Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

درەو میدیا:  كارمەند و رۆژنامەنووسانی كەناڵی ئێن ئاڕتی عەرەبیە كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ خاوەندارێتی دەكات لەسەر داخستنی كەناڵەكە بەبێ‌ ئاگاداركردنەوەیان بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە. لەو بەیاننامەیەدا كە عومەر عەنبەكی سەرنوسەری هەواڵی كەناڵەكە بڵاویكردوەتەوە  هاتووە:" ئەمڕۆ NRT عەرەیبە و ژمارەیەكتی تر لە پرۆژەكانی راگەیاندن بەبێ‌ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت دادەخرێن و كارمەندەكانی بە شێوازێكی ناشایستە دووردەخرێنەوە، ئەمەش دیمەنێكی نوێ نییە لە كەناڵ و دەزگا میدیا عێراقییەكاندا، ئەوەش بەشێوەیەكی بەردەوام دووبارە دەبێتەوە بەهۆی ئەوەی هیچ بەربەرستێكی یاسایی و ئەخلاقی نییە كە " وەبەرهێنەری سیاسیی" لە كەرتی راگەیاندندا ناچاربكات رێز لە فەرمانبەرەكانی بگرێت و " كۆتاییەكی بەڕێز" یان بۆ فەراهام بكات لەكاتی داخستنی پرۆژە میدیاییەكەیدا. دادەردەكەوێت كە خاوەنی كەناڵەكە و خاوەنی ئەو پرۆژە سیاسییەی كە بانگەشە دەكات بۆ گۆڕینی دەموچاوە كۆنەكان بە دەموچاوی نوێ‌، نایەوێت كارمەندەكانی تووشی شۆكی داخستنی سەرچاوەی بژێوی خۆیان و خێزانیان بن، و تیۆرییەكی نوێ‌ دەخاتە گۆڕەپانی راگەیاندنەوەی لە عێراقدا، كە ئەویش تیۆری " چاكسازیكردن و راهێنانەوەیە" بە ئامانجی پەردەپۆشكردنی پرۆسەی دوورخستنەوەی كارمەندەكانی، و بەڵێنی ئەوەشی داوە كە لەماوەی دوو مانگدا كەناڵی NRT عەرەبیە بكرێتەوە، لێرەوە و لە جیاتی هەموو هاوڕێ كارمەندەكانم لە كەناڵەكە ئەم داواكارییانەمان هەیە: 1- ئەگەر بە فیعلی پرۆسەی چاكسازی و راهێنانەوەی كەناڵەكە هەیە بۆ ماوەی دوو مانگ، ئەوا داوادەكەین هەموو موچەكانمان لەو ماوەیەدا پێ بدرێت و وەك ئەوەی بە شێوەیەكی سروشتی كاربكەین. 2-  لە حاڵەتێكدا ئەگەر خاوەندارێتی كەناڵەكە بگۆڕدرێت بۆ لایەنێكی ترن ئەوا خاوەنی پێشوو، دەبێت پابەندبێت بە خەرجكردنی مووچەی كارمەندەكان هەتا ئیمزاكردنی گواستنەوەی خاوەندارێتی كەناڵەكە بۆ لایەنی دووەم. 3- ئەگەر تیۆری " چاكسازی و راهێنانەوە" بوونی نەبوو، ئەوا خاوەنی كەناڵەكە دەبێت پابەند بێت بە پێدانی " پاداشتی كۆتایی خزمەت" بۆ هەموو كارمەنددەكانی كەناڵەكە و دەبێت بڕێكی باش بێت و كەمتر نەبێت لە مووچەی دوو مانگ بۆ هەموو ساڵێكی كاركردن. داوایەكی راستگۆیانە بۆ هەموو هاوپیشەكانمان كە پاڵپشتی كارمەندانی NRT بكەن، بۆئەوەی هەمان نەهامەتی لە لایەنێكی تر دووبارە نەبێتەوە.  


(درەو میدیا): لە كۆی (329) كورسی لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق (232) كورسییان ئەو پەرلەمانتارانە لەسەریان دادەنیشن كە روخساری نوێن و پێشتر ئەندامی پەرلەمان نەبوون. بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار، ئەو كاندیدانەی كە دەرچوون بۆ خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران و یەكەمجاریانە دەچنە ناو پەرلەمانەوە رێژەی زیاتر لە (70.5%)ی كۆی گشتی كورسییەكانی پەرلەمان پێكدەهێنێت. پێكهاتەی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران لەنێوان روخساری كۆن و نوێدا بەمشێوەیە دابەشبووە: •    70.5% پەرلەمانتارانی خولی نوێ یەكەمجاریانە دەچنە ناو پەرلەمانەوە. •    29.5%ی پەرلەمانتارانی نوێ پارێزگارییان لە كورسییەكانیان لەناو پەرلەمان كردووە. ئەم لایەنانە بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بەتەواوەتی روخساری نوێیان رەوانەی پەرلەمان كردووە: •    سائرون •    پارتی دیموكراتی كوردستان •    هاوپەیمانی مەدەنی دیموكراتی •    كورسی كەمینەكان بە تەنیا لە بەغدادی پایتەخت (44) كاندید دەرچوون كە روخساری نوێن و یەكەمجاریانە دەچنە ناو پەرلەمانەوە.   


" داهاتی ناوخۆ مانگانه 110 بۆ 130 ملیار دینارە‌و  داهاتی نەوت مانگانه گۆرانكاری بەسەردا دێت وهەرێمی كوردستان رۆژانه 300 بۆ 320 هەزار بەرمیلی نەوت هەناردە دەكات ومانگانه 378 ملیار دینار دێتە وەزارتی داراییەوە، لە سەدا 35ی داهاتی نەوت بۆ پێشینەكانی شایستە داراییەكانی كۆمپانیایی نەوت، پێشینەی قەرزی تاریفەی خەرجی و گواستنەوە وهەناردەكردنی نەوت لە توركیا و پێشینەی گەڕانەوەی پارەی كاشی قەرزی توركیایە و لە سەدا 65 بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخان دەكرێت، لە كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ ونەوت دوای دەرچوونی خەرجییەكان ولەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی مانگانە لە حكومەتی فیدرالی بۆ هەرێم‌ دێت، نزیكەی لە سەدا 83 بۆ پێدانی مووچە تەرخان دەكرێت، لە سەدا پێنج بۆ خەرجی پێشینەكانی دامودەزگاكان ولە سەدا هەشت بۆ خەرجی كەلوپەلی خزمەتگوزاری (دەرمان و پزیشكی، كرێی كارەبا، خواردن، چاككردنەوە، شاندن، چاپكردن، خەرجی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و خاوێنكردنەوە) و لە سەدا چواریش بۆ بواری وەبەرهێنان تەرخان دەكرێت" ئەم زانیاریانە رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان خستویەتی روو لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان . دەقی چاوپێكەوتنەكەی وەزیری دارایی و ئابوری رێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی وئابووری له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ یاساى چاكسازى، كه ئێستا له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه، وه‌ك خۆى جێبه‌جێ بكرێت، ده‌بێته‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كى زۆرى به‌فیرۆچوو وده‌ستكاریكردن له‌ سیسته‌مى پاشكه‌وتى مووچه‌ كه‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندى مووچه‌خۆران ده‌بێت. له‌به‌ر مادده‌ى سێیه‌م كه ‌تایبه‌ته‌ به‌ مووچه‌ وخانه‌نیشنى پله‌ باڵاكان پرۆژه‌ یاساكه‌ گه‌ڕێندرایه‌وه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌كانى په‌رله‌مان. وه‌زیری دارایی وئابووری گوتی، "ئێمه‌ له‌ حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان‌ به‌ پێى یاساى  ژماره‌ 9 ساڵى 2014 بۆ په‌رله‌مان نارد به‌ جۆرێك كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى خزمه‌تى وه‌زیفیان له‌ پانزه‌ ساڵ كه‌متر بێت و ته‌مه‌نیان له‌ په‌نجا ساڵ كه‌متر بێت خانه‌نیشن نه‌كرێن. ئه‌و مادده‌یه‌ دادپه‌روه‌رییه‌كی زۆر باشى تێدابوو. ئێستاش داوا ده‌كه‌ین ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ په‌سند و كارى پێ بكرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ى زیاد له‌ مووچه‌یه‌كیان هه‌یه‌ كه‌ به‌ پێێ یاسا رێك نه‌خراون، رێكخستنه‌وه‌یان بۆ بكرێت." هه‌روه‌ها گوتی، "له‌ ناو پڕۆژه‌ یاساى چاكسازى باس له‌ مووچه‌، ده‌رماڵه‌، به‌خشین  وئمتیازاته‌كانى دیكه‌ كراوه‌. هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ئه‌ژمارێكى بانكى بۆ ده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌و ئیلتزاماته‌ ماددیه‌ى هه‌یه‌ بۆى ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌ژماره‌ بانكییه‌كه‌ كه ده‌كرێت بۆ زۆر بواری دیكه‌ش به‌ كار بهێنرێت، به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندى نێوان حكومه‌ت و مووچه‌خۆران." له‌باره‌ی بڕیاری راگرتنی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران وچۆنییه‌تی گه‌ڕاندنه‌وه‌ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه به‌ر ئه‌و رێنماییه‌ كه‌وتوون، رێباز حه‌ملان گوتی "پاڵپشت به‌ بڕیارى ئەنجومه‌نى وه‌زیران ژماره‌ 56 له‌ 21/12/2015، له‌سه‌ر بنه‌ماكانى ئه‌حكامى بڕگه‌ (1/أ) له‌ مادده‌ى (19) له‌ یاسایى راژه‌ى شارستانى ژماره‌ (24) ساڵى 1960 هه‌مواركراو بڕیار دراوه‌ كه‌ هیچ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ فه‌رمانبه‌رانى پله‌ وه‌زیفییه‌ گشتیه‌كان له‌ هه‌رێم تا په‌سندكردنى بودجه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجام نه‌درێت. له‌ هه‌ر كاتێك كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم بودجه‌ى په‌سندكراوى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌بوو، پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ ئاسایى ده‌بێته‌وه‌ وله‌باره‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌كه‌شی‌ ئه‌وكات له‌ چوارچێوه‌ى یاسای كارپێكراوه‌كان بڕیارى له‌سه‌رده‌درێت." رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرالی دەربارەی رێكه‌وتنی ئێستای حكومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ ناردنی مانگانه‌ بڕێك پاره‌ بۆ هه‌رێم بۆ مووچه‌خۆران، وه‌زیری دارایی و ئابووری گوتی، "ئەم رێکەوتنە ده‌رئه‌نجامی ده‌ورى گرنگى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم وسه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بوو وله‌ به‌رژه‌وه‌ندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دایه‌." وه‌زیری دارایی به ئاماژه‌پێدان به‌وه‌ی كه به‌شێكی زۆری مووچه‌ بۆ كه‌رتی ئه‌منی وسه‌ربازی ده‌چێت گوتی له سه‌دا 70ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ر دوو كه‌رتی مه‌ده‌نی و سه‌ربازییه. لێبرینه‌كان (پاشه‌كه‌وت) له‌ هه‌ردوو كه‌رت به شێوه‌یه‌كی جیاوازن. وه‌زیری دارایی وئابووری گوتی، پاش ئه‌وه‌ی مووچه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان، ئه‌نفالكراوان وزیندانیانى سیاسى ده‌خرێته‌ سه‌ر بودجه‌ى سیادى عێراق، نزیكه‌ی 38 ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گه‌رێته‌وه. داهاتی ناوخۆ و نه‌وت و دابەشکردنی له باره‌ی داهاتی ناوخۆ و نه‌وت، رێباز حه‌ملان گوتی داهاتى ناوخۆ مانگانه 110 بۆ 130 ملیار دیناره‌‌، كه‌ كردنه‌وه‌ی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم  وده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی داخراو كاریگه‌رى زۆرى له‌ سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆیی هه‌یه‌. وتیشی داهاتی نه‌وت مانگانه گۆرانكاری به‌سه‌ردا دێت وهه‌رێمی كوردستان رۆژانه 300 بۆ 320 هه‌زار به‌رمیلی نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات ومانگانه 378 ملیار دینار دێته‌ وه‌زارتی داراییه‌وه‌. هەروەها ده‌رباره‌ی سندووقی داهاتی نه‌وت، وه‌زیری دارایی گوتی کە له ‌په‌رله‌مانی كوردستان یاساى تایبه‌تى بۆ ده‌رچووه‌ و ماوه‌ته‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم په‌یڕه‌وێكى بۆ دابنێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌چۆته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. وه‌زیری دارایی سه‌باره‌ت به‌ چۆنییه‌تی دابه‌شكردنی داهات بۆ بواره‌ جیاوازه‌كانی مووچه، وه‌به‌رهێنان، خه‌رجى  داموده‌زگاكانى حكومه‌ت  وقه‌رزه‌كانی، گوتی له‌ سه‌دا 35ی داهاتی نەوت بۆ پێشینەكانی شایستە داراییەكانی كۆمپانیایی نەوت، پێشینەی قەرزی تاریفەی خەرجی و گواستنەوە وهەناردەكردنی نەوت لە توركیا و پێشینەی گەڕانەوەی پارەی كاشی قەرزی توركیایه‌ و له‌ سه‌دا 65 بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ته‌رخان ده‌كرێت. لە كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ ونەوت دوای ده‌رچوونی خەرجییه‌كان وله‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه‌ پارەیه‌ی مانگانە له‌ حكومەتی فیدرالی بۆ هه‌رێم‌ دێت، نزیكەی له‌ سه‌دا 83 بۆ پێدانی مووچە ته‌رخان ده‌كرێت. له‌ سه‌دا پێنج بۆ خه‌رجی پێشینه‌كانی داموده‌زگاكان وله‌ سه‌دا هه‌شت بۆ خه‌رجی كه‌لوپه‌لی خزمه‌تگوزاری (دەرمان و پزیشكی، كرێی كارەبا، خواردن، چاككردنەوە، شاندن، چاپكردن، خەرجی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و خاوێنكردنەوە) و له‌ سه‌دا چواریش بۆ بواری وه‌به‌رهێنان ته‌رخان ده‌كرێت. شه‌فافییه‌ت له‌ داهات وه‌زیری دارایی وئابووری ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ داهاتی حكومه‌ت له دوو جه‌مسه‌ره‌وه‌‌ وردبینی بۆ ده‌كرێت، "یه‌كێكیان له‌سه‌ر ئاستى نه‌وته كه كۆمپانیاى دیلۆیت پێداچوونه‌وه‌و ورودبینى به‌ سه‌رجه‌م كه‌رتی نه‌وت ده‌كات له‌ هێنانه‌وه‌ وسه‌رفكردنى پاره‌كه. بۆ داهات وخه‌رجییه‌كانی ساڵى 2017 زۆربه‌ى كاره‌كانی ته‌واو بووه‌ و وردبینى له‌ داهات  و خه‌رجییه‌كانی ساڵى 2018 وساڵانى رابردووش ده‌كات. جه‌مسه‌رى دووه‌میش له‌ وه‌زاره‌تى دارایى وئابوورییه.‌ كۆمپانیاى ئینڤێنتس پێداچوونه‌وه‌ به‌ خه‌رجى وداهاته نانه‌وتییه‌كانی حكومه‌ت ده‌كات‌. وردبینى له‌وه‌ش ده‌كات كه چۆن داهات زیاتر بكرێت به‌ مه‌رجێك كه‌ كاریگه‌رى به‌سه‌ر خه‌ڵكى هه‌ژار وچینى خواره‌وه نه‌بێت‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستى كۆمپانیا گه‌وره‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، هه‌روه‌ها كۆمپانیاكه‌ سیسته‌مێكى داتا به‌یس دروست ده‌كات و سه‌رجه‌م داهات وخه‌رجییه‌كان تێدا روون ده‌كرێته‌وه‌." گوتیشی، گومرگه‌كان "به‌ ئه‌لیكترۆنى ده‌كرێن و ئێستا  كار له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان ده‌كه‌ین  وهه‌ر خه‌رجییه‌ك ئه‌گه‌ر زۆر پێویست نه‌بێت ناهێڵین و بۆ نه‌هێشتنی هه‌ر جۆره‌ فیرودانێك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌ریه‌ك له‌ ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى ودیوانى چاودێرى دارایى له‌گه‌ڵمانن وتا ئێستا به‌ پشتیوانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پاره‌یه‌كی زۆریشمان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه." باج له‌ باره‌ی سه‌پاندنى باج به‌ ‌سه‌ر داهاتى تاكه‌ كه‌س وكۆمپانیاكان، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا کە له‌ هه‌رێمی كوردستان باج له‌سه‌ر داهاتی تاكه‌كه‌س وكۆمپانیاكان به‌ پێی یاسای ژماره‌ ٢٠ی ساڵی ٢٠١١ هه‌مواركراوی په‌رله‌مانی كوردستان دیاری كراوه‌، به‌ جۆرێك هه‌ر كارمه‌ندێك له‌ كه‌رتی حكومی یان تایبه‌ت كاربكات ومووچه‌كه‌ی له‌ ملیۆنێك دینار زیاتر بێت پێویسته‌ به‌ رێژه‌ی له سه‌دا پێنج‌ باج بدات، به‌ڵام تا  ئێستا كارى پێنه‌كراوه‌ و رێژه‌كه‌ی‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌غدا زۆر كه‌متره، به‌ جۆرێك له‌ حكومه‌تى فیدراڵ ئه‌گه‌ر مووچه‌خۆرێك مووچه‌كه‌ى له‌ 210 هه‌زار دینار به‌سه‌ره‌وه‌ بێت، ئه‌وا له‌ سه‌دا پێنج باج ده‌خرێته‌ سه‌ر مووچه‌كه‌ی. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ باجی كۆمپانیاكانیش، گوتی له‌ سه‌دا 15 قازانجی كۆمپانیاكان باجی ده‌خرێته سه‌ر كه به پێی یاسای ١١٣ ساڵی ١٩٨٢ هاوشێوه‌ی به‌غدا جێبه‌جێ ده‌كرێت. بانك سه‌بارت به چاکسازی دارایی وبانكی وئاسته‌نگ وده‌ستكه‌وته‌كانی گوتی، 88 بانكی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌كه‌یان، پێشخستن و ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ی ناوخۆیی وده‌ره‌كی له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكه‌وتووین. وه‌زیری دارایی له‌باره‌ی لاوازی سیسته‌می بانكی له‌ هه‌رێمی كوردستان وهه‌وڵه‌كانی بۆ گێڕانی رۆڵی خۆی له‌ مامه‌ڵه‌ داراییه‌كان ونه‌هێشتنى پاره‌ى كاش له‌ بازاڕ وگه‌ڕانه‌وه‌ى پاره‌ بۆ بانك  ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا له‌ وڵاتانی پێشکەوتوودا له‌ سه‌دا 80  مامه‌ڵه‌ به‌ سیسته‌مى بانكییه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ عێراق وهه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌دا 100 به‌ پاره‌ى كاش مامه‌ڵه‌ ده‌كرێت وبه‌ هۆیه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی كێشه‌ی نه‌بوونی نه‌ختینه وخۆ دزینه‌وه‌ له‌ باج دروست ده‌بێت. له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر به‌ كارت بێت ئه‌وا حكومه‌ت ده‌زانێت داهاتى فرۆشیاره‌كان چه‌نده‌ و ده‌توانێت سیستمى باج رێك بخات وكۆنتڕۆڵی باجى كۆمپانیاكان بكرێت. ئێستا هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ رێكخستنی ئه‌م بواره‌یه‌‌ له‌ رێگه‌ى سیسته‌مى كارته‌وه‌ بێت. بایۆمه‌تری رێباز حه‌ملان رۆڵی بایۆمه‌تری بۆ پێدانى مووچه‌ به‌ كارتى ئه‌لكترۆنى وبه‌ڕێوه‌بردنى كه‌رتى دارایى وبانكى گرنگ ده‌نرخێنێت كه به‌ هۆیه‌وه‌ "به‌شێكى زۆری له‌و كه‌موكوڕییه‌ شاراوانه‌ى هه‌بوون‌ ئاشكرا كراون. بۆنمونه‌ دوو مووچه‌یى ویا ناوى وه‌همى ئاشكرا كراوه‌، حكومه‌تى هه‌رێم به ‌بوونی سیسته‌می بایۆمه‌ترییه‌وه‌، زانیارى ورد له‌سه‌ر مووچه‌خۆر وخانه‌نشینان هه‌یه‌، بایۆمه‌ترى سیسته‌مێكى پێشكه‌وتوه‌ وكارى پێده‌كرێت." پێشینه‌ له‌ باره‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشینه‌ بۆ كارى به‌رهه‌مهێنان، هاوسه‌رگیرى وخانوبه‌ره‌، وه‌زیری دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له‌ ساڵانى رابردوو 13 بۆ 14 ملیار دۆلار له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم هاتووه‌. كاتێك بودجه‌ زۆر بووه‌ وبه‌شى مووچه‌ وخه‌رجى  وپڕۆژه‌كان‌ كردووه‌ ودراوه‌ به‌و پێشینانه‌ش.‌ هه‌ر كاتێك بودجه‌ى هه‌رێم وه‌ك خۆى لێهاته‌وه‌، ئه‌و پێشینانه‌ش ده‌درێنه‌وه‌. سندووقی خانه‌نشینی هەروەها گوتی، "سندوقى خانه‌نیشنى له‌ پڕۆژه‌ یاساى چاكسازى به‌ وردى باسكراوه‌ وپێویسته له‌ سه‌دا 100 جێبه‌جێ بكرێت. جیاوازى ئێمه‌ وبه‌غدا له‌ نه‌بوونى ئه‌و سندووقه‌یه‌، له‌  به‌غدا هه‌یه‌ وله‌ هه‌رێم نییه‌. ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌غدا به‌ به‌رده‌وامی ده‌ڵێت ژماره‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێم زیاتره‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سندوقى خانه‌نیشى هه‌بێت، پێویست ناكات پاره‌ى دیكه‌ بۆ خانه‌نشینان ته‌رخان بكرێت، چونکە له‌ پاره‌ى سندوقه‌كه‌ ده‌درێت." ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، وەزیری دارایی وئابووری گوتی، "رێككه‌وتن كراوه‌ كه‌ میلاكات ‌سه‌ر به‌ به‌غدا بن به‌ هه‌مان كارمه‌نده‌كانی ئێستاوه‌. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی باڵا بۆ یه‌كخستنی گومرگ له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و فروكه‌خانه‌كان، پێناسه‌ و رێنمایی گومرگی، لابردنی خاله‌كانی گومرگی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری كردنی یه‌كتر رێككه‌وتن كراوه و دواى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ونه‌ بواری جێبه‌جێكردن."   


 (درەو میدیا): یەكێتی بە ئەنجامێكی چاوەڕوان نەكراوەوە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار دەرچوو, چاوەڕوان نەكراو بۆ شەقامی یەكێتی و بۆ لایەنەكانی بەرامبەریش، بەلای چاودێرانیشەوە، ئەم ئەنجامە وەك شمشێرێكی دووسەرەیە بۆ بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی ، رەنگە هۆكار بێت بۆ یەكخستنی زیاتری ناوخۆی یەكێتی، رەنگیشە هۆكارێك بێت بۆ پەرتبوونی زیاتر، ئەمە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردنی باڵە جیاوازەكانی یەكێتی لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن راوەستاوە. هەڵبژاردنی 12ی ئایار جارێكی تر دۆخی ناوخۆی یەكێتی وەك ئاوێنەیەك نیشانی رای گشتی و سەركردەكانی یەكێتیش دایەوە، كۆسرەت رەسوڵ كە تا پێش هەڵبژاردن وەك جەمسەرێكی بەهێزی ناو یەكێتی تەماشا دەكرا، لەم هەڵبژاردنەدا تەنها یەك كاندیدی دڵخوازی دەرچوو  كە ئەویش ژنێك بوو لە هەولێر و بەكۆتا دەرچوو. لەبەرامبەردا ماڵباتی تاڵەبانی زۆرینەی هەرە زۆری كاندیدەكانیان دەرچواند، بەم ئەنجامە جارێكی تر ماڵباتی تاڵەبانی باڵا دەستی خۆیان بەسەر یەكێتیدا بە دۆست و نەیارەكانیشیان نیشاندایەوە، بەڵام بە كێشەش نەبوو بۆ ناو خۆی یەكێتی، چونكە هەندێك لە كاندیدە سەرنەكەوتووەكان بەشێوەی فەرمی نوسراویان ئاراستەی حزبەكەیان كرد و سەركردەكانیان تۆمەتباركرد بەوەی كە دەستكاری دەنگی كاندیدەكانیان كردووە ئەوانەیان دەرچواندووە كە نزیكن لە خۆیانەوە. ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ یەكێتی دوو سەرەیە: یەكەم/ ئەگەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی یەكگرتوو مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكاندا بكەن و هەردوو جەمسەرەكی ناو یەكێتی سەركەوتن و شكست بەسەر یەكدیدا دابەش نەكەن، ئەوا رەنگە لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا دەستكەوتی زیاتر بچننەوە و لە ناوخۆی یەكێتیشیدا جۆرێك لە سەقامگیری رێژەیی بەدیبهێنن.  دووەم/ ئەگەر هەردوو جەمسەرەكەی ناو یەكێتی وەكو سەركەوتن بۆ لایەك و  شكست بۆ لاكەی تر مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكان بكەن، ئەوا دوور نیە دۆخی یەكێتی لە دۆخی پێش هەڵبژاردن ئاڵۆزتر بێت تارادەی جیابوونەوەش سەربكێشێت. تا پێش هەڵبژاردن خاڵی یەكلاكەرەوەی نێوان جەمسەرەكانی یەكێتی گرەوكردن بووە لەسەر ئەنجامی دەنگەكانی بەرهەم ساڵح و لیستەكەی، بەڵام لەدوای دەركەوتنی ئەنجامەكان و چیتر بەرهەم ساڵح ئەو كارەكتەرە بەهێزە نەما لەلای ئەوان كە گرەوی لەسەر بكەن، بەتایبەتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی كە دەوترێت بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆخی یەكێتیەوە بە ئەنجامی دەنگەكانی بەرهەم ساڵحەوە بەستبووەوە، بەڵام ئەنجامەكان رای كۆسرەت رەسوڵ بەرەو مانەوە لەناوخۆی یەكێتی كێش دەكات. هێشتا بڕیار لەسەر بەستنی كۆنگرە نەدراوە، كە وەك تاكە رێگا چارەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی تەماشا دەكرێت، دۆخی ئێستا یەكێتی وا دەبینرێت كە جەمسەری ماڵباتی تاڵەبانی كۆنترۆڵی بارودۆخی یەكێتیان كردووە، جەمسەری كۆسرەت رەسوڵیش لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە بێدەنگیان هەڵبژاردووە.  بەلام مەرج نیە ئەم دۆخەی ناوخۆی یەكێتی تا سەر بەردەوام بێت بەم فۆرمەی ئێستاوە بەتایبەتیش دوای ئەوەی یەكێتی لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیارە بڕیاری كۆتایی خۆی رابگەیەنرێت سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق و چۆنیەتی دابەشكردنی پشك و پۆستەكان. تاقیكردنەوەیەكی تر لەبەردەم دۆخی ناسەقامگیری ناوخۆی یەكێتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە كە بڕیارە 30ی ئەیلول، چونكە وەك دەوترێت پارتی نایەوێت بەبێ هیچ رێككەوتنێكی پێشوەخت بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە لەگەڵ یەكێتیدا بەتایبەت لە پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و پۆستی سەرۆكی هەرێم و پۆستەكانی تری هەرێمی كوردستان و عێراق.  لەناو یەكێتی تێڕوانینێك هەیە كە هەوڵ ئەدا جارێكی تر یەكێتی بە ئاراستەی رێكەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی بەرێت و بە فۆرمێكی نوێوە، لەبەرامبەردا تێڕوانینێكی تر هەیە خوازیاری ئەوەیە كە یەكێتی بە ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان و جێگیركردنی سەقامگیری لە سلێمانی.   


درەو میدیا : سەرۆكی لیستی نەسر بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی رایدەگەیەنێت، بڕیارە وەك كیانێكی سیاسی لە كۆمسیۆنی هەرێم ناویان تۆماربكەن و  بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی كوردستان بكەن. جەرجیس گولیزادە، سەرۆكی لیستی نەسر لە هەولێر لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " ژیان" وتی : " بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان قسەكراوە و بڕیارە وەك كیانێكی سیاسی لە كۆمسیۆن ناوی قەوارەكە تۆماربكەین و بە تابیعێكی كوردی و لە چوارچێوەی عێراقی و دەستوردا بە كاندیدی كورد لە پارێزگاكانی هەرێمدا بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەین." وتیشی:"  كاندیدەكان خەڵكی ئەو پارێزگایانە دەبن كە خۆیانی بۆ كاندید دەكەن و دەمانەوێت بینە پردێك لە نێوان هەولێر و بەغداد بۆئەوەی زیاتر سەرچاوەی بڕیاری سیاسی لە بەغداد نزیك بێتەوە، تا بەشداربێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا." لیستی نەسر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك بەشداریكرد و 2500 دەنگی بەدەستهێنا.


(درەو میدیا): مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناوەڕۆكی گفتوگۆیەكی خۆی لەگەڵ برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بەرهەم ساڵح ئاشكراكرد. لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ ئەنجومەنی تەنفیزی رێكخراوی ئازادی لاوانی كوردستان مەلا بەختیار رایگەیاند" بەر لەوەی بڕۆم بۆ بەغدا نوێنەری ئەمریكا هاتبوو بۆ لام وتی پرسیارێكم هەیە، ئەمە رەسمی نیە و كەسیش تەكلیفی نەكردووم، بەڵام هەر دەمەوێ پرسیارێك لەتۆ بكەم". بەوتەی خۆی، مەكگۆرك بە مەلا بەختیار وتووە" ئەگەر بەرهەم واز لەهەموو شتێك بهێنێت واز لە هاوپەیمانی و دۆستەكانی بهێنێ و وەك كەسایەتیەكی بێلایەن خۆی كاندید بكات بۆ سەرۆك كۆماری عێراق ئێوە قبوڵتانە ؟". لە وەڵامدا مەلا بەختیار وتویەتی: ئەمە زۆر زەرەری كاك بەرهەمە، ئەو شەخسیەتە عەزیمە گەورەیە دوو حزبی تەزویركەر تەزكیەی بكەن ببێتە سەرۆك كۆمار ! ئەو بە ئێمە ئەڵێ یەكێتی و پارتی تەزویریان كردووە، ئێمە چۆن بیكەین بە سەرۆك كۆمار كە ئێمە تەزویرمان كردووە". هەر لەو وتارەدا مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەكرد، پێیان دەڵێن تەزویرچی، كە هاتە سەر پۆست، هەمووی هەڵپەی پۆستەكانیانە، ئەوان هیچ خۆیان تێكنادەن، یەكێتی و پارتی زۆرینەن، ئەوان لەگەڵ پارتی دەكەونە گفتوگۆ. مەلا بەختیار باسی لەوەكرد، ئێستا ئەمریكا و بریتانیا و دەوڵەتانی ئەنجومەنی ئاسایش لە عێراقدا دوو هێز دەناسن، یەكێتی و پارتی، باقیەكەی هەمووی بڕۆن و نەرۆن ئاساییە، هیچ حسابێكیان بۆ ناكەن، ڕێزیان دەگرن، بەڵام هیچ شتێك لەسەر ئەوان پەك ناكەوێ. لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەكێتییەوە، مەلا بەختیار رایگەیاند"من بەش بەحاڵی خۆم، بەدڵ و بەگیان و بەویژدان لەگەڵ كۆنگرەم، بەڵام من لەگەڵ هیچ كۆنگرەیەك نابم، پێشوەخت نەخشە بكێشرێ تەسفیەی خەڵك بكرێ، سزای خەڵك بدرێ.. من شین ناكەم بۆ خۆم، لە ناو كۆنگرە ئەگەر یەكێتی 10 كەس هەڵبژێرێ، من لە 10 كەسەكە دەبم، بەڵام قبوڵ ناكەم لە لاوازترین ئەندامی سەركردایەتییش موئامەرە بكرێت.. من لەگەڵ موئامەرەو تەسفیەكردنی خەڵك و تڕۆكردنی خەڵك نیم بەناوی كۆنگرەوە".  


(درەو میدیا): ئیاس ساموك، وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند دادگاكە داوایەكی رەتكردوەتەوە بۆ پابەندكردنی بە پەسەندنەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بە پاساوی بوونی پێشێلكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا. ساموك لە بەیاننامەیەكدا وتی :" دادگای باڵا فیدراڵی ئەمڕۆ كۆبوەتەوە و تەماشای سكاڵایەكی كردووە لەسەر ئەو خروقات و پێشێلكارییانەی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی رۆژی 12ی ئایاری 2018 روویداوە، و داواكاری گشتی سكاڵای لەسەر سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی و كارەكەی تۆمارككردووە و بۆئەوەی ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە بە گوێرەی مادەی 93/ حەوتەمی دەستور پەسەندنەكات" ساموك وتیشی:" دادگای فیدراڵی جەختیكردوەتەوە كە سكاڵا لەسەر دەسەڵاتی دادوەری تۆمارناكرێت و بە نەیار ئەژمارناكرێت لە رووداوگەلێكدا كە پەیوەندی بە كەسان و لایەنی ترەوە هەیە، و ئەو بابەتە تایبەتە بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ئەو خاوەنی پرسەكە لە قبوڵكردنی سكاڵاكان و ئەو پێشێلكارییانە كە باسدەكرێن و كە لە میانی پرۆسەی هەڵبژاردندا روودەدەن و بڕیارەكانیش لە لایەنێكی دادوەری تانەیان لێدەدرێت كە دەستەی دادوەرییە لە دادگای تەمییزی فیدراڵی." وتەبێژی دادگای فیدراڵی ئاماژەیبەوەشدا كە دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی رەتكردوەتەوە لەسەربەئەوەی  لەسەر لایەنی پەیوەندیدار بە پرسەكە كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانە تۆمارنەكراوە .  


(درەو میدیا): حەوت پەرلەمانتاری كورد كە سەربەو لایەنانەن كە نیگەرانن لە ئەنجامی هەڵبژاردن، بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقیان نەكرد، كە بڕیاربوو تێیدا ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵوەشێندرێتەوە. ئەمڕۆ جارێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوەوە بۆ ئەوەی بڕیاربدات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجام یاخود بەشێك لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی بۆ جاری سێیەم كۆبونەوەكە پەكی كەوت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) بەشێك لە پەرلەمانتارانی ئەو لایەنانەی هەرێمی كوردستان كە نیگەرانن لە ئەنجانی هەڵبژاردن و داوای هەڵوەشانەوەی دەكەن، هاوشێوەی پەرلەمانتاری لایەنە براوەكان ئەمڕۆ بەشدارییان لە كۆبونەوەكەی پەرلەمان نەكردووە. تەواوبوونی نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان پێویستی بە ئامادەبوون (165) پەرلەمانتار هەیە لەناو هۆڵی پەرلەمان لەكاتی ژماردنی پەرلەمانتاران، بەڵام لە دانیشتنی ئەمڕۆدا تەنیا (149) پەرلەمانتار ئامادەبوون، بەوهۆیەوە نیساب تەواو نەبوو. (درەو میدیا) زانیویەتی: لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا لە كۆمەڵی ئیسلامی تەنها پەرلەمانتار (زانا رۆستایی) ئامادەی دانیشتنەكە بووە، هەریەك لە (ئەحمەد حاجی رەشید) و (سەلیم شوشكەیی)  كە دەرچوون بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان، ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون.  لە بزووتنەوەی گۆڕانیش (ئەمین بەكر، سروە عەبدولواحید، هۆشیار عەبدوڵا، شیرین رەزا، كاوە محەمەد، مەحمود رەزا،) ئامادەبوون، بەڵام هەریەك لە (مەسعود حەیدەر، تاڤگە محەمەد) ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون، سەرەڕای بەشدارنەبوونی (ئارام شێخ محەمەد) جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە دانیشتنەكە كە بەهەمانشێوە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە بەهۆی ئەوەی  بە سەردانێكی فەرمی لە پۆڵۆنیایە بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی ناتۆ . لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش (جەمال كۆچەر كە دەرچوەتەوە بۆ خولێكی نوێ و ئاسیا حاجی مستەفا) بەشدار نەبووە، تەنها (موسەنا ئەمین ) بەشدار بوو، هاوكات پەرلەمانتار (عادل نوری) ئامادەی دانیشتنەكە بووە، كە پێشتر لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بوو دواتر جیابوەوە و چووە ریزی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری.


(درەو میدیا): ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لە شاری سلێمانی كۆبونەوەی ئاسایی خۆی كرد. لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەچوو، ئەمە یەكەمین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو. كۆبونەوەكە لەكاتێكدا بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان ناڕازییە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە و دەڵێ "یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ساختەكاری بەرفراوانیان لە پرۆسەكەدا كردووە". كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر سێ تەوەری سەرەكی بوو: یەكەم: پرۆسەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار دووەم: پرسی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی سێیەم: هێرشی چەكداری بۆسەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە (درەو میدیا) زانیویەتی لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا زۆرینەی بەشداربووان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ساختەكارییەكی بەرفراوان لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاردا كراوە، لە كۆبونەوەكەدا راپۆرتێك خوێندراوەتەوە و لە راپۆرتەكەدا سامپڵی دەنگدان لە ژمارەیەك بنكە وەرگیراوە و بەپێی سامپڵەكان پێشبینی كراوە رێژەی كورسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی (7) كورسی بێت، لەكاتێكدا بەپێی ئەنجامەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن تەنیا (4) كورسییان بۆ دانراوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەبارەی پرسی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسییەوە، لەناو جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا دوو بۆچوون هەبووە، هەندێك لەگەڵ بایكۆت و هەندێكی تر دژی بوون، بەڵام زۆرینە دژی بایكۆتكردن بوون. ئەندامانی خانەی راپەڕاندن زۆرینەیان دژی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوون، لەسەرو هەموشیانەوە (عومەر سەید عەلی) رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە، لەبەرامبەردا لەناو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەریەكە لە (عوسمان حاجی مەحمود) و (شۆڕش حاجی) لەگەڵ بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی بوون. هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەبارەی هێرشی چەكداری بۆسەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لە ئێوارەی رۆژی 12-5، زۆرینەی ئامادەبوانی كۆبونەوەكە پێیانوابووە ئەو هێرشە كارێكی تاكەكەسی نەبووە، بەڵكو رێكخراو بووە و بە ئاگاداری بەرپرسانی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كراوە. ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دوو بژاردەدایە، بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی و كشانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاخود بەشداریكردن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق و گوێنەدان بە نیگەرانی جەماوەر و دەنگدەرانی بزوتنەوەكە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن. بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بڕیاردان لەسەر هەر پرسێك سەرەتا دەبێت جڤاتی گشتی كۆببێتەوە كە جڤاتێكی راوێژكارییە و توانای بڕیاردانی نییە، دواتر جڤاتی نیشتیمانی كۆدەبێتەوە كە وەكو پەرلەمانی حزبە و لەوێ بڕیارەكان دەردەچێن. رۆژی پێنج شەممە جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە و چەند راسپاردەیەكی ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی كرد، زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی گشتی لەگەڵ ئەوەبوون بزوتنەوەی گۆڕان پرۆسەی سیاسی بایكۆت نەكات، بەڵام بۆ ماوەیەكی دیاریكراو ئەنجومەنی نوێنەران بكشێتەوە وەكو نیشاندانی ناڕەزایەتی دژ بە "پرۆسەی ساختەكاری و ئەنجامەكانی هەڵبژادن".  سەرباری بۆچونی پێشوەختی جڤاتی گشتی، بەڵام لە كۆبونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆیدا جڤاتی نیشتیمانی هیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوەی لەبارەی پرسی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی نەدا. بەپێی ئەو بەیاننامەیەی كە دوای كۆبونەوەكە بڵاوكرایەوە، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان چاوەڕوانی ئەوە دەكات پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و چەند پارێزگایەك دووبارە بكرێتەوە یاخود دەستكاری ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بكرێت، ئەگەر ئەمە نەكرا ئەو كات بڕیار بدرێت و یەكێك لە بژاردەكانیش كشانەوە بێت لە پرۆسەی سیاسی. بڕیارنەدانی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتێكدایە ئێوارەی ئەمڕۆ دواین هەوڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنەكە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ سێیەمجار شكستیهێنا لە دەركردنی هەر بڕیارێك سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەرەنجامەكانی، ئەوەش بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان. بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پێنج لایەنی سیاسی كوردستانیدا كە بریتین لە (كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری- بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان- حزبی شیوعی كوردستان) ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئەو پێنج لایەنە هەمویان چاوەڕوانی بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن سەبارەت بە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی و كشانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام لە كۆبونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆیدا جڤاتی نیشتیمانی دەرگای بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە بە كراوەیی هێشتەوە.  


(درەو میدیا): كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هات، لەبەیاننامەیەكدا جڤات رایگەیاند، ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار راستنەكرێَتەوە، هەموو بژاردەكان لەبەردەم گۆڕاندا كراوە دەبن بە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسیشەوە. جڤاتی نیشتیمانی كە لایەنێكی بڕیاردەرە بەپێی دەستوری گۆڕان لەبەیاننامەكەیدا داوا لە هێز و لایەنە سیاسییە "نیشتیمانی"یەكانی كوردستان دەكات بەرەیەكی بەرفراوان پێكبهێنن لەپێناو گۆڕانكاری ریشەیی لە هەرێم. دەقی راگەیەنراوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان: ئەمڕۆ ٢٦/٥/٢٠١٨ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا. لە كۆبونەوەكەدا بارودۆخی كوردستان‌و پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ‌و ساختەكارییە رێكخراو و لە رادەبەدەرەكەی پارتی ‌و یەكێتی تاووتوێكران. جڤاتی نیشتمانی سوپاسی هاوڵاتیانی كوردستان دەكات كە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنیان كرد. هەروەها سوپاسی هەڵسوڕاو و دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات كە ماندونەناسانە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە گوڕوتینەوە كاریان بۆ سەرخستنی لیستی گۆڕان كرد. كۆبونەوەكە بڕیاریدا بە: یەكەم: ئیدانەكردنی ئەو ساختەكارییە رێكخراوەی یەكێتی ‌و پارتی كە بەهۆیەوە دەنگی سەدان هەزار هاوڵاتی كوردستانیان دزی ‌و سەرەتاییترین مافی هاوڵاتیانی كوردستانیان پێشێل كرد. جارێكی تریش سەلماندیان كە لە پێناوی بەرژەوەندی حیزبی خۆیان‌ سڵ لە هیچ رەفتارێك ناكەنەوە. بەڵام بەو رەفتارەیان هاوڵاتیانی كوردستانیان رق ئەستورتر كرد بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە شكسخواردوو خۆسەپێنە. دوەم: توندی ئیدانە كردنی پەلامارە ترسنۆكانەكەی چەكدارانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە لە ئێوارەی ١٢/٥ دا كردیانە سەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی. سێیەم: رەتكردنەوەی سەرتاپای ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. لە هەمان كاتدا چاوەڕێی رێكارە یاساییەكان‌ و هەوڵە سیاسی ‌و دیپلۆماسییەكانین بۆ دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی هەرێم ‌و پارێزگاكانی كەركوك ‌و موسڵ، یان راستكردنەوەی ئەنجامەكان ‌و گێڕانەوەی دەنگە راستەقینەكانی هاوڵاتیانی كوردستان. بەپێچەوانەوە هەمو بژاردەیەك لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان كراوەیە، بە بڕیاری بایكۆتی سیاسیشەوە، بە راوێژ لەگەڵ یەكگرتوی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌ و دادپەروەری، بزوتنەوەی ئیسلامی ‌و حیزبی شیوعی كوردستان. هەروەها داوا لە هەمو هێزو لایەنە كوردستانییە نیشتمانییەكان دەكەین بەرەیەكی فراوان دروست بكەن بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لە هەرێمی كوردستان. هاوڵاتیانی كوردستان بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای بەو راستییەیە كە ئیرادەی گەلەكەمان لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتو بوەو ئەو ساختەكارییەی پارتی‌ و یەكێتی، باشترین بەڵگەیە كە ئەو رەفتارەیان لە ئەنجامی ئیفلاسی سیاسی ‌و جەماوەرییانەوەیە. دوابەدوای هەوڵەكانی گۆڕان ‌و هێزە كوردستانییەكانی تر بۆ ساخكردنەوەی دەنگەكانی هاوڵاتیان چەندین هێزو لایەنی سیاسی عێراقی ‌و نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلە دەكەن لە ساختەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن. هەروەها دروستكردنی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە هەنگاوێكی ئەرێنی ‌و دانپێدانانە بە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا. لە كۆتاییدا داوا لە هاوڵاتیانی كوردستان دەكەین بە گوڕوتینەوە خۆیان ئامادە بكەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە ٣٠/٩ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێ. ئەمەش بۆ بەدیهێنانی گۆڕانكاری ریشەیی لە نەخشەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان ‌و سیستمی حوكمڕانی ‌‌و پوچەڵكردنەوەی پیلانەكانی پارتی‌ و یەكێتی. هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان سەنگی مەحەك دەبێ بۆ بڕیاردان لەسەر شێوازی خەبات‌ لە پێناوی بەدیهێنانی گۆڕانكاری ‌و چاكسازی لە هەرێمی كوردستان. جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان  


(درەو میدیا) فەلەكناس ئوجا، پەرلەمانتاری شاری ئامەدی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" لەسەر گەمارۆخستنە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دێتە دەنگ و دوو پرسیار ئاراستەی ئەحمەد ئەرسەلان وەزیری گواستنەوەی توركیا دەكات. ئوجا دەپرسێت بۆچی گەشتەكانی فڕۆكەخانەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر دەستیانپێكردوەتەوە بەڵام بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی راگیراوە؟، دەشپرسێت كەی گەشتە ئاسمانییەكان لە توركیاوە بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی دەستپێدەكەنەوە؟ پاش نزیكەی شەش مانگ بەسەر بڕیاری داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێم بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەكان لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە، ڕۆژی ١٥-٣-٢٠١٨، حكومەتی عێراق بڕیاریدا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێم هەڵبگرێت، بەڵام توركیا گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر دەستپێكردەوە و گەمارۆی خستە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی. عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەمیانەی وتوێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا وتی: "تائێستا بڕیاری حكومەتی توركیا ئەوەیە، كە ڕێگە نەدات بەگەشتی هیچ وڵاتێك لە فڕۆكەخانەكانیەوە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وە بەپێچەوانەشەوە، بەڵام ئەوەندەی ئاگاداربم حكومەتی عێراقی لەڕێگای وەزارەتی گواستنەوەی خۆیەوە باڵیوزخانەی توركیای ئاگاداركردووەتەوە بەپێی ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكان ‌و ئەو ڕێكەوتننامە دوو قۆڵییەی لە نێوان توركیا و عێراقدا هەیە مامەڵەی هاوشێوە بكات".  


(درەو میديا):  تائێستا لایەنە ناڕازییەكانی هەرێمی كوردستان روئایەكی روونیان نییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایارو ئەو دۆخەی لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانەوە دروستبووە. لایەنەكانی تر سەرقاڵی كۆبوونەوەو گفتوگۆكردنن بۆ پێكهێنانی حكومەت و دیاریكردنی نەخشەی داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، بەڵام لایەنە ناڕازییەكان هەر لە چوارچێوەی لێكدانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن دەخولێنەوەو تا ئێستا نەیانتوانیوە هەڵوێستێكی روون دەرببڕن، ئەو لایەنانە پێش هەڵبژاردن هیچ ئامادەكاری و هەنگاوێكیان نەناوە بە ئاڕاستەی رێگریكردن و چۆنیەتی روبەرووبونەوەی ساختەكاری و فێڵی سیاسی لە هەڵبژاردنەكان. دكتۆر نیاز نەجمەدین لە كورتە نوسینێكدا دەڵێ" ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی هەرێم بەر لە هەڵبژاردن هاوپەیمانیی هەبوایە لەگەڵ سائیرونی موقتەدا سەدر یان نەسری عەبادیی، ئەوا لە روبەڕوبونەوەی ساختەكارییدا تەنیا باڵ نەدەمایەوە. بەڵام بۆ ئەوەی پێیان نەڵێن عێراقچیین و پشتیان كردووەتە كوردایەتیی، نەیانوێرا".  ئێستا ئەو هێزانە بەدوای دەرەچەیەك دەگەڕێن بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتەكان، ئایا بایكۆت بكەن یاخود بچنە بەغدادو بەشداری پرۆسەیەی سیاسی بكەن، كە لە هەردوو حاڵەتەكەدا زیان و سودی خۆی هەیە. بەكر سدیق مامۆستای زانكۆ لە نوسینێكدا بەناوی" ئاگادارییەكی بەپەلە بۆ رێبەرانی حیزبە دەنگ دزراوەكان!" دەنوسێت" تاكە ئامرازێك كە پردەبازی دەرچونە لە نابوتكردنی رۆڵی ئێوەو  گێرانەوەی ئومێد بۆ خەڵكی هەژاری ئێمە و، دەربازبونمان لە پاوان و ساختەكاریی ئەو دەسەڵاتە، كە هۆكاری داتەپینی ژیانی گەلەكەمانە، بریتیە لە چەند بڕیارێكی چارەنوسساز كە خۆلادان لەو بڕیارانە، بەرای ئێمە كۆتایی رۆڵی ئێوە دەبێ لەم قۆناغە هەستیارەی دۆخی گەل و وڵاتەكەمان. بۆیە پێویستە پێش ئەوەی كوتلەی زۆرینە بۆ پێكهێنانی كابینە لە بەغداد رابسپێردرێ، ئەم بڕیارانەی خوارەوە بدەن: 1-     حەساسیەتی حیزبی بخەنە، خواری خوار مینیمەم و  هەمووتان لە یەك حیزبدا یان لە بەرەیەكی فراواندا خۆتان ئیعلان بكەن. 2-     سەركردایەتیەكی هاوبەش پێكبهێنن كە پێكبێ لە كەسی یەكەم و دوەمی هەر حیزبیكتان. 3-     ئەو یانزە كورسیەی بەدەستان هێناوە، بیكەنە یەك كوتلەی پەرلەمانی و، ئەو یانزە پەرلەمانتارە سوێند بخۆن كە لە رێبازو ئامانجی ئەو بەرە یان قەوارە یەكگرتوەی پێكی دەهێنن لانەدەن. 4-     بڕیاربدەن، لەگەل كوتلەی زۆرینەی بەغداد، هاوپەیمانی ببەستن و بەڕووی هەموو بەرژەوەندییە حیزبی و پشكە بەشەكانی ئەو جوت حیزبە بوەستنەوە و بەغداد بكەنە گۆرەپانی وشككردنی ئەو سەرچاوە سیاسی و دیپلۆماسی و مالیانەی، كە ئامرازی درێژەپێدەری سیاسەتی پاوانكاری و سوڵتانیانە و میلیشیاییانەی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەی هەرێمەكەمانە.  لە هەموو دۆخێكدا ئەم هێزانە دەبێت بڕیار بدەن، ناكرێت بەدیار چارەنوسی خۆیان دابنیشن و چاوەڕوانی قەدەری رۆژگار بن. دكتۆر جەعفەر عەلی لە نوسینێكدا بەناوی "لە بارەی بەشداری، یان بایكۆت لە بەغداد" دەنوسێت"بە دڵنیاییەوە بڕیاردان لە وەها پرسێك بە هەر بارێكیدا بێت، وەك ئاسان نییە، بێ كێشەش نابێ، بەڵام دەبێ بزانین هێزی سیاسی لەڕێی ئەم هەڵوێستانەوە دەتوانێ كاریگەرتر لە بەشداری ململانێی سیاسیدا بمێنێتەوەو ناسنامەی سیاسی و ستراتیژی كاری سیاسی خۆی دیاریبكات، نابێ لە ژێر فشاردا بڕیار بدات، دەبێ قازانجی سیاسی و ئایندەیی حیزبەكە، لە سەروو چەند هەڵوێستێكی بێ بیركردنەوەی قوڵ ببینێت. هەروەكچۆن دەبێ هێزی ئەوەیشی هەبێت بڕوا بە ئەندام و لایەنگران و دەنگدەرانی خۆی بهێنێت، كە قازانجی گەورەی سیاسی لە چ گۆشەیەكەوە روونتر دەردەكەوێ": 1-    بەشداریكرن لە پرۆسەی سیاسی عیراق، واتە هێشتنەوەی ئەم هێزە سیاسییانە لەنێو وێنە سیاسییە گەورەكەدا لە ئاستی سیاسی و پەیوەندی و بەریەككەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ كۆی هێزە عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندا. 2-     بەشداریكرن دەرفەتی زیاتر بۆ ئەم هێزە ناڕازییانەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەڕەخسێنێ، تا لە ئاستی عێراقی بتوانن پەیوەندی و تێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە دۆخی هەرێمی كوردستان و هەژموونی پارتی و یەكێتی بەسەر كۆی دەزگاو دامەزراوەكانی چەكداری و ئەمنی و دادگا و سامانی گشتییەوە، دروستبكرێت. 3-      هەموو هێزێكی سیاسی نوێ بەر لە هەر شتێك دەبێ هەوڵی ناساندنی ناسنامەی سیاسی خۆی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەو وڵاتان، بەڕێگەی دیپلۆماسی بدات، بەغداش بۆ ئێمە باشترین سەنتەری ئەم دەربازبوونەیە لە جوگرافیای بچووكی پەیوەندی سیاسی. بایكۆت ئەم كەناڵە بە تەواوی بەرتەسك و بچووك دەكاتەوە، وا دەكات لە نێو بازنەی رووبەرێكی لۆكاڵی هەرێمی كوردستاندا بمێنینەوە. 4-    بەشدارینەكردن لە عێراق، لە پلەی یەكەمدا، واتە بایكۆتی كۆمەڵێك هێزی براوەی وەك لیستەكانی (سەدر، فەتح، نەسر و حیكمەو ..)، نەك بایكۆتی پارتی و یەكێتی.  ئێستا خەریكە بۆچونەكان بارودۆخی هەڵبژاردن و ساختەكاری تێدەپەرێنن و چاوەكان لەسەر دروستكردنی بەرەكی تۆكمەیە لەلایەن هێزە نارازییەكانەوە، چ لە ئاستی بەغداد و چ لە ئاستی هەرێمی كوردستان، " بەرەیەك بەرامبەر پارتی و یەكێتی" ئەمە ناونیشانی بۆچونێكی بێستون فایەق پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕانە لە پەرلەمانی كوردستان، كە پێی وایە"  خەڵكی كوردستان لەم دۆخەی دوای دزین و ئاڵوگۆڕی دەنگەكانیاندا پێویستیان بە گەڕانەوەی متمانەو ئومێدە بۆ ئەوەی چوار مانگ دوای هەڵبژاردنێكی ساختە جارێكی تر متمانەیان بۆ دەنگدان و هەڵبژاردن و خەباتی پارلەمانی بگەڕێتەوە، نا ئومێدی ئێستای دەنگدەری كوردی دوای ئەو ئەنجامە سەرسوڕهێنەرەی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق و دەست گەیشتنی پارتی و یەكێتی بە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی ژماردنی دەنگەكان لە ئاستێكدایە، كە بڕوابون بە خەباتی پارلەمانی و هەڵبژاردن بۆ گۆڕانكاری لاواز بوەو بەشێك لە خەڵك هەڵبژاردن بە رێگەی راست و گەیشتن بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نابینن كە ئەمە مەبەست و ئامانجی یەكێتی و پارتییە".  بێستون فایەق پێی وایە دەبێت لایەنەكان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ئامادە بكەن، ئەویش بە درووستكردنی بەرەیەكی تۆكمە" دروستكردنی بەرەیەك بەرامبەر یەكێتی و پارتی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لە هێزە دەنگدزراوەكان لە هەموو كات گرنگترە و یەكێكە لە پێویستییەكانی قۆناغەكە و دەنگە ساختە كراوەكان ئەمانەت و متمانەی خەڵكەو لە گەردنی ئەو هێزانەدایە كە لە بنەڕەتدا و پێش تەزویر دەنگدەر دەنگەكەی پی داوە، بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری  كە دوای دزینی دەنگەكانیان زۆر لە یەك نزیكن بەرەیەك بەرامبەر یەكێتی و پارتی پێكبهێنن و لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەكدا بەشداری هەڵبژاردن بكەن (ئەم بەرەیە كراوەبێ بۆ لایەن و پێكهاتەكانی تری كوردستان".    


" لایەنە ناڕازیەكانی هەرێم هەموتان (بێ جیاوازی) لە ڕوكەشدا دژی سیاسەتی بنەماڵە چەتەگەرەكانن بەڵام لە روی فكریەوە بێ ئەوەی پێ بزانن ئاو دەكەنە ئاشی كوردایەتیەكەی ئەوانەوە كە فڕی بە مافەكانی خەلكی كوردستانەوە نیە و كوردایەتیان كردۆتە دیوارێك چەتەیی و خاك فرۆشی و نیشتیمانفرۆشی پێدا هەڵدەواسن" ئەمە وتەی هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕانە لە پەرلەمانی عێراق، كە لە وتارێكیدا بەناوی ( پەیامێكی ڕەخنەئامێز و ڕاشكاو بۆ لایەنە ناڕازیەكانی هەرێم) هۆشیار عەبدوڵا بەلایەنە نارازیەكانی هەرێم دەڵێت"  ئەو یەكریزیەی ئەوان داوای دەكەن یەكێكە لەو درۆیانە زۆر دەمێكە ئێوە باوەریان پێدەكەن و نایەن هەڵیتەكێنن و مۆدێلێكی نیشتیمانی بۆ یەكڕیزی گەرح بكەن ، ریفراندۆم یەكێكی تر بو لەو درۆیانە پێی خەڵەتان و نەك گوێتان لە دەنگی خەلكانی وەك نوسەری ئەم دێرانە نەگرت بە هەوای دو بنەماڵەكە كەوتنە تەخوینمان . هۆشیار عەبدوڵا ئاماژە بەوەش دەكات" پێش هەڵبژاردن وەفدێكی لیستی سائیرون هاتنە سلێمانی وتیان هاتوین تەنها بۆ بانگهێشتی هاوپەیمانیەكەی كاك بەرهەم و بزوتنەوەی گۆڕان كە لەگەڵماندا بن ، لە ترسی تەخوینی یەكێتی و پارتی نەڕۆشتن و ئێستا هەردوكیان كەتون بەسەر شان و باڵی صەدردا ئاگای لێیان بێت، فكرەی دانانی كاندیدتان لە هاوپەیمانیەتیەكانی بەغداد رەتكردەوە و دژی هەوڵەكانیی ئێمە بون پێتان وابو بۆ حەیا و حورمەتی كوردایەتیەكەی دو بنەماڵەكە جوان نیە، ئێستا هەردوكیان دو پەرلەمانتاریان لەبەغداد بەهەر رێگایەك هەیە دەرچواند .  لە كۆتایی نوسینەكەیدا هۆشیار عەبدوڵا هۆشداری دەدات لایەنە نارازیەكانی هەرێمی كوردستان و دەڵێت" ئێوە چارەسەرێكی ئەو كێشە بونیادیە نەكەن نە دەتوانن هیچ بگۆڕن نە چیتر خەڵكیش چاوی ئومێدی لێتان دەبێت و دەیانیی وەك ئێمەش دور لەو چەقینەی ئێوە لە زەلكاوی كوردایەتیەكەی یەكێتی و پارتیدا میمبەری راشكاو و ئاشكرا و جیای دەبێت بۆ جوڵە سیاسیەكانیی "   دەقی وتارەكە  پەیامێکی ڕەخنەئامێز و ڕاشکاو بۆ لایەنە ناڕازیەکانی هەرێم هۆشیار عەبدوڵا ئێوە پێش تەزویر کێشەیەکیی ترتان هەیە کە گرنگترین و بنچینەیی ترین كێشەیە و بێ یەکلاکردنەوەی ئەو کێشەیە هەرگیز ئەو دو بنەماڵەیەتان بۆ تێناپەرێندرێت. کێشەی ئێوە کێشەیەکی فکریە کە تایبەتە بەو گوتارەی سیاسەتی پێ ئاراستە دەکەن ، ئێوە هەموتان (بێ جیاوازی) لە ڕوکەشدا دژی سیاسەتی بنەماڵە چەتەگەرەکانن بەڵام لە روی فکریەوە بێ ئەوەی پێ بزانن ئاو دەکەنە ئاشی کوردایەتیەکەی ئەوانەوە کە فڕی بە مافەکانی خەلكی کوردستانەوە نیە و کوردایەتیان کردۆتە دیوارێك چەتەیی و خاک فرۆشی و نیشتیمانفرۆشی پێدا هەڵدەواسن . ئێوە دەبێت دیدێکی نیشتیمانیی دور لەو کوردایەتیە موزەیەفەی ئەو دو حزبە تەبەنی بکەن و فکری ئەوان رەتبکەنەوە و نەکەونە دوای درۆکانیان کە بەناوی داکۆکی لە نەتەوەی کوردەوە دەیکەن و هەمو جارێکیش ئێوە فریوی پێدەخۆن . ئەو یەکریزیەی ئەوان داوای دەکەن یەکێکە لەو درۆیانە زۆر دەمێکە ئێوە باوەریان پێدەکەن و نایەن هەڵیتەکێنن و مۆدێلێکی نیشتیمانی بۆ یەکڕیزی طەرح بکەن . ریفراندۆم یەکێکی تر بو لەو درۆیانە پێی خەڵەتان و نەک گوێتان لە دەنگی خەلکانی وەک نوسەری ئەم دێرانە نەگرت بە هەوای دو بنەماڵەکە کەوتنە تەخوینمان . پێش هەڵبژاردن وەفدێکی لیستی سائیرون هاتنە سلێمانی وتیان هاتوین تەنها بۆ بانگهێشتی هاوپەیمانیەکەی کاک بەرهەم و بزوتنەوەی گۆڕان کە لەگەڵماندا بن ، لە ترسی تەخوینی یەکێتی و پارتی نەڕۆشتن و ئێستا هەردوکیان کەتون بەسەر شان و باڵی صەدردا ئاگای لێیان بێت . فکرەی دانانی کاندیدتان لە هاوپەیمانیەتیەکانی بەغداد رەتکردەوە و دژی هەوڵەکانیی ئێمە بون پێتان وابو بۆ حەیا و حورمەتی کوردایەتیەکەی دو بنەماڵەکە جوان نیە، ئێستا هەردوکیان دو پەرلەمانتاریان لەبەغداد بەهەر رێگایەک هەیە دەرچواند . دەیان نمونەی ترتان بۆ دەژمێرم کە ئێوە خۆتان ئاو دەکەنە ئاشی گوتارە دژە کوردەکەی یەکێتی و پارتی ، باشە هەر پرسیارێکی سادە زۆر سادە ؟ هیچ شتێک ماوە ئەو دو بنەماڵەیە بە خەلكی کوردستانیان نەکردبێت ؟! هیچ بەدکاریەک ماوە ئەنجامیان نەدابێت ؟! هەر دەنگی خەڵک مابو ئەویشیان نەدزی ؟! ئەی باشە ئەوە بۆ یەکڕیزی لەگەل ئەوان کوردایەتیە بەڵام هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە عێراقیەکان بە ئەجێندایەکی نیشتیمانی لە بەرژەوەندی خەڵک هەرێم خیانەتە ؟! بۆ ؟! لە چوار ساڵی رابردودا لەگەڵ هەمو قیادەی گۆڕان ئەو شەرە فکریەمان هەبوە و ڕای من رونە لایان ، لەگەڵ کاک بەرهەم و مامۆستا علی باپیر چەندین جار و مامۆستا صەلاحەدینیش جارێک هەمان نیقاشمان بوە ، کاتیەتی لە ڕوی فکریەوە یەکێتی و پارتی رەتبکەنەوە بەر لەوەی لەسەر تەزویر یا کێشەی فەنیی و ئالیەت رەتیان بکەنەوە . ئەوە کوردایەتیەکەی ئەوانە دەڵێت ئەمڕۆ تەزویری لێبکە ، سبەی لە ترسی ئەوەی تەخوینی نەکەم رادەکاتەوە بە دوامدا بۆ بەغداد ، ئەو دو بنەماڵەیە لەسەر بەڕەیەکی موزەییەف دانیشتون دەبێ هەڵیان ستێنن و ئەو بەڕەیە بگۆڕن بە دیدی نیشتیمانیی نوێ. تاکەی دانبەوەدا نانێن مۆدێلی رابردوی کەوتنە پاڵ ئەم گوتارە حزبیە بنەماڵەییە شکستی خواردوە و تەنها بەدبەختی بۆ هاوڵاتی هەرێم هێناوە و بەس، تاکەی ؟! ئێوە چارەسەرێکی ئەو کێشە بونیادیە نەکەن نە دەتوانن هیچ بگۆڕن نە چیتر خەڵکیش چاوی ئومێدی لێتان دەبێت و دەیانیی وەک ئێمەش دور لەو چەقینەی ئێوە لە زەلکاوی کوردایەتیەکەی یەکێتی و پارتیدا میمبەری راشکاو و ئاشکرا و جیای دەبێت بۆ جوڵە سیاسیەکانیی .


درەو میدیا:  لە رونكردنەوەیەكدا ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وەڵامی چوار لایەنەكە ( گۆڕان ، كۆمەڵ، هاوپەیمانی، یەكگرتوو) دەداتەوەو رایدەگەیەنێت: وردەكاری گەڕانەوەی نوێنەرەكەمان لەبەغدا بەهەموو قەوارەكان وتراوەو ئاگاداریشكراونەتەوە بەهێنانی هارد دیسك تا لەگەڵ هاتنەوەی نوێنەرەكەماندا دەستبكەین بەپرۆسەی كۆپیكردنی وێنەی كارتەكانی دەنگدان. لە رونكردنەوەكەدا هاتوو: دوێنێ پێنجشەممە 24-5-2018 بەپەلە نوێنەری ئۆفیسی سلێمانی ئیفاد كراوە بۆ نوسینگەی نیشتمانی لە بەغدا بەمەبەستی وەرگرتنەوەی وێنەی كارتەكانی دەنگدان، كە خراوەتە سەر هارد دیسك، ئەمڕۆ 25-5-2018 نوێنەرەكەمان لە بەغداوە بەڕێگای وشكانی بەڕێكەوتووە بەرەو سلێمانی، ناوبراو لەكاتی دەركردنی بەیاننامەی پارتە سیاسییەكان لەڕێگا بووە بەرەو سلێمانی. ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆن لەبەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەیدا دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ هەینییە ستافێك لە كارمەندانی ئۆفیس لە دەوامدان بەمەبەستی پێدانی وێنەی كارتەكانی دەنگدان بە قەوارە سیاسییەكان بە زووترین كات.  


(درەو میدیا):  " بڕیار لەدەستی حزبە كێ رەوانە دەكەن و من غەدرو ناهەقیم بەرامبەر كراوەو شكۆم شكێنراوەو دەنگەكانم كەمكراوەتەوە" ئەمە وتەی شاڵاوی مەلا ئەمین خۆشناو كاندیدی ژمارە 10ی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە پارێزگای هەولێر و بەپێی ئەنجامی كۆتایی ( 8836 ) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام دەرنەچووە. د. شاڵاو خۆشناو لە رونكردنەویەكدا ئاماژە بەوە دەكات" چونكە نەچوومە بەر دەرگای بازرگان وچەرچیەكان ، تەنها پشتم بە پێشمەرگەو خانەوادەی شەهیدان قایم كرد ، سەردانی هەزاران ماڵە هەژارم كرد ، بویە غەدر وناهەقیم بەرامبەر كرا ، بەڵام پشتیوان بە خوداو پشت ئەستور بە جەماوەر لە مەیدان قوڕسایی خۆم و هەقیقەتی دەنگەكانم ئیسپات و تەئكید دەكەمەوە ... ئەو پێشی وایە حزب خۆی كاندیدەكانی داناوەو بڕیاری دەرچونیانی داوەو تەنها دەنگیان بە هەندێكیان كۆكردۆتەوە"  بڕیار لە دەست ( حیزبە ) كێ ڕەوانە دەكەن پۆ پۆستەكان، بەڵام ئەگەر من بە پێوێست نازانن یان خەڵكی ترتان پێ باشترە ، دەكرا بە ڕیكەوتن و گفتوگۆ بوایە نەوەك شكۆ شكاندن و دەنگ پێ كۆكردنەوە و دوایش دەنگ كەم كردنەوە و خەڵك بە پێش خستن " ئەو كاندیدە دەرنەچووەی پارتی گلەیی زۆر لە حزبەكەی دەكات كە بازرگانی دزو جامباز و چەرچی دەرچواندووە"  مەخابن ستەم لە كادیری خۆت بكەی بۆ سەرخستنی بازرگانێكی دز ، جامباز و چەرچی بەرپرسە كان كە بە ملیونان دۆلار ویژدانی خەلك و وەلای كادیرو ئۆڕگانەكانی پارتی بكرێت ،ئەمە ڕیگە خۆش دەكات بە پارە خۆیان بفرۆشنە لایەنەكانی تریش ، یان بە تەوجیه پشتیوانی مەلایەك بكرێت كە بە زمانی خۆی هاوار دەكات پارتی نیمە ، یان كادیری خۆت بكەیتە قوربانی هەندێك كەسی سوك و وهەندێك شتی قیزەوەن !!!"  داواش لە سەرۆكی حزبەكەی دەكات لیچكۆڵینەوە لەو بابەتە بكەن و داكۆكی لە كادرەكانی خۆی بكات. دەقی رونكردنەوەكە   بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان ... سڵاوتان لێبیت .... عیبادەت و ڕۆژوتان قەبول .. پێویستە سەبارەت بە هەڵبژاردنی خۆم ڕاستیەكان بۆهەمووان ڕون بكەمەوە ... ـــ دیارە سێ یەكی تەمەنی خۆم كە دەكاتە 15 ساڵ وەكو كادێرێك خستۆتە خزمەت (لقی 16 ) و خەڵكە سەربەرز ووتێكۆشەرەكەی ، بە قەڵەم ونووسین وتفەنگ و پێشمەرگایەتی و تەواوی توانا سیاسی و فیكری و مەعریفی وتەنزیمی و كۆمەڵایەتی و جەماوەریەكانی خۆم ماندوونەناسانە شەو ڕۆژ خزمەتی پارتی م كردوە .. . ـــ وێڕای ئەركی بەرپرسارێتی مەكتەبی جەماوەریەكان وسروشتە كۆمەڵایەتیەكەی خۆم ، بە بێ ویستی خۆم مەسئولیەتی لێكۆڵینەوەی سەرجەم فایلەكانی (گەندەڵی ، دزی ، شتی نەشیاو، تەجاوزی ) بەرپرسە حیزبی وئیداریەكانی دەوروبەرم خراوەتە سەر شان ، پاك و بێ باك ، دڵسۆز وبوێرانە تەحەدای پەتای گەندەڵی م كردوە ، كە پێم وایە هەڕەشەیكی جیدیە بۆ سەر وڵات وگەل و حیزبەكەم ... ـــ دیارە هەر ئەمەش وای كرد لە هەڵبژاردن زۆربەی هەڤاڵەكانم نەوەك هەر هاوكارم نەبوون ، بەڵكو (بە بەڵگەوە ) ڕێگەشیان نەدا كادیرە دڵسۆزەكانی لق و ناوچەو ڕیكخراوەكان هاوكاریم بكەن ، لە زۆ بەی ئۆڕگانەگان ناوی من قاچاخ و بڤە و قەدەخەبوو . ـــ هەزاران دڵسۆزی پارتی مان وهەزاران كەسی بەئەمەك لە خەڵكی توڕەی بێ لایەن ولایەنەكانیش دەنگیان بە بەندەو و پیگەی پاك ومیژووی خزمەت كارانەی خانەوادەكەمان داوە ، تەوژمی پشتیوانی خەڵك سەرسامی دروست كرد ، سەری منی بڵند ڕاگرت ، شتێكیان بۆ ئێمە كرد زۆر لە بەغداو عیراق گەورەترە ، هەتا ئەبەد منەت بار و خزمەت كاری هەڵویستی جوامێرانەی ئەوجەماوەرە خۆشەویستە ئەبم و دەنگەكانیان ئەمانەتە لە ئەستۆم و و پارێزگاری لێ دەكەم ... ـــ چونكە نەچوومە بەر دەرگای بازرگان وچەرچیەكان ، تەنها پشتم بە پێشمەرگەو خانەوادەی شەهیدان قایم كرد ، سەردانی هەزاران ماڵە هەژارم كرد ، بویە غەدر وناهەقی م بەرامبەر كرا ، بەڵام پشتیوان بە خوداو پشت ئەستور بە جەماوەر لە مەیدان قوڕسایی خۆم و هەقیقەتی دەنگەكانم ئیسپات و تەئكید دەكەمەوە ... ـــ بڕیار لە دەست ( حیزبە ) كێ ڕەوانە دەكەن پۆ پۆستەكان، بەڵام ئەگەر من بە پێوێست نازانن یان خەڵكی ترتان پێ باشترە ، دەكرا بە ڕیكەوتن و گفتوگۆ بوایە نەوەك شكۆ شكاندن و دەنگ پێ كۆكردنەوە و دوایش دەنگ كەم كردنەوە و خەڵك بە پێش خستن .... _ ـــ مەخابن ستەم لە كادیری خۆت بكەی بۆ سەرخستنی بازرگانێكی دز ، جامباز و چەرچی بەرپرسە كان كە بە ملیونان دۆلار ویژدانی خەلك و وەلای كادیرو ئۆڕگانەكانی پارتی بكرێت ،ئەمە ڕیگە خۆش دەكات بە پارە خۆیان بفرۆشنە لایەنەكانی تریش ، یان بە تەوجیه پشتیوانی مەلایەك بكرێت كە بە زمانی خۆی هاوار دەكات پارتی نیمە ، یان كادیری خۆت بكەیتە قوربانی هەندێك كەسی سوك و وهەندێك شتی قیزەوەن !!! ـــ چاوەڕوانی سەرۆك دەكەم بۆ لیكۆلینەوە لەم بابەتە و داكۆكی كردن لە كادیرەكانی خۆی ، داوا لە سەرجەم هەڤاڵ و دۆست و خۆشەویستان دەكەم هێمن بن و هیچ قسەو پۆستێك لەسەر ئەو بابەتە نەكەن ، كاتی ساغ بوونەوەی ڕاستیەكان بەپێی پێویست ولە ئاست پێشهات و ڕوداوەكەكان هەڵوێستی پێویست و قسەی خۆم دەبێت ... شاڵاوی مەلا ئەمین خۆشناو.... 22 ی ئایاری 2018  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand