Draw Media

"بەغازی هەرێم دەتوانیرێت سوتەمەنی بۆ عێراق و توركیا دابینبكرێت" 

"بەغازی هەرێم دەتوانیرێت سوتەمەنی بۆ عێراق و توركیا دابینبكرێت" 

2022-02-09 14:50:34


 
درەو:
بەڕێوەبەری كۆمپانیای دانەغاز رایدەگەیەنێت" كێڵگەی غازی كۆرمۆر و  چەمچەماڵ توانای ئەوەی هەیە كە سوتەمەنی پێویست نەك تەنها بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق دابین بكات بەڵكو دەتوانێت پێداویستییەكانی توركیا و یەكێتی ئەوروپاش پر بكاتەوە.
بە پێی راپۆرتێكی سایتی (ئێس پی گڵۆباڵ)ی ئەمریكی، كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی تا ساڵی 2025 بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێم دەگەیەنێتە 950 ملیۆن پێ سێجاو بەوتەی بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو غازەكانی كۆمپانیاكە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاربهێنێت دەتوانێتە كارەبایەكی زۆر زیاتر لەوەی ئێستا پێویستی پێیەتی بەرهەم بهێنرێت.
ئەمڕۆ 9ی سوباتی 2022 پاتریك ئەلمان وارد، بەرێوەبەری كۆمپانیای دانە غازی ئـیماراتی بە سایتەكەی راگەیاندووە: پێشبینیدەكەین بەرهەمێنانی غازی كۆمپانیاكە بەر لە ساڵی 2025 بگاتە (950 ملیۆن) پێ سێجا ئەوەش لەپاش ئەو فراوانكردنەی كە لە كێڵگەی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیدەدەن.
ئێستا كۆمپانیای دانە غاز توانای بەرهەمهێنانی (452 ملیۆن) پێ سێجا لە گازی سروشتی هەیە و چاوەڕوانیش دەكات لە چارەكی دووەمی ساڵی 2023 دا 250 ملیۆن پێ سێجای دیكە بۆ ئەو رێژەیە زیاد بكرێت. هەروەها دانە غاز ئێستا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی فراوانكردنی دووەم بە بڕی (250 ملیۆن) پێ سێجای دیكە لە كۆتایی 2024 یاخود سەرەتای 2025. 
ئەلمان وارد، ئاماژەی بەوەشكرد "ئێمە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ دەكەین بۆ ڕێكەوتنی فراوانكردنی دووەم لە كێڵگەی كۆرمۆر بە بری 250 ملیۆن پێ سێجا و هیوادارین بە خێرایی گفتوگۆكان كۆتاییان بێت و بگەینە رێككەوتن."
بەرهەمی دانە غاز لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2021دا بە رێژەی (5٪ ) زیادیكردو گەیشتووەتە (33 هەزار و 800 )بەرمیل لە رۆژێكدا كە كۆندێنسەیت و گازی LPG لە خۆدەگرێت.
ئەلمان وارد، وتیشی: "ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو گازی كۆمپانیاكە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا ببات ئەوا دەتوانێت كارەبایەكی زۆر زیاتر لەوەی ئێستا پێویستی پێیەتی بەرهەم دەهێنرێت كە ئەوكات ڕەنگە توانای هەناردەكردنی كارەبا یان خودی غازەكەی هەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ فراوانبوونی هێڵی بۆرییەكان لە كوردستان و یەكگرتنی غازی كێڵگەی كۆرمۆر لەگەڵ هێڵی غازی هەولێر-دهۆك، توانای هەناردەكردنی غاز دوو هێندە زیاد دەكات.
لە گفتوگۆكەدا ئەڵمان وارد، ئاماژەی بەوەشكرد، توركەكان پێشتر بۆری غازیان بۆ سەر سنوری توركیا دامەزراندووە، ئەمەش وا دەكات بە هەوڵێكی كەم بتوانین سیستمی غاز پێكەوە گرێ بدەین. وتیشی: ئەو سامانە گەورەیەی لەبەردەستماندایە لە كێڵگەی كۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی كوردستان توانای ئەوەی هەیە كە سوتەمەنی پێویست نەك تەنها بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق دابین بكات بەڵكو زیاتر دەتوانێت پێداویستییەكانی توركیا و یەكێتی ئەوروپاش پر بكاتەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand