Draw Media

هەرێم لەبەردەم هەڕەشەی باندەكانی تاوانكاریدا

هەرێم لەبەردەم هەڕەشەی باندەكانی تاوانكاریدا

2019-04-10 16:19:10


راپۆرتی: محەمەد رەئوف- فازل حەمەرەفعەت – نامیق رەسوڵ

لەماوەی 48 كاتژمێری رابردوودا دوو حاڵەتی كوشتنی ئاشكرا لەناو شاری سلێمانی روویداوە، لە شاری هەولێریش هاوڵاتییەك بەبەرچاوی خەڵكەوە دەكوژرێت‌و بكوژەكە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن دەڵێت" جوان كوشتم‌و پەشیمانیش نیم". 
ئەمە لەكاتێكدایە كە لەماوەی رابردوودا هێزە ئەمنییەكانی هەرێم چەندین گروپی تاوانكارییان ئاشكراكردووە، لەم رۆژانەدا باسی گەرمی شەقام باسی پێكهێنانی حكومەت نییە، كە تاڕادەیەك خەڵكی دەستیان لێشتووە، ئێستا باس باسی گروپەكانی تاوانكارییەكانە، جۆری نیشاندان‌و داننانی تاوانكاران بەتاوانەكانیان لە میدیاكانەوە، لەبری ئارامكردنەوەی دەرونی خەڵك، هاوڵاتیانی روبەرووی دڵەراوكێی زیاتر كردوەتەوە، رەنگە ئەمە بەپلەی یەكەم پەیوەندی بە شێوازی روماڵكردنی هەواڵی دەستگیركردنی باندەكانی تاوانكارییەوە هەبێت لە میدیاكانەوە لەلایەك‌و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لەلایەكی تر.

ئامارێكی كورت
لە مانگی رابردووەوە تائێستا، خەڵكی هەرێمی كوردستان بینەری كۆمەڵێك رووداوی تاوانكاری بوون، كە ئەو دیمەنانە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر باری دەروونیی هاوڵاتیان جێهێشتووە، لەوانە:  
•    رفاندنی پارەی موچەخۆرانی نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی، لە رۆژی 12ی مانگی رابردوو بەربەرچاوی خەڵكەوە‌و لەناو بازاڕدا.
•    هێشتا خەڵكی شۆكی دزییە چەكدارییەكەی پارەی كارمەندانی شار بەری نەدابوون، رۆژی 7ی نیسان، ئاسایشی سلێمانی دانپێدانانی گروپێكی تاوانكاری تری بڵاوكردەوە، كە زیاتر لە (40) تاوانیان ئەنجامدابوو، لە كوشتن‌و رفاندن‌و دزینی پارەو ئۆتۆمبیل.
•    رۆژی 4ی نیسان، ئاسایشی هەولێر دانپێدانانی گروپێكی تاوانكاریی راگەیاند.
•    رۆژی 4ی نیسان ئاسایشی گەرمیان دەستگیركردنی باندێكی چواركەسی دزین‌و قوڵبڕینی خەڵكی راگەیاند. 
•    رۆژی 5ی نیسان، لەناو بازاڕی هەولێر هاوڵاتییەك دەدرێتە بە دەستڕێژی گوللەو دەكوژرێت‌و بكوژەكەش دەڵێت " جوانم كوشت، پەشیمانیش نیم". 
•    رۆژی 6ی نیسان، پۆلیسی هەولێر باندیكی گەورەی دزیكردن‌و كوشتن‌و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەری راگەیاند.
•    رۆژی 8ی نیسان، پۆلیسی راپەڕین باندێكی دزیكردنی دەستگیركرد.
•    رۆژی 9ی نیسان، لەناو كافێیەك لە شەقامی سالم لە شاری سلێمانی، تەقە لە گەنجێك كراو كوژرا.
•    رۆژی 10ی نیسان، لە گەڕەكی چوارباخی سلێمانی كوڕێك بە چەقۆ باوكی خۆی كوشت‌و هەڵات. 
•    دەیان هەواڵی تاوانكاری تر.

ژینگەی سیاسی
زیادبوونی حاڵەتەكانی تاوانكاری لە دوو مانگی رابردوودا، هاوكاتە لەگەڵ چەقبەستووی‌و ئیفلیجبوونی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و درێژەكێشانی، لایەنە سیاسییەكان بەدیاریكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پێكهێنانی حكومەت لە كۆبونەوەیەكەوە دەسپێرن بە كۆبونەوەیەكی تر، وای لێهاتووە ئێستا پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، نە بۆ میدیاكان‌و نە بۆ هاوڵاتیانیش بایەخێكی ئەوتۆی نەماوە، ئەم ناكۆكییە سیاسییانە وایكردووە گروپەكانی تاوانكاری سود لە بۆشایی ئەمنی‌و ناكۆكییە سیاسییەكان وەرگرن بۆ ئەنجامدانی كارە تاوانكارییەكانیان.

ژینگەی ئابووری
لەدوای درووستبونی قەیرانی داراییەوە ساڵی 2014، بژێوی خەڵك بەشێوەیەكی گشتی لە هەرێم پاشەكشەی كردووە، دۆخی ئابوری جۆرێك لە بێئومێدی لەناو خێزانەكان دروستكردووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر زۆربوونی حاڵەتەكانی تاوانكاری هەبووە. 
ناسەقامگیری ئابوری‌و هەڵكشان‌و داكشانی بازاڕ، قۆرخكاری‌و بێكاری ژینگەیەكی لەباری بۆ تاوانكاری‌و كوشتن‌و دزیكردن رەخساندووە، ئەمە سەرباری جیاوازی چینایەتی‌و ناعەدالەتی، چینی مامناوەند كە كۆڵەكەی راگرتنی هەموو كۆمەڵگەیەكە، لە كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستاندا بەدەست ناسەقامگیریی ئابورییەوە دەناڵێنێت، لەبەرامبەردا چینێكی نوێ كە لەدوای ساڵی 2003وە كەوتنی رژێمی عێراقەوە هەڵتۆقیوە، بەردەوام لە گەشەكردندایە، ئەم چینە هەڵتۆقیوە ئەو خەڵكانەن كە بەبێ هیچ بنەمایەكی ئابوری، بوون بە خاوەنی سەرمایەی گەورە، خەڵكانی ئەم چینە كە بەبێ هیچ داهێنانێك لە هیچ بوارێكدا سەرمایەی گەورەیان لەلا كەڵەكە بووە، بوون بە نمونەی باڵا بۆ زۆرێك لە گروپە تاوانكارییەكان.

ژینگەی كۆمەڵایەتی
لەم ساڵانەی دوایدا دامەزراوەی خێزان، بەشێوەیەكی كتوپڕ‌و بەبێ هیچ ئامادەكارییەكی پێشوەختە، كەوتووە بەسەر پێشكەوتنێكی خێرای بواری تەكنەلۆژی‌و ئامرازەكانی پەیوەندیكردن‌و سۆسیال میدیادا، باوكان‌و دیكان‌و بەخێوكەران لەلایەك‌و حكومەت لەلایەكی تر، هیچ رێوشوێنێكی دیاریكراوی ئەوتۆیان نەگرتوەتەبەر بۆ رێكخستنی ئەم بوارە، تەكنەلۆژیای سەردەم‌و خراپ بەكارهێنانی، هێندەی خێزانەكانی دوچاری داڕمانكردووە، هێندە نەبووە بە روخساری پێشكەوتنی كۆمەڵگە، دادگاكان پڕبوون لە كەیسی تایبەت بە خراپبەكارهێنانی ئامرازەكانی پەیوەندیكردن‌و سۆسیال میدیا، لەپاڵ ئەمەشدا لایەنی پەیوەندیدار هیچ هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەی ئەوتۆی نەكردووەو میدیاكانیش بە ئەركی خۆیان هەڵنەساون، لە بەریتانیا حكومەت دەستیكردووە بە دانانی وانەی هۆشیاری لەسەر چۆنیەتی بەكارهێنانی ئامرازەكانی پەیوەندیكردن لە ناوەندەكانی خوێندندا تا قۆناغی زانكۆ، بەڵام لە هەرێمی كوردستان هێڵەكانی ئینتەرنێت تائێستا بۆ هەموو جۆرە زانیاری‌و ڤیدیۆیەكی نەگونجاو لەگەڵ بارودۆخی كۆمەڵایەتی كراوەو بێسنورن، گەشەپێدانی مرۆیی لە كوردستاندا لە ئاستی خوارەوەیەداو خێزانەكان نازانن كێشەكانیان بخەنە بەردەم كێ‌و چۆن مامەڵە لەگەڵدا بكەن.

گرتوخانەكانی چاكسازی
بەپێی ئاماری ئەمساڵ، (3 هەزارو 450) كەس لە گرتوخانەكانی چاكسازیدا لە هەرێمی كوردستان ماوەی حوكمەكانیان بەسەردەبن.
ساڵی رابردوو پەرلەمانی كوردستان، یاسای لێبوردنی گشتی پەسەندكرد، بەپێی ئەو یاسایە (2 هەزارو 323) بەندكراو بەر لێبوردنەكە كەوتن، لەو ژمارەیە (هەزارو 281) كەسیان ئازادكران‌و (هەزارو 42) كەسی تریان ئازادنەكران، بەڵام حوكمەكانیان سوككرا، ئەمە بەپێی ئاماری فەرمی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان.
پاسای لێبوردنی گشتی لەكاتی خۆیدا مشتومڕە زۆری دروستكرد، هەندێك رەخنەیان هەبوو لە لێبوردنە گشتییەكە، بەوپێیەی گرتوخانەكانی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان توانای چاكسازی‌و راهێنانەوەی تاوانبارانیان نییە‌و ئەگەر ئەو كەسانە ئازادبكرێن جارێكی تر تاوان دەكەنەوە.
بەمدواییە كە چەند باندێكی تاوانكاری دەستگیركران، هێزە ئەمنییەكان ئاشكرایانكرد، زۆربەی تاوانبارەكان ئەوان كە پێشینەی تاوانكارییان هەیە‌و حوكمدراون‌و هەندێكیان بە لێبوردنی گشتی ئازادكراون. 
بەمدواییە لیوا حەسەن نوری بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی لە لێدوانێكدا وتی:" ئەوانەی بە لێبوردنی گشتی ئازاد دەكرێن، پێش چاككردنیان پیاوكوژە، دەستدەكاتەوە بە كوشتن‌و دەبێتە تیرۆریست.. ئەوەی دزە دەستدەكاتەوە بەدزی..".
بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی بە راشكاوی دەڵێت" زیندان لە كوردستان نەك خەڵك چاك ناكات، بەڵكو ئەوەی لەناو زیندانەكاندا لەسەر سەرپێچی هاتوچۆ گیراوە، فێری ماددەی هۆشبەر دەبێت".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand