Draw Media

پارتی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ سلێمانیدا ئاشتدەكاتەوە

پارتی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ سلێمانیدا ئاشتدەكاتەوە

2019-04-08 14:31:51


راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت- محەمەد رەئوف

پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی لەڕێگەی پۆستێكەوە خستوەتە نێوان بەرداشی یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ئەگەر كێشەی ئەو پۆستە چارەسەر نەكرێت، رەنگە پرۆسەكەی بگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.
پارتی لەم خولەدا دەیەوێت دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ خەڵكی سلێمانی ئاشتبكاتەوە، ئەمەش لەڕێگەی كردنەوەی نوسینگەیەكەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی دواین پەرەسەندنەكان بڵاودەكاتەوە.

كێشەیەكی نوێ
رۆژی 6ی ئەم مانگە، وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی تر سەردانی شاری سلێمانی كرد.
وەفدەكەی پارتی لەم سەردانەدا، تەنیا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە.
لەو كۆبونەوەیەدا، وەفدی پارتی پێشنیازی زیادكردنی جێگرێكی تریان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم خستەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان.
بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم تەنیا یەك جێگری هەیە، پێشتر پارتی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەو پۆستەی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلاكردەوە.
بەمدواییە، پارتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی رێككەوتنێكی نوێی كرد، لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا بەڵێنی بە یەكێتیدا، جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت‌و ئەو پۆستە بە یەكێتی بدرێت.
لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، پێشنیازی فراكسیۆنی یەكێتی بۆ زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، جێگیركرا‌و بڕیارە لە خوێندنەوەی سێیەمی كۆتایی پرۆژە یاسای تایبەت بە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكدا، پەسەندبكرێت.
ئەو پۆستەی كە بەیەكێتی دەدرێت لە سەرۆكایەتی هەرێم ناوی "جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازیی"ە، ئەمە بزوتنەوەی گۆڕانی نیگەران كردووە، چونكە ئەگەر كاروباری سەربازی لای جێگرەكەی یەكێتی بێت، جێگرەكەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی هەرێم هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆی نامێنێت. 
ئەمە هۆكارەكە بوو، كە بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیازی پارتی بۆ زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم رەتكردەوە.

گۆڕان مەرجی هەیە
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە سەرچاوەیەكەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دەستیكەوتووە، لە كۆبونەوەكەی رۆژی 6ی مانگدا، لەبەرامبەر قایلبوون بە زیادكردنی جێگرێك بۆ پۆستی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان مەرجی هەبووە، مەرجەكەشی ئەوە بوو، پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە بە بزوتنەوەی گۆڕان بدرێت، چونكە پێشتر گۆڕان داوای پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت یاخود جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كردووە‌و هیچ یەكێك لەو دوو پۆستەی پێنەدراوە، سەرباری ئەوەش بەپێی رێككەوتنی نێوانیان، بڕیاربووە سەرۆكی هەرێم تەنیا یەك جێگری هەبێت‌و ئەو پۆستەش لای گۆڕان بێت.
ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بەمەرجێك رازییە جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە یەكێتی بدرێت‌و دەستبەرداری پۆستەكەی خۆی ببێت لە سەرۆكایەتی، كە وەزارەتی پێشمەرگە لای گۆڕان بێت، بەڵام یەكێتی ئامادەنییە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ گۆڕان بەجێبهێڵێت.

چارەسەری كۆتایی
ئێستا لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان دوا راپۆرتی خۆی لەبارەی پرۆژەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ئامادەكردووە‌و لە پرسی جێگری سەرۆكی هەرێمدا تەنیا یەك پێشنیاز هەیە كە پێشنیازەكەی یەكێتییە بۆ زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و ئەو پێشنیازەش جێگیركراوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، ئەگەر تاوەكو سبەینێ، پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان رازی نەكات لەسەر زیادكردنی ئەو جێگرە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، رۆژی چوارشەممە كۆبونەوەی پەرلەمان دەكرێت بۆ دەنگدانی كۆتایی لەسەر پرۆژەیاساكە‌و پێشنیازەكەی یەكێتی بۆ زیادكردنی جێگرێكی تر پەسەند دەكرێت، چونكە یەكێتی بە پارتی راگەیاندووە، ئەو حەقی بە نیگەرانییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نییە‌و چاوەڕێی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە دەكات كە پارتی لەگەڵیدا كردووە.
ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لەحاڵی زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، وەرگرتنی پۆستەی لە سەرۆكایەتی هەرێم رەتبكاتەوە یاخود بیگۆڕێتەوە بە پۆستێكی تر، لە پرۆژەیاساكەی پەرلەماندا دەنگ لەسەر یەك جێگر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەدرێت‌و ئەو پۆستەش لای یەكێتی دەبێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی بە فەرمی پارتی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی "ئەگەر ئەمجارە هەر كێشەیەك بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیان دروستبكرێت، یەكێتی رێككەوتنەكەی بەتەواوەتی هەڵدەوەشێنێتەوە‌و چیتر رێككەوتن لەگەڵ پارتیدا ناكات".
 
گۆڕان گومانی هەیە !
هەر لەو كۆبونەوەیەدا كە رۆژی 6ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان داوایان لە وەفدی پارتی كردووە، بەر لە دانانی وەزیرەكان، دەبێت پۆستەكانی بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكارەكان رادەستی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بكرێن كە رێككەوتنیان لەسەركراوە، بەڵام وەفدی پارتی رەتیانكردوەتەوە‌و پێیان راگەیاندوون، سەرەتا وەزیرەكان دادەنرێن دواتر بەرێوەبەری گشتی‌و راوێژكارەكان.
پاساوی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەم داواكارییە لە پارتی ئەوەبوو، لە كابینەی پێشوودا پارتی بەشێكی زۆری ئەو پۆستانەی رادەستی گۆڕان نەكردووە كە رێككەوتنی لەسەر كردووە.
رەنگە بەشێكی تری بێمتمانەیی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی، بۆ ئەو رێككەوتنە بگەڕێتەوە كە پارتی لەگەڵ یەكێتیدا كردویەتی لەسەر حسابی پۆستەكەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی هەرێم.

نوسینگەیەك لە سلێمانی !
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، رێككەوتنە بەتامی "دوو ئیدارەیی"، بەوپێیەی پارتی لە نیازی یەكێتی تێگەیشتووە كە ویستێكی هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ زەمەنی "دوو ئیدارەیی" یاخود لانی كەم "لامەركەزی ئیداریی"، بۆیە لە تەواوی جومگەكاندا پۆستی جێگری بەهەموو دەسەڵاتەكانییەوە بە یەكێتی بەخشیووە. 
(درەو میدیا) زانیویەتی، لەم خولەدا، نوسینگەی سەرۆكایەتی هەرێم لە سلێمانی دەكرێتەوە‌و جێگری سەرۆكی هەرێم لەو نوسینگەیەوە كاروباری خۆی بەڕێوەدەبات.
كردنەوەی نوسینگەی سەرۆكایەتی هەرێم لە سلێمانی، هەوڵێكی نوێی پارتییە بۆ ئاشتكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ خەڵكی سلێمانیدا، كە لە قۆناغی رابردوودا هەموو نیگەرانییەكان لەو دامەزراوەیە، لە سلێمانییەوە سەرچاوەیان دەگرت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand