستكرا، كورد بەچەند پۆستێك بەشدار بوو، هاوكات جارێكی تر رازی بوو بە دووبارە كاندیدكردنەوەی نوری مالیكی بۆ سەرۆكی حكومەتی عێراق و حكومەتەكە لە شاری هەولێریشەوە پێكهات. سەرەڕای جێبەجێنەكردنی هیچ ماف و داواكارییەكی كورد بە مادەی (140)یشەوە، لەو كابینەیەدا پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن جەلال تاڵەبانی و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن عارف تەیفور لەگەل 57 پارلەمانتاری كوردو د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیران هەریەك لە (هۆشیار زێباری - وەزیری دەرەوە، دیندار دۆسكی - وەزیری كۆچ و كۆچبەران، خەیروڵا عەبدولكەریم - وەزیری بازرگانی و عەبدولمەجید حەمە ئەمین بە وەزیری تەندروستی) دیاری كران. شەشەم؛ كابینەی حەیدەر عەبادی 2014 - 2018 كابینەی حەیدەر عەبادی لە 8/9/2014 لە پەرلەمانی عێراق متمانەی پێدرا كە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هات، لەو كابینەیەدا سەرەڕای پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن د. فوئاد مەعسوم و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئارام شێخ محەمەد، لەگەل 62 پارلەمانتاری كورد، هەریەك لە د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیران (هۆشیار زێباری - وەزیری دارایی، د.دەرباز محەمەد - وەزیری كۆچ و كۆچبەران، فریاد رەواندوزی - وەزیری رۆشنبیری، بەیان نوری - وەزیری كاروباری ژنان و سامان عەبدوڵا بە وەزیری دەوڵەت) دانران. بەڵام بەبیانووی چاكسازی و بچوكردنەوەی حكومەتەوە، حەیدەر عەبادی هەریەك لە د.رۆژ شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیران و بەیان نوری وەزیری كاروباری ژنان، سامان عەبدوڵا وەزیری دەوڵەتی ئیزنداو هۆشیار زێباری وەزیری دارایش لە پەرلەمان متمانەی لێسەندراوە. حەوتەم؛ كابینەی عادل عەبدول مەهدی 2018 - 2020 دوای ئەوەی لە 12/5/2018 كورد توانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی (58) كورسی بەدەستبهێنێت، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی جارێكی تر مسۆگەر كرد (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح) بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش درا بە (بەشیر حەداد)، لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی كورد بە سێ وەزیر بەشدار بوو ئەوانیش؛ (فواد حسێن – وەزیری دارایی، بەنگین ڕێكانی – وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكرن و حاكم فاروق ئەمین شوانی بە وەزیری داد) دامەزرێندران، بەڵام كابینەكە تەمەنی خۆی تەواو نەكرد لە ساڵی (2020) سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەستی لەكار كێشایەوه. هەشتەم؛ كابینەی مستەفا كازمی 2020-2022 دوای ئەوەی لە عادل عەبدولمەهدی لە ساڵی (2020) دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە (مستەفا كازمی) وەك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە ئەنجومەنی نوێنەران متمانەی پێدرا كە كورد تێیدا (58) كورسی و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی تێدا هەبوو جگە لەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی لای (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح) بەردەوام بوو، لە كابینەكەی مستەفا كازمی كورد بە سێ وەزیر بەشدار بوو ئەوانیش؛ (فواد حسێن – وەزیری دارایی، نازەنین محەمەد وسو – وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكرن و حاكم سالار حەبدولستار بە وەزیری داد) دامەزرێندران، تائێستا وەك حكومەتی كاربەڕێكەر لە كارەكانیان بەردەوامن چاوەڕوانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقن. نۆیەم؛ كابینەی محەمەد شیاح سودانی 2022 تا ئێستا لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە پرۆسەی هەڵبژاردن لە 10ی ئۆكتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، لە (27ی تشرینی یەکەمی 2022) كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی پێكهات. كورد لە خولی پێنجەم (63) كورسی پەرلەمانی هەیە، بە جێگری سەرۆكی پەرلەمانیشەوە كە (شاخەوان عەبدوڵا)یە لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق (د. لەتیف رەشید)، هاوكات لە كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی كورد بە چوار وەزیر بەشدارە ئەوانیش؛ (فواد حسێن - وەزیری دارایی و جێگری سەرۆك وەزیران، بەنگین رێكانی - وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكرن، خالید شوانی - وەزیری داد، نزار ئامێدی - وەزیری ژینگە) دەیەم؛ پۆستەكانی دیكەی كورد لەبەغداد سەرەڕای ئەو پۆستانەی كورد كە تائێستا بەسەرجەم خولەكانی پەرلەمانەوە (430) پەرلەمانتارو یەك جار سەرۆكی پەرلەمان و (4) جێگری سەرۆكی پەرلەمان و (5) ئەندامی ئەنجومەنی حوكم و سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتیمانی و سەرۆك كۆمارو (44) وەزیرو لەگەڵ زیاتر لە سەد بریكاری وەزیرو باڵیۆزی وڵاتان و بەرێوەبەری گشتی و ئەندام و سەرۆكی دەستە، دراون به كورد. زیاتر لەوانەش زۆرتر لە 30 پۆستی سوپا سالارو فەرماندەی هێزی ئاسمانی و فەرماندەو دەزگای هەواڵگری عێراق لە پشكی كورد بوون. نەوشیروان مستەفا لە وتارێكدا بەناوی (كێ بەرپرسە لە جێبەجێ نەبونی مادەی 140؟ ئەمریكا، عەرەب، یان كورد؟) كە لە 27/8/2007 دا بڵاویكردوەتەوە ئاماژە بەوە دەكات (با لە نوێنەرەكانی كورد كە لە بەغداد بون و ئیستا لە بەغدادن پرسیار بكرێ: چییان بۆ خۆیان كردوەو چییان بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان كردوە؟ بۆ خۆیان، چەندیان پارەی موچەی وەزیری و ئەندام پارلەمانی وەرگرتووەو دوای گۆڕانییشیان، چەندیان موچەی خانەنشینی وەرگرتوە، چەندیان خانو و زەوی وەرگرتوە، چەند سەیارەیان وەرگرتوە، چەند حیمایەیان دامەزراندوە، چەندیان لە خزم و دۆست و ناسیاوی خۆیان دامەزراندوە، چەند جار سەفەری دەرەوەیان كردوە، چەند عەقدیان ئیمزا كردوە... بەڵام بۆ كەركوك و ناوچە كوردستانیەكان چی یان كردوە؟) لە كابینەیەكەوە بۆ كابینەیەكی دیكەو لە خولێكەوە بۆ خولێكی دیكەی پەرلەمانی عێراق ژمارەیەكی زۆری نوێنەری كورد چۆنەتە بەغدادو بەشداربوون لە جومگە سەرەكییەكانی حكومەت و تەواوی دامودەزگاكانی دەوڵەتداریدا، بەڵام لەگەڵ زۆری و زەوەندی نوێنەرانی كورد لە بەغداد، نەك هەر پرسە سیاسی و ئابورییەكانی كورد یەكلانەكراونەتەوە بەڵكو ئاڵۆزترو پڕ كێشە تر بوون، لە بودجە، مادەی 140، پرسی پێشمەرگەو نەوت و دەسەڵاتەكانی هەرێم!!!. بەشێك لەو بەرپرسانەی كورد كە موچەیان لە بەغداد هەبووەو هەیە: - مەسعود بارزانی ئەندامی ئەنجومەنی حوكم - فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق+ سەرۆكی پەرلەمان - بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق - لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق - سەڵاحەدین بەهادین ئەندامی ئەنجومەنی حوكم - مەحمود عوسمان ئەندامی ئەنجومەنی حوكم - عەلی باپیر ئەندامی پەرلەمانی عێراق -پێشوو - عارف تەیفور جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق- پێشوو - بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق- پێشوو - شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق - ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق- پێشوو - هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق - پێشوو - عەبدولڕەحمان سدیق وەزیری ژینگەی عێراق- پێشوو - محەمەد تۆفیق رەحیم وەزیری پێشەسازی عێراق - پێشوو - نەرمین عوسمان وەزیری كاروباری ژنانی عێراق- پێشوو - جوان فوئاد مەعسوم وەزیری گەیاندنی عێراق - پێشوو - فەوزی هەریری وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق- پێشوو - دیندار دۆسكی وەزیری كۆچ و كۆچبەران- پێشوو - دەرباز محەمەد وەزیری كۆچ و كۆچبەران- پێشوو - د. عەبدولمەجید حەمەئەمین وەزیری تەندروستی عێراق- پێشوو - بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق - خالید شوانی وەزیری دادی عێراق - بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق - پێشوو - ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق -پێشوو سەرچاوەكان - راپۆرتی سایتی (درەو): پۆستە باڵاكانی كانی كورد لە بەغداد (2004 – 2022) - محەمەد رەوف، خاكی دابڕێندراو، چاپی یەكەم 2017، لاپەرە، 350-365. - وەرزنامەی فۆكەس پرۆسەی حوكمڕانی و هەڵبژاردن لە عێراق (2003 - 2021)، ژمارە 12ی ئۆكتۆبەری 2021.
سهردار عهزیز ئایا کورد لە عێراق بەرەو کوێ دەچێت؟ با بێین لە بنەماکان بنواڕین. ماوەی ڕابوردوو کارم لە سەر پەیوەندی هەرێم و بەغدا کرد بۆ ناوەندێکی بیر. ئەو پرسیارەی بە دوای وەڵامیدا دەگەڕام ئەوە بوو ئایا هەرێم و بەغدا دەتوانن بگەنە ڕێکەوتنێکی درێژخایەن؟ بۆ وەڵامی ئەمە پێویستم بە زانینی چیەتی پەیوەندییەکە بوو. ئایا هەولێرو بەغدا چ جۆرە پەیوەندییەکیان هەیە؟ ئەم پرسیارە ئاسان نەبوو وەڵام بدرێتەوە. ئایا پەیوەندییەکە دەستوریی فیداڕاڵییە، وەک ئەوەی لە دەستوردا باسکراوە؟ هەندێک لە نوخبەی کوردی دەڵێن، فیدرالیزم جێ بەجێ نەکراوە لە عێراق، بۆیە کێشە هەیە. چارەسەر ئەوەیە کە دەبێت فیدرالیزم فەراهەم بێت. بۆ نمونە فیدڕالیەت پێویستی بە بوونی ژوری دووەمی پەرلەمانە کە لە سەر بنەمایەکی یەکسانتر داڕێژرابێت نەک لە سەر بنەمای زۆرینەو کەمینەی ژوری گشتی. [لێرەدا نازانم لە ئەدەبیانی کوریدا بۆ ژورە جیاوازەکانی پەرلەمان چی دەوترێت، لە زمانە ئەوروپیەکاندا هەردوو ژور و ماڵیش بەکاردێت، بۆ نمونە لە مۆدێلی وێستمینستەردا ماڵ بەکاردێت، هاوس ئۆف کۆمۆن بۆ نمونە، بەڵام لە مۆدێلی کیشوەری ئەوروپیدا زیاتر ژور بەکاردێت، بۆ نمونە لە زمانی هۆڵەندیدا کامەر بەکاردێت]. هەروەها نەبوونی دادگای فیدڕاڵیی، چونکە ئەوەی هەیە شەرعیەتی نیە یان لاوازە، بەڵام ئەوەشی کە دەبێت دروست بکرێت کێشە لە سەرە. لەبەرامبەر ئەمەدا نوخبەی سیاسی عێراقی وەها دەبینێت هەرێم زیاتر لە فیدڕالی هەیە. فیدڕاڵ لای ئەوان وەها دەبینرێت کە مافی پەیوەندی دەرەکی و دەروازەو گرێبەست و واژۆ و سەربەخۆیی ئابوری نیە. لە دونیادا فیدڕاڵیەت چەندەها نمونەی هەیە. هەندێک فیدراڵیەت هەن تەنها ئیدارین، بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە تاک نەتەوەن، وەک ئەڵمانیاو نەمسا. هەندێک فیدراڵی تر هەیە جۆرێک لە سەربەخۆیی و خواستی سەربەخۆیی هەیە، بۆ نمونە سکۆتلەنداو کەتەلۆنیا. دەستور فیدراڵیە، بەڵام فیدرالیزم چەمکێکی کیشە لەسەرە. لە دونیای کوردیدا لێکۆڵینەوەم تایبەتم بەم بوارە نەبینی. بەڵام بیانییەکان کاری زۆری تیوریی و کردارییان لەسەر کردوە. بۆ ئەوەی بزانین فیدرالیزمی عێراقی دەبێت چۆن بێت، دەبێت سەرەتا بزانین وەڵامی ئەو پرسیارە چیە، ئایا بۆ عێراق لە ناوەندییەوە گۆڕا بۆ فیدرالی؟ ئایا ئامانجی فەرمی هێشتنەوەی یەکێتی عێراقە. عێراق وڵاتی کێیە؟ وەڵامەکەی رون نیە لەنێوان سوننەو شیعەو کورددا. کورد نایەوێت ببێت بە خاوەنی عێراق وەک شیعەو سوننە، بەڵکو دەیەوێت وەک خۆی هەبێت یان ئەگەر بۆی بلوێت جودابێتەوە. عێراق کە زۆربەی تەمەنی سوننە بووە، ئێستا بە پرۆسەیەکی چڕی بە شیعەبووندا دەڕوات، لە ئاستی سیاسی و کەلتوری و فەرهەنگی و یاساییەوە. ئەمەش وەها دەکات کە عێراقی فرەیی یان ناناوەندێتی بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆ نمونە شیعە لە هەر پانزە پارێزگاکەی عێراقی عەرەبی لیستی هەڵبژاردنیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ناوخۆ، تەنانەت لە ئەنباری تەواو سوننەشدا. لێرەدا نەبوونی فیدرالیزمێکی ڕون بۆ عێراق هەمیشە دیموکراسی دەگۆڕێت بۆ ئامرازی سەپاندنی زۆرینە بەسەر ئەوانیتردا. کەواتە، وەک مەحمود مەمدانی لە کەیس ڕوەندادا پێمان دەڵێت دیموکراسی چارەسەر نیە، بەڵکو ڕەنگە هۆکاری قڕ کردن بێت. دیارە قڕکردن تەنها ئەوەنیە خەڵک بگریت و زیندە بەچاڵی بکەیت، بەڵکو ئاوارەکردن، پەراوێزخستن، برسیکردن، ڕێگەنەدان بە گەڕانەوە هەموو بەشێکن لەو پرۆسەیە یان زەمینەسازن. ئەگەر تەماشای کوردانی ئێزیدی و کوردانی شیعەی حەمرین بکەین دەبینین لە سەردەمی ئەم حکومەتەی عێراقدا هەردوو ڕوبەڕوی جینۆساید بونەتەوە. کێشەی سەرەکی شیعە نەبوونی باوەڕە بە خۆی و هەروەها نەبوونی شەرعیەتە. بۆیە زۆر دەترسێت لە هەموو ئەگەرێک، بە تایبەتی لە لایەن سوننەوە. ئەمە بەرونی لە دۆخی جورف السەخردا دەیبینین. دەستوری عێراق بە ئەنقەست لەلایەن نوسەرانییەوە بە ناڕون نوسراوە، هەتا پاشان ڕێگا بە پرۆسەی سیاسی بدات بگاتە چارەسەر لەسەر پرسەکان. ئەمە زۆر بەتایبەت لە ئەو بوارانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کوردەوە هەیە وەک خاک، سامان، دەسەڵات و پەیوەندیی. بەڵام سیاسەت وەک هێز گەشەی کرد. پێکەوەبوونی سیاسەت و هێزی ڕوت زەمینەی ئەوەی ڕەخساند کە هاوسەنگی هێز ببێت بە ڕێسای سەرەکی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا. پرسینسیپی هەرە سەرەکی هاوسەنگی هێز ئەوەیە کە بەهێز خاوەنی ڕەواییە. بۆ بەهێز بۆی هەیە ئەوەی دەیەوێت بیکات و لاوازیش دەبێت ئەوە بچێژن کە دەبێت یان ناچارن، وەک تیوسەدایس لە جەنگی پۆلۆپینەسیان هەڵیئێجا. ئێستا بەغدا کورد واتەنی داشی سوارە. بەم پێیە لە پرۆسەیەکی لە قاڵبداندایە هەتا هەموو تواناکانی هەرێم کۆتایی پێبهێنێت و بیکاتە یەکەیەکی ناوخۆیی کۆنترۆڵکراوە. لەم پێناوەدا دادگاو یاساو بودجەو زۆر ئامرازی تر بەکار دەهێنێت. لێرەدا دادگای فیدڕالی هەم وەک ئامرازو هەم ئەکتەرێکی سیاسی ڕۆڵ دەبینێت. ڕۆڵی دادگا لەم پرۆسەیەدا ئەوەیە کە هەرێم وەک بەغدا لێبکات، یان لێبکاتەوە. ئەم پرۆسەی هۆمۆجنیویەتی دژ بە پرینسیپی فیدرالیە کە دەبێت چوارچێوەیەک بێت بۆ فرەیی. دیارە سواری داشی دادگای باڵا، هۆکارەکەی ئەوەیە کە دادگا لە هەرێم سیاسییە، هەروەها سیستەمی هەرێم ناشەرعیەو ئاسانکاری دەکات بۆ دەستوەردان. بەغدا لەم پرۆسەیەدا لە دۆخێکی کافکاییانەدایە. دۆخی کافکایی لەم پرسەدا یانی هەبوونی ئاڵۆزییەکی زۆر لە بڕیارداندا، دیارنەبونی بڕیاردەری سەرەکی، زنجیرە ئەکتەرەکان بەردەوام بە شێوازی جیاواز، فشارو هەوڵی گۆڕانکاریی و دەستوەردان دەدەن. هەرێم هەتا بێت ناچارە زیاتر زەلیل و ملکەچ بکرێت. ئەمەش وەهای کردوە کە کرۆکی پەیوەندییەکەو پەیوەندی نێودەوڵەتی لە سەر بنەمای زەلیلی بێت. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە هەتا چەندێک هەرێم لاوازدەکرێت. لە ئەدەبیات و مێژوی زاڵ و مەزڵومدا، ڕۆژئاوا وەک مۆدێلێک زۆر دڕندەیە. ڕۆژئاواییەکان لەهەر کوێ بەسەر هەر لایەکدا سەرکەوتووبن، کارێکی وەهایان کردوە کە هەموو تواناکان لە نەیارەکانیاندا بسڕنەوە. تەماشای خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەمریکاکان و ئوسترالیاو ئەو جێگایانە بکە. لێرەدا بە تەواوی نازانین کە کێ بڕیاردەرە لە بەغدا، حکومەت (سودانی)، چوارچێوەی هەماهەنگی یان ئێران یان هەموویان. هەندێک کەس پێیان وایە ئێران لە هاوکێشەکەدا نەبێت باشترە، هەندێکی تر وەهایان دەگوت کە بە پێچەوانەوە، بەبێ ئێران خراپتر دەبێت، چونکە ئێران نایەوێت عێراق زۆر لاوازبێت یان زۆر بەهێزبێت بۆیە مانەوەی کورد وەک هێزێک لە خزمەتی ئەم هاوکێشەدایە. ئەگەر سەیری سوننە بکەین وەک مۆدێل، ئەوا تێکشکان و زەلیلکردن ناکۆتایە. پەرتبوونی کورد، پەنابردنی بۆ هێزە شیعییە توندڕەوەکان، هەڵپەی هێزی کوردی بۆ سەرکەوتنی خۆی وەک کەس و هێز هەموو زەمینەسازن بۆ کۆتایی ڕۆڵی کورد. لەلای کورد خۆیەوە، دۆخەکە باشتر نیە. لەبەر نەبوونی ئاگایی و خواست بە دەزگایی بوون، کورد هەوڵ نەداوە پرسی خۆی بە دەزگایی بکات. لە ڕاستیدا پرۆژەیەکی کوردی لە عێراقدا بوونی نیە، بەڵکو ئەوەی هەیە هێزە سیاسییەکان و پاشان کەسایەتیە سیاسییەکان بازرگانی سیاسی بەم پرسەوە دەکەن. بۆیە چارەسەر نەبوونی پرسەکە، بە سودی زۆرێک لە نوخبەی سیاسییە. بەم پێیە ئەکتەرەکانی ناو کایەی سیاسی یان ئەکتەرەکانی نێوان کوردو عێراق هەموو پرسەکە وەها دەبینن کە کێڵگەیەکە بۆ بەهێزبون و مانەوەی خۆیان. ئەمەش وەهایکردوە کە پرسی کورد، پرسێکی سەرەکی نەبێت، بەڵکو هەتا ئاستێکی زۆر لاوەکی بێت. هەم کوردو هەم عێراق پێویستیان بە لە قاڵبدان و ڕوانگەی جیاوازە بۆ ئەم پرسە. ئەگینا دۆخی هەڵکشان و داکشان، دەستوەردان و بەکاربردنی دەرەکی، نەبوونی چارەسەر لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی دەبێت بۆ سەردەمانێکی زۆر.
(درەو): تەنانەت ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش دەستپێبكاتەوە، ئێمە لە دۆخێكدا نین نەوت بەرهەم بهێنین، تا روون نەبێتەوە چۆن پارەمان پێدەدرێت، بڕی یەك ملیار دۆلارمان لای حكومەتی هەرێمە، ئەمە قسەی "ئەپیكور"ە، كە كۆمەڵەیەكە نوێنەرایەتی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت دەكات لە هەرێمی كوردستان. كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان كە بە (APIKUR) ناسراوەو نوێنەرایەتی (6) كۆمپانیای وەبەرهێنی نێودەوڵەتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، هەڵوێستی خۆی لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم راگەیاند. لە راگەیەندراوێكدان كۆمەڵەكە دەڵێ:" وەزیری وزەو سامانە سروشتییەكانی توركیا ڕایگەیاندووە هێڵی بۆری عێراق-توركیە (ITP) ئامادەیە بۆ دەستپێكردنەوەی كارەكانی. ئێمە پێشوازی لەم پێشهاتە دەكەین، كە دەتوانێت هەنگاوێك بێت بەرەو دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نێودەوڵەتی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان، كە لەمێژە چاوەڕوان دەكرا". ئەم كۆمەڵەیە نوێنەرایەتی كۆمپانیاكانی (DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy ،ShaMaran Petroleum ) دەكات، لە راگەیەندراوەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات" تەنانەت ئەگەر هێڵی بۆری نەوتی عێراق- توركیاش بكرێتەوە، كۆمپانیاكانی ئەندامی APIKUR لە دۆخێكدا نابن كە نەوت بۆ هەناردەكردنی بۆری بەرهەمبهێنن، تاوەكو ڕوون نەبێتەوە كە چۆن كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت پارەیان پێدەدرێت". بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت ئێستا نزیكەی (1 ملیار) دۆلاریان لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە شایستەی خۆیانەوەو هێشتا پێیان نەدراوە. كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان هۆشداری دەدات ئەگەر رێككەوتن نەكرێت لەبارەی چۆنیەتی پێدانی پارە بە كۆمپانیاكان، ئەوا ئەو كۆمپانیا جیهانیانەی كە گرێبەستی هاوبەشیكردنی بەرهەمهێنانیان "PSCs" هەیە، دەتوانن پشكی خۆیان لە نەوتی خاوی كوردستان وەربگرنو بەجیا بیفرۆشن بەو كڕیارانەی كە دەتوانن زامنی ئەوە بكەن پێشوەختە پارەی كۆمپانیاكان بدەن. بۆ زانینی زانیاری زیاتر لهبارهی ئاستهنگهكان كهرتی نهوتی ههرێم دوای دهستپێكردنهوهی ههناردهكرد، كلیك لهم ناونیشانهی خوارهوه بكهن: كێشەكانی بەردەم نەوتی هەرێمی كوردستان دوای دەستپێكردنەوە
درەو: د. یوسف محەمەد سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتاری پێشوی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند: ناردنی راستەوخۆی موچە بۆ موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەستورییە، هیچ رێگرییەكی یاسایی و دەستوری نیە، بۆ ئەوەی بەغداد راستەوخۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدات. چەند رۆژێك پێش ئێستا ژمارەیەك لە مامۆستا و فەرمانبەرانی هەرێم بە یاوەریی د. غالب محەمەد و یوسرا رەجەی پەرلەمانتارانی پێشوی عێراق سەردانی چەند پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیان كرد و داوایان كرد كە راستەوخۆ حكومەتی فیدڕاڵی عێراق موچەكانیان دابین بكات، دوێنێش 2/10/2023 فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ) لە پەرلەمانی عێراق جگە لە فراكسیۆنی پارتی، واژۆیان كۆكردەوە و داوا دەكەن موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لە بەغدادەوە بدرێت، كۆكردنەوەی واژۆی فراكسیۆنە و پەرلەمانتاران لە كاتێكدایە كە فەرمانبەران و موچەخۆرانیش هەڵمەتێكی واژۆكۆكردنەوەیان راگەیاندووە بۆ ئەوەی راستەوخۆ موچەكانیان لە رێگەی بەغدادەوە بێت. د. یوسف محەمەد ئاماژە بەوەش دەكات، رەسمكردنی سیاسەتی دارایی (كە پرسی موچەش ئەگرێتەوە) بە پێی مادەی (١١٠/ سێیەم)ی دەستور لە سەڵاحیاتە حەسرییەكانی دەسەڵاتە ئیتیحادییەكانە، لەبەر ئەوە رێگری دەستوری نیە، ھەروەھا ھەرێم ھیچ یاسایەکی تایبەتی نییە بۆ موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێم بەڵکو ھەر یاساکانی عێراق راستەوخۆ جێبەجێ ئەکات بە یاساکانی سەردەمی رژێمی پێشوش، وەک یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە (٢٤)ی ساڵی ١٩٦٠ی ھەموار کراو، یاسای موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٨ی ھەموار کراو و ھەروەھا یاساکانی خانەنشینیش. بۆیە لەبەر ئەوەی یاساكانیش بۆ موچە وەک یەکن، ئاسانترە وەك لەوەی ئەگەر یاساكان جیاواز بوونایە. ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ھەرێم پێشێلی ئەو یاسا فیدڕاڵییانەیان کردوە لە پێنەدانی موچەی تەواوی موچەخۆران و خانەنشینان و، وەستاندنی نایاسایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، ئەو داواکارییە بەھێزتر ئەکات کە راستەوخۆ موچە لە لایەن حکوموتی فیدڕاڵەوە بدرێت بە موچەخۆرانی ھەرێم. تەنانەت یاسای بودجەی گشتیی عێراق ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ لە مادەی (١٣/ ھەشتەم/ أ و ب) رێی بە حکومەتی فیدڕاڵ داوە راستەوخۆ ئەرکی پارەدارکردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران لە ئەستۆ بگرێ. بە وتەی د. یوسف محەمەد رەنگە ئێستا خەرجكردنی موچە راستەوخۆ لە رێگەی بەغدادەوە ئاسانتر بێت چونکە پێشتر کاتێک چەند ھاوڕێیەکمان لە ھاوپەیمانیی ھیوا بەتایبەت ( د. رێبوار كەریم مەحمود) و هاوڕێیانمان لە لیژنەی دارایی لە ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ پێشیاری ئەوەیان کرد کە راستەوخۆ موچە لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە بدرێ، بەشێکی کوتلە سیاسییەکان و تەنانەت حکومەتی فیدڕاڵیش ئەوەیان رەد کردەوە و دەیانوت حكومەتی هەرێم نەوت دەفرۆشێت و پێویستە لە داهاتی نەوت موچە دابین بكات، ئێستا کە فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بە رەسمی راگیراوە، ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە موچەی موچەخۆرانی ھەرێمیش ھاوشێوەی ھەمو ناوچەکانی تری عێراق دابین بكات کە ئەمەش تەنھا رێکاری ئیداری و بانکیی پێویستە. ئیتر کاتییەتی موچە لە ململانێ سیاسییەکان جیابکرێتەوە. حكومەتی عێراق لە ئێستادا سەرقاڵی دابەشكردنی موچەی مانگی (10)ی موچەخۆران و خانەنشینانە، حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا موچەی مانگی تەمووزی بەتەواوی دابەشنەكردووە. حكومەتی عێراق بڕیاریداوە بۆ سێ مانگ (9،10،11) بڕی (700) ملیار دینار بە سێ وەجبە بنێرێت بۆ موچەخۆرانی هەرێم، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارەی هاوپەیمانان و داهاتی ناوخۆ بە شێوەیەكی سست موچەی موچەخۆران دابەش دەكات. لە پاڵ هەوڵی پێدانی راستەوخۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، هەوڵێكی دیكە هەیە بۆ ئەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم جیابكرێتەوە لە ناكۆكی و ململانێكانی نێوان هەولێر و بەغداد و لە یاسای بودجەدا جێگای بكرێتەوەو بەردەوام بێت.
راپۆرت: درەو توركیا ئامادەیی خۆی نیشاندا لەم هەفتەیەوە دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بكاتەوە، بەڵام هەرێم هێشتا كێشەی خۆی لەبارەی نرخی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت لەگەڵ حكومەتی عێراق یەكلانەكردوەتەوە، ئایا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كاریگەریی لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا دەبێت ؟ چارەنوسی قەرزەكانی كەرتی نەوتی هەرێم چی بەسەر دێت ؟ هەرێم ئەگەر نەگاتە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد چۆن كورتهێنانی خەرجی نەوت چارەسەر دەكات؟ ئایا كۆمپانیاكان ئامادەن بە نرخی سۆمۆ نەوت بۆ كوردستان بەرهەمبهێنن ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە دوای زیاتر لە 6 مانگ لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیاوە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، ئاسۆی دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ئەمڕۆ دەركەوت. ئاڵپئەرسلان بایراكتار وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەبوزەبی بۆ نەوت ئاشكرایكرد" لە ئەمڕۆوە بۆری نەوتی توركیا - عێراق بۆ دەستپێكردنی گواستنەوەی نەوت ئامادە دەبێتو لەم هەفتەیەدا كار بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت دەكەن". بڕیاری دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دوای ئەوە دێت بەمدواییە وەفدێكی كۆمپانیای (سۆمۆ)و وەزارەتی نەوتی عێراقو هەرێمی كوردستان سەردانی توركیایان كردووەو لەگەڵ لایەنی توركی لەنزیكەوە بۆری نەوتەكەیان بەسەركردووە. توركیا بانگەشەی ئەوەی دەكرد لەدوای بومەلەرزەكەی 6ی شوباتی ئەمساڵەوە، بۆرییەكانی نەوت زیانیان بەركەوتووە، بۆ ئەمەش داوای مۆڵەتی دەركرد بۆ پشكنینی بۆرییەكان، بەڵام ئەم بەهانەیە بەلای عێراقەوە بایەخێكی ئەتۆی نەبوو، چونكە لەدوای بومەلەرزەكەوە، توركیا هەر بەردەوام بوو لە هەناردەی نەوتی هەرێم تا ئەوكاتەی لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاردا بەهۆی بڕیاری دادگای پاریسەوە هەناردەی راگرت. داهاتی نەوتی هەرێم چی لێدێت ؟ لەحاڵی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەم مانگەدا، بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە بكات، نەوتەكە لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وە بە هەمان نرخی نەوتی عێراق دەفرۆشرێت. فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە نرخی فەرمی عێراق سودی بۆ شایستە داراییەكانی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراقدا نابێت، چونكە پشكی هەرێم لە بودجەكە لەسەر بنەمای ناردنی (400) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دانراوە، نەك لەسەر بنەمای نرخەكەی. بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم، جیاوازی نرخی فرۆشی نەوتی هەرێم لەگەڵ نەوتی عێراق 8 بۆ 10 دۆلار بوو بۆ هەر بەرمیلێك، واتە نەوتی هەرێم بە 10 دۆلار كەمتر لە نەوتی عێراق دەفرۆشرا. داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بەپێی ماددەی 13 لە یاسای بودجەی 2023-2024-2025ی عێراق، چیتر ناگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكو دەچێتە ناو هەژمارێكەوە كە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بانكی ناوەندیی عێراق دەكرێتەوە، بودجە بۆ ئەمەش مەرجی داناوەو دەڵێ: داهاتی نەوتی هەرێم لەم هەژمارەدا نابێت هیچ بڕە پارەیەكی لێ گلبدرێتەوە یان مقاصەی لەسەر ئەنجام بدرێت، وەكو ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێ" تەنانەت نابێت پارەی هەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكانو خەرجیی گواستنەوەشی لێ بدرێت". بەر لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاردا، دواین بانك كە بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمو محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق داهاتی نەوتی هەرێمی تێدا دادەنرا، (سیتی بانك) بوو لە ئەبوزەبی ئیماراتی عەرەبی، بەڵام كاتێك لە 26ی حوزەیراندا یاسای بودجەی گشتی عێراق كەوتە بواری جێبەجێكردن، ئیتر بەپێی ماددەی 13ی یاساكە ئەم ژمارە حسابییە لە ئەبوزەبی داخراو هەرێم ناچاركرا داهاتی نەوتەكەی لە ژمارە حسابییەكەی بانكی ناوەندیی عێراقدا دابنێت. لەسەردەمی كابینەكانی پێشتردا داهاتی نەوتی هەرێم لە دۆلار دەگەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستانو لە بانكی كوردستان دۆلارەكە دەگۆڕدرایەوە بە دینار، لەسەردەمی كابینەی نۆیەمدا مەسرور بارزانی داهاتی نەوتی لە بانكی كوردستانەوە گواستەوە بۆ بانكی (ئاڕ تی)، بەڵام ئێستا ئیتر دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم ناگەڕێتەوە بۆ كوردستانو حكومەتی هەرێمیش هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر ئەو هەژمارەدا نابێت كە لە بانكی ناوەندیی عێراق بۆ داهاتی نەوتی هەرێم دەكرێتەوە، تێكڕای داهاتی نەوتی هەرێم دەبێت بە داهاتی كۆتایی بۆ گەنجینەی گشتیی عێراقو هیچ بڕە پارەیەكی لێ داناشكێندرێت بۆ هیچ مەبەستێك، ئەمە بەواتای ئەوە دێت ئیتر سەردەمی "مقاصە" بۆ پاكتاوی حساباتی بودجە لەنێوان حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێم كۆتایی هاتووە، حكومەتی هەرێم داهاتی خۆی بە كاش رادەستدەكاتو حكومەتی فیدراڵیش دەبێت بە كاش شایستەی دارایی هەرێم دابین بكات، بەبێ پەنابردن بۆ هاوكێشەی لێبڕینو لێدەركردن. داهاتی نەوتی هەرێم بۆ گەنجینەی عێراق چەندە ؟ ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوەو عێراق بە نرخی خۆی نەوتی هەرێم بفرۆشێت، داهاتی نەوتی هەرێم چەند دەبێت بۆ گەنجینەی عێراق. ئەگەر ئەو نرخە وەربگیرێت كە لە یاسای بودجەكە وەكو تێكڕا بۆ نرخی هەر بەرمیلێك دانراوە، واتا (70) دۆلار، ئەوا داهاتی هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بۆ گەنجینەی عێراق بەمشێوەیە دەبێت: • 400 هەزار بەرمیل × 70 دۆلار× 30 رۆژ= 840 ملیۆن دۆلار داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێمە بۆ گەنجینەی عێراق • 840 ملیۆن دۆلار × 12 مانگ= 10 ملیارو 80 ملیۆن دۆلار داهاتی ساڵانەی نەوتی هەرێم بۆ گەنجینەی عێراق كێشەكانی نەوتی هەرێم دوای دەستپێكردنەوەی هەناردە گەورەترین كێشەی نەوتی هەرێم دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، بریتییە لە خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت. لە یاسای بودجەدا عێراق، خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوتی زۆر بە كەمتر لەو نرخە ئەژماركردووە كە بەشێوەیەكی فعلی لە كوردستان هەیە. یاسای بودجەی فیدراڵ نرخی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی بە هەمان ئەو نرخە ئەژماركردووە كە لە عێراق هەیە، لەسەر ئەم بنەمایە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت بڕی (6) دۆلاری دیاریكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی قسەی كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێم بڕەكەی (24) دۆلارەو تیچووی گواستنەوەی هەر بەرمیلێكیش (7) دۆلارە، واتا بە تێكڕای خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ هەر بەرمیلێك (31) دۆلار دەكەوێت. یاسای بودجەی فیدراڵ رێگە بەوە نادات لە داهاتی نەوتی هەرێم پارە بۆ هیچ مەبەستێك ببڕدرێت، بودجە بەرپرسیارێتی دابینكردنی هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوتی لە هەرێمی كوردستانو خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی خستوەتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراق. بودجە پارەی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێمی لە خشتەیەكدا دیاریكردووە كە بڕەكەی (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دینارە بۆ یەك ساڵ، ئەم بڕە پارەیە كورتهێنانی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان. بەگوێرەی لێكدانەوەیەك كە ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردویەتی: • كۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ گواستنەوەی بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی 2023 بریتییە لە (1 ترلیۆنو 428 ملیار) دینار. • كۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ وەبەرهێنانو هەناردەكردنی بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی 2023 بریتییە لە (2 ترلیۆنو 448 ملیار) دینار. واتا بە تێكڕا خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2023دا بڕەكەی بە (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دینار دیاریكراوە، ئەم پارەیە بڕەكەی بە دۆلار دەكاتە (2 ملیارو 980 ملیۆن) دۆلار. هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022 بڕی (6 ترلیۆنو 695 ملیار) دیناری بۆ خەرجییەكانی نەوت خەرجكردووە، بەڵام لە بودجەی عێراقدا (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دیناری تەرخانكردووە، لێرەدا حكومەتی هەرێم توشی كورتهێنانێك دەبێت كە بڕەكەی (2 تریلیۆنو 800 ملیار) دینارە، وەكو سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ" ئەم كورتهێنانە هیچ تەرخانكراوێكی بۆ نەكراوە لەناو بودجەی عێراقو هەرێمی كوردستانیش ناتوانێت پڕی بكاتەوە". ئێستا كە توركیا ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان نیشانداوە، هێشتا دیار نییە ئایا كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت ئامادەن بەو نرخەی كە عێراق دیاریكردووە (6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك) نەوت بۆ هەرێمی كوردستان بەرهەمبهێنن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم باسلەوە دەكات كۆمپانیاكان وتویانە ئامادە نین بەو پارەیە كار بكەن. كەرتی نەوتی هەرێم كێشەیەكی تریشی هەیە كە ئەویش قەرزی مانگەكانی پێشووی هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوتو پارەی وەرگیراوی پێشەكی نەوتی فرۆشراوی پێشوەختەیەو بە تێكڕا بڕەكەی (8 ملیارو 623 ملیۆن) دۆلارەو ئەم قەرزەش هیچ چارەسەرێكی لە یاسای بودجەدا بۆ دیاری نەكراوەو نازانرێت حكومەتی هەرێم چۆن ئەم پارانە دەگێڕێتەوە. داهات دوای رادەستكردنی نەوت بەر لە رادەستكردنی بە كۆمپانیای سۆمۆ، نەوت رێژەی 77%ی تێكڕای داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی پێكدەهێنا، حكومەتی هەرێم لە یاسای بودجەدا لەبەرامبەر وەرگرتنی شایستەی دارایی خۆی، تێكڕای داهاتی نەوتی رادەستی بەغداد كرد، بەڵام ئەو بڕە پارەی كە بەغداد وەكو پشكی هەرێم دیاری كردووە، لەم چەند مانگەی رابردوودا كێشمەكێشی لەنێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ دروستكردووە، هۆكاری سەرەكی ئەم كێشمەكێشەش پەیوەندی بە دیاریكردنی پشكی هەرێمەوە هەیە لە تێكڕای خەرجی فیعلی عێراق، نەك خەرجی گشتی، ئەمە سەرچاوەی ناڕەزایەتییەكانی حكومەتی هەرێمە. بەوهۆیەوە دوای سێ مانگ لە جێبەجێكردنی یاسایی بودجە، هێشتا ماددەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان نەكەوتونەتە بواری جێبەجێكردن، حكومەتی عێراق بڕیاریداوە بۆ سێ مانگ (مانگەكانی 9-10-11) هەر مانگێك بڕی (700 ملیار) دینار وەكو قەرز بۆ حكومەتی هەرێم بنێرێت، تاوەكو بتوانێت بەم پارەیە موچەی موچەخۆران دابین بكات، ئەمە بەو ئومێدەی هەردوو حكومەت تاوەكو سەرەتای ساڵی 2024 ناكۆكییەكانیان لەبارەی یاسای بودجەوە یەكلابكەنەوە. بەشێكی گەورەی ناكۆكی هەرێمو بەغداد لە یاسای بودجە پەیوەندیدارە بە نرخی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان، كە دەبێت ئەمەش چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. لە 26ی حوزەیرانی رابردووەوە كە یاسای بودجە كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، لەبری ئەوەی توركیا هەناردەی نەوتی راگرتووە، حكومەتی هەرێم بەپێی یاسای بودجە بڕێك نەوتی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی رادەستی حكومەتی عێراقە، ئەم بڕە نەوتە لە سەرەتاوە 50 هەزار بەرمیل بوو لە هەر رۆژێكداو ئێستا رۆژانە بڕەكەی گەیشتوەتە 85 هەزار بەرمیل، حكومەتی هەرێم ئەم نەوتە رۆژانە رادەستی پاڵاوگەی كۆمپانیای (كار) دەكاتو كۆمپانیا نەوتەكە دەپاڵێوێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی سنوری پارێزگای نەینەوا، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەڵێ:" ئەمساڵ حكومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ وەبەرهێنانی نەوت رادەستی هەرێم نەكردووە". بەراوردكارییەك لەماوەی 6 مانگدا كە هەناردەی نەوت راوەستاوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تێكڕا بڕی (6 ترلیۆنو 600 ملیار) دینار زیانی بەركەوتووە لەو بەر (54%)ی بۆ خەرجی كۆمپانیا و (46%)ی بۆ خەزێنەی حكومەت دەمایەوە بڕكەی نزیكەی (3 ترلیۆن و 500 ملیار) دینارە ، لەبەرامبەردا لەم ماوەیە بڕی (3 ترلیۆنو 300 ملیار) دیناری وەكو قەرز لە حكومەتی عێراقەوە بەدەست گەیشتووە، واتا ئەوەی ئەوەی لەدەستتی داوە بە نزیكەی ئەوەندەی لە بەغدادەوە دەستكەوتووە، بەڵام ئەوەی بەغداد بە قەرزە، بەوهۆیەشەوە هەرێم لە دابەشكردنی موچەی موچەخۆران دواكەوتووەو لەكاتێكدا ئێستا موچەخۆرانی عێراق موچەی مانگی 10 وەردەگرن، حكومەتی هەرێم هێشتا لە دابەشكردنی موچەی مانگی 7 تەواو نەبووە. • لە (25/3/2023 - 25/9/2023) واتا زیاتر لە (6) مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە. • پاڵپشت بە داتاكانی دیلۆیت، هەرێم لە پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، بە تێكڕای مانگانە زیاتر لە (12 ملیۆنو 461 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە. • واتا لە ماوەی (6) مانگدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە زیاتر لە (74 ملیۆنو 766 هەزار) بەرمیل نەوت. • تێكڕای نرخی نەوتی برێنت لەماوەی (25/3/2023 – 25/9/2023) بریتی بووە لە (82 دۆلار و 38 سەنت). • ئەگەر هەرێم بە داشكانی (15 دۆلار) نەوتەكەی بفرۆشتایە، وەك ئەوەی لە چارەكی دووەمو سێیەمی ساڵی (2022) دا رویدابوو. ئەوا؛ - تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (67 دۆلار و 38 سەنت). - كۆی بەهای نەوتی هەناردەكراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (5 ملیارو 51 ملیۆن و 146 هەزار) دۆلار واتا نزیكەی (6 ترلیۆن و 600 ملیار) دینار.
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) دەوڵەتی ئەمنی ساڵانێکی درێژ، میلەتانی ئەم ناوچەیە، لەگەڵ کۆمەڵێک مژدەی گەورەدا ژیان، مژدەی ئەو دەوڵەتانەی لە دوای کۆتایی کۆلۆنیالیزمەوە لە سالانی پەنجاوە لەم ناوچەیەدا دروستبوون، دەوڵەتانێک کە بە دەوڵەتی «دوای کۆلۆنیالیزم» ناونراون. دەرکەوتە گەورەکانی ئەم مژدانە بریتیبوون لە: «بەدەستهێنانی سەربەخۆیی سیاسیی و ئابوریی»، «دابینکردنی دادپەروەریی کۆمەلایەتیی»، «پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان»، «رێزگرتنی مرۆڤەکان»، «تازەکردنەوەی دەرکەوتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا»، «دروستکردن و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی»، «کردنەوەی رووبەری سەربەخۆی گەشەکردنی مرۆیی»، «پێشخستنی دۆخی ژنان»، «بەگژاچوونەوەی هێزە کۆنەپەرەستەکان»، «بونیادنانی یەکێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی»، هتد... بڕێک لەم مژدانە لە قۆناغێکدا جێبەجێکران، لەوانە دابینکردنی خوێندنی خۆڕایی، خزمەتگوزرایی پزیشکیی بێبەرامبەر، دۆزینەوەی کار بۆ بێکاران، بەتایبەتی بە فەرمانبەرکردنی بەشە خوێندەوار و خاوەن بروانامەکانی کۆمەڵگا، لەهەندێک دۆخدا دابینکردنی خانوبەرە بە کرێی هەرزان بۆ کرێکاران و فەرمانبەران. لە میسری سەردەمی ناسر و لە قۆناعی یەکەمی حوکمرانی بەعس لە عێراقدا ئەم دۆخە، بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئامادەبوو. لە ئەدەبیاتی ئەکادیمیدا بۆ ناساندنی وردتری ئەم دۆخە باس لە بوونی «سەودایەکی دەسەڵاتگەرانە», The authoritarian bargain دەکرێت لە نێوان کۆمەڵگا و حومکرانانی دەوڵەتدا. خاڵی سەرەکیی لەم سەودایەدا، یان لەم رێکەوتن و گرێبەستە نەنووسراوەدا، ئەوەیە کە دەوڵەت و حوکمرانان خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ کۆمەڵگا دابیندەکەن، لە بەرامبەردا کۆمەڵگا واز لە مافە سیاسییەکانی دەهێنێت. بە مانایەکی دیکە کۆمەڵگا گوێڕایەڵی دەوڵەت دەبێت، لە بەرامبەردا دەوڵەت نان و شتێک لە ژیانێکی هێمن و لانیکەمێک لە ئاسودەیی مادیی، دابیندەکات. بە کورتییەکەی دەوڵەت نان دەدات بەلام ئازادیی لەناودەبات، بە تایبەتی ئازادییە سیاسییەکان. بەم شێوەیە سیستمی حوکمڕانیی تاکحیزبیی و تاکسەرکردەیی و تاکئایدیۆلۆژیا، لەدایکدەبێت. دەوڵەتێک لەدایکدەبێت کە تێکەڵێکی شێواوە لە «دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی» و« دەوڵەتی ئەمنیی». ئەم سیستمە لەچەند وڵاتێکی ناوجەکەدا تا کۆتایی ساڵانی هەفتا و لە عێراقدا تا کۆتایی ساڵانی هەشتا کاریکرد. بەڵام هەرزوو ئاشکرابوو کە ئابوریی ئەو ولاتانە و گەشەی ناوەکیی دانیشتوان و دروستبوونی هێزی کۆمەلایەتی نوێی خاوەن خواستی سیاسیی و، خراپ ئیدارەدان و بڵاوبوونەوەی گەندەلىی و لە سەروی هەمووشیانەوە باڵادەستبوونی دیدگای نیولیبرالی لە ئاستی جیهانیدا و سەپاندنی هەنێک ریفۆرمی نیولیبرالانە لەلایەن دەزگا نێودەوڵتیەکانی وەک «بانکی جیهانی» و «سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی»ەوە، دۆخێکیان دروستکرد ئەو فۆرمە لە دەوڵەت و ئەو شێوازە لە پەیوەندیی لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگادا، قابیلی بەردەوامبوون نەبێت. ئەوەی روویدا کۆتاییهاتنی «سەودا دەسەلاتگەریی»ەکە بوو، بە تایبەتی کۆتایی ئەو بەشەی کە پەیوەستبوو بە دابینکردنی خزمەتگوزاییە سەرەکییەکانەوە بۆ کۆمەڵگا. ئەوەی مایەوە دەوڵەت و حوکمڕانییەکی ئەمنی رووت بوو. نەوەیەک لە سیاسیی و حوکمران دروستبوون، کە زۆرجار لەناو یەک خێزانی سیاسیەوە دەهاتن، کە جگە لە تێگەیشتنێکی ئەمنیانە بۆ دەوڵەت، واتە تێگەیشتنێک دابڕاو لە مافە هەرە بنەرەتییە گەردونییەکانی مرۆڤ، هیچ تێگەیشتنێکی دیکەیان نەبووە و نییە. دەوڵەت و حوکمڕانی لای ئەمان تەنها یەک مانای ئەمنی هەیە: مانەوەی خۆیان و نەوەکان و دارودەستەکەیان لە دەسەڵاتدا تا رۆژی قیامەت، یان تا رۆژی ڕاونان و روخاندن و لەناوبردنیان. ئێستا ئەوەی لە ناوجەکەدا ماوەتەوە چەندان میلەتی توڕە و کۆمەڵێک دەوڵەتی ئەمنین. ئەم دووانەش وەک دوو دوژمن لەیەکتری دەروانن و وەک دوژمنیش مامەڵەی یەکتری دەکەن. حوکمرانانی ناوچەکە، لە ئەردۆگانەوە بۆ سیسی لە میسر، لە بن سەلمانەوە بۆ قەیس سەعید لە تونس، لە حوسیەکانی یەمەنەوە بۆ دەسەلاتی پارتیی و یەکێتی لە هەرێمەکەی خۆماندا، لەناو ئەم مۆدێلەد نووقمن. مۆدێلی دەوڵەتێکی ئەمنیی، کە سەرقاڵی پاراستنی دەسەڵاتی کۆمەڵێک تاکەکەس و خێزانی سیاسین. بێگومان بە پلە و رادەی جیاواز، لە هەرێمەکەی ئێمەدا بە موتڵەقیی و لە تورکیا و تونسدا، بە بڕو رادەیەکی کەمتر. ئەوەی هاوبەشە بوون و ئامادەگیی دەوڵەتێکی ئەمنییە، چ لە فۆرمە عەلمانیی و ج لە فۆرمە ئیسلامییەکەیدا، دەوڵەتێک ئامادەگییەکی گەورەی پێشێلکردنی مافە هەرە سەرەتایی و هەرە بنەڕەتییەکانی مرۆڤی تێدایە. ئاکارێکیی سەرەکیی تری ئەم حوکمڕانانە ئەوەیە کە جگە لە دەنگ وسەدای خۆیان، هیچ شتێکی تر نابیستن. ئەوەی لەدەستیانداوە توانای گوێگرتن و لەوێشەوە توانای گفتوگۆ و پەیوەندیکردنە. ئەم دۆخە تا ئەو شوێنە رۆیشتوە دەسەلاتداران تەنانەت توانای بیستنی ئەو بێدەنگییە گەورەیەی ئەم ساتەشیان نەبێت کە میلەتانی ئەم ناوچەیە لەناویدا دەژین، بێدەنگییەک کە نەبوونی ئەلتەرناتیڤ و ئامادەگیی ترس لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی سوریا و لیبیا و بەیەمەنی بوونی دۆخی ناوەکیی وڵاتەکە، ئاراستەیدەکات. بێدەنگیەک رۆژانە بە دەیان شێوە دەیبیستین و دەیبینین، بێدەنگییەک لە فۆرمی توڕەبوونێکی بێزمانی فرەچەشندا، ئامادەیە. تورەبونێک لە دۆخی خەمباری کەسێک دەچێت لەناوەوە بکوڵێت، بەڵام توانا و حەوسەڵەی نیشاندانی بەردەوامیی ئەو کوڵانە ناوەکییەی نەبێت. ئەم دۆخە وادەکات لە زیاد لە شوێنێکی ئەو دەڤەرەدا دەرگاکانی یاخیبوون و تەقینەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان کراوەبن. کۆمەڵێک میلەت هەبن لە دۆخی چاوەڕوانیدابن، چاوەروانیی شتێک کە نازانن چییە و ناتوانن روخسارە گشتییەکەی بناسن و دەستنیشانبکەن. نەبوونی ئەلتەرناتیڤ و نەمانی متمانە و قڵپبوونەوە بەسەر خەم و برینە شەخسیی و تایبەتییە زۆرەکانی ژیانی رۆژانەدا و هەوڵدانی بەردەوام بۆ مانەوە و خۆڕزگارکردن لە تیاچوون و زەلیلبوونی تەواوەتی، ئەم دۆخی چاوەروانییەی قوڵتر و قوڵتر کردۆتەوە. ئەوەی لە ئێستادا هەم لای ئێمە و هەم لە بەشێک لە ناوچەکەدا ئامادەیە بوونی جۆرێک لە حوکمرانییە کە کورتبۆتەوە بۆ ماشێنێکی گەورەی ئەمنیی توندوتیژ، کاری یەکەم و هەرەسەرکیی بریتییە لە پاراستنی کۆمەڵێک حاکم و خێزان و دەوروبەرە گەندەڵەکانیان، بەڵام پاراستنیان لە کێ؟ پاراستنیان لەو میلەتانەی حوکمڕانیان دەکەن، لەو کۆمەڵگایانەی گوایە بەڕێوەیاندەبەن و ژیانی گشتیی و پێکەوەییان ڕێکدەخەن. لە ڕاستیدا ئەوەی هەیە و کاردەکات جۆرێک لە حوکمڕانییە کە توانای دروستکردنی هیچ بەرەیەکی ئەخلاقیی لەگەڵ کۆمەڵگاکانی خۆیاندا نەماوە. پردێکی پەیوەندیی نەماوە لەنێوان ئەوان و کۆمەڵگاکانیاندا نەڕوخابێت. بەبێ گۆڕانی ئەم تێگەیشتنە ئەمنییە بۆ دەوڵەت و حوکمرانی، بەبێ ناشتنی ئەم وێناکردنە بۆ حوکمرانیی، کە دابڕاوە لە مافە هەرە بنەرەتىیە گەردونییەکانی مرۆڤ، هیچ ڕێگایەک بۆ دەسکاریکردنی ئەو دۆخەی ئێستا لەئارادا نییە. ئەوەی بەر لە هەرشتێکی تر لەم ناوچەیەدا پێویستە، بە تایبەتی لە هەرێمەکەی ئێمەدا، ناشتنی ئەم تێگەیشتنی ئەمنییانەیە بۆ دەوڵەت، بۆ حوکمرانیی، بۆ حیزب، بۆ پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و حوکمرانان و دەوڵەت و کۆمەڵگا. گۆڕینی دەوڵەتی ئەمنیی بۆ دەولەتی هاوڵاتیی خاوەن ماف، هەنگاوی ژمارە یەکە، هەمووشتێکی دەرەوەی ئەم ستراتیژە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە، بەئەمنیکردنی زیاتر و زیاتری دەوڵەت و حوکمرانیی لێدەکەوێتەوە، تا ئاستی گەیشتن بەئەمنیکردنی ژیان خۆیشی.
(درەو): 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئەیلولی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (9ملیارو 494 ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (103 ملیۆن و 143ھەزارو 199) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 438ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (92) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئابی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (8 ملیارو 846ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (106 ملیۆن و 122ھەزارو 874) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 423ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (83,35) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی تەمووزی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (8 ملیارو 293 ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (106 ملیۆن و 755 ھەزارو 169 ) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 444 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (77,69) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی حوزەیرانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 115ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (100ملیۆن و 59ھەزارو 52) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 335ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,11) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئایاری نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 306ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (102 ملیۆن و 436ھەزارو 387) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 305ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,3) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی نیسانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیارو 796ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت ( 98 ملیۆن و 634 ھەزارو 947) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 288 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (79) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.
🔻گرێی سەروەری ئاستەنگی بەردەم پەسەندكردنی یاسای نەوت و غازە 🔻بەغداد دەیەوێت داهاتی نەوت بچێتە یەك ئەژمارو لەژێر سەرپەرشتی خۆیدا بێت 🔻هەرێم داوای مافی گرێبەست و ئەژمارێكی تایبەتی داهاتەكانی نەوت دەكات 🔻هەرێم تەنها ئەو كێڵگە نەوتیانە بە هاوبەش دەزانێت پێش (2005) دۆزراونەتەوە "بەغداد ئەو هەنگاوە بەمەترسی دەزانێت بۆ هاندانی پارێزگا نەوتیەكانی تر" درەو: رۆژنامەی (العرب): 🔹مەزهەر محەمەد, راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت, یاسای نەوت و غاز, كە هێشتا چاوەڕانی پەرلەمانە پەسەندی بكات, دەبێتە سەرەتای دەستپێكردنی وەبەرهێنان لەبواری وزەو داهاتەكان زیاد دەكات. 🔹پێشبینی دەكرێت پەسەندكردنی یاساكە, رێگا ئاوەڵا بكات لەبەردەم رێككەوتنەكانی دابەشكردنی بەرهەمهێنان لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكان, بەڵام ناكۆكییەكانی نێوان بەغدادو هەولێر, هێشتا بەربەستە لەبەردەم پەسەندكردنی یاساكە. 🔹جەوهەری ناكۆكییەكان دەگەڕێتەوە بۆ جۆری ناكۆكی لەسەر سەروەری, بەسەر مافی نەوتیی و بەرهەمهێنان و داهاتەكانی. 🔹لەكاتێكدا بەغداد دەیەوێت هەموو مافەكان لە دەستی حكومەتی ناوەند بێت, بەجۆرێك هەموو داهاتەكان هەموو بخرێتە یەك هەژمارەوە كە لەژێر سەرپەرشتی خۆدابێت, دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانەوێت مافی ئەنجامدانی گرێبەستیان هەبێت لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكان, داهاتەكانیشی بچێتە ئەژمارێكی تایبەتەوەو لەژێر سەرپەرشتی بەغدادا نەبێت. 🔹بەگوێرەی رەشنوسی پرۆژە یاسای نەوت و غاز, بەرپرسیارێتی ئیدارەدانی كێڵگە نەوتیەكان دەبێت لەدەستی كۆمپانیای نیشتمانی نەوتدابێت, ئەنجومەنێكی فیدڕاڵی تایبەتمەند بەو پرسە, سەرپەرشتی بكات. 🔹حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت, حكومەتی عێراق مافی بەشداری هەیە لە ئیدارەدانی كێڵگە دۆزراوەكان پێش ساڵی (2005), بەڵام ئەو كێڵگانەی دوای ئەوە دۆزراونەتەوە, سەر بە حكومەتی هەرێم دەبن. 🔹ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر ئەوەیە هەرلایەنەو دەوێت سەروەری خۆی بسەپێنێت, حكومەتی ناوەند دەڵێت, ئەو حكومەتی هەموو عێراقە, حكومەتی هەرێمیش پێیوایە سیستمی فیدڕاڵی رێگەی پێدەدات كۆنتڕۆڵی داهاتە نەوتیەكانی خۆی بكات, ئەوەش وایكردوە بابەتەكە ببێتە ناكۆكییەكی سیاسی و یاسایی لەیەك كاتدا. 🔹بەغداد ترسی هەیە لەوەی, پێدانی دەسەڵاتی فراوان بەهەرێم لەمەسەلەی نەوتدا, هانی پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بدات, لەنمونەی كەركوك و بەسرە, بەوەی داوای دەسەڵاتی وەبەرهێنان و دەرهێنان و بە بازاڕكردنی نەوتەكەیان بكەن, هاوشێوەی ئەوەی هەرێم داوای دەكات. 🔹پرۆژە یاساكە لە (53) مادە پێكدێت, پێویستە ئەنجومەنی فیدڕاڵی نەوت دابمەزرێت كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆكایەتی دەكات, وەزیرو نوێنەرانی پارێزگاكان تیایدا ئەندامن, ئەوان سیاسەتی نەوت دادەڕێژن و رێنمایی جێبەجێكردنی گرێبەستەكان دەردەكات و رەزامەندی لەسەر گەڕان و پێشخستن و بەرهەمهێنان دەدات و گرێبەستە واژوكراوەكان پەسەند دەكات. 🔹هەندێك لە شارەزایان دەڵێن, ئەگەر پرۆژەكە بەم دەقەی ئێستای پەسەندبكرێت, داهاتی گەنجینەی عێراق كەمدەكاتەوە, چونكە هەر پارێزگایەك هەوڵدەدات هەنگاوی هاوشێوەی هەولێر بنێت, بەوەی خاوەندارێتی دۆزینەوەی نەوت لەدوای (2005)وە, پارێزگاكە دەبێتە خاوەنی كێڵگە نەوتیەكەو رێژەیەك لە داهاتەكەی بۆ گەنجینەی گشتی دەگێڕێتەوە.
درەو: ( خالید شوانی، بێگەرد تاڵەبانی، د. دارا رەشید، حەمەی حەمەسەعید ، فەهمی بورهان، هەرێم كەمال ئاغا، مەلا كەریم ، عزەت سابیر، دابان شەدەڵە......) مافی خۆ كاندیدكردنیان نیە بۆ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەپێی مادەی (22)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە ئەمڕۆ پەسەندكرا، (وەزیر و بریكاری وەزیر و پەرلەمانتاران) بۆیان نیە خۆیان بۆ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كاندیدی بكەن. مەرجەكانی ئەندامێتیی ئەنجومەنی سەركردایەتی لە ماددەی (22)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بریتین لە: یەكەم: تەمەنی لە (30) سی ساڵ كەمتر نەبێت. دووەم: لە ئاستێكی هۆشیاری و سیاسی باش بێت. سێیەم: لانی كەم (10) ساڵ كاری لە ئۆرگانەكاندا كردبێت. چوارەم: پلەی رێكخراوەیی لە كارگێری مەڵبەند و هاوتاكانی كەمتر نەبێت. پێنجەم: لانیكەم دەرچوی ئامادەیی بێت، جگە لە پێشمەرگە دانەبڕاوەكان، كەم ئەندامانی سەنگەر، رێكخستنە دێرینەكان و زیندانیانی سیاسی. شەشەم: نابێت پەرلەمانتار یان وەزیر یان بریكاری وەزیر بێت، جگە لە پۆستە سیادییەكان یەكەمەكانی یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمانی عێراق و هەرێم. حەوتەم: مەرجەكانی تری ئەندامێتی تێدابێت، كە لە ماددەی (8) ی ئەم پەیڕەوەدا هاتوون ئەوانەی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتین و پۆستی وەزیر و پەرلەمانتار و بریكاری وەزیریان هەیەو مافی خۆ كاندیدكردنیان نیە بریتین لە: • خالید شوانی وەزیری دادی عێراق • بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ • د. دارا رەشید وەزیری پلاندانان • حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری • فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانیەكان • عزەت سابیر بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق • دابان شەدەڵە جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی درەوە • هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی • مەلا كەریم شكور پەرلەمانتاری یەكێتی لە بەغداد • ئیمان پەرلەمانتاری یەكێتی لە عێراق بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی دەیەوێت سود لە مادەی (21) ی پەیڕەوی ناوخۆ وەربگرێت كە (دەستی واڵاكراوە بۆ زیادكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی)، بەشێك لە وەزیر و پەرلەمانتاران بباتە ئەنجومەنی سەركردایەتی بەتایبەتیش: • خالید شوانی • د. دارا رەشید • هەرێم كەمال ئاغا بەڵام بەشێك لەوانەی لە پۆستی حكومەتدان دەتوانن خۆیان كاندید بكەن كە ئەو پۆستانەیان نیە كە لە ماندەی (22)دا هاتووە لە پۆستی حكومیدان، بە پێی زانیارییەكان ناویان لە لیستی ئەنجومەنی سەركردایەتیدایە لەوانە: • هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم • وەهاب هەڵەبجەیی فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتی
ئامادەكردنی: سلێمان مستەفا حەسەن شاراوە نییە قەوارەی هەرێمی کوردستان زادەی خەباتی سەدان ساڵەی گەلی کوردستانە ،و رەوایەتی لە شۆرش و خەبات و ڕاپەرینی گەلی کوردستان وەرگرتوە و بەری کوردستانیش لە دەست پێشخەرێکی بێ وێنەدا لەرێگای هەڵبژاردنەوە رەوایەتی یاسایی پێدا لە رێگەی هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٩ / ٥/ ١٩٩٢ ، کە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ بە ریفراندۆمی نەتەوەی ناوزەد دەکرێت لەبەرامبەر ئەو پێشوازیە گەرمەی لێکرا ، لێرەدا کاتی ئەوە نییە هەڵسەنگاندن وشرۆڤەی بۆ بکەین ، یان زامەکان بکولێنینەوە ، ئەوەی بەلامەوە گرنگە ئاماژە دانە بە پێگەی یاسایی و دەستووری قەوارەی هەرێمی کوردستانە ، دوای پەسەند کردنی دەستوری هەمیشەیی کۆماری عێراقی فیدراڵ پێگەی هەرێمی کوردستان لە هەرێمێکی دیفاکتۆوە بوو بە هەرێمێکی دانپێنراوی دەستووری کە پێگەیەکی بەرزو نکۆڵی لێنەکراوەو ، وە تا ئەم دەستورە بەرکاربێت هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی شەرعی و دەستورییە ، وە لە بەرامبەریشدا دەبێت پابەندی دەستووری ئیتتحادی بین وەک لە دەقی ماددەی (١٣)ی دەستووردا هەتوە ( یەكەم: ئەم دەستورە بە یاسای باڵاو هەرە بەرز دادەنرێت لە عێراقداو، پێویستە لە هەموو شوێنێكی عێراقدا پابەندبن پێوەی بە بێ جیاوازی. دووەم: نابێت یاسایەك دابنرێت پێچەوانەی ئەم دەستورە بێت ، کاتی ئەوە هاتووە کە سەرکردایەتی کورد بە هەموو هێزەکانیەوە لاپەرەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە بە ئەرکی ئەم قۆناغە هەڵسن لەوانە : لەسەر ئاستی عێراق : پێویستە لە بەغدا بەفەرمی لیستی کوردستانی رابگێنن و دەست بە ئەرکە هەنووکیەکانیان بکەن ، چونکە لەدەستوردا چەندین ماف و دڵنیایی هەیە کە پێگەی دەولەتی فیدراڵی بەهێز دەکەن و لە قازانجی هەرێمەکاندان ، لە عێراقی فیدرالیشدا تەنها هەرێمی کوردستان هەیە وەک هەرێمی فیدراڵ بۆیە پێویستە ناکۆکیە لۆکالیەکان و کەسیەکان وەلابنرێن پەلەبکەن لە ئامادەکردنی چەند پرۆژە یاسایەکی گرنگ کە لە دەستووری بەدەق هاتوون ، لەگەڵ ئامادەکردنی پرۆژەکان زەمینەسازی و کۆدەنگێش دەوێت لەگەڵ حزب و لایەنەکانی تر . یەکەم : پرۆژە یاسای (ئەنجومەنی فیدراڵی) کە هاوبەشی دەسەڵاتی یاسادانانە وەک لە ماددەی (٤٨) و(٦٥) دەستوردا هاتوە ، دەسەڵاتی یاسادانان لە کۆماری عێراقی فیدراڵ لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدراڵی پێكدێت. ئەمەش خاڵێکی ئەرێنی و بەهێزی دەوڵەتی فیدرالیە کە دەسەڵاتی یاسادانان دوانەیی بێت و دان بە هەبوونی دەستووری هەرێمەکاندا بنێت واتە دەستوریش دوانەیی بێت ، بێ گومان ئەمانە لە دەستوری پەسەندکراودا هاتوون ، هەروەها لە ماددەی (٦٥) دەستووردا هاتوە : ئەنجومەنێكی یاسادانان پێكدەهێنرێت كە بە (ئەنجومەنی فیدرالی) ناودەبرێت، نوێنەرانی هەرێم و ئەو پارێزگایانە لە خۆدەگرێت كە ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە ، پێكهاتەو مەرجەكانی ئەندامێتی و بواری تایبەتمەندێتی ئەم ئەنجومەنەو هەرچی پەیوەندیدارە بەم بوارەوە بە یاسا ڕێكدەخرێت بە زۆرینەی دوو لە سێی 3/2 دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران. دووەم :پرۆژە یاسای نەوت و گاز پرۆژەیەکی ژیارییە بۆ هەرێمی کوردستان بۆیە پێویستە هەموو تواناکانی کورد و دۆستانی یەکبخرێن بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کە مافی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەم هێنەکان دەستەبەربکات بۆ ئەمەش دەقی هەردوو ماددەی (١١١) و(١١٢ ) بکرێنە پێوەر، لە ماددەی (١١١) ی دەستوردا هاتوە : نەوت و غازی موڵكی سەرجەم خەڵكی عێراقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاكاندا. هەروەها لە ماددەی (١١٢) دا هاتوە : یەكەم: حكومەتی فیدرالی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان نەوت و غازی بەرهەمهێنراوی كێڵگەكانی ئێستا بەڕێوەدەبات بەمەرجێك داهاتەكانیان بەشێوەیەكی دادپەروەری و بەگوێرەی دابەشبوونی دانیشتوان لەسەرجەم پارچەكانی وڵاتدا دابەش بكرێت لەگەڵ دیاریكردنی پشك بۆ ماوەیەك بۆ ئەو هەرێمە زیانلێكەوتوانەی ڕژێمی پێشوو بێبەشی كردبوون و ئەوانەش كەپاشتر زیانیان لێكەوت بەجۆرێك گەشەسەندنێكی هاوتەریب بۆ ناوچە جیاوازەكانی وڵات مسۆگەر بكات و ئەمەش بە یاسا ڕێكدەخرێت. سێیەم :( پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ) ئاماددەکردنی پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی گرنگی تایبەتی خۆی هەیە ، ئەزموونی ئەو چەند ساڵە ئەو گرنگیە بۆ هەموو لایەک دووپات کردەوە بە تایبەتی کە دەستوور قسەی کۆتایی داوە بە دادگای باڵای فیدراڵی وەک لەدەقی ماددەی (٩٤) داهاتوە (بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی یەكلاكەرەوەیەو دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەكان پێوەی پابەندبن) بۆیە گرنگە بە پیێ ئەم دەقە دەستوریانە مامەلە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەین وەک لە ماددەی ( ٩٢ ) (٩٣) دا هاتەوە :ماددەی (٩٢ ) یەكەم: دادگای فیدرالیی باڵا دەستەیەكی دادوەری سەربەخۆیە لەڕووی دارایی و بەڕێوەبردنەوە. دووەم: دادگای فیدرالیی باڵا لە ژمارەیەك داوەرو پسپۆڕی بواری فیقهی ئیسلامی و یاساناس پێكدێت. دیاریكردنی ژمارەو شێوازی هەڵبژاردن وكاری داگاكە بە یاسا ڕێكدەخرێت بەزۆرینەی دوولە سێی 3/2 ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران. هەروەها لە ماددەی (٩٣ ) دا هاتوە : دادگای فیدرالیی باڵا تایبەتە بەم بوارانەوە: یەكەم: چاودێریكردنی ڕادەی دەستووری بوونی یاساو پێڕەوە كارپێكراوەكان. دووەم: لێكدانەوەی دەقەكانی دەستوور. سێیەم: یەكلاییكردنەوەی ئەو كێشانەی لە ئەنجامی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكومەتی فیدرالیەوە دروست دەبن و ئەو بڕیارو پێڕەوو ڕێنمایی و ڕێوشوێنانەی لە دەسەڵاتی فیدڕاڵیەوە دەردەچن، یاساش ماف دەدات بە هەریەك لە ئەنجومەنی وەزیران و كەسانی خاوەن پلەو ئەوانی دی كە ڕاستەوخۆ لە دادگا ڕەخنە لەو بڕیارانە بگرن. چوارەم: یەكلاكردنەوەی ئەو دووبەرەكیانەی لەنێوان حكومەتی فیدرالی و حكومەتی هەرێمەكان و پارێزگاو شارەوانی و ئیدارە ناوخۆییەكان ڕوودەدات پێنجەم: یەكلاكردنەوەی ئەو دووبەرەكیانەی لەنێوان حكومەتی هەرێمەكان یان پارێزگاكان ڕوودەدات. شەشەم: یەكلاكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ سەرۆك كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەكان، ئەمەش بە یاسا ڕێكدەخرێت. حەوتەم:.پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنە گشتیەكان بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران هەشتەم: أ- یەكلاییكردنەوەی ناكۆكی لە نێوان بواری كاری دادگای فیدرالی و دەستەی دادوەری هەرێم و پارێزگاكان كە ناكەونە سنوری پارێزگاكان. ب- یەكلاییكردنەوەی ناكۆكی لە بواری كاری دەستەی دادوەری هەرێمەكان و پارێزگاكان كە ناكەونە سنوری هەرێمەكانەوە. لەماددەی (٩٤) دەستوردا چوارەم : پرۆژە یاسای دەستەی پاراستنی مافی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی لەناو هەرێمەکاند رێکنەخراون : لەماددەی (١٠٥ ) و ماددەی (١٠٦)ی دەستوردا پرسی دەستەی مافی پارستنی هەرێمەکان و پارێزگاکان دووپاتدەکاتەوە ، کە وایە لەبەر چی کورد دوورو نزیک باس لە گرنگی و ئامادەکاری ناکات بۆ تێپەرەندی ئەم یاسایە گەر سەرنج بدەین لە ماددەی (١٠٥) ی دەستوردا هاتوە : دەستەیەكی گشتی پێكدەهێنرێت بەمەبەستی پاراستنی مافی هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە بۆ بەشداریكردنیان بە شێوەیەكی داپەروەرانە لە بەڕێوەبردنی دامودەزگا جۆراوجۆرەكانی حكومەتی فیدرالی و نێردەكان و زەمالەكانی خوێندن و شاندەكان و كۆنگرە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان. ئەم دەستەیەش پێكدێت لە نوێنەرانی حكومەتی فیدرالی و هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی سەر بەهیچ هەرێمێك نین و ئەوەش بەیاسا ڕێكدەخرێت. هەروەها لە ماددەی (١٠٦) دەستوور باس لە دەستەی گشتی چاودێریکردن و تەرخانکردنی وداهاتی فیدراڵ دەکات گەر سەرنجی دەقی ماددەکەبدەین : ماددەی (١٠٦ ) : بەیاسا دەستەیەكی گشتی بۆ چاودێریكردن و تەرخانكردنی داهاتی فیدرالی دادەمەزرێنرێت. دەستەكە لە پسپۆڕانی حكومەتی فیدرالی و هەرێمەكان و نوێنەرانیان پێكدێت و ئەم لێپرسراویتیانەی هەیە: یەكەم: دڵیابوون لە دابەشكردنی دادگەرانەی باربوو و یارمەتی و قەرزە نێودەوڵەتیەكان بەگوێرەی پشكی هەریەكە لە هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنووری هیچ هەرێمێكەوە. دووەم: دڵیابوون لە بەكاربردن و دابەشكردنی داهاتی دارایی فیدرالی بەباشترین شێوە. سێیەم: دڵنیابوون لە هەبوونی شەفافیەت و دادپەروەری لەتەرخانكردنی پارەوپول بۆ حكومەتە هەرێمیەكان و ئەو پارێزگایانەی كە ناكەونە سنوری هەرێمەكانەوە بەپێی ئەو ڕێژانەی بڕیاری لەسەر دراوە. لە دروشم و قسەوە بۆ کردار پێنجەم :جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور بکرێتە ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقی حزبەکان ، ململانی ناوخۆیی و دووبەرەکی و فرە گوتاری دادی ناوچەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان نادەن ، بۆیە ئیتر کاتی ئەوەهاتوە کورد بەرنامە و داخوازیەکان بکاتە بنەمای گفتوگۆ واز لە پۆست و پشکپشکێنەی حزبی بێنێت ئەرکە هەنوکیەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دڵنیام هاوڕان لەگەڵما کە پێویستە حیکمەتەکی ئەحمەدی خانی بیر خۆمان بێنینەوە کە لانی کەمی ٣٠٠ ساڵ بەر ئێستا فەرمویەتی ( گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەک ، ڤێکرا بکرا مە ئینقیادەک ، رۆم و عەرب وعەجەم تەمامی هەمیا ژمە را دکر غوڵامی ، تەکمیل دەکر مەدین ودەوڵەت ، تەحسیل دکر مە عیلم و حیکمەت ) بۆیەپیویست بە هیچ بەهانەو پاساوێک ناکات دەردی ئێمە خۆ خۆری بووە ، دەرمانی دەردی ئێمەش تەنها و تەنها یەکگرتنە بۆیە پێوستە بەرنامەو پلانی ئایندەمان چربکەینەوە لە : یەکەم : ئاشتبونەوەی گشتی لە نێوان حزبەکان خۆیان و ئاشتکردنەوەی جەماوەر ، هەروەها هەماهەنگی و بەخۆدا چونەوە لەگەڵ برایانمان لە پارچەکانی تری کوردستان لەبەر رۆشنایی سەردەمی درۆن و دەست کردی زیرەک و تەکنۆلۆجیاو بەجیهانبوون ، ئەمەش دەخوازێت راستگۆیانە و دوور لە خۆکردن بە پاڵەوان و خۆکردن بە خاونی تاپۆی رەشی کوردایەتی لەبەر رۆشنایی سێ کوچکەی ( سۆزو هاو خوێن و هاو نەتەوە ، و یاسا و بارودۆخی دیفاکتۆو ، و هێزمان ) پێداچونەوە بە پەیوەندیەکنماند ا بکەینەوە و لە دروشمی نەزۆک و پۆپۆلیستی دوربکەوینەوە و سوود لە هەڵەکانی رابردومان وەربگرین . دووەم : پێویستە کاری جدی بکرێت بۆ کۆدەنگی و سازان لەسەر ئامادەکردن و تێپەراندنی پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان ، چونکە دوانەیی دەستوور لە دەوڵەتی فیدراڵدا لە سیما هەرە سەرەکیەکانی دەوڵەتی فیدراڵن ، هەر ئێمەی کوردین بە گرنگیەوە باس لە فیدراڵی دەکەین بۆیە باجی نەبوونی دەستورمان داوە پێویستە چیتر فێڵ لە خۆمان نەکەین هەنگاوی بە پەلەو جدی بگرینە بەر بۆ ئەم پرسە . سێیەم : گەرانەوە بۆ میللەت ، و وەرگرتنەوەی رەوایەتی دەسەڵات لە گەڵەوە یەکێکە لە کۆڵەکە هەرە گرنگەکانی سیستەمی حوکمڕانی کە ئەمرۆ بەپێی دەستوری عێراق سیستەمی حوکم رانی پەرلەمانییە و گەڵ سەرچاوەی دەسەڵاتە ، بۆیە تەنها دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن کۆتایی پرسەکە نییە بەڵکو زەمینە سازی گرنگە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بۆ پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئاشتبونەنەوە لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ میللەت و خۆ ئامادەکردن بۆ گەڕی بەردەوامیدان بە دان و ستاندن لە حکومەتی ئتتحادی و چەسپاندنی مافەکانمان بە پێی دەستوور ، ئەزمونێش سەلماندی تەنها یەکبوون و یەکگوتاری هێزی کوردە گەرنا بە زمانی ژمارەکان کورد دۆراوی یەکەمە ، بیریشمان نەچێت ماددەی (٥ ،٦ )ی دەستوور جەخت لەسەر هەڵبژاردن و رەوایەتی دەسەڵات لە رێگای دەنگدانی نهێنی وهەڵبژاردن دەکاتەوە ، ناکرێت بنەماکانی دەستورو رێکەتننامە نێودەوڵەتیەکان وەلا بنرێن . چوارەم : دەستەبەرکردنی ئازادی و ئازادی رادەربرین و ئازادی رۆژنامەگەری لەبەر رۆشنایی یاسایەکی پێشکەوتوودا ، گەر سەرنجی ماددەی ( ٣٧ ، ٣٨ ، ٣٩، ٤٠ ، ٤١ ) پێداگری لەسەر ماف و ئازادیەکان دەکاتەوە ، ناکرێت هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنی زیندانی رۆژنامەنوسان ورێز لە ئازادی رادەربرین نەگیرێت. پێنجەم : گەراندنەوەی شکۆو هێز بۆ دامەزراوەکانی حکومەت بە هەرسێ دەسەڵاتەکیەوە ، ئەزموونی رابردوو سەلماندی دەسەلاتی بێ هێز و بێ شکۆ ، حزبەکان و میللەت و هەرێم بێ هێز وبێ شکۆ دەکات ، نابێ ئەوەشمان لە یاد بچێت پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان رۆحی دیموکراسی و سەروەری یاسا و عەدالەتە ، چونکە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بەرهەمی تاقیکردنەوەی فەرمانڕەوایی ستەمکاریە ، مێژووش پێمان دەڵێت کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکان و یاری پێ کردنیان مایەیی هێنانەکایەیی ستەمکاریە . شەشەم : سەروەر بوونی یاسا و بێ لایەنی دەسەڵاتی دادوەری لەهەرێم ئەرکێکی لە پێشینەیە بۆیە پێویستە هەموو لەمپەرکان وەلابنرێن بۆ ئەوەی ئەم دەسەلاتە بە وەزیفە و دەسەلاتی خۆی پیادە بکات و کەموو کوریەکان پر بکرێنەوە و نەبن بە ئامراز بەدەست لایەنە سیاسەکان و دەسەلاتەکانی تر . حەوتەم : یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و تەواوی هێزە چەکدارەکان بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە، ئەم پرسەش بە دروستکردنی متمانە بەدی دەهێنرێت . هەشتەم : پاراستنی مافی مرۆڤ و پێشەل نەکردنی بنەماو پرنسیپەکانی ، هەروەها پێدانی سەربەخۆیی تەواو بە دەستەی مافی مرۆڤ و دەستە بەرکردنی مافی وەک یەکی بۆ تەواوی پێکهاتەکانی کوردستان . نۆیەم : پێداچونەوە بە سیستەمی دارایی و بانکی و رێکخستنەوەی یاساکان و بنبڕکردنی قۆرغکاری و دۆزینەوەی هەڵی کارو دەستەبەرکردنی مافی بیمەی کۆمەڵایەتی و ڕەچاوکردنی بنەما یاسایی ودەستوریەکان وەک لە دەقی ماددەی (٢٨ ) دەستوردا هاتوە : یەكەم: باج ناسەپێنرێت و هەموار ناكرێت و وەرناگیرێت و لێبوردن نایگرێتەوە تەنها بە یاسا نەبێت. دووەم: خاوەن داهاتی كەم لە باج دەبەخشرێت بۆ ئەوەی ڕیگەنەدرێت دەستدرێژی بكرێتە سەر لانی كەمی ئاستی بژێوی، ئەمەش بە یاسا ڕێكدەخرێت. دەیەم : پێداچونەوە بە یاساکانی هەرێمی کوردستان لەبەر رۆشنایی دەستور، بەڕەچاوکردنی تایبەتمەندی هەرچوار دەسەڵاتەکە (دەسەڵاتی ئیتتحادی ، دەسەڵاتە هاوبەشەکان ، دەسەلاتی هەرێمەکان ، دەسەڵاتە باس نەکراوەکان، لە کۆتایی دا دەمەوێت بڵێم ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقیە کە زەمینە ساز بکرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەجندایە کە دەبێتە وەلام دەرەوەش بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە لە حوکمڕانی کورد بێ ئومێد نەبن ، چونکە ئەرکە هەنوکیەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆ داواکاری کۆمڵگای نێو دەوڵەتیشە لە حزبە دەسەڵاتدارەکان ، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان کە لە بەدەست هێنانی مافە دەستوریەکانیدا ، هەروەها کۆتایی بەو نائومێدیە دێنێت کە ئێستا لە ئارادایە ، لەو بارودۆخەی دەگوزرێت و بارو دۆخێکی نا ئاساییە، ئێمەش خۆزگە بە غاندیەک بە ماندێلایەک دەخوازین کە بتوانێت ئەو خۆخۆری و رق و کینەو دووبەرەکی و دەمارگیری وخۆخواردنەوە و خۆ بەکەم زانینە بکاتە چەکی ئاشتی و لێبوردەیی و خاڵی ئاشتبونەوەو هەستانەوەو هێز ، بۆیە کاتی ئەوەیە ئۆپۆزسیۆنێش زمانی خۆی بگۆرێت و نوسەران و رۆشنبیرانیش بێنەوە مەیدان ، زمانی رەخنەی بنیاتنەرانە بکرێتە بنەمای بەرنامەی کار .