كاندیدی جەمسەرەكانی یەكێتی بۆ پۆستەكان
2019-04-04 16:40:50
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
زیاتر لە 24 كاتژمێر تێپەڕیوە بەسەر هەواڵی راگەیاندنی رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام تائێستا رایگشتی لە وردەكاری رێككەوتنەكە ئاگادارنییەو سەرچاوە ئاگادارەكانیش زانیاری جیاواز بە میدیاكان دەدەن، رەنگە ئەمە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە رێككەوتنەكە هێشتا زارەكییەو نەخراوەتەسەر كاغەز.
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو هەردوو حزب، هەندێك زانیاری نوێی لەسەر پشكەكانی یەكێتی لەكابینەی نوێی حكومەتو كاندیدەكان ئەو حزبە بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان دەستكەوتووە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، بەپێی ئەو رێككەوتنە زارەكییەی كە لەنێوان پارتیو یەكێتیدا كراوە، یەكێتی ئەم پۆستانە وەردەگرێت:
• سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
• جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم (سەرۆكی حكومەت یەك جێگری دەبێت)
• وەزارەتی پلاندانان
• وەزارەتی خوێندنی باڵا
• وەزارەتی كشتوكاڵ
• وەزارەتی رۆشنبیری
• وەزارەتی پێشمەرگە
• وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغداد
• پۆستی جێگری وەزیری سامانە سروشتییەكان
• پۆستی جێگری وەزیری ناوخۆ
• جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە
• جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشو سێ بەرپرسی تر لەو ئەنجومەنەدا
• دەستەكانی (دەزگای گشتی كاروباری مین- گەشتوگوزار- دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم)
• 60 پۆست لە (بەرپرس- بەڕێوەبەر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكار)، بەشێكی زۆری ئەو پۆستانە ئێستاش لای یەكێتین
دابەشكردنی پۆستەكان لەناو یەكێتیدا
یەكێتی كۆتایی بە ناكۆكییەكانی هێنا لەگەڵ پارتی لەسەر پشكو پۆستەكانی لە حكومەت، بەڵام پێی نایە قۆناغێكی نوێی ململانێیوە، كە ئەویش چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانە لەناو حزبدا.
یەكێتی نیشتمانی بەشێوەیەكی گشتی دابەشبووە بەسەر چەند جەمسەرێكدا كە بریتین لەمانە:
• كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكێری گشتیو گروپی پێشووی ناسراو بە "ناوەندی بڕیار"
• ماڵباتی تاڵەبانی
• گروپێك لە مەكتەبی سیاسی
دابەشكردنی ئەو پۆستانەی كە لە كابینەی نوێی حكومەت بەر یەكێتی نیشتمانی كەوتوون، بە تەوافوق دەبێت لەنێوان ئەو جەمسەرانەی ناو حزبدا.
• پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەم پۆستە بەتەوافوق لەنێوان (قوباد تاڵەبانی)و (حاكم قادر حەمەجان)دا كەسێكیان دادەنرێت، بەڵام چانسی قوباد تاڵەبانی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە بەهێزترە.
• پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، دوو ژن ركابەری لەسەر وەرگرتنی ئەم پۆستە دەكەن (بێگەرد تاڵەبانی- رێواز فایەق)، چارەنوسی كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان شێوازی دابەشكردنی پۆستەكانی تر لەنێوان باڵەكاندا یەكلای دەكاتەوە، بەڵام تائێستا هیچ یەكێك لە باڵەكانی یەكێتی گرەویان لەسەر ئەم پۆستە نەكردووە، ئەمەش بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە:.
هۆكاری یەكەم: هیچ یەكێك لە دوو كاندیدەكەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، كارەكتەری ژمارەیەك نین لەناو ئاڕاستەكانی یەكێتیدا.
هۆكاری دووەم: زۆربەی باڵەكان پێیانوایە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ئیمتیازی گەورەی بۆ باڵەكان تێدا نییە.
هەرچەندە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) یەكێتی ئەم رۆژانەی دوایی هەستی بە بایەخی وەرگرتنی ئەو پۆستە كردووەتەوە، بەتایبەتیش كاتێك پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ پرۆژەیاسای تایبەت بە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم كرد لەناو پەرلەماندا بەبێ یەكێتی.
• پۆستی وەزیری پلاندانان، ئەم پۆستە بۆ (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ) دەبێت، وەزیری پلاندانان دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەنی نەوتو غاز كە (سەرۆكی حكومەتو جێگری سەرۆكی حكومەتو وەزیری داراییو سامانە سروشتییەكان) ئەندامن تێیدا، واتە بەپێی رێككەوتنەكە، یەكێتی لە ئەنجومەنی نەوتو غازدا دوو نوێنەری دەبێت، جێگری سەرۆكی حكومەتو وەزیری پلاندانان.
• پۆستی وەزیری پێشمەرگە، تائێستا (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) فەرماندەی هێزەكانی یەكەی (70) چانسی گەورەی هەیە پۆستەكە وەرگرێت، بەڵام دوو كەسی تریش ناویان دێت بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە، ئەو دوو كەسەش بریتین لە (شۆڕش ئیسماعیل)و (مستەفا چاوڕەش).
• پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، هەریەكە لە (عومەر فەتاح- عیماد ئەحمەد- ئەرسەلان بایز) چاویان لە وەرگرتنی ئەو پۆستەیە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تائێستا چانسی (عیماد ئەحمەد) لە هەمویان بەهێزترە.
پۆستی پارێزگاری كەركوك
بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتی، چارەنوسی پارێزگاری نوێی كەركوك كە یەكێتی خۆی بە خاوەنی ئەو پۆستە دەزانێ، رادەستی كۆسرەت رەسوڵو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كراوە لە داهاتوودا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كۆسرەت رەسوڵ كەسێكی نزیك لەخۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كاندیدكردووەو رەزامەندی مەسعود بارزانیشی بۆ وەرگرتووە.
گرفتێكی یاسایی !
ئەو پۆستەی كە لە سەرۆكایەتی هەرێمدا بە یەكێتی دراوە، پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمە بۆ كاروباری سەربازی، ئەم پۆستە لەڕووی یاساییەوە بونی نییەو دروستكراوی نوێی رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتییە.
بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە یاساییە، هەردوو حزب لەسەر ئەوە رێككەوتوون، فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان پێشنیازی هەمواری برگەی (دووەم) لە ماددەی (13)ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بكات، كە بڕگەكە دەڵێ "سەرۆكی هەرێم یەك جێگری دەبێت"، بەپێی هەموارە پێشنیازكراوەكەی یەكێتی، یاساكە بەوشێوەیە هەموار دەكرێتەوە كە "سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت".
فراكسیۆنی یەكێتی دوێنێ لەكاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای تایبەت بە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، پێشنیازی زیادكردنی جێگری دووەمیان كرد بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، چاوەڕوان دەكرێت لە خوێندنەوەی سێیەمی پرۆژەیاسا هاوبەشەكەی پارتیو گۆڕاندا، داواكەی یەكێتی جێگیر بكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەوە رێككەوتوون پۆستی سەرۆكی هەرێم یەك جێگری دەبێتو جێگرەكەش لای بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت.
پارتی لەبارەی زیادكردنی جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، دڵنیایی بە یەكێتی داوە كە خۆی بزوتنەوەی گۆڕان قایل دەكاتو زیادكردنی ئەو پۆستە كێشە دروستناكات.
ناڕەزایەتی هەیە
هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی ناڕازین لە رێككەوتنەكەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان لەگەڵ پارتی.
بڕیارە رۆژی شەممە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆببێَتەوە، ئەوانەی ناڕازین لە رێككەوتنەكە، بۆچونی خۆیان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا رابگەیەنن.
ئەوانەی نیگەرانن لە رێككەوتنەكە دەڵێن، رێككەوتنەكە ئاڵۆزەو گرەنتی تەواوەتی پشكەكانی یەكێتی نەكراوە، بەتایبەتی پۆستی پارێزگاری كەركوكو هەندێك لە داواكارییەكانی تر كە پێشتر یەكێتی لە دانوستانەكانیدا لەگەڵ پارتی جەختی لەسەر وەرگرتنیان دەكردەوە.