Draw Media

ئێسفنێ.. نەوتی جێناكۆك

ئێسفنێ.. نەوتی جێناكۆك

2025-01-22 14:41:13


 

راپۆرت: درەو
ساڵی 2007 كاتێك گرێبەستی بۆ كرا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نامەیەكی بۆ كۆمپانیاكە نارد، ئاگاداری كرد لەوەی لەڕووی یاساییەوە مەترسیدارە، لە 2012وە نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە، بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا بەرهەمی رۆژانەی (6 هەزارو 500) بەرمیل بووە، لەوكاتەوە تائێستا ئیتر ئاستی بەرهەمەكەی دیار نییەو كۆمپانیاكە هیچ قسەیەك ناكات، ئەمە چیرۆكی كێڵگەی (ئێسفنێ)یە، ئەوەی عەرەبەكان پێی دەڵێن (عەین سیفنی)، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

كورتەیەك لەبارەی كێڵگەكە
كێڵگەی (ئێسفنێ) كە عەرەبەكان بە (عەین سیفنی) ناوی دەبەن، دەكەوێتە نزیك شارۆچكەی (شێخان) لە پارێزگای دهۆك و لە ناوچەی دەشتی )نەینەوا(دایە، لەم ناوچەیەدا مەزارگەی مەسحی و ئێزدییەكان هەیە.
لە رۆژی 8ی ئەیلولی 2007دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی ئەم كێڵگەی لەگەڵ كۆمپانیای (هەنت ئۆیڵ)ی ئەمریكی و كۆمپانیایەكی تر بەناوی (IMPULSE ENERGY CORPORATION) ئیمزاكراوەو رووبەری كێڵگەكە (840 كیلۆمەتر) چوارگۆشەیە، بڕی زیاتر لە (1 ملیار) به‌رمیل نه‌وتی تێدایه.
لە رۆژی 2ی ئابی 2011دا، كۆمپانیای (ئافرین)ی ئەمریكی كڕینی رێژەی 20%ی پشكەكانی كێڵگەی (عەین سیفنی) راگەیاند، بەمەش پشكەكان بەمشێوەیە گۆڕانكارییان بەسەردا هات:  
•    كۆمپانیا هەنت ئۆیل: 60%
•    كۆمپانیای ئافرین: 20%
•    حكومەتی هەرێم: 20%
كۆمپانیای (ئافرین)ی بەریتانی كە كاری هەڵكەندنی لە كێڵگەكەدا دەكرد، لە نیسانی 2012 ئاشكرایكرد، نەوتی لە كێڵگەی (سیمریت 2) لە بلۆكی عەین سیفنی دۆزیوەتەوە، هەمان كۆمپانیا لە ئازاری 2013دا رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەم بیرە دەگاتە (5 هەزارو 368) بەرمیل لە رۆژێكدا.
دواجار پشكی كۆمپانیای (هەنت ئۆیل) لە كێڵگەكە بۆ 80% بەرزبووەوەو 20%ی پشكەكان لای حكومەتی هەرێم مایەوە.

كێڵگەی جێناكۆك !
كێڵگەی نەوتی عەین سیفنی یەكێك لەو كێڵگانەیە كە دەكەوێتە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە، كێڵگەكە لەدوای كەوتنی رژێمی پێشووی عێراقەوە لە ساڵی 2003وە كەوتوەتە ژێر دەسەڵاتی هەرێمەوە.
یەكێك لە بەڵگەنامە دزەپێكراوەكانی ئەمریكا لە سایتی (ویكیلیكس)، ئاماژە بە مەترسی ئیمزاكردنی گرێبەستی ئەم كێڵگەیە دەكات لەلایەن كۆمپانیا ئەمریكییەكەوە.
لەو نامەیەدا كە چوار رۆژ دوای ئیمزاكردنی گرێبەستەكەو بە دیاریكراوی لە 12ی ئەیلوی 2007دا دەرچووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هۆشداری بە كۆمپانیای (هەنت ئۆییل) داوە لەوەی گرێبەستەكەی (كە لە جۆری هاوبەشیكردنە لە بەرهەمدا) لەڕووی یاساییەوە مەترسیدارە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی "ناكۆكی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداد لەسەر كە خاك هێشتا یەكلانەبووەتەوەو ئەمجۆرە لە گرێبەست دەكرێت ناكۆكییەكان گەورەتر بكات".
خاوەنی كۆمپانیای (هانت ئۆیل) خۆی یەكێك لە راوێژكارەكانی سەرۆك جۆرج بوش بووە، ئەوكات (2007) كە قسەوباس لەبارەی ناكۆكی نێوان هەردوو حكومەت كراوە سەبارەت بە خاك و خاوەندارێتیی كێڵگە نەوتییەكان، گفتوگۆ لەسەر ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوت و غازی عێراق دەكرا، یاسایەك كە دەبوو لەدوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراقەوە لە ساڵی 2005دا پەسەندبكرایەوەو تێیدا لەسەر بنەمای دەستور دەسەڵاتی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم بەسەر سامانی نەوتدا یەكلابكرایەتەوە، بەگوێرەی ماددەی 140ی هەمان دەستوریش چارەنوسی ناوچە جێناكۆكەكان یەكلابكرایەتەوە، ئەم دوو یاسا گرنگە كە ناكۆكی بەغدادو هەولێری بەلادا دەخست، تائێستا دەرنەچوون، ئەمەش بەهۆی ناكۆكی هەردوولا لەسەر چۆنیەتی دەركردنی یاساكان و لێكدانەوەی جیاواز بۆ ماددەكانی دەستور، بەتایبەت لە پرسی نەوت و غازدا.
ئەم ناكۆكییە وایكرد، هەر لەسەرەتاوە دەركەوت كۆمپانیا ئەمریكییەكە بە نابەدڵی كار لە كێڵگەكەدا دەكات، تائێستاش لەسەر سایتی خۆی هیچ داتاو زانیارییەكی سەبارەت بە كارەكانی لە كێڵگەی (عەین سیفنی) بڵاونەكردوەتەوە.
 سنوری سیاسی و سەربازیی هەرێمی كوردستان لە مانگی نیسانی 2015دا


ئەم نەخشە لە راپۆرتێكی (رۆبن مێڵز) بۆ پەیمانگەی (ئۆكسفۆرد) وەرگیراوە

دۆزینەوەی نەوت لە عەین سیفنی
عەین سیفنی لە ساڵی 2012دا نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە، جۆری نەوتەكەی قورسە، APIی نەوتی ئەم كێڵگەیە (21) پلەیە، واتا جۆرەكەی زۆر باش نییە، كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بەناوی (رەوابی) لە موسڵ لە ساڵی 2015دا خەزانی نەوتی كێڵگەكەی دروستكردووە بە توانای هەڵگرتنی (18 هەزار) بەرمیل نەوت.
كۆتایی كانونی دووەمی 2023 بەرهەم رۆژانەی ئەم كێڵگەیە (6 هەزارو 500) بەرمیل بوو، دیار نییە ئایا لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی كوردستانەوە بە بۆریی بۆ توركیا لە 25ی ئازاری 2023دا، بەرهەمهێنان لە كێڵگەكە بەردەوام بووە یاخود نا، بەڵام لە 22ی ئۆكتۆبەری 2023دا كۆمپانیای (هەنت ئۆیڵ) پەیوەندی بە گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستانەوە كردووە، گروپێك كە كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوت و غازی كوردستان لەخۆدەگرێت و لەرێگەی ئەم گروپەوە پەیامە هاوبەشەكانیان سەبارەت بە مافەكانیان بۆ هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی عێراق دەنێرن.


سەرچاوە:
•    كۆمپانیای (رەوابی)
https://www.rawaby-co.com/Default_ar.aspx
•    هەواڵی (Afren hits oil in Iraq)، لە سایتی (www.meed.com)
https://www.meed.com/afren-hits-oil-in-iraq/
•    سایتی (iraqoilreport)
https://www.iraqoilreport.com/news/hunt-oil-knew-krg-oil-deal-in-disputed-territory-6108/
•    چالاكییە نەوتییەكانی هەرێم لە 2023دا، راپۆرتی رێكخراوی (روونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەی نەوت)، 2024
https://www.roonbeen.org/roonbeen-reports/
•    راگەیەندراوی كۆمپانیای (ئافرین)
Afren delivers positive update on Ain Sifni Block
•    ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز
https://www.reuters.com/article/business/energy/afren-hunt-make-major-oil-find-in-kurdistan-idUSL6E8FH0FF/
•    سایتی (OIL REVIEW)
https://oilreviewmiddleeast.com/exploration-production/afren-acquires-two-kurdistan-oil-fields-in-iraq
•    کێلگە نەوتیەکانی پارێزگای دهۆک و توانای بەرهەمهێنانیان، راپۆرتی (درەو)
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10264
•    سایتی (ئەپیكور)
https://www.apikur.uk/publications/hunt-oil-joins-apikur/

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand