Draw Media

پۆستێك كێشەی نوێ بۆ پارتی دروستدەكات

پۆستێك كێشەی نوێ بۆ پارتی دروستدەكات

2019-04-06 21:32:16


راپۆرت: محەمەد رەئوف - فازڵ حەمەرەفعەت 
لەیەكەم هەنگاودا پارتی دیموكراتی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان جێدەهێڵیت‌و لەنێوان داواكاری یەكێتی‌و رەتكردنەوەی گۆڕاندا بۆ زیادكردنی پۆستێكی نوێ، یەكێتی هەڵدەبژێرێت.
ئەمڕۆ وەفدی دانوستانكاری پارتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد، كۆبونەوەكە لە ماڵی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

پێشنیازێكی پارتی بۆ گۆڕان
لەو كۆبونەوەیەدا وەفدی پارتی پێشنیازی زیادكردنی جێگرێكی تری بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم (جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی) خستە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕان.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیازەكەی پارتی بۆ زیادكردنی ئەو پۆستە رەتكردوەتەوە.
پێشتر پارتی لەچوارچێوەی رێككەوتنیدا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمیدا بە گۆڕان، بەمدواییەش كە لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنی كرد، بڕیاریداوە جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكات‌و ئەو پۆستە بدات بە یەكێتی.

گۆڕان بۆ پێشنیازەكەی پارتی رەتكردەوە ؟
لەبارەی هۆكاری رەتكردنەوەی پێشنیازەكەی پارتی، سەرچاوەیەكی باڵا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەپێی یاسای  سەرۆكایەتی هەرێم، ژمارە (1)ی ساڵی 2005، سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەیە‌و ئەركی ئەو جێگرەش تایبەتە بە كاروباری سەربازی، ئەگەر ئەو دەسەڵاتە بدرێت بە یەكێتی، جێگرەكەی تری سەرۆكی هەرێم هیچ دەسەڵاتێكی نابێت، واتە ئەو جێگرەی كە لای بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت.  
بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا بەشێوەی زارەكی پێشنیازەكەی پارتی رەتكردوەتەوە‌و لەبنەڕەتەوە چارەسەری دەوێت، پارتیش بەدوای دەرەچەیەك تردا دەگەڕێت بۆ قەرەبووكردنەوەی گۆڕان. 

هێزی هەرێم یان هێزی حزب ؟
بڕگەی دووەم لە مادەی (13)ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەڵێ" سەرۆكی هەرێم جێگرێك بۆ فەرمانداری گشتی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان- عێراق دادەمەزرێنێ، تا لە ئەرك‌و فرمانەكانیدا لەمڕووەوە یاریدەی بداو لە دیارنەبونیدا جێگای بگرێتەوە".
جگە لەو هێزەی پێشمەرگە كە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا رێكخراون، پارتی‌و یەكێتی هێشتا هێزی چەكداری تایبەت بە خۆیان هەیە، یەكێتی هێزێكی هەیە بەناوی هێزەكانی (70)، پارتیش هێزەكانی (80)ی هەیە، سەرباری ئەمە ئەو دوو حزبە بەتەواوەتی بڕیاری پێشمەرگەی زۆری خۆیان بەدەستەوەیە.
ئەمە هۆكارەكەیە كە پارتی دەیەوێت پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە یەكێتی بدات، چونكە ئەگەر ئەو پۆستە لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕاندا بێت، بەرپرسەكە نە لە زۆنی زەرد، نە لە زۆنی سەوز فەرمانەكانی جێبەجێ ناكرێت‌و رەنگە لە كۆتایشدا كێشەی بۆ سەرۆكی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) دروستبكات.

پارتی لەیەكەم تاقیكردنەوەی گۆڕاندا !
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، وەفدی دانوستانكاری پارتی دوای كۆبونەوەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، بە یەكێتییان راگەیاندووە" جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە یەكێتی دەدرێت".
پارتی بەم بڕیارە لەیەكەم هەنگاوی دوای رێككەوتندا، بزوتنەوەی گۆڕانی پشتگوێ خست، ئەوكات كە پارتی رێككەوتنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كرد، بڕیاربوو سەرۆكی هەرێم تەنیا یەك جێگری هەبێت.
رەنگە پارتی چیتر هیچ ترسێكی لە بزوتنەوەی گۆڕان نەمابێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا زیاتر لەنیوەی رێگاكەی بە بزوتنەوەی گۆڕان بڕیوە‌و دڵنیایە لەوەی گۆڕان توانای پاشەكشێی لە رێككەوتنەكە نەماوە.
پارتی ئێستا چاوی لە راكێشانی یەكێتییە بۆ ناو پرۆسەكەی خۆی، بەدیاریكراویش پرۆسەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم، لەوپێناوەشدا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ قایلكردنی یەكێتی.

هەوڵی پێشوەختە !
بەرلەوەی پارتی بۆچوونی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرێت، یەكێتی لەناو پەرلەمانەوە كاری لەسەر جێبەجێكردنی خواستەكەی كردووە، هەڵبەت ئەوەش دوای هەڵكردنی گلۆپی سەوزی پارتی.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەكاتی بەشداریكردنی لە دانیشتنی پەرلەمان لەكاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەی یاسای تایبەت بە  كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆك، پێشنیازی كردووە بڕگەی دووەم لە مادەی 13ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوەو بەمشێوەیە" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، كە ناونیشان‌و دەسەڵاتیان لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بەپێی پەیڕەوێك كە لەماوەی 15 رۆژ لە بەرواری سوێندخواردنی دەردەچێت، دیاری دەكرێت".
ئەم پێشنیازەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی خرایەڕوو، پێشنیازی بەدیلی نەبوو، بۆیە لە خوێندنەوەی سێیەمیدا تەنها دەخرێتە دەنگدانەوە، بە (بەڵی) یان (نەخێر)، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لە خوێندنەوەی سێیەمیدا ناتوانرێت هیچ بڕگەیەك زیادبكرێت، بەڵكو تەنها دەخرێتە دەنگدانەوەو هیچ گفتوگۆیەكی لەسەر ناكرێت.   
بەپێی ئەو بەڵێنەی كە ئەمڕۆ دوای كۆبونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، پارتی بە یەكێتی داوە، هەردوولا پێكەوە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا دەچەسپێنن‌و دەنگی بۆ دەدەن.
ئەمە لەكاتێكدایە، پرۆژەیاساكە لە بنەڕەتەوە پرۆژەی هاوبەشی پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتییە.
بەپێی زانیارییەكان، ئەو پۆستەی لە سەرۆكایەتی هەرێم لای بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت ناوی لێدەنرێت "پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری ئیداری‌و سیاسی"، پۆستەكەی یەكێتیش دەبێت بە "پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand