Draw Media

دیوانی پەرلەمان: هۆڵی پەرلەمان ئامادەیە بۆ دانیشتنی چوارشەممە

دیوانی پەرلەمان: هۆڵی پەرلەمان ئامادەیە بۆ دانیشتنی چوارشەممە

2025-01-20 15:29:44


درەو:
  كەمتر لە 48 كاتژمێر ماوە بۆ كۆبوونەوەكەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی كوردستان،هەندێك پێیان وایە  نوسراوەكەی سەرۆكی تەمەنی پەرلەمان بۆ سەرۆكی دیوانە، نەك بانگهێشتی فەرمی پەرلەمانتاران
هەندێكی تر دەڵێن: دەسەڵاتی دیوانی پەرلەمان نیە بانگهێشتی پەرلەمانتاران بكات، نوسراوەكەی سەرۆكی تەمەن بانگهێشتە.
هیوا نەسرەدین جێگری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: هۆڵی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان ئامادەیە بۆ دانیشتن و ئەوەی كۆبوونەوە پێكدەهێنێت ئامادەبوونی پەرلەمانتاران و تەواوبوونی نیسابی دانیشتنەكەیە، ئێمە رێگر نین و رێگریشمان نەكردووەو ئامادەكاریمان كردووەو هۆڵەكە كراوەو ئامادەیە.
جێگری سەرۆكی دیوانی پەرلەمان دەڵێت: بۆ كۆبوونەوەكەی رۆژی چوارشەممە هۆڵی دانیشتنكراوەیە.
 دوێنێ محەمەد سلێمان سەرۆكی تەمەنی پەرلەمان نوسراوێكی ئاراستەی دیوانی پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی بانگهێشتی پەرلەمانتاران بكرێت بۆ كۆبوونەوەیەك كە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەڵام ماوەی كەمتر لە 48 سەعاتی ماوە بۆ كاتی دانیشتنەكە، تا ئێستا بانگهێشتی دانیشتنی پەرلەمان نەكراوە، كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت 48 كاتژمێر بەر لە دانیشتن، بە فەرمی ئەندامانی پەرلەمان ئاگاداربكرێنەوە لە دانیشتنی پەرلەمان و بانگهێشتەكە بڵاوكریتەوەو لە سایتی فەرمی پەرلەمان دابنرێت، بەڵام تا ئێستا نوسراوی فەرمی لەلایەن سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمانەوە دانیشتنەكە نەكراوەو لە سایتی فەرمی دانەنراوەو بانگهێشتی فەرمی ئەندامان نەكراوە، پەرلەمانتاران دەڵێن نوسراوەكەی سەرۆكی تەمەنی پەرلەمان بۆ سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمانەو بەفەرمی بانگهێشتی پەرلەمانتاران نەكراوە.
-    هەندێك دەڵێن ئەم نوسراوە بانگهێشتنامەی فەرمی نیەو بانگهێشتی فەرمی نیەو وادەش بەسەر چووە چونكە كەمتر لە 48 كاتژمێر ماوە بۆ وادەی دانیشتنەكەی چوارشەممەو بەفەرمی بانگهێشتنامە لە سایتی فەرمی پەرلەمان بڵاونەكراوەتەوە، بەپێی ئەم بۆچوونەش بێت دانیشتنی رۆژی چوارشەممە لەرووی یاساییەوە بەدی نایات.
-    لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر پێی وایە نوسراوەكەی سەرۆكی تەمەنی پەرلەمان بە بانگهێشت ئەژمار دەكرێت و پێویستی بەوە نیە سەرۆكی دیوان بانگهێشت نامە ئاراستەی پەرلەمانتاران بكاتەوە بەو پێییەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بە كراوەی ماوەتەوەو ئەمە درێژكراوەی دانشتنی رۆژی 2ی كانوونی یەكەمی 2024 ەو لە دەسەڵاتی سەرۆكی دیوان نیە بانگهێشتی پەرلەمانتاران بكات، نوسراوەكەی سەرۆكی تەمەن بانگهێشتە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand