ئایا فەلەستینییەکان بەرگەی سەرکەوتنێکی تری لەم بابەتە دەگرن؟
2025-01-22 10:35:34
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
بە هەموو مانایەک گەیشتن بە ئاگربەست لە غەزە و راگرتنی تەکنۆلۆژیای مۆدێرنی کوشتن و وێرانکردن، هەواڵێکی هێجگار دلخۆشکەرە، بەر لە هەموو کەسێک بۆ ئەو دانیشتوانە چەند ملیۆنییەی ناو غەزە کە ساڵێک و ٤ مانگە لەناو جەهەنەم و کابوسێکی تاریکی پڕ لە برسێتی و ترس و سەرما و دەربەدەریی و بێماڵیی و شۆکی دەرونیی و کوشتن و خوێنی بە ناهەق رژاودا، ژیان بەسەردەبەن.
هەواڵەکە بە پلەی یەکەم بۆ ئەو هەموو منداڵ و پیر و کوڕ و کچ و ژن و پیاوانە جێگای دڵخۆشییە، ئەو هەموو بریندار و بیمارانەی تەنانەت توانای تیمارکردنێکی سەرەتاییانەی برینەکانیان نییە، بە هۆی وێرانبوونی تەواوی نەخۆشخانە و تیمارگاکانەوە. بۆ ئەو ملیۆنان مرۆڤەی بەردەوام لەبەردەم ئەگەری گەورەی کوشتن و لەدەستدانی ژیانی خۆیان و ئازیزەکانیاندا بوون.
ئاگربەست، بەر لە هەموو شتێک، بەخشینی توانای هەڵمژینی هەناسەیەکی هێمنە دوور لە باروت و گڕ و دووکەڵی یەکێک لە قێزەونترین پڕ تاوانترین، جەنگەکانی سەدەی بیست و یەکەم. دوای ساڵێک و ٤ مانگ لە کوشتنی بە کۆمەڵ، لە تاوانی جەنگ و پلانی پاکتاوکردن، ئەوەی تا ئەم ساتە روویداوە ئاگربەستە، نەک کۆتاییهاتنی جەنگ، لەزۆر سەرەوە گەیشتن بە کۆتایی جەنگەکە رێگایەکی نادیار و ناروونی لەپێشە. قسەکانی هەردوو بەرەکە، هەم ئیسرائیل و هەم نوێنەرەکانی حەماس، ئەو گومانە گەورەدەکەن کە ئەمە کۆتا جەنگی نێوان ئەو دوو بەرەیە بێت کە لەپاڵ رقی سیاسیی و کۆلۆنیالیی و ئەتنییەوە لە یەکتری، رقێکی دینی گەورەشیان لەیەکە کە بێچارەسەر و بێکۆتاییە.
لە هەموو دۆخێکدا قەبارە و گەورەیی ئەو کێشانەی لە سبەینێ و دووسبەی دوای ئاگربەستەکەدا دێنەپێشەوە و بەر لە هەمووکەسێکیش خەڵکی غەزە ڕووبەڕووی دەبنەوە، بە هەموو حیساباتێک، کێشەی هێجگار گەورە و تراژیدییای تەواو نائومێدکەرەن. غەزە خۆی وەک سەرزەمین و ژینگەیەک بکرێت مرۆڤی تێدابژیی تەواو وێرانە و لە چەندان بەشیدا توانای دابینکردنی پێداویستییە هەرە سادەکانی ژیانی تیادانەماوە. بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتوەکان ٨٠ لە سەدی ئەو ماڵانەی لە غەزەدا هەبوون روخاون و دانیشتوانەکانیان ناتوانن لەناویاندا بژین. بڕێکی گەورەی ئەو دوو ملیۆن ئاوەرەیەی بە خێمەکانیانەوە دەگەڕێنەوە پاڵ ماڵ و خانوە روخاوەکانیان، دەبێت لەناو ئەو خێمانەدا بژین و بیناکردنەوەی ماڵەڕوخاوەکان دەیان ساڵ و سەرمایەیەکی تەواو گەورەی پێویستە.
چەندان راپۆرتی نێودەوڵەتی پێ لەسەر ئەو راستییە دادەگرن کە بەشێکی بەرچاوی غەزە، بە تایبەتی بەشی باکوری غەزە، بەکەڵکی ژیان نەماوە. ئەم بەشە جگە لەوەی وێران بووە، هاوکات زەویەکەشی لە رووی ژینگەییەوە بەرادەیەک پیسبووە کە تا دەیان ساڵ روەکی تیادا ناروێت و مرۆڤ ناتوانێت لەناویدا بژیی. لە هەموویشی ترسناکتر نەوەیەک لە منداڵان و گەنجانی بریندار و بیمار و کەمئەندام دروستبوون، کە ژمارەیان بە دەیان و سەدان هەزارە، کە توانای ژیانێکی ئینسانیی نیمچە سەربەخۆشیان نییە و تا مردن پێویستیان بە خزمەتگوزاریی بەردەوام هەیە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاد لە ١٠٠ هەزار برینداری هەمجۆر لە هەموو تەمەنەکان هەیە کە رۆژگارێکی درێژ پێویستیان بە دابینکردنی خەزمەتگوزاری هەمەجۆرە. بەشی هەرەگەورەی نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکلییەکان و سێنتەرەکانی تیمارکردن وێران بوون و توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش بەو ژمارە گەورەیە لە بریندار و کەماەندام و پەککەوتە نییە و نەماوە. بەپێی ئامارەکانی یونسیفیش لەم جەنگەدا ١٧ هەزار منداڵ بێدایک و بێباوک و بێ کەسوکاربوون. هەزارن ژن هاوسەرە پیاوەکانیان و هەزاران پیاویش، هاوسەرە ژنەکانیان لەدەستداوە. ئەمە جگە لە کوشتنی نزیکەی ٥٠ هەزار مرۆڤ، کە بەپێی هەندێک مەزەنە دەشتە بۆ سەروی ٧٠ هەزار بەرزببێتەوە کاتێک لەشە جێماوەکانی ژێر خان و ماڵ و شوێنە روخاوەکان دەدۆزرێنەوە.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان، کە خانمێککی هۆڵەندییە، دەڵێت «خەڵکی غەزە هیچ شتێکیان نییە. مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەبیت گەر لە غەزەدا منداڵێک ببینیت پێڵاوی لەپێدابێت، یان جلی زستانەی لەبەردابێت». «خەڵکی غەزە پێویستیان بە هەمووشتێک هەیە، ئەو پێداویستیانەش دەبێت هەموو رۆژێک دابینبکرێن» بە ڕای ئەم نوێنەرەی نەتوە یەکگرتوەکان غەزە پێویستی بە زیاد لە ١٠٠ ملیار دۆلارە بۆئەوەی بتوانێت بونیادبنرێتەوە. هاریکاریکردنی غەزەش نابێت بۆ ماوەیەکی کورت و کەم بێت بەڵکو پێویستە بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ بێت.
غەزەی ئێستا و غەزەی بەر لە پەلامارەکەی ٧ ئۆکتۆبەر، دوو سەرزەمینی تەواو جیاوازن. غەزەی ئێستا غەزەیەکی وێران و پڕ لە مرۆڤی پەککەوتە و بریندار و کەم ئەندام و پر لە منداڵانی بێباوک و دایک، پر لە شۆک و تراومای جیاواز و، پر لە مرۆڤگەلێکی تەواو پروکاو و چەند نەوەیەکی گەنجە کە جگە لە خێمە شوێنێک نادۆزنەوە بتوانن لەناویدا بژین. نەخۆشیی، برسێتی، کەم ئەندام بوون، تراومای تاکەکەسیی و دەستەجەمعی، بێماڵیی و لەدەستدانی ئازیزان، ئەو دۆخەیە کە غەزە، دوای ساڵێک و ٤ مانگ لە جەنگ، تێیکەوتوە. ئیسرائیل لەو ماوەیەدا، جگە لە خولقاندنی ئەو وێرانە گەورەیە و جگە لە ئەجامدانی چەندەها تاوانی جەنگ، هاوکات چەندان شوێن و جێگای تری لەناو خاکی فەلەستینییەکاندا، هەم لەناو غەزە خۆی و هەم لە دەرەوەی غەزەشدا، داگیرکردوە، سوپاکەیان لە بەشێکی غەزەدا ماوەتەوە و گەماوردانی غەزەش لە ئێستادا لە گەمارۆدانی بەر لە جەنگە زۆر توندتر و هەمەلایەنترە. غەزەی ئێستا زۆر لە غەزەی بەر لە ٧ ئۆکتۆبەر زیاتر لەژێڕ رەحمەتی سوپا و تەکنۆلۆژیای کوشتن و سیاسییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلدایە.
حەماس خۆیشی حەماسی بەر لە پەلامارەکانی ٧ ئۆکتۆبەر نییە. لە هەموو سەرێکەوە زیانێکی هێجگار گەورە بەم رێکخراوە گەیەندراوە. بونیادە سەربازییەکەی و بەشی زۆری چەکدار و سەرکردە سیاسیی و سەربازییەکانیان کوژراون. بەشەکی زۆری ئەو تونێلانەی دروستیکردبوو روخێندراون، بارەگا و ئۆفیس و شوێنە نهێنی و ئاشکراکانی وێران کراون. هەمان شت بۆ هێزە جیهادییەکانی تری ناو غەزەش هەر راستە. ئەمە جگە لە وێرانکردنی ئەو ژینگە ئیقلیمیەی حەماس و هێزە جیهادییە فەلەستینییەکانی تر لەناویدا هەناسەیان ئەدا و کۆمەکدەکران و کاریاندەکرد. ئیسرائیل دۆستە هەرە سەرەکییەکانی حەماسی بە شێوەیەکی گەورە و هەمەلایەن لاواز و سنووردار کردوە، لە حیزبوڵای لوبنانییەوە بیگرە بۆ سوریای ئەسەد و لەوانیشەوە بۆ هێزی ئەو بەرە ئێرانییەی بەشێوازی جیاواز پشتیوانی حەماس و حیزبوڵای، دەکرد. هاوکات پەیوەندیی نێوان حەماس و دەسەڵاتی فەتح وەک هەمیشە خراپە، ئەگەر خراپتر نەبووبێت. ئەوەی گوێ لە نوێنەرەکانی ئەو دووبەرەیە بێت ئەو راستییەی بۆ ئاشکرادەبێت، ئەم دوو بەرە جیاوازەی ناو فەلەستین وەک هەمیشە ناکۆک و دژبەیەکن.
بە کورتییەکەی، حەماس لە رووی سەربازییەوە تا رادەیەکی گەرە وێران بووە، پشتێنە ئیقلیمیەکەشی وەک خۆی وێران بووە، هەموو پلانەکانی دوای جەنگیش باس لەوەدەکەن حەماس هیچ رۆڵێکی سیاسیی لە بنیادنانەوەی دەسەڵاتی دوای جەنگەکەدا نابێت و هیچ لایەنەێک رازینابێت حەماس کەمترین رۆڵی لە قۆناغی دوای جەنگەکەدا هەبێت.
بێگومان هەموو ئەو هێزانەی خەریکی بەرەنگاریی و خەباتی رزگاریخوازین، بە خودی حەماس خۆیەوە، دەکرێت هەڵەی هەمەجۆر بکەن و کارەساتی گەورە بخەنەوە. بریاری هەڵە و ناڕاست بەشێکە لە ژیان بەگشتیی و لە ژیانی سیاسیی بە تایبەتی. کێشەی سەرەکیی لەوەدایە دان بە هەڵەکردنەکاندا نەنرێن. نکوڵی لە هەڵەتێگەیشتنی سیاسیی و سەربازیی بکرێت، دۆڕاندنی بەرفراوان و هەمەلایەن بەناوی سەرکەوتنەوە بفرۆشرێت. نرخ بۆ ژیان و مانەوەی مرۆڤەکان دانەنرێت. رژانی خوێنی خەڵک بە مەسەلەیەکی سادە و ئاسان دابنرێت. بەناوی شەهیدبوون و چوون بۆ بەهەشتەوە، باکت بە کوشتنی دەیان هەزار مرۆڤ نەبێت.
ئەوەی لەم ساتەدا لای حەماس و لای بەشێکی گەورەی ئیخوانەکانی ناوچەکە و لای زیاد لە باڵێک لە باڵەکانی ئیسلامی سیاسیی و هەوادارەکانیان دەیبینین، فرۆشتنی ئەم دۆڕانە مێژووییە گەورەیە و فرۆشتنی ئەو هەڵە سەربازیی و سیاسیی و ستراتیژییە ەگورە و نابەپرسیارانەیە بەناوی سەرکەوتنەوە. گۆڕینی ئەم کابوسە فرەشێوەیەیە بە سەرکەوتنێکی بێبنەما. نکوڵیکردن لە بڕیار و کردە و سیاسەتی ناڕاست، ئەو هەڵە هەرە ترسناک و کوشندەیەیە کە بکرێت رووبەرووی هەر مەسەلەیەکی ڕەوا و دادپەروەر ببێتەوە، لەوانەش رووبەرووی مەسەلەی بەگژاچوونەوەی سیاسەتی داگیرکردن و خەباتکردن بۆ ڕزگارکردنی خاک.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا فەلەستینییەکان بەگشتیی و خەڵکی غەزە بەرگەی چەند «سەرکەوتنی» تری حەماسیی و ئیخوانیانەی تری لەم جۆرە دەگرن؟ شتێک لای زۆرێک لە مرۆڤە عەقڵانیی و خاوەن ویژدانەکان ئاشکرابێت ئەو راستییەیە کە فەلەستینییەکان بەگشتیی و خەڵکی غەزە بەتایبەتی بەرگەی هیچ «سەرکەوتن»ێکی تری لەم شێوە سەرکەوتنە خورافییە ناگرن.