(درەو میدیا): ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە. لە بەیاننامەكەدا ئەو چوار لایەنە سیاسییە دەڵێن: ماوەی دوو رۆژە ئۆفیسی پارێزگای سلێمانی لەرێگای نێردراوەكەیەوە بۆ بەغداد، وێنەی كارتی دەنگدانەكانی بە ئەلكترۆنی و لەسەر "هارد دیسك" وەرگرتوە، بەڵام بە بیانووی جیاواز جیاواز و بە هۆكاری نادیار دەستی دەستی بە نوێنەری لایەنەكان دەكات. ئاماژە بەوەدەكەن، پێنەدانی وێنەی ئەلیكترۆنی كارتی دەنگدان بە لایەنەكان ئەو راستییە دەخاتە بەردەم لایەنەكان كە هەوڵەكان لەپێناو نەگەیشتنی وێنەی ئەلیكترۆنی كارتی دەنگدان، بۆ دەستكاری كردنیانەو هەوڵێكی جدییە بۆ شاردنەوەی ساختەكارییەكان. ژوری هەڵبژاردنی چوار لایەنەكە باسلەوەدەكەن، هەوڵەكانی ئۆفێسی سلێمانی لەچوارچێوەی پلان بۆ داڕێژراوی ساختەكردنی سەرجەم بەڵگەو دیكۆمێنتەكانی كۆمسیۆنە، كە تایبەتە بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. دوای فشارو ناڕەزایەتییەكان دژی گومانی ساختەكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڕیاریدا وێنەی ئەلكترۆنی كارتی دەنگدان بە لایەنە سیاسییەكان بدرێت بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامەكان.
(درەو میدیا): ھەیفا كازم عەباس ژنە كاندیدی ژمارە 37ی حزبی شیوعی لە هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدر لە پارێزگای ( زیقار) ناسریە توانیویەتی ( 12395 ) دەنگ بەدەست بهێنێت و بەبێ ئەوەی پێویستی بە كۆتا بێت دەرچووەو سێیەم دەنگی لیستەكەی بەدەستهێناوە. هەیفا كازم چالاكێكی دیاری بواری مافەكانی ژنانە بە "هەیفا ئەمین" ناسراوە كوردی فەیلیيەو ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی عێراقە، لە شاری ناسریە دەژی و مامۆستای زمانی كورديیە، لە تەمەنی 16 ساڵیيەوە بووە بە پێشمەرگە لە شاخ .
درەو میدیا: " بنكەی دەنگدان هەبووە بە تەواوی دەنگەكانیەوە بە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار كڕدراوە " ئەمە وتەی مەشعان جبوری كاندیدی دەرنەچووی ژمارە 66 ی هاوپەیمانی بەغداد كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا تەنها ( 1633) دەنگی هێناوە، لە بەرنامەی ( بالحرف الواحد )ی كەناڵی شەرقیە. مەشعان جبوری زۆر بەووردی باسی لە ساختەكاریەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار كردوو رایگەیان" كاندید هەبووە دەنگی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كڕیوەو دەرچووە" سەبارەت بە كڕین و فرۆشتنی دەنگەكانیش جبوری دەڵێت" ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش زانیاریان هەبووە لەسەر فرۆشتنی دەنگی بنكەكانی دەنگدان" مەشعان جبوری دەڵێت تەنها دەنگی ئاسایی نەكڕدراوە بەڵكو بنكەی دەنگدان بەتەواوی كڕین و فرۆشتنی پێوەكراوە" بنكەی دەنگدان هەبووە لە توركیا و ئەردەن بەتەواوی دەنگەكانیەوە لایەنێكی سیاسی كڕیویەتی بە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار " مەشعان جبوری پێشی وایە ئەم كۆمسیۆنەی ئێستا " خراپترین كۆمسیۆن بووە لە مێژووی عێراقدا لە 2005 ەوە تا ئێستا، ئەم هەڵبژاردنەش خراپترین و گەندەڵترین هەڵبژاردن بووە لە مێژووی عێراقدا "
(درەو میدیا): بەپێی زانیارییەكان وەفدی پارتی و یەكێتی لەگەڵ نوری مالیكی و هادی عامری گەیشتونەتە رێككەوتن بەمەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی چوارقۆڵی. دوێنێ وەفدی یەكێتی نیشتیمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغداد چونە ناو كۆبونەوەیەكی چوارقۆڵییەوە لەگەڵ هەریەكە لە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح. بەپێی هەواڵێك كە سایتی (الغد پرێس)ی عێراقی لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە، وەفدی پارتی و یەكێتی لەگەڵ مالیكی و عامریدا گەیشتونەتە رێككەوتنێك سەرەتایی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی چوار قۆڵی. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بەر لە كۆبونەوەیان لەگەڵ مالیكی و عامری، وەفدی پارتی و یەكێتی لە بەغداد لەگەڵ باڵیۆزی ئێران كۆبونەتەوە و پاش گەڕانەوەشیان لە هەرێمی كوردستان جارێكی تر لەناو خۆیاندا كۆبونەوە دەكەن بەمەبەستی یەكخستنی داواكارییەكانیان و بەشداریكردنیان لە هاوپەیمانێتییەكە بە یەك كوتلە. پێشبینی دەكرێت ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو هەرچوار لایەن (مالیكی- عامری- پارتی- یەكێتی) جارێكی تر كۆببنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكەیان كە ئامانج لێی دروستكردنی گەورەترین كوتلەی ناو پەرلەمانە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. لەئەگەر دروستبوونی هاوپەیمانێتییەكەی لەمجۆرە، هەموو هەڵوێست و رەخنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر نوری مالیكی ئاوەژوو دەبنەوە، هەرچەندە هەندێك لە چاودێرانیش پێشبینی ئەوەیان دەكرد پارتی بە هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ مالیكی سزای حەیدەر عەبادی بدات بەهۆی هەڵوێستەكانی لەسەر ریفراندۆم. هەروەها هاوپەیمانێتیكردنی پارتی و یەكێتی لەگەڵ هادی عامری رەنگە لە شەقامی كوردستان وەكو نەنگییەكان بۆ هەردوو حیزبەكە وێنا بكرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەردا هادی عامری سەركردایەتی هێزەكانی حەشدی شەعبی كرد بۆ دەستگرتن بەسەر روبەرێكی بەرفراوانی خاكی ناوچە جێناكۆكەكان و شەهیدكردنی دەیان پێشمەرگە.
(درەو میدیا): هێزەكانی سوریای دیموكرات دەستگیركردنی "مەترسیدارترین تیرۆرستی داعش"یان لە ناوچەی رەققەی سوریا راگەیاند. هێزەكانی سوریای دیموكرات كە زۆرینەیان شەڕڤانی كوردی رۆژئاوای كوردستانن، لە هەواڵێكدا لەسەر سایتی خۆی دەستگیركردنی فەرماندەیەكی داعشی بەناوی (ئەدریان لیۆنیل كیالی)ی راگەیاند كە بە "ئەبو ئوسامەی فەرەنسی" ناسراوە. بەپێی هەواڵەكە، ئەبو ئوسامەی فەرەنسی یەكێكە لەو كەسانەی كە رۆڵی هەبووە لە هێرشەكانی تشرینی دووەمی 2015ی پاریس و هێرشەكەی مانگی تەموزی 2016ی شاری نیسی فەرەنسا. ئەبو ئوسامە بە رەگەز فەرەنسییە و لەدایكبوی 1983یە، ساڵی 2003 موسوڵمان بووە و كاریگەر بووە بە فیكری جیهادی، ساڵی 2010 لە فەرەنسا بەتۆمەتی لایەنگری بۆ رێكخراوە تیرۆرستییەكان دەستگیركراوە و دواتر ئازادكراوە، پاش ئازادبونی ساڵی 2015 لەرێگەی توركیاوە هاتوەتە ناو سوریا و پەیوەندی بە رێكخراوی داعشەو كردووە. بەپێی هەواڵەكەی سایتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئەبو ئوسامە فەرەنسی رۆژی 19ی ئەم مانگە لەگەڵ هاوسەرەكەی و ژمارەیەك ئەندامی تری داعشدا لە هەوڵێكی گەڕان و پشكنیندا لە ناوچەی رەققە دەستگیركراوە.
(درەو میدیا): "عەبادی رایگەیاند ئەگەر هەیە ئەنجامی هەڵبژاردن یان بەشێكی ئەنجامەكە هەڵبوەشێتەوە" ئەمە وتەی شاسوار عەبدولواحيد سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێيە لە دوای كۆبوونەوەی لە گەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق. شاسوار عەبدولواحد لە پەیجی تایبەتی خۆی بڵاوكردەوە" لە كۆبونەوەم لەگەل سەرۆك وەزیرانی عێراقی حەیدەر عەبادی، بە وتەی عەبادی ئەگەر هەیە كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان یان بەشێكی ئەنجامەكە هەڵوەشێتەوە (رەنگە دەنگدانی تایبەت) بێت. سەبارەت بە بوونی ساختەكاری، شاسوار عەبدولواحيد دەڵێ" باسی فەزیحەی تەزویرمان كرد لە هەرێم و ئەوانیش دانیان نا بەوەی كە تەزویرێكی گەورە كراوە و رایگەیاند ئەمڕۆ كۆبونەوەی نوێنەری تەواوی دامەزراوەكانی وڵات لەگەل ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دراوە و لیژنەیەكیان پێكهێناوە و لیژنەكە لە ماوەی دو رۆژدا راپۆرتی خۆی پێشكەش دەكات و تا ئەو كاتەش، ئاستەمە دەستەی دادوەری ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان پەسەند بكات".
(درەو میدیا): ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جارێكی تر شكستیهێنا لە سازدانی كۆبونەوەیەك بۆ بەدواداچوونی گومانەكانی پرۆسەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار. كەمێك بەر لە بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە، سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاساییەوە، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی بۆ كاتێكی نادیار دواخست. بڕیاربوو لە دانیشتنی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆ بكات لەبارەی گومانەكانی پرۆسەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار و لە دانیشتنەكەدا سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەبەردەم پەرلەمانتارانەوە لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەوە قسەبكات. لە چەند رۆژی رابردودا ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵێكی تری دا بەمەبەستی سازدانی كۆبونەوە لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی نیسابەوە ئەو كۆبونەوەیەش شكستیهێنا و لەبری بڕیاردان لەسەر پرۆسەكە سەرۆكایەتی پەرلەمان ژمارەیەك داواكاری ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كرد. بڕیارە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمجارەش ژمارەیەك رێوشوێنی نوێ لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە رابگەیەنێت، بەڵام ئەگەر نیسابی یاسایی تەواو نەبێت پێناچێت پەرلەمان بتوانێت كۆمسیۆن پابەند بكات بەهیچ رێوشوێنێكەوە.
(درەو میدیا): " پەرلەمان بایكۆت بكرێت نەك پرۆسەی سیاسی لە عێراق" ئەمە قسەی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە. جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كە جڤاتێكی راوێژكارییە و مافی بڕیاردانی نییە، ئەمڕۆ لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لە شاری سلێمانی كۆبوەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی كشانەوە لە پەرلەمانی عێراق و بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، مام فارس ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆی جدی كرا لەسەر پرسی ساختەكاری و دەستكاریكردنی دەنگی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار، زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی گشتی پێیان وابوو ئەو ساختەكارییە لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە كراوە، موئامەرەیەكی نێودەوڵەتییە و بە تەنها نەیانكردووە. مام فارس وتی: گفتوگۆكردن لەسەر بایكۆت یان بەشداریكردنی گۆڕان لە بەغداد، تەوەرێكی گرنگی كۆبوونەوەكە بوو، جڤاتی گشتی پێشنیازیكرد بایكۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق نەكرێت، بەڵكو تەنها بایكۆتی پەرلەمانی عێراق بكرێت بۆ ماوەیەكی دیاریكراو. ئاماژەی بەوەكرد، بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكە تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30ی ئەیلولی 2018 بەرێوەبچێت و پێشنیازكرا هەموو هەوڵێك بۆ ئەو پرۆسەیە بخرێتەگەڕ. بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان تەواوی پێشنیاز و راسپاردەكانی جڤاتی گشتی دەبێت ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی بكرێت بۆ بڕیاردان لەسەریان، بڕیارە رۆژی شەممە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆببێتەوە و بڕیاری كۆتایی خۆی لەوبارەیەوە بدات. لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا (5) كاندیدی بۆ پەرلەمانی عێراق سەركەوت، بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی ناڕەزایەتی خۆی لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن راگەیاند و گومانی هەیە لەوەی ساختەكارییەكی بەربڵاو لە پرۆسەكەدا كراوە.
(درەو میدیا): خراپی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكانی سلێمانی لە پەیوەندی سیاسییەوە پەڕییەوە بۆ پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیش. هێشتا تارمایی نیگەرانییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایار نەڕەویوەتەوە، ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی پەیوەندی سیاسی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەتەواوەتی لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی عادل موراد سەرۆكی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی و یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئەو حزبە بەدی كرا. ئەمڕۆ تەرمی عادل موراد لە ئەڵمانیاوە گەڕێندرایەوە بۆ سلێمانی و لە مەراسیمێكدا لە گردی (سەلیم بەگ) بەخاكسپێردرا. ئەوەی جێگەی تێبینی بوو، سەركردەی هیچ یەكێك لە لایەنە سیاسییە ركابەرەكانی یەكێتی لە مەراسیمەكەدا نەبینران بەتایبەتی سەركردەكانی (بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری)، كە مێژویەكی هاوبەشی كاركردنیان لەناو یەكێتی نیشتیمانی هەیە. تەنانەت سەركردەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە مەراسیمەكەدا نەبینران، رەنگە ئەمە هۆكارەكەی بۆ رەخنە بەردەوام و توندەكانی عادل موراد لە پارتی بگەڕێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەشدارینەكردنی سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەراسیمی هێنانەوە و بەخاكسپاردنی تەرمی عادل موراددا پەیوەندی بە رووداوەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار و هێرشی سەر گردی زەرگەتەوە هەیە. ساردبونەوەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی نێوان سەركردەكانی یەكێتی و گۆڕان لە مەراسیمی ساڵیادی كۆچی نەوشیروان مستەفا بەدی كرا كە 19ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هۆكاری نائامادەگی سەركردەكانی یەكێتی لە ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان بەهۆی خۆپاراستنیان بووە لە توڕەیی جەماوەری گۆڕان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و زانیاریش هەیە سەركردەكانی گۆڕان ئاگاداریان كردوون پێیان باش نییە بەشداری ساڵیادەكە بكەن. جگە لە بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراستی و دادپەروەری و سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە مێژوویەكی هاوبەشی خەباتی شاخ و شاریان لەگەڵ یەكێتی هەیە، هیچ یەكێك لە سەركردەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامیش لە مەراسیمی هێنانەوە و بەخاكسپاردنی تەرمی عادل موراددا نەبینران.
(درەو میدیا): لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كۆمسیۆن بریاریداوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە 30ی ئەیلولی داهاتوو بەرێوەدەچێت، بە سیستمی ئەلكترۆنی ئەنجامنادرێت و بە سیستمی پێشوو بەڕێوەدەچێت، واتە دەنگەكان بە دەست ئەژمار دەكرێن. شیروان زرار ئاماژەی بەوەشدا: هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ رێگری لە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكەدا، دەمانەوێت هەڵبژاردنێكی جیاواز لە هەڵبژاردنی عێراق ئەنجامبدەین و هەڵەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دووبارە ناكەینەوە.
(درەو میدیا): مەلا بەختیار.. ئەو پیاوەی تاوەكو 25ی ئەیلول یەكێك بوو لە سەركردە دیارەكانی بەرەی ریفراندۆم و جیابونەوەی لە عێراق، ئێستا هەوڵی گەیشتن بە كورسی سەرۆك كۆماری عێراق دەدات. گەیشتن بە كورسی سەرۆك كۆمار رەنگە بۆ مەلا بەختیار دواین وێستگەی سیاسی بێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا دۆخی ناوخۆیی حزبەكەی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) رۆژ لەدوای رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت. لە كاتی نوسینی ئەم راپۆرتەدا مەلا بەختیار سەرۆكایەتی وەفدی یەكێتی نیشتمانی دەكات لە بەغداد، ئەو وەفدەی كە سەرەتا بڕیار بوو فوئاد مەعسوم سەرۆكایەتی بكات و دواتر سەرۆكایەتییەكەی گۆڕدرا بۆ مەلا بەختیار. مەلا بەختیار بەمدواییە لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەناوی خۆی كرد وەكو كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق، ئەوەش كاتێك بوو كە وتی:"باڵیۆزی ئەمەریكا داوای لێكردم ببمە سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام رەتمكردەوە". هەوڵی مەلا بەختیار بۆ رۆشتن بەرەو بەغداد تازە نییە، بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەچوو، دەنگۆی ئەوە هەبوو كورد ئەمجارە لە بری پۆستی سەرۆك كۆمار پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمان)ی عێراق وەرگرێت، ئەوكات مەلا بەختیار وەكو ئامادەكارییەك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ویستی لەسەر قەزای خانەقین خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كاندید بكات و فۆرمی كاندیدبونیشی وەرگرت، بەڵام دواتر و پاش دڵنیابوون لەوەی كورد پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرێتەوە، لە كاندیدبونەكەی كشایەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەئێستادا لە ناوەندی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی و پارتی دیموكراتی كوردستاندا باس لە سێ كەس دەكرێت بۆ وەگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەو كەسانەش بریتین لە هەریەكە لە (لەتیف رەشید- هۆشیار زێباری- مەلا بەختیار). یەكێتی نیشتمانی كوردستان پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق بە پشكی خۆی دەزانێت، بەڵام بەرپرسانی پارتی چەندجارێك و لە چەند لێدوانێكی جیاوازدا ئەوەیان رەتكردەوە. پۆستی سەرۆك كۆمار پێشتر لەچوارچێوەی رێككەوتنێك لەنێوان یەكێتی و پارتی درا بە یەكێتی، ئەوەش لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن مەسعود بارزانییەوە، ئێستا ئەو رێككەوتنە كۆتایی هاتووە، چیتر نە جەلال تاڵەبانی لەژیاندا ماوە و نە مەسعود بارزانیشی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا ماوەتەوە. بەپێی هەندێك زانیاری، ماڵباتی جەلال تاڵەبانی خوازیارن لەتیف رەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی خوشكی هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق كاندید بكەن، بەڵام رەنگە هەوڵەكەیان سەركەوتوو نەبێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە پارتی دژی كاندیدكردنی لەتیف رەشیدە، ئەوەش بەهۆی رەخنە بەردەوامەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی. هەڵوێستی پارتی دژی كاندیدبونی لەتیف رەشید رەنگە وابكات دواجار بازەكە بەسەر شانی مەلا بەختیارەوە بنیشێتەوە، ئەگەرچی بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) مەلا بەختیار دڵخوازی ئێرانییەكان نییە. كێ دەتوانێت ببێت بە سەرۆك كۆمار بەپێی ماددەی (73)ی دەستوری عێراق، ئەو كەسەی كە دەبێت بە سەرۆك كۆماری عێراق دەبێت (4) مەرجی تێدا بێت، هیچ یەكێك لە مەرجەكان ئاماژەی بە (بڕوانامەی زانستی) نەكردووە، بەڵام لە یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2012ی تایبەت بە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لە بڕگەی چوارەمی مادەی یەكەمدا دەڵێ" كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نابێت بڕوانامەی خوێندنی لە بەكالۆریۆس كەمتر بێت و دەبێت ئەو بڕوانامەیە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراقەوە پەسەندكرابێت". بەڵام بەپێی زانیارییەكان مەلا بەختیار بڕوانامەی زانكۆی نیە، بۆیە رەنگە ئەم یاسایە ببێتە بەربەست لەبەردەم هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە كورسییەكەی مام جەلال لە بەغداد. كاندیدەكانی تر كێن ؟ جگە لە بڕوانامە، چەند كەسێكی تر كە هەوڵی گەیشتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەدەن، رەنگە دواجار ببنە بەربەست لەبەردەم هەوڵەكانی مەلا بەختیار. پێشتر (درەو میدیا) ئاشكرایكرد، برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێشنیازی كردووە بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق كاندید بكات. (درەو میدیا) زانیویەتی، مەكگۆرك پرسی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵحی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بە یەكێتی گەیاندووە و لەبەرامبەردا یەكێتی چەند مەرجێكیان هەبووە بۆ پشتیوانیكردن لە بەرهەم ساڵح، یەكێك لە مەرجەكان ئەوە بووە حزبەكەی هەڵوەشێنێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی، مەرجی دووەمیش ئەوە بوو كە بەرهەم ساڵح چووە بەغداد دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی یەكێتی نەكات. سەرباری ئەم هەوڵە نوێیە، بەرهەم ساڵح یەكێكە لەو كەسایەتییە سیاسیانەی هەرێمی كوردستان كە پێشتریش چاوی لە پۆستی سەرۆك كۆمار بووە، تەنانەت ئەو ساڵی 2014 یەكێك بوو لە كاندیدەكان لە ناوخۆی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام سەركەوتوو نەبوو لە گەیشتن بەو پۆستە. لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، بەپێی رێككەوتنێكی سیاسی نەنوسراو، سێ پۆستە باڵاكەی عێراق بەمشێوەیە بەسەر پێكهاتەكاندا دابەشكراوە (سەرۆك كۆمار بۆ كورد- سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە- سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شیعە). سێ خولی رابردووی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەناو كورددا بۆ یەكێتی نیشتیمانی بووە، جەلال تاڵەبانی دوو خول سەرۆك بوو، فوئاد مەعسومیش خولێكە سەرۆكایەتی دەكات، سەرباری هەوڵەكانی مەلا بەختیار، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی رون نەبووەتەوە ئاخۆ دواجار كێ لەسەر كورسی پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق دادەنیشێت؟.
(درەو میدیا): پەرلەمانی عێراق پرسی پابەندكردنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان تاتوێ دەكات. ئەسكەندەر وتوت ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردوە" ئەگەر لە كۆبونەوەی سبەینێدا پەرلەماندا نیسابی یاسایی تەواوبكات، پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن تاتوێ دەكەن". ئەسكەندەر وتوت رایگەیاند، پەرلەمان مافی یاسایی و دەستوری هەیە بۆ ڕاستكردنەوەی پرۆسەی دیموكراتی و ڕێگریكردن لە ساختەكاری و یاریكردن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن. ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێكی تر لە بژاردەكان تێپەڕاندنی بڕیارێكە كە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ناچار دەكات بە جیاكردنەوەو ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست، بەمەبەستی وردبینیكردن لە ڕاست و دروستی ئەنجامەكان. باسلەوەشدەكات" ناكرێت حزبێكی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای نەینەوا 7 كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت بەبێ ئەنجامدانی ساختەكاری و فشار دروستكردن لەسەر ئاوارەكانی نیشتەجێی ئەو ناوچانانە".
( درەو میدیا): سەردانی وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان و و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و نەوی نوێ بۆ بەغداد و بەریز وەستانیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر و سەركردەكانی دیكە، كاردانەوەی لە شەقامی كوردیدا لێدەکەوێتەوە، بەتایبەتیش وێنەی شان ماچكردن و نوشتانەوە بۆ موقتەدا سەدر لەلایەن ( خەسرەو گۆران ) سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەندێك بە كڕوزانەوەی سیاسی و هەندێك دەڵێن خۆ نەچەمێنن، ناوی دەنێن. رێبوار سیوەیلی نوسەر و روناكبیر لە نوسینێكدا بەناوی ( دەك داڕزێی بۆخۆت و چەمانەوەت!) بە چەند خاڵێك وێنای خۆی بۆ ئەو وێنەیە دەكات و دەنوسێت:. 1. شەرمەزارییش بۆ ئەوەی پاساوت بۆ دەهێنێتەوە و ئەوەش كە پشتگیریت دەكات و ئەوەش كە لێت خۆش دەبێت.. 2. هیچ شتێك هێندەی ئەم دیمەنە دزێوانەی كورد ئەو زوڵمە بەدەروونیبووەم بیر ناخاتەوە كە كەسایەتیی كوردی كردوەتە زەلیلی جەللادەكانی, كە ئەوەش لە ناهشیاریی و نەبوونی یادوەرییەوە هاتووە. 3. سیاسیی ئێمە تا ئێستا ماچی جەژنە پیرۆزە و تەوقەی دیپلۆماسی لێكجیاناكاتەوە. تا ئێستا سەرۆكی حكومەتی ئێمە لە بەرامبەر عەبادی دانانیشێت و لە تەنیشتییەوە هەردوو قاچی جووت دەكات و وەك قوتابی عاقڵ دادەنیشێت. 4. خاوەن بیردۆزەكەی پارتییش : (مەنتیقی هێز و هێزی مەنتیق) هەر وایكرد و گوت؛ یا نەجمەتولحەدەس! ئەعتەز و بیعێراقییەتی! 5. ئەم وێنەیە و ئەو گوتەیەی (میرانی)، هەمان هەستی هاوبەش كۆیان دەكاتەوە: ئێمە لە ئاستی فەخامەتی ئێوەدا خۆمان بە نیوە مرۆڤ و نیوە پیاو و خەسیو دەزانین. 6. گەلۆ، پیاوی خەسیو وڵاتی پێ بەڕێوەناچێت و ناشبێتە نوێنەری كێشە نەتەوایەتییەكانت. د. كەمال سەید قادریش لە نوسینێكی تەنز ئامێزدا دەنوسێت: دەخیلتم سەماحەتی سەدر بیكە خاتری جەدت، دەخیلەك ئێمە كردمان تۆ نەیكەی لە ژێر عەباكەت قەبوڵمانكەوە .... خوارد ڕیفراندۆم كابوس بو دوژمنانی ئیسلام و عێراق پێ یان كردین، كە گەڕامەوەش دەكەومە گیانی ئەم كوردانەی دژ بە عێراقی یەكگرتون ... خاتر اللە یا سید انی كردی لایعرف. هونەرمەند خالید رەشید لە نوسینێكی كورتدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی نبەناوی ( ماف نادرێت بەلكو دەسەندرێت) نوسیویەتی ( گەر بۆ سەركردەیەكی كورد یا باوك و دایكی شەهیدیك یا هەر تاكیكی دلسۆزی كورد وا بكەن كەس هەققی نیە رەخنە بگریت . كورد گەر بە كۆیلە نەكرابێت گەر دەستكاری مێشكی نەكرابیت گەرسەروەری و غروری كوردبوون و مرۆڤ بونی لی نەسەندرابیت چۆن دەتوانیت بەم جۆرە بۆ بێگانەیەك ئاوا خۆی و دەنگدەرانی بسوتینیت ،ئاخر سبەی چۆن دەتوانیت سەر بەرزكەیتەوە؟ گەر ئەمیش ستەمی لی كردیت بەرامبەری رابوەستیت ؟ بۆ تەشكیلكردنی حكومەت چون یا بۆ زیارەتی خدری زیندە؟ برام ئەویش وەكوو ئیوە خەریكی سیاسەتە و سەرۆكی لیستێكە و خۆی هەلبژاردووە ). دەوترێت كورد بەوە ناسراوە هەمیشە لە ئاستی بێگانەدا خۆی دەچەمێنێتەوە و لە ئاستی ناوخۆشدا لوتبەرز، ئێستا ناو ماڵێكی كورد لەو پەڕی لێكترازاوی و پەرش و بڵاویدایە، لایەنەكان ئامادەنین ناو ماڵی خۆیان رێكبخەنەوە و سەردانی بارەگاكانی یەكدی بكەن، بەڵام ئامادەن 400 كم ببڕن و بچنە بەغداد بۆ ئەوەی سەردانی ماڵی سەدر و حەكیم و عەلاوی و مالكی و عەبادی و عامری بكەن.
درەو میدیا: لە نێوان هەڵبژاردنی 2010 بۆ 2018 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ( پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگەكانی 7.94% زیادی كردووە ، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 5.93% كەمیكردووە، بزوتنەوەی گۆڕان 52.63% كەمیكردووە، یەكگرتووی ئیسلامی 54.12% كەمیكردووە، كۆمەڵی ئیسلامی 36.38% كەمیكردووە) ئیسماعیل خورماڵی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان، لە نوسینێكدا بەناوی (بۆچی هەڵبژاردنی 2018 جیاواز بوو؟) ئاماژە بەوە دەكات، لەساڵی 1992 تا 2014 لەكوردستان 10 هەڵبژاردن كراوە، دەنگی سەرجەم پارتەكان گۆڕانكاریەكی زۆر كەمی بەخۆوە بینیوە، كە كەم و زیادی كردنی دەنگەكان لەنێوان (1% تا 12%) بووە. جگە لە دەنگی یەكێتی نیشتمانی كە بەهۆی جیابوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە زۆر كەمیكرد. بەڵام كۆی دەنگی گۆڕان و یەكێتی پێكەوە هەر نزیك بووە لەو ڕێژەیە. واتە لە خراپترین حاڵەتدا حیزبەكان 12% دەنگیان لە دەستداوە كە ئەم حاڵەتەش دەگمەنە. بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018 هەندێ حیزب زیاتر لە 50% دەنگەكانیان لەدەستداوە. لەكاتێكدا هەندێ حیزب دەنگی زیادی كردووە، هەندێكیش بەڕێژەیەكی كەم دابەزیوە...
درەو میدیا: هاوكات لەگەڵ سەردانی وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغداد، شاسوار عەبدولواحید بە هاورێیەتی سروە عەبدولواحید لە شاری بەغدا لەگەڵ موقتەدا سەدر كۆبووەوە و ڕایگەیاند، موقتەدا سەدر پێشوازی لە بەشداریی جوڵانەوەی نەوەی نوی كردووە لە حكومەتدا. شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە كەناڵی ئێن ئاڕتی راگەیاندووە ئەوەی بەلایانەوە گرنگە ئەوەیە ئەو پێوەرە باوانە بشكێت كە تەنیا چەند حزبێك بەناوی هەموو كورد یان سوننە سان شیعەوە قسە بكەن. وتیشی، لەگەڵ موقتەدا سەدر باسیان لەوە كردووە كە پێویستە حكومەتی داهاتوو بۆ خزمەتكردنی سەرجەم گەلی عێراق بێت بەسەرجەم پێكهاتەكانەوە نەك چەند حزبێكی سیاسیی.