Draw Media

پارتی‌و یەكێتی لەسەر چی رێككەوتن ؟

پارتی‌و یەكێتی لەسەر چی رێككەوتن ؟

2019-04-03 17:39:31


راپۆرت: محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت
یەكێتی لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی نەگەیشتە رێككەوتن، بەڵام بە تەلەفۆن رێككەوتنی كرد، رێككەوتنەكە هێشتا زارەكییە‌و نەچوەتە سەر كاغەز، (درەو میدیا) زانیاری ورد لەبارەی ناوەڕۆكی رێككەوتنە زارەكییەكە بڵاودەكاتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ لە پەراوێزی كردنەوەی پێشەنگایەكی كتێب لە شاری هەولێر، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دواین كاری فشاری لەدژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرزكردەوە. 
بارزانی وتی:" زۆر ئاراممان گرت‌و دەرفەتی زۆرماندا بە هەموو لایەنەكان، ئیتر بۆ یەك چركەش چاوەڕێی هیچ لایەنێك ناكەین".
دوای قسەكانی بارزانی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووە، كۆبونەوەكە لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی لە سلێمانی بەڕێوەچوو.

بە تەلەفۆن رێككەوتن !
بەدرێژایی كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ یەكتر. 
دواجار مەسعود بارزانیش دەستی بۆ تەلەفۆنەكەی بردو لە یەكەم رستەدا بەكۆسرەت رەسوڵی وت:" ئێمە گەیشتوینەتە ئەو باوەڕەی ئێوەی دەستی دەستیمان پێدەكەن، هەر    چییەكتان پێبدەین ئێوە هەر رازی نابن..".
دواتر بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی قسەی كردووە، مەكتەب سیاسییەكەی یەكێتی بە بارزانی وتووە:" ئێوە تائێستا بە بەشێوەی فەرمی بە نوسراو هیچ شتێكتان بەیەكێتی لەبارەی پۆستەكانەوە نەداوە، چۆن بە نوسراو پۆستەكانی بزوتنەوەی گۆڕانتان یەكلاكردوەتەوە، دەبێت بەو جۆرەش لەگەڵ یەكێتی مامەڵە بكەن"، بارزانی دڵنیایی پێداون بە نوسراو پۆستەكانیان بۆ جێگیر دەكەن.
بەڵام رێككەوتنەكە تائێستا بەشێوەی زارەكی‌و لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوەیە‌و هیچ نوسراوێك لەنێوان هەردوولا ئیمزا نەكراوە.

لەسەر چی رێككەوتن ؟
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو پارتی‌و یەكێتی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، بەگوێرەی رێككەوتنە زارەكییەكە یەكێتی ئەم پۆستانە لە كابینەی نوێ وەردەگرێت:
•    سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
•    جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم (رێككەوتنەكە بەو جۆرەیە سەرۆكی حكومەت یەك جێگری هەبێت‌و جێگرەكە لای یەكێتی بێت، واتە جێگری تر زیاد ناكرێت)
•    وەزارەتی تەندروستی
•    وەزارەتی خوێندنی باڵا
•    وەزارەتی كشتوكاڵ
•    وەزارەتی رۆشنبیری
•    وەزارەتی پێشمەرگە
•    وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد
•    پۆستی جێگری وەزیری سامانە سروشتییەكان (ئەم پۆستە پێشتریش هەر لای یەكێتی بووە)
•    پۆستی جێگری وەزیری ناوخۆ (پێشتر پۆستی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ لای یەكێتی بوو، ئێستا كراوە بە پۆستی جێگری وەزیری ناوخۆ)
•    پۆستی بریكاری وەزیری دارایی بەتەواوی دەسەڵاتەكانییەوە (ئەم بریكارە كاروباری زۆنی سەوزی لادەبێت‌و یەكێتی لە زۆنی خۆی لەڕێگەی ئەم پۆستەوە دەتوانێت نەگەڕێتەوە بۆ هەولێر)
•    سێ پۆست لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان (یەكێكیان پۆستی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێمە كە پێشتریش لای یەكێتی بووە)
•    سێ دەستە كە بەرپرسەكانیان پلەی وەزیریان هەیە (یەكیكیان دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمەو یەكێكی تریان دەستەی وەبەرهێنانە)
•    ژمارەیەك پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە
•    ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكار

وەزارەتی شارەوانی كە یەكێتی پێشتر جەختی لەسەر وەرگرتنی دەكرد، بەپێی رێككەوتنە زارەكییەكە بە یەكێتی نەدراوە، هەروەها وەزارەتی پلاندانانیش كە وەزیرەكەی ئەندامی ئەنجومەنی نەوت‌و غازە‌و پێشتر یەكێتی داوای دەكرد.
بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا)، ئەو پۆستانەی كە ئەمڕۆ رێككەوتنیان لەسەر كراوە، زۆرینەی داواكارییەكانی پێشتری یەكێتی تێدا جێبەجێ نەكراوە، چوار پۆستە باڵاكە كە یەكێتی داوای دوانیان دەكرد، هیچ یەكێكیان بە یەكێتی نەدراوە (وەزارەتی ناوخۆ- راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە)، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن یەكێتی براوەی دووەمی هەڵبژاردنە.

لەبارەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە
هاوكات لەگەڵ رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی، ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ یەكەمجار بەشدارییان لە دانیشتنی پەرلەمان كرد سەبارەت بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای تایبەت بە كاراكرانەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆك.
بەشداری ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە كۆبونەوەی پەرلەمان لەكاتێكدا بوو، هێشتا حزبەكەیان بە فەرمی هیچ رێككەوتنێكی لەبارەی پشكەكانی لە كابینەی نوێ لەگەڵ پارتی ئیمزا نەكردووە.
بەپێی رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی، یەكێتی لە سەرۆكایەتی هەرێم یەك پۆست وەردەگرێت كە پۆستی "یاریدەدەری سەرۆكی هەرێمە بۆ كاروباری سەربازی"، بەڵام یەكێتی داوا دەكات ئەو پۆستە بكرێت بە پۆستی "جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی"، پارتی ئامادەیی نیشانداوە پشتیوانی یەكێتی بكات بۆ جێبەجێكردنی ئەو داوایە، بەڵام داوایكردووە، فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان داوا بكات پۆستەكە لە یاساكەدا بكرێت بە "جێگری سەرۆكی هەرێم" لەبری "یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم"، پارتی بەم هەنگاوە خۆی لە نیگەرانكردنی بزوتنەوەی گۆڕان پاراست كە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی بەركەوتووە.

بەشێك لە یەكێتی نیگەرانن !
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی لە مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی نیگەرانن لە رێككەوتنەكە.
ئەوانەی ناڕازین بریتین لە (عومەر فەتاح- مەحمود سەنگاوی- عەدنانی حەمەی مینا- لاهور شێخ جەنگی)، ئەمانە پێیانوایە رێككەوتنەكە زامنكراو نییە، چونكە بە نوسراو ئیمزا نەكراوە، سەرباری ئەوەش پارتی هیچ گرەنتییەكی ئەوتۆی نەداوە لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك‌و پۆستی وەزارەتی دادی عێراق كە یەكێتی بە پشكی خۆی دەزانێت.
دوای چەند مانگێك لە گفتوگۆ‌و دانوستان‌و هەندێكجار رێككەوتن‌و پاشان پاشگەزبوونەوە، دواجار پارتی‌و یەكێتی گەیشتنە رێككەوتن‌و یەكێتی بە دوا پاكێجی پارتی بۆ پۆستەكان قایل بوو، هەرچەندە پاكێجی كۆتایی جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ پاكێجەكانی پێشوودا نەبوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand