كۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی ملیاردێربونی خۆی راگەیاند
2022-02-10 14:41:02
درەو:
كۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی كە لەبواری نەوتی هەرێمدا كاردەكات ملیاردێربونی خۆی راگەیاند، (86%)ی داهاتەكەی لە 2022 دا لە نەوتی هەرێمی كوردستان بووە.
ئەمڕۆ 10ی شوباتی 2022، كۆمپانیا ( DNO)ی نەرویجی كە تایبەتە بە نەوت و غاز لە سایتی رەسمی خۆیدا بڵاویكردەوە" كە كۆمپانیاكە ریكۆردێكی نوێی لە داهات تۆمار كردووە و بۆ یەكەمجار داهاتەكانی كۆمپانیاكە گەیشتووەتە زیاتر لە ( ملیارێك) دۆلار، كە 63% زیاترە لە ساڵی رابردوو.
ئەویش لە دەرەنجامی بەرز بونەوەی نرخی نەوت و گازو بەرزی تواناو ئاستی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكەیە. كە ئەمەش وایكردووە قازانجی ساڵأنەی كۆمپانیاكە بگاتە 321 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی.
لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی فەرمی كۆمپانیاكە، سەرۆكی جێبەجێكاری دی ئێن ئۆ، بیجان موسەڤەر وتی :"لەگەڵ بەردەوامی كاریگەری پەتای كۆرۆنا، دی ئێن ئۆ ساڵی ڕابردوو بوو بە كۆمپانیایەكی (ملیار دۆلاری) لە پەنجاهەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا". هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد "ئێمە وەك هەمیشە پابەندین بە گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بەشێوەیەكی بازرگانی سەرنجڕاكێش بەڵام لە لایەنی كۆمەڵایەتیشەوە بەرپرسیارانە كاردەكەین و هەستیارین بەرامبەر بە پاراستنی ژینگە"
كۆمپانیای DNOی نەرویجی راشیگەیاندووە كە زۆرینەی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكە لە هەرێمی كوردستاندا بووە بەجۆرێك لە كۆی گشتی پوختەی داهاتی كۆمپانیاكە لە ساڵی 2021 دا كە لە رۆژێكدا (94 هەزار) بەرمیل نەوت بووەو لەو ژمارەیە (81 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستاندا بووەو تەنها (12 هەزارو 900 )بەرمیل نەوتی بەرهەمی رۆژانەی بووە لە كێڵگەكانی كۆمپانیاكە لە تۆڕی دەریای باكوور، واتا لە ( 86%) بەرهەمی نەوتی كۆمپانیاكە لە هەرێمی كوردستاندابووە
بەرهەمی كۆمپانیای DNOی نەرویجی لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستادا لە ساڵی 2021دا بەمشێوەیە بووە:
• كێڵگەی نەوتی پێشكەبیر تێكڕای 61 هەزار و 800 بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا
• كێڵگەی نەوتی تاوكێ تێكڕای 46 هەزارو 900 ەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا
• تێكڕای نەوتی سەرجەم كێڵگەكانی 108 هەزارو 700 بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا
بە تێكرای ساڵانە كۆی گشتی (81 هەزارو 500 )بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا بەرهەمی كۆمپانیای DNOی نەرویجی بوووە لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2021دا، بە پێی راپۆرتی كۆمپانیاكە.
هاوكات لەگەڵ ئاشكرا كردنی داهاتی ساڵانەی كۆمپانیاكە DNOی نەرویجی راشیگەیاند: لە ساڵی ٢٠٢٢، DNO پلان دادەنێت بۆ خەرجكردنی كرداری (800ملیۆن) دۆلار بۆ فراوان كردنی پرۆژەكانی.
لە هەرێمی كوردستان، DNO چالاكیە هەڵكەندنەكانی زیاتر دەكات بۆ هێشتنەوەی ئاستی بەرهەمھێنانی كۆمپانیاكە لە نزیكەی )105 هەزار) بەرمیلی رۆژانە بە درێژایی ساڵەكە. هەروەها بەشداری لە مۆڵەتی بەعشیقە بە زیادەی (4 هەزار) بەرمیلی رۆژانە.