بارزانی مومارەسەی سەرۆكی هەرێم دەكات
2019-04-07 15:41:37
( درەو میدیا):
بەشداری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆڕبەندی ئابوری جیهانی لەئودن، بەبێ هیچ پۆستێكی فەرمی، سەرۆكایەتی وەفدی هەرێمی كوردستانی كردووەو لەگەڵ خۆی چوار وەزیری حكومەتی هەرێم و چەندین راوێژكار یاوەری دەكەن، سەرۆكایەتی وەفدی باڵای هەرێم لەلایەن مەسعود بارزانیەوە، ئەوە دەخاتە روو كە هێشتا بارزانی هەیمەنەی بەسەر دەسەڵاتدارێتی هەرێمی كوردستانەوەماوە، لەلایەكی تر ئوردن دەیەوێت لەرێگەی مەسعود بارزانیەوە پرۆژە ئابورییەكانی لە هەرێمدا پەرەپێبدات.
دوو وەفدی هەرێم بەشداربوون
رۆژی شەممە لە ناوچەی دەریای مردوو لە ئوردن، كارەكانی كۆڕبەندی ئابوری جیهانی دەربارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستو باكوری ئەفریقا بەرێوەچوو بەبەشداری چەندین سەركردەو گەورە بەرپرسانی جیهانی دەستی پێكرد. مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانو سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان بە یاوەری وەفدێكی حزبی و حكومیی رۆژی هەینی گەیشتە عەممانی پایتەختی ئوردنو دواتر بەشداری كارەكانی كۆنگرەكەی كرد.
وەفدەكەی بارزانی پێكهاتوو لە فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم.
هاوكات لەگەڵ وەفدەكەی بارزانیدا، وەفدێكی حكومەتی هەرێمیش كە لە رێباز حەملان وەزیری داراییو دەرباز كۆسرەت وەزیری ئاوەدانكردنەوەو عەلی سندی وەزیری پلاندانی حكومەتی هەرێم پێكهاتبوو بەشداری كۆڕبەندەكەیان كرد.
كێ سەرۆكایەتی وەفدی هەرێم دەكات؟
رێباز حەملان، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پۆستێكیدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی:" ئەمڕۆ 6/4/2019 لە وڵاتی ئوردن وەفدێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی و ئەندامێتی بەرێزان فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم و دەرباز كۆسرەت، وەزیری ئاوەدانكردنەوەو د.عەلی سندی، وەزیری پلاندانان و فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و سەروەر پێداوی و د.ئومێد صباح راوێژكارانی سەرۆك بارزانی بەشداری لە كۆربەندی ئابوری دەریای مردوو (world economic forum)كرا لەژێر ناوی "بونیادنانی پلاتفۆرمی نوێی پێكەوە كاركردن".
بەوتەی وەزیری دارایی وەفدەكەی هەرێمی كوردستان بۆ كۆڕبەندی ئابوری دەریای مردوو لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەوە سەرۆكایەتی كراوە، ئەوەش لە كاتێكدایە بارزانی تەنها سەرۆكی حزبێكی هەرێمی كوردستانەو هیچ پۆستێكی فەرمیی لە حكومەت فەرمانگە باڵاكانی تری حكومەتدا نەماوە.
ئوردن بۆچی بانگهێشتی بارزانی كردووە؟
ساڵانە كە ئەو كۆڕبەندە بەڕێوەدەچێت، ئوردن بە فەرمی مەسعود بارزانی بانگهێشتی ئەو كۆڕەندە ئابورییە دەكات، دەربارەی هۆكاری ئەوە غالب محەمەد پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت:" وڵاتی ئوردن دوو پرۆژەی گەورەی هەیە لە عێراقدا بەم بانگهێشتكردنەی مەسعود بارزانی ئەیەوێت پشتگیری بەدەستبهێنێت، لەبەرئەوەی بەشێكی زۆری ئەندام پەرلەمان و لایەنە عێراقیەكان دژی ئەو دوو پرۆژەیەن، چونكە هیچ سودێكی بۆ عێراق نیەو بەهەدەردانی سامانی عێراقە".
پرۆژەكان چین؟
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی گۆڕان كە لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رونیكردوەتەوە دوو پرۆژەكەی ئوردن ئەمانەن:
یەكەم: حكومەتی عێراق دەیەوێت بەڕێككەوتنی وەزیری نەوتی عێراق كە دانیشتوی ئوردن بووە پێش ئەوەی ببێت بە وەزیر، ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە بەنرخێكی زۆر هەرزان هەناردەی ئوردن بكات، ئەم كارەش لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی نیگەران كردووە، بەم بانگهێشتكردنە ئەیەوێت پشتگیری هەرێم بەدەست بێنێت.
دوەم: ئوردن بەڕێككەوتن لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق دەیەوێت پرۆژەیەكی ستراتیجی گەورە ئەنجامبدات، ئەویش ڕاكێشانی بۆریەكە لە(بەسرە)وە بۆ (عەقەبە) كە(18) ملیار دۆلاری تێدەچێت، ئەو پارەش لەئەستۆی عێراقدایەو ئوردن سودی لێدەبینێت، لەبەرئەوەی بەشێكی بەنرخێكی هەرزان پێدەفرۆشرێت.
پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی گۆڕان ئاشكراشیدەكات كە لەسەر ئەو دوو بابەتە داوایكردوە وەزیری نەوتی عێراق بانگهێشتبكرێت بۆ پەرلەمان لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت..
لە كۆتاییشدا پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی گۆڕان سەرسوڕمانی خۆی نیشانداوە لە بێ هەڵوێستی دەربارەی سەرۆكایەتیكردنی وەفدی هەرێم لەلایەن بارزانییەوە كە هیچ پۆستێكی حكومی نییە و دەڵێت:" پێویستە بپرسین و بزانین ئەو لایانانەی كە دەچنە حكومەت ئەوانەی لە حكومەت بون، ئەوەی ئۆپۆزسیۆنە، ئەوەی لەبەیندایە، بۆچی بێدەنگن؟ كاتی خۆی كە بەناشەرعی سەرۆكی هەرێم بوو هاوارمان دەكرد ئەو كارانەی ئەنجامیاندەدات نایاسایین، بەڵام ئێستا هەمومان ماوین و حیزبی تریش زیادیكردوە وە ئەو پۆستە نەماوە ئێستا، ئەی بۆ بێدەنگن".
كۆڕبەندەكەی ئوردن
لە كۆڕبەندەكەی ئەمساڵدا كە بۆ دەیەمین جارە لە ئوردن بەڕێوەدەچێتو دوو رۆژ دەخایەنێت، عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردنو مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینیو ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانو سەدان وەفدی حكومیی و بزنسمانو رابەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵەی مەدەنی زیاتر لە 50 وڵاتی جیهان ئامادەبوون.
بەوتەی رێكخەرانی لە كۆڕبەندەكەی ئوردندا رۆشنایی دەخرێتە سەر چوار تەوەری سەرەكی كە بریتین لە:
* بونیادنانی نمونەیەكی نوێی ئابوریو كۆمەڵایەتی لە ناوچەكەدا.
* داهاتووی بەڕێوەبردنی ژینگە لە جیهانی عەرەبیدا.
*گەیشتن بە زەمینەیەكی هاوبەش لە جیهانێكی فرە چەمكدا.
* شۆڕشی پیشەسازی چوارەم لە جیهانی عەرەبیدا.