Draw Media

دانوستان.. چیان بەخشی‌و چییان وەرگرت ؟

دانوستان.. چیان بەخشی‌و چییان وەرگرت ؟

2019-04-05 19:09:41


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
دوای زیاتر لە شەش مانگ دانوستان، دواجار وادەی سەرەتاكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەركەوتن، لەو دانوستانە تاقەتپڕوكێنەدا هەندێك لایەن بە سود‌و هەندێكی تر بە زیانەوە لێی دەرچوون.
(درەو میدیا) لەم راپۆرتە شیكارییەدا لایەنی براوە‌و دۆڕاوی دانوستان دیاری دەكات.

پارتی دیموكراتی كوردستان
براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو لە 30 ئەیلولی 2017، لەكۆی (111) كورسی پەرلەمان، (45) كورسی بەدەستهێنا.
پارتی بەوپێیەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، جڵەوی دانوستانەكانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەدەستەوە بوو، بەڵام هەندێك هۆكار وایانكرد، وەكو پێویست سود لەو كارتە بەهێزە وەرنەگرێت.
پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، تاڕادەیەك كارتە بەهێزەكەی دەستی پارتییان لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێدا لاوازكرد.
وەفدی دانوستانكاری پارتی، لەپێناو كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، باجیان بە هەندێك لە پشكەكانی خۆیاندا لە كابینەی نوێدا.
پارتی بۆ زامنكردنی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، جارێكی تر بزوتنەوەی گۆڕانی گەڕاندەوە بۆ ناو دەسەڵات، ئەمە لەكاتێكدابوو پێشتر‌و بەهۆی ناكۆكییەكانی چوار ساڵی رابردووەوە، هێڵی سوری لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان دانا بوو، ئەمەش جۆرێك بوو لە پاشەكشێی سیاسی پارتی لەبەردەم دەنگدەرەكانیدا لەپێناو كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم.
سەرباری ئەمانەش، شكستی دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بۆ ماوەی زیاتر لە (6) مانگ، بەپلەی یەكەم بەرپرسیارێتییەكەی كەوتە ئەستۆی پارتییەوە.
بەڵام لەبەرامبەردا، وەفدی دانوستانكاری پارتی سەركەوتوو بوو لەوەی جارێكی تر، هەردوو پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەتی هەرێم لای پارتی‌و بەدیاریكراویش ئەندامانی خانەوادەی بارزانی بهێڵێتەوە.
پارتی لەم خولەی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، بەشێوەیەكی زیرەكانە لەكاتی خۆیدا كارتەكانی بەكارهێنا، توانی دوای مشتومڕێكی زۆر یەكێتی راكێشێتە ناو حكومەتەوە، لەمەشدا سودی لە رێككەوتنە پێشوەختەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا بینی، سەرباری ئەو زۆرینەیەی كە لەم خولەدا خۆی لە پەرلەمان هەیەتی.
یەكێكی تر لە خاڵە بەهێزەكانی پارتی لەم خولەدا، كۆتایهێنان بوو بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن، كە لە چوار ساڵی رابردوودا كێشەی گەورەیان بۆ دروستكرد، بەدیاریكراویش بزوتنەوەی گۆڕان.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان
سەرباری گومانەكان لە ساختەكردنی ئەنجامی ئەلیكترۆنی هەڵبژاردن، دواجار یەكێتی بوو بە براوەی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و لەكۆی (111) كورسی پەرلەمان، (21) كورسی بردەوە.
یەكێتی كە بەهۆی گومانی ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، زیانێكی گەورە بەر ناوبانگە سیاسییەكەی كەوت لەناو دەنگدەرانی هەرێمدا، نەیتوانی لە دانوستانی پێكهێنانی كابینەی نوێدا هەندێك لەو وێنا شێواوە، بسڕێتەوە.
ئەم حزبە كە رۆژگارێك بە سەرۆكایەتی جەلال تاڵەبانی شاسواری مەیدانی دانوستان بوو، ئەمجارەو لە دانوستانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا وەكو حیزبێكی بێ دیدگا دەركەوت.
وەفدی دانوستكاری یەكێتی، هیچ تێڕوانینێكی روونی بۆ بەرنامە‌و ئەجێنداكانی حزبەكەی نەبوو، ئەوەی زیاتر دانوستانی لەسەركرد، وەرگرتنی ژمارەیەكی زیاتری پۆست بوو، بۆ رازیكردنی جەمسەرە جیاوازە‌و ناكۆكەكانی ناو حیزب.
یەكێتی لە وەرگرتنی پشكەكانیدا تاڕادەیەك سەركەوتوو بوو، بەڵام لە زاڵكردنی گوتاری سیاسی خۆیدا شكستی هێنا، وەفدی دانوستكاری یەكێتی لەسەرەتاوە دەیویست وەكو "شەریكی راستەقینە" بچێتە حكومەتەوە، بەڵام دواجار وەكو "بەشدار"ێك چووە ناو حكومەتەوە، تەنانەت كەوتە بەردەم هەڕەشەی پەراوێزخستن لە كابینەی نوێدا‌و دیمەنەكانی پەراوێزخستنیشی بەتەواوەتی نیشان درا.

یەكێتی زوو لە نیازی پارتی بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و پێویستی پارتی بەو پۆستە گرنگە تێگەیشت، بەڵام نەیتوانی وەكو پێویست سود لەو كارتە بەهێزە وەرگرێت، لەمەشدا دوركەوتنەوە یەكێتی لە بزوتنەوەی گۆڕان كاریگەری هەبوو، پارتی بەر لە یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕانی بۆ خزمەتی خوستە سیاسییەكەی خۆی زامن كرد‌و كارتی دەستی یەكێتی سوتاند.
یەكێتی كە حوكمڕانی زۆنێكی گەورەی هەرێمی كوردستانە، دەبوو لەگەڵ پارتیدا بڕیار بدات لەسەر بەرنامەی حكومەت‌و بەشداری لایەنەكانی تر، بەڵام سودی لە خاڵی هێزی خۆی وەرنەگرت‌و جڵەوی دەستپێشخەری سیاسی لەدەستدا.
یەكێتی ئەمجارەش ئەو وێنایەی لای دەنگدەرانی خۆی‌و دەرەوەی خۆشی تۆخكردەوە كە حزبێكە هیچ روئیایەكی بۆ پرۆسەی سیاسی بەگشتی‌و بەتایبەتیش سیستمی ئیداری‌و حوكمڕانی هەرێم‌و زۆنەكەی ژێر دەستی خۆشی نییە، جگە لە زامنكردنی پۆست بۆ دەستڕۆشتووەكانی.
لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا یەكێتی روبەڕووی تۆمەتی "خیانەت" كرایەوە لە كەركوك، وەفدی دانوستانكاری یەكێتی هەلێكی گەورەی لەبەردەمدا بوو لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێدا، هەندێك لەو وێنایە كاڵبكاتەوە كە لەبارەی كەركوكەوە لەسەر حزبەكەی دروستكراوە، بەڵام نەیتوانی گرەنتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بكات بۆ كەركوك هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێدا‌و قایل بوو بەوەی چارەنوسی كەركوك بداتەدەست بارزانی لە داهاتوودا.
تاكە خاڵی سەركەوتنی یەكێتی لە دانوستانی ئەمجارەدا تەنیا ئەوەبوو، لەسەرەتاوە تاڕادەیەك توانی ستۆپ بە پارتی بكات‌و ناچاری بكات بەبێ یەكێتی كابینەی نوێ پێكنەهێنێت، ئەمە تاڕادەیەك گڕوتینی بە یەكێتییەكان بەخشی، بەڵام دواجار بە رۆشتنی بۆ ناو حكومەت بەشێوەیەكی پەلەپروزە‌و دوای هەڕەشەكەی بارزانی، بەهای ئەو خۆڕاگرییەشی سڕییەوە.
وەفدی دانوستانكاری یەكێتی كە چەندجارێك گۆڕانكاری بەسەردا هات، لەسەرەتاوە سەقفێكی بەرزی بۆ خواستەكانی لە كابینەی نوێ دانا، بەڵام دواجار بە بڕێكی زۆر كەمتر لە خواستەكانی قایل بوو، ئەمە وایكرد دیمەنەكە وا دەربكەوێت یەكێتی داواكارییەكانی لە كابینەی نوێدا جێبەجێ نەكراوە.

بزوتنەوەی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا گورزێكی گەورەی بەركەوت‌و رێژەی 50%ی كورسییەكانی لەدەستدا.
ئەم بزوتنەوەیە لەسەرەتاوە بانگەشەی ساختەكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی كرد، بەڵام دواجار ئەنجامەكانی قبوڵ كرد، ئەمە لەناو دەنگدەرانی هەرێم بەشێوەیەكی گشتی، بەزیان بۆ ناوبانگی بزوتنەوە شكایەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژاردنی دۆڕاند، بەڵام دانوستانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بردەوە، بە (12) كورسییەوە دەستكەوتی زۆری كۆكردەوە‌و وەكو یەكەمین لایەن لەدوای پارتییەوە سواری شەمەندەفەری دەسەڵات بوو.
سەركەوتنی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆكردنەوەی پۆستی زیاتر بەبەراورد بە كورسییەكانی لە پەرلەمان، بەواتای سەركەوتنی نییە لەناو پرۆسەی سیاسیدا بەگشتی.
وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان بە 12%ی كورسی پەرلەمانەوە 20%ی كێكی دەسەڵاتی بڕی، بەڵام بەمە گورزێكی گەورەی دا لە وێنای بزوتنەوەكە لای دەنگدەران، بەتایبەتیش دوای چوار ساڵ ناكۆكی سیاسی لەگەڵ پارتی، جارێكی تر‌و بە لاوازی گەڕایەوە بۆ لای ئەو حزبە.
تاكە خاڵی سەركەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لە دانوستانی كابینەی نوێی حكومەتدا ئەوە بوو، توانی هێڵی سوری پارتی لەسەر خۆی هەڵگرێت، گۆڕان وایكرد پارتی ناچاربێت جارێكی تر بیباتەوە ناو مەتبەخی پێكهێنانی حكومەت‌و پرۆسەی سیاسی، لەمەشدا باجی بە هەندێك لە بنەما سیاسییەكانی خۆیدا، بەتایبەتیش لە پرسی سیستمی حوكمڕانی هەرێم‌و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم.
بەشێوەیەكی گشتی، بزوتنەوەی گۆڕان براوەی یەكەمی دانوستان‌و دۆڕاوی یەكەمی هەڵبژاردن‌و ئەو گوتارە سیاسیانە بوو كە پێشتر خۆی بانگەشەی بۆ دەكردن.
بزوتنەوەی گۆڕان كە باجی دا بە تەواوی گوتارە سیاسییەكەی خۆی لەپێناو بەشداریكردن لە حكومەت، وەكو پێویستیش نەیتوانی سود لە ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی وەرگرێت بۆ پچڕینی ژمارەیەكی زیاتری پۆست‌و چەسپاندنی بەرنامە سیاسییەكانی، ئەمە بەپێچەوانەی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەكەوە كە بەشێوەیەكی شارەزایانە سودی لە ناكۆكییەكانی نێوان دوو حزبە دەسەڵاتدارەكە دەبینی بۆ چەسپاندنی خواستە سیاسییەكانی. 
بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ بەشداربوون لە حكومەت، گورزێكی گەورەشی لەبەری ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان دا، كە رۆژگارێك خۆی سەرۆكایەتی ئەو بەرەیەی دەكرد.

كۆمەڵی ئیسلامی
لەدوای پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی، براوەی سێیەمی هەڵبژاردن بوو، براوە بەو واتایەی ژمارەی كورسییەكانی لەناو پەرلەمان یەك كورسی زیادی كرد.
كۆمەڵی ئیسلامی كە بوو بە خاوەنی (7) كورسی، گوتاری سیاسی خۆی كە گوتارێكی ئۆپۆزسیۆن بوو، كردە قوربانی بەشداربوونی لە كابینەی نوێی حكومەت. 
لەسەرەتاوە پارتی وەكو لایەنی دەستپێشخەر بۆ پێكهێنانی كابیەی نوێی حكومەت، كۆمەڵی ئیسلامی نادیدە گرت، بەڵام كۆمەڵ پەیامەكەی بەجددی وەرنەگرت‌و هەر گرەوی لەسەر بەشداربوون لە حكومەت دەكرد.
تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، كە نەخشەی پێكهاتەی كابینەی نوێی حكومەت لە كۆتاییدایە، كۆمەڵ ئیسلامی وا دەردەكەوێت هەر چاوەڕوانە بەشداری پێبكرێت، چونكە هێشتا بە فەرمی راینەگەیاندووە، دەبێت بۆ هێزێكی ئۆپۆزسیۆن بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
ئەم چاوەڕوانییە، لە دوو سەرەوە زیانی بە ناوبانگی سیاسی كۆمەڵ گەیاندووە، لەلایەك پێگەی كۆمەڵی لای هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەم خولە بەتایبەتی (جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی) لاوازكردووە، لەلایەكی تر، سەنگی سیاسی حزبەكەی لەلای دوو هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەكە (پارتی‌و یەكێتی) لاواز كرد.
یەكێتی نیشتمانی بەمدواییە هەوڵیدا كۆمەڵی ئیسلامی وەكو كارتێك بەدەستی خۆیەوە لەبەرامبەر پارتی بەكاربهێنێت، ئەمەش نەك هێزی بە كۆمەڵ نەبەخشی، هەندێكیش زیانی بە ناوبانگە سیاسییەكەی گەیاند، بەبێ ئەوەی هیچ دەستكەوتێكی سیاسی لێ بچنێتەوە. 
بەگشتی كۆمەڵ بەم فۆرمە لە دانوستان، هەم حكومەتی لەدەستدا‌و هەم جەماوەرەكەی، هەڵبژاردنی بردەوە‌و دانوستانی دۆڕاند.
كۆمەڵی ئیسلامی سەرباری مانەوەی لە دەرەوەی دەسەڵات، بەڵام پێناچێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو بتوانێت سەركردایەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بكات لە كوردستان، ئەمەش رەنگە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو زیان لە دەنگەكانی بدات.

یەكگرتووی ئیسلامی
ئەم حزبە دۆڕاوی گەورەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، هاوشێوەی بزوتنەوەی گۆڕان 50%ی كورسییەكانی لە پەرلەمان لەدەستدا.
دوای شكستی هەڵبژاردن، یەكگرتوو خۆڕێكخستنەوەی ناوخۆیی بەلاوە گرنگتر بوو لە بەشداری لە حكومەت، ئەم حزبە سەركەوتوو بوو لەوەی خۆی لە تانەی شەقام پاراست، بڕیارە بەپەلەكەی بۆ هەڵبژاردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن تا چوار ساڵی داهاتوو، تاڕادەیەك حزبەكەی لەو نیگەرانییە ناوخۆییانە پاراست كە لەدوای شكستی هەڵبژاردنەوە دروستبوو.
بە پێچەوانەی كۆمەڵی ئیسلامی، پارتی وەكو لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت، چەندینجار داوای لە یەكگرتوو كرد بەشداری حكومەت بكات، بەڵام رەتیكردەوە، یەكگرتوو بەم هەنگاوە زیانە جەماوەرییەكانی خۆی لە ئاستێكدا راگرت، نەیهێشت لەوە زیاتر تەشەنەبكات.
ئێستا یەكگرتوو هێزێكی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنبوونەكەی شێوازە نەریتییەكەی پێشتری خۆی تێنەپەڕاندووە، وا دەردەكەوێت ئەم حزبە لە سوڕی متبوونی تەواوەتیدا بێت.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ
دەتوانرێت وەكو هێزێكی براوە ئەژماربكرێت، لەیەكەمین ئەزمونی بەشداریكردندا لە هەڵبژاردن، (8) كورسی پەرلەمانی بردەوە.
هەرچەندە لە كەمپەینی هەڵبژاردندا بانگەشەی گەیشتنی بە "ترۆپكی دەسەڵات" دەكرد، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، هەرزوو بەبێ دوودڵی ریزی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژارد.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ جگە لە ئۆپۆزسیۆنبوون هیچ بژاردەیەكی سەلامەتتری لەبەردەستدا نەبوو، چونكە لەلایەك پارتی ئامادە نەبوو بەشداری پێبكات، لەلایەكی تر بەشداربوونی لە حكومەت بە قەبارەی ئێستایەوە، وەكو خۆكوشتنێكی سیاسی دەبوو، ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی بانگەشە سیاسییەكانی ئەو جوڵانەوەیە لەدژی دوو پارتە دەسەڵاتدارەكە لەلایەك‌و لەبەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەكی تر.
ئەم جوڵانەوەیە هەر لەسەرەتای دەستوپەنجە نەرمكردنەوە لەگەڵ سیاسەت لە هەرێم، كەوتە ناو هەڵەیەكی سیاسییەوە، كە ئەوەش تاڕادەیەك بە زیان بۆ ناوبانگی جوڵانەوەكە شكایەوە، ئەم جوڵانەوەیە لەسەرەتاوە بڕیاریدا پەرلەمان بایكۆت بكات، بەڵام دواجار پاشگەزبووەوە پەرلەمانتارە دەرچووەكانی ناردە ناو پەرلەمانەوە.
سەرباری بەشداریكردنی، ئەندامانی ئەم جوڵانەوەیە لە پەرلەمان تائێستا جوڵەیەكی سیاسی ئەوتۆیان نەكردووە كە رایگشتی دروستبكات، گوتارو جوڵە سیاسییەكانیان لەناو پەرلەمان هێشتا گوتارەكەی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەردەمی ئۆپۆزسیۆنبووندا تێنەپەڕاندووە.
ئێستا جوڵانەوەی نوێ بووە بە هێزێكی پەرلەمانی، بەڵام هێشتا فراكسیۆنەكەی پەرلەمان نەبووە بە روخساری جوڵانەوە سیاسییەكە‌و زیاتر شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكە گوزارشت جوڵانەوەكە دەكات.
شاسوار عەبدولواحید ئێستا لەلایەك بیر لە كۆكردنەوەی شەقامی ناڕازی‌و بەتایبەتی نارازییەكانی ناو گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو دەكاتەوە، لەلایەكی تریش بیر لە هێزە دەسەڵاتدارەكان‌و فەرمانڕەوایی دەكاتەوە‌و گوتارە سیاسییەكەی لە خاڵێكدا چڕنەكردوەتەوە.
سەرباری ئەوەی هێزێكی نوێیە، بەڵام بەپێی قەبارەی كورسییەكانی لە پەرلەمان‌و ئەو دامەزراوە میدیاییەی كە لە پشتیەوەیە، پێدەچێت نەوەی نوێ بۆ چوار ساڵی داهاتوو سەرۆكایەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن‌و دەنگی ناڕازی بكات لە كوردستان.

پێكهاتەكان
كەمینەكان یاخود ئەوەی ناوی لێنراوە "پێكهاتەكان"‌و بە سیستمی "كۆتا" لە پەرلەمانی كوردستان (11) كورسییان بۆ تەرخانكراوە، بەبێ هیچ دانوستانێكی ئەوتۆ، بوون بە براوەی كابینەی نوێی حكومەت.
پێكهاتەكان كە بریتین لە (توركمان- مەسیحی)، پۆستی سكرتێری پەرلەمانی كوردستانیان (كە دواتر دەبێتە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان) برد، ئەم پۆستە لەم خولەدا دوو ساڵ لای توركمان‌و دوو ساڵەكەی تری لای مەسیحییەكان دەبێت، پێدەچێت لە حكومەتیش پۆست وەرگرن.
واتا پێكهاتەكان براوەیەكی گەرەنتیكراوی هەڵبژاردن‌و براوەی كابینەی نوێی حكومەتیش بوون.

ئەوانی تر
حزبی شیوعی لە هەڵبژاردندا دەنگەكانی كەمی كرد، هەرزوو بڕیاری خۆی یەكلاكردەوە‌و بۆ چوار ساڵی داهاتوو بوو بە ئۆپۆزسیۆن، حزبی سۆسیالیس دیموكراتی كوردستان بەمایەی خۆیەوە لە هەڵبژاردن دەرچوو، لە پەرلەمانی تاكە كورسییەكەی خۆی خستە پاڵ پارتی‌و فراكسیۆنی هاوبەشی دروستكرد، پێدەچێت لە حكومەتیش پۆستێك وەرگرێت، بزوتنەوەی ئیسلامی بە یەك لیست لەگەڵ یەكگرتوو بەشداری هەڵبژاردنی كرد "لیستی بەرەو ئیصلاح"، هەڵبژاردنی دۆڕاند‌و تاكە كورسییەكەشی لە پەرلەمان لەدەستدا، ئەم حزبە هێشتا بڕیاری خۆی یەكلانەكردوەتەوە‌و پێدەچێت بەبێ كورسیش لە پەرلەمان، پۆستێكی لە حكومەت پێبدرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand