( درەو میدیا): وەفدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ گفتوكۆكردن لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەچێتە بەغداد. فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " غەد پرێس " وتی:" وەفدەكە پێكدێت لە شەش كەسن سیانیان كە بریتین لە فوئاد مەعسوم ، سەرۆك كۆمار و سەعدون فەیلی راوێژكاری سەرۆك كۆمار و فریاد رەواندوزی وەزیری رۆشنبیری لە بەغدان و لە سلێمانیشەوە هەریەك لە سەعدی پیرە و رزگار عەلی و خالید شوانی ئەندامی وەفدەكەن". ئەسەسەرد وتیشی یەكێتی هێڵی سوری نییە و بەڕووی هەموو لایەنەكاندا كراوەیە. ئەمڕۆش وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی فازیل میرانی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ موقتەدا سەدر و نوری مالیكی كۆبوەوە و بە گوێرەی زانیارییەكان دوای كۆبوونەوەكانی بەغدا، وەفدەكە سەردانی شاری نەجەفیش دەكات.
( درەو میدیا): لە گردی زەرگەتە برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا، لەگەڵ سەركردەكانی (گۆڕان، یەكگرتوو، هاوپەیمانی، كۆمەڵ ) كۆبوەوە. عومەر محەمەد بەرپرسی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو لە سلێمانی بە " درەو میدیا" ی راگەیاند:" كۆبونەوەمان لەگەڵ نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا گرنگ بووە خۆی لە خۆیدا هەم بەسەركردنەوە و هەم حیسابكردنە بۆ پێگەو قورساییمان، ئێمە نیگەرانیەكانمان پێ راگەیاند و بە بەڵگەوە ساختەكارییەكانمان خستە بەردەستی، پێشمان راگەیاند: بەرپرسیارێتی گەورە دەكەوێتە ئەستۆی ئێوە لەبەرامبەر بێدەنگبونتان لە ساختەكاریدا، چونكە خەڵكی نائومێدبوونە و لە ئەنجامی نائومێدبوونیش لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردندا رەنگە خەڵكی پەنا بۆ رێگەی تر بەرێت". سەبارەت بە تێروانینی نوێنەری ئەمریكاش عومەر محەمەد رایگەیاند: كە مەكگۆرک رایگەیاندووە، پێمان باش نیە بایكۆتی بەغداد بكەن و تێگەیشتنمان هەیە بۆ نیگەرانیەكانتان و لێكۆڵینەوە لە بەڵگەنامەكانتان دەكەین، ئەوەشی وتووە كە لە چەند رۆژی داهاتوودا یان كۆبیج نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی لایەنەكان دەكات، سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی داهاتووش بەتایبەت هەڵبژاردنی 30ی ئەیلۆلی داهاتوو، نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندووە كە كاردەكەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی داهاتوو بە پاكی و بێگەردیەوە بەرێوەبچێت.
( درەو میدیا): كۆبوونەوەی برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی دژ بە داعش لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەریی , عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە گردی زەرگەتەی سلێمانی كۆتایی هات. بە گوێرەی زانیارییەكانی " درەو میدیا" سەركردەی هەر چوار لایەنەكە ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە مەكگۆرك گەیاندووە. لایخۆشیەوە مەكگۆرك هانی هەر چوار لایەنەكەی داوە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بەغدا نەكەن و چەند پێشنیارێكی دەربارەی چوون بۆ بەغدا و ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ لایەنەكانی تر خستوەتەڕوو بۆئەوەی كورسییەك یان دوو كورسی لە پێكهاتەی حكومەتی نوێی عێراقدا بەدەستبهێنن. سەركردەی چوار لایەنەكە پێشنیازەكانی مەكگۆرکیان وەرگرتووە و بەڵێنیانداوە لەناو سەرکردایەتی حزبەكانیان گفتوگۆی لەسەر بكەن و لە چەند رۆژی داهاتوودا وەڵامێكی هاوبەش بدەنەوە. بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئایار برێت مەكگۆرك كە هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق چڕكردوەتەوە بە سەردانێك گەیشتە سلێمانی و لە دەستپێكدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگیدا كۆبووە و دواتر سەردانی بەرهەم ساڵحی كرد و پاشان لەگەڵ سەركردەی چوار لایەنە ناڕەزاییەكە لە كۆبووەوە.
(درەو میدیا): ئەو شەش لایەنە سیاسییەی هەرێمی كوردستان كە نیگەرانن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار نامەیەكی كراوەیان ئاڕاستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان كرد. ئەو شەش لایەنە كە پێكهاتوون لە (بزوتنەوەی گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری- بزوتنەوەی ئیسلامی- حزبی شیوعی)، لەبەر رۆشنایی نیگەرانییەكانیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شارەكانی هەرێمی كوردستان پێنج داواكارییان خستوەتە بەردەم كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان و داوا دەكەن ژماردنی دەنگەكان بەشێوەی دەستی بێت. داواكارییەكانی شەش لایەنەكە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان: 1- تۆماری دەنگدەران بەو شێوەیەی كە ڕاتانگەیاند بوو بۆ خەڵكی كوردستان، بژار بكرێت لەو هەڵە و كەموكوڕیانەی كە لە میدیاكانەوە باس دەكرێت وەك بوونی ناوی (دوبارە، مردوو، ئاوارە، نایاسایی و...هتد). 2- بەهیچ شێوەیەك كار بە سكانەر و سندوقی زیرەك (ئەلیكترۆنی) نەكرێت بۆ هەژماركردنی دەنگەكان لە هەڵبژاردنەكان، چونكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12/5/2018 خراپترین هەڵبژاردنی مێژووی نوێی عێراق و كوردستان بوو. وە ئێمە هیچ پاساوێك بۆ ئەو بابەتە نابینین و دژی دەوەستینەوە. چونكە پێمان وایە ئەم بابەتە: ا/ ڕێگایەكی مەترسیدارە بۆ ساختەكاری و دەیان ئەگەری هەیە و ناتونرێت ڕێگای لێبگیرێت. ب/ لە كوردستان هیچ ژێرخانێكی تەكنەلۆجی و مرۆیی نیە بۆ ئەم بابەتە. ج/هەژموونی حیزبی هەیە بەسەر هەموو داموودەزگا یاسایی و ئەمنیەكانەوە. د/ بەهەدەردانی كات و سامانی گشتیە بۆ كارێكی شكستخواردوو. ه/ ئەزموونێكی زۆر تاڵمان تۆمار كردوە لەگەڵ تەكنەلۆجیا و هەڵبژاردن. و/ زۆرینەی وڵاتە پێشكەوتووەكان خۆیان بەدوور دەگرن لەم بابەتە. 3- لە ساڵانی ڕابردوودا ئەگەرچی سكاڵا هەبووە لەسەر ڕێگای تەقلیدی و هەژماری دەستی، بەڵام پرۆسەكە زۆر باشتر بووە لە هەژماری ئەلەكترۆنی. بۆیە دەبێت كۆمسیۆن هەستێت بەدیاریكردنی ئەو خاڵە لاواز و دەروازانەی لە ڕابردوودا بوونەتە مایەی ساختەكاری لەكاتی هەژماری دەستی پرۆسەكە. پاشتریش بە دەركردنی پەیڕەو و ڕێكاری پێویست ڕێگری بكات لەو هەوڵانە و بنبڕی بكات. 4- كۆمسیۆن هەموو هەنگاوەكانی بەشەفافی ئەنجام بدات و پارتە سیاسیەكان و جەماوەر بەگشتی ئاشنا بكات بەكارەكانی و ڕاوێژ بەهاوبەشەكانی بكات، بۆ ئەوەی پردی متمانە بونیاد بنێینەوە و جەماوەر ئاشت بكرێتەوە بە پرۆسەی هەڵبژاردن تا بایكۆتی هەڵبژاردنەكان نەكەن لە داهاتوودا. 5- كۆبونەوەیەكی هاوبەشی نێوان كۆمسیۆن و ئەو شەش حزبەی كە واژویان كردوە بكرێت پێش دەستكردن بە ڕێكارەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
( درەو میدیا): ئێستا پرسی بایكۆتی بەغداد لەلایەن ئەو لایەنانەی كە پێیان وایە ساختەكاری كراوە و دەنگەكانیان دەستكاریكراوە گەرمە، بە جۆرێك بەشێك لە هێزەكان سوورن لەسەر بایكۆت و بەشێكی دیكەشیان چاوەڕوانی دۆخەكە دەكەن، بەڵام ئێستا جەماوەری ئەو هێزانە بوونە بە دوو بەشەوە بەشێكیان زۆر بە توندی لەگەڵ بایكۆتی بەغداد، بەشێكیشیان پێیان وایە بایكۆت لە سودی پارتی و یەكێتی و پێویستە بچنە بەغداد، بۆیە چون و نەچوون بۆ بەغداد خاڵی سلبی و ئیجابی خۆی هەیە. لە ئەگەری بایكۆتی بەغداد. ا- خاڵی ئیجابی - ئەم هێزانە ئێستا لەژێر فاشرێكی گەورەی جەماوەرەكەیاندان، بە بایكۆتی بەغداد بەشێك لە نیگەرانی جەماوەرەكەیان دەڕەوێننەوە. - گەیاندنی مەسجێكە بە بەغداو ناوەندە نێودەوڵەتیەكان كە ساختەكاری قبوڵناكەن - نایانەوێت بچنە هاوشانی ئەو هێزانە نابن لە پەرلەمانێكدا كە ئەو هێزانە بە ساختەكاری چونەتە ئەوێ - پەیامێكە بەوەی ئەگەر ئەمان قبوڵی نەكەن رێگە خۆشكەر دەبێت بۆ ئەوەی لە ئاییندەدا سنور بۆ ساختەكاری دابنرێت و هۆشداری توندە - وەك دوو هێزی گوماناوی لە بەغداد سەیری یەكێتی و پارتی دەكرێت - پرۆسەی هەڵبژاردن و كۆمسیۆن و كۆی پرۆسەی سیاسی دەخاتە ژێر پرسیارەوە - بەشدارینەكردن بە درێژایی ئەم خولەی پەرلەمان فاكتی تەزویرات و ساختەكاری لای خەڵكی دەمێنێتەوە - لەسەر ئاستی پەرلەمانتاریش متمانەی نوێنەرەكانیان دەردەخات كە پابەندن بە بەرنامەو ئیرادەی دەنگدەرانیانەوە بەتایبەتیش دەسبەرداربونیان لە ئیمتیازاتەكانی بەغداد ب - خاڵی سلبی - بایكۆتی پرۆسەی سیاسی دابڕانی ئەم هێزانەیە لە سەر چەند ئاستێك لەرووی سیاسی و دیبلۆماسیەوە لە بەغداد و ناوەندیە نێودەلۆەتیەكان - بایكۆتكردن لە پرۆسەی سیاسی دەبێتە هۆی پەراوێزخستن، هەروەك چۆن سونە لە 2005 بایكۆتی هەڵبژاردنی كردوو پەراوێزخرا - لەساتی بایكۆتكردنیاندا ئەگەری چونی كورسیەكانی ئەم هێزانەیە بۆ هێزەكانی تر كە بەوەش ژمارەی كورسیەكانی هێزە دەسەڵاتدارەكان زیاتر دەبێت . - لە حاڵەتی باكۆتكردنی ئەم هێزانەدا هێزەكانی یەكێتی و پارتی و نەوەی نوێ دەبنە نوێنەرو زمانحاڵی تەواوی خەڵكی كوردستان لە بەغداد لە كاتێكدا ئەمان نوێنەرایەتی رێژەیەكی دیاریكراوی خەڵكی كوردستان دەكەن - بایكۆتكردنی ئەم هێزانە كە تەنها 11 كورسیەوە شتێكی ئەو تۆیان بۆ ناكرێت لە كاتێكدا 3.3%ی كۆی ئەندامانی پەرلەمانی عێراقن، لە زۆربەی كۆبونەوەكانی پەرلەمانی عێراقدا زیاتر لە 100 ئەندامی پەرلەمانی بەشداری نەكردووە و پێشەوەی دیار نەبووە، ئایا 11 كورسی هیچ لە هاوكێشەكان دەگۆرێت. لەگەڵ ئەوەی زۆرجار 1 دەنگ كاریگەری هەیە. دووەم/ لە ئەگەری بەشداریكردندا:. ا- خاڵی ئیجابی - بەشداریكردن لە بەغداد دانابڕێت لە پرۆسەی سیاسی لە بەغداد و ناوەندە نێودەوڵەتیەكان - ئەتوانێت لە رێگەی نوێنەرایەتیەكانەوە بەردەوام ساختەكاری و مەزڵومیەتی خۆیان بگەیەننە ناوەندە نێودەوڵەتیەكان - دەنگدەران هەست دەكەن كە نوێنەرایەتیان هەیە - كورسیەكانیان دەبێتە نوێنەرایەتیان و نابێتە بەشێك لە كورسی ئەو هێزانە تا مامەڵەی پێوەبكەن - تێكشاندنی یەكریزی ناو ماڵی كورد كە لە رابردوودا جگە لە دەستكەوتی حیزبی هیچ دەستكەوتێكی نیشتیمانی لێبەرهەم نەهاتووە ب- خاڵی سلبی - شەقامەكەیان نیگەران دەكەن و نائومێدیان دەكەن لە بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو - ناتوانن ئەوانەی دەنگیانداوە بڵێن نوێنەرایەتیمان هەیە لە بەغداد - دابڕان و كەنارگیربوون لە پرۆسەی سیاسی، ئەم هێزانە دادەبڕێت لەوەی روئیا و پەیامی خۆیان بگەیەنن - 11 كورسی لە كۆی 329 كورسی كاریگەری لەسەر گۆڕینی ئاراستەی بڕیارەكان نابێت و ناتوێت بێتە بەربەست لەبەرامبەر بڕیارێكدا كە خواستی نەبێت - ئەگەر یەكلابۆوە كورسیەكان دەچنە سەر ژمارەی كورسیەكان هێزەكانی تر لە سلێمانی 5 كورسی بۆ یەكێتی و لە هەولێر 4 كورسی بۆ پارتی . - چونە بەغداد واتا شوێنكەوتەی یەكێتی و پارتی بەو پێیەی ئەوان خاوەنی ژمارەیەكی زۆری كورسین - بێبەش دەبن لە هەموو پۆستێكی بەغداد بەهۆی كەمی كورسیەكانیانەوە نوسەران و رۆشنبیرانیش لەسەر بایكۆتی بەغداد بونە بە دوو بەشەوە بەشێكیان ئاراستەی حزبەكان بەرەو بایكۆت ئاراستە دەكەن و بەشێكیشیان بۆ بەشداریكردن ئاراستەیان دەكەن . نوسەرو روناكبیر مەریوان وریا قانع لە نوسینێكدا بەناوی ( دەربارەی بایكۆتی سیاسیی ) كە لە وەڵامی چەند خوێنەرێكدا بڵاویكردۆتەوە دەنوسێت." كەوتنە دوای پارتی و یەكێتی بۆ بەغدا و بەشداربوون لە پەرلەمانێكدا كە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕادەی فراوانیی تەزویر و ساختەكارییەكانی زیاتر دەردەكەوێت، تاوانێكی سیاسییە. بەغدا بۆ ئەوان جێبھێڵن شكستەكانی خۆیانی تیا تۆختربكەنەوە، وا باشترە كەس نەبێتە شەریكی ئەو وێرانەسازییە گەورەیەی دروستیانكردوە" لەبەرامبەردا د. سەردار عەزیز لە وتارێكدا بەناوی ( بایكۆت: چەند سەرنجێكی تایبەت) دەنوسێت " من لە گەڵ بایكۆتدا نیم، چونكە كورسیەكان دەچن بۆ هێزەكانی تر، مەبەست لە تەزویر و رێگری ئەوەبو كە گۆڕان نەچێتە پەرلەمان یان بە كورسیەكی كەمەوە بڕوات، ئێستا ئەگەر گۆڕان خۆی پاشەكشێ بكات، ئەوا ئاواتی ئەوان بەتەواوی دەهێنێتە دی، ئامادەنەبونی ئەو هێزانە پاش ماوەیەك بە هێزی تر پڕ دەكرێتەوە و دەبێتە روداێكی زۆر بچكۆلە لە هەناو ئەو هەموو روداوە گەورانەی ناوچەكە، دەبێت هێزە مەدەنیەكان هەمیشە هەوڵی ئەوەبدەن كە لە هەموو جێگایەك ئامادەبن، بۆ ئەوەی خۆیان نوێنەرایەتی خۆیان بكەن"
(درەو میدیا): لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، خەلیل سەركانی فەرماندەی سەربازی گۆڕان و ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشكرایكرد، كۆبونەوە و گفتوگۆكردنی سەركردە سەربازییەكانی گۆڕان لەم چەند رۆژەدا، تەنیا بۆ رێكخستنەوەی پۆلیس و پاسەوانەكانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكەیە. خەلیل سەركانی وتی: داوامان كردووە ژمارەی پاسەوانە فەرمییەكان زیاد بكرێت، بۆ ئەوەی گرەنتی پاراستنی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بگرنەئەستۆ. لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، هێزێكی چەكداری سەربە یەكێتی نیشتیمانی (وەكو ئەوەی بەرپرسانی گۆڕان دەڵێن) تەقەیان لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان كرد لە شاری سلێمانی، لەدوای ئەو روداوەوە لەناو گۆڕان بۆچونێك دروستبووە كە داوای پێكهێنانی هێزێكی چەكدار دەكات، بەڵام هێشتا لەوباڕەیەوە هیچ بڕیارێك نەدراوە.
( درەو میدیا): لە هەڵبژاردنی رابردوودا لە پارێزگای سلێمانی كە 76%ی دەنگدەران دەنگیاندا كە (893226) كەس بوو، بەڵام دوای چوار ساڵ و زیادبوونی زیاتر لە ( 212 هەزار ) كەس لە تەمەنەكانی ( 1997، 1998، 1999، 2000 )، ئاستی دەنگدان لە هەڵبژاردنی 2018 دادەبەزێت بۆ نزیكەی 51% واتا (679966 ) كەس دەنگیانداوە، بەو پێیەش تەنها لە نێوان دوو هەڵبژاردندا 2014 -2018 زیاتر لە (213260) دەنگ كەمیكردووە كە دەكاتە 25%ی دەنگدەران ، واتا سەرەرای بایكۆتی 49%ی هاوڵاتیان بۆ هەڵبژاردن، كە لە هەڵبژاردنی 2014 دا 24% بایكۆت هەبووە بەڵام لە 2018 بایكۆت بە رێژەی 26% زیادیكردووە. ئەمە لە كاتێكدایە كە دەنگی هێزەكان ( سەرەرای ساختەكاری زۆر و گۆڕانی دەنگەكان) بە رێژەیەكی زۆر دابەزیوە ( یەكێتی 9% و گۆڕان 55% و پارتی 48% و یەكگرتوو 63% و كۆمەڵ 9% ) كەمیان كردووە، دیارە كاریگەری ساختەكاری و دەستكاریكردنی دەنگەكان كاریگەری لەسەر دابەزینی ئاستی دەنگی حزبەكان هەبووە بەڵام بایكۆتیش كاریگەری زۆری لەسەر كەمبوونەوەی دەنگەكان هەبووە،بەم شێوەیە. - یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەپارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی 2014 دا (294265 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018 دا (267442)دەنگی بەدەستهێناوە، واتا لە نێوان چوار ساڵی هەڵبژاردندا ئاستی دەنگەكانی (26823) دەنگ كەمیكردوە بەرێژەی 9% - بزووتنەوەی گۆڕان لەپارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی 2014 دا (347799) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018 دا (156973)دەنگی بەدەستهێناوە، واتا لە نێوان چوار ساڵی هەڵبژاردندا ئاستی دەنگەكانی (190826) دەنگ كەمیكردوە بەرێژەی 55% - پارتی دیموكراتی كوردستان لەپارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی 2014 دا (93410) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018 دا (48820)دەنگی بەدەستهێناوە، واتا لە نێوان چوار ساڵی هەڵبژاردندا ئاستی دەنگەكانی (44590) دەنگ كەمیكردوە بەرێژەی 48% - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەپارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی 2014 دا (81392) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018 دا (30297)دەنگی بەدەستهێناوە، واتا لە نێوان چوار ساڵی هەڵبژاردندا ئاستی دەنگەكانی (51095) دەنگ كەمیكردوە بەرێژەی 63% - كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەپارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی 2014 دا (57102) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018 دا (51763)دەنگی بەدەستهێناوە، واتا لە نێوان چوار ساڵی هەڵبژاردندا ئاستی دەنگەكانی (5339) دەنگ كەمیكردوە بەرێژەی 9% - بە هەردوو نەوەی نوێ و هاوپەیمانی كە یەكەمجارە بەشداری دەكەن (111355) دەنگیان بەدەست هێناوە ( نەوەی نوێ 64388 دەنگ و 46967 دەنگی) بەدەستهێناوە
" كەوتنە دوای پارتی و یەكێتی بۆ بەغدا و بەشداربوون لە پەرلەمانێكدا كە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕادەی فراوانیی تەزویر و ساختەكارییەكانی زیاتر دەردەكەوێت، تاوانێكی سیاسییە. بەغدا بۆ ئەوان جێبھێڵن شكستەكانی خۆیانی تیا تۆختربكەنەوە، وا باشترە كەس نەبێتە شەریكی ئەو وێرانەسازییە گەورەیەی دروستیانكردوە" ئەمە روانینی نوسەرو روناكبیر مەریوان وریا قانیعە لە نوسینێكدا بەناوی ( دەربارەی بایكۆتی سیاسیی ) كە لە وەڵامی چەند خوێنەرێكدا بڵاویكردۆتەوە. نوسەر دەشنوسێت ساڵانێكە شتێك بەناوی ”ئیجماعی سیاسیی“ كوردستانییەوە بوونی نییە و بوونی نەماوە، ئەوەی لە كوردستاندا ھەیە ”سوكایەتیی سیاسیی“ بەردەوام، ”بەڵتەجێتی سیاسیی“ ڕێكخراو، ”توندوتیژیی ھەمەلایەن“ و بەگەڕخراو، ساڵانێكە لە ھەرێمدا شتێك نەماوە و نییە ناوی ”مەسەلەی كورد“، یاخود “مەسەلەی كوردستان“ بێت لەناو سیاسەتی دوو پارتە حوكمڕانەكەی ھەرێمدا، ئەوەی ھەیە سەپاندن و فراونكردن و پاراستنی ڕۆژانەی دەسەڵاتی چەند بنەماڵەیەكی سیاسییە. نوسەر ئاماژە بەوەش دەكات كە لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە، كە گەمژەییەكی سیاسیی كەم وێنە دروست و ئاراستەی كرد، پێگەی كورد و پێگەی ھەرێم لە بەغدا تووشی داتەپینێكی ستراتیژیی بووە، بەجۆرێك گەڕانەوە بۆ ھەلومەرجی پێش ڕیفراندۆم مەحاڵە و بەھەمان ئەندازەی گۆڕینی عێراق بۆ ”دراوسێیەكی باش“ خورافیە. ڕیفراندۆم كوردستانی بە كردەوە گەڕانەوە بۆ سەردەمی حوكمەزاتییەكی بەعس و بەدەیان شێوە لەبەردەم بەغدادا بە چۆكیداھێناوە.
( درەو میدیا ): سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "جارێكی تر بەناوی درۆی یەكڕیزی ماڵی كورد لەگەڵ پارتی و یەكێتی مامەڵە ناكەین لە بەغداد" و بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش پرۆژە یاسایەك پێشكەش بە سەرۆكی پەرلەمان كراوە". دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان یەكێك بوو لە هێزە سیاسییە ناڕازییەكانی كوردستان كە وتی "ئەنجامەكانی هەڵبژاردن رەتدەكەینەوە". بەپێی خولی گرێدراوی چوار ساڵەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تا 1ی تەمموزی 2018، ئەنجومەنەكە مافی یاسایی گرێدانی دانیشتنە یاساییەكانی خۆی هەیە. ئەحمەد حاجی رەشید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی دوایین هەوڵی هێزە سیاسییە جیاوازەكانی عێراق لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بە (درەو میدیا)ی وت "كات كراوەیە بۆ هەموو جۆرە دانیشتنێك، 20ی ئایار پرۆژە یاسایەك لە لیژنەی یاسایی گفتوگۆی لەسەر كراوە كە پرۆژەیەكە بۆ قبوڵ نەكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، پرۆژەكەش نێردراوە بۆ سەرۆكی ئەنجومەن". بەپێی زانیارییەكانی ئەحمەد حاجی رەشید شەش لایەنە ناڕازییە سیاسییەكە له، كۆمەڵی ئیسلامی، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، حیزبی شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا كۆبوونەوەی تر دەكەن بۆ تاوتوێكردنی بژارده سیاسییەكان و وتی: "لەگەڵ سەركردەی ئەو هێزانە ئێستا گفتوگۆ لەسەر دوو تەوەر دەكەین، یەكەم، تەوەری بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق یان پرۆسەی سیاسی عێراق، دووەم بریتییە لەوەی ئایا ئیمكانی ئەوەمان هەیە بتوانین فراكسیۆنێكی چوار لایەنی پێكبهێنین و بەیەك پلان كاربكەین بۆ بەرهەڵستكاری ئەو بابەته" بۆیە "جارێكیتر بەناوی درۆی یەكڕیزی ماڵی كورد لەگەڵ پارتی و یەكێتی مامەڵە ناكەین لە بەغداد". لەبارەی هەماهەنگی بەرژەوەندی و بنەمایی نێوان هێزە سیاسییە ناڕازییەكان و بەردەوامییان لە هەڵوێستی سیاسییان، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ وتی: "ئێمە دوو جۆر هەماهەنگی سیاسیمان هەیە كە بریتین لە هەماهەنگی بنەمایی و بەرژەوەندی، ئێمە و بزووتنەوەی گۆڕا ن هەماهەنگی مەبدەئیمان هەیه و هەبووە و لە ساڵی 2009وە تائێستا بەیەكەوەین". ئەو پەرلەمانتارە خوازیارە "هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسییەكان بنەمایی بێت و هەماهەنگی بەرژەوەندی نەبێت چونكە هەماهەنگی بنەمایی لە هەماهەنگی بەرژەوەندی زیاتر بەردەوامە". رۆژی 19ی ئایار ئەنجومەنی نوێنەران نەیتوانی رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی نائاسایی بەدەستبهێنێت لەبارەی تاوتوێكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بەڵام بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارە ناڕازییەكان ئەنجومەنی نوێنەران شەش خاڵی پێشكەش بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد. ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی ئیسلامی پێیوایە سەرەڕای ئەوەی ئەو دانیشتنەوەی پەرلەمان رێژەی یاسایی تەواو نەكرد بەڵام "فشارێكی دروست كردووە و دەنگۆیەك هەیە كەوا كۆمسیۆن خەریكە قایل دەبێت بەوەی رێژەیەك لە دەنگەكان بە دەست بژمێردرێت".
(درەو میدیا): بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی هێزی سەربازیی، فەرماندە سەربازییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبنەوە و ئامادەكاری دەكەن بۆ دامەزراندنی. فەرماندەیەكی سەربازی بزوتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە " درەو میدیا" ی راگەیاند: ئەمرۆ فەرماندە سەربازییەكان بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر شێوازی پێكهێنانی هێزی چەكداری لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا كۆبونەوە و لە كۆبونەوەكەدا باس لە چەندین شێواز كرا، بەتایبەتی چۆنیەتی دامەزراندنی ئەوهێزە. هەندێك لە فەرماندە سەربازییەكان پێیان وابوو كە فەوجێكی سەربازی دروست بكرێت و لە وەزارەتی پێشمەرگە مۆڵەتی بۆ وەربگیرێت، بەشێكی دیكەی فەرماندەكان پێیان وابوو كە شێوازێكی سەربازیی دروست بكرێت هەر لە چوارچێوەی گۆڕاندا و بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت. پرسی پێکهێنانی هێزی چەكداری لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ماوەی چەند ساڵێكە بوەتە جێگەی گفتوگۆ لە ساتی رێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر كراو كە هێشتا نەوشیراون مستەفا لە ژیاندا بوو بەڵام نەوشیروان مستەفا رازی نەبووە، دواتر جارێكی دیكە ساتی خۆپیشاندانەكانی مانگی 12ی 2017 و سوتانی بارەگا حزبییەكان جارێكی تر گفتوگۆی لەسەر كرا بەڵام دواتر وازی لێهێنرا، ئێستا و لەدوای ئەوەی لە شەوی 12ی ئایار کە هێرشكرایە سەر گردی زەرگەتە ئەو پرسە بوەتە پرسێكی جدی و گفتوگۆی لەسەر دەكرێت. شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێكدا بۆ " درەو میدیا" بێ ئاگایی لە كۆبونەوەی فەرماندە سەربازییەكان راگەیاند، بەڵام سەبارەت بە پێكهێنانی هێزی سەربازی لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە رایگەیاند: "تا ئەم ساتەوەختە گۆڕان لەسەر بنەما جێگیرەكانی خۆیەتی كە پابەندبوونەوە بە خەباتی مەدەنیە و پێشی وایە كە شاڕێی گۆڕانكاری لە هەرێمی كوردستاندا خەباتی مەدەنیە، بەڵام لەدوای 12ی ئایارەوە و دوای ئەوەی هێزێكی چەكدار و سەركردایەتیەكی یەكێتی بە ئاشكرا و بە چەكی قورس هێرشیكردە سەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە، كە هەزاران كەسی مەدەنی تێدا بووە بە مەبەستی كوشتنیان، بەبێ لێپرسینەوە و بەبێ ئەوەی هیچ رێوشوێنێكی یاسایی و حكومی و حزبی بەرامبەری بگیرێتەبەر، بۆیە پێمان وایە لەم جەنگەڵستانەدا، كە حكومەت و تەنانەت حزبیش لێپرسینەوە ناكات، دەبێت گۆڕان بیر لە شێوازێكی تر بكاتەوە بۆ بەرگریكردن لە خۆی". راپۆرتی پەیوەندیدار http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=745
(درەو میدیا): سبەینێ وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق، دەچێتە بەغداد. كەناڵی تەلەفزیۆنی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی ئاشكرایكرد" وەفدەكەی پارتی پێكهاتووە لە هەریەكە لە خەسرەو گۆران و شوان محەمەد تەها و فازل میرانی سەرۆكایەتی دەكات". هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، وەفدەكەی پارتی لەگەڵ لیستە براوەكانی هەڵبژاردن كۆدەبێتەوە. سەردانی وەفدی پارتی بە تەنیا بۆ بەغداد و بەبێ لایەنەكانی تر لەكاتێكدایە رۆژی شەممە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە پەیامێكدا رایگەیاند"پێویستە لایەنە كوردستانییەكان بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە پێشەوەی بەرژەوەندیی حزبی و هەموو لایەك پێكەوە بن و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان نەكەنە قوربانیی هەندێ دەستكەوتی كاتی و سیاسیی و حزبی".
(درەو میدیا): بەپێی هەواڵێك كە رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی بڵاویكردوەتەوە، هەوڵێك دەستیپێكردووە بۆ دروستكردنی كوتلەیەكی گەورەی پەرلەمانی لەنێوان هەریەكە لە موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادی و مەسعود بارزانی و خەمیس خەنجەر و ئەیاد عەلاوی. رۆژنامەكە لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە ئاشكرایكردووە" پەیوەندی دەستیپێكردووە بۆ سازدانی كۆبونەوەیەك لە نێوان سەدر و عەبادی لەلایەك و كۆبونەوەی مەسعود بارزانی و خەمیس خەنجەر لەلایەكی تر لە چەند رۆژی داهاتوودا". بەپێی قسەی رۆژنامەكە" هەوڵەكە دەیەوێت موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادی و مەسعود بارزانی و خەمیس خەنجەر كوتلەیەكی گەورەی پەرلەمانی دروستبكەن ، كە پێدەچێت ئەیاد عەلاویش بچێتە ناو ئەو كوتلەیەوە". سەرچاوەكە باس لەوەدەكات" مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی لەبارەی هاوپەیمانێتیكردنەوە لەگەڵ عەبادی روون نەبووەتەوە و زانیاری دزەی كردووە لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەیە پارتی هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ مالیكی هەڵبژێرێت، ئەمەش وەكو سزادانێك بۆ عەبادی لەسەر هەڵوێستەكانی لەبارەی ریفراندۆم و كەركوكەوە، بەڵام هاوپەیمانێتی لەم جۆرە پێناچێت ئاسان بێت، سەرباری ئەو پەیوەندییانەی كە دەوترێت لەنێوان سەركردەكانی حزبەكەی بارزانی و لێپرسراوانی ئێرانی لەوبارەیەوە كراوە". رۆژنامەی حەیات ئاشكرایكردووە" بەپێی ئەو قسەو باسانەی كە لە ناوەندەكانی نزیك لەو هاوپەیمانێتییەوە تاوتوێ دەكرێن كە سەدر دەیەوێت رایبگەیەنێت، شاری موسڵ دیاریكراوە بۆ راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەكە".
( درەو میدیا): دكتۆر شایان كە لەلایەن دوو هێرشبەری خۆپیشاندانەكانەوە سكاڵای لەسەر تۆماركراوە، لە ساڵانی كاركردنیدا چەندین كاری خۆبەخشی بۆ هوشیاری هاووڵاتییان لە تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە كردووە، بە تایبەت بۆ پاراستنی ژنان لە تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك.بۆیە ئێستا لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هەڵمەتی پشتیوانی بۆ دكتۆر شایان دەستی پێكردووە بەوەی لەبری خەڵاتكردن دادگایی دەكرێت. ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی دژ بە تۆماركردنی سكاڵاكان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییكردنەكە رایانگەیاند "لەبری ئەوەی داوای لێبوردن لە دكتۆرە شایان بكەن كە رۆژانە تیماری نەخۆشانی شێرپەنجە دەكات لە نەخۆشخانەی نانەكەلی شاری هەولێر هەستاون سكاڵایان لەسەر تۆماركردووە" رۆژی 25ی ئازاری 2018 بەهۆی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەكەوە لەژمارەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، دكتۆر شایان عەسكەری بەڵگەی چەك هەڵگرتن و دەستدریژی دوو لەهێزە ئەمنییە جل مەدەنییەكانی بڵاوكردەوە كە دەستدرێژی و رێگرییان كردبووە سەر ناوبراو، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكە بەدوای خۆیدا كاردانەوەی میدیایی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دژ بەو دوو كەسە جل مەدەنییە دروستكرد. بەڵام رۆژی 17ی ئایار پێڕاگەیاندنی ئامادەبوون لەبەردەم دادگای بەرایی بەهۆی بوونی دوو سكاڵای یاسایی دەگەیەندرێتە شوینی كاری دكتۆر شایان عەسكەری لە نەخۆشخانەی نانەكەلی هەولێر، كە لە سكاڵاكاندا بە تۆمەتی ناوزڕاندن هەر یەك لە سەنگەر باڵەكی و ناسح مەحمود داوای قەرەبووی ماددی بە بڕی 100 ملیۆن دینار واتا 200 ملیۆن دینار بۆ هەردووكیان دەكەن.
(درەو میدیا): (43) پەرلەمانتار لە (8) فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان داوا دەكەن پەرلەمان كۆبونەوەیەك بكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ساختەكارییەكانی هەڵبژاردن. بەپێی نوسراوێك كە ئەو پەرلەمانتارانە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردووە و كۆپییەكی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئەو پەرلەمانتارانە داوا دەكەن" كۆبونەوەی داهاتووی پەرلەمان تایبەت بێت بە گفتوگۆكردن لەسەر كەموكورتییەكانی سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ساختەكاری لە ئەنجامەكانی كە بوەتە هۆكاری نەمانی متمانە و دروستبونی بۆشایی زیاتر لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان". دەقی نوسراوەكە:
(درەو میدیا): لە ئەگەری كشانەوەی ( گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتو و ھاوپەیمانی ) لە پەرلەمانی عێراق و بەشداری نەكردنی كاندیدە دەرچوەكانیان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراقدا، كورسیيەكانیان لە پارێزگاكان بە گوێرەی شێوازی سانت لیگۆ بەسەر لایەنەكانی تردا دابەش دەكرێ بەجۆرێك: (7 كورسی گۆڕان كۆمەڵ یەكگرتوو ھاوپەیمانی) لە سلێمانی بەسەر ( یەكێتی و نەوەی نوێ و پارتی)دا دابەش دەكرێ و یەكێتی لە 8 كورسیيەوە دەبێتە ١٣ كورسی و نەوەی نوێ لە 2 كورسیيەوە دەبێتە ٣ كورسی و پارتیش لە یەك كورسیيەوە دەبێتە ٢ كورسی . هەریەك لە (عومەر عینایەت و بێستون فایەق) ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان شیكاریەكیان بۆ ئەگەری بایكۆتی لایەنەكان بۆ پەرلەمانی عێراق كردووە، ئەگەر كاندیدی سەركەوتوو ئامادەی سوێند خواردن نەبێ و نەچێتە دانیشتنەكانی پارلەمان، ئەوا بە رێوشوێنە دیاری كراوە یاساییەكان بەپێی ریزبەندی دەنگەكان كەسێكی تر لە لیستەكەی خۆی لە شوێنی دادەنرێ، ئەگەر كاندیدی سەركەوتوو سوێندی خوارد و بوو بە پارلەمانتار و دواتر پابەند نەبوو یان دەستیلەكاركێشایەوە یان كۆچی دوای كرد، ئەوا دیسان بە ھەمان رێگا كەسێكی تری لیستەكەی جێی دەگرێتەوە بەڵام حاڵەتی بایكۆتی بەكۆمەڵی لیستێك و كشانەوەی تەواوەتی لە خولی ھەڵبژاردنی پەرلەمان حەڵەتێكی تایبەتەو لەدەستورو یاسای ھەڵبژاردن و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراقیشدا باس نەكراوە، ئەوەی یاسای ھەڵبژاردن چەسپاندویەتی كورسیيەكانی پەرلەمان و ژمارەی كورسی پارێزگاكانە كە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان دانراوە و چەند كەس (دەنگدەر) بەشداری بكات و چەند (لیست) كێبركێ بكەن پێویستە ئەو كورسیيە دیاری كراوانە پڕ بكرێنەوە.