یەكێتی گۆڕانكاری لە لیستی داواكارییەكانیدا دەكات
2019-04-02 17:32:16
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
بە بڕیارێكی بارەگای بارزانی لە پیرمام، پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەی ئەمڕۆی خۆی بۆ سبەینێ دواخست، یەكێتی گۆڕانكاری لە لیستی داواكارییەكانیدا كردووە، بارزانیش بە نوسراو وەڵامی داواكارییەكانی یەكێتی دەداتەوە.
بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوەو خوێندنەوەی دووەم بكات بۆ پرۆژەیاسای "كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانو هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تاوەكو پەسەندكردنی دەستور".
بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمانی كۆبونەوەكەی بۆ سبەینێ دواخست، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، دواخستی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان لەسەر داوای بارەگای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە.
بۆچی كۆبونەوەكە دواخرا ؟
(درەو میدیا) زانیویەتی، بەپلەی یەكەم دواخستی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان، بەهۆی پێشنیازی نێچیرڤان بارزانییەوە بووە، كە چووەتە بارەگای بارزانی لە پیرمامو نیگەرانی خۆی بە مەسعود بارزانی مامی راگەیاندووە لەبارەی ئەوەی" ئەگەر سەرۆكی هەرێم بەبێ بەشداری یەكێتیو لایەنەكانی تر هەڵبژێردرێت، تەنیا سەرۆكی زۆرنی زەرد دەبێتو مۆركی دووئیدارەیش لە هەرێم تۆختر دەكاتەوە".
سەرباری پشنیازەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ گفتوگۆكردنی زیاتر لەگەڵ یەكێتی، ژمارەیەك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش بەڕوونی بە سەركردەكانی پارتییان راگەیاندووە" پشتگوێخستی یەكێتی لەم بارودۆخەدا، ئاكامی باشی نابێتو لەگەڵ ئەوەدا بوون دەرفەتێكی تر بە یەكێتی بدرێت".
ئەمانە وایكرد، بارزانی دەرفەتێكی تر بدات بە یەكێتی بەر لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمو هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم.
بڕیاری بارەگای بارزانی بۆ دواخستی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، بۆ یەكێتی دڵخۆشكەر بوو، بەڵام سوپڕایزێكی چاوەڕواننەكراو بوو بۆ پەرلەمانتارانی پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان كە لەناو پەرلەماندا ئامادەكارییان دەكرد بۆ خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساكە.
یەكێتی سود لە دەرفەتەكە دەبینێ ؟
سبەینێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كۆدەبێتەوە، یەكێتی چاوەڕوانی سەردانی وەفدی پارتی دەكات بۆ سلێمانی لە چەند رۆژی داهاتوودا، بڕیارە وەفدی ئەمجارەی پارتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی بكات.
پێدەچێت كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دوابخرێت بۆ كاتێكی تر، بەوپێەی پەرەسەندنی نوێ لەدوای نامەكەی بارزانییەوە رویداوە.
یەكێتی ئێستا لە هەندێك لە داواكارییەكانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەت هاتووەتە خوارەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی ئێستا قایل بووە بەوەی سەرۆكایەتی چوار پۆستە باڵاكە وەرنەگرێت كە بریتین لە پۆستەكانی (وەزارەتی ناوخۆ- ئەنجومەنی ئاسایش- سامانە سروشتییەكان- فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە)، بەڵام داوا دەكات جێگری ئەو چوار پۆستە بە تەواوی دەسەڵاتەكانییەوە بدرێت بە یەكێتی.
سەرباری چوار پۆستە باڵاكە، یەكێتی داوای (6) وەزارەت دەكات لەگەڵ پۆستی بریكاری وەزارەتی دارایی بە تەواوی دەسەڵاتەكانییەوە، یەكێك لەو وەزارەتانەی كە یەكێتی جەخت لەسەر وەرگرتنی دەكات وەزارەتی شارەوانییە، ئەگەر ئەو وەزارەتە بە یەكێتی نەدرێت، داوا دەكات بریكاری وەزارەتەكەی بە تەواوی دەسەڵاتەكانییەوە پێبدرێت.
یەكێتی هاوكات داوای بەرپرسی (4) دەستە دەكات لەگەڵ (3) بەڕێوەبەرایەتی لەكۆی (11) بەڕێوەبەرایەتی ناو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان.
بارزانی وەڵامی یەكێتی دایەوە
(درەو میدیا) زانیویەتی، ئێوارەی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بە نوسراوێك وەڵامی داواكارییەكانی یەكێتی داوەتەوە.
لە وەڵامەكەیدا بارزانی رازیبووە لەسەر ئەوەی یەكێتی (6) وەزارەتو (3) دەستەو (3) پۆستی جێگری وەزیرو یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی وەربگرێت.
یەكێتی دەنگ بۆ یاسای سەرۆكایەتی دەدات !
لە هەموو حاڵەتێكدا دەبێت یەكێتی نیشتمانی هەڵوێستی خۆی لەبارەی پرۆژەیاساكەی پەرلەمانتارانی پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم رابگەیەنێت.
لە حاڵی رێككەوتندا لەگەڵ پارتی لەبارەی پۆستەكانەوە، ئێستا لەناو یەكێتیدا لەبارەی پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆچونی جیاواز هەن.
هەندێك لە یەكێتییەكان لەگەڵ ئەوەدان لەحاڵی رێككەوتندا لەسەر پۆستەكان لەگەڵ پارتی، فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان بكات لەبارەی پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، بەڵام لە كۆبونەوەكەدا تێبینییەكانی خۆیان لەسەر پرۆژەیاساكە بخەنەڕوو.
بۆچونێكی تر لەناو یەكێتیدا هەیە كە داوا دەكات لە هەموو حاڵێكدا یەكێتی خۆی لە بەشداریكردن لە پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بپارێزرێتو داوا بكات ئەو پرسە بۆ وەرزی دووەمی یاسادانانی پەرلەمان دوابخرێت، ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە زیاتر مەبەستیانە بەر لە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، گرەنتی تەواوەتی لەسەر پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت وەربگیرێت.
تێبینییەكانی یەكێتی لەسەر پرۆژەیاساكە
یەكێتی تائێستا بەڕوونی هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو پرۆژەیاسایەوە رانەگەیاندووە كە پەرلەمانتارانی پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشی پەرلەمانیان كردووەو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لەناو یەكێتیدا هەندێك تێبینی لەسەر پرۆژەیاساكە هەن كە ئەمانەن:
• دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم زۆرنو دەبێت هەندێكیان بگوازرێنەوە بۆ سەرۆكی حكومەت
• نابێت چارەنوسی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بسپێردرێت بە دەستور، كە لە پرۆژەكەی پارتیو گۆڕاندا چەسپێندراوە
• هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بە دەنگدانی ئاشكرا لەناو پەرلەمان كێشەی یاسایی هەیەو دەبێت ئەو پرۆسەیە بە دەنگدانی نهێنی بەڕێوەبچێت