Draw Media

شەڕی خۆکوژی غەزە ، ئامارەکانی جەنگێک لە غیابی عەقڵدا

شەڕی خۆکوژی غەزە ، ئامارەکانی جەنگێک لە غیابی عەقڵدا

2025-01-19 18:04:32


درەو:

ئامادەكردنی: بڵند دلێر شاوەیس


لە کاتژمێر (٦٫٢٩) بەیانی ڕۆژی (٧/ ئۆکتۆبەر/٢٠٢٣) چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس هێرشێکی زەمینی و ئاسمانی و دەریایی کتوپڕیان کردە سەر چەندین خاڵی سەربازی و ناوچەی نیشەجێبونی ئسرائیل لە ژێر ناوی ئۆپراسیۆنی "طوفان الاقصی" و زیانی گیانی و مادی گەورەیان بە ئسرائیل گەیاند، لە هەمووی گرنگتر تێکشکانی ئەو ناوبانگە گەورەیەی سوپا و دامەزراوە هەواڵگریەکانی ئسرائیل بوو.
لە وەڵامدا ئسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر کەرتی غەزە لە ژێر ناوی ئۆپراسیۆنی شمشێرە ئاسنینەکان "السيوف الحديدية"، هەروەها سەرجەم لایەنە هاوپەیمانەکانی بزوتنەوەی حەماسی لە وڵاتانی (لبنان، سوریا، یمن) بە ئامانج گرت.

لە پاش نزیکەی پانزە مانگ لە جەنگ دواجار ئاگربەست ڕاگەیەنرا و لە بەرەبەیانی ٢٠٢٥/١/١٩ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەوەی شایەنی باسکردنە ئسرائیل لەم جەنگەدا گورزێکی کاریگەری وەشاند لە بزوتنەوەی حەماس و هاوپەیمانەکانی، کە بە گوێرەی زانیاری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕاپۆرتی دامەزراوە مرۆیی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان زیانەکانی هەردوو لایەنی جەنگەکە بریتییە لە:

یەکەم/ زیانەکانی ئسرائیل :

١- کوژرانی زیاتر لە (٨٤٠) سەرباز ، هەرچەندە بە پێی ئەو ئامارانەی پێگەی هەواڵی (إرم نیوز) "Erem News" بڵاوی کردۆتەوە باس لە نزیکەی (١٢٠٠) کوژراو لە خەڵکی سڤیل و (٦١٨) سەربازی ئسرائیلی دەکات.

٢- زیاتر لە (٥٦٠٠) بریندار، بە پێی ئەو زانیاریانەی پێگەی هەواڵی (إرم نیوز) "Erem News" بڵاوی کردۆتەوە تەنها لە هێرشی ڕۆژی ٧/ ئۆکتۆبەر/٢٠٢٣ ئامارەکان باس لە برینداربوونی (١٩٤١) هاوڵاتی سڤیلی ئسرائیلی دەکەن.

۳- بە گوێرەی ئامارەکانی ئسرائیل بزوتنەوەی حەماس (٢٥١) کەسی سڤیلی ئسرائیلیان بەدیل گرتووە، لەوانە (١١٦) دیلیان ئازاد کران کە بریتی بوون لە: (٨١) ئافرەت و منداڵی ئسرائیلی، (٢٤) هاوڵاتی بیانی کە لە ناو دیلەکاندابوون، (١١) دیل لەلایەن هێزەکانی ئسرائیل ئازاد کران کە (٢) دیلی ئەمریکی تێدابوو.
هەروەها ئسرائیل تەرمی (٣٠) دیلیان گەڕاندۆتەوە.
لە بەرامبەردا ژمارەیەک ئافرەت و منداڵی فەلەستینی کە زیندان بوون لەلای ئسرائیل ئازاد کران.
بە پێی ڕاگەیاندنەکانی ئسرائیل (١٠٩) دیل لەلای بزوتنەوەی حەماس ماوە.

٤- بڕی(٢٥٠ ملیار شیکل) کە بە زیاتر لە (٦٧٫٥٧ملیار) دۆلار مەزەندە دەکرێت کۆی گشتی زیانەکانی جەنگەکەیە.

٥- بڕی (١٢٥ ملیار شیکل) کە دەکاتە نزیکەی(٣٤ ملیار) دۆلار تێچوی شەڕەکەیە تا کۆتایی ٢٠٢٤.

٦- بڕی کورتهێنان لە میزانیەی گشتی ئسرائیل مەزەندە دەکرێت بە (١٣٦ ملیار شیکل) کە دەکاتە نزیکەی (٣٧ ملیار) دۆلار.

٧- بە پێی ڕۆژنامەی (کالکالیست، כלכליסט)ی ئسرائیل زیانە مادییەکانی باڵەخانە و دامەزراوەکان لە باکوری ئسرائیل بە(١٫٤) یەک ملیار و چوارسەد ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت و نزیکەی (٣٠٠٠) سێ هەزار خانوو و باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە.

٨- بە بڕی (٥٫٢ ملیار) دۆلار زیان بەر کەرتی گەشت و گوزاری ئسرائیل کەوتووە.

٩- ڕێژەی هەژاری بەرز بۆتەوە بۆ (٢٥٪).

١٠- نزیکەی (٦٠٠٠٠٠)شەش سەد هەزار هاوڵاتی ئسرائیلیان جێهێشتووە و کۆچیان کردووە.

دووەم/ زیانەکانی فەلەستین و کەرتی غەزە:

١- بە گوێرەی داتاکانی ( وكالة الانباء والمعلومات الفلسطينية "وفا") ژمارەی کوژراوان لە فەلەستینیەکان نزیكەی (٤٦٠٠٠) چل و شەش هەزار کوژراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا بەرگری شارستانی (غەزە) دەڵێت نزیکەی (١٠٠٠٠)دە هەزار کوژراو لەژێر دار و بەردی خانو و باڵەخانە ڕوخاوەکانن.

٢- بە گوێرەی داتاکانی ( وكالة الانباء والمعلومات الفلسطينية "وفا") ژمارەی بریندارەکان (١٠٩) هەزار برینداری تێپەڕاندووە.

٣- هەروەها دەیان هەزار بزربوو هەیە.

٤- نزیکەی (١٫٧ ملیۆن) هاوڵاتی ئاوارە بوون.

٥- بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (un) و وێنەی مانگە دەستکردەکان زیاتر لە (١٧٠٠٠٠٠) سەد و حەفتا هەزار خانوو و باڵەخانە کە دەکاتە (٧٠٪) لە کۆی خانوو و باڵەخانەکانی (کەرتی غەزە) تەختی زەوی کراون.

٦- زیاتر لە (١٨٠٠٠٠٠٠) هەژدە ملیار دۆلار زیان تەنها بەر ژێرخانی ئابوری (غەزە) کەوتووە.

٧- بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان (un) ئەو وێرانکاریانەی تا مانگی (٢٠٢٤/٥) بەر (غەزە) کەوتووە پێویستی بە (٣٠ ملیار - ٤٠ ملیار) دۆلار هەیە بە مەبەستی دووبارە نۆژەن کردنەوە و بونیادنانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن تا ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەست دوبارە بوونیادنانەوەی (کەرتی غەزە) پێویستی بە (٨٠ ملیار) دۆلار هەیە.

٨- بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان (un) لە ساڵی ڕابردوودا دووبارە بونیادنانەوەی خانووە وێرانکراوەکان ڕەنگە تا ساڵی (٢٠٤٠) درێژە بکێشێت و ئەگەری زیاتریش هەیە.

٩- بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان (un) لە ئۆکتۆبەری ڕابردوو، مەزەندە دەکرێت (٤٢ ملیۆن) چل و دوو ملیۆن تەن پاشماوەی دار و بەرد و وێرانکاری لە (کەرتی غەزە) هەبێت، کە پێویستیان بە (١٤ساڵ) هەیە بۆ فڕێدانی و لە ( یەک ملیار ) دۆلار زیاتری تێدەچێت.

١٠- بە گوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان نزیکەی (دوو ملیۆن) تەن لە پاشماوەی وێرانکاریەکانی (کەرتی غەزە) مادەی قەدەغەکراو و مەترسیدارن کە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە زیاد دەکات.

١١- بە پێی ئاماری نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی (un) زیاتر لە (١٫٨) ملیۆن کەس پێویستیان بە شوێنی داڵدەدانە تا ژیانی تیابکەن دوای ئەوەی شوێنی نیشتەجێبوون و خانوەکانیان وێران بوون.

١٢- لەکۆی (٣٦) نەخۆشخانە (١٩) نەخۆشخانە بە شێوەیەکی تەواو لەکارکەوتون، هەروەها (١٧) نەخۆشخانە بە شێوەیەکی نیوەناچڵ کاریان تێدا دەکرێت.

١٣- بە پێی ئاماری یونسێف (unicef) نزیکەی (٤٠٠) چوارسەد قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە.کە دەکاتە نزیکەی(٧٢٪)ی دامەزراوە پەروەردەییەکانی کەرتی غەزە.

١٤- گەیاندنی ئاو بۆ خوار (١/٤)چارەکی پێش جەنگەکە کەمی کردووە.

١٥- بە پێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی (BIRD) ڕێژەی هەژاری گەیشتۆتە (١٠٠٪).

١٦- نزیکەی نیوەی زەویە کشتوکاڵیەکان لە ناوچوون.

١٧- ئسرائیل توانی سەدان سەرکردەی حەماس لەناو بەرێت گرنگترینیان:

- (اسماعیل هنية) سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، لە شاری (تاران) لە وڵاتی (ئێران).

- (یحیی السنوار) داڕێژەری هێرشەکەی ٧/ئۆکتۆبەر و سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لەدوای(اسماعیل هنية)، لە کەرتی غەزە.

- (محمد الضيف) فەرماندەی کەتیبەکانی قەسام باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس، لە ناوچەی خان یونس لە کەرتی غەزە.

- (مروان عیسی) جێگری فەرماندەی کەتیبەکانی قەسام باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس.

- (صالح العاروري) جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، لە شاری (بیروت) لە وڵاتی (لبنان).

هەموو ئەمانە جگە لەو زیانانەی بەر (لبنان) کەوت و کوشتنی سەدان سەرکردەی (حزب اللە)ی لبنان دیارترینیان:

-(حسن نصر الله) ئەمینداری گشتی (حزب اللە)ی لبنان.

- (هاشم صفي الدين) ئەمینداری گشتی (حزب اللە)ی لبنان دوای (حسن نصر الله).

- (فؤاد شُكر) لە دامەزرێنەرانی (حزب اللە)ی لبنانی و ئەندامی ئەنجومەنی "الشورى المركزية" و ئەندامی "مجلس الجهاد" و  سەرۆکی ژوری ئۆپراسیۆنەکانی (حزب اللە)ی لبنان، گەورە ڕاوێژکاری سەربازی ئەمینداری گشتی (حزب اللە).  

- (علي كركي) سەرکردەی سەربازی و كەسی سێیەمی (حزب اللە)ی لبنان و جێگرەوەی (فؤاد شُكر) بوو، فەرماندەی بەرەی باشوور، ئەندامی "مجلس الجهاد".

- (نبيل قاووق) جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی (حزب اللە)ی لبنان، بەرپرسی یەکەمی ئاسایشی (حزب اللە)، فەرماندەی "وحدة الأمن الوقائي".

- (إبراهيم عقيل)  ئەندامی "مجلس الجهاد"، فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنەکانی (حزب اللە)ی لبنان، فەرماندەی "وحدة الرضوان" یەکەی دەستەبژێری (حزب اللە).

- (أحمد وهبي) ئەندامی "مجلس الجهاد"، بەرپرسی "وحدة التدریب المركزي"ی (حزب اللە)ی لبنان، سەرپەرشتیاری ڕاهێنانی "وحدة الرضوان".

- (إبراهيم قبيسي) فەرماندەی سیستەمی موشەکی (حزب اللە)ی لبنان، فەرماندەی یەکەی "بدر".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand