بارزانی تەنها وەزیرێكی هەرێم بۆیەكێتی زیاد دەكات
2019-04-02 20:25:08
درەو میدیا:
نامەكەی بارزانی بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دوایین پەرەسەندنی پەیوەندیەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە.
لەدوای دواخستنی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ بەنامەیەك وەڵامی داواكانی یەكێتی دەداتەوە.
لە وەڵامەكەیدا بارزانی رازیبووە لەسەر ئەوەی یەكێتی (6) وەزارەتی پێبدرێت كە ئەوانیش( پێشمەرگە، پلاندان ، گواستنەوە، شەهیدان یان رۆشنبیری، پەروەردە یان خوێندنی باڵا، لەگەڵ وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری بۆ كاروباری ژینگە ) واتا بارزانی تەنها وەزارەتێكی هەرێمی بۆ یەكێتی زیادكردووە، لەگەڵ (3) دەستەو (3) پۆستی جێگری وەزیرو یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی وەربگرێت، سەرەرای سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت.
بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا، سبەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ كۆدەبنەوە دواتر ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوەو گفتوگۆ لەسەر وەڵامەكەی بارزانی دەكەن و دوابەدوای كۆبونەوەكەش بە نامەیەك وەڵامی بارزانی دەدەنەوە، زانیاریەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە هەندێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ ئەوەن یەكێتی بە نامەكەی بارزانی رازی ببێت و لەگەڵ پارتی رێكبكەون بەڵام تا ئێستاش بەشێكی زۆری سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی لەگەڵ ئەوەن كە ئەو نامەیەی بارزانیش رەتبكرێتەوە چونكە لەنامەكەی بارزانیدا هیچ یەك لە داخوازییە جەوهەرییەكانی یەكێتی جێبەجێنەكراوە.
ئەمە لە كاتێكدا سبەی پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوەو خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات، كە چاوەڕەوانناكرێت دوابخرێت.