سەرسەنگ.. چیرۆكی غازێكی بەفیڕۆچوو
2025-01-19 18:33:05
راپۆرت: درەو
کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ دەکەوێتە سنوری (پارێزگای دهۆک)، رووبەری کێڵگەکە (420) کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، دابەشبووە بەسەر دوو ناوچەی نەوتی جیاوازدا کە بریتین لە ناوچەی (سوارە توکەو رۆژهەڵاتی سوارە توکە)، هەر یەکێک لەو دوو ناوچەیە (3) کۆگای نەوتی سەربەخۆی تێدایە؛ پێشبینی دەكرێت بڕی (2) ملیار بەرمیل یهدهگی نهوت هەبێت.
نەوتی ئەم كێڵگەیە نەوتێكی سوكو كوالیتی (API)كەی بەرزەو رێژەی گۆكردی (Sulphur)ی كەمە، بۆیە داشكاندنی كەمی بۆ دەكرێت لەگەڵ نەوتی برێنت دا.
تێچووی وەگەڕخستن Opex لەم كێڵگەیە كەمەو نزیكە لە 5،6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.
لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2007ەوە گرێبەستی ئەم كێڵگەیە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە درا بە كۆمپانیای (HKN)ی ئەمریکی، گرێبەستەكە لە جۆری (بەرهەمهێنانی هاوبەش)ە، لە دوای ساڵی 2008ەوە پرۆسەی پشکنین و گەڕان تێدا دەستیپێكردووە، بەڵام لە ساڵی 2011دا نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی مانگی كانونی دووەمی 2014ی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەوكات لە كۆی (213) كارمەند كە لە كێڵگەكەو لەگەڵ كۆمپانیای (HKN)ی ئەمریكی دامەزرێندراون، (173) كەسیان كارمەندی ناوخۆیی بوون، واتا بە تێكڕا دەستی خۆماڵی رێژەی 81%ی تێكڕای دەستی كاركەری ئەوكاتەی لە كێڵگەكەدا پێكهێناوە.
كێڵگەكە تەنیا نەوتی تێدا نییە، غازیشی تێدایە كە بە فیڕۆدەچێت، سەرەتاكانی ئازاری 2022 كەمال محەمەد وەزیری كارەبا كە هاوكات بە وەكالەت وەزیری سامانە سروشتییەكانیشە لەگەڵ لەگەڵ نوێنەری دوو كۆمپانیای بیانی كۆبووەوە، داوای لە كۆمپانیاكان كرد لێکۆڵینەوە بكەن لەسەر چۆنییەتی سودوەرگرتن لە گازی بە فیڕۆچووی کێڵگەی نەوتی سەرسنگ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەوپێیەی پرۆژەیەكی لەمشێوەیە لە ناوچەكە هەم كێشەی سوتەمەنی تایبەت بە بەرهەمهێنانی كارەبا چارەسەر دەكات هەم ژینگەپارێزیشە.
رێژەی (62%)ی پشكی کێڵگە نەوتییەکە لای كۆمپانیای (HKN)ی ئەمریکییە، رێژەی (18%)ی پشكەكانیش كە درابوو بە لقێکی کۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەرەنسی، دواترو لە 15ی ئەیلولی 2022دا کۆمپانیای (شاماران پترۆلیۆم)ی کەنەدی بەبڕی (155 ملیۆن) دۆلار كڕییەوە، پشكی كۆمپانیا فەڕەنسییەكە لە نەوتی ئەم كێلگەیە لە ساڵی 2021دا بریتی بوو لە (3500) بەرمیلی رۆژانە، ئیتر لەوكاتەوە تائێستا پشكەكانی كێڵگەكە بەمشێوەیە دابەشبوون:
• 62% پشكی كۆمپانیای (HKN)ی ئەمریکی
• 18% شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی
• 20% پشكی حکومەتی هەرێم کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای (HKN)ی ئەمریکی، توانای هەردوو ناوچەکەی کێڵگەکە بەم جۆرەیە؛
• یەکەم؛ سوارە توکە؛
بەشی گرنگ و سەرەکی کێڵگە نەوتییەکەیە، (6) بیری نەوتی تێدایەو، توانای بەرهەمهێنانی (29 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە، بە کولێتییەکی بەرزی (API: 36-39).
• دووەم؛ رۆژهەڵاتی سوارە توکە؛
ناوچەیەکی دیکەی نەوتییە لە چوارچێوەی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، (1) بیری نەوتی تێدایەو، توانای بەرهەمهێنانی (2 هەزارو 500) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە، بە کولێتییەکی بەرزی (API36-39).
حوزەیرانی 2022 كاتێك وەزارەتی نەوتی عێراق، لەبەر رۆشنایی بڕیاری ناوەڕاستی شوباتی 2022ی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان، فشارەكانی خۆی لەسەر كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم توندكردبووەوە، کۆمپانیای (شلومبەرگەر)ی ئەمریکی پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەكانی حكومەتی فیدراڵی دژ بە هەرێم راگەیاندو كۆتایی بە كاركردنی خۆی هێناو لە كوردستان كشایەوە، ئەم كۆمپانیایە لە ساڵی 2012وە كاری بۆ كۆمپانیای (HKN)ی ئەمریكی دەكرد لە كێڵگەی (سەرسەنگ)و 7 بیری لەم كێڵگەیەدا لێدابوو، ئەوكات وەكو باسدەكرا كۆمپانیای (شلومبەرگر) دوو گرێبەستی لێدانی بیری لە باشوری عێراق پێدرابوو، بۆیە پشتی لە هەرێمی كوردستان كرد.
كشانەوەی (شلومبەرگەر) كێشەی بۆ پلانی فراوانكردنی كێڵگەی سەرسەنگ لەلایەن كۆمپانیای (HKN)ی ئەمریكییەوە دروستكرد، چونكە ئەو كۆمپانیایە گرێبەستی هەبوو (5) بیری تر لێبدات و بەرهەمی كێلگەكە لە ساڵی 2023دا بۆ (50 هەزار) بەرمیلی رۆژانە بەرزبكاتەوە.
بۆ مێژوو، هەر لەو سەردەمەدا كە وەزارەتی نەوتی عێراق فشارەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان توندكردبووەوە، كۆمپانیایەكی تری ئەمریكی كە لە بواری خزمەتگوزاری كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمدا كاری دەكرد بەناوی (بیكەر هیوز) كشانەوەی خۆی لە كوردستان راگەیاند.
مانگی ئازاری 2023 بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆریی بۆ توركیا (هەناردەی لە 25ی ئازاری 2023دا راوەستا) بەرهەمی كێڵگەی سەرسەنگ رۆژانە (43 هەزار) بەرمیل بوو، لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتەوە بۆ (33 هەزارو 600) بەرمیلی رۆژانە دابەزی.
کۆمپانیای (شاماران پترۆلیۆم) لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا رایگەیاند؛ داهاتی گشتی کۆمپانیاکە (22 ملیۆن و 588 هەزار) دۆلار بووە، لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، بە تێکڕای کاری رۆژانە (37 هەزارو 200) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لە ماوەی ناوبراودا (3 ملیۆن و 345 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی کێڵگەکەی فرۆشتووە. ئەو بڕەش زۆرترە لەو بەرهەمەی لە پێش راگرتنی هەناردەی نەوت هەبوو.
بەرهەمی كێڵگەی سەرسەنگ لە 2016 بۆ 2024:
• 2016: 5 هەزار بەرمیلی رۆژانە
• 2017: 10 هەزار بەرمیل
• 2018: 17 هەزار بەرمیل
• 2019: 23 هەزار بەرمیل
• 2020: 24 هەزار بەرمیل
• 2021: 31 هەزار بەرمیل
• 2022: 33 هەزار بەرمیل
• 2023: 43 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوو، لە مانگی ئازاری ئەم ساڵەدا هەناردەی نەوت بە بۆری راوەستا، بەهۆیەوە ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 33 هەزارو 600 بەرمیل دابەزی
• 2024: 37 هەزار بەرمیل
سەرچاوەكان:
• سایتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
https://archive.gov.krd/mnr/mnr.krg.org/index.php/en.html
• سایتی كۆمپانیای شامارانی كەنەدی
https://shamaranpetroleum.com/
• سایتی كۆمپانیای (HKN)ی ئەمریکی
https://www.hknenergy.com/
• كۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی پشكەكانی فرۆشت و كوردستانی جێهێشت، هەواڵ لە سایتی (درەو)
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11071
• سایتی (https://www.iraq-businessnews.com/)
https://www.iraq-businessnews.com/2022/06/29/schlumberger-withdraws-from-iraqi-kurdistan/
• شلمبرجیه تعلن الانسحاب من مشروعات النفط فی كردستان العراق، موقع الطاقة
https://attaqa.net/2022/06/27/%d8%b4%d9%84%d9%85%d8%a8%d8%b1%d8%ac%d9%8a%d9%87-%d8%aa%d8%b9%d9%84%d9%86-%d8%a7%d9%84%d8%a7%d9%86%d8%b3%d8%ad%d8%a7%d8%a8-%d9%85%d9%86-%d9%85%d8%b4%d8%b1%d9%88%d8%b9%d8%a7%d8%aa-%d8%a7%d9%84%d9%86/