گومان هەیە دەرمان بە نرخی گران بە تەندروستی بدات
2019-04-02 16:28:00
(درەو میدیا):
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان لێكۆڵینەوە لە نرخی هەندێك دەرمان دەكات كە كۆمپانیایەك بۆ تەندروستی دابین دەكاتو بە تەندەر بۆی دەرچووە.
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ژمارەیەك لە پزیشكەكانی كۆگای دەرمانو پێداویستی پزیشكی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، گومانیان لە نرخی هەندێك لەو دەرمانانە هەیە كە كۆمپانیای (دیوهیلث) بۆ تەندروستی گەرمیان دابینی دەكات.
لە نوسراوێكدا كە رۆژی 26ی مانگی رابردوو (13) كەس لە كارمەندانی بەشی دەرمانو پێداویستی پزیشكی ئاڕاستەی بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیانیان كردووە، ئاماژەیان بەوەكراوە" بۆیان دەركەوتووە دەرمانەكان نرخیان زۆر جیاوازەو ئەوەش جۆرێكە لە بەهەدەردانی ماڵی گشتی".
ئەو كارمەندانە پێشنیازیان بۆ بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان كردووە، لە دەرەوەی كۆگای دەرمان لیژنەیەك لە سێ دەرمانساز پێكبهێنرێت بۆ وەرگرتنی ئەو دەرمانانەی كە بە كۆگاكەیان گەیشتووە.
دكتۆر سیروان محەمەد جەمال بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) راستی بەڵگەنامەكەی پشتڕاستكردەوە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان رایگەیاند" هاوپێچمان لەسەر نوسراوی ئەو فەرمانبەرانە نوسیوەو دۆسیەكەمان ئاڕاستەی بەشی یاساییو گرێبەستەكان كردووە بەمەبەستی لێكۆڵینەوە".
وتی:" بەدواداچوون دەكەین لەسەر نرخی ئەو دەرمانانەی كە كۆمپانیای (دیوهیلث) بۆ تەندروستی گەرمیانی دابین دەكات، دوای تەواوبونی لێكۆڵینەوەكان ئاگادارتان دەكەینەوە".
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، گومان هەیە دوای دەرچوونی تەندەرەكە بۆ ئەو كۆمپانیایە، نرخێكی جیاوازتر لەو نرخە ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی كرابێت كە لە تەندەرەكەدا هاتووە.
ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی:" دەبێت لێكۆڵینەوە بكرێت لەو نرخانەی كە ئەو كۆمپانیایە بۆ وەرگرتنی تەندەرەكە پێشكەشی كردووەو بەراورد بكرێت بەو نرخانەی كە كۆمپانیاكانی تر پێشكەشیان كردووە، بۆئەوەی بزانرێت ئایا تەندروستی بە كەمترین نرخ تەندەرەكەی بەو كۆمپانیایە داوە یاخود نا، هەروەها دەبێت بزانرێت ئایا دەستكاری نرخەكان كراوە لەدوای وەرگرتنی تەندەرەكە".